Draw Media

"کوتلەی گەورە" دەبێتە ناونیشانی قەیرانی داهاتووی عێراق

"کوتلەی گەورە" دەبێتە ناونیشانی قەیرانی داهاتووی عێراق

2018-08-20 14:19:07


(درەو میدیا):
ئەو كوتلە پانوپۆڕەی جەمسەرە دژەكانی شیعە یەكتری پێدەترسێن و هەڕەشەی پەراوێزخستن و دورخستنەوەی یەكتری پێدەكەن، رەنگە هەرگیز حكومەتێك لەڕەحمی نەیەتەدەرەوە، سەرباری ئەمە، گریمانەی ئەوەی زیاتر لێدەكرێ ببێتە ناونیشانی كێشەیەكی تازەو پرۆسەی سیاسی لە عێراق توشی گێژاوێكی قوڵتر بكات، دوای قوتاركردنی لەو ململانێ‌ توندەی كە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12 ئایاری ئەمساڵ خولقاندی.
ئەوەی زیاتر ئەم ڕایە تۆخدەكاتەوە، شكستهێنانی هەموو ئەو هەوڵانەیە كە تائێستا دراون بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی و دواین هەوڵیش لەوچوارچێوەیەدا شەوی ڕابردودا لەنێوان زۆرێك لە لایەنەكانی جەمسەرە ناكۆكەكاندا درا بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە.
ئەیاد عەلاوی كە لیستەكەی لەچوارچێوەی ئەو لایەنانەدابوو، دوێنێ شەو لە هۆتێك (بابل)ی شاری بەغداد سەرقاڵی پێكهێنانی گەورەترین كوتلە بوون، ئەمڕۆ لەبەیاننامەیەكدا داوا لەلایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دەكات دیدارێكی نیشتمانیی فراوان ڕێكبخەن و هێڵە گشتییەكانی بەرنامەیەكی نیشتمانی یەكگرتوو داڕێژن لەپێناو گەیشتن بەپێكهێانی حكومەتێكی نیشتمانیی، هاوكات هۆشداریداوە لە "سەرهەڵدانی قەیرانێكی نوێ‌ لەژێر ناونیشانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی".    
ئەم قسانەی عەلاوی دەلالەتێكی ڕوونە بۆ شكستهێنانی هەوڵەكانی پێشوتریان لەگەڵ سەدر و شكستهێنانی كۆبونەوەكەی شەوی ڕابردوشیان كە بەئامادەبونی نوێنەرەكەی خۆی و سەدر و حەكیم و عەبادی و بەشێك لە سوننەكان بەرێوەچوو.
بەپێی زانیارییە دزەپیكراوەكان، ئێرانییەكان ڕۆڵی دیاریان گێڕاوە لە شكستپێهێنانی كۆبونەوەكەی دوێنێ شەو و بەچڕی هاتونەتە سەر خەت بۆ دژایەتیكردنی ئەو بەرەیە، كە ئەمریكییەكان كەیفخۆشن ئەمانە حكومەتی ئایندە پێكبهێنن، وەك لەبەرەی مالیكی و عامری كە بە دۆستە تەقلیدییەكانی ئێران ناسراون.
وێڕایی پەشیمانكردنەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچونەپاڵ ئەو بەرەیە، ئێرانییەكان بەهاوكاری دۆستەكانیان كار لەسەر پەرتوبڵاوكردنی لیستەكەی عەبادی دەكەن.


سەعد مەتڵەبی كە بە كەسێكی نزیك لە نوری مالیكی ناسراوە، دەڵێ" لێگەیشتنیان لەگەڵ بەشێك لە هاوپەیمانی نەسر كردوە بۆ ئەوەی بێنە پاڵ گەورەترین كوتلە"، مەتڵەبی باسی ئەوەشی كردووە، هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی عەبادی زیاتر لیستێكی هەڵبژاردنە، نەك هاوپەیمانییەكی سیاسی، بۆیە لەبەریەك هەڵوەشانی ئاسانە بەهۆی بونی ڕای سیاسی جیاواز لەنێو ئەندامەكانیدا.
ئەم قسانەی مەتڵەبی لەكاتێكدایە، دوێنێ شەو دوای دەستپێكردنی كۆبونەوەكەی هۆتێل بابل، بەڕێوەبەری نوسینگەكەی مالیكی لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، سبەینێ واتە ئەمڕۆ، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنن، بەڵام ئەوانیش تائێستا هیچیان دیارنییەو ڕەنگە هاوتای میحوەری پێنجقۆڵی، شكستیانهێنابێ‌ لەدروستكردنی زۆرینە. 
محەمەد سەیهود كە ئەویش كەسایەتیەكی نزیكە لە مالیكی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێ" حكومەتی واشنتۆن فشارەكانی چڕكردوەتەوە لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، بەپێی تێڕوانین و بەرژوەندییەكانی لەناوچەكە، واشنتۆن حكومەتێكی دەوێت لە عێراق كە نوێنەرایەتی سیاسەتەكانی بكات لەناوچەكەدا".
قسەی ئەم بەرپرسەی دەوڵەتی یاسا لەودیوەدا دروستە كە جەمسەری بەرامبەریان بەنزیكیی و پاڵپشتیكردنیان لەلایەن ئەمریكا تۆمەتبار دەكات، بەدیوەكەی تریشدا بۆ جەمسەرەكەی خۆشیان ڕاستە كە ئێران بەچڕی هاتوەتە سەرخەت و دەیەوێت حكومەتێك لە عێراق لەدایكبێت ئەوان بكاتە حاكمی ڕەهاو لەو دۆخە هەستیارەی ئەمریكا دەستی ناوەتە گەردنی هاوكاری بن و كەمێك لە بارگرانی سزا ئابورییەكانی لەسەر سوك بكەن.
واشنتۆن بەئاشكرا ڤیتۆی لەسەر كەسایەتییەكانی نزیك لە ئێران هەیە و دژی ئەوەیە هیچكامیان لەسەر كورسی سەرۆك وەزیران و بڕیاردەری یەكەمی عێراق دانیشن، بەدیاریكراویش هادی عامری كە سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحە و گروپەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران لەژێر سایەیەدا كۆبونەتەوە، ئێرانیش ڕاشكاوانە ڤیتۆی لەسەر حەیدەر عەبادی هەیە جارێكی تر بچێتەوە سەر كورسی سەرۆك وەزیران دانیشێت، بەتایبەت دوای لێدوانەكەی لەبارەی پشتیوانی لەجێبەجێكردنی سزا ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران.
ئێستا قسەكە ئەوەیە، ئێران و ئەمریكا لەسەر كاندیدێكی تەوافوقی ڕێكدەكەون (نە عەبادی و نە عامری) و كەسی سێیەم عێراق لەم گێژاوە نوێییە ڕزگار دەكات؟ یان یەكێكیان كاندیدەكەی خۆی دەسەپێنێت و پشتی ئەویتر دەدات بەزەویدا؟ یان دۆخەكە بەوشێوەیە درێژە دەكێشێت و هیچیان پرسەكەیان بۆ یەكلانابێتەوە؟
گریمانەی یەكەمیان ڕونە و بەوشێوەیە پرۆسەی سیاسی لە عێراق جارێكی تر لە گێژاو قوتاری دەبێت، بەڵام لە ئەگەری دووەم و سێیەمیاندا، عێراق بەرەو چارەنوسێكی نادیار هەنگاو دەنێت، چونكە پەراوێزخستنی هەركام لەم جەمسەرانە، واتای دروستبونی ئاژاوەیەكی سیاسی و ئەمنیی و بگرە كۆمەڵایەتی قوڵە، چونكە سەدرییەكان شەقامیان هەیە و عامرییەكانیش چەكیان پێیە، لەئەگەری هەر بەریەكەوتنێكیشیاندا ڕەنگە نە بە ئێران و نە بە ئەمریكا كۆنتڕۆڵ نەكرێت.   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand