Draw Media

دوو ماڵی شێواو گرەو لەسەر ماڵێكی شێواو دەكەن

دوو ماڵی شێواو گرەو لەسەر ماڵێكی شێواو دەكەن

2018-08-23 20:14:14


راپۆرتی: درەو میدیا
وێڕایی ئەوەی ناوماڵی شیعەكان لەپەرتبونێكی بێوێنەدایە، بەڵام تائێستا هەردوو سەری گوریسەكە لەدەستی خۆیاندایە، ئەو سەرانەی پێشەنگیی هەردوو جەمسەرە دژەبەیەكە دەكەن هەر خۆیانن، كورد و سوننەش بەدوو سەبەتە لەداواكاری جیاوازەوە، لەبەردەم ماڵی شیعە ڕاوەستاون و چاوەڕوانی قاشی گەورەتر ئەكەن لەوەی لەحكومەتەكانی ڕابردو بەریان دەكەوت، چونكە پێیانوایە قوڵبونەوەی ململانێكانی ناوماڵی شیعە، نرخی كورسیەكانی ئەمانی بەرزتر كردۆتەوەو بونەتە (هێلكەی پارسەنگ - بيضة القبان) و ئەمان بڕیار ئەدەن كێ‌ دەبێتە بڕیاردەری یەكەمی ئایندەی عێراق و كێش پەراوێز و بێ ڕۆڵ دەكرێت.
بۆ یەكێك لەنزیكەوە ئاگاداری باكگراوندی ئەم هێزە عێراقیانە و وابەستیەییان بێت بەقوڵاییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكانەوە، زوو دەگاتە ئەو ئەنجامەی یەكلاكردنەوەی ئەم مەسەلەیە هێندەی پەیوەستە بەململانێی كۆمەڵێك ئەجێنداو بەریەككەوتنی كۆمەڵێك بەرژوەندی باڵاتری جیاوازەوە، هێندەی ئەوە پەیوەندی نیە بەبڕیاڕی سیاسی هێزەكان خۆیان و ڕوانین بەچاوی خۆیان بۆ بەرژوەندییە گشتیەكان، كە لیستێكی درێژی داواكاری هەمەلایەنەدا بەناوی خەڵك و نەتەوەو پێكهاتەوە نوسیویانەو بانگەشەی وەدی هێنانی دەكەن.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، كورد و سوننە كەماڵی هیچاكامیان لەماڵی شیعە ئەگەر خراپتر نەبێت ئەوا باشتر نیە، داوای ڕێكەوتنی گەرەنتی كراو بەنوسراویان كردوە لەبەرامبەر هاوبەشی كردن لەگەڵ كوتلە شیعییەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلی پەرلەمانیی.
ڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدید، كەڕۆژنامەیەكی قەتەرییەو پێدەچێت بەشێكی زۆری سیاسیەكانی عێراق حەزبكەن لەوێوە زانیارییەكانیان لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و دواین پێشهاتەكانی گۆڕەپانی سیاسی بۆ عێراقیەكان و دونیای دەرەوەش ئاشكرابكەن، بەپێی تازەترین زانیارییەكانی، كە لەزاری وەزیرێكی دیاریی عێراقەوە بڵاویكردۆتەوە، بێئەوەی ناوەكەی ئاشكرابكات" پشوی جەژن دانوستانەكانی ڕانەگرتوە، بەڵام دەكرێت ئەوەی دەگوزەرێت بەدانوستانی نێوان چەند سەركردەیەكی دیاریكراو وەسفبكرێت".


داواكارییەكانی سوننە
سوننەكان لەسەر چەندین خاڵ ناكۆكی هەیە لەنێوانیاندا، هەر لایەنێك تێڕوانیی خۆی هەیە سەبارەت بەبەرژوەندی سوننە لەقۆناغی ئایندەدا، كوتلە سونیەكان 21 داواكاریی سەرەكییان هەیە كە پێشكەشی لایەنەكانیان كردوە، لەنێویاندا، كشانەوەی گروپەكانی حەشدی شەعبیە لەباكورو خۆرئاوای عێراق(شارە ئازادكراوەكان)، دانانی پلانانی ئاودەدانكردنەوەیان لەماوەی چوارساڵدا، چاوخشاندنەوە بەڕێژەی ئامادەیی پێكهاتەكان لەناو دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی و دامەزراوەكانی سەرۆكایەتی بەپێی ژمارەی دانیشتوان و، دۆزینەوەی چارەسەرێكی ڕیشەیی بۆ پرسی ڕفێنراو و ونبوەكان لەگەڵ گێڕانەوەی بەبێ‌ مەرجی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان و، دادگایكردنی ئەوانەی بەبەڵگەوە تێوەگلانیان لەپێشێلكارییەكان سەلماوە لەماوەی چەندساڵی ڕابردودا، لەگەڵ وەستاندنی گۆڕینی دیموگرافیای شارەكانی دیالەو بەغداد و شارەكانی تری ناوەڕاست وباشوری عێراق، ئەمە بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە عێراقیە باڵایە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم داواكارییانەی سوننە هاوشێوەی داواكارییەكانی كورد تازەنین و ڕەنگە بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردو لەدەیان دانوستانی سیاسی و بڵاوكردنەوەی سەدان بەیاننامەو خوێندنەوەی چەند هێندە زیاتر لەوتاری سیاسیەكانی سوننەدا گەڵاڵەكراوەو داوای جێبەجێكردنی كراوە، بەڵام قۆناغ لەدوای قۆناغ لەبەرامبەر درێژبونەوەی تابوری سیاسیەكانی سوننەو وەرگرتنی پۆست و پلەی جیاواز لەحكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، ئەم داواكارییانەش تاهاتوە درێژبونەتەوە و نەهامەتی زیاتری خەڵكی هاتۆتە سەر، بۆ كوردیش ئەمە دروستە، لەدوای 2003وە، كورد بەدیاریكراوی (یەكێتی و پارتی)، لەپۆستە باڵاكانی دەوڵەت و حكومەتی عێراقدا خاوەن پێگەی دیارو ناوی گەورەبون، بەڵام بۆ واقیعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری خەڵكی كوردستان نەك نەبونە دەستكەوت، بەڵكو قۆناغ بەقۆناغ خەونەكان بچوكتربونەوە، تا سەرەنجام لەشەڕی خاك و ناسنامەو ئیستحقاقی نەتەوەییەوە گەیشت بە دابینكردنی موچە و كۆمەلێك داواكاری سەرەتایی، بەڵام با بزانین داواكارییەكانی كورد بۆ بەشداری لەحكومەتی ئایندەو پاڵدان بەو لایەنەی كە ڕێكەوتن دەكات لەگەڵی، چین و چی تازەیان تیادایە؟ .

داواكارییەكانی كورد
لەدیارترین داواكارییە سەرەكییەكانی كورد، جێبەجێكردنی مادەی 140دەستور و دۆسیەی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان، موچە پێشمەرگە، یاسای نەوت وغاز، خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان.
داواكارییەكانی كورد هیچ داوایەكی تازەو هیچ چاوەڕوانیەكی نوێی تیادانیە، جگە لەخاڵە سنورییەكان كە ئەویش لەگەڵ چەندین دەستكەوتی تردا وەك بەشێك لەدەرەنجامەكانی ڕیفراندۆم لەدەستدران و ئێستا لەگەڵ داواكارییەكانی ڕابردودا ڕیزكراون.
بەشێك لەچاودێران دەڵێن، تا ئەوكاتەی سەركردایەتی كورد و سوننە كەزۆرێك لەداواكارییەكانیان لەیەك دەچن و لەهەندێكیشدا دژ و ناكۆكن، ئەم داواكارییانە بۆ مساوەمەو وەرگرتنی پۆست و پێگەكانی دەوڵەتی عێراق بەكاربهێنن، لیستی داواكارییەكانیان درێژ و درێژتر دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand