Draw Media

ململانێی پێكهێنانی حكومەت بەچڕی دەستیپێكرد

ململانێی پێكهێنانی حكومەت بەچڕی دەستیپێكرد

2018-08-19 20:50:14


( درەو میدیا):

سەدر و عەبادی و حەكیم و عەلاوی پێكهێنانی بنەمای گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان ڕاگەیاند، مالیكیش دەڵێت، سبەینێ‌ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنن، پارتی و یەكێتیش داوای ڕێكکەوتنی نوسراو دەكەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ بەرەی ناسراو بە (میحوەری پێنج قۆڵی) كە هاوپەیمانێتییەكانی ( سائیرون و نەسر وحیكمە و وەتەنیە و بەشێك لە سوننەكان) لەخۆدەگرێت، لە هۆتێل (بابل)ی شاری بەغداد كۆبوونەوە بە مەبەستی گەیشتن بەڕێكکەوتن و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی كە خۆی لە كۆكردنەوەی زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراقدا دەبینێتەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و ناونانی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.
بەپێی زانیارییەكان، لە كۆبونەوەكەدا هەریەك لە (موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی و عەممار حەكیم و ساڵح موتڵەگ و كازم شەممەری و عەدنان ئەلزەرفی) و ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی ئەو پێنج هێزە بەشداربوون.  
دوابەدوای كۆبوونەوەكە كە مێك لەمەوبەر كۆتاییهات، بەشداربوان بەیاننامەیەكیان بەناوی (سائیرون و نەسر و فەتح و وەتەنیە) وە، بڵاوكردەوە و تیادا بنەمای پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیان ڕاگەیاند و داواشیان لە كوتلە سیاسیەكانی تر كرد بێنە پاڵ هاوپەیمانێتییەكان، لە بەشێكی بەیاننامەكەدا نوسیویانە، هاوپەیمانێتییەكەیان تائیفیەتی تێپەڕاندوە و بە هەموو شێوەیەكیش بنەمای پشكێنە ڕەتدەكاتەوە و بەنیازی پێكهێنانی دەوڵەتی هاوڵاتی و یەكسانی و دابینكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانەیە بۆ عێراقییەكان و هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێك دەدات كە بەتوندی بەڕووی گەندەڵی و گەندەڵكاراندا بوەستێتەوە.
ژمارەی كورسییەكانی ئەم چوار هێزە پێكەوە دەگاتە 136 كورسی، سائیرون 54 و نەسر 42 و حیكمە 19 و وەتەنیە 21، ڕەنگە هەر ئەوەشبێت هۆكاری ئەوەی ناویاننابێت و بنەما و (تۆو)ی، گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی نەك بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕابگەیەنن، كە پێویستی بە ( 50+1) واتە 165 كورسی پەرلەمان بە وپێیەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق لە خولی داهاتوودا 329 كورسیە.   

هەر ئەمڕۆ كەناڵی" ئێن ئاڕ تی "  نزیك لە جوڵانەوەی نوێ رایگەیاند جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە چوار كورسیی لە  پەرلەمانی عێراقدا بەدەستهێناوە بەشێك دەبێت لەو كوتلە گەورەیەی كە سەدر و عەبادی و حەكیم رایدەگەیەنن، بەڵام وەفدی ئەو جوڵانەوەیە لە كۆبوونەوەكەی هۆتێل بابل بەشدارنەبوو و لە بەیاننامەكەی راگەیاندنی بنەمای گەورەترین كوتلەشدا هیچ ئاماژەیەك بە بەشداری جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ نەكراوە.

 کۆبوونەوەکەی هۆتێل بابل

هەر ئەمشەو، هیشام ركابی بەڕێوەبەری نوسینگەی نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست " درەو میدیا " كەوتوە، ئاشكرایكرد، پەیوەندییەكان لە نێوان دەوڵەتی یاسا و فەتح و پارتی و یەكێتی بەردەوامە و قسە لەوەدەكرێت سبەی دووشەممە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ڕابگەیەنرێت.
لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتە نوێیانەدا، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە، ئەمڕۆ لەگەڵ سەركردایەتی (میحوەری نیشتمانی) كۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتی بنیاتنانی دەسەڵاتی ئیتیحادی و میكانزمەكانی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی لەپێناو پێگەیاندنی دیدی هاوبەش بۆ بەرنامەی سیاسی و حكومی بۆ قۆناغی ئایندە.  
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا، پارتی و یەكێتی تەئكیدیان كردووە، ئامادەن بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكانی تر لەپێناو پێكهێنانی گەورەترین كوتلە و بەپێویستیشیان زانیوە كە پێكهێنانی حكومەتی ئایندە لەڕێی ڕێكەوتنی سیاسیی نوسراوەوە بێت.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی 12 ئایاری ئەمساڵی پەسەندكرد، گۆڕەپانی سیاسی عێراق جموجۆڵێكی چڕو پڕی بەخۆوە بینی لەپێناو پێكهێنانی حكومەتی ئایندە و، ئێران و ئەمریكاش وەك دوولایەنی گرنگی پەیوەست بەپرۆسەی سیاسی لەعێراق، نوێنەری خۆیان ڕەوانەی بەغداد كردووە و هەریەكەیان بەجیا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسەكانی عێراق بەچڕی لەسەرخەتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ بەو شێوەیەی كە دەچێتە بەرژوەندی و ئەجێندا سیاسییەكانی خۆیانەوە. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand