راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت تەماتە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی سوركردووە، هەموان پێشنیاز دەخەنەڕوو بۆ رزگاركردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە قەیرانی بێبازاڕیی، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار كە دەستی باڵای لە نەوتدا هەیە بڕیاریدا بەشێك لە بەرهەمی جوتیاران بكڕێتەوە، ئەو نەیتوانی بۆ داڕمانی نرخی نەوت كارێكی ئەوتۆ بكات، بەڵام بۆ داڕمانی نرخی تەماتە كارێكی كرد، وەزیری كشتوكاڵ لەزاری خاوەن كارگەكانەوە وتی تەماتەی ناوخۆ بۆ دۆشاو نابێت، شێخ جەمالی كرپچنەش كە جوتیاری نمونەییە قسەی تری هەیەو پێیوایە هۆكاری بێبازاڕییەكە ئەو بازرگانانەن كە دۆشاوی تەماتە لە دەرەوە هاوردە دەكەن و بەهێزترن لەو كارگانەی لەناوخۆدا دۆشاو دروست دەكەن، تەماتە چۆن لە قەیران رزگار دەكرێت ؟ شێخ باز.. لە نەوتەوە بۆ تەماتە ئەم رۆژانە باس باسی تەماتەیە، بەرهەمی خۆماڵی زیانی گەورەی بەركەوتووە، جوتیاران رۆژی 6ی ئەم مانگە لە هەولێر خۆپیشاندانیان كرد، لە مەراسیمێكدا كە تاڕادەیەك لە فێستیڤاڵی شەڕە تەماتە دەچوو لە ئیسپانیا، بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵیان فڕێدایە سەر شەقامەكان. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش چەند رۆژێكە پڕبوون لە وێنەی تەماتەو دۆشاوەكەی، خەڵك داوا لە حكومەت دەكەن پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆیی بكات، تاوەكو لە كێبركێدا لەگەڵ بەروبومی هاوردەكراو لە بازاڕدا نەكەوێت، هەندێك كەسیش بۆ پاڵپشتی لە جوتیاران، كەمپەینی كڕینی تەماتەی خۆماڵییان راگەیاندووە. جوتیارێك لە خۆپیشاندانەكەی هەولێردا وتی:" كیلۆیەك تەماتە بە كەمتر لە (70) دینار دەفرۆشن، سندوقێك تەماتە (10 بۆ 12) كیلۆی تێدایە، لە عەلوە بە (750) دینار لێمان وەردەگرن، هیچمان بۆ نامێنێتەوە، چونكە گواستنەوەی هەر سندوقێك تەماتە نزیكەی (300) دیناری تێدەچێت، بۆ هەر سندوقێك تەماتە لە عەلوە (250) دینار وەردەگیرێ، نرخی سندوقە بەتاڵەكەش (250) دینارە ئیتر چی بۆ جوتیارێك دەمێنێتەوە". لە هەنگاوێكی خێرادا بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتی جوتیاران، شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار كە لەبواری نەوتدا دەستی باڵای هەیەو ئێستا وەكو راوێژكاری مەسرور بارزانی بۆ كاروباری وزە كاردەكات، بڕیاریدا رۆژانە (45) تەن تەماتە بۆ ماوەی شەش رۆژ بكڕێتەوەو وەك كاری خێرخوازی لە كەمپو گەڕەكە هەژارنشینەكانی هەولێر دابەشی بكات، بەڵام ئەمە كێشەكە لە ریشەوە چارەسەرناكات، شێخ باز بۆ داڕمانی نرخی نەوت نەیتوانی كارێكی ئەوتۆ بكات، بەڵام بۆ تەماتە كارێكی كرد. لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە كۆبوەوە، عەبدولستار مەجید سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سێ ڕێگا هەیە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵیی جوتیاران: • هاوڵاتیان بەرهەمی خۆماڵی خۆمان بكڕن • دەبێت بازاڕ بۆ بەرهەمی خۆماڵی بدۆزرێتەوە • دەبێت كارگەی لە قوتونان دابمەزرێنین، ئەو بەرهەمانەی ساغ نابنەوەو بازاڕیان بۆ نادۆزرێتەوە، پێویستە كارگەی لە قوتونانی بۆ دابمەزرێت گارگەی دۆشاوی تەماتە بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی جوتیاران ئێستا هەموان چاویان لەوەیە كارگەی دۆشاوی تەماتە بكرێتەوەو بەروبومی زیادەی جوتیاران لەو كارگانەدا ساغبكرێنەوە بۆ ئەوەی زیانیان پێنەگات. لە هەرێمی كوردستان (3) كارگەی دۆشاوی تەماتە هەیە (هەریر، كۆیە، شارەزوور)، ئەم سێ كارگەیە لەتوانایاندایە رۆژانە لە (500 ) تەن تەماتە بڕی (50) تەن دۆشاو بەرهەمبهێنن. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور: ئەم كارگەیە لە ساڵی 2016 دامەزراوە، لەسەرەتاوە دۆشاوی لە ئێرانەوە هاوردە دەكردو لە كارگەكەدا لە قوتویان دەنا، بەڵام دواتر كارگەكە خۆی دۆشاوی بەرهەمدەهێنا، پێشتر ئەم كارگەیە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (50 بۆ 60) هەزار قوتوی دۆشاوی تەماتەی هەبوو، بەڵام بەپێی وتەی بەڕێوەبەری كارگەكە ئێستادا رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (250) هەزار تەن تەماتەیان هەیەو دەتوانن لەم بڕە (140) هەزار قوتوی (800) گرامی بخەنە بازاڕەوە. ئەم كارگەیە بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی زیاتر لە شەش مانگە داخراوە. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ئەم كارگەیە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە داخراوە، بڕیارە لە ماوەی مانگێگدا جارێكی تر بكەوێتەوە كارو رۆژی شەممەی داهاتوو دەستبكات بە وەرگرتنی بەرهەمی تەماتەی جوتیاران، كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر ساڵی 1979 دروستكراوە، لە توانایدایە رۆژانە لە (150) تەن تەماتە بڕی (25) تەن دۆشاو بەرهەمبهێنێت. • كارگەی دۆشاوی تەماتەی كۆیە ئەم كارگەیە لە ساڵی 1996 دروستكراوە، بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرهەمی جوتیارانی ناوچەكەی وەرگرتووە، بەڵام ماوەی (20) ساڵە لەكاركەوتووە. سەرەرای ئەم سێ كارگەیە، كۆگایەكی گەورەی هەڵگرتنی بەروبومی ناوخۆیی لە (گردەبۆر)ی سلێمانی هەیە كە سەربە وەزارەتی كشتوكاڵەو پێكدێت لە (32) كۆگا، هەر كۆگایەكی زیاتر لە (2 هەزار) تەن هەڵدەگرێت، بەكۆی گشتی لەتوانایدایە (70 هەزار) تەن بەرهەمی جوتیاران هەڵگرن. دۆشاوەكەی وەزیرو شێخ جەمالی كرپچنە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ لەزاری خاوەن كارگەكانی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەوە رایگەیاند:" ئەو تەماتەیەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێنرێت، ئەو تەماتەیە نیە بۆ دۆشاوی تەماتە دەشێت، چونكە لە (10) تەن تەماتە رەنگە تەنێك بۆ تەنونیوێك دۆشاوی لێ بەرهەمبهێنرێت". ئەم قسەیەی وەزیری كشتوكاڵ لە توڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی دروستكرد، پرسیاری دروستكرد لەبارەی ئەوەی ئایا هەر بەراستی تەماتەی كوردستان بۆ دۆشاو دەبێت یاخود نا؟ شێخ جەمالی كرپچنە كە یەكێكە لە جوتیارە نمونەییەكانی كوردستان بە (درەو)ی وت:" هەموو جۆرە تەماتەیەك بە كەڵكی دۆشاو نایەت، ئەو تەماتەیە بەكەڵكی دۆشاو دێت كە گۆشتنەو كەمێك سورترە". شێخ جەمال دەڵێ:" تەماتەمان هەیە بە (6 بۆ7) كیلۆ، یەك كیلۆ دۆشاوی تێدا دەبێت، هەندێكی تر لە (12 بۆ 14) كیلۆ تەماتە یەك كیلۆ دۆشاوی تێدا دەبێت، ئێمە (9) جۆر تەماتەمان نارد بۆ تاقیگەی كشتوكاڵی سلێمانی، ئەوان وتیان (یەك) جۆر تەماتەیان بۆ دۆشاو دەگونجێتو (8) جۆرەكەی تر بۆ دۆشاو ناگونجێت، هەموو جۆرە تەماتەیەك بۆ دۆشاو ناگونجێت تەماتەی دۆشاو جیاوازە". لەبارەی تایبەتمەندی تەماتەی دۆشاوەوە، لوقمان حسێن بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر دەڵێ:" ئەو تەماتەیەی بۆ دۆشاو بەكاردەهێنرێت دەبێت تۆوەكەی جیاواز بێت لەو تەماتەیەی ئێستا بەرهەم دێت، جوتیارانی خۆمان تۆوی تەماتەیان بۆ خواردن چاندووە نەك بۆ دۆشاو، ئەوەی ئێستا لە بازاڕدایە (7 بۆ 8) كیلۆی پێویستە بۆ یەك كیلۆ دۆشاوی تەماتە. بەڕێوەبەری كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر باسی لەوەكرد، لە ئێستاوە دەمانەوێت بۆ ساڵی داهاتوو ئەو تۆوە بدەین بە جوتیاران، بۆ ئەوەی ئەو تەماتەیە بەرهەم بهێنن كە بە كەڵكی دۆشاو دێت، چونكە ئەو تەماتەیەی ئێستا بۆ دۆشاو بەرهەمنەهێنراوە. بەوتەی شێخ جەمالی كرپچنە، بەپێی ستانداردی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت هەموو وڵاتێك (10%)ی بودجە بۆ كشتوكاڵ تەرخان بكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان (1.7%) تەرخانكراوە، ئەمە دوو ساڵیشە بودجەی كشتوكاڵ هەر نیە. "كێشەكە ئەوەیە ئەو بازرگانانەی كە دۆشاوی تەماتە لە ئێرانو توركیاوە هاوردەدەكەن زۆر بەهێزترن لە خاوەنی ئەو كارگانەی كە دۆشاوی تەماتە لەناوخۆدا دروست دەكەن، ئەو بازرگانانە دەتوانن دۆشاوی تەماتە بهێننو بەنرخی كەمتر لە كارگەكانی ناوخۆ بخەنە بازاڕەوە، بۆیە دوای مانگێك تاوەكو دوو مانگیك كارگەكە شكستدەهێنێت. هاوردە زیان لە هەناردە دەدات كێشەی ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی بەتایبەت لەم وەرزەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێگەیشتنی بەرهەمی جوتیاران پێكەوە، ئەوەی زیانی لە بەرهەمی ناوخۆیی داوە هاوردەكردنی بەروبومە لە دەرەوەر رێگریكردنە لە ناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان بۆ پارێزگاكانی عێراق بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا. وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی خۆماڵی، رۆژی 10ی حوزەیران تاوەكو 15ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، باجی لەسەر هەر كیلۆیەك لە تەماتەی هاوردەكراو بەبڕی (600) دینار زیادكرد، بەڵام ئەمەش وەكو پێویست نەیتوانی بەرهەمی ناوخۆیی رزگاربكات لە قەیران. پێداویستی ناوخۆیی تەماتە بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە زیاتر (190 هەزار) تەن تەماتە هەیە، ئەم بڕەش بەشێكی بەرهەمی ناوخۆییەو بەشەكەی تری بەرهەمی هاوردەكراوە لە دەرەوە، واتا هەر تاكێكی هەرێم ساڵانە بە تێكڕا (34 ) كیلۆ تەماتە دەخوات . هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2019دا پێویستی بە (191 هەزارو 545) تەن تەماتە هەبووە، لەو رێژەیە (80 هەزارو 446) تەنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە، واتە بەرهەمی ناوخۆیی رێژەی (43.5%)ی كۆی پێداویستی هەرێمی كوردستانی بۆ تەماتە پڕكردوەتەوە، لەبەرامبەردا بڕی (108 هەزارو 099) تەنی تەماتە لەو ساڵەدا لە دەرەوە هاوردەكراوە، واتە تەماتەی هاوردەكراو رێژەی (56.5%)ی پێداویستی هەرێمی پڕكردوەتەوە. بەڵام ئەم رێژانە لە ساڵی 2017دا بە جۆرێكی تر بوون، لەو ساڵەدا بەرهەمی تەماتەی ناوخۆو هاوردەكراو نزیك بوون لە یەكترەوە، لە 2017دا پێویستی ناوخۆیی هەرێم بۆ تەماتە (170 هەزارو 195) تەن بووە، لەم بڕە بەرهەمی ناوخۆیی (83 هەزارو 107) تەن بووە بەرێژەی (49%)، تەماتەی هاوردەكراویش (87 هەزارو 88) تەن بووە بەڕێژەی (51%). ئەمە لە كاتێكدایە بڕی بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی لە ساڵی 2009 دا (118 هەزار) تەن بووە. تەماتەو تەندروستی تەماتە (بەئینگلیزی: Tomatoe) میوەیەكی سووری شیاوە بۆ خواردن، لە ڕووەكی سۆلانەم ریكۆپێرسیكەمەوە دەڕوێت. ئەم میوەیە لە ناوەڕاست و باشووری ئەمریكاوە سەری هەڵداوە، دەوترێت زێدی رەسەنی تەماتە وڵاتی (پیرۆ)یە، یەكەمجار ئیسپانییەكان تەماتەیان گواستوەتەوە بۆ كیشوەری ئەوروپاو لەوێوە بە هەموو جیهاندا بڵاوبوەتەوە، سەرچاوەكان باسلەوە دەكەن سەرەتا تەماتە تەنیا بۆ جوانكاری نێژراوە، خەڵك پێیانوابووە روەكێكی ژەهراوییە، لەدوای جەنگی جیهانی یەكەمەوە تەماتە لەرێگەی بەریتانییەكانەوە هاتوەتە كوردستان. تەماتە چەندین ناوی تریشی هەیە لەوانە (باینجانی سور)، ئەم روەكە بەشێوەی دەستیی دەچێندرێت، كە دەڕوێنرێت سەرەتا گوڵێكی زەرد دەگرێت، بەرەكەی لەسەرەتادا رەنگی سەوزی كاڵە، پاشان مەیلەو زەردەبێتو بەرەو رەنگی پرتەقاڵی دەڕوات، كاتێك پێدەگات رەنگەكەی بەتەواوەتی سور دەبێت، تەمامە تامی مزرە. پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن تەماتە دەوڵەمەندە بە كانزا، ڤیتامینو پڕۆتین، بەهۆی بوونی ریشاڵ لەپێكهاتەیدا خواردنی مەترسییەكانی توشبوون بە نەخۆشی شەكرەو ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكاتەوە هەروەها ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە كەمدەكاتەوە. سوودەكانی تەماتە بۆ تەندروستی : • مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە كەمدەكاتەوە • بەهۆی زۆری ڕێژەی پۆتاسیۆم تێیدا دەبێتە هۆی فراوانبوونی خۆینبەرەكانو كەمكردنەوەی فشاری خۆین • سوودی هەیە بۆ تەندروستی دڵ • بەهۆی بوونی فایبەر دەتوانێت ببێتە هۆی كەمكردنەوەی شەكرەی خۆین • سوودی هەیە بۆ كۆئەندامی هەرس • سوودی هەیە بۆ تەندروستی چاوەكان • هاوكارە لە پاراستنی پێستو هێشتنەوەی بە تەندروستیی • بەهۆی بوونی فۆلیك ئەسید سوودی هەیە بۆ ئافرەتی دووگیان
دیداری: گۆڤاری ئاییندە ناسی ئێوارەی ئەمڕۆ د.هشام هاشمی شارەزای بواری گرووپە تیرۆریستییەکان و شرۆڤەکاری دیاری عێراقی لە شاری بەغدا تیرۆر کراو. بەر لە تیرۆركردنی لە مانگی ئایاری رابردوودا دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری ئاییندە ناسی سازكردووەو هۆكاری جموجوڵی داعشی بۆ ناوچە جێناكۆكەكان گەڕاندۆتەوە بۆ درز و كەلێنی ئەمنی نێوان حەشد و هێزەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگەو هێزە عێراقیەكان لەو ناوچانە. پرۆفایلی د. هشام هاشمی هوشام ئەلهاشمی لەدایكبووی 1973ی بەغدایە، پسپۆڕییەكەی كارگێڕی و ئابوورییە، بەڵام لە كۆتایی نەوەدەكانەوە گرنگیدانی بە گرووپ و دەستە و كۆمەڵە ئیسلامییە چەكدار و ئسوڵی و توندڕەوەكان هەیە و لە سەردەمی سەددام حسێن لەسەر گرنگیدانەكانی، بەند كراوە. لەدوای 2003، كاری دۆكیۆمێنتاریی كردووە لەگەڵ میدیای بیانی و ناوخۆیی سەبارەت بە داعشەوە و گەنجینەیەكی گەورەی لەو بوارەدا پێك هێناوە كە خۆی لە سێ كتێب و نزیكەی 500 وتار و توێژینەوە دەبینێتەوە. كتێبەكان بریتین لە: عالم داعش، تنڤیم داعش من الداخل، نبژە عن تاریخ القاعدە فی العراق، ئێستاش وەك ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی عێراق كار دەكات و ماوەیەكیش ڕاوێژكاری حكومەتی عێراق بووە بۆ كاروباری ئاسایش. دەقی چاوپێكەوتنەكە: ئایندەناسی: نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان؛ جنین بلاسخارت، لە دوا پەیامی خۆیدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش، هۆشیاری دا لە چالاكییەكانی ڕێكخراوەكە لە پشتێنەی چواردەوری بەغدا و ڕۆژهەڵاتی دیالە، ئایا داعش تاكە لایەنە كە ئاسایشی ئەو ناوچانە بخاتە مەترسییەوە، یان گرووپی تر هەن؟ بەتایبەت كە بە پێچەوانەی ڕەفتاری پێشووی داعشەوە كە دیل كوشتنە، ئێستا مامەڵەكردن بە ڕفێنراوەكان هەیە بە دەوروبەری 50 هەزار دۆلار؟ هشام هاشمی: ژمارەی داعشەكان لە سێ مانگی یەكەمی 2020، بە دەوروبەری 3500-4000 چەكدار خەمڵێنراوە كە لە 10 كەرتی جیاجیای عێراقدا هەن و تەنها دیالە و بەغدا نییە. ئەم ڕێكخراوە هەڵمەتێكی نوێی ڕیكلامی ڕێك خستووە لەژێر ناوی "العاقبە للمتقین" لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق، كە نوێكردنەوەی بەیعەت لەخۆ دەگرێت و لەمەشدا پشتئەستوورە بەو دەرامەتە مرۆییانەی لە شەڕی داعش تێك شكان، بەم دواییانەش داعش تەكتیكێكی تری گرتۆتە بەر كە ئەكتیڤكردن و وەرگرتنی ئەوانەیە كە هیچ ئاماژەیەكی ئەمنییان لەسەر نییە یان داواكراوی قەزایی نین، ئەمەش لەبەر بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی سەربازی و سیاسی. ئایندەناسی: بژاردەكانی بەردەم داعش چین، بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ ڕووكاری ڕووداوەكان؟ هشام هاشمی: داعش لە چەند ڕوویەكەوە كار دەكەن، كە یەكێك لەوانە دۆسیەی ئابووری و ئەوی تر هیی سەربازییە. لە بواری ئابووریدا تۆڕی دارایی ئەم ڕێكخراوە زۆر لێزانن لە خۆدزینەوە لە سیستمە داراییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، ئەمانە لە ناوخۆی عێراقدا وەبەرهێنانەكانی خۆیان لە كەرتی گواستنەوە و وزە و بازرگانیی گشتی و كشتوكاڵ و دەرمان و چیمەنتۆ و جگەرە بەڕێوە دەبرێن و بۆ ئەمەش پێویستیان بە كەسانێكە نیشانەی پرسیاریان لەسەر نەبێت یان لە ڕووی ئەمنییەوە داواكراو نەبن، ئەم پڕۆسەیەش بۆ داعش دەستكەوتێكی تازەیە بۆ ئەو شارانەی بڕێك ئارامن لە 2020 و پێشتر بە ڕووی داعشدا كراوە نەبوون، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەكردنی داهاتی دارایی داعش و بنەما ئابوورییەكەی و بۆ ماوەیەكی درێژیش پارەكانی داعش دەپارێزێت. لە ڕووی سەربازییەوە، بەیعەتەكان توانای داعش نوێ دەكەنەوە بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ، كە تێیدا بتوانێت بەرەی نوێ بكاتەوە كە پێشتر نەیبووە. لەم ڕێگایەوە دەتوانێت كێشە دروست بكات بۆ پلانەكانی داهاتووی هاوكاریی خەڵكی ناوچە نوێیەكان، بەتایبەت گوندنشینەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، بەم پێیەش ئەوەی لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان دەبێتەوە، كۆمەڵێك مەفرەزە و خانەی پەیوەستن لە داعش كە پێشتر بەرەنگاری هێزە ئەمنییەكان نەبوونەتەوە. ئایندەناسی: پێگە و ڕۆڵی داعش لە ناوچە كێشەلەسەرەكان چۆنە؟ بۆچی چاوی ئەم گرووپە زیاتر لەسەر ئەو ناوچانەیە و لە ئێستادا دۆخی ئەو ناوچانە لە ڕووی ئەمنییەوە چۆنن؟ هشام هاشمی: داعش ئەم ناوچانە بە گرنگترین پێگەی جێگە نفوزی خۆی دەزانێت، هەروەها گرنگترین ناوچەشن بۆ داعش، چونكە كێوماڵ و پشكنین و پاككردنەوەیان شكستی هێناوە بە هۆی هەبوونی دەیان مەفرەزەی داعش لەم ناوچانە جیاواز لە ناوچەكانی تر، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانیش كۆكن لەسەر ئەوەی ئەم ناوچانە پێگەی ئاڕاستەكردنی داعشن بۆ سەرجەم ناوچەكانی تری عێراق. جگە لەوەش هەر بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكانی عێراق، داعش هەمیشە چاوی لەسەر گەنجانی گوندە زیانلێكەوتووەكانە لە ڕووی ئابوورییەوە، بەڵام لە 2020-دا ئەم ڕێكخراوە پلانی خۆی گۆڕی بۆ داڵدەدانی ڕەگەزی نوێ لە گوندی قەراخ شار و شارۆچكەكان و چالاكییەكانی خۆی گواستەوە لە ناوچە بەرزایی و بیابانەكان بۆ شارەدێ و گوندە ستراتیژییەكان، بەتایبەت لە باكووری ڕۆژهەڵاتی دیالە و باشووری كەركووك و باشووری نەینەوا لەگەڵ باشووری سامەڕا و باكووری بەغدا. بەپێی قسەكانی ئاژانسی ئەعماقی سەر بە داعشیش بێت، ئەوە لە 2020دا ئەم ڕێكخراوە دەوروبەری 135 كاری تیرۆریستیی جۆراوجۆری ئەنجام داوە (لایەنە فەرمییەكانی عێراق گومانیان لە 76%ی ئەو چالاكییانە هەیە و 24%یان پشتڕاست دەكەنەوە). تۆڕەكانی داعش یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش بەزاندنی سنووری خیڵەكیانە و ناوچەگەریانەی ناوچە سوننەكانە بۆ ئاشتكردنەوەیان لەگەڵ خۆیان و گۆڕینی ڕقەكەیان بۆ دۆستایەتیی داعش. ئایندەناسی: چ تەكنیكێكی نوێ لە كاری ئێستای داعش هەیە و ناوچە كوردستانییەكان یان هێزی پێشمەرگە، لەكوێی پلانی نوێی ژیانەوە و گەڕانەوەی داعشدان؟ هشام هاشمی: ئامانجی مەفرەزە نوێیەكانی داعش، بەئامانجگرتنی هێزەكانی حەشدی عەشایەری و حەشدی ناوچەیی و هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبییە. ئەوان كردەكانی تیرۆركردن بە چەكی قەناسیان ئەكتیڤ كردووە لە خانەقین و جەلەولا و سەعدیە، سەرانە و پارە وەردەگرن لە جووتیارەكان و شوانی مەڕوماڵات و خاوەن پڕۆژە بچووكەكان یان ئەوانەی سەرقاڵی گواستنەوەی نەوتن یان لە پڕۆژەكانی گەیاندن و ئینتەرنێت یان هیڵی كارەبا كار دەكەن. تەكنیكی نوێی ئەم ڕێكخراوە هەندێ شتی تر لەخۆ دەگرێت، وەك دروستكردنی دەستەی تایبەت بۆ هاوەن هاویشتن و ڕۆكێت دژ بە گوندە كوردی و كاكەیی و توركمانییە شیعەكان، بەمەش كاری خۆكوژی كەمتر دەكەنەوە. بۆ بازرگان و خاوەن سەرمایەكانیش، ئۆتۆمبێلی بە بۆمب چێنراو بەكار دەهێنن تا ناچاریان بكەن هاوكاریان بن بە پارە و لە هەوڵی بەردەوامیشدان بۆ ئەوەی شۆی میدیایی دروست بكەن بە ڕفاندنی دیبلۆمات و خەڵكانی ڤی ئای پی، بەپێی دانپێدانانی كۆمەڵێكیان لە 2020 كە دەستگیر كرابوون. ئایندەناسی: لەپاش ڕاگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا، بارودۆخی سنوورەكان چۆنن بەتایبەت ئەوانەی بەری سووریا كە دەرچەی دزەكردنی داعش بوون بەرەو عێراق لە حوزەیرانی 2014؟ هشام هاشمی: لە ناوچەكانی سنوور لەگەڵ سووریا كە هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری لێیە، هەوڵی گێڕانەوەی هاوسەنگی دەدرێت. خەڵكی ئەو ناوچانە دەرپەڕێنراون لە جێگەی خۆیان و زۆربەی كات خەریكی ئێشكگرتنن، ئەوانە نە دەتوانن پشوو و ئارامی وەربگرن، نە دەتوانن كاری تایبەتی خۆیان بكەن، چونكە هەست بە ئارامی و ئاسایش ناكەن و هەر خەریكی ئێشكگرتنن لەسەر سنوور و لە ڕەبیەكان. سنوورەكان كە هێزی فرەڕەگەزی لێیە بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە، گرنگترین پەناگەن بۆ داعش و ماڵ و موڵكی خەڵكی ئەو ناوچانەیان داگیر كردووە. سنوورەكان پێشینەی مێژووییان هەیە لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەلقاعیدە لە عێراق لە ڕۆژگاری زەرقاوی، سەرەتای ئەوە لە دوورگەی ڕاوە بوو، پاشان ئەبو حەمزەی موهاجیرە "ڕوماننە"ی كردە بارەگای خۆی، بەغدادی بەخێرایی بادیەی ڕۆژئاوای هەڵبژارد بۆ ئەو ئەركە كە خۆی لە بنەڕەتدا پێگەی چەندین ڕەگەزی سەربازیی جۆراوجۆر بوو. فراوانیی سنوورەكان و ئاڵۆزیی پێكهاتە جوگرافییەكانیان و جۆراوجۆرێتیی سامانەكانی، ئامانجێكی سەرنجڕاكێشە بۆ ڕێكخراوە تیرۆریستەكان. خەڵكی ناوچە سنوورییەكان بیركردنەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە و سنوورەكانیش هێمایەكی سەرەكین بۆ زاڵبوون بەسەر ڕۆژئاوا كە نەخشەی كێشاوە. ئاستەكانی توندوتیژی لە سنوورەكان بەرزن، بە بەراورد بەو گوندانەی كە نزیكن لە شارەكان. سنوورەكان هیچ كات بەرەنگاری پڕۆسەیەكی سەربازیی گشتگیر نەبوون، هاوشێوەی شارەكان بۆ پاككردنەوەیان لە پاشماوەكانی داعش. مەترسییەكانی داعش لە بادیەی ڕۆژئاوای عێراق و باكووری فوڕات و بیابانی ئەنبار هەر بەردەوامە و بەرەو ئاستی ترسناك بەرز دەبێتەوە. ئایندەناسی: زۆر باس لە مەترسیی خێوەتگا و ئۆردووگاكان دەكرێت وەك سەرچاوەیەك و پێگەیەك بۆ ژیانەوەی داعش، ڕۆڵی ئەو جێگایانە چین كە هاوتای گرتووخانەی پێشووی بوكا و ئەبو غرێبن؟ یان ئەوانەی لەوێ تازە گەڕاونەتەوە بۆ شار و شارۆچكەكانی خۆیان، ئایا جێگەی مەترسی نین؟ هشام هاشمی: ئەو خێزانانەی لەوێ گەڕاونەتەوە، پێیان وایە كۆتایی توندڕەوی دوورە، زۆر جاریش باس لەوە دەكەن گەڕانەوەی داعش نزیكە و ئەم جارەش گەڕانەوەكە بەنهێنی دەبێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی درز و كەلێنی ئەمنیی تیایە، وەك پانتاییەكانی نێوان حەشد و هێزەكانی هاوپەیمانان یان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان. جگە لەوەش گوندە سنوورییەكان وەك وتمان هێشتا پەناگەی هێزە چەكدارەكانن، كە بەشی زۆریان تەكفیرین و لە 101 ڕەگەزنامە و وڵاتی جیاجیاوە هاتوون بۆ عێراق و سەربازگە و پەناگەیان دروست كردووە.
(درەو): لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا پێشمەرگە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین دەگەڕێتەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵام بەمەرج، عەرەبی سونە رازیەو توركمانیش بە پۆستێكی وزاری رازی كراون. دوێنێ شەو لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە بەغداد رێككەوتنێك ئیمزا كرا، بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی پێشمەرگە لە شەنگالەوە تاوەكو خانەقین دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان. لەدوای رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەری"ی 2017، هێزی پێشمەرگە لەناوچە جێناكۆكەكان كشایەوە، بەڵام بەپێی ئەم رێككەوتنە نوێیە بە چەند مەرجێك جارێكی تر دەگەڕێنەوە ئەو ناوچانە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، كۆبونەوەی دوێنێ شەوی كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار، درێژكراوەی زنجیرەیەك كۆبونەوەی پێشتر بووە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق لەبارەی پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەناوچە جێناكۆكەكانو روبەڕوبوونەوەی جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە. لەو كۆبونەوانەی كە پێشتر لەوبارەیەوە كراون، لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیو لە پارتیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمو لە پێكهاتەی عەرەبی سوننە محەمەد تەمیم وەكو نوێنەری محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانو لە پێكهاتەی توركمانیش ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی بەشداربوونو ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكە بوون. بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئیمزای لەسەركردووە، هێزی پێشمەرگە بەم مەرجانە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان: • ئەو هێزانەی كە لە ناوچە جێناكۆكەكان جێگیر دەبن بەهیچ شێوەیەك نابێت ئاڵای حزبیی هەڵبكەنو دەبێت هێزی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بنو لەژێر كۆنترۆڵی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا بن. • رێگە بە جێگیركردنی هێز لەناو شارەكان نادرێتو دەبێت هێزەكانی پێشمەرگەو حەشدی شەعبیو سوپای عێراق لە دەرەوەی شارەكان بن، بەرپرسیارێتی ئەمنی ناو شارەكان لەئەستۆی هێزەكانی پۆلیسدا دەبێت. بەگوێرەی لێدوانێكی جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە كۆبونەوەی نێوان وەفدی وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراقدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی كاراكردنی لیژنەی كاری هاوبەشی هەردوولاو چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لەناوچە جێناكۆكەكان، بەتایبەتیش لەگەڵ زیادبوونی جموجوڵەكانی داعش لەو ناوچانە. جەبار یاوەر ئاشكرایكرد، (4) ناوەندی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵ دروستدەكرێت بۆ ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری و بەهێزكردنی هەماهەنگی بۆ روبەڕووبونەوەی داعش. (درەو) زانیویەتی، نوێنەرانی پێكهاتەی توركمان بەدیاریكراویش بەرەی توركمانی كە ناڕازیی بوون لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كەركوك، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستێكی وزاریدا قایل بوون بە بڕیاری گەڕانەوەی پێشمەرگە. ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق هاوكات لەگەڵ ئیمزاكردنی بڕیاری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان، (حەسەن بەیاتی) لەسەر پێكهاتەی توركمان كاندید كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەوڵەت. سەرباری رێككەوتنەكە، ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی ئەمڕۆ بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، بەتەواوەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگای كەركوك رەتدەكەینەوە. بەیاننامەكەی بەرەی توركمانی ئاماژە بەوەدەكات، بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (مستەفا كازمی) بڕیارێكی تاكڕەوانەو بە تەوافوق لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەو بڕیارەی داوە. بەرەی توركمانی دەڵێ:" پارێزگای كەركوك بەپێی دەستور دەكەوێتە دەرەوەی سنوری هەرێمی كوردستان، هەرجۆرە ئامادەگییەكی پێشمەرگە تێیدا، بە سەرپێچییەكی روونی دەستور ئەژماردەكرێت". بەرەی توركمانی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك بە گەڕانەوەی سەردەمی "تیرۆرو رفاندن" لە پارێزگاكە ناودەباتو داوا لە سەرۆك وەزیران دەكات لە بڕیارەكەی پاشگەزببێتەوە، بۆ ئەمەش بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق بەبیری مستەفا كازمیدا دەهێنێتەوە كە لە 21/10/2017 دەرچووەو رێگری لە بوونی هەر جۆرە هێزێكی ئەمنی دەكات لە كەركوك جگە لە هێزە فیدراڵییەكان.
(درەو): بندیوارەکان.. ئەوانەی کاریان بۆ حزب دەکردو موچەیان لە حکومەت وەردەگرت لە ساڵی ٢٠١٥وە بە فەرمی خراونەتە ناو چوارچێوەی حکومەت و دابەشکراون بەسەر وەزارەت و دامودەزگاکاندا بەڵام کێشەکەیان هێشتا چارەسەر نەکراوە، بەشی زۆری ئەمانە کە لە سنوری ئیدارەی یەکێتێدان دۆسیەو بەراییان نیەو پلەی وەزیفی بەرزیان پێدراوە، بەپێ یاسای چاکسازی پلەکانیان لێوەردەگیرێتەوە، بەڵام پارتی بەبەهانەی لافاوەکەی ساڵی ٢٠٠٦ی هەولێر کێشەی بندیوارەکانی خۆی چارەسەرکردووە. ئەوە لە كاتێكدایە كە ساڵی 2006 لە هەرێمی كوردستان بە وشكە ساڵی ئەژماركراو لەو ساڵەدا بودجەی تایبەت بە وشكەساڵی تەرخانكرا لەبارەی بندیوارەکانەوە کۆتایی مانگی ئازاری ٢٠١٥ لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایدا، رێباز حەملان وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رێکخراوەکان. بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رێکخراوەکان یەکێک لەو دامەزراوانەی حکومەت بوو کە زۆرترین موچەخۆری "بندیوار"ی لەخۆگرتبوو، بندیوارەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کەوتە بەردەم سەرەنجی لیژنەی ئەوکاتی حکومەتی عێراق بۆ وردبینی لە ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێم. ئاماری دیاریکراو لەبارەی ژمارەی ئەوانەی لەسەر بەڕێوەبەرایەتییە دامەزرێندراون لەبەردەستدا نییە، بەڵام زانیارییە نافەرمییەکان باسلەوە دەکەن یەکێتی و پارتی (٦ هەزار) کەسیان لەسەر ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دامەزراندووەو ئەو کەسانە ساڵانێک بەبێ ئەوەی بەفیعلی فەرمانبەری حکومەت بن، موچەیان لە حکومەت وەرگرتووەو لەبری ئەوە کاریان بۆ حزب کردووە. ژمارەی ئەوانەی کە لە سنوری ئیدارەی یەکێتی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون بە (٤ هزار کەس) دەخەمڵێندرێت، بەپێی زانیارییەکانی (درەو) لە رێژەکەی سنوری یەکێتی (٥٠٠) کەس لەوانەی دامەزرێندراون سەربە بزوتنەوەی گۆڕان و حزبی شیوعی و حزبی سوسیالیست بوون، لە سنوری ئیدارەی پارتیش نزیکەی (٢ هەزار) کەس دامەزرێندراون. یاسای چاکسازی و بنیوارەکان لە یاسای چاکسازیدا کە لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراو سەرەتای ئەم مانگە خرایەبواری جێبەجێکردن هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی دامەزراندنی هەموو ئەو کەسانە هەڵوەشێندرێتەوە کە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان بوون، بەوپێیەی بەرایی دامەزراندنیان نەبووەو فەرمانبەری فیعلی نەبوون، بەڵام یەکێتی قایل نەبوو، بەڵام لە یاساکەدا ئەوە جێگیرکراوە پێداچوونەوە بە دۆسیەی پلەی وەزیفی و بڕوانامەو ساڵانی خزمەتی فەرمانبەراندا بکرێت و ئەوانەی بە ناشایستە پلەیان وەرگرتووە لێیان وەربگیرێتەوە، ئەمە ئێستا ئاڵنگارییەکی ترە کە روبەڕووی تیمی یەکێتی لە حکومەت بووەتەوەو بەپێی زانیارییەکانی (درەو) بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن بۆ بەرایی ئەو کەسانە کە زۆربەیان کادری یەکێتین. لافاوەکەی هەولێرو بندیوارەکانی پارتی زۆرێک لەوانەی کە پێشتر لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون و دواتر بە فەرمانی وەزارەتی دارایی گواستراونەتەوە بۆ سەر وەزارەتەکانی تر، ساڵانی زۆری خزمەتیان بۆ ئەژمارکراوەو پلەی وەزیفی بەرزیان پێدراوە لەکاتێکدا هیچ بەراییەکیان نییە کە بیسەلمێنێت بەشێوەیەکی فیعلی دەوامیان کردووە، هەندێکیشیان کێشەی بڕوانامەیان هەیە، ئەگەر لە یاسایی چاکسازیدا دەست بۆ کەیسی ئەم کەسانە ببرێت یەکێتی دوچاری زیان دەبێت، چونکە ئەوانەی لە پشکی یەکێتی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان دامەزرێندراون، کێشەی دۆسیەو بەراییەکانیان چارەسەر نەکراوە، بەڵام پارتی پێشوەختەو لە ساڵی ٢٠١٥دا بەرلە هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان، کێشەی ئەندامانی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکان چارەسەرکردووەو بەرایی و ساڵی خزمەتی بۆ دروستکردوون. بەپێی نوسراوێک کە لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٥دا رابەر سدیق بەڕێوەبەری گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری ئیمزای لەسەر کردوووە، بەبەهانەی ئەوەی دۆسیەکانیان لە لافاوەکەی ساڵی (٢٠٠٦)ی هەولێردا تیاچووە، دۆسیە بۆ ژمارەیەک لەو کەسانە کراوەتەوە کە لەسەر پشکی پارتی لەسەر فەرمانگەی رێکخراوەکان دامەزراون و موچەیان وەرگرتووە. ئەوە لە كاتێكدایە كە ساڵی 2006 لە هەرێمی كوردستان بە وشكە ساڵی ئەژماركراو لەو ساڵەدا بودجەی تایبەت بە وشكەساڵی تەرخانكرا
راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف پێش دەركەوتنی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار خەرجی هەبوو، لەم پارەیە لانی كەم (960 ملیار) دیناری دەكەوتە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا كۆی گشتی خەرجییەكانی حكومەت (765 ملیار) دینارە، واتا ئەو پارەیەی كە پێشتر دەچووە بازاڕەوە ئێستا نزیكەی (450 ملیار) دینار كەمیكردووە، دواكەوتنی دابەشكردنو كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆران توانای كڕینی لاوازكردووە، ئەمەش لەپاڵ قەیرانی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر سستبونی جوڵەی بازاڕ دروستكردووە. سكاڵای بێبازاڕیی لە هەرێمی كوردستان بازاڕ ئیفلیج بووە، خاوەن دوكانو بازاڕەكان سكاڵایانە لەدەست كەمبوونەوەی توانای كڕین، خواستی كڕین لە هەرێمی كوردستان لەدوولاوە كەوتوەتە ژێر كاریگەری: • ترسی خەڵك لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو خۆپارێزی لە سەردانكردنی بازاڕو شوێنە گشتییەكان. • دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لەلایەن حكومەتەوە بەسەر موچەخۆراندا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتارێكدا بەر لە جەژنی رەمەزان وتی: رێژەی 80%ی كۆی داهاتی حكومەت بۆ موچەی موچەخۆران دەچێت، ئەمە ئێستا كێشەی تێكەوتووە، داهاتەكانی حكومەت بەشی موچە ناكات، دابەشكردنی موچە لە 30 رۆژەوە بۆ 60 رۆژ دواكەوتووە، سەرباری ئەمە بۆ موچەی مانگی شوبات حكومەت رێژەی 21%ی موچەی فەرمانبەرانی بڕی، ئەم دۆخە جۆرێك ترسی لای موچەخۆران دروستكردووەو كاریگەری لەسەر خواستنی كڕین لای ئەو توێژەی كۆمەڵگا دروستكردووە كە بەپێی قسەی سەرۆكی حكومەت رێژەی 20%ی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێكدەهێننو موچەكانیان سەرچاوەی بژێوی خێزانەكانیانە. خواست لە بازاڕدا سەرباری مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆرێك لە دوكانو بازاڕاڕەكان كراوەن، بەڵام كاتژمێرەكانیان لە چاوەڕوانی هاتنی كڕیاراندا تەواو دەكەنو خەون بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی پێش كۆرۆناوە دەبینن. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو): • پێشەنگای كڕینو فرۆشی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی كە بە "مەعرەزەكان" ناسراوە، پێش دەركەوتنی كۆرۆنا بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە لەیەك پێشەنگادا نزیكەی (15) گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی ئۆتۆمبێل ئیمزاكراوە، بەڵام ئێستا (2 بۆ 3) گرێبەست دەكرێت، واتا بەرێژەی (75%) كڕێنو فرۆش لە بازاڕی ئۆتۆمبیلدا كەمیكردووە. • دوكاندارێك جلوبەرگ كە پێش دەركەوتنی كۆرۆنا رۆژانە بەبەهای (750 هەزار بۆ یەك ملیۆن) دیناری جلوبەرگی فرۆشتووە، ئێستا رێژەكە كەمبوەتەوە بۆ (75 بۆ 100 هەزار) دینار، واتا بە رێژەی (80% بۆ 90%) خواستی كڕین لەسەر جلوبەرگ كەمیكردووە. • چاییچیەك ئەگەر پێش دەركەوتنی كۆرۆنا، رۆژانە (400 بۆ 500) چای فرۆشتبێت، ئێستا رێژەكەی بۆ (40 بۆ 50) چایی كەمبوەتەوە، واتا خواست لەسەر خواردنەوەی چا لە شوێنە گشتییەكان (10) هێندە كەمیكردووە. • لەفەفرۆشێك لە شوێنە گشتییەكان ئەگەر پێشتر (350 بۆ 400) لەفەی فرۆشتبێت، ئێستا نزیكەی (60 بۆ 70) لەفە دەفرۆشێت، واتا شەش بۆ حەوت هێندە خواست لەسەر خواردنی سەر شەقامو دوكانەكان كەمیكردووە. • شۆفێرێكی تاكسی ئەگەر پێشترو بەر لە كۆرۆنا (15 بۆ 10) جار سەرننشینی هەڵگرتبێتو بۆ هەر سەرنیشێنك بڕی (3 هەزار) دیناری وەرگرتبێت، داهاتی رۆژانەی نزیكە (50 بۆ 60 هەزار) دینار بووە، بەڵام ئێستا لەنێوان (5 بۆ 7) تاكسی دەكاتو داهاتەكەی كەمیكردووە بۆ (15 بۆ 30 هەزار) دینارو لەو رێژەیەش كەمتر، واتا (60%) داهاتەكەی كەمیكردووە. رێكخستنەوەی لیستی خەرجی دۆخی دارایی حكومەتو بڕینی موچەو دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆی، دۆخێكی ئابوری نوێی بەسەر خێزاندا لە هەرێمی كوردستان سەپاندووە، دۆخێك كە نەبوونی متمانە بەسەریدا زاڵەو كاریگەری لەسەر خواستنی كڕین دروستكردووە. بەر لە كۆرۆنا ئەگەر خێزانێك داهاتی مانگانەی (ملیۆنێك) دینار بوبێت، لەو داهاتە لە مانگەكەدا بڕی (800 بۆ 900 هەزار) دیناری لە مانگەكەدا خەرجكردووە، واتا رێژەی (80% بۆ 90%)ی داهاتەكەی خەرج كردووە، بەڵام ئێستا سەرباری ئەوەی بەهۆی قەیرانی داراییەوە خێزانەكان داهاتی مانگانەیان كەمیكردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر خواستی كڕین دروستكردووە، خێزانێك كە ئەگەر داهاتی مانگەی ملیۆنێك دیناری موچەی مانگانە بێت، ئێَستا ئەم داهاتە بووە (500 هەزار) دینار، چونكە حكومەت دابەشكردنی موچەی بۆ (60 رۆژ) درێژكردوەتەوە، سەرباری لێبڕینی 21%ی موچە لە هەموو موچەخۆرێك، بەم دۆخەوە ئەگەر خواستی كڕین وەكو پێشتر لە شوێنی خۆیدا بێت، ئەوا كۆی خەرجی ئەو خێزانەی كە داهاتەكەی لە ملیۆنێكەوە بووە بە 500 هەزار دینار، لە مانگێكدا تەنیا (400 هەزار) دینار دەبێت، ئەمەش كاریگەری گەورەی لەسەر خواست لە بازاڕدا دروستكردووە. قەیرانی دواكەوتنو كەمكردنەوەی موچە وای لە زۆرێك لە خێزانەكان كردووە جارێكی تر لیستی خەرجییەكانیان رێكبخەنەوەو چاو بە لیستی پێداویستی مانگانەیاندا بخشێننەوە. پاشەكەوتی پارەی خێزان لە سێ مانگی رابردوودا بەهۆی دواكەوتنی موچەوە زیانی گەورەی بەركەوت، بەشێكی زۆر لە خێزانەكان ئەو پارەیەی كە پێشتر پاشەكەوتیان كردبوو، لە قەیرانی دواكەوتنی موچەدا خەرجیان كردووە، نەمانی پارەی پاشەكەوتكراو وەكو پاڵپشتی بۆ كەمبونەوەی رێژەی موچە، بەهەمان شێوە كاریگەری لەسەر ئارەزووی كڕین دروستكردووە، موچەخۆر بەهۆی ئەو دۆخە نوێیەی تێیكەوتووە، كاتێك موچەی مانگانە وەردەگرێت دەیەوێت ئاستی پاشەكەوت زیاد بكاتو رێژەی خەرجییەكانی زیاتر لە كڕینی خۆراكو پێداویستییە سەرەكییەكانی رۆژانەدا كەمبكاتەوە. هەموو ئەم بارودۆخە كاریگەری لەسەر بازاڕ دروستكردووەو جوڵەی كڕینو فرۆشتنی توشی ئیفلیجی كردووە. حكومەتو دۆخی بازاڕ پێش دەركەوتنی كۆرۆنا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار خەرجی هەبوو، بڕی (894 ملیار) دینار خەرجی موچە بوو، (150 ملیار) دیناری خەرجی وەزارەتەكان بوو، (150 بۆ 200 ملیار) دیناریشی خەرجی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بوو. بەشی زۆری ئەم خەرجیانە پارەكەیان دەچووە ناو بازاڕەكانەوەو تواناو خواستی كڕینی بەهێزكردبوو، ئەگەر پێش كۆرونا ئەو (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناری مانگانەی خەرجی حكومەت رێژەی 80%ی چوبێتە بازاڕەوەو تەنیا رێژەی 20%ی چوبێتە پاشەكەوت، مانگانە (960 ملیار) دینار چووەتە بازاڕەكانەوە، بەڵام حكومەت ئێستا كۆی خەرجییەكانی لە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینارەوە بۆ (600 ملیۆن) دۆلاری موچەو (45 ملیۆن) دۆلاری خەرجی وەزارەتەكان كەمكردوەتەوە، كە كۆی گشتی دەكاتە (765 ملیار) دینار، واتا ئەو پارەیەی كە پێشتر دەچووە بازاڕەوە ئێستا نزیكەی (450 ملیار) دینار كەمیكردووە، دواخستنی دابەشكردنی موچە بۆ (60 رۆژجارێك) رێژەكەی لەوە زیاتریش كەمكردوەتەوە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) دكتۆر كاروان حەمەساڵح پسپۆڕی ئابوری وتی:" بێبازاڕی بەشێكی بۆ رێوشوێنەكانی كۆرۆنا دەگەڕێتەوە، بەڵام پشكی گەورەی بێبازاڕی پەیوەستە بە ناجێگریی بارودۆخی سیاسیو ئابوری هەرێمی كوردستانەوە، كە خەریكە دۆخەكە لە قەیرانەوە سەردەكێشێت بۆ گێژاو". بەوتەی ئەو پسپۆڕە ئابورییە" لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە زیادتر لە (3 ملیار) دۆلار لە بازاردا كشاوەتەوە، ئەمە دۆخی بازاڕی توشی شكست كردووە". خەرجی تاكو خێزان ئامارە فەرمییەكان دەریدەخەن، خەرجی تاكو خێزان لەسەردەمی پێش كۆرۆنا بەبەراورد بە دوای كۆرۆنا زۆر كەمیكردووە. بەپێی قسەی مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: • تێكڕای خەرجیی تاك بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018دا لە هەرێمی كوردستان (239 هەزار) دینار بووە. • لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش زۆرترین خەرجی تاك لە پارێزگای سلێمانیدا بووە بە بڕی (234 هەزار) دینار. • كەمترین خەرجی لە پارێزگای دهۆك بووە بە بڕی (199 هەزار) دینار بۆ هەر كەسێك. • لە پارێزگای هەولێریش خەرجی تاك لە مانگێكدا (211 هەزار) دینار بووە. سەبارەت بە خەرجی خێزان، بەپێی بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی: • تێكڕای خەرجیی خێزان بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنو 293) هەزار دینار بووە. • لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم، پارێزگای دهۆك لە خەرجی خێزاندا پێشەنگ بووەو تێكڕای خەرجی مانگانەی خێزان لەو پارێزگایە (ملیۆنو 377 هەزار) دیناربووە. • كەمترین خەرجی خێزانیش لە پارێزگای هەولێر بووە كە بڕەكەی (ملیۆنو 118 هەزار) دیناربووە. • لە پارێزگای سلێمانیش خەرجی خێزان لە مانگێكدا (ملیۆنو 123) هەزار دینار بووە. بەڵام لەدوای بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە رێژەكان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئاماری فەرمی لەبارەی ئاستی گۆڕانكارییەكان لە خەرجی تاكو خێزان لەبەردەستدا نین، بەڵام كەمبونەوەی داهاتی تاكو خێزانەكان بەرێژەی (50% بۆ 60%)، دەریدەخات ئاستی خەرجی بەرێژەی زیاتر لە (80%) كەمیكردووە. بۆ نمونە، بەپێی ئامارەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی ئەگەر خەرجی تاك پێش كۆرۆنا بە تێكڕا لە پارێزگای سلێمانی (234 هەزار) دینار بوبێت، ئێستا خەرجیەكەی بەڕێژەی (60%) كەمیكردووە، واتا ئێستا تاك مانگانە (94 هەزار) دینار خەرج دەكات، بۆ خەرجی خێزانیش كە لە پارێزگای سلێمانی پێشتر (ملیۆنێك و 123 هەزار) ئێستا رێژەكە زیاتر لە (60%) كەمیكردووە كە دەكاتە (449 هەزار) دینار لە مانگێكدا، ئەم پارەیەش زیاتر بۆ كڕینی پێداویستییە بژێوییەكانی وەكو خۆراك دەڕوات نەك بۆ خەرجییە ناپێویستەكانی وەكو كڕینی كەلوپەلی ناوماڵو ئۆتۆمبیلو موبایلو .. كاتێك داهاتی تاك كەمدەكات، خواستی كڕین كەمدەكات، لەمەشدا (موچەخۆرو كاسب) هەردووكیان پێكەوە زەرەرمەند دەبن، پێدەچێت رێژەی كەمبونەوەی خەرجیەكانی تاكو خێزان زۆر زیاتر بێت لە رێژەی كەمبونەوەی داهاتەكانیان، چونكە موچەخۆران متمانەیان بە دۆخی دارایی خۆیان نییەو نایانەوێت لەم بارودۆخەدا خەرجییەكانیان زیاد بكەنو زیاتر چاویان لە پاشەكەوتكردنە بۆ ئەگەری رودانی خراپتر لەوەی ئێستا هەیە.
ئامادەكردنی: عەلی حەمە ساڵح لە كۆبونەوەم لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت لە بەدواداچونی پەرلەمانی؛ كارم لەسەر ئەم دۆسیە گرنگە كردوە، پاش چەندین مانگ دەمەوێت لێرەوە ڕابگەیەنم، بەھیوای ئەوەی ڕایگشتی دروست بكات و كاری لەسەر بكرێت. ئاسانترین دۆسیەیە بۆ چاكسازی، لەدەستدەرنەچوەو پشتیوانی یاسایی ھەیە! پارەیەكی ئێجگار زۆر دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی! چەندین ساڵە ڕوبەرێكی زۆر لە زەوی لەسەرجەم شارە جیاوازەكانی كوردستان دراوە بە چەند كەسێك، بەناوی وەبەرھێنان، بەھاكەیان چەندین ملیار دۆلارە، بەبێ ئەوەی كاری تێدا بكرێت بە مەتر دەفرۆشێتەوە بۆ خزمەتی چەند كەسێك!! بەپێی یاسای وەبەرھێنان زەویەك لە وادەی یاسای بۆ مەبەستی دیاریكراو كاری تێدا نەكرا، وەردەگیرێتەوە. لەسەرتاسەری كوردستان ئەم گرفتە ھەیە، لێرەدا بە چوار نمونە دەتوانین زیاتر لە ( 6 ملیار) دۆلار بۆ حكومەت كۆبكەینەوە. یەكەم : زیاتر لە ١٣ ملیۆن مەتر زەوی، بەناوی پرۆژەی (یاریگای گۆڵف) لە شوێنێكی نایابی هەولێردا سیمكراوە، بەپێی گوتەی ئەوانەی لە بواری زەوی و زار كاردەكەن، بەھای زەویەكە زیاتر لە ( 4 ملیار) دۆلارە. -ئەم زەویە گەورەترین پارچە زەوی ناو شاری هەولێرە مابێتەوە. شوێنی زەویەكە: لە دوای نەخۆشخانەی نەرۆز لە سەرجادەی ١٠ كیلۆمەتری بەحركە، ھەتا پردی ١٢٠ مەتری چواڕیانی ئەتكۆنستی تاوەكو بەرامبەر ئیتاڵی ٢ ، سیم كراوە... ئایا لە كوردستاندا چوار یاریزانی گۆڵف ھەیە، ئەو زەویە باشەی پێبدرێت؟ بەدڵنیایی یارگای گۆڵف دروستناكرێت و مەتر مەتر دەفرۆشرێت! بۆیە پێویستە حكومەت ئەم زەویە بكات شارێكی ھاوچەرخ و خۆی زەویەكان بفرۆشێت! دووەم: لە ساڵی ٢٠١٣ ەوە، ( ھەزار ) دۆنم زەوی تەرخانكراوە بۆ كەسێك بیكاتە شاری پیشەسازی لە پارێزگای سلێمانی نزیك عەربەت، مەتر مەتری بكات و بیفرۆشێت!!! ئێستا ئەم زەویە وەك خۆی ماوە حكومەت دەتوانێت خزمەتگوزاری بۆ ببات و شارێكی پیشەسازی ھاوچەرخ دروستبكات و بایی سەدان ملیۆن دۆلار بفرۆشێت... سێیەم: شاری خەونەكان لە ھەولێر، بە بەھا ترین زەویە لە عێراق و (یەك ملیۆن) مەتر دووجایە، زیاتر لە ١٥ ساڵە دراوە بە كەسێك و تاوەكو ئێستا مەتر مەتر، نزیكەی بە بەھای (یەك ملیار) دۆلار زەوی لێفرۆشتوە، نیوەی ئەم زەویە ماوەتەوە نەفرۆشراوە، بەھای ٢٠٠ مەتر زەوی لەم جێگایە ٣٠٠ ھەزار دۆلارە، حكومەت دەتوانێت وەریبگرێتەوەو بە ماستەر پلانێكی شایستە بەبەھای (یەك ملیار) دۆلار زەوی تێدا بفرۆشێت! چوار: لە باشترین شوێنی سلێمانیدا ٦٢٢ دۆنم زەوی تەرخانكراوە بۆ زانكۆی ئەمریكی، دە ھێندەی ڕوبەری زانكۆی سلێمانیە، بۆ زانكۆی ئەمریكی ٢٢ دۆنم بەكارنەھێندراوە، ئەوی دیكە تەنیا دیوارێك بە چوارلای پرۆژەكەدا كراوە، بەم زەویە حكومەت دەتوانێت شارێكی ھاوچەرخی بازرگانی و نیشتەجێبون دروسبكات و زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری دەستبكەوێت. بەدواداچونم بۆ دەیان پارچە زەوی ھاوشێوە كردوە لە گەرمیانەوە بۆ دھۆك، لە بری ئەوەی چەندكەسێك بكاتە ملیاردێر، حكومەت دەتوانێت بە ماستەر پلانێكی شایستە چەندین ملیار دۆلار دەستبخات و سیمایەكی جوانیش بداتە شارەكان... ئەگەر حكومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراق ڕێككەوت و ئەو بڕیارانەی چاكسازی جێبەجێكراو ( موچەی نایاسای، نەوت، خاڵی سنوری، باج) گرفتی موچەش چارەسەر بوو، بەدڵنیاییی بەھای ئەم زەویانە زۆر بەرز دەبێتەوەو حكومەت سەروی ١٠ ملیار دۆلاری دەكەوێتە دەست و داھاتیش بەردەوام دەبێت و دەتواندرێت بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری كوردستان بەكاربێت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف سبەینێ لیژنەی هاوبەشی یەكێتیو گۆڕان بۆ یەكەمجار كۆدەبێتەوە، ئەمە قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبە، گۆڕان چاوی لە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانییە، یەكێتیش چاوی لە كاری هاوبەشە لەناو حكومەت، یەكێتی ئەگەری كشانەوەی لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانی، گۆڕان لەگەڵ پارتی رێككەوتنی هەیەو ترسی لە لێكەوتەكانی بڕیاری یەكێتی هەیە بۆ كشانەوە لە حكومەت، بۆیە وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی كردووەتە پێشمەرج بۆ دڵنیابوون لە نیازپاكی یەكێتیو ئەنجامدانی هەر كارێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی لەداهاتوودا. سەرەتایەكی نوێ یەكەم رۆژی ئەم مانگە، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حزبەكەی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی. لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 30ی ئەیلولی 2018 جارێكی تر پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵۆزی تێكەوت، دوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیو هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكان، جۆرێك لە هێوربوونەوە بۆ پەیوەندییەكانیان گەڕاوەتەوەو بەمدواییە هەردوولا بە فەرمی چەندجارێك سەردانی یەكترییان كردووە، ئەمە سەرەتایەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕانە. لەبارەی یەكێتیو گۆڕانەوە ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوەو لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیەو مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی یەكێتییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن نەك پارتێكی سیاسی سەربەخۆ، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن. لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتیو هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد. سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە هەردوولا ناكۆك بوون لەسەریو هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد. دوای نزیكەی شەش ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوە، جێبەجێ نەكردنی ئەم رێككەوتنە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا یەكێكە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی گۆڕان لە یەكێتی. دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی دەباشان ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە. ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسییان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتیدا تەنیا یەك رێككەوتنی فەرمی ماوە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانییە، ئەم رێككەوتنەش ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وادە فەرمییەكەی كۆتایی هاتووەو پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە. مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون: • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی. • بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە. • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا. • نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان. • هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا. • یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت. پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرەتای ئەم مانگە كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە، سەركردەكانی هەردوو حزب پرسی پەیوەندییەكانی نێوانیان خستوەتە بەر باس، بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر نیگەرانی خۆی بە یەكێتی راگەیاندووە لەبارەی ئەوەی هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی جێبەجێ نەكراوەو گۆڕان پشكی تەواوەتی خۆی لە پۆستەكان وەرنەگرتووە. بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەر نزیكبونەوەو كارێكی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی پێشمەرجی ئەوەی داناوە یەكێتی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بەتەواوەتی جێبەجێ بكاتو نیازپاكی خۆی نیشان بدات، دواتر گۆڕان ئامادەیە لەبەر رۆشنایی ئەوەدا بڕیاری لە كاری هاوبەش بدات لەگەڵ یەكێتی بەتایبەتیش لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێم. (درەو) زانیویەتی، لەبارەی پرسی پێداچوونەوە بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی، یەكێتیو گۆڕان لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرۆكایەتی لیژنەكەی یەكێتی دەكاتو لیژنەكەی گۆڕانیش شەمال عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندن سەرۆكایەتی دەكات، بڕیارە سبەینێ لیژنە هاوبەشەكە یەكەمین كۆبونەوەی خۆی بكات. دیار نییە لە دانوستانی ئەمجارەدا یەكێتیو گۆڕان دەیانەوێت رێككەوتنێكی نوێ لەبارەی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی ئیمزا بكەن، یاخود تەنیا پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان پڕدەكرێنەوە ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەرێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانیدا (12 بۆ 15) پۆست هەن كە پشكی گۆڕاننو تائێستا یەكێتی رادەستی نەكردووە، لەوانە: • سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین • جێگری سەرپەرەشتیاری ئیدارەی گەرمیان • بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان • جێگری پارێزگاری هەڵەبجە • قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە • سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا (ئەم ئەنجومەنە تائێستا دروست نەكراوە) • قایمقامی سەیدسادق • بەپێی رێككەوتنەكە لە كۆی (44) بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، گۆڕان (19) بەڕێوەبەری ناحیەی بەردەكەوێتو یەكێتیش (18) بەڕێوەبەری ناحیە، سێ بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی كە بەر گۆڕان كەوتووە تائێستا رادەستی نەكراوە • لیوای پاراستنی نەوتو گاز كە سەربە وەزارەتی ناوخۆیە فراوانتر لە حكومەتی خۆجێی ! لەدوای دروستبوونیەوە ترسی بەردەوامی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوە بووە بە ئەندازەی نزیكبونەوەی لە یەكێتی، لەبەرامبەردا لە پارتی دوربكەوێتەوە، ئێستا گۆڕان لە پارتی نزیكەو لە حكومەتدا هاوبەشی سەرەكییەتی، نایەوێت بەبێ وەرگرتنی گرەنتی هیچ جۆرە سەرچڵییەكی سیاسی بكات. ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان دەیان لێدوانی سیاسی بەرپرسەكانیی تێدایە كە سكاڵا دەكەن لەبارەی ئەوەی یەكێتی هەركاتێك بیەوێت فشار لەسەر پارتی دروست بكات لە بزوتنەوەی گۆڕان نزیك دەبێتەوەو دواتر كە خۆی لەگەڵ پارتی رێكدەكەوێت گۆڕان بەتەنیایی لە گۆڕەپانەكەدا بەجێدەهێڵێت. ئێستا گەڕێكی نوێی نزیكبونەوەی لەنێوان هەردوولا دەستیپێكردووە، یەكێتی چی لە گۆڕان دەیەوێتو لەبەرامبەردا گۆڕان چی دەخوازێت ؟ ساتی نزیكبونەوەی ئەمجارەی نێوان هەردوو حزب لەكاتێكدایە یەكێتی چەند مانگێكە هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەداتو هەوڵەكان تائێستا بێ ئاكام بوونو پارتیو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانی نایەوێت دان بە ئەنجامەكانی كۆنگرەی چواری یەكێتیدا بنێت، لەدوای ئەمە ئێستا یەكێتی هەوڵێكی نوێی بۆ نزیكبوونەوەی لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی دەستپێكردووە. لەلایەكی تر، یەكێتی پرسی كشانەوەی لە حكومەت خستوەتە سەر مێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانیو لەئەگەری بڕیارداندا گۆڕان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دەبێت هەڵوێستی خۆی یەكلابكاتەوەو بەهەردوولادا زیانی بەردەكەوێت، رەنگە گۆڕان نەیەوێت بكەوێتە ئەو دۆخەوە، بۆیە پشتی لە بیرۆكەی كۆبونەوەی سێقۆڵی كردووەو ئێستا چووەتە ناو دانوستانێكی دوو قۆڵی نوێوە لەگەڵ یەكێتی، گۆڕان لە بنەڕەتەوە لەگەڵ كۆبونەوەی سیقۆڵیدا بوو لەنێوان (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، بەڵام ئەم هەوڵە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی بە بنبەست گەیشتووە. (درەو) زانیویەتی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیدا بەڵێنی كاری هاوبەشی لە حكومەت بە یەكێتی داوە، بەڵام بەمەرجێك كارە هاوبەشەكە كورت نەكرێتەوە لەدژایەتی پارتیداو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی سنوری ئیدارەی هاوبەشی هەردوو حزب بێت لە سلێمانیو هەڵەبجە. جیاوازی دانوستانی ئەمجارەی نێوان یەكێتیو گۆڕان لەوەدایە، ئەو تیمەی یەكێتی كە دانوستان دەكەن لەوانەن كە پێشتر پشتیوانییان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی دەباشانی نێوان جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا دەكرد، رێككەوتنێك كە بڕیاربوو تێیدا جارێكی تر هەردوو حزب لەسەر سێ ئاڕاستەی (دارایی- سەربازی- پەیوەندییەكان) لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی هاوبەشدا كۆبكاتەوە. دانوستانی ئەمجارە لەكاتێكدا بەڕێوەدەچێت كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتییەو یەكێك لەوانە بووە بەردەوام پاڵپشتی لە بیرۆكەی رێككەوتنی نێوان گۆڕانو یەكێتی كردووە، سەرۆكی لیژنەی دانوستانكاری یەكێتی لەگەڵ گۆڕان ئەمجارە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە كە لەماوەی رابردوودا بەردەوام بانگەشەی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی دەباشان كردووە، ئایا یەكێتی دوای كۆنگرەی چوار ئاڕاستەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان بەرەو كوێ دەبات ؟ بە رێككەوتنێكی گشتگیر بزوتنەوەی گۆڕان لە پارتی دوردەخاتەوە، یاخود دانوستانی ئەمجارەش سوڕانەوەیە لەناو بازنە كۆنەكەدا.
راپۆرت: نەزیر عەلی ئۆپهراسیۆنا تركیا ل ههفتهنین دژی (PKK) گههشتییه قۆناغا داویێ، بتنێ چهند رۆژهك، یان نێزیكی مهههكێ ماینه كو ههموو دهڤهرا ههفتهنین دێ كهڤیته ژێر كۆنترۆلا لهشكهرێ تركیا، ئهگهر (PKK) بشێت ههتا ههلبژاردنێن بهێت یێن تركیا، ههفتهنین ب پارێزیت، دێ بیته مهزنترین سهركهڤتن و موعجیزهیا دیرۆكا (PKK). ئهڤ زانیارییه نه لێدانه ل مهعنهویات و خهبات و قۆربانیدانا (PKK)، یان كوردان، بهلكو راستییهكه و چهند رۆژێن بهێت دێ بینین. ژبلی خهباتا درێژ یا پێشمهرگهیان، چێبوونا ڤێ ههرێمێ ب منهتا پهكهكێ ژی دبینم، چنكو سالا 1991-ێ، تركیا ب سهرۆكایهتیا (تۆرگۆت ئۆزال) پشتهڤانییا پرۆژێ فهرەنسا كر و ئهڤ ههرێمه چێكر. ئارمانجا تركیا بوو باشوورێ كوردستانێ نهكهڤیته دهست (PKK) چنكو 1991-ێ، ژ بلی (PKK) چۆ هێز نهمابوونه ل باشوورێ كوردستانێ. ئهڤ گۆتنه، سالا 2010-ێ، دهمێ فێربوونا پیتێن راگههاندنێ، من ل رۆژنامهیا وار بهلاڤكربوو، وی دهمی ههڤكارهكێ مه (رێناس جانۆ) رهخنه ل من گرت كو من روولێ (تۆرگۆت ئۆزال) بهرامبهر كوردان خراب نیشاندایه، لێ ئهوی بخوه مۆكێبێ رۆژنامهیێ ئیمزاكر و مژار وهكی من ڤیای بهلاڤبوو. بهری دوو مههان رۆژنامهنڤیس و چاڤدێرێ ناڤدار یێ سیاسهتا تركیا(حسنی مهحلی) ل تركیا گۆت:"(تۆرگۆت ئۆزال) سالا 1991-ێ، ههولدا ب درووستكرنا ههرێما كوردستانێ باكوورێ ئیراقێ بكهته پارچهك ژ تركیا، لێ تركیا سهركهڤتی نهبوو". واته تركیا ژ ترسێن (PKK) روول د چێكرنا ڤێ ههرێمێ دا ههبوو، ئهگهر باشوورێ كوردستانێ ههموو داكهڤیته دهستێن (PKK). نووكه، (PKK) حكومهتا ههرێمێ و تركیا خۆدانێن ڤێ ههرێمێ نه. جارهكادی دێ ڤهگهرم ههفتهنین: بۆچی تركیا د ئۆپهراسیۆنا نووكهدا سهركهڤتییه؟ - ههموو ئۆپهراسیۆنێن دهربازبوویی، دهمهكێ دیاریكری ههبوون، نمۆنه: ئۆپهراسیۆنا 1995-ێ 45 رۆژ بوو. - ئۆپهراسیۆنا نووكه چۆ دهمێن دیاركری نینن. - دهمێ سالهكێ یه، تركیا دهست ب ڤێ ئۆپهراسیۆنێ كرییه، دهمێ نێزیكبوونا سهركهڤتنێ ئانكو ناڤهراستا ڤێ مههێ ناڤ و هێرشێن داویێ یێن ئۆپهراسیۆنێ ب زهقی خستنه ناڤ راگههاندنێ. - تركیا دوور ژ گڤاشتنێن ئهوروپا، ئهمریكا و نهتهوهیێن ئێكگرتی، ئۆپهراسیۆنێ ئهنجامدهت. - راپۆرتا وهزارهتا دهرڤه یا ئهمریكا بۆ سالا 2019-ێ، (PKK)جارهكادی وهك تیرۆرست ناسكرییه و ماف دایه تركیا هێرش بكهته سهر (PKK). لدووڤ زانیاریێن راپۆرتا (جان كێری) ئهندامێ ئهنجۆمهنێ پیرێن ئهمریكا(داگیركرنا باكوورێ ئیراقێ ژ ئالیێ تركیا)كو 28-ێ ئادارا 1995-ێ، ئاراستهی (بیل كلنتۆن) سهرۆكێ ویلایهتێن ئێكگرتیێن ئهمریكا كربوو و پشتبهستن لسهر زانیاریێن سیناتۆر (رۆد ئیسلهند) كربوو، گۆتبوو:"20-ێ ئادارا 1995-ێ، نێزیكی 35 هزار لهشكهرێن تركیا سنوورێ ئیراقێ ب كۆراتیا 25 كیلومهتران بهزاندن و هێرشهكا مهزن كرنه سهر گهریلایێن كورد یێن پارتیا كاركهرێن كوردستان (PKK). بهری 25 سالان، ههلوهستێ گهلهك ئهندامێن كۆنگرێس و جڤاتا پیرێن ئهمریكا ل دژی تركیا بوو، هێرشا تركیا وهك داگیركرنا باكوورێ ئیراقێ بناڤ دكر. لهوما ژبهر گڤاشتنێن ئهمریكا (تانسۆ چیلهر) سهرۆك وهزیرا وی دهمی یا تركیا گۆت:"ئۆپهراسیۆنا وان بتنێ دێ 45 رۆژان بهردهوام بیت، لێ ههردهمێ پێدڤیبوو ئهو دێ ئۆپهراسیۆنا دژی تیرۆرستێن (PKK) ل دهرڤهی سنوورێن تركیا ئهنجامدهن". سالا 1995-ێ، ئۆپهراسیۆنا 35 هزار لهشكهران سهرنهكهڤت كو 150 میلان لسهر سنووری هاتبوو ئهنجامدان، شهڕێن گهلهك دژوار ل ههفتهنین هاتبوون كرن، پشتی دهمێ ئۆپهراسیۆنێ تركیا ههموو لهشكهرێن خوه نهڤهكێشان، ژمارهكا لهشكهران ل (گرێبی، بامهرنێ، ئامێدیێ و كانی ماسێ) بجهكرن. دیارترین دهستكهڤتێن ئۆپهراسیۆنا نووكه: - راكرنا مهزنترین كهلا بهرخوهدانا (PKK) ل 36 سالێن دهربازبوویی. - جێبهجێكرنا پلانا ڤالاكرنا دهڤهرێن سنووری ههر ژ زاخۆ تا خواكورك ب كۆراتییا 40 كیلومهتران. - نههێلانا مهترسییا (PKK) بۆ سهر لهشكهرێن تركیا ل دهرگههێن ئیبراهیم خهلیل و سێمالكا د پاشهرۆژهكا نێزیك دا. - بجهئینان شهش خالێن میساقا مللی یا 1918-ێ بۆ ڤهگهراندنا ویلایهتا مووسل بۆ سهر "دهولهتا مهزنا تركیا". ئهگهر تركیا پشتی كۆنترۆلكرنا ههفتهنین، بتنێ د ئێك ئارمانجا خوهدا سهركهڤتی بیت كو كۆنترۆلكرنا سێگوشا سنوورییه ههر ژ ههفتهنین تا سێمالكا و ئۆڤاكۆ، دێ بیته مهزنترین لێدان ل كوردێن باشوور، رۆژئاڤا و باكوور، چنكو سالا 1991-ێ، تا نووكه تركیا خهونان ب گرتنا دهرگههێ ئیبراهیم خهلیل-ڤه دبینیت، لێ چنكو دهرگههێ ئێكانهیێ بازرگانییا دگهل ئیراقێ یه، تركیا نهشییایه وی دهرگههی بگریت، ئهگهر تركیا سێگۆشا سنووری ههموو كۆنترۆلكر، یهكسهر دێ خهونا 30 سالان، ئانكو ڤهكرنا دهرگههێ ئۆڤاكۆ دگهل ئیراقێ جێبهجێ كهت و پێدڤی ب منهتا ئیبراهیم خهلیل و ههرێما كوردستانێ نابیت. گرنگییا ئۆڤاكۆ: ههولێن تركیا بۆ رێككهڤتن دگهل ئیراقێ بۆ ڤهكرنا دهرگەهەكێ نوو ل شوونا ئیبراهیم خهلیل ل قهزا زاخۆ یا ئیراقێ بهردهوامن. ئهو دهرگەهێ تركیا دخوازیت تازه دگهل ئیراقێ ڤهكهت دكهڤیته دهڤهرا ئۆڤاكۆ یا ههڤسنوور دگهل ئیراقێ كو 25 كیلۆمهتران دكهڤیته رۆژئاڤایێ دهرگههێ ئیبراهیم خهلیل، تركیا دخوازیت ب ڤی دهرگەهی راستهوخوه كهلوپهلان ڤهگۆهێزیت تهلهعفهر و ههرێمێن سوننهیان و باشوورێ ئیراقێ. ژ بلی كو دهرگەهێ ئۆڤاكۆ دێ قهبارهیێ بازرگانییا تركیا دگهل ئیراقێ زێدهكهت، دههمان دهمدا دێ بیته شوونگرێ دهرگەهێ ئیبراهیم خهلیل كو ئهڤهژی دێ بیته شهڕهكێ بهێز یێ تركیا بهرامبهر ئابورێ ههرێما كوردستانێ و تركیا پێدڤی ب قهنجی و منهتێن ههرێما كوردستانێ نابیت تا كهلوپهلێن خوه ڤهگۆهێزیت ئیراقێ. ههولێن تركیا بۆ ڤهكرنا ئۆڤاكۆ پشتی سالا 1991-ێ، تركیا ههولدان دگهل رژێما سهدام حسێن، دهرگههێ ئوڤاكۆ دگهل ئیراقێ ڤهكهت، لێ دهمێ هێزێن ئیراقێ ژ تهلهعفهر ههولداین بهر ب سنوورێ ئوڤاكۆ بچن، بالهفڕێن ئهمریكا ل بنگههێ ئهنجهرلیك ل تركیا رێگری ل لهشكهرێ ئیراقێ كر، دووهم ههولا جدی یا تركیا بۆ ڤهكرنا ڤی دهرگەهی پشتی ریفراندۆما سهرخوهبوونا كوردان بوو ل ههرێما كوردستانێ كو25-ێ ئهیلولا سالا2017-ێ، ئهنجامدابوو. ئۆڤاكۆ دناڤبهرا ئهنقهره و بهغدایێ دا نووكه، ترافیك ل ئۆڤاكۆ نینه، لێ ترافیكا ناڤبهرا بهرپرسێن تركیا و ئیراقێ لدۆر ڤێ مژارێ بهردهوامه، نووكه، چۆ رێككهڤتن دناڤبهرا ئیراقێ و تركیا دا لسهر ڤهكرنا دهرگەهێ ئۆڤاكۆ نههاتینه ئیمزاكرن، لێ پشتی كۆربهندا (توركێت- عێراق) ل 24-ێ نیسانا 2019-ێ ل بهغدا، محهمهد هاشم عانی، وهزیرێ بهرێ یێ بازرگانییا ئیراقێ گۆت:"لیژنهك ژ وهزارهتا بازرگانی و ڤهگۆهاستن و گههاندنێ و وهزارهتا دهرڤه و فهرمانگهها گۆمركان، بهردهوام دانوستاندنان دگهل حكومهتا تركیا دكهن و كارێ ڤهكرنا دهرگەهەكێ نوو دگهل تركیا باش برێڤهدچن، دهمهكێ نێزیك ئهو دهرگەهـ دێ هێته ڤهكرن". سالا دهربازبوویی ههوالگیرییا ئیرانێ بۆ راگههاندنا وهلاتێ خوه گۆتبوو:"د سهرهدانا بهغدایێ دا، ل 27-ێ نیسانا 2019-ێ، مهولۆد چاوش ئۆگلۆ، وهزیرێ دهرڤه یێ تركیا، داخواز ژ بهرپرسێن ئیراقێ كر پێكڤه لهزێ ل ڤهكرنا دهرگەهێ ئۆڤاكۆ بكهن". دیارترین ئارمانجێن تركیا ل ئۆڤاكۆ: - تركیا پێدڤی ب ههرێما كوردستانێ نهبیت كو دهرگههێ ئیبراهیم خهلیل بكاربینیت. - گههشتنا كهلوپهلێن تركیا بۆ ناڤهراست و باشورێ ئیراقێ ب رهنگهكێ راستهوخوه. - تركیا ب رێكا ئیراقێ بگههیت وهلاتێ ئوردن. - توركیا ب رێكا ئیراقێ بگههیت وهلاتێن كهنداڤی. - ژكارخستنا دهرگههێ سێمالكا دناڤبهرا باشوور و رۆژئاڤایێ كوردستانێ دا. ههرێم بێدهنگه! ل ههرێما كوردستانێ و ئیراقێ چۆ دهنگێن نهرازیبوونێ بهرامبهر ڤهكرنا دهرگههێ ئۆڤاكۆ نهبووینه. ل گۆرهی دهستوورێ ئیراق(وهلاتێ ئیراقێ ماف ههیه ل سنوورێن ههرێما كوردستانێ دگهل وهلاتێن جیران دهروازهیێن نوو ڤهكهت و حكومهتا ههرێما كوردستانێ ژی د ئیدارهكرنا وان دهروازهیان دا پشكداربیت). كاریگهریا ئۆڤاكۆ لسهر دهۆك دهرگههێ ئیبراهیم خهلی، قازانجهكا راستهوخوه بۆ پارێزگهها دهۆك ههیه، 70% ژ كۆمپانیێن بازرگانی ل دهۆك كهلوپهلێن تركیا ژ دهرگەهێ ئیبراهیم خهلیل ڤهدگۆهێزن مووسل و باژارێن دی یێن ئیراقێ. ئهگهر تركیا و ئیراق لسهر ڤهكرنا دهرگههێ ئوڤاكۆ رێككهڤتن، دێ كاریگهریهكا خراب لسهر بازرگانییا ئیبراهیم خهلیل چێبیت، چنكو وی دهمی تركیا پێدڤی ب ئیبراهیم خهلیل نابیت. ل گۆرهی ئامارێن وهزارهتا بازرگانییا ئیراقێ، سالا 2018-ێ، قهبارێ ئالۆگۆرییا بازرگانی ل دهرگههێ ئیبراهیم خهلیل 13 ملیار دولاربوون، لێ ب ڤهكرنا دهرگههێ ئوڤاكۆ، ئێدی ئیبراهیم خهلیل ئهڤ قهبارێ ئالۆگۆریا مهزن نامینیت. ههموو ئهڤ مژارێن من بهحس كرین، گرێدایی وی نهخشهینه یێ فهرهنسا و جڤاتا ئاسایشا سهر ب نهتهوهیێن ئێكگرتی ل سالا 1991-ێ بۆ كوردان چێكری. ئهرێ فهرهنسا و جیهان ههموو دێ بهرامبهر ڤان ههموو پلان و گۆههرتنێن تركیا لسهر ڤی نهخشهی بێدهنگ بن، یان دێ تبلا تركیا ل شوونا مۆرێ لسهر ئاڤێ دانن؟
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمە رەفعەت دوای نزیکەی دوو هەفتە، حکومەتی هەرێم موچەی تەنیا (چوار) وەزارەتی دابەشکردووە، حکومەت هەم موچەی موچەخۆرانی دەستکاریکرد، هەم وادەی دابەشکردنی موچەی لە (٣٠ رۆژەوە بو ٦٠ رۆژ) درێژ کردەوە، حکومەت تاوەکو نزیكی جەژنی قوربان دابەشكردنی موچەی شوبات درێژدەکاتەوە، ئەمە کۆتایی کێشەکە نییە، بەپێی بەدواداچونەکانی (درەو) تەنانەت لەدوای ریككەوتنی لەگەڵ بەغداد و بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش، بۆ مانگی داهاتوو حکومەت ناچارە رێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران زیاتر بکات، واتا دەستكاریكردنی موچە بڕیارێکی حەتمیە. مەسرور بارزانی قەرزی کرد ؟ سەرباری ئەوەی بەرپرسانی کابینەی مەسرور بارزانی بەدیاریکراویش (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ) پێشتر چەندینجار دڵنیاییاندا لەبارەی ئەوەی حکومەت دەستکاری موچە ناکات، بەڵام حكومەت رۆژی ٢٠٢٠/٦/٢١بڕیاریدا رێژەی (٢١٪)ی موچەی موچەخۆران کەمبکاتەوە. بەهانەی حکومەت بۆ دەستکاریکردنی موچە ئەوەبوو، بڕی (٦٠٠ ملیۆن) دۆلاری لەبەردەستدایە، ئەم بڕە پارەیە بەشی خەرجی موچە ناکات کە مانگانە پێویستی بە (٧٥٥ ملیۆن) دۆلارە. بڕیار بوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بڕی (١٠٠ ملیۆن) دۆلار قەرزبکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە، بەڵام پێناچێت قەرزەکەی کردبێت. سەرباری ئەوەی حکومەت کورتهێنانی خەرجی موچەی لەسەر حسابی لێبڕینی (٢١٪)ی موچەی موچەخۆران چارەسەرکرد، بەڵام بەوشێوەیەش دوای نزیكەی دوو هەفتە لەو بڕیارە، تائێستا تەنیا موچەی (٤) وەزارەتی دابەشكردووە (تەندروستی، ناوخۆ، پێشمەگە، دارایی)، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر پارەی موچە ئامادەیە بۆچی حکومەت دابەشی ناكات لەكاتێكدا لیستی تەواوی وەزارەتەكان ئامادەیەو بڕی لێبڕینی رێژەی (٢١٪) لەسەر تەواوی فەرمانبەران جێگیرکراوە جگە لە پلەباڵاكان و ئەوانەی موچەکەیان لە (٣٠٠ هەزار) دینار كەمترە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەت دەیەوێت لەیەك كاتدا هەردوو ئۆپشنەكە جێبەجێ بكات کە پێشتر لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا: ٭ ئۆپشنی یەکەم: بڕینی موچەی موچەخۆران بەڕێژەی ٢١٪ ٭ درێژکردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچە لە ٣٠ رۆژەوە بۆ ٦٠ رۆژ حکومەت ئێستا ئۆپشنی بڕینی موچەی جێبەجێكردووەو دەیەوێت ئۆپشنی درێژكردنەوەی ماوەی دابەشکردنی موچەش جێبەجێ بكات، هەربۆیە هەفتانە موچەی دوو بۆ سێ وەزارەت دابەش دەكات و دەیەوێت تا پێش جەژنی قوربان بە موچەی مانگی شوبات بەڕێی بكات و دواتر دەست بە دابەشكردنی موچەیەكی تر بكات. بژاردەکانی بەردەم حكومەت ئێستا حكومەت بەچەند رێگەیەك دەیەوێت داهاتی زیاتر دەستبخات، بۆ ئەوەی موچەی موچەخۆران دابین بكات: ٭ رێگەی یەكەم: حكومەت ئێستا سەرقاڵی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە، ئەو یاسایە لە ٧/١ ەوە چوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئەگەر حكومەت موچەی مانگی داهاتوو دابەش بكات كە موچەی مانگی ئازارە، ئەم یاسایە بەسەر موچەخۆراندا جێبەجێ ناكرێت، بۆیە حكومەتی هەرێم بیر لە پاشەكەوتكردنی موچەی مانگەكانی (٣، ٤، ٥، ٦) دەكاتەوەو دەیەوێت لە سەرەتای مانگی ئابەوە دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی تەموز بكات، بۆ ئەوەی یاسای چاكسازی جێبەجێ بكات و بەشێك لە داهاتی بۆ بگەڕێتەوە. ٭ رێگەی دووەم: حكومەت ناچارە بۆ مانگی داهاتوو دەستكاری زیاتری موچە بکات، كە رەنگە بۆ دەستكاریكردنی موچە جیاواز لە شێوازی بڕینی موچەی مانگی شوبات (٢١٪) شێوازێكی تر بگرێتەبەر، ئەویش لەڕێگەی دەستكاریكردن و رێكخستنەوەی دەرماڵەكانەوە بێت (٥٦٪ی خەرجی كۆی موچەی موچەخۆران بۆ دەرماڵەکان دەڕوات، واتا لەكۆی ٨٩٤ ملیار دینار ٥٠٢ ملیار دیناری موچە بۆ دەرماڵەیە)، ئەگەری بەهێز ئەوەیە حكومەت لەڕێگەی دەستكاریكردنی دەرماڵەكانەوە (كە پاڵپشتی پەرلەمانی هەیەو بەپێی مادەی (٥)ی یاسای چاكسازی دەتوانێت دەستكاری دەرماڵەكان بكات) دەستكاری موچە بكات، دەستكاریكردنەكەش بەپێی ئەو پارەیەیە کە دوای رێککەوتنەکە لەبەغدادەوە دێت. رێگەی سێیەم: حكومەت چاوەڕوانی رێككەوتنی كۆتاییە لەگەڵ بەغداد، چونكە تا رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد نەچێتە بواری جێبەجێكردن ناتوانێت بڕێكی دیاریكراو بۆ موچە دیاری بكات، ئەویش لەبەر چەند ئەگەرێك: لەدوای رێككەوتنی كۆتایی نێوان هەولێرو بەغداد، ئەگەر هەرێم تەواوی نەوتەكەی رادەستكرد یان (٢٥٠ هەزار) بەرمیل و نیوەی داهاتی ناوخۆ، لە باشترین حاڵەتدا مانگانە (٦٠٠ ملیار) دیناری لە بەغدادوە بۆ دێت، ئەم پارەیە تەرخاندەکرێت بۆ خەرجی موچەو ئەو نیوە داهاتەی تری ناوخۆش کە لای حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە بۆ خەرجی بەكاربردن تەرخاندەکرێت. ئەگەر تەواوی ئەو پارەیەی لە بەغدادوە دێت، بۆ موچە تەرخانبكرێت، كە مانگانە نزیكەی (٦٠٠ ملیار) دینارە، ئەوا نزیكەی (٣٠٠ ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت لە كۆی خەرجی مانگانەی موچە كە (٨٩٤ ملیار) دینارە، واتا پارەکەی بەغداد بەرێژەی (٣٤٪)ی کورتهێنانی هەیە بۆ پڕکردنەوەی خەرجی موچەی هەرێم، كۆی موچە، لەم حاڵەتەدا حکومەتی هەرێم هاوشێوەی ئێستا ناچارە کورتهێنانەکە لە موچەی موچەخۆران ببڕێت و رێژەی لێبڕینی موچەی موچەخۆران لە (٢١٪)و زیاد بکات بۆ (٣٤٪). بەڵام لە حاڵەتی رێكنەكەوتن لەگەڵ بەغداد، حکومەتی هەرێم تەواوی داهاتەكەی بریتی دەبێت لە: ٭ داهاتی نەوت: رۆژانە (٤٣٥ هەزار) بەرمیل نەوت رەوانە دەكات، بۆ مانگی رابردوو كۆی داهاتی نەوت كە خرایەبەر دەستی وەزارەتی دارایی (٨٦ ملیۆن) دۆلار بووە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داهاتی نەوت وەك جارانیشی لێبیێتەوە، دەهاتەکەی دەكاتە (٢٩٥ ملیۆن) دۆلار كە پێشتر لە داهاتی نەوت دەخرایە خەزێنەی حكومەتەوە. ٭ داهاتی ناوخۆ: ئێستا نزیكەی (٩٠ ملیار) دینارە، ئەگەر وەك جارانیشی لێبێتەوە كە نزیكەی (٢٧٠ ملیار) دینار بوو. ٭یارمەتییەکەی هاوپەیمانان كە ٢١ ملیار دینارە. كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم بەبێ پارەی بەغداد ئێستا نزیكەی (٢٠٠ ملیۆن) دۆلار دەبێت. خۆ ئەگەر داهاتەكانی هەرێم وەك جارانی لێبێتەوە، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم بەبێ بەغداد نزیكەی (٦٠٠ ملیار) دینار دەبێت، لەم حاڵەتەشدا بەهەمان شێوەی حکومەتی هەرێم لە خەرجی موچەدا (٣٠٠ ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، واتا لەم حاڵەتەشدا حكومەت ناچارە دەستكاری موچە بكات. ٭ تەنها لەیەك حاڵەتدا حكومەت دەستكاری موچەی موچەخۆران ناكات كە بەشێك لە وەزیرەكان لەگەڵ ئەو ئۆپشنە بوون، ئەویش درێژكردنەوەی وادەی دابەشكردنی موچەیە لە (٣٠) رۆژەوە بۆ (٦٠) رۆژەو كۆكردنەوەی داهاتی دوو مانگی هەرێم و دابەشكردنی موچەی یەک مانگە، لەم ئۆپشنەدا موچە ٥٠٪ كەم دەكات، چونكە ئەگەر فەرمانبەرێك موچەكەی (ملیۆنێك) دینار بێت ئەگەر بە (٦٠) رۆژ جارێك دابەشبكرێت ئەوا دەكاتە (٥٠٠ هەزار) دینار، واتا (٥٠٪) ی موچەكەی دەستكاری دەكرێت. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەگەڵ بەغداد رێکبکەوێت یان نا، پارە لە بەغدادەوە بێت یان نا، نرخی نەوت بەرزببێتەوە یان نا، حکومەت دەستكاری موچە دەكات، دەستکاریکردنی موچە بڕیارێکی حەتمیە تەنانەت ئەگەر قەیرانی کۆرۆناش تێپەڕێت.
ئامادەكردنی: خالید ڕەزا ئەمین - درەو پارتی و یەکێتی لە ململانێی نادیموکراسییانەی خۆیاندا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر خەڵکیان بە ناوی پێشمەرگەی دێرین و ژنی شاخەوە، هی هەردو شۆڕشەکە "ئەیلول و گوڵانی" پارتی دیموکراتی کوردستان و "شۆڕشی نوێ"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دور لە هەموو پرەنسیپێک، بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و خزمخزمێنە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لەسەر بودجەی گشتی، خانەنشین کردوە. لێرەدا ئەم پێشنارە بۆ حکومەت ئەکەم، ئەگەر بتانەوێ کاتتان بۆ بگەڕێتەوە، ئەوا بە تەنها بڕیارێک، ژمارەیەکی زۆر و بە کاتێکی کەم بەشێک لە لیستەکە بژار ئەکەن. بڕیاری ئەوە بدەن، ئەوانەی لە دایک بوی ١٩٧٣-١٩٩١ لە لیستی پێشمەرگەی دێریندا نوسراون، یەکسەر بسڕدێنەوە، چونکە ئەگەر کەسێک لە ١٩٧٣ لە دایک بو بێ لە هەلگیرساندنەوەی "شۆڕشی نوێ و گوڵان لە ساڵی ١٩٧٦دا، تەمەنی تەنها سێ ساڵ بوە!! هەتا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تەمەنی بوە بە ١٨ ساڵ!! بۆیە لە دایکبوانی ١٩٧٣، ١٩٧٤، ١٩٧٦... بێ هیچ دودڵییەک ئەبێ لە لیستی پێشمەرگەی دێرین (پێش ڕاپەرین) لاببرێن! کە رەنگە هەزران کەس بن. پێشەكی سەرەتا ئەمەوێ جەخت لەوە بکەمەوە، کە ئەم نوسینەی من بە مەبەستی بەشداریکردنە لە راستکردنەوەی ئەو کاروکردەوە نا رەوانانەی هەردو هێزی فەرمانڕەوا (پارتی و یەکیتی) لە بەرامبەر خەبات و ماندوبونی هەزاران رۆلەی ئەم نیشتمانەدا، کردویانە. ئەم نا رەوایەتییە لە ساڵی ١٩٦١وە دەست پێ ئەکا و، لە راپەرینی سالی ١٩٩١ کۆتایی دێ. لەدوای راپەرینەشەوە هەمان شتکراوە. بەلام مەبەست لەم نوسینە هەتا ڕاپەڕینە. ناحەقیەکانی دوای ڕاپەڕین یش کەمترنین. سەرۆکی حکومەت (مەسرور بارزانی) لە یەکەم وتاری دا، کە لە رۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٠ بڵاوی کردەوە، وتی: "زۆرینەی لیستی موچە، نایاسایییە" ئەمە دانپیدانانێکی گرنگە، بەڵام بەس نییە. هەروەها جێگری سەرۆک وەزیران (قوباد تاڵەبانی) لە رۆژی ١٦ی ٥ی ٢٠١٧ لە قەزای سۆران بە بۆنەی کۆتایی هاتنی مەراسیمی "من کتێبم خۆش ئەوێ" وتەیەکی بۆ ئامادەبوان پێشکەش کرد و وتی: "بە سیستەمی میلاکاتی حکومەتەکەمانا دەچینەوە و بن دیوار و فرە موچەی نایاسایی ناهێڵین، ئەمە بە پەیڕەوکردنی سیستەمی بایۆمێتری" دەزگای درەومیدیاش لە رۆژی ٣٠ی ٤ی ٢٠٢٠دا راپۆرتێکی لەسەر سەردانی وەفدی هەریم بۆ بەغداد بە سەرۆکایەتی قوباد تالەبانی بلاو کردۆتەوە و، ئاماژەی داوە بەکۆبونەوەی وەفدەکە لەگەل زۆرینەی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پارلەمانی بەغداد. لە ئەنجامی گفتوگۆی نیوانیاندا، لەسەر زاری جەمال کۆچەر پارلەمانتاری یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستانەوە نوسیوێتی: "قوباد تاڵەبانی دانی بەوەدا ناوە، کە ناتوانن پاکسازی لە لیستی موچەخۆراندا بکەن، چونکە دوسەد هەزاریان موچەخۆر و پاسەوانی باخی بەرپرسەکانن"! بۆیە لە ئێستادا باشترین کارێک، کە سەرۆک و جێگرەکەی پێکەوە بیکەن ئەوەیە بە ئیرادەیەکی بە هێزەوە، بە بێ ترس و دودڵی دەست بە چاکسازی، بژار و پاکسازی بکەن، لە هەموو سێکتەرەکاندا. چونکە چاکسازی بە بێ ئیرادەی پارتیی و یەکێتیی ناکرێ. بۆیە هەرچۆن لە کردنی دا بەشی شێری چاکەکەی بەر ئەوان ئەکەوێ، بێگومان لە نەکردنی دا، هەمووئۆباڵەکەی ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. ئەم باسەی من تەنها هی سێکتەرێکە و ئەوانی تریش لەم خراپتر نەبن باشتر نین.! لێرەدا ئەمەوێ بە ژمارە و بەڵگە و ئەرگومێنت، ژمارەی ئەو کەسانە، ئەگەر بە دیاریی کراویش نەتوانم بیسەلمێنم، ئەوا بە نزیک لە ژمارەی راستی ئەوانەی بە ناوی پێشمەرگەی دێرینەوە خانەنشین کراون، دیاری بکەم و هەڵەکان دەست نیشان بکەم. لە هەمان کاتدا باری سەرنجی خۆم بۆ راستکردنەوەیان بخەمەڕو. حاجی قادر وتەنی: "گوێم لێ ئەگرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان" پارتی و یەکێتی لە ململانێی نادیمۆکراسییانەی خۆیاندا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر خەڵک یان بە ناوی پێشمەرگەی دێرین و ژنی شاخەوە، هی هەردو شۆڕشەکە "ئەیلول و گوڵانی" پارتی دیموکراتی کوردستان و "شۆڕشی نوێ"ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دور لە هەموو پرەنسیپێک، بە مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و خزمخزمێنە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، لەسەر بودجەی گشتی، خانەنشین کردوە. (پێم باشە بە پێی شۆڕشەکان قۆناغبەندیان بکەم و سەرنج و دیدی خۆم بخەمەڕو) # خانەنشینانی شۆڕشی ئەیلول، بە هەردو باڵی مەلاییی و جەلالییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیان هەزار خەڵکی بە ناوی پیشمەرگەی ئەیلولەوە لەسەر بودجەی گشتی خانەنشین کردوە. لەبەر نەبونی سەرچاوەی پێویست، کە بێگومان نیشانەی نا شەفاف بون و دەست نەگەیشتنە بە سەرچاوەی زانیاری، بۆیە پشت بەو زانیاریانە ئەبەستم، کە لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە. لیستی خانەنشینی پێشمەرگەی پارتی بە ئەیلول و گوڵانەوە گەیشتۆتە ٧٠،٠٠٠ حەفتاهەزار پێشمەرگە. بە گریمانەی ئەوەی شۆڕشی ئەیلول پێشمەرگەی زۆری هەبوە، بۆیە ئێمەش بەشە زۆرەکە لەسەر ئەیلول ئەژمار ئەکەین و، وای دائەنێین ٦٠،٠٠٠ شەست هەزار لەسەر ئەیلول خانەنشین کراون و ١٠،٠٠٠ دە هەزاریش لەسەر گوڵان. ئەبێ ئاماژە بەو راستیەش بدەین، کە هێزی پێشمەرگەی ئەیلول هەتا مفاوەزاتی ساڵی ١٩٧٠ ژمارەیان زۆر نەبو، ئەو زیادبونە زۆرە لە مفاوەزاتی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٤ واتە لەو چوار ساڵە ئارامەدا زیادی کرد، بە جۆرێک هێزی پێشمەرگە لە ١٨ هێزدا ڕێکخران لەوانە: هەندرێن، زۆزک، شێخان، ئاکرێ، سەفین، دەشتی هەولێر، کەرکوک، خەبات، زمناکۆ، کاوە، بێتواتە، حەمرین، ئەزمڕ، هەڵگورد، رزگاری... هەر هێزێکیش لە بەتالیۆن، لق، پەل و دەستە پێکهات بو. ئەگەر ژمارەی هەر هێزیک بە سێهەزار- سێ هەزاروپێنج سەد بخەمڵێنین، ئەتوانین بڵێین نزیکەی شەستهەزار پێشمەرگە بون. ئەم هێزانە لە دوانزە مانگی شەڕدا (ئازاری ٧٤- ئازاری ٧٥) هێزی سەرەکی بەرەنگاربونەوەی رژێمی بەعس بون. هەموو ئاوایییەکیش خۆبەخشانە بە چەکی خۆیەوە، هێزی بەرگری میللی دروست کرد بو لە ماڵی خۆیان دانیشت بون کاری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری وباخداری خۆیان ئەکرد. ئەم هێزی بەرگری میللییەش، لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێشدا هەبون، لە زۆربەی شەڕەکاندا پشتیوانی پێشمەرگە بون. سەرەتا گرنگە هەندێک پرسیاری لۆژیکی بکەین سەبارەت بە تەمەن، وە لێرەوە گومان بخەینە سەر ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی پێشمەرگەی ئەیلولدا تۆمارە، ئایە ئێستە تەمەنیان چەندە، ماون یان مردون؟ سەرەتا، با تەمەنی پێشمەرگەکانی ئەیلول بۆ دو گروپ پۆلێن بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین تەمەنی هەردو گروپەکە هەتا ئێستە بخەمڵێنین! بێگومان لە دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلولەوە، واتە: ساڵی ١٩٦١ هەتا ئێستە، کە سالی ٢٠٢٠ە ئەکاتە ٥٩ ساڵ. بەمانایەکی تر ئەگەر کەسێک لە ١٩٦١دا لە دایک بو بێ، ئێستا تەمەنی ٥٩ ساڵە. گروپی یەکەم: با وای دابنێین گەنجەکان ئەوانەی لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە بون بە پێشمەرگە، تەمەنیان لە نیوان ٢٢ بۆ ٣٢ ساڵدا بوە. واتە ئەگەر کەسیک لە ٢٢ ساڵیدا بوبێ بە پێشمەرگەی ئەیلول، لە ئێستادا تەمەنی بوە بە ٨١ ساڵ، (٢٢+٥٩=٨١). خۆ ئەگەر کەسێک ٣٢ ساڵ تەمەنی بوبێ، کەواتە: لە ئێستادا تەمەنی ٩١ ساڵە، (٣٢+٥٩=٩١). کەواتە، گروپی یەکەم لە ئێستادا تەمەنیان لە نیوان ٨١ بۆ ٩١ ساڵدایە.! موعەدەلی تەمەنیان ٨٦ ساڵە. گروپی دوەم: با وای دابنێین تەمەندارەکان لە نیوان ٣٣ بۆ ٤٣ ساڵی دا بوبن. واتە، ئەگەر کەسێک لە ٣٣ ساڵی دا بوبێت بە پێشمەرگەی ئەیلول، لە ئێستادا تەمەنی بوە بە ٩٢ ساڵ، (٣٣+٥٩= ٩٢). خۆ ئەگەر تەمەنی ٤٣ ساڵی دا بوبێت بە پێشمەرگە، لە ئێستادا تەمەنی ١٠٢ ساڵە، (٤٣+٥٩= ١٠٢). کەواتە، گروپی دوەم لە ئێستادا تەمەنیان لە نێوان ٩٢ ساڵ و ١٠٢ ساڵدایە و، موعەدەلی تەمەنیان ٩٧ ساڵە. بەپێێ سایتی فەرمی دەستەی ئاماری هەرێم، موعەدەلی تەمەندریژی لە هەرێمدا ٧٤ ساڵە. ئەم سەرنجانە لەسەر خانەنشینانی ئەیلول دوای ئەو شیکردنەوەیەی سەرەوە بە پێویست ئەزانم: یەک: لە ئەنجامی ئەو دوو گروپە پۆلین کراوەی سەرەوەدا راستییەکمان بۆ دەرئەکەوێ، کە گروپی دوەم بە دەگمەن نەبێ کەسیان لە ژیاندا نەماون. ئێ خۆ ناکرێ سێ چوار پشت لەدوای خۆی موچە بە ناوی باپیرە گەورەیانەوە وەربگرن!. یان ناوی سێ پشت دواتری خرابێتە شوینی باپیرەیان! ئەبێ ئەمە بەیاسا کە دادپەروەری بەرقەراربکا، رێک بخرێت. دوو: لەدوای هەرەس، ئەوانەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراندوە، لەگەڵ سەدان کادرو پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بەشدارییان لە دەستپێکردنی شۆڕشی نوێ دا کردوە، ئێستە سەر بە پارتی نین تا پارتی لە لیستی خانەنشینی شۆڕشی ئەیلول بیان نوسێ!! بۆیە لە گروپی یەکەمیش ئەگەر زۆر خاتریان بگرین لە دو- سێ هەزار تێ ناپەڕن. ئیتر ٦٠،٠٠٠ شەست هەزار کەستان لە کوێ هێناوە؟ ئایا لە دوای دروستکردنی ئەم هەمو قەیران و نادادی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە، ئێستە کاتی ئەوە نییە بەوپەڕی ئازایەتییەوە، ئەم هەڵانە ڕاستبکەنەوە؟ سێ: ئەوانەشی لەسەر باڵی جەلالی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لە سەر بودجەی گشتی و بە (یاسایی!!) خانەنشینی کردون، ژمارەکەیان نازانین! ئەوانەیان لە ژیاندا مابن رەنگە لە پەنجەکانی دەست تێ نەپەڕن. ئیتر ئەم چەند هەزار خانەنشینە بەناوی پیشمەرگەی جەلالییەوە، بۆ؟ لە کوێتان هێنان؟ ئایە ئێستە کاتی ئەوە نییە بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە ئەو هەڵانە ڕاستبکەنەوە؟ بۆیە پارتیی و یەکێتی ئەگەر ئەیانەوێ بەشێک لە هەڵەکانی رابردویان راست بکەنەوە. ئەبێ ئەو ناوە (وەهم) یانە لە لیستی خانەنشینی پێشمەرگەی ئەیلول و پێشمەرگەی جەلالی دا، لەسەر بودجەی گشتی لاببەن. ئازادن لەسەر بودجەی حیزب و کۆمپانیاکانیان پارە ئەدەن بەکێ بیدەن!. بەڵام کورد وتەنی نا ڕەوایە "پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامەوە" بکەن. # شۆڕشی گوڵانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان پارتی ی لە دوای رێکەوتنی شا- صدام لە جەزائیر و بڵاوەپێکردنی شۆڕش (هەرەس). لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦دا لە مەنفا و لە ژێر ناوی قیادەی موەقەتەدا خۆیان رێک خستەوە. قورسایی هێزەکانی پارتی لە شۆڕشی گولاندا ئەو کادر و پێشمەرگانەی شۆڕشی ئەیلول بون، کە لە بڵاوەپێکردنی شۆڕشدا لەگەڵ خوالێخۆش بو بارزانیدا ئاودیوی ئێران بوبون و، لە ئۆردوگاکانی وەک زێوێ و شارەکانی کەرەج، عەزیميیە و تاران، بەشێک لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، جێگیر بوبون. پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە سەرەتای شۆڕشی گوڵانەوە هەتا راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ هەمو بنکە و بارەگاکا سەرەکییەکانیان لە ناوچەی سێ سنور لە دیوی ئێران بون. ماڵی بەڕیز بارزانی لە گوندی سلێڤانی و بارەگاکەیی و مەکتەبی سیاسی لە گوندی ڕاژان بون، هی لق و رێکخراو و پێشمەرگەکانی تریان لە مەرگەوەر و تەرگەوەر، زێوێ و سلێڤانی بون لە سنوری پارێزگای ورمێ لە ئیران، لەسەرەتای هەشتاکانیش دا لە رێکەوتنی ناوچەیی(لۆکاڵی) نیوان یەکیتیی و پارتی دا، هەندیک لق و مەفرەیان بە کاتی هاتنەوە سنوری هەریمی سلێمانی، لە دزڵی دەوروبەری هێزێکی ٨٠ بۆ ١٠٠ پیشمەرگەییان بە فەرماندەیی خوالێخۆش بو (نالە هەورامی) هەبو ئەم هیزە، بنکە یان لە دۆڵەناو و کانی خەیاران، خۆرنەوەزان یش هەبو کە هی لقی سێ و چواربون. لقی یەک، کە گەورەترین هێزی سیاسی و سەربازی پارتی بو، لەساڵی ١٩٨٧دا لە گەلی زێوە ی ناوچەی بادینان بون، کە ژمارەیان ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ چوار سەد بۆ پێنج سەد پێشمەرگەیەک بو. هەتا رۆژی ٨ی نۆڤەمبەری ١٩٨٦ کە هەردو خوالێخۆش بو مامجەلال و ئیدریس بارزانی لە شاری تاران ریکەوتنێکیان ئیمزاکرد. یەکێ لە خاڵەکانی رێکەوتنەکە دابینکردنی ئازادی سیاسی و چەکداری هەردولا بو لە سەرتاسەری کوردستاندا. لە دوای ئەو کاتەوە، واتە لە ساڵی ١٩٨٧ هەتا ئەنفالەکان، تەنها لقی ٣ی کەرکوک و ٤ ی سلێمانی، پارتی هاتنە سنوری مەڵبەندی یەک. لە بەرپرسە دیارەکانیان کاک حەمید ئەفەندی و کاک عەبدوڵلا حەمە ئەمین برای خوالێخۆش بو فەتاح ئاغا بو، لە بەری قەردەداخ و گەرمیان و بنکە و بارەگایان دانا و دەستیان بە جەولەکردن کرد، ئەمانە بە هەمویان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ دووسەد بۆ سێ سەد پێشمەرگە ئەبون. ئەوە بو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بارەگای هێزێکی سەد پێشمەرگەیی (مەڵبەندی بادینان، کە کرابون بە ٤ کۆمیتەوە) بە فەرماندەیی کاک ئازاد هەورامی لە گەلی زێوە نزیک بارەگای لقی یەکی پارتی دانا. لە بادینان پارتی هێزی یەکەم بو. سەبارەت بە پێگە و هێز و مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەرسێ پاریزگای هەولێر و کەرکوک و سلێمانی، کە لەو سەردەمەدا بە کردەوە دەسەڵاتداری سەرئەرزی کوردستانی عێراق بو، لەگەڵ هێزی پارتی دا، هی بەراورد کردن نین. گەر پارتی ئەڵێ وانییە. با لیستی ناوی پێشمەرگەکانی ئەو سەردەمە، ناڵێین بخاتە بەردەستی کۆمەڵانی خەلک، با بیخاتە بەردەمی لیژنەی پێشمەرگە لە پارلەمانی کوردستان، کە خۆی زۆرینەیە تیایدا.! # شۆڕشی مایس (شۆڕشی نوێ)ی سالی ١٩٧٦ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٢ی ٥ی ١٩٧٥ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە مەنفا دامەزرا. بەڵام یەکەمین دەستەی چەکداری لە ناوەوەی کوردستان و لە هەرێمی سلێمانییەوە ناردە شاخ. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شایەتی یار و نەیار، بە پشت بەستن بەو بەڵگەنامانەی لە ڕاپەریندا لە داودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعسدا، گیران. هێزی سەرەکی سەر گۆڕەپانی کوردستانی عێراق بوە لە روبەڕوبونەوەی بەعس دا. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەورەترین هێزی سەربازی خۆی لە کارەساتی هەکاری لە ساڵی ١٩٧٨ دا، لە دەست دا. بەڵام جارێکی تر هەستایەوە. لە ساڵی ١٩٨٥ زۆرترین هێزی چەکداری هەبو. لەساڵی ١٩٨٨ دا یەکێتی بەکردەوە دەسەڵاتداری سەرئەرزی کوردستانی عێراق بو. دەستی ئەگەیشتە ناو شارەکانی موسڵ و هەولێر و سلێمانی و کەرکوک. بارەگاکانی هەرسێ سکرتێر (مامجەلال تاڵەبانی-یەکێتی، نەوشیروان مستەفا- کۆمەڵە، فوئاد مەعسوم- شۆڕشگێڕان) لە پێنج کیلۆمەتر هەوایی شاری سلێمانی دا بو، بارەگای هەمو مەڵبەندەکان و سەرکردایەتییەکەی لە دەوروبەری شارەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکوک و دهۆک دا بون. لەو سەردەمەدا ژمارەی پێشمەرگەکانی یەکێتی لە نێوان ٦ بۆ ٧ شەش بۆ حەوت هەزار پێشمەرگە دا بوو، بە مەڵبەندەکانی یەک، دوو، سێ و بادینانیشەوە. گەرچی لەو سەردەمەدا هیچ ئامارێکی پێشمەرگە ئەنجام نەدراوە، بەڵام بە حوکمی بەشدارییکردنم وەک پێشمەرگەیەک و ئاگایم لە گەورە و بچوکی مەڵبەندەکان دا، ئەم ژمارەیە زۆر لە ڕاستییەوە نزیکە. ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ناڕاستی ئەزانی با لیستی ناوی پێشمەرگەکانی پێش ئەنفالەکان بداتە لیژنەی پێشمەرگە لە پارلەمانی کوردستان. لە دوای پرۆسە بەدناوەکانی ئەنفال و، کشانەوەی هیزەکانی یەکێتی بۆسەر سنوری ئێران و، جێگیربونی سەرکردایەتیی لە قاسمەرەش، بەرنامەی خۆڕێکخستنەوەی یەکێتی لەسەر ئاستی سیاسی و رێکخراوەیی و پێشمەرگەیی و دپلۆماسی دانرا. لەو چوارچیوەیەدا مەڵبەندەکان هەڵوەشینرانەوە و، هێزەکانی پێشمەرگە لە پەیکەری سەربازی بەتالێۆن، ڕەتڵی پارتیزانەکانی گەرمیان، دۆڵی جافەتی، شارباژێڕ،هەولێر و کەرکوک ڕیک خران . ئەمە جگە لە پێشمەرگەکانی سەرکردایەتی و داودەزگاکانی راگەیاندن و مالییە و دەزگاکانی بێسیم، کە ئەرکی دیاریکراویان هەبو. لەو سەروبەندەدا، بە دروستی لە وەرزی یەکەمی سالی ١٩٨٩دا سەرکردایەتی بریاریدا سەرژمێری پێشمەرگە بکات و، ناسنامەی پێشمەرگایەتییان بۆ بکا. کۆکردنەوەی ئامار و ئامادەکردن و نوسینی ناسنامەکان بە بەڕێزان: "ئەمین قادرمینە، شۆڕش حاجی و بەندە" سپێردرا. ئەرکی من, تۆمار کردنی ناوی پێشمەرگەکان بو لە دەفتەرێکی گەورەدا، نوسینی ناوەکان بو لە سەر ناسنامەکان. ناسنامەکە رەنگی رەساسی بو، بە خەتی وردی سور لێی نوسرابو "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان". بڕوانە نمونەی ناسنامەکان. بەپێی ئەو سەرژمێریەی کە کرا: هەم لە دەفتەرا تۆمارکرا، هەم (زۆرینە) ی پێشمەرگە ناسنامەی تایبەت بە خۆی بۆدروستکرا. ئاماری گشتی هەمو پیشمەرگەکان لە لایەن کاک(ئاکۆ حەسەن بەکر، سۆران جەلال، هیوا) وە خرایە ناو کۆمپیتەرە (شارپ) ەکەی کاک نەوشیروانەوە، کە ئەو خۆی سەرپەرشتی کارەکانی ئەکرد. بۆ میژوو تۆماری ئەکەم، کە ژمارەی پیشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو کاتەدا، کە گەورەترین هێزی سەربازی و سیاسی و رێکخراوەیی کوردستانی عێراق بو، لە نێوان ٣ هەزار بۆ سێ هەزار وپێنجسەد پیشمەرگە دا بوو. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی مەڵبەندەکان، تەشکیلاتی پێشمەرگەیی بەسەر ١٢ دوانزە بەتالیۆن و پارتیزانەکان بە (خول و مەشقی سەربازی) و، دەستەی پارێزگاری سەرکردایەتی و داودەزگاکانی تردا دابەش و رێک خرانەوە. ئەم هێزە ڕیکخراوە مەشق پێکراوە، لە هەر دە میحوەرەکەی راپەڕین دا (لە کفری تا دهۆک)، رۆڵی گەورە بینی. بێگومان لەناو پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، زۆرینەیان گەنج و سەڵت بون، ئەوانەی ژن و منداڵیان هەبو، زۆر کەمتر بون لەوانەی سەڵت بون. زۆرینەی ئەو پیشمەرگانەی ئەنێردران بۆ پارتیزانی، سەڵت بون، تا لەکاتی هەر روداویک دا کەسیان لەدوا بەجێ نەمێنێ.! مەبەستم لە باسکردنی پێشمەرگەی خێزاندار بۆ ئەوەیە، کە تیشک بخەمە سەر ئەو ژمارە زۆرەی ژن، کە بەناوی ژنی شاخەوە دور لە هەمو یاسا و رێسا و عورفێک خانەنشین کراون، کە لە راستی دا ئەکرێ بە ١٠٪ ی ژمارەی هەمو پێشمەرگەکان مەزەندەی بکەین. ئەڵبەت مافی هەمو کەسێکە (چ پیاو بێ، یان ژن) رۆژیک لە رۆژان بەشداری خەباتی پیشمەرگانەی دژ بە رژیمی بەعسی فاشی کردبێ، جا لەبەر هەر هۆکاریک نەیتوانی بێ دریژە بە خەبات بدات، بە مەرجێک دەستی لەگەڵ بەعس تیکەڵاو نەکردبێ. مافی خۆیەتی ناوی لە لیستی پێشمەرگەدا تۆمار بکرێ و ڕێزی لێ بگیرێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم سەرنجەش ئەتوانم بڵێم هەمو پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (بە هەردو رەگەزەکەوە) لە سەرەتاوە (١٩٧٦) تا ئەنفالەکان، کە هێزی سەرەکی بەرەنگاربونەوەی بەعس بوە تا ڕاپەرین، لە ١٠ دە بۆ ١١ یانزە هەزار پێشمەرگە زیاتر نەبوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی تا ئێستا لە رۆژنامە و سایتەکان بڵاو کراونەتەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چلوشەش هەزار کەسی بەناوی پێشمەرگەی دێرینەوە خانەنشین کردوە. ئەمە جگە لە ژنی شاخ.! لە کاتێکدا بە پێی ئاماری قاسمەرەش، کە لەسالی ١٩٨٩ تۆمار کراوە، یەکێتی خاوەنی کەمتر لە سێ هەزارو پێنج سەد پێشمەرگەی پێش راپەڕین بوە. وەک وتمان، وای دائەنێین دە بۆ یانزەهەزاریش بوە! ئیتر چلوشەش هەزار، بۆ؟ زیادە ڕۆیی نییە گەر بڵێم: ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چلوشەش هەزار پێشمەرگەی هەبوایە، بە رۆژی نیوەڕۆ کەرکوک ی رزگارئەکرد!! # سوپای رزگاری کوردستان (سرک) لە دوای ئەنفالەکان یەکێکی تر لەو ئۆرگانە پێشمەرگەیییانەی دروستکرا، سوپای رزگاری کوردستان (سرک) بو. کاک نەوشیروان مستەفا ئەم سوپایەی دامەزراند بۆ ئەوەی لەکاتی پێویست دا بتوانێ لەناو شارەکانی کوردستان و عێراقیش چالاکی دژ بە رژێمی بەعس و داودەزگاکانی، ئەنجام بدا. وەک خۆی ئەیوت: "ئەبێ شەڕ بخەینە ناو ماڵی دوژمنەوە". سەرەتای دروستکردنی ئەم سوپا نهێنییە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٨٨ ئەگەڕێتەوە. پیکهاتەکەی لەسەر تەشکیلەی تیپ، کەرت و مەفرزە بو. لە پێشمەرگەی خاوەن تەجروبە و ئەندامانی رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان پیکهات بون و، ژمارەیان هەتا راپەرین ١٥٠ سەدوپەنجا پێشمەرگە بون. بەداخەوە لە دوای راپەڕین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مێژوی ئەم هێزەشی شێواند و، بەناوی پێشمەرگەی (سرک) ەوە، زیاتر لە ٣٠٠٠ سێهەزار پێشمەرگەی خانەنشین کردوە. # هێزی لایەنەکانی تر (حیزبی سۆسیالیست، حیزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی و زەحمەتکێشان) لەپێش راپەڕین، پێشمەرگەی ئەم لایەنانە بە هەر چواریانەوە لە نۆسەد٩٠٠ بۆ ١٠٠٠ هەزار پێشمەرگە زیاتر نەبون، کە بەپێی زانیاریییەکان لەناو لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا خانەنشینی یان بۆ کراوە. لە لایەکی ترەوە لەم ساڵانەی دوایی دا پارتی چەند سەد کەسێکی تری لەسەر بودجەی گشتی بۆ حیزبی سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان(حسک) خانەنشین کردوە بەداخەوە ململانیکانیان لەسەر پیشکەشکردنی خزمەت گوزاری نەبوە بەڵکو لەسەر زیاد کردنی بەتاڵەی دەمامک دار بوە.! وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێداوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ناوی پێشمەرگەی "ئەیلول و گوڵان"ەوە حەفتاهەزار کەسی خانەنشین کردوە. وەک باسم کرد، ئەگەر بەپێی تەمەن بێ، ئەوانەی لە شۆڕشی ئەیلول دا پێشمەرگە بوبن و، لە ژیاندا مابن لە هەزرا پێشمەرگە کەمترن و، هی شۆڕشی گوڵانیش لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار پێنج سەد پێشمەرگە زیاتر نین! ئیتر نازانم چ ویژدانێک قبوڵی ئەکا حەفتاهەزار کەس بەناوی پیشمەرگەی پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە لەسەر بودجەی گشتی خانەنشین بکرێ؟ هەموو ئەو پێشلکاریانەش، کە کراون پێچەوانەی مادەی ٣٩ لە یاسای ژمارە ٣٨ی راژە و خانەنشینی پێشمەرگەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ پارلەمانی کوردستان لە دەورەی سەرۆکایەتی عەدنان موفتی دا، دەریکردوە. # ئاماری شەهیدانی سەنگەر بابەتێکی تر، کە دیسان پەیوەندی بە خەباتی پێشمەرگانەوە هەیە، شەهیدانی سەنگەرە. شەهیدی سەنگەر وەک لە ناوەکەیدا دیارە، ئەبێ ئەو پێسمەرگانە بن، کە لەسەنگەری خەباتی پێشمەرگانەدا روبەڕوی داگیرکەر، شەهید بون، یان گیرابن و لە سێدارە درابن. بەڵام ئەفسوس لەمەشدا دیسان پارتی و یەکێتی ژمارەیەکی زۆر مردویان تێکەڵاو بە لیستی شەهیدانی سەنگەر کردوە، کە تیایاندایە دەستی بە خوێنی پێشمەرگەی سەنگەر سورە! ئەمەش نیشانەی بێ مۆراڵی سیاسی و، بێ ئەندازە سوکایەتی کردن بە شەهیدی سەنگەر ئەگەیەنێ. بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکانەوە دەستم کەوتوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٣٨٠٠٠سی وهەشت هەزار کەسیان بە ناوی شەهیدی سەنگەرەرەوە ناونوس کردوە، بێگومان ئەمەش زیاتر بە مەبەستی بەستنەوەی بنەماڵەی ئەو کەسانەیە بە حیزبەکانیانەوە، تا لە کاتی هەلبژاردن دا، بە قازانجی خۆیان دەنگ و ویژدانیان بکڕن، ئیتر باکیان بەوە نیە، کە ناوی پێشمەرگەی سەنگەر لەکەدار ئەبێ، یان نا. بێگومان رێزی بێ ئەندازەم بۆ شەهیدانی سەنگەر هەیە، لە خۆشەویستی بۆ گیانبەخشینی ئەوانە، کە لێرەدا شەڕی پاککردنەوەی لیستی شەهیدانی راستەقینەی سەنگەر لەو کەسانە ئەکەم، کە رەنگە رۆژێک لە رۆژان گەرمی و ساردیان نە چەشتبێ، یان بە ئەگەری زۆر لەسەر جێگە و لە ناو ماڵومناڵی خۆیاندا بە دەردی خودا مرد بن! بە پێی زانیاریییەکان، کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە دەستم کەوتوە، لەمەشیاندا دیسان پارتی دیمۆکراتی کوردستان بەشی شێری لەو شێواندنەدا بەرکەوتوە بە جۆرێک پارتی هەمو ئەو مردوانەی لە سالی ١٩٤٥وە ئاوارەی ئێران بون، بەهەر هۆیەک مردبن، پارتی لەسەر بودجەی گشتی بە پێشمەرگەی سەنگەر ناونوسی کردون. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکی زۆری ئەوانەی جەلالی بون و مردون، کردونی بە شەهیدی سەنگەر. ئەگەر ئەتانەوێ لەگەڵ شەهیدانی راستەقینەی سەنگەر بە وەفا بن و رێز لە خوێنی ڕژاویان بگرن، ئەبێ بێ دودڵی، لیستی شەهیدانی سەنگەر لە مردوانی سەرجێگە بژار بکەن. لە راستیدا نابێ ئەمە بە تەنها خواستی من بێ، ئەبێ خواست و داوا و پێداگری خێزان و کەسوکاری شەهیدەکان بێبەر لە هەر کەسێکی تر. بێگومان من لێرەدا باسی ئەو شەهیدانە ناکەم، کە لە خەباتی نهێنی گەلەکەماندا گیراون و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی داودەزگا تۆقینەرەکانی بەعسدا رۆحی پاکیان سپاردوە، یان بە بریاری دادگاکانی بەعس لە سێدارە دراون، کە دڵنیام لە تەک ناوی ئەم قارەمانانەشدا، سەدان ناوی تریان تیکهەڵکێش کردوە و، ئەبێ ئەم لیستەش پاک و خاوێن بکرێتەوە. سەبارەت بە وارسی شەهیدەکانیش ئەوە ئەبێ بە یاسا یەکلایی بکرێتەوە، کێ تا پلە چەندی کەسی شەهید، وە تا چ تەمەنێک بۆیان هەیە شەهیدانە وەربگرن. یاسایەک کە دادپەروەری بەدی بهێنێ. # کەمئەندامانی سەنگەر سەبارەت بە ژمارەی کەمئەندامی سەنگەر، دیسان پارتی و یەکێتی هەریەکەیان بە جیا سەدان کەسیان بە ناوی کەمئەندامی سەنگەر بەم جۆرە خانەنشین کردوە: • پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەسەر یەکەی هێزەکانی هەشتای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، زیاتر لە ٥٠٠٠ (پێنجهەزار) کەسی بە روتبەی سەرباز هەتا لیوا و فەریق لە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بە موچەی جیاجیا بە ناوی "شەهیدی زیندو" خانەنشین کردوە. هیچ کەسێکی لە لایەنەکانی تر تێدا نیە و، تەنها هی پارتییە. ئەم لیستە تیکەڵەیەکە لە کەم ئەندامانی سەنگەری پێش راپەڕین و، هی دوای ڕاپەڕین، شەڕی ناوخۆ و شەڕی داعش. • یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر یەکەی هێزەکانی حەفتای سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ٤٠٩٩ (چوارهەزار و نەوەدونۆ) کەسی لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە بە روتبەی سەرباز هەتا لیوا و دو-سێ کەسیش بە پلەی فەریق، بە موچەی جیاجیا خانەنشین کردوە. ئەم لیستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشمەرگەی لایەنەکانی تریشی تیایە وەک: "حیزبی سۆسیالیستی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و گۆڕان". ئەم لیستەی یەکێتیش بەهەمان شێوەی لیستەکەی پارتی، هی پێش راپەرین و دوای راپەڕین و شەری داعشە. هەوڵم دا ژمارەی کەمئەندامی سەنگەری لایەنەکانی تر، هی پیش راپەڕینم دەست بکەوێ. بەداخەوە دەستم نەکەوت. بێگومان لەم لیستانەدا هاوشێوەی لیستی پیشمەرگە و شەهیدان، کەسانی نا شایستەی تێدایە و، هەندێک جار کەسانی وای تێ خزێنراوە، کە رەنگە لە پشکنینی لیژنەیەکی بێلایەندا ئەگەر پشکنینیان بۆ بکرێتەوە، دەرنەچن. بۆیە بژارکردن و پاکسازی کردن لەم گروپەش دا، کارێکی گرنگ و پێویستە تا کەسانی ناشایستە مافی کەسانی شایستە نەخۆن و، نەبن بە بار بەسەر بودجەی گشتییەوە. # ئەم نوسینەی من، خوانەخواستە بۆ کەمکردنەوەی خەبات و تێکۆشانی هیچ حیزبێکی کوردستانی نییە، کە دژ بە رژێمی بەعس تێکۆشاوە، بەڵکو بۆ راستکردنەوە و بە ئاگاهێنانەوەی پارتیی و یەکێتییە، کە ئێستا کاتی راستکردنەوەی ئەو هەڵانەیە. پاکسازی لە لیستی خانەنشینانی پێشمەرگەدا بکەن، کە بێگومان دەیان هەزار کەس زیاد نوسراون، ئەمە جگە لەوەی لە پێدانی ئیمتیاز و پلەی خانەنشین کردندا رەچاوی هیچ خاڵبەندی و پێوەرێک نەکراوە و، نادادی زۆری تیا کراوە. سیاسهتی خانهنشین کردنی بەشێکی زۆر لە کۆمهڵگه له ژێرناوی پێشمهرگهدا، سوکایهتی کردنه بە ناو و کەسایەتی پێشمەرگە. شکاندنی ئەو سیمبولەیه، که پێشمهرگه بە خوێنی خۆی، پێش راپهڕین لە دڵودەرونی خەڵکی کوردستان دا بە دەستی هێنا بو. ئەفسوس ئێستە ئەوە لە دەستدراوە. پێشمەرگە دێرینەکان مافی خۆیانە بە یاسا ژیانێکی شەرەفمەندانەیان بۆ دابین بکرێ و چاویان لە دەستی هیچ حیزب و بەرپرسێک نەبێ، هیچ هێزێک نەتوانێ دەست بۆ مافەکانیان ببات. لە هەمان کاتدا نابێ هیچ پێشمەرگەیەکی دێرن چاوی لە دوو موچە و شتی نایاسایی بێ. ئێستە کە بڕیارە حکومەت لە مانگی تەموزدا یاسای چاکسازی بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هیوادارم ئەم نوسینەی من بەشداریییەک بێ بەو ئاراستەیە و، کاری لەسەر بکا. داوا لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی ئەکەم، ئەگەر لەبەر خاتری پاراستنی شکۆی باوکیشیان بێ، کە پێشمەرگە بون، ئەبێ لێبڕاوانە و ئازایانە لیستی خانەنشینی پێشمەرگە لە جاش و خۆفرۆشان و، خەڵکانی ناشایستە بژار بکەن و، ڕێز بۆ ناوی پێشمەرگە و خەباتەکەی بگێڕێنەوە. ئێستە کاتی راستکردنەوەی هەڵەکانە. لێرەدا ئەم پێشنارە بۆ حکومەت ئەکەم، ئەگەر بتانەوێ کاتتان بۆ بگەڕێتەوە، ئەوا بە تەنها بڕیارێک، ژمارەیەکی زۆر و بە کاتێکی کەم بەشێک لە لیستەکە بژار ئەکەن. بڕیاری ئەوە بدەن، ئەوانەی لە دایک بوی ١٩٧٣-١٩٩١ لە لیستی پێشمەرگەی دێریندا نوسراون، یەکسەر بسڕدێنەوە، چونکە ئەگەر کەسێک لە ١٩٧٣ لە دایک بو بێ لە هەلگیرساندنەوەی "شۆڕشی نوێ و گوڵان لە ساڵی ١٩٧٦دا، تەمەنی تەنها سێ ساڵ بوە!! هەتا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ تەمەنی بوە بە ١٨ ساڵ!! بۆیە لە دایکبوانی ١٩٧٣، ١٩٧٤، ١٩٧٦... بێ هیچ دودڵییەک ئەبێ لە لیستی پێشمەرگەی دێرین (پێش ڕاپەرین) لاببرێن! کە رەنگە هەزران کەس بن. لە کۆتایی دا پێوسیتە دان بەو راستیەدا بنێین کە: ئیسڵاحاتی نیوهوناچڵ زهرهری زۆرتره له قازانج وهکو ئهوهیه له نهشتهرگهریدا سکی نهخۆشهکه ههڵدڕی بهڵام نهیدرویتهوه و به کراوهیی به جێی بهێڵی! بۆیە هیوادارم چاکسازی گشتگیر بکرێ نابێ پارتی و یەکێتیی داواکردنی ئیسڵاحات لە لایەن جەماوەر و هێزەکانی ترەوە بە موئامەرە لە خۆیان بزانن! بۆ مانەوەی خۆشیان بێ ئەبێ بیکەن. بەڵگەکان # ناسنامە: 1. مەڵبەندی یەک: رحیم قادر مصگفی (مخابری م١). 2. جلال کریم عیسا (رابەرسیاسی تیپی ٥٥ی م١). 3. رزگار سعید اسماعیل (پ.م کۆمیتەی بادینان). 4. مەڵبەندی سێ: وەصفی عزیز علی (ڕابەرسیاسی تیپی م٣). 5. سەرکردایەتی: سەرکەوت محمد فتاح (مخابر/ م.س) عەدەدجیهازی مەکتەبی سیاسی. 6. اکرم محمد امین احمد (ئیدارەی مەکتەبی سیاسی). # وێنەکان، لە کاتی پڕکردنەوەی ناسنامەکاندا: 1. خالید رەزا. رۆژی گرتنی وێنەکە ٧ی ٧ی ١٩٨٩. 2. باست حەمەغەریب، خالید رەزا. رۆژی گرتنی وێنەکە ١١ی ٧ی ١٩٨٩. 3. باست حەمەغەریب، خالید رەزا، ئاراس ئیبراهیم. رۆژی گرتنی وێنەکە ١٢ی ٧ی ١٩٨٩. # پاشکۆی وێنە و بەڵگەکان
درەو: لیژنەی ئامادەكاری لامەركەزی رەشنوسی پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی تەواوكرد، سەرۆكی لیژنەكەش دەڵێت: ئەوەی لەسەر شانمان بووە كردمان ئێستا كاتی ئەوەیە یەكێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی وەزیران بەرگری لە پرۆژەی لامەركەزی بكەن. بەرزان شێخ محەمەد سەرۆكی لیژنەی لامەركەزی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند: رەشنوسی پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و داراییمان تەواوكردووەو دوای ئەوەی لە كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەسەند دەكرێت رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ بڕیاردان لەسەری. بەپێی رەشنوسی پرۆژەكە كە كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە ئامادەكردنی پرۆژەكەیان گەڕاندۆتەوە بۆ "سیستەمی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كەدوای نزیكەی سێ دەیە لەخۆ بەڕێوەبەری و تاقیكردنەوەی سیستەمی مەركەزی، قەیرانی بەڕێوەبردن و دارایی و زیادبونی ڕۆتین و گەندەڵی لێكەوتۆتەوە، بەهۆی قەیرانە بەردەوام و یەك لەدوای یەكەكانەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەزمونی سەركەوتوی وڵاتان ، كاتی ئەوە هاتووە كەجۆرێكی دیكە لە سیستەمی بەڕێوەبردن تاقیبكەینەوە كەگونجاوترین و باشترینیان لامەركەزی كارگێڕی و داراییە" سودەكانی لامەركەزی لە پرۆژەی لامەركەزی كارگێری و داراییدا رونكراوەتەوە" دەرفەت دەدات بەهاوڵاتیان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەرپرسی یەكە كارگێڕیەكانی خۆیان دیاریبكەن، بەمەش متمانەی هاوڵاتیان بە دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی دیموكراسی زیاددەكات، ئاسانكاری بۆ حكومەتی مەركەزدەكات و ئەركی سەرشانی كەمدەكاتەوە وادەكات باشتر ئەركە ستراتیژیەكان و نیشتیمانیەكان ڕابپەڕێنێت. سەرۆكی لیژنەی لامەركەزی دەڵێت" پرۆژەكەیان پیشانی یەكێتی و گۆڕان داوە، ئیتر ئەركی ئەوانە دەستبەپرۆژەكەوە بگرن و لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بكەن چونكە گۆڕان چوار وەزیر و یەكێتی شەش وەزیر و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەیە". دەقی پرۆژەكە پرۆژەی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی ساڵی 2020 پێشەكی: ئەم پرۆژەیە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بۆ سەرجەم پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین دروست و سودبەخش و گونجاوە. لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەنیسانی ساڵی 2014 پاڵپشت بەیاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2009، ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 3 پارێزگای هەرێمی كوردستان پێكهات، كەدواتر كاركردن بەیاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 كەوتە بواری جێبەجێكردنەوەو یاساكە لەم خولەدا كاریپێكرا، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تێپەڕبونی 6 ساڵ بەسەر كاركردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و حكومەتە خۆجێیەكان هێشتا زۆربەی زۆری دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان لای وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە، واتە تەنها لەڕوی ڕواڵەتەوەو بەهۆی یاساو ڕێنماییەوە چوارچێوەیەكی لامەركەزی دروستكراوە. لەكاتێكدا پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیارەكانی ژمارە (11231) و (11232) لە بەرواری 17/10/2012 و بڕیارەكانی ژمارە (40) لە 16/1/2013 و هەردوو بڕیاری ژمارە (44) و (45) لە 19/6/2013 دەركرد كەتایبەتبون بە دابەزاندنی دەسەڵاتە كارگێری و داراییەكان بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرەگشتیەكان، دواتریش بەبڕیاری ژمارە (1700) لە 17/4/2016 هەردووبڕیاری ژمارە (11231 و 11232) هەڵوەشێنرانەوەو هەروەها هەرسێ بڕیاری ژمارە (40 و 44 و 45) لە 10/5/2016 بەنوسراوی ژمارە (2062) هەڵوەشێنرانەوە، هەرچەندە لەساڵی 2014 ەوە یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەركاربووەو دەبوو بەهۆی دەستبەكاربونی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە ئەو بڕیارانەی سەرەوە هەڵبوەشێنرایەتەوەو كار بەیاسای ژمارە 3 بكرایە بۆ چەسپاندن و پیادەكردنی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەی بڕیارەكان هەڵوەشێنرانەوەو ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسبەكاربون و حكومەتی خۆجێیەكان پێكهاتن بەڵام هێشتا سیستەمی بەڕێوەبردن و بڕیاردان مەركەزییە. لامەركەزی كارگێڕی و دارایی دابەشبونی تایبەتمەندی و دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكانە لەنێوان حكومەتی مەركەزی و حكومەتە خۆجێیەكان، بەجۆرێك كە حكومەتە خۆجێیەكان تایبەتمەندی و توانای پیادەكردنی دەسەڵاتی كارگێڕی و داراییان هەبێت، لەژێر چاودێری ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و هەماهەنگی و چاودێری حكومەتی مەركەزی لەسەر كارو چالاكیەكانیان. سودەكانی لامەركەزی كارگێری و دارایی: 1- بەپیادەكردنی دیموكراسی دادەنرێت لەبواری كارگێڕی و دارایی چونكە دەرفەت دەدات بەهاوڵاتیان لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەرپرسی یەكە كارگێڕیەكانی خۆیان دیاریبكەن، بەمەش متمانەی هاوڵاتیان بە دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی دیموكراسی زیاددەكات. 2- ئاسانكاری بۆ حكومەتی مەركەزدەكات و ئەركی سەرشانی كەمدەكاتەوە وادەكات باشتر ئەركە ستراتیژیەكان و نیشتیمانیەكان ڕابپەڕێنێت. 3- ئەنجومەنە خۆجێیەكان بەرپرسیارێتی پلان و دروستكردنی بڕیاریان دەكەوێتە ئەستۆو ئەگەر نەنگیەك لەبڕیارێك هەبوو تەنها لەناوچەیەك یان سێكتەرێكی دیاریكراو دەبێت و بەرپرسانی كەمتەرخەمیش ئاسانترو خێراتر لێپرسینەوەیان لێدەكرێت. 4- هۆكارێكی باش دەبێت بۆ پێگەیاندنی ژمارەیەكی زۆر لەكادری شارەزا و سەرۆكی یەكەی كارگێڕی ئەمەش یارمەتی پێشكەوتن و گەشەپێدانی كارگێڕی و دارایی دەدات و كێبڕكێ لە نێوان پارێزگاكان زیاددەكات. 5- بەهۆی جیاوازی لە جوگرافیا و تایبەتمەندی ناوچەكان لەهەرێمی كوردستان، پێویستی و داواكاری هاوڵاتیانیش بە خزمەتگوزاری گشتی و تەنانەت تایبەتیش جیاوازن، بەم هۆیە ئەنجومەنە خۆجێیەكان لەبەر پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتیان باشتر ئاشنان بە خواست و پێداویستیەكانی ناوچەكانیان، ئەم نزیكیەش دەبێتە هۆكارێكی یارمەتیدەرو گونجاو بۆ باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان بەشێوەیەكی خێراتر، هەروەها كەمكردنەوەی ڕۆتین و كارئاسانی بۆ هاوڵاتیان. 6- نمونەی ئەو ووڵاتانەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی پیادەدەكەن وەك ( ئەڵمانیا و نەمسا و ئەمریكاو ئیمارات) ئابووریەكی جێگیری گەشەكردوویان هەیە و ئینتیمای هاوڵاتی زۆرترە چونكە بەڕاستەوخۆ سودمەندەبێت لەداهاتی ناوچەكەی و هەست بەبونی شەفافیەت دەكات ، بەراورد بەو ووڵاتانەی كە سیستەمی مەركەزی پیادەدەكەن. 7- لە سیستەمێك كە لامەركەزی كارگێڕی و دارایی پیادە دەكات دادپەروەری كۆمەڵایەتی تێیدا زۆرترە. هۆكارەكانی ئامادەكردنی پرۆژەكە: سیستەمی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كەدوای نزیكەی سێ دەیە لەخۆ بەڕێوەبەری و تاقیكردنەوەی سیستەمی مەركەزی، قەیرانی بەڕێوەبردن و دارایی و زیادبونی ڕۆتین و گەندەڵی لێكەوتۆتەوە، بەهۆی قەیرانە بەردەوام و یەك لەدوای یەكەكانەوەو بەلەبەرچاوگرتنی ئەزمونی سەركەوتوی وڵاتان ، كاتی ئەوە هاتووە كەجۆرێكی دیكە لە سیستەمی بەڕێوەبردن تاقیبكەینەوە كەگونجاوترین و باشترینیان لامەركەزی كارگێڕی و داراییە. پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین خاوەنی ڕێژەیەكی زۆرن لە نەوت و غاز و سامانی سروشتی و قەبارەیەكی گەورەی پیشەسازی و ناوچەیەكی بەپیت و بەرفراوانی كشتوكاڵی و سەرچاوەی گرنگی گەشتوگوزاری و دەروازەی سنوری نێودەوڵەتی و فڕۆكەخانەو خاڵی گومرگی و داهاتە ناوخۆییەكان و مقەوەماتی گەشەپێدانی وەك كار و زەوی و سەرمایەو ڕێكخستن و هەبونی چەندیدن بەنداوی گرنگ و ستراتیژی. هەموو ئەمانە پاڵنەرمان بووە بۆ پێداگیری لەسیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی و ئامادەكردنی ئەم پرۆژەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە. پاڵپشتییە یاساییەكان 1- ماددەی 116ی دەستوری عیراقی ساڵی 2005 بەم جۆرە هاتووە (نیزامی فیدڕاڵی لەكۆماری عیراق پێكدێت لە پایتەخت و هەرێمەكان و پارێزگا لامەركەزیەكان و ئیدارە خۆ جێیەكان) 2- هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانیەكان بەپێی یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 1993 لەساڵی 2000 لە هەرێمی كوردستان 3- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەساڵی 2005 بەپێی یاسای ژمارە 59 ی ساڵی 1969 4- یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە 3 ی ساڵی 2009 5- یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان لەهەرێمی كوردستان ژمارە 4 ی ساڵی 2009 6- بڕیارو ڕێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 7- یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە 1 ساڵی 2015 8- بڕیاری پاڵاوتن و پەسەندكردنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ژمارە 1 ساڵی 2015 ی پەرلەمانی كوردستان 9- پشت ئەستور بە هۆیە پێویستیەكانی دەرچواندنی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 كە دەقەكەی دەڵێت (بەمەبەستی ڕێكخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كارگێڕیان لەهەرێمداو پەرەپێدانیان و لەپێناو بەدیهێنانی پرەنسیپی ناسەنتەری لەدابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەمەبەستی ئاسانكاری و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزاریە گشتیەكان بەهاوڵاتیان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگا ئەم یاسایە دەرچوێنرا) 10- ماددەی دووەمی یاساكە كەدەڵێت (ئەم یاسایە دەسەڵات وبەرپرسیارێیەتی ئەنجومەنەكان و سەرۆكەكانیان و ئەندامەكانی دەستنیشان دەكات بۆ پتەوكردنی پرەنسیپی ناسەنتەری لەدابەشكردنی دەسەڵاتەكان و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزاری گشتی بۆهاوڵاتیان و پاراستنی مافەكان و بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگاو پەرەپێدانی یەكە كارگێڕیەكان لەهەرێمدا) 11- ماددەی پێنجەمی یاساكە كە دەڵێت (ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی چاودێرییە لەناو سنوری كارگێڕی پارێزگاداو مافی ئەوەی هەیە بڕیارو پەیڕەو ڕێنماییەكان بۆ ڕێكخستنی كاروباری كارگێڕی و دارایی لەناو سنوری پارێزگادا دەربچوێنێت تاكو بتوانێت سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی كاروباری پارێزگا بەپێی پرەنسیپی ناسەنتەری بەڕێوەبردنی كارگێڕی بكات بەجۆرێكی وا ناكۆك نەبێت لەگەڵ دەستورو یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم) 12- ئەم پرۆژەیە پاڵپشت بە بڕگەی نۆیەم لەماددەی شەشەم لە یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 نوسراوە كە دەقەكەی دەڵێت (پێشنیازكردنی پرۆژە یاسا تایبەتیەكان بەپەرەپێدانی پارێزگا و بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی وەزارەتی پەیوەندیدارەوە) پاڵنەرە واقعییەكان 1- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەنیسانی ساڵی 2014 دا. 2- متمانەدان بە پارێزگارو جێگری پارێزگارو بەڕێوەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان. 3- ئامادەكردنی ڕەشنوسی هەمواری یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 لەلایەن هەرسێ ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە و ئاڕاستەكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان خولی چوارەم. 4- ئامادەكردنی پرۆژەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی و پەسەندكردنی بەزۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ئاڕاستەكردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2017 دا. 5- لەگەڵ بونی ئەم پاڵنەرانەی سەرەوەدا و هەبونی كەرەستەو سەرچاوەی مادی و مرۆیی و جیاوازی جوگرافیای ناوچەكان و هەبونی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و حكومەتە خۆجێیەكان، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی پێویست لای حكومەتە خۆجێیەكان نییە و هێشتا مەركەزیەتیەكی توند لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پەیڕەو دەكرێت. 6- ئاماژە بەبڕگەی (14) لەماددەی 6 ی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ، وە بڕگەی (ب) لەماددەی 31 ی پەیڕەوەی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وە ئاماژە بەكۆبونەوەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكان لە 26/4/2020 و وە یاداشتی 15 ئەندامی ئەنجومەن لە 23/4/2020 ، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی كاتی لەنوێنەری فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەن بۆ ئامادەكردنی پرۆژەی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی درا. 7- لەدوای دەستبەكاربونی لیژنەكە و گرێدانی یەكەم كۆبونەوە لە 4/5/2020 هێڵە گشتیەكانی كاركردنی لیژنەكە دانراو بەمشێوەیە جێبەجێكرا: • سەردانی مەیدانی ئیدارەی ڕاپەڕین لە 6/5/2020 دا و كۆبونەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە. • سەردانی پارێزگای سلێمانی لە 7/5/2020 و كۆبونەوە لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكانی و قائیمقامی قەزای ناوەند. • سەردانی ئیدارەی گەرمیان لە 10/5/2017 و كۆبونەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەو بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە. • سەردانی پارێزگای هەڵەبجە لە 12/5/2020 كۆبونەوە لەگەڵ پارێزگارو جێگرەكەی و قائیمقامی قەزای ناوەند. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتیەكانی سلێمانی لە 14/5/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی و دەروازەی سنوری باشماخ لە 17/5/2020 لە بینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاو و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرانی باجەكان لە 18/5/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕیِوەبەرانی پۆلیسی سلێمانی و پۆلیسی دارستان و پۆلیسی بەرگری شارستانی و پۆلیسی هاتوچۆ لە 19/5/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری گەنجینەكانی سلێمانی وهەڵەبحەو گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی لە 20/5/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ شارەزاو پسپۆڕانی بواری كارگێڕی لە 3/6/2020 لەبینای ئەنجومەن. • كۆبونەوە لەگەڵ شارەزایانی دارایی و ئابووری لە 4/6/2020 لە بینای ئەنجومەن. • ئەنجامدانی 2 كۆبونەوە لەگەڵ شارەزاو پسپۆرانی بواری یاسایی لە 7/6/2020 و لە 15/6/2020 لەبینای ئەنجومەن. لەدەرئەنجامی سەردانە مەیدانی و كۆبونەوەكان لەگەڵ نزیكەی 70 بەرپرسی ئیداری و ڕاوێژكردن بە 15 پسپۆرو شارەزایانی بوارە پەیوەندیدارەكان و وەرگرتنی سەرنجی نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سەرجەمیان پاڵپشتی پرۆژەكەیان كردوەو بەگرنگیان زانیوە بۆ باشتركردنی دۆخی بەڕێوەبردن لەهەرێمی كوردستان. پەیوەندیدار بە پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەكان و تەواوی بەرپرسە ئیداریەكان گرفتی زۆریان لەگەڵ نەبونی دەسەڵاتی پێویست بۆ ڕاییكردنی كاروباری هاولاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری لەكاتی پێویستدا بۆ دروستبووە، بەجۆرێك بۆ بچوكترین ڕەزامەندی كارگێڕی و دارایی پێویستیان بەگەڕانەوەیە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەروەها سەرجەم ئەو داهاتەی لەم سنورە لە سێكتەرە جیاوازەكان وەك داهاتی ناوحۆ كۆدەكرێتەوە بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆماردەكرێت و تەنها وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی خەرجكردنی هەیە، هەروەها پەیوەندیدار بە سێكتەری نەوت و گاز و سامانی سروشتیەوە هیچ زانیاری و داتاو بەشداریەك بۆ ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و بەرپرسانی حكومەتە خۆجێیەكان ڕێپیدراونییەو داهاتەكەشی دەچێتە سەر حسابی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و تەنها ئەوان خەرج و مامەڵەی پێوِەدەكەن، هەروەها بەرپرسانی ئیداری دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی میلاكات و داڕشتنەوەو ڕێكخستنی هەیكەلی ئیداری دامودەزگاكانیان و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەیان نییە، لەكاتێكدا بەپێی خاڵەكانی بڕگەی شەشەم لەماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 ، دەسەڵاتی داوە بەپارێزگار بۆ دەرچواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەرانی كارگێڕی و تەنسیب كردنیان لە پلەی حەوتەم بەرەو خوارەوە بەپێی پەیژەی (ڕیزبەندی) پلەكانی فەرمانبەرێتی و دواتر چەسپاندنی فەرمانەكەو وەرگرتنی ڕێكاری كارگێری و یاسایی دەرحەق بە فەرمانبەران لەكاتی نواندنی كەمتەرخەمی و هەبونی گەندەڵی. لەگەڵ بەركاربونی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كە ئەرك و دەسەڵاتی حكومەتە خۆجێیەكانی دیاِریكردووە، یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و زۆرێك لەوەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت یاساو ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی دەبنە ڕێگر لەجێبەجێكردنی یاسای پارێزگاكان ، بەجۆرێك حكومەتە خۆجێیەكان لەنێوان ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان كەمتمانەیان پێبەخشیون و وەزارەتەكانیان كەلەڕوی كارگێڕیەوە پێوەی بەستراون گرفتی زۆری بۆ دروستكردون. لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەولێرو سلێمانی بەهۆی جیاوازی ڕێنماییەكان و نەبونی سیستەمێكی بەڕێوەبردنی سەرتاسەری یەكخراو كەلەسەر پێوەرو بنەما زانستیەكان دانرابێت، لاسەنگیەكی زۆر لە پرۆژەكان و دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی و جیاوازی بودجەی بەردەستی فەرمانگەكان دروستبووە، ئەمەش گرفتی زۆری بۆ بەرپرسانی ئیدارەو و بەڕێوەبەری فەرمانگەكان دروستكردووە، لەمیانی كارو بەدواداچونی لیژنەكەمان سەدان نمونەی ئەو گرفت و جیاوازیە لە پرۆژەكانی ئەم سنورەمان لەبەردەستە. پێشنیازەكان 1- تۆماركردنی سەرجەم داهاتە ناوخۆییەكان كە لە سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین كۆدەكرێتەوە بەناوی پارێزگاو ئیدارەكان خۆیانەوە بكرێت ، دوای جیاكردنەوەی بودجەی تەشغیلی و بڕی پێویست بۆ پرۆژە خزمەتگوزاریەكان بەپێی پێوەرو جیاوازی سێكتەرو ناوچەكان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا خەرجبكرێت ، دواتریش گەڕاندنەوەی ڕێژەیەك بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان. 2- داهاتی نەوت و غازو سامانە سروشتیەكان كەلەئێستادا لای وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە تادروستكردنی سندوقی داهاتی نەوت و گاز بخرێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی، هەروەها ئیدارەدانی پرۆژەكانی وزەو سامانە سروشتیەكان بەجۆرێك بێَت كە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان و حكومەتە خۆجێیەكان ئاگادارو بەشداری وردەكاری و مامەڵە دارایی و كۆكردنەوەی داهاتەكانیانبن، نەك وەك ئێستا كەتەنها چارەسەری گرفتە كۆمەڵایەتیەكانی ئەو پرۆژانە كاری بەرپرسانی ئیداری ناوچەكان بێت. 3- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بودجەی پترۆ دۆلارو گاز دۆلار بۆ خزمەتگوزاری ئەو سنورانە خەرجبكات كەپرۆژە نەوتی و گازیەكانی تێدایە بەهەماهەنگی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان، نەك وەك ئەوەی هەیە تەنها پیسكردنی ژینگەكەیان بەشی ناوچەكانەو سودمەندنابن لەهیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری. 4- هەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی 2018 ی وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم ئەو ڕێنماییانەی ڕێگری دروستدەكەن بۆ كاركردن بەیاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 5- پاڵپشت بە خاڵی یەكەم لەبڕگەی پێنجەم ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ، ئەنجومەنی پارێزگا هەیكەلی ئیداری و دارایی سەربەخۆی هەبێت بۆ ڕاییكردنی ئیش و كارەكانی. 6- ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەنوسراوی فەرمی داوا لەبانكی ناوەندی عیراق بكات كەلقی خۆی لەپارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجە بكاتەوەو سەرجەم بەربەرستە كارگێڕی و داراییەكانی كردنەوەی لەبەردەم هەڵبگیرێت، بەو پێیەی پێشتر ڕەزامەندی زارەكی هەبوەو لەئێستادا بانكی ناوەندی عیراق بۆ دەستپێكردنی هەنگاوەكانی داوای نوسراوی فەرمی دەكات . پێشنیازی دەسەڵات بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان 1- پێدانی دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی لەلایەن پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارەكان بەمەبەستی زیادكردن و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیداركان و دوای پەسەنكردنی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگاوە. 2- جێبەجێكردنی پرۆژە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەبودجەی ئاسایی + وەبەرهێنان + پەرەپێدان بەپێی ڕێنماییەكان و بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا. 3- پێكهێنانی لیژنەی گۆڕانكاری و پەسەندكردن و ئەنجامدانی گۆڕانكاری بڕگەكان بەپێی مەرجە گشتیەكانی كاری بەڵێندەرایەتی و ڕێنماییەكانی تایبەت بەپرۆژەكانی پەرەپێدان تا ڕێژەی 15% بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا. 4- پێدانی دەسەڵات بۆ گواستنەوە لەتەرخانكراوەكانی بودجەی ئاسایی و وەبەرهێنان و وەفرو پرۆژەكانی گەشەپێدانی هەرێمایەتی لەسنوری یەكە كارگێڕیەكان بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا. 5- پێدانی ماوەی زیادە بۆ پرۆژەكان بەپێی پێویستی. 6- دەسەڵاتی پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر هەموو فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، پاڵپشت بە بڕگەی حەوتەم لە ماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3 پارێزگاكان. 7- ڕێكخستنەوەی میلاكی فەرمانبەران لەنێوان فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای تایبەتمەندی و جۆری ئەركەكانیان، هەروەها دەرچواندنی فەرمانی دامەزراندنی فەرمانبەران وتەنسیبكردنیان لەسەرئاستی پارێزگا لەپلەی حەوتەم و بەرەوخوار لەپەیژەی پلەكانی فەرمانبەرێتی و چەسپاندنی فەرمانی دامەزراندن پاڵپشت بەخاڵەكانی بڕگەی شەشەم لەماددەی 19 ی یاسای ژمارە 3 پارێزگاكان و هەروەها پێدانی دەسەڵاتی دامەزراندن بەگرێبەست بەپێی پێویستی. 8- خەرجكردنی هاندان بۆ ئەوانەی كاردەكەن و بەشدارن لەپرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر تەرخانكراوی ڕێژەی بەدواداچون و سەرپەرشتیكردن. 9- كڕینی كەلوپەل و موجودات تابڕی (5000000) پێنج ملیۆن دینار. 10- بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل (شۆفڵ+گرێدەر+گەڵابە) لەكاتی پێویست هەروەها بەكرێگرتنی ئۆتۆمبێل بۆسەر پرۆژەكان لەسەر تەرخانكراوی ڕێژەی بەدواداچون بەمەبەستی سەرپەرشتیكردن. 11- پێدانی دەسەڵاتی (فرۆشتن+بەكرێدان)ی موڵك و ماڵی دەوڵەت بەپێی یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 1986 ی هەمواركراو. 12- خەرجكردنی كرێی ماندوبونی پارێزەران بەپێی بڕیاری دادگا. 13- ئیفادكرنی جێگرانی پارێزگارو جێگرانی سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان. 14- بەكرێگرتنی خانوو بۆ بەرژەوەندی گشتی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی كەپلە تایبەت و بەڕێوەبەری فەرمانگەن لەكاتی نەبونی موڵكی گشتی و بەپێی پێویست. 15- خەرجكردن و نوێكردنەوەی گشت دەرماڵە جێگیرو ناجێگیرەكان بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی میلاك لەسەرئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان 16- پێدانی سوپاس و پێزانین بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی میلاك لەسەرئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان 17- خانەنشینكردنی فەرمانبەران لەگشت پلەكان (جگە لەپلە تایبتەكان و بەڕێوەبەری گشتی و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە) پاش گەیشتنی بەتەمەنی یاسایی خانەنشینی و هەروەها خانەنشنیكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كۆچی دوایی دەكەن پێش وادەی یاسایی خانەشینبونی، هەروەها خانەنشینكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كەپێش تەواوبونی تەمەنی یاسایی وەزیفیان داوای خانەشین بوون دەكەن 18- دەسەڵاتی پێدانی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5)ساڵ و بەمووچەی تەواوەوە بۆ ماوەی ( 3) مانگ. پێشنیازی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبەرایەتیەكانی پۆلیس 1- پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی ئاسایی و پزیشكی و دایكایەتی بۆ ئەفسەرو پۆلیس و كارمەندان بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەپلەی عەقید بەرەو خوارەوە. 2- پێدانی دەسەڵاتی خەرجكردنی دەرماڵەی بڕوانامەو سەرەموچەی ئەفسەران و پارەی كۆكراوە لەپلەی عەمید بەرەو خوار. 3- دەسەڵاتی گواستنەوەو ئیستخدامی پۆلیس لەسنوری دەسەڵاتی كارگێری بەڕێوەبەرایەتیەكاندا 4- پێدانی دەسەڵاتی نوسینەوەی پەیوەندی پۆلیس لەدوای ماوەی فیراربونی. 5- پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی بێ مووچە رەِزامەندی لەسەر مۆڵەتی كۆكراوەو دەسەڵاتی ئیفادكردن. 6- پێدانی دەسەڵاتی پلە بەرزكردنەوە تاپلەی مفەوەزی دەرەجە یەك. 7- پێدانی دەسەڵاتی دروستكردنی ناسنامە. 8- پێدانی دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی پەیكەری كارگێڕی و كردنەوەی بەشی نوێ بەپێی پێویست. 9- پێدانی دەسەڵاتی دیاریكردن و ڕێكخستنەوەی میلاك و پڕكردنەوەی شاغیر. 10- پێدانی دەسەڵاتی هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆیی و بیانیەكان بەمەبەستی كردنەوەی خولی گەشەپێدان. 11- پێدانی دەسەڵاتی ڕەوانەكردنی تۆمەتبارو تاوانبار بۆ ئەو شوێنانەی بەفەرمی داواكراوە. 12- پێدانی دەسەڵات گشتاندنی فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتباران بۆ دەروازەو خاڵە سنوریەكان 13- پێدانی دەسەڵاتی پەیوەندی لەگەڵ پۆلیسی ئەنتەرپوڵ 14- پێدانی دەسەڵاتی كڕینی چەك و تەقەمەنی و بەكارهێنانەوەی چەكی دەستبەسەراگیراو بەگوێرەی فەرمانی دادگا. 15- پێدانی دەسەڵاتی تەلەف كردن بۆ ئۆتۆمبێل و كەلوپەل. 16- پێدانی دەسەڵاتی كڕینی ئۆتۆمبێل و سوتەمەنی و جل و بەرگ و كەلوپەل و پێداویستی دیكە. 17- پێدانی دەسەڵاتی پەسەندكردنی ئەنجامی بڕیاری ئەنجومەنی لێكۆڵینەوە. 18- لەكاتی دروستكردنی هەر لیژنەیەك لەوەزارەت كە پەیوەندی بەپۆلیسی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانەوە هەبێت نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پەیوەندیداری تێدابێت. 19- پێدانی دەسەڵاتی پەسەندكردنی جێبەجێكردنی ڕێنمایی و مەرجەكانی بەرگری شارستانی لەكاتی دروستكردنی باڵەخانەی نوێی نیشتەجێبون و بازرگانی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانەوە. 20- پێدانی دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی و پەسەندكردنی مۆڵەتی كردنەوەی نوسینگەكانی شۆفێری و مۆڵەتی پرۆژە پەیوەندیدارەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پەیوەندیداری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان. پێشنیازی دەسەڵات بۆ سێكتەرە جیاواز و فەرمانگە خزمەتگوزاریەكان 1- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بەكرێدانی ڕاستەوخۆ بەپێی خەمڵاندن بەپێی یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 1986 بەزیادكردنی ئاشكرا بۆ ڕوبەرێكی دیاریكراوی گونجاو بۆ هەندێك پرۆژەی بچوك و سادە كەلەلایەن هاڵاتیانەوە داواكاری لەسەرە لەناو پارك و باخچەو شۆستەی شەقامەكان بەشێوازی كۆشك یا دامەزراوەیەك بێت یان بۆ ئەو پرۆژانەی كەبچوكن یان بیرۆكەی نوێ و نایابن بەمەرجی پاراستنی ماف و ئەولەویەتی خاوەن بیرۆكەكە، كەهیچ ڕێگریەك و ئەركێكی دارایی و یاسایی بۆ شارەوانیەكان دروستناكات نەلەئێستاو نەداهاتوو وەئەمەش هیچ جۆرە زەویەكی نیزامی پرۆژەكانی بەكرێدان و موساتەحەو وەبەرهێنان ناگرێتەوە. 2- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بەكرێدانی (پارچە زەوی بەڕوبەری ئەندازەیی دیاریكراوی گونجاو) لەپاركەكانی ناوسنوری ماستەرپلانی شارەكان و باخچەكان و ئەو شوێنانەی ژمارەی ئیفرازكراوی نییەو لەو سێكتەرانەی ناو ماستەر پلانی شارەكان سنوری بۆ دیاریكراوە بەپێی نەخشەی پەسەندكراوی ماستەر پلانی شوێنەكە بەشێوازی (بەكرێدانی درێژخایەن)موساتەحەو وەبەرهێنان. 3- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانوستاندن بۆ هەندێك كاری بازرگانی بەشێوازی (مساهمە) هاوبەش لەگەڵ سەرمایەدارو كۆمپانیاو هاوڵاتیان بۆ نۆژەنكردنەوەو برەودان بەو موڵك و ماڵانەی شارەوانی كەپێگەی ستراتیژی و نایابیان هەیە بەمەبەستی زیادكردنی داهات و هەلی كارو جوانكردنی سیمای شار. 4- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئەنجامدانی گرێیەست بۆ ئەو یاساناسانەی كەشارەزاییان هەبێت لەبواری كاروباری كێشەكانی شارەوانی. 5- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ خەرجكردنی پارەی ئیستیملاك یان جیاوازی نرخی زەوی خەمڵێنراو هەروەها دەسەڵاتی تەقسیت كردنی پارەی جیاوازی نرخی خەمڵێنراو لەدادگا بەپێی یاسای ژمارەی 12ی ساڵی 1981 7- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئیفرازكردن و گۆرٍینی ڕەگەزی زەوی (جگە لەسەوزایی) بەهەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەپەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا. 8- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ زیادكردنی ڕێژەی خەرجكردنی داهاتی غەرامات بەمەبەسەتی پاداشتكردن و خواردنی ڕۆژانەی چاودێرانی زیادەڕەوی. 9- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنی داواكار بەشێوازی (موساتەحە، وەبەرهێنان) بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ستراتیژی و پێویست و نوێ. 10- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردن و خەرجكردنی تێچووی پرۆژەكان لەسەر بودجەی (داهات و فرۆشتنی زەوی). 11- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەلەجیاتی دانانی فەرمانبەرانی گرێبەستە كاتیەكان بەجێگرەوەكانیان لەچوارچێوەی ئەو ژمارەیەی كەساڵانە ڕەزامەندی بۆ دەردەبڕدرێت بەهەماهەنگی ئەنجومەنی پارێزگا. 12- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپێدانی مۆڵەتی بێ موچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5)ساڵ. 13- دەسەڵاتی مۆڵەت بەمووچەی تەواو بۆ ماوەی (3 )مانگ. 14- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕینی ناونیشانی شۆفێری كاتی لەئامێرێكەوە بۆ ئامرێكیتر. 15- پێدانی دەسەڵات بە سەرجەم شارەوانیەكانی سنوری پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕینی ناونیشان و پسپۆڕی گرێبەستە كاتیەكان و پێدانی مافی مۆڵەتی ئاسایی و نەخۆشی و پێش و دوای منداڵبون و بێموچە. پێشنیازی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان 1-پێدانی دەسەڵاتی مۆڵەتی بێ مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی (5) ساڵ ، ڕەزامەندی لەسەر پچڕانی مۆڵەتی بێ مووچەو دەستبەكاربونەوەی. 2- دەسەڵاتی مۆڵەت بەمووچەی تەواوەوە بۆ ماوەی ( 3)مانگ. 3- دەسەڵاتی مۆڵەتی بەخێوكەر بەپێی ڕاپۆرتی پزیشكی. 4- خانەنشینكردنی فەرمانبەران لەگشت پلەكان پاش گەیشتنی بەتەمەنی یاسایی خانەنشینی و هەروەها خانەنشنیكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كۆچی دوایی دەكەن پێش وادەی یاسایی خانەشینبونی و ترقین قیدكردنی فەرمانبەرانی كۆچ كردوو، هەروەها خانەنشینكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كەپێش تەواوبونی تەمەنی یاسایی وەزیفیان داوای خانەشین بوون دەكەن. 5- دەسەڵاتی گواستنەوەو تەنسیبكردنی فەرمانبەران و دەسەڵاتی ڕێكخستنەوەی میلاك لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیدار. 6- دامەزراندنی كارمەند بەشێوەی گرێبەستی كاتی تاماوەی پێویست 7- دەسەڵاتی شاندكردنی فەرمانبەران بۆ دەرەوەی وڵات لەكاتی پێویست 8- دەسەڵاتی پێدانی وەكالەتنامەی تایەبت و گشتی بەفەرمانبەرانی یاسایی. 9- پێشنیاز بۆ گۆڕینی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەكان بەڕەزامەندی پارێزگارو سەرپەرشتیاری ئیدارەكان. 10- دەسەڵاتی ئەنجامدانی گرێبەستی پرۆژەكان تابڕی (2)دوو ملیار دینار بۆ هەر پرۆژەیەك و دەسەڵاتی پێوانەی كۆتایی ئەو پرۆژانە تاهەمان بڕ. 11- دەسەڵاتی بەكرێدان و بەشبەشكردن (تقسیت)كردنی كرێی ساڵانە. 12- دەسەڵاتی فرۆشتنی موادی لەكاركەوتوو خەمڵاندنیان بەبێ دیاریكردنی بڕی پارەی مەوادەكان. 13- دەسەڵاتی گۆڕانكاری لەپرۆژەدا بەڕێژەی 15% ی بودجەی بنەڕەتی گرێبەستی پرۆژەكە. 14- دەسەڵاتی پێدانی ماوەی زێدەگی بەپرۆژەكان بەپێی پێویست. 15- دەسەڵاتی پێكهێنان و ڕەزامەندی لەسەر ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵینەوە. 16- پێدانی هاندان و سوپاس و پێزانین. 17- دەسەڵات بدرێتە بەرٍێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی لیژنەكانی خەمڵاندن و فرۆشتن، بۆ هەر بڕێك بێت لەدەسەڵاتی خۆیاندابێت. 18- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەمەبەستی فەرمانی ئیفادكرنی خۆیان. 19- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ علاوەو ترفیع ی فەرمانبەران بەپێی بونی ڕێنماییەكان. 20- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ئاڕاستەكردنی نوسراو بۆ وەزارەتەكان و وێنەیەك بدات بەوەزارەت یان دەستەكەی خۆی. 21- پێدانی دەسەڵات بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە پاداشتكردنی فەرمانبەران و ئەوانەی فەرمانبەرنین (غیر عاملین) تابڕی (300000)سێ سەد هەزار دینار بەرامبەر كارێكی ناوازەو خزمەت بێت بەبەرژەوەندی گشتی بەمەرجێك دوبارە نەبێتەوە بەپێی یاساو ڕێنماییەكان. 22- دەسەڵات بدرێت بەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەو ڕأگرتنی خەرجكردنی مووچەو پێدانی پشتگیری لەئاستی پارێزگادا. 23- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی نرخی هاندراوی زەوی. 24- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ پەسەندكردنی ماوەو كرێی مساتەحە. 25- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ فراوانكردنی پرۆژە بە چالاكی + سەرمایە+ زەوی+ زیادكردنی هێڵی بەرهەمهێنان 26- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گۆڕانكاری پرۆژە لەهەمان سێكتەر بەمەرجێك لەتواناو نیشاندەرە ئابوورییەكانی كەم نەكاتەوە. 27- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی سەرەتایی بۆ پرۆژەی كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری و سەرجەم كەرتەكانی دیكە. 28- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ واژوكردنی گرێبەستی ڕاوێژكاری. 29- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە ڕەزامەندی دریًژكردنەوەی ماوەی پرۆژەكان بەپاساوی یاسایی و هونەری. 30- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی تەنازول كردن لەسەرجەم یان بەشێكی پرۆژە بۆ كەسێكیتر بەپێی یاساو ڕێنماییەكان. 31- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپەسەندكردنی ڕەهنی موڵك لەبری ختاب زەمان یان هەڵوەشاندنەوەی ختاب زەمان لەپاش بونی سەرجەم مەرج و ڕێكارە یاساییەكان. 32- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ دانان و لابردنی هێمای مامەڵەنەكردن لەسەر زەوی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەپێی یاساو ڕێنمایی. 33- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەنوێنەرایەتیكردنی بەڕێوبەری گشتی لەبەردەم دادگاو وەزارەت و فەرمانگەكان و كردنەوەی بریكارنامە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیەكان بەمەبەستی داخڵ بون لەداوا یاساییەكان وەك داواكار یان داوا لەسەركراو یان لایەنی سێهەم. 34- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ كردنەوەی بریكارنامە بۆ پارێزەران لەو داوایانەی كەدەسەڵاتی فەرمانبەری یاسایی نییە. 35- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان پاكتاوكردنی پێشینەی كۆتایی پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەسەر تەرخانكراوی پشتیوانكراو لە خەرجیەكانی پرۆژەكان بەپێی بڕگەكانی گرێبەست و ڕێنماییە داراییەكان 36- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ بانگەوازی جێبەجێكردنی پرۆژەكان و كردنەوەو شیكردنەوەی تەندەرو ئیحالەكردنی بەپێی ڕێنماییەكان و جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتیەكان. 37- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە خەرجكردنی پێشینە بۆ كۆمپانیاو بەڵێندەرەكان بەپێی بڕگەكانی گرێبەست بەڕەچاوكردنی مەرجە گشتیە كارپێكراوەكان و ڕێنمایی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومیەكان. 38- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە خەرجكردنی قەرەبوی هاوڵاتیان لەسەر بودجەی ئاسایی. 39- پێدانی دەسەڵات بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بەپێدانی دەسەڵات بۆ واژووكردنی گرێبەست لەسەر بودجەی ئاسایی+وەبەرهێنان. 40- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بە پێدانی دەسەڵاتی گرێبەستكردنی زەوی كشتوكاڵی و هەڵوەشاندنەوەی لەگەڵ جوتیارو هاوڵاتیاندا. 41- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گرێبەستكردنی زەوی بەردەڵان بەپێی بڕیاری 395 ی ساڵی 1983 (بناری چیاكان)بۆ باخ و ڕەزو میوەی دێمەكار كە چەند ساڵێكە بێ هیچ پاساوێكی یاسایی ڕاگیراوە كەبۆتە هۆی دیاردەی زیادەرۆیی هەروەها دەسەڵاتی گواستنەوەی گرێبەستەكە بۆ كەسێكیتر یاخود هەڵوەشاندنەوەی. 42- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ تەرخانكردن و دەستهەڵگرتن لەزەوی میری وەك زەوی بەردەڵان و لەوەڕگاو زەوی كشتوكاڵی بۆ بەرژەوەندی پرۆژەی هاوڵاتیان و دامودەزگاكانی حكومەت. 43- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ تەرخانكردن و گرێبەستكردنی زەوی بۆ پرۆژەكانی پەلەوەرو ماسی و ئاژەڵداری كەلەلایەن هاوڵاتیانەوە ئەنجامدەدرێت. 44- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ گواستنەوەو هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دابەشكردنی زەوی كەدراوە بەجوتیاران. 45- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ مۆڵەتی پرۆژەكانی پەلەوەری و گاوداری و حەوزی ماسی و جوجك هەڵهێنەرو كارگەی ئالیك هەروەها نوێكردنەوەو گواستنەوەو هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكان یاخود گۆڕینیان بۆ پرۆژەیەكیتر. 46- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ ڕێگەپێدان بەهاوڵاتیان و جوتیاران بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو پەلەوەرو گۆشتی سورو گۆشتی مریشكی بەستوو هێلكەی خواردن و شیرو ماسی فرێش و زیندوو بەستو و پەین و ئالیك و پێكهاتەكانی بەهەموو جۆرەكانیەوە، هەروەها دەسەڵاتی ڕێگەپێدان بۆ هاوردەكردنی كەرەستە و پێداویستی كشتوكاڵی، بەلەبەرچاوگرتنی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو و بەپێی یاساو ڕێنماییەكان. 47- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ نۆژەنكردنەوەی بینای خوێندنگەكان تابڕی (250000000) دوسەدو پەنجا ملیۆن دینار. 48- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ خەرجكردن و كۆكردنەوەی داهاتی فرۆشگای خوێندنگاكان. 49- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ كڕینی كەلوپەل و پێویستی خوێندنگاكان. 50- دەسەڵات بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكان لەسەر بودجەی مەڵبەندەكانی كێش (قەپانەكان). 51- فڕۆكەخانەی نێدەوڵەتی سلێمانی لەسەر وەزارەتی گواستنەوە لاببرێت و هەمان مامەڵەی كارگێڕی و دارایی فڕۆكەخانەی هەولێری لەگەڵ بكرێت. 52- پێدانی دەسەڵات بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سلێمانی بۆ بانگهێشتكردنی ڕاستەوخۆی كۆمپانیاكانی تایبەتمەند لەبوارەكانی فڕۆكەخانەو فڕۆكەوانی و واژۆكردنی گرێبەست بەمەبەستی (ڕاوێژكاری ، دانان، چاكسازی، گۆڕین، تێستكردن)ی سیستەم و ئامێرو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانی فڕۆكەخانەو ئەنجامدانی (flight calibration) بۆ ئامێرە فڕۆكەوانیەكان بەپێی هاتوو لەپاشكۆكانی (ICAO) دوای وەرگرتنی ئۆفەرەكانیان بۆ هەرحاڵەتێك بەبێ ئەوەی پێویست بە تۆماركردنی لقی كۆمپانیاكانیان لە هەرێم بكات و پێویست بەپێدانی تەئمیناتی سەرەتایی گرێبەستەكان ناكات و پێدانی دەسەڵات بۆ خەرجكردنی ڕێژەی پێشەكی پێشینەكانیان تابڕی 50% تێچوی گرێبەستەكە وە لیژنەی تایبەت لەفڕۆكەخانە پێكبهێنرێت بۆ هەر بابەتێك لەو بوارانەی كەلەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە بڕیار لەسەر پێداویستیان بدات. 53- پێدانی دەسەڵات بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ بانگەوازو جێبەجێكردنی پرۆژەكانی تایبەتمەند بەفڕۆكەخانەو بواری سەلامەتی فڕۆكەوانی و كردنەوەو شیكردنەوەو ئیحالەكردنی تەندەرەكان بەپێی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە گشتیەكان، هەروەها پێدانی دەسەڵات بۆ خەرجكردنی بڕی تێچونی ئەو گرێبەستانەی واژوو دەكرێن. 54- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كڕینی ڕاستەوخۆی سیستەم و ئامێرو پێداویستیەكانی فڕۆكەخانە كەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بەبوارەكانی سەلامەتی گەشتیاران و فڕۆكەوانیەوە بەپێی پێوەرو ڕێنماییە نێودەوڵەتیەكان (ICAO). 55- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ دامەزراندن و واژووكردنی گرێبەستی كاتی بۆ پسپۆڕو شارەزاو ئەندازیارو كارمەندو كرێكار تاماوەی (6)مانگ كەشایەتی نوێكردنەوەبێت. 56- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ مۆڵەت بەهێڵە ئاسمانیەكان. 57- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كردنەوەو داخستنی بارودۆخی كەش بەهۆی زروفی نائاسایی. 58- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕەزامەندی لەسەر دابەزینی فڕۆكە لەكاتی پێویست. 59- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ گواستنەوەو تەنسیبكردنی فەرمانبەران و دەسەڵاتی كردنەوە یان جیاكردنەوە یان دەمجكردنی بەڕێوەبەرایەتی و بەش و هۆبە تایبەت لەهەیكەلی ئیداری فڕۆكەخانە. 60- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ واژوو كردنی پەیوەستنامە لەگەڵ كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكاندا دوای ئەوەی مۆڵەتی وەبەرهێنان وەردەگرن بۆ جێبەجێكردنی پرۆەژەكانیان لەناو فڕۆكەخانە. 61- پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ شرۆڤەكردن و واژوو كردنی گرێبەستی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنەكانی تایبەت بەڕێكخستنی خولی ڕاهێنان بۆ كارمەندانی فڕۆكەخانەو یەكە یاریدەدەرەكانی فڕۆكەخانە. ئەو سێكتەرانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیان لەئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا نییە پێشنیازدەكەین بە: 1-كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆیان لەسەر ئاستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان. یان 2- هەمان ئەو دەسەڵاتانەی كەدەدرێت بەبەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان، بدرێت بەو بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگانەی كە گشتییەكانیان لەپایتەختە. كۆتایی...
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت زیاتر لە (هەزارو 100) كەس لە هەرێمی كوردستان بەپلەی وەزیرو پەرلەمانتارو پلە تایبەتەكان خانەنشینكراون، ساڵانە زیاتر لە (60 ملیار) دینار بۆ موچەی خانەنشینی ئەم كەسانە دەڕوات، دوای چەندین ساڵ ناڕەزایەتی لە شەقامو میدیاكان دژی زۆری موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، لە یاسای چاكسازیدا هەنگاوێك هەڵگیرا بەئاڕاستەی پێداچوونەوە بە موچەی خانەنشینی ئەم توێژەدا، پلەباڵاكان كێن ؟ لە یاسای چاكسازیدا خانەنشینییەكەیان چی لێدێت ؟ زیاتر لە (450) پەرلەمانتاری خانەنشین لە كوردستاندا هەن، یاسای چاكسازی رێگەی پێداون ئارەزومەندانە دەستبەرداری خانەنشینییەكەیان ببن، چەند كەس خانەنشینی رەتدەكەنەوە ؟ پلەباڵاكان كێن ؟ پرسی زۆری موچەی پلەباڵاكان لەدوای ساڵی 2005و یەكخستنی حكومەت سلێمانیو هەولێرەوە، وردە وردە بووەتە جێگەی باسی گەرم لە شەقامدا، لەو ساڵانەدا بۆیەكەمجار میدیای ئەهلی لە سلێمانی بە مانشێتی گەورە دەستی بۆ ئەم بابەتە بردو رەخنەی لێ گرت، بەڵام هیچ كات رەخنەكان حكومەتی ناچار نەكرد پێداچونەوە بە زۆری موچەی پلە باڵاكاندا بكات. بەپێی یاسای چاكسازی لە موچەو دەرماڵەو خانەنشینیی پلەباڵاكان كە لە خولی ئێستای پەرلەماندا پەسەندكراو ئەمڕۆ كەوتەبواری جێبەجێكردن، پلەباڵاكان بریتین لەو كەسانەی لە یەكێك لەم پۆستانەدا كار دەكەن یاخود كاریان كردووە یاخود ئەو پلانەیان پێدراوە: • سەرۆكی هەرێمی كوردستانو جێگرەكانی • سەرۆكی پەرلەمانو جێگرەكانی • سەرۆكی حكومەتو جێگرەكانی • ئەندامانی پەرلەمانو وەزیرەكانو ئەوانەی بەپلەی ئەوانن • بریكارەكانی وەزارەتو ئەوانەی بە پلەی ئەواننو ئەوانەی موچەی بریكاری وەزیر وەردەگرن • خاوەن پلەتایبەتەكان • بەڕێوەبەرە گشتییەكانو ئەوانەی بەپلەی بەڕێوەبەری گشتیو ئەوانەی موچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن • سەرۆكی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم • گشت ئەو كەسانەی كە بەپێی خشتەی كارپێكراوی موچە لە هەرێمی كوردستان موچەیو دەرماڵەی هەردوو پلەباڵای (ا)و (ب) لەسەر میلاكی (شارستانیو سەربازیو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ) وەردەگرن كورتەیەكی مێژوویی لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو پێش كابینەی هەشتەم واتە بەر لە دەستبەكاربوونی كابینەی ئێستا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا): • 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون • هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە • 163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر • 506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون • 44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیرو 260 بەڕێوەبەری گشتیو 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراونو كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە • كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە خانەنشینی پلەباڵاكان لە یاسای چاكسازیدا بەپێی ئەوەی لەیاسای چاكسازیدا هاتووە، هەموو ئەو كەسانەی كە پلەباڵان بەبێ رەچاوكردنی تەمەنو ساڵی خزمەت، موچەی خانەنشینی دەیانگرێتەوە، بەڵام یاساكە وەكو یەكەم هەنگاو دوو رێوشوێنی بۆ موچەی خانەنشینی ئەم توێژە دیاریكردووە ئەمشێوەیە: • ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە بەپێی یاسای چاكسازی، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدا نییە، بەرێژەی (15%) بۆ (25%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، جگە لە حكومەتو دامەزراوەكانی تر كە پلە باڵاكانیان تێدایە، تەنیا لەم خولەی پەرلەماندا ئەوانەی ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوەو مەرجی یاساییان تێدا نییە ژمارەیان (77) پەرلەمانتارە، ئەمە جگە لە پەرلەمانتارە خانەنشینەكانی خولەكانی پێشتر. - نمونەیەك بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووەو مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییەو تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێتو لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت، خۆ ئەگەر بڕوانامەشی نەبێت لە كەمترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی بەپێی یاساكە دەگاتە زیاتر لە (ملیۆنێكو 700 هەزار) دینار. • ئەوانەی مەرجیان تێدایە بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدایە، بەرێژەی (15%) بۆ (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، تەنیا لە پەرلەمان، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارەو موچەی خانەنشینییان نابێت زیاتر بێت لە 50%ی كۆی ئەو موچەیەی ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرن. - نمونەیەك بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەمەنی (45) ساڵی تەواوكردووەو (15) ساڵیش خزمەتی بواری گشتی هەیە، ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێتو (30) ساڵ خزمەتی هەبێت، بەرێژەی (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لەكۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا موچەیەكەیەتی لە پەرلەمان، بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار خانەنشین دەبێت. تێچووی ماددەكە بە پارە بەپێی راپۆرتی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، تێچووی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بەشێوەیەكی گشتی تەنیا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەپێی ئەوەی لە یاساكەدا پەسەندكراوە، مانگانە (295 ملیۆن) دینار لە بودجەی حكومەت دەبات، لە حاڵێكدا ئەگەر موچەی خانەنشینی ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە لە یاساكەدا بەتەواوەتی رەتبكرایەتەوە، مانگانە تێچوونی خانەنشینی ئەم خولەی پەرلەمان (135 ملیۆن) دینار دەكەوت، واتە ئەگەر موچەی خانەنشینی ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە لە پەرلەمان رەتبكرایەتەوە، تەنیا بۆ ئەو خولە مانگانە (160 ملیۆن) دینار زیاتر بۆ حكومەت دەگەڕایەوە. دەرگای موزایەدە داخرا لەماوەی رابردوودا هەندێك لە پەرلەمانتاران كە رەخنەیان لە زۆری موچەی پلەباڵاكان دەگرت، تۆمەتباردەكران بەوەی تەنیا موزادەیە دەكەن، لە یاسا پەسەندكراوەكەدا بەپێی چەند بڕگەیەك دەرگای موزایەدەكردن داخراوە، بەمشێوەیە: • ئەوانەی نایانەوێت موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان وەرگرن، دەتوانن بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە دەستبەرداری خانەنشینی پلە باڵا ببن، رێكاری هەڵوەشاندنەوەی موچەی خانەنشینی دیاریكراوە بەوەی ئەو كەسە (30) رۆژ دوای بەركاربوونی یاسا نوێیەكە داواكارییەك پێشكەشی دیوانی پەرلەمان بكاتو داوای هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی بكات. • یاساكە رێكارێكی تری بۆ ئەو كەسانە دیاریكردووە كە بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە موچەی خانەنشینی پەرلەمان رەتدەكەنەوەو دەگەڕێنەوە بۆسەر وەزیفەی پێشوویان لە حكومەت، ریكارەكەش ئەوەیە پەرلەمانی ماوەی خزمەتی پەرلەمانیی بۆ مەبەستەكانی سەرەموچەو بەرزكردنەوەی پلە بۆ ئەو كەسانە دەكات. كێ موچەی خانەنشیی رەتدەكاتەوە؟ تەمەنی پەرلەمان لە كوردستان پێنج خولە، جگە لە خولی ئێستا كە ئەندامەكانی هێشتا لە كاردانو خانەنشین نەكراون، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە چوار خولی رابردوودا خانەنشین بوون زیاتر (450) كەسە، ئەمانە بەر لە دەرچوونی یاسای چاكسازی، مانگانە بڕی (6 ملیۆنو 400 هەزار) دیناریان وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرت، بەكۆی گشتی موچەی خانەنشیی ئەم كەسانە مانگانە (2 ملیارو 880 ملیۆن) دیناری لەسەر بودجەی گشتی دەكەوت، لەناو ئەم توێژەدا لە ساڵانی رابردوودا هەندێك كەس هەبوون بانگەشەی ئەوەیان دەكرد دەیانەوێت موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاری رەتبكەنەوەو بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشووی خۆیان، بەڵام یاسا رێگەیان پێنادات، ئێستا لە یاسای چاكسازیدا ئەو دەرفەتەیان پێدراوە دەستبەرداری خانەنشینییەكەیان ببن، ئایا چەند كەس خانەنشینییەكەی رەتدەكاتەوە ؟ ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان لە یاسای چاكسازیدا ماددەی ژمارە (7)ە، ئەم ماددەیە بەدەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- شیوعیو پێكهاتەكان) تێپەڕیو پەسەندكرا. بەڵام سەرباری ئەمەش لەناو ئەو فراكسیۆنانەی كە تەبەنی ماددەكەیان كردو پێشتر رێككەوتنیان لەسەر كردبووە، ژمارەیەك پەرلەمانتار هەبوون كە دەنگیان بە ماددەكە نەداو باسیان لەوەكرد موچەی خانەنشینی رەتدەكەنەوە، ئەوانەی بانگەشەی ئەوەیان كرد خانەنشینی رەتدەكەنەوە، ماوەی مانگێكیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی قسەكەیان بكەن بە كردارو فۆڕمی رەتكردنەوەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینیی پڕبكەنەوە. لەیەكەم رۆژی وادەی یەك مانگەكەدا، (8) پەرلەمانتاری خولی ئێستا فۆڕمیان پڕكردەوەو وەرگرتنی موچەی خانەنشینییان رەتكردەوە، ئەوانەی موچەی خانەنشینییان رەتكردەوە بریتین لە: • عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان • شایان عەسكەری ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان • شیرین ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان • كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ • كاوە عەبدولقادر ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ • سیپان ئامێدی ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ • مژدە مەحمود ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ • سیروان بابان پەرلەمانتاری سەربەخۆ سەرۆكی حزبەكانو موچەی خانەنشینی سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كە هەندێكجار دەستەواژەی "سەركردایەتی سیاسی كورد"یان بۆ بەكاردەهێنرێت، زۆربەیان بەپلەی باڵا خانەنشینن، یاسای چاكسازی لە خانەنشینی پلەباڵاكان گۆڕانكاری لە موچەكانیاندا دەكات، بەشێوەیە: • مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، بارزانی (12) ساڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووە، بەپێی یاساكە موچەی مانگانەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (11ملیۆنو 250 هەزار) دینار. • هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (لاهور شیخ جەنگیو باقڵ تاڵەبانی) موچەی پلەباڵایان نییە، بەڵام كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، كۆسرەت رەسوڵ ماوەی (12) ساڵ جێگری مەسعود بارزانی بووە لە سەرۆكایەتی هەرێم، بەپێی یاساكە موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (9 ملیۆنو 750 هەزار) دینار. • عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو پەرلەمانتار بووە، بەڵام بە پلەی (وەزیر) خانەنشین كراوە، یاساكە موچەی هەموو ئەو كەسانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە بەپلەیەك خانەنشین كراون كە كاریان تێدا نەكردووە، بۆیە لەهەموو حاڵەتەكاندا خانەنشینی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێندرێتەوە بۆسەر خانەنشینی پەرلەمانتارییەكەی، بەپێی یاساكە موچەی مانگانەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار. • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا پەرلەمانتار بووە، دواین پلەی حكومی كە وەریگرتووە پلەی وەزیری بووە، بۆیە بەپلەی وەزیر خانەنشین كراوە، بەپێی یاساكە موچەی مانگانەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار. • كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو وەزیر بووە لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەپلەی وەزیر خانەنشینە. • سكرتێری حزبی شیوعی بڕوانامەی دكتۆرای هەیە، واتە دەرماڵەی بڕوانامە دەیگرێتەوە، كە یاساكە بەرزترین پۆینتی بۆداناوە بڕوانامەی دكتۆرا داناوەو بەرێژەی (8%)ی كۆی موچەو دەرماڵەیە، كاوە مەحمود تەنیا (4) ساڵ خزمەتی هەیە، واتە مەرجی ساڵانی خزمەتی تێدا نییە كە (15) ساڵە، ئەگەر خزمەتی تریش بگەرێنێتەوە بۆسەر راژەكەی لەبەرزترین ئاستدا (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار موچەكەی دەبێت، لە كەمترین ئاستیشدا موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبێت. • ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەوە بەر لەوەی لە كۆمەڵی ئیسلامی جیاببێتەوە، لەسەر لیستی كۆمەڵ پەرلەمانتاری كوردستان بوو، لەباشترین حاڵەتدا ئەگەر مەرجی تەمەنو بڕوانامەی بەرزی هەبێت موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت (4 ملیۆنو 100 هەزار)، خۆ ئەگەر هەموو مەرجەكانیشی تێدا نەبێت لە كەمترین ئاستدا بڕی (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەردەگرێت. • بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتار بووە، بەپێی یاسا نوێیەكە بەلەبەرچاوگرتنی ساڵانی خزمەتو بڕوانامە لەبەرزترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەكەی (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبێت. • باپیر كامەلا سەرۆكی پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، بەلەبەرچاوگرتنی مەرجەكانی تەمەنو ساڵی خزمەت لەبەرزترین ئاستدا بەپێی یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار. • محەمەد بازیانی رێكخەری گشتی بزافی چاكسازیو گەشە یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لە كابینەی حكومەتی هەرێم- هەولێر لە ساڵی 1996 وەزیر بووە، ئێستا بەپلەی وەزیر خانەنشینە، بەلەبەرچاوگرتنی تەمەنو ساڵی خزمەت لە بەرزترین ئاستدا بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی، موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار. • ئەوانی تر- سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی یاسای چاكسازی هەرێم نایانگرێتەوەو موچەی خانەنشینییەكەیان لەسەر حكومەتی عێراقە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێو عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان نایگرێتەوە، هیچ موچەیەكی خانەنشینیان لە كوردستان نییە. • سەرباری ئەمانە، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردایەتی پارتە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی باڵا خانەنشین كراون، لەكاتێكدا زۆربەیان رۆژێك لە رۆژان هیچ پلەیەكی حكومییان نەبووە، بەپێی یاسا نوێیەكە دەبێت موچەكانیان ببڕدرێت.
راپۆرت: CTP خانەوادەی “زەیتوون” لەگەڵ ئەندامانی “سی پی تی”دا. كاك “قادر” باوكی زەیتوون لەلای ڕەستی وێنەكە وەستاوە. “عەلی” كە بەهۆی تۆپبارانەكەی ئێرانەوە برینداربوو، لە ناوەڕاستی وێنەكەیە و لەسەر كورسیەكی ویلدار لە تەنیشت خاتوو “بەیانی” دایكیەوە دانیشتووە. خانەوادەی “زەیتوون” لەگەڵ ئەندامانی “سی پی تی”دا. كاك “قادر” باوكی زەیتوون لەلای ڕەستی وێنەكە وەستاوە. “عەلی” كە بەهۆی تۆپبارانەكەی ئێرانەوە برینداربوو، لە ناوەڕاستی وێنەكەیە و لەسەر كورسیەكی ویلدار لە تەنیشت خاتوو “بەیانی” دایكیەوە دانیشتووە. خێزانێك كە منداڵێكی ١٨ ساڵانەیان لێ شەهیدكراوە بەهۆی تۆپبارانكردنی ئێرانەوە داوای هاوكاری دەكەن بۆ چارەسەركردنی كوڕە بریندارەكەیان. “زەیتون” تەمەنی ١٨ ساڵان بوو كاتێك تۆپبارانەكانی ئێران كۆتاییان بە ژیانی هێنا. كاك “قادر” كە باوكی زەیتوونـە بە "سی پی تی" ڕاگەیاند كە "ئەگەر لە ژیاندا بوایە ئەوا ئەمساڵ قۆناغی ئامادەیی بەشی زانستی تەواو دەكرد"! لەپاشنیوەڕۆی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٩ زەیتون تازە دەستی كردبوو بە ئامادەكردنی نانی نیوەڕۆ بۆ خۆیی و برایەكانی، "سیروان"ی ١٦ ساڵ و "عەلی"ی ٢١ ساڵ. كاتێك تۆپبارانەكان لە نزیك بێستانی تەماتە و خەیاری ئەو خێزانە لە بەرزاییەكانی گوندی "بەربزین" دەستیان پێكرد كە دەكەوێتە ناحیەی "سیدەكان". زەیتون و دوو برایەكەی بە تەنها لە كێڵگەكە مابوونەوە و ئەندامانی دیكەی خێزانەكەش چوبوون بۆ بەشداریكردن لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی دۆستێكیان لە "دیانا". زەیتوون قادر تەمەنی ١٨ ساڵ بوو كاتێك لە ١٠ی تەموزی ٢٠١٩دا تۆپبارانەكانی ئێران كۆتاییان بە ژیانی هێنا. بەپێی وتەی دانیشتوانی ناوچەكە، هێزەكانی ئێران ناوچەی "بەربزین"یان بۆ ماوەی زیاتر لە كاژێرێك بە ٤٠ تۆپ ببۆردوومانكرد، یەكێك لە تۆپەكان ئەم خێزانە دەپێكێت و زەیتون شەهید دەبێت و عەلی و سیروانیش زۆر بە سەختی بریندار دەكات. پزیشكەكان ١٦ ساچمەیان لە جەستەی "عەلی" دەرهێنا. چاوێكی بەتەواوی لەدەست داوە و قاچ و پێیەكانیشی بە سەختی بریندار بوون، ساچمەیەكیش بەر ئەنیشكی سیروان كەوتووە. خێزانی زەیتوون وەكوو زۆربەی خانەوادەكانی دیكەی باشووری كوردستان كە لە ناوچە سنوورییەكان دەژین، كۆچ دەكەن و كوێستان و گەرمیانیان هەیە لە نێوان شار و گوند. ئەم خێزانەش وەكوو زۆرێك لە خێزانەكان تەنیا سێ مانگی هاوین دەڕۆن بۆ كوێستانەكان و كاتەكانی دیكە لە شاری دیانا ژیانیان بەسەر دەبەن و زەیتون و خوشك و برایەكانی هەر لەوێش درێژەیان بە خوێندنەكەیان داوە و چوون بۆ خوێندنگە. لە سێ مانگی هاوینیشدا ئەم خێزانە چوون بۆ كوێستانەكان و خەریكی هەنگەوانی، ئاژەڵداری و باخداری بوون لە نزیك ماڵەكەیان لە گوندی "بۆڵێ" كە ناوچەیەكی بەپیتە لە بەرزاییەكانی بەربزین لە زنجیرە چیایەكانی سنووری نێوان ئێران و عێراق. بەرهەمی هەنگوین و سەوزەواتی وەكوو: خەیار و پیاز و تەماتە، هاوكات لەگەڵ میوەی جۆراوجۆری وەكوو: خۆخ و سێو و هەنجیر و گوێز بەشێكی گرنگیان لە خۆراكی ئەم خێزانە پێك دەهێنا كە بەشی ساڵەكەی دەكرد. لە ساڵی ٢٠١٦ پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران ناوچەكانی دەورووبەری بەربزینیان بەكارهێنا بۆ چالاكییەكانیان دژی هێزەكانی سوپای ئێران كە بنكە و بارەگەیان لەو زنجیرە چیایە داناوە. لەو كاتەوە سوپای ئێران دەستی كردووە بە تۆپبارانكردنی ئەم ناوچە كشتووكاڵییە بەپیتە كە شوێنگەی ژیانی زیاتر لە سەد خێزانی كوردە. بۆردوومانەكان بوونەتە هۆكاری دروستبوونی پشێوی گەورە لەو ماوەیەدا كە خەڵك دەچن بۆ كوێستانەكان و چالاكی كشتوكاڵی چڕ لەو ماوەیەدا دەكرێت، هەروەها بوونەتە هۆكار بۆ سووتانی دەغڵودانی ناوچەكە و وێرانكردنی خانووەكان و برینداركردنی گوندنشینان و دەربەدەركردنیان بۆ ناوچەكانی دیكە. “بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای جۆراوجۆرەوە پێویستە هێزە سەربازییەكان توانای ئەوەیان هەبێ كە سەربازەكان بكەنە ئامانج نەك خەڵكی مەدەنی، منداڵەكانی من شێوەیان لە سەربازەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران نەدەچوو!” كاك قادر بە ئەندامانی "سی پی تی" گوت" ماوەیەكی زۆرە هەرێمەكەمان بۆردوومان دەكرێت، لەم سەردەمەدا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای جۆراوجۆرەوە پێویستە هێزە سەربازییەكان توانای ئەوەیان هەبێ كە سەربازەكان بكەنە ئامانج نەك خەڵكی مەدەنی، منداڵەكانی من شێوەیان لە سەربازەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران نەدەچوو!". ڕێكخراوی"سی پی تی" لە ٢٢ی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ سەردانی خێزانی زەیتونی كرد لە دیانا و چاوی كەوت بە "بەیان" خانی دایكی و كاك "قادر"ی باوكی و چوار خوشك و براكەی و دوو خزمی نزیكیان. لە كاتی پێشكەشكردنی چا و میوە ئەندامانی خانەوادەكە وردەكاری ڕۆژی بۆردوومانەكە و هاوكات بارودۆخی ئێستای ژیانیان بۆ "سی پی تی" باس كرد. ئەندامانی خانەوادەكە ئەوەیان بە "سی پی تی" ڕاگەیاند كە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری دارایی پێشكەش كردوون بۆ چارەسەركردنی عەلی. هەرچەندە پارەكە بەشی پێوسیت نەبووە و ئەو بڕەی وەریان گرتووە تەواوی خەرجییەكانی دەرمان و نەشتەرگەرییەكانی پڕ نەكردۆتەوە و خۆیان ناچار بوون ٢٠ هەزار دۆلاری ئەمریكی خەرج بكەن بۆ كوڕەكەیان. عەلی پێویستی بە چارەسەری زیاتر هەیە كە بەداخەوە خێزانەكە دەرامەتی پێویستیان لەبەردەست نییە. كاك قادر گوتی:"هەرچەندە لە مانگی تەموووزەوە تا ئێستا ئێران تۆپبارانی زەوییەكانی گوندەكەمانی نەكردووە بەڵام فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا لە ماوەی مانگەكانی ڕابردوودا چەندین جار ناوچەكەیان بۆردوومان كردووە و ئێمەش بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە بەرهەمە كشتووكاڵییەكانمان لەدەستداوە". ئەم خێزانە بەدوای هاوكاری داراییدا گەڕاون و داوای قەرەبووكردنەوەیان لە وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزخانەی ئێران كردووە، بەڵام تا ئێستە هیچ وەڵامێكیان دەست نەكەوتووە. ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی و دوو ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی سەردانی ئەم خێزانیان كردووە. ئەوەشیان دووپات كردەوە كە هیچ هاوكارییەكیان پێنەگەشتووە. یەكێك لە ئەندامانی خیزانەكە پرسیاری لە "سی پی تی" كرد و گووتی: "هیچ ڕێكخراوێك دەناسن كە بتوانێ عەلی بباتە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی چارەسەرێكی باش وەربگرێت و ژیانێكی باشتری هەبێت؟ هیچ داهاتوویەك بۆ ئەم كوڕە لەم وڵاتە نییە. ناتوانێت كارێكیش بدۆزێتەوە بەم هەموو برینانەوە" كاك قادر ئاهێكی هەڵكێشا و گوتی" هەموو جیهان وێنەی منداڵانی ڕۆژئاوایان بینی كە بەهۆی چەكی كیمیاییەوە سوتابوون، ئەگەر جیهان بۆ وەستاندنی ئەمە نەیەتە دەنگ ئەی چ هیوایەك بۆ ئێمە لەوێ هەیە؟" كاك “قادر” ئاماژە بە وێنەی ئەو منداڵانە دەكات كە خراپ سووتاون بەهۆی فسفۆڕی سپی كە باس دەكرێت چەكدارانی سەر بە توركیا بەكاریان هێناوە لە كاتی داگیركردنی ڕۆژئاوا، باكووری سووریا لە تیشرینی یەكەمی ٢٠١٩.
درەو: وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای پەیڕەوی یاسای چاكسازی ژمارەیەك بڕیاری بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەكرد و لە سبەینێوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. پێشتر د. عەبدولحەكیم خەسرۆ بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: بەپێی بڕگەو مادەكانی یاسای چاكسازی دوای (90) رۆژ لە دەرچواندنی پەیڕەو، كە دەكاتە (1/7) یاساكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی یاسای چاكسازی، هەموو ئەو بوارانەی یاساكە دەستنیشانی كردووە، لە 7/1 ەوە كاری لەسەر دەكرێت. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا: • هیچ خزمەتێك ئەژمار ناكرێت ئەگەر بەپێی یاسا نەبووبێت • رێكخستنی پلەی وەزیفی و ناونیشان لەگەڵ موچەی فەرمانبەر • هەڵوەشاندنەوەی هەر پلەیەكی وەزیفی و ناونیشانێك كە درابێتە فەرمانبەرو هاودژ بێت لەگەڵ یاسا • گشت پلەو مەرتەبی وەزیفی كە درابێت بە موچەخۆر بەدەر لە یاسا كارپێكراوەكان هەڵدەوەشێتەوە، چ لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربونیەوە پێی درابێت یان لەدوای دامەزراندنیەوە. • هەموو ئەو بڕیارانە هەڵدەوەشێتەوە كە هاودژن لەگەڵ یاسای خزمەت و میلاكی ژمارە (25)ی هەموار كراوی ساڵی 1960 و هەر یاسایەكی كارپێكراوی تر • هەڵوەشاندنەوەی پێدانی ساڵانی خزمەت بۆ موچەخۆران بۆ ئەو ماوانەی كە لەگەڵ ماوەی خوێندنی موچەخۆر یەكبگرێتەوە هەروەها ئەو ماوانەی كە ئەژماركراوەو موچە خۆر تەمەنی 16 ساڵ كەمتربووە. • ئەم هەڵوەشاندنەوەیە زیندانیان و راگیراوانی سیاسی ناگرێتەوە. • هەڵوەشاندنەوەی هەر پلەیەكی وەزیفی و ناونیشانێك كە درابێتە فەرمانبەر و هاودژ بێت لەگەڵ یاسا . لە بارەی خانەنشینینەوە لەبەر رۆشنایی پەیڕەوی یاساكەدا بەپێی بڕیاری وەزیری دارایی: • هەموو پلە باڵاكان موچەی خانە نشینیان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت - 15%ی كۆی گشتی دوا موچەو دەرماڵەی ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەری دەگرێت - 1.5%ی كۆی گشتی دوا موچەو دەرماڵەی لە كاتی خزمەتدا وەری دەگرێت. - شاییستەی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان نابێت لە رێژەی 50% تێپەر بكات لەكۆی گشتی دوا موچەو دەرماڵە ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەری دەگرێت. • ئەندام پەرلەمان بە ئارەزوو مەندانە بۆی هەیە دەستبەرداری ماف و شایستەی خانەنشین بوون بێت. • پێویستە پەرلەمانتار لە ماوەیەك لە 30 رۆژ كەمتر نەبێت لە رێككەوتی بەركاربوونی یاسای چاكسازی داواكارییەك پێشكەش بە دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بكات، بەمەبەستی وەرگرتنی رێكارە یاساییە پێویستەكان. • سەرجەم دادوەران و داواكارییە گشتیەكان شایستەی موچەی خانەنشینی دەبن بەرێژەی 70% لەكۆی گشتی دوا موچەو دەرماڵەكانیان لە خزمەتی وەزیفی وەریان گرتووە. • هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابوری و وەزارەتی پێشمەرگە ناوی ئەو خانەنشینانە بەرز دەكەنەوە كە بە پلەی ( وەزیر، بریكاری وەزارەت، راوێژكار ، بەرێوەبەری گشتی، هەرپلەیەكی تر) خانەنشینكراون ( پێش راپەرینی 1991 لە ریزی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلی كوردستان بوون) ئەو پلەیەیان پێدراوە، بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری خانەنشین بوونیان . • ئەوانەی بە نایاسایی پلەیان پێدراوە ناوەكانیا نبەرز دەكرێتەوە بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی. • هیچ كەسێك خانەنشین ناكرێت لەژێر هیچ ناونیشانێك ئەگەر پێشتر بە پێی شاییستەی یاسایی ناوی لە داتا بەیسی سیستمی بایۆمەتری تۆمار نەكرابێت و بەرایی نەبێت. • موچەی خانەنشینی بۆ میراتگری یاسایی خەرجناكرێت تاكو تۆمارنەكرێت لە داتا بەیسی تۆماری سیستمی بایۆمەتریدا
(درەو): هەموو موچەخۆران، جگە لە پلەباڵاكانو ئەوانەی موچەیان (300 هەزار) دینارە، بڕی 21% لە موچەكانیان دەبڕێت، ئەمە فەرمانی وەزیری داراییەو لەناو وەزارەتەكانی حكومەتدا مشتومڕی دروستكردووە. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بە فەرمانێك هەموو وەزارەتەكانی پابەندكردووە بەم سێ پێوەرە دەستكاری موچەی فەرمانبەران بكەن: • 50%ی موچەی پلە تایبەتەكان ببڕن • 21%ی موچەی فەرمانبەرانی هەمیشەییو گرێبەست ببڕن • ئەوانەی موچەیان كەمترە لە (300 هەزار) دینار هیچ بڕە پارەیەكیان لێ نەبڕیت ئەم فەرمانەی وەزیری دارایی كۆتایی بەو هەوڵی وەزارەتەكان هێنا بۆ دانانی میكانیزم لەبارەی چۆنیەتی دەستكاریكردنی موچە. بەپێی نوسراوێك كە دەست (درەو) كەوتووە، لەسەر بنەمای فەرمانەكەی وەزیری دارایی، وەزارەتی پەروەردە خشتەی پێشووی خۆی لەبارەی چۆنیەتی دەستكاریكردنی موچە هەڵوەشاندوەتەوە كە تێیدا لێبڕینی موچە لەسەر بنەمای زۆرو كەمی موچەی موچەخۆرانی وەزارەتەكە دانرابوو. (درەو)، دەقی بڕیاری نوێی وەزارەتی پەروەردەی لەبارەی دەستكاریكردنی موچە دەستكەوتووەو لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە لەسەر بنەمای فەرمانی وەزارەتی دارایی لیستی موچە رێكبخرێتەوە. بڕیارەكەی وەزیری دارایی لەناو وەزارەتەكانی حكومەت مشتومڕی دروستكردووە، هەندێك لە بەرپرسانی ئیداری دەڵێن بڕیارەكەی وەزیری دارایی پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانو رێنمایی رۆژی 25ی ئەم مانگە وەزارەتەكەی خۆیەتی كە تێیدا گشتاندنی بۆ هەموو وەزارەتو فەرمانگەكان كردووەو دەڵێ:" راگرتنی تەمویلكردنی رێژەی 21% بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم موچەخۆرانو خانەنشینان جێبەجێ بكرێت". بڕیارەكەی وەزیری دارایی دەسەڵاتی لە وەزیرەكان سەندەوە بەوەی خۆیان بەپێی رێژەی زۆرو كەمی موچە، رێژەی بڕینی موچە لە هەر موچەخۆرێك دیاری بكەن، ئێستا ئیتر هەموو موچەخۆرێك جگە لەوانەی كە موچەكەیان (300 هەزار) دینارە، بڕی 21% لە كۆی گشتی موچەكەیان دەبڕدرێت. هەندێك لە وەزارەتەكان بەنیازبوون، رێژەی 21% بڕینی موچە لەسەر هەموو فەرمانبەران وەكو یەك جێبەجێ نەكەنو بە میكانیزمی زۆرو كەمی موچەی موچەخۆر بڕی لێبڕینەكە دیاری بكەن.