حکومەتی بێ بودجە کەلاوەیە !
2021-12-21 06:50:27
خالید رەزا - هۆڵەندا
بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ ی حکومەتی هۆلەندا (نێدەرلاند)
مەبەستی من لە بڵاوکردنەوەی ئەم شتانە بۆ بەخشینی زانیارییە بە هاوڵاتیان، ئێ بەڵکو خوا بکات دەسەڵاتدارانی هەرێم یش پەندێکی لێ وەربگرن!
وڵات بە خوێندن و پەروەردە، سیستمی تەندروستی و دادپەروەری پێش دەکەوێت.
لەم کورتە نوسینەدا تیشک دەخەمە سەر بودجەی حکومەتی هۆلەندا، بۆ ساڵی ٢٠٢٢. لە پێشەکیشدا بە چاکی دەزانم باسێکی هەلبژاردنی ئەمساڵ و پیکهێنانی کابینەی ڕوتە ٤(Rutte 4)بکەم.
هەڵبژاردنی پارلەمان لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢١ کراوە. لە دوای نزیکەی ٩ مانگ، ئەمڕۆ کابینەی هاوپەیمانییان دروستکرد، بە ٤ حیزب و لە کۆی ١٥٠ پارلەمانتار، کابینەی نوێ خاوەنی ٧٨ کورسی پارلەمانە کە پاڵپشتی پلانی چوار ساڵەی کابینەکەیان دەکەن. لەپێش ئەوەی هەڵبژاردن بکرێ، کابینەکەی مارک ڕوتە لەسەر سکانداڵێن کە پەیوەندی بە پارەی دایەنگەوە هەبوو (kinderopvangtoeslag ) لە ١٥ی ١ی ٢٠٢١دا حکومەت هەڵوەشایەوە، بوو بە کابینەی کار بەڕێکەر.
ئەمساڵ قورسترین ساڵی کۆرۆنا بوو، حکومەت گەرچی کاربەڕێکەر بوو، لەبەرئەوەی وڵاتی یاسا و سیستمە نەیان هێشت هەم بۆ ئیدارەدانی وڵات و هەم بۆ روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، وڵات توشی قەیران ببێ، بە پێچەوانەوە دەیان ملیارد یۆرۆیان بۆ هاوکاری کۆمپانیاکان و ڤاکسین و ئەوانەی بە هۆکاری کۆرۆنا بێ کار بوون، خەرج کرد.
ئەم کێشانە و قەیرانی حکومەتی کاربەڕێکەر نەیان توانی ببنە ڕێگر لەبەردەم ئامادەکردنی بودجەدا. وەکو دەستور دیاریکردوە هەمووساڵێک لە رۆژێ سێشەمەی مانگی ٩ دا وەزیری ماڵیە بەخۆی و جانتا ئاڵتونیەکەیەوە، داهات و خەرجی بۆ ساڵی داهاتوو لەگەڵ سەروەزیر و کابینەکەدا، ئەخاتە بەردەمی پادشای ولات، ئەویش ناوەڕۆکی بودجە بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا دەکات کە بە نۆتایملیۆنی ناودەبرێ (Miljoenennota)!
داهات و خەرجی خەمڵێنرا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەم جۆرەیە وەک لەم (پی چارت- دیاگرام بازنەیی) یەدا ڕوونکراوەتەوە لە سایتی رەسمی حکومەت وەرم گرتوە. بە سەرنجدان لەم داهات و خەرجییە، بۆمان ڕون دەبێتەوە کە هۆڵەندا چەند گرنگی بە سیستمی خوێندن و تەندروستی ئەدات، بە جۆڕیک کە پشکی شێریان لە بودجە بۆتەرخانکراوە:
داهاتی خەمڵێنرا کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی و باج و خەراجە و لەسەدا ٧٨٪ی کۆی داهاتی نیشتمانی پێک دەهێنێ، بریتیە لە ٣٣٤،١ سێسەدوسیوچوارملیاردوسەدملیۆنیۆرۆ. خەرجییە چاوەڕوانکراوەکانیش بریتیە لە: ٣٥٣ سێسەدوپەنجاوسێملیاردیۆرۆ. واتە: ١٨،٩ ملیارد کورتهێنان هەیە. لە هۆڵەندا نەوت نیە. ئەوەی هەیانە کێڵگەیەکی غازە لە هەرێمی خرۆنینگن لە باکوڕی وڵاتەکە و لەساڵی ١٩٥٩ دۆزراوەتەوە. ساڵێنە نزیکەی ١٣ ملیارد مەترسێجا یان لێ دەرهێناوە. لە ئێستە بەهۆی ئەوەی کە لەو هەرێمە بومەلەرزە ڕوو ئەدات ئەویش بەهۆی دەرهێنانی غازەوەیە، بۆیە حکومەت بڕیاری داوە، لەساڵی ٢٠٢٢ لەبەر سەلامەتی دانیشتوانی هەرێمەکە لە پرۆسەی دەرهێنانی غاز بوەستێ.
ئەگەر سەیری ئەو بودجانە بکەین کە بۆ دڵنیایی کۆمەڵ و خوێندن و سیستمی زانست، سیستمی تەندروستی، تەرخانکراوە، تێ دەگەین کە بۆچی ئەم وڵاتە پێش دەکەوێ. سەرنج بدە لەبودجەی ساڵی ٢٠٢٢ دا :
یەکەم:
سێکتەری تەئمینی کۆمەڵگە کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتییە، بۆ دڵنیایی کۆمەڵ کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەلکەوە هەیە لەکاتی نەخۆشکەوتن و بێ ئیش بووندا، لەکاتی بێ ئیشی و نەبونی هەڵی کارکردندا، لەکاتی چونە تەمەن و خانەنشین بووندا... دەبینین لە ٢٧٪ی بۆ تەرخانکراوە، کە دەکاتە ٩٥,٣١ ملیارد یۆرۆ.
دووەم:
سێکتەررێکی تری کۆمەڵگە بریتییە لە سیستمی تەندروستی، کە پەیوەندی بە تەندروستی کۆمەڵگەوە هەیە. وەکو دەوترێ ژیری و بیرکردنەوەی دروست لە تەندروستی باشدایە. بۆ ئەم وەزارەتەش (وەزارەتی تەندروستی وخۆشگوزەرانی و وەرزش) لە ٢٦٪ی کۆی بوجەکەی بۆتەرخان کراوە، کە دەکاتە ٩١،٧٨ ملیارد یۆرۆ.
سێیەم:
سێکتەری خوێندن و کەڵتوور وزانستیش یەکێکی ترە لەوانەی کە بوجەیەکی گەورەی بۆ تەرخانکراوە، کە لە ١٣٪ی خەرجییەکانە و دەکاتە ٤٥،٨٩ ملیارد یۆرۆ.
کەمترین بودجە بۆ وەزارەتی بەرگری دانراوە کە لەسەدا ٣٪ی کۆی بودجەکەیە و دەکاتە ١٠،٥٩ ملیارد یۆرۆ.
لەم کابینە نوێیەدا کە لە دوای زیاتر لە ٩مانگ پێکهاتوە، گرنگی زۆر دراوە بە ژینگە و کەشوهەوا (کلایمێنت) بە جۆرێک لە چەند ساڵی داهاتوودا بڕی ٦٠ شەستملیاردیۆرۆی بۆ تەرخانکراوە. جاران ژینگە سەر بەوەزارەتی ئابوری بوو. لە بەرنامەی کابینەی نوێدا بڕیاریان داوە وەزارەتێکی تایبەت بە ناوی وەزارەتی ژینگە و وزە، دروست بکرێ. کابینەی نوێ کە زۆرترین کاتی ویستوە بۆ پێکهێنانی بەهۆی ئەو دانوسەندانە بوو لە نێوان حیزبەکاندا، کە هەر یەکێکیان ویستویانە زۆرترین بەرنامەی خۆیانی تیا جێبکەنەوە، کە لەکاتی هەڵبژاردندا بەڵێنیان بە دەنگ دەرەکانیان دابوو. لەم کابینەیەدا هەر حیزبە و بە پێێ کەم و زۆری کورسییەکانیان توانیویانە بەشێک لە بەرنامەکانیانی تیا جێ بکەنەوە، هەموویان بەشداربوون لە نوسینەوەی بەرنامە چوار ساڵیەکەدا، ئەو ٩ مانگە هەموویان تەرکیزیان لەسەر نوسینی بەرنامەکەبوە، نەک دابەشکردنی وەزارەتەکان، لەم هەفتەیەوە پێکەوە وتوێژ دەکەن لەسەر چۆنێتی دابەشکردنی وەزارەتەکان لە نێوان خۆیان دا بەپێێ کورسیەکانیان و چاوڕوان دەکرێ هەتا ناوەڕاستی مانگی ١ی سالی ٢٠٢٢ کابینەکە پیشکەشی پادشای وڵات بکەن. نۆ مانگ بۆ ڕێکەوتن و نوسینەوەی کارنامە و کەمتر لە مانگێک بۆ دابەشکردنی پۆستەکان! لەم وڵاتانە وەزیریک کەدێت کاری وەزیرەکەی پێشتر هەڵناوەشێنێتەوە جا چ لە حیزبەکەی خۆی بی یان حیزبێکی تر، بەڵکو ئەو بەرنامە ستراتیژیەی کە وەک دەوڵەت و حکومەت دانراوە، تەواو دەکات.
شایەنی ئاماژە پێدانە، کارنامەی چوارساڵی داهاتووی کابینەی نوێ، کە چوار حیزب لەسەری ڕێکەوتون، ئەمڕۆ ١٦ی ١٢ی ٢٠٢١ لە ناو هۆڵێ پارلەماندا بە تێروتەسەلی مناقەشەی لەسەر کرا. سەرۆکی فراکسێۆنی هەر چوار حیزبەکە، هەریەکەیان بەجیا لەبەردەمی فراکسیۆنەکانی پارلەماندا لە دیدگای حیزبەکەی خۆیەوە باسی بەرنامەکەی دەکرد، لەلایەن فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە پرسیاریان لێ دەکرا و ڕەخنە لە چۆنێتی تەرخانکردنی بودجە بەپێی سێکتەرەکان، لێ دەگیرا، لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنەکانی هاوپەیمانیەتەکەوە وەڵامیان ئەدرایەوە. کاتێک بەدیار مناقەشەی بەرنامەی کابینە تازەکەوە دانیشتبوم و گوێم لە مناقەشە توندەکانیان دەگرت، خۆزگەم دەخواست لە ناو پارلەمانەکەی خۆشماندا ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوەم ببینیایە!
یەکێک لە جیاوازیەکانی کابینەکانی ئەم وڵاتە ئەوەیە کە بەپێی یاسا، سەروەزیر لەهەمانکاتدا وەزیری وەزارەتێکیشە، ئەو وەزارەتەش بەدیاریکراوی وەزارتی کاروباری گشتییە (Algemene Zaken). هەروەها، جێگرەکانیشیی کە زۆر جار و بە پێی کەم و زۆری حیزبە هاوپەیمانەکان، دوو جێگرن، ئەوانیش بێ ئیش نین و هەریەکەیان وەزیری وەزارەتێکە.