با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان
2026-01-27 13:22:36
د. شۆڕش حاجی
هۆکاری سەرەکی ئەو کارەساتانەی لە سەد ساڵی ڕابردوو بەسەر گەلی کورد هاتووە و هەموو چەند ساڵ جارێک لە پارچەیەکی کوردستان دووبارە دەبنەوە، نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان کیانێکی سیاسی دانپێدانراوی کوردییە. هەر بۆیە، تا لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا نەژین هەمیشە لە ژێر مەترسی ئەگەری کارەسات و قڕکردندا دەبین.
ئەگەرچی کورد هەموو ئەو خەسڵەتانەی هەیە کە بۆ پێناسەی نەتەوە دانراون، بەڵام تا ئێستاش نەبووینەتە یەکێک لەو ١٩٥ دەوڵەتەی دنیا کە خاوەنی کیانی سیاسی خۆیانن. ئەمە لە کاتێکدا کە ژمارەی قوربانیانی گەلی کورد لە پێناوی سەربەخۆییدا چەندین ئەوەندەی دەیان گەلی دنیایە کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن. هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە زۆرن، کە هەندێکیان بریتین لە شکستی نوخبەی سیاسی کورد لە هەڵبژاردنی کات و شێوازی گونجاوی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و دیاریکردنی دۆست و دوژمن و خوێندنەوەی هەڵە بۆ تەرازووی هێز و خۆشباوەڕیی بە بەڵێنی بێبنەما و لەدەستدانی ئەو دەرفەتە مێژوییانەی بۆ گەلەکەمان هاتوونە پێش. بەڵام هۆکاری هەرە کاریگەری شکستی کورد ناتەبایی و نەبوونی سیمبوڵێکی کۆکەرەوەیە کە هەموومان کۆ بکاتەوە و بتوانین لەژێر سایەی ئەو سیمبوڵەدا پێناسەی خۆمان و ئامانجەکانمان بکەین و شێوازی گەیشتن بەو ئامانجانە دیاری بکەین.
لە دوای شێخ عوبەیدوڵلای نەهرییەوە هیچ سەرکردەیەک لەنێوماندا هەڵنەکەوتووە کە توانیبێتی زۆرینەی کورد لە هەموو دەڤەرەکانی کوردستان لە دەوری خۆی و ئامانجە نەتەوەییەکانی کۆ بکاتەوە. هیچ ڕووداو و کارەساتێکیش نەبۆتە مۆرک و ناسنامەمان تاکو هەموومان وەک نەتەوە داکۆکی لێ بکەین و بیکەین بە توێشووی کاروانی خەبات لە پێناوی سەربەخۆییدا. دەکرا ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بووبان بەو ناسنامە و سیمبوڵی یەکبوونەمان، بەڵام وێرای گەورەیی قەبارەی ئەو تاوانانە و زۆری ژمارەی قوربانییەکانیش، ئەو هەلە مێژووییەش لەسەر دەستی نوخبەی سیاسی شکستخواردووی کوردەوە کرا بە قوربانی کێشە و ململانێی حیزبی و شەخسی.
دیارە وەک چۆن ناکرێ ڕزگاربوونی هیندستان بەبێ غاندی و کۆتاییهاتنی سیستمی ڕەگەزپەرستی ئەفریقای باشوور بەبێ ماندێلا باس بکرێن، یان دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بە بێ سوودوەرگرتن لە هۆلۆکۆست کرابێت، بە هەمان شێوە بۆ ئێمەی کوردیش سیمبوڵێکمان گەرەکە بۆ ئەوەی کۆدەنگیی نەتەوەیی و یەکڕیزیی لە نێوانمان دروست بێ و بگەینە مەنزڵ.
لە ساڵی ٢٠١٤ کوبانێ بوو بە سیمبۆڵی خۆڕاگری و شکستپێهێنانی یەکێک لە دڕندەترین و خوێنڕێژترین جوڵانەوەی تیڕۆریستی لە سەرتاسەری دنیا. شەڕڤانانی ژن و پیاو لەو شارە بوون بە سەرمەشقی ئازایەتی و گیانبازی و داستانەکانیان بەرامبەر چەکدارانی داعش لە هەموو جیهان دەنگی دایەوە و سەری گەلەکەمانیان لەنێو گەلانی دنیا بەرز کردەوە.
ئێستا جارێکی دی ناوی ئەو شارە هاتۆتەوە پێش و خەریکە ببێتەوە بە سەردێڕی هەواڵەکان لە جیهان، چونکە پاشماوەکانی داعش بە بەرگێکی نوێوە خۆیان بۆ پەلاماردانی کوبانێ ئامادە دەکەن. لە هەموو ئەوانەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەمڕۆ ناوی کوبانێ بۆتە ویردی سەر زمانی هەموو گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و هەندەران بە ژن و پیاو و پیر و لاو و منداڵەوە. بیرو هۆشی هەموومان لای بەرخۆدانی خەڵکی کوبانێ و رۆژاڤای کوردستانە. هیچ ڕوداو و بابەتێک ئەوەندەی کوبانێ کۆدەنگی گەلەکەمانی لەسەر نەبووە.
تا ئێستا لە مێژووی کوردا ڕووی نەداوە کە هەموو گەلی کورد لەسەر بابەتێک و ڕووداوێک بەو شێوەیەی ئێستای کوبانێ و رۆژاڤا هاوڕاو هاوکار بووبێت. شەڕڤانانی ژن و پیاو بە خوێن بەرگری لە کوبانێ دەکەن. تێکڕای هاووڵاتیانی کورد لە کوردستان و ئەوروپا و ئەمریکا و ئوستڕالیا بەردەوام خۆپیشاندان دەکەن و ڕۆژانە نامە و مەزبەتە بۆ پەرلەمانتار و کاربەدەستانی وڵاتانی دنیا دەنێرن بۆ پاراستنی کوبانێ. هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان بە ڕاگەیانراو و لێدوان، هونەرمەندان بە هونەر، شاعیران بە هەڵبەست و هۆنراوە، گۆرانیبێژەکان بە ئاواز و گۆرانی، نوسەران لە ڕێی وشەوە، خواپەرست و ئیمانداران بە پاڕانەوە و نزا کردن، منداڵان بە پێشکەشکردنی دەخیلەکانیان، میدیاکاران بە ڕاپۆرت و هەواڵ، بازرگان و دەوڵەمەندەکان بە کۆمەک و هاوکاری دارایی، پزیشک و پەرستاران بە کاری خۆبەخشی و بە دەرمان پشتیوانی لە کوبانێ و رۆژاڤا دەکەن. ئەو حاڵەتەی کە ئێستا بۆ کوبانێ و رۆژاڤا هاتۆتە پێش ترۆپکی هوشیاری نەتەوەیی و بەرجەستەبوونی بیری ناسیۆنالیزمی کوردییە لە باڵاترین و جوانترین فۆڕمدا.
با هەموو دەنگەکانمان هاوار بێت بۆ ئەوەی کوبانێ بکەینە سیمبوڵی کورد و هەوێنی یەکێتیی نەتەوەیی و ماکی ڕزگاری کوردستان. با هەموو هەوڵەکانمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بێ و بانگەوازەکانمان بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ئەوە بێت کە چیتر کوبانێ و شار و گوندەکانی کوردستان نەکەونەوە بەر پەلاماری تیرۆریستان و دوژمنانی مرۆڤایەتی.
لە کۆتاییدا ماوە بڵێم، کە ڕووداوەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەن بۆ سەرەتای ژانێکی قورس بۆ لە دایک بوونی سەردەمێکی نوێ، کە جارێ دیار نیە چی لە هەگبەی دواڕۆژی ناوچەکە دایە. بۆیە دەرفەتێکە و جارێکی دی بۆ گەلەکەمان هاتۆتە پێش و پێویستە ئامادە بین. لەوەشدا پێویستمان بە سیمبوڵێکە بۆ ئەوەی یەکمان بخا و بە یەک دەنگ داواکارییەکانمان بۆ سەربەخۆیی کوردستان بخەینە ڕوو. با کوبانێ بکەینە سیمبوڵی یەکێتیی نەتەوەییمان لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان.
