راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف ئەوەی "مام جەلال" بە زیاتر لە (40 ساڵ) خەبات پێی نەگەیشت، كوڕو برازاكەی لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا پێی گەیشتن كە كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی بڕیارە لەناو حزبدا، یەكێتی دوای (45) ساڵ تەمەن، ئێستا بەتەواوەتی بۆ ماڵباتی تاڵەبانی تەخت بووە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییەكی بەهێز بوو بەدەسەڵاتێكی كەمترەوە، بەڵام كوڕو برازاكەی سەرۆكی یەكێتییەكی لاوازن بە دەسەڵاتێكی زۆرترەوە، تاڵەبانی باوك لە یەك كاتدا تارانو ئەنكەرەو واشنتۆنی ئیدارە دەدات، بەڵام نەوەكانی كێشەی گەورەیان ئەوەیە بارزانی دانیان پێدا نانێت. تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەوزپۆش دەكرێ رۆژی دوو شەممە یەكێتی نیشتمانی كوردستان یادی (45) ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە، میدیاكانی یەكێتی چەند رۆژێكە باسی خەباتو سەروەرییەكانی حزبەكەیان دەگێڕنەوە، كادیرانی حزبیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پرۆفایلەكانی خۆیان سەوزپۆش كردووە. یادی ئەمساڵ، دوای شەش مانگ دێت لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەمی حزب، كۆنگرەیەك كە بەتەواوەتی یەكێتی رادەستی ماڵباتی تاڵەبانی كرد. خاوەندارێتی یەكێتی یەكێتی كە ئێستا تەمەنی دەبێت بە (45) ساڵ، لەو تەمەنەدا تەنیا (4) كۆنگرەو (2) پلنیۆمی بەستووە، دواین كۆنگرە واتە كۆنگرەی چوار كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019دا بەڕێوەچوو، كۆتایی بە ململانێكان لەسەر خاوەندارێتی حزبەكە هێناو یەكێتی دایە دەست نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان. یەكێتی، كە لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەی سیاسی (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبوو، ئێستا ئیتر وەكو حزبی كۆكەرەوەی ئاڕاستەی سیاسی جیاواز بوونی نەماوەو بووە بە یەكێتی ماڵباتی تاڵەبانی، تائەو رادەیەی لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكە نوێیەكانەوە (لاهور شێخ جەنگیو بافڵ تاڵەبانی) كۆبونەوەكانی مەكتەبی سیاسی لەماڵەكەی مام جەلال لە "دەباشان"ی سلێمانی بەڕێوەدەچێت. داراییو هێزی چەكدارو پەیوەندییەكانی حزب كە سێ كۆڵەكەی گرنگی بەڕێوەبردنی یەكێتین، زۆرینەی جومگەكانیان لەدەستی ماڵباتدایە. سەركردەكانی تری حزب، ئەوانەی هاوڕێو هاوخەباتی تاڵەبانی باوك بوون، لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانیو دواتریش مردنی، چاویان لەوەبوو جڵەوی حزب لەدەستی خۆیاندا توند بكەن، ئێستا لە ئەنجومەنێكدا بەناوی "ئەنجومەنی باڵای سیاسی" كۆكراونەتەوەو دەسەڵاتی بڕیاردانیان لانەماوە، هەندێك لە یەكێتییەكان ئەم ئەنجومەنە بە "خانەی پیران" ناودەبەن. مانۆڕی یەك لەدوای یەكی سەركردە كۆنەكانی حزب لەدوای كۆچی دوایی تاڵەبانی باوك، بۆ كۆنترۆڵكردنی حزبەكە، هەمویان بێ ئاكام بوون، ئەوان چەندین رێگایان تاقیكردەوە بۆ لەبەریەكهەڵوەشاندنی ماڵباتی تاڵەبانی (دروستكردنی ناكۆكی لەنێوان بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەدو جەلال تاڵەبانی)، بەڵام دواجار خەونی كۆنترۆڵكردنی حزب، ماڵباتی لەدەوری یەكو لەسەر یەك بەرژەوەندی هاوبەش كۆكردەوەو بەمەش ئەنجامی یارییەكەیان لە بەرژەوەندی خۆیان یەكلاكردەوە. ناكۆكیو ناتەبایی نێوان بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایو كارەكتەرەكانی تری ناو هەردوو بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەدو جەلال تاڵەبانی، یەكێك لەو رێگایانە بوو كە سەركردە كۆنەكانی حزب ئەزمونیان كرد، بەڵام گەنجەكانی نەوەی دووەمی تاڵەبانی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆی ماڵباتەكەیاندا، بە چەسپاندنی بیرۆكەی "هاوسەرۆكایەتی" بۆ حزب، ئەم كارتەیان سوتاند. یەكێتییان بۆ تەخت بووە ! ئەنجومەنی سەركردایەتی نوێی یەكێتی لە (121) كەس پێكدێت، زیاتر (80) كەسیان یەكلابونەتەوە بۆ ماڵباتی تاڵەبانی، مەكتەبی سیاسیش بەهەمان شێوە. ئێستا یەكێتی بۆ كوڕو برازاكەی تاڵەبانی تەخت بووە، ئەمە دۆخێكە كە لە مێژووی یەكێتیدا تەنانەت مام جەلال خۆشی دۆخی لەوشێوە لەبارو گونجاوی بەخۆیەوە نەبینیوە، تاڵەبانی سەرباری ئەوەی خۆی كارەكتەرێكی بەهێزی سیاسی بوو لەسەر ئاستی ناوخۆو جیهانیش، بەڵام تاوەكو ساڵی 2009و جیابونەوەی نەوشیروان مستەفاو هاوڕێكانی، هەرگیز یەكێتی بەوشێوەیە بۆ تەخت نەبووە، سەرباری ئەوەی دەسەڵاتداری یەكەم بووە، بەڵام بەردەوام لە بڕیارداندا رەچاوی جەمسەرەكانی تری ناو حزبی كردووەو یەكێتی لە پەرتبوون پاراستووە، تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییەكی بەهێز بوو بەدەسەڵاتێكی كەمترەوە، بەڵام كوڕو برازاكەی سەرۆكی یەكێتییەكی لاوازن بە دەسەڵاتێكی زۆرترەوە. هاوسەرۆكە نوێیەكانی یەكێتی كێشەی دەسەڵاتیان نییە، ئەوان لە یەك رۆژدا دوای كۆنگرە، بەرپرسی هەموو مەڵبەندەكانی حزبیان بەبێ گەڕانەوە بۆ كەسی تر دیاریكرد، بەڵام كێشەی كەمی ئەزمونو نەشارەزاییان لە بەڕێوەبردنی مانۆڕی سیاسیدا هەیەو سۆزو پەرچەكردار بە جوڵە سیاسییەكانیانەوە دیارە. شتێكی تر هەیە كە لە "مام جەلال"دا هەبوو، ئێستا لە نەوەكانیدا نییە مەسەلەی "شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی"ە، تاڵەبانی لەژێر سێبەری ئەو شەرعیەتەدا حوكمی یەكێتیو دەرەوەی حزبەكەشی دەكرد، شەرعیەتێك كە بەهەوڵو ماندوبوونو سەرچڵی خۆی دروستی كردبوو، بەڵام كوڕو برازاكەی نەوەی شارو گەورەبووی پایتەختەكانی ئەوروپان، تاڵەبانی باوك زیاتر لە (50) ساڵ بەو شەرعیەتەوە درێژەی دا بە مانەوەی خۆی بە بەهێزی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەڵام نەوەكانی بەم شەرعییەتەوە توانای مانەوەیان نییە لەبەردەم نەوەی تازەپێگەیشتووی كورددا، تاكە چانسی بەردەمیان بوژاندنەوەی حزبە لەڕێگەی چاكسازیكردن لە پەیكەری حزبو دورخستنەوەی دەستی حزب لە بازاڕو ئیدارەدانی ناوچەی جێ نفوزی خۆیان بەشێوەیەكی سەردەمیانەو باشتر كە گونجاوبێت لەگەڵ هەلومەرجی ئێستادا. كۆكردنەوەی ماڵێكی لێكترازاو سەرباری ئەوەی كۆنگرەی چوارەم، یەكێتی لەسەر سینییەكی زێڕین رادەستی ماڵباتی تاڵەبانی كرد، بەڵام هێشتا ماڵەكەی یەكێتی ماڵێكی رێكخراو نییە. یەكێتی لە ئاستی ناوخۆی هەرێمدا بەشدارە لە حكومەت، بەڵام نوێنەرەكانی لە حكومەت بەر لە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەم دانراونو بەشێكی زۆریان تەبا نین لەگەڵ گوتاری سەركردایەتییە نوێیەكەی دوای كۆنگرە، ئەمە بەجۆرێك پێگەی یەكێتیو بڕیارە سیاسییەكانی لەناو حكومەت لە هەولێر لاوازكردووە. لەسەر ئاستی عێراقیش، یەكێتی یەكێك لە گەورترین پۆستەكانی بەدەستەوەیە كە پۆستی سەرۆك كۆمارە (بەرهەم ساڵح)، سەرباری ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق هێشتا فراكسیۆنێكی گەورەیەو خاوەنی (22) كورسییە، بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا یەكێتی نەبوەتەوە بە خاوەنی پێگەكەی سەردەمی "مام جەلال"ی لە بەغداد. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كە لە كۆنگرەی چواردا لەناو حزب لە پێگەی درا، وەكو پێویست هەماهەنگ نییە لەگەڵ سەركردایەتییە نوێیەكەداو بەتەنیاو وەكو ئاڕاستەیەك بۆخۆی كاردەكات. لەسەر ئاستی پەیوەندییەكانی دەرەوەش، یەكێتی چەند ساڵێكە سەردەمە زێڕینەكەی تاڵەبانی بەجێهێشتووەو بەدۆخێكی ناسەقامگیردا گوزەر دەكات، تاڵەبانی لەیەك كاتدا تارانو ئەنكەرەو واشنتۆن لەبەرزترین ئاستیاندا ئیدارە دەدا، بەڵام خەمی گەورەی ئێستا سەركردایەتی نوێی یەكێتی پەیوەندییەكانە لەگەڵ پارتی. یەكێتی بەرەو كوێ ؟ بەكارهێنانی كارتی دروستكردنی ناكۆكی لەناو ماڵباتی تاڵەبانی، لەدوای سەركردە كۆنەكانی حزب، ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستانیش كاری لەسەر دەكات. مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە خۆی زۆر بەتوندی دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی بنەماڵەكەی رەتدەكاتەوە، بەمدواییە دەستی بۆ دەستوەردان لە دۆخی ناوخۆی ماڵباتی تاڵەبانی برد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە كە پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی ئاڵۆزی تێكەوتو نەیانتوانی پێكەوە كۆببنەوە، بارزانی پەیامی بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووەو داوای لێكردووە ئامادەكاری بكات بۆ كۆبونەوەی نێوان پارتیو یەكێتی. لاهور شێخ جەنگیو دەوروبەرەكەی لەم پەیوەندییەی بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی نیگەران بوون، ئەوان ترسیان هەیە بارزانی تا كۆتایی دان بە هاوسەرۆكایەتییەكەیاندا لەناو یەكێتی نەنێت، وا لێكیان دایەوە بارزانی دەیەوێت كێشە لەنێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی دروست بكات. بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم لاهور شێخ جەنگیو مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هەوڵەكەی بارزانی پشتڕاستكردەوە، بەڵام دڵنیایی پێدان لەوەی "یەكێتی خاوەنی یەك بڕیارە"، واتە ئەو بەبێ هاوسەرۆكەكەی تر كە لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایەتی، ناچێتە ناو هیچ پەیوەندییەكی تایبەتەوە لەگەڵ پارتی. پێناچێت بۆ ئەم قۆناغە گرەوكردنی بارزانیو پارتی لەسەر پەرتكردنی ماڵباتی تاڵەبانی ئاكامێكی هەبێت، چونكە دوو ئامۆزاكە لە قۆناغی سەرەتای كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی یەكێتیدانو لەم قۆناغەدا هەرجۆرە ناكۆكیو پەرتبونێك بەزیانی هەردوكیان كۆتایی دێت، بەڵام لەدور مەودادا رودانی ئەو پەرتبونە ئەگەرێكی بەهێزە. تێكچوونی پەیوەندییەكانی ماڵباتی تاڵەبانی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بوو، بارزانی تۆمەتباریان دەكات بەوەی "خیانەت"یان كردووەو كەركوكیان رادەستی حەشدی شەعبی كردووە، رێككەوتنی كشانەوەی پێشمەرگە لە كەركوك بافڵ تاڵەبانی كردویەتی، بەڵام بارزانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بافڵ ئاسایی كردوەتەوەو لە لاهور شێخ جەنگی نیگەرانو توڕەیە، پارتیو بارزانی تائێستا بەفەرمی دانیان بە لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیدا نەناوە، ئەمە یەكێكە لە سەرچاوەی نیگەرانیو ترسەكانی لاهور شێخ جەنگی لە داهاتووی سیاسی خۆی، ترس لەوەی لەداهاتوودا یەكێتی بەتەواوەتی بكەوێتە دەست بافڵ تاڵەبانیو پارتی لەمەدا گەمەكە یەكلابكەنەوە، لەبەرامبەر ئەم هەوڵەدا لاهور شێخ جەنگی بۆ ئەم قۆناغە زیاتر هەوڵی نزیكبونەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەداتو دەیەوێت پارسەنگەكەی ناو یەكێتی بە بزوتنەوەی گۆڕان رێكبخاتەوە. نەوەی دووەمی تاڵەبانییەكان، سەرباری ئەوەی لەدوای مردنی تاڵەبانی باوكەوە كۆنترۆڵی داراییو هێزی چەكدارو پەیوەندییەكانی حزبیان كرد، بەمەوە رانەوەستان، بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی حزب پەنایان بۆ گوتاری سیاسی توند دژ بە پارتی برد، ئەمە مانۆرێكی سەركەوتوو بوو بۆ كۆكردنەوەی بنكەی جەماوەری حزب لە دەوری خۆیان، ئەوان باش لەوە تێگەیشتبوون بەوتنەوەی دروشم دژ بە پارتی، لە سلێمانی مەڵبەندی دەسەڵاتی حزبەكەیان، ئەستێرەیان دەدرەوشێتەوە. نەوەكانی تاڵەبانی بۆ كۆنترۆڵكردنی یەكێتی، بەسەر پشتی پارتیدا سەركەوتن، بەڵام ئێستا بۆ مانەوەیان پێویستیان بەوەیە پارتی دانیان پێدا بنێت. پارتیش هەر لەسەرەتاوە، دوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی، بەچەند قۆناغێك مامەڵەی لەگەڵ یەكێتییە نوێیەكان كردووە، سەرەتاو لە قۆناغی یەكەمدا بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو دان بە هاوسەرۆكەكاندا بنێتو لەبری ئەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی سەركردە كۆنەكانی یەكێتی دەدات، واتە ئەوانەی ئێستا لەناو ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت رەسوڵ كۆبونەتەوەو پێكهاتوون لە مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتی، پارتی لە گەڕاندنەوە مەكتەب سیاسییە كۆنەكە بۆسەر شانۆی یەكێتی سەركەوتوو نەبوو، لەقۆناغێكی تردا هەوڵی جیاكردنەوەی هاوسەرۆكەكان دەدات، ئەگەر ئەم هەوڵەش سەركەوتوو نەبێت، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچین پارتی دان بە هەردوكیاندا بنێتو مامەڵەیان لەگەڵ بكاتو لەپێگە جەماوەرییەكەیان بدات لەناوخۆی یەكێتیو كۆتایی بە بەكارهێنانی كارتی دژایەتی پارتی بۆ مانەوەیان بەبەهێزی لەناو یەكێتیدا، بهێنێت. بڕیارە چەند رۆژی داهاتوو، مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتی كۆببنەوە، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندی نێوان هەردوو حزب. ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی گورزێكی بەهێز لە بزوتنەوەی گۆڕان دەدات، پارتی تائێستا بۆ سەرەنجڕاكێشانی یەكێتی، بەباشی سودی لە كارتی گۆڕان وەرگرتووە، لەپێكهێنانی حكومەتدا زیاد لەپێویست رەچاوی پشكی گۆڕانی كرد، بەڵام پێناچێت دۆخەكە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، بەتایبەتی ئەگەر یەكێتییە نوێیەكان جێ پێی خۆیان لە گۆڕەپانەكەدا لەگەڵ پارتی جێگیربكەن. چیرۆكی یەكێتی دوان لە دامەزرێنەرە دیارەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بریتین لە هەریەكە لە (جەلال تاڵەبانی)و (نەوشیروان مستەفا) لەڕێگەی نوسینو چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانییەوە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانییان گێڕاوەتەوە. بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا" مام جەلال لەسەرەتادا رەئی وابو كە هەمو تێكۆشەرانی كورد لە چەپەوە بۆ راست لە یەك رێكخراوی فراوان دا یەك بخرێن، بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی لەگەڵ زۆر كەس كردبو بەتایبەتی لەگەڵ ئەو ئەندامانەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی كە هاتبونەدەرەوە و، لەگەڵ ئەوانەی نوێنەری بارزانی بون، ئەم بیرە سەری نەگرت". جەلال تاڵەبانی كە یەكەمو دواین سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، رۆژی (3/10/2017) كۆچی دوایی كرد، ئەو لە ساڵیادی یەكێتیدا لە 2012 بەمشێوەیە باس لە دامەزراندنی یەكێتی دەكات" منو دكتۆر فوئاد مەعسوم لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لەنێوان بەیروتو قاهیرەو دیمەشق كارمان دەكرد، ئێمە لەوێ ووردە وردە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانمان گەڵاڵە كرد، لە چایخانەیەك كۆبوینەوە بەناوی (تولەیتولە) لە دیمەشق، منیان تەخویل كرد بەیانەكە بنوسم، بەیانی دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بەیاننامەی یەكەمم نوسی، ئەو كەسانەی كە كارەكەیان دەستپێكرد بریتی بوون لە (مام جەلال، د. كەمال فوئاد، د. فوئاد مەعسوم، عەبدولڕەزاق فەیلی، لەو ماویەیەدا من چوم بۆ ئەوروپا، پێشتر پەیوەندیم هەبووە بە كاك نەوشیروان مستەفا، ئاگاداری كاك نەوشیروانم كرد، كاك نەوشیروان فكرەكەی پێ باش بوو، دواتر چوین لە بەرلین كۆبوینەوە پاش ئەوەی كە لەكوێ كۆبوینەوە لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو عومەر شێخموس، بەوجۆرە دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوین بە 7 كەس، لەوێ بڕیارماندا دوای ساڵێك لە دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان شۆڕش هەڵگیرسێنینەوە". نەوشیروان مستەفا كە یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی یەكێتی لە (19/5/2017) كۆچی دوایی كرد، لە كتێبەكەیدا (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ) سەبارەت بە چیرۆكی دامەزراندنی یەكێتی دەنوسێت:" دۆستایەتی من لەگەڵ مام جەلال ئەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1961 ئەو كاتەی لێپرسراوی لقی سلێمانی پارتی بو، چەندجارێ تەلەفۆنی بۆ كردم و نامەی بۆ ناردم، داوای لێكردم خۆم ئامادە بكەم بۆ بەشداری لەو رێكخراوە تازەیەدا كە خەریكی دامەزراندنێتی و، بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات، ئەگەر چی ماوەیەكی درێژ بو من لە كوردستان دور بوم، بەڵام (ئیلتیزامی ئەخلاقی و ئەدەبی) بە كۆمەڵەو بە مام جەلالیەوە بەست بوم، بەجوانم نەئەزانی لەژێری دەربچم، یەكسەر وتم: كەی داوات كرد بەسەرچاو ئامادەم، جارێكیان لە وەڵامی نامەیەكی دا بۆ ئەوەی دڵنیایی بكەمەوە لەوەی من هەر لەسەر بەڵێنە كۆنەكەی خۆم ماوم، سەرەتای نامەكەم بەم شیعرەی "سالم" دەستپێكرد: ئەی قیبلەی مورادم ئاخۆ بە رۆژگاران جارێ لە كەس ئەپرسی حاڵی غەریبی تاران بەو سوێندەی كە خواردم: من هەر ئەوەم كە دیوتم، حاشا بكەم فەرامۆش، میساق و عەهدی جاران بەڵێنم دایە هەر كارێ بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش دەس پێ بكەن، من واز لە هەمو شتێكی خۆم ئەهێنم لە ڤیەننا و، لەگەڵیان ئەبم، بەڵام ئەو ماوەیە من ئازادی هاتوچۆم نەبو، پاسپۆرتەكەم عێراقی بو. سەفارەت بۆیان تازە نەكردبومەوە، نەمئەتوانی هاتوچۆ بكەم. لە ڤییەنا گیرم خوارد بو. بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا، تا ئەوكاتەی یەكێتی دامەزراوە، ئەو خۆی خوێندكاری دكتۆرا بووە لە ڤیەننا، د. فوئاد مەعسوم نوێنەری بارزانی بووە لە قاهیرە، عادل سەرۆكی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە، عەبدولڕەزاق فەیلی ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی لاوان بووە، مام جەلالیش وەكو خۆی دەڵێت پێش دامەزراندنی یەكێتی لە كۆمیتەی كاروباری عەرەبی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نێوان بەیروت و قاهیرەو دیمەشق كاری كردووە،. رۆژی 22/2/1975 لە (دیمەشق)ی پایتەختی سوریاو چایخانەی (تولەیتولە) لە گەرەكی (ئەبو رمانە) یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر بەڕێوەچوو، بەشداربوانی (مام جەلال، د. فوئاد مەعسوم، د. كمال فوئاد، عادل موراد، عەبدولرەزاق فەیلی)، نەوشیروان مستەفا نەیتوانی بەشدار بێت لە كۆبونەوەكە وەكو خۆی لە كتێبی (لە كەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ) باسی دەكات ئەو بەشداری نەكردووە بەهۆی ئەوەی كێشەی پاسپۆرتی هەبووە و باڵیۆزخانەی عێراق پاسپۆرتیان بۆ تازە نەكردوەتەوە و نوسیویەتی" من ئەوسا هێشتا لە ڤیەننا نەجوڵابوم، لەبەرئەوەی لە داڕشتنی بیرەكانی ئەم بەیانەدا بەشدار نەبوم". عومەر شێخموس یەكێكی تر بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر كە بەشداری یەكەم كۆبونەوەی نەكرد، ئەوەش بەهۆی ئەوەی شێخموس كوردی سوریا بوو، نەیتوانیوە گەشتی سوریا بكات. كۆبونەوەی دووەمی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لە رۆژی 27/5/1975 بەسترا، كۆبونەوەكە بە سەرپەرشتی مام جەلال هەندێك گۆڕانكاری لە پرۆژەی یەكێتیدا كردو بە فەرمی پرۆژەی راگەیاندنی یەكێتی وەكو حزبێكی سیاسی نوێ دوای نسكۆ لە رۆژی 1/6/1975 بڵاوكراوە. بەپێی گێڕانەوەی نەوشیروان مستەفا" مام جەلال یەكەمین بەیانی راگەیاندنی دامەزراندنی یەكێتی بە عەرەبی، لە شام و پاش باس كردنی لەگەڵ د. فوئاد و عادل و عەبدولڕەزاق، لە 22/5/75 دا نوسی بو و، بڵاوی كردبوەوەو، بۆ كەمال فوئادیشیان نارد بو لە ئەوروپا بڵاوی بكاتەوە، ئەویش دوای ئەوەی هەندێ دەستكاری تێدا كرد بوو لە 1/6/75 دا بڵاوی كردەوە". ترۆیكای یەكێتی یەكێتی نیشتمانی كە دامەزرا وەكو گالیسكەیەك بوو كە سێ ئەسپ رایدەكێشن كە ئەوەش لە زمانی سیاسیدا پێی دەوترێت "ترۆیكا"، دامەزراندنی یەكێتی ئەزمونێكی نوێ بوو، چونكە لە (3) رێكخراوی جیاوازو (3) سەركردایەتی جیاواز پێكهاتبوو، كە هەرسێكیان سەربەخۆیی رێكخراوەیی تەواویان هەبوو: • كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان لە 10/6/1970 بە نهێنی دامەزرا • بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان • هێڵی گشتی سەرباری جیابونەوەو هەوڵەكانی جیابونەوەی لەسەردەمی خەباتی شاخ، دواجار ئەم "ترۆیكا"یە تێكچوو، ئەسپەكان گالیسكەكەیان بەجێهێشت، نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە دامەزرێنەرەكان ساڵی 2009 لە یەكێتی جیابوەوەو بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، ئەمە سەرەتای تێكچوونی پەیكەری رێكخراوەیی یەكێتی بوو بەشێوەیەك كە كاریگەری لەسەر دۆخی ئێستای حزبەكەو یەكلابونەوەی بۆ ماڵباتی تاڵەبانی هەبوو. مشتومڕی دەستەی دامەزرێنەر دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی زۆرجار مشتومڕی لەسەر دروستبووە، هەندێكجار لە كاتی وتارەكانیدا لە یادی یەكێتی یان كۆنفرانس و كۆنگرەكاندا جەلال تاڵەبانی ناوی یەكیان دەپەڕاند یاخود ناوی نەدەهێنان، ئەوەش نیگەرانی دروستدەكرد. لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا، مام جەلال ناوی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەكێتی خوێندەوە، بەڵام ناوی د. فوئاد مەعسوم نەهێنا، فوئاد مەعسوم توڕە بوو، هێشتا مام جەلال وتارەكەی تەواو نەكرد، فوئاد مەعسوم بە پارچە كاغەزێكی بچوكدا نامەیەكی بۆ مام جەلال نارد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو نامەیەدا فوئاد مەعسوم بۆ مام جەلالی نوسیوە" ناوم دەهێنی یان بچمە دەرەوە"، پاشان مام جەلال ناوی فوئاد مەعسومی هێنا، هەندێك پێیان وابوو مام جەلال بیری چووە ناوی فوئاد مەعسوم بهێنێ، هەندێكیش پێیان وابوو مام جەلال بە ئەنقەست ناوی نەهێناوە.
توێژینەوە: د. عابد خالید ڕەسووڵ " ئاسۆی بەردەوامبوونی پرۆسەی بەفیدراڵیكردنی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا لێڵ و تەماوییە، ئەمە جگە لەوەی كە دەركەوتنی كورد و هەرێمی كوردستان وەك كاراكتەری سەرەكیی هەڵسووڕاندن و بەرگریكردن لەم پڕۆسەیە، جۆرێك لە لاوەكیبوون و تاك ڕەهەندیی بە ئامانجەكانی پڕۆسەكە بەخشیوە، بە جۆرێك لای زۆرێك لە هێز و پێكهاتەكانی تر و عێراقی فیدراڵی وەك ئامرازێكی هەلپەرستانەی كورد بۆ بە لاوازی هێشتنەوەی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا سەیر دەكرێت" ئەمە بەشێكە لە توێژینەوەیەكی ئەكادیمی كە لەلایەن د. عابد خالیدەوە نوسراوەو لە ژمارەی یەكەمی گۆڤاری (ئاییندە ناسی)دا بڵاوكراوەتەوە، كە دوو مانگ جارێك لە لایەن “سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی” دەردەچێت. د. عابد خالید لە توێژنەوەكەیدا سێ سیناریۆ بۆ داهاتووی عێراق دەخاتە روو: سیناریۆی یەكەم: وا پێشبینی دەكات كە تاكە ڕێگەچارە بۆ چارەسەركردنی گرفتە ئیتنی و مەزهەبییەكانی عێراق، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەوڵەتە بۆ دوو دەوڵەت یان زیاتر، لەسەر بنەمای نەتەوەیی (كورد و عەرەب)، یان نەتەوەیی و مەزهەبی (كورد و سوننە و شیعە). سیناریۆی دووەم: وا پێشبینی دەكات كە وردە وردە حكومەتی ناوەندی بەرەو بەهێزبوونەوە بڕوات، بە شێوەیەك كە بتوانێت بەتەواوی كۆنترۆڵی سەربەخۆیی دیفاكتۆی هەرێمی كوردستان بكات، بەمەش عێراق جارێكی تر بۆ فۆڕمی دەوڵەتی یونیتاری بگەڕێتەوە و ئەو ئەزموونە فیدراڵییە ناكامڵەی كە ئێستا هەیە، بەتەواوی شكست بهێنێت. سیناریۆی سێیەم: لە سایەی نەبووی زەمینەی تەواو بۆ بەدیهاتنی هەردوو سیناریۆی پێشوو، وا پێشبینی دەكرێت كە باشترین سیناریۆ بۆ ئایندەی عێراق بریتی بێت لە دەستگرتن بەو بژاردەی فیدراڵییانەوە، لە پێناو بەرقەراركردنی سەقامگیریی زیاتر و لێبڕان بۆ باشكردنی ژیانی هاوڵاتییان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی وڵات. دەقی توێژینەوەكە پێشەکی بەگشتی وڵاتان بە دوو فۆڕم ڕێک خراون، یەکەمیان (دەوڵەتی موەحد – Unitary State)ە، کە تیایدا یەک حکومەت کاروبارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەڕێوە دەبات، زۆربەی وڵاتانی جیهانیش لەم فۆڕمەن. بەڵام دووەمیان (دەوڵەتی ئیتیحادی - State Federal)ە، کە تیاید دوو ئاست لە حکومەت هەیە و هەریەکەیان بەپێی دەستوور بەشێک لە کاروبارەکان بەڕێوە دەبەن، لە ئێستا تەنها نزیکەی (٢٥) دەوڵەت لەم فۆڕمەن. ئامانج لە بونیادنانی دەوڵەتیش بە شێوەی فیدراڵی، بە پلەی یەکەم گونجاوییەتی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا فرەییەکان لە ڕووی ئیتنی و کولتوورییەوە، هەروەها بۆ ئەو وڵاتانەش گونجاوە کە قەبارەیان گەورەیە یان ژمارەی دانیشتووانیان زۆرە. وڵاتی عێراقیش لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣، هەلی دووبارە بونیادنانەوی وەک دەوڵەتێکی فیدراڵیی بۆ ڕەخسا، بە ئامانجی تێپەڕاندنی دەیان ساڵ لە حوکمی مەرکەزیی ستەمکاری ئەتنی و مەزهەبی. ئامانج لەم توێژینەوەیەوە، هەوڵدانە بۆ پێشبینیکردنی ئایندەی پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، هەوڵ بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک دەدات، وەک: ئایا تا چ ڕادەیەک تایبەتمەندی و بنەماکانی پڕۆسەی بەفیدراڵیکردن لە عێراقدا چەسپیوە؟ گرفتەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە چین؟ داهاتووی ئەم پڕۆسەیە بە چی دەگات؟ ئەی گرنگترین سیناریۆکانی ئایندەی چین؟ تەوەری یەکەم: چەمکی دەوڵەتی فیدراڵی و تایبەتمەندییەکانی لە پێناو دۆزینەوەی گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی فیدراڵیزم لە عێراق و وێناکردنی ئایندەی ئەم جێبەجێکردنە، پێویستە سەرەتا تێگەیشتنێکی گشتی سەبارەت بە چەمکی فیدراڵیزم لە ڕووی پێناسە و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بخەینە ڕوو، بەم شێوەیە: یەکەم: پێناسەی دەوڵەتی فیدراڵی لە ڕووی زانستییەوە، زانایان و توێژەرانی هەردوو بواری یاسای دەستووری و زانستی سیاسەت، پێناسەی زۆر و جۆراوجۆریان بۆ دەوڵەتی فیدراڵی کردووە، ئەمەش بەپێی جیاوازیی ئاڕاستەی بیرکردنەوەیان، کە بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو ئاڕاستەدا: ئاڕاستەی یەکەم: لە پێناسەکردنی دەوڵەتی فیدراڵیدا، زیاتر پێداگری لەسەر ئەو ڕێکخستنە دەستووری و پێکهاتە دامەزراوەییانە دەکاتەوە کە دەکرێت لە بونیادنانی ئەم جۆرە دەوڵەتەدا بەرجەستە بکرێن. بۆیە دەبینین "مارسیل پریلۆ" وا پێناسەی دەکات کە بریتییە لە: "یەکێتیی چەند دەوڵەتێک، کە لە هەندێک بواردا ملکەچە بۆ یەک دەسەڵاتی ناوەندی (حکومەتی فیدراڵی) و لە هەندێک بواری تردا سەربەخۆییەکی دەستووری و کارگێڕی و دادوەریی تا ڕادەیەک فراوانی تایبەت بە خۆیان هەیە (دەسەڵاتی هەرێم و دەوڵەتە یەکگرتووە ئەندامەکانی ناو یەکێتییە)( )." لای "ولیام هـ. ڕایکەر"، دەوڵەتی فیدراڵی: "ئەو ڕێکخستنە سیاسییەیە کە تیایدا چالاکییەکانی حکومەت دابەش کراوە لەنێوان حکومەتی هەرێمەکان و حکومەتی ناوەندیدا، بە شێوەیەک کە هەر جۆرێک لەو حکومەتانە بەشێک لە چالاکیی پێ بدرێت کە تیایدا بڕیاری کۆتایی دروست بکات( )." لای "د. حەمید حەنوون خالد"یش بریتییە لە: "یەکگرتنێکی یاسایی، کە لەسەر بنەمای بەڵگەنامەیەکی دەستووری پێک دەهێنرێت و تیایدا هەر دەوڵەتێکی ئەندام ملکەچە بۆ ئەحكامەکانی ئەو دەستوورە کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی ئەم دەوڵەتانە و حکومەتی یەکێتییەکە ڕێک دەخات، هەروەها ئەو دەسەڵاتانەش کە هەر لایەک لەو حکومەتانە دەتوانن پیادەی بکەن؛ دیاری دەکات( )." ئاڕاستەی دووەم: لە پێناسەکردنی دەوڵەتی فیدراڵیدا، زیاتر جەخت لەو بنەمایانە دەکاتەوە کە لەسەریان دروست بووە. بۆیە دەبینین "ئەلبێرت دایسی" وا پێناسەی دەوڵەتی فیدراڵی دەکات، کە بریتییە لەو: "ڕێکخستنە سیاسییەی کە ئامانج لێی، سازاندن بێت لەنێوان یەکێتیی نیشتمان و پاراستنی مافی هەرێمەکان( )." لای "جاك باگنار": "کڵێشەیەکی ڕێکخستنە، کە هەوڵ بۆ سازاندن لەنێوان فرەیی و یەکێتی لە چوارچێوەی چەمکی ڕێزگرتنی هەریەک لەوەی دی دەدات( )." لای "دانیال ج. ئیلیازەر"یش، دەوڵەتی فیدراڵی بریتییە لە: "دابەشکردنی بنچینەییانەی دەسەڵات لەنێوان چەند ناوەندێکی فرەدا...، نەک گواستنەی دەسەڵات لە یەک ناوەندەوە یان لە دڵی هەرەمێکەوە( )." کەواتە وەک دەبینین هەر یەکێک لەم دوو ئاڕاستەیە جەخت لە ڕەهەندێکی چەمکی فیدراڵیزم دەکەنەوە، ئاڕاستەی یەکەم ڕەهەندە بەرجەستەبوونە دەستووری و دامەزراوەییەکانی ڕەچاو دەکات، بەڵام ئاڕاستەی دووەم ڕەهەندە تیۆری و بنەماکانی وەبەرچاو دەگرن، بۆیە ناکرێت پێناسەکانی هیچ کام لەم دوو ئاڕاستەیە لە پێناسەکانی ئاڕاستەکەی تر بە باشتر بزانین. جا لێرەدا بۆ یەکخستنی تێگەیشتنی هەردوو ئاڕاستەکە، ڕەنگە گونجاو بێت پەنا بۆ ئەو جیاکارییە ببەین کە هەریەک لە "ڕۆناڵد واتس" و "دۆگڵاس فێرنێ"، هاوڕا لەگەڵ "ئێلیازەر"، لەنێوان هەرسێ چەمکی "Federalism" و "Federal System" و "Federation"دا کردوویانه( )، کە هەر چەندە زۆربەی جار بە چەمکی هاوواتا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هەریەکە واتای تایبەت بە خۆی هەیە. چەمکی (Federalism – فیدراڵیزم - الفدرالیە): ئاماژەیە بۆ ئەو تیۆرە سیاسییەی کە پاساو بۆ بنچینە فەلسەفییەکانی یەکخستنی دوو بنەمای دژبەیەک دەهێنێتەوە، کە بریتین لە (بنەمای حوکمڕانیی هاوبەش - الحكم المشترك - Self-rule) و (بنەمای خۆبەڕێوەبردن - الحكم الژاتی - Shared-rule)، لە هەر ڕێکخستنێکی سیاسیدا کە هەوڵ بۆ هێنانەدیی "بەشداری" و "سەربەخۆیی" دەدات لە یەک کاتدا( ). کەواتە فیدراڵیزم، بەم واتایە ڕێبازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجییە، وەک ڕێبازی لیبراڵیزم و سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزم، بەڵام پیچەوانەی ئەم ڕێبازانە کە سەرەتا لە ئەورووپا و بەتایبەتییش لەدوای شۆڕشی فەڕەنسی دەرکەوتن. ڕێبازی فیدراڵیزم بنەماکانی لەو بیروڕایانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەدوای شۆڕشی ئەمەریکی، دامەزرێنەرانی دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1787 پشتیان پێی بەستبوو( ). چەمکی (Federal System - سستمی فیدراڵی - النڤام الفدرالی): ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێکخستنە سیاسییەی کە یەکخستنی بۆ هەردوو بنەما و ڕەگەزی "حوکمڕانی هاوبەش" و "خۆبەڕێوەبردن" کردووە. بەمەش سستمی فیدراڵی تەنها دەوڵەتە فیدراڵییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو کۆی ئەو دەوڵەتە یونیتارییانەش(Unitary State) دەگرێتەوە کە جۆرێک لە (ناناوەندێتی - اللامركزیە - Decentralization) پێشکەتوویان هەیە، وەک فەڕەنسا و ئیتاڵیا و بەریتانیا، ئەمە سەرەڕای هەموو ئەو ڕێکخستنە سیاسییە بان نیشتمانییانەی کە جۆرێک لە تەرتیباتی فیدراڵییان هەیە، یەکێتیی ئەوروپا( ). هەر چی چەمکی "Federation"ە: ئاماژەیە بۆ (دەوڵەتی فیدراڵی – الدولە الفدرالیە)، وەک جۆرێکی دیاریکراو لە جۆرەکانی سیستمی فیدراڵی، بەتایبەتییش بەو جۆرەی کە بۆ یەکەم جار وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 1789 لەسەری دروست بوو( )، دواتر چەندین دەوڵەتی تر لەدوای وڵاتە یەکگرتووەکان وەک نموونە، تەقلیدی ئەم جۆرە دەوڵەتە لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە تا ناوەڕاستی سەدەی بیست دروست بوون، وەک: سویسرا، كەنەدا، ئوستورالیا، ئەڵمانیا و نەمسا. لەدوای ئەمانیش، تا ئێستا چەندین دەوڵەتی تر دروست بوون کە بە فیدراڵی دادەنرێن، یان لە دەوڵەتی یونیتارییە و بەرەو دەوڵەتی فیداڵیبوون ڕۆیشتوون، وەک: هیندسان، پاكستان، مالیزیا، ئیسپانیا، ڕووسیا، بەلجیكا، نێجیریا، کۆمۆرۆس، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، مەكسیك، ئەرجەنتین، بەڕازیل و فەنزویلا( ). کەواتە "سیستمی فیدراڵی" لە ئەنجامی جێبەجێکردنی کردارییانەی بنەماکانی ڕێبازی "فیدراڵیزم"ەوە دروست بووە، بەڵام ئەم جێبەجێکردنە بەپێی کات و شوێن، جۆر و شێوازی هەمەچەشنی هەبووە، "دەوڵەتی فیدراڵی"یش جۆرێکە لەو جۆرانەی "سیستمی فیدراڵی". بۆیە مەرج نییە هەموو سیستمێکی فیدراڵی بە دەوڵەتی فیدراڵی دابنرێت، چونکە دەوڵەتی فیدراڵی چەند تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە کە هەمیشە لە هەموو سیستمە فیدراڵییەکاندا نییە، بەڵام پێویستە بپرسین ئاخۆ ئەو تایبەتمەندییانە چین؟ دووەم: تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی هەر چەندە زانایان سەبارەت بە دیاریکردنی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی ڕای جیاوازیان هەیە( )، بەڵام بە ڕای "جۆرج ئەندرسۆن" و "واتس" ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوە وا دادەنرێن کە سیستمی هەر وڵاتێک بکەن بە فیدراڵی، بەم شێوەیە( ): - بوونی دوو ئاست لە حکومەت، یەکێکیان بۆ هەموو وڵاتەکە کە پێی دەوترێت "حکومەتی فیدراڵی" یان "ناوەندی"، ئەوی تر بۆ یەکە پێکهێنەرەکانی ئەو وڵاتە (حکومەتی هەرێمەكان)، بە شێوەیەک هەر ئاستێک دامەزراوەی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری)ی خۆی هەبێت، دەسەڵاتدارانی هەر حكومەتەش پەیوەندیی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتییانی خۆیاندا هەبێت. - بوونی دەستوورێکی نووسراوی جامد، بە شێوەیەک ئەو دەق و بڕگانەی کە کاریگەرییان لەسەر پێگەی هەرێمەکان هەیە، بەبێ ڕەزامەندیی هەرێمەکان شیاوی هەموارکردن نەبن. - دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت لە ڕێگای دەستوورەوە، بەتایبەت تەرخانکردنی دەسەڵاتی دارایی پێویست بۆ هەر ئاستێک، لە پێناو زامنكرنی بڕێک سەربەخۆیی ڕاستەقینە بۆ هەریەکان. - بوونی چەند ڕێکار و ئامرازێک، لە پێناو پێدانی سەنگی زیاتر بە هەرێمە بچووکەکان، وەک ئەنجوومەنی دووەم لە پەرلەمانی فیدراڵیدا، کە دەشێت تێیدا نوێنەرایەتیی هەرێمەکان و دەنگیان بە شێوەیەک دیاری بکرێت، بۆ نموونە هەر هەرێمێک دوو نوێنەری هەبێت، بەبێ ڕەچاوکردنی قەبارە و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمەکان، کە ئەمەش بوار دەدات كە هەرێمە بچووکەکان لە کاتی پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار و سیاسەتە فیدراڵییەکاندا ڕۆڵ و قورساییەکی تا ڕادەیەک نزیکیان لە هەرێمە گەورەکان هەبێت. - بوونی چەند دەزگا و ڕێکارێک بۆ یەکاڵاکردنەوەی ناكۆكییه دەستوورییەکان لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، وەک (دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی دووەمی پەرلەمانی فیداڵی، یان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم). - بوونی چەند ڕێکار و دەزگایەک بۆ ڕاییکردنی پەیوەندی و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، وەک دەزگا سەربەخۆکان و لیژنە وەزارییە نێوان فیدراڵی و هەرێمییە هاوبەشەکان و ئەنجوومەنی دووەم لە پەرلەمانی فیدراڵی. هەر چەندە ئەم تایبەتمەندییانە بە بڕ و ئاستی جیاجیا لە وڵاتە فیدراڵییەکاندا هەن، بەڵام وەک "ئەندرسۆن" دەڵێت، گرنگترین تایبەتمەندیی دەوڵەتی فیدراڵی ئەوەیە کە: "دوو ئاست لە حکومەتی هەیە، کە هەریەکەیان بەپێی دەستوور دامەزراون و هەریەکەشیان بڕێک سەربەخۆیی ڕاستەقینەی خۆی هەیە و حکومەتی هەر ئاستێکیش بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەرامەبەر جەماوەری دەنگدەرانی خۆیدا بەرپرسیارە( )." کەواتە بەگشتی تایبەتمەندییەکانی "دەوڵەتی فیدراڵی" بریتین لە: بوونی دوو ئاست لە حکومەت، دابەشکردنی دەستووری دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکەدا، لەگەڵ بوونی چوارچێوەیەک بۆ سەربەخۆ بەڕێوەبردنی هەر ئاستێکیان لەلایەن خۆیەوە، زامنکردنی ڕای هەرێمەکان لە بڕیارە فیدراڵییەکاندا لە ڕێگای ئەنجوومەنی دووەمی پەرلەمانی فیداڵییەوە، بوونی دەستوورێکی نووسراوی جامد، بوونی دادگایەکی فیدراڵی بۆ یەکاڵاکردنەوەی ناكۆكییەکان لەنێوان حکومەتەکانی هەردوو ئاستەکە، بوونی هاوکاری لەنێوان حکومەتەکان لەو بوارانەدا کە بەرپرسیارێتیی هاوبەشیان هەیە. لە ئەنجامدا ئەم تایبەتمەندییانە بریتین لەو پێوەرانەی کە دەکرێت لە ڕێگایانەوە بڕیار بدرێت کە ئاخۆ چ سیستمێکی فیدراڵی بە "Federation" یان (Federal State - دەوڵەتی فیدراڵی) دادەنرێت( )، بە شێوەیەک هەر کاتێک ئەگەر کۆی یان زۆربەی ئەم تایبەتمەندییانە لە سیستمێکی فیدراڵیدا هەبوون، ئەوا ئەو سیستمە بە "دەوڵەتی فیدراڵی" دابنرێت. بۆیە چەمکی "دەوڵەتی فیدراڵی"، سنوورێکی زۆر بەرتەسکتری لە چەمکی "سیستمی فیدراڵی" هەیە، چونکە ئەمیان هەموو ئەو دەوڵەت و ڕێکخستنە سیاسییانە لەخۆی دەگرێت کە هەموو یان هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵییان هەیە، لەبەر ئەوەی بوونی ئەم تایبەتمەندییانە؛ بیرۆکەی یەکخستنی هەردوو ڕەگەزی "حوكمڕانیی هاوبەش" و "خودبەڕێوەبردن" بەرجەستە دەکەن. هەموو دەوڵەتێکی فیدراڵییش لەسەر ئەم دوو ڕەگەزە بونیاد دەنرێت و بە بوونی هەردووکیشیان بیرۆکەی سازان و ڕێككەوتن پێک دەهێنرێت، بەپێی پلە و ڕادەی زاڵبوونی هەر ڕەگەزێکیشیان بەسەر ئەوی تریاندا، جۆرەکانی سیستمی فیدراڵیی هەمەچەشن کە گرنگترینیان بریتین لە: (دەوڵەتی یونیتاریی لامەركەزی، دەوڵەتی فیدراڵی، دەوڵەتی كونفیدراڵی). بۆیە بە بڕوای ئێمە، بنچینەی جیاکردنەوە لەنێوان "دەوڵەتی فیدراڵی" وەک جۆرێک لە جۆرەکانی سیستمی فیدراڵی لەگەڵ جۆرەکانی تری ئەم سیستمە، بریتییە لە ڕادەی سازان و گونجاندن لەنێوان هەردوو ڕەگەزی "حوكمڕانیی هاوبەش" و خودبەڕێوەبردن"دا، بە شێوەیەک ئەگەر ڕەگەزی "حوكمڕانیی هاوبەش" بەسەر ڕەگەزی "خودبەڕێوەبردن"دا زاڵ بوو، ئەوا سیستمە فیدراڵییەکە جۆری "دەوڵەتی یونیتاریی لامەركەزی" وەردەگرێت. خۆ ئەگەر هاوسەنگی لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا هەبوو، ئەوا سیستمە فیدراڵییەکە جۆری "دەوڵەتی فیدراڵی" وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر ڕەگەزی "خودبەڕێوەبردن" بەسەر ڕەگەزی "حوكمڕانیی هاوبەش"دا زاڵ بوو، ئەوا سیستمە فیدراڵییەکە جۆری "دەوڵەتی كونفیدراڵی" وەردەگرێت. لە کۆتایی ئەم تەوەرەدا، سەبارەت بە بابەتی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدەین لە تەوەرەکانی داهاتوودا گرفتەکانی بەردەم هەبوونی ئەم تایبەتمەندی و بنەمایانە لە پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا و ئایندەی ئەم پڕۆسەیە بخەینە ڕوو. تەوەری دووەم: گرفتەکانی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی بەر لە خستنەڕووی گرفتەکانی پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی، پێویستە سەرەتا باس لە چۆنێتیی بەگەڕخستنی ئەو پڕۆسەیە بکەین، بەم شێوەیە: یەکەم: پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣، لەلای زۆربەی هێزە عێراقییە ڕێکخراو و ناڕێکخراوەکان و هێزە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان)، قەناعەتی باو ئەوە بوو کە پێویستە بونیادناوەی دەوڵەتی عێراق لەسەر چەندین بنەما بێت کە بتوانێت کۆی جێکەوتە خراپەکانی دەیان ساڵی پێشوو لە حوکمڕانیی دیکتاتۆریی مەرکەزیی سەرکوتکەر و ستەمکاری نەتەوەیی و مەزهەبی ساڕێژ بکات، لەم چوارچێوەیەشدا باشترین بژاردە لای زۆربەی ئەو هێزە ناوخۆیی و دەرەکییانە ئەوە بوو کە عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵیی فرەیی خاوەن سیستمێکی حوکمڕانیی دیموکراسیی پەرلەمانیی لامەرکەزی بونیاد بنرێتەوە( ). لە ڕاستییشدا لەو کاتەدا چانسی بونیادناوەنەی عێراق لەسەر ئەم بنەمایانە (فیدڕاڵی - دیموکراسی - پەرلەمانی) زۆر ئەستەم نەبوو، بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی زۆربەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی پێشوو (سوپا، دەزگای ئەمن، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و...)( ). هەر بۆیە لە ساڵانی سەرەتادا پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق بەم ئاڕاستەیە بەڕێوە دەچوو، بەتایبەت لە ئاستی پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی هەردوو حکومەتی کاتی و ئینتقالیدا کە چەند وەزارەتێکی (وەک: مافی مرۆڤ و کاروباری ژنان و ژینگە) پێک هێنران، لەپاڵ بووژاندنەوەی دەزگا لامەکەزییە خۆجییەکان و چالاکبوونەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئازاد، بە شێوەیەک وا چاوەڕوان دەکرا کە چیدی عێراق لەسەرپێیە بۆ دەربازبوون لە جێکەوتەکانی سێ دەیە لە ڕژێمی ستەمکاری پێشوو و چوار دەیە لە ڕژێمی پاشایەتیی لاواز( ). لەسەر ئاستی پڕۆسەی دەستووریش، هەر لەو ماوە سەرەتاییەدا دوو دەستوور بۆ بەیاساییکردنی پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق لەسەر ئەو بنەمایانە (فیدڕاڵی - دیموکراسی - پەرلەمانی) نووسران، کە یەکەمیان "یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە" بوو، کە بە "دەستووری کاتیی ساڵی ٢٠٠٤"یش ناسراوە، دووەمیشیان "دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥" بوو کە بە "دەستووری هەمیشەیی" و "دەستووری فیدراڵی"یش ناسراوە. هەر لەبەر ئەمە "دەستووری کاتیی ٢٠٠٤"، لە دەقەکانی سەرەتایدا جەختی لەوە کردەوە کە: "سیستمی حوكم لە عێراق دەبێت سیستمێکی کۆماری، فیدراڵی، دیموكراسی و فرەیی بێت. دەبێت دەسەڵاتەكانیش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتە خۆجێییەكانی هەرێم و پاریزگا و شارەوانی و یەکە ناوچەییەکان دابەش بکرێت. ئەم سیستمە فیدراڵییەش لەسەر بنچینەی جوگرافی و پەیوەندییە مێژووییەكان و لێكجیاکردنەوەی دەسەڵاتەكان دەبێت، نەك لەسەر بنچینەی ئەسڵ و تایەفە و نەژاد و ئیتنی و نەتەوە یان مەزهەب( )." ئەمجا ئەم دەستوورە لە چەندین دەقی تریدا پێداگری لەسەر پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکدی و داننان بە هەڵبژاردن و سەروەریی یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پشتگیریکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و ئازادیی ڕادەربرین و میدیا کردووە( )، ئەمەش بە بڕوای توێژەران هەنگاوی گەورە و ئەرێنی بوون بۆ بەفیدراڵیکردنی عێراق و بەدیموکراسیکردنی سیستمە حوکمڕانییە نوێیەکەی( )، بەتایبەت کە بەو دەقانە دەیخواست دەوڵەتێک بونیاد بنێت کە تیایدا بۆ بەرژەوەندیی هەرێم و ناوچە خۆجێییەکان، ناوەند لاواز بێت، بۆ باش بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی فرەیی مەدەنیی ئازاد؛ دەسەڵات کۆتکراو بێت( ). بە هەمان ئاڕاستە، دەستووری فیدراڵیی ٢٠٠٥، لە یەکەمین دەقیدا جەختی لەوە کردەوە کە: "کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، ڕژێمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، نوێنەرایەتیی(پەرلەمانی)، دیموکراسییە، ئەم دەستوورەش یەکپارچەیی عێراق دەپارێزێت( )." ئەمجا ئەمیش لە چەندین دەقی تریدا پێداگریی لەسەر زامنکردن و پاراستنی مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکان و دەسەڵاتی گەل و هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەروەریی یاسای و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و ئازادیی ڕادەربرین و میدیا و ڕۆژنامەگەری کردووە. بۆیە ئەم دەستوورە بە بڕوای توێژەران، وەرچەرخانێکی گەورە بوو نەک لە عێراقدا، بەڵکوو لە کۆی ناوچەکەشدا، بەتایبەت کە بەپێی پێوەرە باوەکانی حوکمڕانی لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکاندا، زۆربەی توانا و سەرچاوە دارایی و ماددییەکانی دەوڵەت لە چنگی حکومەتی ناوەندیدا جێگیر کراوە، هەر لە بواری بەرگریی دەرەکی و ئاسایشی ناوخۆوە تا ژێرخانی ئابووری و پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی و بەڵکوو دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش( ). کەچی دەستووری ٢٠٠٥، لە پێناو ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەی ڕژێمێکی مەرکەزیی دەسەڵاتخوازی ستەمکار، زۆربەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندیی لە هەردوو بواری دەرەکی و بەرگریدا سنووردار کردووە( )، بەڵام بوارەکانی ژێرخانی ئابووری و پەروەردە و فێرکردن و تەندروستیی کردووەتە دەسەڵاتی هاوبەشی حکومەتی ناوەندی و حکومەتە ناناوەندییەکانی (هەرێم و پارێزگان). هەر چی بوارەکانی ترە، ئەوا بۆ دەسەڵاتی فراوانی حکومەتی هەرێم و پارێزگاکان بەجێ هێڵراوە، کە هاوکات هەرێمەکان مافی دانانی دەستووری تایبەت بە خۆیان و بوونی دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادورییان بۆ خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆی خۆیان هەیە، تەنانەت حکومەتی ناوەندی دەسەڵاتی بەسەر هێزی ناوخۆیی هەرێمەکانیشدا نییە، بەڵکوو توانای سەپاندنی باجی بەسەر هەرێمەکانیشدا نییە ئەگەر هەرێمەکان قایل نەبوون، ناشتوانێت بەتەنها کەرتی نەوت بەڕێوە ببات، زیاتر لەمەش لە بوارە هاوبەشەکاندا یاسا فیدراڵییەکان پەیوەستن بە ناکۆکنەبوون لەگەڵ یاسای هەرێمەکان، خۆگەر ناکۆکیش بن، ئەوا پێشینەیی بۆ یاسای هەرێمەکان دەبێت( ). بەڵام پێچەوانەی ئەم دەقە دەستوورییە مژدەبەخشانە، وردە وردە پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا گرفتی گەورەی هاتە ڕێ، بە شێوەیەک زۆربەی ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە تەوەری پێشوودا بۆ دەوڵەتی فیدراڵی خستمانە ڕوو، زەمینەی چەسپاندنیان لە عێراقدا لاواز و ناسازە. بەم شێوەیەی کە لە بڕگەی داهاتوودا باسی دەکەین. دووەم: گرفتەکانی بەردەم جێگیرکردنی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا لێرەدا دەتوانین گرنگترین ئەو گرفتانە بە هەمان ئەو ڕیزبەندییەی لە تەوەری پیشوودا ئاماژەمان بۆیان کرد، بخەینە ڕوو. بەم شێوەیە: ١. سەبارەتی بە تایبەتمەندیی یەکەم و سەرەکی کە بریتییە لە بوونی دوو ئاست لە حکومەت، هەر چەندە دەستووری عێراقی؛ ڕاشکاوانە مافی داوە بە هەر پارێزگایەک یان زیاتر کە "هەرێم" دروست بکەن( )، بە پێچەوانەی ئەوەی لە سەرەتادا پێشبینی دەکرا کە عێراق لەسەر بنەمای (نەتەوە و پارێزگاکان) ببێتە شانزە هەرێم (کوردستان و هەریەک لە پانزە پارێزگاکە)، یان لەسەر بنەمای (نەتەوەیی و جوگرافی) ببێتە پێنج یان شەش هەرێم (کوردستان، بەغداد، كەركووك، باشوور، ناوەڕاست و فوڕاتی ناوەڕاست)، یان لەسەر بنەمای (نەتەوەیی و مەزهەبی) ببێتە سێ هەرێم (کوردی و سوننی و شیعی)، یان لانی کەم لەسەر بنەمای نەتەوەیی ببێتە دوو هەرێم (کوردی و عەرەبی)( )، کەچی تا ئێستا جگە لە (هەرێمی کوردستان) کە مێژووی ڕاگەیاندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢، هیچ هەرێمێکی تر لە سایەی دەستووری ٢٠٠٥دا دروست نەبووە، هەر چەندە چەندین داواکاری لەلایەن چەندین پاریزگاوە بۆ دروستکردنی هەرێم هەبووە، بەڵام لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەتوندی ڕێگریی لێ کراوە، جا ئەو ڕێگرییە هەندێک جار بە بیانووی یاسایی بووە (وەک: بەسڕە و میسان و زیقار)، یان بە ترساندن و سەرکوتکردن بووە (وەک: دیاله)، یان بە بەڵێنی چەواشەکارانە بووە (وەک: ڕومادی و موسڵ)( ). ڕەنگە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم گرفتە ئەوە بێت کە هەر لە سەرەتاوە، جگە لە "کورد" و چەند هێز و کەسایەتییەکی عێراقیی لیبراڵ و عەلمانیی کەم، هیچ کام لە هێزەکانی تری (شیعە و سوننە) لەگەڵ بەفیدراڵیکردنی دەوڵەتی عێراق نەبوون، بەڵکوو هەندێکیان بەتوندی دژی بوون، وەک زۆربەی هێزە سوننییەکان کە بە مقاوەمە ناسرابوون، هەروەها صەدرییەکان و تورکمانەکان( ). بە بڕوای زۆربەی شارەزایانی فیدراڵی و دەستوورناسان، هەمیشە لەو دەوڵەتە فیدراڵییانەدا کە ژمارەی هەرێمەکان کەمە، ئەگەری زاڵبوونی حکومەتی ناوەندی زۆرە، ئەمەش دواجار یان بە ئاڕاستەی لاوازبوونی بونیادی فیدراڵیی ئەو دەوڵەتە دەڕوات، یاخود بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی ئەو دەوڵەتە سەر دەکێشێت( ). کەواتە هەر لە سەرەتاوە تایبەتمەندیی یەکەمی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا کە بوونی دوو ئاست لە حکومەتە، لەبەردەم گرفتی گەورەدا بووە. ٢. سەبارەت بە تایبەتمەندیی دووەمی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی کە بوونی دەستوورێکی نووسراوی جامدە، ڕاستە تا ئێستا لە عێراقدا ئەم تایبەتمەندییە وا دەردەکەوێت کە پتەوە، چونکە تا ئیستا هیچ هەموارێک لە دەستووری فیدراڵیی ٢٠٠٥دا نەکراوە، بەڵام هەمیشە ئەم دەستوورە یان دووچاری پێشێلکردنی گەورە بووە، بەتایبەت لە بواری بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و سەروەریی یاسا و لامەرکەزیی خۆجێیی پارێزگاکاندا، یان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی تانەلێدان، بانگەشەکردن و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یان هەموارکردنی بە ئاڕاستەی سڕینەوەی بنەما (فیدراڵی و دیموکراسی و پەرلەمانی)یەکەی بووە، گوایە ئەم بنەمایانە سەرچاوەی بە لاوازی مانەوەی دەوڵەتی عێراقن، بەتایبەت لەلای هەندێک لە هێزە شیعییە باڵادەست و خاوەن میلیشیاکان، ئەمە جگە لەوەی کە ئێستا خواستی هەموارکردنی دەستوور و گۆڕینی سیستمەکەی بۆ سەرۆکایەتی و کاڵکردنەوەی لامەرکەزیەتی پارێزگاکان تیایدا وەک یەکێک لە داواکاریی خۆپیشاندانەکانی تشرین خراوەتە ڕوو( ). - سەبارەت بە تایبەتمەندیی سێیەم کە بریتییە لە دابەشکردنی دەستووریانەی دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، هەر چەندە وەک پێشتر وتمان دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ ئەم دابەشکردنەی کردووە، بەڵام لە لایەک بە هۆی قایلنەبوونی حکومەتی ناوەندی بە دەستبەرداربوونی ئەو دەسەڵاتانەی کە پێش ٢٠٠٣ هەیبووە و لە لایەکیش بە هۆی ئاڵۆزیی دەقە دەستوورییەکان خۆیان، بەتایبەت سەبارەت بە (نەوت و گاز و داهات)، کێشە و ملاملانێی زۆر لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتە خۆجێییەکان دروست بووە، بەتایبەت لەگەڵ "هەرێمی کوردستان" کە چەندین دۆسیەی جێی ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە وەک (کێشەی نەوت و گاز، بەشەبودجەی هەرێم، خەرجکردنی مووچە و پێدانی چەک بە پێشمەرگە، ناوچە جێناکۆکەکان، نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە...)( )، بەڵکوو قووڵبوونەوەی ئەم ململانێیە هەندێک جار عێراقی بەرەو کەناری لێکهەڵوەشانەوە یان پێکدادانی سەربازی لەگەڵ هەرێم بردووە، وەک ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ هەرێم لە ٢٥/٩/٢٠١٧ و لەشکرکێشیی زۆرەملێی عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکان لە ١٦/١٠/٢٠١٧. ئەمە جگە لەوەی کە هەمیشە حکومەتی ناوەند پابەند نەبووە بە تەرخانکردنی دەسەڵاتی دارایی پێویست بۆ یەکە خۆجێییەکان، بەتایبەت پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق( )، بەڵکوو نەک لە ڕووی داراییەوە، لە ڕووی کارگێڕییشەوە وەک حکومەتی ناوەندی هەتا ئێستا بەرامبەر ئەو یەکانە وەک حکومەتێکی مەرکەزیی توند هەڵسوکەوت دەکات، کاتێک وەک کاردانەوەیەکی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی تشرین؛ ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاکانی هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش سەربەخۆیی ئەو یەکانەی تەواو لاواز کردووە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. - سەبارەت بە بوونی ئەنجوومەنی دووەم لە پەرلەمانی فیدراڵیدا، وەک ئامرازێک بۆ پێدانی سەنگی زیاتر بە هەرێم و یەکە خۆجێییەکان، هەر چەندە ئەم دەزگایە کە ناوی "ئەنجوومەنی فیدراڵی"یە دەبوو بەپێی دەستوور لە خولی دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بەر لە ٢٠١٤ پێک بهێنرێت، بەڵام تا ئێستا پێک نەهێنراوە، ئەمە جگە لەوەی کە دەبوو ئەنجوومەنەکە بە دەقی دەستوور ڕێک بخرێت، نەک بۆ یاسای ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەجێ بهێڵرێت( )، هەموو ئەمانەش گرفتی گەورەن لە بونیادی فیدراڵیی عێراقدا، کە تێستا پێویستیی فەراهەمکردنی ڕەگەزەکانی نوێنەرایەتی و دیموکراتی و هاوکاری تیایدا فەرامۆش کراون. - بەڵام سەبارەت بە داگای باڵای فیدراڵی، زۆربەی کات ئەم دەزگایە لە یەکلاکردنەوەی ناكۆكییه دەستوورییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان یان ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکان؛ نادیار و کەم ڕۆڵە، ئەمە جگە لەوەی لە یەکلاکردنەی زۆرێک لە کێشە سیاسییەکاندا بە لایەنگری هێزە باڵادەستەکان تۆمەتبار کراوە، وەک بابەتی دیاریکردنی کوتلەی گەورە لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٤دا. وێڕای ئەمەش لە ئێستادا ئەگەری پەککەوتنی ئەم دادگایەش هەیە، بە هۆی ئەو ناکۆکییەی لەسەر چۆنێتیی دامەزراندنی ئەندامی نوێ بۆ دادگاکە دروست بووە دوای خانەنشینبوونی یەکێک لە ئەندامەکانی، لە کاتێکدا نیصابی کۆبوونەوەکانی دادگاکە بەبێ ئامادەبوونی کۆی ئەندامانی؛ بە نایاسایی دادەنرێت. هەموو ئەمانەش ئەوە دەسەلمێنن کە ئاشووب و گرفتی گەورە لەبەردەم سەروەریی یاسا و ئامرازە دادوەرییەکان لە بونیادی فیدراڵیی عێراقدا هەیە( ). - هەر چی سەبارەت بە بوونی ڕێکار و ئامرازە بۆ ڕاییکردنی پەیوەندی و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەکرێ ئاماژە بۆ ڕەوانەکردی چەندین شاندی دانوستان لەنێوان هەردوو لا و بوونی لیژنەی هاوبەش لە هەندێک بواردا بکرێت، بەڵام بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوانیان تا ئێستا و چارەسەرنەکردنیان و بەڵکوو بەچەقبەستنی هەندێکیشیان، بەڵگەی ئەوەن کە ئەم ڕێکار و ئامرازانە لە بونیادی فیدراڵیی عێراقدا ناکارن. لە کۆتایی ئەم تەوەرەدا، دەبینین سەرجەم تایبەتمەندییەکانی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا لاواز و پڕ گرفتی گەورەن، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەوەی کە دەستووری ٢٠٠٥ نەخشەسازیی بۆ کردووە، بەتەواوی یان لانی کەم هەندێکیشی لە واقیعدا بوونی هەیە، بەڵکوو وەک هەندێک لە توێژەران دەڵێن، عێراق لەدوای بەرکاربوونی دەستوورەوە بە پڕۆسەی بەفیدراڵیکردن و بەناناوەندێتیکردن و بەدیموکراسیکردنێکی هاوسەنگدا نەڕۆیشتووە، بە شێوەیەک کە دەسەڵات وردە وردە لە ناوەندەوە بۆ دەزگای هەڵبژێردراو لە هەرێم و پارێزگاکان بگوازرێتەوە، بەڵکوو ئەو دەسەڵاته لە ئەنجامی ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا کەوتە دەستی چەندین هێزی حیزبیی ناوچەیی و تائیفیی خاوەن هەژموون و بەرژەوەندیی بەرتەسک( )، کە قایل نین بەئاسانی دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتە بن بۆ دەزگا دەستووری و هەڵبژێردراوەکان، بەڵکوو زۆرێک لەم هێزانە لە سایەی گەندەڵی و پشتیوانیی دەرەکیدا تا بێت توانای دارایی و چەکدارییان لەسەر حسابی دەوڵەت زیاد دەکات، ئەمەش هەر لە زووەوە پێشبینیی ئەوەی لێ دەکرا کە ببێتە لەمپەری گەورە لەبەردەم ئایندەی بەردەوامبوونی پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵیی خاوەن سیستمێکی دیموکراسی. تەوەری سێیەم: ئایندەی بەفیدراڵیکردنەی دەوڵەتی عێراقی لەم تەوەرەدا هەوڵ دەدەین لە دوو ئاستدا پێشبینییەکان بۆ ئایندەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق بخەینە ڕوو، کە یەکەمیان بەپێی ئەو تیۆرانەیە کە بۆ بونیادنای فیدراڵی لە هەر دەوڵەتێکدا شرۆڤە کراوە، دووەمیشیان لە ڕێی ئەو سیناریۆیانەوە کە دەشێت بۆ ئایندەی پڕۆسەکە پێشبینی بکرێن، بەم شێوەیە: یەکەم: ئایندەی عێراق بەپێی تیۆرەکانی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی بەگشتی توێژەران سێ ئاڕاستەی تیۆریی سەرەکییان بۆ داڕشتنەوەی پەیکەر و سەرلەنوێ بونیادنانەی دەوڵەتێک لەسەر بنەما و تایبەتمەندییەکانی فیدراڵی خستوەتە ڕوو، کە دەتوانین لە سایەی هەریەکەیاندا پێشبینی بۆ ئایندەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی بکەین، بەم شێوەیە( ): تیۆرە ئایدیاڵییە: کە باوەڕیان وایە ڕادەی توانای جێگیرکردنی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی بەندە بە ڕادەی بەهێزیی ئەو بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆجیا و بەها هزرییانەی کە لەنێو سەرکردە و گرووپ و هێز و لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا پاساو بۆ بەفیدراڵیکردنی وڵات و سوودەکانی ناناوەندێتیی حوکم دەهێنێتەوە و پشتیوانیی جێبەجێکردنی بنەماکانی دەکەن، واتە زەمینەی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی بریتییە لە بەهێزیی ئایدۆلۆجیای "فیدراڵیزم" لە کۆمەڵگادا. لە دیارترین لایەنگرانی ئەم تیۆرانە، "مایکل بەرگیز"ە. سەبارەت بە ئایندەی بەفیدراڵیکردنی عێراق، لە ڕوانگەی ئەم تێۆرانەوە ناتوانین تەواو گەشبین بین، لەبەر ئەوە هەروەک پێشتر وتمان جگە لە "کورد" و چەند هێز و کەسایەتییەکی کەم، هێزەکانی تر لە (شیعە و سوننە) نەک لەگەڵ بەفیدراڵیکردنی عێراق نەبوون، بەڵکوو بەتوندی دژایەتییشیان کردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا بە هۆی لاوازیی توانای حوکمڕانانی هەرێمی کوردستانەوە، خەریکە وردە وردە بیرۆکەی فیدراڵیزم لەناو بەشێک لە چینوتوێژە جیاوازەکانی کورددا ڕەونەقی لەدەست دەدات. تیۆرە کولتووری- ئەتنییەکان: کە باوەڕەیان وایە زۆربەی کات کۆمەڵگا فرەییە دابەشبووەکان لە ڕووی کولتووری و ئەتنییەوە، ئارەزووی جێبەجێکردنی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی دەکەن. واتە زەمینەی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی، بریتییە لە بوونی کۆمەڵگایەکی فرەیی لە ڕووی کولتووری و ئەتنییەوە، یان لانی کەم بوونی جۆرێک لە لایەنگری ناوچەگەری و جیاخوازی لەناو گرووپ یان ناوچە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا. دیارترین لایەنگری ئەم تیڕوانینە، "مایکن ئۆمباخ"ە. بۆ ئایندەی بەفیدراڵیکردنی عێراقیش، لە ڕوانگەی ئەم تێۆرانەوە، ڕەنگە تا ڕادەیەک بۆ دەرکەوتن و بەردەوامبوونی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای جیاوازی پێکهاتەی کولتووری و ئەتنی لە ناوچەکانی تری عێراق جۆرێک ئومێد هەبێت، بەڵام سەبارەت بە پێکهاتەکانی تر (سوننە، شیعە، تورکمان و پێکهاتەکانی تر)، هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆ نییە، جگە لە هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی "هەرێمک لە ناوچە سوننینشینەکان" کە تا ئێستا ئەگەرێکی لاوازە( ). تیۆرەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی: کە باوەڕیان وایە بەفیدراڵیکردنی وڵاتێک، بەرئەنجامی پڕۆسەیەکی ڕێککەوتن و سازشی بەردەوامە لەنێوان ناوەند و یەکە خۆجێییەکاندا (هەرێمەکان)، بە شێوەیەک کە نە ناوەند ئەوەندە بەهێز دەبێت کە بەتەواوی کۆنترۆڵی سەربەخۆیی ڕێژەیی هەرێمەکان بکات، نە هەرێمەکانیش ئەوەندە بەهێز دەبن کە لە ناوەند جیا ببنەوە. دیارترین لایەنگرانی ئەم تیۆرانە، "ولیام هـ. ڕایکەر"ە. هەر چی تایبەت بە ئایندەی بەفیدراڵیکردنی عێراقیشە، لە ڕوانگەی ئەم تیۆرانەوە، ڕەنگە دووبارە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان کە هەر لە سەرەتای بونیادنانەوەی عێراقەوە لەدوای ٢٠٠٣ و بە درێژایی پڕۆسەی دانانی دەستووری عێراق و ئەمجا پیادەکردنی هەندێک لەو دەسەڵاتانەی کە لەم دەستوورەدا بەتەنها یان بە هاوبەش لەگەڵ ناوەنددا پێی دراوە، لە بواری (پێشمەرگە و نەوت و نوێنەرایەتیی دەرەوە و گومرگ و خاڵە سنوورییەکان...)، جۆرێک لە سازش و ڕێککەوتنی بەردەوام لەنێوان هێزە کوردییەکان و هێزە باڵادەستەکانی عێراق لە ناوەند هەبووبێت، کە دەشێت لە ئایندەدا زامنی بەردەوامبوونی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی بەفیدراڵیکردنی دەوڵەتی عێراق بکات، بەڵام سەبارەت بە هێزەکانی تر، ئەگەر جۆرێک لە سازش و ڕێککەوتنیش هەبووبێت لەگەڵ ناوەند (بەتایبەت لەلایەن سوننە و تورکمان و ئەوانی تر)، ئەوا هیچ کات ئەمە بۆ بەفیدراڵیکردنی عێراق و دروستکردنی هەرێمی تر نەبووە، بەڵکوو حکومەتی ناوەند تا ئێستا ئامادەی هیچ جۆرە سازشکردنێک نەبووە لەگەڵ ئەو پارێزگایانەی کە خواستی بەهەرێمبوونیان هەبووە. کەواتە وەک دەبینین بەپێی پێگەی هەرسێ ئاڕاستە تیۆرییەکەی سەرەوە، ئاسۆی بەردەوامبوونی پڕۆسەی بەفیدراڵیکردنی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا لێڵ و تەماوییە، ئەمە جگە لەوەی کە دەرکەوتنی کورد و هەرێمی کوردستان وەک کاراکتەری سەرەکیی هەڵسووڕاندن و بەرگریکردن لەم پڕۆسەیە، جۆرێک لە لاوەکیبوون و تاک ڕەهەندیی بە ئامانجەکانی پڕۆسەیە بەخشیوە، بە جۆرێک لای زۆرێک لە هێز و پێکهاتەکانی تر و عێراقی فیدراڵی وەک ئامرازێکی هەلپەرستانەی کورد بۆ بە لاوازی هێشتنەوەی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا سەیر دەکرێت. یەکەم: سیناریۆکانی ئایندەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی لە سایەی ئەو گرفتانەی کە لەبەردەم جێبەجێکردنی تایبەتمەندییەکانی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا هەن، بەو شێوەیەی کە لە تەوەری پێشوودا خستمانە ڕوو، دەتوانین پێشبینیی سێ سیناریۆ بۆ ئایندەی عێراق بکەین. بەم شێوەیە: سیناریۆی یەکەم: وا پێشبینی دەکات کە تاکە ڕێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ئیتنی و مەزهەبییەکانی عێراق، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەوڵەتە بۆ دوو دەوڵەت یان زیاتر، لەسەر بنەمای نەتەوەیی (کورد و عەرەب)، یان نەتەوەیی و مەزهەبی (کورد و سوننە و شیعە). پاساوی لایەنگرانی ئەم سیناریۆیەش ئەوەیە کە عێراق دەوڵەتێکی دەستکردی سەردەمی کۆڵۆنیاڵییە، تا ئێستا نەتوانراوە پایەکانی دەوڵەتبوونی تیا بەرجەستە ببێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێک لە پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بەتایبەت "کورد"، هەمیشە خواستی جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی لە عێراق هەبووە و لەگەڵ ڕوودانی هەر قەیران و ململانێیەکی تونددا لەگەڵ ناوەند؛ بەئاشکرا ئەم خواستەی خستووەتە ڕوو، کە دواهەمین جاریان ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو لە ساڵی ٢٠١٧. بەڵام ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە زۆر دوورە، چونکە جگە لەوەی لە ناوخۆدا زۆربەی هێزە عێراقییە عەرەبەکان بە سوننە و شیعەوە دژین، هاوکات هێزە نێودەوڵەتییەکانی دەرەوەش لەگەڵ پاراستنی یەکێتیی عێراق و مانەوین وەک یەک دەوڵەت. سیناریۆی دووەم: وا پێشبینی دەکات کە وردە وردە حکومەتی ناوەندی بەرەو بەهێزبوونەوە بڕوات، بە شێوەیەک کە بتوانێت بەتەواوی کۆنترۆڵی سەربەخۆیی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان بکات، بەمەش عێراق جارێکی تر بۆ فۆڕمی دەوڵەتی یونیتاری بگەڕێتەوە و ئەو ئەزموونە فیدراڵییە ناکامڵەی کە ئێستا هەیە، بەتەواوی شکست بهێنێت. پاساوی ئەم سیناریۆیەش ئەوەیە کە زۆربەی کات حکومەتی ناوەندی ئامادەی جێبەجێکردنی بەشێک لەو بنەمایانەی نییە کە دەستوور بۆ بەفیدراڵیکردنی عێراق دایڕشتوون، وەک داننان بە سەربەخۆیی دارایی هەرێم و پاریزگاکان و ڕێگەنەدان بە دروستبوونی هەرێمی تر و دەستبەردارنەبوونی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و ناوچە خۆجێییەکان و پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی دووەمی یاسادانان... ئەمە جگە لە چارەسەرنەکردنی یەکجارەکیی ئەو ناکۆکییانەی کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە سایەی دەقەکانی دەستووردا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیبوو، هەر لە کێشەی نەوت و گاز و بەشەبودجە و داهات و خاڵە سنوورییەکانەوە تا کێشەی پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان و نوێنەرایەتیی دەرەوە... سیناریۆی سێیەم: لە سایەی نەبووی زەمینەی تەواو بۆ بەدیهاتنی هەردوو سیناریۆی پێشوو، وا پێشبینی دەکرێت کە باشترین سیناریۆ بۆ ئایندەی عێراق بریتی بێت لە دەستگرتن بەو بژاردەی فیدراڵییانەوە، لە پێناو بەرقەرارکردنی سەقامگیریی زیاتر و لێبڕان بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتییان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی وڵات. هەڵبەت ئەمەش بەوە دەکرێت کە هەموو لایەک، لە پێکهاتە ئەتنی و ئایینی و مەزهەبی و هێز و لایەنه فەرمی و نافەرمییەکان، چ لەسەر ئاستی حکومەتی ناوەندی و چ لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە خۆجێییەکانی تر، ئامادەیی تەواویان بۆ جێبەجێکردنی زۆربەی تایبەتمەندییەکانی فیدراڵی و پابەندبوون بە دەستووری ئێستای عێراقەوە هەبێت، بەتایبەت لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە کە ئامادەیی ئەم بۆ دەستبەرداربوونی دەسەڵاتی زیاتر و قبووڵکردنی هاوبەشی لە دەسەڵاتەکانی و داننان بە سەربەخۆبوونی زیاتری کارگێڕیی دارایی یەکە خۆجێییەکانی خوارەوە، کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بەهێزکردنی پایەکانی فیدراڵی لە عێراقدا و ڕەخساندنی هەلی گونجاو بۆ سەرکەوتنی. ئەنجام هەر چەندە وا دەخوازرا لە سایەی ئەو بنەما و ئامراز و دامەزراوە فیدراڵییانەی کە هەردوو دەستووری ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ لەخۆیان گرتبوون، سەرلەنوێ فۆڕمی دەوڵەتی عێراق بە شێوازی فیدراڵی بونیاد بنرێتەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بەسەر کارپێکردنی دوای دەستووریاندا، هێشتا پڕۆسەی بونیادنانی ئەو بنەمایانە ڕووبەڕووی چەندین کۆسپی گەورە بوون، بە شێوەیەک کۆی تایبەتمەندییەکانی بەفیدراڵیکردنی عێراق دووچاری چەندین گرفتی جۆراوجۆر بوون، بە شێوەیەک بەپێی هیچ تیۆرێک لە تیۆرەکانی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی پێشبینی ناکرێت ئایندەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی سەرکەوتوو بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەم ئایندەیە بە ڕووی سێ سیناریۆدا کراوە بێت، کە یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی عێراق و پارچەپارچەبوونیەتی بۆ چەند دەوڵەتێک، دووەمیان شکستخواردنی بەفیدراڵیکردن و گەڕانەوەیە بۆ فۆڕمی دەوڵەتی یونیتاری، سێیەمیشیان دەستگرتنە بە فۆڕمی فیدراڵیی ئێستا و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی، ئەوا هەمیشە سیناریۆی سێیەم؛ زەمینەی جێبەجێبوونی بەردەستترە لە دوو سیناریۆکەی تر. سەرچاوە و پەراوێزەكان: ([1]) نقلا عن: عصام سليمان (1991)، الفيدرالية والمجتمعات التعددية ولبنان، بيروت: دار العلم للملايين، 1991، ص40. ([1]) William H. Riker(1975), “Federalism” in: Handbook of Political Science 5: Governmental Institutions and Processes, 175, pp 93–172. ([1]) حميد حنون خالد (2010)، مبادئ القانون الدستوري وتطور النظام السياسي في العراق، بغداد: مكتبة السنهورى، ص48. ([1]) نقلا عن: د.محمد عبد المعز نصر، في النظريات والنظم السياسية، بيروت: دار النهضة العربية، 1973، ص475. ([1]) باغنر، جاك (2002)، الدولة...مغامرة غير اكيدة، ترجمة: نورالدين اللباد، القاهرة: مكتبة مدبولي، ص128. ([1]) Daniel J. Elazar, “Contrasting Unitary and Federal Systems”, in: International Political Science Review, Vol.18, no.3, July/1997, p239. ([1]) See: Daniel Judah Elazar, Exploring Federalism, Tuscaloosa, University of Alabama Press, 1987, p6; Douglas V. Verney, Federalism, Federative Systems, and Federations, in: Publius - The Journal of Federalism, Vol.25, No.2, Oxford University Press, Spring 1995, p81; Ronald L. Watts, Federalism, Federal Political Systems and Federations, in: Annual Review of Political Science, Vol.1. No.1, Kingston, IIGR in McGill-Queen’s University, June 1998, p.117. ([1]) Daniel Judah Elazar, Exploring Federalism, op. cit., p.5. ([1]) Douglas V. Verney, op. cit., p81. ([1]) Daniel Judah Elazar , Exploring Federalism, op. cit., pp8-9. Ronald L. Watts, op. cit., p120. ([1]) See: Douglas V. Verney, op. cit., pp83-84. Ronald L. Watts, op. cit., p121. ([1]) Ronald L. Watts, op. cit., pp122-123. ([1]) بۆ زانیاریى زیاتر سەبارەت بەو ڕا جیاوازانە، بڕوانە: اندرسون، جورج (2007)، مقدمة عن الفيدرالية: ماهي الفيدرالية؟ وكيف تنجح حول العالم؟، ترجمة: مها تكلا، كندا: منتدى الاتحادات الفيدرالية، ص ص2-4؛ شورش حسن عمر(2009)، خصائص النظام الفيدرالي في العراق - دراسة تحليلية مقارنة، السليمانية: مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص ص29-37؛ عادل زغبوب، الدولة الاتحادية: مفهومها – تحليلها – مستقبلها، لبنان: دار المسيرة، ص ص36-37. ([1]) ينظر: اندرسون، مصدر السابق، ص ص٢-٣؛ رونالد ل. واتس (2006)، الانظمة الفدرالية، ترجمة: غالي برهومة وآخرین، اوتاوا، منتدى الاتحادات الفيدرالية، ص١٦. ([1]) ينظر: اندرسون، مصدر السابق، ص٤. ([1]) See: Douglas V. Verney, op. cit., pp83-84. Ronald L. Watts, op. cit., p121. ([1]) عابد خالد رسول (2012)، الحقوق السياسية في الدساتير العراقية - دراسة تحليلية مقارنة على ضوء المتغيرات السياسية، السليمانية، مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص ص367-368. ([1]) امر سلطة الائتلاف المؤقتة حل الكيانات العراقية، رقم (٢)، في ٢٣/٥/٢٠٠٣. ([1])الجنابي، ميثم (2004)، العراق ومعاصرة المستقبل، دارالمدى للثقافة والنشر، ص7. [1])) یاساى بەڕێوەبردنى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە(2004)، مادەى٤. [1])) هەمان سەرچاوە، مادەکانى١٠-٢٣ و ٥٢-٥٧. ([1]) سيار الجميل (16/آذار/2004)، "الدستور العراق - التوافقات والتباينات بين الواقع والرؤية والتطبيق"، صحيفة الزمان، العدد 1758. ([1]) جاسم المطير (20/٣/2004)، "قانون إدارة الدولة وسيلة أولى لتأسيس الحكم الأفضل"، الحوار المتمدن، العدد 779، http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=16085&r=0، (متاح: 28/3/2020). [1])) دەستوورى کۆمارى عێراق (٢٠٠٥)، مادەی 1. ([1]) مورو، جوناثان (2005)، "العملية الدستورية العراقية (٢): فرصة ضائعة"، معهد السلام الأمريكي، تقرير خاص رقم ١٥٥، ص ص٣-٤ وص٥٣، https://www.usip.org/sites/default/files/sr155_arabic.pdf. [1])) دەستوورى کۆمارى عێراق (٢٠٠٥)، مادەکانى ١١٠-١٢١. [1])) هەمان سەرچاوە. [1])) هەمان سەرچاوە، مادەى 119. ([1]) محمد أحمد محمود (2010)، "تعدیل الدستور: دراسة في ضوء الدستور العراقي لعام 2005"، بغداد: الدائرە الاعلامیە-مجلس التواب، ص ص٩١-٩٢. ([1]) عابد خالد رسول (2013)، المجلس التشريعي الثاني في الدولة الفيدرالية - دراسة مقارنة، السليمانية: مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص39. ([1]) عبدالحسين شعبان (2006)، "تضاريس الخريطة السياسية العراقية"، مجلة المستقبل العربي، بیروت: مركز دراسات الوحدة العربية، السنة 29، العدد 333، ص ص64-68. ([1]) لطيف مصطفى امين (2006)، الفيدرالية وافاق نجاحها في العراق، السليمانية: دار سردم، ، ص ص45-٦١. ([1]) حمزة مصطفى (3/11/2019)، دعوات لتحويل النظام من برلماني إلى رئاسي في العراق، جریدە الشرق الاوسط، العدد ١٤٩٥٠. ([1]) م. د. حازم صباح احميد، "النظام الاتحادي(الفدرالي) في العراق تحديات الحاضر وآفاق المستقبل"، مجلة جامعة تكريت للعلوم القانونية والسياسية، المجلد١، السنة 5، العدد11، ص ص ٣٠٥-٣٠٧. ([1]) المصدر نفسه، ص٣٠٧. ([1]) براون، ناثان (2006)، ملاحظات تحليلية حول الدستور، من: مأزق الدستور: نقد وتحليل، بغداد–بيروت، معهد الدراسات الاستراتيجية، ص ص٤٥-46. ([1]) مجلس القضاء الأعلى (١٢/٢/٢٠٢٠)، "فوضى القضاء الدستوري"، https://www.hjc.iq/view.6449/، (متاح: 4/4/2020). ([1]) مورو، مصدرالسابق، ص4. ([1])Ziblatt, Daniel(2008), Structuring the State: The Formation of Italy and Germany and the Puzzle of Federalism, Princeton University Press, 2008, pp4-6. ([1]) کۆمەڵێک توێژەر (2020)، ئایندەی عێراق و هەرێم لە گێژاوی پرسە هەنووکەییەکاندا، ڕانانی ئایندەیی ژمارە (١)، سلێمانی: سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى، ل ل١١-١٢. گۆڤاری ئایندەناسی، گۆڤارێكە گرنگی بە توێژینەوە ستراتیژی و ئایندەییەكان دەدات، دوو مانگ جارێك لە لایەن “سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی” دەردەچێت. ژمارەی یەكەمی ئەم گۆڤارە لە ئایاری ٢٠٢٠دا کەوتە بەر دیدی خوێنەران.
درەو: بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی شوباتی 2020 حكومەتی هەرێم پارەی پێویستی لەبەردەستدایە، كابینەی مەسرور بارزانی موچە دابەشدەكات یاخود چاوەڕێی خۆپیشاندان دەكات. بەغداد بڕی (400 ملیار) دیناری موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی خستە سەر ژمارە حسابی بانكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لقی بانكی ناوەندی عێراق لە هەولێر. بە هاتنی ئەم بڕە پارەیەی بەغداد، ئێستا داهاتی حكومەتی هەرێم بۆ ئەم مانگە بەم شێوەیەیە: - 400 ملیار دیناری بەغداد - 350 ملیار دیناری قەرز، كە حكومەت لەدەرەوە كردویەتی - 150 ملیار دینار داهاتی نەوت و ناوخۆ كۆی گشتی داهاتی حكومەت بۆ ئەم مانگە تا ئێستا گەیشتوەتە ( 900 ملیار) دینار، حكومەت مانگانە بۆ دابینكردنی موچەی كۆی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە (898 ملیار) دینار هەیە، بۆ موچەی ئەم مانگە حكومەتی هەرێم بە پێچەوانەی مانگەكانی پێشتر پێویستی بە كەمتر لە (885 ملیار) دینارە، چونكە لەم مانگەوە حكومەت بە بڕیارێك رێژەی (50%)ی موچەو خانەنشینی پلە باڵاكان دەبڕێت، ئەم لێبڕینە و هەندێك بڕیاری تر بەتایبەت بڕینی مینحەی زیندانیە سیاسیەكان پێكەوە نزیكەی (15) ملیار دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە. بەو (900 ملیار) دینارەی كە لەبەردەستی كابینەكەی مەسرور بارزانیدایە بە ئاسانی دەتوانێت لە ئێستاوە خشتەی موچەی وەزارەتەكان بۆ مانگی شوبات رابگەیەنێت. چەند رۆژێكە دەنگۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دژی دواكەوتنی موچەو خراپی دۆخی دارایی خەڵك دەستی پێكردووە، راگەیاندنی خشتەی نوێی دابەشكردنی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەم كاتەدا رەنگە كاریگەری لەسەر بەشێك لە رەوتی ناڕەزایەتیەكان هەبێت بە ئاراستەی هێوركردنەوەدا. بەڵام ئایا كابینەكەی مەسرور بارزانی بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزاییەتیەكانی ئەمجارە پەنا بۆ دابەشكردنی موچە دەبات یاخود وەكو ئەوەی باس دەكرێت بە رێگا چارەی ئەمنی ناڕەزاییەتیەكان كۆنترۆڵ دەكات، بەتایبەتی لە كاتێكدا چالاكوانان لە سنوری هەولێر لە چەند سەرچاوەیەكی نادیارەوە نامەی هەڕەشە ئامێزیان پێگەیشتووەو هۆشدارییان پێدەدرێت لەبارەی هەرجۆرە گردبوونەوەو سازدانی خۆپیشاندانێك. جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم دوێنێ رایگەیاند حكومەت بەپێی ئەو داهاتانەی دێتەبەردەستی موچەی موچەخۆران دابەشدەكات، ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتدایە بەبێ پەنا بردن بۆ دەستكاریكردنی دەرماڵەی فەرمانبەران بەشی دابینكردنی خەرجی موچە دەكات، بەڵام دیار نیە كە حكومەت بۆ مانگی داهاتوو سورە لەسەر (رێكخستنەوە)و دەستكاریكردنی دەرماڵەی موچەخۆران یان نا.
(درەو): لە نزیك بارەگای بارزانیو ماڵی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، موچەی (90) كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ناحیەی پیرمام لەلایەن كارمەندێكەوە دزرا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەر لە جەژنی رەمەزان، كە موچەی مانگی یەكی 2020 دابەشكرا، لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ناحیەی پیرمام، كارمەندێك لە بری كامەندانی فەرمانگەكە لە بانك پارەكەی وەرگرتووە. دوای وەرگرتنی پارەی (90) كارمەندی فەرمانگەكەی، ئەو كەسە نەگەڕاوەتەوەو تەلەفۆنەكەی داخستووە، لەوكاتەوە بێسەروشوێنەو هاوكارەكانی جەژنی رەمەزانیان بەبێ موچە بەڕێكردووە. هونەر عومەر كۆڕێ یەكێك لە چالاكوانەكانی سنورەكە بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو كارمەندەی كە پارەی فەرمانبەرەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پیرمامی بردووە تائێستا دەستگیرنەكراوە، هێزە ئەمنییەكان بە كارمەندانی فەرمانگەكەیان وتووە نابێت لای كەس باسی ئەو كێشەیە بكەن. بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كێشەكە دەست (درەو) كەوتووە، ئەو كەسەی كە پارەی فەرمانبەرەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پیرمامی بردووە، دایكی عەرەبەو خەڵكی شاری تكریتی سەربە پارێزگای سەلاحەدینە، گومان دەكرێت دوای بردنی پارەكە رووی لەو ناوچەیە كردبێت. فەرمانگەی ئاوی پیرمام (90) كارمەندی هەیە، سەرباری ئەمە دەوترێت ژمارەیەك كارمەندی گرێبەستی هەیە، كۆی گشتی پارەی موچەی ئەو فەرمانبەرانە زیاتر لە (50 ملیۆن) دینارە. فەرمانگەی ئاوی پیرمام دەكەوێتە دوری كەمتر لە سێ كیلۆمەتر لە "بارەگای بارزانی" سەرۆكی پارتی دیموكراتیو ماڵی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان. مەسرور بارزانی ماوەیەكە كۆبونەوە فەرمییە حكومییەكانی لە بارەگا تایبەتییەكەی لە پیرمام بەڕێوەدەبات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت بەرەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە دەیانەوێت لەبارەی (27 ملیار) دۆلاری قەرزەكانەوە، سەرەتای قۆناغی لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستپێبكەن، مەسرور بارزانی یەكەم ئەزمونی بانگهێشتكردن لە پەرلەمان روبەڕووی دەبێتەوە، ئایا دەچێتە بەردەم پەرلەمان؟ هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكێتیو گۆڕان وەكو دوو لایەنی پێكهێنەری حكومەت لەگەڵ پارتیدا چی دەبێت ؟ سەرۆكایەتی پەرلەمان چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسەكەدا دەكات ؟ حكومەت بە شەفافی وردەكاری قەرزەكانی بۆ پەرلەمانو رایشگتی رادەگەیەنێت ؟ گەمەیەكی نوێ لە پەرلەمان پەرلەمانی كوردستان كە هێشتا بەنجی كەیسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) بەرینەداوە، لەدوای پشووی جەژنەوە دەكەوێتە ناو گەمەیەكی سیاسی نوێوە كە رەنگە زیاتر فراكسیۆنەكان لە یەكتر دوربخاتەوە. 17 پەرلەمانتاری سەربە فراكسیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكان نوسراوێكیان ئامادەكردووەو دەیانەوێت ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی بكەن. لە نوسراوەكەدا داوادەكەن پەرلەمان دانیشتنێكی ئاسایی گرێبداتو سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی ئامادەبنو بەڵگە بخەنەڕوو لەبارەی ئەو (27 ملیار) دۆلارە قەرزەی كە مەسرور بارزانی لە وتارێكیدا بەر لە جەژنی رەمەزان باسی كرد. فراكسیۆنی گۆڕانیش كە حزبەكەی یەكێكە لە لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتو خاوەنی (12) كورسییە لە پەرلەمان، دەیەوێت داواكارییەكی هاوشێوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات. 17 پەرلەمانتارەكەی ئۆپۆزسیۆن، لە جوڵاندنی ئەم دۆسیەیەدا هەرسێ لایەنەكەی پێكهێنەری حكومەتیان كردوەتە ئامانج، مەسرور بارزانی وەكو سەرۆكی حكومەت لە پارتیو قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت لە یەكێتیو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لە بزوتنەوەی گۆڕان، هەندێك ئەمە وەكو راگرتنی باڵانس لەنێوان پێكهێنەرەكانی حكومەت لێكدەدەنەوە. بەڵام نوسراوەكەی گۆڕان بۆ بانگكردنی حكومەت بۆ پەرلەمان لەبارەی كەیسی قەرزەكانەوە، ناوی هیچ یەكێك لە سەرۆك وەزیرانو بەرپرسانی حكومەت ناهێنێتو تەنیا داوا دەكات "ئەنجومەنی وەزیرانو لایەنی پەیوەندیدار" لەوبارەیەوە رونكردنەوە بە پەرلەمان بدەن. فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیش كە حزبەكەی یەكێكە لە لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت، نایەوێت لەم بابەتەدا پێشڕەوی بكاتو چاوی لەوەیە فراكسیۆنەكانی تر سەرۆكی حكومەت بانگهێشتی پەرلەمان بكەن. (درەو) زانیویەتی، لەناو فراكسیۆنی یەكێتییەوە هەوڵێكی لەوشێوەیە هەبووە، بەڵام تیمی حزبەكە لە حكومەت بەدیاریكراوی قوباد تاڵەبانی ناڕازییە، بەوپێیەی ئەو وەكو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كابینەی پێشوو و كابینەی ئێستاشدا ئاگاداری وردەكاری ئەو قەرزانە بووەو ناكرێت یەكێتی گومانی لەسەر دروست بكات. پەرلەمان ئێستا لە پشووی جەژنی رەمەزاندایە، رۆژی یەكشەممە دەوام دەكرێتەوەو داواكارییەكان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێن. داواكاری بۆ لێكۆڵینەوە لە قەرزەكانی حكومەت بابەتێكی نوێ نییە، پێشترو لە مانگی ئەیلولی 2019دا پەرلەمانتار سۆران عومەر لە فراكسیۆنی كۆمەڵ پرسیارێكی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كردووە، بەڵام سەرۆكی حكومەت تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە. پەیڕەوی ناوخۆ چی دەڵێ ؟ ئەو پەرلەمانتارانەی كە بانگهێشتی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری داراییان كردووە بۆ پەرلەمان بۆ خستنەڕووی بەڵگە لەبارەی (27 ملیار) دۆلاری قەرزەكەی حكومەت، پەنایان بۆ ماددەی (66)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بردووە. ماددەی (66) تایبەتە بە "خستنەڕووی بابەتێكی گشتی بۆ گفتوگۆ"، بەڕای ئەو پەرلەمانتارانە بابەتی قەرزەكانی حكومەت كە مەسرور بارزانی باسی كرد، بووە بە بابەتێكی گشتیو ئێستا هەموان قسەی لەسەر دەكەن، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لەو كەسانە بوو رەتیكردەوە حكومەت ئەو بڕە پارەیە قەرزار بێت، بۆ ئەمەش ئاماژەی بەوەكرد، قەرزكردن دەبێت لە پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەربچێتو ئەو بڕە پارەیەی كە سەرۆكی حكومەت باسی كردووە، هیچ یاسایەك بۆ قەرزكردنی دەرنەچووە. بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (66)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، (10) كەس لە ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن داواكارییەك پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن بۆ ئەوەی بابەتێكی گشتی بخرێتەڕوو، بۆ گفتوگۆ لەنێوان پەرلەمانو حكومەتدا. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە بری (10) كەس، ئیمزای (17) پەرلەمانتاریان كۆكردوەتەوە، بەپێی هەمان ماددە، سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبێت لەماوەیەكدا كە لە (14) رۆژ تێپەڕنەكات، وادەی ئەو دانیشتنە دیاری بكات. ماددەی (66) تەنیا بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر ئەو بابەتە گشتییەی كە باسكراوە، واتە سەرناكێشێت بۆ (پرساندن) یاخود لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت یاخود كابینەكە. لە گفتوگۆوە بۆ پرساندن ماددەی (67)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان رازی نەبوو لەسەر ئەوەی ئەو بابەتە گشتییە بخرێتە گفتوگۆوە لەناو پەرلەمانداو لەبەرامبەریشدا ئەو پەرلەمانتارانەی كە داوایان كردووە سوربوون لەسەر ئەوەی بخرێتە گفتوگۆوە، ئەوكاتە بابەتەكە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ یەكلاكردنەوەی. ئێستا تەنیا پەرلەمانتاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان داوایان هەیە بۆ ئەوەی بابەتەكە بخرێتە گفتوگۆوە، بەڵام ئەگەر سەرۆكایەتی پەرلەمان كە پارتی زۆرینەی بەدەستەوەیە، داواكەیان رەتبكاتەوەو بابەتەكە بكەوێتە بەردەم پەرلەمان بۆ یەكلاكردنەوەی، فراكسیۆنەكانی یەكێتیو گۆڕانیش كە بەشدارن لە حكومەت، ناچار دەبن قسەیان هەبێتو بڕیاری خۆیان لەوبارەیەوە یەكلابكەنەوە. لە حاڵی ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی لەبەردەم پەرلەماندا، ئەگەر وەڵامەكانیان بۆ پەرلەمانتاران قایلكەر نەبوو، بەپێی ماددەی (68)ی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانتاران دەتوانن پەنا بۆ "پرساندن"ی حكومەت ببەن، ئەم مادەیەش رێوشوێنی تایبەت بەخۆی هەیە، بانگهێشتكردنی سەرۆك وەزیران بۆ پرساندن لە پەرلەمان دەبێت لەسەر بنەمای داواكارییەك بێت كە یەك لەسەر پێنجی پەرلەمانتاران ئیمزایان كردبێت، واتە لە كۆی (111) پەرلەمانتار، (22) پەرلەمانتار داواكە پێشكەش بكەن، خۆ ئەگەر داوای پرساندنی ئەنجومەنی وەزیران بە تێكڕا بكرێت، دەبێت یەك لەسەر شەشی پەرلەمانتاران داواكارییەكە پێشكەش بكەن، واتە لە كۆی (111) پەرلەمانتار، (19) پەرلەمانتار ئیمزا لەسەر نوسراوێك بكەن بۆ پرساندنی حكومەت لەسەر بابەتێك. دوای جێبەجێبوونی هەموو مەرجە یاساییەكانی پرساندن، لەماددەی (74)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا رێوشوێنی لێسەندنەوەی متمانەی لە حكومەت دیاریكراوە، ئەمەش لەحاڵێكدا دەبێت كە وەڵامەكانی لایەنی حكومەت بۆ پەرلەمانتاران لەبارەی ئەو بابەتەی كە پرساندنی بۆ كراوە، قایكەر نەبن، لەم حاڵەتەدا سەندنەوەی متمانە لە حكومەت دەخرێتە دەنگدانەوە. وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، واتە لەكۆی (111) پەرلەمانتار (75) پەرلەمانتار دەنگ بدەن بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت. بەڵام لێسەندنەوەی متمانە لە ئەنجومەنی وەزیران بە تێكڕا، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی "رەها"ی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، واتە لە كۆی (111) ئەندام (56) ئەندام دەنگ بدەن بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەت. ماددەی (75)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان نوسیویەتی: ئەگەر پرساندن بە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران كۆتایی پێهات، ئەوا كابینەی حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژماردەكرێتو وەكو حكومەتی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی بەپێی یاسا كارپێكراوەكان كابینەی نوێ پێكدەهێنرێت. لە فوئاد مەعسومەوە بۆ مەسرور بارزانی ! پەرلەمانی كوردستان تەمەنی (28) ساڵە، لەم ماوەیەدا سەرباری ئەو قەیرانانەی كە دوچاری بووەو زۆرجار لەبەردەم دەسەڵاتی جێبەجێكردندا بچوكتر دەركەوتووە، بەڵام تاڕادەیەك مێژوویەكی لە بانگهێشتكردنو لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیرانەكاندا هەیە. یەكەمین سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە فوئاد مەعسوم بوو، ساڵی 1992 لە پەرلەمان بانگهیشتكراو لەبارەی دۆخی داراییو خزمەتگوزارییە گشتییەكانەوە لێپرسینەوەی لێكرا. بەرهەم ساڵح كە ساڵی 2010 بۆ 2012 سەرۆك وەزیران بوو، لەسەر دۆسیەی رووداوەكانی (17ی شوبات) لە پەرلەمان لێپرسینەوەی لێكرا تا ئەو رادەیەی سەندنەوەی متمانە لێی لەناو پەرلەماندا خرایە دەنگدانەوە، بەڵام وەرگرتنەوەی متمانە لێی دەنگی پێویستی نەهێنا. نێچیرڤان بارزانی كە لە (17) ساڵی رابردوودا سەرۆك وەزیران بووە، چەندینجار بانگهێشتی پەرلەمان كراوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا تائێستا هیچ حاڵەتێك تۆمارنەكراوە پەرلەمان لەسەر دۆسیەیەك متمانە لە سەرۆكی حكومەت یان وەزیرێكی حكومەت وەربگرێتەوە، لەم خولەشدا كە پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، سەندنەوەی متمانە لە حكومەتی مەسرور بارزانی ئەگەرێكە كە هەرگیز رونادات. مەسرور بارزانی كە ماوەی زیاتر لە (10) مانگە پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرتووە، یەكەمجارە روبەڕووی داواكارییەك دەبێتەوە بۆ ئەوەی بچێتە بەردەم پەرلەمان، پەرلەمانێك كە پێشتر خۆی لەوێوە متمانەی وەرگرتووەو سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵاتەكەیەتی. مەسرور بارزانی دەچێتە پەرلەمان ؟ بابەتی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان، ئەزمونێكی نوێیە كە روبەڕووی مەسرور بارزانی دەبێتەوە، بەفەرمی دیار نییە مەسرور بارزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئەزمونە نوێیەدا دەكات، (درەو) پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حكومەتو نورەدین وەیسی بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانەوە كرد بۆ زانینی هەڵوێستی سەرۆكی حكومەت لەبارەی بانگهێشتەكەی پەرلەمانەوە، هەردوو بەرپرسەكە وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە. بەڵام (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، مەسرور بارزانی لەسەر داوای ئەو پەرلەمانتارانە ناچێتە بەردەم پەرلەمانو لەڕێگەی ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانو ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە راپۆرتێك لەبارەی وردەكاری ئەو (27 ملیار) دۆلارە قەرزەوە پێشكەشی پەرلەمان دەكات. بەر لەوەی لەناو پەرلەمانەوە هەوڵی بانگهێشتكردنی حكومەت بدرێت، دوێنێ نوسینگەی سەرۆك وەزیران راگەیەندراوێكی لەبارەی قەرزەكانەوە بڵاوكردەوە، تێیدا دەڵێ:" جەنابی سەرۆكی حكومەت بەڵێنیداوە لەگەڵ هاوڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەڕێوەبەرایەتی بەرێوەبردنو هەماهەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجومەنی وەزیران) راسپاردووە، تاكو لە زووترین كاتدا راپۆرتێكی ورد لەسەر هەموو قەرزو ئیلتیزاماتی دارایی حكومەتی هەرێم ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی هەرێمیش بكرێت". عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەمین كەسە كە ئیمزای لەسەر داواكارییەكە كردووە بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی. سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، وتی: چاوەڕێی ئەوە دەكەین حكومەت بێتە بەردەم پەرلەمان، بەپێچەوانەوە زیاتر گومان لەسەر خۆیان دروستدەكەن. لەبارەی ئەگەری رەتكردنەوەی داواكارییەكەیان لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، عەبدولستار مەجید وتی:" داواكەی ئێمە بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی لەبارەی قەرزەكانەوە، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان شكۆی بۆ بگەڕێتەوە".
(درەو): شەوی رابردوو، توركیا لە هێرشێكی ئاسمانیدا، ژمارەیەك گەریلای پەكەكەی لە گوندی سەفرەی سەربە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی شەهید كرد. وەزارەتی بەرگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، رایگەیاند، پێنج گەریلای پەكەكە كوژراون. وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێ:" هێرشەكە بەبەشداری دەزگای هەواڵگری بەڕێوەچووەو بەشێوەیەكی بەردەوام چاودێری ناوچەكە كراوە. بەپێی قسەی كامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت، هێرشەكە كاتژمێر 11:40 خولەكی دوێنێ شەو رویداوە. قایمقامی ماوت دەڵێ:" فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی گەریلاكانی پەكەكەیان كردوەتە ئامانج كە پێنج سەرنشینی تێدابووەو هەمویان كوژراون". بەپێی زانیارییەكان ئەو پێنج گەریلایە ( 3 كچ و دوو پیاو) بوون. ئەمە جاری یەكەم نییە، سوپای توركیا لە سنوری پارێزگای سلێمانی گورز لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەدات، پێشتریش لەسەر چیای ئەزمەڕ، لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە دوو فەرماندەی سەربازی پەكەكەی تیرۆركرد.
درەو: " 80%ی داهاتی هەرێم بۆ موچەخۆران دەڕوات كە 20%ی دانیشتوانی هەرێم پێكدێنن" ئەمە قسەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. ژمارەی راستەقینەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ( ملیۆنێك و 255 هەزارو 273) كەسە، موچەی مانگەیان (898 ملیار)موچەی مانگانەیانە، ئەو ژمارەیە دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا: 🔹فەرمانبەران: 752 هەزارو 959 فەرمانبەری فیعلی كە 60%ی كۆی موچەخۆران پێكدێنن 🔹خانەنشینی و شەهیدان و كۆمەڵایەتی: 502 هەزارو 364 كەسە كە 40%ی موچەخۆران پێكدێنن 🔸فەرمانبەران پێكهاتووە لە : 🔹مەدەنی : 430 هەزارو 231 🔹پۆلیس و ئاساییش: 217 هەزارو 979 🔹سەربازی: 104 هەزارو 699 🔹كۆی گشتی: 752 هەزارو 959 كۆی موچەی مانگانەیان بە نزیكەی (720 ملیار) دینارە 🔸خانەنشینی و شەهیدان و كۆمەڵایەتی: 🔹خانەنشینی: 246 هەزارو 269 🔹كۆمەڵایەتی: 159 هەزارو 158 🔹شەهیدان: 96 هەزارو 937 🔹كۆ ( 502 هەزارو 364 هەزار) كۆی موچەی مانگانەیان نزیكەی (178 ملیار) دینارە
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت - محەمەد رەئوف ١٧ ساڵ لەمەوبەر هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی نەوت بفرۆشێت و بەشە بودجە لە بەغداد وەربگرێت، تەنیا بە داهاتی ناوخۆی ئیدارەی دۆخی دارایی خۆی دەدا، لە شەش ساڵی رابردوودا کە حکومەت سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی راگەیاندووە، سەرباری ئەوەی حکومەت نەوتی فرۆشتووەو بڕێک پارەشێ لە بەغداد وەرگرتووە، بەڵام (٢٧ ملیار) دۆلار قەرزار بووە، ئایا نەوت بۆ هەرێمی کوردستان رەحمەت بووە یان لەعنەت ؟ ئابوری سەربەخۆ ! ساڵی ٢٠١٤ کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد، ئابوری سەربەخۆی راگەیاند. ئەوەی ئەوکات ناوی لێنرابوو "ئابوری سەربەخۆ" بەدیاریکراوی مەبەست لێی ئەوەبوو هەرێم بەشێوەیەکی سەربەخۆو دوری لە چاوی بەغداد نەوتەکەی بفرۆشێت و بودجەی خۆی دابین بکات. ئەم بڕیارە، هەرێمی كوردستانی لە سەقامگیری ئابوری و موچەو بازاڕەوە گۆڕی بۆ قەیرانێكی گەورەو كەڵەكەبوو، لەدوای بڕیارەکەوە بەشێوەیەکی بەردەوام و تائێستا ئابوری هەرێم لەدۆخێکی ناسەقامگیردا دەژی. پێش ئابوری سەربەخۆ تا ساڵی 2003و پێش پرۆسەی ئازادی عێراق، حكومەتی هەرێم (دوو ئیدارەكە) بە داهاتی ناوخۆ موچەی موچەخۆران و خەرجی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی دابین دەكرد. لەدوای 2004ەوە، حكومەتی هەرێم سەرچاوەیەکی تری داهاتی دەستکەوت، ئەوکات حکومەتی عێراق کە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆکایەتی دەکرد، بڕیاریدا (17%)ی کۆی بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت. لە 2004 تا 2014 حكومەتی هەرێم بەبەردەوامی بەشە بودجەی خۆی لە بەغداد وەردەگرت، كە بەشێوەیەكی گشتی مانگانە بە تێكڕا دەگەیشتە (ترلیۆنێک و 200 ملیار) دینار، هەرێم مانگانە پارەکەی بەغدادی بەمشێوەیە دابەشکردبوو بەسەر خەرجییەکانیدا: 🔹 بڕی (850 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆران 🔹 بڕی (350 ملیار) دینار بۆ خەرجی دیكەو وەبەرهێنان تا ئەوكاتە حکومەتی هەرێم هیچ كێشەیەكی موچەو بودجە نەبوو، بەپێی زانیارییەکانی لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2013، لە بەغدادەوە بڕی (75 ملیار) دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، نوری مالیکی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق قسەیەکی تر دەکات و دەڵێ لەماوەی نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2014، زیاتر لە (119 ملیار) دۆلار لە بەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە، بۆ نمونە: 🔹 ساڵی 2004 كۆی بودجەی عێراق (13 ملیار) دۆلار بووە، لەم رێژەیە پشكی هەرێم (2 ملیار و 330 ملیۆن) دینار بووە، واتە هەرێم رێژەی 17.9%ی بودجەی عێراقی بردووە. 🔹 ساڵی 2010 بودجەی عێراق (72 ملیار) دۆلار بووە، پشكی هەرێم (9 ملیار) دۆلار بووە، واتە رێژەی 14.4%ی بودجەی ئەو ساڵەی بردووە. 🔹 ساڵی 2013 كە دوا ساڵی ناردنی بودجە بووە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، بودجەی عێراق (115 ملیار) دۆلار بووە، پشكی هەرێم (12 ملیار) دۆلار بووە، واتە هەرێم رێژەی 10.4%ی کۆی بودجەی عێراقی بردووە. تا پارە لە بەغدادەوە دەهات واتە تەوەکو ساڵی ٢٠١٣، کابینەکانی حکومەت لە هەرێم بەبەردەوامی پرۆژەی بودجەیان رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكردو حكومەتی هەرێم خاوەنی یاسای بودجە بوو. نەوت سەری موچە دەخوات ! ساڵی 2013 بانگەشەی ناردنە دەرەوەی نەوت لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، بەدیاریکراوی (ئاشتی هەورامی) وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەکانەوە دەستیپێكرد. دوای بانگەشەکانی هەرێم، لە پرۆژە یاسای بودجە فیدراڵدا بۆ 2013، حكومەتی عێراق مەرجی رادەستكردنی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی بەستەوە بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم بەمە قایل نەبوو، بەڵام حكومەتی عێراق بەشە بودجەكەی نەبڕی. ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە ناردنە دەرەوەی نەوت لەڕێگەی بۆریەوە، هەندێک لە بەرپرسانی هەرێم بانگەشەی ئەوەیان کرد ئاستی هەناردەی نەوت دەگەیەننە (یەك ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێکدا، حكومەتی عێراق جارێکی تر لە پرۆژە بودجەی 2014دا مەرجی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمیان بەستەوە بە رادەستكردنی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە، واتە بەبەراورد بەو رێژەیەی کە ساڵی ٢٠١٣ داوای دەکرد، بۆ ساڵی ٢٠١٤ عێراق رادەستکردنی (٢٠٠ هەزار)ی لەسەر هەرێم زیادکرد. حكومەتی هەرێم ساڵی ٢٠١٤ بە مەرجەكەی عێراق رازی نەبوو، عێراق بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی دەركرد، هەرچەندە لە دوای ئەو بڕیارەوە دوو جاری ترو لە مانگی (شوبات و ئایاری 2014)دا بڕێكی دیاریكراوی پارەی بۆ هەرێم نارد، لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی عێراق لە پەرلەمان پەسەند نەكرا. لەدوای ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە عێراق، هەرێمی كوردستان كەوتە ناو قەیرانێكی قوڵی داراییەوەو تا ئێستاش بەدەستیەوە دەناڵێنێت. بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تاوەکو ساڵی ٢٠١٣ واتە بەر بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە تەنکەر فرۆشراوە (٧ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیۆن) دۆلار بوو. ئابوری سەربەخۆو حکومەتێکی قەرزار لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەت (27 ملیار) دۆلار قەرزدارەو هیچ یەدەگ و پاشەكەوتێكیشی نیە. ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی راپۆرتێك، کە کابینەی مەسرور بارزانی لە رۆژی (28/4/2020) ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی کردووە، لە دوای بڕیاری ئابوری سەربەخۆوە، واتە لە 2014ەوە تائێستا کە ماوەی (٦ ساڵ) دەکات، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بڕی (75 ترلیۆن و 541 ملیار و 843 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام هەرێم لەو بڕە پارەیە تەنها (13 ترلیۆن و 370 ملیار و 533 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە. بەوپێیە لە ماوەی ئەو (6) ساڵەدا، بڕیاری ئابوری سەربەخۆ بڕی (62 ترلیۆن و 171 ملیارو 310 ملیۆن) دینار زیانی لە هەرێمی كوردستان داوە. بەمشێوەیە: 🔹 ساڵی 2014 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (19 ترلیۆنو 999 ملیارو 616 ملیۆن) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆنو 280 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (17 ترلیۆنو 719 ملیارو 616 ملیۆن) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2015 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (14 ترلیۆنو 817 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆنو 476 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆنو 341 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2016 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (12 ترلیۆنو 570 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕەپارەیەكی وەرنەگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆنو 570 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2017 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (11 ترلیۆنو 605 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (11 ترلیۆنو 605 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2018 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (6ترلیۆنو 776 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (3 ترلیۆنو 175 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (3 ترلیۆنو 591 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2019 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (9 ترلیۆنو 783 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (5 ترلیۆنو 439 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (4 ترلیۆنو 343 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە) گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر ئێستا بەڕوونی بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركەوتووە، سیاسەتی هەڵەی نەوت، دۆخی كوردستانی بەم دەردە بردووە. مەسرور بارزانی وتی:" لەكۆی 700 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت، تەنها 300 ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەتە" بە جۆرێك داهاتی نەوت مانگانە دابەش دەكرێت بەسەر قەرزو كرێی بۆری و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت. بەپێی راپۆرتی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت لە مانگی چواردا بەم شێوەیە بووە: 🔹 رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت 🔹 نەوت بە (20) دۆلار فرۆشرا 🔹 كۆی داهاتی نەوت (261 ملیۆن) دۆلار 🔹 (60 ملیۆن دۆلار) بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت 🔹 (30 ملیۆن) بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت 🔹 (50) ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا لەدواین وتاریدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" مانگی رابردوو تەنیا ٣٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم"، واتا دوای شەش ساڵ لە بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، كە مانگانە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار لە بەغداوە دەهات، سیاسەتی نەوتی ئێستا گەیشتوەتە سەر (30 ملیۆن) دۆلار. سەرۆكی حكومەتی هۆكاری ئەم دۆخە سەختە ئابورییەی گەڕاندەوە بۆ" سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگری نەوت"، واتا دوای شەش ساڵ لە قەیران و نەهامەتی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر لەبری پشت بەستن بە داهاتی نەوت. ئێستا دۆخەکە گەیشتوەتە ئاستێک، هەرێم بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی بەشە بودجەی عێراق، ئامادەیە هەموو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت "حكومەت قەرزارە" ئەمە پەیامێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو بۆ موچەخۆران، قەرزێك كە بەهاكەی بە (27 ملیار) دۆلار ئەژماركرا، لە شەش ساڵی رابردوودا حكومەت (60 ملیار) دۆلار داهاتی دەستكەوتووە، بەڵام سەرباری ئەوەش قەرزار بووە، ئەم قەرزانە چۆنن، كەی وەرگیراون، لە كێ وەرگیراون، (درەو) لەم راپۆرتەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەو چەند پرسیارێكی تر دەگەڕێت. لیژنەی قەرز "حكومەت 27 ملیار دۆلار قەرزارە" مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وای وت، پرسی قەرزەكانی حكومەت جارێكی تر كەوتەوە بەرباس. حكومەت لەزاری مەسرور بارزایینەوە، هیچ یەدەگێكی نییە، بەڵام ئێستا بەكۆی گشتی قەبارەی قەرزارە چەندە؟ حكومەت لە كابینەی پێشووەوە لیژنەیەكی تایبەتی بە پێدانەوەی قەرزەكان دروستكردوو كە دوو جۆر قەرزن (قەرزی دەرەكیو قەرزەكانی ناوخۆ). لیژنەكەی حكومەت ئامانج رەحیم سەرۆكایەتی دەكات كە سەربە یەكێتی نیشتمانییەو سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە. قەرزەكان چیو چەندن ؟ بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، تاوەكو ساڵی 2014 كە بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدادەوە دەهات، حكومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەك قەرزی لەسەر نەبووە، بەڵام لەو ساڵەدا كە نرخی نەوت دابەزیو خەرجییەكان بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە زیادیان كرد، كابینەی نێچیرڤان بارزانی دوچاری مایەپوچبوون هاتو پەنای بۆ قەرزكردن برد. ئەو قەرزانەی كە تائێستا لەسەر حكومەتی هەرێم ماڵن، مێژووەكەیان بۆ شەش ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوەو دوو جۆرن. قەرزە ناوخۆییەكان بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەئێستادا حكومەتی هەرێم زیاتر لە (12 ترلیۆن) دینار قەرزاری بانكەكانە، ئەم پارەیە بەمشێوەیە دابەشبووە: • (5 ترلیۆنو 648 ملیار) دیناری كە لە بانكە ئەهلییە ناحكومیەكانی هەولێر لای لقی ناوەندی بانكی هەولێر وەریگرتووە. • (2 ترلیۆنو 447 ملیار) دینار كە لە بانكە ئەهلییەكان لای لقی بانكی ناوەندی سلێمانیە وەریگرتووە. • (4 ترلیۆنو 900 ملیار) دینار كە لە بانكە بازرگانییەكان وەریگرتووە. مێژووی ئەم قەرزانە بۆ كابینەی پێشووی نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە، بەڵام كابینەی نوێش كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بڕی (400 ملیار) دیناری لە سەرمایەداران قەرزكردووە بۆ دابینكردنی موچە (ئەمە بەپێی ئەوەی تائێستا زانراوە، رەنگە قەرزی تریشی كردبێت، بەڵام "درەو" هیچ زانیارییەكی لەوبارەیەوە دەست نەكەوت) قەرزی دەرەكی ئەمانە ئەو قەرزانە بوون كە حكومەتی پێشوو لەناوخۆدا كردویەتی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەكەیدا، كابینەی پێشوو سەرباری ئەمە قەرزی دەرەكیشی كردووە كە بریتییە لە: • وەرگرتنی بڕی (1 ملیار) دۆلار لە توركیا. • (2 ملیار)ی پارەی كۆمپانیا كڕیارەكانی نەوت، ئەمە پارەیەكە كە كابینەی پێشوو بەر لە رادەستكردنی نەوت لە كۆمپانیا كڕیارەكانی وەرگرتووە، واتە بە سەوزی پارەی لێوەرگرتوون. • (4 ملیار) دۆلاری مافی كۆمپانیای بیانییەكان بواری دۆزینەوەو دەرهێنانی نەوت. قەرزی موچەخۆران هاوكات لەگەڵ قەیرانی دارایدا، سەرباری قەرزی ناوخۆییو دەرەكی، حكومەتی هەرێم جۆرێكی تر قەرزی كەوتە سەرشان كە ناوی لێنراوە قەرزی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانو موچەخۆران چاویان لەوەیە حكومەت ئەو پارانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە كە لەسەردەمی قەیراندا لێی بڕیون. بەهای كۆی گشتی ئەم قەرزە، بەو یەك مانگانەش كە لە كابینەی نوێدا دابەشكردنی موچە دواكەوتووە، دەگاتە نزیكەی (14 ترلیۆن) دینار. چەنێك لە قەرزەكان دراوەتەوە ؟ بەپێی قسەیەكی پێشتری دكتۆر ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوە و زانیاری ستراتیژی كوردستانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان، حكومەت هەرێم لە مانگی ئابی ساڵی 2017وە دەستیكردووە بە پێدانەوەی قەرز بە خاوەن قەرزەكان. لەبارەی پێدانەوەی قەرزە ناوخۆییو دەرەكییەكانی حكومەتی هەرێم ئەم زانیارییانە لەبەردەستدان: • كانونی یەكەمی 2018 كۆمپانیای دانەغاز كە كاری نەوتو غاز لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئاشكرایكرد، بڕی (466 ملیۆن) دۆلار پارەی قەرزی لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووەتەوە. • رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی هەرێم لە كۆتایی كابینەی پێشووی حكومەتدا رایگەیاند، نزیكەی (500 ملیۆن) دۆلاری قەرزی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دراوەتەوە، (300 ملیۆن) دۆلاری بەڵێندەران دراوەتەوە، (260 ملیۆن) دۆلاری قەرزی بانكە ئەهلییەكان دراوەتەوە. • بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمو بەغداد، تائێستا حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار قەرزی بانكە ئەهلییەكانی هەرێم رادەستی بانكی ناوەندی دەكات، عێراق ئەم پارەیە لە بەشە بودجەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێم دەبڕێت. • شیروان ئەنوەر سەرۆكی هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی هەرێم پێشتر لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" حكومەت رێژەی 50%ی قەرزی بانكە ئەهلییەكانی داوەتەوە". • لەنێوان مانگی شەشی 2016 بۆ مانگی سێی 2017، زیاتر لە (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلار دراوەتەوە بە قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان. • كازم نامیق بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی هەرێم، لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا وتویەتی:" حكومەت رێژەی 70%ی قەرزی بەڵێندەرانی داوەتەوە". • بەپێی راپۆرتێكی نهێنی حكومەت كە دەست (درەو) كەوتووە، تائێستا مانگانە لە داهاتی نەوت بڕی (50 ملیۆن) دۆلار بۆ پێدانەوەی قەرزەكانی توركیا دەڕوات. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەدواین قسەیدا باسی لەوەكرد حكومەت بڕی 27 ملیار دۆلار قەرزارە، بەڵام زانیاری ئەوتۆی نەخستەڕوو لەبارەی ئەوەی چەنێك لە پارەكە قەرزی ناوخۆییو چەندی تری قەرزی دەرەكییە، ئایا كابینەكەی ئێستا مانگانە چەندێك لە داهاتەكانی بۆ پێدانەوەی قەرزەكان خەرج دەكات، كابینەكەی خۆی لەم چەند مانگەدا چەنێك قەرزی كردووەو میكانیزمی گەڕانەوەی قەرزەكانی چۆنە، ئایا سودیان دەكەوێتە سەر یاخود نا، ئەمە ئەو بابەتە هەستیارەیە كە تائێستا حكومەت بەشێوەیەكی ناشەفاف مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. قەرزارەو قەرزیشی لای خەڵكە حكومەتی هەرێم هەر قەرزار نییە، خۆشی پارەی لە قەرزی كۆمپانیاو سەرمایەداراندایەو وەرینەگرتونەتەوە، بەهای ئەو پارەیەی كە حكومەت قەرزارە بەپێی قسەی مەسرور بارزانی (27 ملیار) دۆلارە، بەڵام لەبەرامبەردا بەپێی قسەی بەرپرسان حكومەت، حكومەتیش قەرزی لای كۆمپانیاكانو خەڵكە كە تائێستا نەیانگەڕاندوەتەوەو بەهای قەرزەكە دەگاتە (4 ملیار) دۆلار، ئەم پارەیە پێكدێت لە: • ئەو پارانەی كە كابینەكانی پێشوو بە قەرز وەكو پاڵپشتی بۆ بواری كشتوكاڵو پیشەسازیو هاوسەرگیریو پێشینەی خانوبەرە بە خەڵكو كۆمپانیاكانی داوەو تائێستا نەگەڕاوەتەوە. • لەماوەی رابردوودا دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە كابینەی پێشوو، حكومەت كۆمپانیاكانی لە سێ جۆر باج بواردووە كە بریتین لە باجی (كۆمپانیاكان، باجی خانوبەرە، باجی داهات)، حكومەت ئەمەی بەقەرز ئەژماركردووە لەسەر ئەوانەی لێی سودمەندبوون. • حكومەت بڕی (745 ملیار) دینار قەرزی لای كۆمپانیاو سەرمایەدارانە كە پێشتر وەكو پاڵپشتی پێیداونو بەشێكی ئەو پارانە تائێستا نەگەڕاونەتەوەو بەپێی بڕیاری كابینەی مەسرور بارزانی دەستكراوە بە كۆكردنەوەی ئەو پارانە. • قەرزی پارەی ئاو و كارەبای لای هاوڵاتیان كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێكی زۆری تائێستا وەكو داهات نەگەڕاوەتەوە بۆ حكومەت. داهاتو قەرزەكان حكومەتی هەرێم بەپێی قسەی سەرۆك وەزیران لە شەش ساڵی رابردوودا بڕی (27 ملیار) دۆلار قەرزار بووە، بەڵام بەپێی راپۆرتی حكومەت كە ئاڕاستەی بەغدادی كردووە: • لەو شەش ساڵەدا (2014-2020) بڕی (13 ترلیۆن) دیناری لە بەغداد وەرگرتووە. • داهاتی ناوخۆ لەو شەش ساڵەدا نزیكەی (8 ملیار) دۆلار بووە. • داهاتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ زیاتر لە (40 ملیار) دۆلار بووە. • هەر لەو شەش ساڵەدا حكومەت بڕی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار پارەی وەكو یارمەتی لە ئەمریكییەكان بەناوی پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە وەرگرتووە. واتە بە تێكڕا داهاتی حكومەت لە شەش ساڵی رابردوودا گەیشتوەتە (60 ملیار) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا بە نزیكەیی (40 ملیار) دۆلاری بە پارەی موچەخۆران داوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف بۆ یەكەمجار لەبارەی ئەو قەیرانە داراییەی كە روبەڕووی حكومەتەكەی بوەتەوە قسەی كرد، بەرپرسیارێتی بارودۆخەكەی بە پلەی یەكەم خستەئەستۆی كابینەكانی نێچیرڤان بارزانیو بەشێكی تریشی كرد بە عەلاگە كەی بەغدادەوە، هەندێك شتی باس كرد، بەڵام زۆر بابەتی پشتگوێ خست، (درەو) لەم راپۆرتەدا باسی ئەو تەوەرە گرنگانە دەكات كە مەسرور بارزانی لە وتارەكەیدا خۆی لێ پاراستو باسی لێوە نەكردن. سێ مانگ قەیرانو 15 خولەك قسە دواجار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت قسەی كرد، دوای سێ مانگ لە دروستبوونی قەیرانی دارایی، لە وتارێكی ڤیدیۆیی (15 خولەك)یدا كە سێ رۆژ پێشتر تۆماریكردبوو، باسی لە دۆخی سەختی دارایی حكومەت كرد. وتارەكە كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروستكرد، لێكدانەوەی جۆراوجۆری بۆ كرا، لەو وتارەدا مەسرور بارزانی بە راشكاوی دەستی خستە سەر هەندێك لە برینە داراییو ئیدارییەكان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەندێكی بابەتی هەستارو گرنگی پشتگوێ خست. ئەوەی مەسرور بارزانی باسی كرد سەرۆكی حكومەت لە وتارەكەیدا بەبێ ناوهێنانو ئاماژەی روون، هێرشی كردەسەر كابینەكانی پێشووی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای. مەسرور بارزانی بەڕوونی وتی:" لە خەرجكردنی داهاتی هەرێمی كوردستاندا نادادپەروەرییەكی زۆرو بێ پلانیی هەبووە"، لەمەدا مەبەستی لە كابینەكانی پێشووی حكومەت بوو، كە لە (17) ساڵی رابردوودا، جگە لە دوو ساڵی بەرهەم ساڵح، ئەوی تر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی كردووە. هەر وەكو ئاماژە بۆ كابینەكانی پێش خۆی، مەسرور بارزانی باسی لەوەكرد"لە دابەشكردنی ناتەواوی بودجەی هەرێمدا، هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئایندەو نەوەكانی داهاتوو نەكراوە". گلەیی هەبوو لەوەی كابینەكانی پێش خۆی، بۆ داهات تەنیا پشتیان بە فرۆشتنی نەوت بەستوە، ئاماژەی بەوەكرد" ئەم قەیرانەی ئێستا، سوورتریان دەكات لە سەر درێژەدان بە ستراتیجی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهاتو بەردەوامبوون لە سەر درێژەدان بە پرۆسەی چاكسازیو چارەسەركردنی هەموو ئەو كێماسیانەی لە رابردوودا لە بواری كارگێڕی و داراییدا هەبووە"، لەمە توندتر قسەی كردو وتی:" راستكردنەوەی ئەم هەموو چەوتییەو دامەزراندنی بنەمای ئابورییەكی سەقامگیرتر، كاتی زیاترو هاوكاریی هەموولایەكی پێویستە". مەسرور بارزانی بە خستنەڕووی چەند داتایەك، بەرپرسیارێتی دۆخی ئێستای خستە ئەستۆی كابینەكانی پێش خۆیو وتی: • حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (27 ملیار) دۆلار قەرزارە • حكومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگو پاشەكەوتێكی دارایی نییە • كاتێك داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت (700 ملیۆن) دۆلار بوو، زیاتر لە (400 ملیۆن) دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنانو گواستنەوەی نەوتو پێدانەوەی قەرزەكان خەرجكراوە، ئەوەی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە تەنیا (300 ملیۆن) دۆلار بووە. • مانگی رابردوو (مانگی نیسانی 2020) كۆی داهاتی فرۆشی نەوت كە بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە تەنیا (30 ملیۆن) دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیكەی (60 ملیۆن) دۆلار بووە. • لە خەرجكردنی داهاتی هەرێمی كوردستاندا نادادپەروەرییەكی زۆرو بێ پلانیی هەبووە. • 80%ی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ موچەخۆران تەرخانكراوە، موچەخۆرانیش 20%ی دانیشتوانی هەرێمن. • رێژەی موچەخۆرانی هەرێم بەپێی ستانداردە باوەكان، چەندین بەرامبەری پێداویستییەكانی هەرێمە. • لە باشترین بارودۆخی دارایدا لە بودجەی هەرێم 15%ی بۆ خەرجییەكانی بەڕێوەبردنو خزمەتگوزاری تەرخانكراوە، تەنیا كەمتر لە 5%ی بودجە بۆ پەرەپێدانی وڵات تەرخانكراوە. • لە دابەشكردنی ناتەواوی بودجەی هەرێمدا هیچ لێكدانەوەیەك بۆ ئایندەو نەوەكانی داهاتوو نەكراوە. سەرباری ئەو گلەییانەی كە لە كابینەكانی پێش خۆی هەیبوو، مەسرور بارزانی بە شانازییەوە باسی لە كابینەكەی خۆی كرد، كاتێك وتی:" كابینەكەی نۆ مانگە دەستبەكاربوو، هەشت موچەی دابەشكردووەو تەنیا یەك موچەی دواكەوتووە". بەشێكی تری هۆكاری دۆخە خراپەكەی بەستەوە بە تێكچوونی بارودۆخی سیاسی لە بەغداد، لەمەشدا بەتەواوەتی كابینەكەی بەدەر كرد لە هەر گلەییو رەخنەیەك. ئەوەی مەسرور بارزانی باسی نەكرد مەسرور بارزانی تاڕادەیەك بە راشكاوی باسی لە كرۆكی كێشەكان كرد، بەڵام سەرباری ئەوە وتارەكەی بۆ رایگشتی هەندیك كورتهێنانی تێدابوو، لەوانە: • سەرۆكی حكومەت باسی لەوەكرد، هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم قەیرانەوە هەموو هەوڵێكیان داوەو بەردەوامیشین لە هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی بارگرانیی لە سەر هاوڵاتیان كەم بكەینەوە، بەڵام ئاماژەیەكی بەوەنەكرد هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە گشتییەكان چەند پارەی بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاندوەتەوە. • سەرۆكی حكومەت باسی لەوەكرد دەیەوێت هەرێمی كوردستان لەوە رزگار بكات كە بۆ داهات تەنیا پشت بە فرۆشتنی نەوت ببەستێتو نەوتیش نرخەكەی هەڵبەرزو دابەز بكات، بەڵام باسی لەوە نەكرد، چی دەكەن بۆ ئەوەی هەرێم سەرچاوەی تری داهات جگە لە نەوت زامن بكات. • سەرۆكی حكومەت باسی لە خاڵە سنورییەكانی وەكو سەرچاوەیەكی گرنگی داهات نەكرد، كە ماوەیەكە قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرێت، لەبارەی پرسی قاچاخچێتی سنورەكانەوە هیچ شتێكی نەگوت. • لەبارەی پرسی نەوتەوە جگە لە خستنەڕووی هەندێك ژمارە كە پێشتریش لەبەردەستدابوون، مەسرور بارزانی زانیاری ئەوتۆی نەخستەڕوو، باسی لەوەكرد داهاتی نەوت لە مانگی نیساندا (30 ملیۆن) دۆلار بووە، واتە داهاتی هەر بەرمیلێك نەوت كە لەو مانگەدا فرۆشراوە (2 دۆلار)ی بۆ حكومەت ماوەتەوەو ئەوی تری چووە بۆ خەرجی دەرهێنانو فرۆشتنی نەوتەكە، باسی لە گرێبەستەكانی نەوتو گومانی گەندەڵی گەورە لەو گرێبەستانەو هەوڵی حكومەتەكەی بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستەكاندا نەكرد. • هیچ ئاماژەیەكی بەوە نەدا دوای زیاتر لە (9 مانگ) لە دەستبەكاربوونی كابینەكەی، بۆچی تائێستا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوەو بەشداربوونی شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای (كار) لە كۆبونەوەكانی حكومەت چ مەغزاو مەبەستێكی هەیە. • باسی لە گرێبەستی كۆمپانیاكانی ناوخۆ لەبواری خزمەتگوزارییەكان نەكرد، كە بەمدواییە قسەوباسی زۆری لەسەر دەكرێتو ژمارەیەك كۆمپانیا لەسەر حسابی داهاتی گشتی، مانگانە ملیۆنان دۆلار قازانج دەكەن، لەحاڵێكدا حكومەت خۆی دەتوانێت لەڕێگەی كەرتی گشتییەوە ئەو كارانە بكات. • باسی وەرگرتنەوەی قەرزی كۆمپانیاو سەرمایەدارانو وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان نەكرد، بۆ نمونە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم كە خاوەنەكەی سیروان بارزانیە، بڕی (190 ملیار) دینار قەرزاری حكومەتەو تائێستا پارەكەی نەگەڕاندوەتەوە، هەروەك باسی لەوەش نەكرد كە بۆ موچەی مانگی رابردوو قەرزی لە سەرمایەداران بە بڕی (400 ملیار) دینار كردووە. • كابینەی مەسرور بارزانی لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە، پێدانەوەی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی بواری نەوتو كارەباو خزمەتگوزارییە گشتییەكانی راگرتووە، تەنیا پارەی كارەبا كە حكومەت بە چەند كۆمپانیایەكی دەدات مانگانە بڕی (83 ملیۆن) دۆلارە، خەرجی مانگانەی پاككردنەوەی شاروشارۆچكەكان (10 ملیۆن) دۆلارە، پارەی كۆمپانیاكانی نەوت مانگانە (200 ملیۆن) دۆلارە، پێدانەوەی قەرزەكانی تر كە مانگانە نزیكەی (200 ملیۆن) دۆلارە، حكومەتی هەرێم ئێستا پێدانی هەموو ئەم پارانەی راگرتووە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، بەڵام سەرۆكی حكومەت باسی لە میكانیزمی رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیاكان نەكرد لەبارەی دواخستنی ئەو شایستە داراییانەوە. • مەسرور بارزانی باسی كەیسی (یەك ملیار دۆلار)ەكەی حكومەت لە بانكەكەی لوبنانو ئەو پارانەی تر نەكرد، كە باسدەكرێت لە دەرەوەی وڵاتنو حكومەت لە ئێستادا توانای گەڕاندنەوەی نییە. • لە باسی ئەنجامدانی چاكسازیدا، وردەكاری لەبارەی هەنگاوەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمان دەرچوو نەكرد، لەكاتێكدا گلەیی هەیە لە هیواشی هەنگاوەكانی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاساو ئەنجامدانی چاكسازی گشتگیرتر، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو بڕیارانەی كە مانگی رابردوو خۆی دەریكردوو، تائێستا هیچ یەكێكیان بەتەواوەتی نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. • لە باسی گرفتە سیاسییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیدا تەنیا ئاماژەی بە پرسی لامەركەزیەت كرد، باسی كێشەو ناكۆكییەكانی تری نێوان هەردوو حزبەكەو كاریگەرییەكان لەسەر ئەدای كاری حكومەت نەكرد. • باسی لە رێكخستنەوەی موچەی فەرمانبەران كرد، بەڵام بە وردی میكانیزمی رێكخستنەوەكەی نەخستەڕوو، ئەمە لەكاتێكدا بوو دوێنێ شەو وەزیری دارایی عێراق لەبارەی دەستكاریكردنی موچەی فەرمانبەرانەوە بە راشكاوی میكانیزمی حكومەتی بەغداد بۆ دەستكاریكردنی موچە خستەڕوو، ئاشكرایكرد، كەمكردنەوەی موچە تەنیا پلەباڵاكان دەگرێتەوەو فەرمانبەرانی سەرو پلە پێنج ناگرێتەوە. • باسی شەڕی ئەمدواییەی خۆی لەگەڵ پەرلەمانو هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانو دروستبوونی ناكۆكی لەناو پەرلەماندا، نەكرد. • باسی لە وردەكاری رێككەوتنی كابینەكەی لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق نەكردو هیچ ئاماژەیەكی بەوەنەكرد نەكرد، كێشەكان چۆن لەگەڵ بەغداد لەبارەی نەوتو بودجە چارەسەردەكات. لەبارەی كابینەی مەسرور بارزانی كابینەی مەسرور بارزانی كە هەندێك بە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوی دەبەن، ماوەی زیاتر لە (10 مانگ)ە دەستبەكاربووە، ئەم كابینەیە "ترۆیكا"یە، واتە سێ لایەن پێكیانهێنا كە بریتین لە (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان). كابینەكە نزیكەی یەك لەسەر چواری تەمەنی خۆی بەڕێدەكات، بەڵام تائێستا هەنگاوی ئەوتۆی لە بواری كارگێڕیو دارایی هەڵنەناوە، سەرباری ئەوە هێشتا ژمارەیەك لە پۆستەكانی ناو كابینەكە پڕنەكراونەتەوە، لە دیارترینیان پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. مەسرور بارزانی كە پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، یەكەمجار بوو خۆی لە پۆستێكی باڵای حكومیدا تاقی بكاتەوە، ئەو هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونییەوە گوتاری تێپەڕاندنی كابینەكانی پێش خۆیو شەفایەتو ئەنجامدانی چاكسازی هەڵگرت، بەڵام دوای (10 مانگ) لە دەستبەكاربوونی، هێشتا لەناو قەیرانی كابینەكانی پێشتردا دەخولێتەوە. نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای، لەماوەی (17 ساڵ)دا، یەكجار دوچاری قەیرانی دارایی هات كە لە ساڵی 2014دا بوو، بەڵام مەسرور بارزانی لە (10 مانگ)ی دەستبەكاربونیدا، یەكەم ئەزمونی قەیرانی دارایی تاقیكردەوە، نێچیرڤان بارزانی قەرزێكی زۆری كەڵەكەبووی بۆ كابینەكانی دوای خۆی بەجێهێشت، بەڵام كابینەكەی بەبێ قەیرانی دارایی رادەستی مەسرور بارزانی كرد. بەپێی یاسا نێچیرڤان بارزانی كە ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، سەرۆكی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە لە هەرێم، بەڵام هیچ نەقشێكی نییە لە بڕیارەكانی كابینەی مەسرور بارزانیدا. پاشەكەوتی موچە، كە رۆژگارێكو لەزەمەنی نێچیرڤان بارزانیدا وەكو مۆتەكەیەك دەماشا دەكرا، لە كۆتاییەكانی تەمەنی كابینەی پێشوودا ماڵئاوایی كرد، بەڵام ئێستا جارێكی تر لە دەرگای موچەخۆرانی داوەتەوە. مەسرور بارزانی بەشوێنپێی نێچیرڤان بارزانیدا بۆ روبەڕوونەوەی قەیرانی دارایی هەنگاو دەنێت، نێچیرڤان بارزانی كە حكومەتەكەی دوچاری قەیران بوو، لە یەكەم هەنگاودا پەنای بۆ وەرگرتنی پارە برد لە سەرمایەدارانی ناوخۆ، مەسرور بارزانیش هەمان كاری كرد، لەیەكەمین ئەزمونی قەرزكردنیدا، بڕی (400 ملیار) دیناری لە سەرمایەداران وەرگرت، واتە وەكو ئەوەی خۆی بانگەشەی بۆ دەكرد، تائێستا كابینەی مەسرور بارزانی كابینەی پێش خۆی تێنەپەڕاندووە. سەرباری ئەمە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ ناڕایەتیەتی شەقام دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، كابینەی پێش خۆی تێپەڕاندو یەكەم ئەزمونی خۆی لە دهۆك بەرامبەر بە خۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەكان تاقی كردەوە. لە ساڵی 2014وە بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییو شەڕی "داعش"ەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی نەبووە، مەسرور بارزانی كە دەستبەكاربوو، درێژەی بە دۆخە باوەكەدا، دوای (10 مانگ) هێشتا هیچ پرۆژە بودجەیەكی نەناردووە بۆ پەرلەمانی كوردستان. كابینەی پێشووی حكومەت كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، لەژێر ناوی پاشەكەوتدا موچەی فەرمانبەرانی كەمكردەوە، ئەمەش وەكو قەرزێك لەسەر حكومەت ماوەتەوەو موچەخۆران چاویان لەوەیە حكومەت رۆژێك لە رۆژان ئەو پارەیەیان بۆ بگەڕێنێتەوە، بەهای كۆی پارەكە (10 ملیۆن) دۆلارە، نێچیرڤان بارزانی لە كۆتایی كابینەكەیدا پاشەكەوتی موچەی هەڵگرت، بەڵام بەڵێنی نەدا ئەو پارە قەرزانە بۆ موچەخۆران بگەڕێنێتەوە، مەسرور بارزانی خەونی هەبوو لە كابینەكەی خۆیدا بە گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ موچەخۆران دەسكەوتێكی گەورە بەدەستبهێنێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئێستا چاوی لەوەیە بەغداد ئەو پارانە بگەڕێنێتەوەو لەو رێككەوتنە زارەكییانەی كە بەمدواییە لەنێوان وەفدی هەرێمو بەغداد كراون، ئەم بابەتە تێكەڵ بە دانوستانەكان كراوەو دەیانەوێت گۆشەیەكی لە رێككەوتنە نوێیەكەدا لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی بۆ بكەنەوە.
راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف یەکێتی لە دوو رێگای جیاوازەوە کار بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەکات، هەردوو رێگاکە دەچنەوە سەر بەغدادی پایتەختی عێراق، نەک هەولێری پایتەختی هەرێم، سەرەتای هەوڵەکان بە رادەستکردنی (١٧٦) دیلی "داعش" دەستی پێکردو رەنگە کۆتاییەکەی پۆستی وەزارەتیشی بۆ بخاتە سەر مێزی گفتوگۆکان، یەکێتی دەستی لە پارتی شتووە، بۆ پرسی کەرکوک چاوی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراقە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەکاری رادەستکردنەوەی دیلەکان و هەوڵی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەخاتەڕوو. رێککەوتنی یەکێتی و عێراق لە بارەگای پارتیدا ! رۆژی ١٩ی ئەم مانگە لە بارەگای لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، کە لەدوای رووداوەکانی "١٦ی ئۆکتۆبەر"وە بووە بە بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوکی سوپای عێراق، رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسانی سەربازی عێراق ئیمزا کرا. ئەوە رێککەوتنی رادەستکردنی (١٧٦) دەستگیرکراوی "داعش" بوو لەلایەن یەکێتی نیشتیمانییەوە بە حکومەتی عێراق. رێککەتنەکە لەنێوان محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک و سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای عێراق لە کەرکوک، بە ئامادەبوونی راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت، ئیمزا کرا. ئەمە رێککەوتنێکی نهێنی نەبوو، لەکاتی خۆیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ رایگشتی راگەیەندرا. ئەوکات محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی:" دوای ئەوەی لەلایەن هاوسەرۆكی یەكێتی و مەكتەبی سیاسییەوە ئامۆژگاری كراین پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو دەستگیركراوانەدا بكەین كە لای یەكێتین و لەسەردەمی شەڕی داعشدا دەستگیركراون، بڕیارماندا هەموویان رادەستی حكومەتی عێراق بكەینەوە". ناوەڕۆکی ئەو رێککەوتنە بەرەبەیانی دوێنێ پێنج شەممە خرایە بواری جێبەجێکردن، یەکێتی (١٧٦) دەستگیرکراوی "داعش"ی لە سلێمانییەوە رەوانەی کەرکوک کردو رادەستی سوپای عێراقی کردن. بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی بەم پرۆسەیە دەڵێ" نیازپاكی بەرامبەر بە لایەنی ئیداری لە كەركوك". دیلەکان کێ بوون؟ بەپێی بەداواداچوونەكانی (درەو)، ئەو (176) زیندانیەی کە یەکێتی رادەستی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكی سوپای عێراقی كردووە، ئەو کەسانە بوون كە لەسەردەمی شەڕی داعشدا، دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی کەرکوک کە سەربە یەکێتی بوون، بەتۆمەتی تیرۆرو ئەندامێتی رێکخراوی "داعش" دەستگیریان کردوون. بەرپرسێكی ئەمنی یەکێتی بە (درەو)ی راگەیاند:" ئەو گیراوانە لەلایەن هێزەکانی دژە تیرۆری یەكێتییەوە لەو سەردەمەدا دەستگیركراون، تەنانەت بەشێكیان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیداو بە كۆپتەری سەربازی دەستگیركراونو هەموویان تۆمەتبارن". بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمنییە، لەسەروبەندی شەڕی "داعش"دا، یەكێتی و پارتی ژمارەیەكی زۆری تۆمەتباری تیرۆریان دەستگیركردووەو لە زیندانەكانی خۆیاندایە کۆیانکردونەتەوە، زیندانی "داعش" لە زیندانی دژە تیرۆری یەكێتی و دژە تیرۆری پارتیشدا هەیە. دژە تیرۆری یەكێتی سەربە دەزگای زانیاری یەكێتییە، دەزگای زانیاری هاوشێوەی دەزگای پاراستنی پارتی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەو كە تائێستاش راوێژكارەكەی (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. لەبارەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بەپێ یاسا ئەنجومەنی ئاسایش سەربە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام تائێستا ئەو دەزگایە هەر لای مەسرور بارزانی ماوەتەوەو رادەستی سەرۆكایەتی هەرێم واتە نێچیرڤان بارزانی نەكراوە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكێك و پێنج ئەندام پێكهاتووەو پۆستەکانی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دابەشکراوە: 🔹 سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش: مەسرور بارزانی ( پارتی) 🔹 سەرۆكی دەزگای ئاسایش: خەسرەو گوڵ محەمەد (یەكێتی) 🔹 سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری: لاهور شێخ جەنگی (یەكێتی) 🔹 سەرۆكی دەزگای پاراستن و زانیاری/ پاراستن: نەزهەت حالی (پارتی) 🔹سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی پێشمەرگە: (یەكێتی) 🔹 سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 80ی پێشمەرگە: (پارتی) دۆسیەی ئەمنی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا پەرتبووەو هەماهەنگی لەنێوانیاندا نەماوە، هەرلایەک بە پاڕاستەی خۆیدا کاروبارەکان بەڕێوەدەبات. یەكێتی بەبێ گەڕانەوەو ئاگاداركردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، رێككەوتنی رادەستكردنی (176) زیندانییەکەی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی عێراق واژووكردووە. بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی یەکێتی دەڵێ: رێککەوتنەکە بە ئاگاداری هاوسەرۆكانی یەكێتی بووەو لەپێناو خاك و خەڵكی كەركوك ئەو رێكەوتنەیان كردووە. ئەنجومەنی سەركرادیەتی پارتی لە كەركوك- گەرمیان لە راگەیەنراوێكدا یەكێتی تۆمەتباركرد بەوەی "زیندانی نهێنی" هەیەو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو رێككەوتن و زیندانیە نیە. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش رایگەیاند، حكومەتی هەرێم ئاگاداری رادەستكردنەوەی ئەو (١٧٦) زیندانییە نەبووە. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکرد، هەماهەنگیكردن لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان رێكارو میكانیزمی خۆی هەیەو ئەو بابەتە بەدەر لەو میكانیزمانە ئەنجامدراوە. پارتی؛ یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی هەوڵی دوو ئیدارەیی دەدات و حساب بۆ دامودەزگا حكومییەكان ناكات و تیرۆرستانی داعش كە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سورە، رادەستی عێراق دەكاتەوە. یەكێتیش لە سۆسیال میدیاكانییەوە، پارتی تۆمەتبار دەكات بەوەی لە ٢٠١٨دا (هەزارو ٤٠٠) دیلی "داعش"ی رادەستی بەغداد كردووەتەوە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە شوێنی کۆبونەوەی دەزگا ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتییە لە ساڵی ٢٠١٢وە هیچ کۆبونەوەیەکی نەکردووە، بەرپرسانی ئەمنی هەردوولا ناکۆکن، ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەنێوان پارتی و یەکێتیدا پەرتبووە، تا ئەوڕادەی لەدوای ساڵی ٢٠١٥وە دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەكێتی هیچ پەیوەندییەكی بە ئەنجومەنی ئاسایشەوە نەماوە. بەرپرسانی ئەمنی یەکێتی پێشتر گلەییان هەبوو لەوەی ئەنجومەنی ئاسایش کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، بودجەی ئەوان وەکو پێویست نانێرێت. داعش بەرامبەر بە پۆستی پارێزگار لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە یەکێتی چاوی لەوەیە پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەربگرێتەوە، بەپێی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هێشتا یەکێتی حزبی زۆرینەیە لە کەرکوک. یەکێتی یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لە بەرژەوەندی خۆی کرد بە بەشێک لە رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، دوای چەندین رێککەوتن و دواتر پاشگەزبونەوە، پارتی بەڵێنیدا پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە بەرژەوەندی یەکێتی یەکلابکاتەوە، بەڵام دوای زیاتر لە (١٠ مانگ) لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هێشتا پۆستەکە یەکلانەکراوەتەوە، سەرباری ئەمە ئێستا ئەرکی یەکێتی قورستر بووە، چونکە چیتر ئەنجومەنی پارێزگا کە یەکێتی چاوی لەسەر بوو، دەسەڵاتی هەڵبژاردنی پارێزگاری نەماوە، چونکە بەمدواییە پەرلەمانی عێراق کاری ئەنجومەنی پارێزگاکانی سڕکرد تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگان بەڕێوەدەچێت. بەڵام وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن مستەفا کازمییەوە، چانسێکی نوێی بە یەکێتی بەخشی، کازمی بەنیازە گۆڕانکاری لە پارێزگارەکانی عێراقدا بکات، یەکێتی کە چیتر دەستی لە پارتی و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک شتووە، چاوی لە رێککەوتنە لەگەڵ مستەفا کازمی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، یەكێتی ماوەیەكە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنی عەرەبی، لەوێوە دەیەوێت پارێزگاری كەركوك بەدەستبهێنێتەوە. یەكێتی ئێستا بە دوو ئاڕاستە كاردەكات، ئاڕاستەیەكیان كارکردنە لەگەڵ لایەنی عەرەبی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، ئەم هەوڵە بەدیاریكراوی لە دوای كۆنگرەی چواری یەكێتی و دەستبەكاربوونی محەمەد عوسمان وەکو بەرپرسی نوێی مەڵبەندی كەركوكی ئەو حزبە، دەستیپێكردووە، محەمەد عوسمان پێشتر نوێنەری مام جەلال بووە لە كەركوك بۆ پەیوەندی لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك، پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانییەكاندا هەیە، لەكاتی واژووكردنی رێككەوتنی رادەستكردنەوەی (١٧٦) دیلەکەی "داعش"، محەمەد عوسمان وتی:" هەوڵدەدەین ئەو كێشانە چارەسەربكەین كە پێشتر روویانداوەو لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبدەینەوە". کەرکوک هێشتا قەڵای دەنگدەرانی یەکێتییە، یەکێتییەکان لەوە تێگەیشتوون کەرکوک پارسەنگی پێگەی جەماوەرییانە بۆ هەرێمی کوردستانیش، بۆیە لەپێناو پۆستی پارێزگاری کەرکوک، نەک دیلەکانی "داعش"، بەپێی زانیارییەکانی (درەو) تەنانەت ئامادەن دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی دادی عێراق ببن کە پشکی خۆیانەو هێشتا پۆستەکەیان پڕنەکردوەتەوە، ئەمە ئاڕاستەی دووەمی هەوڵەکانی یەکێتییە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت وەزیرو پەرلەمانتارو پلەباڵاكان ئەوانەی بەركارنو ئەوانەی خانەنشینن دواین موچەی (6 بۆ 8 ملیۆن) دینارییان وەرگرت، لەمانگی داهاتووەوە موچەكەیان دەبێت بۆ (3 بۆ 4 ملیۆن) دینار، سەرباری بڕیاری حكومەت بۆ كەمكردنەوەی 50%ی موچەی پلەباڵاكان، هێشتا پێشبینی دەكرێت حكومەت بۆ خەرجی مانگی داهاتووی موچەی موچەخۆران بڕی (237 ملیار) دینار كورتهێنانی هەبێت. دواین موچە بە رێسا كۆنەكە ! ئەمڕۆ پەرلەمانتارو وەزیرەكانی هەرێمی كوردستانو ئەوانەی بەو دوو پلەیە خانەنشین بوون، لە بانكەكان موچەی مانگی یەكی 2020یان وەرگرت. ئەمە دواین جار بوو پەرلەمانتارو وەزیرو پلەباڵا خانەنشینەكان بەیاسا كۆنەكە موچەی خانەنشینی وەربگرن كە بڕەكەی زیاتر لە (6 ملیۆن) دینار بوو، بەپێی بڕیاری حكومەت لە مانگی داهاتووەوە 50%ی موچەكانیان دەبڕدرێتو دواتریش یاسای چاكسازی لە خانەنشینی پلەباڵاكان دەچێتە بواری جێبەجێكردن كە بەهەمان شێوە بڕە پارەكەیان كەمدەكاتەوە. بڕیارەكەی حكومەت بۆ بڕینی 50%ی موچە، موچەی ئەو پەرلەمانتارو وەزیرو پلەباڵایانەش دەگرێتەوە كە ئێستا لەو پلانەدا كاردەكەن، واتە خانەنشین نەبوون. موچەو خانەنشینی پەرلەمانتارو وەزیرەكان لە هەرێمی كوردستان موچەی مانگانەی پەرلەمانتار (8 ملیۆنو 85 هەزارو 950) دینارە، وەزیرەكانیش مانگانە (7 ملیۆنو 800 هەزار) دینار وەردەگرن. تائێستا لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانتارو وەزیرەكان رێژەی 80%ی كۆی ئەو پارەیە وەكو موچەی خانەنشینی وەردەگرن كە پێشتر لەكاتی كاركردنیان وەریانگرتووە، بەڵام ئەمە بەردەوام نابێت، چونكە لەم خولەی پەرلەماندا یاسایەك بەناوی چاكسازی لە موچەو خانەنشینی پلەباڵاكان پەسەندكراوەو بەپێی یاسا نوێیەكە گۆڕانكاری لە رێژەی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكاندا كراوە بەمجۆرە: • ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدایە، بەرێژەی (15%) بۆ (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریانگرتووە، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارەو موچەی خانەنشینییان نابێت زیاتر بێت لە 50%ی كۆی ئەو موچەیەی ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرن. • بەڵام ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدا نییە، بەرێژەی (15%) بۆ (25%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریانگرتووە، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (77 ) پەرلەمانتارە. یاسا یان بڕیار ؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای چاكسازی لە موچەی پلەباڵاكان لەبەردەستدایە، بەڵام تائێستا نەیخستوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. حكومەت كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو پەتای كۆرۆناوە دوچاری قەیرانی دارایی بووە، لەم دۆخەدا رۆژی (5)ی ئەم مانگە بڕیاریدا خەرجییەكان كەمبكاتەوە، بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان پەنای بۆ یاسای چاكسازی نەبرد كە جێبەجێكردنەكەی كاتێكی زیاتری پێویست بوو، بەڵكو بەشێوەیەكی خێرا بە بڕیارێك رێژەی 50%ی موچەیو دەرماڵەو موچەی خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانو پلە تایبەتییەكانی كەمكردەوە. بەپێی بڕیارەكە، لە مانگی داهاتووەوە كە موچەی مانگی (2)ی ساڵی 2020ە دابەشدەكرێت، موچەو خانەنشینی پلەباڵاكان بەرێژەی 50%ی كەمدەكرێتەوە. بەگوێرەی ئەم بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە، موچەی پەرلەمانتاران لە (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارەوە كەمدەكرێتەوە بۆ (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار. وەزیرەكانیش كە موچەی مانگانەیان (7 ملیۆنو 800 هەزار) دینارە، كەمدەكرێتەوە بۆ (3 ملیۆنو 900 هەزار) دینار. كەمكردنەوەی رێژەی 50%ی موچەی پلەباڵاكان، پەرلەمانتارو وەزیرە خانەنشینەكانیش دەگرێتەوە. تا ئەم ساتە كە یاسای چاكسازی نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، پلەباڵاكان رێژەی 80%ی موچەكەیان وەكو خانەنشینی وەردەگرن، واتە پەرلەمانتارە خانەنشینەكان مانگانە (6 ملیۆنو 468 هەزار) دینار وەردەگرن، وەزیرە خانەنشینەكانیش (6 ملیۆنو 240 هەزار) دینار. بەپێی بڕیارەكەی حكومەت، لەمانگی داهاتووەوە پەرلەمانتارە خانەنشینەكان (3 ملیۆنو 234 هەزار) دینار وەردەگرن، وەزیرە خانەنشینەكانیش (3 ملیۆنو 120 هەزار) دینار وەردەگرن. پلەباڵاكان كێن ؟ بڕیاری حكومەت بۆ كەمكردنەوەی موچەو خانەنشینی پلەباڵاكان بەرێژەی 50% لە مانگی داهاتووەوە، تەنیا وەزیرو پەرلەمانتاران ناگرێتەوە، چونكە بەپێی یاسای چاكسازی ئەوانەی كە پێیان دەوترێت پلەباڵا بریتین لەو كەسانەی كە لە یەكێك لەم پلە وەزیفیانەدان یاخود بەم پلانە خانەنشین بوون: • سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ جێگرەكانیان • ئەندامانی پەرلەمانو وەزیرەكانو ئەوانەی بە پلەی پەرلەمانتارو وەزیر خانەنشین كراون • بریكارەكانی وەزارەتو ئەوانەی بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشینكراون • خاوەن پلەتایبەتەكانو بەڕێوەبەرە گشتییەكان، ئەوانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیەو ئەوانەی موچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن • سەرۆكو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم • گشت ئەو كەسانەی كە بەپێی خشتەی كارپێكراوی موچە لە هەرێم، موچەی پلەكانی (1)و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانیو سەربازیو هێزەكانی ناوخۆ داهاتی بڕیارەكەی حكومەت ؟ بەو بڕیارەی كە كابینەی مەسرور بارزانی دەریكرد بۆ كەمكردنەوەی موچەو خانەنشینی پلەباڵاكان بەرێژەی 50%، بۆ مانگی داهاتوو بڕێكی زۆر پارە بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، كە دەتوانێت بەهۆیەوە بەشێك لەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە كە لەدوای دابەزینی نرخی نەوتو قەیرانی كۆرۆناوە لە خەرجییەكانیدا دروستبووە. چونكە بەبڕینی رێژەی 50%ی موچەی پەرلەمانتاران، تەنیا لە خەرجی موچەی پەرلەمانتارانی ئەم خولەدا، بڕی زیاتر لە (448 ملیۆن) دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە، لەناو حكومەتیش كە (32) كەس موچەی پلەی وەزیریی وەردەگرن، ئەگەر بۆ مانگی داهاتوو موچەكەیان بەرێژەی 50% كەمبكرێتەوە، بەكۆی گشتی بڕی (125 ملیۆن) دینار دەگەڕێتەوە بۆسەر داهاتەكانی حكومەت. واتە تەنیا لە كەمكردنەوەی موچەی پەرلەمانتارو وەزیرەكانی ئەم خولەدا، بۆ مانگی داهاتوو (573 ملیۆن) دینار بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە. ئەمە جگە لە موچەی ئەوانەی بەپلەی وەزیرو پەرلەمانتار خانەنشین كراون كە كەمكردنەوەكە بەهەمان رێژەی 50% دەیانگرێتەوە. ئاماری ئەوانەی كە بەپلەی باڵا لە هەرێمی كوردستان خانەنشین كراونو بەو پلانە موچەی خانەنشینی وەردەگرن بۆ ئێستا لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئامارێكی پێشتر كە دەست (درەو) كەوتووە، لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تاوەكو بەر لە دەستبەكاربوونی كابینەی ئێستای حكومەت: • 461 كەس بە پلەی وەزیرو بریكاری وەزیرو راوێژكار خانەنشین كراون • هەزارو 98 كەس بەپلەی تایبەت خانەنشینكراون كە (وەزیر- پەرلەمانتار- بریكاری وەزیر- بەڕێوەبەری گشتی- راوێژكار) دەگرێتەوە) • كۆی موچەی ساڵێكی خانەنشینی پلە تایبەتەكان (60 ملیارو 900 ملیۆن) دینارە • 163 كەس بە پلەی وەزیر خانەنشینكراون، 96 كەسیش بە پلەی بریكاری وەزیر • 506 كەس بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینكراون • 44 وەزیرو 60 بریكاری وەزیرو 260 بەڕێوەبەری گشتیو 75 راوێژكار بەپلەی تایبەت خانەنشینكراونو كە رۆژێك لە رۆژان لەو پلە وەزیفیەدا كاریان نەكردووە ئەگەر ئەم ئامارەش لەبەرچاوبگیرێت، ئەوا بڕیارەكەی حكومەت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی 50%ی موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان لەمانگی داهاتووەوە، بڕی (2 ملیارو 500 ملیۆن) دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێنێتەوە كە دەتوانێت بەهۆیەوە بەشێكی ئەو كورتهێنانە پڕبكاتەوە كە لە خەرجی موچەی فەرمانبەراندا بۆی دروستبووە. بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، مەزەندە دەكرێت بەهۆی بڕیارەكەی حكومەتەوە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی 50%ی موچەی پلەباڵاكان، مانگی داهاتی حكومەت بەكۆی گشتی بڕی (5 ملیار) دیناری بۆ بگەڕێتەوە. خەرجییەكانی حكومەت بۆ مانگی داهاتوو حكومەتی هەرێم لە دۆخی ئاسایدا تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (898 ملیار) دینارە، بۆ خەرجی وەزارەتەكانیش مانگانە پێویستی (150 ملیار) دینار هەیە. بۆ مانگی داهاتی خەرجی موچەی موچەخۆران كەمتر دەبێتەوە لەوەی پێشتر هەبووە، بڕیاری بڕینی 50%ی موچەی پلەباڵاكان لانی كەم بڕی (5 ملیار) دینار دەگەڕێنێتەوە، سەرباری ئەمە حكومەت لەهەوڵدایە بۆ پێداچوونەوەدایە بە دەرماڵەی فەرمانبەران كە (13) جۆرەو رەنگە لەم پرۆسەیەشدا بڕێكی تر پارە بۆ حكومەت بگەڕێتەوە. لەلایەكی ترەوە، بەپێی هەمان بڕیارەكانی كۆبونەوەی رۆژی (5)ی ئەم مانگە، حكومەت بڕیاریداوە: • بودجەی تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست كەمبكاتەوە، بودجەی خەرجی وەزارەتەكان كە لە حاڵی ئاسایدا (150 ملیار) دینارە، بڕی (100 ملیار)ی لێ كەمكراوەتەوە. • بودجەی وەبەرهێنان راگیراوە • كەمكردنەوەی نەسریەو پێشینەی وەزارەتو سەرجەم دامەزراوەكان بۆ نزمترین ئاست. • پێداچونەوە بە خەرجییەكانی خزمەتگوزاری بواری نەوتو گاز. هەموو ئەمانە وادەكات لەمانگی داهاتووەوە بەبەراورد بە پێشتر ئاستی خەرجییەكانی حكومەت كەمتر ببێتەوە. داهاتی حكومەت بۆ مانگی داهاتوو بۆ مانگی داهاتوو، حكومەتی هەرێم پێشوەختە بڕی (400 ملیار) دینار لە حكومەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەرگرتووە، ئەمە بناغەیەكی باشە بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی حكومەت لەو مانگەدا. سەرباری پارەكەی بەغداد، حكومەتی هەرێم چەند سەرچاوەیەكی تری داهاتی هەیە كە ئەمانەن: • داهاتی نەوت: بەپێی قسەی بەرپرسانی حكومەت مانگی نیسانی رابردوو، داهاتی نەوت كە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی (60 ملیۆن) دۆلار بووە، بۆ مانگی داهاتوو پێشبینی دەكرێت ئەم داهاتە بۆ (100 ملیۆن) دۆلار واتە (120 ملیار) دینار بەرزببێتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتەوە. • داهاتی ناوخۆ: بۆ مانگی نیسانی رابردوو، داهاتی ناوخۆ بەپێی قسەی بەرپرسان هاوشێوەی داهاتی نەوت (60 ملیۆن) دۆلار بووە، ئێستا كە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا تاڕادەیەك ئاسایی كراونەتەوەو هەندێك لە فەرمانگەكان دەستیان بە دەوام كردوەتەوە، پێشبینی دەكرێت بۆ مانگی داهاتوو داهاتی ناوخۆش بۆ (100 ملیۆن) دۆلار بەرزببێتەوە. • كۆمەكی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی (21 ملیار) دینارە. واتە بە تێكڕا پێشبینی دەكرێت بەبێ پارەكەی بەغداد، داهاتی مانگی داهاتووی حكومەت بگاتە (261 ملیار) دینار. بەتێكڕای پارەكەی بەغدادو داهاتەكانی ترەوە، كۆی گشتی داهاتی حكومەت بۆ مانگی داهاتوو دەگاتە (661 ملیار) دینار، ئەمە لەكاتێكدایە تەنیا بۆ موچەی فەرمانبەران حكومەت پێویستی (898 ملیار) دینار هەیە، واتە بۆ مانگی داهاتووش هێشتا تەنیا لە خەرجی موچەدا داهاتەكانی حكومەت بڕی (237 ملیار) دینار كورتهێنانی هەیە. بۆ ئەم مانگە حكومەت كورتهێنانەكەی لەڕێگەی قەرزكردنی بڕی (400 ملیار) دینار لە سەرمایەداران پڕكردەوە، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو رەنگە پێویستی بە قەرزی سەرمایەداران نەبێت ئەگەر وەكو ئەوەی خۆی بڕیاریداوە (60 رۆژ)جارێك موچە دابەشبكات، چونكە لەو (60 رۆژ)ەدا حكومەت داهاتەكانی دوو مانگی خۆی كەڵەكە دەكاتو بۆ دابەشكردنی موچەی یەك مانگ كورتهێنانەكە پڕدەكاتەوە.
(درەو): بۆ موچەی مانگی یەك، سەرمایەدارانی ناوخۆ حكومەتی هەرێمیان رزگاركرد، بۆ موچەی مانگی دوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق. مەسرور بارزانی لە یەكەم قەرزدا! حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (400) ملیار دیناری لە سەرمایەداران قەرز كرد. لە پارێزگای سلێمانی تەنها یەك سەرمایەدار قەرزی بە حكومەت داوە. رۆژی ١٢ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ژماریەك سەرمایەدار كۆبوەوە. مەسرور بارزانی لەو كۆبونەوەیەدا بە سەرمایەدارەكانی راگەیاند، بەڵێنیان بە موچەخۆران داوە پێش جەژن موچەیان بدەنێ، حكومەت پێویستی بە (350 ملیۆن) دۆلارە، بۆیە چاویان لەوەیە سەرمایەداران ئەو بڕە پارەیە بە قەرز بدەن بە حكومەت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو كۆبونەوەیەدا (25) سەرمایەدار ئامادەبوون، (22) سەرمایەداری هەولێرو دهۆك و (3) سەرمایەداری سلێمانی. (درەو) زانیویەتی، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، حكومەت بڕی (400 ملیار) دینار قەرزی لە سەرمایەداران كۆكردوەتەوە، زۆرینەی پارەكە سەرمایەدارانی دهۆك و هەولێر بە حكومەتیان داوە. لیزا كاكەیی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكدا بەناوی "چما سلێمانی یەك سەرمایەداری هەیە" نوسیویەتی: حكومەت بەهۆی قەرزوەرگرتن لە سەرمایەداران توانی گوژمەیەكی بەرچاو كۆبكاتەوەو موچەی موچەخۆرانی پێدابین كرد، بەڵام لە سلێمانی یەك سەرمایەدار قەرزی بە حكومەت داوە. داهاتەكانی حكومەت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی (60) رۆژدا، یەك موچەی بەسەر موچەخۆراندا دابەشكردووە، بەڵام لەو ماوەیەدا نزیكەی (500 ملیار) دیناری كۆكردەوە بەم شێوەیە: 🔹 داهاتی ناوخۆ لە دوو مانگدا: بڕەكەی 180 ملیار دینار بووە 🔹 داهاتی نەوت بۆ موچە دوو مانگ: بڕەكەی 150 ملیار دینار بووە 🔹 پارەی پێشتر كە لە بانكدا ماوەتەوە: بڕەكەی 170 ملیار دینار بووە كۆی داهاتی نەوت و ناوخۆی دوو مانگی هەرێم گەیشتە (500 ملیار دینار) لەگەڵ (400 ملیار) دیناری قەرزی سەرمایەداراندا، حكومەت بڕس (900 ملیار) دیناری دەستكەوت و موچەی مانگی یەكی 2020ی موچەخۆرانی پێدابین كرد. بۆ مانگی داهاتوو حكومەت چی دەكات ؟ ئەمڕۆ حكومەتی عێراق رەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی بڕی (400 ملیار) دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێم، ئەمە بناغەیەكی باشی داراییە بۆ حكومەت تاوەكو بتوانێت لەگەڵ سەرچاوەكانی تری داهاتدا خەرجی موچەی موچەخۆرانی پێ پڕبكاتەوە. بەڵام ئایا حكومەتی هەرێم لەدوای پشووی جەژنی رەمەزان دەستدەكات بە دابەشكردنی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران یاخود نا؟ بەپێی راپۆرتی نهێنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی لەبەردەستی (درەو)دایە، پێشنیاز كراوە حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە بكاتە (60) رۆژ.
راپۆرتی: دڵشاد ئهنوهر - دەنگی ئەمریكا یەکێتی نیشتیمانی كورستان ( 176) دەستگیرکراوی تری عەرەب ڕادەستی ئیدارەی کەرکوک دەکاتەوە، کە زۆربەی ئەو دەستگیرکراوانە لە کاتی دەسەڵاتی کوردی دا لە کەرکوک، بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوون، لەو کاتەوە تا ئێستا لە گرتووخانەکانی سلێمانی زیندانی کراون. ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان بە ئیدارەی کەرکوک لەلایەن یەکێتی نیشتیمانیەوە، وەکو هەوڵێکی ئەو حیزبە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە و باشکردنی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان لێیدەڕوانرێت، گەرچی ئەو هەنگاوە نیگەرانیشی لەسەر ئاستی هەرێم لێکەوتووەتەوە. ئیسماعیل حەدیدی کەسایەتی عەرەبی سونە و بەشدار لەو کۆبوونەوانەی بۆ ئازادکردنی زیندانیە عەرەبەکان ئەنجامدرابوون، بە دەنگی ئەمەریکای وت"یەکێتی نیشتیمانی 176 زیندانیکراو ڕادەستی ئیدارەی کەرکوک دەکات، چونکە ئەوانە پێشتر لە کەرکوک دەستگیرکراون، بۆیە لێرە چاو بە دۆسیەکانیاندا دەگێڕدرێتەوە و بێ تاوانەکان ئازاد دەکرێن." پێشتر یەکێتی بە سێ وەجبە، ژمارەیەک دەستگیرکراوی تری عەرەبی سونەی ڕادەستی ئیدارەی کەرکوک کردووەتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی تر لە دەستگیرکراوەکان لە گرتووخانەکانی سلێمانی ماون. ئیسماعیل حەدیدی وتی"یەکێتی زیندانیکراوەکانی لەسەر داوای ئێمە ڕادەستکردووەتەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر ئاشتی و پێکەوە ژیان دەبێت، بۆیە رێککەوتووین دۆسیەی دەستگیرکراوەکان لەگەڵ سلێمانی کۆتایی پێ بهێنین." ڕادەستکردنەوەی دوا قۆناغی دەستگیرکراوە عەرەبەکان بە ئیدارەی کەرکوک، ڕۆژی سێشەمە، لەلایەن محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی، ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک و سەعد حەربیە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک ڕاگەیەنرا. هەرچەندە بیانووی یەکێتی بۆ ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان هەنگاونانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان، بەڵام ئەو هەنگاوە ڕەخنەشی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەوەی ناکرێت تۆمەتباری تیرۆر بە ڕێککەوتنی حیزبی لەزیندان دەربهێنرێت. غازی کەرکوکی ئەندامی سەرکردایەتی و جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئێمە لەگەڵ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوکین، بەڵام ناکرێت لایەنی بەرامبەر وەڵامدانەوەی نەبێت و زەوی و زاری کورد بسوتێنرێ." هەروەها وتیشی"من وردەکاری ئازادکردنی دەستگیرکراوە عەرەبەکان نازانم، لەکاک محەمەد عوسمان بپرسن." دەنگی ئەمەریکا، چەند جارێک پەیوەندی بە محەمەد عوسمان بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکان دروست نەبوون. ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان بە پێی ڕێککەوتنی حیزبی لەکاتێکدایە، لەهەرێمی کوردستاندا حکومەت و دەزگای فەرمی بوونیان هەیە، هەروەک ئەو هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ هێرشی گروپە چەکدارە عەرەبەکان بۆ سەر گوندە کوردنیشینەکان. لایەنە عەرەبیەکانی کەرکوک، تۆمەتی تیرۆر ڕەتدەکەنەوە کە دراوەتە پاڵ زیندانیە ڕادەستکراوەکان، جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە لەسەر جیاوازی نەتەوەیی لەلایەن حیزبە کوردیەکانەوە دەستگیرکراون. کاتێک ئیدارەی کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی کورددا بوو، یەکێتی و پارتی دوو دەزگای ئەمنی جیاواز و سەربەخۆیان لەکەرکوک هەبووە، کە بە جیا کاریان کردووە، بۆیە لایەنە عەرەبیەکان دەڵێن: دەستگیرکراوێکی زۆریشیان لە هەولێر لای پارتی هەیە. ئیسماعی حەدیدی، وتی"داوا لە کاک مەسعود بارزانی و پارتیش دەکەین، هاوشێوەی سلێمانی دەستگیرکراوە عەرەبەکان ڕادەستی ئیدارەی کەرکوک بکەنەوە." دۆسیەی دەستگیرکراوە عەرەبەکانی لای یەکێتی و پارتی، یەکێکە لەو دۆسیانەی هەمیشە لایەنە عەرەبیەکانی کەرکوک هەڵیانداوەتەوە و قسەیان لەبارەوە کردووە، بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا، یاخود لەو کاتانەی دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان سەریهەڵداوەتەوە. لە وەڵامی داواکاری حەدیدیدا لە پارتی بۆ ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان، عەدنان کەرکوک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/ گەرمیان ی پارتی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباری تیرۆر بە ڕێککەوتنی حیزبی ناکرێت، بەڵکو ئەوە بڕیاری دادگا و ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدای دەوێت." عەدنان کەرکوکی، ئاماژەی بەوەکرد گەر "داعشە زیندانیکراوەکان" ئازاد بکرێن، دیسانەوە دەست دەکەنەوە بەسوتاندنی خەلەوخەرمانی کورد و کوشتنی جوتیاری کورد، وتی"داعش مەترسیدارە، هی ئەوە نیە بە سەفقەی گوماناوی و ڕێککەوتنی حیزبی ئازاد بکرێت." کەرکوکی وتیشی"تا ئێستا عێراق داوای دانیشتنی لەحکومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنەوەی داعشەکان نەکردووە، بەڵام لایەنە عەرەبیەکان دەیانەوێت بۆ دەستکەوتی حیزبی، تۆمەتباری تیرۆر بەڕێککەوتنی حیزبی ڕزگاربکەن." هەنگاوەکەی یەکێتی بۆ ڕادەستکردنەوەی زیندانیە عەرەبەکان بەبیانووی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، لای هەندێک وەکو "سازش" لێیدەڕوانرێت، بەو پێیەی ڕادەستکردنەوەیان لەکاتێکدایە، خەلە و خەرمانی کوردانی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەسوتێنرێت و جوتیاری کورد لەژێر فشاری گروپە چەکدارە عەرەبەکاندایە.
(درەو): رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای زیاتر لە سێ مانگ لە سویدەوە گەڕایەوە بۆ كوردستان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ماوەی چوار رۆژە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە سویدەوە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان. رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا لەماڵەوەی خۆی كەرەنتینە كردووەو دوێنێ بەشداری یادی سێ ساڵەی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفای مستەفای نەكردو لەڕێگەی سكرتێری رێکخەری گشتی گۆڕانەوە تاجەگوڵینەی لەسەر كڵكۆی نەوشیروان مستەفا دانا. (درەو) زانیویەتی، عومەر سەید عەلی بەهۆی ئەوەی خۆی كەرەنتینە كردووە، لەدوای گەڕانەوەی چەند دیدارێكی سیاسی رەتكردوەتەوە. بەر لە گەیشتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە هەرێمی كوردستان، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە گەشتێك چووە دەرەوەی وڵات، ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە سوید مایەوە. لەو ماوەیەدا كە رێكخەری گشتی لە دەرەوەی وڵات بوو، جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن لەجێگەی ئەو كاروبارەكان بەڕێوەدەبرد. لەوكاتەدا كە رێكخەر لە دەرەوە بوو، لەسەر ئاستی ناوخۆی بزوتنەوەكەیو كوردستانو عێراق چەند روداوێك رویاندا لەوانە: • بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی دوجار كۆبونەوە • تیمی گۆڕانو پارتی لە حكومەت كۆبونەوەو پارتی بەڵێنیدا (17) پۆستی گۆڕان پڕبكاتەوە • سێ بەرپرسی دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوون، دەستیان لە ئەندامێتی گۆڕان كێشایەوە • بەرپرسی (رادیۆی گۆڕان) گۆڕدرا • بریكاری وەزارەتی ناوخۆو پەروەردە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوون لە حكومەت دەستبەكاربوون • حكومەتی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیرانی دارایی بوو • كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی پێكهات، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێكی وەرنەگرت • لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی هەڵگرتنی پارێبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، ناكۆكی لەنێوان فراكسیۆنەكان دروستبوو، فراكسیۆنی گۆڕانو پارتی لە یەكتر دوركەوتنەوە • پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی ئاڵۆزی تێكەوت