Draw Media

پەرلەمانتارێكی پارتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی هەیە

پەرلەمانتارێكی پارتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی هەیە

2021-12-19 14:07:06


(درەو): 
پەرلەمانتارێكی پارتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی هەیە لە هەولێر، پابەند نییە بەو نرخانەی كە حكومەت بۆ خزمەتگوزاری ناو پرۆژەكان دیاریكردووە، پارێزگاری هەولێر نایەوێت سزای بدات‌و مۆڵەتی پێدەدات بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا پابەند بێت. 
رزگار عیسا سوار ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، خاوەنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونە لە رێگای هەولێر- پیرمام، ماوەیەكە خەڵكی ناو ئەم پرۆژەیە گلەیی‌و ناڕەزاییان هەیە. 
پرۆژەكەی رزگار عیسا سوار ناوی "بۆتین سیتی"یە، رووبەرەكەی زیاتر لە (26 دۆنم) زەوییە، بەشێكە لە پارچە زەوییەكانی (46 كەرتی 84 شەوەك/ مەلا ئۆمەر)، رۆژی 13/9/2020 لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی چەسپاندنی سنوری بۆ كراوە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لە بەردەستی (درەو)دان، ئەم زەوییە لە بنەڕەتەوە بۆ پرۆژەی گەشتیاری تەرخانكراوە، بەڵام پەرلەمانتارەكەی پارتی رەگەزی زەوییەكەی گۆڕیوە بۆ وەبەرهێنان‌و نیشتەجێبوون.
رۆژی پێنج شەممەی هەفتەی رابردوو ژمارەیەك كەس لە نیشتەجێبوانی پرۆژەكەی (رزگار عیسا سوار)، كێشەكانی خۆیان بردە لای ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر.
هەندێك لە دانیشتوانی ئەم پرۆژەیە كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، گلەییان هەیە لە گرانی نرخی خزمەتگوزارییەكانی پرۆژەكە، خراپی سكیوریتی، ئاوی خواردنەوە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگانامانەی كە لەبەردەستی (درەو)دان، پرۆژەكەی پەرلەمانتار رزگار عیسا سوار، پابەند نییە بە نرخی یەكگرتووی خزمەتگوزاریی پرۆژەكانی نیشتەجێبونەوە‌و زیاتر لە نرخی دیاریكراو لە خاوەن یەكەكانی نیشتەجێبوون‌و ڤێلاكان وەردەگرێت، چەندجارێك لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە ئاگاداركراوە لەوەی دەبێت پابەندی نرخەكان بێت، بەڵام پابەند نابێت، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەبری سزادانی، تاوەكو رۆژی 1ی ئازاری ساڵی داهاتوو دەرفەتی بە رزگار عیسا سوار داوە پابەند بێت بە نرخەكانەوە. 
ئێستا پرۆژەی (بۆتین سیتی) بۆ هەر (كیلۆ وات)ێك كارەبای مۆلیدە بڕی (28 سەنت) لە نیشتەجێبووەكانی وەردەگرێت، لەكاتێكدا ئەو نرخەی كە حكومەت بۆ هەر (كیلۆ وات)ێك بڕی (21 سەنت) نرخی دیاریكردووە. 
سەرباری ئەمە، دانیشتوانی پرۆژەكە دەڵێن:
•    پرۆژەكە تەنیا دوو كەسی وەكو خزمەتگوزار دابین كردووە، لەڕووی پاكو خاوێنییەوە پرۆژەكە لەوپەڕی خراپیدایە.
•    پرۆژەكە تەنیا یەك مۆلیدەی بۆ تەرخانكراوە، زۆرجار ئەم مۆلیدەیە لەكاردەكەوێت‌و بەوهۆیەوە خزمەتگوزاری (ئاو، كارەبا، ئەسانسۆر) لەكاردەكەوێت. 
•    پرۆژەكە ئەسانسۆرێكی مۆدێل نزمی داناوە كە رۆژانە توشی لەكاركەوتن دەبێتەوە. 
•    پرۆژەكە یاخچە‌و سەوزایی تێدا نییە، بەپێچەوانەی رێنماییەكانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونەوە. 
•    پرۆژەكە شوێنی پێویستی بۆ پاركینگ-ی ئۆتۆمبیل نییە، بۆ (138) یەكەی نیشتەجێبوون شوێنی وەستانی (35) ئۆتۆمبیل تەرخان كراوە. 
•    ئاوی خواردنەوەی پرۆژەكە مەرجی تەندروستی تێدا نییە.

هێڵێكی رەنگ سور جیایان دەكاتەوە
پرۆژەكەی رزگار عیسا سوار واتە پرۆژەی "بۆتین سیتی" لكاوە بە پرۆژەیەكی تری نیشتەجێبوونەوە بەناوی "بەفرین سیتی"، ئەم پرۆژەیە لەلایەن (محەمەد ئەسعەد)ەوە خاوەندارێتی دەكرێت كە ئامۆزای رزگار عیسا سوارە، نرخی كارەباو خزمەتگوزارییەكان لە پرۆژەكەی محەمەد ئەسعەد هەرزانترە لە پرۆژەكەی رزگار عیسا، ئەمە لەكاتێكدایە یەكەكانی نیشتەجێبوونی هەردوو پرۆژەكە هاوشێوەن. 
تەنیا هێڵی سور كە لەسەر زەوی كێشراوە، پرۆژەكەی رزگار عیسا لە پرۆژەكەی (محەمەد ئەسعەد)ی ئامۆزای جیادەكاتەوە، ئەگەر نا هەردوو پرۆژەكە بەشێوەیەك تێكەڵ بوون كە یەك دەرگای چونە ژورەوە‌و هاتنە دەرەوەیان هەیە، ساڵی 2018 نوێنەری وەزارەتی شارەوانی سەردانی پرۆژەكەی كردووە‌و داوایكردووە دەرگای پرۆژەكان لە یەكتر جیابكرێتەوە‌و دیوارێكیش لەنێوانیان دروست بكرێت، بەڵام تائێستا ئەمە نەكراوە. 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand