درەو: تیمی حكومی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی تیمی حكومی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان كرد. هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر تیمی حكومی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی تیمی یەكێتیانكردووە. تیمەكەی پارتی پێكهاتبوون لە: • رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ • پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف • ساسان عەونی وەزیری شارەوانیەكان تیمی حكومی یەكێتی پێكهاتبوون لە: • قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت • شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە • بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بەپێی زانیاریەكانی (درەو) تیمی حكومی یەكێتی گلەیی و گازەندی زۆری سەركردایەتی یەكێتیان بە تیمی حكومی پارتی گەیاندووە بەتایبەتیش لە پەلاماردانی سەركردەكانی یەكێتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، تیمی حكومی پارتیش گلەییان لە یەكێتی كردووە بەوەی لە حكومەتدان و وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن و نایانەوێت شەریك بن لەو قەیرانەی روبەرووی كابینەی نۆیەم بۆتەوە. سەرتیپ جەوهەر رۆژنامەنوس و كادری یەكێتی لە نوسینێكدا بەناوی ( حوكمڕانی بە عینادی ناكرێت) نوسیویەتی: لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە هەولێر وەفدێكی پارتی سەردانێكی ناڕەسمیی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستانیان كردبوو. لەو دیدارەدا تیمی یەكێتیی بەروونی هۆكاری ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و دەرەنجامەكانی ئێستای حكومڕانیی و هاوكات سیاسەت و تێگەیشتنی یەكێتیان لەبارەی هێوركردنەوەی دەرونی خەڵك بە وەفدەكەی پارتی گەیاندبوو. پێموایە ئەم دانیشتنە دانیشتنی دیكەی بەدوادادێت
درەو: دوێنێ دادوەری لێكۆڵینەوەی دهۆك بڕیاریدا بە ئازادكردنی 12 خۆپیشاندەری خۆپیشاندانەكەی شاری دهۆك بە كەفالەت، بەڵام تەنها (6) خۆپیشاندەریان ئازادكراون و ئەوانەی دیكە لە زینداندا هێڵدرانەوە. رێڤینگ یاسین پارێزەری خۆبەخشی دەستگیركراوان بە (درەو)ی راگەیاند: ئەو (6)كەسەی لە زیندان هێڵدراونەتەوە داواكاری گشتی سكاڵای نوێی لەسەر تۆماركردوون. ئەو پارێزەرە خۆبەخشە رونی كردەوە لەبەر ئەوەی بەپێی یاسای خۆپیشاندانەكان دەستگیركراوان ئازاددەكرێن و هیچ كارێكی نایاساییان نەكردووە ، ئەوان داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كردبوو، كە وەڵامیان نەدرابوەوە دوای 48 كاتژمێر بە رەزامەندبوون ئەژمار دەكرێت بە پێی بڕگەی (4) لە مادەی (4)ی یاسای ژمارە (11) ی سالێ 2010 خۆپیشاندانەكان كە تیایدا هاتووە "لە حاڵەتی وەڵام نەدانەوەی داواكارییەكە كە لەلایەن لیژنەوە پێشكەش كراوە دوای تێپەڕبوونی(48) كاتژمێر بەسەر مێژووی پێشكەشكردنی داواكارییەكە، ئەمە بە رەزامەندی لەسەر رێكخستنی خۆپیشاندانەكە دادەنرێ" دوای ئەوەی بە یاسای خۆپیشاندانەكان دادوەر بڕیاری ئازادكردنی بۆ دەركردن، داواكاری گشتی سكاڵایەكی نوێی لەسەر تۆماركردن ئەویش بە مادەی (2)ی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008ی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، بە بیانوی ئەوەی شەوی پێش خۆپیشاندانەكە، ئەوان لە فەیسبوكی تایبەتی خۆیانەوە، داوایان لە خەڵكی كردووە بەشداری خۆپیشاندانەكەی رۆژی 16/5/2020 ی دهۆك بكەن. بە وتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆك لە خۆپیشاندانەكەدا (60)خۆپیشاندەر دەستگیركران، فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆك، یەكێتی و یەكگرتوو، گۆڕان، پەكەكەی تۆمەتباركرد كە لە پشتی خۆپیشاندەرانەوە بوون. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری دەستگیركردنی خۆپیشاندەرانی گەڕاندەوە بۆ رێو شوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا. ئەو 6 خۆپیشاندەرەی ئازادنەكران و سكاڵای نوێیان لەسەر تۆماركرا - بەدەل بەرواری مامۆستا - شڤان سەعید مامۆستای ئایینی - ئومێد بەرۆشكی رۆژنامەنووس - غازی سەلیم كادری یەكێتی - نەورەس عەلی خوێندكار - جابر حسێن مامۆستا
ئاراس فەتاح - مەریوان وریا قانع ئەوەی ئەمڕۆ لە ههرێمی کوردستاندا دەیبینین قەیران نییە بە مانا زانستییەکەی وشەکە، چونکە لەناو قەیراندا ھەمیشە فۆرمێک لە ململانێێ و کۆمەڵێک بکەر و چەندان ئەگەری جیاواز بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە قەیراناوییە لە ئارادایە. درەنگ یان زوو دۆخی قەیران دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی تازە کە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی تیادا نابێت کە وەک ژێرخانی قەیرانەکە کاردەکەن و ھەلومەرجێکی نوێ، شوێنی ھەلومەرجە کۆنەکە بگرێتەوە. لە دۆخی قەیراندا ھەمیشە ھێزێک یان چەند ھێزێک ھەن کە ھەم ئامادەگیی دەستکاریکردنی ڕاستەقینەی ئەو دۆخە قەیراناوییەیان ھەیە، ھەم توانای تێپەڕاندانیشیان ههیه. ئەو دۆخهی لەمڕۆی ههرێمی کوردستاندا ئامادە و باڵادەستە، قەیران نییە بەم مانایە، بەڵکو ئیفلاسێکی تەواوەتی مۆدێلێک لە حوکمڕانییە کە توانای خۆدەسکاریکردن و گۆڕانکاریی نییە و لە سەرجەمی ئەو کێشە و گرفت و کارەساتانەش بەرپرسە کە بەرھەمیھێناون و بەرھەمیشیان دەھێنێت. ئەم ئیفلاسەش ھەمەلایەنە، هیچ کایە و ڕەھەندێکی ئەم حوکمڕانییە نادۆزینەوە لەناو ئەم ئیفلاسکردنەدا نووقم نەبووبێت. ئێمە لە زیاد لە نووسینێکدا ئەم فۆرمەمان لە حوکمڕانیی بە ”دهسهڵاتدارێتی سوڵتانیی“ ناوبردوە و بەرگریمان لەوە کردوە کە سەرجەمی سیستهمە سیاسیی و ئابوریی و بیرۆکراسیی و سوپایی و میدیاییە دروستکراوەکان، لە دەوری بەئەبەدیکردنی دەسەڵاتی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیی دەسوڕێتەوە، نەک لە دەوری ئایدیۆلۆژیا و پرۆژەیەکی دەستەجەمعیی ئایندەیی و وێناکردنێکی تایبەت بۆ کۆمەڵگا و دروستکردنی جۆرێکی تایبەت لە کەسایەتیی و سەروەرکردنی فۆرمێک لە خودسازیی و مۆدێلێك له كۆمهڵسازیی. ئەوەی لۆژیکی ئیشکردنی سیستهمەکان دەستنیشاندەکات خواست و قازانج و خەونە سوڵتانییەکانی ئەو خێزان و بنەماڵانەیە. ئەوەشی کە بڕیارە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان دەستنیشاندەکات، ئەو بڕیارانەی کە دەرەنجامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بۆ ژیانی ملیۆنان مرۆڤی ئەم دەڤەرە ھەیە، چ ئەوانەی لە ئێستادا لێرە دەژین و چ ئەوانەشی کە ھێشتا لەدایکنهبوون، ستراتیژی مانەوەی ئەم بنەماڵانە و گەورەکردنی دەستکەوت و قازانج و دەسەڵاتەکانیانە. ئینجا بە ئەبەدیکردنی تەوریسی سیاسیی دەسەڵات لە خۆیانەوە بۆ منداڵەکانیان و لە منداڵەکانیانەوە بۆ منداڵی منداڵەکانیان. ئەوەی ئەمڕۆ ئیفلاسی کردوە ئەم مۆدێلە کۆنکریت و تایبەتەیە، سیستهمێك کە قازانج و بەختەوەریی و خۆشگوزەرانی ملیۆنان مرۆڤ دەکاتە قوربانیی پاراستنی پێگە سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و بیرۆکراسیی و میدیاییەکانی ئەم بنەماڵانە و ئەو بازنە بچووک و داخراوەی بە دەوری ئەو بنەماڵانەدا دروستکراون. ئەم سیستمە لە ھەموو ئاستەکانیدا سیستهمێکی دەسەڵاتگەرە authoritarian، و ھێزی سوپایی و ئەمنیی و بەڵتەجی تایبەت دەیپارێزێت. بەڵام ھەموو سیستهمێک چەند دەسەڵاتگەر و داخراویش بێت، ناتوانێت به تەنھا لە ڕێگای فشار و توندوتیژیی و ترس و تۆقاندنەوە کاربکات و بمێنێتەوە. بۆیە پێوستی بە جۆرێک لە ”ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی“ ھەیە. ئەو ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییە لە ئەزموونی ھاوشێوەی ئەزموونە حوکمڕانییەکەی ئێمەدا ناوی ڕێکەوتن یان “سەودایەکی دەسەڵاتگەرانە"ی لێنراوە، بە ئینگلیزییهكهی پێیدەگوترێت”''authoritarian bargain''. خاڵی سەرەکیی لەم ”سەودا دەسەڵاتگەرانە“دا ئەوەیە خەڵک واز لە ژیانی سیاسیی و ئازادییە سیاسییەکانیان دەھێنن، لە بەرامبەردا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ھەبوونی کار و موچە و خوێندن و دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی و خۆراکی مانگانە بە نرخێکی رەمزیی و سیستمی گواستنەوەی گشتیی و دەستەبەرکردنی خانەنشینیی، تا بە وەرگرتنی خانوو و سولفە و قەرز و شتگەلێکی تری لەم بابەتە دەگات، لەلایهن دەوڵەتهوه. بە کوردییەکەی “سەودای دەسەڵاتگەرانە“ مانای وازھێنانه لە ژیانی سیاسیی، بەتایبەتی لە مەسەلەی ئازادیی سیاسیی و دهستاودهستكردنی دەسەڵات و دیموکراسییەت، لە پێناوی وەدیھێنانی دەسکەوتی ئابوریی و دەستەبەرکردنی کار و خزمەتگوزاریی و کۆمەڵێک رەفاھیەتی مادیدا. وڵاتانی خەلیج و سعودیە و بەعسی بەر لە ساڵانی نەوەد و ناسریزم وڕژێمەکەی قەزافیی و زۆرانێکی تر، نموونەی ئەم جۆرە سیستهمانهبوون كهمۆدێڵی ”سەودای دەسەڵاتگەرانە”ی تێدا بهرقهرابوو. ئەوەی لە ھەرێمەکەی ئێمەشدا ماوەیەک ئامادەبوو جۆرێکی تایبەته لەم ”سەودا دەسەڵاتەگەرانە“یە بوو لەناو ئەو جۆرە لە سیستهمی دەسەڵاتگەرانەدا کە دەکرێت بە ”دەسەڵاتگەری تەنافوسیی“ competitive authoritarianism، یان بە سیستمی ”دەسەڵاتگەریی ھەڵبژاردن“ Electoral authoritarian ناودەبرێت. لەم جۆرە سیستهمانەدا ھەڵبژاردن ھەیە، پارتی سیاسیی جیاواز ھەیە، شتێک لە میدیا و گروپی سەربەخۆی کۆمەڵگای مەدەنی ھەیە، فۆرمێک لە ”ململانێ“ و مونافەسەی ڕووکەش ھەیە، بەڵام ھەموویان لە ڕێگای توانای سەربازیی و ئابوریی و بیرۆکراسیی حوکمڕانان و لە ڕێگای توانا و ھەوڵی سیستهماتیکی تەزویرکردن و فشاربۆھێنان و کڕین و ترساندن و نانبڕین و فۆرمە جیاوازەکانی تری خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و بیرۆکراسییەوە، بێبهرههم و بێئەنجام دەکرێن و بهم میكانیزمانهش پارێزگاریی لە بنەما سەرەکییەکانی سیستمە دەسەڵاتەگەرەکە دەکرێت. بە کورتییەکەی لەم ئەزموونانەدا ھەڵبژاردن ھەیە، بەڵام بەبێ دیموکراسییەت. ململانێ ھەیە، بەڵام بەبێ دەرەنجام، فۆرمێكی ڕووكهشانه لە پلورالیزم و ناڕازیبوونی کۆنترۆڵکراو ھەیە. ئەوەی لە ھەرێمدا تا دروستبوون و پوکانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەبوو، ئەم فۆرمە بوو لە ”دەسەڵاتگەریی تەنافوسیی“ یان ”دەسەڵاتگەریی ھەڵبژاردن“. ھاوکات جۆرێک لە ”سەودای دەسەڵاتگەرانە“ش بوونی ھەبوو، کە تیایدا بنەماڵە حوکمڕانەکان لە ھەوڵی ئەوەدابوون قەناعەت بە کۆمەڵگا بھێێن کە واز لە خهونی گۆڕانی سیاسیی و مۆدێلی دەستگۆڕکێی دەسەڵات و ڕێکخستنێکی دهزگایی سەربەخۆ و بەیاساییکردنی دەزگاکان و پەیوەندییەکان، بە کورتی واز لە خەونی دامەزراندنی ژیانێکی دیموکراسییانەی خاوەن ماف و ڕێز و سەربەخۆیی بھێنن، لە پێناوی دەستەبەرکردنی موچە و نان و خزمەتگوزارییە سهرهتایی و سەرەکییەکاندا. بێگومان لەڕێگای ئابوریی ڕێنتیی نەوت و سەرجەمی ئەو کێشانەوە کە لە ئابورییەکی ڕێنتیی لەو جۆرەدا دروستدبێت، بە تایبەتی کاتێک تەواو نا شەفاف و پڕ له تاریكیی و دزیی و گەندەڵیی بێت. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین کۆتایی ئەم مۆدێلی ”سەودا دەسەڵاتگەرانەیە“ لهههرێمی كوردستاندا. ئەوەی لە سیستمەکە ماوەتەوە کۆمەڵێک بنەماڵە و خێزانی سیاسیی و چەند بازنەیەکی داخراوی حوکمڕانن کە خۆیان بە شێوەیەکی خەیاڵی دەوڵەمەندبوون، بەڵام توانای دابینکردنی لانی ھەرە کەمی ھیچ خزمەتگوزارییەک و ھیچ بەندێکی ناو ئەو ”سەودا دەسەڵاتگەرانە“یان نەماوە. له كاتێكدا خێزانه سیاسییه حوكمڕانهكان و بازنە داخراوەکەی دەوریان هیچ شتێک لهشێواز و ناوهڕۆكی ژیانی خۆیان نهگۆڕیوهو مۆدێلی ژیانی خۆیان تووشی ھیچ کێشە و قەیرانێک نەبۆتەوە، کەچی سهرتاپای ژیانی گروپه كۆمهڵایهتییهكانی تر كهوتوونهته ناو مهترسی ژێر هێڵی ههژارییهوه و چەندان فۆرمی ھەژاریی تازە و تۆقێنەریش لە وڵاتەکەدا دروستبووە. ئەوەی لهپاشهڕۆی ئهم مۆدێلی ”سەودا دەسەڵاتگەرانەیە“ماوەتەوە تهنها پاشگری دەسەڵاتگەرەكهیه، دەسەڵاتگەرییەکی ڕووت، بەبێ هیچ خزمەت و ھیچ دەسکەوتێک بۆ دانیشتوانەکەی. ھەر ئەمەش ژێرخانی ئەو پەلامارە بەردەوامانەمان نیشاندەدات کە لەم ماوەیەدا دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانە ئهكتیڤهكانی ناو بزاوتی كۆمهڵایهتیی کە بەشێک بوون لە پاشماوەکانی ئەو فۆرمە لە ”دەسەڵاتگەریی تەنافوسیی“ یان ”دەسەڵاتگەریی ھەڵبژاردن“ کە لە قۆناغەکانی پێشتردا ئامادەبوو. به بۆچوونی ئێمه بەبێ کۆتاییھاتنی ئەم لۆژیکە سوڵتانییە له فهرمانڕهوایهتیی و بەبێ کۆتاییھێنان بەو بونادە دەزگاییەی ئەم لۆژیکە دروستیکردوە، ئەم دۆخە نه چاک دهبێت و نه چاكسازییشی تێدا دهكرێت. بەبێ دهستكاریكردنی ھەمەلایەنەی کارکردنی ئەم لۆژیکە لەناو سەرجەم کایەکاندا، بە تایبەتی لەناو کایەی سیاسەت و ئابوریی و سوپا و بیرۆکراسییەت و میدیادا، شتێك نییه ناوی نیشتیمانی هاوبهش و حوكمڕانی باش و لانی ھەرەکەمی ئارامیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی بێت. ئهم پرۆسهی دهستكارییكردنهش بهبێ قوربانییدان بە سەرجەمی لۆژیکە سوڵتانییەکە دروستنابێت. به بۆچونی ئێمه كۆمهڵگای سیاسیی ئێمه لهبهردهم دوو ئهگهر و دوو تهحهدای گهورهدا ژیاوه و دهژی؛ یان دهسهڵات بهردهوام دهبێت له بهقوربانییكردنی كۆمهڵگا و پایەدارکردنی سیستمە سوڵتانییەکە بە ھەموو خراپهکارییەکانییەوە، وهك لهماوهی سی ساڵی رابردوودا كردویهتی، یانیش دهبێت ئیرادهیهكی بهرپرسانهی سیاسیی و ئهخلاقیی ههبێت بۆ دهستكارییكردنی ههڵه ستراتیژیی و قهیرانهكانی سیستمەکە. ئەمەش کارێکە نە بارزانییەکان ئامادەن ئەنجامی بدەن و نە تاڵەبانییەکان و نە خێزانه سیاسییهكانی تر كه لهو سیستهمه رهیعییه سوڵتانییه سوودچنن.
(درەو): كۆسرەت رەسوڵ لە هەولێرەو چاوەڕێی دیداری بارزانییە، بافڵ تاڵەبانیش بە تەلەفۆن داوای كۆبونەوە لە فازل میرانی دەكات. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی لەهەوڵی رێكخستنی كۆبونەوەیەكدایە لەگەڵ مەسعود بارزانی. بەپێی قسەی سەرچاوەكە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی ئێستا لە شاری هەولێرەو دەیەوێت لەگەڵ بارزانی دیدارێك بكات. ئەم هەوڵە دوای ئەوەدێت لەماوەی رابردوودا پارتیو یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی كۆبونەوەیەك لەنێوان مەكتەبی سیاسی هەردوولا. كۆتایی ساڵی 2019 یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، ئەنجامی كۆنگرەكە دڵخوازی پارتی نەبوو، پارتی تائێستا بەفەرمی دانی بە سەركردایەتییە نوێیەكەی یەكێتیدا نەناوە. (درەو) زانیویەتی، بەمدواییە كە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كەرەنتینەی لە لەندەن شكاندو گەڕایەوە بۆ كوردستان، لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە پەیامێكی بۆ نێردراوەو داوای لێكراوە پارتیو یەكێتی كۆببنەوەو كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان بهێنن. سەرچاوەیەكی نزیك لە سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووەو داوای لێكردووە وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولا دیاری بكرێت. هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی ئاگاداری هەوڵەكەی بارزانین لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا، پێیانوایە بارزانی لەو رێگەیەوە دەیەوێت ناكۆكی بخاتە ناو یەكێتییەوەو بەدیاریكراویش نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی كە بریتین لە بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی. پارتیو بارزانی نیگەرانن لە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، تائێستا ئامادەنین مامەڵەی لەگەڵ بكەن، پارتی نایەوێت دان بنێت بەو واقیعەی نوێیەی كە لەناو یەكێتیدا هاتوەتەكایەوە. هەندێك زانیاری هەن لەبارەی ئەوەی بەمدواییە پارتی هەوڵێكی هەبووە بۆ ئەوەی لەبری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆبونەوە لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بكات، كە زۆرینەیان مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری یەكێتینو پارتی پێشتر مامەڵەی لەگەڵیان كردووە، بەڵام ئەم هەوڵە لەناو یەكێتییەوە شكستی پێهێنراوە. نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتیشە، بەمدواییە هەوڵی لێكنزیكردنەوەی هەردوولای دا، بەڵام هەوڵەكانی بێ ئەنجام بوون. تائێستا وادەی كۆبونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتی نازانرێت، بەڵام كۆبونەوەكە لە حاڵی بەڕێوەچوونیدا وەكو یەكەمین دانپێدانانی پارتییە بە سەركردایەتی نوێی یەكێتیو دەستوپەنجە نەرمكردنە لەگەڵ واقعی نوێی یەكێتیدا. یەكێتی لە حكومەت هاوبەشی پارتییە، بەڵام وەكو لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكات، بەمدواییە بارگرژی میدیایی لەنێوان هەردوولا پەرەی سەندووە، لە میدیا فەرمیو نافەرمییەكانەوە هێرش دەكەنەسەر یەكتر، كێشەی زینی وەرتێ لەنێوانیاندا یەكلانەبووەتەوە، بەمدواییەش ناكۆكییەكانی ناو پەرلەمانی هاتەسەر. بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی نێوان پارتیو یەكێتی لەكاتێكدایە ئێستا حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت، خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم دژی پێنەدانی موچە دەستیپێكردووە. هاوكات حكومەتی هەرێم سەرقاڵی نوسینەوەی رەشنوسی رێككەوتنێكی نوێیە لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە نەوتو بودجە، ئەنجامی ئەو رێككەوتنە تائێستا یەكلانەبووەتەوەو لە هەموو حاڵێكدا رێككەوتنەكە دەخرێتە ناو پرۆژە بودجەی 2020ی عێراقو دەبێت پەرلەمانی عێراق پەسەندی بكاتو رێككەوتنەكە دەكەوێتە دوای پشووی جەژنی رەمەزانەوە. هەرێمی كوردستان لەسەروبەندی جەژنی رەمەزاندایە، فەرمانبەران ماوەی (60) رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف چەند رۆژێكە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دهۆك پڕبووە لە ناڕەزایەتی دژی پێنەدانی موچە، بەرهەمی ناڕەزایەتییەكان خۆپیشاندانێك بوو لەبەردەم (پاركی ئازادی) لە ناوەڕاستی شاری دهۆك، بەڵام هێزە ئەمنییەكان زۆرینەی بەشداربووەكانیان دەستگیركرد، بەشی زۆری نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بەرهەمی پارێزگای دهۆكە، بەڵام بەپێی ئامارەكان رێژەی هەژاریی و بێكاری لەو پارێزگایە لە پارێزگاكانی تری هەرێم زیاترە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری دۆخی پارێزگاكە لەڕووی ئابوریو دابەشبوونی دانیشتوانو سیاسییەوە دەخاتەڕوو. هەژارترین پارێزگا بەپێی دواین ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، پارێزگای دهۆك لە رێژەی هەژاریدا پێشەنگی پارێزگانی هەرێمی كوردستانە. راپۆرتی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات ساڵی 2018 كۆی گشتی رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان 5,5% بووە، واتە لەكۆی (100) كەس لە دانیشتوانی هەرێم زیاتر لە (5) كەس لە دۆخی هەژاریدا ژیاون. ئەگەر رێژەی دانیشتوانی هەرێم بە نزیكەی (6 ملیۆن) كەس ئەژمار بكرێت، بەپێی ئەم ئامارە (330) هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای دهۆك (ملیۆنێكو 397 هەزارو 515) كەسە، بەپێی دەستەی ئامار رێژەی (8,6%)ی دانیشتوانی پارێزگاكە هەژارن، واتە (120 هەزار) كەس لەسنوری ئەو پارێزگایە لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. تێكڕای خەرجی تاك بۆ یەك مانگ لە ساڵی 2018دا لە پارێزگای دهۆك (199 هەزار) دینار بووە، لەكاتێكدا لە پارێزگای سلێمانی (234 هەزار)و لە پارێزگای هەولێریش (211 هەزار) دینار بووە، واتە ئاستی خەرجی تاك لە پارێزگای دهۆك كەمترین ئاستی تۆماركردووە، ئێستا كە هەرێمی كوردستان روبەڕووی قەیرانی دارایی بوەتەوەو موچەخۆران زیاتر لە (60) رۆژە موچەیان وەرنەگرتووە، دەبێت ئاستی خەرجییەكە زۆر زیاتر كەمی كردبێت. هەر بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئامار، رێژەی بێكاری لە ساڵی 2017دا لە پارێزگای دهۆك (14%) بووە، لەكاتێكدا لە پارێزگانی هەولێرو سلێمانی رێژەكە (9%) بووە، ئێستا كە بەهۆی قەیرانی داراییو كۆرۆناوە زۆرێك لە كۆمپانیاكان كاركردنیان راگرتووە، رێژەكە بەرزبونەوەی زیاتری بەخوە بینیوە. سەرباری ئەمە لە ساڵی 2012وە تائێستا پارێزگای دهۆك لە رێژەی بێكاریدا پێشەنگی هەموو پارێزگانی تری هەرێمی كوردستانە. جوگرافیاو دابەشبوونی دانیشتوان روبەری سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان (46 هەزارو 861) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، روبەڕی پارێزگای دهۆك لەناو سنوری هەرێمی كوردستاندا (10 هەزارو 955) كیلۆمەتر چوارگۆشە پێكدەهێنێت، واتە دهۆك رێژەی (23,4%)ی كۆی روبەری هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. پارێزگای دهۆك لەڕووی كارگێڕییەوە لە (7 قەزاو)و (31 ناحیە) پێكدێت، قەزاكانی دهۆك بریتین لە (قەزای ناوەندی دهۆك- ئاكرێ- ئامێدی- شێخان- بەردەڕەش- زاخۆ- سێمێڵ). پارێزگای دهۆك هاوسنورە لەگەڵ توركیاو سوریادا، دوو دەروازەی سنوری دەكەوێتە ناو روبەری پارێزگاكەوە، دەروازەی (ئیبراهیم خەلیل) لەگەڵ توركیاو دەروازەی (فیشخاپور) لەگەڵ سوریا، ئامارەكانی رێژەی هەژارییو بێكاری دەریدەخەن ئەم دوو دەروازە سنورییە كاریگەری ئابوری لەسەر ژیانی خەڵكی ناوچەكە وەكو پێویست نەبووە. لە پارێزگای دهۆك جگە لە كورد چەند كەمە نەتەوایەتیو ئاینییەكی تر دەژین لەوانە (كلدانو ئاشورو ئەرمەنو ئیزدییەكان). پارێزگای دهۆك لە ناوچەی بادیناندا هەڵكەوتووە، خەڵكەكەی بەشێوەزاری كورمانجی (بادینی) قسە دەكەن. بنەماڵەی فەرمانڕەوای پارتی دیموكراتی كوردستان كە (ماڵباتی بارزانیی)یە، دەسەڵاتی تەواوەتییان بەسەر پارێزگاكەدا هەیە، بەڵام خۆیان لەڕووی جوگرافییەوە بە خەڵكی سنوری پارێزگاكە ئەژمارناكرێن. دەڤەری بارزان سەربە قەزای مێرگەسور، قەزای مێرگەسور سەربە پارێزگای هەولێرە، بەڵام سەرباری ئەمە دهۆك بایەخی ستراتیژی بۆ پارتیو مەڵباتی بارزانییەكان هەیە، ئەمەش بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی دهۆكەوە كە هاوسنورە لەگەڵ توركیادا. دهۆك مەڵبەندی نیشتەجێبوونی ژمارەیەك هۆزە كە دیارترینیان بریتین لە هۆزەكانی (دۆسكی- مزوری- زێباری- بەرواری، هەركی)، بەشێوەیەكی گشتی هۆزەكان ئێستا لە ئارامیدا دەژینو كێشە لەنێوانیاندا نەماوە، بەڵام بەمدواییە ناكۆكییەك لەنێوان هەردوو هۆزی زێباریو هەركیدا رویدا، سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستوەردانیان كردو كێشەكەیان بەلاداخست. نەوت لە دهۆك چۆن لە ئاستی عێراقدا پارێزگای بەسرە پشكی شێری هەناردەی نەوتی بەردەكەوێتو نەوت بووە بەسەرچاوەی دابینیكردنی زیاتر لە 95%ی كۆی گشتی داهاتی دەوڵەت، لە هەرێمی كوردستانیش پارێزگای دهۆك لە بەرهەمهێنانی نەوتدا رۆڵی بەسرە دەگێڕێت. بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە پارێزگای دهۆكدا تێدەپەڕێت، سەرباری ئەمە لە سنوری پارێزگای دهۆكدا (14) بلۆكی نەوتیی هەیە، هەر بلۆكێك لە چەند بیرە نەوتێك پێكدێت، بلۆكە نەوتییەكانی دهۆك ئەمانەن: • بلۆكی سندی- دەكەوێتە قەزای ئامێدی • بلۆكی تاوكی- دەكەوێتە قەزای زاخۆ • بلۆكی دهۆك- بیرە نەوتەكانی قەزای ناوەندی دهۆكو باشوری دهۆكو قەزای سیمێڵ • بلۆكی دهۆك سەنتەر- بیرە نەوتەكانی باكورو ناوەڕاستی پارێزگاكە دەگرێتەوە • بلۆكی سلێڤانی- بیرە نەوتەكانی خوارو قەزای زاخۆ تاوەكو سەر دەریاچەی موسڵ دەگرێتەوە • بلۆكی ئەلقوش- دەكەوێتە خوارو شاری دهۆك • بلۆكی شێخ ئادی- دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری دهۆكو باكوری قەزای شێخان • بلۆكی سەرسەنگ- دەكەوێتە ناحیەی سەرسەنگو سوارەتوكەو باكوری خۆرهەڵاتی دهۆك • بلۆكی ئەتروش- بیرە نەوتەكانی ناحیەی ئەتروش دەگرێتەوە • بلۆكی شێخان- بیرە نەوتەكانی قەزای شێخان • بلۆكی دینارتە- بیرەكانی ناوچەی سەرو ئاكرێو شیلادزێ • بلۆكی ئاكرێ- بیرە نەوتەكانی قەزای ئاكرێو ناحیەی بجیل تا دەربەندی بێخمە دەگرێتەوە • بلۆكی رۆڤیا- سەرو قەزای بەردەڕەشو خوارو ئاكرێ دەگرێتەوە • بلۆكی بەردەڕەش- قەزای بەردەڕەش دەگرێتەوە ئێستا ئاستی بەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بەگشتی رۆژانە (470 هەزار) بەرمیلە، هەندێكی هەناردە ناكرێتو بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیە. رێژەی زیاتر لە (50%)ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی دهۆكە، واتە رۆژانە تەنیا لە كێڵگە نەوتییەكانی دهۆكەوە هەرێمی كوردستان (250 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات. نەوت هاوشێوەی ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان كاریگەری ئەوتۆی لەسەر بوژانەوەی ئابوری دهۆكو زیادبوونی هەلی كار لە سنورەكەدا نەبووە. كەرتی گشتی لە دهۆك ئێستا لە هەرێمی كوردستان لە كۆی (6 ملیۆن) كەس، (ملیۆنێكو 249 هەزار) كەس لە كەرتی گشتی موچە وەردەگرن، واتە فەرمانبەری فیعلی حكومەت یاخود موچەخۆری خانەنشینن، بەڵام بەدیاریكراوی ژمارەی فەرمانبەرانی فیعلی هەرێم (721 هەزار) كەسە، ئەم توێژە ئێستا ناڕازین، ماوەی (60) موچەیان وەرنەگرتووە، حكومەت كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو داهاتەكانی ناوخۆوە دوچاری قەیرانی دارایی بووە. ئاماری ژمارەی موچەخۆرانی كەرتی گشتی لە پارێزگای دهۆك نادیارە، بەڵام بەپێی ئامار نافەرمییەكان پارێزگاكە نزیكەی (300 هەزار) فەرمانبەرو موچەخۆری هەیە، بەبەراورد بە هەولێرو سلێمانی، رێژەی موچەخۆران لە دهۆك كەمترە. دابەشبوونی سیاسی لە دهۆك لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991وە، دوو ساڵی یەكەمی لێ دەرچێ كە یەكێتی لەو سنورە ئامادەگیو دەسەڵاتی سیاسیو ئابوری لەدەستدابووە، پارێزگای دهۆك لەژێر كۆنترۆڵی سیاسیو ئەمنی پارتی دیموكراتی كوردستاندایە. لە نزیكەی سێ دەیەی رابردوودا بەردەوام لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان گلەییو گازەندەیان هەبووە لەوەی پارتی رێگەیان پێنادات لە سنوری پارێزگای دهۆك بە ئازادی كاری سیاسی خۆیان بكەن. دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، هەرێمی كوردستانی كردبوو بە یەك بازنەی هەڵبژاردن، بۆیە بەوردی دابەشبوونی دەنگ بەپێی پارێزگاكان لەو هەڵبژاردنەدا نازانرێت. بەڵام هەمان ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنەكەی عێراق فرە بازنە بوو، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردنی تایبەت بەخۆی هەبوو، ئەگەر دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەربگرێت، دەنگی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە لە پارێزگای دهۆك دابەشبووە: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ساڵی 2018، لە پارێزگای دهۆك (489 هەزارو 308) كەس بەشداری هەڵبژاردنیان كردو دەنگی دا، لەم رێژەیە: • پارتی: (353 هەزارو 177) دەنگی بەدەستهێنا • یەكگرتوو: (43 هەزارو 417) دەنگ • یەكێتی: (25 هەزارو 575) دەنگ • نەوەی نوێ: (18 هەزارو 026) دەنگ • گۆڕان: (3 هەزارو 797) دەنگ • كۆمەڵ: (3 هەزارو 627) دەنگ بەپێی ئەم ئەنجامە، هەموو حزبەكانی تری هەرێم لە پارێزگای دهۆك پێكەوە (94 هەزار) دەنگیان هێناوە، لەكاتێكدا پارتی بەتەنیا خۆی (353 هەزار) دەنگی بردووە، جیاوازییەكە بەراورد ناكرێت. ئەنجامی هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكان دەریانخستووە، لەدوای پارتی بەهێزترین حزبی سیاسی لە سنوری پارێزگای دهۆك یەكگرتووی ئیسلامییە، یەكگرتووە بەشدارە لە حكومەتی خۆجێی پارێزگاكەداو ژمارەیەك پۆستی بەدەستەوەیە، بەڵام سەرباری ئەمەش لایەنگرەكانی بەردەوام لەژێر فشاری پارتیدان. لەدوای پاشەكشێی لایەنە سیاسییەكانی تر لەبەرامبەر پارتی لە سنورەكە، بەمدواییە ژمارەی چالاكوانی مەدەنی لە پارێزگای دهۆك زیادی كردووە، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون بە شوێنی كۆبونەوەی دەنگە ناڕازییەكان. (مەكی ئامێدی) یەكێك لەو چالاكوانانەیە كە لە دەرەوەی وڵاتەوە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە قسە دەكاتو رێبەرایەتی دەنگە ناڕازییەكان دەكات، ژمارەی تەماشاكەرانی پەخشە راستەوخۆكانی ئەم پیاوە بەمدواییە زۆر زیادی كردووە. پێشتر ژمارەیەك چالاكوانی تر لە سنورەكە جموجوڵیان دەكردو رێبەرایەتی ناڕەزایەتییەكانیان دەكرد، بەڵام دەسەڵاتدارێتی پارتی لەناوچەكە بە چەند قۆناغێك زۆربەیانی دەستگیركردووەو دۆسیەی یاسایی لەسەر كردونەتەوە، ئەمە كاریگەری لەسەر رەوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەكان لە دهۆك دروستكردووە. بەرپرسانی پارتی لە سنورەكە سیاسەتی راوەدونان لەگەڵ دەنگە ناڕازییەكان پەیڕەو دەكەن، ئەوانەی رێبەرایەتی ناڕەزایەتییەكان دەكەن، زۆرجار لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ناچار دەكرێن بەوەی ماڵیان لە سنوری پارێزگاكە بگوازنەوە، لەژێر ئەم فشارەدا زۆرێك لە كادیری حزبەكانو چاكوانان ناچاركراون دهۆك جێبهێڵن. دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران، ئەمجارە سەرەتای ناڕەزایەتییەكی نوێی لە سنوری بادینانەوە دەستپێكرد، رەنگە بەرپرسانی پارتی پێشوەختە هەستیان بە توڕەبوونەكەی بادینان كردبێت، چەند رۆژی رابردوو فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی پارێزگاكەی كرد، ژمارەیەك لە كارەكتەرە كۆمەڵایەتییەكانی ناوچەكەی بینی، هەندێك لە چالاكوانانی دهۆك سەردانەكەی میرانییان وەكو هەوڵێك بۆ خەفەكردنی ناڕەزایەتییەكانی ئەمجارە ناوبرد.
درەو: ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لای بەغداد (682 هەزارو 849) فەرمانبەرە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان خستیە بەردەست بەغداد، پشت بەست بە یاسای بودجەی (2013)ی هەرێمی كوردستان كە ژمارەی تەواوی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم بەپێی وەزارەتەكان خراوەتە روو. لەو ساتەوە تا ئێستا حكومەتی عێراق پشت بەو ژمارەیە دەبەستێت. تا ئێستاش حكومەتی عێراق مامەڵە تەنها لەگەڵ ئەو ژمارەیە دەكات (682 هەزارو 849) فەرمانبەر نەك (ملیۆنێك و 249 هەزار) موچەخۆر. ئێستا هەرێمی كوردستان : • (ملیۆنێك و 249 هەزار) موچە خۆری هەیە لەو ژمارەیە: • (721 هەزار)ی فەرمانبەری فیعلیە. • (528هەزار)ی خانەنشین و بوارەكانی دیكەیە. حكومەتی عێراق كە مانگانە (453 ملیار) دینار موچە رەوانە دەكات، تەنها موچەی (682 هەزارو 849) فەرمانبەرە، ئەم ژمارەیە لە پرۆژە بودجەكانی حكومەتی عێراقیشدا هاتووە. هاوپێچ: خشتەی ژمارەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم و دیاریكردنی بودجەی ساڵانە بۆی بەم شێوەیە: • وەزارەتی پەروەردە ژمارەی فەرمانبەر ( 167 هەزارو 566) فەرمانبەر، بودجەی ساڵانە ( ترلیۆنێك و860 ملیار) دینار كە دەكاتە (16%)ی بودجەی هەرێم • وەزارەتی ناوخۆ: ژمارەی فەرمانبەران (121 هەزارو 841) فەرمانبەر، بودجەی ساڵانە (ترلیۆنێك و 357 ملیار) دینار، بەرێژەی (11.7%)ی بودجەی هەرێم. • وەزارەتی پێشمەرگە: ژمارەی فەرمانبەران ( 118 هەزارو 642) فەرمانبەر، بودجەی ساڵانە (11.4%)ی بودجەی هەرێم.
درەو: مەسرور بارزانی داوای (350 ملیۆن) دۆلار لە سەرمایەداران دەكات و دەڵێت: پارەمان لەدەرەوە هەیەو دەیهێنینەوەو قەرزی ئێوەی پێدەدەینەوە. دوێنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە سەرمایەدارێكی بەشداربووی كۆبونەوەكەوە دەستی كەوتووە، سەرۆكی حكومەت تەنها (10 خولەك) لەگەڵ سەرمایەداران كۆبوەتەوەو بە كورتی و پوختی پێی وتوون" بەڵێنمانداوە پێش جەژنی رەمەزان موچەی موچەخۆران خەرجبكەین، بۆیە پێویستمان بە (350 ملیۆن) دۆلارە، دەبێت هاوكاریمان بكەن". سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرمایەدارانی راگەیاندووە" پارەمان لەدەرەوە هەیەو دەیهێنینەوەو ئەو قەرزانەی ئێوەی پێدەدەینەوە، ئەم پرسەش نابێت لە راگەیەندنەكان بڵاو ببێتەوە" لەدوای (10 خولەك) مەسرور بارزانی كۆبونەوەكەی سپاردووە بە قوباد تاڵەبانی جێگری، دواتر قوباد تاڵەبانی سەرمایەدارانی هانداوە بۆ هاوكاریكردنی حكومەت و رزگاركردنی لەو دۆخە سەختەی تێی كەوتووە. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) نوێنەرو بەرپرسی چوار بانك ئامادەی كۆبونەوەكە بوون و سەرۆكی حكومەت داوای لە سەرمایەداران كردووە لەو بانكانە پارە رابكێشن و وەك قەرز بیدەن بە حكومەت، تەنانەت بڕی پارەشی بۆ سەرمایەداران دیاری كردووە: - ئەحمەد ئیسماعیل خاوەنی كۆمپانیای ماس (25 ملیۆن) دۆلار - شێخ باز خاوەنی كۆمپانیای كار (15 ملیۆن) دۆلار - غەفور خۆشناو خاوەنی كۆمپانیای خۆشناو (15 ملیۆن) دۆلار بەو شێوەیە هەر سەرمایەدارەو بڕێك پارەی بۆ دیاریكراوە وەك قەرز بیدات بە حكومەت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) (25) سەرمایەدار ئامادەی كۆبونەوەكە بوون (22) سەرمایەداری لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و (3) سەرمایەداری شاری سلێمانی كە ئەوانیش(سەعد فایەق كۆڵەك خاوەنی كۆمپانیای كۆڵەك، هیوا رەئوف خاوەنی كۆمپانیای هیوا رەئوف، شێخ سەعید، لە كۆمپانیا قەیوان) لە سلێمانی زۆرێك لە سەرمایەداران بەشداریان نەكردوو لە هەولێریش كۆمپانیا گەورەكانی وەك ( ستێر، كۆڕەك، سەڵاحەدین) بەشداریان نەكرد. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتووە" هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی سەختی ئابوری بوەتەوە" دواتریش وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" كورتهێنانێكی زۆرمان هەیە لە داهاتی هەرێمی كوردستان و بەپێی ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە موچەی موچەخۆران دابەش دەكرێت". حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (898 ملیار) دینارە، بەڵام داهاتەكانی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و كۆرۆناوە، رووی لەكەمی كردووەو تا ئێستاش بەغداد موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە كە مانگانە بڕەكەی (453 ملیار) دینارەو (441 ملیار) دیناری دەگاتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان. ماوەی زیاتر لە (60) رۆژە موچەخۆران موچەیان وەرنەگرتووەو تەنها (6 ) وەزارەت دوای (60) رۆژ موچەی وەرگرتووە..
درەو: مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرمایەدار کۆبووەتەوەو داوای قەرزی لێکردوون بۆ دابینكردنی موچەو بەشێكی زۆری سەرمایەداران نەچونە بۆ كۆبونەوەكە. بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست (درەو) کەوتووە، دوێنێ لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرمایەداران كۆبوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، لەو كۆبونەوەیەدا (25) سەرمایەدار ئامادەی بوون، (22) سەرمایەداری هەولێرو دهۆك و (3) سەرمایەداری سلێمانی. لە کۆبونەوەکەدا مەسرور بارزانی بە سەرمایەدارەکانی راگەیاندووە" حكومەت بە بارودۆخێكی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت، بۆیە لەم بارودۆخەدا رووی لە ئێوە كردووە". مەسرور بارزانی داوای لە سەرمایەدارەکان کردووە قەرز بە حکومەت بدەن، سەبارەت بە میكانیزمی قەرزەكە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرۆكی حكومەت هەندێك بانكی دیاریكردووەو داوایکردووە سەرمایەداران بچن لەو بانكانە پارە رابكێشن و بە قەرز بیدەنە حكومەتی هەرێم. مەسرور بارزانی بەڵێنیداوە لەماوەی (یەك مانگدا) ئەو قەرزانە بۆ سەرمایەدارەکان بگەڕێنێتەوە. موچەی کردووە بە نیوە دوای زیاتر لە (60) رۆژ، حكومەتی هەرێم تەنها موچەی (6) وەزارەتی دابەشكردووە (وەزارەتەكانی ( تەندروستی، پێشمەرگە، ناوخۆ، شەهیدان، دارایی، ئەنجومەنی ئاساییش). کابینەی مەسرور بارزانی ماوەی (60 رۆژ جارێك) موچە دابەش دەكات، دەوێت داهاتی نەوت و ناوخۆی دوو مانگ لێكبدات بۆ ئەوەی موچەی مانگێكی موچەخۆرانی پێ دابیین بكات. • بەپێی راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیران كە دەست (درەو) كەوتووەو ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتكراوە، پێشنیاز كراوە باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت، بەڵام دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە بۆ (45) رۆژیان (60) رۆژ درێژ بكرێتەوە. • ئێستا حكومەت ئەو پێشنیازە جێبەجێ دەكات و دابەشكردنی موچە گەیشتوەتە (60) رۆژ. • موچەخۆران بە (60) رۆژ تەنها یەك موچە وەردەگرن، واتا لێرەدا (50%)ی موچە وەردەگرن. • ئەگەر فەرمانبەرێك مانگانە (500 هەزار) دینار وەربگرێت، ئەوا بۆ ئەو (60) رۆژە یەك جار وەری دەگرێت و بۆ مانگێك دەكاتە (250 هەزار) دینار. • لەسەردەمی كابینەی پێشوی حكومەتی هەرێم و پاشەكەوتی موچە، ئەگەر فەرمانبەرێك (500 هەزار) دیناری وەربگرتایە (30%) لە موچەكەی پاشەكەوت دەكرا، بەو پێیەش لەكۆی (500 هەزار) دینار (350 هەزار) دیناری وەردەگرت، واتا ئەو موچەیەی ئێستا دابەش دەكرێت، زۆر زیاتر لە پاشەكەوت لە موچەخۆران دەبڕێت داهاتی حكومەت ئێستا سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و راگرتنی دەوامەوە كەمیكردووە، بەپێی راپۆرتێكی تایبەتی حكومەتی هەرێم بۆ مانگی نیسان داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە بووە: • 60 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت (ئێستا داهاتی نەوت لەو بڕە زیاترە ) • 60 ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆ (ئێستا داهاتی ناوخۆ لەو بڕە زیاترە) • 21 ملیار دینار پارەی هاوپەیمانان • هێشتا پارەكەی بەغداد نەگەیشتووە كە ( 441 ملیار) دینارە • 170 ملیار دینار پارەی ماوەی حكومەت لە بانكدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا توانای دابەشكردنی موچەی تەواوی وەزارەتەكانی نیەو دەوێت پێش جەژن موچەكە دابەش بكات، بەڵام ئەگەر بەغداش پارەكە بنێرێت، حكومەت ناتوانێت موچەی تەواوی وەزارەتەكان بدات. موچەو داهاتی هەرێم 🔹 كۆی موچەی مانگی رابردووی فەرمانبەران ( 898 ملیار و 555 ملیۆن و 100 هەزار دینار) بووە بەم شێوەیە: 🔹 داهاتی فرۆشی نەوت كە رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت ( 345 ملیار و 203 ملیۆن و 100 هەزار دینار)، ئێستا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە كەمیكردووە، بە پێی نوێترین راپۆرتی دیلۆیت داهاتی نەوت مانگانە (620 ملیۆن) دۆلار بووە كە دەكاتە ( 745 ملیار) دینار، بەڵام حكومەت تەنها (345 ملیار) دیناری داوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە. 🔹 داهاتی ناوخۆ ( 91 ملیار و 232 ملیۆن ) دینار، بەهۆی وەستانی دەوام و كۆرۆناوە كەمی كردووە 🔹 تەمویلی هاوپەیمانان (21 ملیار) دینار 🔹 پارەكەی بەغداد ( 453 ملیار) دینار، بەڵام ( 11ملیارو 880 ملیۆن) دیناری لێدەبڕێت بۆ بانكە بازرگانیەكان، واتا ( 441 ملیارو 120 ملیۆن)دینار لە بەغداوە دەگاتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێم تا ئێستا بڕیاری خەرجكردنی لێنەدراوە و بڕیارە پێش جەژن بریاری خەرجكردنی بدرێت
(درەو): سێ بەرپرسی ئەمنی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی کە لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەکانیان وەرگرتووە، دەستیان لە ئەندامێتی بزوتنەوەی گۆڕان کێشایەوە. سەرچاوەیك لە ژووری حكومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، هەریەك لە عەمید (ئاری رەئوف بێگەرد) بەڕێوەی پۆلیسی ژینگەو دارستانی سلێمانی، عەقید (دڵشاد عەبدوڵا حەمە) بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی سلێمانی 104و عەقید (هاوڕێ نەجم محەمەد) بەڕێوەبەری پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانی سلێمانی ، ماوەی چەند رۆژێكە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە. بەپێی قسەی سەرچاوەکە، نامەكە بە سێ نوسخە ئاڕاستەی هەریەك لە (رێكخەری گشتی، ژوری حكومەت و پەرلەمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی)ی بزوتنەوەی گۆڕان کراوە. ئەو سێ بەرپرسە ئەمنییە کە لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەکانیان وەرگرتووە، لە نامەكەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە" هیچ پەیوەندییەكی رێكخراوەییان بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوەو وەك كەسانی سەربەخۆ دەمێننەوە". هەر لەو نامەیەدا باسیان لەوەکردووە" ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پۆستەكانیان بە كەسانی تر پڕ دەكاتەوە، ئامادەن پۆستەكەیان رادەست بكەن، چونكە ئەو پۆستانە لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان وەرگرتووە". (درەو) زانیویەتی چەند کەسێک لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان تەکلیفیان لێکردوون بمێننەوەو دەستلەکارنەکێشنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێسود بووە.
راپۆرتی: دڵشاد ئهنوهر - دەنگی ئەمریكا کوشتنی خەڵکی سڤیل و هێرشی چەکداری لەناوچە کێشە لەسەرەکان بەردەوامیان هەیە، تێکەڵ بوونی ئەجێندای جۆرا و جۆر و بوونی دەیان گروپی چەکداری لەو ناوچانە، وایانکردووە ناسینەوەی "هێرشبەرەکان" ئاسان نەبێت. داعش تەنها رێکخراوی چەکدارە، نکوڵی لەو هێرشانە ناکات کە ئەنجامیان دەدات و بەرپرسیارێتی لەبارەیانەوە ڕادەگەیەنێت، لەکاتێکدا دەیان گروپی تری چەک بەدەستی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت لەو ناوچانە بوونیان هەیە و بانگەشەی پاراستنی ئەمنی دەکەن، بەڵام زۆرجار سەقامگیری لەبەرژەوەندیاندا نیە. ئەنجامدانی هێرشی چەکداری لەناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ هەر گروپ و لایەنێک قورس نیە، بەو پێیەی ناوچەکە سەقامگیری تێدا نیە و یەکتری تۆمەتبارکردنی گروپەکانیش وایکردووە، بە ئاسانی تاوانەکان ون بکرێن و نەتوانرێت لێپێچینەوە ئەنجام بدرێت. شەوی دووشەممە، لەکاتێکدا سەرقاڵی دروێنەکردن بوون، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو لەگوندی مێخاس ی سەربە قەزای خانەقین، دوو جوتیاری کاکەییان کوشت و تراکتۆرەکانیشیان سوتاندن، کە شێوازی ئەنجامدانی هێرشەکە گومانی دروستکردووە. ڕەجەب کاکەیی، کە چالاکوانێکی کاکەییە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گومان دەکەین، تەقەکردن لەگوندەکانمان و شکاندنی کێلی قەبرەکانمان، لەگەڵ کوژرانی گوندنیشینە کاکەییەکان لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکوک و ئەنبار، دەستی سیاسییان لە پشتەوە بێت." وتیشی"داعش هەر تاوانێک ئەنجام دەدات، دواتر ئەنجامدانی تاوانەکە ڕادەگەیەنێت، بەڵام زۆرێک لەو هێرشانەی دەکرێنە سەرمان، ئەو ڕێکخراوە بەرپرسیارێتی خۆی ڕاناگەیەنێت، شێوازی هێرشەکانیش جێ پەنجەی داعشیان پێوە دیار نیە." بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی بواری داکۆکیکار لە کەمینە ئاینیەکان بۆ نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق ئامادەکراوە، دەنگی ئەمەریکا زانیاری لەبارەی ناوەڕۆکەکەیەوە دەستکەوتووە، تێیدا گومانی ئەوەنیشاندراوە کە دەستی سیاسی لە پشت هێرشی سەر گوندە کاکەیی نیشینەکانەوە هەبێت. لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژەبەوەکراوە ئەو چەکدارە "نەناسراوانە"ی کە دوو کەسی کاکەییان لەگوندی مێخاسی سەربە قەزای خانەقین کوشتووە، دواتر بەرەو ناوچەی پەڵکانەی نزیک نەفتخاتەی مەندەلی ڕۆیشتوون، ئەو ناوچەیە هێز و گروپی دەرەوەی داعشیشی تێدایە. هەروەها شەوی سێشەمە، گروپێک چەکداری تری نەناسراو، هێرشیان کردە سەر گوندی تەفرەقەی سەربە قەزای خانەقین، ژن و پیاوێکی کوردیان کوشت، کە پیاوەکە پێشمەرگە بووە، منداڵە 5 ساڵیەکەشیان رفاندوون، دواتر منداڵەکە ڕزگار کراوە. زانیار جەوهەر کە چالاکوانێکی کوردە لەقەزای خانەقین، ئاماژەی بەوەکرد ژن و پیاوە کوژراوەکە، شیرینیان کڕیووە و خۆیان بۆ ئاهەنگی ساڵیادی کچە بچوکەکەیان ئامادە کردووە، وتی"بەڵام گروپێک چەکدار شاییان لێکردن بە شین، ژن و پیاوەکەیان کوشت." ئەو هێرش و کوشت و بڕانەی لەناوچە کێشە لەسەرەکان ئەنجام دەدرێن کوت و پڕ ئاشکرا دەبن و ڕاگەیاندنەکان بڵاویان دەکەنەوە، بەڵام ئاشکراکردنی ناسنامەی چەکدارە هێرشبەرەکان، ئەو "کۆدە" یە هێشتا پەی پێنەبراوە. جگە لە چەکدارانی داعش کە بە ئاشکرا هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن، دەیان گروپی تری سوننە و شیعە لەو ناوچانە هەن، نکۆڵی لەهەر تاوانێک دەکەن کەدەخرێتە ئەستۆیان، بەڵام هەر گروپە و ئەجێندای تایبەت بەخۆی هەیە و جێبەجێکردنی توندوتیژی دەوێ. کورد تەنها لایەنە لەناوچە کێشەلەسەرەکان دەستەوەستانە و گروپی ئەجێندا جیاواز هێرشی دەکاتە سەر، لەکاتێکدا داعش لەو ناوچانە بەپاساوی ئاینی بۆ ئەنجامدانی هێرش دەستکراوەیە، هەروەها "چەکدارە عەرەبە شۆڤێنیەکان"ی تریش، بە هەوڵدان بۆ دەرپەڕاندنی کورد لەو ناوچانەو داگیرکردنی زەوی و زارەکانیان تۆمەتبار دەکرێن. گروپە چەکدارە شیعەکانیش، کە دەیان گروپی جۆراوجۆرن لەو ناوچانە، بە نانەوەی پێشوی بۆ درێژەدان بەمانەوەی خۆیان تۆمەتبار دەکرێن، بەو پێیەی نا سەقامگیری ئەمنی تەمەنیان درێژدەکاتەوە،ئەمە جگە لەوەی لە گرفتی پەیوەندیدار بە جیاوازی مەزهەبی و سیاسی و جێبەجێکاری ئەجێندای دەرەکیشدا گلاون. بەشێک لەبەرپرسانی کورد، بەدووری نازانن هەندێک میلیشیای شیعی لە تێکدانی دۆخی ناوچە کێشەلەسەرەکان گلابن، پێیانوایە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ چەک کردنیان، وادەکات هەوڵی دروستکردنی پشێوی بدەن، تا مانەوەیان بە پێویست بزانرێت. محەمەد فایەق بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شەوی ڕابردوو، لەگەڕەکی تین ی شیعە نیشین ی خورماتوو، بانگبێژی مزگەوتێکی سونە کوژراوە." وتیشی"کوژرانی بانگبێژەکە لەو گەڕەکە، لەکاتێکدایە پڕە لەچەکدار و دەستی داعشیشی پێ ناگات." ناوچە کێشەلەسەرەکان کە بەشێک لە پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، نەینەوا و سەڵاحەدین دەگرێتەوە، کورد و شیعە و سوننەشیان تێدایە، ئەو لایەنانە هەمیشە هەوڵی باڵادەست بوونیان لەو ناوچانە داوە و یەکتریان بە "کوشت و بڕکردن" ی یەکتری تۆمەتبار کردووە.
درەو: بڕیاربوو ئێوارەی ئەمڕۆ لە باخەكەی لە مێرگەپانی ناوچەی سلێمانی، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئێوارە خوانێك بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی رێكبخات و تیایدا ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بەشداری لەو خوانەدا بكەن، بەڵام كاتەكە تێپەڕی و ئێوارە خوانەكە نەكرا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕازیی بووە لەسەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمان، لەكاتێكدا كە هێشتا پارتی بڕیاری خۆی بۆ كۆبونەوە لەگەڵ یەكێتی یەكلانەكردۆتەوە. ناڕەزاییەتیەكەی مەسعود بارزانی گەشتەكەی مێرگەپانی نێچیرڤان بارزانی هەڵوەشاندەوە، نێچیرڤان بارزانی لەدوای هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی نوێی یەكێتیەوە هەوڵی نێوەندگیری و لێكنزیك كردنەوەی یەكێتیە نوێیەكان و پارتی دەدات، بەڵام چەند جارێك لەلایەن مەسرور بارزانیەوە هەوڵەكانی رووبەروی شكستكراوەتەوە. نێچیرڤان بارزانی جارێك ماڵەكەی خۆی و جارێكی تر بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كردە خانەخوێ بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وپارتی، بەڵام هەردووجارەكە كۆبونەوەكان هەڵوەشێنرانەوە. ماوەیەكە نێچیرڤان بارزانی نیگەرانە لە مامەڵەو بڕیارەكانی مەسعود بارزانی مامی و مەسرور بارزانی ئامۆزای بەتایبەتیش لە پرسی پەیوەندیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران لە رۆژی 7ی ئایاردا، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم، بكاتە شوێنی لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و درووستكردنی كۆدەنگیەك كە خۆی تێیدا سەنتەر بێت، بەڵام هەوڵەكانی لێ تێكدەدرێت، بۆیە ئێستا هەوڵەكانی هێناوەتە دەرەوەی بینای سەرۆكایەتی هەرێم و بەشێوەی نافەرمی نەخشەی پەیوەندیەكی نوێی خۆی لەگەڵ سەركردایەتیە تازەكەی یەكێتی دادەدرێژێت. نێچیرڤان بارزانی هەركات لەناو پارتی و خانەوادەكەی روبەرووی ئاستەنگ بوبێتەوە، روی ئاراستەكەی كردۆتە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جاران لە مام جەلال و ئێستاش لە لاهور شێخ جەنگی و بەرهەم ساڵح. لە كۆندا مەسعود بارزانی نیگەران بوو لە دەستوەردانی جەلال تاڵەبانی لە ناكۆكیە ناوخۆییەكانی بنەماڵەكەی، ئێستاش نیگەرانە لە پەیوەندییەكانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، رەنگە ئەمە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی كۆبونەوەكەی نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح بووبێت ..
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف سبەینێ تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی كۆدەبێتەوە، لە كۆی (67) پۆست كە رێككەوتنی لەسەركردووە، تائێستا گۆڕان تەنیا (5) پۆستی لە كابینەی مەسرور بارزانیدا وەرگرتووە، لەدوای كۆبونەوەكەی 7ی ئایاری پەرلەمانەوە هەندێك ناڕەزایەتی لەناو گۆڕاندا لەبارەی مامەڵەی پارتییەوە دروستبووە، بەڵام هێشتا زۆرینە پشتیوانی ئەوە دەكەن جارێكی تر لەبەر هیچ هۆكارێك پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی تێكنەدەنەوە، رێكخەری زیاتر لە سێ مانگە لە سویدەو بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە. كۆبونەوەیەكی وزاریی بڕیارە سبەینێ تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ تیمی وەزیرەكانی پارتیدا كۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی گۆڕان لەو كۆبونەوەیەدا پەیامێكی زارەكی بزوتنەوەی گۆڕان بە تیمی پارتی دەگەیەنن، لەبارەی نیگەرانییەكانیان تایبەت بە هەنگاوەكانی چاكسازیو جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكومەت لەبارەی چاكسازییەوە. سەرباری ئەمە بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا بەشێكی زۆری پۆستەكانی لە كابینەی مەسرور بارزانیدا پڕنەكردوەتەوە، ئەمە یەكێكی ترە لە نیگەرانییەكانی گۆڕان لە پارتی. گۆڕان رێككەوتنی بەشداریكردنی لە حكومەت لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە، بەڵام ماوەیەكە لەرێگەی حكومەتو وەزیرەكانییەوە پەیامەكانی بۆ پارتی دەنێرێت نەك لەرێگەی مەكتەبی سیاسی پارتییەوە، رەنگە گۆڕان لەوە تێگەیشتبێت هەموو رێگاكان دەچنەوە بانە، واتە دەچنەوە بەردەم مەسرور بارزانی، بۆیە رێگە خێراكەی حكومەتی هەڵبژاردووە. خانەو حكومەت كۆبونەوە ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان تیمەكەی لە حكومەت كۆبووەوە، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم یەكێك بوو لەوانەی بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا. شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، چەند رۆژێك لەمەوبەر لە وتارێكدا نیگەرانی خۆی لە سیاسەتی پارتی راگەیاندو داوایكرد فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان بكشێتەوە. ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن باسی لەوەكرد، بزوتنەوەی گۆڕان تاوتوێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتیو بەشداریكردنی لە كابینەی مەسرور بارزانی دەكات. گۆڕان كە بەشداری حكومەتی كرد، ماوەی ساڵێكی وەكو ئەزمون دیاریكرد بۆ هەڵسەنگاندنی بەشداربوونی لە حكومەتەكەو ئەگەری بڕیاردان لەبارەی مانەوە یاخود كشانەوە لە حكومەت، ساڵەكەی گۆڕان ئێستا (9 مانگ)ی تێپەڕیوەو بەپێی زانیارییەكانی (درەو) تیمی گۆڕان لە حكومەتو شێوازی مامەڵەكردنی مەسرور بارزانی رەزامەندن. لەناو خانەی راپەڕاندندا كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای زیاتر لە (9 مانگ) بەشداریكردن لە حكومەتو رێككەوتن لەگەڵ پارتی، شەماڵ عەبدولوەفا تاكە كەسە تائێستا بەڕوونی رەخنە لە سیاسەتەكانی پارتی بگرێتو ئەندامەكانی تری خانە بێدەنگن. بەگشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا زۆرینەیەك قایلن بەرێككەوتنی بەشداری لە حكومەتو كەمینەیەك نیگەرانو ناڕازین. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی كرد لەگەڵ تیمی گۆڕان لە حكومەت، بەپێی زانیارییەكان وەزیری دارایی زانیاری بە بزوتنەوەكەی داوە لەبارەی دانوستانەكانی تیمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد. هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان پێشبینی ئەوە دەكەن كابینەی مەسرور بارزانی قەیرانی دارایی تێپەڕێنێتو لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بگاتە رێككەوتن. بەپێچەوانەی رەزامەندی تیمی حكومەتەوە، تیمی گۆڕان لە پەرلەمان، واتە فراكسیۆنی گۆڕان نیگەرانە لە پارتی، بەدیاریكراوی لە روداوەكەی رۆژی 7ی ئەم مانگەی پەرلەمان كە تێیداو لە پرۆسەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتار سۆران عومەر، پارتی، عەلی حەمەساڵح فراكسیۆنی گۆڕانی خستە ناو گەمەكەوەو گومانی لەسەر دروستكرد، سەرباری نیگەرانییەكانی عەلی حەمەساڵح، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نییە لەسەر ئەو بابەتە هیچ پەیامێكی نیگەرانی ئاڕاستەی پارتی بكات. رێكخەر دەگەڕێتەوە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەڕێوەبچێت، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە كوردستانی بەجێهیشتووەو لە سویدە. (درەو) زانیویەتی، ئامادەكاری دەكرێت بۆ گەڕانەوەی رێكخەری گشتی لە سویدەوە بۆ كوردستان، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كە ئەویش ماوەیەك بوو لە دەرەوەی وڵات بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا گیری خواردبوو، دوێنێ گەڕایەوە بۆ كوردستان. بەگوێرەی زانیارییەكان، بافڵ تاڵەبانی پێشنیازی بۆ عومەر سەید عەلی كردووە پێكەوە بەفڕۆكەكەی ئەو بگەڕێنەوە، بەڵام رێكخەری گشتی گۆڕان رەتیكردوەتەوە. كۆبونەوەی سبەینێی تیمی گۆڕان لەگەڵ پارتی، لەكاتێكدایە ئێستا پەیوەندییەكانی یەكێتیو پارتی بەقۆناغیكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێتو ماوەی چەند هەفتەیەكە بەهۆی ناكۆكییەكانیانەوە نەیانتوانیوە وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی نێوانیان دیاری بكەن. بزوتنەوەی گۆڕان بەمدواییە لەڕێگەی وەفدێكەوە سەردانی یەكێتی كرد، دواتر یەكێتی لەرێگەی وەفدێكەوە وەڵامی دایەوەو سەردانی مەكۆی سەرەكی گۆڕانی كرد لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی. (درەو) زانیویەتی، لە پرسی لامەركەزیەتی ئیداری كە ماوەیەكە یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكات، گۆڕان رایگەیاندووە، كە پەیوەستە بە رێككەوتنەكەیەوە لەگەڵ پارتیو تەنیا لەچوارچێوەی كارنامەی حكومەتدا پشتیوانی لە لامەركەزیی دەكات. گۆڕان بەپرۆسەیەكی سەختدا تێپەڕی تاوەكو لە كابینەی نۆیەمدا بەشداریكرد، بۆیە نایەوێت بە ئاسانی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا گومانی لە ناكۆكییەكانی ئێستای یەكێتی لەگەڵ پارتی هەیەو پێیوایە ناكۆكییەكی كاتییەوە لەماوەیەكی كورتدا هەردولا دەگەنە رێككەوتنو كێشەكانیان چارەسەر دەكەن، بۆیە نایەوێت لەم شەڕەدا بەلای یەكێتیدا بشكێتەوە. گۆڕان خوازیاری بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی سێ قۆڵی-یە لەنێوان هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت، بەڵام یەكێتی تائێستا وەڵامی ئەم پێشنیازەی نەداوەتەوە. لە بەغدادیش فراكسیۆنی گۆڕان نیگەرانن لە پارتی، پشكەكانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دابەشكراو گۆڕان بێبەشكرا، تیمی گۆڕان لە بەغداد بەپێچەوانەی تیمەكەیان لە كابینەی مەسرور بارزانی، بەردەوام رەخنە لە سیاسەتەكانی پارتی دەگرن. جڤاتی نیشتمانی كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، ماوەی سێ مانگە كۆنەبوەتەوە، دواین كۆبونەوەی بۆ هەڵسەنگاندنی ماوەی شەش مانگی بەشداری گۆڕان بوو لە حكومەت، بەبێ هیچ بڕیارێك مانەوەی لە حكومەت پەسەندكرد. پۆستە پڕنەكراوەكان ژمارەیەك پۆست هەن كە بەپێی رێككەوتنی نێوان گۆڕانو پارتی، گۆڕان (67) پۆستی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەركەوتبوو، بەڵام لەو ژمارەیە تائێستا تەنیا (7) پۆستیان وەرگیراونو ئەوانی تر هێشتا پڕنەكراونەتەوە. ئەو پۆستانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە تائێستا پڕنەكراونەتەوە ئەمانەن: • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی • بریكاری وەزیری كارەبا • بریكاری وەزیری شارەوانی • (48) پۆستی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكار • دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان • دوو نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان • بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستەكان
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمە رەفعەت جارێكی تر (11) كورسی كەمینەكان لە پەرلەمانی كوردستان بەلای پارتی دیموكراتی كوردستاندا كەوت، ئەمە قسەوباسی لەبارەی پێداچوونەوە بە كۆتایی كەمینەكان لە پەرلەمان گەرمكردەوە، كۆتای كەمینەكان لە دەرەوە روخسارێكی بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بەخشیوە، بەڵام لەناوخۆی هەرێم بووە بەبەشێك لە ململانێی سیاسی لایەنەكان. لە 23ی حوزەیرانەوە بۆ 7ی ئایار رۆژی 23ی حوزەیرانی ساڵی 2015 پەرلەمانی كوردستان روداوێكی گرنگی بەخۆوە بینی، پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم كرد، لەم رۆژەدا پەرلەمانی بەتەواوەتی دابەش بوو بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی یەكەم فراكسیۆنی پارتیو بەرەی دووەم لایەنەكانی تر، كورسی كۆتاكان لەم دابەشبوونەدا چونەپاڵ بەرەی پارتیو دژی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو كۆتایهێنان بوون بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان واتە (مەسعود بارزانی). دوای پێنج ساڵ لەم رووداوە، دوێنێ (7ی ئایار) پەرلەمان روداوێكی هاوشێوەی لەبەرگێكی نوێدا بەخۆوە بینی، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) پەرلەمانی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی پارتیو بەرەی لایەنەكانی تر پێكەوە، لەم روداوەشدا هاوشێوەی 23ی حوزەیرانی 2015، كورسی كۆتاكان لە پەرلەمان بێلایەنی خۆیان نەپاراستو چونەپاڵ بەرەی پارتییەوە. ئەمە مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپشتیوانی كورسی كۆتاكان پارتی توانی نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی پەرلەمان مسۆگەر بكات، ئێستا ئیتر هاوشێوەی 23ی حوزەیران، جارێكی تر پرسی كورسی كۆتاكان لە میدیاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی گەرمو جێگەمشتومڕە. لەبارەی كۆتاوە كۆتا (Quota) وشەیەكی لاتینییە بەواتای پشك یاخود بەش دێت، لەڕووی مێژوییەوە ئەم زاراوەیە دەبەسترێتەوە بە مەفهومی "جیاكاریی ئەرێنی"، یەكەمجار ئەم زاراوەیە لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە ویلایەت یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سیاسەتی "قەرەبووكردنەوەی گروپە بێبەشكراوەكان" واتا كەمینە رەشپێستەكان بەكارهێنراوە، لەچوارچێوەی ئەم سیستمەدا بەشێوازی "كۆتا" هەموو دامەزراوە فێركارییەكان ناچاركران رێژەیەكی دیاریكراوی لەو كەسانەی كە وەریاندەگرن، تەرخان بكەن بۆ كەمینە رەشپێستەكان، ئەمە پەرەی سەند بۆ ئەو وڵاتانەی تریش كە كەمینەكان تێیاندا هەستیان بە مەحرومیەت دەكرد. واتا لە بنەڕەتەوە شێوازی كۆتا بریتییە لە جیاكاریی لە سیستمدا بۆ گروپێك یاخود توێژێك خەڵك، كە بەپێی بنەماكانی ئەو سیستمە توانای ئامادەگییان نییەو لەڕێگەی "كۆتا"وە زامنی بەشداربوونیان بۆ دەكرێت. كۆتا لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان كەمایەتی نەتەوەییو ئاینیی هەیە، ئەمە وایكردووە بۆ زامنكردنی بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسی، سیستمی "كۆتا"یان لەسەر جێبەجێ بكرێت. لە پرۆسەی هەڵبژادنی پەرلەمانو ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، كورسی تایبەت بە كەمینەكانی (توركمان، مەسیحی، ئەرمەن)ی دیاریكراوە، لە پەرلەمانی كوردستان كەمینەكان لە كۆی (111) كورسی، بە شێوازی كۆتا (11) كورسییان بۆ دانراوە، لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانیو دهۆك-یش بەتێكرا (9) كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان یاخود وەكو ئەوەی ناوی لێنراوە بۆ "پێكهاتەكان" دانراوە. لەبنەڕەتەوە تەرخانكردنی ئەم كورسیانە بۆ كەمینەكان بەشێوەی "كۆتا"و لەدەرەوەی سیستمی پەیڕەوكراوی هەڵبژاردنە گشتییەكان، بۆ ئەوەیە ئەو كەمایەتییانە نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەمانو ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەبێتو بتوانن گوزارشت لە چینو توێژەكانی خۆیان بكەن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كەمینەكانو پرسی "كۆتا"ی كەمینەكان بووە بەبەشێك لە گەمەیەكی سیاسی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەكان، بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان كورسی كۆتاكان بۆ لێدان لە نەیارە سیاسییەكانی لەڕووی یاساییەوە بەكاردەهێنێت، ئەمەش لەبنەڕەتەوە گومانی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری لە سیستمی "كۆتا"ی كەمینەكاندا دروستكردووە، چەند ساڵێكە لە شەقام ناڕەزایەتییان لەسەر ئەم بابەتە دروستبووەو هەندێك داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكانو بڕگەی تایبەت بەكۆتای كەمینەكان. هەوڵێكی شكستخواردوو ! ساڵی 2015 كاتێك كۆتای كەمینەكان، واتە (11) كورسیی پێكهاتەكان لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم چوونە پاڵ پارتیو دژی كۆتایهێنان بە وادەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی وەستانەوە، لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە كە ئەوكات یوسف محەمەد سەرۆكایەتی دەكردو سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەوڵێك دەستیپێكرد بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. هەوڵەكە بریتی بوو لە پێشنیازێكی راوێژكاری دەستورییو یاسایی سەرۆكی پەرلەمان كە داوایدەكرد یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە، یەكێك لە بڕگەكانی پرۆژە پێشنیازەكە باسی لە كورسی كۆتای كەمینەكان دەكرد، ئەمە نوێنەری پێكهاتەكانی ناو پەرلەمانی توڕەكرد. هەندێك لە نوێنەری كەمایەتییەكان، هەوڵەكەی نوسینگەی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمانیان وەكو لێدان لە مافی كەمینەكان پێناسەدەكردو دەیانوت پێشنیازەكە دەیەوێت كورسی كۆتاكان كەمبكاتەوە. بەڵام راوێژكارەكانی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان باسیان لەوەدەكرد، پێشنیازەكە بۆ كەمكردنەوەی كورسییەكان نییە، بەڵكو بۆ دروستكردنی كەشێكی دیموكراسیو كێبركێیە لەناو پێكهاتەكاندا تاوەكو لەو رێگەیەوە بتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان دیاری بكەن. كورتەی پێشنیازەكە ئەوەبوو، كورسی كۆتایی كەمینەكان بۆ (3) كورسی كەمبكرێتەوە، دەبوو فراكسیۆنەكانی ئەم پێشنیازە بكەن بە داواكارییو رەشنوسی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی بۆ ئامادە بكەن، بەڵام چەند مانگێك دواتر بەهۆی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەرگای پەرلەمان داخراو ئەم هەوڵەش لەبارچوو. كێشەكە لە كوێدایە ؟ ژمارەی كەمینەكانی (مەسیحی، توركمان، ئەرمەن) لە هەرێمی كوردستان لەبەردەستدا نییەو خەڵكی سەربەو پێكهاتانە تۆماری دەنگدانی تایبەت بە خۆیان نییە، بۆیە نازانرێت لەسەر چ بنەمایەك (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ دیاریكراوە، هەندێك ئەو ژمارە كورسییە بەبەراورد بە ژمارەی ئەو كەمینانە بە زۆر دەزانن. سەرباری ئەمە، یاسای هەڵبژاردن بازنەی هەڵبژاردنی كورسی كۆتاكانی جیانەكردوەتەوە، ئەمە وایكردووە خەڵكانێك لە دەرەوەی ئەو پێكهاتانە دەنگ بە كاندیدی كۆتاكان بدەن، پارتی دیموكراتی كوردستان تائێستا سودی لەم كەلێنانەی یاسای هەڵبژاردن بینیوەو لە رێگەی دەنگدەرانی خۆیەوە ئەو كەسانەی لە كورسی كۆتاكان بۆ پەرلەمانو ئەنجومەنی پارێزگاكان سەرخستووە كە دڵخوازو گوێڕایەڵی پارتین، پێشبینی دەكرێت لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا لایەنەكانی تر پەنا بۆ ئەم گەمەیە ببەن، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموار نەكرێتەوە، نوێنەرایەتی كەمینەكان بەتەواوەتی لە ململانێی لایەنەكاندا دەتوێتەوە، لەبری نوێنەری راستەقیەی خۆیان، نوێنەریان لەناو پارتە دەسەڵاتدارەكاندا دەبێت. لەلایەكی ترەوە ئەوەی پرسیاری دروستكردووە ئەوەیە، جگە لەم سێ پێكهاتەیە كە (11) كورسییان لە پەرلەمان بۆ تەرخانكراوە، لە كوردستان چەند پێكهاتەیەكی تر هەن كە رەنگە ژمارەیان لە پێكهاتەیەكی وەكو ئەرمەنەكان زیاتر بێت، بەڵام لە پەرلەمان هیچ كورسییەكیان بۆ تەرخان نەكراوە، بۆ نمونە پێكهاتەی كاكەییەكان، یاخود زەردەشتییەكان كە بەمدواییە ژمارەیان ڕووی لەزیادبوون كردووە. ئەم ساڵانەی دوایی كە هەڵەبجە وەكو پارێزگایەكی نوێ ناسێندرا، بڕیاردرا لە ئەنجومەنی ئەو پارێزگا نوێیەدا كورسییەكی "كۆتا" بۆ پێكهاتەی كاكەییەكان تەرخان بكرێت، كە ژمارەیەكی زۆریان لە سنوری ئەو پارێزگایەدا دەژین. ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە لەژێر ناوی كۆتای كەمینەكان، لەدەرەوە روخسارێكی بە پرۆسەی سیاسی هەرێم بەخشێوە، بەڵام لەناوخۆدا نەیتوانیوە نوێنەرایەتییەكی راستەقینە بۆ ئەو كەمینە ئاینیو نەتەوەییانە لە دامەزراوەكاندا فەراهەم بكات، نەتەوە یەكگرتووەكانو ئەمریكاو ئەو وڵاتانەی كە چاودێری دۆخی سیاسی هەرێم دەكەن ئاگاداری وردەكاری ئەم بابەتانەنو دەزانن ئەوەی كە هەیە نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكان نییەو هەر لەناو حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە چەندین راپۆرتییان لەوبارەیەوە بەدەستگەیشتووە. كۆتا لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستاندا لەساڵی 1992، پێكهاتەكان (5) كورسیان لە پەرلەمان بۆ دیاریكرا، بەپێی بڕیارێكی سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی كە لە 8\4\1992 دەرچوو، ئەو (5) كورسییە بەتەنیا بۆ پێكهاتەی مەسیحییەكان تەرخانكرا. لەیەكەم پرۆسەی هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان، بۆ بردنەوەی كورسی كۆتاكان، واتە پێنج كورسییەكەی مەسیحییەكان، (4) لیستی پێكهاتەی مەسیحی بەشداریانكرد. كۆی دەنگی مەسحییەكان لەو هەڵبژاردنەدا (12 هەزارو 59) دەنگ، لەم ژمارەیەك (88)ی دەنگی پوچەڵ بوو، دەنگی راستەقینە (11 هەزارو 971) دەنگ بوو، لەسەر ئاستی كوردستان لە كورسی كۆتاكان، بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری (6 هەزارو 543) دەنگی بەدەستهێناو (4) كورسی بردەوە، یەكێتی مەسیحییەكانی كوردستان (2 هەزارو 757) دەنگی بەدەستهێناو كورسییەكی بردەوە. بەهای كورسییەكی كۆتا لە یەكەم هەڵبژاردندا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی (هەزارو 500) دەنگ بوو، لەكاتێكدا بەهای كورسیەكی گشتی لەو هەڵبژاردنەدا نزیكەی (9 هەزارو 672) دەنگ بوو. ساڵی 2004 پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستانی هەمواركردەوەو ژمارەی كورسی كۆتاكانی لە (5) كورسییەوە زیادكرد بۆ (11) كورسی، بەمەش ژمارەی تێكڕای كورسییەكانی پەرلەمان لە (105) كورسیەوە زیادی كرد بۆ 111 كورسی. ناوچەی هەڵبژاردن ناوی لیستەكان لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان كە ساڵی 2005 بەڕێوەچوو، كۆتاكان لەچوارچێوەی لیستی نیشتیمانی دیموكراتی كوردستان دەنگیانداو (11) كورسییەكەیان لەچوارچێوەی ئەو لیستەدا بوو. بەڵام لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 25/7/2009 بەڕێوەچوو، لیستی كۆتاكان بە سەربەخۆیی بەشداریانكردو 11 كورسی خۆیان هێنا، بەم شێوەیە: • لیستی رافیدەین: 2 كورسی • مجلس الشعبی الكلدانی السریانی الاشوری: 3 كورسی • الحركە الدیموقراطیە التركمانیە: 3 كورسی • لیستی توركمانی هەولێر: 1 كورسی • لیستی اصلاح التركمانی 1 كورسی • ارام شاهین داود باكویان 1 كورسی. لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 21/9/2013 بەڕێوەچوو، كۆتاكان بە لیستی سەربەخۆ بەشدارییان كردوو 11 كورسی خۆیان بەدەستهێنا بەمشێوەیە: • لیستی رافیدەین: 2 كورسی • ئەنجومەنی گەلی كلدانی و سریانی و ئاشوری: 2 كورسی • لیستی پێشكەوتنی توركمانی: 2 كورسی • لیستەكانی دیكەش یەكی 1 كورسیان مسۆگەركردووە لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 30/9/2018 بەڕێوەچوو، كۆتاكان بە لیستی سەربەخۆ بەشدارییان كردوو 11 كورسی خۆیان بەدەستهێنا، بەمشێوەیە: كورسییەك بە 194 دەنگ ! لە خولی پێنجەمدا ژمارەیەك لە كاندیدی كۆتاكان بە كەمترین دەنگ سەركەوتن بۆ پەرلەمان، لەوانە: • سارا دڵشاد ئەبوبەكر لە لیستی پارتی گەشەپێدانی توركمانی بە (194) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار • ئازاد ئەكرەم بەهرام لە لیستی میلەتی توركمانی (346) دەنگ بووە پەرلەمانتار • ئایدن مەعروف سەلیم لە بەرەی توركمانی بە (866) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار • روبینە ئویملك عەزیز لە هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیی بە (815) دەنگ بووە پەرلەمانتار • فەرید یەعقوب ئیلیكا لە لیستی رافیدەین بە (896) دەنگ بووە پەرلەمانتار • كلارا عودیشۆ یەعقوب لە ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشوری بە (687) دەنگ بووە پەرلەمانتار • فاهیك كەمال سوغون لە پێكهاتەی ئەرمەن بە (615) بووە پەرلەمانتار • مونا نەبی نادر لە لیستی چاكسازی توركمانی بە ( 2236) دەنگ بووە بە پەرلەمانتار كۆتا لە ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە ئەنجومەنی سێ پارێزگاكەی هەرێم كە بەتێكڕا لە (90) كورسی پێكدێت، (9) كورسی بەشێوازی كۆتا تایبەتكراوە بە كەمینەكان، بەمشێوەیە: • ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر: 30 كورسییە، 5 كورسی بۆ كەمینەكانە • ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: 32 كورسییە، 1 كورسی بۆ كەمینەكانە • ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك: 28 كورسییە، 3 كورسی بۆ كەمینەكانە لە ئەنجومەنی پارێزگاكانیش هاوشێوەی پەرلەمان، كورسی كۆتاكان لە ململانێ سیاسییەكاندا سودی لێبینراوە، لە هەولێر بەپشتیوانی كورسی كۆتاكان لە ئەنجومەنی پارێزگا، پارتی بەبێ لایەنەكانی تر حكومەتی خۆجێی پارێزگاكەی دروستكرد. ئێستا پرسی كورسی كۆتاكان لەژێر گومانی گەورەدایە، بۆ پاراستنی مافی ئەو پێكهاتانە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بەجۆرێك یاسای هەڵبژاردن هەمواربكەنەوە كە ئەو كەمینە ئاینیو نەتەوەییانە بتوانن ببن بە خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیانو لە ململانێ سیاسی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەكان دوربخرێنەوە.
(درەو): نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم کە لەدوای دەستبەکاربوونییەوە دەیەوێت بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم بکات بە شوێنی کۆدەنگی لایەنەکان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆ لە پەرلەمانەوە ریسەکەی لێکردەوە بە خوری. ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان و بەزۆرینە پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی هەڵگرت. ئەمە پەرلەمانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد، بەرەی پارتی و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ بەرەی لایەنە ناڕازییەکان لە هەڵگرتنی پارێزبەندی کە بریتی بوون لە (یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، شیوعی). بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بۆ دادگایکردنی سۆران عومەرو هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەری پەرلەمانی دابەشکردو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش کاردانەوەی توندی دروستکرد. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بەپێی یاسا سەرۆکی بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لەم روداوانەدا بێدەنگەو تا ئەم ساتە هیچ قسەیەکی نەکردووە. نێچیرڤان بارزانی لەدوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی هەرێمەوە هەوڵ بۆ کۆکردنەوەو دروستکردنی کۆدەنگی دەدات لەنێوان لایەنەکان لەبارەی پرسە سیاسییەکانەوە، بەڵام ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان لایەنەکان پێی نایە سەرەتای قۆناغێکی نوێ، بەڵام ئەو بێدەنگە. بەکارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی بۆ سەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی و گوێنەدان بە نیگەرانی لایەنەکانی تر، هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و "یەکڕیزی"ی لایەنەکانی خستە مەترسییەوە. بڕیارە رۆژی شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە بارەگای سەرۆکایەتی هەرێم و بەنێوەندگیری نیچیرڤان بارزانی بەڕێوەبچێت، بەڵام قسەکانی ئەمڕۆی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی یەکێتییەوە، فراکسیۆن و بەرپرسانی یەکێتی نیگەران کردووە، بەیاننامەی فراکسیۆنی یەکێتی قسەکانی هەورامی وەکو هەوڵێک بۆ تێکدانی کۆبونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ناودەبات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پێنج ساڵ بەر لە ئێستا پارتی دژی ئەوە بوو لایەنەكان بەپشتبەستن بە "زۆرینە"ی پەرلەمانیی كۆتایی بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بهێنن، بەڵام ئەمڕۆ خۆی لە پرسێكی ئاسایدا چەكی زۆرینەی بەكارهێناو بێ گوێدانە ناڕەزایەتی لایەنەكان، پارێزبەندی یاسایی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) هەڵگرت، لە مێژووی (28) ساڵی رابردووی پەرلەمانتار، ئەمە دووەم حاڵەتی هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران. پارێزبەندی لە مێژووی پەرلەماندا پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چوار پەرلەمانتار، لە مێژووی (28 ساڵەی)ی پەرلەماندا، ئەمە دووەم هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، یەكەم هەوڵ لە خولی سێیەمدا بوو لەسەر پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان (پێشەوا كانی وەتمانیی)،. هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لە بنەڕەتەوە ئامانج لە بڕیارەكە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی. سۆران بەمدواییە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی حزبەكەی باسی لەوەكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆمپانیاو بانكی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەمە مەسرور بارزانی توڕەكرد، لەڕێگەی نوێنەری خۆیەوە لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر سۆران عومەر تۆماركرد. دوای تۆماركردنی سكاڵا یاساییەكە، فراكسیۆنی پارتی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر داوای پارتی هەڵگرتنی پارێزبەندی خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە. لە سەرەتاوە ئامانجی پارتی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر سۆران عومەر، بەڵام پارتی لیستەكەی فراوان كردو چەند ناوێكی تری بۆ زیادكرد، بەمشێوەیە: • ئومێد خۆشناو- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی • عەلی حەمەساڵح - سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان • شیرین ئەمین- ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە، دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، بۆیە دانیشتنی ئەمڕۆی بەجێهێشت بۆ جێگرەكەی (هێمن هەورامی) كە سەربە پارتییە. هێمن هەورامی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران خستە دەنگدانەوە، زۆرینەی پارتی كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون، پارێزبەندییان لەسەر (سۆران عومەر) هەڵگرتو داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر (ئومێد خۆشناو و عەلی حەمەساڵحو شیرن ئەمین) رەتكردەوە. پارتی بە دەنگنەدانی بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر (عەلی حەمەساڵح) سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانو (شیرین ئەمین) ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان، بزوتنەوەی گۆڕان بەگشتیو سەرۆكی فراكسیۆنەكەی خستە ژێر پرسیارەوە لەبەردەم رایگشتیداو وەكو هاوپەیمانێكی خۆی بزوتنەوەی گۆڕانی نمایش كرد، ئەمە لەحاڵێكدا بوو فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنەكەی كردو دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، رەنگە پارتی بەم هەنگاوە ویستبێتی تۆڵەی بایكۆتكردنەكە لە فراكسیۆنی گۆڕان بكاتەوەو لەبەردەم رایگشتیدا پرسیارو گومانی لەسەر دروست بكات، زیادكردنی ناوی عەلی حەمەساڵح بۆ لیستی ئەوانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە بوو بزوتنەوەی گۆڕان بخرێتە ناو تاقیكردنەوەیەكی قورسەوە، ئەگەرنا ئامانجەكەی پارتی هەر لەسەرەتاوە (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵ بوو. بەرەیەكی نوێ لە پەرلەمان شەش فراكسیۆنی پەرلەمان بایكۆتی دانیشتی ئەمڕۆ پەرلەمانیان كرد كە بریتی بوون لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، شیوعی). دوان لەم لایەنانە بەشدارن لە حكومەتدا كە بریتین لە هەریەكە لە (یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان)، چوار فراكسیۆنەكەی تر لە بنەڕەتەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە كە بریتین لە (، كۆمەڵ، یەكگرتوو، نەوەی نوێ شیوعی). ئەوانەی كە بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان كرد لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان، ژمارەیان (53) پەرلەمانتار بوو، لەناو ئەمانەدا (سێ) پەرلەمانتار هەبوون كە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەتەوەو فراكسیۆنی تایبەت بەخۆیان نییە. كۆی دەنگی ئەوانەی كە بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان كرد بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆنو هەڵبژاردنو راپرسی (830 هەزارو 921) دەنگ بوو، واتە هەموو ئەو فراكسیۆنانە پێكەوە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ئەو رێژە دەنگەیان بەدەستهێناوەو نوێنەرایەتی ئەو دەنگانەیان دەكرد. بەڵام لەبەرامبەردا زۆرینەكەی پارتیو هاوپەیمانەكانی لەگەڵ ئەو دوو پەرلەمانتارەی تری دەرەوەی پارتی كە بەشداربوون لە دانیشتنەكە، بە تێكڕا نوێنەرایەتی دەنگی (717 هەزارو 448) كەس بوو لە هەرێمی كوردستان. واتە بەرەی نەیارانی ئەمڕۆی دانیشتنی پەرلەمان، بەپێی دەنگی هەڵبژاردن پتر لە (120 هەزار) دەنگیان لە پارتیو هاوپەیمانەكانی زیاتر بوو، بەڵام بەپێی كورسی پەرلەمان پارتی لەوان زیاترە، ئەمە پەیوەندی بە سیستمی هەڵبژاردنو بەفیڕۆچوونی دەنگی (ماوە)ی ئەو لایەنانەوە هەیە. زۆرینەكەی پارتی لە پەرلەمان نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە ئامادەبوونی زۆینەی (50+1)ی كۆی گشتی ژمارەی پەرلەمانتاران بەڕێوەدەچێت، واتە لەكۆی (111) پەرلەمانتار دەبێت (56) پەرلەمانتار لە هۆڵی كۆبونەوە ئامادەبن بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، پارتی لەم خولەی پەرلەمانتار بە ئاسانی ئەو زۆرینەیەی زامن كردووە. پارتی ئێستا خاوەنی (45) كورسییە لە پەرلەمان، (11) كورسی كۆتاكانیش (كەمینەكان) بۆ پارتی یەكلابووەتەوە، پارتی تەنیا بە فراكسیۆنی خۆیو كەمینەكان (56) كورسی نیسابی یاسایی مسۆگەر كردووە. بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ جگە لە (11) كورسی پێكهاتەكان، دوو پەرلەمانتاری تریش بەشداربوون كە ئەوانیش بریتی بوون لە هەریەكە لە (باپیر كامەلا)و (شادی نەوزاد). باپیر كامەلا سكرتێری پارتی كرێكارانو رەنجدەرانە، بەڵام لە پەرلەمان جگە لە پارتەكەی خۆی، نوێنەرایەتی دوو پارتی تریش دەكات، چونكە لەدواین هەڵبژاردندا، پارتەكەی باپیر كامەلا بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبی سۆسیالیستو پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان كە (غەفور مەخموری)ی سەرۆكایەتی دەكات، بەشداری هەڵبژاردنی كرد، باپیر كامەلا شوێنی عەبدوڵای حاجی مەحمودی لە پەرلەمان پڕكردوەتەوە، عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستە، هەرسێ لایەنەكە پێكەوە لە هەڵبژاردندا یەك كورسییان بردەوە، كورسییەكە بۆ سۆسیالیست بوو، بەڵام دوای ئەوەی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە كابینەی نوێی حكومەت پۆستی وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوانی وەرگرت، كورسییەكەی بۆ باپیر كامەلای هاوپەیمانیی بەجێهێشت. شادی نەوزاد-یش كە ئەمڕۆ بەشداری كرد لە تەواوكردنی نیسابەكەی پارتی، ئەندانی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، بەڵام لە دەستپێكی خولی ئێستای پەرلەماندا لە فراكسیۆنەكەی جیابووەو سەرۆكی جوڵانەوەكەی (شاسوار عەبدولواحید) تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی سكانداڵی سێكسیەوە هەڕەشەی لێكردووە، شادی بەشداربوو لە تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكە، بەڵام دەنگی بە هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار سۆران عومەر نەداو پێشوەختە دانیشتنەكەی بەجێهێشت. نیسابی ئەمڕۆ پارتی (56) كورسی تێپەڕاندو گەیشتە (58) كورسی، ئەمە پەیامێك بوو بۆ فراكسیۆنەكانی تری ناو پەرلەمان بەوەی، تەنانەت ئەگەر هەموشیان پێكەوە كۆببنەوە، هێشتا ناتوانن بەرامبەر بە پارتی رابوەستن. ئەمە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە، كە ئەتوانرێت بە "بەهەشتی پارتییەكان" ناوزەند بكرێت، جگە لە زۆرینەی كورسییەكان، پارتی دوو لەسەر سێی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیشی بەدەستەوەیە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان (هێمن هەورامی) پارتییە، سكرتێری پەرلەمان (مونا قەهوەچی) لەسەر پشكی پێكهاتەكان پۆستەكەی وەرگرتووە، بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە. چەكی زۆرینە ! دۆخی ئێستا پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی لەگەڵ خولی پێشوودا پێچەوانە بووەتەوە، لە خولی چوارەمدا بەرەی نەیارانی پارتی زۆرینە بوون، پارتیو هاوپەیمانەكانە زامنكراوەكانی پێكەوە توانای تەواوكردن یاخود شكاندنی نیسابیان نەبوو. ئەم بابەتە لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو بەدیاریكراویش درێژ نەكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی (مەسعود بارزانی) گەیشتە ترۆپكی خۆی. رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەموار یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، پارتییەكان كە دەیانزانی بزوتنەوەی گۆڕانو هاودەنگەكانی لەو پرسەدا، دەیانەوێت لەو كۆبونەوەیەدا كۆتایی بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بهێنن، هەوڵی شكاندنی نیسابی یاساییان دا، بەشێوازی یاسایی نەیانتوانی رێگری لە دانیشتنی پەرلەمان بكەن، دواجار پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازی بردو رێگرییان كرد لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر. لەم مەسەلەیەدا پارتییەكان، یوسف محەمەدی سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمانو بزوتنەوەی گۆڕانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی سازانو تەوافوقو رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان شكاندووەو لە پرسێكی هەستیاردا (سەرۆكایەتییەكەی بارزانی) لەسەر بنەمای زۆرینەو كەمینە بڕیاردەدەن. دوای نزیكەی پێنج ساڵ لەم رووداوە، ئەمڕۆ پارتی خۆی هەمان سیناریۆی دوبارەكردەوە، بەبێ گوێدانە ناڕەزایەتی زۆرینەی فراكسیۆنەكان، پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر خستە دەنگدانەوەو چەكی زۆرینەی بەكارهێنا. سەرەتایەكی نوێ زۆرینەكەی ئەمڕۆ پارتی نیشانیدا، پارتی بۆ پرسێكی ئاساییو هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێك ئامادەیە زۆرینەی خۆی بەكاربهێنێتو پشت لە تەوافوقو سازان بكات لەگەڵ هاوبەشەكانی لە حكومەت (یەكێتیو گۆڕان)، بۆیە لە پرسە هەستیارەكاندا بەئاسانی ئەم چەكە بەكاردەهێنێتو سڵ لە بەرەی نەیارانی لەناو حكومەتو لەدەرەوەش ناكاتەوە، لەحاڵێكدا كە دڵنیایە لەوەی لەڕووی یاساییەوە ئەگەر هەموو فراكسیۆنەكانی تری ناو پەرلەمان كۆببنەوە ناتوانن نیسابی یاسایی تەواو بكەن. ئەمە سەردەمێكی نوێیە، پارتی چوار ساڵی زێڕینی تەمەنی خۆی بەڕێدەكاتو رەنگە جارێكی تر دوبارە نەبێتەوە. (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، زۆرینەی پەرلەمانو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتی باڵای ئەمنیو دەسەڵاتی ئابوری) لە هەرێمی كوردستان بە دەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە، هەموو ئەمانە یارمەتی پارتی دەدات بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوانی تر سیاسەتەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بەتایبەتیش لە سەردەمێكدا كە بۆ یەكەمجارە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب واتە مەسرور بارزانی رۆڵی خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیدەكاتەوەو دەیەوێت بۆ زەمەنێكی زۆرو چەندین خولی تر لەم پۆستەدا بمێتێتەوە. سەرباری ئەمە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتی جگەلەوەی لەچوارچێوەیەكی هاوبەشی كاری پەرلەمانیدا كۆنەبونەتەوەو ستراتیژێكی هاوبەشیان نییە، هەریەكەشیان لەناوخۆیاندا دابەشبوون بەسەر چەندین ئاڕاستەداو رەوتداو ناكۆكن.