ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان لە ئارادایە
2021-12-23 13:19:26
راپۆرت: درەو
"گۆڕینی كۆمسیۆن بە مەرجی فرەبازنەكردنی هەڵبژاردن" ئەمە چەقی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانە لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە، یەكێتیو گۆڕان حەزیان بە هەڵبژاردن نییەو سەرقاڵی دۆخی ناوخۆیی خۆیانن، بۆیە كردویانە بە مەرج هەڵبژاردن بەشێوەی "فرەبازنەیی" بەڕێوەبچێت، پارتیش گۆڕینی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو كارتی فشار لەسەر لایەنەكان بەكاردەهێنێت، وردەكاری بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە لەم راپۆرتەدا.
كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنێكی نوێدا
رۆژی 30ی ئەیلولی 2022 وادەی فەرمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، ئەگەر لایەنەكان رێكبكەون لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، دەبێت بەر لە شەش مانگ لەوادەی خۆی، بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە بدرێت بۆ ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەكارییەكانی بكات.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 4ی تشرینی دووەمی رابردوو لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن، لەم كۆبونەوەكەدا داوا لە سەرۆكی فراكسیۆنەكان كرا لەماوەی دوو هەفتەدا بۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردن بگەیەننە سەرۆكایەتی پەرلەمان.
بۆچونی حزبەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە
هەفتەی رابردوو، جارێكی تر سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەو بۆچونی حزبەكانیان بە سەرۆكایەتی گەیاند.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكەو چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان، پارتە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێم بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، پارتیو هاوپەیمانەكانی لەبەرەیەكو (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵی دادگەریی، نەوەی نوێ) بە هەندێك جیاوازییەوە لەبەرەیەكی ترنو بۆچونەكانیان لەیەكترەوە نزیكە.
ئەم دابەشبوونە پارتە سیاسییەكان دەباتە ناو دانوستانێكی چڕەوە، دانوستانێك كە رەنگە ئاكامەكەی سەربكێشێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەی ساڵێك.
بەگشتی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەم رۆژانە دۆخی ناوخۆییان بە قۆناغێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نین لەوادەی خۆیدا، پارتیش سەرباری ئەوەی داوا دەكات هەڵبژاردن لەوادەی خۆی بەڕێوەبچێت، بابەتەكەی بەتوندی نەگرتووەو وەكو كاری فشار لەسەر لایەنەكان تاقیدەكاتەوە.
ئەمڕۆ یەكێكی دەستی بەگفتوگۆ كرد لەگەڵ لایەنەكان سەبارەت بە چارەنوسی هەڵبژاردن، وەفدی یەكێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكگرتووی ئیسلامی كرد، سەرباری ئەمە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پارتیو یەكێتی لەلایەكو پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەكی تر لیژنەی هاوبەشیان دروستكردووە بۆ تاوتوێكردنی پرسی هەڵبژاردن.
لەسەر چی ناكۆكن ؟
پارتیو یەكێتیو لایەنەكانی تر بەگشتی لەسەر چەند بابەتێك بۆچونی جیاوازیان هەیە، بابەتە جێناكۆكەكان بریتین لە (بازنەكانی هەڵبژاردن، چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، كورسی كۆتای پێكهاتەكان، شێوازی لیستی هەڵبژاردن).
ناكۆكی لەبارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە
یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵو یەكگرتوو و نەوەی نوێ داوا دەكەن هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی فرەبازنە بەڕێوەبچێتو هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت لەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، واتە هەر پارێزگایەك بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، ئەمە پێویستی بە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان هەیە، یاسایەك كە سیستمی هەڵبژاردنی لە كوردستان بەشێوەی (یەك) بازنە دیاریكردووە، پارتی بەتوندی دژی ئەم بۆچونەیە، بەوپێیەی ئەگەر ئەم شێوازە پەیڕەو بكرێت، ئەو زۆرینە رەهایەی ئێستا لە پەرلەمان هەیەتی، لەدەستی دەدات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی هەرگیز سازش لەسەر گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردنی كوردستان بۆ (4) بازنە ناكات، بەتایبەتی لەكاتێكدا دەیەوێت لە خولی شەشەمدا ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ نزیكەی (50) كورسی زیاد بكات، نەك بەهۆی سیستمە نوێیەكەوە زۆرینەكەشی لەدەستبدات.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)، هەرێمی كوردستان بە یەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و دابەشدەكرێت بەسەر چەند مەركەزێكی دەنگیداندا، لە ماوەی پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كورستان لە ساڵانی (1992، 2005، 2009، 2013، 2018) كار بەم دەقە كراوە، ئەگەر داواكارییەكەی یەكێتیو لایەنەكانی تر جێبەجێ بكرێتو كوردستان بكرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بەپێوەری ژمارەی دانیشتوان كورسییەكانی پەرلەمان (100 كورسی پەرلەمان بەبێ 11 كورسی كۆتاكان) بەمشێوەیە دابەش دەبن بەسەر پارێزگاندا:
• پارێزگای هەولێر: 36 كورسی
• پارێزگای سلێمانی: 35 كورسی
• پارێزگای دهۆك: 27 كورسی
• پارێزگای هەڵەبجە: 2 كوسی
شێوازی فرەبازنەیی دەنگی حزبەكان دابەش دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، واتە دەنگی كەسێك لە پارێزگای هەڵەبجە ناتوانێت كاندیدێك لە دهۆك سەربخات، ئەمە سەرچاوەی مەترسی پارتییە لە شێوازی فرەبازنەیی.
ئەگەر لایەنەكان بەدیاریكراوی (یەكێتی) لەسەر پرسی دابەشكردنی كوردستان بۆ (4) بازنەی هەڵبژاردن پێداگری بكات، گفتوگۆكان بە بنبەست دەگاتو رەنگە هەڵبژاردن لەدوادەی دیاریكراوی خۆی دوابخرێت، چونكە ئەم بابەتە بەلای پارتییەوە ستراتیژەو سازشی لەسەر ناكات، دەكرێت لە بابەتە جێناكۆكەكانی تردا سازش بۆ لایەنەكانی تر بكات، لەبەرامبەر تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردن بەشێوەی (یەك بازنەیی)، رەنگە سوربوونی پارتی لەسەر گۆڕینی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو كارتی فشار بێت لەناو دانوستانەكان بۆ ئەوەی لایەنەكان ناچار بكات دەست لە بیرۆكەی دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن هەڵبگرن، ئەگەرنا بە پێكهاتەی ئێستاشەوە هێشتا پارتی لەناو كۆمسیۆنی هەڵبژاردندا زۆرینەیە.
ناكۆكی لەبارەی چارەنوسی كۆمسیۆنەوە
رۆژی 23ی كانونی یەكەمی 2019 تەمەنی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان كۆتایی هات كە (5) ساڵ بوو، لەوكاتەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی بۆ درێژنەكردونەتەوە، واتە ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لە بۆشایی یاسایدان.
ئەوانەی ئاگاداری كاروبارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستاننو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، چەند مانگێك بەر لەوەی وادەی یاساییان كۆتایی بێت، ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن سێ نوسراویان ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدات، بەڵام پەرلەمان وەڵامی نەداوەتەوە، رەنگە ئەوكاتیش لایەنە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان بڕیاریاندابێت مەسەلەی چارەنوسی كۆمسیۆن وەكو كارتێكی سیاسی بخەنە ناو مشتومڕو دانوستانەكانی هەڵبژاردنەوە.
ئێستا كە كۆمسیۆن وادەی یاسایی بەسەرچووە، لایەنەكان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە كۆمسیۆنێكی نوێ لەسەر بنەمای كورسی ئێستای لایەنەكان لە پەرلەمانی كوردستان دروست بكرێت، پارتی زۆرینەیە لە پەرلەمانو (45) كورسی هەیە، دروستكردنەوەی كۆمسیۆن لە بەرژەوەندی پارتییە، لەبەرامبەردا یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵی دادگەرییو یەكگرتوو لەگەڵ ئەم داواكارییەدا نینو دەیانەوێت كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەپێكهاتەی ئێستای خۆیەوە بمێنێتەوەو ئەوانەی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران شوێنیان بەتاڵ بووە، لایەنەكان شوێنەكانیان بە كەسانی تری خۆیان پڕ بكەنەوە، یەكێتی پێیوایە كۆمسیۆن بە پێكهاتەی ئێستایەوە تاكە دامەزراوەیە كە پارتی هەژموونی بەسەردا نەكردووە، بۆیە دەبێت وەكو خۆی بمێنێتەوە، گۆڕانو یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەریش لەمەدا هاوڕای یەكێتین، چونكە دۆخیان لە كۆمسیۆنەكەی ئێستادا خراپ نییە.
لەم نێوەندەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لە كۆی (8) ئەندام لە پەرلەمانی كوردستان (4) ئەندامیان جیابونەتەوە، لەگەڵ دروستكردنەوەی كۆمسیۆن لەسەر بنەمای ژمارەی كورسییەكانی پەرلەماندا نییەو تەنیا داوا دەكات كۆمسیۆنەكە لەسەر بنەمای پشكێنەی حزبی دروست نەكرێت، ئەگەر كۆمسیۆن لە دەرەوەی پشكێنەی حزبی دروست بكرێت، دەبێت لە شوێنی نوێنەرەكانی حزب، هاوشێوەی بەغداد دادوەرەكانی ئەنجومەنی دادوەری بكرێن بە كۆمسیاری هەڵبژاردن، پارتی لەم بۆچونەدا زۆر كێشەی نییە، چونكە زۆرینەی دادوەرەكانی ئەنجومەنی دادوەریی سەربە پارتین.
لەم نێوەندەندا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نوێنەری پێكهاتەكانی توركمانو مەسیحی كە هاوپەیمانی پارتین، ئەوانیش داوا دەكەن ئەگەر كۆمسیۆن وەكو خۆی بمێنێتەوە، نوێنەرەكانی خۆیان لە كۆمسیۆن بگۆڕنو كەسانی نوێ دابنێن، ئەمە زیان بە یەكێتی دەگەیەنێت، چونكە یەكێك لە نوێنەری پێكهاتەكان لەناو كۆمسیۆنی ئێستادا (نەهرۆ سەلیم حەننا) لەلایەن یەكێتییەوە دانراوە، ئەمە كارتێكی فشاری پێكهاتەكانە لەسەر یەكێتی ئەگەر سوربێت لەسەر مانەوەی پێكهاتەی كۆمسیۆن وەكو خۆی.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) بۆ رەوتی دانوستانەكانی ئێستا، یەكێتی بەبێ جێگیركردنی پرسی دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن ئامادە نییە گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە بكات.
ناكۆكی لەبارەی كورسی "كۆتا"كان
لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (11) كورسی بەشێوازی "كۆتا" تەرخانكراوە بۆ پێكهاتەكانی (توركمان، مەسیحی، ئەرمەنی)، پارتی كورسی كۆتاكانی كۆنترۆڵكردووە، ئەمە هەم لەناو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمدا ناڕەزایەتی دروستكردووە، هەم لەناو ئەو پێكهاتانەشدا، چونكە پارتی كەسانی نزیك لەخۆی بۆ ئەم كورسییانە لەناو پێكهاتەكان كاندید دەكاتو هەر خۆشی دەنگیان بۆ كۆدەكاتەوە.
هەوڵی چەند ساڵەی لایەنە سیاسییەكان بۆ گۆڕینی هاوكێشەی (11) كورسی پێكهاتەكان تائێستا بێئاكام بووە، لە دانوستانی ئەمجارەی لایەنەكاندا لەبارەی پرسی هەڵبژاردن، جارێكی تر ئەم بابەتە هێنراوەتە پێشەوە.
یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانو نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی دادگەریی داوا دەكەن (11) كورسییەكەی كۆتاكان لە هەمواری یاسای هەڵبژاردندا دابەش بكرێن بەسەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر ئەمە بكرێت، دوو كورسی كۆتاكان دەكەونە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، كورسییەكی مەسیحی بۆ سلێمانیو كورسییەكی توركمانەكان بۆ قەزای كفری.
لەپاڵ ئەمەدا، هەندێك لەلایەنەكان بەدیاریكراویش (جوڵانەوەی نەوەی نوێ) داوا دەكەن كورسی كۆتاكان لە (11) كورسییەوە بۆ (7) كورسی كەمبكرێتەوە، هەندێكی تر داوا دەكەن كورسییەكان زیادبكرێتو پشكی كەمینەكانی تری كوردستانی بۆ زیادبكرێت، یەكێتی داوا دەكات كورسییەكی كۆتا بۆ (كاكەییەكان)ی سنوری پارێزگای هەڵەبجە زیادبكرێت، پارتی وتویەتی ئەگەر ئەمە بكرێت، ئێمەش داوا دەكەین كورسییەكی كۆتا بۆ (ئێزدییەكان) زیاد بكرێت.
بۆ پارتی، هەمیشە لە پرسە هەستیارەكانی ناو پەرلەمانی كوردستاندا، (11) كورسی كۆتاكان زامنكەر بووە، بۆیە پێناچێت پارتی لەم بابەتەشدا سازشی گەورە بۆ لایەنەكانی تر بكات.
ناكۆكی لەبارەی شێوازی لیستی هەڵبژاردن
لەسەر چۆنیەتی لیستی هەڵبژاردن (داخراو، كراوە، تێكەڵاو) هەندێك جیاوازی بۆچوون لەنێوان لایەنەكاندا هەیە، پارتیو گۆڕان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن بە لیستی داخراو بەڕێوەبچێت، لیستی داخراو واتە دەنگدەر راستەوخۆ دەنگ بە حزبەكان بداتو كەمتر سەرەنجی لەسەر كاندیدەكانی حزب بێت، پارتی لەمەدا دەیەوێت خەڵكانی تایبەتی خۆی كاندید بكاتو پێگەی جەماوەری كاندیدەكان لەبەرچاونەگرێت، بزوتنەوەی گۆڕانیش كە ماوەی چەند ساڵێكە لەناو ئینشیقاقی بەردەوامدایە، دەیەوێت كەسانێك لەناو لیستەكەیدا دابنێت كە دڵنیابێت دوای رۆشتینان بۆ پەرلەمان پابەندی سیاسەتەكانی حزب دەبنو جیانابنەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێش هەمان كێشەی گۆڕانی هەیە، لیستی داخراوی پێخۆشترە، بەتایبەت كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سودی لەم شێوازە بینیو لەبری بانگەشە بۆ كاندیدەكان تەنیا بانگەشەی بۆ لیستەكە كرد.
لەبەرامبەردا یەكێتیو یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەكە بە لیستی "نیمچە داخراو" واتە تێكەڵ بەڕێوەبچێت، لەم شێوازەدا هەم كاندیدەكان دەردەكەونو هەم حزبیش دەتوانێت كاندیدی دیاریكراوی خۆی سەربخات.
بەگشتی بەبەراورد بە بابەتەكانی تر، ناكۆكییەكان لەبارەی شێوازی لیستی هەڵبژاردنەوە زۆر گەورە نینو دەكرێت لایەنەكان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە رێككەوتن.