Draw Media

لەزەتخانەکەی جێفری ئیپستین

لەزەتخانەکەی جێفری ئیپستین

2026-02-04 18:56:29


مەریوان وریا قانع
ئەوەی لە «لەزەتخانە»کەی جێفری ئیپستین دا ئەنجامدراوە،  رووداوێکی تەواو حەیابەر و شەرمهێن و نائینسانیی ترسناکە، کە بکەرە سەرەکییەکەی تەنها جێفری ئیپستین  نییە وەک تاکەکەسێکی خراپەکار، بەڵکو شێوازێکی تەواو ترسناکی تێکەڵبوونی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژییە بەیەکتری. ئەم رووداوە پەردە لەسەر جهانێکی تەواو نەخۆش هەڵئەداتەوە کە تیایدا دەسەڵات و سەرمایەی گەورە و چاودێرینەکراو، لە کوێدا بۆیان گونجابێت،  حەزە سادەکانی مرۆڤیان  گۆڕیوە، بۆ ئارەزوویەکی کێویی هەڵئاوساو و کۆنترۆڵنەکراو، پڕ لە ئیهانە بە مرۆڤ و بە یاسا و بە سەرجەمی بەها مرۆییە سەرەتاییەکان، کە پێکەوەبوونی مرۆڤەکان لە «دارستان»ەوە دەگۆرن بە «کۆمەڵگا». 
 جێفری ئێپیستین ئاژەڵ یان خراپەکارێکی دەگمەن و کەموێنە نییە، دیاردەیەکی ناشاز و تاریک و بیمار نییە، پەیوەندیی بە کاراکتەری وەحشییانەی ئەوەوە هەبێت وەک تاکەکەسێک. جێفری ئێپیستین، دەرەنجامی تێکەڵبوونێکی بیمار و ترسناکی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژییە بەیەکتری و یەکتربڕینیانە لە چەندان ئاستی جیاوازدا. بازرگانیکردن بە لەشی مندالان و دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆسەر ئەو لەشانە، تەنها لە ژینگەیەکدا مەیسەر دەبێت هەموو ئەو رەگەزانەی لە بیمارترین شێوەدا تێدابێت، رەگەزی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزم.  ئەم ژینگە بیمارە خودی سەرمایەداریشی وەک سیستم، گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی سڵنەکردنەوە لە کڕین و فرۆشتن و بازرگانیکردن بە خودی مرۆڤ خۆیەوە. واتە گەراندویەتییەوە  بۆ سەرمایەدارییەکی رووتی کەڵبەدار کە توانای دروستکردنی فۆرمی نوێ لە «کۆیلایەتی تازە» و «مۆدێرن» لە ئاستی ژیانی رۆژانەدا هەیە. ئەمەش هاوتایە بە پرۆژەی شێواندنێکی ریشەیی حەزەکانی مرۆڤ، لە رێگای دابڕینی ئەم حەزانەوە لە هەر کۆنترۆڵ و  سنوور و رێگر و مانایەکی ئەخلاقیی و ئینسانیی. 
وەکچۆن ئەدۆلف ئایخمان، ئەو پیاوەی  بەرپرسبوو لە کوشتنی ملیۆنان جولەکە لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیزمدا، تاکەکەسێکی تەنها نەبوو بە ئاکارێکی وەحشییانە و شەیتانانەوە. بەڵکو، وەک هانا ئارێنت دەڵێت، خراپەکارێکی رۆژانە و ئاسایی بوو کە نوێنەرایەتی سیستمێکی بیرۆکراسیی تۆتالیتاری دەکرد، ئەم نوێنەرایەتیکردنەش گۆڕیبووی بۆ کەسێک تواناکانی بیرکردنەوە و داوەریکردن لەدەستبدات. وەک برغویەک لەناو سیستمێکی گەورەدا دەستبەکاربێت. بەهەمان شێوە جێفری ئێپیستین یش، وەک ئایخمان، تاکەکەسێکی خراپەکاری تەنها نییە، بەڵکو  نوێنەر و بکەرێکی ناو ئەو تێکەڵبوونە بیمار و ترسناکەی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژییە. ئەمەش لە جیهانێکی بەجیهانیبوودا، کە یەکێک لە دەرکەوتە ترسناکەکانی بریتییە لە دروستبوونی چەندەها تۆڕی جیهانی بۆ ئەنجامدانی تاوانی هەمەجۆر، لە بازرگانیکردن بە لەشی منداڵانەوە بۆ پلانی لەناوبردنی میلەتان، بە تێوەگلانی چەندان دەزگای هەواڵگرییەوە لە کردەی ئەنجامدانی ئەم جۆرە تاوانانەدا.  
وەک وتم ئەم دۆخە هێما بۆ دروستبوونی تۆرێکی جیهانی لە مرۆڤی دەسەڵاتدار و پارەدار دەکات کە توانای ئەنجامدانی هەموو تاوانێکیان هەیە، بە خەیاڵیاندا بێت. ئەم تۆرە تەنها لە ئەمریکا و ئەوروپادا ئامادەنییە، بەڵکو لە بەشەکانی تری جیهانیشدا ئامادەن، بە جیهانی عەرەبیی و جیهانی موسڵمانان و تورکیا و روسیا و چەندان شوێنی تریشەوە. خاڵی هەرە ترسناک لێردا ئەوەیە ئەندامانی ئەم تۆڕە دەتوانن خۆیان ببن بە یاسادانەری تاواناکان و چۆنیەتی پیادەکردنی ئەو حەز و ئارەزووە تایبەتانەیش کە هەیانە. ئەم تۆڕە دەتوانن بچنە دەرەوەی سەرجەمی ئەو یاسا و رێسایانەی لە هەر کۆمەڵگایەکەدا بۆ رێگرتن لە بەربەریەت دانراون. هەرخۆیشیان مرۆڤایەتی  بۆ دووبەشی جیاواز لەیەک دابەشدەکەن. یەکەمیان خۆیانن، وەک هەڵگری هەموو دەسەڵاتەکان تا ئەو شوێنەی توانای ئەنجامدانی هەموو شتێک بۆ خۆیان مەیسەر بکەن، بە تاوانە گەورەکانەوە. بەرامبەر بە سەرجەمی ئەو قوربانیانەی دەکەونە ناو تۆڕە جیهانییەکەی ئەوان و دەکرێن بە مرۆڤی لەمرۆڤخراو، بە کۆیلەی سێکسی و سوتەمەنی حەز و چێژی ئەو نوخبەییە.  ئەندامانی ئەم تۆڕە جیهانیە بکەرێکی هەمەتوانان و ئەوانیتریش کەسانی بێدەرەتان و لاواز و  مەجبور و بێئیرادەکراون. کەسانێک، وەک جودت بوتلەر دەڵێت، «زیادن» و پێویست نین،  مردنیشیان پێوستی بە تازیە بۆدانان، نەبێت. ئەسڵەن شایستەی ئەو تازیەبۆدانانە نەبن. 
ئەوەی جێفری ئەپیستین لە ئاستێکی دیکەدا نیشانمانئەدات، بەخشینی رەهەندێکی سێکسیی ناشاز و تاوانکارە بە دەسەڵات، بە تایبەتی لە فۆرمی پێدۆفیلی، مناڵبازیدا. پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و سێکس پەیوەندییەکی دێرینە، بەڵام ئەوەی ئەمرۆ روودەدات تێپەراندنی هەموو سنوورێک و هەموو حەرامێکی ئینسنایی و ئەخلاقییە. ئەمەش یەکێک لە رووە هەرە دیار و هەرە ناشیرینەکانی ئەم فۆرمەیە لە دەسەڵات کە ئەمرۆکە لەزیاد لە بەشێکی جیهاندا هەیە و کاردەکات. لە کوێدا نارسیزم و سەرمایە و دەسەڵات و ناوبانگ و حەز و ئارەزووی پاسۆلۆژیانە بەیەکتری تێکەڵبوون، لەوێدا مرۆڤەکان لەوەدەکەون مرۆڤ بن. ماشێنێک دروستدەبێت مرۆڤەکان دەگۆڕێت بۆ ئامراز و بابەتی چێژێکی نارسیستیانەی بیماری ئەوانەی هەڵگری دەسەڵات و سەرمایەن. ئەمانە دەتوانن تاوانەکانیان وەک گەمە و تەعەداکانیان وەک خەڵاتکردن و هەڵسوکەتەکانیان وەک سروتیی دینیی یان نادینیی، وێنابکەن.  
خاڵێک کە پێویستە جارێکی تر هێمایەکی خێرای بۆ بکەم ئەوەیە کە دروستبوونی پەیوەندیی لە نێوان دەسەڵات و سێک و نارسیزم و پێدۆفیلی داهێنراوێکی سەرمایادارییانە نییە. ئەم جۆرە پەیوەندییە لە سەردەمە مێژووییەکانی بەر لە سەرمایەداریشدا بوونی هەبووە. ئەوەی لەم رووەوە سەرمایەداریی لە سیستمەکانی بەر لەخۆی جیادەکاتەوە، دروستکردنی ژینگەیەکی تەواو لەبار و رێکخراو و بە ئایدیالکراوە بۆ ئەم دیاردەیە. سەرمایەداریی ئەم تێکەڵبوونە ترسناک و وێرانکەرەی دەسەڵات و سێکس و چێژ، دەگۆرێت بۆ دیاردەیەکی رۆژانە و گرێیئەدات بە ژیانی ملیۆنێر و ملیاردلێر و کەسە بەناوبانگ و بە ئەستێرە دروستکراوەکانی جیهانەوە. لەم ژینگەیەدا لە کوێدا سەرمایە کەڵەکەبکرێت، لەوێشدا دەسەڵات کەڵەکەدەکرێت، بە دەسەڵاتی تەعەداکردنی سێکسییەوە  بۆسەر جەستەی منداڵان و بۆسەر ژیان و بوونی مرۆڤە پەراوێزیی و کەنارگیرکراوەکانی ناو سیستمەکە. لەم ژینگەیەدا ئەوانەی لاواز و پەراوێزین دەتواندرێت بکڕدرێن، داببەزێندرێن بۆ پێگەی کاڵایەکی قابیلی مامەڵەلەسەرکردن، بۆ کۆیلە. سنوورێکی ئەخلاقیش نامێنێتەوە نەکرێت بسڕدرێتەوە و تێنەپەڕێندرێت.  هەموو ئەمانە لە جیهانێکدا سەرمایە و دەسەڵات، تا ڕادەیەکی زۆر،  لە لێپرسینەوە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان، دەربازدەبن. 
هەرکەسێک تۆزقاڵێک هەستی ئینسانیی و مرۆیی تێدابێت، ناتوانێت ئیدانەیەکی بەرفراوانی ئەم ئابڕوچوونە هەمەلایەنە و تاوانە گەورەکانی ناو «لەزەتخانە»کەی جێفری ئیپستین، نەکات. ئەوەی لەم «لەزەتخانە»یەدا روویداوە، تەعەداکردن و ژێرپێنانی سەرجەمی ئەو دەسکەوتە ئینسانییە گەوارانەیە کە مرۆڤایەتی بەدرێژایی زیاد لە دوو سەدەیە بەدەستیهێناوە، لە ناویاندا، وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن رێز و خاوەن کەرامەت، لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتداران، حوکمى یاسا، پاراستنی ژیان لە فۆرمە جیاوازەکانیدا، بەرگریکردن لە ئازادیی و خۆشگوزەرانیی، هتد... ئەوەی لەم «لەزەتخانە»یەدا روویدا ،فرێدانی سەرجەمی ئەم بەها و دەستکەوتە ئینسانیە گرنگانەیە  بۆناو تەنەکەی خۆڵی دەسەڵات و سەرمایە.  «لەزەتخانە»کەش، وەک ووتم، دەرەنجامی بوونی چەند کەسێکی خراپ و بێهۆش و تاوانبار نییە، بەڵکو پەیوەستە بە شێوازی کارکردنی بەشە تاریک و ترسناکەکانی سیستمە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەلایەتییەکانی جیهانی ئەمڕۆوە. هاوکات ئەم «لەزەتخانە» یە  تەنها ماشێنی لێخوڕینی ئەم یان ئەو سەرۆکی ئەمریکا نییە، بەڵکو شوێنی چێژکڕینی نوخبەیەکی بەجیهانیبووە، لە ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا و لەوانیشەوە بۆ ژمارەیەک لە شازادەکانی وڵاتانی خەلیج، بە تێپەرین بەناو هەندێک لە ئەستێرەکانی بواری مۆسیقا و وەرزش و سینەمادا. 
خاڵێکی پۆزەتیڤ لەم ساتەدا مابێتەوە توانای کۆمەڵگا خۆرئاواییەکانە لە ئاشکراکردن و باسکردن و لێپرسینەوە لەم تاوانانە. ئەم کۆمەڵگایانە تا ئێستاش توانا و یاسا و دەزگا و ئیرادەی رێگرتن و سزادانی ئەم جۆرە تاوانانەیان تێدایە. ئەوەی ئێستا لە ئەمریکادا دەیبینین کەوتنەکاری ئەم توانا دیاریکراوانەیە. هاوکات ئەوەی لەم ساتەدا سەرجەمی مرۆڤایەتی وەک ئەرکێک لەسەرشانی بێت، گاڵتەکردن نییە بەو بەها و یاسا و دەزگا و دەسکەوتانەی مرۆڤایەتی لە دوو سەدەی رابردوودا بەدەستی هێناوە، وەک هەندێک لە ئایدۆلۆژیستە بەدحاڵەکانی لای خۆمان ئەنجامیئەدەن، بەڵکو پێداگرتنەوەیەکی بۆژانەی بەهێزە لەسەر ئەو بەها و نرۆم و مافانەی پێمان دەڵێن  هەندێک شت ناتوانرێت وەک کاڵا مامەڵەبکڕین و کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکرێت. لەوانەش بەر لە هەمووشتێک ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکانە وەک مرۆڤ. ئەوەی دەبێت ڕووبدات قسەووتن و هێڕشکردنە سەر بەها و دەسکەوتە ئینسانییەکانیان نییە بەناوی ساختەبوونیانەوە، بەڵکو بەرگریلەکردنیانە وەک ئامرازی سەرکەوتن بەسەر ئەو بەشە ناشیرینانەی جیهاندا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand