دوای 30 لە حکومڕانی .. سندوقی خانەنشینی دروستدەكرێت
2021-12-21 06:38:37
شیكاری: درەو
دوای دووساڵ لە پەسەندکردنی یاسای چاکسازی و سی ساڵ لە حوكمڕانی، سندوقی خانەنشینی درووست دەكرێت، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (250) هەزار کەس بە ڕێژەی (22%) بەناوی خانەنشینی مووچە وەردەگرن كە موچەی مانگێكیان (116 ملیار) دینارە، هەموو موچەخۆری مانگانە بڕی 7%لە موچە بنەڕتیەكەی دەبڕێت، بەڵام تا ئێستا نەكراوەتە هیچ سندوقێكەوەو موچەخۆر لەدوای خانەنشین بوونی سودمەند نابێت لێی.
خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان
كۆمەڵێك بە نایاسایی و كۆمەڵێكی دیكە بە نادادپەروەرانە هاوشان بە خانەنشینانی هەرێم بەناوی جیاجیاوە موچە وەردەگرن، ئەوە سەرەڕای جیاوازی گەورەی موچەی خانەنشینی كە لە 200 هەزارەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە زیاتر لە 6 ملیۆن دینار.
بەشێكی زۆری ئەو جیاكاری و نادادیانەی لەنێوان خانەنشیناندا دروستبووە پێشتر بەم یاسایانەی لای خوارەوە كراون دەیان یاسای جیاواز لە هەرێمی كوردستاندا كاری پێكراوە و بەپێی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە (یاسای چاكسازی لە مووچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان - عێراق) بەشێكیان هەڵدەوەشێنەوە ئەو یاساینەش بریتین لە:
• یاسای خزمەتی شارستانی (ژمارە 24 ساڵی 1960)ی هەمواركراو.
• یاسای خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ژمارە 12 ساڵی 1999).
• یاسای خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان (ژمارە 13 ساڵی 1999).
• یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (36 ساڵی 2004).
• یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ( ژمارە 27 ساڵی 2006 ) عێراقی فیدراڵ هەمواركراو.
• یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە ( ژمارەی 33 ساڵی 2007).
• یاسای كەم ئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەر ( ژمارە 34 ساڵی 2007).
• یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ( ژمارە 38 ساڵی 2007 ).
• یاسای ڕاژەی زانكۆیی ( ژمارە 23 ساڵی 2008 )ی فیدراڵ.
• یاسای مووچەی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی ( ژمارە 27 ساڵی 2008) فیدراڵ.
• خانەنشینی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بەپێی یاسای پارێزگاكان (ژمارە 3 ساڵی 2009).
• یاسای مووچە و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی (ژمارە 13 ساڵی ٢٠١٠).
• یاسای ڕاژە و خانەنشینی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ( ژمارە 18 ساڵی 2011)
بەپێی ئامارەكان و سیستەمی بایۆمەتری جگە لە هێزەكانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و سودمەندانی دەرماڵەی زانكۆ و پەیمانگاكان(لە ئێستادا ڕاگیراوە) كە بایۆمەتریان بۆ نەكراوە (1) ملیۆن و (219) هەزار و (922) كەس لە سیستمەكەدا تۆمار كراون، بڕوانە چارتی ژمارە (1). لەو ژمارەیە (251) هەزارو (575) كەس بە ڕێژەی (22.4%) بەناوی خانەنشینی مووچە وەردەگرن كە پێكهاتوون لە خانەنشینانی (فەرمانبەرانی شارستانی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، كارمەندانی دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش، خانەنشیانی پێشمەرگە، كەم ئەندامی سەنگەر، پلە باڵاكان)
بڕی مووچەی یەك مانگیان زیاتر لە (116 ملیار) دینارەو گومان لە دوو لەسەر سێی ژمارەی خانەنشینان دەكرێت. پسپۆڕانی ئابووری كوردستان ڕای دەگەیەنن، لیستی خانەنشینی لە كوردستان یەكێكە لەو فایلانەی گەندەڵی كە ناڕوونی زۆری تێدایە. خەڵكانێكی زۆر هەن كە بە پلەی وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون، بەڵام تەنیا ڕۆژێكیش نە وەزیر بوون نە بەڕێوەبەری گشتی نە ڕاوێژكار. هەر بەپێی زانیارییەكان ئەو كەسانەی لە كوردستان بە پلەی وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پەرلەمانتار و ڕاوێژكار خانەنشین كراون، دەگەنە پێنج هەزار كەس.
ئاماری بایۆمەتری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جگە لە هێزەكانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و سودمەندانی دەرماڵەی زانكۆ و پەیمانگاكان كە بایۆمەتریان بۆ نەكراوە
سندوقی خانەنشینی
بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ( ژمارە 27 ساڵی 2006 )ی هەمواركراو تێێدا هاتووە:
بەشی شەشەم تایبەت بە سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی دەوڵەت ماددەی 18 بڕگەی دووەم "سندوقێك دادەمەزرێت بەناوی (سندوقی خانەنشینی فەرمانبەری دەوڵەت)" و لە بڕگەی سێیەمیشدا هاتووە "ئەم سندوقە بەڕێوەدەبرێت لەلایەن ئەنجومەنێكی كارگێڕی كە ئەندامان و پێكهاتەكان و كارەكانی و بەڕێوەچوونی كاروبارەكانی و بوارەكانی وەبەهێنانی پارەو پوڵی، دیاری دەكرێت...." لە بڕگەی چوارەمدا هاتووە كە داهاتەكانی ئەم سندوقە پێكدێت لە:
أ. بڕە پارەی ڕاگیراوەكانی خانەنشینی كە دەبڕدرێت لە موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت .
ب. بەشداریكردنی دەوڵەت بە ڕێژەیەك یەكسان بێت بە 12%ی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت.
ج. بڕە پارەكانی ڕاگیراوەكانی خانەنشینی كە فەرمانبەر دەیدات بەرامبەر بە ئەژماركردنی خزمەتە زیادەكانی بە مەبەستی خانەنشینی.
د. بڕە پارەكانی هاتوو لە وەبەرهێنانی پارەو پوڵی سندوقەكە.
ه. بڕە پارەكانی موچەكانی خانەنشینی خەرجكراو بەدەر لە حكومەكانی ئەم یاسایە، بۆ ئەوانەی ئیحالەی خانەنشینی كراوەو پاش 17/1/2006 و وەزارەتی دارایی هەڵدەستێت بە گێڕانەوەی بڕە پارەكان بۆ سندوقەكە ساڵانە.
و. بەخشینەكان و هاوكارییەكان كە وەزارەتی دارایی پێشكەشی سندوقەكە دەكات.
ز. بەخشینەكان و دیارییەكان لە ناوەوەی عێراق و ئەگەر لەدەرەوەی عێراق بێت، پێویستە ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار وەربگیرێت.
پێنجەم: دانانی گشت لێبڕینەكانی خانەنشینی لە فەرمانبەران دەبڕدرێت، دەخرێتە ناو سندوقەكەوە...
شەشەم: بەخشینێكی ساڵانە كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خەرج دەكرێت بەناوی (بەخشینی هاوكاریكردنی سندوق)....
حەوتەم: لەم سندوقە گشت موچەكانی خانەنشینی و پاداشتەكانی كە شایستەدار دەبن پاش ڕێكەوتن و جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانەی كە حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە.
بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە بۆ خانەنشیانان و موچەخۆران، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 15 ساڵ بەسەر ئەم یاسایەدا سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی فعلی دروست نەكراوەو یەك دیناریشی كۆنەكراوەتەوە ئەمە سەرەڕای ئەو لێبڕینانەی حكومەت بەناوی لێبڕینی خانەنشینییەوە 7% لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت.
لە ئێستاشدا بەپێی یاسای چاکسازی ژمارەی (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠، ماددەی (١) بڕگەی (سێیەم) هاتووە "کاراکردن و پشتیوانی کردنی دارایی سندوقی خانەنشینی، و ڕێگرتن لە هەر خەرجییەک لەسەر سندوقەکە جگە لەوە مەبەستانەی یاسای خانەنشینی کارپێکراو ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦ لە هەرێمدا، ئاماژەیان پێکراوە.
هاوکات وەزارەتی دارایی ڕێنمایی ژمارە (٢٤)ی تایبەت بە سندوقی خانەنشینی دەرکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیک لە دوو ساڵ بەسەر پەسەندکردنی یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، دوای ئەوەی رۆژی 29/07/2021، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان، پەیڕەوی ناوخۆی بۆ سندوقی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەسند کرد، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێکهێنانی ئەنجومەنی سندوقی بەڕێوەبردنی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی كوردستان، (وێنەیەکی هاوپێچە) كە لە 15/12/2021 دەرچووە، هاتووە: "ئاماژە بە پەیڕەوی ناوخۆی سندووقی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان – عێراق، ژمارە 7ی ساڵی 2020 و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بڕیارمان دا بە پێکهێنانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینی"
بە سەرپێکەوەتنی سندوقەکەش مانگانە زیاتر لە 100 ملیار دینار لە خەرجی موچەی گشتی حکومەت .