حكومەتی هەرێم زیاتر لە (400 ملیار) دیناری لەبەردەستدایە
2021-12-22 11:36:40
درەو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا (400 ملیار) دیناری لەبەردەستدایەو دەستبەدابەشكردنی موچەی مانگی (12) دەكات لە وادەی خۆیدا(25/12) و پێش سەری ساڵ موچەی چوار وەزارەت دابەش دەكات كە بڕەكەی زیاتر لە (350 ملیار) دینارە
سەرچاوەیەك لە حكومەتی بە (درەو)ی راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان (360 ملیار) دیناری داهاتی نەوت و بڕێكی باش داهاتی ناوخۆی هاتووەتە بەردەست بۆیە لە 25/12 موچەی مانگی (12)ی وەزارەتەكانی ( ناوخۆ، پێشمەرگە، تەندروستی، دارایی) دابەشدەكات، بڕی موچەی ئەو وەزارەتانەی حكومەت دیاری كردووە پێش سەری ساڵ موچەیان بەسەردا دابەشبكات:
وەزارەتی ناوخۆ: 178 ملیار دینار
وەزارەتی پێشمەرگە: 133 ملیار دینار ( بە لیوا هاوبەشەكانیشەوە)
وەزارەتی تەندروستی: 11 ملیار دینار
وەزارەتی دارایی: 50 ملیار دینار
كۆی گشتی: 372 ملیار دینار
حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێك پارەی نەوتی بۆ گەڕاوەتەوە كە (360 ملیار) دینارەو لەگەڵ داهاتی ناوخۆ لە ئێستادا پارەی بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە زیاتر لە (400 ملیار) دینارە.
مانگانە لە داهاتی نەوت (510 ملیار) دینار دەخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە، لە ئێستادا (360 ملیار) دینار خراوەتە بەردەستی و (150 ملیار) دینار ماوە لە پارەی نەوت بۆ موچە.
لە ئێستادا داهاتی ناوخۆ مانگانە نزیكەی (380 ملیار) دینارە، بەشێكی بۆ خەرجی و بەشێكی دەخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە.
لە سلێمانی پێویستە مانگانە (70 ملیار) دینار بۆ موچە بخرێتە بەردەستی وەزارەتی دارایی، لە هەولێر و دهۆكیش (120 ملیار) دینار بۆ موچە.
لە ئێستادا تیمێكی چاودێری دارایی عێراق هاتونەتە هەرێمی كوردستان بۆ راپۆرتی كۆتایی سەبارەت بە خەرجی و داهاتی هەرێمی كوردستان، لە مادەی (11)ی یاسای بودجەی عێراقدا ئاماژە بەوە كراوە كە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە.