نووسین: فاتیح موسلو وەرگێڕان: هێمن محەمەد قادر سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی - گۆڤاری ئاییندەناسی پوختە لەم توێژینەوەیەدا کاریگەریی کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی(OVAKÖY) لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هەرێمی تورکیا؛ بەوردی شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە. پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی لەگەڵ ئەوەی پڕۆژەیەکی نوێ نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەم ماوانەی دواییدا دووبارە هاتۆتەوە بەر باس و بووە بە پرسێکی هەنووکەیی. زۆرێک لە بەرپرسان لە کاتی باسکردنی ئەم خاڵە سنوورییەدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پێویستە بە زووترین کات دەست بە کارکردن لەم پڕۆژەیەدا بکرێت. لە دۆخی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەدا، لە زۆر ڕووەوە کاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و بەغداد دادەنێت. لە ڕووی ئابوورییەوە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەسەندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراق، لە ڕێگەی پێکەوەبەستنی هەردوو وڵات لە ڕێگای هێڵێکی ڕاستەوخۆوە. بونیادنانی خاڵێکی سنووری نوێ کە ببێتە جێگرەوەی خاڵی سنووریی «خابور»، هەر بەتەنیا نابێتە هۆی کەمکردنەوەی کرێی گواستنەوە، بەڵکوو لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕی دوو لایەنە و زیادبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ناوچەکە. جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، بێگومان ڕەنگدانەوەی سیاسییشی دەبێت. ئەم دۆخە نوێیە لەپاڵ کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، لە هەمان کاتدا چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان(١) لە لایەک و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش لە لایەکی دیکەوە هەبێت. بونیادنانی هێڵێکی بازرگانیی نوێ و پاراستنی ئاسایشی ئەم هێڵە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە کە لە ئۆڤا کۆییەوە تا بەغداد درێژ دەبێتەوە، لەپاڵ زیادبوونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، ڕێگا بۆ چالاکبوونی زیاتری تورکیاش لە ناوچەکە خۆش دەکات. چالاکبوونی زیاتری تورکیا لە ناوچەکە و بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، ڕێگە بۆ پێداچوونەوە و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا خۆش دەکات. گەر بێتوو لە ڕوانگەی هاوسەنگیی سیاسییەوە لە نێوخۆی عێراقدا بنۆڕینە ئەم دۆخە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەنکەرە و بەغداد، پێگەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەهێزتر دەکات. بەم جۆرە لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، جێگیری و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، دەبێتە هۆی دانانی خاڵی دەستپێکێکی نوێ لە بەگژداچوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (K.K.P) لە ناوچەی شەنگال، کە ماوەیەکی درێژە گفتوگۆی لە بارەی ئەنجامدانی چالاکی لەو ناوچەیە دەکرێت. بەرایی ئۆڤا کۆی لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە نزیک خاڵی سنووریی خابور لە ناوچەی بەیەکگەیشتنی سنووری نێوان دەوڵەتانی تورکیا، عێراق و سووریا. ئەم ناوچەیە لە ڕووی جیۆپۆلەتیکەوە بە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگ دادەنرێت. لە بەری ئەم بەرەوەی ناوچەی ئۆڤا کۆی، ناوچەی «فیشخابور» دێت کە دەکەوێتە نێو سنووری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. ماوەیەکی درێژە تورکیا پرسی کردنەوەی خاڵێکی سنووریی نوێی لە ڕێگای دەروازەی ئۆڤا کۆییەوە لەگەڵ عێراقدا هێناوەتە بەر باس و بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجەش، لە پەیوەندیی بەردەومدایە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا(1). جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، دەرفەتی کرانەوەی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق لە ڕێگای هێڵێکی ڕاستەوخۆوە دەڕەخسێنێت. بەگوێرەی لێکدانەوەکان، ئەم ڕێگا بازرگانییە بە ناوچەکانی ئۆڤا کۆی، فیشخابور، تەلەعفەر، موسڵ و بەغدادا تێدەپەڕێت و تاوەکوو بەسڕە لە باشووری عێراق درێژ دەبێتەوە. ئەم کارەش دەبێتە هۆی ئازادکردنی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە خاڵی سنووریی خابور کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە، لە هەمان کاتدا دەرفەت بۆ هەردوو وڵات دەڕەخسێنێت تاکوو بە شێوازێکی باشتر مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن. لە ڕووی سیاسییشەوە، پێویستە چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ئەم پڕۆژەیە کۆمەڵێک دەرهاویشتەی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێتە كایەوە. ئەم پڕۆژەیە لە سەرەتادا دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، تاکوو پێگەی خۆی بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات. ئەم بابەتە لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە گرنگیی زیاتری بەدەست هێناوە، بەتایبەتی دوای ئەنجامدانی گشتپرسی، بە مەبەستی سەربەخۆیی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە 25/9/2017. زیاد لەوەش دابینکردنی ئاسایش بە درێژایی ئەم هێڵە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، دەبێتە هۆی فراوانکردنی ڕووبەری دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی و بەهێزکردنی پێگەکەی لە ڕووی سیاسییەوە لە نێوخۆی عێراقدا. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لەسەر حکومەتی بەغدا كە ئاسایشی ناوچەکانی موسڵ و تەلەعفەر بپارێزێت، کە ژمارەیەکی زۆر لە شانە نووستووەکانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و گرووپە جیاوازەکانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لەخۆ گرتووە، بە پێچەوانەی ئەمەوە تەنانەت بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیەش، کێشەی ئەمنی لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت. گەر لە ڕوانگەی تورکیاوە بنۆڕینە ئەم بابەتە، ئەوا بونیادنانی هێڵێکی نوێی بازرگانی کە لەلایەن هەردوو وڵاتەوە پارێزگاریی لێ بکرێت، بە هۆی سەقامگیریی زیاتری سنوورەکانی باشووری تورکیا، دەرگا بۆ کۆمەڵێک پەرەسەندنی نوێ دەکاتەوە. پاش ئەوەی ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، تورکیاش دەتوانێت کۆمەڵێک هەنگاوی نوێ بنێت بۆ بەگژداچوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ تێکشکاندنی ئەم ڕێكخراوە و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ناوچەکە کە لەلایەن ئەم پارتەوە دەقۆزرێتەوە. کۆنترۆڵکردنی ناوچەی شەنگال کە بە خاڵی سەرەکیی پێکەوەبەستنەوەی قەندیل و باکووری سووریا دادەنرێت، لە پلانی ماوەدرێژی تورکیادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، چانسێکە کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت دەستبەرداری بێت. ئەم توێژینەوەیە لە سێ بەش پێک هاتووە: لە بەشی یەکەمدا تیشک خراوەتە سەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، ئەو هۆکارانە خراونەتە ڕوو کە کار دەکەنە سەر پەیوەندیی دوو لایەنەی نێوان هەردوو وڵات. لە بەشی دووەمدا کاریگەرییەکانی کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و ڕۆڵی ئەم پڕۆژەیە لە ڕووی ئابووری و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکە خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لە بەشی سێیەم و کۆتاییشدا تیشک خراوەتە سەر کاریگەریی ناوچەی شەنگال و پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕوانگەی ئاسایشی تورکیاوە. پەیوەندیی بازرگانیی دوو لایەنەی تورکیا و عێراق لە ڕووی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانییەوە، عێراق بە یەکێک لە گرنگترین ئەو وڵاتانە ئەژمار دەکرێت کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ تورکیادا هەیە و جێگەی گرنگیپێدانی ئەو وڵاتەیە. بە ڕوانین لە قەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەم ساڵانەی دواییدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم پەیوەندییانە گەشەسەندنی دیاری بەخۆیەوە بینیوە. لە کاتێکدا قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای تورکی بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥، تەنیا نزیکەی ٧٥,٢ ملیار دۆلار بووە، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٧ قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای تورکی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بۆ نزیکەی ١,٩ ملیار دۆلار بەرز بۆتەوە(2). وەک دەبینین لە ماوەیەکی کەمدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بە هۆی پلانی گونجاو و پەیڕەویکردنی سیاسەتی دۆستانەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و چاوەڕوانی گەشەسەندنی زیاتریشی لێ دەکرێت(3). بەتایبەتی پاش پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، بەردەوامیی کردەوە توندوتیژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو تاکوو ساڵی ٢٠١٠، زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ئابووریی ئەو وڵاتە گەیاندووە. هەوڵدان بۆ دووبارە بونیادنانەوە و سڕینەوەی شوێنەواری ئەو کاولکارییانە لە ڕوانگەی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە، دەرفەتێکی گونجاوە بۆ زیاتر پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئەو پەیوەندییانە. گەر بێتوو هەنگاوی پێویست لەم بارەوە بنرێت، ئەوا بێگومان بە سوودی هەردوو وڵات کۆتایی دێت. لەم ساڵانەی دواییدا هەندێک ڕووداو کاریگەرییان هەبووە لەسەر چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، لەوانە: سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکە، هۆکار بوو بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات. دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و فراوانبوون و درێژبوونەوەی نفوزی دەسەڵاتی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە تاوەکوو بەغدا، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ نەمانی ئاسایشی ڕێگا وشکانییەکان و وەستانی جموجووڵ و چالاکیی ئابووری و بازرگانی. بەر لە سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کۆمپانیا تورکییەکان لە ڕێگەی هێڵی زاخۆ، موسڵ، تکریت، بەغداد و بەسڕەوە، کاڵا و کەلوپەلەکانیان دەگواستەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق. بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ساڵی ٢٠١٤ لەسەر خاکی عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی سەر بەم ڕێکخراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە، ڕێگای زاخۆ-موسڵ–تکریت–بەغداد-بەسڕە چیتر پارێزراو نەبوو بۆ ئەنجامدانی کار و جووڵەی بازرگانی. بۆیە کۆمپانیا تورکییەکان ناچار بوون کە چالاکییە بازرگانییەکانیان لە ڕێگەی هێڵی زاخۆ، دهۆک، هەولێر، کەرکووک، بەغدا و بەسڕەوە بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەنجام بدەن. واتە ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوون، چیتر بۆ ئەنجامدانی چالاکیی بازرگانی بەکار نەدەهێنرا. بە درێژایی ئەم ماوەیە، چالاکییە بازرگانییەکانی تورکیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ڕێگای خاڵی سنووریی خابورەوە بەردەوام بووە و هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ ڕووی نەداوە تێیدا کە جێگەی باس بێت. لە قۆناغی یەکەمدا چالاکییە بازرگانییەکان لە ڕێگەی هێڵی زاخۆ و دهۆک و هەولێرەوە ئەنجام دەدرا، لە قۆناغی دواتردا تورکیا چالاکییە بازرگانییەکانی لەم هێڵەوە بەرەو سلێمانی و خانەقین و لەوێشەوە بەرەو ناوچەکانی بەغداد و بەسڕە درێژ کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و جیاوازیی بڕی گومرگ بۆ هەر جۆرە کاڵایەکی دیاریکراو، بۆتە هۆکاری زیادبوونی کرێ و درێژبوونەوەی ماوەی گواستنەوەی کەلوپەل و کاڵا هەناردەکراوەکان، بە جۆرێک ئەو کۆمپانیا تورکییانەی کە لە عێراق کار دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ململانێ سیاسییەکانی نێوخۆی عێراق بۆتە هۆی زیادبوونی خەرجییەکانیان. ئەم کۆمپانیایانە ناڕەزایەتییان نیشان داوە لەبەرامبەر وەستاندنی بارهەڵگرەکانیان بە درێژایی ڕێگاکان و چاوەڕوانیکردنیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە خاڵە گومرگییەکان. کۆمپانیا تورکییەکان، چ لە ئەنجامی ململانێ سیاسییەکانی نێوخۆی عێراقەوە بێت یاخود بەسنەبوونی خاڵی سنووریی خابور بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان، هەوڵیان داوە بۆ گرتنەبەری ڕێگای نوێ وەک شوێنگرەوەیەک بۆ خاڵی سنووریی خابور، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە ڕێگەی تێپەڕین بەو خاڵە سنوورییانەی کە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و ئێرانەوە کۆنترۆڵ کراوە. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە کۆمپانیا تورکییەکان لە ڕێگای بەکارهێنانی خاڵی سنووریی «جوربولاک» كە لە ناوچەی «ئاگری»ەوە دەچنە خاکی ئێران و دواتر لە ڕێگای خاڵی سنووریی «مێهران» لە خاکی ئێران، شمەک و کاڵاکانیان دەگوازنەوە بۆ عێراق. لە کاتێکدا ئەم هێڵە کە وەک جێگرەوەیەک بۆ خاڵی سنووریی خابور تەماشا دەکرێت، لە ڕووی درێژیی ماوەی ڕێگا و زۆریی خەرجیی گواستنەوەوە؛ کەمتر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی کاری بازرگانی. یەکێکی دیکە لەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی کۆمپانیاکانی هەناردەکردن دەبێتەوە، بریتییە لە گرفتی دڵنیایی جۆری و پشکنینی کوالێتی بۆ جۆری کاڵاکان و پێدانی بەڵگەنامەی ڕێگەپێدان بە مەبستی هاتنەناوەوە، ئەم کردارە بە «پشکنینی کوالێتیی کاڵا بەر لە گواستنەوە» ناسراوە. هەر چەندە تێکڕای شمەک و کاڵاکان لەلایەن پەیمانگای ستانداردی تورکییەوە بۆ کوالێتیی كۆنترۆڵ؛ بەڵگەنامەی ڕێگەپێدانیان هەیە، بەڵام ئەم بەڵگەنامانە لەلایەن هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندکراو نییە و گرفتی بۆ دروست دەکرێت. سەرباری ئەمە، هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ سیستمی جیاواز بۆ پشکنینی کوالێتیی کاڵاکان بەکار دێنن و پەیڕەوی لە سیستمێکی یەکگرتووی دڵنیایی جۆری ناکەن(4). دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی «Bureau Veritas» و «TÜV Rheinland»، بۆ کوالێتیی کاڵا کار دەکات(5). هەر چی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە (1/7/2017)ەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ کۆمپانیای «Intertek Test»دا گرێبەستی کردووە و پشت بە بەڵگەنامەی ڕێگەپێدانی ئەم کۆمپانیایە دەبەستێت بۆ هاتنەناوەی شمەک و کاڵا(6). کۆمپانیا تورکییەکان بەگوێرەی بڕی بەهای کاڵای گواستراوە، ناچارن بڕێکی دیاریکراو لە باج بدەن بەم کۆمپانیایانە لەبەرامبەر پشکنینی شمەک و کاڵاکانیان. بۆ نموونە؛ ئەگەر بێتوو بەهای کاڵای گواستراوە لەنێوان ١٠ بۆ ٦٠ هەزار دۆلار بێت، ئەوا پێویستە بڕی ٧٥٠ دۆلار بە کۆمپانیای «Intertek Test» بدرێت. بەڵام ئەگەر بێتوو بەهای کەلوپەل و کاڵاکان لەسەروو ١٠٠ هەزار دۆلارەوە بێت، ئەوا بڕی باجی دیاریکراو بۆ ١١٠٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە. تورکیا بۆ ڕێگریکردن لەم دۆخە، دەتوانێت لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا ڕێک بکەوێت و بڕی تێچوو لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی کەم بکاتەوە. بۆ نموونە؛ تورکیا بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی پەیمانگای ستانداردی تورکی بۆ کوالێتیی کاڵا لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقییەوە، دەتوانێت هاوکاریی عێراق بکات لە دامەزراندنی پەیمانگایەکی هاوشێوە لە ڕێگەی دابینکردنی پێدانی مەشقی پێویست و بونیادنانی ژێرخانی دامەزراوەکە. سەرباری هەموو ئەمانە، پێویستە تورکیا لە بازرگانیکردنی لەگەڵ عێراقدا خۆی لەو باجانە ڕزگار بکات کە لەلایەن دەسەڵاتە جیاوازەکانەوە سەپێنراوە. کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی وەک هێڵێکی بازرگانیی نوێ لەنێوان تورکیا و عێراقدا، خزمەتێکی باش بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە دەکات. واتە پێویستمان بە گرتنەبەری هەنگاوێکە، کە ئەنجامگیریی سیاسیی نوێ بەرهەم بێنێت و پێگە و دەسەڵاتی سیاسیی هەولێر لاواز بکات. یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراقدا هەیە، بریتییە لە ناجێگیری و بەرز و نزمیی نرخی نەوت. لە ٨٥٪ی بودجەی بنەڕەتیی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق، پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. بەرز و نزمیی بەردەوامی نرخی نەوت، وای کردووە بودجەی دەوڵەتی عێراق ناجێگیر بێت(7). بڕی بودجەی تەرخانکراوی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٨، بریتی بووە لە ٨٥ ملیار دۆلار، كە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلاری لە ڕێگای داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە هاتووەتە خەزێنەی دەوڵەت(8). لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧، بە هۆی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان و تەقاندنەوەی هەندێک لە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعشەوە، زیانێکی گەورەی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. بە جۆرێک لە ماوەی نێوان ئەم ساڵانەدا، عێراقی لە ملیارەها دۆلاری داهاتی نەوت بێبەش کردووە. پاش جێبەجێکردنی بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، دەوڵەتی عێراق لە مانگی ١١ی ساڵی (٢٠١٨)ەوە توانیویەتی داهاتی زیاتر دەست بخات لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکەوە بۆ بەندەری «جەیهان»ی تورکی لە ڕێگای هێڵی هەناردەی بۆریی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. سەرباری هەموو ئەو زیانانەی کە لە پێشووتردا بەر داهاتی نەوتی عێراق کەوتووە، ئەم دۆخە نوێیە گرنگییەکی زۆری هەبووە لە گەشەسەندنی ئابووریی عێراقدا. تەنها لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٨، دەوڵەتی عێراق لەبەرامبەر ناردنی ٢٦٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەندەری جەیهان، بڕی ١٦ ملیۆن دۆلار داهاتی دەست کەوتووە، لە هەمان ماوەدا عێراق بڕی ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بەسڕەوە هەناردە کردووە و توانیویەتی نزیکەی ٦ ملیار دۆلار بەدەست بێنێت(٩). ئەگەر بێتوو بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکووک بۆ ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرز ببێتەوە، وەک پلانی بۆ دادەنرێت، ئەوا لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەجێ دەهێڵێت. یەکێکی دیکە لەو پەرەسەندنانەی کە هۆکار بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هێز و خراپیی دۆخی ئابووری لە عێراق، بریتییە لەو گشتپرسییەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی سەربەخۆیی لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ ئەنجام درا، كە ئەمەش بە سوودبینین بوو لەو بۆشاییە سیاسی و کارگێڕییەی کە لە ئەنجامی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دەسەڵاتی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە ناوچەکە دروست ببوو. هاوتا لەگەڵ ئەنجامدانی گشتپرسیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گەڕانەوە بۆ مادەی ١٤٠ لە دەستووری فیدراڵیی عێراق، شاری کەرکووکی خستە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە، بەو پێیەی کەرکووک بەشێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان(10). بەم شێوەیە داهاتی نەوتی دەرهێنراوی کەرکووک لەبریی دەوڵەتی ناوەندی؛ کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی هەولێرەوە، بەڵام پاش ئەوەی هێزەکانی سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ توانییان ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەنەوە کە لەژێر دەستی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوو، کەرکووکیان گەڕاندەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق. ئەم ڕووداوانە سەرباری ئەوەی بوون بە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی مەسعوود بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ هەریەک لە تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق گەیاندە خاڵی بنبەست. پاش هاتنەئارای ئەم دۆخە نوێیە، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ڕادەست بکات، بەڵام ئەم داوایەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەت کرایەوە. زیاد لەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەڕمی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە هەر جۆرە دەستتێوەردانێک ڕەت دەکاتەوە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆنۆمییەکەی(11). لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئاڵۆزیی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، کاریگەریی خراپی هەبووە بۆ سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق. بۆ نموونە؛ لە ئەنجامی ئەو لێکتێنەگەشتنانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە، لە ئێستادا لەنێو خودی عێراقدا زیاد لە باجێکی گومرگی وەردەگیرێت. دەسەڵاتی كارگێڕیی بەغداد بە دانانی خاڵی گومرگیی زیادە لەسەر ڕێگای هەولێر-کەرکووک و سلێمانی-کەرکووک، جگە لەو باجەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرگیراوە، دووبارە باج لەو شمەک و کاڵایانە وەردەگرێتەوە کە لە دەروازە سنوورییەکان هەرێمەوە هاوردەی عێراق دەکرێت. ئەنجامی ئەم جۆرە مامەڵەیە، سەپاندن و وەرگرتنی باجی گومرگییە لە دوو جێگەی جیاواز لە نێوخۆی یەک وڵاتدا، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی دەبێت بۆ سەر زۆرێک لەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری هەناردەکردندا کار دەکەن. لەگەڵ ئەوەی کاربەدەستانی هەردوو لا لە چەندین بۆنەدا بەڵێنی ئەوەیان داوە کە خاڵە گومرگییەکان کەم بکەنەوە بۆ یەک خاڵ و کار بۆ پەیڕەوکردنی شێوازێکی گومرگیی هاوبەش بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نەتوانراوە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت(12). سەرباری هەبوونی خاڵە گومرگییەکان، کۆمپانیاکانی هەناردەکردن کە لە ناوچەکەدا کار دەکەن، جەخت لەوە دەکەنەوە لە کاتی گواستنەوەی بەرهەمەکانیان، ڕووبەڕووی کردەوەی توندوتیژ دەبنەوە، ئەمەش لە ڕووی دەروونی و ئابوورییەوە دەبێتە هۆی دروستکردنی گرفت بۆیان. تەنانەت لە هەندێک لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، شۆفێرە تورکەکان لەلایەن هەندێ گرووپی چەکدارەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە و بەزۆر سەرانەیان لێ وەر دەگیرێت. سەرباری سەرجەم هەوڵەکانی کەناڵە فەڕمییەكانی تورکیا لەگەڵ هەریەکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتانە، بەڵام تا ئێستا سەرجەم هەوڵەکان بێسوود بوون و بەردەوامیی ئەم دۆخەش؛ زیان بە بازرگانیی تورکیا لەگەڵ عێراق دەگەیەنێت. لە ئێستادا پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کەوتۆتە ژێر کاریگەریی چەندین هۆکار، لەوانە: کێشەی ئەمنی و ناسەقامگیریی ناوچەکە، قەیران و ململانێ سیاسییەکانی نێوخۆی عێراق، کە بە شێوەیەکی دیار کاری کردووەتە سەر پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان. تورکیا بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لەم کاریگەرییانە، پێویستە بەدوای دەروازەیەکی نوێدا بگەڕێت. لەم ڕووەوە پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی زۆر بەسوود دەبێت، ئەم پڕۆژە یارمەتیی تورکیا دەدات تا بە شێوەیەکی ئاسانتر دەستی بگات بە نێوخۆی عێراق. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، پێویستە پاش ئەوەی حکومەتی تورکیا ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکات کە دەکەوێتە سەرشانی، دەوڵەتی ناوەندیی عێراقیش بە ئەرکی خۆی هەستێت و هەنگاوی هاوشێوە بنێت بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە. بە مانایەکی تر: بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت بۆ سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە. بەگوێرەی ئەو پێشنیارەی کە تورکیا بۆ حکومەتی عێراقی کردووە، ئەم خاڵە سنوورییە لە ئۆڤا کۆییەوە دەست پێ دەکات و پاش تێپەڕین بە ناوچەکانی تەلەعفەر و موسڵ تاوەكوو بەغداد و بەسڕە درێژ دەبێتەوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت هەردوو لا لە ڕێگەی هێڵێکی ڕاستەخۆوە پێکەوە ببەسترێنەوە، بەبێ ئەوەی پشت بە هەرێمی کوردستان ببەسترێت. لەبەرامبەر ئەمەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق لە ڕێگای خاڵی سنووریی خابورەوە بەردەوام بێت و لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بمێنێتەوە. بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی کە پێی وایە دەروازەی سنووریی خابور بەس نییە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان تورکیا و عێراقدا، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێویست بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی دیکە ناکات و دەتوانرێت لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی خابورەوە بەردەوامی بە چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدرێت. بەڵام ئەگەر بێتوو لە ڕوانگەی تورکیاوە سەیری دۆخەکە بکەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە چالاکیی بازرگانیی ساڵانە بە بەهای ملیارەها دۆلار لەنێوان دوو وڵاتدا بەتەنیا لە ڕێگای یەک دەروازەی سنوورییەوە، کارێکی پڕ گرفتە و خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە ناکات. سەرباری ئەمە، جێبەجێکردنی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هێزە چەکدارەکانی تورکیا و سوپای عێراق، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش. لە ڕێگەی گرتنەبەری ئەم هەنگاوە هاوبەشانەوە، لەپاڵ زیادکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە كە لە ڕێگەی فشار خستنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەتوانرێت هەوڵەکانی دەسەڵاتی کوردی بۆ سەربەخۆیی بوەستێنرێت. وەک ئەوەی زۆرێک لە سەرکردە سیاسیەکانی بەغداش ئاماژەی بۆ دەکەن، گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژموون و نفوزی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەبەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەر چەندە لەپاش گشتپرسیی هەرێمی كوردستان، «مەسعوود بارزانی» لە ڕێگەی سەردانیکردنی بۆ بەغدا؛ هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادی دابێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغداد پێیان وایە پێویستە سوور بن لەسەر هەڵوێستە توندەکانیان بەرامبەر بارزانی(13). بە کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، جگە لە تورکمانەکانی ناوچەی موسڵ و تەلەعفەر، تورکمانەکانی کەرکووکیش دەتوانن سوودمەندبن لە جووڵە و چالاکییە بازرگانییەکانی ناوچەکە. ئەو هەنگاوانەی کە تورکیا دەیگرێتە بەر بە مەبەستی پاراستنی ئەم هێڵە، لە ماوەیەکی درێژدا دەبێتە هۆی زیادبوونی دەسەڵات و نفوزی تورکیا لە ناوچەکە. لە کاتی هاتنەئارای پڕۆسەی دووبارە ئاوادانکردنەوە و بونیادنانەوەی ئەو ناوچە سوننەیانەی کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە زیانیان بەر کەوتووە، دووبارە کاریگەریی تورکیا لەسەر دانیشتووانی سوننیی ناوچەکە دەردەکەوێتەوە. بێگومان ئەم دۆخە کاریگەریی دیاری دەبێت لە ڕێگریکردن لە بەردەوامیی هەژموونی دەسەڵات و فراوانخوازیی شیعە لە ناوچەکە. کاریگەریی پڕۆژەی ئۆڤا کۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، لە زۆر ڕووەوە کاریگەریی دەبێت بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق. گەر لە ڕووی ئابوورییەوە لەم پڕۆژەیە بڕوانین، ئەوا بێگومان دەبێتە هۆی پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەت دوای ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا ئەم پەیوەندییانە نزیکبوونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕوانگەی تورکیاوە، عێراق بە یەکێک لە گرنگترین دەوڵەتە هاوردەکارەکانی ناوچەکە دادەنرێت. لە ڕوانگەی عێراقەوە، تورکیا لەپاڵ هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چین و هیندستان بە یەکێک لە گرنگترین دەوڵەتە بازرگانییەکانی جیهان دەژمێردرێت(14). سەرباری هەبوونی ئەم دەرفەتە باشە لە بواری کار و بازرگانیدا، بەڵام نەبوونی چەند دەروازەیەکی سنووری بۆ گەیاندنی بەرهەمەکان بە عێراق، بە مەبەستی دابەشکردن و ساغکردنەوەیان، گرفتی لەبەردەم کار و جووڵەی بازرگانیدا دروست کردووە. گواستنەوەی شمەک و کاڵاکان بۆ عێراق، لە ڕێگەی وشکانییەوە ئەنجام دەدرێت. بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە بە هۆی بارودۆخی ئەمنیی عێراق، وەرگرتنی باجی گومرگی لەلایەن هەریەک لە هەولێر و بەغدادەوە، گەڕانەوەی بارهەڵگرەکان لە عێراقەوە بەبەتاڵی؛ دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە. لەبەر ئەوە کردنەوەی ڕێگایەک کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تورکیا و عێراق پێکەوە ببەستێتەوە، کارێکی زۆر گرنگە. کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی کە لەم ساڵانەی دواییدا زۆر باسی لێوە دەکرێت، لەم ڕووەوە کارێکی گرنگە. تورکیا لە ڕێگەی هێڵێکی ڕاستەوخۆوە کە بە ناوچەکانی ئۆڤا کۆی، تەلەعفەر و موسڵدا تێدەپەڕێت، دەرفەتی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەغدادا بۆ دەڕەخسێت. هەر چی عێراقیشە، بە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە، سەرباری ئەوەی لە ڕێگەی هێڵێکی ڕاستەخۆوە دەرفەتی پەیوەندیکردنی لەگەڵ تورکیادا بۆ دەڕەخسێت، لە هەمان کاتدا بە هۆی کەمبوونەوەی بڕی تێچووەوە، نرخی ئەو شمەک و کاڵایانەی کە لە تورکیاوە دێت، دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە کە دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی ئابووری بۆ هەردوو وڵات، پێویستی بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک مەرج هەیە. وەک دەزانرێت ئۆڤا کۆی دەکەوێتە ناوچەی «شرناخ»ەوە، ئەم ناوچەیە بە هۆی نزیکیی لە سنووری عێراقەوە، خاوەنی پێگەیەکی ستراتیژییە و دەکرێت ببێتە شوێنگرەوەیەک بۆ خاڵی سنووریی خابور. بەڵام بەری ئەوبەری ئەم خاڵە سنوورییە کە ناوچەی فیشخابورە، لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە. بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی کرداری بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە سەرەتا دەوڵەتی ناوەندیی عێراق فیشخابور بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و وەک هەنگاوی دواتر پێویستە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و عێراق سوور بن لەسەر وەرگرتنی هەڵوێستی هاوبەش بەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانەی کە بەم هۆیەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دێتە ئاراوە. وەرگرتنی هەڵوێستێکی لەم چەشنە، ڕەنگە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق کارێکی قورس بێت، بە هۆی ئەو فشارانەی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دەکرێتە سەری، لەبەر ئەوەی فیشخابور بە یەکێک لەو دەروازە سەرەکییانە دادەنرێت کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە بەکار دەهێنرێت بە مەبەستی ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ هێزەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (PYD)(15). لەبەر ئەم هۆکارە، پێویستە لە سەرەتادا چاوەڕوانیی ئەوە نەکرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڵوێستێکی ئەرێنیی هەبێت بەرامبەر کردنەوەی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، چونکه لە ئەنجامدا هەرێمی كوردستان لە چەندین ڕووی جیاوازەوە گرنگیی زۆری هەیە بۆ ئەمەریکا. لە دۆخی کردنەوەی هێڵی بازرگانیی «ئۆڤا کۆی»ی موسڵ، کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی ئەم هێڵەی پێدا تێدەپەڕێت لەلایەن تورکیا و عێراقەوە، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاتوچۆی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە. ناوچەکانی موسڵ و تەلەعفەر کە دەکەونە باکووری ڕۆژئاوای عێراقەوە، لە دیارترین ئەو ناوچانەن کە کاریگەریی شاڵاو و پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەسەر بووە. بەتایبەتی شاری موسڵ زۆری نەمابوو بەتەواوی وێران بێت، بە هۆی ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا بۆ سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش. لە ڕووی ئابوورییەوە ناوچەکە زیانێکی گەورەی بەر کەوتووە و بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی ئیدارەی موسڵ، دووبارە بونیادنانەوەی شارەکە پێویستی بە نزیکەی ٥٠ ملیار دۆلار هەیە(16)، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی تێکڕای عێراقیش، پێویستی بە ٨٨ ملیار دۆلارە .(17) بۆ ئەوەی دووبارە ئەم ناوچانە بخرێنەوە سەر نەخشەی بازرگانی، پێویستە بەبێ لەدەستدانی کات؛ وەبەرهێنان لە چەندین بواری جیاوازدا ئەنجام بدرێت، وەک بونیادنانەوەی ژێرخانی ناوچەکە، کردنەوە و پاراستنی ئاسایشی هێڵەکانی گواستنەوەی وشکانی و دابینکردنی جێگەی حەوانەوە. پڕکردنەوە و جێبەجێکردنی ئەم پێداویستییانە، دەبێتە هۆی دووبارە بونیادنانەوەی ئابووریی ناوچەکە و سەرلەنوێ بووژانەوەی. واتە تورکیا دەتوانێت لە پڕۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی موسڵدا، بەرپرسیارێتیی گرنگ لەئەستۆ بگرێت. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کردنەوەی هێڵێکی نوێی بازرگانی بۆ عێراق لە ڕێگەی «ئۆڤا کۆی»یەوە، یەکەمین هەنگاوی ئەم دووبارە بونیادنانەوەیە. لەپاڵ تێچووی ماددیی ئەم پڕۆژەیەدا، پێویستە گۆڕانی دیمۆگرافیای ناوچەکە بەهەند وەربگیرێت. ناوچەی موسڵ وەک دووەم گەورەترین شاری عێراق، بە یەکێک لە گرنگترین ناوچە سوننەنشینەکان دادەنرێت. بەر لە سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان؛ ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی نەینەوا نزیکەی ٣ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس بووە، لە کۆی ئەم ژمارەیە، نزیکەی ٦٥٪ی دانیشتووانی ناوچەکە لە عەرەبە سوننەنشینەکان پێک دێت. شاری موسڵ وەک ناوەندی ناوچەی نەینەوا و لە کۆی ئەو ژمارەی ئاماژەمان بۆ کرد، بە نزیکەی ٢ ملیۆن خێزان دادەنرێت(18). چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعش، هاوتا لەگەڵ جێگیرکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە، بۆتە هۆی هێنانەئارای گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی دانیشتووانی ناوچەکە. ئەو تورکمانە شیعییانەی کە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بەرەو ناوچەکانی بەسڕە و نەجەف کۆچیان کردبوو، پاش تێکشکانی داعش و دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، دووبارە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. لەبەرامبەر ئەمەدا، باس لە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی سوننەنشین دەکرێت(19). لەگەڵ تەشەنەکردنی مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە موسڵ و دەوروبەری، بەشێک لە هاوڵاتیانی سوننە مەزهەبی ناوچەکە ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا. پاش شکستی ڕێکخراوەکەش، بەشێکی کەم لەم هاوڵاتییانە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. لە کاتێکدا بە تێڕوانین لە پێکهاتەی مێژوویی و کولتووریی شاری موسڵ، لەپاڵ پێکهاتەی دیمۆگرافیی شارەکەدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە تورکیا دەتوانێت لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆرەوە، ڕووبەری نفوزی خۆی لە ناوچەکە فراوان بکات و گەشەی زیاتری پێ بدات. ئەو پڕۆژانەی کە بڕیارە بە هاوکاری و پشتیوانیی تورکیا لە ناوچەکەدا ئەنجام بدرێت لەپاڵ بووژانەوەی ئابووریدا، دەرفەت بۆ گەشەپێدانی لایەنی کۆمەڵایەتییش دەڕەخسێنێت. بۆیە پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیەکی گشتگیری وەک ئۆڤا کۆی؛ گۆڕانكاریی سیاسیی نوێ لەگەڵ خۆیدا بهێنێتە کایەوە. سەرباری ئەوەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەم قۆناغەدا نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلاری خەرج کردووە(28)، لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی کۆنترۆڵنەکردنی تەواوی هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانە بسەپێنێت. حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر لەگەڵ گرووپە تورکمانییە شیعەکاندا لە پەیوەندیدایە و لە ناوچەی شەنگالیش بەهاوبەشی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان کار دەکات(29). لەگەڵ کردنەوەی ئەم دەروازە سنوورییەدا، پێویستە دەوڵەتی ناوەندی دەسەڵاتی خۆی لەم ناوچانە بسەپێنێت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەم کارەش دوو ئەنجامی لێ دەکەێتەوە: یەکەم: دەوڵەتی ناوەندی دەتوانێت دووبارە دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانانە بسەپێنێت کە بۆشایی دەسەڵاتیان تێدا دروست بووە. دووەم: دەوڵەتی ناوەندی دەتوانێت گرووپە جیاوازەکانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم دوو خاڵەی سەرەوەدا، وەک تورکیاش ئارەزووی جێبەجێکردنیان دەکات، پێویستە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی هێڵی فیشخابور-تەلەعفەر-موسڵ هەستێت. پاش جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە، تورکیاش ئامادە دەبێت بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی و دابینکردنی هاوکاری بۆ سەرجەم ئەو بوارانەی کە پێویستە بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنی پڕۆژەکە، هەر لە دانانی پلانەوە تاکوو ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین جێبەجێکردن و سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە، بەستراوە بە شێوازی کارکردن و بەدەمەوەهاتنی دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە. دەوڵەتی ناوەندی بە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، دەتوانێت پێگەی سیاسیی خۆی بەهێزتر بکات. بێگومان کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی نوێ وەک شوێنگرەوەیەک بۆ خاڵی سنووریی خابور، دەبێتە هۆی دروستکردنی فشاری سیاسی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت ئەو هێزە سیاسی و ئابوورییەی کە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی چالاکییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراقەوە بەدەستی دێنێت، لەدەست بدات. بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر دەرفەتێکدا کە بۆیان دەڕەخسێت، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بابەتی کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی؛ هێڵی سوورە بۆ ئەوان. وەک ئاشکرایە پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی هەر بەتەنیا نابێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە هەمان کاتدا هێزی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات. بێگومان ئەم دۆخەش لە سوود و بەرژەوەندیی تورکیا دەبێت، چونکە بەهێزبوونی پێگەی سیاسیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق وا دەکات تورکیا بتوانێت بە متمانەی زیاترەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات. سەرباری هەموو ئەمانەش، بەهێزبوونی پێگەی دەوڵەتی ناوەندی زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکووری عێراق. ئەگەر بێتوو حکومەتی بەغداد بتوانێت کۆنترۆڵی ناوچەی شەنگال لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی بکات و ئاسایش لەم ناوچەیە بەرقەرار بکات، دەتوانرێت هەنگاوی گرنگ بنرێت لەلایەن تورکیاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان. وەک دەزانرێت پارتی کرێکارانی کوردستان بە بیانووی پاراستنی «ئێزیدییەکان» لە داعش، لەو ناوچانە جێگیر بووە. دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازی و بڵاوبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە، بەدەستهێنانی هاوکاری و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی؛ وای کردووە ئەم ڕێکخراوە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هەریەکە لە تورکیا و عێراق. سەرباری سەرجەم بانگەشەکانی تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، بەڵام تا ئێستا ئەم ڕێکخراوە لە لایەکەوە بەردەوامە لە چالاکییە سەربازییەکانی، لە لایەکی دیکەوە لە ڕێگەی چەکدارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکەوە، لە هەوڵی سڕینەوەی سەرجەم ئەو لایەنانەدایە کە وەک مەترسی بۆ سەر خۆی دەیانبینێت(30). لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتی سیاسیی هەولێر تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێکی کرداری دژ بەم ڕێکخراوە بنێت، لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم و پارتە کوردییەکانیش بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە تورکیا دراوسێیەکی گرنگە بۆ ئەوان و لە هەستیاری و کاردانەوەکانی لە ڕووی ئەمنییەوە تێدەگەن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەنگاوی پێویست نانێن و پێیان وایە کە پێویستە ئەم کێشەیە بە شێوازی ئاشتی چارەسەر بکرێت. داخستنی سەرجەم ئۆفیسەکانی ڕێکخراوی پارتی تەڤگەری ئازادیی کوردستانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوەندی شاری سلێمانی و دەوروبەری(31)، گەرچی وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان پیشان درا، بەڵام بێگومان هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت کە جێگەی باس بێت، لەبەر ئەوەی داخستنی ئۆفیسەکانی ئەم ڕێکخراوە بە مانای وەستانی چالاکییەکانی نایەت، هەر چەندە بە مانای ئەوە دێت کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێ نەدراوە(32). لە ڕاستیدا ئەو دیمەنەی کە لە هەولێرەوە دەبینرێت ئەوەیە کە ئیدارەی بارزانی، نە نیازێکی ڕاستەقینەی هەیە و نە هێز لە بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا. لە شاری سلێمانی کە بە دووەم گرنگترین شاری هەرێم دادەنرێت لەدوای هەولێر، پارتی کرێکارانی کوردستان ئازادانە چالاکییەکانی خۆی لەم شارە ئەنجام دەدات. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە ناوچەکەدا کار دەکەن، تەنانەت باس لەوە دەکەن کە لەنێو شارەکەدا لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە باج (ئابوونە) کۆ دەکرێتەوە. لەژێر ڕۆشنایی هەموو ئەمانەدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بارزانی لە مەسەلەی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە وەک هاوبەشێکی باش دەرناکەوێت و کەوتۆتە ئەو هەڵەیەی کە پێی وایە تورکیا پێویستی بە ئەوە، هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تورکیا تا ئێستا ناچار بووە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عێراقدا لە ڕێگای بارزانییەوە ئەنجام بدات. کردنەوەی دەروازەیەکی نوێ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەنکەرە و بەغدا زیاتر لێک نزیک ببنەوە و ببنە هاوبەشێکی ڕاستەقینە و بەهێز، بەتایبەتی لە سایەی ئەو هەنگاوانەی کە بەهاوبەشی بۆ هێنانەدیی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستان دەیگرنە بەر، بۆ ئەم مەبەستە تورکیا دەتوانێت سوود لە بەهێزبوونی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق وەربگرێت. ئەو هەنگاوانەی کە لە داهاتوودا لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە بۆ ڕێگریکردن لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەیگرێتە بەر، گرنگییەکی لەئەندازەبەدەریان هەیە بۆ تورکیا. بەم واتایە، پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە ڕوانگەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراقەوە. پارتی کرێکارانی کوردستان و ناوچەی شەنگال ماوەی چەند ساڵێکە جموجووڵەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال بە جۆرێک زیادی کردووە، کە دەتوانرێت بەئاشکرا هەستی پێ بکرێت(٣٣). بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی کە لە ناوچەکەوە دێن، تەنانەت دوای تێکشکاندنی داعش لە ڕووی سەربازییەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوامە لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی زیاتر لە ناوچەکە. پێویستە لێرەدا ئاماژە بۆ دوو هۆکار بکەین کە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دروستکردنی ئەم دۆخە، ئەوانیش: یەکەم: دەستبەسەرداگرتنی شاری موسڵ کە بە دووەم گەورەترین شاری عێراق دادەنرێت، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لەلەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە بەبێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک. دووەم: بەرگرینەکردن و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەبەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگال. لە ئەنجامی ئەم دوو هۆکارە، ناوچەی شەنگال زۆر بەخێرایی لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی داعشەوە کۆنترۆڵ کرا. بە هۆی کردەوەكانی ئەم ڕێکخراوە، دانیشتووانی ناوچەی شەنگال ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورە بوونەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بە دەستی تیرۆریستانی داعش کوژران، هەزاران هاوڵاتییش ناچار بوون کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی دیکە(34). پاش هێرش و پەلامارەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەی شەنگال، هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە بیانووی پاراستنی ئێزیدییەکانەوە، لە سووریا و قەندیلەوە ڕوویان کردە ناوچەکە و بە سوودبینین لە بۆشایی دەسەڵات کە لە ئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لە ناوچەی شەنگال دروست بووبوو، توانییان زۆر بەخێرایی دەست بکەن بە خۆجێگیرکردن و بڵاوبوونەوە لە ناوچەکە. یەکەمین کاری پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە، بریتی بوو لە دامەزراندنی «یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال» (YBŞ) نزیک لە خۆی، لە ڕێگەی چەکدارکردنی ئێزیدییەکانی ناوچەکەوە (35). لە درێژەی کارەکانیدا، ئەم ڕێکخراوە لە ڕێگەی دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازییەوە؛ خۆجێگیرکردن و بڵابوونەوەی لە ناوچەکە خێراتر کردووە(36) ، بە جۆرێک کە لە ئێستادا دوای قەندیل، ناوچەی شەنگال بە گرنگترین ناوچەی نفوزی پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنرێت. لە هەمان کاتدا بە سوودبینین لەو بارودۆخە نێودەوڵەتییەی کە لەئارادایە، ئەم ڕێکخراوە بە ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی داعشەوە توانیویەتی هاوکاریی سەربازی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەربگرێت(37). ئەم دۆخە لە ڕووی سیاسییەوە بۆتە هۆی بەهێزبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و لقە درێژکراوەکانی سەر بەم پارتە لە ناوچەکە. زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە شاری هەولێر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دراوە، ئەم هەواڵە پشتڕاست دەکەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پارتی کرێکارانی کوردستان لەپاڵ هێزە چەکدارەکانیدا، لە ڕووی سیاسییشەوە دەستی کردووە بە فراوانکردنی ڕووبەری دەسەڵاتی خۆی. ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی بەرپرسانی ئیداریی شەنگال بۆ ناوچەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، دەتوانرێت وەک نموونەیەکی زیندوو پیشان بدرێت(38). هەر چەندە لەم ماوانەی دواییدا، بە هۆی فشارەکانی تورکیا، باس لە کشانەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکرێت لە ناوچەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا ئەم ڕێکخراوە بوونی هەیە لە ناوچەکە(39). لە یەکێک لە ناوەندەکانی توێژینەوە کە سەنتەرەکەی دەکەوێتە شاری بەغدا، توێژەرێک وای دەبینێت کە بەردەوامیی جموجووڵەکانی ئەم ڕێکخراوە، بەزاندنی سەروەریی خاکی عێراقە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە. بە هەمان شێوە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ناوچەکە دەکەن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە سەرباری کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و تێکشکاندنی لە ڕووی سەربازییەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوامە لەسەر بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکە. ئەم ڕۆژنامەنووسانە بە پێویستی دەزانن کە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە. زۆرێک لەو سەرچاوانەی کە باس لە بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن لە ناوچەکە، لە لێدوانەکانیاندا باس لەوە دەکەن کە ئەم ڕێکخراوە لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبیدا لە پەیوەندیدان و بەهاوبەشی کار دەکەن(40)، تەنانەت زانیاری هەیە کە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە مووچەیان پێ دەدرێت. زۆرێک لە بەرپرسان و ڕۆژنامەنووسانی بەغدا لە کاتی وەڵامدانەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە پەیوەندیی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن، ئەو ڕاستییە دووپات دەکەنەوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە چەندین گرووپی چەکداریی جیاواز پێک هاتوون و پێویستە دەوڵەتی ناوەندی تەواوی ئەم گرووپە جیاوازانە بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. هەروەها سەرباری ئاماژەکردن بە سەختیی جوگرافیای ناوچەکە، باس لە ڕکابەری و ململانێی نێوان هەریەکە لە ئێران و ئەمەریکا دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێران لە هەوڵی کردنەوەی ڕێڕەوێکی شیعەدایە (هیلالی شیعی)، بە مەبەستی پێکەوەگرێدانی شیعەکانی ناوچەکە و دەستگەیشتن بە خاکی سووریا و لوبنان. زۆرێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پاش تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری ناوچە سوننەنشینەکان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، پڕۆسەی بەشیعەکردنی ناوچەکە خێراییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە(41). لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی بەکارهێنانی ناوچەکە لەلایەن ئەمەریکا وەک دەروازەیەک بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی سەربازی بە پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD)، هەستیارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، پرسی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەی لە لایەن تەنیا هێزێکەوە کردووە بە کارێکی ئێجگار دژوار. مەسەلەی شەنگال لە ڕوانگەی تورکیاوە، بە یەکێک لە هەستیارترین بابەتەکان دادەنرێت لە ماوەی داهاتوودا. جێگیربوون و بەردەوامیی کار و چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە، هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و ناوچەکە دروست دەکات. لە ڕوانگەی داهاتووی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراقدا، پێویستە هەنگاوی بەپەلە و جددی بنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال. بە گەڕانەوەمان بۆ دوایین ڕوونکردنەوە، هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە کارێکی قورس نییە. بەگوێرەی وتەی بەرپرسانی باڵای هەرێم، بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی شەنگال؛ «کارێکە جێگەی قبووڵکردن نییە». بەرپرسان ئەماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە بە مەبەستی دووبارە گەڕانەوەی ژیان بۆ ناوچەکە، پێویستە ڕێگە بە گەڕانەوەی هاوڵاتیان و بەرپرسانی ئیداریی ناوچەکە بدرێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش، بانگهێشتی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەکەن (42). پاكکردنەوەی ناوچەکە لە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، پەیوەستە بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی عێراقەوە بۆ ئەم مەبەستە دەگیرێنە بەر. هەڵوێستی بەرپرسانی بەغداد لەم بارەیەوە، نزیکە لە وتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمەوە. لەژێر کاریگەریی ئەم هەلومەرجەدا، پێویستە تورکیا بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا. لەم ڕووەوە پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی دەتوانرێت وەک کلیلی کردنەوەی دەرگای بەردەوامیی پەیوەندی و دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات سەیر بکرێت. گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە ڕووی سیاسییشەوە دەرفەتی گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش دەڕەخسێنێت. کردنەوەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی، ئەگەری کردنەوەی ڕێڕەوێکی پارێزراو کە لە سنووری باشووری تورکیا تا بەغداد درێژ دەبێـــــتەوە، زیاتر دەکات. لە هەمان کاتدا تورکیا و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەتوانن لە ڕێگەی بونیادنان و کردنەوەی ئەم ڕێگا بازرگانییەوە، ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەش بەرقەرار بکەن. ئەم هەنگاوە وەک چۆن توانای تورکیا لە ئەنجامدانی چالاکی بۆ بەگژداچوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە زیاد دەکات، لە هەمان کاتدا دەرفەتی فراوانکردنی نفوز و دەستەڵاتی خۆی لە ناوچەکە بۆ دەڕەخسێنێت. ئەنجام لەم توێژینەوەیەدا سەرباری هەڵسەنگاندن و خستنەڕووی کاریگەریی پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق، شیکردنەوە بۆ کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەی تورکیا ئەنجام دراوە. یەکێک لەو ئەنجامانەی کە لە ڕێگەی ئەم توێژینەوەیەوە بەدەستمان هێناوە، بریتییە لە فراوانبوون و گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق لە ڕێگەی هێڵێکی ڕاستەوخۆوە. کۆمپانیا تورکییەکان لە سایەی ئەم هێڵەوە کە بە ئۆڤا کۆی دەست پێ دەکات و لە ڕێگەی تەلەعفەر-موسڵەوە تا بەغداد و بەسڕە درێژ دەبێتەوە، دەتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ دەستیان بگات بە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەم شێوە دەتوانین ڕزگارمان ببێت لە سەرجەم ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە کاتی ئەنجامدانی کاری بازرگانی لە ڕێگەی خاڵی سنووریی خابورەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. بە تێڕوانین لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی ناوچەی موسڵ و تەلەعفەر، لە دۆخی دووبارەکردنەوەی کونسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ و دامەزراندنی هێڵێکی بازرگانیی پارێزراودا، چالاکی و جموجووڵەکانی تورکیاش لە ناوچەکە زیاد دەکات، بەمەش دەرفەت دەڕەخسێت بۆ ئەنجامدانی چالاکیی زیاتر بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی زیاتری نفوزی شیعە لە ناوچەکە. کردنەوەی ئەم دەروازە سنوورییە، بێگومان كاریگەریی سیاسییش بەدوای خۆیدا دێنێت. بۆ نموونە؛ دەرفەت بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دەڕەخسێت تاکوو ئەم دەروازە نوێیە وەک کارتێکی فشار دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت. لە ڕوانگەی تورکیاشەوە، سەرباری گەشەسەندن و فراوانبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت لەسەر کۆمەڵێک بنەمای نوێ کە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بێت، دووبارە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێک بخاتەوە. بەم شێوەیە تورکیا لە ڕووی ئابووری، سیاسی و ئاسایشەوە؛ دەتوانێت کۆمەڵێک سەرکەوتنی نوێ بەدەست بهێنێت. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی کرداری، پێویستە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق ئەم ناوچەیە کە دەکەوێتە نێو سنووری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە؛ کۆنترۆڵ بکات و ئاسایش و سەقامگیری دابین بکات، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئامادە بێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو گرفتانەی کە ڕەنگە لەنێوان خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەر هەڵبدات. کۆنترۆڵکردن و دابینکردنی ئاسایش بە درێژایی ئەم هێڵە، لە ڕووی سیاسییەوە پێگەی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش بەهێزتر دەکات. لەگەڵ ئەوەی گفتوگۆکان سەبارەت پڕۆژەی خاڵی سنووریی ئۆڤا کۆی نوێ نییە، بەڵام تورکیا لەم ماوانەی دواییدا لە دانیشتنەکانیدا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، دووبارە ئەم بابەتەی هێناوەتەوە بەر باس و لە ئێستادا بووە بە پرسێکی هەنووکەیی. بەتایبەتی پاش ئەنجامدانی گشتپرسی لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بابەتی کردنەوەی خاڵێکی سنووریی نوێ خێرایی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە. بە هاوکاری و پشتیوانیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و وەزارەتەکانی دیکە، لە دانیشتنەکاندا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە، خۆشبەختانە هەڵوێستی ئەرێنی وەرگیراوە. لەگەڵ ئەمەشدا بۆ ئەوەی ناوچەکە بە شێوەیەکی کرداری ببێتە ڕێگایەکی بازرگانی و چالاکیی تێدا ئەنجام بدرێت، پێویستە هەردوو وڵات بە زووترین کات دەست بکەن بە ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیەدا. گەرچی لە ئێستادا هەر لە تواناکانی ژێرخانی ئەم دەروازە سنوورییەوە تاکوو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەم ڕێگا بازرگانییە و زۆر بابەتی تر، هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆکان لە چاوەڕوانیدان. (تێبینی: لەبەر درێژی توێژینەوەکە و ناپێویستی و پەیوەستنەبوونی بە دۆسێی ئەم ژمارەیەی ئایندەناسییەوە، هەندێ بەشی ئەم توێژینەوە وەرنەگێڕدراوە ) داگرتنی بابهت به PDF * ئەم بابەتە لە ژمارە 2ی تەمووزی2020ی گۆڤاری ئایندەناسی دا بڵاوکراوەتەوە
(درەو): عەلی حەمەساڵح دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشایەوە، رێكخەرو خانەی راپەڕاندن داوایان لێكردووە ئیمزاكەی بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی بۆ پەرلەمان بكێشێتەوە. سەرچاوەیەك لە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند، ماوەی چوار رۆژە عەلی حەمەساڵح دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانو ئەندامێتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كێشاوەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، عەلی حەمەساڵح نوسراوی دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەشی جڤاتی نیشتمانیو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە. چەند رۆژێكە لەلایەن عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنەوە فشار خراوەتەسەر عەلی حەمەساڵح بۆ ئەوەی واژۆی خۆی لەسەر ئەو نوسراوە بكێشێتەوە كە تێیدا پەرلەمانتاران داوای لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگیریو ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییو ئابوری دەكەن. لە فراكسیۆنی گۆڕان جگە لە عەلی حەمەساڵح، سێ پەرلەمانتاری تر ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە، بەڵام فشارەكە زیاتر لەسەر عەلی حەمەساڵحە، بەوپێیەی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیەو بەپێی قسەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن پۆستەكەی نوێنەرایەتی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەكاتو نابێت بەشدار بێت لەو هەوڵەدا بەتایبەتی لەكاتێكدا كە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بەشدارە لە حكومەت. سەرباری ئیمزاكەی پەرلەمان كە كێشەی بۆ دروستكردووە، ماوەیەكە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەگەڵ بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكەی لە ناكۆكیدایە لەبارەی بەشداری گۆڕان لە حكومەتو بەمدواییە لە چاوپێكەوتنێكدا وتی:" ماوەی شەش مانگە دژی ئەم فۆرمەی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕانم لە حكومەت". عەلی حەمەساڵح بەمدواییە بەشێوەیەكی زیاتر قسە لەسەر قاچاخچێتی دەروازە سنورییەكانو گەندەڵی دەكات لە حكومەت، ئەمە لەكاتێكدایە بزوتنەوەكەی لایەنێكی سەرەكی پێكهێنەری كابینەی ئێستای حكومەتی هەرێمەو هەردوو وەزارەتی وەزارەتی داراییو بازرگانی كە پەیوەندیدارن بە كاروباری دەروازە سنورییەكان بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تائێستا خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەكەی عەلی حەمەساڵحی پەسەند نەكردووە، (درەو) پەیوەندی بە عەدنان عوسمان وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.
نوسینی: گۆنا سعید - ئاسۆ کمال سیستمی سیاسی و ئابوری و ئیداری کوردستان لە ئەزمەیەکی هەمەلایەنەدایە . هۆکارێکی سەرەکی ئەم ئەزمەیە نزمبونەوەی ئاستی ئاڵ و گۆڕی بازاڕی سەرمایەیە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە کە ئەم ئەزمەیەی کردۆتە قەیرانێکی سەرتاپاگیر و جیهانی . لەم نێوەدا ووڵاتانێکی سەرمایەداری کە لە ژێر سایەی هەژمونی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان و بانکی جیهانی و کۆمپانیا ترانس ناشناڵەکان و ئابوری رەیعی نەوتدان ، ڕوبەڕوی داڕمان و شکستی گەورە دەبنەوە. لە کوردستان باری قورسی ئەم قەیرانە بە سەرشانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتدا شکاوەتەوە، وە ئەم دەسەڵاتە سیاسی یە خەڵکی کردۆتە قوربانی پاراستنی سەرمایەی کەڵەکەبووی خۆی . ئەو ئامادەنیە لەو سەرمایە کەڵەکەبوەی لە بانکەکانی دەرەوە و ژێر زەمینەکانی ناوەوەی کوردستان کۆی کردونەتەوە هیچ بودجەیەک بۆ دابینکردنی موچە و ڕوبەڕوبونەوەی مەرگ بەهۆی کۆرۆنا و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان سەرف بکا ، وەک لە زۆربەی وڵاتانی تردا بەناچاری بورژوازی دەیکا. بە پێچەوانەوە حکومەتی هەرێم ژیانی خەڵکی داوەتە دەست مەرگی کۆرۆنا و برسیەتی و بێکاری یەوە. هەربۆیە خەڵکی بەرامبەر بەم دەسەڵات و حکومەتە هاتۆتەوە مەیدان و ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان زۆر شوێنی گرتۆتەوە و بەهوشیاریەکی زیاترەوە لە جاران خەڵکی بەرەڕووی دەسەڵات بۆتەوە. لە دروشمی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی ڕانیەدا دروشمی " نا بۆدەسەڵاتێکی ستەمکار، نابۆپەڕلەمانی کارتۆنی، نابۆ ئۆپزسێۆنی ساختە" بەرزکراوەتەوە. ئەم دروشمە نیشانەی وشیاریەکی تازەی خەڵکە بە ڕێگاچارەیەکی جیاواز لەوەی پێشترلە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ و ساڵانی دواتردا هەیبوو ، کە بەرتەسک دەبوەوە لە گۆڕینی دەسەڵات لەڕێگای پەرلەمان و ئومێد بەستن بە ئۆپۆزسیۆنی حزب و لیستە بورژوازیەکان. ئەم وشیاریەی ناڕەزایەتیەکانی ئێستا نەک هەر بەرامبەر بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و پەرلەمانەکەیانە بە ڵکو ڕوو لە "گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ" شە. خەڵکی ئیتر ئەزموونی ئەوەیان کردوە کە ئەم حزبە بورژوازیانە هەمیشە پێ یەکیان لە ناو خەڵک و هەموو لاشەیان لە لای دەسەڵاتە ، ئەوان خیتابی سیاسیان ڕووی لە خەڵک و پراتیکیان لە ژێرەوە لەگەڵ دەسەڵات دایە . هەوڵی چەواشەکارانەی ئەم حیزبانە بۆ خەڵک ئەوەندە ئاشکرایە ، کە خۆپیشاندەران بە هوشیاریەکی تازەوە مامەلە دەکەن لەگەڵ سیاسەتی ئەم حزبانە. پێ دەچی خەڵکی نەهێڵن جارێکی تر ناڕەزایەتیەکانیان ببێتە ئامڕازی دەستی ئەم حیزبانە بۆ دابەشکردنەوەی کورسیەکانی پەرلەمان و بودجە و داهاتی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆیاندا. لەگەڵ ئەم پێشکەوتنە گرنگە لە ئاستی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکاندا ، هوشیاریەکی فراوانتر پێویستە سەبارەت بەوەی کە لە کوردستان چ سیستمێک دەسەڵاتدارە و چۆن ئەم سیستمە لەباری سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە لەلایەن حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی بورجوازی یەوە . ئەمە گرنگە تا بزانین دەوری حزبە دەسەڵاتدارەکانی یەکێتی و پارتی چیە ، وە بەرژەوەندی ئەم ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیانەش لە ڕاگرتنی پایەکانی ئەم سیستەمەدا چی یە ، ئەوان لەگەڵ چ شتیكیدان و دەیانەوێ چی لەم سیستەم و ئیدارەیە بگۆڕن بە خۆپیشاندانی خەڵک ؟ تێگەیشتن لە بنەماکانی سیستەمی سیاسی وئابووری هەرێم دەتوانێت یارمەتی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتی کوردستان بدات لە دەستنیشانکردنی کێشە ئەسڵیەکانی ئەم جۆرە لە دەسەڵات ، وە هەروەها لە دۆزینەوەی بەدیل و جێگرەوەیەکی ئیداری و سیاسی و ئابوری کە بتوانێت شوێنی ئەم سیستمی دەسەڵاتدارێتەی یەکێتی و پارتی بگرێتەوە بە جۆرێک کە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و زەحمەتکێشانی کوردستان مسۆگەر بکات ؟ . لێرەشەوە دەتوانین بزانین کە خۆپیشناندانەکانی ئێستا دەتوانێ بەرەوکوێ بڕوات ، وە چۆن خەباتێکی سەرتاسەری بۆ گۆڕینی بنەماکانی ئەم سیستەمە بە قازانج و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی بیگۆڕێ ؟. گرنگیەکی تری ئەم بابەتە لەوەدایە کە یارمەتی دەدات کە چۆن بە ستراتیژ و تاکتیکی جەماوەری و سیاسی خەڵکی بتوانن نەک هەر ئەم سیستەمە هەڵوەشێننەوە ، بەڵکو رێگە نەدەن لە کاتی گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەدا هیچ حیزب و دەستە و گروپێک جارێکی کە سیستەمی لەم جۆرە بە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی بونیاد بنێنەوە. زۆر گرنگە کە خەڵک بزانن کە ئەم سیستەمە سیاسی و ئابووری یەی پارتی ویەکێتی و هاوپەیمانەکانیان چۆن کار دەکات ؟ ؛ بۆچی گەشتۆتە ئەم ڕادەیە ی ئێستا لە ناکۆکی ؟ بۆچی خەڵکی دەبێت باجی قەیرانە ئابوریەکانی بدات لە کاتێکدا سەرانی ئەو حیزبانە دەوڵەمەند تر دەبن ؟ ئەم ناکۆکیە لە کوێدایە ؟ مان و نەمانی ئەم سیستەمی دەسەڵاتە لە بەرژەوەندی و لە دژی کێ یە ؟ ئێمە لێرەدا دەمانەوێت بە سادەیی باس لەم خاڵە گرنگە بکەین بە و ئامانجەی کە بەشداریەک بکەین لە پرۆسەی دروستکردنی هوشیاریەکی گشتی و چینایەتی سەبارەت بە تێگەشتن لە ئابووری سیاسی کوردستان . بۆ ئەم تێگەشتنە لە دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی وا پێوسیت دەکات کە بچینەوە سەر بنەماکانی دامەزراندن و سەقامگیر بوونی ئەم دەسەڵاتەیان . لێرەدا بوار نیە لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەست پێ بکەینەوە ، بۆیە ڕاستەخۆ دەچینە سەر دەورانی دوای ٢٠٠٣. ئەمەش لەبەر ئەوەی کە بنەماکانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە سەقامگیرتر بوون و ڕەسمیەتێکی نێو دەوڵەتیان پەیدا کرد ، ئەمەش لە بەرئەنجامی ئەو فرسەتانەی کە بۆیان هەڵکەوت لە دوای ئەو گۆرانکاریە عەسکەری و سیاسی و ئابووریانەی دوای داگیرکاری ئەمریکا و ڕووخاندنی حکومەتی بەعس. کەوایە با بزانین ئەو فرسەتانە چی بوون : دروست بوونی دەوڵەتی ترانس ناشناڵ کوردستان لە ٢٠٠٣ ەوە بە فەرمی بوە بە بەشێک لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق. ئەم دەوڵەتە ئەمریکا و ئیدارەی بوش بە راوێژکاری لەگەڵ کەسانی وەک تۆنی بلێر و نیولیبرالەکانی ڕۆژئاوا نەخشەیەکی سیاسی و ئابووری تەواویان بۆ چوارچیوەی عێراقێکی فیدرالی سیکتاریستی و بەش بەش کراو دوای سەدام حسێن دانابوو. کوردستانیش بوە بەشدار لە پێکهێنانی دەولەتێکی لاوازی " ترانسناشنال" کە تیایدا چیتر یەک بەرژەوەندی "نیشتمانی" سەرانی ئەو دەوڵەتە کۆناکاتەوە ، بەڵکو شتێک بە ناوی بەرژەوەندی گشتی نامێنێت ، وە جێگا و رێگا و بەرژەوەندی ماددی هەر سێکست و ئەتنیکێک (وەک کورد) پەیوەست دەبێت بە پارسەنگی هێز و رادەی هێزی میلیشیایی و مادی و سیاسی ئەو حیزب و کۆمپانیا بازرگانیانیانەی کە "نوێنەرایەتی"یان دەکەن . ئەم هاوکیشە سیاسی یە لەلایەک مەترسی گەورەی بۆ سەر ژیان و سەلامەتی وئەمنیەتی خەڵکی عێراق و کوردستان لەگەڵ خۆی هێنا ، و تا زەمەنێکی نادیار تووشی شەڕێکی نەبڕاوەی مەزهەبی و تایفی کردوون؛ لە لایەکی کەوە بۆ ئەوانەی کە ڕەنگ ڕێژو پلاندانەری ئەم جۆرە لە دەسەڵات بوون بۆ هەمان زەمەن بۆتە خێر وبەرەکەتێکی زۆری کۆکرنەوە و بەگەڕخستنی سەرمایە ، تاڵان و بڕۆی سەروەتە سروشتیەکان و بەتایبەت نەوت ، هەروەها دابەشکردنی داهات و پارەی قەرز و فریاگوزاری دەزگا نێو دەولەتیەکان و بەشکردنی تەندەر و کۆنتراکتی کۆمپانیا جیهانیەکان کە سەرەیان گرتبوو بۆ دووبارە دروست کردنەوەی عێراق لە داهاتێک کە ئەمریکا لە نەوت بردبووی وبە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت . واتە دەوڵەتی عێراق لەو مۆدێلەی "دەوڵەتی نەتەوە" ی بەعسەوە گۆڕدرا بە دەوڵەتێک کە سەرێکی بەسترایەوە بە بەرژەوەندی کۆمپانیا جیهانیەکان و دەولەتانی ناوچە کە نیازی ئابووری و سیاسی گەورەیان هەبوو لە عێراق . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا و ڕووسیا و چین و ..هتد ، وە ڕاددەی دەستێوەردانیان لە عێراق چەندە پەیوەندی بە هەژمونی دەسەلاتی سیاسیانەوە هەیە لە ناوچەکەدا ، سەرێکی تری وا بە بەرژەوندی ئابووری گەورە و ناوچەیی لە بواری نەوت و گاز و ئاو و کارەبا و بازرگانی و کالا ساغکردنەوە لە بازاڕەکانی عێراق و کوردستان و ،،هتد . ئەم دەوڵەتە ترانسناشنالە جۆرێکی تایبەت لە سیاسەتکردنی لەگەڵ خۆیدا هێنا . سیاسەت کردن لە عێراق ، سەرباری ئیدعاکانی وەک سیاسەتێکی ' دژە دیکتاتۆری ، دیموکراتی ، مافی کەمەنەتەوەکان ، مافی ژنان و فرەیی و ..هتد " ، لە راستیدا بۆ هەر هێزێکی سیاسی بەشدار بوو بچوک بوەوە بۆ هاوکێشەیەکی سادە کە بریتی یە لە شەڕکردن بۆ مسۆگەر کردنی گەورەترین بەش لە سامان و داهاتی عێڕاق بۆ حیزبەکەی یان گروپەکەی خۆی . هەروەها مسۆگەر کردنی دەسەڵاتی یاسایی لە ناوچە و جێگای خۆیدا بەسەر دابەش کردنی زەوی و زار و سەرچاوەکانی کارەبا و ئاو و سامانەسروشتیەکانی تر . بەم پێ یە سیاسەت بەکارهێنرا و دەهێنرێت بۆ پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە هەم بۆ چینی سەرمایەدارانی ناوخۆ و ەهەم بۆ کۆمپانیا جیهانی و ئیمپریالیستیەکان . ئەم کەڵەکەی سەرمایەیەش لە ڕێگەی داهاتی نەوت و سامانە سروشتیەکان و ئابووری بەکڕێ دان، وە لە دەستبەسەردا گرتن و دابەشکردنی زەوی زار، و هەم لە دەستبەسەداگرتنی سەد و بەنداو و خاڵە سنوریەکان تا ئێستاش بەردەوامە. دابەشکردنی ئەم سەرچاوانەی سامان و سەرمایە پاڵنەر وبابەتی سەرەکی سەدان کۆبونەوەی پەرلەمان ، وە شەڕو و ئاشتی لایەنەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بە بەردەوامی . ئەم جۆرە لە سیاسەت کردن گەشتۆتە ڕاددەیەک کە لەم سالانەی رابردوودا ئەو پۆستە وزاری و گرنگانەی کە کۆنترۆڵی هەیە بەسەر زۆرترین سەرچاوەی داهاتدا ، نرخی تایبەتی لەسەر بێت بۆ فرۆشتنەوە ؛ وە شەڕی گەورە هەمیشە بە دەوری سێ پۆستە گەورەکەدایە کە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانە . فرسەت لە بواری سیاسی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی لەم ماوەیەدا لە ڕەسمیەت دان بە دام و دەزگاکانی ، ناوبانگ و کردەی لە دنیای نێودەوڵەتیدا ، بەشداری لە پرۆسەی گۆرانکاری سیاسی و ئابووری لە عێراقدا و ڕەسمەیت دان بە دەسەلاتیان لە کۆمەلگەی نیو دەوڵەتیدا وەک بەشێک لە فدراڵیەتی عێراق دەرگای بۆ خرایە سەرپشت و بەپێی دەستور ئەم مافانەی حزبەکانیان و پۆستە وەزاریەکان و دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان بەسەر کوردستاندا ڕەسمیەت پێدا. لە ئاستی ناوخۆی کوردستاندا ئەم دەستکەوتە حزبیانەیان لەگەڵ خیتابیکی ناسیۆنالیستی سەربەخۆیی کوردستان ئەوەندە بەهێز و حەماسی پێچرابوەوە کە خەڵک پێی وابوو کە لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەدرێتەوە و دنیا دەگۆرێت و لەگەڵیدا پارتی ویەکێتی دەگۆرێن و ژیان بۆ هەموو لایەک باشتر دەبێت لە کوردستاندا. لەسەرەتاوە پارتی ویەکیتی تا فێری چۆنێتی ئەم دابەشبوونە لە دەوڵەتی ترانس ناشناڵدا بوون پێویستیان بەوەبوو کە پێکەوە فراکسۆن دروست بکەن و یەکگرتووبن ؛ دواتر نەک هەر ئەوان ، بەڵکو بزوتنەوەی گۆران و نەوەی نوێش فێر بوون کە ئەوە " کورد بوون" نی یە لەم دەوڵەتە نوێ یەی عێراقدا کە پاڵنەری سەرەکی پێکەوە کارکردن و دەنگهەڵبڕین بێت ؛ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە دەست بۆ کێ هەڵئەبڕی و دەنگ بە چی دەدەیت و ئەو دەنگدانە چ قازانجێک بۆ خۆت و گروپەسیاسیەکەت بەدی دێنی ؛ تەنانەت هەندێک لە ئەندام پەرلەمانە کوردەکانی نێو ئەنجومەنی عێراق ئەوەندە فێری ئەم هونەرە سیاسی یە بوون کە زۆر ئاسایی سەربەخۆ کاردەکەن و مامەڵەی جۆرا جۆر بە پلە و پۆستەکانیانەوە دەکەن لە گەڵ هەر لایەنێکی نێو پەرلەمانی عێراقدا کە نرخێکی زیاتریان لەسەر دانێ . هەربۆیە دەبینین کە ئەم حیزبە کوردیانە کە کوردایەتی بە خەڵکی کوردستان دەفرۆشنەوە کەی پێویستیان بوو، خۆیان زۆر مەسەلە نیە لە لایان و تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکی ئەو خیتابە بەکار دێنن . گرنگترین شت کە پیویستە بیزانین ئەوەیە کە سیاسەت بە تەواوی لە خزمەتی بەرژەوەندی ئابووری حیزبەکان و هێزەکانی نیو پەرلەماندا بەکار هێنراوە . بەڵام بەرژەوەندی حیزبەکان و لایەنەکان بە تەنها خۆیان دیاری ناکەن ، بەڵکو کۆمپانیا جیهانیەکان دەستێکی باڵایان هەیە لە ئاراستە کردن وکۆنترۆڵکردنی بەرژەوەندیەکانی هەر لایەنێکدا . حکومەتی هەرێمیش خۆی بوە باشترین نمونەی ئەم دەوڵەتی ترانس ناشناڵ و فرە کۆمپانیایە . لێرەدا دەوری تورکیا و ئێران و ئەمریکا..هتد ، وە ڕادەی دەستێوەردانیان لە کوردستان چەندە پەیوەندی بە دەسەلاتی سیاسیەوە هەیە ، سەرێکی وا بە بەرژەوندی ئابووری ناوچەیی بەتایبەت لە بواری نەوت و گاز دا . پەرلەمانی کوردستانیش بوە بە ئەو دەزگایەی کە مۆر بدات لەو یاسایانەی کە دەرگا ئاواڵا دەکات بۆ مامەڵە و بازرگانی نێوان کۆمپانیا ترانس ناشناڵیکان لەگەڵ کۆمپانیا حیزبی و بنەماڵەییەکانی یەکێتی و پارتی و بەم دواییانەش گۆڕان ؛ هەر ئەم حیزبانەش ئەم کەڵەکەی سەرمایە یە بۆ خۆیان بە ناوی دەستکەوتی نیشتمانی و سەربەخۆیی ئابوری و سیاسیەوە دەفرۆشنەوە بە خەڵک ، بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە بوژاندەنەوەیەکی ئابووری و دەستکەوتێکی ماددی ئەوتۆ یان لێوە بەدەست هاتبێ بە قازانجی خەڵك. فرسەت لە بواری ئابووری ئەو فرسەتانە چی بوون کە لە باری ئابووریە وە بۆ پارتی ویەکێتی هەڵکەوت و ئێستاش بۆ گۆڕان و ئەوانی دی و کاریان پێ دەکەن . 1- ١٠٠ بڕیارە بە ناوبانگەکەی پۆڵ بڕێمەر بۆ نیولیبرال کردنی ئابووری عێراق ؛ لەوانە ئازاد کردنی بازرگانی لەگەل کۆمپانیا جیهانیەکان ؛ داخستن و پشتگوێخستنی ٢٠٠ دەزگای کەرتی گشتی و دامەزراوەی حکومەتیەکان ؛ پەکخستنی بانکی نیشتمانی و بڕیاردان لەسەر ئازادی هات وچۆی پارە ؛ لابردنی باج لەسەر بازرگانی جیهانی و ئەمانە و چەندینی تر ... 2- فەندی بونیاد نانەوەی عێراق و تەندەری شەریکات و کۆمپانیاکان ؛ ئەم فەندە لە و ساڵەی کە بریمەر حاکمی عێراق بوو بریتی بوو لە دەیان ملیار دۆلار ؛ کاتێ بریمەر لە کۆتایی ساڵەکەدا دەورەی حوکمی تەواو بوو ، تەنها سەرفکردنی ٤ ملیاری ئەم پارەیە دیار بوو بۆ کوێ چووە . بریمەر زۆرێک لە تەندەرەکانی دا بە کۆمپانیا جیهانیەکان و تەنها بەشێکی کەمیان بەرشەریکاتی عێراقی کەوتن .. تالان و بڕۆی ئەم فەندە بێ وێنە بووە . 3- حیزب و کۆمپانیا و بنەماڵەکان : سەردەم سەردەمی دروست کردنی کۆمپانیا و تەندەر و شەریکاتی بازرگانی و ..هتد ؛ بەکارهێنانی پێگەی سیاسی هەم لە هەرێم و هەم لە عێراق بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزب و بنەماڵە نەک خەڵک ، نیشتمان و هەرێم وە مافی گشتی . 4- کەڵەکەی سەرمایە لە ڕێگەی بەتاڵان بردن و کردنی زەوی بە موڵکی تایبەتی ؛ بەکار هێنانی پێگەی سیاسی ، پەرلەمان و دەزگای دادوەری بۆ دابەشکردن وبەتاڵان فرۆشتنی زەوی زاری کوردستان ، لە شارەکان و لە دەرەوەدا؛ بەم جۆرە بە هەزاران دۆنم زەوی لە موڵکی گشتی ەوە بوون بە موڵکی تایبەت و موڵکی بنەماڵەکانی نێو هەردوو حیزب . 5- ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانویست کاڵا بێننە کوردستانەوە دەبوو لە کوردستان کۆمپانیا هەبێت دابەشی کالایان بۆ بکات ؛ یان بیفرۆشێ و ساغی کاتەوە ؛ یان ئەگەر سەرمایەیان هەبوایە دەبوونە شەریک ؛ ئەم چەند ساڵە کات کاتی دامەزراندنی کۆمپانیا و شەریکاتی بازرگانی و عەقار و خانووبەرەوە بوو . زۆربەی کۆمپانیاکان هی بەرپرسەکانە و لە ڕیگەی کەس و کاری نێو حکومەت و پەرلەمان و وەزیر و بەڕیوەبەرەکانەوە تەندەر و کۆنتراکەتەکانیان دابەش دەکردەوە بەسەر خۆیاندا . دروست کردنی شەریکاتی وەهمی و پشتی پەردە و وەرگرتنی عقود لە حکومەت خزم و کەس و بنەماڵەی خۆیان . کەلەکەی سەرمایە پرۆسەیەکی دوور و درێژ و هەندێک جار ئازار بەخشە ؛ خەڵک زۆرن کە زەویان داگیر کراوە یان فیڵیان لی کراوە یان بە زۆر ئیمزای فرۆشتنی زەویە و ماڵەکەیان پی کراوە ، بە تایبەت لە ناوچە ستراتیچی و گرنگەکانی شارەکان و شارۆچکە سنوریەکان . لە کوردستان حیزب ئامرازی مانەوەیە لە دەسەڵاتدا ؛ دەسەڵات بریتی یە لە قۆرخی جوڵەی ئابووری ؛ واتە وەبەرهینان و بازرگانی ؛ وە هەروەها بوونی میلیشیای چەکدار بۆ پاراستنی موڵکی بنەماڵەکان ؛ ئەمە دوو کۆڵەکەی دەسەڵاتن ؛ بۆیە بە تەنها دەنگ نەدان بەم حیزبانە نایانکاتە دەرەوەی دەسەڵات ؛ بەڵکو دەبێت هێزی چەکدار هەبێت لە بەرامبەر بە هێزەکانیان . وەیان ئامرازی تر هەبێت کە خەڵک بەکاری بێنێت بۆ تێک شکاندنی ئەم تۆڕە کە پارێزەری لە بەرژەوەندی چەند بنەماڵەیەک دەکات و ٩٩٪ ی خەڵکی وکوردستانی کردۆتە قوربانی . بەشێک لە دەرئەنجامەکانی نیو لیبرازە کردنی عێراق و کوردستان شان خاڵی کردنەوە دەسەلات بوو لە پەیدا کردن یان دابین کردنی کار بۆ دەرچوانی تازە ؛ بۆ بێ کاران ؛ بە تالان فرۆشتنی دەیان دامەزراوەو کارگەی کەرتی گشتی و کردنیان بەموڵکی تایبەت ؛ بە کالا کردنی سەرچاوەی کارەبایی و ئا و و مەوادی بینا و ئەمانە . ئیستا هەریەک لەم کاڵایانە کە موڵکی گشتین ووردە ووردە بوونەتە ئامرازی فرۆشتن و قازانج پەیدا کردن بۆ بنەماڵەیەک یان بەرپرسێک یان چەند دانەیەکیان پیکەوە . چونکە لە ڕیگەی بە تایبەتی کردنی ئەم بوارانە دەیفرۆشەوە بە نرخی زۆر هەرزان بە خۆیان ؛ دواتریش هەر لە بودچەی گشتی فەندیان دەدەنی بۆ پیشخستن و کڕینی ئامێر و دابین کردنی بۆ خەڵک ؛ وە دواتریش خەڵک دەبێت پارە بدات بۆ بەدەستهێنانیان . بانکی جیهانی ماوەی ٣ ساڵی بۆ حکومەتی هەرێم دەست نیشانکرد بوو لە ٢٠١٧ەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە واتە تا ٢٠٢٠ ، بەڵام لە ڕاپۆرتێکیان دا دەڵێن کە حکومەتی هەرێم توشی سەرسوڕمانی کردوین کە “هەنگاوی خێرای وای ناوە لەیەکساڵی ڕابردودا کە %٣٧ سەرفیاتی کەمکردۆتەوە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی موچە و ریفۆرمی پشتیوانی نرخ و خزمەتگوزاریەکان (واتە گرانکردنیان).*١ بواری عەسکەری دەوڵەتی پڕ لە ناکۆکی و بەرژەوەندی جیا جیا ی ترانس ناشناڵ لە عێراقدا پێویستی بە هێشتنەوەی میلیشیاکانی یەکێتی و پارتی بوو ، هەربۆیە وەک بەشێک لە هێزی سەربازی عێراق قبوڵ کران. ئەمەش هێزی چەکداری ئەم دوو حزبەی کردە کۆڵەکەی بەهێزی هێشتنەوە و پاوان کردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوتی هەر جۆرە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێک لە بەرامبەریان . لە دوای چەند ساڵێک ، لە لایەک شکستی ئەمریکا لە عێراق و زیاتر میلیشیایی بوونی دەسەڵات لەعێراقدا و ململانێی فیدراڵی ، وە دواتر شەڕی داعش و کێشە لەسەر ناوچە ناکۆکەکان و بەردەوام دەستێوەردانی سەربازی تورکیا و ئێران ، هەموو ئەمانە کوردستانی وەک ئیدارەیەکی سەربازی هێشتۆتەوە و بیانووی داوەتە دەستی پارتی ویەکێتی کە ئەم هێزە میلیشیانەیان نەک بەرامبەر بەو هێزە دەرەکیانە و بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان بەکار بێنن ، بەڵکو بەرامبەر بە خەڵک و بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەکاریان بێنن. هەربۆیە دەبینین کە ڕیژەی بودجەی هێزی چەکدار و حزبی ئەم حزبانە لەسەرووی هەموو بەشەکانی تری حکومەتی هەرێمەوەیە و بریتیە لە نیوەی بودجەی هەرێمی کوردستان. ڕاگرتنی ئەم هێزە نیوملێونی یە لە ناوچەیەکی ٥ ملێۆنیدا ، پایەیەکی بەهێزی ئەم دەسەڵاتەی لەناو خەڵکدا دروست کردوە ، بەوەی کە بەشێک لەم خەڵکەی کردۆتە ئامڕازی سەرکوتی خۆیان تەنیا لەبەرئەوەی بژێوی ژیانیان لەسەر کاری سەرکوتگەری و وەلائی سیاسی بۆ ئەم دوو حزبەیە. هەر ئەمەش هۆکاری موچەی بن دیواری زۆروزەبەندی حزبیە. قەیرانی ئێستای ئەم سیستمە قەیرانەکانی ئەم سیستەمە ، وەک پێش ٢٠٠٣ ، تەنیا پەیوەست نیە بە کێشەی نێوخۆی ناسیونالیزمی کورد لە نەبونی ئاسۆیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدارێتیان لە هەرێمدا، چونکە ئەم کێشەیە لە نێو دەوڵەتێکی پڕ ململانێێ ، فیدرالی ترانس ناشنال و میلیشیایدا بووەتە سیمایەکی ئاسایی سیاسەت کردن ؛ وەک ئەوەی پێویستیەکی سەرەکی کێشە و ململانێێ دەسەڵات بێت لە عێراقدا. بەڵکو قەیرانی ئابوری لە هەرێمدا ئیتر بووەتە سەرچاوەی قەیرانێکی فراوانتر کە هەمیشە قەیرانی سیاسی و ئیدارییش بەدوای خۆیدا دێنێ. هۆکارێکی سەرەکی ئەمەش بەسترانەوەی ئابوری کوردستانە بە بەرزونزمی نرخی نەوتدا، چالاکی و ئاستی کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان ، بە ڕێکەوتنی نەوتی لەگەڵ تورکیا و کێشەی بودجەی فیدرالی ، ئەمانە هەمووی پێکەوە خەریکە حکومەت و دەسەڵاتی ئابوری یەکێتی و پارتی بەردەوام لە ژێر فشاری شکستی گەورەی ئابوریدا دادەنێ. لەم کاتی کۆرۆنایەدا کە ئابوری جیهانی هەمووی تووشی قەیرانی گەورە بووە ، ئەوا هەموو ئەو سەرچاوە و فاکتەرە ئابوریانەی سەرەوە حکومەتی هەرێمی توشی بێ پارەیی کردوە. ئەگەر ووڵاتانی ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی تری سەرمایەداری بەناچاری لەم کاتەدا لە سەرمایەی کەڵەکەبووی چینی دەسەڵاتدار خەریکن یارمەتی حکومەتەکانیان بدەن و دەوری حکومەت بە پێچەوانەی سیاسەتی نیولیبرالیەوە زیاتر بکەن لە سوڕانەوەی سەرمایە و دابین کردنی پێویستی یە دارایی و خەرجی یە تەندروستیەکانی خەڵکی ، ئەوا حکومەتی هەرێم بە هیچ جۆرێک نایەوێ هیچ پارەیەکی کەڵەکەبووی ١٥ ساڵی ڕابردوو کە لە بانکەکانی دەرەوە و ژێر زەمینەکانی ناوخۆی بنەماڵە و سەرکردەی حزبەکانیدا بێنێتە دەرەوە و موچە و پێویستی تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا و خزمەتگوزاریەکانی بۆ خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستانی پێ دابین بکا. بگرە بە پێچەوانەوە ئەم حکومەتە لەم کاتەدا خەریکە فرسەت دێنێ بۆ بە تایبەتی کردنی خزمەتگوزاریەکان ، لەوانەش تەندروستی بۆ فریاکەوتنی تووشبوانی کرۆنا ، چۆڵ کردن و پشتگوێخستنی خەستەخانە گشتیەکان ، بڕینی مووچە و بە هەموو شێوەیەک خەریکی تاڵان و بڕۆ و تەکاندنی گیرفانی بەتاڵی خەڵکی کەم دەرامەتە. بۆیە خەڵک لە بێ موچەیی و هەڕەشەی مەرگ بە کۆرۆنا و بێکاری و نەبونی پێداویستیەکانی ژیاندا بە جێ هێڵراوە ، وە هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جگە لە خۆپیشاندان و پەلاماردانی ئەم حکومەتە نەبێ . ڕێگا چارە چیە؟ ڕێگاچارەی بەردەم خەڵکی کوردستان لە ئێستادا تەنها فشارهێنانە بۆ ئەم دەسەڵاتە، کە تاکو ئەو سەرمایەیەی کەڵەکەی چەند ساڵەی بەکاری بێنێ بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی ژیانێکی شایستە و چارەسەری کۆرۆنا و دابین کردنی موچە و خزمەتگوزاریەکانە سەرەکیەکان، نەک بۆ کەڵەکەکردنی لە بانکەکانی دەرەوە و لە ژێر زەمینەکان و لە پڕۆژە تایبەتەکانی ئەم حزبە سەرمایەدارانەدا. بەڵام چۆنیەتی کارکردن و مانەوەی ئەو سیستمە ئابوری و سیاسی و میلیشیایی یەی باسمان کرد نیشانمان دەدا کە بۆچی سەرەڕای ئەم دۆخە قەیران گرتوەی ئێستا زۆربەی خەڵکی کوردستان ڕوبەڕوی بڕین و نەمانی موچە و دامەزراندن و بێکاری و سەرکوت دەکاتەوە ؟ لەم قەیرانەشدا توندکردنەوەی سەرکوتی سیاسی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری لە هەموو کات زیاتر پێویستە وەک سەرخانێکی سیاسی بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە ئابوری نیولیبرالی سەرمایەداری کە پشتی بەستووە بە ئابوریەکی رەیعی نەوت و هەرزان ڕاگرتنی هێزی کاری کرێکار و فەرمانبەران و لە خوارەوە ڕاگرتنی ئاستی گوزەرانی زۆربەی خەڵک. پەیوەندی دەسەڵاتی میلیشیایی و بنەماڵەیی لەگەڵ کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ کەمایەتیەکی حزبی و هەژارکردنی زۆربەی خەڵک، ئەو پەیوەندیەیە کە هەموو حزبە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنە بورژوازیەکان وەک یەک ناچار دەکا کە دەبێ مل کەچی بن. ئەمانە پێداویستیەکانی ئەو سیستمە سەرمایەداریە نیولیبرالە و ترانس ناشناڵەیە کە ئەمڕۆ لە کوردستان و عێراقدا باڵادەستە. کەواتە هانا بردن بۆ ئەمریکا یان بۆ فشاری تر لە پێناوهێنانی دیموکراسی زیاتر ، یان پەرلەمانێک کە هەموو حزبەکان تیایدا بەشداربن و دەسەڵاتی بنەماڵەیی نەهێڵێ و یاسا سەروەر بێ، شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێ لەم بەرنامە نیولیبراڵەی کە بانکی جیهانی دەیەوێت بەرقەرار بێت لە عێراق و کوردستان . هەربۆیەشە گۆڕینی ئەم سەرخانە میلیشیایی و بنەماڵەییە لە هیچ پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بورژوازی بەهرەمەند نی یە وەک ئەوەی گۆڕانخوازەکانی پێشوو و نەوەی نوێکانی ئێستا بانگەشەی بۆ دەکەن. دوای تەجروبەی ١٧ ساڵ لە دەوری ئەمریکا و نەخشەی چاکسازی دیموکراتی لە عێراق و کوردستاندا ، ئاشکرایە کە هەموو ئەم چاکسازی یە دیموکراتیانە هێشتا هەر دەبێ ملکەچی سیستمی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بێت لە چوارچیوەی وڵاتێکی ژێردەستەی کۆمپانیا ترانس ناشنالەکانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران و چین و ..هتد . هەربۆیە دوای ١٠ ساڵ لەم بەرنامەی چاکسازیەی حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنە جۆراوجۆرەکان، خەڵکی ناڕازی ئێستا ئیتر دروشمی نا بۆ ئۆپۆزسیۆنی ساختەی بەرزکردۆتەوە ، وە لەمەش زیاتر هوشیاری خەڵک بە جۆرێک چوەتە سەر کە بەدیلی پەرلەمانی بورژوازیش بە کارتۆنی لەقەڵەن دەدەن. ئەمانە هەنگاوێکن بۆ پێشەوە. دروشمی نا بۆ پەرلەمانی کارتۆنی نیشانەی تەجروبەیەی ١٠ ساڵی ڕابردووی خەڵکە لە کوردستان بە ئومێد بەستن بەوەی ئەم پەرلەمانە و ئۆپۆزسیۆن ئەم سیستمەی بۆ بگۆڕێ. بەڵام دەرکەوت کە مەسەلەکە تەنیا ڕیژەی کورسیەکانی یەکێتی و پارتی نیە، بەڵکو دەورێکە کە پەرلەمان لەم سیستمە سیاسی وئابووریەی یەکێتی و پارتیدا هەیەتی. ئەم پەرلەمانە خەریکی سازکردنی ئەو یاسایانەیە کە سیاسەتی ئابوری و بەرژەوەندی سیاسی و دەسەڵاتی سەرکوتی ئەم دوو حزبە پێویستیەتی . هەر حزبێکی تری وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان و نەوەی نوێ تەنها دەتوانن لەژێر سایەی ئەم سیاسەت و یاسایانەدا داوای بەشی خۆیان بکەن. بە تەجروبەش دەرکەوت کە ئەم ئۆپۆزسیۆنەش لە پەرلەمان وەک کارتی فشارێک بۆ ئەم بەشە لە ئیدارە و داهات شەڕ دەکا و هەر کات ئەم بەشانەیان پێ درا ئەوا دەبنەوە بە بەشێک لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی و پۆستی حکومی وەردەگرن. ئەگەر لە جیاتی بنەماڵە حزبێکی مەدەنی ، و لە جیاتی وەزیرە حزبیەکان تەکنۆکراتەکان حکومەت بەڕیوە بەرن ، هیچ لە بەرنامەی حکومەت و چۆنیەتی دابەشکردنی موچە و خزمەتگوزارە گشتیەکان ناگۆڕێ ، وە هەموویان لەسەر ئەو بەرنامە نیولیبرالیەی هەژارترکردنی هەژارەکان کۆکن ، وە ئەمەیان بە کردەوە پیادە کردوە هەر کاتێک بوونەتە بەشێک لە دەسەڵات. هەرچۆن بینیمان کە وەزیرەکانی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە پیش یەکێتی و پارتیەوە بوون بۆ سەپاندنی پاشەکەوتی موچە. لێرەدا خەڵک گەیشتۆتە ئەو جێگایەی کە بەدوای بەدیلێکی تردا دەگەڕێ لەدەرەوەی پێشنیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێستا، کە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو پێشەوە لە ناڕەزایەتیەکانی ئێستادا. بۆ نمونە، ناڕەزایەتیەکانی شاری ڕانیە داوای دروشمی " لێپرسینەوە لە کاربەدەستانی ئەو دەڤەرە" بەرزدەکاتەوە لەبەرامبەر گەندەڵی و نەبونی خزمەتگوزاری . لە بواری تەندروستیشدا دەنگی نارەزایەتی لەدژی تایبەتی کردن و بازرگانی کردنی دەسەڵات بە بودجەی دەرمانەوە بەرز بۆتەوە ، و خواستی دروستکردنی بۆردی نەخۆشخانە گشتیەکان هەر لە کارمەندانی تەندروستی بەرز کراوەتەوە . ئەمانە هەموو نیشانە سەرەتاییەکانن بۆ دەرکەوتنی بەدیلێکی جەماوەری دژ بە دام ودەزگاکانی ئەم سیستمە ئابوری و سیاسی و سەربازیەی ئێستای کوردستان. ئەم هەوڵانە خاڵی هاوبەشیان بریتیە لە دروستبونی هێزیکی تر لە دەرەوەی ئەم سیستمە دەسەڵاتدارەی ئێستا و دامودەزگا سیاسی و حزبیەکانی و پەرلەمانەکەشی. ئەم هوشیاریەی جەماوەری ناڕازی بەوە دەگاتە ئاستێکی باڵاتر کاتێک خەڵکی ناڕازی بروای بە بەدیلی خۆی هەبێت کە داواکاریەکانی بۆ بەدی بێنێ، نەک بە هێزێکی سیاسی دەرەوەی خۆی. ئەم چینە ناڕازیە لە کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان و لاوان و خانەنشینان و هتد ، لە تەجروبەی خۆیانەوە بۆیان دەرکەوتتوە کە دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری و دامەزراندن و ئازادی سیاسی لە ڕێگای ئەم حزب و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنانەوە دابین نابێ، وە بە ناچاری هەست بە پێویستی دروستبوونی هێزی ڕیکخراوی خۆیان دەکەن کە بێتە مەیدان و فشار دروست بکات بۆ بەدەستهێنانی هەریەک لەم پێداویستیە سەرەتاییانە. هەنگاوی لێپرسینەوەی جەماوەری لە دامودەزگا لۆکاڵیەکان دەتوانێ هەنگاوێكی پیشڕەوانە بێت، وە بەرەو چاودێری فراوانی جەماوەری بچێ لەسەر دەسەڵات و دەزگا کانی تاکو لەم ڕێگایەوە خەڵک بتوانن لێیان بپرسنەوە و فشارێکی بەردەوام بن لەسەریان. دروستکردنی چاودێری جەماوەری دروشمێکە کە دەتوانێ هێزی ناڕازی ئێستا لە هەموو دامودەزگا و لە ناو مەیدانەکانی ناڕەزایەتیەکاندا کۆبکاتەوە و ئاراستەی بکات بەرەو ئەوەی ناڕەزایەتیەکان ڕیکخراو بکا. دروستکردنی دەستەی چاودێری جەماوەری لە هەموو ئاستێکی لۆکاڵ لە شار و شارۆچکەکان و لە فەرمانگە و کارگە و نەخۆشخانە و خوێندگاکان دەتوانێ حکومەتێکی سێبەر دروست بکا و فشاری بەردەوام بخاتە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکان. داواکاریەکان کە ئێستا لە دەوری موچە و دابینکردنی تەندروستی لە ئارادایە دەتوانێ هێزی جەماوەری ناڕازی کۆبکاتەوە و لە ڕیگەی ئەم دەستە چاودێرە جەماوەریانەوە بەرەو گۆڕینی ئەم دۆخە بچێ. ئەم دەستە ناڕازیانە دەتوانن داوای هەڵبژاردنی هەموو بەڕیوەبەر و بەرپرسانی شار و دامودەزگاکان و وەزیرەکان و سەرۆکی حکومەت بکەن و لەم ڕێگەیەوە نوێنەرانی خۆیان بخەنە جێگای نوێنەرانی دەسەڵات. ئەم ستراتیژیەی کە لە ئێستادا خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لە هەموو شوێنێکدا چاودێربن بەسەر دام و دەزگای و حکومەتی هەرێمەوە لە کاتی هەر دزیەک کە لە نەوتدا دەکرێ، لەهەر سەرکوتێک لەبەرامبەر خۆپیشاندەراندا، لەهەر پڕۆژەیەکی کەرتی تایبەت کە لە بودجەی گشتی دەدزرێ، لەهەر نەدان و بڕینێکی موچەدا، وە لە دروستکردنی بۆرد و ڕیکخراوەی جەماوەری بۆ تەنگ هەڵچنین و لابردنی بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەری گشتی و وەزیر و کابینەی حکومەت و سەرۆکی حکومەتدا، دەتوانێ سەئەنجام هێزی جەماوەر بکاتە حکومەتی سێبەر بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا، وەک دەسەڵاتێک دەربکەوێت لە بەرامبەر بە دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەتدا وەستاوەتەوە و ڕێگری لێ دەکا و فشاری دەخاتە سەر، تا کاتێک کە دەسەلاتی جەماوەری ئامادەیە کە دەسەلاتی ئیستا وسیستمەکەی بە یەکجاری و بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە بگۆڕێ. ئەمانە دەتوانن ڕێگای جۆراو جۆری جێبەجێکردنی ئەو دروشمی "نا" یە بن کە بۆ دەسەڵات و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن بەرزکراوەتەوە . وە نیشاندانەری هەبوونی بەدیل و ئەلتەرناتیڤی جەماوەری ناڕازی یە لە بەرامبەر دەسەڵات و دامودەزگاکانی ئێستادا. بەدیلی سیاسی و ئابوری و ئیداری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەت لەم هەنگاوانەدا دەست پێدەکا کە لە هەموو شوێنێک دژی ئەو بەرژەوەندی و سیاسەتانەی دەسەڵات بوەستەنەوە و ڕێگای پێ نەدەن کە ژیان و بەرژەوەندی ٪٩٩ خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانی کەڵەکەی سەرمایە و پاوانکردنی دەسەڵات لای ١٪ کۆمەڵگە.
درەو: بەپێی ئەو خشتەیەی كە ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، كابینەی نۆیەم لەماوەی (13 )مانگی دەستبەكاربونیدا (12) موچەی دابەشكردووە. ئەمە مشتومڕی لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا درووست كردووە، بە پێی بەدواداچونەكانی درەو كابینەی نۆیەم موچەی (11) مانگی دابەشكردووە، بەڵام لەو لیستەدا كە حكومەت بڵاویكردۆتەوە موچەی مانگی نیسانی 2019 كە لەمانگی تەمووزدا دابەشكراوە، لەسەر كابینەی نۆ ئەژماركراوە ئەمە لە كاتێكدایە ئەو موچەیە لە 7/9 دەست بە دابەشكردنی كراوەو فەرمانی دابەشكردنی موچەكە لە لایەن كابینەی پێشوو بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی دراوەو مەسرور بارزانی لە 7/10 واتا رۆژێك دوای دابەشكردنی موچە سوێندی یاسایی خواردووەو دوای هەفتەیەكیش لە سوێندخواردن دەسەڵاتی وەرگرتووە . سەرباری ئەوەی لە خشتەكەدا هەڵەیەكی تری تێدایە كە لە مانگی (10) حكومەت دوو موچەی دابەشكردووەو نوسیویەتی موچەی مانگی تەموزی 2019 لە ( 2019/10/8 بۆ 2019/10/24) بۆ مانگی ئاب لە 2019/11/8 بۆ 2019/10/27 ) واتا لە مانگی 10 حكومەت دوو موچەی دابەشكردووە ئەمە سەرەرای ئەوەی كابینەی نۆیەم بۆ موچەی مانگەكانی (شوبات، ئازار) رێژەی 21%ی لە موچەی موچەخۆران بڕیوەو بە بێ ناوهێنانی بە پاشەكەوت. لە دیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك میدیاكاری ( پارتی و یەكێتی و گۆڕان) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: تەمەنی كابینەی نۆیەم (13) مانگە لەو ماوەیەدا (12) موچەمان دابەشكردووە.
درەو: هەوڵی لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە پەرلەمان، لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە، یەكێتی فشار لە پەرلەمانتارەكانی دەكات واژۆكانیان لەسەر نوسراوەكە بكێشنەوە. ئەمڕۆ 24 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر نوسراوێك كرد بۆ لێپرسینەوەی لە ( مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی). لەناو ئەوانەی واژۆیان لەسەر نوسراوەكە كردووە (5) پەرلەمانتاری یەكێتی و (4) پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان هەن. یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی سیاسیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەیەو پێكەوە بە سێ قۆڵی كابینەی حكومەتیان پێكهێناوە. لەناو ئەوانەی نوسراوەكەی پەرلەمان داوا دەكات لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت نوێنەری یەكێتی هەیە كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتە، لە بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەركەوتووە. لەم كاتەدا كە حكومەت توشی قەیرانی دارایی بووە، وەزیرو بەرپرسانی حكومەت خۆیان لە هەر جۆرە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەپارێزن چ جای ئەوەی بچنە بەردەم پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە. بە پێی زانیارییەكانی (درەو)، بە پرسانی پارتی فشاریان خستوەتە سەر هەردوو هاوبەشەكەیان لە حكومەت (یەكێتی، گۆڕان) تاوەكو پەرلەمانتارانیان ناچاربكەن واژۆی خۆیان لەسەر نوسراوی پرساندنی حكومەت لە پەرلەمان بكێشنەوە. (درەو) زانیویەتی ئێستا لە ئاستی مەكتەبی سیاسی و هاوسەرۆكایەتی یەكێتیەوە فشار دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانیان واژۆی خۆیان لەسەر نوسراوەكەی پەرلەمان بكێشنەوە. ئەوانەی لە فراكسیۆنی یەكێتی واژۆییان لەسەر نوسراوەكە كردووە، بریتین لە: - عەباس فەتاح - سەركۆ ئازاد گەڵاڵی - هاورێ مەلا ستار - شەمۆڵ ئاشتی - شیرین یونس بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانیش ناڕازین لەوەی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەكەیان واژۆیان لەسەر نوسراوەكە كردووە، لە فراكسیۆنی گۆڕان ئەم پەرلەمانتارانە واژۆیان كردووە: - عەلی حەمە ساڵح - شیرین ئەمین - شایان عەسكەری - گۆڕان عومەر سەرباری فشارەكانی پارتی لەسەر بزوتنەوەكەیان، پێشبینی ناكرێت ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان واژۆكانیان بكێشنەوە بەتایبەتیش لەكاتێكدا حزبەكەیان لە شەقام روبەرووی ناڕەزایەتی فراوان بووەتەوە، بەڵام یەكێتی لە ئێستادا لە دانوستان و زنجیرەیەك كۆبونەوەدایە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتیدا، سەركردەكانی یەكێتی نایانەوێت بەبەشداریكردن لەم هەوڵەی پەرلەمان ئەو پەیوەندییە تێكبدەن كە بەمدواییە لەگەڵ پارتی بنیادیان ناوە، بۆیە ئەگەری كشاندنەوەی واژۆی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر نوسراوەكە پێشبینی كراوە. لە حاڵی كشانەوەی واژۆی پەرلەمانتارانی یەكێتی، نوسراوی پرساندنی حكومەت لەبەردەم پەرلەمان نیسابی یاسایی لەدەستدەدات و ئەوانەی سەركردایەتی هەوڵەكە دەكەن دەبێت بەدوای كۆكردنەوەی واژۆی تر لەناو پەرلەماندا بگەڕێن.
(درەو): بە فەرمانی بریكاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، (10) پۆست لەناو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی گۆڕانكارییان تێدا كراو ژمارەیەك بەرپرس لە پۆستەكانیان دورخرانەوە. ئەمڕۆ پرۆژەی سیستمی ئەلیكترۆنی سكاڵانوس "عەریزەنوس"ەكان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كرایەوە. چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ پرۆژەكەی كردەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" لەهەر شوێنێك پێویست بكات گۆڕانكاری دەكەین.. دەستمانكردووە بە ریفۆرمو چاكسازی لە دامودەزگاكاندا". چەتۆ ساڵح كە وەكو وەزیری ناوخۆ لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەكێتی مامەڵە دەكات، رایگەیاند" لە كەسی قبوڵناكەن دامودەزگاكانو پلەی وەزیفی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكاربهێنێت". چەتۆ ساڵح رۆژی 12ی تەموزی رابردوو سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ناو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیەوە دەست (درەو) كەوتوون، لەسەر فەرمانی بریكاری وەزیری ناوخۆ بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم ژمارەیەك بەرپرسی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە پۆستەكانیان دورخستوەتەوەو كەسانی تری لە شوێنەكانیان داناوە، هاوكات لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانیش ژمارەیەك گۆڕانكاری كراوەو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) عەميد فەرەیدون عومەر بەرێوەبەری گشتی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند: گۆڕانكارییەكان پەیوەندی بە رودانی گەندەڵی یاخود سەرپێیوە نیە، ژمارەیەك بەرپرس هەن ماوەی زیاتر لە (13) ساڵە لە پۆستەكانیاندا ماونەتەوەو دەبوو ئاڵوگۆڕیان تێدا بكرێت، هەندێك گۆڕانكاریمان كردووەو لە داهاتوودا بەرپرسی هەموو بەشەكان دەگۆڕین. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست (درەو) كەوتوون، ئەو بەرپرسانەی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی سلێمانی دورخراونەتەوەو ئەوانەی تازە دانراون بریتین لەم كەسانە: • عەقیدی هاتوچۆ (سەعدوڵا عەزیز عەوڵا) لە بەڕیوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازی گواستراوەتەوە بۆ بەرێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی ناوشار/ رۆژئاوا بە پلەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت) • موقەدەمی هاتوچۆ (فەخرەدین ئەمین ساڵح) لە بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی ناوشارەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی قەزای ناوەند بەپلەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت) • موقەدەمی هاتوچۆ (بەهمەن ئەحمەد محەمەد) لە بەڕێوبەرێتی هاتوچۆی قەزای ناوەندەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی هاتوچۆی ناوشار/رۆژهەڵات بە پلەی بەڕێوەبەر ( بەوەكالەت) • موقەدەمی هاتوچۆ (یوسف عەلی قادر) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی تۆماری بەڕێوەبەرێتییەكەوە/ تۆماری تایبەت، گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێریو خۆیەتی بە پایەی بەڕێوەبەر (بە وەكالەت) • موقەدەمی هاتوچۆ (بەختیار مەحمود بەهرام) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی هاتوچۆی ناوشار/ رۆژئاوا • رائید (فەریق عەلی غەریب) لە بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێریو خۆیەتییەوە گواستراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرێتی بەشی میرەو ئامێرسازی بە پلەی بەرێوەبەری (بە وەكالەت) • رائیدی هاتوچۆ (ئاكام عەلی عومەر) بە پلەی بەڕێوەبەر كراوە بە بەڕێوەبەری بەشی (I.T) بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ. • بەخشینو لادانی (ئەندازیار فەرمان ئەحمەد قادر) لە پایەی بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆو گواستنەوەی بۆ سەر راژەی بەڕێوەبەرێتی بەشی كارگێڕیو خۆیەتی/ هۆبەی خۆیەتی. • دانانی (یاریدەری سەرۆك ئەندازیار كانی حسێن حەمە خدر) ئەندازیار لە بەرێوەبەرێتی بەشی ئەندازەی هاتوچۆ بە پلەی بەڕێوەبەر لە جێگەی ناوبراوی بڕگەی پێشتر كە لادراوە. • گواستنەوەی (عومەر نامیق) لە بەڕێوەبەری بەشی هونەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانەوە وەك موعەوم بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە هەولێر
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم بههۆی ئهو ههموو كێشه و قهیرانهی زۆرانهی كه بهرۆكی ههرێمی كوردستانی گرتوه ( بێ موچهیی و نا عهدالهتی و گهندهڵی و نهبوونی خزمهتگوزاری ...هتد )، بهڵام دهبینین خۆپیشادانهكان و دهنگی بهرهی ناڕازی، نهبۆته هۆكاری دروستبوونی بهرهیهك، كه مهترسی لهسهر دهسهڵات دروست بكات، ئهنجامێكی ئهوتۆی لێبكهوێتهوه، ئهمهش بۆ چهند هۆكارێكی سهرهكی دهگهڕێتهوه. یهكێتیی و خۆپیشاندانهكان یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه هاوبهشی سهرهكی حكومهتی ههرێمی كوردستانه و لهگهڵ پارتیدا تهنها لهسهر چهند شێوازێكی بهڕێوهبردن و كۆمهڵێك بهرژهوهندی ناكۆكن، ئهگهر نا لهسهر ئاستی ههر سێ سهرۆكایهتییهكهی ههرێم ساز و تهبان و هیچ كێشهیهكی سیاسی گهوره له نێوانیادا نییه، ئهو بڕیارانهشی لهسهر ئاستی ههرێم و عێراق و ناوچهكه دهیدهن به راوێژكردنه لهگهڵ یهك. سهرهڕای ناكۆكییهكانی چهند مانگی رابردوویان، بهڵام تاوهكو ههفتهی رابردووش یهكێتیی ژمارهیهكی پۆستی دیكهی له حكومهتی ههرێمی كوردستان پڕكردۆتهوه، به پێچهوانهی ئهوهی له میدیاكانیهوه بانگهشهی بۆ دهكات. ئهوهی زیاتر پارتی نیگهران كردوه له مهسهلهی خۆپیشاندان و ناڕهزایهتییهكانی خهڵك، پارتی پێیوایه بهشێكی زهمینهسازی بۆ ئهو خۆپیشاندانانه به دهستوهردانی ناڕاستهوخۆی یهكێتیی نیشتمانی كوردستانه، بهڵام نهك له بهرامبهر حكومهت و دهسهڵاتهكانی ههرێم، بهڵكو له دژی خودی مهسرور بارزانی. زانیارییه ههواڵگرییهكانی پارتی و هێزه ئهمنییهكانی سهر بهو حزبه، وایانكردووه بهرپرسانی ئیداری و ئهمنییهكانی زۆنی زهرد، لهگهڵ سهرههڵدانی ههر دهنگێك بۆ خۆپیشاندانن، زیڕه بكهن ترسی زۆریان ههبێت و شهقام و شوێنه گشتییهكان بكهنه سهربازگه. ئهو ترسان و بهسهربازیكردنهی له لایهن پارتی، هۆكاری سهرهكی دهگهڕێتهوه بۆ دهستوهردانی ناڕاستهوخۆی یهكێتیی، نهك ترسان له هێزهكانی دیكهی ئۆپۆزسیۆن، چونكه پارتی دڵنیایه هێزه ئۆپۆزسیۆنهكان له ئێستادا نه ئهو كاره دهكهن، نه تواناشیان ههیه خۆپیشاندانی گهوره ئهنجام بدهن. لهماوهی سێ رۆژی رابردوودا، بههۆی ئهو ترسهی پارتی له سیاسهتی یهكێتیی، ئهو هێزه وایكرد پهیام بۆ یهكێتیی بنێرێت، بهوهی كه ناكرێ ئهوان زهمینه خۆش بكهن بۆ ئهنجامدانی دانیشتنی فراوانی یهكێتیی و پارتی، لهولاشهوه دهستوهردانی ناڕاستهوخۆ ههبێ و رێگه بدرێت خهڵكانێك دۆخهكه بقۆزنهوه. پارتی به یهكێتی راگهیاندوه، ئهوهی ئێستا له سنووری زۆنی سهوز دهگوزهرێت، پێچهوانهی دانیشتنهكهی دوو ههفتهی رابردوو نێوان ههردوولایه له هاوینهههواری دۆكان. ئهم جۆره مامهڵهكردنهی یهكێتیی لهگهڵ خۆپیشاندهران لهلایهك وهكو كارت بهرامبهر خودی مهسرور بارزانی بهكاریدههێنێت، له لایهكی دیكه له بهرژهوهندی پارتی دیموكراتی كوردستانه، چونكه ئهم شێوازه پشتگیریكردن له خۆپیشاندهران له لایهن یهكێتیی، بۆته جۆرێك له بارمتهگرتنی خۆپیشاندان، كه وادهكات خۆپیشاندان به هیچ جۆرێك ئامانجه بنهڕهتییهكانی خۆی نهپێكێت؛ كه بهرهنگاربوونهوهی گهندهڵی و هێنانهكایهی عهدالهتی كۆمهڵایهتی و بهدیهێنانی ژیانێكی باشتره. ئهگهر یهكێتیی به جدی ناڕازییه بههۆی ئهو نفوزهی جهماوهریهی ههیهتی ئهگهر بیهوێ دهتوانێت به خۆپیشاندان و دهیان كارتی دیكهی بهردهستی بهكاربهێنت بۆ گۆڕینی بارودۆخهكه، بهڵام مامهڵهكانی ئێستای یهكێتیی بهشێوهیهكه نه رێگه دهدات خۆپیشادانی خۆرسك و جدی بهڕێوهبچێت و داواكارییه رهواكانی خۆپیشاندهران بێته دی، به مانایهكی دیكه نه رابهرایهتی خۆپیشاندان دهكات، نه رێگهش دهدات خۆپییشادان لهسهر رێچكه دروستهكهی خۆی بهڕێوهبچێت. یهكێتیی خۆپیشاندانهكانی به بارمته گرتووه بۆ داواكارییهكانی خۆی (ههركاتێك بیهوێت فشار دروست بكات و پهیام بنێری زهمینهسازی بۆ خۆپیشاندان دروست دهكات، ئهگهر دهستكهوتیش بهدهست دههێنیت ئهوه سهركوتی خۆپیشاندان دهكات). یهكێتیی ناچێت مهسئولیهت لهگهڵ پارتی ههڵگرێت و بۆ ئهوهی رێگه به خۆپیشاندهرانی راستهقینه و حهقیقی خۆش بكات. پارتی و یهكێتیی ئهو ماوهیه، بهردهوام له پشتی پهردهوه مشتوومڕیانه، بهردهوامیش پارتی پهیام بۆ یهكێتیی دهنێرێت، كه دهست لهو كارانه ههڵگرن، چونكه ئهوهی له زاخۆ روویدا خهریك بوو له ناوچهیهكی دیكی سنووری ههولێر رووبدات، بهڵام پارتی زوو یهكێتیی ئاگاداركردهوه، كه ناتوانن ئهوانیش بارهگاكانی ئهوان له ههولێر و دهۆك بپارێزن ئهگهر شتێكی لهم جۆره لهم شوێنانه رووبدات. له ههفتهی یهكهمدا، یهكێتیی لهبهرامبهر خۆپیشاندانهكان بێدهنگی كرد، بهڵام له ههفتهی دووهم دا دوای فشارهكانی پارتی، له ههنگاوی یهكهم به هێرشكردنه شاسوار و چهند فهرمانگه و بارهگهیایهك بهشێك له داواكارییهكهی پارتی جێبهجێكرد، رهنگه دوای ماوهیهكی دیكه به بیانوی توندوتیژی كهوتنهوه له خۆپیشاندانهكان، رێگه به هیچ جۆره گردبوونهوهیهك نهدات، بهتایبهت كه لهگهڵ پارتی نزیك دهبێتهوه. نهوهی نوێ و خۆپیشاندانهكان دهسهڵات بهردهوام له ههرێم كیشهیهكی لهگهڵ ناڕهزایهتی و خۆپیشاندانهكان ههیه، كه نایهوێ بڵی خۆپیشاندان بههۆی بێزاری خهڵكه و ههروا بهردهوامیش له تۆمهتی حازر بهدهست دهگهڕێت، وهك ئهوهی لهماوهی چهند ڕۆژی رابردوو له زاخۆ روویداو خستیه ئهستۆی پهكهكه و نهوهی نوێ. شاسوار، كه ئێستا خۆی كردۆته خاوهنی شهقام، خزمهتی ئهو دوو خاڵه دهكات، كه دهسهڵات به دوایدا دهگهڕێت، لهبهرئهوهی شاسوار خۆی كردۆته خاوهنی خۆپیشاندان ئهوهش رێگهی خۆشكردووه، بۆئهوهی بهبێ داتاشین بیانوهكه بداته دهستیان و خزمهتیان بكات. ئهو كابرایه خۆی كردۆته خاوهنی خهڵكی ناڕازی له شهقامهكان، بههۆیهوه ههم بهشێكی زۆر هێز و خهڵكه ناڕهزایهتییهكانی دیكهی ههرێم له رقان و بهشێكی دیكه ش نایهوێ كهس نوێنهرایهتیان بكات و دهیانهوێ خۆپیشاندان خۆرسك بێت ( كه ئهمهش قهبارهی خۆپیشاندانهكانی بچووك كردۆتهوه) . ههمیش له پێناو خواستهكانی خۆی شوناسێكی داوهته خۆپیشاندانهكان به رابهرایهتیكردنی، ئهوهش بۆته بیانووهك به دهست پارتی و دهسهڵاتهوه، بۆ لێدان له خهڵك و شهرعیهتدان به رووبهرووبوونهوهی خۆپیشاندهران. ئهمانهش وادهكات دواجار خۆپیشاندانهكان هیچ ئهنجامێكی نهبێت، یهكێتیش لهم نێوهندهدا ههركاتێك بیهوێ شاسوار وهك مهقاش و كارتێك بهرامبهر پارتی بهكاربهێنێت. پارتی و خۆپیشاندانهكان پارتی دیموكراتی كوردستان ههرجارێك خۆپیشاندان و ناڕهزایی دروست دهبێت لهگهڵ دهرهنجامی كێشهكان مامهڵه دهكات؛ واته كار لهسهر سهركوتكردن و گرتن و راوه دونانی سهرانی خۆپیشاندهران دهكات، نهك هۆكار و سهرچاوهی ئهو خۆپیشاندانانه، كه بریتییه له برسیكردنی خهڵك و نا عهدالهتی و گهندهڵی. پارتی نایهت كار لهسهر بڕینی بیانوی خهڵك و هێزهكان به چارهسهركردنی كێشهكان بكات، تهنها به بهنجكردنی و سڕكردنی كاتی دهیهوێ ناڕهزایهتییهكان توڕهیی خهڵك دامركێنێتهوه، لهكاتێك ئهو ستراتیژهی پارتی بهرامبهر داواكاری خهڵك ههڵهیه، رۆژێك دێت ناتوانێت ئهو ناڕهزاییهتیانه سهركوت بكات، لهوانهشه سهری بخوات. پارتی كه خاوهنی حكومرانییه و زۆرینهی حكومهت و پهرلهمانه، دهبوایه باشتر مامهڵهی لهگهڵ هێزهكان بكات، به تایبهت یهكێتیی لهبهرئهوهی ئێستا پێیهكی له دهسهڵاته و پێیهكی لهگهڵ ئۆپۆزسیۆنه. پارتی گلهیی له یهكێتیی ههیه كه دهستوهردانی ناراستهوخۆ دهكات، بهڵام نهیتوانیو ئهو گرێیه دهروونییه تێبپهڕێنی و یهكێتیی بهێنێته ژێر باری مهسئولیهت، له پێناو زۆرینه و حاكمیهتی خۆی باشتر ههنگاو بنێت، به تایبهت له دوای كۆنگرهی یهكێتیی ئهو گڕێ دهروونییه تێبپهڕێنێت. باشییهكهی ئهمهش ئهوهبوو ئهو كات بهرهی پارتی و یهكێتیی باشتر روون دهبوویهوه، بهرهی ناڕهزایی و خۆپیشاندهرانی حهقیش باشتر به دیار دهكهوت. ئایه پارتی ههر له بهرئهوهی ئهو بهرهیه روون نهبێتهوه، یهكێتیی ناهێنێته بهرهی خۆی؟ بۆئهوهی ههرجارهی به بیانوی یهكێتیی له پشتی یهكێتیی له خۆپیشاندهران بدات، یان پارتی به قهدهر غروری بههێزی و گهورهیی خۆی ناتوانێت سازش و دڵ فراوانی بكات.
راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف بە وشەی "ماو تسی تۆنگ"و لە تەنیشت "شەهید ئارام"ەوە زمانی قسەكردنی پژاوەو رۆڵەی كۆمەڵەی ماركسینی لینینی كوردستان بووە، ئێستا كۆمپانیای نەوتی هەیەو ئاشتی هەورامی راكێشاوەتە ناو دادگایەكی لەندەنو داوای (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار لە حكومەتی هەرێم دەكات، ئەو (هیوا ئاوات قارەمانی)یە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری ژیانی هیواو كەیسەكەی ئاشتی هەورامی لە دادگای لەندەنو نوسراوێكی نهێنی مەسرور بارزانیو دەستوەردانی قوباد تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی بڵاودەكاتەوە. جارێكی تر ئاشتی هەورامی كێشەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆتاییان نایەت، دۆسیەیەك دادەخرێتو یەكێكی تر دەكرێتەوە. نەوتی هەرێمی كوردستان لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیاوە گورزێكی نوێی بەركەوت، گورزێك كە بەهاكەی دەگاتە (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار ئەگەر ئاشتی هەورامی تێیدا بدۆڕێت. ئەمە یەكەمجار نییە ئاشتی هەورامی روبەڕووی دادگا دەكرێتەوە، پێشتر هەورامی جارێك بڕی (ملیارێكو 980 ملیۆن) دۆلاری بە كۆمپانیای (دانە غاز) دۆڕاند، جارێكی تریش بڕی (100 ملیۆن) دۆلاری بە هەمان كۆمپانیا دۆڕاند، هەموو ئەم پارانەش لە داهاتی نەوتی هەرێم دەرچوون. ئەمڕۆ یەكەمین دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسێكی تری كیشەلەسەری نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد. لەبارەی كەیسەكەوە كۆمپانیای (داینا ستی) كە خاوەنەكەی گەنجێكی كوردی خەڵكی شاری سلێمانییە بەناوی (هیوا ئاوات عەلی)، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا لە لەندەن سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانو یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە، تۆماركرد. ئەم كۆمپانیایە داوای بڕی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكاتو دەڵێ بەهۆی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە زیانی بەركەوتووە. كۆمپانیای (داینا ستی پترلیۆم) كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانەو سنوردارە لە بواری نەوتو غازدا، ئەم كۆمپانیایە رۆژی 1ی ئازاری 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا، پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا كڕییەوە كە بریتی بوون لە: • بلۆكی نەوتی (K39) كە دەكەوێتە كێڵگەی نەوتی (تۆپخانە) لە رۆژهەڵاتی ناحیەی قادركەرەمو ناوچەی جەبارە • بلۆكی نەوتی (K44) لە كێڵگەی نەوتو غازی (كوردەمیر) كە دەكەوێتە خوارو ناحیەی سەنگاو و باكوری قەزای كەلار كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیی بەرلەوەی پشكەكانی خۆی بە كۆمپانیای (داینا ستی) بفرۆشێت، لە كێڵگەی (تۆپخانە) خاوەنی 60%ی پشكەكان بوو، لە كێڵگەی (كوردەمیر)یش 40%ی پشكەكانی هەبوو. ئەو دوو بلۆكە نەوتییەكەی كە كۆمپانیا ئیسپانییەكە فرۆشتبووی بە كۆمپانیای (داینا ستی)، پێشتر پشكی كۆمپانیایەكی كەنەدی بوون بەناوی كۆمپانیای (تالیسمان)، واتا كۆمپانیا ئیسپانییەكە پشكی بلۆكە نەوتییانەی لە كۆمپانیایەكی كەنەدی كڕیوەتەوەو دواتر فرۆشتویەتییەوە بە كۆمپانیای (داینا ستی) كە كۆمپانیایەكی ناوخۆیی بووە. بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەدەگی نەوت لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) دەگاتە (2 ملیارو 600 ملیۆن) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتیش لەو دوو كێڵگەیەدا بە (7 ترلیۆنو 200 ملیار) پێ سێجا خەمڵێندراوە، ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە هەردوو كێڵگەكە رۆژانە دەگاتە (25 هەزار) بەرمیل، قەبارەی غازی سروشتی بەرهەمهێنراویش لەم كێلگانەدا رۆژانە دەگاتە (600 ملیۆن) پێ سێجا. كۆمپانیای (داینا ستی) گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانیدا كردو پشكەكانی ئەو كۆمپانیایەی لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) كڕیەوە، بەهای گرێبەستەكە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام دەوترێت بەهاكەی ملیۆنان دۆلار بووە. كۆمپانیای (داینا ستی) بوو بە خاوەنی پشكەكان لەو دوو كێڵگەیە، بەڵام هەرگیز دەستبەكار نەبوو، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێشووی حكومەتی هەرێم كاروباری یاسایی گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی لە كۆمپانیا ئیسپانییەكەوە بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی) جێبەجێ نەكرد. هەڕەشەكانی قوباد تاڵەبانی بەپێی ئەوەی هەندێك لە میدیا خۆرئاواییەكان لەبارەی ئەم كەیسەوە نوسیویانە، ئاشتی هەورامی بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ) بۆسەر كۆمپانیای (داینا ستی)، داوای رێژەی 20% بۆ 30%ی پارەی گرێبەستی نێوان ئەو دوو كۆمپانیایە كردووە، كۆمپانیای (داینا ستی) قایل نەبووە "بەرتیل" بە ئاشتی هەورامیو بەرپرسانی تری حكومیی لە هەرێم بدات، بۆیە ئاشتی هەورامیش رێگەی نەداوە گرێبەستەكە بچێتە بواری جێبەجێكردن. سەرباری ئەمەش بەپێی ئەو بەڵگانەی ئێستا لەبەردەستی دادگای لەندەندان، ئاشتی هەورامی كەمپەینێكی هەڕەشەكردنی لە خاوەنەكانی كۆمپانیای (داینا ستی) ئەنجامداوە، هەورامی سەرەتا داوای لە قوباد تاڵەبانی جێگری ئەوكاتو ئێستای سەرۆك وەزیرانی هەرێم كردووە قسە لەگەڵ (هیوا ئاوات عەلی) خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) بكاتو داوای لێبكات لە كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە پاشگەز ببێتەوە، قوباد تاڵەبانی وەكو بریكاری ئاشتی هەورامی رەفتاری لەگەڵ كۆمپانیای (داینا ستی) كردووە، رەنگە بەشێكی ئەمە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە قوباد تاڵەبانی ئەندامی ئەنجومەنی كاروباری نەوتو غاز بووە لە هەرێمی كوردستان. (هیوا ئاوات عەلی) ناچێتە ژێر باری هەڕەشەكانی قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە، لەم ماوەیەداو بەدیاریكراوی رۆژی 7ی ئابی 2019 ئاشتی هەورامی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی تری حكومەتی هەرێم كۆبونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی دەكاتو بەهەمان شێوە داوای لێدەكات لە گرێبەستەكەی بۆ فرۆشتنی پشەكەكانی بە كۆمپانیای (داینا ستی) پاشگەز ببێتەوە، كۆمپانیا ئیسپانییەكە رەتیدەكاتەوەو ئامادە نابێت پاشگەزببێتەوە. بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی كە لەبەردەستی دادگای لەندەندانو هەندێكیان دزەیانكردووە بۆ ناو میدیا رۆژئاواییەكان، هەر لەو ماوەیەدا بووە كە پەیوەندییەك بە (هیوا ئاوات عەلی) خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) كراوەو داوای لێكراوە چاوی بە لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی زانیاریو پاراستن/ زانیاری بكەوێت (لاهور شێخ جەنگی ئێستا هاوسەرۆكی یەكێتییە). وەكو باسدەكرێت، لەو كۆبونەوەیەی نێوان (هیوا ئاوات عەلی)و لاهور شێخ جەنگیدا، لاهور شێخ جەنگی بە تەلەفۆن ئاشتی هەورامی وەرگرتووە، هەورامی لە پەیوەندییەكەدا داوای لە لاهور شێخ جەنگی كردووە هێز بەكاربهێنێت بۆ ناچاركردنی هیوا ئاواتو پاشگەزكردنەوەی لە كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە، بەڵام لاهور رەتیكردوەتەوە هێز لەدژی كۆمپانیای (دانیا ستی) بەكاربهێنێت، بەمشێوەیە ئاشتی هەورامی بێئومێد بووەو لە رۆژانی دواتری كێشەكەدا بیری لەوە كردوەتەوە پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی وەرگرێتەوەو خۆی جارێكی تر بیانفرۆشێتەوە. ئاشتی هەورامی نەیتوانی گرێبەستی كڕینی پشكی كۆمپانیا ئیسپانییەكە لەلایەن كۆمپانیای (داینا ستی)یەوە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام سەركەوتوو بوو لەوەی رێگەنەدات كۆمپانیای (داینا ستی) كارەكانی خۆی بكات دوای كڕینی پشكەكان، ئەمەیە كە كۆمپانیای (داینا ستی) داوای قەرەبوو دەكاتو دەڵێ زیانی بەركەوتووە. كۆمپانیای (داینا ستی) لەو سكاڵایەدا كە لە دادگاكەی لەندەن تۆماریكردووە، ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكات بەوەی بەشێوەیەكی نایاسایی رێگریی كردووە لە دەستبەكاربوونی لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمدا، هەروەها تۆمەتباری دەكات بە هەڕەشەكردنو فشاری نایاسایی. لە دادگا چی گوزەرا ؟ ئەمڕۆ دادگای (ئاربیترەیشن) لە لەندەن، لەسەر سكاڵای كۆمپانیای (داینا ستی) دژی ئاشتی هەورامی، یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا. دانیشتنی دادگا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا، بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، ئاشتی هەورامی بەشداری نەكردو لە بری خۆی پارێزەرێكی ناردە ناو دانیشتنە ئۆنلاینەكە، بەناوی (گراهام دینە). بەپێی رێوشوێنەكانی دادگا خەڵك بۆیان هەبوو بەشێوەی ئۆنلاینو لەرێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی سكایپەوە بەشداری لە دانیشتنەكەدا بكەن، ژمارەیەك كورد بەشداربوون لەو پرۆسەی دادگایكردنەدا، لەوانە (سەركەوت شەمسەدین) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراقو رۆژنامەنوس (دانا نەقی)و چەند كوردێكی تر. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەو كەسانەوە دەست (درەو) كەوتوون كە بەشداری دانیشتنە ئۆنلاینەكەی دادگا بوون، پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە بۆ ئەوەی لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵا یاساییەكەی كۆمپانیای (دانیا ستی) بهێنێت، ئەوەش بەبەهانەی ئەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەرییەو ئاشتی هەورامیش كە پێشتر وەزیری سامانە سروشتییەكان بووە، ئێستا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزەو پارێزبەندی یاسایی هەیە، سەرباری ئەمە وای لێكداوەتەوە كۆمپانیای (داینا ستی) كۆمپانیایەكی لۆكاڵی هەرێمی كوردستانەو دەبێت كەیسی سكاڵاكەی ببرێتەوە بۆ دادگاكانی عێراق. پارێزەری ئاشتی هەورامی نەیتوانی دادوەری دادگای بەریتانیا قایل بكات بەوەی ئاشتی هەورامی پۆستەكەی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پارێزبەندی یاسایی هەیەو نەوتی هەرێمی سەروەری فیدراڵی عێراقی هەیە، دادوەر بڕیاریدا لەسەر ئەم بابەتەو كۆی كەیسەكە دوای پێنج هەفتەی تر پارێزەری ئاشتی هەورامیو كۆمپانیا (دانیا ستی) هەریەكەیان دوو كەسی شارەزای خۆیان داخڵی دۆسیەكە بكەنو قسەی خۆیان بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتانە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) بەشی پێویست بەڵگەو شایەتییان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ئاشتی هەورامی پۆستەكەی وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ پارێزبەندییەكی نییە، بەڵام پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی لەوەدا سەركەوتوو بوو رێگەی نەدا لە دانیشتنی ئەمڕۆدا پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) بەڵگەی خۆی لەبارەی ئەوە بخاتەڕوو كە ئاشتی هەورامی پارێزبەندی یاسایی نییە. تیمی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی) لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامی قسەیان لە یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان وەكو شارەزایەتی یاسایی وەرگرتووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە قسەكانیدا بۆ تیمی پارێزەرانی كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد وتویەتی، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت لە هەرێمی كوردستان لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانو پەیڕەوی حكومەتدا بوونی نییە، بۆیە هیچ پارێزبەندییەكی یاسایی نایگرێتەوە. بەڵام كێشەكە لە شوێنێكی تردایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دادگای لەندەن دەست (درەو) كەوتوون، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەزمانی ئینگلیزی نوسراوێكی كردووەو تێیدا ژمارەیەك دەسەڵاتی بە ئاشتی هەورامی یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە بەخشێوە، لەوانە دەسەڵاتی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، كێشەی نوسراوەكەی مەسرور بارزانی لەوەدایە بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم دەبوو ئەو نوسراوە لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان بەزمانی كوردی بڵاوبكرێتەوە، بەڵام ئەم نوسراوە لە وەقائعدا نییە، بەبێ بڵاوكردنەوەشی لە وەقائیع ناوەڕۆكی هیچ نوسراوێك ناچێتە بواری جێبەجێكردن لەڕووی یاساییەوە. لەلایەكی ترەوە پرسی سەروەری نەوتی هەرێم لەچوارچێوەی یاسای فیدراڵی عێراقدا كێشەی هەیە، سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری عێراق بەشداری دادگاكەی كردووەو لەرێگەی پارێزەری كۆمپانیای (داینا ستی)یەوە بە دادگای راگەیاندووە بەدوو بەڵگەنامە دەردەكەوێت نەوتی هەرێمی كوردستان سەروەریی نییە: • بەڵگەنامەی یەكەم: حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ تۆماركردووەو سكاڵاكەی بردوەتەوە. • بەڵگەنامەی دووەم: ساڵی 2012 حكومەتی عێراق سكاڵایەكی تری لەسەر ئاشتی هەورامیو حكومەتی هەرێم تۆماركردووە لەبارەی نایاسایبوونی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە، راگەیاندنی ئەنجامی ئەم كەیسە لەدادگای عێراق بەهۆكاری سیاسی ئێستا راوەستاوە. دادگای بەریتانیا مانگی شوباتی ساڵی داهاتووی دیاریكردووە بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەبارەی كەیسەكەی نێوان كۆمپانیا (داینا ستی)و ئاشتی هەورامی. لە هیوای شۆڕشەوە بۆ هیوای نەوت هیوا ئاوات عەلی خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) واتا ئەو كەسەی كە لە دادگای لەندەن سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، كوڕی (ئاوات قارەمانی)یە، كە فەرماندەیەكی دێرینی یەكێتییەو یەكێكە لە هاوڕێ نزیكەكانی شاسوار جەلال "شەهید ئارام" یەكەمین سكرتێری كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان. ئاوات قارەمانی كە سەرتیپی هێزێكی پێشمەرگەی یەكێتی بووە، لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ خێزانو منداڵەكانیدا كوردستانی بەجێهێشتووەو چوەتە دەرەوەی وڵات، قارەمانی ساڵی 2006 یاردەوەرییەكانی خۆی لە كتێبێكدا بەناوی "رێگا باریكەكان" بڵاوكردەوە، یەكێك لە كتێبە پڕخوێنەرەكان بوو بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە بەدوای ساغكردنەوەی مێژووی شۆڕشی كوردەوە بوون لە باشوری كوردستان. ئاوات قارەمانی لە كتێبی یادەوەرییەكانیدا باسی لەوەكردووە، "شەهید ئارام" لە رۆژانی سەرەتای شۆڕشی نوێدا لە ماڵەكەی ئەودا بووە لە گەڕەكی سەرشەقامی سلێمانی، لەوێوە بە نهینی سەركردایەتی رێكخستنەكانی كۆمەڵەی كردووە، ئەوكات كە "شەهید ئارام" لە ماڵی ئاوات قارەمانیدا بووە، هیوا منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵان بووە، هەرزوو بەهۆی رێكخستنەكانی كۆمەڵەوە ناوی "ماو تسی تۆنگ" كەوتوەتە سەر زمانی. بەپێی گێڕانەوەی ئاوات قارەمانی، لەناو هاوڕێیانی كۆمەڵەدا هیوا نازناوی "قالە"ی لێنراوەو ناوی نهێنی ئەو سەردەمەی ئاوات قارەمانی خۆشی لەناو رێكخستنەكاندا "باوكی قالە" بووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییەو بەر لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسەكەی ئاشتی هەورامی، هیوا ئاوات قارەمانی خاوەنی كۆمپانیای (داینا ستی) لە سلێمانی بووە. هیوا دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەكەیدا لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوو چوەتە ئەوروپا، بەزووی فێری زمان بووەو بڕوانامەی باڵای لەبواری كۆمپیوتەردا بەدەستهێناوە، هاوڕێیەتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتیدا هەبووە، چاوساغی كوڕانی تاڵەبانی بووە لە دۆسیە یاساییو ئابورییە هەستیارەكاندا، دواجار هیوای شۆڕشو كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان گەنجێكی هەڵكەوتووی لێ بەرهەم هاتو لە هیوای شۆڕشەوە بوو بە هیوای نەوتو كۆمپانیایەكی لەبواری نەوتدا دروستكرد. ئاوات قارەمانی باوكی هیوا ئێستا لە سلێمانی دەژی، دوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی، قارەمانی پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە كرد، بەڵام ئێستا لە بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانەو دانیشتووەو لەكاری حزبی دوركەوتوەتەوە. سەرەتای تێكەڵابوونی هیوا لە كەیسی نەوتدا لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی 2007، لەو ساڵەدا یەكێك لە كوڕەكانی مام جەلال دەكەوێتە كێشە لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەنەدی بەناوی "ویسترن زاگرۆس"، ئەوكات كۆمپانیاكە كاری گەڕانی كردووە بۆ نەوت لەناوچەی گەرمیانو قەرەداغ، كاتێك كێشەكە ئاڵۆز دەبیێت، كۆمپانیاكە كەیسەكە دەباتە دادگایەك لە لەندەن، ماڵباتی تاڵەبانی ئەو سەردەمە سود لە تواناو لێهاتوویی هیوا ئاوات قارەمانی وەردەرگرنو لەرێگەی ئەو و كەسێكی ترەوە كەیسەكە دەبەنەوە، لەسەر داهاتی كەیسەكە، كێشە دروست دەبێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی هەرێم دەستوەردان دەكاتو بە پارە كێشەكە چارەسەر دەكات، ئیتر ئەمە بووە بە سەرەتای نزیكبونەوەی هیوا لە ماڵباتی تاڵەبانی، نەوت هیوا لە لەندەنەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی. هیوا كە ئێستا سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووەو داوای (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكات، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، هێندەی چاوی لەوەیە كارێك لە بواری نەوتدا لە هەرێمی كوردستان وەرگرێت، هێندە نیازی بردنەوەی كەیسەكەی دادگای نییە، ئەو چاوی لەوەیە بە رێككەوتنێك لە دۆسیەكە دەرچێت، بەڵام بەمەرجێك جێ پێی لەنەوتی كوردستاندا قایم بكات. فایلی نەوتو جانتاكەی هەورامی (عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا) ئەمە ناوی تەواوەتی ئاشتی هەورامییە، ئەو پیاوەی تا ئەم ساتە یەكەمو كۆتا وەزیری نەوتە لە هەرێمو ماوەی (14) ساڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان هەرێم بووە. مەسرور بارزانی بە فەرمانی ژمارە (4)، رۆژی 15ی تەمموزی ساڵی رابردوو بڕیاریداوە بە دانانی (ئاشتی هەورامی) بە یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە. مەسرور بارزانی لە فەرمانەكەیدا بۆ دانانی ئاشتی هەورامی بە یاریدەدەری خۆی، پشتی بە هیچ دەقێكی یاسایی نەبەستووەو ئاماژەی بە هیچ دەقێك نەداوە كە دەسەڵاتی ئەوەی پێببەخشێت كەسێك بكاتە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران. لەماوەی 14 ساڵدا كە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، دۆسیەی نەوت لەناو جانتاكەیدا بوو، وەزارەتەكەی بینای نەبوو، پەرلەمان ئاگاداری وردەكاری نەوت نەبوو، لەدوای دروستبوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتیشەوە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، كەیسی نەوت هەر بە ناڕوونی ماوەتەوە. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەم كابینەیەشدا هەر لای پارتی مایەوە، زیاتر لە ساڵێكە حكومەت دەستبەكاربووە، بەڵام هێشتا پارتی پۆستەكەی پڕنەكردوەتەوە. لەدوێنێوە كە وادەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای لەندەن لەسەر كەیسەكەی نێوان كۆمپانیای (داینا ستی)و ئاشتی هەورامی ئاشكرابووە، لەلایەن بەرپرسانی پارتییەوە هەواڵی ئەوە راگەیەندرا كە پارتی چاوەڕوانی دەستپێكردنەوەی كۆبونەوەكان پەرلەمان دەكاتو دەیەوێت پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پڕبكاتەوە. لەدوای دورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، مەسرور بارزانی لەبری وەزیری سامانە سروشتییەكان (شێخ باز)ی سەرۆكی كۆمپانیای كار دەباتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پێشبینی دەكرێت دواجار بازەكە بەسەر شانی شێخ بازەوە بنیشێتەوەو پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان وەربگرێت. ئاشتی هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پێشنیاز كرا بۆ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر ئاشتی هەورامی بووە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی، بەدورخستنەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان، مەسرور بارزانی ویستی دەستی نێچیرڤان بارزانی لە كەرتی نەوتدا ببڕێت، بەڵام نەیتوانی بەتەواوەتی دەستبەرداری هەورامی ببێت، بەوپێیەی كۆدی نەوتی هەرێمی كوردستانو گرێبەستە نهێنییەكانی لەلایە. (درەو) زانیویەتی، ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەنو لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام)، كارەكانی بەڕێوەدەباتو تائێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات. لەو بینایەدا كە دەوامی تێدا دەكات، ئاشتی هەورامی ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی لەبەردەستدا لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت. بەمدواییە ئاشتی هەورامی بەشداری لە كۆبونەوەیەكی ئۆنلاینی حكومەتدا كردووە، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی چەند جارێك و بە راشكاوی لەسەر پرسی نەوت رەخنەی توندی ئاراستەی ئاشتی هەورامی كردووەو بەرپرسیارێتی بەشێكی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی خستۆتە ئەستۆی ئەو.
(درەو): نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەری نییەو ئاشتی هەورامیو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هیچ پارێزبەندییەكیان نییە تا ئەوكاتەی دەیسەلمێنن، ئەمە بڕیاری ئەمڕۆ دادگای (هایپترەیشن) بوو لە لەندەن. یەكەمین دانیشتنی دادگا تایبەت بە كەیسی سكاڵای كۆمپانیای (داینا ستی) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانو یاریدەدەری ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە كۆتایی هات، كە ماوەی (2 كاتژمێرو 50 خولەك)ی خایاند. ئاشتی هەورامی خۆی بەشداری دانیشتنی دادگای نەكرد، لەبری خۆی پارێزەرێكی ناردبوو بەناوی (گراهام دینە). بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای (هایپترەیشن) لە لەندەن دەستی كەوتووە، پارێزەرەكەی ئاشتی هەورامی هەوڵیداوە لە بنەڕەتەوە كۆتایی بە سكاڵاكەی كۆمپانیای (داینا ستی) بهێنێتو لە دادگای لەندەنەوە رەوانەی دادگاكانی ناوخۆی عێراقی بكاتەوە، بەپێیەی نەوتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەری خۆیەتیو ئاشتی هەورامیش وەكو یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە خاوەنی پارێزبەندییە، بەڵام لەم هەوڵەدا سەركەوتوو نەبووە. تیمی ئاشتی هەورامی لەوەدا سەركەوتوو بوون لە یەكەم دانیشتنی دادگادا رێگەیان نەدا تیمی پارێزەرانی كۆمپانیا (داینا ستی) بۆچوونی یوسف محەمەد سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان داخڵی ناو دانیشتنی دادگا بكەن تایبەت بە شایەتیدانی ئەو لەبارەی پۆستەكەی ئاشتی هەورامییەوە. لەو شایەتیدانەدا بۆ كۆمپانیای (داینا ستی)، یوسف محەمەد باسی لەوەكردووە لە هەرێمی كوردستان پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت هیچ یاسایەكی نییە، بۆیە پاڵپشتییە یاساییەكان لە نمونەی "پارێزبەندی" نایگرێتەوە. كێشەی گەورەی سەرۆكی دادگا لەگەڵ ناونیشانی ئاشتی هەورامیدا بووە، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە ئاشتی هەورامی ئێستا ئەو پۆستەی هەیە، بۆ سەرۆكی دادگا وەكو پۆستێكی خاوەن پارێزبەندی، قایلەكەر نەبووە، بۆیە سەرۆكی دادگاكە بڕیاریداوە، لە پێنج هەفتەی داهاتوودا لەسەر ئەم كەیسە هەردوولا (واتە تیمی پارێزەرانی ئاشتی هەورامیو تیمی پارێزەرانی كۆمپانیای دینا ستی) هەریەكەیان دوو كەسی شارەزای خۆیان وەكو شایەتحاڵ بهێننە ناو پرۆسەكەوە بۆ یەكلاكردنەوە بابەتە كێشەلەسەرەكان. سەركەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو كەسانە بوو كە بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری دانیشتنەكەی دادگای كرد، لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" لە دانیشتنی دادگادا من لەڕێگەی پارێزەری كۆمپانیای داینا ستی-یەوە دوو بەڵگەم خستەڕوو، یەكەم نەوتی هەرێم خاوەنی هیچ سەروەرییەكی عێراق نییە، بەبەڵگەی ئەوەی حكومەتی عێراق ساڵی 2015 لەدادگای تێكساسی ئەمریكا سكاڵای لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم تۆماركردووەو سكاڵاكەی بردوەتەوە، بەڵگەی دووەمیش سكاڵایەكی حكومەتی عێراق بوو كە ساڵی 2012 لەسەر ئاشتی هەورامیو حكومەتی هەرێم تۆماریكردووە لەبارەی نایاسایبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمەوە، ئەم دۆسیەیە بەهۆكاری سیاسی ئێستا راوەستاوەو نەگەیشتوەتە ئەنجام". دانا نەقی كە رۆژنامەنوسێكی كوردە، یەكێك لەو كەسانە بووە بەشێوەی "ئۆنلاین" بەشداری لە دانیشتنی دادگاكەدا كردووە، ئەو بە (درەو)ی راگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا بۆ پرساندن بوو، دادگا مۆڵەتی پێنج هەفتەی بە هەردوولا داوە بۆ ئەوەی هەریەكەیان دوو كەسی شارەزا بهێنن لەسەر كەیسەكەو خەڵكانی ئاسایی لە هەرێمی كوردستان داخڵی پرۆسەكە بكرێنو قسەی خۆیان بكەن، دادوەر لای روون نەبوو لە داهاتوودا پۆستی ئاشتی هەورامی چی لێدێت". كۆمپانیای (داینا ستی پترلیۆم) كە كۆمپانیایەكی لۆكاڵییەو گەنجێك بە ناوی (هیوا ئاوات) سەرۆكایەتی دەكات، رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگای شاهانەی بەریتانیا سكاڵایەكی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردو لە سكاڵاكەیدا ئاشتی هەورامی تۆمەتبار دەكات بەوەی داوای بەرتیلی لێكردووەو بەهۆی ئەوەی بەرتیلی نەداوە كێشە بۆ گرێبەستێكی دروستكراوە بۆ كاركردن لە دوو كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان. كۆمپانیای (داینا ستی) كە سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، دەڵێ پشكەكانی كۆمپانیایەكی ئیسپانی (ریپسۆڵ) لە هەردوو كێڵگەی (كوردەمیر)و (تۆپخانە) كڕیوەتەوەو بڕیاربوو لەو دوو كێڵگەیەدا كار بكات، بەڵام ئاشتی هەورامی رێگری لێكردووەو دەستوەردانو رێگری نایاسایی كردووەو داوای پشكی گرێبەستەكەی لێكردووە بە بەهای 20% بۆ 30%. كۆمپانیای ( داینا ستی) داوای قەرەبووی (ملیارێك و 500 ملیۆن ) دۆلار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات
درەو: سبەینێ لە شاری لەندەن یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی ( كۆمپانیای داینا سیتی)یە لە دژی (ئاشتی هەورامی) وەزیری پێشووی سامانە سروشتیەكان و یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە . دادگاییكردنەكە لە دادگای ( هاربیترەیشن) لە لەندەن كاتژمێر 10ی بەیانی دەستپێدەكات، بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆناوە رێگا بەكەس نادرێت بەشداری دانیشتنەكە بكات، بەڵام خەڵكی دەتوانن داوا بكەن لە رێگەی سكایپەوە تەماشای پرۆسەی دادگاییكردنەكە بكەن. بە پێی زانیارییەكان ئەگەر لە گەڕی یەكەمدا ئاشتی هەورامی دادگاییەكە بدۆڕێنێت لە گەڕی دووەمدا دەبێت، هەریەك لە ( نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنەكە بن. كۆمپانیای (Dynasty Petroleum) بۆ بازرگانی نەوت و غاز، لەڕۆژی 14ی ئابی 2019 سكاڵای لە دادگای شاهانەی بەریتانیا تۆماركردووە، كۆمپانیای Dynasyty چەند تۆمەتێكی لەدادگا ئاراستەی خودی ئاشتی هەورامی كردووە لەوانە "دەستوەردانی نایاسایی" "ترساندنی نایاسایی" "پێشێلكردنی بەندەكانی ڕێككەوتن" بۆیە ئێستا داوای قەرەبوویەكی خەیاڵیی لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەویش بەهۆی دەستوەردانی هەرێمی كوردستان لە ڕێككەوتنی داینستی (فرۆشیار) و ڕیپسۆڵ (كڕیار) ، كۆمپانیای دایناستی پشكەكانی لە كێڵگە نەوتیی و غازییەكانی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای ڕیپسۆڵ-ی ئیسپانی بفرۆشێت بەڵام ئاشتی هەورامی دەستوەردانی كردووە لەو مامەڵەیەداو رێگری لە فرۆشتنی ئەو پشكانە كردووە بۆیە كۆمپانیای دانیستی كەیسەكەی دەباتە دادگایەكی بەریتانیا. بابەتی پەیوەندیدار بە دادگاییكردنی ئاشتی هەورامی https://drawmedia.net/page_detail.php?smart-id=4382
ئامادەكردنی: رۆژان محەمەد رەشید بەشی یەكەم: لەمزگەوتێكی بێدەنگو كشو ماتدا، تەرمی محەمەدی چوار ساڵان لەناو تابووتێكدا دانراوەو ئامادە كراوە بۆ ناشتن، سەرەداوێكی بچووك بەس بوو بۆ ئەوەی پەردە لەسەر راستی چیرۆكەكە هەڵبمەڵێت. ئەو رۆژنامەنووسەی ئەم بەدواداچوونەی ئامادەكردووە كاتێك كفنەكەی محەمەدی لێكردەوە، بینی شوێنەواری لێدانو برین بەجەستەیەوە دیارە، ئەمەش تەواو گومانی خستە سەر چۆنێتی مردنی منداڵەكە، پاش ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكانیش، لەرێی پشكنینە پزیشكییەكانەوە دەركەوت كە محەمەد بەمردنێكی ئاسایی نەمردووەو كوژراوە. 80%ی منداڵان توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت راپۆرتێكی بڵاوكراوەی رێكخراووی یونسێف، ئاماژە بەوەدە دەكات (80%)ی منداڵانی عێراق تووندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت. لەسەرانسەریی هەرێمی كوردستانی عێراقدا، ، هیچ داتاو ئامارێكی وورد بەردەست نییە لەسەر رێژەی تەواوەتی ئەو منداڵانەی كە تەمەنیان لەنێوان (سفر بۆ 18) ساڵدایەو رووبەڕوویی تووندوتیژی دەبنەوە لەلایەن خودی خێزانەكانیانەوە. بەڵام لەمیانەی ئەو بەدواداچوونەی كە رۆژنامەنووسەكەی رێكخراویی "نریج" ئەنجامیداوە، لەماوەی (3) ساڵو نیودا، لەسەر دۆسێی (تووندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بەمنداڵەكانی خۆیان) دەستی گەیشتووە بە (700)چیرۆكی توندوتیژی كە لەبەشی ئەرشیفیدا پارێزراوە. ئەمە جگە لەوەی تائێستا هیچ یاساییەكی تایبەتمەند سەبارەت بە"پاراستنی مافەكانی منداڵ" بوونی نییە، هەرچەندە وەكو رەشنووسیش پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام لەناو رەفەكانی پەرلەماندا تەنها وەكو مەرەكەبی سەركاغەز ماوەتەوەو تۆزی لەسەر نیشتووەو نەكراوە بەیاسا. (ن) باوەژنی محەمەدە، پاش ئەوەی دەستگیركرا، راستەوخۆ دانی بەوەدا نا كە لەكاتی شوشتنی محەمەددا جامێكی كێشاوە بەسەریداو بوراوەتەوە، دوای ئەوەش كە بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە لەوێ هەرچەندە بەهۆش خۆی هاتووەتەوە، بەڵام دوای رشانەوە گیانی سپاردووە. ئەمەش لەروویی پزیشكیەوە نیشانەیەكی روونە بۆ خوێنبەربوونی ناوەكی (نزیف داخلی). ئەگەرچی بەڕێوبەرایەتی (بەرەنگاربوونەوەیی تووندوتیژیی دژی ئافرەت/خێزان) لەزۆربەی هەرە زۆری شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا نووسینگەی هەیەو تایبەتە بەتوندوتیژیە خێزانییەكانو تاوانلێكراو دەتوانێت سكاڵای یاسایی تۆماربكات لەتۆمەتبارەكە، بەڵام ئەمە دەرمانێكە تیماری ئەو دەردی توندوتیژیانە ناكات كە بەرامبەر بە مناڵ ئەنجامدەدرێت لەناو خودی خێزانەكاندا، چونكە زۆربەی كات مناڵ ئەو بوێریو هێزو توانایەی نییە كە خۆیی بچێتو سكاڵا تۆماربكات دژی ئەو ئەندامەی خێزانەی كە توندتیژیی بەرامبەر ئەنجامداوە یان ئەنجامی دەدات. ئەمە هۆكاری سەرەكییە كە وادەكات تووندوتیژیەكە بۆ ماوەیەكی زۆر دوورو درێژ بەبێدەنگیو نهێنی بمێنێتەوە، بەمەش یان ژیانی مناڵەكە بەتەواوەتی دەكەوێتە مەترسیەوە یاخود دەمرێت. چیرۆكی ئەشكەنجە یوسف یەكێك بوو لە ئەو مناڵانەی كە بۆ ماوەی دوو مانگ بەبێ جلو هیچ راخەرێك بەزنجیر لەحەوشەی ماڵەكەیاندا بەسترابووە، رۆژانە ئەشكەنجەی زۆر دەدرا، بەشێوەیەك كە شوێنەواری برین بەسەرتاپای جەستەیەوە دیارە، لەو ماوەیەدا خواردنی تەواوی ڕۆژەكەی یوسف تەنیا كەمێك نانو ماست بووە، هەر بەم هۆیەشەوە كێشی ئەو منداڵە تەمەن (10) ساڵانە تەنیا (9) كیلۆ بوو. لەكاتێكدا بەپێی پێوەرە تەندروستیە جیهانییەكان منداڵێكی ئاسایی ئەگەر تەمەنی (10) ساڵ بێت، ئەبێت كێشی لەنێوان (31 بۆ 32)كیلۆدا بێت. لەڕووی تەندروستیەوە، ئەو منداڵانەی كە توندوتیژیان بەرامبەر دەكرێت، هەمیشە كێشیان زۆر كەمەو گەشەی جەستەییان باش نییە لەچاو تەمەنی خۆیانو منداڵانی هاوتەمەنیان كە تووندوتیژیان بەرامبەر ناكرێت، زۆربەی هەرە زۆری كاتیش تووشی بەدخۆراكی دەبن، چونكە باش خزمەت ناكرێنو خواردنی باشیان پێنادرێت. یوسف لەگێڕانەوەكەیدا بۆ (نریج) بەمشێوەیە باسی لەسەرگوزشتەی ژیانی خۆیكرد: "داكم ئەمنی خۆش ناوێتو كە لەكنی بووم ژیانم زۆر ناخۆش بوو، بەدارماسحەی لێ دەدامو لێ نەدەگەڕِا بڕۆمە ژوورێ، بێ عاریم بكردبایەو نەكردبایە ئەو هەر لێیدەدامو خوشكو براكانم ئەمنیان دەدیو هیچیان نەدەگوت، ئەمن جلكم لەبەر نەبوو، بەشەوان گەلێك دەترسامو زۆرجاران میزم دەكرد بەخۆما، نەیان دەناردم لۆ مەكتەبێو ئەو زنجیرەیان لەپێ كردبوومو ئەمنیان بەستبووەوەو بێزیان لێ دەكردمەوەو نەدەهاتنە كنم، زڕ بابیشم لەدەوامێ بوو ئەمنی دەدەدی كە دەهاتەوە هیچی نەدەكرد، ئەمنیان لەخوێندن دەركردیە". نیوە شەوی وەرزی زستان بوو، كارزانی تەمەن (6) ساڵ، لەدەرەوەی ماڵەكەی خۆیان لەپشت دەرگاكەوە وەستابوو، بەپێی بێ پێڵاوو هەردوو دەستی لەسەر سنگی توند كردبوو، لەدرزی دەرگاكەوە بەگریانەوە هاواری دەكرد "تخوا دایە باوە، دەرگاكە بكەنەوە زۆر سەرمامەو ئەترسم". ئێستا كارزان تەمەنی (9) ساڵەو هێشتا ئەوانەی بیرنەچووەتەوە كە بەرامبەری كراوەو دەڵێت "باوكمم خۆش ناوێت" بەپێی زانستی دەروناسی هەرمناڵێك لەلایەن باوانیەوە رووبەڕووی تووندوتیژی ببێتەوە ئەوە لەگەڵ باوانیدا پەیوەندییەكی باشو گەرموگوڕو بەسۆزی نابێت. هەرچەندە یوسفو كارزان بەختیان هەبوو بەوەی لەلایەن دراوسێكەیانەوە هەواڵ درا بەلایەنە پەیوەندیدارەكان، بەڵام مەرج نییە هەموو مناڵێك چانسی ئەوەی هەبێت كەسێك ڕزگاری بكات. ئاكار ناوێكی خوازراوی ئەو كوڕەیە كە سەرتاپای جەستەی پڕە لەشوێنەواری ئەشكەنجەدانی كۆنو تازە، بەقوڵپی گریانەوە دەیگێڕایەوەو دەیوت "دوای جیابوونەوەی دایك و باوكم، كەوتینە ژێر دەستی باوەژنەكەم، ئەوە سێ ساڵە هەموو خەڵكی گوندی گۆپتەپە گوێیان لەدەنگی هاوارو قیژەی ئێمەیە بەدەست باوەژنەكەمەوە، ئاسەواری برینەكەشیان دەبینی، بەڵام واخۆیان پیشان دەدا كە نەیان بینیوەو نازانن، ئەو كاتەی داوای یارمەتیمان بكردبایە ئەیانوت قەیچێكە باوكو دایكتانە وانەبێت پەروەردە نابیت". بەڵام ئەو تاكە كەسێك نیە لە ماڵەكەدا تووندوتیژیی بەرامبەر كرابێت بەڵكو دوو خوشكەكەی تری شوێنەواری ئەشكەنجەدان بەسەرتاپایانەوە دیارەو تەنانەت خوشكە گەورەكەیی چاوی لەدەست داوەو زمانیشیان بڕیوە. دایكی محەمەد ئاماژەیی بە ئەوەكرد كە"، هیچ پارە و ئیش و كارێكم نییە، تا مناڵەكانم بەخێوبكەم" زۆربەی كات هەموو دەوروبەری ئەو مناڵەی كە توندوتیژیی بەرامبەر بەكاردەهێنرێت لەلایەن خێزانەكەیەوە، ئاگاداری بارودۆخی منداڵەكەن، بەڵام هیچ لایەنێكی پەیوەندیداریی لێ ئاگادار ناكەنەوەو بەهانای مناڵەكەوە ناچنو رزگاری ناكەن لەتوندوتیژیەكە، هەموو جارێكیش ئەو منداڵانەی كە ژیانیان كەوتووەتە مەترسیەوە یان مردوون بەهۆكاریی تووندوتیژیی خێزانیی تاكە مناڵێك نین لەماڵەكەدا تووندوتیژیان بەرامبەر كرابێت. ئەحمەد سالار ئەو كوڕەیە كە دوای مردنی دایكی، خۆیو خوشكەكەی دەكەونە ژێردەستی باوەژنەكەی، پاش هەڵاتنی لەماڵو رێكردنی بۆ ماوەی زیاتر لە(2) رۆژ سەرەنجام لەتاو ئازاری جەستەیو برسیەتی لەناو كەلاوەیەكدا، بەخەیاڵی دایكەمردووەكەیەوە چاوی لەیەك ناوە. ساڵێك پێش ئەوەی ئەحمەد لەماڵەوە رابكات، هەمان بارودۆخیش بەسەر خوشكەی هاتبوو. هێڵی بەدواداچون ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت، نەك هەر زۆرجار خزمو كەسوكارو دەرودراوسێ بەهانایانەوە نایەن، بەڵكو خۆیشیان بەئاسانی دەستیان ناگات بەلایەنە پەیوەندیدارەكان. هاوڕێكەی شەیمای تەمەن (17) ساڵ، ئەو كچەی كە لەلایەن براكەیەوە (7) گولەی پێوەنراوە، باسی لەوەكرد كە پێش ئەوەی ئەو رووداوە بەسەر شەیمادا بێت پەیوەندیی كردووە بە"هێڵی فریاكەوتنی منداڵان 116" بەڵام وەڵامی پەیوەندیەكەیان نەداوەتەوە، بەهانایەوە نەچوون. لەمیانەی ئەم بەدواداچوونەدا دەركەوت كە "هێڵی فریاكەوتنی منداڵان 116" تەنیا لەرۆژانی یەكشەممان تاوەكو پێنجشەممان لەكاتژمێر (8:00)ی بەیانی تاوەكو (5:00)ی دواینیوەڕۆ وەڵامی پەیوەندیەكان دەدەنەوە، لەدوای ئەو كاتەوە هێڵەكە دادەخرێت، هەرچەندە بۆ ئەوەی كە (24) كاتژمێر كارابكرێت هێڵەكە تەنیا پێویستی بە دوو فەرمانبەر هەیە. ئەوەی سەیرە ئەوەیە كە بەشێك لەو منداڵانەی توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت دەبرێنە نەخۆشخانەكان، لەلایەن پزیشكو كارمەندانی نەخۆشخانەوە راپۆرت نانووسنو لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار ناكەنەوە. محەمەدی تەمەن (4) ساڵ یەكێكە لەو نموونانەی كە هەرچەندە براوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەبێ ئاگاداركردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەبوونی حاڵەتێكی گوماناویی، تەرمەكەی رادەستی خانەوادەكەی كراوە، بەڵام لەلایەن رۆژنامەوانی ئەم بەدواداچوونەوە راستی بابەتە ئاشكراكرا. خوشكە تەمەن (3) ساڵانەكەی محەمەدیش، شوێنەواری گازگرتنو برین...هتد بەجەستەیەوە دیارە، كە لەتاو برسیەتیو ئەشكەنجەكاندا بەهیچ شێوەیەك نەیدەتوانی چاو بكاتەوەو تەنیا بەزۆر دەیتوانی كەمێك بنوزێنێت. لەبنكەی پۆلیسی كەركوكدا باوكی (م) خەریكی تەواوكردنی رێكارەكانە بۆ ئەوەی بەكەفالەت ئازاد بكرێت، هۆكاری دەستگیركردنەكەی ئەوە بووە كە ئێوارەی پێشووتر بەكێبڵ لە(م)ی داوە لەبەر ئەوەی درەنگ لەیارییكردن گەڕاوەتەوە، ئەوكاتەشی كە بەدەم ڕێگاوەبوو دەگەڕایەوە بۆ ماڵ بەزەردەخەنەیەكەوە وتی "من كاتی خۆی باوكم لەوە خراپتر لێ داوم، مناڵ بەشەقو بۆكسو تێهەڵدان نەبێت خۆ تێناگات لەقسە، ئەوەم بۆیە كرد بۆ ئەوەی پەروەردەی بكەم". بەڵام ئەمە تاكە بیركردنەوەی باوكی (م) نییە، بەگشتی خێزانەكان پێیان وایە، كە بەكارهێنانی تووندوتیژیی بەرامبەر بەمناڵ ئامرازێكە بۆ پەروەردەكردن ، ئەمە جگە لەوەی بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ كلتور كە نەوە بۆ نەوەیەكی تر ئەم بیركردنەوەیە گواستراوەتەوە، بەشێكی تریشی پەیوەنی هەیە بەوەی كە خێزانەكان بەگشتی هۆشیاریی تەواوەتیان نییە سەبارەت بەخراپی لایەنی بەكارهێنانی توندوتیژیی بەرامبەر بەمناڵ. ئەو كاتەیی كە دایكی (م) بردی بۆنەخۆشخانە بۆتیماركردنی برینەكانی، پۆلیس بەتەكنیكێك باوكیان هێناو دەستگیریانكرد، ئەگەر نا زۆربەی هەرە زۆری ئەو مناڵانەی كە تووندوتیژیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، كەیسەكانیان ناهێنرێتە دادگا، بەڵكو بەنهێنی لەناو خێزانەكەیاندا دەهێڵدرێنەوە. بینایی هاوژین ئەو كچە تەمەن (7) ساڵەیە كە لەناو قوتابخانەكەدا جیاوازتر لەهەموو منداڵەكانی تر لەسوچێكدا بەبێدەنگی دانیشتووەو تێكەڵی منداڵەكانی تر نەدەبوو، لەكاتی نزیكبوونەوە لێیو ووردبوونەوە، شوێنەواری داخكردن بەدەستیەوە دەبینرێت، كاتێك رۆژنامەنووسی ئەم بەدواداچوونە لەباوانی تەمەن (10) ساڵانی برای بینایی كۆڵییەوە كە لەهەمان قوتابخانە بوو، بینی شوێنەواری داخكردنیش بەجەستەیی ئەویشەوە دیاربوو. دایكی بینایی لەدادگایەو كۆتا دانیشتنیەتی بۆ جیابوونەوەیی لەگەڵ مێردەكەی بەهۆی ئەو توندوتیژیانەی كە بەرامبەر بەمنداڵەكانی دەیكات، ، سەبارەت بەداخكردنی مناڵەكانی وتی "من دایكیانم ئاین ئەو حەقەم پێ ئەدات كە لێیان بدەم ئەگەر نوێژ نەكەن، زۆر لاساریش بەلێدان نەبێت بێدەنگ نابن.." مەلا سەلام حەسەن، پێشنوێژو وتابێژ لە مزگەوتی تانجەرۆ، لەقەزای كەلار ئاماژەیی بەوەكرد كە خێزان مافی ئەوەی هەیە لەمنداڵ بدات ئەگەر نوێژ نەكات. ناوبراو وتی "پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم دەفەرموێ: ((مروا أولادكم بالصلاە لسبع واضربوهم علیها لعشر وفرقوا بینهم فی المضاجع)). رواه أحمد فی المسند وأبو داود (حدیپ صحیح)) واتە بەمنداڵەكانتان بڵێن لەتەمەنی حەوت ساڵیدا نوێژ بكەن، لەسەر نوێژ نەكردن لەتەمەنی دە ساڵیدا لێیان بدەن". سارا ناوی خوازراوی ئەو كچەیە كە لەخانەی بێسەرپەرشتانی سلێمانیەو لەگەڵ چوار خوشكو براكەی تری باسی لەوەكرد كە "باوكم دەیدا لە دایكم، دایكیشم بەرە بووە گیان من، منیش دەستم دەكرد بەلێدانی خوشكە بچووكەكەم، ئەویش لەدوایی لێدانەكەی من بەرەبووە گیانی براكەم". بەكارهێنانی تووندوتیژیی بەشێوەیەكی گشتی، بەتایبەتی تووندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بە مناڵ وەكو ڤایرۆس وایە كە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە تاوەكو وای لێ دێت بەناو هەموو كۆمەڵگا رۆئەچێتو ئەبێت بەبەشێك لەكەلتور. هەر بۆیە پێویستە دامەزراوەیی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ پرسی توندوتیژیی خێزانی بەرامبەر بەمناڵەكانی خۆیان، جیابكرێتەوە لە جۆرەكانی تری تووندوتیژیی خێزانی بەگشتی، رێكارە یاساییەكانیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەپێی تایبەتمەندیی مناڵ بێت، ئەمەجگە لەوەی كە دەبێت یاسایی تایبەتمەند دابنرێت بۆ "پاراستنی مافەكانی مناڵ" لەپرۆژە یاساییەكی گەورەدا بەناویی یاسای "دڵنیایی هاریكاریی دەستەبەریی كۆمەڵایەتی". • ئەم بەدواداچوونە لەلایەن تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەوانی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە.
(درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت مانگەكانی دابەشكردنی موچە رێكبخاتەوە، بۆ ئەمەش موچەی سێ مانگی ساڵی 2018 كە دابەشكردنی دواكەوتووە دەكات بە "پاشەكەوت"و دەیخاتە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام چارەنوسی (2) موچەی سەردەمی كابینەی ئێستا نادیارە. گۆڕینی دیمەنی قەیران سایتی تەلەفزیۆنی (كوردستان 24)ی سەربە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی داراییو ئابوری رایگەیاند، دوای رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، پێویستە موچەی (سێ) مانگی ساڵی 2018 كە بە فەرمانبەران نەدراوە، بە "پاشەكەوت" ئەژمار بكرێتو موچەی هەر مانگێك بۆ ئەو مانگە ناوزەد بكرێت كە تێیدا دابەشدەكرێتو موچەی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێكبخرێت. ئێستا كۆتایی مانگی هەشتی ساڵی 2020ە، بەڵام حكومەت موچەی مانگی سێ بەسەر موچەخۆراندا دابەش دەكات، بەپێی قسەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی، بۆ مانگی داهاتوو حكومەت موچەی مانگی نۆ دابەش دەكات نەك مانگی چوار. كابینەی مەسرور بارزانی (سێ) موچەی ساڵی 2018 كە دواكەوتووە، دەخاتە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانیو دەیخاتە چوارچێوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی كابینەی پێشوو. كابینەی مەسرور بارزانی ماوەی (13) مانگە دەستبەكاربووە (10/7/2019)، لەم ماوەیەدا موچەی (11) مانگی داوەو موچەی (2) مانگی نەداوە، هەواڵەكەی (كوردستان 24) ئاماژەی بە چارەنوسی ئەو (2) مانگە نەكردووە كە كابینەی مەسرور بارزانی موچەی نەداوە، بەڵام (3) مانگەكەی ساڵی 2018ی كردووە بە پاشەكەوت لەسەر كابینەی پێشووی حكومەت. بەم بڕیارە كابینەی مەسرور بارزانی دەیەوێت هەندێك بارگرانی موچە لەسەر شانی خۆی سوك بكاتو هەندێك گۆڕانكاری لە دیمەنی قەیرانی دارایدا بكات. موچە پاشەكەوتكراوەكان ئەگەر وەكو ئەوەی باسدەكرێت، كابینەی مەسرور بارزانی (3) موچەی ساڵی 2018 بە پاشەكەوت ئەژماربكات، ئەوا كۆی موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانی هەرێم لەلای حكومەت دەبێت بە (8) موچە، ئەمە جگە لە دوو موچەی تر كە بە فەرمانبەران نەدراوەو مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە. كابینەی پێشووی حكومەت كە ناوی لێنراوە كابینەی هەشتەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، ماوەی تەمەنی ئەو كابینەیە لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 بوو، لەم ماوەیەدا بەهۆی شەڕی "داعش"و دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕی جیهانیدا حكومەت توشی قەیرانی دارایی بوو. كابینەی پێشووی حكومەت لەماوەی تەمەنی خۆیدا بەتێكڕا ماوەی (8) مانگ هیچ موچەیەكی بە فەرمانبەران نەدا، (34) موچەشی بە پاشەكەوتەوە دابەشكرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆی ئەو موچانەی كە بە فەرمانبەران نەدراوە لەگەڵ ئەو موچانەی كە پاشەكەوتەوە دابەشكراونو لای حكومەت وەكو قەرز تۆماركراوە، بەهاكەی دەگاتە نزیكەی (9 ملیۆن) دۆلار، ئەمە بەشێكە لەو (27 ملیار) دۆلارەی كە مەسرور بارزانی وتی قەرزی كابینەی پێشووەو بۆ كابینەكەی ئەو بەجێماوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف قەرزە كەڵەكەبووەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە بڕی (20 بۆ 37 ملیار) دینار لەو (320 ملیار) دینارە دەبات كە عێراق بڕیاریداوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بنێرێت، ئەمە قەرزێكی تری بەجێماوی نێچیرڤان بارزانییە كە دەبێت ئێستا مەسرور بارزانی ئامۆزای لەسەردەمی قەیرانێكی قورستردا بیگەڕێنێتەوە. رێككەوتنێكی نوێ دوای گۆڕینەوەی (12) پێشنیازی جۆراوجۆر بۆ رێككەوتنو هاتوچۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، دواجار بەنێوەندگیرییەكی بەرهەم ساڵحو فوئاد حسێن، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا گەیشتنە رێككەوتن. بەپێی رێككەوتنەكە، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی مانگەكانی (ئاب، ئەیلول، تشرینی یەكەم)، هەر مانگێك بڕی (320 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات، واتا بەغداد تەنیا بۆ سێ مانگ پارەكە بە هەرێم دەداتو دوای ئەوەی دەبێت هەردوولا بۆ بودجەی ساڵی 2021 رێككەوتنێكی نوێ بكەن. قەرزی بانكەكان بەپێی ئەو رێككەوتنەكەی كە لەنێوان حكومەتی كازمیو مەسرور بارزانیدا كراوە، هاوشێوەی بودجەی ساڵی 2019، حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری لە بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی كە كابینەی پێشووی حكومەت (كابینەی نێچیرڤان بارزانی) لەكاتی قەیرانی دارایی یەكەمدا بە قەرز لە بانككە بازرگانییەكانی وەرگرتووە. لە یاسای بودجەی 2019دا بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغدادو هەرێم، حكومەتی ناوەند مانگانە بڕی (453 ملیار) دیناری بۆ هەرێم دەنارد، بەڵام بەرلەوەی پارەكە رادەستی حكومەتی هەرێم بكرێت، مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری قەرزی بانكەكانی لێدەبڕدراو ئەوەی بە پوختی بۆ حكومەتی هەرێم دەمایەوە بڕی (441 ملیار) دینار بوو. بڕینی (12 ملیار) دیناری قەرزی بانكە بازرگانییەكان گواستراوەتەوە بۆسەر (320 ملیار) دیناری رێككەوتنە نوێیەكە، واتا لەكۆی ئەو (320 ملیار) دینارەی كە بۆ ماوەی مانگەگانی (ئاب، ئەیلول، تشرینی یەكەم) بەغداد بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەر لە گەیشتنی مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری لێدەبڕدرێتو (308 ملیار) دیناری بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە. قەرزەكەی بانكی TBI سەرباری قەرزی بانكە بازرگانییەكان كە مانگانە (12 ملیار) دینار لە موچەی فەرمانبەران دەبات، قەرزێكی تریش هەیە كە بەهەمان شێوەی میراتی نێچیرڤان بارزانییەو بۆ مەسرور بارزانی ماوەتەوەو دەبێت ئێستا لەسەر بەشە موچەی فەرمانبەران لە بەغداد بیداتەوە. بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان مستەفا كازمیو مەسرور بارزانی، دەبێت لەماوەی (35) رۆژدا حكومەتی هەرێمو بەغداد بگەنە رێككەوتن لەسەر میكانیزمی چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانەی بانكی TBI كە لەسەر حكومەتی هەرێم كەڵەكەبوون. قەرزەكانی بانكی TBI كە لەلای حكومەتی هەرێمە چییەو چۆن كراوە ؟ ئەم قەرزە كە ئێستا كەوتوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی زۆربەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی تر مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی پێشوو دەگەڕێتەوە، كە بەكۆی گشتی (27 ملیار) دۆلارە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، قەرزەكەی بانكی TBI بریتییە لە ژمارەیەكی زۆر چەكی بانكیی بێ رەسیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی پێشوو داویەتی بە بەڵێندەرانو بەڵێندەرانیش لە بازاڕدا چەكەكانیان فرۆشتوەتەوە. بانكی TBI دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو چەكە بێ رەسیدانەی وەرگرتووەو پارەكەی بەڵێندەرانی خەرجكردووە، كۆی پارەی ئەو چەكە بێ رەسیدانە كە بانكە عێراقییەكە بە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم بۆ بەڵێندەرانەی خەرجكردووە بڕەكەی (3 ملیارو 914 ملیۆن) دۆلارە. بانكی TBI كە بانكێكی هاوبەشی نێوان كەرتی تایبەتو حكومەتە، ئێستا داوای قەرزەكەی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە، حكومەتی عێراق گێڕانەوەی قەرزی ئەم بانكەی لە رێككەوتنەكەیدا كردووە بە مەرج لەسەر حكومەتی هەرێم. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، بانكی TBI داوا دەكات حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (100 ملیۆن) دۆلاری ئەو قەرزانەی بۆ بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەرێم مانگانە (100 ملیۆن) دۆلار بداتەوە، كۆی قەرزەكە بە (40) مانگ كۆتایی دێت. بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت مانگانە بڕی (8 ملیار) دینار بگەڕێنێتەوە بۆ بانكی TBI، بەمشێوەیە كۆی قەرزەكە بە (500) مانگ كۆتایی دێت واتا (41 ساڵ)، بانكەكە بەمە قایل نییە. دانوستانەكانی داهاتوو دیاری دەكات لەنێوان ئەو (100 ملیۆن) دۆلارەی بانكەكە داوای دەكات لەگەڵ ئەو (8 ملیار) دینارەی كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت مانگانەی بیداتەوە، هەردوولا لەسەر چ بڕەپارەیەكی مانگانە رێكدەكەون. بەڵام بەپێی زانیارییە بەراییەكان، پێشبینی دەكرێت بانكی TBI بە (25 ملیار) مانگانە قایل بێت. پارەكەی بەغداد دوای لێدەركردنی قەرزەكان ئێستا دوای لێدەركردنی قەرزی بانكە بازرگانییەكان كە مانگانە (12 ملیار) دینارە لەگەڵ قەرزەكەی بانكی TBI كە حكومەتی هەرێم داوا دەكات مانگانە (8 ملیار) بداتەوە، بەتێكڕا (20 ملیار) دینار لە بەشە پارەكەی هەرێم لە بەغداد دەبڕدرێتو بە پوختی (300 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەمێنێتەوە. خۆ ئەگەر دانەوەی قەرزەكانی بانكی TBI لە (25 ملیار) دیناری مانگانەدا جێگیر بكرێت، ئەوكات مانگانە لەكۆی (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد بڕی (283 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەمێنێتەوە. گەڕانەوەی قەرزەكانی بانكی TBI مەرجە لەسەر حكومەتی هەرێمو دەبێت جێبەجێ بكات، بەپێچەوانەوە حكومەتی عێراق ئامادە نییە مانگانە بڕی (320 ملیار) دینارەكە بخاتەسەر حسابی حكومەتی هەرێم. بەرپرسانی عێراق بە حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە كە رێككەوتنەكە یەك پاكێجەو دەبێت هەموو جێبەجێ بكرێت، سەرباری ئەو مەرجانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان دانراوە، هێشتا لایەنە شیعەكان دژی رێككەوتنەكەی مستەفا كازمین لەگەڵ مەسرور بارزانی، بەشێكی ئەم دژایەتییەش پەیوەندی بە نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەیە لە عێراق.
درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پارەكەی بەغدادەوە (695 ملیار) دیناری بۆ موچە لەبەردەستە، (200 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ (894 ملیار) دیناری كۆی موچە، ئەگەر مەسرور بارزانی نەچێتە ژێر باری قەرزەوە، ئەوا هاوشێوەی مانگی پێشوو موچە بە 21%ی لێبڕینەوە دابەش دەكرێت، چاوەڕەوان دەكرێت سبەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەو پرسە كۆببێتەوە. شەوی رابردوو لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بریاریدا تا 31/12/2021 مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لەبەرامبەر (50%)ی داهاتی خاڵە سنورییەكان و ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری و دەستەی گومرگەكانی عێراق بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان. بە ناردنی (320 ملیار) دینارەكەی بەغداو داهاتی ناوخۆ و نەوت و پارەی هاوپەیمانیشەوە حكومەت ناتوانیت موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا راگەیەنراوە كە حكومەتی هەرێم (375 ملیار) دیناری بۆ موچە لەبەردەستە، لەگەڵ (320 ملیار) دیناری كە بڕیارە بەغداد بینێرێت، دەكاتە ( 695 ملیار) دینار، كۆی موچەی موچەخۆران پێویستی بە (894) ملیار دینارە، واتا نزیكەی (200 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بەڕێژەی (22%). بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی رۆژی چوار شەممە پێش بخات و گفتوگۆ لەسەر شێوازی دابەشكردنی موچە بكات و لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بەدابەشكردنی موچە بكات. ئۆپشنەكانی شێوازی دابەشكردنی موچە: یەكەم: بەپێی ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتە (695 ملیار) دینار و كورتهێنانی (200 ملیار) دینار واتا رێژەی (22%) كورتهێنان هەیە، ئەگەر مەسرور بارزانی وەك لە كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردوودا بەڵێنی دابوو بڕێك پارە قەرزبكات، (200 ملیار) دینار قەرز بكات، ئەوا موچە بەبێ پاشەكەوت دابەش دەكرێت. دووەم: ئەگەر مەسرور بارزانی نەچێتە ژێر باری قەرزەوە ئەوا هاوشێوەی مانگی پێشوو بۆ موچەی مانگی ئازاریش بە لێبڕینی (21%)ەوە موچە دابەش دەكرێت. سێیەم: بە لێبڕینی 50%ی موچەی پلە تایبەتییەكان و رێوشوێنەكانی یاسای چاكسازی، بەشێك لەو كورتهێنانە چارەسەر بكات و لەگەڵ قەرزێكی (100 ملیۆن) دۆلاری، چاوەڕەوان دەكرێت حكومەت بتوانێت بە بێ لێبڕین موچەی موچەخۆران دابەش بكات.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت چەندین سەردانی قوباد تاڵەبانیو وەفدەكەی بۆ بەغداد بەبێ ئاكامی مانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی بە تەلەفۆنێك لەگەڵ مستەفا كازمی رێككەوتنی كرد، بەڵام یەكێتیش بێ ئاگا نەبوو، بەر لە مەسرور بارزانی، مستەفا كازمی رێككەوتنەكەی بۆ لاهور شێخ جەنگی رونكردوەتەوە، لەم راپۆرتەدا (درەو) وردەكاری رێككەوتنی نێوان حكومەتی بەغدادو هەرێمی كوردستان لەبارەی بەشە پارەی مانگانەی هەرێمەوە كە بڕەكەی (320 ملیار) دینارە، بڵاودەكاتەوە. بە تەلەفۆنێك حەل كرا ! ئەوەی بەچەندین سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی چارەسەر نەكرا، ئەمشەو بە یەك تەلەفۆن چارەسەر كرا. ئەمشەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە تەلەفۆن قسەیكرد. لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مستەفا كازمی بڕیاریدا مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەبەرامبەر ئەوەی هەرێم مانگانە رێژەی 50%ی خاڵە سنورییەكان رادەستی بەغداد بكات. رێككەوتنەكە مەرجێكی تێدایە بۆ هەرێمی كوردستان، مەرجەكە ئەوەیە هەرێم قایل بێت بەوەی عێراق فەرمانبەرانی چاودێری دارایی عێراق بنێرێتە دەروازە سنورییەكانی هەرێم بۆ ئەوەی چاودێری كارەكانیان بكەن. دیالۆگەكەی كازمیو مەسرور بارزانی بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغدادو هەولێر دەست (درەو) كەوتوون، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان مستەفا كازمیو مەسرور بارزانی لەسەر داوای فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقو بەنێوەندگیری بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجامدراوە. سەرەتای چیرۆكەكە بەوە دەستیپێكردووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، فوئاد حسێنی ناردەیتە لای مستەفا كازمیو داوای دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی لێكردووە، مستەفا كازمی رازی نەبووەو بە فوئاد حسێنی وتووە پێشتر تۆ بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكە بویتو رێككەوتووین، بەڵام مەسرور بارزانی پەشیمان بوەتەوە. دواجار لەسەر داوای بەرهەم ساڵحو فوئاد حسێن، مستەفا كازمی قایل كرا بەوەی بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی قسە بكات، فوئاد حسێن بەتەلەفۆن مەسرور بارزانی بۆ مستەفا وەرگرتووەو بەوشێوە هەردوو سەرۆك وەزیران پێكەوە قسەیان كردووە. (درەو) زانیویەتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا مستەفا كازمی بە مەسرور بارزانی وتووە:" خۆتان یەكلا بكەنەوە، ناكرێت جارێك رێكبكەونو دواتر بەیاننامە دەربكەنو پەشیمان ببنەوە !!". مەسرور بارزانی وتویەتی:" جەنابی سەرۆك وەزیران وای دابنێ ئەو بەیاننامەیەمان هەر دەرنەكردووە". مستەفا كازمی وتویەتی:" من ئامادەم 320 ملیار دینار بنێرم، بەڵام دەبێت 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان بنێرنو فەرمانبەرانی چاودێری داراییو دەستەی گومرگەكانی بەغداد بێنە خاڵە سنورییەكانی هەرێم". مەسرور بارزانی وتویەتی:" ئێمە رازینو لەم مانگەوە 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان دەنێرینو بە هەموو مەرجەكان رازین، دوای گەڕانەوەتان لە گەشتەكەتان بۆ ئەمریكا، وەفدی هەرێم دەنێرینە بەغدادو لەوێ لەسەر میكانیزمی مانەوەی فەرمانبەرانی چاودێری داراییو دەستەی گومرگەكان گفتوگۆ بكەن، هەرچەندە ئێمە رازی بە ناردنی فەرمانبەرانی ئەو دوو دەزگایەی عێراق، بەڵام با لەسەر شێوازی كاركردنو مانەوەی ئەو فەرمانبەرانە رێكبكەوین". بەمشێوەیە كازمیو مەسرور بارزانی گەیشتنە رێككەوتنێك بەرایی لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم بەبێ ئەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات. (درەو) زانیویەتی، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان داوایان لە ئەمریكیەكان كردووە فشار لە بەغداد بكەن بۆ ئەوەی بەشە پارەی مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، ئەمریكییەكان وتویانە:" كازمی وازی لە نەوت هێناوە، ئێوە گومرگیان رادەست نەكەن، ئێمە ناتوانین فشار لە كازمی بكەین". یەكێتی ئاگاداری رێككەوتنەكەیە (درەو) زانیویەتی، دوێنێ شەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان قسەی كردووە. لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، مستەفا كازمی، هاوسەرۆكی یەكێتی ئاگاداركردووە لەوەی مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم دەنێرن، بەمەرجێك قەیل بن بەوەی كارمەندانی چاودێری داراییو گومرگەكانی عێراق بچنە دەروازە سنورییەكانی هەرێم. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، ئەوان وەكو یەكێتی ئامادەن كارمەندانی چاودێری دارایی عێراق لە دەروازە سنورییەكان جێگیر بكرێنو بەشێوەیەكی بەردەوامیش بمێننەوە، واتە یەكێتی بەپێچەوانەی پارتییەوە مەرجی لەسەر هاتنو مانەوەی چاودێرە عێراقییەكان نییە. دوای چی ؟ رێككەوتنی نێوان مەسرور بارزانیو مستەفا كازمی دوای شەڕە بەیاننامەیەك هات كە لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراقو وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێمدا رویدا. سەرەتای پەرەسەندنەكان دوای ئەوەهات، رۆژی سێشەممەی رابردوو لە كۆشكی كۆماری عێراق بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق كۆبونەوەیەك كراو لەو كۆبونەوەیەوەدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەنوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری كرد. ئەمە دواین دانیشتنی زنجیرەیەك كۆبونەوە بوو كە هەفتەی رابردوو ئەنجامدرا بەمەبەستی ئەوەی حكومەتی عێراقو حكومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتن. لەدواین كۆبونەوەدا (واتە كۆبونەوەكەی رۆژی سێ شەممەی رابردوو)، مستەفا كازمی رەزامەندی دەربڕی مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەبەرامبەر ئەوەی هەرێم مانگانە رێژەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی بەبێ داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام ئەمە بەمەرجی ئەوەی فەرمانبەرانی چاودێری داراییو دەستەی خاڵە گومرگییەكانی عێراق بچنە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانو چاودێری كارەكانیان بكەن، لەو كۆبونەوەیەدا فوئاد حسێن بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش سەرەتا قایل بوو. بڕیاربوو رۆژی 11ی ئەم مانگە رێككەوتنی نێوان بەغدادو هەرێم رابگەیەنرێت، بەڵام رۆژی 12ی مانگ مەسرور بارزانی پەشیمان بووەوەو رازی نەبوو بە ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری داراییو دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق بۆ دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمە رەوتی دانوستانەكانی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. دوای ئەمە وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا سەرسوڕمانی خۆی لەبارەی بەیاننامەی حكومەتی هەرێم راگەیاند كە تێیدا باسی لەوەكردبوو حكومەتی عێراق ئامادە نییە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات. وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەكرد، ئەوان داوایانكردووە بەپێی ماددەی 114ی دەستور، چاودێری گومرگەكانی هەرێم بكەن، بەڵام هەرێم نەرمی نەنواندووەو ئەمە هۆكاری ئەوە بووە نەگەنە رێككەوتن. وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێمی كوردستانیش لە وەڵامدا وتی:" ئیدارەدانی گومرگەكان لە هەرێم پێچەوانە نییە لەگەڵ ماددەی 114ی دەستوور و بە تەواوی پێوەی پابەندبووین. بەڵام دارایی عێراق رەتیكردووەتەوە لەوبارەیەوە كار بە دەستوور بكرێت و پێچەوانەی دەستوور و سیستمی فیدراڵی و لەسەر بنەمای ناوەندێتی رەفتاری كردووە. كێشەكە ئیدارەی گومرگ نییە، بەڵكو كێشەی هەوڵدانی دەسەڵاتی ناوەندە بۆ ئیستغلالكردنی رەوشی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و وروژاندنی هەست و سۆزی فەرمانبەران بۆ هێنانەدی روانگەی خۆی لە بارەی سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا". مەسرور بارزانی چۆن پاشگەز بووەوە ؟ بەیاننامەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ناردنی چاودێرانی عێراقی بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێم بە سەپاندنی ئیرادەی بەغداد بەسەر هەرێمدا ناودەبرد، ئێستا چۆن مەسرور بارزانی قایل بوو بەوەی چاودێرانی عێراقی بێنە دەروازەكانی هەرێم. چەند هۆكارێك لەپشت قایلبوونی مەسرور بارزانییەوە بوون بە پێشنیازەكەی كازمی كە ئەمانەن: * كازمی لە دوو رۆژی داهاتوو بە گەشتێك دەچێتە ئەمریكاو دوای دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە هێزو پشتیوانییەكی زیاترەوە دەگەڕێتەوە عێراقو ئەوكات رێككەوتن لەگەڵی رەنگە ئەستەم تر بێت. * ئەمریكییەكان بە حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە لەگەڵ بەغداد بگاتە رێككەوتن. * بەهۆی نەبوونی موچەوە، رۆژ لەدوای رۆژ لەناوخۆی هەرێم فشاری شەقامو لایەنە سیاسییەكان لەسەر حكومەتی مەسرور بارزانی زیاتر دەبێت. * ئەم رێككەوتنە هەمیشەیی نییەو تاوەكو رۆژی 2020/12/31 كاری پێدەكرێتو ئەوكات لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021دا هەرێمو بەغداد رێككەوتنێكی نوێ دەكەنو حكومەتی مەسرور بارزانی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی موچە دەتوانێت تا ئەوكاتە بەرگەی مەرجەكەی بەغداد بۆ ناردنی چاودێر بۆ دەروازەكان بگرێت.