Draw Media

بافڵ تاڵەبانی: هێزی تایبەتی بەرپرسان نامێنن

بافڵ تاڵەبانی: هێزی تایبەتی بەرپرسان نامێنن

2021-12-20 12:37:57


 (درەو):
بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە هێزی تایبەتی بەرپرسان لەناو یەكێتیدا نەهێڵێت و هەموویان بخاتە ژێر چەتری هێزەكانی یەكەی (70) لەژێر سەرپەرشتی خۆیدا بێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە بە یەكێتی و پارتی لە ئەگەری یەكنەخستنی هێزەكانیان هاوكارییەكانی پێشمەرگە دەبڕن.
یەكخستن‌و دەرهێنانی هێزە چەكدارەكان لە دەستی بەرپرسانی حزبی، تەوەرێكی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی بوو لە دەباشان، بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە هێزی تایبەتی بەرپرسان لەناو یەكێتی نەهێڵێت. 
دوێنێ وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی دەباشانی كردو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا سێ تەوەر گفتوگۆی لەسەركراوە:
یەكەم: پارتی‌و یەكێتی پێكەوە بچنەناو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتەوە بەغداد
دووەم: یەكێتی پاڵپشتی لە كابینەی مەسرور بارزانی بكات‌و بەرپرسیارێتی حكومەت هەڵبگرێت
سێیەم: هێزە چەكدارەكان بەتەواوەتی یەكبخرێن 
(درەو) زانیویەتی، لە بابەتی یەكخستنی هێزە چەكدارەكاندا (هێزەكانی پێشمەرگە)، لە كۆبونەوەكەدا قسەوباس كراوە لەبارەی پەیامێكی ئەمدواییەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە بەرپرسانی هەردوو حزبەكەیان ئاگاداركردووە" ئەگەر تا كۆتایی 2022 پارتی‌و یەكێتی تەواوی هێزە چەكدارەكانیان یەكنەخەن‌و لەدەستی كەسە سیاسییەكان دەری نەهێنن، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانییەكانی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە رادەگرێت".
جگە لە راهێنان‌و پێدانی چەك‌و تەقەمەنی، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مانگانە بڕی نزیكەی (22 ملیۆن) دۆلار بۆ موچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابین دەكات.
بەمدواییە لە نامەیەكدا بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و فەرماندی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، باڵیۆزەكانی (ئەمریكا، ئەلمانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا) داوایانكرد هێزە چەكدارەكان یەكبخات‌و هێزەكانی (70) كە سەربە یەكێتییە، بخاتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
بەرپرسانی پارتی دەڵێن هێزەكانی (80)‌و پشتیوانی یەك كە سەربە پارتین، خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
بافڵ تاڵەبانی كە خۆی لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە ئۆپراسیۆنێكی ئەمنی دەستپێكردوو بۆ كۆنترۆڵكردنی یەكێتی، بڕیاریداوە هێزی كەسیی لەناو یەكێتیدا نەهێلێت‌و هێزی بەرپرسەكان لەچوارچێوەی هێزەكانی (70)دا لەژێر سەرپەرەشتی خۆیدا یەكبخات. 

دابەشبوونی هێز لەناو یەكێتیدا
ئێستاو دوای رووداوەكانی (8)ی تەمووز، دابەشبوونی هێز لە سنوری سلێمانی گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووەوەو زۆرینە لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە، بەڵام هێشتا بەشێكی هێزەكان بەسەر كارەكتەرو كوڕی بەرپرسە سیاسیەكانی ناو یەكێتیدا دابەشبوون، بەمشێوەیە:
• دوو لیوای هێزەكانی سكرتاریەتی (مام جەلال)، كە ئێستا بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان. 
• هێزەكانی دژە تیرۆری سەربە دەزگای زانیاری، لەدوای روداوەكانی (8)ی تەموزەوە لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان. 
• دەزگای زانیاری‌و هێزەكانی لەژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانیدان.
• هێزەكانی (70) ی یەكێتی كە مستەفا چاوڕەش فەرماندەیەتی، لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە. 
• هێزەكانی پشتیوانی دوو كە تایبەتە بە چەكە قورسەكانی هێزی پێشمەرگەو سەربە هێزەكانی (70)ی یەكێتییە‌و لەلایەن لیوا (مەریوان محەمەد ئەمین) فەرماندەیی دەكرێت‌و زیاتر لە (10 هەزار) چەكدارە، لەژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانیدایە.
• هێزەكانی بەرگری فریاكەوتن كە ژمارەیان زیاتر لە (23 هەزار) كەسەو (خاڵە كاكەمەند) فەرماندەی هێزەكەیە، لەژێر كۆنترۆڵی گروپی مەكتەب سیاسییەكانی كەركوكی یەكێتیدایە. 
• لیواكانی (3-7)ی تایبەت بە كۆسرەت رەسوڵ كە فەرماندەكەی لیوا (ئەیوب یوسف)ە لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەمووزەوە پشتیوانی خۆیان بۆ بافڵ تاڵەبانی راگەیاندووە، بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵدان.
• هێزەكانی لیوای كۆماندۆ كە فەرماندەكەی (ئاكام عومەر)ەو سەربە جەعفەر شێخ مستەفایەو ئێستا‌و بەدیاریكراویش دوای شەڕەتەقەكەی شەوی 16ی دێسەمبەر، بۆ بافڵ تاڵەبانی یەكلا بووەتەوە.
• فەوجی ئاڵتونی كە سەربە لیوای كۆماندۆیە هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی جەعفەر شێخ مستەفادایەو (بەرهەم محەمەد) خوشكەزای جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەیەتی.
• فەوجی تایبەت بە مەحمود سەنگاوی لەژێر كۆنترۆڵی مەحمود سەنگاویدایە، مەحمود سەنگاوی وەكو فەرماندەی میحوەری گەرمەسێر لە پرسە ئەمنییەكاندا بڕیار لە بافڵ تاڵەبانی وەردەگرێت. 
• فەوجی تایبەتی عومەر فەتاح
• هێزی تایبەت كە بە "هێزە رەشەكە" ناسراوە لەژێر كۆنترۆڵی (ئاسۆ مامەند) ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدایە.
ئەمە سەرەرای هێزەكانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی فریاكەوتن، پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان) كە فەرمان لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand