لەناو قوتابخانەكەی سلێمانیدا چی روویدا؟
2021-12-24 12:39:55
درەو:
ئەو چەكدارانەی لە قوتابخانەیەكی سلێمانیدا هێرشیانكردە سەر باوكی خوێندكارێك كە بەرەگەز عەرەبە، دوای راگرتنیان بۆ چەند كاتژمێرێك، بە كەفالەت ئازادكران، هۆكاری پەلاماردانەكە پەیوهندی بە شەڕی نێوان دوو خوێندكارەوە بووە، دواتر شەڕی نێوان باوك و دایكی خوێندكارەكانی لێدەكەوێتەوەو بەرپرسێكی سەربازیش كە هاوسەری خوشكی دایكی خوێندكارەكەی ترە، بە خۆی پاسەوانەكانیەوە دەچێتە قوتابخانەكەو پەلاماری باوكی خوێندكارەكەی تر دەدەن.
ووردەكاری روداوەكە
لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بەرپرسێكی سەربازی و كۆمەڵێك چەكدار لەناو ئیدارەی قوتابخانەیەكداو لەبەردەم بەڕێوەبەرو مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیەدا پەلاماری باوكی خوێندكارێك دەدەن، كە لە پێكهاتەی عەرەبە.
لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا بەرپرسێكی سەربازی دەردەكەوێت بەناوی (توانا حەمە ساڵح) سەگرمەیە، كە برای سەرمایەدار (تاهیر سەگرمە)، سەرەتای هەفتەی رابردوو دوو خوێندكار لە قوتابخانەی (المدارس العالمی المتحیدە) مۆڵەتی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ناوەند وەرگرتووەو سەربە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم نیە لە گەڕەكی عەقاری شاری سلێمانی لە گۆڕەپانی قوتابخانەكەدا شەڕیان دەبێت شەڕێكی ئاسایی نێوان دوو قوتابی، وەك رۆتینیاتی ئیداری، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكە، دایك و باوكی ئەو دوو خوێندكارە بانگ دەكات بۆ قوتابخانە، لەناو ئیدارەی قوتابخانەكەدا دەمەقاڵێ لە نێوان باوكی خوێندكارێكیان كە خەڵكی رومادیە و دایكی خوێندارەكەی تر كە خەڵكی بەغدایە درووست دەبێت، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، باوكی خوێندكارەكە كە خۆی پێشتر ئەفسەری سوپای عێراق بووە قسە بە دایكی خوێندكارەكەی تر دەڵێت دایكی خوێندكارەكە لەبەر ئەوەی هاوسەرەكەی لە بەغداد بووە تەلەفۆن بۆ توانا حەمە ساڵح سەگرمە دەكات كە هاوسەری خوشكەكەیەتی، و ئەفسەرە لە فەرماندەیی پێشمەرگە، داوا لە توانا حەمە ساڵح دەكات بێت بۆ قوتابخانە، توانا بە پاسەوانەكانیەوە لە فەرماندەییەوە دەچێت بۆ قوتابخانە لەوێ شەڕە قسە لە نێوان ئەو هاوڵاتیە عەرەبە و توانا حەمە ساڵح درووست دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێت بەشەڕیان و پەلاماری یەكدی دەدەن، دواتر پاسەوانەكانی توانا حەمە ساڵح دێنە ژوورەوەو ئەوانیش پەلاماری خوێندكارەكەو باوكی دەدەن زۆریان لێدەدەن.
لەدوای رووداوەكە هەردوولا سكاڵا تۆماردەكەن، دواتر بە فەرمانی دادگا توانا حەمە ساڵح سەگرمەو پاسەوانەكانی بۆ ماوەیەك لە دادگا بە پێی مادەی (413) لە یاسای سزادانی عێراق رادەگیرێن و دوای چەند سەعاتێك ئازاد دەكرێن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەو دوو خانەوادەیە هەردووكیان سكاڵاكانیان كشاندووەتەوە.
رێبوار عەبدولڕەحمان كاندیدی سەركەوتووی نەوەی نوێ لە پەیجی تایبەتی خۆی زاویەیەكی تری ڤیدۆكەی بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە كە ئەو پەلامارە بە پارە كراوە.
رێبوار عەبدولڕەحمان لە پەیجی تایبەتی خۆی نوسیویەتی:
کێشەکە ئەوە نییە کە ئەو کەسانە بە جلی سەربازیەوە پەلاماری ئەو باوکە دەدەن لەناو قوتابخانەکەی شاری سلێمانیدا، کێشەکە ئەوەیە ئەو کارە بە پارە دەکەن، سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکەن و ببینن چۆن دایکی یەکێک لەو منداڵانە پارە دەداتە ئەو کەسانە، کەواتە: پارە بدە، هێزی سەربازی بێنە لەخەڵک بدات، ئەمەش حوکمڕانیەکەی پارتی و یەکێتی.
ئاساییش چی دەڵێت؟
ئەمڕۆ لە رونكردنەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانی ئەو چەكدارانەی ھێرشیان كردە سەر خوێندكارێك و باوكی دەستگیر كرد دەستبەجێ دەستمان كرد بە لێكۆڵینەوە و بە دواداچوون پاش دەستنیشان كردنی تۆمەتبارەكان لەلایەن ھێزەكانی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیركران بە ناوەكانی ( ت ح ح - ئ ف ع - ر ا م - ب ا ج - ئ ش ع ) و لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە بە پێی ماددەی ٤١٣ لە یاسای سزادان ڕاگیران و بە پێی تایبەتمەندی ڕەوانەی دادگای لێكۆڵینەوەی ٣ كران.