Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

  مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)  لە سەرەتاکانی سەدەی ھەڤدەھەمەوە تۆماس ھۆبز کاتێک باس لە ھێز و دەسەڵات ئەکات لەو ڕاستییە سادەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەسەڵات لە سەروەت و سامان دەچێت. سەروەت و سامان چەند زیادبێت ھێشتا دەیەوێت زۆرتر و زیاتربێت. لای ھۆبز لۆژیکی ناوەکیی دەسەڵات وەک لۆژیکی پارە لۆژیکێکە بەردەوام دەیەوێت بەھێزتر و گەورەتر بێت، مەگەر ڕووی بە دەسەڵاتێکی تردا بتەقێتەوە لە خۆی بەھێزتر بۆئەوەی سنوورێک بۆ حەزی ئاوسان و گەورەبوونی دابنێت. لە سەدەی نۆزدەھەمیشدا کارل مارکس باس لە لۆژیکی ناوەکیی سەرمایە دەکات و لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە سەرمایە چەند زیاتربێت و زیاتر کەڵەکە بکرێت، ئەوەندە زیاتر و زیاتر دەیەوێت زۆرتر و گەورەتربێت. بەمجۆرە ھەم لۆژیکی ھێز و ھەم لۆژیکی سەرمایە دوو لۆژیکی تەواو ترسناکن. مێژووی فیکر و فەلسەفە و بیرکردنەوەی سیاسیی ناو دونیای مۆدێرنیش ھەوڵدانێکی بەردەوامە بۆ سنووردارکردن و گەمارۆدانی ئەو دو لۆژیکە و بە عەقڵانیی و بەئینسانیکردنیانن.  ئەمڕۆ ئەم دوو لۆژیکە لە ھەرێمدا بە توندی ئامادەن و بەبێ ھیچ ڕێگر و چاودێریی و میکانیزمێک بۆ لێرسینەوە دەستبەکارن و دونیای ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی ھێجگار گەورە دەکەنەوە. لەم ھەرێمەدا، لەسەرێکەوە، کەڵەکەبوونێکی بەردەوام و چاودێرینەکراوی سەرمایە و دەسەڵات لە ئارادایە، کە دەرەنجامەکەی، لەسەرێکی دیکەوە، کەڵەکەبوونێکی زۆر و بەردەوامی پەژارە و ئازار و نەھامەتیی ئینسانییە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دروستکردنی چەندان گەڕەکی فیرعەونیانە و چەندان کۆشکی شاھانەی ھاوشێوەی کۆشکی ئیمپراتۆرە مەستەکانی مێژوودا بەرجەستەیە، کەڵەکەبوونی پەژارە و ئازار و نەھامەتیش. لە دروستبوونی چەندان گەڕەکی بێئاو و بێخزمەتگوزاریی و بێئایندەدا ئامادەیە، کە ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانەکانیان لە سادەترین مافی مرۆڤبوون و لە سەرەتایترین فۆرمی پاراستنی کەرامەت، بێبەشدەکرێن. ئەوەی ڕووئەدات دروستبوونی گەڕەکی ئیمپایەر و گەڕەکی باداوانە بەیەکەوە و لەپاڵیەکدا.  پێدەچێت لۆژیکی ئیشکردنی ئەم دوو جۆرە ناکۆکە لە کەڵەکەبوون بەدۆخێک گەیشتبێت نزیک لە لێواری تەقینەوە. ئەوانەی ڕۆژانە لەناو کارەساتەکاندا دەژین و پەژارە بە دوای پەژارەدا کەڵەکە دەکەن، خەریکە ھێدی ھێدی لە وردەکارییەکانی ئەو جیھانە ناشیرینە تێدەگەن کە بە دەوروبەریاندا دروستکراوە، ھۆشیاردەبن بەوەی لە چ ژینگەیەکی نائینسانیدا جێگیرکراون وبە چ جۆرە پەژارە و ئەگەرێکی فەوتانی سەرتاسەری، گەمارۆدراون. لەوە تێدەگەن لە ژینگەیەکدا نیشتەجێکراون بەردەوام بەرەو دواوە دەڕوات و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا تا دێت زیاتر و زیاتر جێدەمێنێت. ئەوەی دەیبینین ڕووتبوونەوە و دەرکەوتنی چۆنیەتی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکەی سەرەوە و نەبوونی ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی دەسکاریکردن و گۆڕانکاریشە لەناو ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستەدا، مەبەستم لۆژیکی کەڵەکەبوونی ھێز و کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. پێدەچێت ئەم ساتە ساتەوەختی ھۆشیاربوونەوەبێت بەو دۆخە نائینسانییە خنکێنەرە و گواستنەوەی ئەو ھۆشیاریەش بێت بۆ ئاستی ناڕەزاییدەربڕین.  بەڵام ڕەنگە ھەستکردن بە تەنھایی، تەنھاییەکی ڕادیکاڵ، ئەو ھەستە سەرەکییە بێت لەم ساتەدا ئەو ھۆشیارییە یاخیبووە لە چوارچێوەبدات. ئەو خانمە توڕەیە کە لەبەردەمی کامێرەکاندا بینیمان بە ئاشکرا ھاواریکرد: ”با بێن و بمکوژن و بمگرن". ئەو خانمە وەک بکەرێکی ناڕازیی لەوە ئاگادارە کە ئەگەری گرتن و کوشتن لە ئەگەرە نزیکەکانی بەردەمیەتی. گرتن و کوشتن بەشێکی ناوەکیی لۆژیکی کەڵەکەکردنی ھێز و لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن لە ھەرێمدا. بەڵام ئەم ھەستکردنە بە تەنھایی دەشێت وێستگەیەکی مێژوویی کاتیی بێت. دەشێت ساتەوەختی بەر لەدایکبوونی سەرەتایەکی تەواو تازەبێت بۆ پەکخستنی شێوازی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستە. مرۆڤ کە ئاوی نەبوو بیخواتەوە، سنوورێک بۆ ئازارەکانی نامێنێت.  یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئازاریش ئەوەیە کە نابینرێت، لە دەرەوەڕا نابینرێت، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا تەنھا ھەستیپێەکرێت و مرۆڤەکانی تر دەچنە پەیوەندیی جۆربەجۆرەوە لەگەڵیدا. ھەندێک ھەن ھەست بەو ئازارە دەکەن و لەگەڵیدا ھاوسۆز دەبن، ھەشە ئەو ئازارە ئینکار دەکەن و ھەموو ھەوڵێک بۆ داپۆشین و سڕینەوەی ئەدەن (وەک لە ھەڵوێستی موخاترەکەی گەڕەکەی باداوان لە ھەولێر بینیمان)، ھەشە گاڵتەی پێدەکات و پشتگوێی دەخات، وەک ئەو بەرپرسانەی ساڵانێکی درێژە لە دورەوە ئەو بێئاوییە دەیبینن و لەوەش بەئاگان کە ئەوان لە دروستبوون و گەورەبوونی ئەم کێشەیە بەرپرسیارن.  


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، حاڵی حازر جیا لە ئامانج و خەونەکانی ئەو سیستەمە، دوو گرێی سەرەکی لەبەردەم سەرکۆماریی نوێدایە: یەکەم گرێی گەمارۆکان کە بەهیچ سەرکۆمارێک نەکراوەتەوە و ترەمپیش کاریگەرییەکانی  دووقات کردەوە، دووەم مەسەلەی پرسی ئەتۆمی کە گرێکوێرەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە، ئەویش دیسانەوە ئیرادەکەی لە دەسەڵاتی سەرکۆماردا نیە و ئیدارەدانی تەشریفاتی دۆسێکەی پێ سپێردراوە. گەرچی ڕەئیسی لەسەر باڵی بناژۆخوازەکان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لە وتاری ئانی سوێندخواردنیدا لەبەردەم پەرلەماندا، بۆ سیاسەتی دەرەوە زیاتر دووبارەکردنەوەی هەڵوێستەکانی ڕۆحانی بوو لە هەشت ساڵی ڕابردوودا: ئەو لە سەرێکەوە ڕای گەیاند کە یەکەم هەنگاوی، کرانەوەیەکی دەرەکی دەست پێدەکات و کار لەسەر هەڵگرتنی سزاکان دەکات کە بەڕێبەرایەتی ئەمریکا سەپێنراون و بۆ ئەمەش پێشوازی "لە هەر پلانێکی دبلۆماسی" دەکات. ئەمەش ئاماژەیە کە دەیەوێت دانوستاندنی ٥+١(بەرنامەی کاری هاوبەش- بەرجام) دەست پێبکاتەوە و پابەندە بە بنەماکانییەوە، واتە دەیەوێت حکومەتێکی کردەگەرای واقیعی بێت و پشت ناکاتە ئەو دانوستانەی کە یارانی بناژۆخوازی لە ٨ساڵی ڕابردووی ڕۆحانیدا وەک تانە و تەشەر و سازش دانوستانەکەیان کردبوویە پەڵەیەکی ڕەش و بە لادان لە شۆڕش حسێبیان دەکرد بۆ حکومەتەکەی، وا ئەمڕۆ وای نیشان دەدات بە گڵۆپی سەوزەوە ئامادەی گفتوگۆیە و لەوەش زیاتر ئەم داوای لە واشنتۆن کرد کە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن. بەڵام ئایا زەمان و زەمینە بۆ گفتوگۆ بە ئیرادەی ئێرانی فەراهەمە؟ سیناریۆکانی بەردەم زیندووکردنەوە یان لەباربردنی دانوستاندنی ئێران و پێنج وڵاتەکە کامانەیە؟ سیاسەتێکی دووسەرە ڕەئیسیی سەرکۆمار تا هەنووکەش دەرنەکەوتووە لە نێوان دوو دروشمی ناکۆکدا (کە هەردووکیانی زۆرجار لە یەک وتاردا بەکارهێناوە)، پابەندی کامیان دەبێت:  ١. هەنگاوی دووەمی شۆڕش، کە ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکبار (ئەمریکا و ڕۆژئاوا)" (بڕوانە: بیانیە گام دوم انقلاب خطاب بە ملت ایران: سایتی خامنە¬ای، https://farsi.khamenei.ir/message-content?id=41673)، دیارە لەم گوتارەدا (کە ڕەئیسی دەیەوێت لە پابەندترینەکان بێت پێوەی) بێگومان ڕێگر دەبێت لە کرانەوەی پێویستی دبلۆماسی، چونکە ئەو بەیاننامەیە زیاتر ئامانجگەرا و شۆڕشخوازە و پەرەپێدەری ڕۆحی هەناردەکاریی هەژموونی ئێران و ئیسلامگەراییە کە خۆی لە پشتیوانی یارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان، عیراق، یەمەن و سوریا ئامانجی تایبەتن و جیهانیش بە گشتی کراوەتە ئامانجە گشتییەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرفتی سەرەکیی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا هەر ئەم سیاسەتەیە و لەبەرامبەریدا ئەمریکا و هاوپەیمانانی داوای "چاککردنی رەفتار"ی لێدەکەن، بە مانایەکی دیکە واتە کورتکردنەوەی دەستی کۆمەک بۆ میلیشیاکان و وازهێنان لە هەناردەکردنی شۆڕش و پشتیوانینەکردنی پرۆئێرانییەکان بە مووشەکی دورهاوێژ و چەکی جۆراوجۆر و درێژکردنی دەستی دبلۆماسییەتی ئاشتییخوازانە. ٢. گەڕانەوە بۆ مێزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دانوستاندن: ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە پێچەوانەی هەناردەکردنی شۆڕش و بەرگری ئامانجگەرایانەیە لە شۆڕش، بەڵکو زیاتر کردەیی و واقیعگەرایە، ئەم دروشمە خاوەنەکەی زیاتر باڵی ڕیفۆرمیست و بەرژەوەندییخوازەکانن، بەڵام وەک هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەک جاران نەماوون و هەم لە دەسەڵاتەکانی نێو شۆڕشیشدا کشێنراونەتەوە و هەم یەکێک لە فیگەرە کاریگەرە دبلۆماسییەکانیان لە ژیاندا نەما (ڕەفسەنجانی)، لە دوا هەڵبژاردنیشدا کەمتر لە ٥٪یان بەدەست هێنا و بەمەش گووتارەکە گەر "بیلقووە" هی ئەوان بێت ئێستا "بیلفیعل" هی وان نییە، بەڵام سەرکۆماری نوێ لە وتارەکانیدا نایشارێتەوە کە وڵاتەکەی پێویستی بەم نەرمە سیاسەتە هەیە بۆ ئەوەی لە قەیرانی ئابووریی(لاوازی و هەڵایسان)، سیاسیی(ئاسایشی ئێران و دابڕانی ئێران لە دراوسێیان و جیهان) و خزمەتگوزاریی نێوخۆیی(کێشەی بژێوی، کارەبا و ئاو و مەسکەنی هاوڵاتییان) دەربازی ببێت. ڕەفتاری ئێران بەر لە مێزی دانوستاندن واشنتۆنی سەردەمی بایدن (بە سەردەمی ترەمپ و ئۆباماشەوە)، هیچکات نەیانوویستووە و نەشیانووت کە دەیانەوێت سیستەمی سیاسیی ئێران هەرەس پێبهێنن و لەناوی ببەن، بەڵکو هەردەم داوای چاککردنی ڕەفتاریان لێ کردووە و دەکرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەمە، سیاسەتی کوتەک و گێزەر لەبەرچاو گیراوە: یان "هەل و ئیمتیاز" دراوەتە ئێران بۆ سازان و نەرمی¬نواندن (وەک سەردەمی ئۆباما)، یاخود تەکنیکی زۆرترین فشار لەسەر تاران، کە ئەمەی دووەمیان تەکنیکی ترەمپ بوو و تا هەنووکەش پاشماوەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران بەردەوامن و هەموو هەوڵێکی ئێرانیش لە چوارساڵی دووەمی ڕۆحانییەوە تا هەنووکە بە ڕئیسیشەوە بۆ کەمکردنەوە ئەو فشارانەیە، بەڵام واشنتۆن ئەو فشارانەی وەک کارتی نوێ هێناوەتە سەرمێز و بەر لە گفتوگۆی پرسی ئەتۆمی داوای چاکسازیی ڕەفتاری لە ئێران لە عێراق و لوبنان و یەمەن دەکات. کابینەیەکی پڕ لە سوپایی و بناژۆخواز ئەوەی لە هەشت ساڵی ڕابردوودا کۆسپی بەردەم ڕۆحانی بوو بۆ دانوستاندنی واقیعی: ١. بناژۆخوازەکانی نێو سیاسەت و دامەزراوەکانی نێو دەوڵەت بوون و درێغییان نەکرد لە تێکدانی هەرچی ئەوەی ڕۆحانی سەرکۆمار و جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی کردبوویان، دواجار هەر ئەوانیش بوونە ڕێگر و نەیانهێشت ئەوەی پێویست بوو لەدوا نەفەسەکانی کابینەی دووەمی ڕۆحانیدا، لە نەمسا بێتەبەرهەم و بە هەڵواسراوی پرسەکە مایەوە. ٢. سەرکردەکانی سوپای پاسداران، کە ئەوان زۆرجار نەک ڕازی نەبوون، بەڵکوو هەم لە ئابووری وڵات و هەم لە سیاسەتی دەرەکیشدا کۆسپ بوون بۆ ڕۆحانی و بگرە زۆرکات لە بری ئەو سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی خۆیان لەبری حکومەت جێبەجێ دەکرد و نەک بەرپرسیارێتیشیان هەڵنەدەگرت بەڵکو هەڵە و کەسرییەکانیشیان خستە ئەستۆی بێتوانایی کابینەکەی ڕۆحانی کە تێکەڵەیەکی ئەجێندای ڕیفۆرمیستەکان و بەرژەوەندیگەراکان و بناژۆخوازە میانڕەوەکان بوو. ئێستا ئەوەی نوێیە لەم دۆسێیەدا ئەوەیە، کە هەم بناژۆخوازەکان و هەم سوپاییەکان ئیدی خۆیان حکومەتن،  چونکە لە کابینەی پێشنیارکراوی رەئیسیدا سەرجەم وەزیرەکان لەم دوو باڵە هەڵبژێردراون. بەڵام ئایا دەتوانن وەک جاران هەر ڕەتکەرەوە و ڕێگر بن؟ لەو کابینە ١٩ وەزیرییەی کە ڕەئیسی پێشکەشی کردووە، زۆرینەیان لەوانەن کە هەمیشە هەڵوێستی دژە ئەمریکا و دانوستاندنیان هەبووە و سیانیشیان لە لیستی سزاکانی واشنتۆندان، لەوەش زیاتر هەرچی وەزیرەکانی دەرەوە و نێوخۆ و ئابووری و بگرە ڕێگاوبان و پەروەردەشە لە بناژۆخوازە توندڕەوەکان و وەک دەزگاش هەندێکیان بە ئەندامی سوپای پاسداران و کۆڵەکەی فەیلەقی قودسی دەرەوەی ئێران هەژمار دەکرێن! سیناریۆکان رەئیسی ئێستا لەبەردەم سێ سیناریۆی سەختدایە:  ١. بەرگریکردن و ئامانجگەراییخوازی  کە پابەندبوونە بە دروشمی بناژۆخوازەکان، ئەمەش ڕەنگە سیستەمی ئێران بە بەهێزی و سازشنەکردن نمایش بکات و لە نێو جیهانی شیعەی دەرەوە بەهێز بنوێنێت، بەڵام بەهۆی سزاکان و کەمتوانایی خزمەتگوزاریی لە خەڵک دوورتر دەکەوێتەوە و ناڕەزایەتییەکان زیاتر گەشە بکەن. ٢. چاوشارکێی دبلۆماسی:  کە بریتییە لە هێشتنەوەی ئێران وەک دۆخی ئێستای نیمچەدانوستاندن و نیمچە بەرگریکردن، گەر ئەمە بچێتە پێشەوە باشترین سیناریۆیە بۆ حاڵی حازر (کەمترین زیان)، بەڵام ئایا زەمان و زەمینەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەروا دەمێنێتەوە کە ئێران ئەم چاوشارکێیەی تێدا بکات؟ ٣. سازش لەدەرەوە و پاکسازیی نێوخۆیی: کە بریتییە لەوەی وەک تەکنیک و ناچاری لە سیاسەتی دەرەوەدا کرانەوە ئەنجام بدات و سازش لە درووشمدا بۆ واقیع بکات. بەمشێوەیە هەلێک وەردەگرێتەوە بۆ بوژانەوە و لادانی سزاکان و لەبەرامبەردا هەم بە گێزەر و هەم بە کوتەک ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک دامرکێنێتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ گەڕێکی نوێ (بەڵام سەختە بەدیهاتنی). بۆیە لەم سێ سیناریۆیە زیاتر دانەنرا، چونکە سیستەمی سیاسیی و دەوڵەت و دەستوورەکەی ئێران تەنها ڕێگەی یەکێک لەمانە دەدات و بەم دۆخەی ئێستا و بەم کابینە و گوتار و بەم ستوونانەی دەسەڵاتەوە، هەر ئەم سیناریۆیانە ئەگەری جێبەجێبوونیان هەیە، نەک چاکسازیی ڕیشەیی و گۆڕینی دەستوور و ئاشتبوونەوەی تەواوەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا  و هاوسێیاندا.    بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران  ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران  


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) چەندە سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگیی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری بنیاتنانی ژیان و ئاشتیی، هێندەش دەتوانێت ببێت بە مەترسیی و هەڕەشە بۆ کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکان. گەورەترین مەترسیی بۆسەر سیاسەت و لەکارخستنی وەک کردەیەکی مەدەنیی، بریتییە لە دیکتاتۆرییەت و جەنگ.  لە هەردوکیاندا فەزای سیاسیی بە ئایدیۆلۆژیی دەکرێت و ماشێنێکی گەورەی دوژمنسازیی دەخرێتەگەڕ بۆئەوەی ژیانی مەدەنیی لەناوببرێت. بەم چەشنە یەکێک لە گرنگترین کردەی سیاسەت کە بەرهەمهێنانی ئازادیی و رێکخستنی ژیانی گشتییە، وەک کردەیەکی ئینسانیی کۆتاییپێدێت. لەدونیای ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتان و جەنگی ناوخۆیی، ساڵانێکە زۆرینەی دوڵەتان گیرۆدەی جەنگی دژ بە تیرۆرن. جەنگێک کە تەنها رەهەندێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی گەورەشی هەیە. لەناوچەکەی ئێمەدا زیاد لە بکەرێک و زیاد لە گروپ و زیاد لە هێزێکی ئیقلیمیی بەریەک دەکەون. ساڵانێکی زۆرە سیاسەت لە ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوە و کارە سەرەکییەکەی بووە بە ڕاکردن بەدوای ئەو کێشانەدا کە جەنگ و شەڕی ناوخۆیی و گروپە چەکدارەکان و نوخبەی سیاسیی بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەمیدەهێنن. نەوەی یەکەمی نوخبەی کوردیی ناو حیزبەکان ئەزموونێکی دوورودرێژی جەنگ و ماڵوێرانییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. کاتێکیش ئاشتی کەوتە نێوانیانەوە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لە سەرکوتکردنی ئازادیی و بیروڕای جیاوازی ناو کۆمەڵگاکەیان پیادەکرد. نەوەی دووهەمی ئەم نوخبە جەنگاوەرەش، کەمتر شەڕانگیزتر نین لەنەوەی یەکەم، بەڵام ئەزموونێکی نوێیان لە بەنماییشکردنی سیاسەت و گۆڕینی لە خەمێکی گشتییەوە بۆ خەمی تایبەت و شەخسییدا هەیە. بەپێچەوانەی نەوەی یەکەمەوە، ئەم نەوە نوێیەی ناو سیاسەتی کوردیی نە گەمەکەرێکی ئیقلیمییە لەدەرەوە و نە خاوەن کاریزما و هەیبەتێکی سیاسییە لە ناوەوە. ئەم نەوەیە ئەزموونێکی سیاسیی تەمەنکورتی هەیە، تاکە ئەزموونێک هەیبێت لەبواری ئەمنییدایە. ئێستاش کە فەرمانڕەوای ئەم دەڤەرەن، تەنها لە ناوبڕەکاندا سیاسەت دەکەن. خودئەڤینییەکی قووڵ ژیانی سیاسیی ئەم کارەکتەرانەی تەنیوە و بێخەمیی و لاموبالاتییەکی گەورەش عەقڵی ئیدارییان ئاراستەدەکات. بەشێوەیەکی گشتیی، گەر چاوەڕوانییەکان لەلایەن سیاسەتەوە تێرنەکرێن، کۆمەڵگا دوو هەڵاوێردی (ئیختیار) لەبەردەستدایە. یەکەم داوا لە سیاسەت دەکات ریفۆرم پیادەبکات، بۆئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی ئەو تەحەدا و کێشانە ببێتەوە کە دەبێت ئەمڕۆ چارەسەریان بکات و نەیانخاتە سبەی. گەر ئەمەش نەکرا، چارەسەری دووهەمیان دەبێت بە ئەڵتەرناتیڤ و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگا لە سیاسەت گۆڕانی رادیکاڵیان بەسەردا دێت. یەکێک لە خراپترین و مەترسییدارترین شێوەی ئەو گۆڕانکارییەش بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا هیچ چاوەڕوانییەکی لە نوخبەی دەسەڵاتدارانی نامێنێت. ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تیای دەژی، بریتییە لە خاڵی دووەم. کۆمەڵگای کوردیی هیچ چاوەروانییەکی باشی لە سیاسەتی نەوەی دووهەمی ناو خێزانە سیاسییەکان نەماوە. ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتداران نە وەک باوانیان بەشداربوون لە دروستکردنی رابردوو و دوێنێی ئەم کۆمەڵگایە، نە بیر لە بژێوی ئێستای هاونیشتیمانیانی دەکەنەوە و نە پڕۆژە و خەونی سیاسییشیان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان هەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەی دوای قۆناغی جەنگی ناوخۆیی و قۆناغی دوای ئۆپۆزیسیۆندا، وێنەی دوژمنی سیاسیی کاڵبووەتەوە، بەڵام قۆناغی دوژمنایەتییەکی نوێی هەمەلایەنی دژبەیەکتر سەریهەڵداوە. دوژمنایەتییەک کە تەنها رەهەندێکی ئاسۆیی نییە لەنێوان ناوچە و جوگرافیا سیاسییەکاندا وەک لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو رەهەندێکی شاقووڵیی هەیە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو جەستەی سیاسیی خودی حیزبەکان و ناو خێزانە سیاسییەکان.


راپۆرت: درەو پرسی ژەهرخواردنەكە هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی دەڵێ لە پرۆسەی ژەهرخواردكردنیدا بەكارهێنراوە، هەمان ئەو ماددەیە كە ساڵی 2004 بۆ لەناوبردنی ڤیكتۆر یۆشینكۆ سەرۆكی پێشووی ئۆكرانیا بەكارهێنراوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێ ئەم بابەتە لەبەردەم دادگاكانی دەرەوەی وڵاتیش دەسەلمێنم، لاهور شێخ جەنگیش بابەتی ژەهرەكە بە "یارییەكی منداڵانە" ناو دەبات‌و لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە، دیار نییە چارەنوسی ئەم كەیسە لە دادگا یەكلادەكرێتەوە یان لەناو یەكێتی یاخود لە چوارچێوەی ماڵی تاڵەبانیەكاندا، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری كەیسی ژەهرخواردنەكە بڵاودەكاتەوە.  مانگێك دوای 8ی تەموز مانگێك تێپەڕی بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزی ناو یەكێتیدا، روداوگەلێك كە ناونیشانە گەورەكەی پرسی "رەهژخواردكردن"ە، بەڵام لەژێریدا چەندین ململانێ‌و كێشمەكێشی تر هەن.  بەهانەی رووداوەكانی ئەمدواییەی یەكێتی پرسی ژەهرخواركردنی (بافڵ تاڵەبانی) هاوسەرۆكی یەكێتییە، ئەم بابەتە كە وەكو سەرچاوەی سەرەكی ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) ئەژماردەكرێت، تائێستا لەناو كۆبونەوە تایبەتەكاندا باس دەكرێت‌و میدیای فەرمی‌و بەرپرسانی یەكێتی وردەكارییەكەیان بۆ رایگشتی نەخستوەتەڕوو.  ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە، بافڵ تاڵەبانی بەردەوام خەڵك‌و كەسایەتییەكان بانگهێشتی "دەباشان" دەكات‌و چیرۆكی ژەهرخواردنەكەیان بۆ دەگیڕێتەوە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە سەرەتای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە لە ژمارەیەك لەو كەسانەوە دەستیكەوتووە كە سەردانی "دەباشان"یان كردووە، بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە چیرۆكی ژەهرخواردنەكەی بۆیان گێراوەتەوە بەمش شێوەیە.   چیرۆكەكە لەزاری بافڵ تاڵەبانییەوە رۆژی 24ی حوزەیران بوو (واتە دوو هەفتە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز)، ئەو رۆژە پێنج شەممە بوو، من رۆژانی هەموو پێنج شەممەیەك تەرخان دەكەم بۆ كاتبەسەربردن لەگەڵ منداڵەكانم (هێرۆ-  كۆبان). ئێوارەی ئەو رۆژە میواندارییەكم رێكخست لە باخەكەم لە "مێرگەپان"، ئەم میواندارییە بۆ ئاشتەوایكردن بوو لەنێوان (پۆلۆ شاڵاو عەلی عەسكەری)‌و (پۆڵاد شێخ جەنگی)، ماوەیەك بوو كێشە لەنێوانیان هەبوو. (پۆلۆ راوێژكاری بافڵ تاڵەبانییە، پۆڵاد برای لاهور شێخ جەنگییە‌و تا ساتی روداوەكە بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی بووە). بۆ ئەم میواندارییە، (لاهور شێخ جەنگی)‌و (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ‌و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ)م بانگهێشت كرد، پۆلۆ و پۆڵادیش لەوێ بوون. لەم دانیشتنەدا من ماددە كحولییەكانم نەخواردەوە، بۆیە شەربەتێكی سروشتی پرتەقاڵیان بۆ هێنام، قومێكم لە شەربەتەكە خواردەوە، پاشان رۆیشتم بۆ لای منداڵەكانم لەژوورەوە، چونكە هاوسەرم لەوێ نەبوو، منداڵەكانم داپۆشی‌و گەڕامەوە، قومێكی ترم لە شەربەتەكە خواردەوە، هەستم كرد تامی گۆڕاوە، پێم وتن ئەم شەربەتە زۆر ناخۆشە، دیارە شتێكتان تێكردووە، خەیاڵم بۆ ژەهر نەچوو، پێموابوو كحولیان تێكردووە، پێكەنین‌و پێیان وتم هیچ نییە بیخۆرەوە، پاش ماوەیەك هەستم بەوە كرد سەرمامە، توشی لەرز بووم، قەمسەڵەیەكم لەبەركرد، دۆخم خراپتر دەبوو، بە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵم وت من وەزعم باش نییە، شاڵاو وتی با بڕۆین، لەم كاتەدا لاهور باوەشی پێدا كردم، بە زمانی ئینگلیزی پێی وتم"بای بای ئامۆزا"، ئەم شێوازە خواحافیزیكردنەی لاهور گومانی لای دروستكردم، چونكە چەندجارێك باوەشی پێداكردم، وەكو ئەوەی بیەوێت بەیەكجاری ماڵئاوایم لێ بكات ! ژەهری "دایۆكسین" دوای كۆتایهاتنی میواندارییەكە، چەندجارێك توشی رشانەوە هاتم، نامەم بۆ هاوسەرەكەم ناردو پێم وت" من دۆخم خراپە، ناتوانم ئاگام لە منداڵەكان بێت" نامەشم بۆ پزیشك نارد، پاشان چومە گەرماو، لەوێ ئاگام لەخۆم نەما، بێهۆش كەوتم، كاتێك بەئاگاهاتمەوە، لە نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە) بووم، فاخر شێخ تەیب‌و برایەكی كە خاوەنی كۆمپانیای قەیوان‌و نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە)ن، لەوێ ئامادەبوون‌و بارودۆخی منیان بینی، (هەندێك لە گێڕانەوەكان دەڵێن ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگای زانیاریش لە نەخۆشخانە بووە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی)، دەركەوت من ژەهرخوارد كراوم بە ماددەیەك بەناوی "دایۆكسین"، ژەهرەكە كاریگەری لەسەر دڵم دروستكردبوو، (12) بوتڵ ئاویان بۆ هەڵواسیم، پزیشكەكە پێی وتم بەهیچ جۆرێك نابێت بخەوێت، دەبێت بەپێوە رابوەستی، چونكە بارودۆخی دڵت زۆر خراپە، هەندێك چارەسەریان بۆ كردم، پاشان سامپلی خۆم نارد بۆ روسیاو بەریتانیاو ئەمریكاو سوید، ئەنجامی هەموو پشكنینەكان دەریاخست ژەهرخوارد كراوم، ئیتر كە ئەم دۆخە رویدا، تەلەفۆنم بۆ قوبادی برام كرد لە هەولێر بگەڕێتەوە، كە گەڕایەوە باسی بارودۆخەكەم بۆ كرد، هاوكات لەگەڵ ئەمەدا كەسێكمان لە "دەباشان" گرت كە سیخوڕی كردبوو بە سەرمانەوە، ئەو كەسە كوڕە شەهیدێك بوو كە ماوەی (18 ساڵ) بوو لەگەڵ ئێمەدا بوو، دوای ئەوەی كە بانگمان كرد، دانی بەوەدا نا سیخوڕی بۆ دەزگای زانیاری كردووە.  ئیتر دوای ئەم روداوانە بڕیارماندا گۆڕانكاری لە دەزگای زانیاریدا بكەین، كاتێك رۆیشتین بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە دەزگادا بكەین، (محەمەد تەحسین تاڵەبانی)مان هێنا كە بەرپرسی دەزگا بوو، ئەو رۆژە (رەنج شێخ عەلی) جێگری سەرۆكی دەزگا لەوێ نەبوو، لە بارەگای دژەتیرۆر بوو، رۆشتن لەوێ هێنایان (محەمەد تەحسین برای ئاڵا تاڵەبانییە، رەنج شێخ عەلی خوشكەزای لاهور شێخ جەنگییە). كە قسەمان لەگەڵ (محەمەد تەحسین)‌و (رەنج شێخ عەلی)دا كرد، یەكسەر وتیان" ئێمە تەنیا ئەمرمان جێبەجێ كردووە"، پاش ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا كرا، رەنج وتی" ژورەكەم لە دەزگا كلیل دراوە، بڕۆن كلیلەكە ببەن‌و بیكەنەوە، لەناو سەلاجەكەمدا شتێكی تێدایە بیهێنن"، ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگا چوەتە ژورەكەی رەنج شێخ عەلی، ژەهرەكەی لەناو سەلاجەكەدا دۆزیوەتەوە، هەموو ئەم دیمەنانەشی بە كامێرا وێنەگرتووە (تا ئەم ساتە ئەژی ئەمین كە برای موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامییە، ماوەی چەند مانگێك بووە بەهۆی كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاو كەسانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دورخراوەتەوە). دوای هێنانی ژەهرەكەی دەزگا، بۆمان دەركەوت هەمان ئەو ماددەیە كە دەرخواردی من دراوە، رەنج ناوی دوو كەسی ئاشكراكرد كە ئەوان ئەو دەرمانەیان لە دەرەوەی وڵات هێناوە‌و رادەستی ئەویان كردووە، رەنج‌و محەمەد تەحسین بە نوسین‌و لەبەردەم كامێراشدا دانیان پێدا ناوە. ئێستا هێشتا كاریگەری ژەهرەكە لەسەر جەستەم ماوە، ناتوانم وەرزش بكەم، ئەو ژەهرەی كە بە من دراوە، جۆرێكە لە هندستان ئەو خەڵكانە دەیخۆن كە دەیانەوێت خۆیان بكوژن. من ئامادەم بابەتی ژەهرخواردكردنم نەك لە دادگاكانی كوردستان، لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات (بەریتانیا) بسەلمێنم، بۆ ئەوەی نەوترێت دادگاكانی سلێمانی لەژێر هەژمونی مندایە. ئێستا من ناتوانم بیسەلمێنم لاهور شێخ جەنگی خۆی ژەهرەكەی كردوەتە ناو شەربەتەكەوە بۆم، بەڵام دەزانم هێنانی ئەو ژەهرە لەژێر چەتری ئەودا بووە.  لاهور شێخ جەنگی چی دەڵێ ؟ لاهور شێخ جەنگی كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی لەژێر چەتری ئەودا ژەهرخوارد كراوە، بەتەواوەتی چیرۆكەكەی بافڵ تاڵەبانی رەتدەكاتەوە، تا ئەو رادەیەی بە "گاڵتەجاڕی"‌و "یارییەكی منداڵانە" ناوی دەبات.  لاهور شێخ جەنگی بەفەرمی‌و لەبەردەم رایگشتیدا داوای لێكۆڵینەوەی لەو تۆمەتانە دەكات، لە دادگاش لەسەر ناوزڕاندنی لەسەر ئەم بابەتە سكاڵای تۆماركردووە، سەرباری ئەمەش بەمەرجی ئەوە دەسەڵاتەكانی رادەستی هاوسەرۆكەكەی تر كردووە، تا لیژنە پێك بێت لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ یەكلاكردنەوەی تۆمەتی ژەهر خواردنەكە.  سەرباری ئەمە، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رەنج شێخ عەلی كە دوای ئازادكردنی گەڕاوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، لە بەریتانیا سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە‌و تۆمەتباری كردووە بەوەی لەژێر فشارو هەڕەشەدا دانپێدانانی لێوەرگیراوە.  كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، باس لەوە دەكەن، بەر لە دانیشتنەكەی "مێرگەپان" بافڵ تاڵەبانی ئامادەكاری كردووە بۆ گۆڕانكاری ئەمنی‌و (وەهاب هەڵەبجەیی) بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای دژە تیرۆری بەلای خۆیدا راكێشاوە‌و تەنیا دەزگای زانیاری ماوە كە كۆنترۆڵی بكات، لەرێگەی بانگەشەی ژەهرخواردكردنەكەشەوە ئەو دەزگایەی كۆنترۆڵ كردووە، بۆیە پرسی ژەهرخواردنەكە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو "كودەتا"یە كەبەسەر دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگیدا كراوە.  لەنێوان دادگا‌و حزب‌و خێزاندا سەرەتا بڕیاربوو هەردوو هاوسەرۆك كێشەكانیان لەبارەی پرسی ژەهرخواردكردنەوە ببەنە بەردەم دادگا حكومییەكان، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای حزبەكەیان (سەركردایەتی) نەیتوانی كۆببێتەوە‌و بڕیار لەسەر كێشەكە بدات، بەمدواییە قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت ئەوەی رویداوە كێشەیەكی خێزانییە‌و كوڕانی مام جەلال‌و شێخ جەنگی (ئامۆزاكان) لەچوارچێوەی خێزانەكەیاندا دەیانەوێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بەتایبەتیش كە هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدان‌و ئێستا كەمپەینی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت.    ژەهرەكەی بافڵ تاڵەبانی‌و ڤیكتۆر یوشینكۆ ! ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی ناوی هێناوە گوایە لە پرۆسەی ژەهرخواردكرنیدا بەكارهێنراوە، ماددەی (دایۆكسین- dioxin)ە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەكارهێنانی ئەم ماددەیە بۆ مەبەستی ژەهرخواردكردن لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە كەوتوەتە ناو بواری پزیشكییەوە‌و پێشتر بۆ ئەم مەبەستە بەكارنەهێنراوە.  ساڵی 2004 (ڤیكتۆر یوشینكۆ) خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئۆكرانیا كاندید كرد، ئەم پیاوە سەرۆكایەتی هەوڵێكی دەكرد دژی هەژموونی روسیا لە ئۆكرانیا، پێگەی جەماوەری زۆر بەهێز بوو، ئەوكات (ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ) سەرۆكایەتی ئۆكرانیای دەكرد كە لایەنگری روسیا بوو. ركابەرییە سیاسییەكە لەو سەردەمەدا زۆر بەهێز بوو، هەردوولا هەموو هێزی خۆیان بۆ خستنی یەكتر بەكارهێنا، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دۆخی تەندروستی (یوشینكۆ) تێكچوو، كاریگەریی نەخۆشییەكە لەسەر دەموچاوی دەركەوت، رەوانەی نەخۆشخانەیەك كرا لە (ڤیەننا)ی پایتەختی نەمسا، لەوێ پزیشكەكان رایانگەیاند یوشینكۆ بە مادەی "دایۆكسین" ژەهرخوارد كراوە. یوشینكۆ ئەوكات باسی لەوەكرد، بانگهێشتی ئێوارەخوانێك كراوە بەمەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی سیاسی نوێ لەماڵی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ئۆكرانیا، ئەو بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی تەنانەت پاسەوانەكانی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە بۆ ئێوارە خوانەكە، بەڵام دوای ئەو نانخواردنە دۆخی تەندروستی تێكچووە، پزیشكە نەمساوییەكان باسیان لەوە دەكرد ئاستی ماددەی (دایۆكسین) لە خوێنی یوشینكۆدا هەزار هێندە لە بڕی ئاسایی ئەو ماددەیە لە جەستەی مرۆڤدا زیاترە. دوای ئەم رووداوانە، سەرۆك یانۆكۆڤیچ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە، لایەنگرانی یوشینكۆ بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پرۆسەیەكی ساختەكاری گەورە رویداوە، خۆپیشاندانیان دەستپێكرد، ئەمە لە مێژووی ئۆكرانیادا ناوی لێنرا "شۆڕشی پرتەقاڵی"، شۆڕشەكە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی حكومەتیان ناچاركرد ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵوەشێنێتەوە، هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە، ئەمجارەیان یۆشینكۆ هەڵبژاردنەكەی بردەوە‌و بوو بە سەرۆكی ئۆكرانیا.  دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، رەخنە لە شۆڕشەكەی یوشینكۆ دەستی پێكرد، تۆمەتباریان كرد بەوەی ئامانجەكانی شۆڕشی بەدی نەهێناوە‌و لەناو گەندەڵیدا نقوم بووە، ساڵی 2010 كۆتایی بە ماوەی سەرۆكایەتی یوشینكۆ هات‌و سەرلەنوێ ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ دەسەڵاتی گرتەوە دەست.     


شیكاری: درەو پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە دابەشبوون بەسەر؛ (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار) دینار. پارێزگای هەڵەبجە  کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە ڕێژەی (5.7%)ی کۆی پرۆژەکان و بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار کە دەکاتە ڕێژەی (2.8%) کۆی خەرجییەکان.   یەکەم؛ پرۆژە خزمەتکوزارییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (434 ملیار و 369 ملیۆن) دیناری بۆ (279) پرۆژەی جیاواز لە بواری وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، لە بوارەکانی (رێگاوبان، سایلۆ، بەنداو، ئاوو ئاوەڕۆ، کارەبا، یەکەی نیشتەجێبوون ...هتد)، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێم کوردستان، لە پارێزگای هەولێر (108) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (39) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (116) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (16) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (1) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، گۆڕانکاری بە دروست دەبێت و لە کۆی (279) پرۆژە (147) پرۆژەیان بە ڕێژەی (53%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (132) پرۆژەیان بە ڕێژەی (47%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. بە هەمان شێوە کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (434 ملیار و 369 ملیۆن)دینارە، (228 ملیار 517 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (205 ملیار و 852 ملیۆن)  دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (1))   دووەم: پرۆژە جۆراو جۆرەکان هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (413 ملیار و 712 ملیۆن) دیناری بۆ (167) پرۆژەی وەزارەتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژەکان بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (58) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (25) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (73) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (11) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (2) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، تا ڕادەیەک جۆرێک لە هاوسەنگی بە دروست دەبێت و لە کۆی (167) پرۆژە (83) پرۆژەیان بە ڕێژەی (49.7%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (84) پرۆژەیان بە ڕێژەی (50.3%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە.  بەڵام کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، بەڵام (219 ملیار 979 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (193 ملیار و 733 ملیۆن)  دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) سێیەم: پەرەپێدانی پارێزگاکان بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە پەرەپێدانی پارێزگاکان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی (20 ملیار و 657 ملیۆن) دیناری بۆ (112) پرۆژەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژانە بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (50) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (14) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (43) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (5) پرۆژە هەبووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (3) پارێزگای هەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، ئەو ڕاستییە بەدیدەکرێت کە زۆرترین پرۆژەیان لە زۆنی زەرد و زۆرترین خەرجیشی لە زۆنی سەوز بوو، بە جۆرێک لە کۆی (112) پرۆژە (64) پرۆژەیان بە ڕێژەی (57.14%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (48) پرۆژەیان بە ڕێژەی (42.86%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە.  کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، (8 ملیار 538 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (41.33%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (12 ملیار و 119 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (58.67%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چوارەم: کۆی گشتی پرۆژەکان پاڵپشت بەو ئامارانەی سەرەوەو بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان بێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە. دابەشبوون بەسەر (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار و 336 ملیۆن) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار و 698 ملیۆن) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار و 606 ملیۆن) دینار. پارێزگای هەڵەبجە کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) و (چارتی ژمارە (4))  


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) دوێنی، ڕۆژی شەمە، ڕێکەوتی ٧ ی ئابی ٢٠٢١،  تیمی پارێزه‌رانی زیندانیکراونی بادینان لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرایانکرد کە ‌ ڕۆژنامەنوس و چالاکەوانە ده‌ستگیركراوه‌كانی بادینان ھەم ”ئه‌زیه‌تی زۆر“ ده‌درێن و ھەم  ”فشاریێکی زۆریان خراوەتەسەر“. ھاوکات مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان بەرامبەر دەکرێت و مافە ھەرە سەرەتاییەکانیان پێشێلدەکرێت. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ” بارودۆخی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی کارمەندانی ئیدارەی زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر لەگەڵ سزادراوانی بادینان لەو پەڕی خراپیدایە و دورە لە هەمو بەها ئینسانییەکان و هیچ رەچاوی مافەکانی زیندانیانیان لەگەڵ ناکرێت“. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت ”هیچ بیانوویەک نییە بۆ هێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش“ لە ھەولێر و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا دەکرێت، بە پێی یاساکانی ھەرێم خۆشی تەواو نایاسایی و نائینسانییە. تیمی پارێزەرەکان داوای بەپیرەوەچونیی بەیاننامەکەیان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بەیاننامەکەیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، فراكسیونه‌ جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.  یاداوەریی دانیشتوانی ئەم ھەرێمە لەگەڵ ئەم سیستمە سوڵتانییە حوکمڕانەدا یاداوەرییەکی بریندارە. پڕیەتی لە تاوان و بێڕێزیی فرەجۆر، لە پێشێلکردنی ڕۆژانەی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لە شکاندنێکی سیستماتیک و بەردەوامی کەرامەتی ئینسانی ئەم دەڤەرە. دەیان و سەدان نموونە ھەن نیشانی ئەدەن ئەم کۆمەڵگایە لەبەردەم جۆرێک لە حوکمڕانییدایە کە سەرجەمی کۆمەڵگاکە وەک موڵکی شەخسیی خۆی دەبینێت و ھەموو دانیشتوانەکەشی بە بارمتە گرتوە، ھەرچیەکیشی لە توانادابێت بۆ بەردەوامیدان بەم موڵکایەتییە تایبەتە و بەم توانای بە بارمتەگرتنە، ئەنجامیئەدات. ئەوەی بەرامبەر بە دەستگیراوەکانی بادینان دەکرێت ھەڵقەیەکی تازەی ئەم سیاسەتی بەردەوامیدانەیە. ئەوەی دەیبینین نمایشی دەسەڵاتە بۆ تواناکانی زەلیلکردن و ئیھانەکردنی کۆمەڵێک لە ھاوڵاتییەکانی. ھاوڵاتیانێک، ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزایانی بواری یاسایی، لەناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا، باس لە بێتاوانیی ئەوان و نەبوونی بەڵگە بۆ سزادانیان دەکەن. خودی گرتنەکەیشیان وەک کردەیەکی بە مەبەست و وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوەی شەخسیی دەناسێنن. ئەم نمایشە نوێیە بۆ نیشاندانی تواناکانی ئیھانەکردن، نمایشێکە ھەم  بە بەرچاوی سەرجەمی ھێزە سیاسییەکانی ناو کوردستان و ھەم  بە بەرچاوی دونیای دەرەوەی کوردەوە ئەنجامئەدرێت. چەندین ڕێکخراوی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ و چەندین گروپی بەرگریکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی جیھانی، چەندان ھێزی سیاسیی گەورەی دونیا، لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم نمایشکارییە ترسناک و وێرانکەرن. بەڵام ئەوەی دەیبینین بێباکیی تەواوی سیستمە سوڵتانیەکەیە بەرامبەر بە سەرجەمی ئەم ناڕەزایاتییانە و مامەڵەکردنیانە وەک نەبوویەک. ھەمووشی لەژێر ناوی دروشمێکی کۆمیدیی و ساختەدا کە ناوی ”سەربەخۆیی دادگا“ و ”بێلایەنی دەزگاکانی حوکمڕانیی“ لێنراوە.  لە پشتی ئەم بێباکییە نابەرپرسیار و ئەم فۆرمە لە کەلەڕەقیی سیاسیی و نەفسیی خۆکوژانەوە، عەقڵیەتێک ئامادەیە باکی بە وێرانبوونی وڵاتەکە و وێرانبوونی ژیانی سەرجەمی دانیشتیوانەکەی، نییە.  ئەوەشی لە ھەرێمدا حوکمڕانە تەنھا فۆرمێکی ترسناک لە کۆنترۆکردنی دەزگایی و سەربازیی و ئەمنیی و حیزبیی وڵاتەکە نییە، بەڵکو جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیای نارسیستیی تەواو نەخۆشیشە، کە جگە لە خواستە سەرەتایی و مەیلە سادیستییەکانی خۆی، شتێکی تری پێنییە، ئاراستەی فۆرمی حوکمڕانییەکە بکات. درێژەدان بەم ئیھانەکردنە ئاشکرا و بەردەوامەی ئەمڕۆکە و پێشێلکردنی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، تێکەڵ بە کەڕبوونێکی سەرتاسەریی بەرامبەر بە سەرجەمی ناڕەزایاتییە ناوەکیی و دەرەکییەکان، ئەو مەترسیی و ستراتیژە ترسناکەیە یەخەی ئەم ھەرێمە و مرۆڤەکانی ناوی گرتوە. چۆنیەتی مامەڵەکردنی کەیسی دەستگیراوەکانی بادینان نموونەیەکی بەرجەستەی چۆنیەتی مامەڵەکردنێکی تەواو نابەرپرسیارانەیە، کە مەترسییەکانی بەزۆر مانا لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر نییە. مێژووی سەدەی بیستەم نیشانیداین کە زۆرجار ڤایرۆسی سیاسیی زۆر لە ڤایرۆسی بایۆلۆژیی ترسناکتر و کوشندەترە. 


درەو: د. كارزان محەمەد - گۆڤاری ئایندەناسی   بەرایی گەشەسەندنی تەكنەلۆجیای پەیوەندی و هاتنەئارای میدیای ئەلیكترۆنی، گۆڕانكارییەكی گرنگی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا دروست كرد كە هەنگاونانە بەرەو فراوانكردنی سنووری بڵاوبوونەوە و پانتایی ناوەرۆك و ئاسانكاریی پڕۆسەی ناردنی پەیام و وەرگرتنەوەی فیدباكی جەماوەر. ئەم خەسڵەتە نوێیانەی میدیای ئەلیكترۆنی و بەكارهێنانی لە بواری ڕۆژنامەگەری وەك مۆدێلێكی نوێ، وێڕای سەرجەم لایەنە پۆزەتیڤەكانی، كۆمەڵێك گرفت و ئاریشەی بۆ پیشەی ڕۆژنامەگەری دروست كردووە. بایەخی شەنوكەوی ئەم گۆڕانكارییە لە ڕۆژنامەگەریدا، پەیوەندیدارە بە وەڵامدانەوەی كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم مۆدیلە نوێیەدا بكەین؟ چۆنیەتیی برەودان بە لایەنە پۆزەتیڤەكان، پێویستی بە كام ڕێكاری زانستی هەیە؟  چارەسەری لێكەوتە خراپەكانیشی لەسەر پیشەكە و جەماوەریش چین؟ هەڵشكان و زیادبوونی ڕێژەی میدیای ئەلیكترۆنیی كوردستانی و كەمبوونەوەی بەرچاوی ڕۆژنامە و گۆڤارە چاپكراوەكان لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی یەك دەیەی ڕابردوودا، لە دەرەنجامە گرنگەكانی گۆڕانی تەكنەلۆجیای بڵاوكردنەوەن، لەم ڕوانگەیەوە بۆ پاراستنی سیما و خەسڵەتە باشەكانی میدیای چاپكراو و خستنەڕووی چەند ڕێكارێك بۆ مامەڵە لەگەڵ ئێستا و ئایندەی میدیای ئەلیكترۆنیی كوردی، ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمی و بەپێی سەرنجدانی زانستیانە لە هەلومەرجی واقیعی ڕۆژنامەگەری شەنوكەوی بابەتەكە بكات و ڕێوشوێنی زانستی بۆ ئایندەی میدیا لە هەرێمی كوردستان بخاتە ڕوو. تەوەرەی یەكەم: میدیای ئەلیكترۆنی، چەمك و خەسڵەتەكانی ڕیشەی میدیای ئەلیكترۆنی وەك چەمكێكی تەكنەلۆژی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای داهێنانی تۆڕی جیهانیی ئینتەرنێت، لە هەنگاوێكی نوێی زانستیی هەردوو زانكۆی ستانفۆرد و زانكۆی كالیفۆڕنیا لە ساڵی (1969)دا، لە پێناو ئەنجامدانی توێژینەوەی سەربازیی بەئەلیكترۆنی پێكەوە بەسترانەوە[1]. بایەخی ئەم داهێنانە بۆ ئەوە دەگەڕایەوە تا ئەو ساتەوەختە كۆمپیوتەرە تاكەكەسییەكان (personal computers-PC) هێشتا دانەهێنرابوون، پاشان كۆمپیوتەر لەدوای دەیەی (1970) لە زانكۆ و  ناوەندە ئەكادیمی و فێركارییەكانی ئەمەریكا بۆ پڕۆسەی پەیوەندی خرانە كار. لە هەوڵێكی تریشدا، ئاژانسی پڕۆژەی توێژینەوە پێشكەوتووەكان (Advanced Research Project Agency) كە بە “ARPA” ناسراوە، لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكادا ئەنجامدانی ئەم كارەی لە ئەستۆدا بوو، هەر بۆیە یەكەمین تۆڕی زانیاریی بە ناوی “ئەرپانێت” (Arpanet) ناوزەد كرا. “ئەرپانێت” لە پێناو ئەم مەبەستەدا داهێنرا كە بتوانێ‌ ئەو كۆمپیوتەرانەی لەلایەن سوپا، بەڵێندەران و زانكۆكانەوە بە یەكترەوە ببەستێتەوە، تا توێژینەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری بەئەنجام بگەیەنێت[2]. بەم شێوەیە لە ساڵی 1990دا ئینتەرنێت چالاكییەكانی خۆی بە شێوەی تۆڕێكی جیهانی (World Wide Web) دەست پێ كرد كە نموونەیەكە لە شاڕێ‌ زانیارییەكان بۆ چوونە نێو “كۆمەڵگەی زانیاری” (Information Society). بواری میدیا وەك دەسەڵاتی چوارەم و چەكێكی كاریگەری وڵاتە زلهێزەكان بۆ ئاراستەكردنی پەیامەكانیان لە پێناو كۆنترۆڵی ڕای گشتی و ململانێ لەگەڵ ڕكابەرەكانیاندا، سیمایەكی نوێی بە ڕۆژنامەگەری بەخشی كە ئەویش هاتنەئارای ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنییە. لە سەرەتادا بە بەكارهێنانی ئینتەرنێت بۆ ڕۆژنامەگەری دەستی پێ كرد، واتە ناردنی ڕۆژنامە و گۆڤاری چاپكراو لە ڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە. پاش ئاوێتەبوونی ئینتەرنێت و ڕۆژنامەگەرییش، مۆدێلێكی نوێ هاتە گۆڕەپانەكەوە كە میدیای ئەلیكترۆنییە. مەبەست لەم چەمكەش، بریتییە لە پەخش و بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت كە لە شێوەی ڕۆژنامەی چاپكراودا لەسەر شاشەكان دەردەكەوێت، بەڵام دەق و وێنە و هێڵكاری و دەنگ و گرتەی ڤیدیۆیی لەخۆ گرتووە[3]. لە هەنگاوی یەكەمدا، بە بڕوای پڕۆفیسۆر د. نەعیم بەدیعی، لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا سێ جۆر شێوازی ڕۆژنامەگەری بە هۆی ئینتەرنێتەوە بڵاو دەكرانەوە كە بریتی بوون لە: ڕۆژنامەی چاپكراو بە شێوەی وێنەیی (Portable Document Format – PDF): لەم شێوازەدا دەقی ڕۆژنامەی چاپكراو، بە شێوەی سكان (scan) یاخود “PDF” لەسەر سایتی ئینتەرنێت دادەنرێت و دەرفەتی گەڕان (search) بۆ بابەتەكانی تێدا نییە. ڕۆژنامە ئەلیكترۆنییەكان كە شیاوی بەدواداگەڕانن: ئەم ڕۆژنامانە لە سایتەكانی ئینتەرنێتدا جیاوازییان لەگەڵ ڕۆژنامەی چاپكراودا هەیە، بەبەردەوامی بابەتەكانی نوێ‌ دەكرێنەوە. ئاوێتەی هەردوو شێوازی ناوبراو: هەندێ‌ لە ڕۆژنامەكان نیوەلاپەڕەی یەكەمی ڕۆژنامە چاپكراوەكەی خۆیان بە شێوەی وێنەیی و پاشماوەی لاپەڕەكانی تری بە نووسراو یا بە شێوەیەك كە شیاوی بەدواداگەڕان بێت، دەخەنە ڕوو[4]. گەشەسەندنی تەكنەلۆجیای پەیوەندی و سوودوەرگرتنی بۆ كاری ڕۆژنامەگەری، ڕۆژبەڕۆژ بووەتە مایەی هەڵكشانی ڕێژەی ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی، ئەم گەشەیە پەیوەستە بە تایبەتمەندی و خەسڵەتەكانی ئەم مۆدێلە نوێیەوە كە هەم بۆ دامەزراوەكانی میدیا و بۆ جەماوەریش كارئاسانی و دەرفەتی زۆری بۆ ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوانیاندا ڕەخساندووە. لەم ڕوانگەیەوە دیارترین خەسڵەت و تایبەتمەندییەكانی ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی بریتین لە: – خێرایی لە گەیاندنی هەواڵی بەپەلە و بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی بۆ پشتڕاستیی هەواڵ. – خێرایی و ئاسانی لە ئاڵوگۆڕی داتا و زانیاری لە ئینتەرنێتدا، ئەمەش جیاوازییەكی گەورەی لەگەڵ ڕۆژنامەگەریی كاغەزدا هەیە كە ئەگەر ڕۆژانەش بێ؛ تا ڕۆژی ئایندە دەبێ چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی بین. – ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی دەرفەت بۆ بەشداریی ڕاستەوخۆی خوێنەر دەڕەخسێنێ لە پڕۆسەی نووسیندا (بەتایبەتی لە كۆمێنت نووسیندا). – سیمایەكی گڵۆباڵیی هەیە، وابەستە نییە بە سنووری جیۆگرافی. – بازاڕ و بزنس دەتوانن بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بازاڕگەری لە ئینتەرنێتدا بكەن. – بەئاسانی ئەرشیف دەكرێت و دەتوانرێ بەئاسانییش زانیارییەكان بخرێنەوە بەردەست. – ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی بە بەراورد لەگەڵ چاپكراو، بڕی تێچووی كەمترە. – ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی پێویستی بە ناوەند و بارەگا نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان، لە سەرتاسەری جیهانەوە دەتوانن لە پەیوەندیدا بن[5]. بەپێی بۆچوونێكی تر، تایبەتمەندییەكانی بریتین لە: – خێرایی لە خوێندنەوەدا. – ئاسانكاری لە لابردن و زیادكردن و چاكسازی و گۆڕانكاری لە ناوەرۆك لە هەموو ساتێكدا. – دەرفەتی گواستنەوەی بەشێكی بژاردە لە دەقێكی ئەلیكترۆنی، بەبێ ئەوەی پێویست بە تاپیكردنەوەی بكات. – ئاسانكاری لە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە و ژێدەرەكان[6]. پێشكەوتوویی و زۆریی تایبەتمەندییەكانی میدیای ئەلیكترۆنی بە بەراورد لەگەڵ مۆدێلەكانی پێشووی ڕۆژنامەگەری، بەتایبەتی كە جیهان بووە گوندێك (Global village) و سنوورە سروشتی و دەستكردە مرۆییەكان تێك شكێنرا، لە هەر كوێیەك هێڵی ئینتەرنێت هەبێ، ئەوا جیهانیش هێندەی ماوسی كۆمپیوتەر بچووك دەبێتەوە و دەتوانرێ بەئاسانی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ دروست بكرێت. شەپۆلێكی نوێی گۆڕانكاری لە بواری پڕۆسەی پەیوەندی و ئامرازەكانی ڕاگەیاندن بەتایبەت “ڕۆژنامە و بڵاوكراوە چاپكراوەكان”دا هاتە ئارا، گۆڕانكارییەكەش تەنها ئاسانكاری لە پڕۆسەی گەیاندن نەبوو، بەڵكوو ئەو ئاڵوگۆڕەیە كە لەسەر بنەمای مەرگی مۆدێلی باوی ڕاگەیاندنی چاپكراو ڕۆژبەڕۆژ لە هەڵكشاندایە. بە مانایەكی تر: میدیای ئەلیكترۆنی بە كۆمەڵێك سیفاتی نایابەوە هاتە مەیدان، گرنگترین ئەو سیفاتانەش بریتین لە: چارەسەری گرفتی تیراژ و شوێن و پانتایی (بە بەراورد لەگەڵ مۆدێلی چاپكراو)، تێكشكاندنی سانسۆر، بەزاندنی سنوورەكان، هەرزانی لە نرخدا، ئاسانی لە پەیوەندیدا كە سەرجەم ئەو بابەتانەی ئاماژەیان پێ داوە، پێشتر بە گەورەترین كەموكوڕیی میدیایی چاپكراو دادەنران، بەڵام میدیای ئەلیكترۆنی بەخێرایی لە ڕێگەی ئەم تایبەتمەندییانەی خۆیەوە كەموكوڕییەكانی ڕۆژنامەگەریی كاغەزی چارەسەر كرد. لە هەمان كاتدا گەشەی میدیای ئەلیكترۆنی لەسەر بنەمای مەرگی كاغەز، كۆمەڵێك گرفتی مەترسیداری بۆ بوارەكە لەگەڵ خۆیدا هێناوە كە لە تەوەرەی دووەمدا ئاماژەیان پێ دەدەین. تەوەرەی دووەم: ئاستەنگەكانی بەردەم میدیای ئەلیكترۆنی و ململانێی ڕۆژنامەگەریی كاغەز ئەمڕۆ میدیای ئەلیكترۆنی توانیویەتی سەرجەم لایەنەكانی (بینراو، بیستراو، خوێنراو) لەخۆ بگرێت و پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ بە خێراترین شێواز بڕەخسێنێ. وێڕای ئەم تایبەتمەندییانە، ئەگەر بە بەراورد لەگەڵ مۆدێلەكانی پێشوودا بە هۆی تەكنەلۆجیاوە پێشكەوتووتر بێ، ئەوا كۆمەڵێك ئاستەنگی لە بەردەمدایە كە بۆ خودی مۆدێلەكە و جەماوەریش جۆرەها گرفتی خوڵقاندووە، لە ڕەهەندێكی تریشەوە گەشەی ئەم میدیا مۆدێرنە لەسەر بنەمای ململانێ و مەرگی كاغەز؛ چەندین لێكەوتەی خراپی هەیە، لێرەدا بە شێوەیەكی پۆلێنكراو بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەسەر ئاماژەیان پێ دەدەین: ڕەهەندە تەكنەلۆژییەكان: چەندین وڵات لەسەر ئاستی جیهان هێشتا بە هۆی دواكەوتوویی تەكنەلۆجیا یاخود سانسۆرەوە، هاوڵاتیان ناتوانن بەتەواوەتی دەستیان بە تەكنەلۆجیای ئینتەرنێت ڕابگات. بە مانایەكی تر: كۆمەڵێك گرفتی تەكنەلۆجی لەبەردەم میدیای ئەلیكترۆنیدان، وەك: سەختیی خوێندنەوە بە شێوەی ئۆنلاین، وابەستەبوون بە تەكنەلۆجیای مۆدێرن، بودجەی پسپۆڕی لە بوارەكە و ئامرازە نوێیەكان، كوالێتی و بودجەی پەیوەندیی ئینتەرنێتی…؛ كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر میدیای ئەلیكترۆنی هەیە و ڕەنگە بڵاوبوونەوەی بۆ ماوەیەكیش ڕابوەستێ[7].   ڕەهەندە یاسایی و ئێتیكییەكان: لایەنێكی گەشی میدیای ئەلیكترۆنی، تێكشكاندنی ئەو سانسۆر و سنوورانەیە كە چەندین دەوڵەتی دیكتاتۆر و تاكڕەو بەسەر میدیای كلاسیكدا سەپاندوویانە، بەتایبەتی لە بەخشینی مۆڵەتدا، ئێستاش پەنا بۆ پڕۆسەی فلتەرینگی ئینتەرنێت دەبەن بۆ سانسۆری پەیام و ئاڵوگۆڕی زانیاری. لە هەمان كاتدا میدیای ئەلیكترۆنی بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژنامەگەریی كاغەز، كەمتر پابەندی پرەنسیپە یاسایی و ئیتیكییەكانە، فاكتەرەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ لۆكاڵیبوونی یاساكان و بەجیهانیبوونی ئینتەرنێت، واتا زۆر جار خاوەن سایت و پەیجە ئەلیكترۆنییەكان خاوەنەكانیان بزرە و دەمامكدارن یاخود لە دەرەوەی وڵاتن. هەروەها خۆقوتاركردنی میدیای ئەلیكترۆنی لە مەرج و پێوەرە یاساییەكان، بەتایبەتی مەسەلەی وەرگرتنی مۆڵەت، گرفتێكی تری ئەو بوارەیە. لە ڕۆژنامەگەریی كاغەزدا، هەر وڵاتێك كۆمەڵێك ڕێوشوێن و مەرجی زانستی و ئەكادیمیی بۆ بەخشینی مۆڵەت هەیە. بە مانایەكی تر: دەوڵەتان لە ڕێگەی دامەزراندنی لیژنەی چاودێری، سانسۆری كارگێڕی دەخاتە سەر ڕۆژنامە و گۆڤارەكان، لەلایەن وەزارەتەكانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانەوە ڕادەسپێردرێن كە بەپێی فەرمانێكی ئیداری كار بە بنچینە و پرەنسیپەكانی یاساكانی چاپەمەنی دەكەن[8]. لە ڕۆژنامەگەریی كاغەزدا، لایەنی باشی ئەم ڕێوشوێنە لە سیستمی دیموكراسیدا لێپرسینەوە و بەدواداچوونە لە تاوانی بڵاوكردنەوە، بەڵام لە وڵاتە دیكتاتۆرەكان چەكێكە بۆ سەركوتی ئازادیی ڕادەربڕین. بە بڕوای پسپۆڕێكی یاساكانی میدیا، لە وڵاتە سەركوتكەرەكاندا بە هۆی ڕۆڵی ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە دروستكردن و كاریگەرییەكانی لەسەر ڕای گشتی، حوكمڕانە دیكتاتۆرەكان هەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەخەنە ژێر ڕكێفی خۆیان، دەركردنی ڕۆژنامەش دەبەستنەوە بە مۆڵەتوەرگرتن و سانسۆری بەر لە بڵاوكردنەوەوە[9]. لە هەمان كاتدا لە ڕۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی، لایەنی باشی بریتییە لە خۆدەربازكردن لە سانسۆر، بەڵام خۆحەشاردانیشی لە سزا لە كاتی تاواندا، گرفت بۆ سەروەریی یاسا دەخوڵقێنێ. هەندێ مەسەلەی تر هەن كە تەنها بە یاسا مامەڵەیان لەتەكدا ناكرێ، بەڵكوو دەكەونە بازنەی ئیتیكی پیشەییەوە، بۆ نموونە متمانە و ڕاستگۆیی و ڕەسەنایەتی لە میدیای ئەلكیترۆنی لەبەردەم قەیراندایە، بەتایبەتی فشار لە پێناو گەیاندنی خێرای هەواڵەكان، دەشێ ببێتە مایەی ئەوەی دامەزراوەیەكی مەزنی هەواڵ، بەبێ لێوردبوونەوە هەواڵ بڵاو بكاتەوە[10]. ڕەهەندە كۆمەڵایەتی و نەتەوەییەكان:  گۆڕانكاری لە دیاردە و كولتوورە ناباوەكانی كۆمەڵگا، هەمیشە ئەركی سەرەكیی میدیایە لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی بۆچوونی دەستەبژێر و پسپۆڕ و خاوەن ئەزموونەكان، ئەم مامەڵەكردنەش زۆر هەستیارە و دەبێ بە ڕێوشوێن و میتۆدی زانستییانە ئەنجام بدرێت. ڕۆژنامەگەریی كوردی بەپێی پۆلێنی قۆناغ و سەردەمەكانی، ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە پێشخستنی كۆمەڵگای كوردی، بۆ نموونە چەندین دیاردەی ناباوی كۆمەڵایەتی كە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەبوون و لە ڕۆژنامەگەریدا ڕەخنە و بابەتی لەسەر بڵاو كراوەتەوە، ئێستا بەرەو نەمان و لاوازی چوون. هاتنەئارای میدیای ئەلیكترۆنی گرفتێكی گەورەی بۆ ڕێزگرتن لە ئادابی گشتی و نەتەوەیی هێناوەتە ئارا، ئێستا سەدان ئەكاونت و پەیج لە تۆڕی كۆمەڵایەتی و یوتوبدا هەن كە زۆر جار خاوەنەكانیان دیار نین، بابەت و وێنە و ڤیدیۆ و پەیامی ئەوتۆ بڵاو دەكەنەوە كە بوونەتە مایەی دووبەرەكی و لاوازكردنی ڕەوشتە جوانەكان و زیانگەیاندن بە ئادابی گشتی، لاوازیی سیستمی یاسایی و كەمیی كوالێتیی تەكنەلۆجیا بۆ دۆزینەوەی بكەران و تاوانباران بووەتە هۆی تەشەنەسەندنیان. لە ماوەی جەنگی دژ بە تیرۆریشدا، زۆر جار بابەت و ڤیدیۆ و وێنە لە میدیای ئەلیكترۆنیدا بڵاو كراونەتەوە كە زیانیان بە ئاسایشی نەتەوەیی گەیاندووە، یاخود دنەدان و هاندانی بۆ تیرۆر و توندوتیژیی تێدا بووە. لە ڕوانگەی ئەم ڕەهەندە گرنگانەی ئاماژەمان پێ دان، بۆ چارەسەری گیروگرفتەكانی میدیای ئەلیكترۆنی بە ئاقاری برەودان بە لایەنە پۆزەتیڤەكان و كەمكردنەوەی لێكەوتە نێگەتیڤەكانی، هەروەها لە پێناو پاراستنی ڕۆژنامەگەریی كاغەزیش لە مەرگ، لە تەوەرەی سێیەمدا چەند ڕێوشوێن و سیناریۆیەك بۆ ئایندە دەخەینە ڕوو.   تەوەرەی سێیەم: ڕێکار ئایندەییەکان و سیناریۆکان بەگشتی لەم تەوەرەدا دوو ڕێكاری تایبەت بە هەر كام لە بوارەكانی میدیای ئەلیكترۆنی و ڕۆژنامەگەریی كاغەز دەخەینە ڕوو، كە هەردووكیان تەواوكەری میدیایەكی گشتگیر و پێویستن بۆ هەر كۆمەڵگایەك. سەبارەت بە گەشەپێدانی میدیای ئەلیكترۆنی و خۆپارێزی لە لێكەوتە نێگەتیڤەكانی، بە لەبەرچاوگرتنی شرۆڤەی دوو دەیەی میدیای ئەلیكترۆنی لە كوردستان و ئەو گرفتانەی لەسەر كۆمەڵگای كوردی خوڵقاندوویەتی، بۆ گەشەپێدانی زیاتر بە مۆدیلی میدیا مۆدێرنەكە و چارەسەر یاخود كەمكردنەوەی  لێكەوتە نێگەتیڤەكانی، چەند سیناریۆیەك بۆ ئێستا و ئایندەی میدیا پێشنیاز دەكەم: یەكەم: هەژموونی میدیای ئەلیكترۆنی بەرەو بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی ئێستا میدیای ئەلیكترۆنی هەژموونی بەسەر كۆی پڕۆسەی گەیاندن و ئاڵوگۆڕی زانیاریدا هەیە و تا ئەندازەیەك كۆنترۆڵیشی كردووە، ئەمەش وێڕای ئەو خەسڵەتە گرنگانەی ئاماژەمان پێ دا، چەندین لێكەوتەی نێگەتیڤیشی هەیە بۆ سەر كۆمەڵگا و بەها و مافە مرۆییەكان و دامودەزگا یاساییەكان، بۆ ئەو مەبەستەش لە سیناریۆی یەكەمدا ئەم پێشنیازانە دەخەینە ڕوو: لەسەر ئاستی جەماوەر بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جەماوەر لە متمانەكردن بەو پەیام و بابەتانەی لە میدیای ئەلیكترۆنیدا بڵاو دەكرێنەوە. ئەگەر لە فەلسەفەدا گومان یەكەمین قۆناغی بیركردنەوە بێ بۆ گەیشتن بە ڕاستی، لە میدیاشدا ئاستی متمانە بە سەرچاوە و شێوازی گەیاندنی زانیاری و وێنە، ئەركی سەرشانی وەرگرە تا دووچاری هەڵە نەبێت و تیۆری بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی (Media Responsibility) ببێتە ستراتیژی میدیای ئەلیكترۆنی. لەسەر ئاستی دامودەزگا یاساییەكان هەڵمەتی هۆشیاریی یاسایی سەرشانی میدیاكاران و هەڵگرانی پەیام لە میدیای ئەلیكترۆنیدا بۆ خۆپارێزی لە تاوانەكانی بڵاوكردنەوە، لە هەمان كاتدا ئەركی یاسایی داواكاری گشتییشە لە كاتی خراپ بەكارهێنانی میدیای ئەلیكترۆنیدا لێپێچینەوە بگرنە بەر تا نەبێتە مینبەرێك بۆ تەشەنەسەندنی تاوانی بڵاوكردنەوە. – ئەركی كۆمپانیاكانی پەیوەندی كۆمەڵێك دامەزراوەی پەیوەندی لە هەرێمی كوردستاندا هەن كە هێڵی ئینتەرنێت دابین دەكەن، پێویستە ستافێكی یاسایی بە هاریكاریی ئەو كۆمپانیایانە سەرجەم ئەو سایتانە فلتەر بكەن كە بابەتی ورووژاندنی سێكسی و دنەدان بۆ تاوانیان لەخۆ گرتووە. بەكورتی: یەكێك لە گرنگترین فلتەرەكان كە ڕۆڵی چاودێریی میدیایی دەبینێ، بریتییە لە دەرگاوانەكان (Gatekeepers)، بۆ یەكەمین جار لەلایەن كورت لوین (Kurt Lewin)ەوە بەكار هێنرا. بە تێڕوانینی ناوبراو، كۆمەڵێك فلتەر هەن كە هەواڵەكانی پیادا تێدەپەڕن و ئەم فلتەرانەش دەروازەیەكی چوونەژوورەوەن و تەنها بۆ هەندێك لە هەواڵەكان دەكرێنەوە و هەندێكیشیان دوور دەخاتەوە و بە نەشیاو ناوزەدیان دەكات[11]. لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هەرسێ لایەنی ئاماژەپێدراو ببنە دەرگاوان بۆ چارەسەری گیروگرفتەكانی میدیای ئەلیكترۆنی. دووەم: پارێزگاری لە مانەوەی ڕۆژنامەگەریی كاغەز و برەوپێدانی ڕۆژنامەگەریی كاغەز سەرەڕای دواكەوتنی لە ململانێی میدیای مۆدێرن لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و پێشكەشكردنی دەنگ و ڕەنگدا، كۆمەڵێك خەسڵەت هاندەرن بۆ پارێزگاری لە مانەوەی ئەم مۆدێلە، چەند ڕێوشوێنێ بۆ ئێستا و ئایندە دەخەینە ڕوو: – لەسەر ئاستی ئەكادیمی برەودان بە هونەرەكانی نووسین، بەتایبەتی بایەخدان بە ڕاپۆرتی بنكۆڵكاری (Investigation Report) و بەدواداچوون، واتە گەڕان بەدوای زانیاری و وەڵام بۆ ئەو پرسیارانەی كە لای جەماوەر گرنگن. -لەسەر ئاستی جەماوەری ڕۆژنامەگەریی كاغەز پتر پێویستی بە تێكەڵاوبوونە لەگەڵ جەماوەر، لە ڕێگەی ورووژاندن و بایەخدان بەو بابەتانەی كە جێگەی بایەخی وەرگرن، بە مانایەكی تر: شكاندنی ئەو سانسۆر و هێڵە سوورانەی كە دامودەزگا حكومی و حیزبییەكان سەپاندوویانە. هەنگاونانیش بەرەو میدیای جەماوەری و لیبراڵ، ڕێكارێكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێنەر و برەودان بە فرۆش. -لەسەر ئاستی ئابووری گرفتێكی گەورەی ڕۆژنامەگەریی كاغەز، بریتییە لە كەمیی بودجە و داهات و زۆریی مەسرەف، بۆ چارەسەریش پێویستە بایەخی زیاتر بە ڕیكلام و شێوازی فرۆشتن بدرێت. لە هەمان كاتدا حكومەت لە ڕێگەی بەخشینی ڕیكلام و ئاگاداری و ئاگانامە و كەمكردنەوەی گومرگی كاغەزەوە، هاریكاریی ڕۆژنامەگەریی كاغەز بكات. سێیەم: برەودان بە میدیای ئاوێتە (ئەلیكترۆنی و كاغەز) میدیای ئەلیكترۆنی زۆر جار بە هۆی داخران و وەستانی كاری میدیایی یاخود پەلامارە ئەلیكترۆنی و ڤایرۆسییەكانەوە، سەرجەم ئەو هەواڵ و بەدواداچوون و وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوی كردوونەتەوە؛ ڕووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە، بە مانایەكی تر: ئەرشیف لەدەست دەدات. هەندێك جاریش دەستكاریی دەق و گرفتەكانی كۆپیڕایتیش لە میدیای ئەلیكترۆنی، كێشەی یاسایی و ئێتیكی پیشەی خوڵقاندووە. لەم ڕوانگەیەوە بە مەبەستی چارەسەر، دەشێ پشت بە میدیای ئاوێتە ببەسترێت، واتە میدیا ئەلیكترۆنییەكان بۆ خزمەت بە ئەرشیفی داتا و زانیاری و هەواڵ و بابەتەكانیان، هەم بۆ ڕاستگۆیی لە پەیام و ڕەچاویی پرەنسیپەكانی یاسا و ئێتیكی پیشە، بە تیراژێكی كەمیش بێ لەبەر گرفتی بودجە، بە هەفتانە یاخود مانگانە و بە شێوەی كاغەز چاپ بكرێن. هەروەها سەرجەم بەدواداچوونە ڤیدیۆییەكانیش  بە شێوەی خولەكی (هەفتانە یاخود مانگانە) لەسەر سیدی پێشكەش بە ناوەندە زانستی و ئەرشیفییەكان بكرێت.   ئەنجام بونیادنانەوەی میدیای كوردی و ڕێكخستنەوەی شێوازی مامەڵە و ئاراستەكردنی پەیامەكانی، لەسەر هەردوو ئاستی میدیای ئەلیكترۆنی و ڕۆژنامەگەریی كاغەز، پێویستی بە هەماهەنگی و هاریكاریی دامودەزگا حكومی و یاساییەكان و خودی دامەزراوەكانی میدیا و ڕۆژنامەنووسانیشە،  لەم ڕوانگەیەوە پێشنیازی كۆنفرانسێك دەكەم بە ئامادەبوونی دەستەبژێرانی میدیا و داواكاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت، بۆ سەرلەنوێ برەودان بە ڕۆژنامەگەریی كاغەز و ڕێكخستنەوەی میدیای ئەلیكترۆنی بەپێی ڕێكارەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان. ——————————————————————————— سەرچاوەكان: [1] Ronald De Wolk, Introduction to Online Journalism: Publishing News and Information, Boston: Allyn and Bacon, 2001, p, 6. [2] Barry M. Leiner, et al., “A Brief History of the Internet,” Internet Society, retrieved from World Wide Web, June 6, 2003. ياخود: دکتر کاظم معتمدنژاد، «يونسکو و مسائل حقوقي بين‌المللي ارتباطات الکتروني»، گزارش شرکت و ارائه مقاله در دومين کنگره بين‌المللي يونسکو درباره «اخلاق اطلاعات: چالشهاي اخلاقي، حقوقي و اجتماعي فضاي سيبرنتيک»، مونت‌کارلو: يکم تا سوم اکتبر 1998 (9 تا 11 مهرماه 1377)، تهران: انتشارات يونسکو، خرداد 1378. [3] الدكتور رضا عبدالواجد أمين: الصحافة الاكترونية،  دار الفجر للنشرو التوزیع، الطبعە الاولی، 2007م، ص93. [4] نەعیم بەدیعی: ڕۆژنامەوانیی ئەلیكترۆنی، وەرگێڕانی: كارزان محەمەد، زنجیرەی كتێبی گیرفان، ژ(100)، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2009، لا19. [5]  د. علاء الدین ناطوریة: مدخل الي الصحافة الاكترونیة، دار زهران للنشر و التوزیع، الطبعة الاولی، 2015م، صص(33-34). [6]  الدكتور محمود علم الدين: الصحافە الاكترونیة، الحرية للطبع و النشرو التوزیع، الطبعة الاولی، 2018م، ص51. [7] حمید رضا اكرمی: ردپای روزنامەنگاری الكترونیك در مطبوعات ایران، مجله رسانە، سال سیزدهم، شمارە 49، 1381، ص(101-102). [8] ابراهیم داقوقی: قانون الاعلام، وزارە التعلیم العالی و البحث العلمی، جامعە بغداد بدون سنە طبع، ص115. [9]  د. عبدلله اسماعيل البستاني: حرية الصحافة، القاهرة، 1951، ل43. [10] دكتر علیرضا دهقان: روزنامه‌نگاری الکترونیک: فرصت‌ها و محدودیت‌ها، مجلە جهانی رسانە، شمارە 2، پاییز و زمستان 1385، ص10.  [11] ژان كازنو: جامعەشناسی وسایل ارتباط جمعی، ترجمە: باقر ساروخانی و منوچهر محسنی، تهران 1365، ص61.   بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (8)ی ته‌مووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی


شیكاری:درەو تۆماركردنی كۆمپانیاكان لەهەرێمی كوردستان بەردەوام رووی لەدابەزینە، ساڵی (2020) (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، كە(هەزارو 232) کۆمپانیای خۆماڵی بووە بەرێژەی (%98) و (28)یان لقی کۆمپانیای بیانی بووە بە ڕێژەی (%2)، ئەو (28) كۆمپانیا بیانیە (100%)یان لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك بوونەو هیچیان لە پارێزگای سلێمانی و زۆنی سەوز تۆمار نەكراون، واتا رێژەی تۆماركردنی لقی كۆمپانیا بیانیەكان لە پارێزگای سلێمانی (%0) بووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی بازرگانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی کۆمپانیا خۆماڵییەکان و لقی کۆمپانیا بیانییەکان لە وەزارەتی ناوبراو، بەردەوام و ساڵ لە دوای ساڵ روی لە دابەزین کردووە.  پێش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە ساڵی (2020) (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. پارێزگای سلێمانی و زۆنی و سەوز هەیشە لە دواوەی زۆنی زەردەو لە ساڵی (2020) تەنها (374) کۆمپانیای تێدا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لە سلێمانی تۆمار نەکراوە.   ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (2017-2020) بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی بازرگانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی کۆمپانیا خۆماڵییەکان و لقی کۆمپانیا بیانییەکان لە وەزارەتی ناوبراو، بەردەوام و ساڵ لە دوای روی لە دابەزین کردووە. بە جۆرێک لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (29 هەزارو 947) کۆمپانیا تۆمار کراون، (26 هەزارو 757)یان  کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (89%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%11) و (3 هەزار و 190)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. (بڕوانە چارتی ژمارە(1))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (هەزار و 188) کۆمپانیا، بە شێوەیەک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 166) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و تەنها (22) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2018) جارێکی تر تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕووی لە دابەزین کردووە بەراورد بە ساڵێک پێشتر تەنها (887) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (853) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (34) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2019) بوژانەوەیەکی کەم بەدی دەکرێت لە سێکتەرەدا، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (هەزار و 908) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 848) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (60) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە بەدیدەکرێت لەو ساڵەدا (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) لەسەر ئاستی پارێزگاکان  (2017-2020) یەکەم: لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (19 هەزارو 683) کۆمپانیا تۆمار کراون، (17 هەزارو 297)یان  کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (88%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (2 هەزار و 386)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(2))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر (16 هەزار و 259) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%86)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (14 هەزارو 2) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%14) و (2 هەزار و 257) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (729) کۆمپانیا، بە شێوەیەک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (710) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و تەنها (19) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2018) جارێکی تر تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕووی لە دابەزین کردووە بەراورد بە ساڵێک پێشتر تەنها (644) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (616) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2019) بوژانەوەیەک بەدی دەکرێت، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر (هەزار و 231) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 176) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (50) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لەو ساڵەدا (820) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (793) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (27) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای هەولێر.  دووەم: لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (6 هەزارو 587) کۆمپانیا تۆمار کراون، (6 هەزارو 49)یان  کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (92%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%8) و (538)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(3))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (5 هەزار و 96) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%90)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (4 هەزارو 568) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%10) و (528) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (351) کۆمپانیا، بە شێوەیەک نزیک  لە (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (350) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی کەمتر لە (%1) و تەنها (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2018) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (174) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (169) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (5) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2019) بوژانەوەیەک بەدی دەکرێت، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (592) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (588) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (4) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لەو ساڵەدا (374) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لە سلێمانی تۆمار نەکراوە.  سێیەم: لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (3 هەزارو 677) کۆمپانیا تۆمار کراون، (3 هەزارو 411)یان  کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (93%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%7) و (266)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(4))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک (3 هەزار و 349) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%92)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (3 هەزارو 88) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%8) و (261) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (108) کۆمپانیا، بە شێوەیەک نزیک  لە (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (106) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی کەمتر لە (%2) و تەنها (2) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2018) جارێکی تر ئاستی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەو پارێزگایە ڕووی لە دابەزین کردووەو کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو (69) کۆمپانیا بوو، کە (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (68) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2019) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک (85) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (84) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لە ساڵی (2020)دا کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لەو پارێزگایە (66) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (65) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1)کۆمپانیایان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە.   بەراوردکردنی ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) (2017-2020) لە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد یەکەم: پێش ساڵی 2017 کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (17 هەزار و 90) کۆمپانیایان بەڕێژەی (79%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (4 هەزار 568) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (21%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (2 هەزار و 518)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (83%) تۆمارکراون و (528) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (17%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (5)).   دووەم: ساڵی 2017 کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا (هەزار و 188) کۆمپانیا بووە، بە شێوەیەک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 166) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و تەنها (22) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. بەشێوەیەک ئەو ژمارەیەی کۆمپانیا خۆماڵییەکان (816) کۆمپانیایان بەڕێژەی (70%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (350) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (30%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (21)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (95%) تۆمارکراون و (1) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (5%) تۆمار کراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (6)).   سێیەم: ساڵی 2018 تەنها (887) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (853) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (34) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (684) کۆمپانیایان بەڕێژەی (80%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (169) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (20%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (29)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (85%) تۆمارکراون و (5) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (15%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (7)).   چوارەم: ساڵی 2019 ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (هەزار و 908) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 848) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (60) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (هەزار و 260) کۆمپانیایان بەڕێژەی (68%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (588) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (32%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. لقی کۆمپانیا بیانییەکان (56)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (93%) تۆمارکراون و (4) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (7%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (8)).   پێنجەم: ساڵی 2020 لەساڵی (2020)دا (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (858) کۆمپانیایان بەڕێژەی (68%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (374) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (32%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. لقی کۆمپانیا بیانییەکان (28)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (100%) تۆمارکراون لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانیش لە زۆنی سەوز تۆمار نەکراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (9)). تێبینی: سەرجەم ئامارەکان لەم خشتەیەی خوارەوە وەرگیراوە، کە لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 7ی 2021 بڵاوکراوەتەوە.


درەو:  هێمن محەمەد قادر-  گۆڤاری ئایندەناسی   بەرایی شەنگار یاخود شەنگال، ناوە کوردی و ڕەسەنەکەی ئەو ناوچەیەیە کە بە عەرەبی پێی دەوترێت “سنجار”، ناوچەیەکی ئێزدینشینی بەناوبانگ و دێرینی کوردستانە. جگە لە ئێزدییەکان، چەند پێکهاتەیەکی دیکەی وەک (عەرەب، تورکمان، مەسیحی) لە ناوچەکەدا دەژین(١). شەنگال لە ڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە سنووری خۆرئاوای کوردستانی باشوورەوە و هاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا. لە ڕووی ئیداری و کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و نزیکەی (١٢٠) کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری موسڵەوە دوورە. جگە لە سەنتەری قەزاکە، ناحیەکانی (سنوونێ، گرعزێر، بلێ) لەخۆ دەگرێت. ناوچەکانی شەنگال و شێخان دەکەونە سنووری مادەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، تایبەت بە پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا(٢). هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری شەنگال و جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینیی دانیشتووانەکەی، وای کردووە ئەم ناوچەیە لە مێژووی کۆن و نوێدا؛ (٧٣) جار بکەوێتە بەردەم شاڵاو و پەلاماری هێزە یەکلەدواییەکەکانی ناوچەکەوە. لە سەردەمی میتانی و کلدانییەکانەوە تا دەگاتە سەردەمی فارس و ڕۆمەکان، ئەم ناوچەیە شانۆی پێکدادانی هێزە جیاوازەکانی ناوچەکە بووە(٣). پاش سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام و دەستپێکردنی فتوحاتی ئیسلامی، سەرهەڵدانی ململانێ و ڕکابەریی عوسمانی-سەفەوی، ناوچەکە کەوتووەتە بەردەم زنجیرەیەک شاڵاو و پەلاماری نوێ(٤). کۆتا پەلامار بۆ سەر ئەم ناوچەیە؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤، کاتێک دانیشتووانی ناوچەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام) ڕووبەڕووی کوشتن و ڕفاندن و کۆمەڵکوژی بوونەوە. هەوڵی پاکتاوکردنی ئێزدییەکان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و پەرەسەندنی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە، چاوی جیهانی بۆ سەر دۆخی شەنگال و ئێزدییەکان وەرچەرخاند. پاش پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٥ و تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر خاکی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، بایەخی سیاسی و ستراتیجیی ناوچەکە لە سۆنگەی بەشێک لە هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکانەوە گرنگیی زیاتری بەخۆیەوە بینی. گرنگیی جیۆسیاسی و هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری شەنگال لە سێگۆشەی سنووری (عێراق، سووریا و تورکیا)، وای کردووە ئەم ناوچەیە ببێتە چەقی ململانێی نێوان بەشێک لە هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان. قووڵبوونەوە و بەردەوامیی ململانێی نێوان هێزە ڕکابەرەکانی ناوچەکە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانج و برەودان بە بەرژەوەندییەکانیان، مەترسیی بۆ سەر ئایندەی شەنگال و ئێزدییەکان دروست کردووە. ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە، هەوڵدانە بۆ خستنەڕووی ئایندەی شەنگال، لە میانەی ئاماژەکردن بۆ هۆکارەکانی پەرەسەندنی ململانێی نێوان هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان و شیکردنەوەی کاریگەریی ئەو ململانێیانە لەسەر ئایندەی ناوچەکە، لە سەروبەندی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، عێراق و سووریا بەتایبەتی بەخۆیانەوە بینیوە. ناسنامەی  نەتەوەیی و ئایینیی ئێزدییەکان ئێزدییەکان بە یەکێک لە پێکهاتە ڕەسەن و دێرینەکانی کوردستان دادەنرێن و خاوەنی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینیی خۆیانن. لە ڕووی نەژادییەوە کوردن و لە ڕووی ئایینییەوە پەیڕەوی لە ئایینی “ئێزدی” دەکەن، کە بە یەکێک لە ئایینە دێرین و ڕەسەنەکانی کوردستان و جیهان ئەژمار دەکرێت. ئێزدییەکان وەک بەشێک لە دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە، بە یەکێک لە سیما دیارەکانی پێکەوەژیانی ئایینی و فرەکولتووریی گەلی کوردستان دادەنرێن. بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەکانی باشووری کوردستان نیشتەجێن، بەتایبەتی لە ناوچەکانی (قەزای شێخان، باشیک، بەحزانی، شەنگال، زوومار، ئەلقووش) لە سنووری پارێزگای موسڵ و ناوچەکانی (شاری سمێل، کۆمەڵگای خانکێ‌، ناوچەی دێرەبوون) لە سنووری پارێزگای دهۆک. هاوکات ژمارەیەکیان لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، وڵاتانی ئەرمینیا، گورجستان، ئەڵمانیا و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان دەژین(٥).  ئایینی ئێزدی لەلایەن بەشێک لە توێژەرانەوە بە پاشماوەی ئایینی زەردەشتی دادەنرێت، هاوکات بە هۆی کارلێکردنی لەگەڵ ئایین و بیروباوەڕەکانی دیکەی ناوچەکە، گەلێک توخمی ئایینەکانی دیکەی وەک مانیزم، مەسیحی، جوولەکە و ئیسلامی لەخۆ گرتووە(٦). ئێزدییەکان پەیڕەوی لە هەردوو کتێبی پیرۆزی “جیلوە” و “مەسحەفا ڕەش” دەکەن و کۆمەڵگای ئێزدی لە کۆمەڵێک چینی جیاوازی وەک میر، شێخ، پیر، فەفیر، قەواڵ، کوچەک و مورید؛ پێک هاتووە، هەریەک لەم چینانە تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆیان هەیە. پەرەستگای سەرەکیی ئەم ئایینە دەکەوێتە “لالش” لە باکووری شێخان، کە (١٣کم) لە شاری دهۆکەوە دوورە(٧). سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە، بەگوێرەی داتا و ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٤، تێکڕای دانیشتووانی ناوەندی قەزای شەنگال (٨٨,٣٣٨)، ناحیە و گوندەکانی سەر بەو قەزایە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس بووە. بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە عێراق، لە ڕووی نەتەوەییەوە: لە ٩٠٪ی دانیشتووانی ناوچەکە کوردن، لە ٩٪ی عەرەب و ١٪ی لە تورکمانن، لە ڕووی ئایینییەوە: لەو ژمارەیە ئێزدییەکان لە ٧٥٪، موسوڵمان و مەسیحییەکان ١٥٪ی دانیشتووانی ناوچەکە پێک دەهێنن(٨).   پەلاماری ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش بۆ سەر شەنگال پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق و هەڵوەشانەوەی حزبی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، بە هۆی ناسەقامگیری و لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی بەغداوە، شەنگال و بەشێک لە ناوچەکانی دەوروبەری تاکوو ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبران. جێگەی باسە بە درێژایی ئەم ماوەیە، حکومەتی هەرێم نەیتوانی ناوچەکە ئاوەدان بکاتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەش بە دانیشتووانی ناوچەکە بکات. پاش تێکچوونی دۆخی نێوخۆیی عێراق و سووریا، ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش توانیی لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵی بەشێکی فراوان لە خاکی ئەو دوو وڵاتە بکات(٩). پاش گرتنی  شاری موسڵ، دووەم گەورە پارێزگای عێراق لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤، ئەو ڕێکخراوە بە سوودبینین لەو بۆشاییە ئەمنییەی کە لە ناوچەکەدا دروست بووبوو، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە شێوەیەکی لەناکاو پەلاماری شاری شەنگالی دا. هێزەکانی پێشمەرگە کە ئەرکی پارێزگاریکردن و پاراستنی هاوڵاتیانی ناوچەکەیان لەئەستۆ بوو، بەبێ هیچ بەرەنگارییەک کشانەوە و ناوچەکەیان لەبەردەم پەلاماری دڕندانەی داعشدا بەجێ هێشت. پاش گرتنی شاری شەنگال، ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستیان کردە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان و کاولکردنی ناوچەکە(١٠).  سەبارەت بە قوربانییانی ئەم کارەساتە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی یەکەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە ٤ی ئاداری ٢٠١٥ لە قەزای شێخان، بۆمان دەردەکەوێت لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال، نزیکەی ١٢٩٣ هاوڵاتیی ئێزدی شەهید بوون و نزیکەی ٣٦٠ هەزار كەس ئاوارە بوون، هاوکات هەزاران هاوڵاتیی ئێزدی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ بەبێ نان و ئاو لە چیای شەنگال ناچار بە مانەوە بوون، بە هۆی برسێتی و تینووێتی و ماندووبوونی ڕێگا، زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە پیر و منداڵ و ژن گیانیان لەدەست دا. لە درێژەی هەڵمەتەکەدا، نزیکەی ٦٤٠٤ هاوڵاتی ڕفێنران، لەو ژمارەیە زیاتر لە ٣ هەزاریان کچ و ژن و منداڵ بوون. جگە لەوە، زیاتر لە ١٤ پەرەستگا و شوێنی پیرۆزی ئایینیی تایبەت بە ئێزدییەکان خاپوور کران. گەر بەهاناوەهاتن و بەرگریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) نەبووایە، ئەوا قەبارەی کارەساتەکە زۆر گەورەتر دەبوو(١١). دوای ڕاگەیاندنی پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال، بە بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە، شەڕڤان، گەریلا و بە هاوکاریی بۆردوومانی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ توانرا شارەکە ئازاد بکرێت. پاش ئازادکردنی شاری موسڵ و تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە ١٠ تەممووزی ٢٠١٧، بە هۆی پەرەسەندنی خێرای ئەو دۆخە نوێیەی کە لە عێراق و سووریا هاتبووە ئاراوە، گرنگی و بایەخی ستراتیجیی شەنگال لە ڕوانگەی بەشێک لە هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکانەوە هەڵکشانی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین لە ئێستادا ئەم ناوچەیە بووەتە چەقی پەرەسەندنی ناکۆکی و ململانێی نێوان بەشێک لە هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان(١٢). شەنگال لە ململانێی هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکاندا ١. هێزە نێوخۆییەکان دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٤، هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکانی سنووری مادەی (١٤٠) پاشەکشەیان کرد و زۆرینەی ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرا. پاش کشانەوەی هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی، بەشێکی فراوانی ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبران. پاش پەرەسەندن و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی)، ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان دیاری کرد. لەگەڵ دیاریکردنی ڕۆژی گشتپرسیدا، دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و حکومەتی ناوەندیی عێراق دژایەتیی خۆیان بۆ پڕۆسەکە ڕاگەیاند و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزیان کرد، هاوکات وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریکا ڕاشکاوانە ڕایانگەیاند کە پشتگیریی ئەنجامدانی گشتپرسیی باشووری کوردستان ناکەن. سەرباری سەرجەم ناڕەزایەتییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەرێمی کوردستان سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا(١٣). دوای چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی گشتپرسی، هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا و ئێران بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانیان گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان. هاوکات هێزەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی، بە بڕیاری حەیدەر عەبادیی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق، لە ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچەکانی مادەی (١٤٠) و لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ کاتژمێردا ناوچەکانی (کەرکووک، شەنگال، مەخموور، بەعشیقە، خانەقین)یان کۆنترۆڵ کردەوە و هێزەکانی پێشمەرگەیان ناچار بە کشانەوە کرد بۆ سنوورەکانی بەر لە ساڵی ٢٠٠٣(١٤). لەم سەربەندەوە دەتوانین بڵێین پرسی یەکلاییکردنەوەی ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان هەمیشە پرسێکی گەرم بووە لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. لەگەڵ ئەوەی بەپێی دەستوور پێویست بوو سەرجەم قۆناغەکانی مادەی (١٤٠)، بەر لە ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٧ تەواو ببێت، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی پێویست بە مەبەستی جێبەجێکردنی هیچ یەک لەو قۆناغانە نەگیراوەتە بەر، ئەمەش وای کردووە ئایندەی ئەو ناوچانە تا دێت بەرەو گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر هەنگاو بنێت. پاش سڕکردنی ئەنجامەکانی گشتپرسی و دەستلەکارکێشانەوەی مەسعوود بارزانی، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد تا ڕادەیەک ئاساییبوونەوەی بەخۆیەوە بینی. سەرباری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، بە هۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە جیاوازەکانەوە دۆخی شەنگال تا دەهات ئاڵۆزتر دەبوو. بە مەبەستی ئاساییكردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەكە بۆ زێدی خۆیان، شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی “ڕێبەر ئەحمەد” وەزیری ناوخۆ، لە ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ سەردانی بەغدادیان کرد. پاشان هەردوو حکومەت لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا، بەفەرمی ڕێککەوتننامەی شەنگالیان ڕاگەیاند. دەقی ڕێککەوتننامەکە لە ڕووی ئەمنی و ئیداری و کارگێڕییەوە جەخت لەسەر چەند خاڵێکی بنەڕەتی دەکاتەوە، بەم شێوەیە: ١. لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە، پاراستنی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەكەوێتە ئەستۆی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵیی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. هاوکات کار بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی (٢٥٠٠)  کەسی دەکرێت لە دانیشتووانی ناوچەکە، بە مەبەستی لەئەستۆگرتنی ئەرکی پاراستنی شەنگال. لەم سۆنگەیەوە پێویستە سەرجەم هێزەکانی دیکە بچنە دەرەوەی ناوچەکە. ٢. لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە هەماهەنگی دەكرێت لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، بە مەبەستی سەرلەنوێ‌ بونیادنانەوە و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال. ٣. پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، بە مەبەستی بەڕێوەبردنی ناوچەکە، پڕکردنەوەی پۆستەکانی ناوچەکە لەسەر بنەمای لێهاتوویی. دوابەدوای ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەی شەنگال، هەریەک لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمەریکا و تورکیا پشتیوانیی خۆیان بۆ هەردوو حكومەت ڕاگەیاند و ڕێککەوتننامەکەیان بە هەنگاوێکی گرنگ ناو برد لە پێناو گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە(١٥). سەرباری تێپەڕینی نزیکەی هەشت مانگ بەسەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی شەنگالدا، تا ئێستا نەتوانراوە بە شێوەیەکی کرداری ڕێککەوتننامەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە هۆی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ناوچەی شەنگال، ئەنجوومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموكراتیی شەنگال و گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران. جێگەی ئاماژەبۆکردنە لە ئێستادا دانیشتووانی ناوچەکە دابەش بوون بەسەر چەندین هێزی جیاوازدا، بەشێک لەوان پشتیوانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و گەڕانەوەی حکومەتی هەرێم دەکەن بۆ ناوچەکە، بەشێکی دیکەیان پشتیوانی لە پەکەکە و بەشێکشیان پشتیوانی لە حەشد دەکەن. ئەم دوو هێزەش لە بنەڕەتدا دژ بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگالن. دابەشبوونی ئێزدییەکان سەرباری سەرجەم ئەو هێزە ڕەسمی و ناڕەسمییانەی لە ناوچەکانی شەنگال و دەوروبەری بڵاو بوونەتەوە، ئێزدییەکان پاش پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال چەندین هێزی چەکداریی تایبەت بە خۆیان پێک هێناوە، هەریەک لەو هێزانەش بەسەر هێزە جیاوازەکانی دیکەی وەک پێشمەرگە، پەکەکە، حەشدی شەعبی و دەوڵەتی ناوەندیدا دابەش بوون، بەم شێوەیە: ١. هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان: ئەم هێزە لە ساڵی ٢٠١٤ بە سەرکردایەتیی “حەیدەر شەشۆ” دامەزراوە، ژمارەیان لە نزیکەی ٧ هەزار چەکدار پێک هاتووە و زیاتر لە هەزار چەکداریان ڕاستەوخۆ بە هێزەکانی پێشمەرگەوە بەستراون. هێزەکانی پاراستنی ئێزیدخان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری شەنگال بڵاو بوونەتەوە. ٢. هێزی نەتەوەیی ئێزدییەکان: ئەم هێزە خاوەنی نزیکەی ٤٥٠٠ چەکدارە و لەلایەن “نایف جاسو”ی موختاری گوندی کۆجۆوە سەرکردایەتی دەکرێت. هێزی نەتەوەیی ئێزدییەکان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت و یارمەتیی ماددی و لۆجستی دەدرێن. ئەم هێزە لە ناوچەکانی باشووری شەنگال بڵاو بوونەتەوە. ٣. یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە): لە کۆمەڵگای خانەسۆری شەنگال و هەندێک لە گوندەکانی باکوور و باشووری ئەم ناوچەیە بڵاو بوونەتەوە و ژمارەیان بە نزیکەی ٧ هەزار چەکداری ژن و پیاو دادەنرێت. لە ڕووی ڕێکخراوەییەوە پەیوەستن بە حەشدی شەعبییەوە و نزیکن لە پەکەکەوە. ٤. فەوجی لالش: لەلایەن “خاڵ علی”یەوە سەرکردایەتی دەکرێن و ژمارەیان بە نزیکەی ٣ هەزار چەکدار دادەنرێت، ئەم هێزانە بەشێکن لە کەتیبەی “ئیمامی عەلی”ی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی، لە ناوەندی شەنگال و هەندێک لە گوندەکانی باشووری قەزاکە بڵاو بوونەتەوە. ٥. هێزەکانی هاوپەیمانیی شەنگال: لە ژمارەیەک هێزی جیاوازی وەک یەکینەکانی ژنانی ئێزیدخان، ئاسایشی ئێزیدخان، یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەکینەکانی پاراستنی ژنان، یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال؛ لەنێو ئەم هاوپەیمانێتییەدان و سەرجەمی ئەم هێزانە لەلایەن پەکەکەوە ئاڕاستە دەکرێن(١٦). دابەشبوونی ناوچەکە بەسەر چەند هێزی جیاواز و ڕکابەری یەکتردا، نیشاندەری ململانێی قووڵی نێوان لایەنە ڕکابەرەکانی ناوچەکەیە بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی دانیشتووانی ناوچەکەوە. لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار ئاڵۆزی و پێکدادان لەنێوان بەشێک لەو هێزانەدا دروست بووە کە هاوڵاتیانی ئێزدیان بەسەردا دابەش بووە. ا.  پارتی کرێکارانی کوردستان جگە لە دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، ژمارەیەک هێزی دیکە لە ناوچەکەدا لە ڕکابەریدان بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆیان بەسەر شەنگالدا. هەڵکەوتەی جوگرافیی شاری شەنگال لەسەر سنووری ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، وای کردووە ئەم ناوچەیە لە ڕووی جیۆپۆلۆتیکەوە پێگەیەکی گرنگ بێت بۆ پەکەکە و ئیدارەی خۆسەریی ڕۆژئاوای کوردستان. لەدوای ساڵی (٢٠٠٠)ەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان هەمیشە لە هەوڵدا بووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە ئایینییە کوردییەکانی وەک “ئێزدییەکان و عەلەوییەکان”. دوای هێرشی داعش و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە (پدک) لە ناوچەی شەنگال، پەکەکە توانیی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و بەشێک لە هێزەکانی خۆی بەخێرایی ناردە ناوچەکە لە پێناو پاراستنی ئێزدییەکان، هاوکات لە پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا لە ساڵی ٢٠١٥، توانییان ڕۆڵێکی کارا بگێڕن.  بێگومان ئەمە دەرفەتێکی زێڕینی بۆ پەکەکە ڕەخساند تا سۆزی دانیشتووانی ناوچەکە بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، هاوکات لە ڕێگەی دامەزراندنی چەندین هێزی چەکداری نزیک لە خۆیەوە لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا، توانیویەتی هێز و پێگەی خۆی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و باکووری ڕۆژئاوای عێراق (شەنگال) فراوانتر بکات. پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و کۆنترۆڵکردنی شەنگال و ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، هێزەکانی پەکەکە لەنێو شنگالدا مانەوە و لە ئێستادا ناوچەکە لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی پاراستنی شەنگالی نزیک لە پەکەکەوە بەهاوبەشی بەڕێوە دەبرێت (١٧) . ب. پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک)، شەنگال وەک بەشێک لە ناوچەی ڕکێفی خۆی دەبینێت. ئەم ستراتیجەی پارتی لەدوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە تەنانەت پاش کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە (پدک) لە شەنگال لە كاتی پەلاماری داعشدا. پدک فراوانبوونی هەژموونی پەکەکە بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و پێگەی خۆی دەبینێت لە ناوچەکەدا. پاش واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، پەکەکە لە ڕێگەی لایەنگران و هێزەکانی نزیک لە خۆیەوە دژایەتیی خۆی بۆ ڕێککەوتننامەکە ڕاگەیاند. سەرباری زیادبوونی فشارەکانی تورکیا و پدک، پێناچێت پەکەکە هەر وا بەئاسانی دەستبەرداری ناوچەکە بێت، بێگومان ئەم دۆخەش کاریگەریی دەبێت لە زیاتر قووڵکردنەوەی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان هەردوو لادا(١٨).  ج. حەشدی شەعبی جگە لە پەکەکە و پدک، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی نێو هێزەکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران، وەک “هێزەکانی بەدر” بە سەرکردایەتیی هادی عامری، هێزەکانی “عصائب أهل الحق” بە سەرکردایەتیی قەیس خز عەلی، ناوچەی شەنگال وەک ناوچەیەکی ستراتیجی دەبینن بۆ پەرەپێدانی نفووزیان لە ناوچەکانی باکووری خۆرئاوای عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سووریا و عێراق. سەرباری هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی نفووزی شیعە لە ناوچەکەدا، هاوکات ئەم هێزە نایەوێت جارێکی دیکە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچە جێناکۆکەکان بەهێز بێتەوە. بۆیە پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی شەنگال، بەتوندی دژایەتیی خۆیان بۆ ڕێککەوتننامەکە ڕاگەیاند و کشاندنەوەی هێزەکانیان لەو ناوچانە ڕەت کردەوە، هاوکات ئێران ئەم هێزانە وەک کارتی فشار بەکار دەهێنێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە بەهێزبوونەوەی پێگەی تورکیا لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا.  دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا، لە ٢٢-ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١-دا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز و بەرفراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد دژ بە پەکەکە لە چیای شەنگال، دەستەی حەشدی شەعبی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی تورکیادا ژمارەی هێزەکانی خۆیان لە ناوچەی شەنگال زیاد کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا ڕاگەیاند لە دۆخی ئەنجامدانی لەشکرکێشیی سەربازیدا بۆ سەر ناوچەکە. هاوکات وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڕەشەکانی لێپرسراوانی تورکیا، حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی فەرمی داوای کردنەدەرەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەیان کرد لەسەر خاکی عێراق(١٩). ٢. هێزە هەرێمییەکان ا. ئێران سەرباری ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم-دەوڵەتی ناوەندی، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ پەکەکە و هێزەکانی حەشدی شەعبی، شەنگال لە ئێستادا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی بەشێک لە هێزە هەرێمییەکانی وەک “تورکیا و ئێران”. هەریەک لەو دوو وڵاتە لە ڕکابەرییەکی بەهێزدان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکانیان لە ڕێگەی سەپاندنی هەژموون و باڵادەستیی خۆیانەوە لە عێراق. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵیین پرسی شەنگال لە ئێستادا عێراقی کردووەتە ناوەندی ململانێ و پێکدادانی نفووزی بەشێک لە هێزە هەرێمییەکانی وەک تورکیا و ئێران.  ئێران لە ئێستادا بە یەکێک لە دەوڵەتە هەرێمییە بەهێزەکانی ناوچەکە دادەنرێت و خاوەنی پێگەیەکی ئێجگار بەهێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و سووریا بە شێوەیەکی تایبەتی. ئێران لە ڕێگەی سەپاندنی هەژموونی خۆی و بەرگرتن لە فراوانبوونی نفووزی دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکەوە، کار بۆ گەشەپێدانی بەرژەوەندییە سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی خۆی و  لاوازکردنی ڕکابەرەکانی دەکات. پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ و تێکشکانی ئەو ڕێکخراوە لەسەر خاکی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، ئێران تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و دۆخی جەنگ، باڵادەستیی خۆی لە ڕێگەی هێزە شیعییەکانەوە لەنێو پانتای خاکی عێراقدا بچەسپێنێت(٢٠). پاش ئەنجامدانی گشتپرسی و هێرشی هێزە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی فراوانی خاکی ناوچە جێناکۆکەکان (شەنگال) لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە، ئێران توانیی نەک بەتەنها لە ناوچە شیعەنشینەکانی باشووری عێراقدا، بەڵکوو لە ناوچە سوننەنشینەکانی ناوەڕاست و بەشێک لە باکووری عێراقدا  باڵادەستی و هەژموونی خۆی فراوان بکات(٢١). پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی شەنگال، ئێران لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی، لەنێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی شەنگال بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دژایەتیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە نیشان دا. ئێران جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە و کشانەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی لە ناوچەکانی شەنگال و دەوروبەری، وەک بەربەستێک دەبینێت لەبەردەم نزیکبوونەوەی قووڵایی ستراتیجی وڵاتەکەی لە ناوچەکانی موسڵ و حەلەب. هاوکات جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە وەک بەربەستێک دەبینێت لەبەردەم پڕۆژەی “هیلالی شیعی”، گەیشتن بە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست و حزبوڵای لوبنانی، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە دیمەشق و بەغداد(٢٢). ب. تورکیا لە سۆنگەی تورکیاوە، عێراق لە ڕووی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و وزەوە بە یەکێک لە گرنگترین دەوڵەتانی ناوچەکە دادەنرێت. لەدوای ساڵی (٢٠٠٣)ەوە، تورکیا تا ڕادەیەکی باش توانیبووی پەرە بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بدات لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووری عێراقدا. پاش گرتنی بەشێکی فراوان لە خاکی ناوچە سوننەنشینەکان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و تێکشکانی ئەو ڕێکخراوە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی ئێران، نفووزی تورکیا لەبەرامبەر گەشەسەندنی نفووزی ئێراندا پاشەکشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە کاتێکدا تورکیا تا ئەمڕۆش ئەم ناوچانە بە بەشێک لە جێگەی نفووز و هەژموونی خۆی دەبینێت. تورکیا لە ڕێگەی بەهێزکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراقدا، کار بۆ دووبارە بەهێزکردنەوەی پێگە و نفووزی خۆی لە عێراق (پارێزگای نەینەوا) دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیا تورکییەکان دەیانەوێت ڕۆڵێکی کارا بگێڕن لە پڕۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و ناوچە سوننەنشینەکاندا، هاوکات تورکیا لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت ڕێگری لە گەشەسەندنی نفووزی ئێران و پەکەکە بکات لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا (موسڵ).  سەرباری هەوڵدان بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە ئامانجی لەناوبردن و کەمکردنەوەی جموجووڵ و چالاکییەکانی پەکەکە لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە ناوەکانی چنگ (چڕنووک) ١ – ٢ – ٣، چنگی داڵ لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠، چنگی پڵنگ لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ و چنگی برووسکە لە ٢٤ی نیسانی (٢٠٢١)ەوە بۆ سەر بنکە و پێگەگەکانی ئەو ڕێکخراوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا بەردەوامیی هەیە. لەم سۆنگەیەوە تورکیا بەهێزبوونی پێگە و چالاکییەکانی پەکەکە لە شەنگال و زیادبوونی نفووزی ئەو پارتە لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا، بەشداریکردنی بەشێک لە ئەندامانی لەنێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبی و بەدەستهێنانی هاوکاریی ماددی و چەک لەلایەن دەوڵەتی عێراقییەوە لە چوارچێوەی ئەو هێزانەدا، بە هەڕەشە و مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی دادەنێت، بەتایبەتی بە هۆی هەڵکەوتە و پێگەی ستراتیجیی ناوچەکەوە لەسەر سنووری باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان(٢٣).   سەبارەت بەم دۆخە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، نیگەرانیی وڵاتەکەی نەشاردەوە لەبەرامبەر گەشەسەندنی هێز و فراوانبوونی پانتایی چالاکییەکانی پەکەکە لە ناوچەی شەنگال و لەم بارەیەوە وتی “شەنگال لە سۆنگەی ئێمەوە بە قەندیلی دووەم دادەنرێت، بۆیە هەرگیز ڕێگە بە دروستبوونی قەندیلی دووەم نادەین”. لە ڕۆژی ١٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، وەزیری بەرگریی تورکیا (هلوسی ئاکار) سەردانی بەغدای پایتەختی کرد، بە مەبەستی گفتوگۆکردن و فشارخستنەسەر دەوڵەتی ناوەندیی عێراق، تا هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و گەڕانەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بۆ ناوچەکە(٢٤). شەنگال و سیناریۆ ئایندەییەکان   لە سۆنگەی ئەو هۆکارانەی كە ئاماژەی پێ كرا، گرنگترین ئەو سیناریۆیانەی كە بە هۆی بەردەوامیی ڕکابەری و ململانێی نێوان هێزە نێوخۆیی و هەرێمییەکان ئەگەری ڕوودانیان هەیە، لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا كۆ دەبنەوە: سیناریۆی یەکەم: یەکێک لە دیارترین سیناریۆکان سەبارەت بە داهاتووی ناوچەکە، خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال بە شێوەیەکی کرداری لەنێوان دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و بەڕێوەبەردنی ناوچەکە بە شێوەیەکی هاوبەش. جگە لە دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم، هەریەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا پشتیوانی لەم سیناریۆیە دەکەن. جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال لە ئێستادا بە باشترین بژاردە دادەنرێت بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە هەڵگیرسانی ئاگری جەنگێکی نوێ. لە دۆخی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا، پێویستە هێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان و حەشدی شەعبی لە ناوچەکە بکشێنەوە، ئەمەش هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دەستتێوەردانی دەرەکی و ڕکابەریی نێوان هێزە جیاوازەکانی ناوچەکە. سیناریۆی دووەم: سەرباری سەرجەم هەوڵەکانی دەوڵەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال، بەڵام بە هۆی ڕێگرییەکانی ئێران، پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزەکانی حەشدی شەعبیی نزیک لە ئێران، تا ئێستا نەتوانراوە هەنگاوی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە بنرێت، چونكە هیچ كام لەم هێزانە ئامادەی دەستەبەرداریی بەرژەوەندییەکانیان نین لەم ناوچەیە. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین سەرباری سەرجەم ناڕەزایەتییەکانی هەریەک لە دەوڵەتی ناوەندی، حکومەتی هەرێم و تورکیا، یەکێک لە سیناریۆکانی دیکە خۆی لە بەردەوامیی دۆخی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەبینێتەوە بەم شێوەیەی کە ئێستا لەئارادایە، بە هۆی باڵادەستیی حەشد و ئێران بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و پشتیوانیی بەشێک لە هاوڵاتیانی ئێزدی بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان. سیناریۆی سێیەم: لە دۆخی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و بەردەوامیی باڵادەستیی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ئێران، بەهێزبوونی  پێگە و گەشەسەندنی زیاتری چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، یەکێک لە سیناریۆکانی دیکە بریتی دەبێت لە ئەگەری ئەنجامدانی لەشکرکێشیی سەربازی بۆ سەر ناوچەی شەنگال لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بە مەبەستی سنووردارکردنی چالاکی و لەناوبردنی پێگەکانی ئەو ڕێکخراوە. لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی لەم چەشنەدا، ناوچەکە دەبێتە مەیدانی پێکدادانی نێوان تورکیا و ئەو هێزانەی کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتەدا یەک ناگرێتەوە. بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری ڕوودانی دۆخێکی نەخوازراوی لەم چەشنە، پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ چاودێریی دۆخی شەنگال بکات. سیناریۆی چوارەم: بریتی دەبێت لە لێكتێگەیشتنێكی ناچاریی هێزە هەرێمییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی سەپێنراو بەسەر ناوچەكەدا، لەم ئەگەرەدا پێدەچێت ئێران و توركیا لە پێناو نیگەرانی و بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان و بە سەرنجدان بەوەی كە هیچ لایەكیان توانای یەكلاییكردنەوەی دۆخی ناوچەكەی بە قازانجی خۆی نییە، لە بەشێك لە داوا و ئیمتیازاتی خۆیان بكشێننەوە بۆ ئەوەی دواجار هیچ كامیان دۆڕاوی پرسی شەنگال نەبن. ئەم سیناریۆیە بە ڕادەی یەكەم بە زیانی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و دواتر دانیشتووانی شەنگال دەبێت. ئەنجام پاش سەرکەوتنی پڕۆسەی ئازادکردنی شەنگال لە ساڵی ٢٠١٥، دۆخی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری هیچ پێشکەوتن و گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵکوو لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییانەی لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە، شەنگال بووەتە چەقی ململانێی بەشێک لە هێزە نێوخۆییەکان. هاوکات دابەشبوونی دانیشتووانی ناوچەکە بەسەر چەندین گرووپ و ئەجێندای جیاوازدا و قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان ئەو لایەنانە لە ئێستادا، ئایندەی ناوچەکە و دانیشتووانەکەی خستووەتە بەردەم مەترسیی شەڕ و پێکدادان. جگە لە هێزە نێوخۆییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی، هەریەک لە ئێران و تورکیا کار بۆ سەپاندنی باڵادەستیی خۆیان دەکەن بەسەر ناوچەکەدا، بۆ ئەم مەبەستەش هیچ یەک لەو دوو دەوڵەتە ئامادە نین دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانیان بن چ لە ئێستا و چ لە ئایندەدا. بەم جۆرە دەتوانین بڵێین سەرباری ناکۆکییە نێوخۆییەکان، ئەم هەنگاوانەی هەریەک لە ئێران و تورکیا بە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیریی دۆخی شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دادەنرێت. بەردەوامیی ململانێی و ناکۆکیی نێوان لایەنە جیاوازەکان ڕێگرە لەبەردەم دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئەنجامدانی خزمەتگوزاریی پێویست، بە مەبەستی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی دانیشتووانەکەی بۆ زێدی خۆیان. لە پێناو هێنانەدیی ئاشتی و دوورخستنەوەی شەنگال لە ئەگەری هەڵگیرسانی ئاگری جەنگێکی نوێ کە قوربانییەکانی بە پلەی یەکەم دانیشتووانی ئێزدینشینی ناوچەکە دەبێت، پێویستە کۆمەڵگای نێودەڵەتی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە بکات و هانی لایەنە جیاوازەکان بدات تا لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی شەنگال بدەن، گەرچی لە ئێستادا بە هۆی پەرەسەندنی ململانێکانەوە پێناچێت ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە کارێکی هەر وا ئاسان بێت. ——————————————————————– سەرچاوەکان ١. هاوڕێ یاسین محەمەد، لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی کوردستان، چاپخانەی غەزەلنووس، چاپی دووەم، سلێمانی، ٢٠١٣. ٢. د. سەعدی عوسمان هەرووتی، سنووری خوارووی کوردستانی باشوور لە سەدەی نۆزدەهەمدا، چاپخانەی موکریان، هەولێر، ٢٠٠٧. ٣. سەربەست حسێن، ئێزدییەکان لە مێژووی نەتەوەکەیاندا، بڵاوکراوەی مەکتەبی بیر و هۆسیاریی “ی. ن. ک”، چاپی دووەم، سلێمانی، ٢٠٠٦. ٤. د. حەکیم ئەحمەد خۆشناو، کورد و کوردستان لە دیدی گەڕیدە و وڵاتناسیی موسوڵمان، و. شوکر سلێمان، چاپخانەی موکریان، هەولێر، ٢٠١٤. ٥. د. عەبدولڕەحمان قاسملۆو، کوردستان و کورد، و: عەبدوڵا حەسەنزادە، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات، چاپی هەشتەم، هەولێر، ٢٠١٤. ٦. د. وەدیع جوەید، جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد، و: ی. پ. د. یاسین سەردەشتی، چاپخانەی سیما، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٨. ٧. د. عەبدوڵا غەفوور، ئەتنۆ-دیمۆگرافیای باشووری کوردستان، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٦. عدنان زیان فرحان، الکرد الایزیدیون فی اقلم کردستان (١٨٠٠-١٩٠٠)، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە، السلیمانیە، ٢٠٠٤. ٨. صوت العراق، “سنجار دولة داخل دولة والسكان العائدون يرومون معاودة النزوح”، https://www.sotaliraq.com/2020/08/04، تاریخ: ٣١/٥/٢٠٢١، ساعە: ١٢.٩. رضا سالم داود، الآقلیە الآیزیدیة في العراق، مجلة مداد الاداب العراق ، ٢٠١٨-٢٠١٩. 9. Emrah Kekilli, Can Acun, “Referandum Sonrası Kerkük ve Tartışmalı Bölgelerin Durumu: Türkiye’nin Pozisyonu”, SETA Perpektif Dergisi, Sayi: 181, 2017. 10. Fehim Taştekin, “Ezidiler bu kez Kürtler arası çelişkiler ve dış müdahalelerin kurbanı”, https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-55139789, Erişim Tariti: 30, 5, 2021, Saat: 5:00. ١١. کوردپیدیا، “جینۆسایدی شەنگال و ئێزدییەکان”، https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20150514110143121115&lng=1، کاتی بینین: ٣٠\٥\٢٠٢١، کاتژمێر: ٥. 12. Şemsettin Erdoğan, “Irak Şam İslam Devleti (IŞİD): Gücü ve Geleceği”, Savunma Bilimleri Dergisi, Cilt: 14, Mayıs 2015. ١٣. ماڵپەڕی ڕۆژنیوز، “ڕیفراندۆم چیی بەسەر باشووری کوردستاندا هێنا؟”، https://rojnews.news/، کاتی بینین: ٣٠\٥\٢٠٢١، کاتژمێر: ٩. 14. EMRAH KEKİLLİ, CAN ACUN, “Referandum Sonrası Kerkük ve Tartışmalı Bölgelerin Durumu: Türkiye’nin Pozisyonu”, SETA Perpektif Dergisi, SAYI: 181, EKİM 2017. 15. Ece Göksedef, ” Sincar Anlaşması: Bağdat ve Erbil’in imzaladığı anlaşma neler öngörüyor ve uygulanabilir mi?” https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-54560308, Erişim Tariti: 31, 5, 2021, Saat: 10:00. ١٦. علي أغوان، “مدينة سنجار العراقية وتدافعات الموقف الجيو أمني-الإقليمي”، https://studies.aljazeera.net/ar/reports/2019/04/190423121610649.html، تاریخ: ٣١/٥/٢٠٢١، ساعە: ١٢. ١٧. مركز الإمارات للسياسات، “التصعيد في سنجار بالعراق: التنافسات الداخلية والأبعاد الجيوسياسية”، https://epc.ae/ar/topic/escalation-in-sinjar-iraq-internal-competition-and-geopolitical-consequences، تاریخ: ٣١/٥/٢٠٢١، ساعە: ١٢. 18. ” Şengal’siz Şengal anlaşması” https://www.ozgurpolitika.com/haberi-sengalsiz-sengal-anlasmasi-5555 , Erişim Tariti: 3, 6, 2021, Saat: 4:00. ١٩. علي أغوان، “مدينة سنجار العراقية وتدافعات الموقف الجيو أمني-الإقليمي”، https://studies.aljazeera.net/ar/reports/2019/04/190423121610649.html، تاریخ: ٣١/٥/٢٠٢١، ساعە: ١٢. 20. Çağatay Balcı “Sincar operasyonu, PKK/YBŞ ve İran destekli milisler”, https://www.aa.com.tr/tr/analiz/sincar-operasyonu-pkk-ybs-ve-iran-destekli-milisler/2150293 , Erişim Tariti: 7, 6, 2021, Saat: 8:00. 21. Cenk Tamer, “Türkiye ve İran’ın Irak’ta Güç Tahkim Etme Çabası: Başika Örneği”, Gazi Üniversitesi Sosyal Bilimler Dergisi, Cilt: 3, Sayı: 6, 2016. 22. Kemal İnat, Mustafa Caner CANER, “Ortadoğu’daki Bölgesel Aktörlerin Musul Polotikaları”, Seta Dergisi, Sayı: 177, 2016. 23. Murat Aslan, “Türkiye’nin Terörizmle Mücadelesi | Pençe Harekâtı”, Seta Dergisi, Sayı: 289, 2019. Rengin Arslan, “Türkiye’nin Şengal ve Karaçok operasyonları neden önemli?”, https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-39718224, Erişim Tariti: 8, 6, 2021, Saat: 1:00.  


درەو: لەسەر بنەمای چەند سكاڵایەك كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە جوڵێنراوە بڕیارە دادگا فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەربكات، دوێنێش لاهور شێخ جەنگی سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردوەو لە بەریتانیاش رەنج شێخ عەلی سكاڵاى لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە. دوای ئەوەی شكستیان هێنا لە  رێی پەیڕەوی ناوخۆ و سەركردایەتی یەكێتییەوە كێشەكانی نێوانیان یەكلا بكەنەوە، هاوسەرۆكەكانی یەكێتی بڕیاریاندا پەنا بۆ دادگا ببەن. ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی لەڕێگەی پارێزەرەكانیەوە، بەمادەی (433)ی یاسای سزادانی عێراقی، سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركرد، سكاڵاكە تایبەتە بە "ناوزڕاندن"، لاهور شێخ جەنگی پێیوایە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە تەشهیری پێكراوەو ناوی زڕێندراوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، بڕیارە سبەینێ، لەسەر بنەمای سكاڵای چەند كەسێك كە  لەرێگەی بافڵ تاڵەبانییەوە دادگا فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەربكات بە تۆمەتی "داڵدەدانی تۆمەتباران لە ماڵەكەی خۆیدا". فەرمانی دەستگیركردنەكە بە پێی مادەی (273)ی لەیاسای سزادانی عێراقی دەردەچێت كە تایبەتە بەداڵدەدانی تۆمەتباران، حوكمی ئەم مادەیەیاساییە لە  حاڵی ساغ بوونەوەی تۆمەتەكە لەسەر تۆمەتبار ماوەی (7) ساڵ زیندانی كردنەبەڵام هەر بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ئەگەر كەسی داڵدەدراو برا یاخود هاوسەر یان ئەندامی پلەیەكی ئەو كەسە بێت كە حەشاری داوە تۆمەتەكە لەسەر كەسی داڵدەدەر پوچەڵ دەبێتەوە.  سەرچاوەیەك لە بەریتانیا بە (درەو)ی راگەیاند: رەنج شێخ عەلی خوشكەزای لاهور شێخ جەنگی، سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە، بەتۆمەتی دەستگیركردن و ئەشكەنجەدان و بەزۆر ئیعتراف پێكردنی، ئەو سەرچاوەیەئاماژەی بەوەشكرد، لە رۆژی 8ی تەموزدا رەنج شێخ عەلی و محەمەد شێخ تەحسین لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە دەستبەسەركران، دواتر رەنج شێخ عەلی لەبەر ئەوەی رەگەزنامەی بەریتانیای هەیە چووەوە بەریتانیا و لەوێ سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی كە ئەویش رەگەزنامەی بەریتانیای هەیە تۆماركردووە.  


درەو:      شیکردنەوەی: یادگار سدیق گەڵاڵی لەماوەی ٧ مانگی ڕابوردوودا داهاتی نەوتی عێراق بەبێ نەوتی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە ٣٩ ملیار و ٦٨٨ ملیۆن دۆلار وەهەر لەو ماوەیەدا داهاتی ٢٥٠ هەزار نەوتی هەرێم کە دەبێت ڕادەستی سۆمۆی بکات و لە بوجەی هەرێم دەبڕدرێت بریتیە لە ٣ ملیار و ٣٣٧ ملیۆن دۆلار(نرخی نەوتی کەرکوک بۆ نەوتی هەرێم ئەژمارکراوە، چونکە یەک کوالێتییە لە بەندەری جیهان). بەیەکەوە داهاتی نەوت دەکاتە ٤٣ ملیار و ٢٦ ملیۆن دۆلار وئەم بڕە بەدینار دەکاتە ٦٢ ترلیۆن و ٣٨٨ ملیار دینار. بەتەنها جگە لە داهاتی نانەوتی ڕێژەی ٤٨٪ ی خەرجی بوجەی ٢٠٢١ی دابینکردووە.  هەرێم لە ڕیی لێبڕینی داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بەنرخی سۆمۆ لەو داهاتە نەوتییەی عێراق بە ڕێژەی ٧.٧٥٪ بەشدارە. لەم خشتانەی خوارەوە بڕی هەناردەوە نرخی نەوت و داهاتی مانگانەی عێراق  لە گەڵ داهاتی ئەوبڕەی کەلەبوجەی هەرێم دەبڕدرێت بەپێی یاسای بوجەی ساڵی ٢٠٢١ ( داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەنرخی سۆمۆ) روونکراوەتەوە. زانیارییەکان لە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) وەرگیراوە.   لە یاسای بوجەدا داهاتی نانەوتی بە ٢٠ ترلیۆن و ١٤٩ ملیار دینار دیاریکراوە، گەربێت و ئەم بڕە دابەش بکەین بەسەر مانگەکاندا ئەوا لە حەوت مانگدا داهاتە نانەوتییەکان  دەکاتە ١١ ترلیۆن و ٧٥٣ ملیار دینار. بە زیادکردنی داهاتی نانەوتی بۆ داهاتە نەوتییەکان ئەوا داهاتی ئەم ٧ مانگەی سەرەتای ٢٠٢١ی عێراق دەکاتە ٧٤ ترلیۆن و ١٤١ ملیار دینار کە رێژەی ٥٧٪ ی خەرجی هەموو ساڵەکە پێک دەهێنێت. گەر نرخی نەوت تا کۆتایی ساڵ لەم ئاستەدا بمێنێتەوە ئەوا بەئاسانی ئەو کورتهێنانەی لەیاسای بوجەدا هاتووە پڕدەبێتەوە کە دیاری کراوە بە ٢٨ ترلیۆن و ٦٧٢ ملیار دینار.


راپۆرتی: درەو هەرێمی کوردستان پێویستی بە ( 3هەزار) بینای قوتابخانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی كێشەو شێوازی دەوامی قوتابیان لە قوتابخانەکاندا. بەڵام حکومەتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمدا بەهاوکاری خێرخوازان و وەبەرهێنەران و ڕێکخراوەکان تەنیا (43) بینای قوتابخانەو باخچەی منداڵان دروست كردووەوبە ڕێژەی (%1.4) کێشەی بینا چارەسەر دەکات.  (هەزارو 458) قوتابخانەی لە هەرێمی کوردستان پێویست بووە لە کابینەی نۆیەمدا نۆژەن بکرێنەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم (271) قوتابخانە و ڕێکخراوو خێرخوازان (176) قوتابخانەیان نۆژەنکردووەتەوە بە ڕێژەی (%37)، (981) قوتابخانە و بە ڕێژەی (%67)ی دەمێنێت نۆژەنبکرێتەوە.  بینای قوتابخانەکان بینای قوتابخانەکان وەک بەشێک لە ژینگەی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا، ژینگەیەکی نالەبارە و گونجاو نییە بۆ خوێندن و لەگەڵ  سیستمی نوێی خوێندن یەکناگرێتەوە، سەرباری ئەوەی لە قوتابخانەکان گرفتی بنەڕەتییەکانی (ئاو و دەستشۆر و ئامێرەکانی گەرمکردنەوە و ساردکردنەوە و کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری خوێندکار لە پۆلێک و مێز و ڕەحلە و پاک و خاوێنی و کارەباو هۆکارەکانی هاتوو چۆ و نەبوونی باخچە و فرۆشگاو...هتد)ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەکان کۆن و داڕزاون و بە کەڵکی خوێندن نایەن و هەندێکیشیان مەترسی ڕوخانیان لێدەکرێت. ئەمە جگە لەوەی ئەو بینایانەی تازە دروستدەکرێن بە هۆی نەبوونی چاودێری پێویست و گەندەڵییەوە هەست بە کەموکورتی زۆر دەکرێت تێدایاندا بە جۆرێک لەگەڵ قوتابخانەو ژینگەی مۆدێرندا ناگونجێن و زۆرجار بە بێ هۆڵی وەرزشی و تاقیگەو کۆمپیوتەر و کتێبخانە دروستدەکرێن، یان دروستدەکرێن و وەک پۆل سوردیان لێ وەردەگیرێت. ئەمە سەرەڕای بوونی دوو دەومی و سێ دەوامی و هەڵبژاردنی شوێنی دروستکردنی قوتابخانە لە ژینگەو ناوچەی جوگرافی نەگونجاوو نازانستی وەکو شوێنی گشتی و ناوبازاڕو سەرشەقامی گشتی ...هتد. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕوانگەی پەی) لە بارەی (هەڵسەنگاندنی ڕوشی پەروەردە لە کابینەی هەشتەمدا 2014-2018) کە لە ساڵی (2019) بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە نیوەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە نوژەنکردنەوەیە، تەنانەت لە ساڵی (2018)دا (501) قوتابخانە بە ڕێژەی (%9.6) شورای نەبووە. (30) قوتابخانەش لە (گڵ) دروستکراون و لە هەندێک قوتابخانەدا مەترسی ڕوخانی هەبووە. هاوکات بەپێی سیستمی نوێی خوێندن پێویستە هەر بینایەک یەک قوتابخانەی تێدابێت، بۆ ئەوەی کاتی دەوامی پێویست دابین بکرێت، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانەکان زیاتر لە دەوامێکێیان تێدایە، ئەم گرفتە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا درێژەی هەیە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی (ڕوانگەی پەی) لە ساڵی (2018)دا (194) قوتابخانە لە بینای کرێدابوونە کە بەشی زۆریان مەرجەکانی بینای قوتابخانەیان تێدا نەبووەو لە هەمان ساڵدا (1395) قوتابخانە میوانی قوتابخانە یان فەرمانگەیەکی حکومی بوونە، تەنانەت داخستنی قوتابخانەی گوندەکان بەردەوام ڕووی لە زیادبوون کردووەو لە کابیەنی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە جۆرێک (600) گوند بێ قوتابخانەبوونە و قوتابی چەند گوندێک لە یەک قوتابخانە کۆکراوەنەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پەروەردە بە هیچ شێوەیەک باسی چارەسەری ئەم گرفتانەی نەکردووە. پەروەردە لە کابینەی نۆیەمدا لە کارمانەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە" کار دەکەین بۆ چاککردن و بەرزکردنی ئاستی خزمەتگووزارییەکانی پەروەردە و فێرکردن لە کەرتی گشتی و دانانی رێکاری ڕاکێشانی بەشداریی سەرمایەدارانی هەرێم و دەرەکی بۆ بەشداری لە ئاواکردنی قوتابخانەی نوێ لەو شوێنانەی پێویستە. هەروەها کار دەکەین بە پێداچوونەوە بە مەنهەجی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەرۆکیان بە پێی ستانداردە باوەکان. بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019-1/5/2021" لاپەڕە (130-147)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ چالاکییەکانی "وەزارەتی پەروەردە" لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پەروەردەدا تایبەت بە بینای قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و کارەکانی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بەو سێکتەرە هاتووە؛ 1.    لە هەرێمی کوردستان نزیکەی (1 ملیۆن و 750 هەزار) قوتابی هەن. 2.    نزیکەی (130) هەزار مامۆستا هەن، بە فەرمانبەر و مامۆستایانی گرێبەستەوە ژمارەکە بەرز دەبێتەوە بۆ (161 هەزارو 109) موچەخۆر. 3.    (6 هەزار و 710) قوتابخانە هەیە 4.    سێکتەری پەروەردە پێویستی بە (3) هەزار بیناو باڵەخانەی نوێ هەیە. کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تایبەت بە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانەکان  بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پەروەردە لە 15/7/2019 ەوە چەند قوتابخانەو باخچەیەکی منداڵان  لە سنوری پەوەردەی پارێزگاکان دروستکراون و نۆژەنکراونەتەوە، لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم و پەرەپیدانی پارێزگاکان و ڕێکخراوو خێرخوازان بووە بە جۆرێک؛ 1.    لە هەرێمی کوردستان تەنها (5) باخچەی منداڵان دروستکراوە، (1) باخچەیان حکومەتی هەرێمی تەمویلی کردووە، (4) باخچەکەی دیکەیان خێرخواز و وەبەرهێنەران دروستیان کردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)). 2.    لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە 15/7/2019 بۆ 1/3/2021، (38) قوتابخانە دروستکراون و حکومەتی هەرێم (17)یانی تەمویل کردووە (21)یان خێرخواز و ڕێکخراو و وەبەرهێنەران دروستیانکردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))، ئەمە لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان پێویستی بە (3) هەزار بیناو باڵەخانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بیناو و قوتابخانەو هۆڵ و شێوازی دەوامی قوتابیان لە قوتابخانەکان. کەواتە حکومەتی هەرێم لە کابینەی نۆیەمدا بەهاوکاری خێرخوازان و ڕێکخراوو وەبەرهێنەرانەوە توانیویەتی (43) بینای قوتابخانەو باخچەی منداڵان دروست بکات ئەمەش ڕێژەی (%1.4) کێشەی بینا چارەسەر دەکات.  3.    لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە 15/7/2019 بۆ 1/3/2021، (447) قوتابخانە بەشێوەی گشتگیر و جوزئی نۆژەنکراونەتەوە، حکومەتی هەرێم خەرجی (271) قوتابخانەیانی لە ئەستۆ گرتووە و (176) قوتابخانەیان ڕێکخراوو خێرخوازان پاڵپشتی ماددییان کردووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)). بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕوانگەی پەی) لە بارەی (هەڵسەنگاندنی ڕوشی پەروەردە لە کابینەی هەشتەمدا 2014-2018) کە لە ساڵی (2019) بڵاوکراوەتەوە، لەساڵی (2018) (3 هەزار 162) قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە بووەو حکومەتی هەرێم لە کابینەی هەشتەم (1 هەزار 704) قوتابخانەیانی نۆژەنکردووەتەوەو (1 هەزار 458) قوتابخانەیان پێویست بووە لە کابینەی نۆیەمدا نۆژەن بکرێنەوە، (بێگومان ئەو ژمارەیە دوای سێ ساڵ زیادی کردووە) بەڵام لە کابینەی نۆیەم (477) قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوەو بە ڕێژەی (%37.2)، (981) قوتابخانە و بە ڕێژەی (%67.3)ی دەمێنێت نۆژەنبکرێتەوە.       


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)   ڕۆژی پێنجشەممە، ٥/٨/٢٠٢١، ئیبراهیمی ڕەئیسی وەک سەرکۆماری هەڵبژێراو، لەبەردەم ڕێبەری باڵای ئێراندا، سوێندی یاسایی دەخوات و "بەڕەئیسی" لەسەر کورسی سەرکۆمار دەستبەکار دەبێت. ئەو لە پرۆسەی هەڵبژاردنێکی سارد و کەشێکی گەرم و بایکۆتێکی زۆر و دنیایەکی ئاڵۆز و چەندین یەخانگیرییی سیاسیی و ئابووریی نێوخۆیی و دەرەکییدا، وەک دواسەرۆکی وڵاتەکەی دەچێتە سەر کورسیی سەرکۆماریی. ئیبراهیم ڕەئیسی(٦١ ساڵ)، ئاخوندێکی موسڵمانی شیعەمەهەبی دوانزە ئیمامی، لەدایکبووی گەڕەکی نوغانی شاری مەشهەدی ئێرانە، لەنێو شۆڕشگێڕانی ئیسلامیی ئێراندا، بە پیاوی بناژۆخواز، دڵسۆز و یەکدیووی نێو شۆڕش و باوەڕدار بە بنەماکانی ئیسلامێتی شۆڕش و ملکەچی ڕێبەر  ناسراوە، بەڵام لای نەیارانی کۆماری ئیسلامی، ناوبانگی بە "پیاوی سێدارە" دەرکردووە، چونکە دەڵێن یەکێکە لە جێبەجێکارانی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە هەشتاکاندا و کارنامەیەک لە توندوتیژیی و تۆقاندن. ڕەئیسی لە دواهەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا، وەک کاندیدی متمانەپێکراوی بناژۆخوازانی نێو شۆڕش پەسەند و لەڕێگەی شورای پاسەوانەکانیشەوە بەهۆی ڕەتکردنەوەی ڕکابەرە سەرەکییەکانییەوە لە پرۆسەی پاڵاوتندا جادەکەی بۆ تەخت کرا، لە کۆی ٥٩٢ کاندید تەنها حەوتییان مانەوە کە هیچییان لەو ئاستەدا نەبوون کێبەرکێ بکەن و هەر زووش سیانیان کشانەوە و خۆیان دایەپاڵ ڕەئیسی، ئەوانی دیکەش نوێنەری ڕەسمی هیچ باڵێکی وەک ڕیفۆرمیستان یان بناژۆخوازان نەبوون و نەیارانی کۆماری ئیسلامیش لەبنەڕەتەوە بەشداری پرۆسەکەیان نەکرد. لەڕێگەی ئەم کردەی پاڵاوتنەوە، ئەو پەیامە زوو گەیشت کە دەوڵەتی قوڵی نێو ئێران دەیەوێت ڕەئیسی سەرۆکی ئایندە بێت و ئاماژەکان واوەتریش دەچن کە ئەمە سەرەتایەکە بۆ ڕێگاخۆشکردن بۆ ڕەئیسی تا ببێتە جێگرەوەی خامینەیی و ڕێبەرایەتیکردنی ئێران بۆ پاش خامینەیی. پاشخانی ڕەئیسی تەنها بڕوانامەی ئەو سەرقاڵیی چەندساڵێکی تەمەنییەتی (١٥-١٩ساڵی) بە وانە ئاینی و فیقهییەکانی حەوزە عیلمییەکانی مەشهەد و قوم بووە. پاشتر و لەم ساڵانەی دواتردا لەڕێگەی خوێندنی پاراڵێڵەوە، دەوترێت بڕوانامەی دکتۆرای یاسای لە زانکۆی موتەهەری وەرگرتووە. ڕەئیسی لە شاگردانی پیاوانی ئاینیی وەک نوری هەمەدانی، ئەبولقاسم خەزعەلی و عەلی مشکینی و ...تاد بووە، کە سەرجەمیان لە پیاوانی بناژۆخوازیی نزیک و هاودیدی عەلی خامینەیی ڕێبەری هەنووکەیی بوون، "مەعریفەی مەزهەبی-سیاسی" لەسەردەستی ئەوان فێرکراوە. لەڕووی پێگەی کۆمەڵایەتیشەوە، زاوای ئەحمەد عەلەمولهودای وتاربێژی مەشهەد و نوێنەری ئایەتوڵا خامینەیییە لە خۆراسانی ڕەزەوی. (جەمیلە عەلەمولهودا هاوسەرییەتی)، عەلەمولهودا یەکێکە لە بناژۆخوازە ڕادیکاڵەکان و بە وتارە ئاگرینەکانی ناسراوە، بەجۆرێک بە هەمەکارەی مەشهەدی دەزانن و قسەی ئەو یەکەمە لە نێوەندی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئەو نێوچانەدا. ڕەئیسی لە ٢٠ساڵییەوە، بە چەند مانگێک پاش شۆڕشی١٩٧٩، بێئەوەی هیچ بڕوانامەیەکی یاسایی خوێندنی هەبێت، چووەتە بواری دادەوەرییەوە و کاری خۆی لەدەسەڵاتی دادوەرییدا لە دادگای کەرەج دەست پێکرد و بووە داواکاری گشتی، زۆری نەبرد هاوکات پۆستی داواکاری گشتیی هەمەدانیشی وەئەستۆ گرت. لەساڵی ١٩٨٥یشەوە، ڕاژەکەی بۆ داواکاری گشتیی تاران گواستەوە.  لەساڵی ١٩٨٩وە، بەدەستبەکاربوونی عەلی خامینەیی، پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتیی تارانیشی وەرگرت، لەساڵی ١٩٩٤تا ٢٠٠٤یشدا، دیوانی دەزگای چاودێریی گشتی ئێرانی پێ سپێردرا، ساڵی ٢٠٠٤تا ٢٠١٤ سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی هەموو ئێرانی وەرگرت. لە ساڵی ٢٠١٥شدا بە فەرمانێکی ڕێبەر، بەرپرسیارێتی گەورەترین و دەوڵەمەندترین دەزگای ئاینی کە "عەتەبەی قودسی ڕەزەویی" مەشهەدە و مەرقەدی ئیمام ڕەزای ئیمامی ناوازەی شیعەکانی جیهانی وەدەست گرت. هەر لەو ئانوساتەشدا دیسان بەفەرمانی ڕێبەر، کرایە ئەندامی ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان. لە سێ ساڵی ڕابردووشدا، وەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی وڵات، دەستبەکاربووە. بۆ ماوەی دوو خولی یەکلەدوایەک وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزیان، هەڵبژێردراوە و هەنووکە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەیە، هەروەها ئەندامی لیژنەی مادەی ١١١ی دەستوورە لە هەمان ئەنجوومەن، کە کاری یەکلاکردنەوە و چاودێریی ڕێبەر و لە ئەگەری مەرگی ڕێبەردا یاخود لەکارخستنیدا، ئەو لیژنەیە ئەرکی دروستکردنی لیژنەیەکی کاربەڕێکەرە بۆ دیاریکردنی ڕێبەری نوێ. لەپەنای ئەو پۆستانەی باسکران، چەندین پۆستی دیکەی هەبووە، لەوانە بەرپرسی "تیمی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام" و "بەرپرسی لیژنەی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر" و یەکێکیش بووە لە دامەزرێنەرانی حەوزەی فاتیمەی زەهرا، لە تاراندا. هەروەها ئەندامی شورای باڵای فەزای مەجازی(ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، ئەندامی "شورای دراو و بەها" و ئەندامی شورای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئابووریی بووە. یەکێکیشە لەوانەی کە بانگەشەی زیندووکردنەوەی پۆلیسی دادوەرییە و داوای کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنەوەی تۆڕەکانی ئینتەرنێتە. کارنامەی ئاڵۆز و دیبلۆماسیی سنووردار ئەوەی بە کارنامەی ڕەئیسییەوە گرێدراوە و دەبێتە تەگەرەی ئایندەیی بۆ جوڵە سیاسییەکانی: ١. کاری لەنێوبردنی نەیاران بووە لەڕێی دادگاوە لەدەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و هەروەها ئەندامبوونیەتی لە لیژنەیەکی لەسێدارەدان کە بە "لیژنەی مەرگ" ناسراوە، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسیی نەیارانی نێوخۆیی شۆڕشی لەئەستۆ بوو، کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی ساڵی ١٩٨٨ بوو، تێیدا سەدان لایەنگری گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان و کەسووکاریانی لە خۆگرتبوو و بە ئیمزای ناوبراو پەتی سێدارە لە ملیان کرا. زۆرترینی قوربانیانی ئەم دۆسێیە چەپەکان و گرووپی موجاهدینی خەڵق و خانەوادەکانیان بوون. ٢. پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ: لەوەدا کە بەرپرسیار بووە لە دادگاییکردنی دۆسیەی سزادانی هاوڵاتیان بە تۆمەتی نەیاریی و یاخیبوون دژی ڕژێم و سزادانی کەسایەتییە سیاسییەکان و نەیارانی نێوخۆیی وەک دۆسێکانی خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٩- ٢٠١٧-٢٠٢٠ و دەیان پرسی دیکە. لەسەرجەمیاندا، ڕەئیسی یان فەرمانی لەسێدارەدانەکانی دەرکردووە، یاخود پشتیوانی پرۆسەکە بووە و بە کارەباشەکانی خۆی لەقەڵەم داون.  هەروەها خراپی دۆخی زیندانیان لە نێو کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا بەشێکی بەرپرسیارێتیەکەی لەلایەن ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانەوە خراوەتە ئەستۆی ڕەئیسی. ٣. یەکێکیشە لەسزاداراوانی زنجیرە گەمارۆکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا. هەر ئەم کارنامەیەشە، کە دوورنیە لە ئایندەدا، ببێتە بەربەست لەبواری دیبلۆماسیی سەرۆکی نوێدا و ڕێگر بێت لە سەردانە نیودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکانی، چونکە لە چەندین دەزگا و کەناڵی جیاجیاوە داوای لەسەر تۆمارکراوە و لە لیستی تۆمەتباراندایە، دووریش نییە هاوشێوەی سەرۆکی پیشووی سودان لە جوڵەی سیاسییەکانیدا بەتۆمەتی بەشداری لەتاوانە مرۆییەکاندا، هاتوچۆی دیبلۆماسی سنووردار بکرێت. چەندین وڵاتی ئەورووپی، ئیسرائیل، ئەمریکا و هی دیکەش لەگەڵ دەرچوونی ڕەئیسیدا، ئەو دۆسێ و کارنامە ئاڵۆزانەیان زیندوو کردەوە و هەندێکیش وەک "قەساب" لەقەڵەمیاندا. لە پرسی ئەتۆمی و سیاسەتی دەرەوەشدا، ناوبراو ئەزموونی دیبلۆماسی کەمە، زۆرێک لەوباوەڕەدان بەهۆی ئەوەی لەلایەن بناژۆخواز و سوپاییەکانەوە پشتیوانی کراوە، ڕەنگە سیاسەتی دەرەکی ئێرانیش لەم چوارساڵەی ئایندەدا هەمان دیدگای سوپایی و بناژۆخوازەکان ئیدارەی بکات  کە داخران و هەناردەکردنی شۆرش و بەردەوامبوون بێت لەسەر سیاسەتی ڕابردووی شۆڕش. جێنیشینی گریمانەیی ڕێبەر زۆربەی ئاماژەکان، بەو ئاراستەیەدان کە ڕئیسی ساڵانێکە ئامادەسازی بۆ دەکرێت بۆ جێگرتنەوەی ڕێبەری ئێستا. نیشانەکان و هاوکارییەکانی دەزکاگانی دیکەی دەوڵەت و بناژۆخوازەکانیش نیشانەی تەواو و گڵۆپی سەوزی ئەم پرۆسەیەن. دواهەڵبژاردنیش زۆر هاوشێوەی ئەو ئامادەکارییە بوون کە کاتی خۆی لەڕێی سەرکۆمارییەوە، جادە تەختکرا بۆ ڕێبەری ئێستا و پاش مەرگی خومەینیش، هەمان سەرکۆمار کە لەساڵی ١٩٨١ەوە، کاری بۆدەکرا و ڕێگەی بۆ تەخت کرا، تا کرایە ڕێبەر و وا نزیکەی ٣٢ ساڵە ڕێبەری باڵای وڵاتە. چوار ساڵی ئایندە، دوور نییە یەکێک لەپایەکانی جێگرەوەی ڕێبەر، سەرکۆماری ئێران بێت، لەم حاڵەتەدا ناکرێت کەسێک بێت لەنێو مەحرەم و باوەڕدارەکان بە بنەماکانی توندئاژۆکانی نێوشۆڕش نەبێت و وەلای بۆ خامینەیی ڕەها نەبێت. لەدەستووری ئێرانیشدا، لەو سێ دەزگایەی ئەرکی بەڕێکردنی کارەکانی ڕێبەر لە نەبوونیدا ڕادەپەڕێنن، تەنها سەرۆکایەتی کۆمار مابوو بەدڵی بەیتی ڕێبەری نەبێت (چونکە ڕۆحانی زۆرتر بەرهەمی هاوپەیمانێتیی ناچاریی بەرژەوەندیگەراکان+ موحافیزکارە میانڕەوەکان و ڕیفۆرمیستەکان بوو). دووساڵی ڕابردوو بەهۆی فلتەرکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە، توندئاژۆکان ئەوێیان لەدەستی ڕیفۆرمیست و میانڕەوەکان دەرهێنا، ئەنجوومەنی شارەزایانیش دەمێکە وەلایەکی موتڵەقی بۆ ڕێبەرایەتی و توندئاژۆکان یەکلاکردووەتەوە. وا سەرکۆماریش لەبەرژەوەندی توندئاژۆکان یەکلابوویەوە. بەم پێیە، لە کۆی شەش کۆڵەکە بنەڕەتییەکەی دەسەڵات لە ئێراندا: سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمان، دادوەریی، ئەنجوومەنی شارەزایان، شورای پاسەوان و سوپا، بە یەک هارمۆنی و یەک ڕەوت لەم مانگەوە کۆرسێکی هەماهەنگ بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێکدەهێن بە مایسترۆی ڕێبەرەکەی دەکەونەوە کار و ئیتر لە دیاریکردنی ڕێبەری ئایندەش دژواری نایەتەپێش، کە یار و نەیاری نێوخۆیی و دەرەکی گرەویان لەسەر ئاڵۆزیی یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە بوو. (بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی پێگەی سەرکۆمار لەسیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بڕوانە: درەومیدیا، ئێراننامە٢ : سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی)   بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران  ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان  


درەو: راپۆرتی: نەوژین   ئەگەرچی پارێزگای هەڵەبجە بەوە ناسراوە ژنان لە روی ئیداریەوە باڵادەستن، بەڵام لە پارێزگای دهۆکیش لە ماوەی ٧ مانگدا ژنان توانیویانە ٥ پۆستی گرنگی ئیداری بەدەست بهێنن کە سەرجەمیان یەکەمین جارە ژنان لەم پارێزگایە بەدەستی بهێنێت.   سەرۆکی داواکاری گشتی یەکێک لەو پۆستە گرنگانە  پۆستی  سەرۆکی داواکاری گشتی پارێزگای دهۆکە کە یەکەمین جارە ژنێک ئەو پۆستە لەو پارێزگایە وەربگرێت هەوەک دوای ئیدارەی گەرمیان دەبێتە دوەم ژن کە لە هەرێم ئەو پۆستە وەردەگرێت. خانمە دادوەر هەدار عەبدولمەجید، کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا وەک سەرۆکی  داواکارای گشتی دەستبەکاربوە  لە پێشتردا لە دادگاکانی شاری دهۆک و چەندین دادگای قەزاو ناحیەکانی ئەو پارێزگایە کاری کردوە.   بەڕێوبەری گشتی هەروەک ژنان گەشتن بە پۆستی بەڕێوبەری گشتی کاروباری مینن لە پارێزگاکەو رۆژی(١٤/١/٢٠٢١) بە کۆی دەنگی ٢٣ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک شیلان سامر، وەک  بەڕێوبەری گشتی کاروباری مین و تەقەمەنی لە پارێزگاکە هەڵبژێردرا. شمعون شلیمون ئەیشو، جێگری پارێزگاری دهۆک لە مەراسیمەکەدا باسیلەوەکرد ئەم خاتونە دەبێتە بەڕێوبەری یەکێک لە دەزگا مەتریسدارەکانی کە کارێکی قورسیان هەیە، بەگرنگیشی زانی بەم شێوەیە دەستیان بە گۆڕانکاری کردوە لە پۆستەکانی پارێزگاکەیان. شیلان سامر، ساڵی (١٩٧٦) لەدایک بوە، لە ساڵی (٢٠٠٠) دەبێتە مامۆستا و دواتر لە ساڵی (٢٠١٠) بڕوانامەی ماستەر لە مێژو بەدەست دەهێنیت، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ پەرلەمانی عێراق، کاندیدی لیستی پارتی بو، توانی ٦٢٥٩ دەنگ بەدەست بهێنێت. شیلان سامر، بەڕێوبەری گشتی مین لە پارێزگای دهۆک سەرۆکی زانکۆ لە بواری ئەکادیمیشدا جێ پێی خۆیان جێگیردەکەن و بۆ یەکەم جار ژنێک دەبێتە سەرۆکی زانکۆی پۆلیستەکنیک، کە ئەویش مامۆستا ئاری عادلە. هەروەک لەسەر ئاستی کوردستانیش بەهەمان شێوەیە یەکەم ژنە ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت. ئاری عادل، سەرۆکی زانکۆی پۆلیستەکنیکی دهۆک   بەڕێوبەری ناحیە یەکێکی دیکە لەو پۆستە گرنگانەی ژنان لەم پارێزگایەدا بۆ ئەم ساڵ بە دەستیان هێناوە ئەوەیە بۆ یەکەم جار لە مێژوی پارێزگای دهۆک، ژنێک وەک بەڕێوبەری ناحیە دەستبەکاربو، هەر ئەوکاتیش لە مەراسیمی دەستبەکاربونیدا  پارێزگاری دهۆک وتی:  ”ئومێدەکەم ببێتە دەسپێکی هاتنەپێشەوەی ئافرەتان“. لە سەرتای مانگی شوباتی ئەمساڵ  میران عەبدولرەحمان تاها، وەک بەڕێوبەری ناحیەی بامەڕنێ دەستبەکاربو، بەمەش بوە یەکەم ژن لە پارێزگای دهۆک پۆستی بەڕێوبەری ناحیە وەربگرێت.  علی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە ماراسیمی دەستبەکاربونی رایگەیاند: ”ئەمە بۆیەکەم جارە لە پارێزگای دهۆک ئافرەتێک ببێتە بەڕێوبەری ناحیە، هیوادارم لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوبێت و ببێتە نمونەو رێخۆشکەر بۆ ئەوەی زیاتر ئافرەتان لە سیستەمی کارگێڕی رۆڵببین“. میران عبدولرحمان، لە کاتی ئەرکدا وەک بەڕێوبەری ناحیەی بامڕنێ لە پارێزگای دهۆک   بەڕێوبەری چاکسازی  تەنانەت ژنان دەستیان بۆ ئەو پۆستانەش بردوە کە بەمافی خۆیانی دەزانن  بەڕێوەی ببەن وەک بەڕێوبەری چاکسازی ژنان و نەوجوانان. رۆژی (٢٨/٧/٢٠٢١) لە مەراسیمێکدا هەڵات عبدولکەریم، وەک بەڕێوبەری گستی چاکسازی ژنان و نەوجوانن لە دهۆک دەستبەکاربو، لە مەراسیمەکەدا بەڕێوبەری گشتی چاکسازی و کۆمەڵایەتی پارێزگای دهۆک، رایگەیاند: ئومێد دەکەن وەک یەکەم خانم کە ئەم پۆستە وەردەگرێت ببێتە نمونەیەکی باڵا. مەراسیمی دەستبەکاربونی هەڵات عبدولکەریم وەک بەڕێوبەری چاکسازی ژنان و نەوجوانان لە دهۆک بەمەش ژنان لە ماوەی ٧ مانگی ئەمساڵدا بەشێکی  بەرچاوی ئەو پۆستانەیان وەرگرت کە سەرجەمیان رێچکەشکاندنبون  بەمەش دەرگا دەکەنەوە بۆ پۆستە گرنگەکانی دیکەی پارێزگاکەیان کە بتوانن بە دەستی بهێنن.


درەو: راپۆرتی: هێمن خۆشناو به‌گوێره‌ی زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كانی راپرسی (به‌لایه‌نگر و دژبه‌ری ئه‌ردۆغان) له‌ توركیادا ده‌نگه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) زۆر به‌ خێرایی رۆژ له‌دوای رۆژ له‌ كوورتی ده‌دات. به‌شێك له‌ ناوه‌نده‌كان پێیانوایه‌ له‌ ئێستادا ده‌نگه‌كانی ئاكپارتی له‌خوار رێژه‌ی 30٪ دایه‌ و پێشبینی زیاتر له‌ كوورتیدانیشی بۆ ده‌كرێت. ئه‌م ئه‌نجامانه‌ ده‌مانگه‌ینێته‌ ئه‌و باوه‌ڕیه‌ی كه‌ ئه‌ردۆغان به‌ گوێره‌ی سیسته‌می نوێی توركیا ناتوانێ له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی توركیادا رێژه‌ی (50+1) به‌ده‌ست بێنێت. ئه‌م ئه‌نجامانه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره‌مان ده‌كه‌نه‌وه‌: ئایا ئه‌ردۆغان ئه‌م بارودۆخه‌ نابێنێت؟ بێگومان ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نیا ئه‌نجامی هه‌ندێك ناوه‌ندی راپرسی ده‌بینین، ئه‌وه‌ ئه‌ردۆغان ئه‌نجامی هه‌موو ناوه‌نده‌كانی راپرسی ده‌بینێت. كه‌ ده‌سته‌وه‌ستان دانیشتنیش له‌گه‌ڵ سروشتی سیاسیانه‌ی ئه‌ردۆغان ناگونجێت. كه‌واته‌ بژارده‌كانی به‌رده‌م ئه‌ردۆغان چین بۆ ده‌ربازبوونی له‌م بارودۆخه‌دا؟ ئایا كامه‌ بژارده‌ بۆ ئه‌ردۆغان ئه‌وله‌ویه‌ته‌ و كامه‌یان ناچاریه‌؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ ئه‌نجامی ناوه‌نده‌ موعته‌به‌ره‌كانی راپرسی (متڕۆپۆڵ، ئاڤراسیا) وه‌كو فاكت له‌م شیكاریه‌دا به‌كاردێنین و هه‌وڵده‌ده‌ین بژارده‌كانی به‌رده‌م سه‌ركۆماری توركیا و و رێزبه‌ندی بژارده‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری لێكه‌وته‌كانیان بخه‌ینه‌ڕوو له‌ كۆتایشدا پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئایا له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت یان ئاساییدا ئه‌ردۆغان ده‌توانێت به‌م بژاردانه‌ رێژه‌ی (50+1) ده‌نگه‌كان به‌ده‌ستبێنێت و جارێكی دیكه‌ پۆستی سه‌ركۆماری ده‌سته‌به‌ر بكاته‌وه‌. ‌  بژارده‌ی (A)  یان بژارده‌ی ئابووری گرنگترین بژارده‌ له‌به‌رده‌م ئه‌ردۆغان گۆڕینی سیاسه‌ت و ئاماری ئابووریه ‌. له‌ ئه‌گه‌ری ‌باشتركردنی باری ئابووری توركیا ئه‌ردۆغان درێژه‌ به‌ هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ پارتی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست (MHP) به‌ سه‌رۆكایه‌تی (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) ده‌دات كه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ ٪6-7 پێشبینی ده‌كرێت. له‌ ئێستادا ئه‌ردۆغان كار بۆ سه‌رخستنی ئه‌م بژارده‌یه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ریزبه‌ندی بژارده‌كاندا یه‌كه‌مینیانه‌. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پڕۆسه‌ی پێكوتانی دژه‌ په‌تای كۆڕۆنا خێراتر ده‌كات، به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی رێگاكانی په‌یداكردنی پاره‌ی نه‌ختینه‌یی ده‌گه‌ڕێت. له‌گه‌ڵ ئه‌م كاره‌شیدا هه‌وڵده‌دات ناكۆكیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان قوڵتر و توندتر بكات، به‌ تایبه‌تی كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی تورك دژ به‌ كورد خیك بدات.  ئایا ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی ئه‌ردۆغان له‌ بژارده‌ی (A) له‌ ئارادایه‌؟ هه‌رچه‌ند له‌ رووی تیۆری و لۆژیكی‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م بژارده‌یه‌ لاوازیش بێت، ناكرێت له ریشه‌وه‌ ئه‌مه‌ ره‌تكه‌ینه‌وه‌. چونكه‌ توركیا به‌شێكه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ زۆرجار ئه‌نجامه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئامار و ئاماژه‌كانن، زۆربه‌ی جار سوپرایزێك له‌ پشت رووداوه‌كاندا سه‌ری خۆی ده‌ردێنێت و لێمان قیت ده‌بێته‌وه‌.  بۆچی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م بژارده‌یه‌ زه‌حمه‌ته‌؟ ئه‌گه‌ر بڵێین ئه‌ردۆغان توانی ئاماره‌ ئابووریه‌كان كه‌مێك به‌رز بكاته‌وه‌، قه‌رزی بچووك بۆ خاوه‌ن پیشه‌ و دوكانداره‌كان دابین كرد! ئه‌ی چۆن ده‌توانێ چاره‌ی بێكاری (سیاسه‌تی ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار) بكات، كه‌ به‌گوێره‌ی ئاماره‌ فه‌رمیه‌كان 14٪، ئه‌ی چۆن ده‌توانێ سه‌رمایه‌دار په‌لكێشی ناو پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان بكات كه‌ متمانه‌ی نه‌ماوه‌. له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌ پاره‌داره‌كانی تورك به‌ سه‌رمایه‌دار و كه‌رتی بانكی متمانه‌یان نه‌ماوه‌ و باوه‌ڕ ناكه‌ن له‌ژێر سێبه‌ری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغاندا هیچ پڕۆسه‌یه‌كی ریفۆڕم درێژه‌ بكێشێت. بۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری راكێشانی به‌شێكی كه‌می ده‌نگده‌ر ئایا یاریه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان سه‌رده‌كه‌وێت؟ وه‌كو چاودێرێكی كاروباری توركیا ئه‌وه‌ لای من نیشانه‌ی پرسیار و گومانه‌. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی بژارده‌ی (A) لاوازه‌. بژارده‌ی (B) یان بژارده‌ی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ (İYİ Parti) به‌بێ (MHP) یان له‌گه‌ڵ(MHP)! كاتێك چاوی ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی بژارده‌ی ئابووریه‌، مێشكی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی بژارده‌ی (B)‌، كاتێك زانی ناتوانێ رێژه‌ی (50+1) به‌ بژارده‌ی (A) ده‌سته‌به‌ر بكات، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتی خێر (İYİ Parti) به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌ڕاڵ ئاكشه‌نه‌ر.  ئه‌ردۆغان له‌ماوه‌ی رابردوو هه‌وڵیدا، له‌ رێگای ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، مه‌ڕال ئاكشه‌نه‌ر بێنێته‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی، فیگوڕه‌كانی ناو (MHP) به‌ باخچه‌لیشه‌وه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌رگومێنتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی و دژایه‌تیكردنی كورد، داوایان له‌ ئاكشه‌نه‌ر كرد، بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو پارتی باوك. به‌ڵام دیاره‌ ده‌سته‌واژه‌ی پارتی باوك و داوای فیگوڕه‌كانی  (MHP) كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاكشه‌نه‌ر نه‌بوو، چۆن كاریگه‌ری هه‌بێ، كاتێك ده‌نگی پارتی كۆرپه‌ (پارته‌كه‌ی ئاكشه‌نه‌ر)‌ سێ قاتی ده‌نگی پارتی باوكه‌. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌ردۆغان به‌بیانووی ئه‌وه‌ی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی (MHP) دابه‌زیووه‌، هه‌روه‌ها به‌بیانووی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ده‌نگده‌ره‌ عه‌له‌ویه‌كان به‌هۆی هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ (MHP) له‌ (AKP) دووركه‌وتوونه‌وه‌،كه‌ له‌ ساڵی 2002 تا 2015 به‌رده‌وام ده‌نگیان بۆ ‌(AKP) داوه‌، هاوپه‌یمانیه‌تی كۆمار له‌گه‌ڵ  (MHP) هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. ئایا ئاكشه‌نه‌ر ده‌چێته‌ ناو هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان دوای ئه‌وه‌ی له‌ (MHP) جیاده‌بێته‌وه‌؟  هه‌وڵده‌ده‌ين به‌م سێ ئاماژه‌ی خواره‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بده‌ينه‌وه‌: یه‌كه‌م: ئاكشه‌نه‌ر له‌و كاته‌ی له‌ناو (MHP) بوو، سووربوو له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م پارته‌ و بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام داوای به‌ستنی كۆنگره‌ی ده‌كرد، به‌ڵام زه‌لـله‌یه‌كی (AKP)كۆتایی به‌ خه‌ونه‌كه‌ی ئاكشه‌نه‌ر هێنا له‌ناو (MHP) دا. كاتێك (AKP) له‌سه‌ر داوای ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی گوشاریان له‌ دادگا كرد و به‌ستنی كۆنگره‌ی ئه‌م پارته‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری جیابوونه‌وه‌ی ئاكشه‌نه‌ر بوو له‌ پارتی باوك (MHP).  دووه‌م: ئاكشه‌نه‌ر له‌ رووی ئه‌زموونه‌وه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌. بۆچی ده‌چێته‌ ناو كه‌شتیه‌ك كه‌ خه‌ریكه‌ نقوومی ژێر ئاوی ده‌ریا ده‌بێت. سێیه‌م: ده‌نگده‌ری (İYİ Parti) كه‌ ده‌نگده‌رێكی موحافه‌زه‌كاری نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارته‌كه‌یان له‌ ریزی ئۆپۆزسیۆن دایه‌ ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر ئاكشه‌نه‌ر بڵێ، ده‌چمه‌ ریزی ئه‌ردۆغان ناتوانێ جه‌ماوه‌ر و ده‌نگده‌ره‌كه‌ی رابگرێت. جه‌ماوه‌ری (İYİ Parti) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌ردۆغان دووركه‌وتۆته‌وه‌ پشتگیری له‌ ئاكشه‌نه‌ر ده‌كات. ئه‌گه‌ر ئاكشه‌نه‌ر ملكه‌چی ئه‌ردۆغان بێت له‌ناو یه‌ك دوو هه‌فته‌دا ده‌نگه‌كانی له‌ كوورتی ده‌دات و له ده‌وروبه‌ری رێژه‌ی 6-7٪ راده‌وه‌ستێت. بۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانیه‌تی له‌گه‌ڵ (İYİ Parti) ئه‌ردۆغان ناتوانێ (50+1) به‌ده‌ستبێنێت.  به‌ڵام ئه‌گه‌ر (AKP)، (İYİ Parti) و (MHP) به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ن و هاوپه‌یمانیه‌تی بكه‌ن كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مومكینیش بێت زۆر زه‌حمه‌ته‌، ئه‌و كاته‌ دوورنیه‌ به‌ رێگای چه‌ند ئه‌رگومێنتێكی دیكه‌ی جیاوازدا بگه‌نه‌ رێژه‌ی (50+1).  بژارده‌كانی دیكه‌: بژارده‌ی (C) دروستكردنی هاوپه‌یمانیه‌تی ‌له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌و وه‌زیرانه‌ی پێشتر له‌ ئه‌ردۆغان جیابوونه‌ته‌وه و پارتی (Saadet)! ئه‌وه‌ی له‌ بژارده‌ی (B) بۆ (İYİ Parti) پێشبینیمان كرد له‌ ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ لای ئه‌ردۆغان بۆ هه‌ردوو پارتی (Gelecek Parti) به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو و (DEVA Parti) به‌ سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی باباجان خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌. ده‌نگی ئه‌م دووپارته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ئێستادا له‌ خوار 4٪ دایه‌، هۆكاری ئه‌م رێژه‌ ده‌نگه‌ش بۆ هه‌ڵوێستی جیابوونه‌وه‌یانه‌ له‌ ئه‌ردۆغان، به‌ واتایه‌كی دیكه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای ئه‌ردۆغان زۆر زه‌حمه‌ته‌ ئه‌م رێژه‌ ده‌نگه‌ به‌ده‌ست بێنن. ئه‌وه‌ی دیكه‌شیان (Saadet Parti)، كه‌ رازیكردنی ئه‌م پارته‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌م پارته‌ حه‌ز به‌ چاره‌ی ئه‌ردۆغان ناكه‌ن و بانگه‌شه‌ی خیانه‌تكردنی ئه‌ردۆغان له‌ مامۆستا و رابه‌ریان (نه‌جمه‌دین ئاربه‌كان سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركیا و دامه‌زرێنه‌ری Saadet Parti) ده‌كه‌ن، له‌ رووی ئایدیۆلۆژیشه‌وه‌ پێیانوایه‌ ئه‌ردۆغان گه‌وره‌ترین زیانی له‌ ئیسلام داوه‌، هه‌روه‌ها (Saadet Parti) خۆی وه‌كو فریادره‌سی ئیسلامی سیاسی تورك به‌ناو ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌م پارته‌ رازیشبێ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لای ئه‌ردۆغان ئه‌وه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی كه‌ له‌ ئێستا به‌ 2.50٪ پێشبینی ده‌كرێت به‌شی قورتاركردنی ئه‌ردۆغان ناكات. بژارده‌ی (D) و كۆتایی‌؟ ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی گه‌لان (HDP)، له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌م بژارده‌یه‌ دوو پرسیار دێته‌ ئاراوه‌. یه‌كه‌میان: ئایا (HDP) راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ده‌چێته‌ ناو رێككه‌وتنێك كه‌ (MHP) تیایدا فیگوڕێكی سه‌ره‌كی بێت؟ به‌ گوێره‌ی بارودۆخی توركیا مه‌حاڵه‌. دووه‌میان: ئایا رێككه‌وتنێك كه‌ (HDP) له‌گه‌ڵ (AKP) ئه‌نجامی بدات، مومكینه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی بگاته‌ (50+1)؟ ئه‌مه‌شیان مه‌حاڵه‌. بۆ شڕۆڤه‌ی پرسیاری دووه‌م له‌ گۆشه‌نیگای (HDP) سه‌یری تابڵۆكه‌ ده‌كه‌ین.  ده‌نگی پارته‌ كوردیه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیادا، له‌ ساڵی 1991 تا هه‌ڵبژاردنی 7 حوزه‌یرانی 2015 كه‌ تیایدا به‌ناوی (HDP) به‌شداریان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا كرد 7-8٪ بووه‌.  باشه‌ چۆن رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی (HDP) گه‌یشته‌ 12 و 13٪؟ (HDP) له‌سایه‌ی ده‌نگی به‌‌شێك له‌ توێژی چه‌پگر، سۆسیالیستخواز و ناڕازی و ئانارشیستی تورك گه‌یشتۆته‌ ئه‌م رێژه‌یه‌. ئه‌م توێژه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌م پارتانه‌ی له‌ په‌رله‌مان كوورسیان هه‌یه‌ زیاتر بێت و (AKP) به‌ته‌نیا نه‌چێته‌ سه‌ر كوورسی ده‌سه‌ڵات ده‌نگیان بۆ (HDP) داوه‌، واته‌ ده‌نگده‌ری ئایدیۆلۆژی نین. ئه‌گه‌ر سبه‌ی بزانن (HDP) له‌گه‌ڵ (AKP) رێككه‌وتن ده‌كات، به‌ زووترین كات له‌م پارته‌ هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگ بۆ پارتی گه‌لی كۆمار (CHP) ده‌ده‌ن.  ده‌بێت ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكه‌ین، له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌كانی پێشووی توركیادا له‌ ساڵی 2018 دا، بۆ رێككه‌وتنێكی له‌م جۆره‌ سه‌ودا داوایه‌ك‌ ئاراسته‌ی (سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش) سه‌رۆكی پێشووی زیندانیكراوی (HDP) كراوه‌. ئه‌گه‌ر به‌بیر خۆمان بێنینه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ فیگوڕه‌كانی ناو كۆشكی سه‌رۆكی (AKP) به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانیدا ده‌نگۆی ئازادكردنی (ده‌میرتاش) له‌ ئارادایه‌ بڵاوده‌كرده‌وه‌. جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌بوونی زیندانی سیاسی له‌ توركیادا له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا زیان به‌ سیمای وڵاته‌كه‌مان ده‌گه‌ینێت. ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ نووسینی نامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن (عه‌بدولڵا ئۆجالان) و به‌شداری (عوسمان ئۆجالان) له‌ به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ ناڵی (TRT) كه‌ داوایان له‌ ده‌نگده‌ری كورد كرد له‌ نێوان (AKP) و (CHP)  دا بێلایه‌ن بن. له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا داوا له‌ ده‌میرتاش ده‌كرێت‌ ‌: ئه‌گه‌ر ده‌نگده‌ری (HDP) بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی بكات، ئه‌وان ده‌میرتاش ئازاد ده‌كه‌ن. به‌ڵام ده‌میرتاش بێ سێ و دوو ئه‌م سه‌ودایه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌. بۆیه‌ له‌ ئه‌مڕۆدا له‌ رووی ئه‌خلاقی بێ یان له‌ رووی سیاسی زه‌مینه‌ی رێككه‌وتنی (HDP) و (AKP) له‌ ئارادانیه‌.  له‌ چوارچێوه‌ی شڕۆڤه‌كردنی ئه‌م بژاردانه‌دا، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ی كه‌ باشته‌په‌ (كۆشكی سه‌ركۆماری توركیا) له‌ناو بێچاره‌یدا گوزه‌ر ده‌كات. بێچاره‌یه‌ك نه‌سه‌ری دیاره‌ نه‌بن، هه‌رچیه‌ك بكات، ئه‌نجامه‌ پێشبینكراوه‌كانی پێ ناگۆڕێت، مه‌گه‌ر ...



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand