زێڕ و زیو لە "پەناگەی ئارام"ەوە بۆ "سەرمایەی پڕ مەترسی"
2026-02-01 20:28:42
درەو:
تەنها لە هەرێم بە هۆی دابەزینی زێڕەوە زۆرتر لە (450 ملیۆن) دۆلار بە هەڵم بووە
🔻 بەهۆی ئەو دۆخەی بازاڕی کانزاکانی لە جیهان شۆک کرد، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا بە تێکڕایی، تەنها لە هەرێمی کوردستان؛
🔹 دابەزینی نرخی هەر گرامێک زێڕ: تێکڕا نزیکەی (22.5) دۆلار.
🔹 دابەزینی نرخی هەر مسقاڵێک (5 گم) زێڕ: تێکڕا نزیکەی (112.5) دۆلار
🔹 دابەزینی نرخی هەر ئۆنسیەک (31.1 گم) زێڕ: تێکڕا نزیکەی (700) دۆلار
🔹 دابەزینی نرخی هەر کیلۆیەک (1000 گم) زێڕ: تێکڕا نزیکەی (22 هەزار و 508) دۆلار
🔻 خەمڵاندنی زیانەکان: ئەگەر گریمانە بکەین لە کۆگاکان و لای زێڕنگران و هاوڵاتیانی هەرێم لەم کاتەدا تەنها (20) تەن زێڕی ئامادە (بۆ فرۆشتن یان پاشەکەوت) هەبێت:
🔹 زیانی بەها 20 تەن (20,000 کگم) زێڕ × (22 هەزار و 508) دۆلار = 450 ملیۆن و 160 هەزار و 772 دۆلار.
🔹 واتە تەنها لە سێ ڕۆژدا، بەهای ئەو زێڕەی لە ناو هەرێمدا هەیە، بە بڕی زۆرتر لە 450 ملیۆن دۆلار "بە هەڵم بووە" یان لە بەهاکەی کەمبووەتەوە.
زێڕ هەمیشە وەک "پەناگەی ئارام" دەبینرێت، بۆیە هەر جووڵەیەکی لەناکاوی نرخەکەی، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی جیهانیدا. نرخی کانزا دەگەمەنەکان و "زێڕ و زیو" بەتایبەت لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا "شۆک"ێکی ئابوری دروست کرد لە بازاڕەکانی جیهان، بەشی زۆر هۆکارەکانیش بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، ئەوانیش؛
هۆکاری دابەزینی لەناکاوی نرخەکان (شۆکە گەورەکە)
شارەزایانی ئابوری چەند هۆکارێکی سەرەکی دەستنیشان دەکەن، ئەوانیش:
• بەهێزبوونی دۆلار: پەیوەندییەکی پێچەوانە لە نێوان دۆلار و زێڕدا هەیە. کاتێک بەهای دۆلار بەرز دەبێتەوە (بەهۆی داتای ئابوری بەهێزی ئەمریکا)، زێڕ بۆ وەبەرهێنەرانی دراوەکانی دیکە گرانتر دەکەوێت و فرۆشتنی زیاد دەکات.
• سیاسەتی بانکی فیدراڵی ئەمریکا FED):) لێدوانەکان سەبارەت بە هێشتنەوەی ڕێژەی سوود (Interest Rate بە بەرزی، وا دەکات وەبەرهێنەران لە زێڕەوە بەرەو "سەنەداتی گەنجینە" بچن کە سوودی مسۆگەریان پێدەبەخشێت.
• هێوربوونەوەی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان: هەر کاتێک هەواڵی ئەرێنی سەبارەت بە ئاگربەست یان کەمبوونەوەی شەڕ لە ناوچەکە (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بڵاوببێتەوە، خواست لەسەر کڕینی زێڕ وەک پارێزەر کەمدەبێتەوە.
• کاندیدکردنی "پیاوە ژیرەکە" و کاریگەرییە دەروونییەکان: لە سەروو هەموو ئەو هۆکارانەوە، لە وەرچەرخانێکی کتوپڕدا، بازاڕی زێڕ و زیو لەسەر ئاستی جیهان و هەرێمی کوردستان یەکێک لە گەورەترین شۆکە داراییەکانی چەند دەیەی ڕابردووی بەخۆوە بینی. ئەم داڕمانە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، "کێڤین وارش"ی بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاندید کرد، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی پێشبینییەکانی وەبەرهێنەران. بەپێی شرۆڤەکارانی جیهانی، بازاڕ "کێڤین وارش" وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ و وریاتر لە "جیرۆم پاوڵ" دەبینێت. "تۆم پرایس" شرۆڤەکاری پانمۆر لیبرۆم ئاماژە بەوە دەکات، کە بازاڕ پێیوایە "وارش" بە ئاسانی مل بۆ داواکارییەکانی ترەمپ نادات بۆ کەمکردنەوەی خێرای سوودی بانکی. ئەم متمانەیە بە وارش، وایکرد دۆلار بەهێز بێت و زێڕ و زیو لە "پەناگەی ئارام"ەوە بگۆڕدرێن بۆ "سەرمایەی پڕ مەترسی".
ڕێگاکانی کڕین و فرۆشتن و شێوازی مامەڵە کانزا بەنرخەکان
بەشێوەیەکی سەرکی دوو ڕێگای سەرەکی هەن بۆ مامەڵەکردن بە زێڕ و زیو و کانزا بەنرخەکان:
• کڕینی فیزیکیPhysical):) کڕینی خشڵ، سکە، لە بازاڕە ناوخۆییەکان، بۆ پاشەکەوتی درێژخایەن.
• بازاڕە جیهانییەکانی وەکForex/Trading):) کە مامەڵەکردن بە "ئۆنسە" لە ڕێگەی شاشە و پلاتفۆرمەکانەوە بەبێ ئەوەی زێڕەکە وەربگریت. ئەم ئەم مامەڵەیە خێراترە و مەترسییەکەشی زیاترە.
ئاستی زیانەکان و دابەزینی نرخەکان
بەپێی یەکە پێوانەییەکان، دابەزینەکە بەم شێوەیە بووە (بە نزیکەیی لەسەر ئاستی جیهانی):
• ئۆنسەی زێڕ: هەر ئۆنسیەیەک زێڕ لە بەرامبەر بە (31.1 گم)ە لە سێ ڕۆژدا نزیکەی ($700 بۆ $ 800) دابەزیوە، بە ڕێژەی (9%) و لە سەروو (5 هەزار و 600) دۆلارەوە بۆ خوار (4 هەزار 700) دۆلار دابەزی و پاشان خۆی ڕێکخستەوە بۆ نزیکەی (4 هەزار و 900) دۆلار.
• زیو: زیو کە بە "زێڕی هەژاران" ناسراوە، گەورەترین زیانمەندی ئەم شۆکە بوو، لوتکەی نرخ ئەم کانزایە پێش رۆژی هەینی بە رێژەی 39٪ بەرزببووەوە و ئاستی 120 دۆلاری تێپەڕاندبوو، تەنها لە یەک ڕۆژدا ٢٨٪ی قازانجەکانی لەدەستدا و گەیشتە نزیکەی 84 دۆلار، نزمترین ئاستی لە کاتە هەرە هەستیارەکاندا، نرخی ئۆنسەیەک زیو تا ئاستی 69 دۆلاریش دابەزی، بە مانایەکی پوخت، هەر ئۆنسەیەکی زیو لە (120) دۆلارەوە بۆ خوار (70) دۆلار دابەزی و دواتر خۆی ڕێکخستەوە بۆ سەرو (80) دۆلار بەرزبوویەوە.
• بە هەڵمبوونی سەرمایە: لە بازاڕی جیهانیدا، ئەم دابەزینە بە سەدان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت کە لە بەهای بازاڕی (Market Cap) ئەم دوو کانزایە کەمبووەتەوە، لەسەر ئاستی جیهانی، تەنها لە 3 ڕۆژدا ترلیۆن دۆلار لە بەهای کانزا بە نرخەکان لە جیهاندا کەمی کردووە. ئەمە ژمارەیەکی خەیاڵییە و نیشانەی ئەوەیە کە پارەکان لە کانزاوە کۆچیان کردووە بەرەو (بۆرسەی پشکەکان و دۆلار).
کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان
ساڵانە بڕێکی زۆر زێڕ لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانی (هەولێر و سلێمانی)یەوە هاوردە دەکرێت، کە بەشێکی زۆری بۆ بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەچێت:
• بڕی هاوردە: ساڵانە بە تێکڕا لە نێوان 70 بۆ 90 تەن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت (ئەم بڕە بەپێی ساڵ و جێگیریی بارودۆخی ئابوری دەگۆڕێت).
• بەهای دارایی: ئەگەر تێکڕای نرخی کیلۆیەک زێڕ بە (100 هەزار) دۆلار بخەمڵێنین _کە بۆ ئێستا نرخەکە زۆر لەو بڕە زیاترە_، قەبارەی بازرگانییەکە ساڵانە لە نێوان 7 بۆ 9 ملیار دۆلار دایە تەنها لە هاوردەکردندا، بێگومان بە گەڕان و کڕین و فرۆشتنی ڕۆژانە ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر دەبێت.
• زیو: بازرگانی زیو قەبارەکەی بچووکترە و زیاتر بۆ پیشەسازی و کاری دەستی و خشڵ بەکاردێت، کە دەگاتە چەند تەنێک لە ساڵێکدا.
قەبارەی "بە هەڵمبوون"ی سەرمایە لە هەرێم (بەهۆی ئەم شۆکەوە)
بۆ تێگەیشتن لەوەی چەند پارە لە بازاڕی کوردستاندا "بە هەڵم بووە" یان بەهاکەی دابەزیوە لەم سێ ڕۆژەدا، دەتوانین ئەم هاوکێشەیە بەکاربهێنین:
• دابەزینی نرخی هەر گرامێک زێڕ: تێکڕا نزیکەی (22.5) دۆلار
• دابەزینی نرخی هەر مسقاڵێک (5 گم) زێڕ: تێکڕا نزیکەی (112.5) دۆلار
• دابەزینی نرخی هەر ئۆنسیەک (31.1 گم) زێڕ: تێکڕا نزیکەی (700) دۆلار
• دابەزینی نرخی هەر کیلۆیەک (1000 گم) زێڕ: تێکڕا نزیکەی (22 هەزار و 508) دۆلار
خەمڵاندنی زیانەکان: ئەگەر گریمانە بکەین لە کۆگاکان و لای زێڕنگران و هاوڵاتیانی هەرێم لەم کاتەدا تەنها (20) تەن زێڕی ئامادە (بۆ فرۆشتن یان پاشەکەوت) هەبێت:
• زیانی بەها 20 تەن (20,000 کگم) زێڕ × (22 هەزار و 508) دۆلار = 450 ملیۆن و 160 هەزار و 772 دۆلار.
واتە تەنها لە سێ ڕۆژدا، بەهای ئەو زێڕەی لە ناو هەرێمدا هەیە، بە بڕی زۆرتر لە 450 ملیۆن دۆلار "بە هەڵم بووە" یان لە بەهاکەی کەمبووەتەوە (ئەمە تەنها زیانێکی کاغەزییە مەگەر کەسەکە لەو کاتەدا زێڕەکەی فرۆشتبێت.
ئەم دابەزینەش بووەتە بەهۆی؛
1. زیانی زێڕنگران: ئەو بازرگانانەی بڕێکی زۆر زێڕیان بە نرخی بەرز کڕیوە، لەم چەند ڕۆژەدا تووشی زیانی گەورە بوون لە ڕووی بەهای سەرمایەکەیانەوە.
2. وەستانی کاتیی بازاڕ: زۆرێک لە کڕیار و فرۆشیاران چاوەڕێ دەکەن تا نرخەکە جێگیر دەبێت، ئەمەش سستی دەخاتە بازاڕەوە.
