Draw Media

"لێكۆڵینەوە بكرێتەوە لە پێدانی غازی شل بە كارگەكانی خشت لە كوردستان"

"لێكۆڵینەوە بكرێتەوە لە پێدانی غازی شل بە كارگەكانی خشت لە كوردستان"

2026-02-05 10:42:03


(درەو):
ئەنجومەنی هەماهەنگی پیشەسازی عێراق بڕیاریدا وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان جارێكی تر لێكۆڵینەوە بكەن لە بڕیاری دابینكردنی غازی شل بۆ كارگەكانی خشت لە هەرێمی كوردستان. 
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی پیشەسازی كرد. لەم كۆبوونەوەیەدا كە هەریەكە لە وەزیرانی دارای و بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستی و ژمارەیەك بەرپرسی تر ئامادەبوون، چەند بڕیارێك درا، كە یەكێكیان تایبەت بوو بە هەرێمی كوردستانەوە. 
كۆبوونەوەكە دەنگیدا لەسەر ئەوەی هەریەكە لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دووبارە لێكۆڵینەوە بكەن لەبارەی بابەتی پێدانی غازی شڵ لە كارگەكامی خشت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. 
كۆتاییەكانی مانگی رابردوو، کۆمپانیای (دانا غاز)ی ئیماراتی كە تاكە كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستان (كێڵگەی كۆرمۆر) بەڕێوەدەبات، واژۆکردنی زنجیرەیەک ڕێککەوتنی درێژخایەنی فرۆشتنی غاز راگەیاند. 
بەپێی ئەم رێککەوتنانە، بڕێکی بەرچاو لە غازی سروشتی لە کێڵگەی (كۆرمۆر)ی چەمچەماڵەوە بۆ بەکارهێنەرە پیشەسازییە گەورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دابین دەکەن.
وەكو ئەوەی (جانەغاز) خۆی بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا 142 ملیۆن پێ سێجا غازی ستاندارد لە رۆژێکدا بە چەند کۆمپانیایەکی چیمەنتۆ و پۆڵا بۆ ماوەی (10) ساڵ دەفرۆشرێت، لەگەڵ دەستپێکردنی دابینکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی چەمچەماڵ لە نیوەی دووەمی ساڵی 2027. 
کێڵگەی چەمچەماڵ لە ئێستادا لە قۆناغی پەرەپێداندایە، لەگەڵ پلانی دروستکردنی بۆری نوێ لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتەوە بۆ دابینکردنی غاز بۆ بەکارهێنەرانی پیشەسازی لە ناوچەکە دەڤەری هەولێر و بازیان.
 یەکێک لەو بۆرییەكان هێڵێکی تایبەتە بە درێژایی 40 کیلۆمەتر کە راستەوخۆ کێڵگەی چەمچەماڵ بە بەکارهێنەرانی پیشەسازی لە بازیان دەبەستێتەوە.
ئەم ڕێککەوتنانە لەگەڵ چیمەنتۆی ماس، چیمەنتۆی بازیان، چیمەنتۆی دێڵتا، چیمەنتۆی گاسن، چیمەنتۆی سلێمانی واژۆ کراون، کە هەموویان دەکەونە ناوچەی پیشەسازی بازیان لە پارێزگای سلێمانی، جگە لە ڤان ستیل لە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان.
ریچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای داناغاز، دەڵێت: ئەم ڕێکكەوتنە زیادبونی خواستی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دابین دەكات و رۆڵی غازی سروشتی وەک سوتەمەنییەکی سەرەکی بۆ کەرتی پیشەسازی هەرێم بەهێزتر دەکات، بە دابینکردنی غازی بۆ رێڕەوی پیشەسازی بازیان، بەشداری دەکەین لە کەمکردنەوەی دەردانی غازی ژەهراوی و باشترکردنی کارایی وزە لەڕێگەی کەمکردنەوەی تێچوون و دەردانی غازی ژەهراوی، بەمەش جێگەی سوتەمەنی شلەی قورس دەگرینەوە و پشتگیری پیشەسازییە سەرەكییەکان دەكەین.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم رێککەوتنە تەنها بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە گرنگ نییە ، بەڵکو پاڵپشتی گەشەی پیشەسازی دەکات، هەلی کاری نوێ بۆ کۆمەڵگەی ناوخۆیی و خزمەتگوزارییەکان دەڕەخسێنێت، هەروەها هاندەری چالاکییە ئابورییەکانە لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەری رێڕەوی بازیان لەمەودای دووردا.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand