گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان، هەرێمی کوردستان وەک نموونە
2021-12-22 18:38:23
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
جەنگ لە دونیای نوێدا بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە سێکتەرێکی گەورە و گرنگیی ئابووریی بازرگانیی کە کۆمپانیا ئەهلییەکان لەبری لەشکر پیادەیدەکەن. ئەم مۆدێلە نوێیە لە جەنگگێڕان بە عەقد لەگەڵ گروپ و دەزگا ئەهلییەکانی سێکیوریتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بلاک ۆتەر لە عێراق بەرجەستەترین نموونەی ئەو دەزگا ئەهلییانەیە کە بەشداریی ئەکتیڤیان لەو جەنگەدا هەبوو. لەدونیا ئێستاماندا چوار هێزمان هەیە کە جەنگ و توندوتیژیی نادەوڵەتیی پیادەدەکەن، یەکەمیان لۆرد یان میرانی جەنگە، دووهەمیان گروپە پارتیزانەکانن، سێهەمیان هێزە تیرۆریستییەکانن، چوارەمیان گروپە تاوانکارییە رێکخراوەکانن. هەرچی گروپی لۆردانی جەنگ و گروپە مافیایی و تاوانکارییەکان هەیە ئامانجیان بەپلەی یەکەم ئابووریی و کەڵەکەکردنی سامانە، بەرامبەر بەوان گروپە تیرۆریستییەکان و پارتیزانەکان ئامانجی سیاسییان هەیە. سنووری چالاکیی لۆردەکانی جەنگ و گروپە پارتیزانەکان لۆکاڵییە و لەناو جوگرافیایەکی دیاریکراودایە، بەپێچەوانەوە چالاکی گروپە تیرۆریستییەکان و گروپە مافیی و تاوانکارییەکان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی چالاکن.
هەندێ لە بیریاران ئەم مۆدێلە نوێیەی رێکخستنی جیهان لە دوای جەنگی سارد و دوای یانزەی سێپتێمبەر بە فەوزا یان ناڕێکخستنی نوێی جیهان ناودەبەن، هەندێکی تریش ئەم مۆدێلە لە جەنگ بە شەڕی ناوخۆیی جیهانیی ناودێردەکەن. ئەم رێکخستنە جیهانییە نوێیە لای ساموێل هانتینگتن جەنگی کولتوور و یەکێکی تر دابەشکردنەکە دەباتەوە سەر سەردەمی رۆمەکان، واتە جەنگی نێوان ئیمپراتۆرییەت و بەربەرییە نوێیەکان، ژان کریستۆف روفان باس لە کێشانی سنووری نوێ لەنێوان جیهانی رۆژئاوا و دەرەوەی خۆی دەکات. نموونەی دروستکردنی دیواری گەورە لەنێوان دەوڵەتەکان و چ لە ئەمریکا و چ لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا و دەرەوەی خۆی، هەمان ئەو مۆدێلەمان لە سنوورکشانی رۆمەکان بیردەخاتەوە کە دژ بە گروپە جەنگاوەرەکانی تر کێشایان کە ئەوان بە بەربەرییەکان ناودێریان دەکرد و ئاسەوارەکانی تاوەکو ئەمڕۆ هەر ماون.
لە هەرێمی کوردستاندا لەپاڵ دوو هێزی چەکداری حیزبیی کە بە شکڵیی لە وەزارەتی پێشمەرگە تۆمارکراون و لەژێر فەرماندەی سەرۆکی هەرێمن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەلائەتیان لە سنووری دواپرسگەی دەسەڵاتدارێتی حیزبیی، بۆ یەکتر کۆتایی پێدێت. سەرەڕای ئەم دوو هێزە چەندین هێزی چەکداری جیاواز و چەندین دەزگای سیکیوریتیی بوونیان هەیە کە هەر هەموویان سەر بە کەسان و خزمی دەسەڵاتداری ناو هەردوو هێزە سیاسییە گەورەکەی هەرێمن.
لە هەرێمی کوردستاندا هەر چوار مۆدێلەکە لە گروپی چەکداری نادەوڵەتیی بۆ پیادەکردنی توندوتیژیی بوونیان هەیە. یەکەمیان لۆردەکانی جەنگە کە یەکێکە لەو دیاردانەی لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمیشدا بوونیان هەیە. لۆردەکانی جەنگ ئەو گروپانەن کە بە پێجەوانەی چەمکی چەتەگەریی کۆچەریی پتر وەک چەتەی نیشتەجێ چالاکن. مەبەست لە چەتەی نیشتەجێ ئەو لۆرد و میری جەنگانەیە کە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا غەزوی سامان و سەرمایە نیشتیمانییەکان دەکەن. ئۆپەراسیۆنی ئەم چەتە جێگیرانە یان نیشتەجێیانە بەپێچەوانەی چەتەکانی سەردەمی پێش مۆدێرنە هێرشبردن نییە بۆسەر کاروانەکان، بەڵکو ئۆپەراسیۆنی ئابوورییە. میرەکانی جەنگ بەپێچەوانەی گروپە چەتەگەرییە کۆچەرییەکان کە کات و شوێنی چالاکییەکانیان دیاریکراو نەبوون، چەتەی جێگیرن و کۆنترۆڵی سەربازیی ناوچەیەکی دیارییکراو دەکەن و هەرچی سامان و گومرک و داهاتی ئەو ناوچەیە هەیە بە خواستی شەخسیی ئەوان بڕیاری لەسەر دەدرێت. گروپی دووهەم کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، پارتیزانەکانن. چ هێزە پارتیزانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە شێوەی رەسمیی بوونیان هەیە، چ پەکەکە کە بەنارەسمی ئامادە و چالاکە، چ هێزێکی چەکداری رۆژئاوایی کە لە ژێر کۆماندۆی پارتی و بە کۆمەکی دارایی ئەو بەڕێوەدەبرێت. گروپی چوارەمیش کە گروپی مافیایی و تاوانکارییە ڕێکخراوەکانن، لەهەرێمدا ڕوو لە هەڵکشان دەکەن. هەر لە مافیای بارزگانییکردن بە مرۆڤ و بە قاچاخبردنیان بۆ دەرەوەی وڵاتەوە تا دەگات بە گروپە قاچاخچییەکانی هەموو سێکتەرە ئابوورییەکان وەک بەنزین نەوت و غاز و جگەرە و دەرمان و خواردنەوە ئەلکهولییەکان، لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. لەکۆتاییدا گروپی تیرۆریستییش لە هەرێمدا بوونی هەیە، بەتایبەت لەدوای تێکشکانی سەربازیی داعشەوە جارێکی تر سەرقاڵی خۆرێکخستەوەن بۆ قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.
هەرێمی کوردستان ساڵانێکە بەسەر دوو هێزی سەربازیی لۆکاڵیی دابەشبووە کە هەر یەکەیان لەژێر کۆماندۆی هێزێکی حیزبیی و خێزانێکی سیاسییدایە. لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتییدا جگە لە ئاساییش، پۆلیس، پۆلیسی فریاكەوتن و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان، دوانزە هێزی چەکداری جیاوازی تر بوونیان هەیە. کێشەی ئەم هەموو هێزانەی ناو یەکێتی تەنها ئەوە نییە کە پێویستی بە پارە و شوێن و چەک و خزمەتگوزاریی گەورە هەیە، بەڵکو کێشەی سەرەکیی ئەم هێزانە بریتییە لە پەرتەوازەیی لە وەلائەت و دروستبوونی چەندین لۆردی بچوک و گەورەی جەنگ. یەکێک لە دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەم دۆخە ئانارشییەی دەسەڵات لەدوای مردنی مام جەلال بریتییە لە دروستبوونی ئینفیلاتی ئەمنیی و دابەشبوونی وەلائەتەکان بۆ شەخس و ناوچە و خێزانی سیاسیی کە خاوەن هێزی چەکدار و بەرژەوەندیی ئابووریی گەورەی خۆیانن و ململانێکانیان لەڕێگای توندتوتیژیی شەخسییەوە یەکلادەکەنەوە.
هێزەکانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن ئەمریکا و ئەڵمانیا و بریتانیا و فەرەنسا و هەندێ دەوڵەتی هاوپەیمانی ترەوە ڕاهێنانیان پێدەکرێت و موچەی لیوا هاوبەشەکانیش لەلایەن ئەمریکاوە تەرخاندەکرێت. دوای ئەوەی کێشەی دابەشکردنی موچە بۆ لیوا هاوبەشەکان سەری هەڵدا ئەمریکییەکان راستەوخۆ موچەی ئەو لیوایانە دەدەن بە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆئەوەی لەلایەن ئەوانە دابەشبکرێت، نەک وەزارەتی دارایی. بوونی دوو هێزی چەکدار و دوو دەسەڵاتدارێتیی لۆکاڵیی کە پتر سێ دەیەیە بەسەر ئەو دوو حیزبەدا دابەشبوون، مانای شکستی پڕۆژەی دروستکردنی نەتەوە و ناسیۆنالیزمی هەرێمیی کوردییە.