٣٨ ساڵ لەمەوپێش
2021-12-19 13:51:14
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
دوێنێ، ڕۆژی شەمە، یادی یەکێک لە یادگارییە ھەرە تاڵەکانی ژیانی من بوو. سی و ھەشت ساڵ لەمەوبەر، لە سبەینێی ڕۆژی ١٨-١٢-١٩٨٣ دا، لە گوندی کانی بەرد، لە دۆڵی بالیسان من و چەند پێشمەرگەیەکی ترگوێمان لە گرمەیەکی گەورەبوو. گرمەیەکی یەکجارەکی و دوور. کاتژمێرێک دواتر ھەواڵ ھات کە مینێک لە ژێر ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەدا تەقیقەتەوە و چەند پێشمەرگە شەھیدبوون. سەرەتا نەماندەزانی مینەکە لە کوێ تەقیوەتەوە و کێن ئەوانەی شەھیدبوون، بەڵام کەمە کەمە ھەواڵی زیاتر و زیاتر دەھات و دیمەنەکە تا دەھات ڕوونتردەبووەوە. دواھەمین شتێک کە بیستمان ئەوەبوو کە مینەکە لەژێر ئوتۆمۆبیلی کۆمەڵێک پێشمەرگەدا تەقیوتەوە کە من زۆربەیانم لە نزیکەوە دەناسیی و ھەندێکیان ھاوڕێی سەردەمی زانکۆم بوون و لەگەڵ یەکێکیشیاندا لە بالیسان لە یەک ژووردا بەیەکەوە دەژیاین. کە ناوی شەھیدەکان ئاشکرابوون من یەکەمجار بەرە و بالیسان و لە بالیسانیشەوە بەرەو ئەو شوێنەی کە مینەکەی تیادا تەقیبوەوە، ڕۆیشتم. کە گەیشتمە سەر شەقامە سەرەکییەی بالیسان لە دوورە تراکتۆرێکم بینی. کە گەیشتمە بەردەمی تراکتۆرەکە دوو پێشمەرگە لەمدیو ئەودیوی شۆفێری تراکتۆرەکە دانیشتبوون. ھەردووکیانم دەناسیی. کە منیان بینی وەستان. پێشمەرگەیەکیان پرسی: ”بۆ بینینی شەھیدەکان ھاتویت؟“... ”ئەوەتان لەناو عارەبانەی تراکتۆرکەدان“.
بەسەر تایەی تراکتۆرەکەدا سەرکەوتم و چوومە ناو عارەبانەکەوە. کە شەھیدەکانم بینیی واقم وڕما و تەواو پەشۆکام. ھاوارێکی گەورەم لە دەمەوە ھاتەدەر. تەرمی مەلاغفور و مامۆستا شەوقی و حاجی ئەکرەم و ئاشتی و زاهیر و بەکر و هاوار و جەعفەر وشیارم لەو تراکتۆرە نەعلەتیەدا بینی. باوەڕم بە چاوی خۆم نەدەکرد، نە دەچووە عەقڵمەوە ھیچ یەکێک لەو ئازیزانە مردبن. من ڕۆژیک پێشتر لەگەڵ ئەواندا لە ناوچەی ھەریر و نازەنین بەیەکەوە بووین. بڕیاربوو بەیەکیشەوە و بە ئۆتۆمبێل بگەڕێینەوە بۆ بالیسان. بەڵام ئەوان کارێکی ڕێکخستنیان مابوو جێبەجێبکەن. بۆیە گەڕانەوەکەیان کەوتە ڕۆژی دواتر. من بڕیارمدا بە پێ بگەڕێمەوە و چاوەڕێ نەکەم سبەینێ لەگەڵ ئەواندا بەو ئۆتۆمبێل بچینەوە بۆ بالیسان. ماوەی ڕێگاکە بۆ بالیسان نزیکەی ٥ بۆ ٦ سەعاتێک ڕێگەبڕین بەپێ، بوو. خواحافیزم لێکردن بە ھیوای ئەوەی سبەینێ لە بالیسان یەکتری ببینینەوە. بۆ سبەینێ ئەوان کە ھاتبوون ئەو مینە نەفرەتییە، کە بەعس لە ساڵانی ھەفتادا لەوێدا چاندبووی، لەژێر ئۆتۆمۆبێلەکەیاندا تەقیبووەوە و ھەموویانی شەھید کردبوو. لەسەر شەقامە سەرەکییەی ڕێگای بالیسان و لەناو ئەو تراکتۆرەدا من ناخۆشترین و تەزێنەرترین ڕووداوی ناو ھەموو ژیانمم بینی، دیمەنێکم بینی کە تا ئێستا و دوای تێپەڕینی ئەو ھەموو ساڵانە، دێتەوە بەرچاوم و بۆ جاری ھەزارەھەم ئەو ھەموو تەرمە لە پشتی ئەو تراکتۆرەدا دەبینم.
شەھید زاھیر ھاوڕێی زانکۆم بوو. ئەو خەڵکی کەرکوک بوو، خێزانەکەیان بەھۆی سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستنەوە ھێنرابوونە ھەولێر. لە بەشی ناوخۆیی بەیەکەوەبووین، ژوورەکەی ئەو لە تەنیشت ئەو ژوورەوە بوو کە من و نۆ خێندکاری تری تیادابووین. (دواتر لەو نۆ خوێندکارەش سیانیان لە پێشمەرگایەتیدا شەھیدبوون). زاھیر کوڕێکی ڕۆح سوک و ئیشکەر و پاک بوو. کادرێکی ھێمن و لەسەرخۆی سیاسیی بوو. من ئەو پەیوەندییەکی ھاوڕێیەتی پتەومانە بەیەکەوە ھەبووە. کە لاشەی شەھیدەکانیان لە بالیسان شۆری و بە خاک سپێردران، نامەیەکیان بۆ ھێنام کە لە گیرفانی شەھید زاھیردا دۆزیبویانەوە. نامەیەکی من بوو کە من پێشتر لە وەرتێوە بۆ ئەوم نووسیبوو. نامەکە سووربووبوو، بڕێکی زۆر لە خوێنی زاھیری پێوەبوو. ھەرچیەکم کرد نەمتوانی نامەکە، کە نوشتێنرابووەوە و شێوەی چوارگۆشەیەکی وەرگرتبوو، بیخوێنمەوە. خوێنەکە بە ئاشکرا بە چەندشوێنێکی نامەکەوە دیاربوو. نامەکەم خستە ناو یەکێک لەو کتێبانەی لە ژورەکەمدا دامنابوون، لە ڕۆژانی داھاتوودا و لەناو ڕووداوە زۆرەکانی ئەو سەردەمدا، ھەم کتێبەکان و ھەم نامەکەش بزربوون. تا ئێستاش نەک تەنھا وێنەی ئەو نامەیە و یاداوەریی ئەو ھاوڕێیە، بەڵکو شتێک لە ڕۆحی ئەو کوڕە لە دەوروبەرمدا، ئامادەیە.
حاجی ئەکرەم، ئەو کوڕەبوو کە پێکەوە لە بالیسان لە یەک ژووردا دەژیاین. ئەویش مرۆڤێکی قسەخۆش و دڵسۆز و تا سەر ئێسقان پاک بوو. لەو جۆرە مرۆڤانەبوو ھەستتدەکرد دەتوانێت کەسەکانی دەوروبەریشی پاکڕابگرێت. حاجی ئەکرەم پێنج شەش ساڵێک لە من گەورەتربوو. کاتێک بڕیارئەدات پەیوەندیی بە شۆڕشەوە بکات، لەگەڵ خۆیدا 200 ھەزار دیناری حکومەت دەفڕێنێت و تەسلیمی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات. لەسەرەتای ھەشتاکاندا ئەو بڕە پارەیە، پارەیەکی ھێجگار زۆربوو. حاجی ئەکرەم ژنێک و منداڵێکی ھەبوو کە جار نەجار لە ھەولێرەوە دەھاتن بۆ سەردانی. لە یەکێک لە شەڕەکاندا برینداربووبوو، برینداربوونەکەشی کاریگەریی لەسەر لەشی بەجێھێشتبوو. دەیان شەو لەگەڵ حاجی ئەکرەمدا باسی خۆمان و شۆڕش و عێراق و گومان و ھیواکانی خۆمانمان، دەکرد. ئەو دەرچووی زانکۆ نەبوو، بەڵام کەسێکبوو بەو تەمەنە کەمەی خۆیەوە تێگەیشتنێکی گەورەی بۆ ئینسان و خەڵک و شۆڕش لا دروستبووبووو. ڕۆژی دواتر کە خێزانەکەی لەگەڵە خەڵکیتردا لە ھەولێرەوە بۆ بالیسان ھاتن و سەردانی گۆڕەکانیان کرد. خێزانەکەی بە گریانەوە پێووتم: بۆ ھێشتت بڕوات و لە ژوورەکەدا نەتھێشتەوە؟
دوای ئەو ھەموو ساڵانە کە بیر لەو کەس و ڕووداوانە دەکەمەوە ھەست بە ئازارێکی دەرونیی گەورەدەکەم، شۆڕش بۆ کەسانی وەک زاھیر و حاجی ئەکرەم ڕاوەستانێکی ڕۆژانە و بەردەوام بوو لەبەردەمی مردندا. جەنگێک بوو مرۆڤ دەیکرد بۆ پاکڕاگرتنی کەسایەتی خۆی و تێکەڵنەبوونی بەو دونیا پیسەی بەعس لە عێراق و کوردستاندا، دروستیکردبوو، شۆڕش جەنگێکی درێژی بێ ھیچ چاوەڕوانیەکی شەخسیی و بێ ھیچ تەماح و خواستێکی بەدەستھێنانی دەسکەوتی تایبەت، بوو. ڕۆژگار ھات و دونیا گۆڕا. بەشێک لە بەرپرس و سەرکردە و دۆستەکانی ئەو سەردەمە، بوون بە سیاسییە بازرگانە گەورەکانی وڵات و پشتیانکردە ئەو کەلەپورە درێژەی ئامادەگیی مرۆڤ بۆ قوربانیدن لە پێناوی بەھا و پرنسیپ و ئایدیالی ئینسانیدا. لە دوای ڕاپەڕینەوە سەرجەمی ماناکانی شۆڕش پیس و بۆگەن و گڵاوکران، نرخێک بۆ ئەو ھەموو خەبات و ھەوڵ و قوربانیدانانە نەھێڵدرایەوە، کەسانی وەک زاھیر و حاجی ئەکرەم شەھیدبوون و بڕێک لەوانەی مانەوە بوون بە میلیاردلێرو پیاوە ھەرە گەندەڵ و ترسناکەکانی دوای ڕاپەڕین.
ئەوەی لە ئێستاشدا بۆ کەسانێکی وەک من ماوەتەوە، ئەزموونێکی سەخت و یاداوەریەکی سەختترە کە ھەدووکیان پڕن لە مرۆڤی پاک و بێتەماح و خاوەن پرنسیپ. کەسانێک گومانم لەوە نییە لە دونیای ئەمڕۆدا ھەستیان بە نامۆبوونێکی قووڵ و ھەمەلایەن دەکرد.