کابینەی نۆیەمی ..کابینەی قەیرانەکان
2022-01-29 18:22:04
شیكاری: درەو
لەکابینەکانی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوڵاتیان لەگەڵ قەیرانەکانی ئاو و کارەباو نەوت و غاز و بەنزین و پاشەکەوتی موچە... دەست و پەنجەیان ڕاهاتبوو، بەڵام لە کابینەی نۆیەم و کە ناویان نابوو "حکومەتێکی بەهێز"، قەیرانی لێبڕینی موچە و کۆکردنەوەی داهات و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان و باج و سەرانەشی هاتە سەر.
دوای ٩ مانگ و ١٠ رۆژ لە چاوەروانی و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان، سەرەنجام کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی (مەسرور مەسعود بارزانی) کاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لە رۆژی ١٠/٧/٢٠١٩ لەلایەن پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێبەخشرا.
پێش پێکهێنانی کابینەکەو سەرەتای دروستبوونی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی خوێندنەوەو تێڕوانینی جیاواز هەبوو سەبارەت بە داهاتووی کەبینەکە، تێڕوانینەکان دابەشی سەر دوو ئاراستەبوون ئەوانیش؛ ئاراستەیەکیان پێی وابوو کابینەی نۆیەم جیاوازی نابێت لەگەڵ کابینەکانی پێش خۆی و زیاتر لەوەش کابینەیەکی ئەمنی داخراوتر دەبێت، ئەم گریمانەیەشیان بۆ ئەو باکگراوندە ئەمنییە دەگێڕایەوە کە سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێم هەیبوو.
ئاراستەی دووەمیان، بە پێچەوانەی ئاراستەی یەکەم، چاوەڕوانی حکومەتێکی بەهێز و کاراو بوون و پێیان وابوو ئەزمونێکی نوێی حکومڕانی لە هەرێم کوردستان سەرهەڵدەدات، بەشێکی ئەمەشیان ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نەمانی شەری داعش، نەمانی كیشهی ئاوارەکان، بدێهنانی خواستی کورد لەبودجە هۆکار گەلێکە بەئاراستەی گەرانەوەی مافە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەکان لەبەغدا پاساو دەدا. زیاتر لەوەش هەندێک پێیان وابوو (مەسعود بارزانی) یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ سەرکەوتنی کوڕەکەی لە کابینەی نۆیەمدا.
ئێستا وا نزیک دەبینەوە لە تێپەڕبوونی دوو ساڵ و نیو بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمدا، بەڵام قەیرانە جۆراو جۆرەکانی کابینەکانی ڕابردوو کە بە میرات مابوونەوە، بەردەوامیان هەیەو لە هەندێک وێستگەو سێکتەردا قوڵبوونەوەی زیاتریان بەخۆوە بینیوە، بارگرانی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستبووە، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر دیارترین ئەو قەیرانانە.
یەکەم: قەیرانی موچە
یەکێک لە کاریگەرترین ئەو بابەتانەی ڕاستەخۆ پەیوەندی بە ژیان گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە دابینکردنی پژێوی و موچەی موچە خۆرانە، ئەم پرسە ئەگەر بۆ هەر کیان و دامەزراوەیەک جارێک ڕاست بێت، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیەکانی دووجار ڕاستە، چونکە جگە لەوەی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی لاوازدایەو هاوڵاتیان و خێزانەکان ناتوانن وەک پێویست پشتی پێببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە (1 ملیۆن و 250 هەزار) موچەخۆرە، ئەگەر دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (6 ملیۆن) کەس بێت، ئەوا (20%) دانیشتوانی هەرێمی کوردستان موچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.
بە دیوێکی دیکەدا ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین بە تێکڕا هەر خێزانێک لە هەرێمی کوردستان لە (5) کەس پێک بێت ئەوا (1 ملیۆن و 200 هەزار) خێزان لە هەرێمی کوردستان هەیەو واتە بە نزیکەیی هەموو خێزانێک موچەیەکی بەردەکەوێت.
ئەم گریمانەیەی سەرەوە گرنگی و بایەخی موچە دەردەخات بۆ هاوڵاتیان و بازاڕ لە هەرێمی کوردستان. بەڵام هێشتا بابەتی هاتن و دابەشکردن و دابەشنەکردنی موچە هاوشێوەی ئەزمونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵی گەرم و بە پەلەی ئامرازو کەناڵەکانی ڕاگەیاندنە.
لە بانگەشەی هەڵبژانی (30/9/2018) لایەنە سیاسییەکان بانگەشەی گێڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکان و کردنەوەی ژمارەی حیسابی بۆ موچە خۆران دەکرا، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم موچەخۆران لە چاوەڕوانی گڕانەوەی موچە پاشەکەوتکراوەکانیان بوون، بەڵام ئەم کابینەیە بیدعەیەکی نوێی داهێناو ناوی نا، لێبڕین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی (2020) ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە خەرج نەکردنی موچەی موچە خۆران (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) لە ئێستادا کە لە کۆتای مانگی کانونی دووەمی ساڵی (2022)ین، بەڵام ڕوون نییە ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی ناوەندی وەک سلفە دەینێرێت بۆ حکومەتی هەێمی کوردستان بەردەوام دەبێت یاخود نا، چونکە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن بەبێ ئەو (200 ملیار) دینارە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت لە کاتی خۆیدا موچەی موچەخۆران هاوشێوە چەند مانگی ڕابردوو دابەش بکات و ئەگەری ئەوەی هەیە جارێکی تر قەیرانی دابەشکردنی موچە سەرهەڵبدات، ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت بەردەوام نەبێت.
دووەم: کێشەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ
بەشێوەیەکی گشتی سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان بریتین لە (داهاتی ناخۆ، داهاتی فرۆشتنی نەوت، بودجەی عێراق و هاوکاری هاوپەیمانان). بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە داهاتی ناوخۆوە هەیە، یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بێ دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەخات بەرامبەر بە حیزبە سیاسییەکان (پارتی و یەکێتی) لە مەسەلەی گەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ وەزارەتی دارایی بەپێی بەڵگەکان، لە مانگی یەكی (2021) كۆی داهاتی ناوخۆ (374 ملیار) دینار بووە، بەڵام لە مانگی حەوتی ساڵی (2021)ەوە لەگەڵ ناردنی (200 ملیار)ەکەی بەغدا، بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون داهاتی ناوخۆ كەمیكردووە بۆ(164 ملیار) دینار واتا مانگانە (210 ملیار) دینار كەمیكردووە، کە ئەم بڕە پارەیە هاوتایە بەو بڕەی حکومەتی ناوەند وەک سلفە بۆ حکومەتی هەرێم خەرجی دەکات.
لەم بارەیەوە (عەلی حەمەساڵح - سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان) لە سەرەتای مانگی (12)ی ساڵی پار ڕایگەیاند؛ "داهاتی ناوخۆ مانگی شوبات (374 ملیار) دینار بووە بۆ تەمویلی مووچە، مانگی یانزە بووەتە (164 ملیار) دینار، داهاتی سلێمانی لە (161 ملیار) دیناری مانگی یانزە (70 ملیار و 520 ملیۆن) دیناری بۆ تەمویلی مووچە بووە، داهاتی هەولێر لە (186 ملیار) دینارەوە، (93 ملیار 430 ملیۆن)ی بۆ تەمویلی مووچە بووە، واتە نزیکەی (93 ملیار) دینار کەمیکردووە، ئەمەش کەمیکردووە خۆ بۆ پرۆژە نییە، ئەوە پرۆژەکانی سلێمانییە هەموویان وەستاون".
هەر لەم بارەیەوە (عومهر گوڵپی - ئهندامی لیژنهی دارایی لهپهرلهمانی كوردستان) له پەیجی خۆی نوسیویهتی: "بۆ بەرچاوڕونی هاوڵاتیان ئەم ڕاستیانە دەخەمهڕوو، داهاتی حکومەت لەمانگی (12) ی ساڵی ڕابردوودا بەپێی زانیارییەکانی حکومەت خۆی بەمجۆرەیە، لە(نەوت)ەوە: بڕی (512) ملیار دینارو لە(گومرگ)یش (150 ملیار) دینار بوه، لە(باج) (50 ملیار) دینارو لە(ڕسومات)یش (١٠٠ ملیار)و لە(هاوکاری هاوپەیمانان) (26 ملیار) بوه، کۆی گشتی داهاتی مانگی دوانزەی ساڵی 2021 بەبێ بەغداو بەپێی ژمارەکانی حکومەت خۆی بریتیە لە(832 ملیار) دنیار کە لەکاتی تردا سەلماندومانە ئەمەش هەموو داهاتی ڕاستەقینە نییە".
زیاتر لەوەش دەڵێت "پێیوایە، حکومەت دەتوانێت بەداهاتەکانی (نەوت و ناوخۆ) موچەی سەرجەم وەزارەت و چین و توێژەکان دابەشبکات و چاوەڕێی (200) ملیاری بەغدا نەکات و نوسیویەتی: ئەگەر هەموو ئەو پارانە بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی و وەزارەتی دارایی".
سێیەم: زیادکردنی باج و ڕسومات
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەتی زیادکرنی باج و ڕسومات یەکێکی دیکە لەو پرسانەی هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان نیگەران کردووە، حکومەتی هەرێم بەمەبەستی ڕێکخستن و زیادکردنی داهات (6) لیژنەی پێکهێناوە، ئەوانیش؛
1. لیژنەی ڕێکخستنی گومرگەکان.
2. لیژنەی پێداچوونەوەی گرێبەستی گومرگەکان.
3. لیژنەی لێبوردنی گومرگی.
4. لیژنەی پێداچوونەوە بە سیستمی باج.
5. لیژنەی پێداچوونەوە بە سیستمی رسومات.
6. لیژنەی پێداچوونەوە بە دۆسیەی نەوت
بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕێکخراوی ستۆپ) دەربارەی (چاودێری هەڵسەنگاندن: هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادکردنی باج و ڕسومات وەک ستراتیج وەرگرتووە، بۆ زیادکردنی داهات. لە هەنگاوەکان بەردەوام ئاماژە بەوە دەکرێت کە باج و رسوماتەکان بۆ سەر فرۆشتنی کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانی و شوێنی خزمەتگوزاری دەبێت، پێویستە ئەو هەنگاوانە نەبێتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتیان. بە بەگوێرەی بە دواداچونەکان ئەو باج و رسوماتانەی حکومەت زیادی کردووە ڕاستەوخۆ بارگرانی بۆ سەر هاوڵاتیان دروستکردووە، لە نمونەی ئەم باجەی خراوەتە سەر شوێنە گەشتیارییەکان لە هۆتێل و مۆتێل و چێشخانەو کافتریا و... ئەو پارەیەی بە شێوەی جیا جیا لە خاڵە سنورییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە وەردەگیرێت، وەک چۆن پێشتر وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی گەیاندن ڕاستەوخۆ بووە هۆی گرانکردنی یەکەکانی موبایل و ئەنتەرنێت، بەهان شێوە ئەو کەل و پەلانەی باج و ڕسومات لەسەریان زیادی کردووە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن، ئەمە سەرەڕای کۆکردنەوی پارەی خاشاک و ئاوو کارەباو ... ڕاستەوخۆ لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.
چوارەم: قەیرانی سوتەمەنی
لە ئێستادا کە لە وەرزی سەرماو سۆڵەی زستانداین قەیران و گرانی (نەوت و غاز و بەنزین) دیارترین قەیرانە دووبارەوەبووەکانی ساڵانی ڕابردوو و کابینەکانی پێشتر سەریان هەڵداوەتەوە، بە درێژایی ئەم کابینەیەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە (2) ساڵە نەتوانراوە بەشە نەوتی ساڵانەی سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکجار دابین بکرێت و دابەشبکرێت، ئەم لە کاتێکدایە لە مانگی ئابی ساڵی (2021) (کەمال ئەتروشی - وەزیری سامانە سروشتییەکان) لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند: "ئەمساڵ پێداویستییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی لەلایەن بەغداوە دابیندەکرێت، مانگی 10 نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت، بۆ ئەم زستانە نەوت سپی بەسەر هەموو ماڵێکدا دابەشدەکرێت".
بەڵام ئێستا لە کۆتایی مانگی (1ی 2022)داین هێشتا نیوەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بەشە نەوتی ساڵی پاریان وەرنەگرتووە، سەرەڕای ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی نەوت سستی بەردەوامە نرخی بەرمیلێک نەوت لە (55 هەزار) دینارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ (90 هەزار) دینار.
کەمی غازی شلی ماڵان یەکێکی دیکەیە لەو قەیرانانەی بۆ زیاتر لە مانگێک دەچێت بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا بە هەر بتڵێک غازی ماڵان بڕی (1000 دینار) یان زیادکرد و لە (7 هەزار و 500) دینارەوە بەرزیانکردەوە بۆ (8 هەزار و 500) دینار، بەڵام کێشەکە هەر چارەسەر نەبوو، ئەمە لە کاتێکدایە، كۆمپانیای دانە غاز بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاستێكی پێوانەیی ڕاگەیاند، لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمپانیاكە، كە لە هەرێمی كوردستان كاری بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەكات، ڕایگەیاندووە، لە كێڵگەی كۆرمۆری چەمچەماڵ ئاستی بەرهەمهێنانی غازیان بەرزكردووەتەوە و گەیشتووەتە (452 ملیۆن) پێ چوارگۆشەی ڕۆژانە.، بەراورد بە ساڵی 2018، ئاستی بەرهەمهێنانەكە (50%) زیادیكردووە.
گرانی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناردنی زیاتر لە (1 ملیۆن) لیتر بەنزین لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، فرۆشتنی بە (690 دینار) لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە کۆمەڵک هۆکار نەتوانراوە نرخی بەنزینی بارزگانی کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوانیش؛
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین
1. کەمی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەهۆی کەمی پێدانی نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.
2. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاڵپشتیەک پێشکەشی پاڵاوگەکانی نەوت ناکات، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین.
3. بەپێی قسەی بازرگانان و هاوردەکارانی بەنزین حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی زۆری خستووەتە سەر هاوردەکردنی بەنزین.
4. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی خۆی هیچ پاڵپشتییەکی کەرتەکە ناکات، ناتوانێت نرخەکەشی دیاری بکات.
5. بە ڕێژەی %100 بازرگانی بەنزین بەدەست کەرتی تایبەتەوەیە.
6. قۆرخکاری بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بەنزین بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی دیاریکراو.
7. نەبونی خەزانی گەورەی بەنزین بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتەکە لە حاڵەتی دروستبوونی قەیراندا.
8. زیادبوونی خواستی بەنزین لە نێوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین لەو وڵاتە.
پێنجەم: نەبوونی کارەبای پێویست
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کونترۆڵکردن و زیادکردنی بڕی کاتژێرەکانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیان پەنایان بردە بەر سیستمی "پێوەری زیرەک"، بەپێی زانیارییەکان تا کۆتایی ساڵی (2021) (1 ملیۆن 124 هەزار) پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبای نیشتمانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دانراوە، بەپێی ئەم پێوەرە هەر بەشداربوویەک دەتوانێت بڕی (40) ئەمپێر کارەبا بەکاربهێنێت.
بەڵام تا ئێستا سیستمەکە سەرکەوتوو نەبووەو نەیتوانیەوە وەک پێویست بڕی کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد بکات، ئەوە سەرەڕای نادادپەروەری لە پێدانی کارەبای نیشتمانی لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و بەپێی زانیارییەکانی (عەلی حەمەساڵح - سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان) ڕایگەیاند، "تێکڕای کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک جیاوازە". ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردووەتەوە، لەم مانگەدا تاوەکو 23ی مانگ، تێکڕا پێدانی کارەبای ڕۆژانە بەمشێوەیە بووە:
- هەولێر؛ 11:17 کاتژمێر
- دهۆک؛ 10 کاتژمێر
- سلێمانی؛ 8 کاتژمێر
سەربارەی ئەوە لە (27 ی كانونی دووهمی 2022) بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، لە ئێستا پێوەری زیرەكی كارەبا بە (6200) كیلۆوات دیاریكراوە، كە دەكاتە (30) ئەمپێر و دەكوژێتەوە، واتە بەو دۆخەشەوە ناتوانرێت (40) ئەمپێر کارەبا بدرێت بە هاوڵاتیان.