Draw Media

پارتی‌و یەكێتی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوە

پارتی‌و یەكێتی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوە

2022-01-30 14:07:51


راپۆرت: درەو
جێگرەوەكەی قاسم سولەیمانی لە هەولێر بووە، پەیامێكی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندووەتە پارتی، ئێرانییەكان دەیانەوێت بارزانی لە سەدر دوربخەنەوە، پێشنیازێك لە ئارادایە پارتی‌و یەكێتی هەردووكیان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

قائانی لە هەولێر بووە
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستیكەوتووە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی هەولێری كردووە‌و چاوی بە بەرپرسانی باڵای پارتی كەوتووە. 
بەپێی قسەی سەرچاوەكان، قائانی كە شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانییە، پەیامێكی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێرانی گەیاندوەتەوە پارتی.
وردەكاری پەیامەكەی رابەری باڵا نازانرێت، بەڵام ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخەكەن دەڵێن، ئێران شكستی هێناوە لە پاشگەزكردنەوەی موقتەدا سەدر لە دروستكردنی حكومەتی زۆرینە‌و پاراستنی یەكڕیزی ناو ماڵی شیعە، بۆیان دەركەوتووە كلیكی شكستهێنان بە سەدر، مەسعود بارزانییە‌و دەیانەوێت بارزانی لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ سەدر بكشێتەوە.

هەوڵێك بۆ چارەسەر
ململانێی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق توندبوەتەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێرانییەكان هەوڵێكی نوێبان خستوەتەگەڕ بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتن. 
(درەو) زانیویەتی، هەوڵەكەی ئێران بۆ چارەسەری ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی خۆی دەبینێتەوە لە پێشنیازێك بۆ چارەسەر، پێشنیازەكە داوا دەكات پارتی‌و یەكێتی هەردووكیان كاندیدەكانیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێننەوە‌و لەنێوان (حاكم رزگار)‌و (لەتیف رەشید) یەكێكیان ببن لە كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
ئێرانییەكان لەبەرامبەر كشاندنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار لەلایەن پارتییەوە كە (هۆشیار زێباری)یە، دەیانەوێت یەكێتی قایل بكەن بەوەی پارتی هەموو پۆستە وزارییەكانی پشكی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق پارتی ببات. 
بەهۆی ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، مەترسی لەبەریەك هەڵوەشانی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، تەنانەت ئێرانییەكانیش دركیان بە مەترسیداری دۆخی پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی كردووە، بەڵام هەردوو حزبەكە كە لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بانگەشەی یەكڕیزییان دەكرد، تائێستا سورن لەسەر ئەوەی بە دوو كاندیدەوە دەچنە بەردەم پەرلەمان. 
رۆژی دوو شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، ئەگەر هەوڵی ئێرانییەكان شكستی بهێنێت‌و پارتی‌و یەكێتی تا ئەو كاتە لەسەر كاندیدێك نەگەنە رێككەوتن، چانسی سەركەوتنی هۆشیار زێباری یاخود بەرهەم ساڵح لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبێت: 
•    بژاردەی یەكەم: دۆخی هاوپەیمانێتییەكانی عێراق وەكو ئێستا بمێنێتەوە واتە (هاوپەیمانێتی سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) بەردەوام بێت‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەن سەدرەوە بانگهێشتی ناو حكومەت نەكرێن‌و هەوڵی ئێرانییەكان شكست بهێنێت، چانسی سەركەوتنی هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرهەم ساڵح بەهێزتر دەبێت. 
•    بژاردەی دووەم: سەدر لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی لەگەڵ (بارزانی+ سەدر) بكشێتەوە‌و قایل بێت بە بەشداریكردنی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی+ عامری+ فالح فەیاز+ قەیس خەزعەلی+ عەبادی+ حەكیم) لە كابینەی نوێی حكومەت‌و بیرۆكەی خۆی لە "حكومەتی زۆرینە"وە بگۆڕێت بۆ "حكومەتی تەوافوقی"، یاخود پارتی لەژێر فشاری ئێرانییەكاندا لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر بكشێتەوە، لەم بژاردەیەدا چانسی سەركەوتنی (بەرهەم ساڵح) لە (هۆشیار زێباری) زیاترە، چونكە ئەم بژاردەیە عێراق دەخاتەوە سەر رەوتە كۆنەكەی خۆی‌و پۆستەكانی بەگوێرەی تەوافوقی سیاسی دابەش دەكرێن‌و پۆستی سەرۆك كۆمار وەكو پشكی یەكێتی دەمێنێتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand