Draw Media

ئازادیی: چۆن بیری لێبکەینەوە؟

ئازادیی: چۆن بیری لێبکەینەوە؟

2022-01-30 09:11:28


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)

یەکێک لە بابەتە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ناو مێژووی مرۆڤ بە گشتیی و ناومێژووی فیکر بە تایبەتیی، بابەتی ئازادییە. ئازادیی ئەو چەمکە گرنگەیە کە بەشێکی زۆر لە نووسەران و بیریاران و ئیشکەرانی بواری فیکر و فەرھەنگ و دین و ئەخلاق و ئابوریی و سیاسەت بیریانلێکردۆتەوە و لەسەریان نووسیوە.  لەم ڕووەوە گەنجینەیەکی گەورە لە بەردەستی خوێنەراندایە کە زیاد لە دید و ڕوانین و دەسپێکێک بۆ قسەکردن لەسەر چەمکی ئازادیی، پێشنیاردەکەن. ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت لەسەری بوەستم چۆنیەتی باسکردنی ئەم بابەتەیە لەناو دوو بواری جیاوازدا: بواری فەلسەفە و بواری تیورەی سیاسیی. 
 کاتێک لە فیکری فەلسەفیدا باس لە چەمکی ئازادیی دەکرێت، زۆربەی جار و بە شێوەیەکی گشتیی، باس لە توانای مرۆڤ وەک تاکەکەس لەسەر ئازادبوون دەکرێت. پرسیارگەلی لەم جۆرە دەکرێت: ئایا مرۆڤ دەتوانێت ئازادبێت؟ مرۆڤ خاوەنی ئیرادەیەکی ئازادە، یاخود ئەم ئیرادەیە ڕێلێگیراو و گەمارۆدراوە بە بەربەستیی ناوەکیی جیاواز؟ ئایا ئیرادەی مرۆڤ تا چەند و تا کوێ ئازادە؟ ئەو خاڵەی گرنگە بیزانین ئەوەیە لە پشتی ئەمجۆرە پرسیار و تێڕامانانەی فەلسەفەوە لە چەمکی ئازادیی، ھەمیشە وێنەی مرۆڤ وەک تاکەکەس، وەک بوونەوەرێکی تاک و تەنھا، وەک پێدراوێکی پێشین، ئامادەیە. بەمەش قسەکردن لەسەر ئازادیی دەبێتە قسەکردن لەسەر جیھانی ناوەکیی تاکەکەس خۆی و قسەکردن لەسەر ئەو توانایانەی تاکەکەس ھەیەتی بۆ ئازادبوون یان ئازادنەبوون. 


بە پێچەوانەی فەلسەفەوە، ”تیورەی سیاسیی“ پرسیاریی ئازادیی وەک پرسیار  دەربارەی تواناکانی تاکەکەس لەسەر ئازادبوون یان نەبوون نابینێت، پرسیارەکەی ئەوە نییە ئایا ئیرادە  ئازادە یان نائازادە.  ھەر لە بنەڕەتیشەوە  مەسەلەی ئازادیی  بە خودی تاکەکەس خۆیەوە گرێنادات و وەک کێشەیەکی تاکەکەسیی مامەڵەیناکات. بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئازادیی وەک مەسەلەی دۆخی بەیەکەوەبوونی تاکەکەسەکان و دۆخی کۆیی و دەستەجەمعی تاکەکەسەکان، (نەک تاکەکەس) وێنادەکات. ئەمە وادەکات ئازادیی لە بابەتێک گرێدراو بە ناوەوەی مرۆڤ و بە توانای بڕیاردانی ناوەکیی تاکەکەسەوە، بگوازێتەوە بۆ بواری پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە ئەوانیتر و لەگەڵ کەسانیتردا. ئازادیی لێرەدا نە پێدراوێکی غەریزییە، نە شتێکە لەناوەوەی مرۆڤدا وەک تاکەکەس ھەبێت و چێنرابێت، بەڵکو ئەزموونێکی کۆمەڵایەتیی و مێژووییە کە بنەما سەرەکییەکەی ئەزموونی پێکەوەبوونە لەگەڵ کەسانیتردا. بۆیە پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەوە نییە ئایا تاکەکەس دەتوانێت ئازادبێت، بەڵکو دەبێت بەوەی ئەوەی ئایا تاکەکەسەکان چۆن دەتوانن بەیەکەوە ئازادبن؟ 
لە ھەناوی ئەم پرسیارە جیاوازەدا ئازادیی وەک کێشەیەکی دەستەجەمعیی، وەک ئازادیی تاکەکەسەکان بە کۆ، وەک ئازادیی مرۆڤەکان لە کۆبونەوەیاندا بە یەکەوە، لە پێکەوەبوون و کارکردن و ژیانیانیدا لەگەڵیەکدا، وێنادەکرێت. پابەست بەو پەیوەندیی و مامەڵە و کارلێکردنە پێکەوەییانەی لەناو ژیانی گشتیدا و لەگەڵ یەکدا دروستیدەکەن.  لە تیورەی سیاسیدا ئازادیی تەنھا لەناو ئەم بوونە کۆیی و دەستەجەمعیەدا مانای ھەیە. مرۆڤی تەنھا، ئەگەر بکرێت شتێک بەناوی مرۆڤی تەنھاووە بوونی ھەبێت، ناتوانێت ئازادبێت، چونکە ئازادیی ھەمیشە پەیوەندیی بەوانیتر و بە پێکەوەبوونەوە ھەیە. بۆیە مەسەلەیەک بەناوی ئازادییەوە ھەرگیز لای مرۆڤێکی تەنھا دروستنابێت. 
لە ڕاستیدا، ئەم گرێدانەی ئازادیی بە بوونی کۆییی و دەستەجەمعی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا، وادەکات پرساری ئازادیی لەوەبکەوێت پرسیارێکی فەلسەفیی بێت و بوارێکبێت فەلسەفە و فەیلەسوفان بتوانن کاری بەسەمەری تێدابکەن، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی سیاسیی و ئەوەی سەرقاڵی وەڵامدانەوەی دەبێت تیورەی سیاسیی، یان ئەو بەشەیە لە فیکر کە سیاسەت وەک چالاکیی ھەرە بنەڕەتیی و سەرەکیی مرۆڤەکان بەیەکەوە دەبینێت.  ئەگەر فەلسەفە لە پەیوەندیدا بە چەمکی ئازادییەوە، قسە لەسەر تاکەکەس وەک تاکەکەس بکات، قسە لەو پەیوەندییانە بکات کە تاکەکەسێک بەناوەوەی خۆیەوە ھەیەتی، ئەوا سیاسەت، وەک بابەتی سەرەکیی تیورەی سیاسیی، قسە لەسەر مرۆڤەکان و کەسەکان لە فۆرمە پێکەوەیی و دەستەجەمعییەکانیاندا دەکات. ئازادیی تەنھا لەگەڵ کەسەکانی تر و لە پەیوەندیی و لە پێکەوەبوونیاندا بە یەکەوە، مانای ھەیە. 
بەڵام کە باس لە سیاسەت دەکەم باس لە پیادەکردنی ئایدیا و بیرۆکەی ئەم یان ئەو نووسەر و فەیلەسوف و لێزان ناکەم، باسی ئەوجۆرە لە دید و بۆچوون ناکەم کە زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگا، بە گەمژە و نەزان و حەشامەت دەزانن.بەڵکو باس لە سیاسەت دەکەم وەک چالاکی دروستکردنی دونیایەکی ھاوبەش و ئازادیش وەک یەکێک لە تێما سەرەکییەکانی ناو ئەو جیھانە ھاوبەشە. ئەم ھاوبەش و پێکەوەبوونە وادەکات سیاسەت ھەرگیز لەسەر بنەمای یەک ھەقیقەت دروستنەبێت، کە گوایە لە بیر و بۆچوونی ئەم یان ئەو فەیلەسوف و ئەم یان ئەو زانا و سەرکردە و پێشەڕودا، ھەیە و ئامادەیە. ئەگەر ڕاستییەک ھەبێت سیاسەت کاری لەسەربکات و وەک ژێرخانێکی فیکریی و تیوریی ئامادەبێت، بریتییە لە دۆخی پڕ لە جیاوازیی و پلورالبوونی مرۆڤەکان. داننان بەم دۆخی پلورالبوونەی مرۆڤدا، ئەو تاقە ھەقیقەتەیە، کە وەک ژێرخانی سیاسەت و وەک یەکێک لە چالاکە ھەرەسەرەکییەکانی مرۆڤ، کاردەکات. 


بە کورتیی، ”تیورەی سیاسی“  لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە دۆخی مرۆڤ، لە پەیوەندیدا بە چەمکی ئازادییەوە، دۆخی بوونی تاکەکەسێکی دابڕاو و بێپویەوەندیی و پچڕاو نییە، ئازادیی بابەتێک نییە پەیوەندیی بەم کەسە دابڕاو و پچڕاوەوە ھەبێت، بەڵکو ئەو بوونە پێکەوەیی و ھاوبەشە ئاڵۆزەیە کە مرۆڤەکان بە کۆ بەیەکتریەوە و گرێئەدات، و دۆخی مرۆڤ وەک. دۆخێکی پلورال و پڕ لە جیاوازیی، نیشانئەدات. سیاسەت لێرەدا چالاکی چۆنیەتی ڕێکخستنی ئەو جیاوازییانەیە بە یەکەوە و ئازادییش دەبێتە یەکێک لە چەمکە ھەرەسەرەکییەکانی چۆنیەتی ئەم ڕێکخستنە. 
بەڵام ڕێکخستنی جیاوازییەکان ھەمیشە ڕێکخستنێکی مێژوویی کۆنکریت و بەرجەستەیە، واتە ھەمیشە لەناو ”شوێن“ و ”ڕووبەر“ێکی دیاریکراودا ڕوووئەدات. لە دونیای مۆدێرندا ئەو ڕووبەرەش کە لەناویدا ئازادیی ڕێکدەخرێت، دوو ڕووبەری سەرەکییە: یەکەمیان ئەو ڕووبەرەیە کە دەکەوێتە نێوان ”تاکەکەسەکان“ و ”دەوڵەت“ەوە کە تیایدا پەیوەندییەکی شاقوڵیی لەنێوانیاندا دروستدەبێت. دووھەمیان ئەو ڕووبەرەیە کە تیایدا تاکەکەسەکان دەچنە پەیوەندیی ڕۆژانە و ئاسۆییەوە لەگەڵ یەکتریدا. ئازادیی لە دەرەوەی ئەم دوو شوێنە و ئەم دوو فۆرمە لە جیاوازیدا، کە بەردەوام لەڕووی مێژووییەوە گۆڕانیان بەسەردادێت، مانایەکی نابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand