Draw Media

بافڵ تاڵەبانی: لایەنە كوردییەكان لەگەڵ ئێمەن، پارتی بەتەنیا ماوەتەوە

بافڵ تاڵەبانی: لایەنە كوردییەكان لەگەڵ ئێمەن، پارتی بەتەنیا ماوەتەوە

2022-01-29 13:23:46



(درەو):
بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە سلێمانی، بە هەندێك لە بەرپرسانی حزبەكەی وتووە"دەنگی زۆربەی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و بەشێك لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان‌و لایەنە كوردییەكانمان مسۆگەر كردووە، پارتی تەنیا كەوتووە".
دوای چەند رۆژێك كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە بەغداد، دوێنێ رابردوو بافڵ تاڵەبانی گەیشتەوە سلێمانی، بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بكرێت‌و بەرهەم ساڵح لە كۆبونەوەكەدا بەشدار بێت، بەڵام شەوی رابردوو بە نامە ئەندامانی سەركردایەتی ئاگاداركرانەوە لەبارەی ئەوەی كۆبونەوەكە دواخراوە.
سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، بافڵ تاڵەبانی دوای سەردانەكەی پێی راگەیاندوین" دەنگی زۆربەی لایەنە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەدەستهێناوە، بەتایبەت دەنگی دەوڵەتی یاساو هاوپەیمانی فەتح‌و نەسرو بەشێك لەلایەنەكانی حەشدی شەعبی، لەگەڵ بەدەستهێنانی دەنگی بەشێك لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان". 
سەبارەت بە دەنگی لایەنە كوردییەكان، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" توانیومانە دەنگی فراكسیۆنە كوردیەكان بەدەست بهێنین، ئێستا ئێمە (33) دەنگین‌و پارتی بە تەنیایەو (31) ئەندامە".
هەفتەی رابردوو لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكرد، پشتیوانی (یەكگرتوو، نەوەی نوێ، كۆمەڵ)یان بۆ دەنگدان بە بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك مسۆگەركردووە. 
ململانێی پارتی‌و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار توندبوەتەوە، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆمار هەڵدەبژێرێت، یەكێتی (بەرهەم ساڵح)ی كاندید كردووە، پارتیش (هۆشیار زێباری). 
پارتی رێككەوتنی لەگەڵ سەدرو حەلبوسیدا هەیە‌و پێی وایە ئەگەر ئەم رێككەوتنە تێكنەچێت، بە ئاسانی پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەردەگرێتەوە، یەكێتیش چاوی لە دەنگی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و لایەنە كوردییەكانە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand