Draw Media

ئایا نیسابی یاسایی تەواو دەبێت ؟

ئایا نیسابی یاسایی تەواو دەبێت ؟

2022-02-03 12:21:45


راپۆرت: درەو
نیسابی یاسایی تەواو نابێت، دوو شەممە سەرۆك كۆمار هەڵنابژێردرێت، بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت، پێشبینییەكان بەمشێوەیە، ئەگەر یەكێتی‌و لایەنە شیعەكان بتوانن (110) كورسی كۆبكەنەوە، دەتوانن بۆ هەمیشە نیسابی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكبخەن، ئەمە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش پەكدەخات، جگە لە رێككەوتن هیچ چارەسەرێك لە ئارادا نییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتە.

دوو شەممەی گەورە !
رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ، ئەمە دوو شەممەی گەورەی یەكلابونەوەی ململانێكانی پارتی‌و یەكێتییە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ خۆشیدا ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بەلادا دەخات، چارەسەر یان گەیشتن بە بنەستێكی چەند مانگە.
دادگای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراقدا‌و تەنیا ئەو بۆی هەیە لێكدانەوە بۆ ماددەكانی دەستور بكات، ئەمڕۆ وەڵامی داوایەكی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی دایەوە. 
بەرهەم ساڵح لە نوسراوێكدا داوای لە دادگای فیدراڵی كرد، ئەوە یەكلابكاتەوە ئایا دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی چەندە، واتە چەند كەس لە پەرلەمانتاران ئامادە بن، دەتوانرێت دانیشتنەكە ساز بدرێت ؟
هەفتەی رابردوو مشتومڕ لەبارەی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروستبوو، هەندێك لە یاساناسان دەیانوت بەهۆی ئەوەی سەرۆك كۆمار لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا بە دەنگی (دوو لەسەر سێ) هەڵدەبژێردرێت، نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان (دوو لەسەر سێ)یە، دوو لەسەر سێ واتە لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمانی عێراق (220) ئەندامیان لە هۆڵی كۆبونەوەكەدا ئامادەبن، ئەوكاتە دانیشتنەكە دەستپێدەكات، یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لەوانە بوو كە بەرگری لەم بۆچونە دەكرد‌و بەڵگەی یاسایی بۆ دەهێنایەوە. 
لەبەرامبەردا رایەكی تر هەبوو، دەیوت، دوو لەسەر سێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە نەك نیسابی یاسایی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە، یەكێك لەوانەی كە پشتیوانی ئەم بۆچونەی دەكرد یاساناسی بەناوبانگ (تاریق حەرب) بوو، حەرب دوێنێ كۆچی دوایی كرد‌و فریای ئەوە نەكەوت بیبینێت كە بۆچونەكەی لەمبارەیەوە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە رەتدەكرێتەوە. 

دادگا یەكلای كردەوە
دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ حوكمی خۆی لەبارەی ئەم ناكۆكییە یاساییەوە یەكلاكردەوە‌و لەوەڵامی نوسراوەكەی بەرهەم ساڵحدا رایگەیاند: 
•    بەگوێرەی ماددەی (70)ی دەستور سەرۆك كۆمار بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت‌و نیسابی یاسای دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش (دوو لەسەر سێ)یە. 

ئایا نیساب پێكدێت ؟ 
ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی قسەی خۆی كرد، بۆ هەموو لایەنەكان روونبوەتەوە دانیشتنی رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێویستی بەوەیە (220) ئەندامی پەرلەمان ئامادە بن تێیدا، بەپێچەوانەوە نیسابی یاسایی پێكنایەت‌و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوادەكەوێت. 
ئەگەر هاوپەیمانێتییە سیاسییەكانی ئێستا تاوەكو رۆژی دوو شەممە وەكو خۆی بمێنێتەوە‌و هیچ رێككەوتنێكی سیاسی نوێ لەنێوان لایەنە ركابەرەكاندا نەكرێت، رۆژی دوو شەممە نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان كێشەی تێدەكەوێت، چۆن ؟
•    هاوپەیمانێتی (سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) كۆی ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی (175) كورسییە، بۆ تەواوكردنی نیسابی (220) كورسییەكە، پێویستیان بە (45) كورسی ترە، لەم حاڵەدا ئەگەر هێزەكانی تری وەكو (جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و ئیمتیداد)یش لەم بەرەیەدا رابوەستن وەكو ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەماندا دەنگیان بۆ حەلبوسی دا، هێشتا ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە (200) كورسییە‌و پێویستی بە (20) كورسی تر هەیە بۆ ئەوەی نیساب تەواو بكەن. 
•    بەرەی نەیارانی سەدر‌و هاوپەیمانێتییەكەی، كە بریتین لە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی نیشتمانی) ئەمانەش لە باشترین حاڵدا بە تێكڕا ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی (100) كورسییە‌و بەتەنیا ناتوانن نیسابی (220) كورسی بۆ دانیشتنەكە ئامادە بكەن، بەڵام ئەمانە كە ترسیان لە زۆرینەی سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی هەیە، ئەگەر بتوانن ژمارەی كورسییەكانیان بۆ (110) كورسی زیاد بكەن، بۆ هەمیشە دەتوانن (نیسابی یاسایی) تێكبدەن‌و دۆخێكی چەقبەستووی هاوشێوەی ئەوەی لوبنان دروست بكەن، سەرباری ئەمەش دەتوانن پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو تەنانەت پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیش پەكبخەن، چونكە بەپێی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كوتلەی گەورە دیاری دەكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.   
لەحاڵێكدا كە نیسابی یاسایی (دوو لەسەر سێ) بێت، (110) كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا دەبێت بە (یەك لەسەر سێی پەكخەر- الثلث المعتل)، چونكە 210 لەگەڵ 220 بەتێكڕا دەكات (230) كورسی، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق (329) كورسییە. 

چارەسەر چییە ؟ 
دابەشبوونی سیاسی ئێستای عێراق ئەگەر تاوەكو رۆژی دوو شەممە كە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، وەكو خۆی بمێنێتەوە، نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروست نابێت. 
تاكە چارەسەری ئەم دۆخە ئەوەیە، سەدر قایل ببێت بە بەشداربوونی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم) لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەمە وادەكات لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەم لایەنانە بەشداری لە كۆبونەوەی پەرلەمان بكەن‌و نیساب تەواو بكەن، ئەمە ئەو دۆخەیە كە ئێرانییەكان كاریان لەسەر كردووە، مەسعود بارزانی كە كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (هۆشیار زێباری) پێشوەختە دركی ئەم چەقبەستنە سیاسییە كرد، بۆیە وەفدی ناردە لای سەدر‌و داوای لێكرد لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری بكەن لە حكومەتەكەیدا. 
سەدر تائێستا سورە لەسەر ئەوەی نابێ نوری مالیكی بەشداری لە حكومەتدا بكات، بەڵام دەرگای بۆ بەشداربوونی لایەنەكانی تر كردوەتەوە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێن بەبێ مالیكی بەشداری ناكەین، لەم نێوەندەدا باس لە چارەسەرێكی مامناوەندی دەكرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی رێككەوتن. 

ئەگەر سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا ؟
دەستوری عێراق ماوەی (30) رۆژی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە دوای كۆبونەوەی یەكەمی خولی نوێی پەرلەمانەوە. 
خولی نوێی پەرلەمانی عێراق (خولی پێنجەم)، كۆبونەوەی یەكەمی خۆی لە رۆژی 9ی مانگی رابردوو (كانونی یەكەمی 2022) سازكرد، رۆژی 8ی ئەم مانگە ماوەی دەستوریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت.
پەرلەمانی عێراق رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتووی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە دەكاتە (7)ی ئەم مانگە، رۆژی 8ی ئەم مانگە وادەی دەستوری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت. 
ئەگەر رۆژی دوو شەممە نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان پێكنەهات‌و سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا، ئەوا بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لە پۆستەكەی خۆی بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتن‌و سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت. 
دادگای فیدراڵی ساڵی 2010 حوكمێكی دەركردووە كە وەڵامی دۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا دەداتەوە، دادگا دەڵێ ئەو وادەی (30) رۆژەی دوای كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە، وادەیەكە "بۆ رێكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، نەك بۆ خستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار". 
واتە بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگای فیدڕاڵی، ئەگەر رۆژی دوو شەممە سەرۆك كۆماری نوێ هەڵنەبژێردرێت، رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گرفتی بۆ دروست نابێت‌و دەكرێت لەكاتێكی تردا رێككەوتن بكرێت‌و نیسابی یاسایی تەواو بكرێت‌و سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەوكاتەش بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی وەكو سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت. 

 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand