راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا دوای دەستبەكاربوونی، مەسرور بارزانی سێ فەرمانی دەركردووە بۆ سەرپشككردنی ئاشتی هەورامی لە مامەڵەكردن بە دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە، ئێستا هەورامی یاریدەدەرە بەڵام بە دەسەڵاتی وەزیرەوە، دوان لە فەرمانەكانی مەسرور بارزانی لە وەقایعى كوردستان بڵاوكراونەتەوە، سێیەمیان كە ژمارە (12)یە، نهێنییەو تەنیا بە زمانی ئینگلیزی نوسراوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری فەرمانی ژمارە (12)ی مەسرور بارزانی بڵاودەكاتەوە. ئەو رۆژەی مەسرور بارزانی دەستبەكاربوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی تەموزی 2019 وەكو سەرۆك وەزیران سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام رۆژی 15ی تەموز بەفەرمی دەستبەكاربوو. ئەو رۆژەی كە لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربوو، یەكەمین كارێك كە مەسرور بارزانی كردی، دەركردی فەرمانێك بوو بە ژمارە (4)، لەم فەرمانەدا سەرۆكی حكومەت، (ئاشتی هەورامی) كرد بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، ئەمە یەكەمینجاربوو لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پۆستێكی لەوشێوەیە دروست بكرێت، لەكاتی خۆیدا رەخنە لە فەرمانەكەی مەسرور بارزانی گیرا، بەدیاریكراویش لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كە (28) ساڵی ئەزمونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا شەریكە دەسەڵاتی سەرەكی پارتی بووە، نیگەرانییەكان لە فەرمانەكەی مەسرور بارزانی بۆ دانانی یاریدەدەر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لەوەوە سەرچاوەی گرت، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی تایبەتی نییەو لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانو پەیڕەوی ناوخۆی حكومەتو تەنانەت لەیاسای نەوتو غازیشدا بەهیچ جۆرێك باسی پۆستێكی لەم شێوەیە لەناو حكومەتدا نەكراوە. سەرباری ئەوەی پۆستی یاریدەدەر پۆستێكی دروستكراو بوو لە دەرەوەی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی لەمە زیاتر لە فەرمانی ژمارە (4)دا كۆمەڵێك دەسەڵاتی بەخشی بە (ئاشتی هەورامی) وەكو یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، واتە كاری ئاشتی هەورامی لە یاریدەدەرێكەوە كە تەنیا راوێژی پێ بكرێت گۆڕدرا بەوەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەبێت، بەمە دەوترێت "بنیادنانی باتڵ لەسەر باتڵ". ئەو دەسەڵاتانەی كە مەسرور بارزانی لە فەرمانی ژمارە (4)دا بەخشیویەتی بە ئاشتی هەورامی ئەمانەن: • بەدواداچونی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەو سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان- عیراق لە بواری نەوتو غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان– عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. • پێشكەشكردنی راسپاردە بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە بواری وزەدا. • هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری وزە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان- عێراق. • بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەركە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا. • ئامادەبوونی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان- عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007، داڕشتنی بەرنامەی كۆبونەوەكان. پێدانی دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكان بە ئاشتی هەورامی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە لەلایەكی ترەوە وەكو سەرپێچییەكی گەورەی یاساكان لە هەرێمی كوردستان تەماشا دەكرێت، بەوپێیەی مەسرور بارزانی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا وەكو سەرۆك وەزیران سوێندی یاسایی خواردووە نەك وەكو وەزیری سامانە سروشتییەكان، بۆیە ناتوانێت دەسەڵاتی وەزارەتێك بە كەسێكی تر ببەخشێت كە هی خۆی نییە، واتا بەو فەرمانە مەسرور بارزانی شتێكی بەخشوە كە هی خۆی نییە. ساڵێكو دوو مانگە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە، تائێستا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان پڕنەكراوەتەوە، ئەم پۆستە لەم كابینەیەدا بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، بەمدواییە بەرپرسانی پارتی باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ناوی كاندیدی خۆیان بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رەوانەی پەرلەمان بكەن بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، ئەوەی تائێستا دیارە ئەوەیە رەنگە (شێخ باز) بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای "كار" كاندیدەكەی پارتی بێت بۆ سامانە سروشتییەكان. دوو فەرمانو یەك ناوەڕۆك ! ئەوەی جێگەی سەرەنجە، دوای فەرمانی ژمارە (4) كە لە یەكەمین رۆژی دەستبەكاربونیدا دەریكردووە، دوو رۆژ دواترو لە رۆژی (17)ی تەموزدا، مەسرور بارزانی بەهەمان ناوەڕۆكی فەرمانی ژمارە (4)وە، فەرمانێكی تری بە ژمارە (9) دەركردووەو بەهەمان شێوە، هەمان دەسەڵاتەكانی بەخشوەتەوە بە ئاشتی هەورامی. فەرمانی ژمارە (4)و ژمارە (9)ی مەسرور بارزانی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوكراونەتەوە، بەڵام دیارنییە بۆچی سەرۆك وەزیران لەماوەی دوو رۆژدا دوو فەرمانی بەدوو ژمارەی جیاواز، بەڵام بەهەمان ناوەڕۆكەوە بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە. فەرمانێكی نهێنی ! هەفتەیەك دوای فەرمانی ژمارە (9)، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە رۆژی 24ی تەموزی 2019دا فەرمانی سێیەمی بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووە، ئەم فەرمانە تەنیا بە زمانی ئینگلیزیی هەیەو ئاڕاستەی دادگاو كۆمپانیا نەوتییەكان كراوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەم فەرمانە تائێستا لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاونەكراوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای بەركار لە هەرێمی كوردستان، هەر فەرمان یاخود یاسایەك بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردن، دەبێت بە زمانەكانی كوردیو عەرەبی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستاندا بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك ئاگاداربن لە ناوەڕۆكەكەی. فەرمانی ژمارە (12)ی مەسرور بارزانی دەتوانرێت وەكو فەرمانێكی نهێنی لە پشت دامەزراوەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان تەماشا بكرێت، فەرمانەكەی كە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتەوە، نهێنی بونەكەی جارێكی تر ئەو راستییە دوپاتدەكاتەوە كە دۆسیەی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی ناشەفاف بەڕێوەدەچێت. فەرمانی ژمارەی 12ی چی دەڵێ ؟ (درەو) دەقی ئەو نوسراوە نهێنییەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی لەچەند كۆمپانیایەكی بواری نەوتەوە لە ئەوروپا دەستكەوتووە. بەپێی نوسراوی ژمارە (12)، مەسرور بارزانی جارێكی تر خۆی خستوەتە شوێنی وەزیری سامانە سروشتییەكانو هەموو دەسەڵاتەكانی ئەو وەزارەتەی بەخشیوە بەخۆیو دواتر لە خۆیەوە دەسەڵاتەكانی گواستوەتەوە بۆ ئاشتی هەورامی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە، ئەمەش لەكاتێكدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەزیری بۆ دانەنراوەو تەنانەت بە "وەكالەت"یش بەپێی هیچ بڕیارێك رادەستی كەسێكی تر نەكراوە تا لەو رێگەوە دەسەڵاتەكانی بگوازرێتەوە بۆسەر ئاشتی هەورامی. بەپێی ناوەڕۆكی فەرمانی ژمارە (12)، مەسرور بارزانی ئەم دەسەڵاتانەی بە ئاشتی هەورامی بەخشیوە: • ئاشتی هەورامی لەبری وەزیری سامانە سروشتییەكانە. • ئاشتی هەورامی سەرپشك كراوەو سەرجەم دەسەڵاتەكانی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێدراوە. • دەسەڵات دراوە بە ئاشتی هەورامی بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان بكاتو راوێژو رێنمایی پێشكەش بكات، سەرپشك كراوە دەنگو پێگەی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەكاربهێنێت. • ئاشتی هەورامی سەرپشك كراوە بۆ ئەوەی رێنماییو فەرمان دەربكات لە بوارەكانی نەوتو غاز، پاڵاوتن، گواستنەوەی سوتەمەنی، گرێبەستەكان، شیكردنەوەی گرێبەستەكان، سیاسەتی غاز. • كۆكردنەوەو وەرگرتنی پارە لە كۆمپانیاكانی نەوت، ئەوانەی لە بواری نەوتو غازی هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن. • پێدانی شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی نەوت وەك پارەی گرێبەستی گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت. • دانوستانو ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی گواستنەوەی سوتەمەنی، بەرهەمە نەوتییەكان، پاڵاوتن، فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەكانو گرێبەستە هاوشێوەكانیان. • بڕیاردان لەسەر كێشە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان، دانوستانو رێككەوتنو یەكلاكردنەوەی كێشەی گریبەستەكان. • پێشكەشكردنی رێنمایی، ئاڕاستەكردن، بڕیاردان لەسەر پلانی یەكخستنی كێڵگە نەوتییەكان، پەرەپێدانی هاوبەش. • دەسەڵاتی راگرتنو خەرجكردنی پارەی راوێژكارو شارەزایانو راوێژكاری یاساییو وردبینیو ژمێریارو راوێژكارانی تر بەوشێوەیەی كە یاریدەدەری سەرۆك وەزیران (ئاشتی هەورامی) بەشیاوی دەزانێت. • ئاشتی هەورامی هەموو دەسەڵاتێكی هەیە لە خەرجكردنی پارەدا بۆ دادوەرانو خەرجی دادگاكانو هەر بڕە پارەیەك كە لیژنەی دادوەرییو دادگاكان داوای دەكەن. سێ فەرمانو یەك سكاڵا مەسرور بارزانی لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا لەدوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیران، سێ فەرمانی دەركردووە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكان ببەخشێت بە ئاشتی هەورامی. نزیكەی (20) رۆژ دوای دەرچوونی كۆتا فەرمانی نهێنی مەسرور بارزانی، واتا فەرمانی ژمارە (12)، رۆژی 14ی ئابی 2019 كۆمپانیای "دایناستی پترلیۆم" لە دادگای شاهانەی لەندەن سكاڵایەكی یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووەو داوای (ملیارێكو 680 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم دەكات، ئەمە پەیوەندی بە گرێبەستی كڕینی پشكەكانی كۆمپانیای "ریسپۆڵ"ی ئیسپانییەوە هەیە لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) لەناوچەی گەرمیان لەلایەم كۆمپانیای (دایناستی)یەوە. پێدەچێت ئاشتی هەورامی پێشوەختە مەسرور بارزانی ئاگاداركردبێت لەوەی لە دادگای ئەوروپا روبەڕووی سكاڵایەكی یاسایی نوێ دەبێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی گفتوگۆو هەڕەشەكانی لەگەڵ خاوەنەكانی كۆمپانیای "دایناستی" بەبنبەست گەیشتنو هیچیان لێ سەوز نەبوو، بۆیە بەر لە تۆماركردنی سكاڵاكەی كۆمپانیای "دایناستی"، مەسرور بارزانی لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا بەشێوەیەكی پەلەپروزە سێ فەرمانی جیاجیای بۆ ئاشتی هەورامی دەركردووەو دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پێبەخشیوە، دەسەڵاتێك كە لەبنەڕەتەوە خۆی كێشەی یاسایی تێدایە. ئێستا نەوتی هەرێم لە دادگای لەندەن لەبەردەم ئاڵنگارییەكی یەكلاكەرەوەدایە، دۆراندنی كەیسەكە، رەنگە بەتەواوەتی نەوتی هەرێم بخاتەوە ژێر كۆنترۆڵی بەغدادەوە، ئەمە لەكاتێكدا رودەدات بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان كردووەو ئاگاداری كردوون لەوەی دەتوانن لە پاڵ كۆمپانیا بیانییەكان لەناو كەرتی نەوتی عێراقو هەرێمی كوردستاندا كاربكەن. لە جانتاوە بۆ كۆشكەكەی لەندەن ! ئەم رۆژانە كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، جارێكی تر دوچاری قەیرانێكی دارایی سەخت بوەتەوە، ئاشتی هەورامی بارگرانییەكی تری دروستكردووەو داهاتی نەوتی هەرێمی خستوەتە ناو گرەوی سكاڵایەكی یاساییەوە لە دادگای لەندەن كە بە دۆڕاندنی، هەرێم (ملیارێكو 600 ملیۆن) دۆلاری تر بۆسەر لیستی قەرزە (27 ملیار) دۆلارییەكەی زیاد دەبێت. پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەرێمی كوردستان لە 2005ەوە دروستكراوە، لەو كاتەوە تائێستا ئەم وەزارەتە لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لە كابینەی نۆیەمیشدا كە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پۆستە هەر لای پارتی ماوەتەوە، بەڵام هێشتا پارتی ئەم پۆستەی پڕنەكردوەتەوە. لە ماوەی (15) ساڵی رابردوودا كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دروستكراوە، یەك پیاو ئەم پۆستەی بەڕێوەبردووە كە ئەویش ئاشتی هەورامی بووە، هەورامی سەرەتا لەڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستانو پێشنیاز كرا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڵام دواتر بوو بە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی (سەرۆكی 17 ساڵ كابینەی یەك لەدوایی یەكەكانی حكومەت). مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا وایكرد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كەرتی نەوت بكات لە هەرێمی كوردستانو بەبێ بونی ئەو، بەڕێوەبردنی وەزارەتەكە ئەستەم بێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا سەرباری ئەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوورخستەوە، بەڵام بەناچاری پۆستێكی نوێی لە دەرەوەی یاساكان بۆ داتاشیو كردی بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە، سەرباری ئەوەش بەناچاری لەماوەی كەمتر لە دوو هەفتەدا سێ فەرمانی بۆ دەركردووەو دەسەڵاتی پێداوە. بەپێی فەرمانەكانی مەسرور بارزانی دەسەڵاتی وەزیری سامانە سروشتییەكان دراوە بە ئاشتی هەورامی، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە ئاشتی هەورامی ئەندامی هیچ یەكێك لەو وەفدانەی حكومەتی هەرێم نەبووە كە چونەتە بەغداد بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە، وەزارەتی سامانی سروشتییەكانی هەرێم لەدادگای عێراق سكاڵای یاسایی لەسەرە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی فرۆشتووە، لەمەشدا ئاشتی هەورامی ئامانجەكەیە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوانەی بە نوێنەرایەتی هەرێم لەسەر دۆسیەی نەوت دەچنە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن، هیچ یەكێكیان بە وردی ئاگاداری دۆسیەكە نینو دەسەڵاتیان بەسەر ئاشتی هەورامیدا نییەو دۆسیەكە هێشتا بە ناشەفافی لە جانتاكەی هەورامیدا ماوەتەوە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەنو لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیلو لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام) كارەكانی بەڕێوە دەبات، تائێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات، لەو بینایەدا كە هەورامی دەوامی تێدا دەكات ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیش هەن لەگەڵ راوێژكارێك بەناوی (مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت. بەمدواییە هەورامی بەشداری لە كۆبونەوەیەكی "ئۆنلاین"ی حكومەتدا كرد، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی چەندجارێكو بە راشكاوی لەسەر پرسی نەوت رەخنەی توندی ئاڕاستەی ئاشتی هەورامی كردو بەرپرسیارێتی بەشێك لە قەیرانی ئێستای هەرێمی خستە ئەستۆی ئەو. ئاشتی هەورامی لەماوەی 14 ساڵ مانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا، وەزارەتەكەی لەناو جانتاكەی خۆیدا هەڵگرتبوو، وەزارەتەكەی لە كوردستان خاوەنی هیچ بیناو بارەگایەكی دیاریكراو نەبوو، كە پەرلەمانتارانو دامەزراوەكانی تری چاودێری سەردانی بكەنو وردبینی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا بكەن. بەمدواییەو لە كۆتایی سەرۆكایەتیە 17 ساڵییەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بوو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوێتە نزیك بانكی كوردستانەوە لە هەولێر، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بە جێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمو جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی بێ ماڵ كردەوە. هەورامی یەكێك لەوانە بوو كە پشتیوانی لە سیاسەتەكانی پارتیو نێچیرڤان بارزانی دەكرد بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆو دوور لە چاوی بەغداد، كە ناوی لێنرابوو "ئابوری سەربەخۆ" وەكو هەنگاوی یەكەم بەرەو سەربەخۆیی كوردستانو جیابونەوە لە عێراق پێناسە دەكرا، هەنگاوێك كە دواجار بووە هۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێم لە بەغداد كە مانگانە (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار بوو. ئێستا كە نرخی نەوت بۆ جارێكی تر دووچاری داڕمان بوەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری ئابوری سەربەخۆ ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات لەپێناو گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی بەرلە راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ، بەڵام كەی ؟ كاتێك كە نەوت نازناوی زێڕی رەشی لەدەستداوەو چیتر لە بازاڕی جیهانیدا ئەو بایەخەی جارانی نەماوە.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت ئاسایكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران ناكۆكی خستوەتە نێوان پارتیو یەكێتی لە وەزارەتی ناوخۆ، ئیستا وەزارەتەكە دابەشبووە بەسەر دوو وەزیردا، وەزیرێك لە هەولێرو بریكارێكی وەزیر لە سلێمانی كە بە دەسەڵاتی وەزیرەوە كاردەكاتو فەرمان بۆ دامەزراوەكان دەردەكات. فەرمانێك بێ ئاگاداری یەكێتی رۆژی 3ی ئەم مانگە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا رایگەیاند، بە فەرمانی حكومەت دەوامی فەرمانگەكان ئاسایی دەكرێنەوەو دەبێت فەرمانبەران هەفتانە لە یەكشەمەوە بۆ پێنج شەممە دەوام بكەنو كاتی دەوامیش لە كاتژمێر (8:30) خولەك دەستپێدەكات بۆ كاتژمێر (3:00)ی پاشنیوەڕۆ. كۆتاییەكانی مانگی شوباتی رابردوو بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بەبڕیاری حكومەت دەوامی فەرمانگەو خوێندنگەكان راگیرا بەمەبەستی رێگریكردن لە تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكە. وتەبێژی حكومەت بەو راگەیەندراوەی كە رۆژی 3ی مانگ دەریكرد، دەوامی فەرمانگەكانی ئاسایی كردەوەو هاوشێوە قۆناغی پێش دەركەوتنی كۆرۆنای لێكرد، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ئاگاداری ئەو بڕیارەی حكومەت نەبوون، بەدیاریكراویش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران. یەكێتی نیگەران بوون لەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ دەركردنی بڕیاری ئاسایكردنەوەی دەوام ئاگاداری نەكردوون، هەمان رۆژی میدیاكانی یەكێتی لێدوانێكی نافەرمییان بەناوی لیوا (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆ بڵاوكردەوە كە سەربە یەكێتییە، لێدوانەكە دەڵێ: • بڕیاری حكومەت بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام نامەنتقیو دراسە نەكراوە. • بڕیارەكەی حكومەت بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام لە پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجەو ئیدارەكانی گەرمیانو راپەڕین جێبەجێ ناكرێت. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەم كاردانەوەی یەكێتی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی توڕەكردووە، تیمی پارتی لە حكومەت بە فەرمی داوایان لە قوباد تاڵەبانی سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت كردووە، لێدوانەكەی لیوا (چەتۆ ساڵح) لە میدیاكانی خۆیان بكێشنەوەو لیوا چەتۆش بە فەرمی داوای لێبوردن بكات، مەسرور بارزانیو رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لێدوانەكەی لیوا چەتۆ بە راگەیاندنی "دوو ئیدارەیی" لە هەرێمی كوردستان ناودەبەن. سەرباری هەوڵە بەردەوامەكانی قوباد تاڵەبانی، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) تائێستا كێشەكە وەكو خۆی ماوەتەوە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەرانە لەوەی پارتی فشاری لەسەر دروستكردون بۆ ئەوەی لیوا چەتۆ داوای لێبوردن بكات. (درەو) زانیویەتی، لەناو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتیدا كۆدەنگیەكی بەهێز هەیە كە پاڵپشتی لە لیوا چەتۆ دەكات، بەو پێیەی خۆی ئەندامی سەركردایەتیەو پێیانوایە نابێت یەكێتی بچێتە ژێر فشاری پارتیو هاوشێوەی (رەوەند مەلا مەحمود) دەستبەكارداری لیوا چەتۆ ببێت، رەوەند مەلا مەحمود كاندیدی یەكێتی بوو بۆ پۆستی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، پارتی ڤیتۆی لەسەر داناو تۆمەتباری كرد بەوەی بەشداری لە رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"دا كردووە، بەوهۆیەوە تائێستا رەوەند مەلا مەحمود نەیتوانیوە پۆستەكەی وەربگرێت. لەدوای ئەو ناكۆكییە نوێیەی كە لەسەر ئاسایكردنەوەی دەوام لەنێوان هەردوولا دروستبووە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆ لە سلێمانی دەوامی خۆی دەكات، یەكێك لە نیگەرانییەكانی تری رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە لیوا چەتۆ ساڵح ئەوەیە گوایە لیوا چەتۆ لە سنوری یەكێتی هاوشێوەی وەزیری ناوخۆ مامەڵە دەكات. پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی پارتی حكومەت ئێستا هاتوەتەسەر هێڵ لەگەڵ تیمی یەكێتیو دەیەوێت لەڕێگەی قوباد تاڵەبانییەوە كێشەكە چارەسەر بكات، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكان لە مەسرور بارزانی، جەخت لەسەر ئەوە دەكات لیوا چەتۆ ساڵح بڕیاری حكومەت بۆ ئاسایكردنەوەی دەوام لە سنوری سلێمانی پەكخستووەو دەبێت بە فەرمی داوای لێبوردن بكات، بەڵام لیوا چەتۆ تائێستا داوای لێبوردنی نەكردووە بەوپێیەی هیچ لێدوانێكی فەرمی نەداوەو ئەو لێدوانەشی كە بەناوی ئەوەوە لەمیدیای یەكێتی بڵاوكراوەتەوە رەتی نەكردوەتەوە. ئەگەر كێشەكە چارەسەر نەكرێت، رەنگە بابەتەكە سەربكێشێت بۆ رودانی جیابونەوەیەك لەناو وەزارەتی ناوخۆدا، یەكێتی بریكارەكەی لە وەزارەتی ناوخۆ بەیەكجاری بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانیو لەسنوری خۆی وەكو وەزیری ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بكات. رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم بە تیمی حزبەكەی (پارتی) لە حكومەت راگەیاندووە، ئەگەر لیوا چەتۆ وەكو وەزیری ناوخۆ لە سنوری سلێمانی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، ئەوا ئەو دەست لە پۆستی وەزیری ناوخۆ دەكێشێتەوە. پێدەچێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیوا چەتۆ بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر، بەگەڕانەوەی ئاسۆی قوڵبونەوە یان چارەسەری كێشە نوێیەكەی نێوان پارتیو یەكێتی لە حكومەت، دەردەكەوێت. شەڕی دوای ئاشتی ! ناكۆكی ئێستا نێوان پارتیو یەكێتی لە حكومەت دوای مانگێكو نیوێك دێت لە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. رۆژی 26ی تەموزی رابردوو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەسەردانێك گەیشتە هەولێر، تاوەكو درەنگانێكی شەو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە "پیرمام" لە دیدارو كۆبونەوەدا بوون، ئەم كۆبونەوەیە دوای ئەوە هات یەكێتی هەڕەشەی هەڵپەساردنی پەرلەمانی كردو مەسرور بارزانیش هەڕەشەی دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتی لە حكومەت، ئەوكات نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەی تری یەكێتی قسەی كردو پێكەوە ئاوێكیان كرد بە ئاگرەكەدا، بەڵام هێشتا ئاگرەكە نەكوژاوەتەوە. لەو كۆبونەوەی نێوان نێچیرڤان بارزانیو بافڵ تاڵەبانیدا، یەكێتیو پارتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكەنو لەسەر ئەو بابەتانە گفتوگۆ بكەن كە لەسەری ناكۆكن، 15 رۆژ دواتر وەفدی پارتی هاتنە هاوینەهەواری "دوكان" لە سلێمانیو لەگەڵ وەفدی یەكێتی كۆبونەوە، دوای كۆبونەوەكە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان دەركردو رایانگەیاند" هەردوولا هێرشی میدیایی بۆسەر یەكتر رابگرن". ئەو كێشەیەی ئێستا لەنێوان هەردوولا لەسەر بڕیاری ئاسایكردنەوەی دەوام دروستبووە، دوای ئەوەدێت هەردوولا بڕیاریاندا گفتوگۆ بكەنو كێشەكانی نێوانیان لە حكومەت چارەسەر بكەن". سەركردایەتی نوێی یەكێتی كە لە كۆنگرەی چوارەمدا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 هەڵبژێردرا، لەدوای دەستبەكاربوونییەوە تائێستا لە چەند كەیسێكدا لەبەرامبەر پارتی شكستی هێناوەو نەیتوانیوە كەیسەكان لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، لەوانە: • كەیسی جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی "زینی وەرتێ"، یەكێتی دژی هاتنی هێزەكە بوو، بەڵام دوای چەند مانگ هێشتا هێزەكە لەو ناوچەیە ماونەتەوە. • كەیسی لامەركەزی ئیداریی، یەكێتی بەمدواییانە ئەم كەیسەی لەبەرامبەر پارتی جوڵاند، ئەمەش وەكو خۆی ماوەتەوە. • كەیسی لێبڕینی موچە، سەركردایەتی یەكێتی مەرجیان دانا لێبڕینی موچە تەنیا بۆ یەك مانگ بێت، حكومەت مانگی دواتریش بە لێبڕینەوە موچەی دابەشكردو بڕیارە ئەم لێبڕینە تا كۆتایی ئەمساڵیش بەردەوام بێت، یەكێتی هەڕەشەی كشانەوەی لە حكومەت كرد ئەگەر لێبڕینی موچە بەردەوام بێت، لەم هەڕەشەیەشدا تائێستا سەركەوتوو نەبووە لەبەرامبەر پارتی. یەكێتیو پارتی لەسەر چی ناكۆكن ؟ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، 10ی تەموزی 2019 سوێندی یاسایی خوارد، كابینەكە سێقۆڵییە لە (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) پێكهاتووە. یەكێتی لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا چەند مەرجێكی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەبوو، یەكێك لە دواكارییەكانی ئەوە بوو پۆستی پارێزگاری كەركوك هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەكەدا لەبەرژەوەندی یەكێتی یەكلابكرێتەوە، پارتیو یەكێتی رێككەوتنیان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك كرد، بەڵام رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا. یەكێكی تر لە داواكارییەكانی یەكێتی ئەوەبوو "بەشداری راستەقینە بێت لە بڕیاردا"، ئەم داواكارییەش لەناو یەكێتی گلەیی لەسەرەو هەندێك لەسەركردەكانی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری سەرچاوەكانی داهاتی حكومەتو رێككەوتنەكانی نینو لەناو هەموو پۆستە باڵاكاندا تەنیا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییەو ئەویش لەژێر هەژمونی زۆرینەی پارتیدایە لەم خولەی پەرلەماندا. یەكێتی لە كابینەی نۆیەمدا پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانو (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، قوباد تاڵەبانی كە جێگری سەرۆك وەزیرانەو سەرۆكایەتی تیمی یەكێتی دەكات لە حكومەت، سەرەتای دەستبەكاربوونی هەندێك كێشەو گرفتی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی هەبوو، بەڵام دواتر كێشەكەی چارەسەركرا، بەمدواییە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لێپرسینەوەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانیدا كرد سەبارەت بە پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران، قوباد تاڵەبانی بەرگری لە حكومەتو بڕیاری بڕینی موچە كرد. پارتیو یەكێتی لەبارەی پرسی رێككەوتن لەگەڵ بەغداد ناكۆكن، یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەو پێی وایە فشاری نەبوونی موچە لەشەقام زیاتر لەسەر ئەو دەكەوێت، بەڵام پارتی پەلەی نییەو دەڵێ حكومەتی كازمی حكومەتێكی كاتییەو دوای ساڵێك دەڕوات، دەبێت رێككەوتنەكە دوابخرێت بۆ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق. یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی كە كاریگەری لەسەر كاروبارەكانی پەرلەمانو حكومەتیش دروستكردووە ئەوەیە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تائێستا بە فەرمی دانی بە ئەنجامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا نەناوە، بارزانی مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی دەكات، بەڵام هێشتا دانی بە هاوسەرۆكایەتییەكەی لاهور شێخ جەنگیدا نەناوە، ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لە دوای كۆنگرەی چوارەوە لای لاهور شێخ جەنگییەو بڕیارەكانی سەركردایەتی یەكێتی لەژێر هەژمونی لاهور شێخ جەنگیدان. تاوەكو بەر لە نەخۆشكەوتنو كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری مێژووی یەكێتی، لەنێوان پارتیو یەكێتیدا رێككەوتنێكی ستراتیژی هەبوو لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان، ئەم رێككەوتنە هەرچەندە تائێستا بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام كاری پێناكرێتو لەگەڵ بارودۆخی نوێی یەكێتیدا ناگونجێت. ئێستا یەكێتی چاوی لەوەیە رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی ئیمزا بكات كە لەگەڵ دۆخی سیاسی نوێی حزبەكەدا بگونجێت، پارتی كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا سەركەوتنێكی بێ پێشینەی تۆماركرد، پەلەی نییە لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی نوێ لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی، سێ پۆستی باڵای هەرێمی كوردستان ئێستا لەدەستی پارتیدایە (پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت، پۆستی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری) سەرباری ئەمە جڵەوی فایلی نەوتو پەیوەندییەكانی هەرێمی لەبەردەستدایە. یەكێتی كاتێكی گونجاوی بۆ فشاركردن لە پارتی هەڵبژاردووە، كاتێك كە تێیدا حكومەتی هەرێم كە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات دوچاری قەیرانێكی دارایی قورس بووەو موچەی موچەخۆرانی پێ دابین ناكرێت. سەرباری ئەوەی لەناو یەكێتیدا جیاوازی هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەكردنو فشاركردن لەسەر پارتی، بەڵام تائێستا تاڕادەیەك حزبەكە لەسەر ئاستی دەرەوە بە یەكگرتوویی ماوەتەوەو دیارنییە ئەنجامی گەمە سیاسییەكە لە كۆتایدا بە چ جۆرێك دەشكێتەوە.
درەو: سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە هۆڵێ پەرلەماندا رایگەیاند پارتی و یەكێتی هەڕەشەی كوشتنیان لێكردووم، پەرلەمان لیژنەیەكی پێكهێناوە، ئەو پەرلەمانتارانەی د. كازم فاروق ناوەكەی داون بە سەرۆكایەتی پەرلەمان (مەلا ئیحسان و مەلا وەیسی لە فراكسیۆنی پارتی و باڵامبۆ محەمەد لە فراكسیۆنی یەكێتی) بووە. لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، دوو ئەندامی فراكسیۆنی پارتی و ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی، نامەی حزبەكانیان بۆ هێناوین و هەڕەشەی كوشتنمان لێدەكەن بە نەس بەخۆمیان وتووە"پێمان ناخۆشە منداڵەكانت بێناز دەبن". كازم فاروق نامەكەی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانكرد و ناوی ئەو سێ پەرلەمانتارەی تێدابوو كە نامەی هەڕەشەیان بۆ هێناوە، بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەو سێ ناوەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە بریتین لە: 🔹 مەلا ئیحسان رێكانی لە فراكسیۆنی پارتی 🔹 مەلا وەیسی سەعید لە فراكسیۆنی پارتی 🔹 باڵامبۆ محەمەد لە فراكسیۆنی یەكێتی دوابەدوای ئەو ئاگاداركردنەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئەو قسانەی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێی بە درووست كراوو ناراست لەقەڵەمداو وتی" تەنیا بۆ سۆسیال میدیا بووە" لوقمان وەردی پەرلەمانتاری یەكێتی رایگەیاند: ئەو تۆمەتە رەت دەیكەینەوەو قسەكانی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێی بە مەبەستی كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنت و پشتیوانی فەیس بووك و خۆبەپاڵەوانكردن ئەو قسانە دەكەن. پەرلەمانی كوردستان بە پێی ماددەی(43) ی پەیڕەوی ناوخۆو بەدەنگی (79) پەرلەمانتار لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ بەداواچوونی ئەو پرسە، ئەندامەكان پێكهاتبوون لە: 🔹ئیسماعیل سگێری سەرۆكی لیژنە (یەكگرتوو) 🔹بژار كۆچەر ئەندام ( پارتی) 🔹لوقمان وەردی ئەندام (یەكێتی) 🔹روپاك ئەحمەد ئەندام ( كۆمەڵ) 🔹رزگار محەمەد ئەندام ( گۆڕان) 🔹رۆمیو هەكاری ئەندام ( مەسیحی) 🔹هیمداد سەباح ئەندام ( توركمان)
درەو: لەكۆی ( 419) پەرلەمانتاری خانەنشین و (111) پەرلەمانتاری ئێستا تەنیا (7 )پەرلەمانتار خانەنشینیان رەتكردەوە و ناوەكانیان بەرەسمی ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی كوردستان كرا. بە پێی نوسراوێك كە دەست درەو كەوتووە، دوێنێ ئەردەڵان محەمەد سەرۆكی دیوانی پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوێك لیستی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتی خانەشنینی كردووە كە بەپێی یاسای چاكسازی فۆرمی رەتكردنەوەی خانەنشینیان رەتكردۆتەوە. بە پێی دوایین لیست تەنیا (7) پەرلەمانتار لە كۆی (419 ) پەرلەمانتاری خانەنشین و (111) پەرلەمانتاری خولی ئێستا خانەنشینیان رەتكردۆتەوە لە فراكسیۆنی (گۆڕان و نەوەی نوێ) كە بریتین لەمانە: - عەلی حەمە ساڵح فراكسیۆنی گۆڕان - شایان عەسكەری فراكسیۆنی گۆڕان - شیرین ئەمین فراكسیۆنی گۆڕان - كازم فاورق فراكسیۆنی نەوەی نوێ - سیپان ئامێدی فراكسیۆنی نەوەی نوێ - كاوە عەبدولقادر فراكسیۆنی نەوەی نوێ - مژدە مەحمود فراكسیۆنی نەوەی نوێ هیچ یەكێك لە پەرلەمانتارانی خولەكانی پێشوو بە خواستی خۆیان وەكو ئەوەی لە یاسای چاكسازیدا هاتووە، ئامادە نەبوون دەستبەرداری موچەی خانەنشینینان بنن و بگەڕێنەوە سەر كاری پێشووی خۆیان، لەناو پەرلەمانتارانی ئەم خولەشدا سیروان بابان كە دوای دەرچوونی یاساكە بانگەشەی ئەوەی كرد خانەنشینین رەتدەكاتەو فۆرمی رەتكردنەوەكەی پڕكردەوە، ناوی لە لیستی ئەوانەدا نیە كە خانەنشینیان رەتكردۆتەوە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) بە پێچەوانەی یاساكەوە سیروان بابان مەرجی داناوە بۆ دەستهەڵگرتن لە خانەنشینییەكەی، بەشی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دوای ئەوەی قسەیان لەگەڵ كردووە بۆ لابردنی مەرجەكەی، سیروان بابان رەتی كردۆتەوە، بۆیە بەشی یاساییش فۆرمەكەی سیروان بابانیان رەتكردۆتەوە ئەویش پاشگەزبوەتەوە لە رەتكردنەوەی موچەی خانەنشینیەكەی.
(درەو): نێچیرڤان بازرانی بە دوو پەیامی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لەگەڵ ئەردۆغان گفتوگۆی کردووە، کازمی مەرجی هەیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا. رۆژی هەینی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە ئەنکەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە. دوو رۆژ بەر لەوەی سەردانی تورکیا بکات، نێچیرڤان بارزانی لە بەغداد چاوی بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەیە، یەکێکیان سەر بە یەکێتی و ئەوی تر سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا هیچ یەکێک لە جێگرەکانی لەگەڵ خۆی نەبرد، سەرباری ئەوەی جێگرەکانیشی وردەکاری سەردانە کتوپڕەکەی بۆ ئەنکەرە نازانن، لە میدیاکانی تورکیاشدا زانیاری ئەوتۆ لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانییەوە نەخرایەڕوو، بۆ رایگشتی هەرێمی کوردستانیش ناوەڕۆک و ئامانجی سەردانەکەی بە ناڕوونی ماوەتەوەو قسەی جیاوازی لەبارەوە دەکرێت. بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە لە بەغداد دەست (درەو) کەوتووە، نێچیرڤان بارزانی بە ئاگاداری و راوێژی هەریەکە لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەسەردانی توركیای كردووە. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، مستەفا كازمی بە ئاگاداری بەرهەم ساڵح، لەڕیگەی نێچیرڤان بارزانییەوە دوو مەسجی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ناردووە، بەمشێوەیە: مەسجی یەکەم: ئێمە چیتر ناتوانین بوونی سەربازانی توركیا لە خاكی عێراقدا قبوڵی بكەین، ئەمە ئیحراجی بۆ ئیمە دروستكردووە. مەسجی دووەم: پرسی ئابوری، دەبێت بەغداد ئاگاداری پرۆسەی نەوت بێت لە رێگەی توركیاوە هەناردە دەکرێت، دەبێت لە چۆنیەتی مامەڵی توركیا لەگەڵ نەوتی عێراق، بەغداد بەرچاوی روون بێت. مستەفا كازمی رایگەیاندووە، بەبێ جێبەجێكردنی ئەو دوو هەنگاوە، ناتوانن گفتوگۆ لەگەڵ توركیا دەست پێبكەن. (درەو) زانیویەتی، بەرپرسانی توركیا چەند جارێك داوای گفتوگۆیان لە بەرپرسانی عێراق كردووە، تائێستا عێراق وەڵامی نییە. نێچیرڤان بارزانی پەیامەکانی کازمی گەیاندوەتە ئەردۆغان، بەپێی زانیاری سەرچاوەیەکی باڵا کە بە (درەو)ی راگەیاندووە، ئەردۆغان بەڵێنی بە نێچیرڤان بارزانی داوە، هەنگاو بۆ ئاسایكردنەوەی گرژیەكان دەدات و تورکیا لەهەردوو رووی ئابوری و سەربازییەوە هاوكاری بەغداد دەبن. سەبارەت بە بە لەشكركێشی سەربازی تورکیا لەناو خاکی عێراق، ئەردۆغان بەڵێنی كشانەوەی تەواوەتی سوپاکەی نەداوە، بەڵام رایگەیاندووە، لەڕووی میدیاییەوەپرسی هێرشە سەربازیەكانیان لەناو خاكی عێراق كەمدەكەنەوەو بەشێوەیەكی قۆناغبەندیش هێرشە ئاسمانیەكانیان كەمدەكەنەوەو تا ئاستی وەستانی تەواوی هێرشە ئاسمانیەكان، بەڵام ناتوانن لە ئێستادا بەتەواوی هێرشەكانیان رابگرن و سەربازەكانیان بكشێننەوە. لەلایەکی ترەوە، رۆژنامەی (العربی الجدید) کە رۆژنامەیەکی قەتەرییە لەزاری بەرپرسێکی باڵاوە لە هەولێر بڵاوکردەوە، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی بە سەرۆکی تورکیا داوە رێگە نەدەن وڵاتانی تر بەیاریکراویش فەرەنساو ئیماراتی عەرەبی لەشکرکێشی تورکیا بۆ لێدان لە (پەکەکە) لەناو خاکی هەرێم بقۆزنەوە.
راپۆرتی: درەو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان (ملیارێك و 104 ملیۆن) دۆلاری بۆ توركیا دەچێت، لە كۆی (8 ملیار و 438 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت، تەنیا (2 ملیارو 647 ملیۆن) دۆلاری دەچێتە گیرفانی وەزارەتی داراییەوە، (30%)ی داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەتەو (70%)ی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خەرجی و قەرزی كۆمپانیاكان دەچێت. بە پێی شیكارییەكی (د. عزەت سابیر) شارەزای بواری ئابوری، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2013 دا داهاتەكەی (14 ملیار) دۆلار بووەو (100%)ی داهاتەكەی خەرجدەكرا و (12) موچەی ئەو ساڵەی لێدراوە بێ لێبڕین و پاشەكەوت، بەڵام داهاتی حكومەتی هەرێم لە 2019 دا ( 15 ملیار) دۆلار بووە، لەو بڕە تەنها ( 5 ملیار) دۆلاری بۆ خەرجی و موچە بووە و (10 ملیار) دۆلاری بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكان بووە، لەو ساڵەدا تەنیا (9) موچە دراوە . بەپێی راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ووردبینی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و داهات و خەرجی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 2019، هەرێمی كوردستان (171 ملیۆن) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوەو (160 ملیۆن ) بەرمیلی هەناردەكردووە، (11 ملیۆن) بەرمیلی بۆ ناوخۆ بەكارهاتووە، تێكڕای نرخی بەرمیلێك نەوت (53 ) دۆلار بووە، كۆی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 2019 دا ( 8 ملیار و 438 ملیۆن) دۆلار بووە. لە كۆی ( 8 ملیارو 438 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم ( 5 ملیارو 791 ملیۆن) دۆلاری بۆ قەرزو خەرجی كۆمپانیاكان چوەو تەنیا (2 ملیارو 647 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم بووە. (610 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوتی توركیابووە، (494 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیای وزەی توركی بووە بۆ كرێی بۆری، واتا ( ملیارێك و 104 ملیۆن) دۆلاری بۆ توركیایە، (700 ملیۆن) دۆلاری بۆ قەرزی كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوتە، ساڵانە (25 ملیۆن) دۆلاری بۆ سودی قەرزی كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوتە، (644 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت بۆ كرێی بۆری نەوتی كوردستانە، ( 2ملیارو 537 ملیۆن) دۆلاری بۆ حەقدەستی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوتە. داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان (30%)ی بۆ خەزێنەی حكومەتەو (70%)ی بۆ خەرجی و قەرزی كۆمپانیاكانە بەشێوەیەك، (13%)ی بۆ كرێی بۆری نەوتی كوردستان و توركیایە، بۆ قەرزی توركیا و كۆمپانیاكانی كڕیاری نەوت (16%)ی نەوتی هەرێم دەڕوات، (9%)ی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمپانیا ناوخۆییەكانە ( كارەبا و پاڵاوگەكان)، بۆ حەقدەستی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت (30%)ی داهاتی نەوتی دەڕوات، پوختەی ئەو داهاتەی نەوت كە بۆ موچەو خەرجی حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە تەنها (32%)ەو لە پرۆسەی گۆڕینەوەی داهاتی نەوت لە دۆلارەوە بۆ دینار (2%) دەڕوات بۆ بانكی (RT) بەو پێیەش (30%)ی كۆی داهاتی نەوت بۆ خەڵك و حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە. كۆی ئەو داهاتانەی كەوتۆتە دەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2019دا (15 ملیۆن) دۆلار بووە، لەو رێژەیە ( 8 ملیارو 500 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت بووە بەرێژەی (57%)، ئەو پارەیەی كە لە 2019 دا لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە مانگانە (453 ملیار) دینار بووە لەو ساڵەدا (4 ملیارو 500 ملیۆن ) دۆلار لەبەغداوە بۆ هەرێم هاتووە، داهاتی ناوخۆ ( نانەوتی) لە هەرێمی كوردستان لەو ساڵەدا ( 2 ملیار) دۆلار بووە، بەڵام لە كۆی ئەو (15 ملیار) دۆلارەی داهاتی هەرێم لە 2019 دا تەنها (5 ملیار) دۆلاری بۆ خەرجی و موچە بووە، (10 ملیار) دۆلاری بۆ خەرجی و قەرزی كۆمپانیاكان رۆیشتووە و حكومەت تەنها (9 ) موچەی دابەشكردووە بە پاشەكەوت و لێبڕینەوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە 2013 دا كە هەرێمی كوردستان لەو پەڕی گەشەسەندندا بووە، كۆی داهاتەكەی (14 ملیار) دۆلاربووە كە (100%)ی خەرجكراوە و (12)موچە دراوە.
راپۆرتی: د.سەلام عەبدولكەریم "سەبارەت بەسەردانەكەی شاندی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ توركیا" پاش سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمو شاندی هاوڕێی بەشێك لەرەخنەو شرۆڤەكان بۆ ئەوەبوون بۆچی ئەگەر بڕیارە شاندی سەرۆكایەتی هەرێم بێت جێگرەكانی لەیەكێتیو گۆڕانی لەگەڵدا نیەو شاندەكە شاندێكی حزبیە؟ بێئاگا لەوەی بەلای بنەڕەتی بابەتەكەدا نەچوون، چونكە ئەوەی گرنگە تێڕوانینی توركیایە لەمەڕ هەرێمی كوردستانو ئەو رۆڵو ئەركانەیە، كەتوركیا دەخوازێت هەرێمی كوردستان بیگێڕێت. بەڕێزەوە بوونی دوو جێگرەكەی سەرۆكی هەرێم پۆستی زیادەن لەبنەڕەتەوە، چونكە بەكردار دەسەڵاتو ئەركەكانیان دیارینەكراوەو كارتۆنین، كاتی خۆی كەپێكهاتەی حكومەت كرا بۆ هاوسەنگ كردنی هاوكێشەی پۆستەكانی ئەو سێ لایەنە بوو. سەرباری ئەوەی ئەم جێگرانە لەبنەڕەتەوە هیچ محەلێكیان لەئیعرابدا نیەو لەكۆبوونەوەو سەردانی لەمشێوەیە، كەرەهەندی ئاساییشیو ئابورییان هەیە نابرێنو پرسیشیان پێناكرێت لەداهاتووشدا. لەتوركیاشدا شتێك نیە ناوی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت بەڵكو ئەوەی هەیە نوێنەرایەتیو بارەگای حزبیە لەو وڵاتە. هەرچی مەسەلەی ئاڵاشە مامەڵەیەكی تاكتیكیە كەی پێویست بێ لای توركیا دایئەنێت كەی پێویستیش نەبێت داینانێت، لەسەردانەكانی رابردوشدا ئەم دیاردە تێبینیكراوەو بەدیكراوە. توركیا چۆن دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان؟ لەراستیدا هۆكاری بایەخدانی توركیا بەهەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەوەوە نیە، كەتوركیا بڕوای بەمافی كورد لەباشور هەیە، یا خوازیاری بوونی حكومەتی هەرێمە وەك ئیدارەیەكی كوردیی، بەڵكو توركیا لەئێستادا زیاد لەبەرەیەكی شەڕەقۆچی لەسەر ئاستی ناوچەكە كردۆتەوە لەلایەك كەڵكەڵەكانی بۆچنگكەوتنی وزە لەرۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەلایەك بەهێزكردنی پێگەی هەرێمیی لەلیبیا، لەلایەك بوونی لەسوریا، لەلایەكی دیكەوە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ دژ بە پەكەكە لەباشوری كوردستان. هەموو ئەم جەنگو بەرانە پێویستیان بەوزەو ئابووری هەیە، بۆیە هەرێمی كوردستانیش هەرێمێكە حزب بەڕێوەی دەباتو دەمێكە بەتوركیا تاڵانفرۆشكراوە. سەرباری ئەوەی توركیا زیاد لەناكۆكی هەرێمیی و جیهانیی هەیەو لەناوچەكەدا لانیكەم لەگەڵ هەرێمی كوردستان كەپەكەكە بوونی هەیە لەناوچە سنوریەكان پێویستی بەهێزێك هەیە هاوكاری بێت لەبەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسیانە. ئەوەی توركیا لەهەرێمی كوردستانی دەخوازێت سێ رۆڵی سەرەكیە، كەكاریگەریان لەسەر رۆڵو پێگەی توركیا لەناوچەكە هەیە: یەكەمیان- هەرێمی كوردستان وەك بازاڕی ساغكردنەوە: دەمێكە توركیا هەرێمی كوردستان وەك بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەم و هەناردەنی لەبازرگانی دەرەوەدا دەبینێتو ساڵانەش رێژەی وەبەرهێنانی توركیا بەرزتر دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە وەبەرهێنان یا ناردەنی هەرێمی كوردستان جگە لەنەوتو گازی سروشتی، كەبەتاڵان دەبرێن هیچی تر بەدی ناكەین، رەنگە بپرسن هەرێمی كوردستان چی هەیە تا هەناردەی بكات؟ بەڵام مەسەلەكە ئەوە نیە چونكە گەر هەرێمی كوردستانیش هەناردەنی هەبێت توركیا قبوڵی ناكات، لەبەرئەوەی خۆ عێراق هەناردەنی هەیەو سەرمایەدارانی عێراقی دەتوانن لەتوركیا كاری وەبەرهێنان بكەن، بەڵام توركیا تائێستا هاوردەنی لەعێراق نیە، ئەمەش یەكێكە لەخاڵە ناكۆكەكانی نێوان توركیاو عێراقە پاش هاتنی كازمی بۆسەر تەختی دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانو تائێستا ئەو كێشە یەكلایی نەبۆتەوە. دووەم- هەرێمی كوردستان وەك زۆنی سەرچاوە سروشتیەكان و وزە: روانینی دووەمی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان بریتیە لەوەی توركیا سەیری هەرێم وەك زۆنێكی گەورەی وزەی نەوتو گازی سروشتی تەماشا دەكات. ئێمە لەنوسینی تردا بەداتا روونمان كردەوە چۆن (ئاشتی هەورامی) زانیاری لەسەر یەدەگی گازی سروشتی داوەتە توركەكانو بەنزیكی (46ملیار م3) خەمڵاندووەو لەگەڵ یەدەگی نەوتی خاو كەئەویش بەملیارەها بەرمیل مەزەندەی كردووە. بۆیە سەرباری ئەمانە توركیا ئەم وزە سروشتیەی بەنرخێكی تاڵانو بەلاش دەستدەكەوێت جگە لەوەرگرتنی كرێی بۆری گواستنەوە، كە بەوڵاتەكەیدا تێدەپەڕێتو دەستبەسەراگرتنی پارەی نەوت. ئەمەش هەرزانترو ئاسانترە لەچاو ئەو وزەیەی لەروسیاو قەتەری دەكڕێت لەگەڵ ئێران. كاتی خۆیشی پێموایە ئەحمەد داود ئۆغلو بوو پێشنیاز بۆ (عەبدوڵا گویل)ی سەرۆك كۆمار دەكات، كەچین لەو دوورەوە لەكێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستاندا خەریكی دەرهێنانی نەوتە ئێمە لەم نزیكەوە بۆچی دوورەپەرێز بین؟ سێیەم- هەرێمی كوردستان وەك پۆلیسی پاراستنی سنوور: یەكێكیتر لەو رۆڵانەی توركیا لەهەرێمی كوردستانی دەوێت بریتیە لەرۆڵی ئاسایشیو بەكوردی پۆلیسی سنوور، بەشی هەرە زۆری ئەو زانیاریانەی لەبەیاننامەكانی حكومەتی هەرێمو سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتوونو دێن لەكۆنو نوێدا دیپلۆماسیانەنو راستی بابەتەكە ناخەنەڕوو،چونكە لەرابردووشدا هەموو رێكەوتننەكانی نێوان یەكێتیو پارتی لە(دبلنو درۆگیداو بەتلیسو ئەنكەرەو واشنتۆن) هەژمونی توركیای بەسەرەوە بووەو رەهەندێكی ئاسایشی هەبووە لەهەندێ لەبەندو بڕگەكانیدا، توركیا داواكار بووە هەرێمی كوردستان بەگژی تیرۆردا بچێتەوە، كەمەبەست لێی پەكەكە بوو. ئێستاش هەر بەهەمان شێوەیە، وەك لەوتەكانی (مەولود چاوش ئۆغلو)ی وەزیری دەرەوەی توركیا روونبۆوە، كەوتی:"شەڕە هاوبەشەكەمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دژی پەكەكە...". بۆیە روونە توركیا هەمیشە ویستویەتی لەبری خۆی یان پێكەوە هەرێمی كوردستان رۆڵی پۆلیسی پاراستنی سنوری بۆ بگێڕێت لەدژی مەترسیەكانی چەكدارانی پەكەكەو بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانیش بەڵگەیە لەسەر ئەم تێڕوانینەی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان. لەكۆتاییشدا تائێستا لەتوركیا دامەزراوەیەك نیە ناوی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێتو بەهیچ شێوەیەكیش ئامادەنیە شتێكی وا قبوڵ بكات، بۆیە دەمێك بەكاربەدەستانی باكوری عێراقو دەمێك بەدەسەڵاتدارانی باكوری عێراق ناومان دەبەن، دژایەتیكردنی ریفراندۆمیش بەڵگەیەكی تری ئەوەیە، كەتوركیا بەهیچ شێوەیەك دان بەهەرێمی كوردستانو مافی كوردا نانێت. قسەكانی ئەردۆگان پێش و دوای ریفراندۆمو سوكایەتیكردن تارادەی ئیهانەپێكردنمان بەس بوو بۆ تێگەیشتن لەم راستیە. بەڵام ئەو راستیەش هەیە هەم هەرێمی كوردستان پێویستی بەهاوسێیەتی توركیا وەك دراوسێیەك هەیە، چونكە تاكە دەروازەی هەرێمە بەرووی ئەوروپاو ئەمەریكا، هەم توركیاش لەبەر ئەو رەهەندو رۆڵانە پێویستی بەهەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام لەسەر بنەمای خۆی و بێ پاشكۆیەتی، لەم نێوەندەشدا پێویستە پەكەكە رەچاوی هەستیاری دۆخی هەرێمی كوردستان بکات و بەهەند وەریبگرێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت تەموزی ساڵی رابردوو، چەند رۆژێك دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی گرێبەستی كڕینی پشكی كۆمپانیایەكی ئیسپانی لە دوو كێڵگەی نەوتی ناوچەی گەرمیان لەلایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵی لە سلێمانی رەتكردەوە، بەڵام مانگی رابردوو گرێبەستێكی هاوشێوەی پەسەندكرد كە كۆمپانیایەكی نزیك لە سیروان بارزانی ئیمزای كردبوو، سلێمانی لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە دەیەوێت هاوشێوەی كۆمپانیای (كار) لە هەولێر بچێتە ناو كەرتی نەوتەوە لە هەرێم، بەڵام سەرۆكی حكومەت رێگەنادات، ئەمە ئەو كۆمپانیایەیە كە لەدادگاى بەریتانیا سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە. لەبارەی كۆمپانیاكەی سلێمانییەوە ؟ مانگی شوباتی داهاتوو دادگای لەندەن بڕیاری كۆتایی لەسەر سكاڵایەك دەدات كە كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لەسەر ئاشتی هەورامی وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەكانی هەرێمو یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری وزە تۆماریكردووە. بانگەشەی ئەمدواییە كۆمپانیای (دایناستی) بۆ بازرگانی سنورداری نەوتو گاز كە بە (دایناستی پترلیۆم) ناسراوە، جارێكی تر تیشكی خستەوەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كەیسی نەوت لە هەرێمی كوردستانو دەستوەردانی بنەماڵە سیاسییەكان لەو سامانە گەورەیەدا. (دایناستی) كە ئێستا سكاڵای لەسەر ئاشتی هەورامی تۆماركردووە، كۆمپانیایەكی تایبەتە كە لە شاری سلێمانی دامەزراوە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، رێژەی 51%ی كۆمپانیاكە خاوەندارێتییەكەی بۆ كۆمپانیای (ساوز كوردستان) دەگەڕێتەوەو رێژەی 49%ی پشكەكانیشی (هیوا ئاوات قارەمانی) خاوەندارێتی دەكات، كە گەنجێكی كوردی شارەزای بواری نەوتە لە بەریتانیا. كاری كۆمپانیاكە بریتییە لە كڕینو پێشخستنی كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز لە هەرێمی كوردستان، ئەم كۆمپانیایە خاوەنی ژمارەیەك راوێژكاری بەئەزمونی عێراقیو بیانییە. بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە بیانییەكان، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە بازرگانییەكانی، كۆمپانیای (دایناستی پترلیۆم) لێكۆڵینەوەو شیكارییەكی وردی كردووە بۆ نەوتو غاز لە هەرێمی كوردستانو شیكارییەكانی توانایەكی شاراوەی گەورەی دەرخستووە لە سەرچاوەی وزەدا لە هەرێم كە پێشتر لەلایەن ئەو كۆمپانیا بیانیانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە، سودیان لێ نەبینراوە. چیرۆكی دایناستیو ئاشتی هەورامی كۆمپانیای (ریپسۆڵ ئێس. ئەی) كە كۆمپانیایەكی ئیسپانی بوو، كارپێكەری هەردوو بلۆكی نەوتیی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بوو لە ناوچەی گەرمیان، كانونی دووەمی ساڵی 2016 كۆمپانیای (دایناستی) بۆ یەكەمجار پەیوەندی بەم كۆمپانیا ئیسپانییەوە دەكاتو ئۆفەرێكی پێشكەشدەكات بۆ كڕینی بەرژەوەندییەكانی لەو دوو بلۆكە نەوتییەی گەرمیاندا. لەماوەی زیاتر لە دوو ساڵدا، كۆمپانیا (ریپسۆڵ)ی ئیسپانی گفتوگۆی دەستپێكرد بۆ فرۆشتنی پشكەكانی لەو دوو كێڵگە نەوتییەی گەرمیان، لەم بوارەشدا بەپێی زانیارییەكان، لەگەڵ زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكانی تر لە ناویاندا (ئێكسۆن مۆبێل، شێڵ، روس نێفت، گازپرۆم، شێڤرۆن، مایرسك، ئاداكس پێترۆڵییەمو كۆمپانیای نەوتی توركیا) گفتوگۆی كردووە. پێشبڕكێیەكی جیهانیی لەنێوان كۆمپانیاكان لەسەر كڕینی پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی لە كێڵگەكانی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) دەستی پێكرد، سەرەڕای ئەم پێشبڕكێ جیهانییە، (ریپسۆڵ) بڕیاریداوە رێكەوتننامەیەكی نهێنی لەگەڵ (دایناستی) ئیمزا بكات، لەم كاتەدا (ریسپۆڵ) هەر لە گفتوگۆدا بووە لەگەڵ ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی، بەڵام لە كۆتایداو بەدیاریكراوی لە مانگی شوباتی 2019دا بۆردی بەڕێوەبەری كۆمپانیا ئیسپانییەكە بڕیار دەدات بەرژەوەندییەكانی لە هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بە (دایناستی) بفرۆشێت، كە كۆمپانیایەكی ناوخۆییە لە هەرێمی كوردستان، ئەمە جاری یەكەم بوو كۆمپانیایەكی نەوتو غازی كوردی گرێبەستی كڕینو فرۆشتن لەگەڵ یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهاندا واژۆ بكات. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە میدیاكانی رۆژئاوا بڵاویانكردوەتەوە، دوای كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە، (دایناستی) وەكو كۆمپانیایەكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی نیشانداوە بە وەبەرهێنانێكی سەرەتایی بە بەهای (٢٠٠ ملیۆن) دۆلارو دوای ئەوەش ئاستی وەبەرهێنانی خۆی لەو دوو بلۆكەدا لەماوەی سێ بۆ چوار ساڵ بگەیەنێتە بڕی (ملیارێك) دۆلار. بەڵام لەسەرەتای ئازاری ساڵی 2019وە، (ریپسۆڵ)و (دایناستی) تووشی كێشە بوون، ئەمەش كاتێك رویدا كە (ریپسۆڵ) حكومەتی هەرێمو ئاشتی هەورامی وەزیری ئەوكاتی سامانە سروشتییەكانی ئاگاداركردەوە لەوەی رێككەوتنی فرۆشتنی لەگەڵ دایناستی واژۆ كردووە"، كۆمپانیا ئیسپانییەكە داوایكردووە ئاشتی هەورامی بەگوێرەی مەرجەكانی گرێبەستی هاوبەشیكردنی بەرهەمهێنان (ماددەی 7.39) كۆنترۆڵی دوو بلۆكە نەوتییەكەی گەرمیان رادەستی (دایناستی) بكات. تیمی پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) لە بەڵگەنامەكانیاندا بۆ دادگای بەریتانیا باسیان لەوەكردووە، بەپێی مەرجەكانی لە گرێبەستەكانی هاوبەشیكردنی بەرهەمهێنانو یاسای نەوتو غاز لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر حكومەتی هەرێم لەمامەڵەی فرۆشتن ئاگاداركرایەوە، واتا حكومەتی هەرێم بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی رەزامەندی لەسەر گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی پشكی كۆمپانیاكان داوەو ئیتر نابێت بەبێ هۆكاری گواستنەوەی خاوەندارێتی پشكەكان لە كۆمپانیایەكەوە بۆ یەكێكی تر دوابخات یاخود بەیەكجاری رابگرێت. پارێزەرانی كۆمپانیای (دایناستی) سەرباری ئەوەی پێیانوایە ئاشتی هەورامی یاساو مەرجەكانی گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت پێشێلكردووە، تۆمەتباریشی دەكەن بەوەی هەڵمەتێكی بەردەوامو نایاسایی ئەنجامداوە بۆ لێدان لەناوبانگی كۆمپانیاكەیانو هەڕەشەكردن لە خاوەنی هەردوو كۆمپانیای (ریسپۆڵ)و (دایناستی)، كە گرێبەستی كڕینو فرۆشتنیان لەنێوان خۆیاندا كردووە، بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە دواجار گرێبەستی كڕینو فرۆشتنی پشكەكانی هەردوو بلۆكی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) راوەستاوە. هەر لەو ماوەیەدا بووە كە هەردوو كۆمپانیا ئیسپانییەكەو كۆمپانیاكەی سلێمانی بەنوسراو ژمارەیەكی زۆر داواكاریان پێشكەشی حكومەتی هەرێم كردووە بۆ دەربڕینی رەزامەندی لەسەر ئاڵوگۆڕی نێوانیان لە دوو كێڵگە نەوتەكەی ناوچەی گەرمیان، بەڵام حكومەت هەموو داواكارییەكانی رەتكردونەتەوە. بەرپرسانی باڵای كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی ئیسپانی چەندینجار داوایان لە ئاشتی هەورامی وەزیری ئەوكاتەی سامانە سروشتییەكان كردووە كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی بكات لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ)و (دایناستی)، بەڵام ئاشتی هەورامی رەتیكردوەتەوە. دواجار ئاشتی هەورامی قایل بووە دوو قۆڵی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ) كۆببێتەوە، كۆبونەوەكە لە 7ی ئایاری 2019 لە لەندەن بەڕێوەچووە، لەو كۆبونەوەیەدا ئاشتی هەورامی داوای لە بەرپرسانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە كردووە گرێبەستەكەیان بۆ فرۆشتنی پشكەكانیان لە كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) لەگەڵ كۆمپانیای (دایناستی) هەڵوەشێننەوە، ئاشتی هەورامی بەبەرپرسانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ)ی وتووە:" ئەگەر بەسەر تەرمەكەشمدا تێپەڕن، رێگەنادەم دایناستی كۆنترۆڵی ئەو دوو كێڵگەیە بگرێتەدەست". بە درێژایی هاوینی 2019 ئاشتی هەورامی رەزامەندی نەدا لەسەر ئەوەی (دایناستی) لە شوێنی ریسپۆڵ لە كێڵگە نەوتییەكان گەرمیان دەستبەكار ببێت، رۆژی 7ی تەموزی 2019 كابینەی نوێی حكومەت لە هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی پێكهێنرا، مەسرور بارزانی لەكابینەكەیدا ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان دورخستەوە، ئەمە هیوایەكی بەخشی بە كۆمپانیای (دایناستی)، خاوەنەكانی دایناستی چاوەڕوانی ئەوەبوون ئەو وەزیرەی كە شوێنی ئاشتی هەورامی دەگرێتەوە كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات، بەڵام مەسرور بارزانی تائێستا پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی پڕنەكردوەتەوە. بەپێی زانیارییەكان، لە كۆتایی تەموزی 2019دا، كۆمپانیا ئیسپانییەكەو كۆمپانیاكەی سلێمانی نوسراوێكیان ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەت كردووەو تێیدا داوایان لێكردووە رەزامەندی بدات لەسەر دەستبەكاربوونیان لە كێڵگەكانی گەرمیانو باسیان لەوەكردووە بەپێی یاسا دەبێت رەزامەندییان بۆ بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی لەوەڵامدا جەختی لەسەر قسەكانی پێشتری ئاشتی هەورامی كردووەو داوای كردووە كۆمپانیای (ریسپۆڵ)و (دایناستی) گرێبەستەكەیان هەڵبوەشێننەوە. ئەمە وایكرد، لە رێكەوتی 2ی ئەیلولی 2019دا كۆمپانیای (ریپسۆڵ) ئامۆژگاری كۆمپانیای دایناستی كرد بەوەی كە بەبێ رێگەپێدانی گۆڕینی دەسەڵات (كۆنترۆڵ)، هیچ بژاردەیەكی تریان لەبەردەمدا نیە، جگە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كڕینو فرۆشتنەكە لەنێوانیاندا. رۆژی 3ی ئەیلولی 2019، واتا رۆژێك دوای ئەوەی (ریسپۆڵ) گرێبەستی فرۆشتنی پشكەكانی بە كۆمپانیای (دایناستی) لە هەردوو كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) هەڵدەوەشێنێتەوە، (وێسترن زاگرۆس) كە كۆمپانیایەكی كەنەدییەو هاوبەشی ریسپۆڵ بووە لە كێڵگەكانی (تۆپخانە)و (كوردەمیر)، نوسراوێك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكاتو رایدەگەیەنێت" پشكەكانی كۆمپانیای ریپسۆڵی كڕیوە"، ئەمە هەمان ئەو پشكانە بوو كە كۆمپانیای (دایناستی) قایل بوبوو بە كڕینیان. مەسرور بارزانی بەبێ كێشەو دەستبەجێ كڕینی پشكەكانی ریسپۆڵ لەلایەن (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدییەوە پەسەند دەكات، بەمەش قوڕەكە زیاتر بۆ كۆمپانیای (دایناستی) خەست دەكاتەوە، ئەوانەی كە نزیكن لە كۆمپانیای (دایناستی) دەڵێن، بەم كارە مەسرور بارزانی فەزڵی كۆمپانیایەكی كەنەدی داوە بەسەر كۆمپانیایەكی ناوخۆیدا. سكاڵا لەسەر ئاشتی هەورامی دوای ئەوەی مەسرور بارزانی فرۆشتنی پشكەكانی كۆمپانیای (ریسپۆڵ) لە كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر) بە كۆمپانیای (ویسترن زاگرۆس)ی كەنەدی پەسەند دەكات، كۆمپانیاكەی سلێمانی واتا كۆمپانیای (دایناستی) بەتەواوەتی بێئومێد دەبێت. رۆژی 14ی ئابی 2019 لە دادگا باڵای بەریتانیا سكاڵای یاسایی لەسەر ئاشتی هەورامیو حكومەتی هەرێم تۆماردەكات، لە دادگای لەندەن كۆمپانیای (دایناستی) قەبارەی زیانەكانی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای (ریسپۆڵ) بە (ملیارێكو 682 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێنێت، باسلەوەدەكات لە سەرەتای ساڵی 2016وە بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی كڕینی پشكەكانی كۆمپانیا ئیسپانییەكە لە كێڵگەی (تۆپخانە)و (كوردەمیر)، ملیۆنان دۆلاری ئەمەریكی خەرجكردووەو ئێستا دەیەوێت حكومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو خەرجیانەی بكاتەوە. لەنێوان كۆمپانیای دایناستیو كاردا دەوترێت ئاشتی هەورامی دژی ئەوە بوو كۆمپانیا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان كار لە بواری نەوتو غازی هەرێمدا بكەن، بەڵام لەواقیعدا ئەمە راست نییە، ئاشتی هەورامی رێگەی بە كۆمپانیا ناوخۆییەكان داوە لە بواری نەوتی هەرێمدا كاربكەن، بەتایبەتی ئەو كۆمپانیایانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەندارێتی دەكەن. كۆمپانیای (كار گروپ) كە دەوترێت سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە ساڵی 2006ەوە گەورەترین كێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوتی پێ بەخشراوە كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە، ئەم كێڵگەیە رۆژانە زیاتر لە (110 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەمەیە سەرچاوەی نیگەرانی كۆمپانیای (دایناستی)و ئەوانەیە كە لە سلێمانی پشتیوانی لێ دەكەن. چاودێرانی بواری نەوت دەڵێن، ئاشتی هەورامیو حكومەتی هەرێم بەبێ كێبركێ گرێبەستی كێڵگەی (خورمەڵە)یان داوە بە كۆمپانیای (كار)، خورمەڵە كە ئێستا بە گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، دەكەوێتە نێوان هەولێرو مەخمور، ئەم كێڵگەیە بەر لە ساڵی 2005 بەرهەمهێنراوە، تاوەكو ساڵی 2008 كۆمپانیای نەوتی باكور كاری تێداكردووە، لەدوای 2008وە كەوتوەتە دەست حكومەتی هەرێم، ئایاری 2019 كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردو داوای كرد كێڵگەی (خورمەڵە) لە كۆمپانیای (كار) وەربگیرێتەوەو رادەستی كۆمپانیای (نەوتی باكور) بكرێتەوە. حكومەتی هەرێم تەنیا ئەو كارەی بۆ كۆمپانیای كار نەكردووە كە بەبێ ركابەرێتی كێڵگەی (خورمەڵە)ی پێداوە، بەڵكو بڕی (600 ملیۆن) دۆلاریشی بۆ كۆمپانیای (كار) دابینكردووە بۆ ئەوەی پەرە بە كڵگەكە بدات، ئەمەش یارمەتییەكی زیادە بووە. كۆمپانیای (كار) بۆری ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانی بۆ توركیا دروستكرد، گرێبەستی دروستكردنی ئەم بۆرییە بەوشێوەیە كرا، رێژەی 40%ی بۆرییەكە بۆ كۆمپانیای (كار) بێتو رێژەی 60%ی بۆ (حكومەتی هەرێم)، ساڵی 2017 حكومەتی هەرێم پشكی خۆی لە بۆرییەكە كە رێژەی 60% بوو فرۆشت بە كۆمپانیای (رۆزنەفی روسی) بەبڕی (ملیارێكو 800 ملیۆن) دۆلار، ئێستا حكومەتی هەرێم پارە دەدات بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتەكەی بەو بۆرییەدا، خەرجی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم بە بۆرییە هاوبەشەكەی كۆمپانیای (كار)و (رۆزنەفت)ی روسی ساڵانە (600 ملیۆن) دۆلارە، رێژەی (240 ملیۆن) دۆلاری ئەم پارەیە بۆ كۆمپانیای (كار) دەبێتو رێژەی (360 ملیۆن)ەكەی تری بۆ كۆمپانیای (روزنەفت)ی روسی. كۆمپانیای (كار) چانسی گەورەتری لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، (شێخ باز رەئوف) سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای (كار) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان. سیروان بارزانی لەبواری نەوتدا تەنیا كۆمپانیای كار نییە كە وەكو كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لە بواری نەوتی هەرێمدا كاردەكات، بەپێی زانیارییەكان، مانگی رابردوو، كۆمپانیای نەوتو غازی (زێگ)، كە لە دوورگەكانی ڤێرگینی بەریتانی تۆمار كراوەو بەوە ناسراوە (سیروان بارزانی) خاوەنداری دەكات. پشكەكانی كۆمپانیای (ئۆرێكس پترلیۆم)ی كەنەدی بەبڕی (17 ملیۆن) دۆلار كڕیوە. كۆمپانیای (ئۆرێكس) كارپێكەری بلۆكی نەوتی هەولێرە، بلۆكەكەی دەكەوێتە دەرەوەی شاری هەولێرو (11 هەزار) بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرهەمدەهێنێت. ئەم مامەڵەیە هاوشێوەی مامەڵەی گۆڕینی دەسەڵات (كۆنترۆڵ)ەكەی كۆمپانیای (دایناستی)یە كە بۆ كڕینی بلۆكەكانی كۆمپانیای (ریپسۆڵ) كردی، بەڵام هیچ كێشەیەكی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ دروست نەكراوە. نەوت لە هەرێمی كوردستان راپۆرتە فەرمییەكانی وردبینی (دیلۆیت) لەسەر بەرهەمهێنانی نەوتو غازی كوردستان ئەوە نیشان دەدەن، لە ساڵی 2006ەوە كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت بڕی (7 ملیار) دۆلاریان داوە بە حكومەتی هەرێم، ئەم پارانە بۆ هیچ پرۆژەیەكی ناوخۆییو خەڵكی هەرێمی كوردستان خەرج نەكراون، بەڵكو گواستراونەتەوە بۆ سەر حسابی چەند كەسێك. لە رۆژانی سەرەتای گرێبەستە هاوبەشەكانی بەرهەمهێنان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەژماری بانكیی لەگەڵ (HSBC) لە بەریتانیا بۆ وەرگرتنی دەرماڵەو پارەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت دادەمەزرێنێت. ئەم هەژمارە بانكیانە لەژێر كۆنترۆڵی راستەوخۆی ئاشتی هەورامیدا بوون، كاتێك بەم هەژمارە بانكیانە زانراوە، داخراون، بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت بە ئاسانی شوێنی ئەو پارە هەڵگرێت یان بزانێت كە بۆی دەنێردرێت. هەروەها لە زۆربەی گرێبەستە هاوبەشەكانی بەرهەمهێناندا، حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنداری 20%ی قازانج دەكات. هەرچۆنێك بێت، بە گوێرەی یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان، ئەمە دەبێت لەلایەن (كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی هەرێم)ەوە خاوەنداری بكرێت. ئەم كۆمپانیایەش تائێستا دانەمەزراوە، دەوترێت زۆر جار ئەو 20%ەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گرێبەستە هاوبەشەكاندا دەستی دەكەوێت، لەلایەن بنەماڵەی بارزانییەوە خاوەندارێتی دەكرێتو هەندێكجار بەشی بنەماڵەی تاڵەبانیشی لێدراوە، لەڕێگەی ئەو كۆمپانیاكانی نهێنییانەی كە ئاشتی هەورامی دروستی كردوون. ساڵی 2009 لە نەرویژو بەریتانیا، دۆسیەیەكی یاسایی هەبوو، ئاشتی هەورامی لە هەندێك پشكی ناڕووندا تێوەگلابوو، لە مامەڵەكردن بە پشكەكانی كۆمپانیای DNO ئەنتەرناشناڵی نەرویژی، كە فرۆشرا بوو بە كۆمپانیای جینێڵ ئینێرجی بەریتانی. نەدیم زەهاوی ئەندامێكی پەرلەمانی بەریتانیا، پێشتر بەڕێوەبەری كۆمپانیای (گۆڵف كیستۆن) بوو لە كوردستان، لە تەموزی 2015 تا كانونی یەكەمی 2017 پشكی بە بەهای زیاتر لە (2 ملیۆن) دۆلار بووە، هەروەها زیاتر لە (ملیۆنێكو 500 هەزار) دۆلاری وەكو مووچەو بەخشش بۆ كاركردنی بەشێوەی "پارت تایم" پێدراوە. دەوترێت زەهاوی پەیوەندی باشی لەگەڵ بارزانییەكان هەیەو گەشتی ژمارەیەك سیاسەتمەدارانی بەریتانی بۆ كوردستان رێكخستووە لەوانە بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كاتێك لە پۆستی سەرۆكی شارەوانی لەندەندا كاریكردووە. سایتی (Intelligence Online)، رۆڵی نەدیم زەهاوی بە "راوێژكار بۆ دەستڕاگەیشتن بە بنەماڵەی بارزانیو ئاشتی هەورامی" ناوزەدكردووە. شیكاری راپۆرتە فەرمییەكانی وردبینی دیلۆیت لە سەر بەرهەمهێنانی نەوتو غازی كوردستان، كە سەرەتا لە ساڵی 2017ەوە دەستیپێكردوە. ئەوە دەردەخات كە جیاوازیو ناروونییەكی زۆر هەیە، بەوەی لە رۆژێكدا لانیكەم (100 هەزار) بەرمیل نەوت بەشێوەیەكی دروست ئەژمارنەكراوە، ئەم بەرهەمە بە پشتگیری پارتی دیموكراتی كوردستانو بنەماڵەی بارزانی بەشێوەیەكی نایاسایی هەناردەی توركیا كراوەو داهاتەكەشی بەهیچ شێوەیەك نەگەشتوەتە دەست وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان. راپۆرتەكانی دیلۆیت ئەوەش دەخەنەڕوو، لەنێوان ساڵاكانی 2017بۆ 2018 حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی نەوتی فرۆشتوە، بە نرخێك كە زۆر كەمتر بووە لە نرخ لە بازاڕی جیهانیدا، ئەمەش زیانی (13 ملیار) دۆلاری لە حكومەتی هەرێم داوە. یەكێك لە دۆسیەكانی تری نەوتی هەرێم پەیوەندی بە كۆمپانیای پیاوێكی دەڵاڵی پاكستانییەوە هەیە بەناوی (مورتەزا لاخانی)، ئەم پیاوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا هەیە، دۆسیەكانی دادگای ئەمریكا دەریدەخەن كۆمپانیاكەی لاخانی، لانی كەم بڕی (6 ملیار) دۆلاری لەڕێگەی هەژمارەكانەوە لە بانكی (BankMED)ی لوبنان پێگەشتووە. ئەمساڵ یەكێك لە میدیا خۆرئاواییەكان هەواڵی ئەوە بڵاوكردەوە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوتی نییە لە كوردستاندا، چونكە زیاتر لە (ملیارێك) دۆلاری لە بانكی (مێد)ی لوبنان گیری خواردووە. هەندێك گومانیان هەیە ئەو هەژمارە بانكییەی كە پارەكەی تێدا بووە، لەلایەن مورتەزا لاخانیو ئاشتی هەورامییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
رانانی: سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەی قەوارەی ئێستای هەرێمی كوردستان بە سنور و دەسەڵاتی ئێستایەوە، پرۆسەیەكی مێژووییە و تەنها زادەی ئەمڕۆی پاش ڕووخانی ڕژێمەكەی سەددام نیە. فیدراڵیەتی هەرێمیش دەرەنجامی گەشەسەندن و پەرەسەندنی خواست، ئامانج و خەباتی دەیان ساڵەی بزوتنەوەی كوردایەتییە بۆ بەدیهێنانی ئازادی و چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەرپەرچدانەوەی سڕینەوەی شوناس بە سەرجەم كایەكانییەوە. لەشەستەكانی سەدەی ڕابردودا، وەك چارەسەرێك بۆ كیشەی كورد، بۆ یەكەم جار باس لە دروستكردنی شێوازی ناناوەندێتی لە كوردستانی عێراق كرا، پاشان لە سەرەتای حەفتاكاندا بۆ ئۆتۆنۆمی گەشەی كرد. لە دوای نەوەدەكانیشەوە دروستكردنی قەوارەی هەرێمێكی فیدڕاڵی، بوو بە دروشمی سەرەكی بزوتنەوەی كوردستانی و لە لەلایەن پەرلەمانی كوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش پەسەند كرا. ئەم تەوژمە لە دەستوری ۲٠٠٥ی عێراقیشدا پەسەند كرا و گەلی كوردستان بوو بە خاوەن قەوارەیەكی دەستوری دانپیانراو لە ناوخۆ و دەرەوەدا. ئەمە وێڕای ئەوەی كە لەسەرەتای سەدەی بیست¬ویەكەوە هەمیشە جۆرێك لە ئومێد لای بەشیك لە خەڵك و ڕۆشنبیران و هێزە نەتەوەییەكانی كوردستان هەبوو كە ئەم هەرێمە بكرێتە هەوێنێك بۆ سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی. بەڵام پاش تێپەڕبوونی ۱٥ساڵ لە دانپیانانی دەستوری بە قەوارەی هەرێمی كوردستاندا، ئێستا ئەم هەرێمە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ناوخۆیی و هەرێمی ترسناك بۆتەوە، كە بەشێكیان پەیوەستە بە ئەدای خودی دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەشێكی تری بە پلان و هەوڵی هێزە ئیقلیمییەكان، بەشێكیشی بە تێڕوانین و هەڵوێستی هێزە عیراقییەكان سەریان هەڵداوە. - ئاڵنگارییە ناوخۆییەكان: ١. ناكۆكی نێوان هێزە كوردییەكان: وەك هەمیشە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو گەورەترین پارتیی هەرێم (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان)، كە لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، بە جەنگی ناوخۆیی نێوانیان یان ململانێ و ڕێكەوتنی ستراتیژیی دوو قۆڵییان، سەرچاوەی زۆربەی گرفتەكان و جوڵێنەری گرنگترین ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەكانی هەرێم بوون، هەر لە دابەشكردنی بڕیاری سیاسی، دەسەڵات و توانا دارااییەكانەوە تا دوولەتكردنی جوگرافیای هەرێم و دووبارە یەكگرتنەوەیەكی لەرزۆك لەسایەی جۆریك لە دووئیدارەیی شاراوەدا. مۆتەكەی ناكۆكییەكانیش تا ئێستا بەردەوامە و ئەگەری قووڵبونەوەشی مەترسیدارترە، بەتایبەت لە بواری رێكنەخستنی هێزی پێشمەرگە، دەزگا ئەمنیەكان، نەبوونی دیدێكی ستراتیجی هاوبەش بۆ سیاسەت و ئاسایشی دەرەكی هەرێم. ڕوونیشە ئەم ناكۆكییانە هەر تەنها هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی قەوارەكە ناكەن، بەڵكو هۆكاریشن بۆ نەبوونی یەك دیدی بۆ كێشە نیشتمانییەكان لە دەرەوەی هەرێم، وێڕای نەبوونی یەكڕیزی لەبەردەم ئاڵوگۆڕە دەرەكییەكاندا، كە هەمیشەی سەرچاوەی هەڕەشە و كاریگەریی كوشندەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی بوون بۆ سەر قەراری سیاسی هەرێم. ٢. قەیرانی دارایی: بەهۆی داڕمانی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، زیاد لە پێنج مانگە توانا ئابورییەكانی هەرێمی ئیفلیج كردووە، بەشێوەیەك بەپێی هەندێك سەرچاوە لە مانگی سێ و چواری ئەمساڵدا كە سەرەتای قەیرانەكەبوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئەو داهاتەی دەستی دەكەوت نزیكەی ٤٥٪ی داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی و ٩٠٪ی داهاتی نێوخۆی كەمی كرد، بەڵكو بەپێی دوا ڕاگەیاندنی فەرمی وەزارەتی دارایی هەرێم لە ١٧/٨/٢٠٢٠ كۆی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی (٣٩٠ ملیار دینار) تێناپەڕێنێت، هەرچەندە ڕوون نیە ئەمە داهاتی تەنها مانگێكە یان زیاتر، ئەمەش بە بەراورد بە داهاتی هەر مانگێك لە ساڵی ٢٠١٩دا كە زیاتر لە ٦٠٠ملیار دینار بووە، بەڕێژەی ٣٥٪ كەمی كردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا حكومەتی بەغداد تەنها (٣٢٠ ملیار دینار)ی وەك بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم بۆ هەولێر ناردووە. لە سایەی ئەم دۆخەشدا حكومەتی هەرێم لە هەشت مانگی ڕابردوودا، تەنها موچەی دوو مانگی ئەم ساڵی پێدراوە. لە ماوەی داهاتووشدا پێناچێت بتوانێت بەم نزیكانە بەسەر ئەم قەیرانە داراییەدا زاڵبێت، بەتایبەت گەر تاكۆتایی ئەم ساڵ نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەكی ئەوتۆ بەخۆیەوە نەبینێت و دۆخی ئابووریی جیهانیش لەسایەی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادا ئاسایی نەبێتەوە و هیچ هەوڵ و نەخشە ڕێگایەكی ئەوتۆش بۆ ڕزگاربوون لە ئابووری ڕەیعی نەوت و كۆمەڵگای بەرخۆریی لە ئارادا نەبێت و ڕەوشی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ڕێككەوتنیش لەنێوان هەرێم و بەغدا وەك ماوەی ڕابردوو بەسستی بمێنێتەوە، ئەگەرچی لەم دواییانەدا (وەك تروسكاییەكی كەم) هەردوولا بە جۆرێك نیمچە چارەسەر گەیشتوون. ٣. قەیرانی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا: هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاكە، لە مانگی سێ و چواری ئەمساڵدا، توانی ئاستێكی باش بۆ ڕوبەڕووبونەوەی پەتاكە نیشان بدات، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە ژمارەی توشبووان و مردووان بە پەتاكە، لە هەرێمی كوردستان، بەردەوام ڕووی لە زیادبوون كردووە، بەشێوەیەك كە تەنها لەم مانگەدا ژمارەی توشبووان لە پاریزگاكانی هەرێمدا لە نێوان ١٣- ١٤٪ی كۆی توشبوانی عێراق بووە، ئەمەش بارگرانییەكی لە سەر نەخۆشخانە و دەزگاكانی كەرتی تەندروستیی هەرێم دروستكردوە، كە هەر خۆی لە بنچینەدا بەدەست چەندین كێشەوە ناڵاندوویەتی، هەر لە كەمی نەخۆشخانە، كەمی جێگای نەخۆش، كەمی كادر و كارمەندی تەندروستییەوە تا كەمی دەرمان و پێویستیەكانی دی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر نەخۆشیەكی درم و كوشندە. لەسایەی ئەم دۆخەی لاوازی كەرتی تەندروستی و بەردەوامبوونی قەیرانی ئابووریشدا، پێناچیت هەرێمی كوردستان بتوانێت لە ماوەی نزیكدا بە ئاستێكی پێویست ڕێگری لە بڵاوبونەوەی زیاتری پەتاكە بكات و بەر لە زیادبوونی قوربانیەكانیشی بگرێت. ٤. گرفتەكانی حوكمڕانی باش: بارتەقای سەرجەم ئەو قەیرانانەی پێشوو، هەمیشە پرۆسەی حوكمڕانی هەرێم پڕگرفت و هەڵبەز و دابەز بووە لەنێوان بەكارهێنانی ناكامڵی چەند ئامرازێكی دیموكراسییانەی وەك هەڵبژاردن، ئازادییەكانی ڕۆژنامەگەری، ڕادەربڕین و كۆبوونەوەی گشتی، بەڵام بە ئاشكرا پێشێلكردنیان، داننان بە ئۆپۆزسیۆن و ڕكابەرایەتیكردنی دەسەڵات بەڵام زامننەكردنی ڕۆڵییان، بەیاساییكردنی بنەماكانی ناناوەندێتی كارگێڕی و دارایی لە یەكە كارگێڕی و جوگرافییەكاندا بەڵام پابەندنەبوون بەتەواو شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆیان. لەپاڵ گرفتی سەربەخۆیی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، كە بەپێی ڕیتمی پەیوەندیی نێوان هێز و پارتە باڵادەستەكان ئەم دامەزراوانەش دوچاری ناكارایی، پەكخستن و پەراوێزخستن بوونەتەوە. ئەمە وێڕای كیشەكانی بواری دابەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، تەندروستی، پەروەردە و فێركردن و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، سەرەڕای هەڵاوسانی ژمارەی فەرمانبەران و زۆربوونی دامەزراوە كارگێڕییەكانی هەرێم بەراورد بەلاوازی ئەدا و بەرهەمیان، زیاتر لەمەش گرفتی بڵاوبوونەوەی بەرچاوی گەندەڵی كە تەواو متمانەی هاوڵاتیانی بە دامەزراوە حكومییەكان كەم كردۆتەوە. - ئاڵنگارییە دەرەكییەكان: ١. لاوازبوونی پێگەی كورد لە بەغدا: پێچەوانەی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كاتی جەنگ دژی داعش هەیبوو، دوای یەكلابوونەوەی ئەم جەنگە و بێ ئاكامبوونی هەوڵی ڕیفراندۆم و پاشەكشێپێكردنی هێزەكانی پیشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕیی هەرێم بۆ سنورەكانی پێش ٩/٤/٢٠٠٣، هەژموونی هێزە كوردییەكان و نەخشی هەرێمی كوردستانیش لە سیاسەتی عێراقیدا ڕووی لە كزبوون و لاوازبوون كردووە. تادێت ڕەخنەی نەیارانی كورد و هەرێم لە بەغداد زیاد دەكات، دەنگ و ناڕەزایی ئەو هێزانەش بڵندتر دەبێت كە سیاسەت و ئابووریی كوردستان بە قورساییەكی گەورە لەسەر شانی عێراق دەزانن، بەڵكوی لەئێستادا لێدان لە كورد و سیاسەت و ڕەمزەكانی بووەتە كەرەستەیەكی سیاسی بەهێز كە لەكاتی تەقینەوەی قەیرانەكاندا و لەسەروەختی نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكدا، هەندێك هێز و كەسایەتی بۆ تەسكینكردنی شەقام و كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر بۆ ئاژواندنی ماشێنی "ئەنتی كورد" بەگەڕی دەخەن. بەڵكو ئەم ڕەوشە بە ئاستێك گەیشتووە هەندێك هێزی عێراقی داوای هەمواركردنی دەستوور و سڕینەوەی بنەما و ئامرازەكانی فیدراڵییەت دەكەن، گوایە ئەم بنەما و ئامرازانە ڕێخۆشكەر بوون بۆ زیادەڕەوییەكانی كورد بەسەر دەستوور و ئابووریی عێراقدا و پێویستە كوردستان و هەرێمەكەی بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو قەوارەیەی كە شایستەین و لە باشترین ئاستیشدا نابێت لە لامەركەزی ئیداری زیاتریان پێ ڕەوا ببینرێت. بۆیە لەپاڵ سەختبوونی ئاكامەكانی قەیرانی ئابووری لەسەر شانی عێراق، ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی بە سستی ڕێكردنی هەنگاوەكانی گەڕی ئەمجارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لاوازبوونی ڕۆڵ و پێگەی هەرێم بێت لە عێراقدا. ئەمە وێڕای ئەوەی خودی هەڕێمیش لە دوای ساڵی ٢٠١٢ەوە، بەتایبەت دوای گرتنەبەری سیاسەتی "ئابووریی سەربەخۆ" لە ٢٠١٤دا، جۆرێك لە بێ منەتی سیاسی و ئابووری بەرامبەر بە حكومەتی فیدراڵی پیشان داوە كە لە ئێستادا بەغدا باری ئەو بێ منەتییە بە هەولێر دەفرۆشێتەوە. ٢. پاشەكشێی پشتیوانی ئەمریكا بۆ كورد: لە دوای ٢٠٠٣ تا ٢٠١٧ لە تێڕاونینی ئەمریكییەكاندا كورد، لە پاڵ سوننە و هێزە عێراقییە لیبراڵەكاندا، هاوكارێكی كارا بوون بۆ سەرخستنی ململانێكانی لەگەڵ ئێران و گروپە تیرۆریستییەكان لە عێراق و ناوچەكەدا، بەڵام لەدوای بێ ئومێدبوون لە بەدیموكراتیكردنی دەوڵەتی عێراق و كشانەوە لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی ئێران و زیادبوونی هەوڵەكان بۆ ناچاركردنی ئەمریكا بە كشاندنەوەی خێرای هێزەكانی لە عێراقدا، لەسایەی زیادبوونی هەژموونی هێز و لایەنە سیاسی و چەكدارییە وابەستەكانی ئێران لە دامەزراوە تەشریعی و سەربازییەكانی عێراقدا و گرتنی جێپێیەكیش لە پێكهاتەی حكومەتدا، ئەمریكای ناچاركرد بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی و پارسەنگكردنی ڕووبەڕوبونەوەكانی لەگەڵ ئێران، چیدی گرەو لەسەر پشتیوانی كورد یان سوننە یان هەر هێزێكی دیكە نەكات، بەڵكو ڕاستەوخۆ لەگەڵ دامەزراوە سەرەكی و باڵاكانی عێراق خۆی بكەوێتە گفتوگۆی ستراتیژی، ئەمەش هێندەی تر پێگەی كوردی لە عێراق و سیاسیەتی زلهێزەكاندا لاواز كرد، بەشێوەییەك هەندێك باوەڕیان وایە هێشتا كورد بێهەودا لە هەوڵی دەربازبووندایە لەو گۆشەگیری و پەراوێزخستنەی كە لە دوای ڕیفراندۆمەكەی ٢٠١٧وە لە نەخشەی سیاسەتی ئەمریكا و زلهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكاندا دووچاری بووە. ٣. زیادبوونی هەژموونی هێزە ئیقلیمییەكان: هەرچەندە لەدوای ١٩٩١ هەمیشە گرژی و شەڕی نێوان توركیا و پارتە كوردییەكانی (پەكەكە)، هەروەها ئێران و هێزە كوردییەكانی (كۆمەڵە و دیموكرات)، كێشەی ئەمنی و سیاسییان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە. بەڵام دوامەرامی جوڵە و دەسوەردانەكانی هەردوو هێزی ئیقلیمی لە هەرێمی كوردستاندا تەنها سەركوتكردنی پارتە نەیارەكانیان نییە بەڵكو بەئامانجگرتنی خودی ئاسایشی قەوارەی هەرێمیشە، هەر بۆ نمونە لەدوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ توركیا، لە ترسی ڕاگەیاندنی لكاندنی كەركوك بە هەرێمەوە، كە هەمیشە كەركوك و توركمانەكانی عێراق لە خەیاڵدانی جیۆپۆڵەتیكی توركیادا درێژكراوەی خاك و خەڵكی وڵاتەكەین، بۆیە هەڵوێستێكی توندی دژەڕیفراندۆمی نیشاندا و پشتیوانی بەهێزی عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئەودەمی عێراقی كرد، كە بە سوپا و حەشدی شەعبی پیشڕەوەی بۆ ناو كەركوك بكەن. هەرچی هەڵوێستی ئێرانیشە، شاراوە نییە كە خودی قاسم سلێمانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی لەشكركێشی سوپای عێراق و میلیشیا عێراقییە پرۆئێرانییەكانی دەكرد بۆ گرتنەوەی بەشێك لە ناوچە جێناكۆكەكان. لەئێستاشدا لەشكركێشی و جوڵە سەربازییەكانی ئەم دواییەی هەردوو وڵاتی دژ بە پارت و هێزە نەیارەكانیان لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا ئەگەری دروستكردنی مەترسی گەورەی بۆ سەر قەوارەی هەرێم هەیە، بەتایبەت هێرشە ئاسمانی و سەربازییەكانی ئەم دوواییەی توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا پێشبینی ئەوەی لێدەكرێت ئامانج لێی دروستكردنی ئەو پشتێنە ئەمنییە بێت كە چەندین ساڵە دەیەوێت لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا دروستی بكات، مەترسی هاتنەدی ئەم پێشبینییەش بۆسەر هەرێم ئەوسا گەورەتر دەردەكەوێ كە ئەگەر هەیە بە ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو هێرشانەی توركیا ئەنجام درابێت. بۆیە لەسایەی بێتوانایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی توركیا و ڕێگرتن لە پەكەكە بۆ هێرشكردنە سەر توركیا، ڕەنگە یەكێك لە ئاكامەكان بڵاوەپێكردنی هێزی عێراقی و نێودەوڵەتی بێت بۆ پاراستنی سنوورەكانی هەرێم لە شەڕی پەكەكە و توركیا، سەرباری ئەمە ڕەنگە وڵاتانی دراوسێ بۆ لاوازكردنی ڕۆڵی ئیقلیمی هەرێم بەوە قایلبن كە ڕۆڵی زیاتر بە سوپای فیدڕاڵی عێراق بدرێت لە هەر تەرتیباتێكی ئایندەیی بۆ پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئاسایشی نیشتمانییەوە هەژموونی بەسەر سنوورەكانی خۆیدا لەدەست دەدات و لەڕووی ئابووریشەوە زەبرێكی گەورە بەر داهاتی خاڵە سنوورییەكانی دەكەوێت. - سیناریۆكانی ئایندەی قەوارەی هەرێمی كوردستان لەسایەی ئەو ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەكیانەی سەرەوەدا دەشێت بۆ ئایندەی قەوارەی هەرێم پێشبینی ئەم سیناریۆیانە بكرێت: یەكەم: مانەوەی قەوارەی هەرێم وەك ئیستای، كە نزیكترین و لۆژیكیترین سیناریۆیە، بەڵام مەودای بەردەوامبوونی لەسایەی ئاڵنگارییەكانی حوكمڕانی خراپی هەرێمدا كورتخایەن دەبێت، ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم چاكسازی گشتگیر لە كۆی كایە سیاسی و ئابوریی و كارگێڕییەكاندا نەكەن، كە دوورنییە دەنگی ناڕەزایەتییەكانی چەند چینێك، كە خەریكە لە زۆرێك لە شارەكاندا سەرهەڵدەدات، زیاتربێت و بەرەو خۆپیشاندانی فراوانتر بچێت، هەڵبەت ئەوساش یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكان دەسلەكاركێشانەوەی كابینەی حكومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبێت. ئەوكات دوورنیە كەلێگ لە سیناریۆكانی سەروەختی خۆپشاندانەكانی تشرینی پار لە عێراق لە هەرێمیش دووبارە ببنەوە، كە دواجار سەری كێشا بۆ توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و بەدواشیدا دەسپێلەكاركێشانەوەی حكومەت و قووڵبونەوەی قەیرانی دووبارە پێكهێنانەوەی حكومەتێكی نوێی لێ وەبەرهات. دووەم: هەڵوەشاندنەوە یان بچوككردنەوەی قەواری ئێستای هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی بۆ دۆخێكی كارگێڕیی لاوازی ئەوتۆ كە لە كۆتوبەندەكانی لامەركەزییەكەی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ زیاتر نەبێت، بەتایبەت كە بەپێی تێڕوانینی هەندێك لە هێزە عێراقییەكان دەبێت دواجار ئامانج لە ڕێككەتنی ئەمجارەی بەغداد و هەولێر تووندكردنی زیاتری ئەو كۆتوبەندانە بێت و دواتر بە هەموواركردنی دەستور و هەڵوەشاندنەوەی بنەما فیدراڵییەكان كۆتایی بەو لادانە سی ساڵییە بهێنرێت كە پێی دەوترێت "دیاردەی هەرێمی كوردستان". ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا هەندێك هێزی عێراقی و كەسایەتی كورد، بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایندە، هەوڵی دروستكردنی ئاراستەیەك بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە دەدەن، هەرچەندە ڕادەی سەركەوتنی ئەم ئاڕاستەیە بەندە بەڕادەی پشتیوانی دەنگدەری كورد بۆ سەرخستنی و ڕادەی جێگیربوون گوتاری نیشتمانچێتی عێراقی و ڕادەی ئامادەیی حكومەتی فیدراڵی بۆ هاوكاریكردنی دارایی هەرێم و سووكردنی بارگرانییەكانی قەیرانی ئابووری لەسەر بژێوی زۆرینەی خەڵكی هەرێم، بەڵام لەسایەی ئەو بەرگە تایەفییەی كە حكومەتی عێراقی لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا پۆشیویەتی زەمینەی بونیادنانی ئەم ڕەهەندانە لاوازە. سێیەم: دابەشبوون یان سەرلەنوێ ڕێكخستنەی دۆخی ناوخۆی هەرێم بۆ دوو قەوارە یان دوو ناوچەی جێی هەژموونی سیاسی و یاسایی و سەربازی لێكچوودا، جا بەشێوەیەی توندوتیژی و بە هۆی قووڵبوونەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی نێوان هەردوو پارتی گەورەی دەسەڵات بێت، یان بە حوكمی لێكتێگەیشتنی نێوانیان بێت بۆ زەرورەت و سوودەكانی ڕێكخستنەوەیەكی لەم جۆرە بەشێوەیەكی یاسایی و ئاشتیانە و بەپێی بنەماكانی ناناوەندێتییەكی سیاسی و دارایی دروست، كە بتوانێت بارگرانییە كارگێڕی و داراییەكانی هەردوولا لەسەر حكومەتی ناوەندی ئەوسای هەرێمی كوردستان سووك بكات. هەڵبەت ڕێككەوتنی ئاشتیانە لەسەر ئەم هەر سیناریۆیەك كە بۆ زیادكردنی گەشەپێدانی توانا ئابووری و مرۆییەكەنی هەرێم بێت و بۆ كاراكردن و زوو بەدەنگەوەچونی پێداویستییەكانی خەڵك بێت و بۆ هێنانەدی ئامانجە ستراتیجییەكانی كورد بێت، لەنێوخۆ و عێراق و دەرەوەشدا، بێ سوود نابێت و جێگای پشتگیرییشە. چوارەم: بەكارخستنی كارتی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق، كە لەڕووی واقیعییەوە سیناریۆیەكی زەحمەتە، بەڵام دەشێت وەك خۆزگەیەكی دەسەڵاتداران بۆ تەنفیسكردنی فشاری بەشێك لە ئاڵنگارییەكانی ناوخۆ، یان بۆ فشاركردنەسەر عێراق بە قبوڵكردنی ڕێككەوتنێكی پڕدەستكەوتی سیاسی و دارایی زیاتر بۆ هەرێم، پەنای بۆ ببرێت. دیارە بە لۆژیكیكردنی ئەم سیناریۆیە بەندە بە گۆڕانی گەورە لە هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەرامبەر بەم بژاردەیە بە ئاڕاستەیەكی ئەرێنی وەها كە تەواو كە لەگەڵ هەڵوێستەكەدا ساز بێت. ڕەنگە بژاردەی لۆژیكیانەتر ئەوەبێت كە سەرەتا هەوڵ بدرێت، بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد یان بە ناچاركردنی، قەوارەی هەرێم لەسەر بنەماكانی كۆنفیدراڵی، وەك قۆناغێكی ڕاگوزەری، ڕێكبخرێتەوە. هەڵبەت قایلبوون بە بژاردەیەكی لەم جۆرەش، كە بۆ ئامانجە دوورمەداكانی كورد بەسوودە، دەبێت دەرفەتی ستراتیژی، سیاسی و ئابوورییش بۆ عێراق مسۆگەر بكات. كەواتە، هەرچەندە هەندێك لەم سیناریۆیانە هەڵگری دەرفەتن بۆ كوردستان و هەرێمەكەی بەڵام زۆربەیان سەرچاوەی هەڕەشەن، بۆ وەرگرتنی زۆرترین سوودیش لەهەر دەرفەتێك، ئەو پێشنیارەی دەبێت بڕیار بەدەستانی هەرێم ڕەچاوی بكەن ئەوەیە كە: گرفتەكانی هەرێم گشتگیر و هەمەلایەنن، بۆیە چارەسەریشیان دەبێت هەمەلایەنە بێت، كێشەی هەرێم تەنیا كێشەی مووچە و دارایی نییە، هەرچەندە لە ئێستادا بەرچاوترین كێشەیە، بۆیە بە تەنها چاكسازی لەم بوارەدا چارەسەر نییە، بەڵكو دەبێت پێ بە پێی هەر هەنگاوێكی چاكسازی دارایی هەوڵ بۆ هەڵگرتنی چەندین هەنگاوی تر لە بواری تردا بنرێت وەك: بەكۆتاگەیاندنی پرۆسەی پەسەندكردنی دەستوور و سەروەركردنی بنەماكانی لە هەر هەنگاوێكیتری چاكسازیدا، ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەدامەزراوەییكردنی، كاراكردنی ناناوەندێتی، ڕووبەڕووبونەوەی جدی گەندەڵی و بنبڕكردنی، گەڕاندنەوی ڕێز و بڕیار بۆ دامەزراوە سیاسییە هەڵبژێردراوە باڵاكان، هەوڵدان بۆ فرە ڕەهەندكردنی ئابووری و كەمكردنەوەی پشبەستنی تاك ڕەهەند بە ئابووریی بەرخۆری نەوت و چەندین هەنگاوی دیكە. - ڕانانی ئایندەیی ژمارە (٧) - توێژەران: د.هەردی مهدی میکە، د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد رسول، دەقی راپۆرتەكە file:///C:/Users/SHKAR%20PC/Desktop/444/%D8%B1%D8%A7%D9%86%D8%A7%D9%86%D9%89%20%D8%A6%D8%A7%DB%8C%D9%86%D8%AF%DB%95%DB%8C%D9%8A-%207%20-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D9%89.pdf
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پرسی كشانەوە لە حكومەت لەناو گۆڕان گەرمە، رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندن نایانەوێت فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانیان هاوشێوەی فراكسیۆنەكەیان لە بەغداد لەدەست دەربچێت، زیاتر لە هەفتەیەكە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەستی لەكاركێشاوەتەوە، فراكسیۆنەكە دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی لایەنگرانی رێكخەری گشتیو بەرەی نەیارانی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن، نەیارانی رێكخەر زۆرینەن، رێكخەر بە دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن، دەیەوێت بەرەی نەیارانی پەرت بكات، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەوە. فراكسیۆن لەنێوان دوو بەرەدا هەفتەی رابردوو عەلی حەمەساڵح دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، لەوكاتەوە لەناو فراكسیۆنی گۆڕانو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا ململانێیو مشتومڕ لەسەر دانانی سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنی گۆڕان دروستبووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی بەدیاریكراویش جەلال جەوهەر كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنە بۆ كاروباری فراكسیۆنەكان، دەیانەوێت ئەمجارە كەسێك بكەن بە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە گوێڕایەڵی بزوتنەوەكە بێتو فەرمانەكانی خانەی راپەڕاندن جێ بەجێ بكات، ئەوان گلەییان لە شێوازی كاركردنی پێشتری عەلی حەمەساڵح هەبوو. (درەو) زانیویەتی، عومەر سەید عەلیو جەلال جەوهەر پاڵپشتی ئەوە دەكەن (شاخەوان رەئوف) بكرێت بە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە پێشتر باژێڕوانی بزوتنەوەكە بووە لە شارەزوورو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بووە، ئەوان پێیانوایە شاخەوان بەوپێیەی كاری حزبی كردووە، پابەندی بڕیارەكانی حزب دەبێت لە پەرلەمان. فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە لە (12) ئەندام پێكدێت، ئێستا دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك كە ژمارەیان (5) ئەندامە پاڵپشتی لە كاندیدەكەی رێكخەرو جەلال جەوهەری ئەندامی خانەی راپەڕاندن دەكەن، بەرەكەی تر كە زۆرینەنو ژمارەیان (7) ئەندامە پاڵپشتی لە (دابان محەمەد) دەكەن كە خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن كاندید كردووە. لەناو خانەی راپەڕاندندا بەشێكیان پاڵپشتی لە (دابان محەمەد) دەكەن، ئەمانەش ئەو دەنگانەی ناو خانەن كە لەسەر گەنجەكانی گۆڕان ئەژمار دەكرێن، سەرباری ئەمە بەشێك لەوانەی كە رەخنەیان لە سیاسەتی رێكخەری گشتیو هەندێك لە ئەندامانی خانە هەیە، دژی كاندیدەكەی رێكخەرن كە (شاخەوان رەئوف)ە، پاڵپشتی لە (دابان محەمەد) دەكەن. دوێنێ كاردۆ محەمەد رێكخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای فەرمی بزوتنەوەكەی راگەیاند، ئەمڕۆ بەدەنگدان فراكسیۆنی گۆڕان سەرۆكێكی نوێ بۆ خۆیان هەڵدەبژێرێن، بەڵام ئەمڕۆ كۆبونەوەی فراكسیۆن كراو سەرۆكیش هەڵنەبژێردرا. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو) كەوتوون، عومەر سەید عەلیو جەلال جەوهەر زانیویانە كاندیدەكەیان بە دەنگدان دەرناچێت، بۆیە بەبەهانەی ئەوەی یەكێك لە ئەندامانی فراكسیۆن (گوڵستان محەمەد) توشی كۆرۆنا بووەو بەشدار نییە لە كۆبونەوەكەدا، دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن دواخستووە. ئەوانەی لەنزیكەوە ئاگاداری كێشمەكێشەكانن دەڵێن رێكخەری گشتی دەزانێت كاندیدەكەی بەدەنگدان سەرناكەوێت، دەیەوێت هەڵبژاردنەكە بۆ ماوەی دوو هەفتە دوابخات، بۆئەوەی لەو ماوەیەدا كار لەسەر ئەندامانی فراكسیۆنەكە بكاتو دەنگی بەرەكەی بەرامبەری پەرت بكات، لەبەرمبەردا زۆرینەی ئەندامانی فراكسیۆن كە پاڵپشتی لە (دابان محەمەد) دەكەن، داوایانكردووە هەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنەكە بكرێت، بەڵام كاتێك داوایان لە ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە سندوقی دەنگدانیان بۆ ئامادە بكات، ژوری هەڵبژاردن ئاگاداری كردوون كە رێكخەری گشتی رازی نییەو داوا دەكات هەڵبژاردنەكە دوابخرێت. پشووی هاوینەی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتو سبەینێ یەكەم دانیشتنی خولی پایزە بەڕێوەدەچێت، ئەوانەی كە داوایان دەكرد ئەمڕۆ سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنی گۆڕان هەڵبژێردرێت بەهانەیان ئەوە بوو بەر لە كۆبونەوەی پەرلەمان، سەرۆكی فراكسیۆن یەكلابكرێتەوە. رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەكلاكردنەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی خۆی، لەرێگەی چەند كەسێكەوە پەیوەندی لەگەڵ هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان كردووەو داوای لێكردوون پاڵپشتی لە (شاخەوان رەئوف) بكەن، لەبەرامبەردا بەرەكەی تریش كە نەیارانی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنن لە ناو ئۆرگانەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان، لۆبی دەكەن بۆ سەرخستنی كاندیدی نەیاری كاندیدەكەی رێكخەر. فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە ئۆرگانە گرنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاڕاستەی كاركردنی ئەم فراكسیۆنە لە داهاتوودا، كاریگەری لەسەر بەشداری گۆڕان دەبێت لە حكومەت، لە دەرەوەی حكومەتیش كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی گۆڕان دەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراویش پارتی، سەرباری ئەوەی ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆكی فراكسیۆن بە پێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان راستەوخۆ دەشبێتە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان. رێكخەری گشتیو هەندێك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانەوێت كەسێك لە پۆستە دابنێن كە گوزارشت لە سیاسەتەكانی ئەوان بكات، یەكێك لەسەرچاوەی سەرەكی ترسەكانی رێكخەری گشتی لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە، ئەم فراكسیۆنە هاوشێوەی فراكسیۆنی حزبەكە لە بەغداد لە هێڵی گشتی سیاسەتی گۆڕان دەرچێتو پابەند نەبێت پێیەوە. فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بەتەواوەتی دژی سیاسەتی حزبەكەو بەشداریكردنی گۆڕانن لە كابینەی مەسرور بارزانی، ئەوان بەمدواییە لە بەیاننامەیەكدا داوایانكرد گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، ئەم سیناریۆیە ئەگەر لەناو فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستانیش دوبارە ببێتەوە، كاریگەرییەكەی لەسەر سەركردەكانی گۆڕان گەورەتر دەبێت. بەمدواییە كە ئیمزا كۆكرایەوە بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمانو لێپرسینەوە لەگەڵیدا سەبارەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، چوار ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كرد، یەكێك لەوانە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنەكە بوو، رێكخەرو خانەی راپەڕاندن كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنن لەناو بزوتنەوەكەدا بەفەرمی داوایان لە عەلی حەمەساڵح كرد ئیمزاكەی لەسەر ئەو نوسراوە بكێشێتەوە، عەلی نەیكێشایەوەو بە دەستلەكاركێشانەوە كۆتایی بەماوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هێناو خاڵێكی لەسەر رێكخەرو خانەی راپەڕاندن بۆ خۆی تۆماركرد. رێكخەر: كورسییەكەتان موڵكی گۆڕانە دوێنێ فراكسیۆنی گۆڕان لە گردی زەرگەتە كە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكەیانە لە سلێمانی، لەگەڵ رێكخەرو ژمارەیەك لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن كۆبونەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەو كۆبونەوەیەدا مشتومڕی زۆر لەنێوان رێكخەرو ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان دروستبووە، هەندێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان رەخنەی توندیان لە سیاسەتی ئێستا بزوتنەوەكەیان گرتووە لەناو حكومەت، تا ئەو رادەیەی عەلی حەمەساڵح سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان وتویەتی:" نەك هەر ئەوەی حكومەت گەندەڵی پێ بنبڕ ناكرێت، بەڵكو هەندێك كەس لە تیمی گۆڕان لەناو حكومەتیش تێوەگلاون لە گەندەڵی". هەر لە كۆبونەوەی دوێنێدا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، مشتومڕ لەنێوان شایان عەسكەری ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕانو عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی دروستبووەو بە "داوای لێبوردن"ێكی عومەر سەید عەلی، كۆتایی بە مشتومڕەكە هاتووە. شیرین ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان یەكێكی تر بووە لەو كەسانەی كە لە كۆبونەوەی دوێنێدا بەتوندی لەبەرامبەر رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی قسەی كردووەو وتویەتی:" گۆڕان دەبێت گۆێ لە خەڵك بگرێت، داواكاری خەڵك ئەوەیە گۆڕان لەم حكومەتە گەندەڵە بكشێتەوە". هەفتەی رابردوو، بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی پرسی كشانەوە یاخود مانەوە لە حكومەت راوبۆچونی فراكسیونی گۆڕانی وەرگرتووە، هەریەكە لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە رای خۆی لە كۆنوسی كۆبونەوەدا تۆماركردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو فراكسیۆنی گۆڕاندا لە پەرلەمانی كوردستان سێ جۆر بۆچوون هەبووە، هەندێك داوایان كردووە گۆڕان بەزوترین كات لە حكومەت بكشێتەوە، هەندێكی تر داوایانكردووە لە حكومەت بمێنێتەوەو جەخت لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەكانی بكات، هەندێكیش داوایانكردووە گۆڕان رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەموار بكاتەوە. بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا لەبارەی پرسی كشانەوە لە حكومەت، عومەر سەید عەلی بە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕانی لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاندووە، ئەوە پرسێكە دەبێت هەموو ئورگانەكان بڕیاری لەسەر بدەن، لەمەشدا بەبێ ناوهێنان مەبەستی لەبەیاننامەی ئەمدواییەی فراكسیۆنی گۆڕان بووە لە پەرلەمانی عێراق كە داوایانكرد گۆڕان لە كابینەی مەسرور بارزانی بكشێتەوە. رێكخەری گشتی لە كۆبونەوەی دوێنێدا هۆشداری بە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان داوە هەر كەسێك واز لە گۆڕان بهێنێت دەبێت دەستلەكاربكێشێتەوە، چونكە كورسییەكەی لە پەرلەمان موڵكی گۆڕانەو ئەوان بەدەنگی گۆڕان چونەتە ناو پەرلەمان. پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەت لە پێش پشووی جەژنی قوربانی ئەمساڵەوە بزوتنەوەی گۆڕان لیستی ناوی ژمارەیەك كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا سەرۆكی هەرێم ئیمزای لەسەر ناوەكان نەكردووەو دەستبەكارنەبوون. بەپێی ئەوەی بەرپرسانی گۆڕان باسیان دەكرد، بڕیاربوو بەمزوانە (17) پۆستی تریان لە ناو حكومەت پڕبكەنەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانیو پارتی گومانیان هەیە گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە، بۆیە نایانەوێت پەلە بكەن لە ئیمزاكردنی نوسراوی دەستبەكاربوونی پۆستەكانی تری گۆڕان لە حكومەت. مشتومڕی كشانەوە لە حكومەت لەناو گۆڕان گەرمە، رێكخەرو خانەی راپەڕاندن دەیانەوێت بۆچونی ئۆرگانەكانی ناو بزوتنەوەكە وەرگرن، بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی بدەن، پێشبینی ناكرێت رێكخەری گۆڕان هەرگیز پاڵپشتی لە كشانەوە لە حكومەت بكات، بەڵام بەگشتی نیگەرانن لەوەی بەمدواییە پارتی ئاڕاستەكەی گۆڕیوەتەوە بەرەو یەكێتیو گۆڕانی پشتگوێ خستووە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی كۆببێتەوە كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حزبەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكەدا، پرسی كشانەوە لە حكومەت رەنگە تەوەرێكی گفتوگۆكان بێت.
(درەو): لەسەر داوای دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پارێزبەندی لەسەر (بەهمەن کاک عەبدوڵا) پەرلەمانتاری پارتی هەڵگرت. بەپێی زانیاریەکانی (درەو)، سکاڵاکەی پەرلەمانتار بەهمەن کاک عەبدوڵا بەپێی ماددەی (٤٠٦)ی تایبەت بە کوشتنە، و لەبەرئەوەی پەرلەمان لە ۱ـ۸ تا ۱ـ۹ لە پشووی وەرزی یاسادانان بووە،بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی (٤٠)ی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە(۱) ی ساڵی ۱۹۹۲ ش لە پشووی وەرزی یاسادانان هەڵگرتنی پارێزبەندی لەدەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە و بەهۆی ئەوەی تۆمەتەکە پەیوەست نیە بە کاری پەرلەمانی،بۆیە بە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان ( بەهمەن کاکە عەبدوڵا) بەبێ دەنگدانی پەرلەمان پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا و ڕەزامەندی درا ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر. دۆسیەکەی بەهمەن کاکە عەبدوڵا پەیوەندی بە کوشتنی خۆپیشاندرێکی کەلارەوە هەیە لە رۆژی ٢٠١٥/١٠/١٠، روداوی کوشتنەکە کاتێک رویداوە خۆپیشاندەرانی کەلار چونەتە سەر بارەگای ناوچەی پارتی و بە تەقەی پاسەوانانی ناوچە گەنجێک بەناوی (محەمەد باییز )ەوە کوژرا. کەسوکاری کوژراوەکە سکاڵایان لەسەر بەهمەن کاک عەبدوڵا تۆمارکردووە، بەوپێیەی بەرپرسی ناوچەی پارتی بووە لەوکاتەدا. دوو رۆژ دوای ئەو روداوی کوژرانی ئەو گەنجە لە کەلار، پارتی دیموکراتی کوردستان رێگری لە یوسف محەمەد سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمان کرد بگەڕێتەوە بۆسەر کارەکەی لە هەولێر، دوتریش وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە بۆ یەکێتی، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمە پێشنیازێكی نوێی نێوان یەكێتی و گۆڕانە كە دەیانەوێت رێككەوتنی لەسەر بكەن، گۆڕان دەستبەرداری هەڤاڵ ئەبوبەكر بووە لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی و دەیەوێت چەند پۆستێكی دیكە لە بەرامبەریدا وەربگرێت. دوو لیژنەکەی یەکێتی و گۆڕان سەرەتای مانگی تەموزی رابردوو، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی سەردانی گردی زەرگەتەی کرد لە شاری سلێمانی کە مەکۆی سەرەکی بزوەنەوەی گۆڕانە. لەو سەردانەدا عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و لاهور شێخ جەنگی قسەوباسیان کرد لەبارەی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حزب، بزوتنەوەی گۆڕان پڕکردنەوتی پۆستەکانی لە ئیدارەی خۆجێی سلێمانی کردە پێشمەرج بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی. کۆبونەوەی هاوسەرۆکی یەکێتی و رێکخەری گۆڕان رێککەوت لەسەر ئەوەی دوو لیپنە لەنێوان هەردوولا پێکبهێنرێت، بەمشێوەیە: یەكەم: لیژنەی كاركردن بۆ لامەركەزیەتی پارێزگاکان، ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە بزوتنەوەی گۆڕان بریتی بوون لە ( كاوە عەبدوڵا، بەرزان شێخ محەمەد، چۆمان محەمەد)، لە یەكێتی بریتی بوون لە (عزەت سابیر، تەلار لەتیف، رێكەوت زەكی)، لە تەموزی رابردووەوە دوای روستکردنی، ئەم لیژنەیە تائێستا یەك كۆبونەوەی كردووە، دروستکردنی ئەم لیژنەیە مەرجی یەکێتی بوو بۆ پێدانی پۆستەکانی ئیدارەی سلێمانی بەبزوتنەوەی گۆڕان، هەندێک لە یەکێتییەکان گۆڕان جددی نییە لە پرسی لە لامەکەزیەت بەوشێوەی یەکێتی بەمدواییە داوای دەکات. دووەم: لیژنەی ئاڵۆگۆڕی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجە، ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە یەکێتی بریتی بوون لە ( شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێری مەكتەبی سیاسی، سۆران جەمال تاهیر بەرپرسی پەیوەندییەكان)، لە گۆڕان ئەندامەکانی بریتی بوون لە ( شەمال عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندن، بەختیارئەولی رێكخەری ژووری پەیوەندییەكان)، ئەم لیژنەیەش تەنیا دوو کۆبونەوەی کردووە گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەکر دەگۆڕێت بەپێی زانیارییەکانی (درەو) لە دووەمین کۆبونەوەی لیژنەی ئاڵۆگۆڕی پۆستەکاندا، بزوتنەوەی گۆڕان نوێنەرەکانی یەکێتییان ئاگادارکردووە لەوەی بەنیازن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بگۆڕن، لەمەشدا داوایانکردووە یەکێتی هاوکارییان بکات. وەفدی یەكێتی بە پێشنیازەكەی بزوتنەوەی گۆڕان رازی بوون و پێیان راگەیاندوون، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان هەڤاڵ ئەبوبەکر بگۆڕێت، یەکێتی پشتیوانی لە کاندیدی تری بزوتنەوەی گۆڕان ناکات بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی و ئەوکاتە یکێتیش خۆی کاندیدی دەبێت بۆ پۆستەکە. دوای رەتکردنەوەی ئەم پێشنیازە، بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، وەفدی گۆڕان پێشنیازێكی تری خستۆتە بەردەم وەفدی یەكێتی، کورتەی پێشنیازەکە ئەمەیە: ٭ یەکێتی هەردوو پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە ببات. ٭ لەبەرامبەردا هەردوو پۆستی بەرپرسی ئیدارەی (گەرمیان)و (راپەڕین) پڕبکاتەوە. وەفدی یەكێتی بەم پێشنیازەی بزوتنەوەی گۆڕان رازی بوون، بۆیە بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، ئێستادا یەكێتی ئامادەكاری دەكات بۆ كۆمەڵێك گۆڕانكاری، لەناویاندا پارێزگاری سلێمانیش دەگرێتەوە. رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی یەکێتی بە (درەو)ی راگەیاند، یەكێتی بڕیاریداوە لە مانگی ئەیلولدا لە پشكە ئیدارییەكانی خۆی لە پارێزگای (سلێمانی و هەڵەبجە)و ئیدارەكانی (راپەڕین و گەرمیان) كۆمەڵێك گۆڕانكاری بكات. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) یەكێتی ئێستا تاووتوێی پڕكردنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەكات و لە ناو حزبەكەدا دوو كەس ناویان دێت وەكو كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی ئەوانیش بریتین لە هەریەكە لە ( د. عزەت سابیر، لەتیف شێخ عومەر). لەبارەی یەكێتیو گۆڕانەوە ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوەو لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان ئینشیقاقی لە یەکێتی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیەو مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی خەڵک بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن. لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتیو هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد. سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە دوای هەڵبژاردنەکان هەردوولا ناكۆك بوون لەسەریو هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە یەکێتی و گۆڕان پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد. دوای نزیكەی شەش ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوە، جێبەجێ نەكردنی ئەم رێككەوتنە لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا یەكێكە لە سەرچاوەكانی نیگەرانی گۆڕان لە یەكێتی. دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی دەباشان ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە. ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسییان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتیدا تەنیا یەك رێككەوتنی فەرمی ماوە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانییە، ئەم رێككەوتنەش ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە وادە فەرمییەكەی كۆتایی هاتووەو پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە. مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون: • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی. • بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆران و هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە. • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا. • نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان. • هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا. • یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت. پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان سەرەتای مانگی تەموزی رابردوو کە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی بە قۆناغێکی کرژو ئاڵۆزدا تێدەپەڕی، لاهور شێح جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لە پڕێکدا خۆی کرد بە گردی زەرگەتەدا. گۆڕان تێگەیشتبوو لەوەی یەکێتی بۆ ئەم قۆناغەی گرژییەکانی لەگەڵ پارتی پێویستی بە ئەوان دەبێت، بۆیە یەکسەر پرسی پڕکردنەوەی پۆستەکانی ئیدارەی سلێمانی هێنایە بەر باس و ئەمەی وەکو مەرج دانا بۆ ئەوەی یەکێتی نیازپاکی خۆی پێ نیشان بدات. سەرباری ئاڵوگۆڕی پۆستەکان، بزوتنەوەی گۆڕڵن باسلەوەدەکات ژمارەیەک پۆستی لای یەکێتییە کە لەدوای رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٤ی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێییەوە یەکێتی رادەستی نەکردووەو دەبێت ئەو پۆستانەش پڕبکاتەوە یاخود لەچوارچێوەی رێککەوتنێکی نوێدا چارەنوسیان یەکلابکرێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەرێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانیدا (12 بۆ 15) پۆست هەن كە پشكی گۆڕاننو تائێستا یەكێتی رادەستی نەكردووە، لەوانە: • سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین • جێگری سەرپەرەشتیاری ئیدارەی گەرمیان • بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان • جێگری پارێزگاری هەڵەبجە • قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە • سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە (ئەم ئەنجومەنە تائێستا دروست نەكراوە) • قایمقامی سەیدسادق • بەپێی رێككەوتنەكە لە كۆی (44) بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، گۆڕان (19) بەڕێوەبەری ناحیەی بەردەكەوێتو یەكێتیش (18) بەڕێوەبەری ناحیە، سێ بەڕێوەبەری ناحیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی كە بەر گۆڕان كەوتووە تائێستا رادەستی نەكراوە • لیوای پاراستنی نەوتو گاز كە سەربە وەزارەتی ناوخۆ
راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف یەكەمین هەوڵی پەرلەمانی كوردستان بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە، توشی كێشە هات، سەرۆكی پەرلەمان نوسراوەكەی گەڕاندەوەو دەڵێ كێشەی یاسایی تێدایە، لەناو یەكێتیش فشار بەردەوامە بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران ئیمزاكانیان بكێشنەوە، تەنانەت شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە رۆژگارێك بەتوندی قسەی لەسەر پارتی دەكرد، ئێستا فشار دەكات بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی لەبابەتی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی بكشێنەوە، رەنگە ترسەكەیان لە چارەنوسی قوباد تاڵەبانی بێت.. لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە. لێپرسینەوە لە حكومەت رۆژی 23ی ئەم مانگە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەوڵێك دەستیپێكرد بۆ لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو قوباد تاڵەبانی جێگریو ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییو ئابوریی لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگەكانی شوباتو ئازار. (24) پەرلەمانتار ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی، ئەوانەی ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كرد بریتی بوون: * (6) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی * (5) پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی * (5) پەرلەمانتاری یەكێتی * (4) پەرلەمانتاری گۆڕان * (3) پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەوە) * پەرلەمانتارێكی حزبی شیوعی وەڵامی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەمڕۆ رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوێك وەڵامی نوسراوی ئەو (24) پەرلەمانتارەی داوەتەوە لەبارەی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی بۆ بەردەم پەرلەمان. (درەو) زانیویەتی، سەرۆكی پەرلەمان بەبەهانەی (4) هۆكار، نوسراوی ئەو پەرلەمانتارانەی بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی رەتكردوەتەوە. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی نوسراوی (24) پەرلەمانتارەكەوە ئەم كێشانەی خستوەتەڕوو. • ئەو پەرلەمانتارانە نوسراوەكەیان ئاڕاستەی "سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە"، بەڵام بەپێی ماددەی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (70)ی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت نوسراوەكەیان ئاڕاستەی "سەرۆكی پەرلەمان" بكەن. • ئەو پەرلەمانتارانە لە نوسراوەكەیاندا بەیەكەوە (سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی)یان بانگهێشتی پرسیاندن كردووە لەپەرلەمان، لەكاتێكدا بەپێی ماددەی (68)ی پەیڕەوی ناوخۆ كە خۆیان لە نوسراوەكەیاندا پشتیان پێ بەستووە، دەبێت لە پرساندندا سەرۆك وەزیران بە جیا لە وەزیرەكان بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت، نەك پێكەوە بانگبكرێن. • بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی (70)ی پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانی كوردستان، ئەو پەرلەمانتارانەی كە داوای پرساندنی سەرۆكی حكومەت یاخود وەزیرەكان دەكەن دەبێت هاوپێچ لەگەڵ بابەتی پرساندنەكە بەڵگەو زانیاریو بەڵگەنامەكان پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان بكەن، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانە بەڵگەنامەكانیان لەبارەی نایاسایبوونی بڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمان نەناردووە. • كێشەیەكی تری نوسراوەكەی ئەو پەرلەمانتارانە بەلای سەرۆكی پەرلەمانەوە ئەوەیە، بەر لەوەی پەنا بۆ ماددەی تایبەت بە پرساندنی سەرۆكی حكومەت ببەن، دەبوو پەنا بۆ نوسینی نوسراو ببەن بۆ سەرۆكی حكومەتو تێیدا پرسیار بكەن لەوەی حكومەت چۆن رێژەی 21%ی موچەی بڕیوە، ئەگەر لەماوەی یاسایدا حكومەت وەڵامی نەدایەوە یاخود وەڵامی دایەوەو وەڵامەكەی بۆ پەرلەمانتاران قایلیكەر نەبوو، ئەوكات پەنا بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەت ببەن لەناو پەرلەمان. عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كە سەرۆكایەتی هەوڵی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەیو وەزیری دارایی كرد بۆ پەرلەمان بەمەبەستی لێپرسینەوە، لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) پشتڕاستیكردەوە كە لەلایەن رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانەوە نوسراوێكی پێگەیشتووە. عەبدولستار مەجید وتی:" سەرۆكی پەرلەمان چەند تێبینییەكی هەیە لەسەر ناوەڕۆكی نوسراوەكەیان، تێبینییەكان بابەتی روكەشنو چارەسەری دەكەینو جارێكی تر نوسراوەكە ئاڕاستەی سەرۆكی پەرلەمان دەكەینەوە". رایگەیاند، هیچ كێشەیەكیان نییەو هیچ كەسێك لەوانەی ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە ئیمزاكانیان نەكشاندوەتەوە، بۆیە جارێكی تر نوسراوەكە دەكەنەوە. نیساب دەشكێت ؟ بەشێك لەو پەرلەمانتارانەی كە ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە بۆ بانگهێشتكردنو لێپرسینەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو قوباد تاڵەبانی جێگریو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە لەژێر فشاری حزبەكانیاندان بۆ ئەوەی ئیمزاكانیان بكێشنەوە. لە فراكسیۆن یەكێتی (5) پەرلەمانتار ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە، هەفتەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی فراكسیۆنی حزبەكەی بانگهێشت كردو داوای لێكردن ئەوانەی ئیمزایان لەسەر ئەو نوسراوە كردووە ئیمزاكانیان بكێشنەوە، بەڵام تائێستا كەسیان ئیمزاكانیان نەكێشاوەتەوە. ئیمزای ئەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی لەسەر نوسراوەكە لەدوو لاوە كاریگەری لەسەر سەركردایەتی حزبەكەیان داناوە، لەلایەك یەكێتی بەمدواییە لەگەڵ پارتی دەستی بە زنجیرەیەك كۆبونەوەی نوێ كردووەو دەیەوێت رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ پارتی بكاتو نایەوێت بەم هەوڵانە دانوستانەكانی تێكبدات، لەلایەكی تر ئەگەر بابەتی پرساندن لە كۆتایدا سەربكێشێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حكومەت، مەسرور بارزانی رزگاری دەبێت، چونكە لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی حكومەت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (74) پەرلەمانتار دەبێت لە كۆی (111) پەرلەمانتار، ئەمەش شتێكە بەهۆی ئەو زۆرینەیەی كە پارتی لە خولی ئێستا پەرلەماندا هەیەتی هەرگیز رونادات، بەڵام ئەگەر بابەتەكە سەربكێشێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە، قوباد تاڵەبانی چانسی باش نابێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ جێگری سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكان بە دەنگی (50+1)ی پەرلەمانتاران متمانەیان لێوەردەگیرێتەوە، واتا بە دەنگی (56) پەرلەمانتار لە كۆی (111) پەرلەمانتار متمانە لە قوباد تاڵەبانی وەردەگیرێتەوە، ئەگەر پەرلەمانتارانی یەكێتی ئیمزاكانیان نەكێشنەوە، فراكسیۆنی پارتیش بەرگری لە قوباد تاڵەبانی ناكاتو رەنگە لەدژیشی دەنگ بدات، ئەمەیە سەرچاوەی نیگەرانییەكەی قوباد تاڵەبانی لەو پەرلەمانتارانەی یەكێتی كە ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە، (درەو) زانیویەتی قوباد تاڵەبانی فشاری زۆری كردووە بۆ ئەوەی ئەو پەرلەمانتارانە ئیمزاكانیان بكێشنەوە. ماڵباتی تاڵەبانی هەمویان فشار دەكەن بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی ئیمزاكانیان لەسەر نوسراوەكە بكێشنەوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە بەر لە كۆنگرەی چوارەم بەردەوام هێرشی توندی دەكردەسەر پارتی، لەدوای هەڵبژاردنی وەكو كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ماوەیەكی زۆرە بێدەنگەو هیچ نوسینێكی نییە، تەنانەت بەپێی زانیارییەكانی (درەو) فشاری زۆر دەكات بۆ ئەوەی پەرلەمانتارانی یەكێتی پاشگەزببنەوە لە ئیمزاكانیان بۆ بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی بۆ بەردەم پەرلەمان. هەر لە ماڵباتی تاڵەبانی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی فشاری زۆر دەكات بۆ ئەوەی ئەو پێنج پەرلەمانتارەی یەكێتی ئیمزاكانیان لەسەر نوسراوەكەی پەرلەمان بكێشنەوە، بەڵام لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەی تر، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) چووەتە دەرەوەی وڵاتو نایەوێت لەم بابەتەدا نە پشت لە پەرلەمانتارانی حزبەكەی بكاتو نە فشاریشیان لێ بكات بۆ ئەوەی ئیمزاكانیان بكێشنەوە. فشارەكە تەنیا لەناو یەكێتیدا نییە، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش فشار هەیە بۆ ئەوەی ئەو چوار پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان كە ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە، ئیمزاكەیان بكێشنەوە. عەلی حەمە ساڵح سەرەتای ئەم هەفتەیە لەژێر فشاری عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی بۆ كشاندنەوەی واژۆكەی لەسەر ئەو نوسراوەو چەند پرسێكی تر، دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانو ئەندامێتی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەی كێشایەوە. بەم بارودۆخەوە ئایا عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی دەتوانێت جارێكی تر نیسابی یاسایی بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبكاتەوە كە (یەك لەسەر پێنج)ی ئەندامانی پەرلەمانە، واتا پێویستی بە ئیمزای (23) پەرلەمانتار هەیە بۆ ئەوەی جارێكی تر نوسراو بكاتەوەو تێیدا داوای لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت بكات ؟ ئایا پەرلەمانتارانی یەكێتیو گۆڕان ئەگەر جارێكی تر داوای ئیمزایان لێبكرێت بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت، ئیمزا دەكەن یاخود نا ؟
درەو: سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە نوسراوێك كە ئاراستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كردووە داوای كاندیدی شوێنگرەوەی ( سۆران عومەر) دەكات. لە 7ی ئایاری رابردوو پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی (57) پەرلەمانتار پارێزبەندی لەسەر (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵگرت بەڵام تا ئێستا شوێنەكەی پڕنەكراوەتەوە. بەپێی نوسراوێكی رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كوردستانی كردووە، نوسیویەتی" دوابەدوای بڕیاری ژمارە (7)ی ساڵی 2020 تایبەت بە قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەی (سۆران عومەر سەعید) لە ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان، بفەرموون بە ناردنی ناوی ئەو كاندیدەی بە پێی ریزبەندی هەڵبژاردن لە هەمان فراكسیۆن جێگەی دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە ئێستادا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ناردنی ناوی جێگرەوەی (سۆران عومەر)ن. بەپێی ڕیزبەندی دەنگی كاندیدەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لەناو كاندیدە دەرنەچووەكانی كۆمەڵدا مەروان گەڵاڵی دەنگی زۆرینە هەیەو دەتوانێت كورسییەكەی سۆران عومەر لە پەرلەمانی كوردستان پڕبكاتەوە. مەروان گەڵاڵی كە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ بوو، بەمدواییە لە كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی كۆمەڵدا وەكو ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ هەڵبژێردرایەوەو هاوكات بوو بە بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی كۆمەڵ، گەڵاڵی پەرلەمانتاری خانەنشینەو بەپێی زانیارییەكانی (درەو) رەتیكردوەتەوە كورسییەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوەو دەیەوێت لە پۆستە حزبییەكەیدا بمێنێتەوە. بەڵام دەبێت كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ناوی مەروان گەلاِڵی بنێرێت بۆ پەرلەمان و لەوێ مەروان گەلاِڵی رەتی بكاتەوە بۆ كاندیدی دواتر. لەدوای مەروان گەڵاڵی لەناو كاندیدە دەرنەچووەكانی كۆمەڵدا، (عومەر گوڵپی) بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی دەنگی زۆرینەی هەیە. (درەو) زانیویەتی لەناو كۆمەڵدا گفتوگۆ هەیە لەبارەی ئەوەی ئایا عومەر گوڵپی كورسییەكەی سۆران عومەر لە پەرلەمان پڕبكاتەوە یاخود لە پۆستەكەی خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی بمێنێتەوە، لەناو مەڵبەندی سلێمانی كۆمەڵدا چەند كەسێك چاویان لە وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانییەو خوازیارن عومەر گوڵپی دەستبەرداری پۆستەكەی ببێتو شوێنەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوە. لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر لەناو كۆمەڵدا هەیە كە خوازیارە عومەر گوڵپی لە شوێنی خۆی لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كۆمەڵایەتی سلێمانی بمێنێتەوەو كاندیدی دوای ئەو كە (كامەران بابان زادە)یە كورسییەكەی سۆران عومەر پڕبكاتەوە.
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت – محەمەد رەئوف لە هەرێمی كوردستان زۆربەی حزبە سیاسییەكانو بەرپرسانی ناو حزب دەستیان تێكەڵكردووە لە بازرگانیو كاری كۆمپانیاكاندا، بەشێك لە حزبەكان لە هەناوی كۆمپانیاكانەوە لە دایك بوون و بەشێكیشیان كۆمپانیایان بۆ سەرمایەگوزاری درووستكردووە، تێوەگلانی حزبەكان لە كاری بازرگانیدا، دەستی حكومەتی لە سەر كۆمپانیا و بازرگانان كورتكردۆتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا تێوەگلانی حزبەكان لە كاری بازرگانی و سەرمایەگوزاری دەخاتەروو. یەكێتیو كۆمپانیا سەرەتای بە كۆمپانیابوونی حزب لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 1992 دەگەڕێتەوە، ئەوكات جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكەم كەس بووە بیری لەوەكردوەتەوە حزب كۆمپانیای هەبێتو بتوانێت لەڕێگەی بارزگانییەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، وەكو باسدەكرێت لەم بیرۆكەیەدا تاڵەبانی باوك سەرسام بووە بە رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستین كە ئەوكات خاوەنی ئابورییەكی گەورە بووە. یەكێتی لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كۆمپانیای (نۆكان)ی دروستكرد، (نۆكان) تەنیا كۆمپانیایەك نەبوو، دواتر بوو بە زنجیرەیەك كۆمپانیا، بۆ نمونە لە كەرتی بیناسازیدا نۆكان ژمارەیەك كۆمپانیای دروستكردبوو بەناوەكانی (راز، دەرگەزێن، توژەڵە، رەزگە، قوباد، شكۆفە، رێكۆ، چیا، ئیرۆن)و چەندین كۆمپانیای تر كە ساڵانە پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی پەیدا دەكرد. كە نەوتیش دۆزرایەوە، كۆمپانیای نۆكان لە كەرتی وزەشدا ژمارەیەك كۆمپانی دروستكرد، لەوانە (مەهد، وزە، زەوی، باوان)و چەند كۆمپانیایەكی تر كە لەبواری نەوتدا كاریان دەكردو پارەیەكی زۆریان بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی كۆدەكردەوە. كاتێك قسەوباس لەسەر كۆمپانیاكانی حزب زیادیان كرد، هاوكات لەگەڵ ململانێ ناوخۆییەكان لەسەر دارایی حزب، كۆمپانیای نۆكان بیری لە دروستكردنی كۆمپانیایەكی ئەمنی كردەوە بۆ پارێزكاریكردن لە زنجیرە كۆمپانیاكانی، كۆمپانیایەكی ئەمنی بەناوی "داهۆڵ" دروستكرا. كۆمپانیای نۆكان چووە ناو بواری بازرگانی ئۆتۆمبیلیشەوە، لەم بوارەدا كۆمپانیایەكی دروستكرد بەناوی (كارزۆن)، ئەم كۆمپانیایە ئۆتۆمبیلی بۆ سنوری زۆنی سەوز هاوردە دەكردو ساڵانە پارەیەكی زۆری بۆ مەكتەبی دارایی یەكێتی دابین دەكرد. تاوەكو ساڵی 2016، نۆكان كۆمەڵێك كۆمپانیای تری دروستكرد كە لە بوارە جیاجیاكاندا كاریان دەكرد لەوانە (هوما، كەڕنت، كوردستان، سایكس، نزار، هێزنگ، دیوتی فری، غازكۆ). بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، تاوەكو ساڵی 2016 كۆمپانیای نۆكان (16) كارگەی هەبووە كە لەبواری پیشەسازی لەوانە دروستكردنی (PVC)و خشتی سورو بەرهەمهێنانی خوێو دروستكردنی جلوبەرگو چەند بوارێكی تردا كاریان كردووە. نۆكان چەندین پرۆژەی تری لەناو شاری سلێمانیدا هەبوو لە كەرتی هۆتێلو چێشتخانەكاندا، لەوانە (ئاشتی، سلێمانی پاڵاس، ئەزمەڕ پاڵاس، میر، گوندی گەشتیاری دابان). لە كەرتی فڕۆكەوانیشدا، كۆمپانیای نۆكانی یەكێتی جێ پەنجەی خۆی داناو دوو كۆمپانیای بەناوەكانی (ئەزمەڕ ئایەر)و (هۆما تراڤڵ). ئەمە جگە لە كۆمپانیاكانی بواری نەوتو سكیوریتیو هێڵی ئینتەرنێتو جگەرەو بوارەكانی ترو سامانی كۆمپانیاكە لە دەرەوەی وڵات. كۆمپانیای نۆكان راستەوخۆ لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە بەڕێوەدەبرا، گرێبەستی پرۆژەكانی وەردەگرت، ئابورییەكی گەورەی بۆ حزب بنیادنا. دوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتیو دوركەوتنەوەی لە شانۆی سیاسی، ساڵی 2016 یەكێتی دابەش بوو بەسەر دوو جەمسەردا، جەمسەری هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری تاڵەبانیو جەمسەری كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمیو بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی سكرتێر گشتی، دوو جێگرەكەی سكرتێر رەوتێكیان لەناو یەكێتیدا بەناوی "ناوەندی بڕیار" راگەیاند، یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەردوو جەمسەرەكە دارایی حزب بوو. ئەوكات باڵی ناوەندی بڕیار لە بەیاننامەیەكدا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدو ماڵباتی تاڵەبانییان تۆمەتباركرد بەوەی یەكێتییان كردووە بە هێزێك بۆ "تاڵانكردنی نەوتو هەڵلوشینی سەروەتو سامانی خەڵك"و دارایی یەكێتییان بۆخۆیان كۆنترۆڵكردووە، لەمەشدا بەدیاریكراوی مەبەستیان دلێری سەید مەجید بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەكێتی بوو كە ئەوكات لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە نزیك بوو. كۆتایی ساڵی رابردوو، یەكێتی كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا دەستكاری مەكتەبی دارایی حزب نەكراوەو وەكو خۆی ئێستا لای دلێری سەید مەجید ماوەتەوە، دلێر بەهۆی ئەوەی ئەوەی ساڵانێكە دارایی یەكێتی لایە، لەناو حزبدا نازناوی "پیاوی پارەكە"ی لێنراوە، بەپێی ناوخۆی نوێی یەكێتی دەبێت بەرپرسی مەكتەبەكان كەسانێك بن كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بن، دلێری سەید مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، ئەندامە لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزب، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە پۆستی بەرپرسی مەكتەبی دارایی لاببرێت، بەڵام تائێستا ئەم بڕیارە نەدراوە. پارتیو كۆمپانیا بەمدواییە رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی راپۆرتێكی بەناونیشانی "لەناو چەتەگەرییەكەی عێراق"دا بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكردبوو چۆن حزبە سیاسییەكانو میلیشیاكان دەستیان وەرداوەتە ناو كاروباری بازرگانیو خۆیان دەوڵەمەند كردووەو بەرپرسەكانیان ریستۆرانتو یانەی شەوانەیان كڕیوە. راپۆرتەكەی نیۆرۆك تایمز باسی لە هەرێمی كوردستانی كردبوو، نوسیبووی: بنەماڵەی بارزانیو تاڵەبانی دەسەڵاتی خۆیان بەكاردەهێنن بۆ كۆنترۆڵكردنی گرێبەستەكانی ناوچەی كوردستان بۆ ئەوەی خۆیان دەوڵەمەند بكەن. چۆن یەكێتی مەكتەبی داراییو ئیدارەی گشتی هەیە، پارتیش بەفەرمی لیژنەی وەبەرهێنانی هەیە، پێشتر عزەدین بەرواری بەرپرسی ئەم دەزگایە بوو، بەڵام لە كۆتایی ساڵی رابردوودا لابراو (ئاراس حەسۆ میرخان) ئەندامی سەركردایەتی پارتی خرایە شوێنەكەی. كۆمپانیاكانی پارتی لە زۆنی زەرد، بارزگانییان لە زۆربەی كەرتەكاندا قۆرخ كردووە. سێ كۆمپانیا كە لەسەر پارتی ئەژماردەكرێنو بەنوسراوی فەرمی بەناوی پارتییەوە نین، كۆنترۆڵی كاروباری بارزگانیو دۆخی ئابورییان لە سنوری پارتیدا كردووە. یەكەم: كۆمپانیای ستێر ئەم كۆمپانیایە نزیكە لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە، سۆران عومەر پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی وتی:" ئەمە كۆمپانیای مەسرور بارزانییە"، لەسەر ئەمە مەسرور بارزانی لە دادگا سكاڵای لێكرد، مەسرور بارزانی رەتیدەكاتەوە كۆمپانیا هەبێت، لەڕاستیدا هەر بەوشێوەیەیە، چونكە لە هەرێمی كوردستان بەرپرسان بەناوی خۆیانەوە كۆمپانیاكانیان تۆمارناكەن، كەسانی تری نزیك لە خۆیان ئیشوكارە ئابورییەكانیان بۆ بەڕێوەدەبەن. بەڵگەنامە دزەكراوەكانی ئەمریكا لە سایتی ویكیلیكس ئاماژە بەوەدەكەن، پشكی گەورەی كۆمپانیای ستێر، خاوەندارێتییەكەی بۆ مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە. كۆمپانیای ستێر ساڵی 2002 دامەزراوە، سەرۆكی كۆمپانیاكەو سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیاكە ناوی (سیروان عەزیز)ە، ستێر خاوەنی (12) كۆمپانیایەو لەگەڵ (10) كۆمپانیای تریشدا هاوبەشیی هەیە. وەكو خۆی دەڵێ گروپی كۆمپانیاكانی ستێر لەم بوارانەدا كاردەكات:" بیناسازیو تەلارسازی، ئەندازیاری ژینگەیی، راوێژكاری، دڵنیایی، لۆجیستیك، پاراستنی دامودەزگاكان، هەڵگرتنی مین، هێزی كار، كارەبا، نەوت، بازرگانی، گەشتیاری، تەكنەلۆژیای زانیارییەكان، خانوبەرەو پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون). گروپی كۆمپانیاكانی ستێر لەم كۆمپانیایانە پێكدێت: • ستێر كۆنسترەكشن • ستێر پترلیۆم • ستێر تاوەر • ستێر سكیوریتی • ئاوی كانی • ئاوی ئاڤیان • ستێر ئەڤیەیشن • ستێر تیك هاوبەشەكانی كۆمپانیای ستێر بریتین لەم لایەنانە: • هێڵی ئاسمانی توركی • سەن ئۆیڵ • هاریكار • دونیا گروپ • MSC • كار گروپ دەوترێت بانكی (RT) لە هەولێر سەربەم كۆمپانیایەیە، لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان كە دەگەڕێتەوە دەبرێت بۆ ئەم بانكەو لەوێوە دۆلار دەكرێت بە دیناری عێراقی. دووەم: سەلاحەدین گروپ ئەم كۆمپانیایە دەوترێت سەربە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، بەڵام هاوشێوەی كۆمپانیای ستێر لە هیچ بەڵگەیەكی یاسایدا ناوی نێچیرڤان بارزانی لەسەر كۆمپانیاكە نەنوسراوە. بەپێی ئەوەی خۆی باسی دەكات، ئەم كۆمپانیایە ساڵی 2017 لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە. سەرباری ئەمە بانكی كوردستانیش نزیكە لە نێچیرڤان بارزانییەوە، ئەوكاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی حكومەتی دەكرد، پارەی نەوتی هەرێم دەبرایە ئەم بانكەو لەوێ لە دۆلارەوە دەكرا بە دیناری عێراقی. سێیەم: كۆمپانیای كار لە كەڤەری ئەم كۆمپانیایەدا ناوی (شێخ باز) دیارە، بەڵام زانیارییەكان باسلەوە دەكەن، پارتیو بەدیاریكراوی بنەماڵەی بارزانی پشكی گەورەیان هەیە لە كۆمپانیاكەدا. كۆمپانیای كار كێڵگەی نەوتی خورمەڵەی بەدەستەوەیە كە گەورەترین كێڵگەی نەوتە لە هەرێمی كوردستانو رۆژانە نزیكەی (100 هەزار) بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنێت، خورمەڵە بەتەنیا خۆی رێژەی 38%ی نەوتی وەبەرهێنراوی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنێت. سەرباری ئەمە بۆری سەرەكی هەناردەی نەوتی هەرێم لای كۆمپانیای كارەو كۆمپانیاكە لە چەندین بواری تردا كاردەكات. سەرباری ئەم سێ كۆمپانیا سەرەكییە، پارتی لە بواری هێڵی ئینتەرنێتو پەیوەندییەكانو كەرتەكانی تردا چەندین كۆمپانیای هەیە كە كاری بۆ دەكەن، پارتی لە كۆنترۆڵی كۆمپانیاكانو كۆكردنەوەی باجو سەراندا لێیان لە یەكێتی سەركەوتوترە. بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمپانیا بەپێچەوانەی پارتیو یەكێتییەوە كە لە حزبەوە بوون بە كۆمپانیا، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەناوی كۆمپانیایەكەوە لە دایكبوو بەناوی (كۆمپانیای وشە)، بەڵام كۆمپانیایەك بۆ كاری راگەیاندن. دوای (10 ساڵ) لە دامەزراندنی، لەناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی حزبەكە هاوشێوەی پارتیو یەكێتی رۆڵی لە بواری وەبەرهێنانو بازرگانیدا هەبێت، ئەوانەی سەرپەرشتی ئەم هەوڵە دەكەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەكەن، ئەوان لە زانكۆ بەناوبانگەكانی دەرەوە خوێندویانەو پێیانوایە "پارە پاوەرە" واتە دارایی هێزەو دەتوانن لەرێگەی ئابورییەكی بەهێزەوە حزبێكی بەهێز دروست بكەن. پرۆژە ئابورییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان هاوشێوەی زۆربەی پرۆژەكانی پارتیو یەكێتی بەفەرمی بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نین، بەڵام گۆڕان لە داهاتەكانیان سودمەند دەبێت. دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا لە ساڵی 2017، كۆمپانیایەك دروستكراوە بەناوی "لوكس ئەجینسی"، ئەم كۆمپانیایە هاوڕێیەكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا خاوەندارێتی دەكات كە بەردەوام لە تەنیشتیانەوە دەردەكەوێت. كۆمپانیای "لوكس ئەجینسی" لە هەرسێ مەرزی (پەروێزخان، پشتە، كێلێ) كاری كوالیتی كۆنترۆڵ دەكات، لەم مانگەدا لە دەروازەی سنوری پشتە ژمارەیەك شۆفێری بارهەڵگرەكان هێرشیان كردەسەر ئۆفێسی ئەم كۆمپانیایە، میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان هەرزوو كەوتە بەرگریكردن لە كۆمپانیاكەو رایگەیاند، كۆمپانیای "لوكس ئەجینسی" رێگری كردووە لەوەی ئەو بازرگانو شۆفێرانە كەلوپەلی كوالیتی خراپ هاوردە بكەن، بۆیە هێرشی كراوەتەسەر. عەدنان عوسمان وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كۆمپانیایەكی بازرگانی نیەو هیچ كارێكی بازرگانیش لەدەروازەكانو دەرەوەی دەروازەكان ناكات. نەوەی نوێ و كۆمپانیا جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەناوی كۆمپانیایەكەوە لەدایك بوو كە ئەویش كۆمپانیای (نالیا)یە و خاوەنەكەی شاسوار عەبدولواحیدە، كۆمپانیای (نالیا) لە 14/8/2007 دامەزراوەو شاسوار عەبدولواحید خاوەندارێتی كۆمپانیاكە دەكات، نالیا بە پرۆژەی وەبەرهێنان دەستیپێكردو لەماوەی ساڵانی 2007 بۆ 2011 حەوت پرۆژەی وەبەرهێنانی لە سلێمانی وەرگرتووە كە بریتین لەم پرۆژانە: • گوندی ئەڵمانی یەك • چاڤیلاند • گوندی ئەڵمانی دوو • كوردسیتی یەك • كوردسیتی دوو • نالی سیتی • گوندی ئەڵمانی سێ دوای چوارساڵ لە كاری وەبەرهێنان لە 17ی شوباتی 2011 دەستی بەكاری میدیایی كردووەو كەناڵی (NRT)ی دامەزراند، لەدوای دامەزراندنی كەناڵەكە لە پرۆسەی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی 2017 سەرۆكایەتی بەرەی نەخێریكردوو، لەدوای ئەو پرۆسەیە شاسوار عەبدولواحید لە 19/1/2018 جوڵانەوەی نەوەی نوێی رایگەیاند و بەشداری هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و كوردستانی كرد. سەرەرای كاری سیاسی شاسوار عەبدولواحید تا ئێستاش خۆی خاوەنی میدیاكەو سەركایەو كۆمپانیاكەیەتی ئەگەرچی رۆژی 21/11/2017 شاسوار لە وتارێكدا رایگەیاند" تەواوی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا و پرۆژە بازرگانی و پشكەكانی لە پرۆژەی چاڤیلاند فرۆشتووە بە دوو كۆمپانیای بیانی و دەستبەرداری بووە، هەروەها دەستبەرداری تەواوی پشكەكانی كۆمپانیای نالیا بۆ كاری میدیایی بووە كە خاوەنی كەناڵەكانی NRTیە". شاسوار عەبدولواحید لەبارەی فرۆشتنی كۆمپانیاكانی بڵاویكردەوە" گروپی كۆمپانیاكانی نالیا پێش ئەنجامدانی مامەڵەی فرۆشتنەكەی، بڕی (47 ملیۆن و 684 هەزارو 800) دۆلار قەرزی لای خاوەن یەكەكانی نیشتەجێبوون و هاوڵاتیان و كەس و كۆمپانیاكان هەیە" و سەرباری ئەمە بەبەهای " بڕی (79 ملیۆن و 240 هەزار) دۆلار یەكەی نەفرۆشراوی هەیە، كە هەردوو بڕە پارەكە واتە قەرزەكان و یەكە نەفرۆشراوەكان دەكاتە (126 ملیۆن و 924 هەزارو 800) دۆلار، لە بەرامبەردا كۆمپانیاكان بڕی (2 ملیۆن و 911 هەزارو 400) دۆلار قەرزارن". بەشێوەیەكی گشتی سامانی "كۆمپانیاكانی نالیا" بە هەموو پرۆژەكانییەوە لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەپێی ئەوەی شاسوار خۆی لە وتارەكەیدا خەمڵاندنی بۆ كردووە، گەیشتوەتە (681 ملیۆن) دۆلار. شاسوار عەبدولواحید لە دوای پرژە سیاسیەكەیەوە پرۆژە وەبەرهێنانەكانی روبەرووی كێشە بوەتەوە، ئەو، لە سەردەمی كابینەی شەشەمی حكومەتدا بڕی (٤٣ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن) دیناری بەقەرزی بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی لە حكومەت وەرگرتووە و تائێستا ئەو قەرزەی نەداوەتەوە و سودی قەرزەكەشی هاتوەتە سەر كە بڕەكەی (16 ملیار دینار)ە، واتە بەكۆی گشتی بڕی (59 ملیار و 750 ملیۆن) دینار قەرزاری حكومەتە، سەرەرای فشارەكانی خاوەن پشكەكانی چاڤیلاند كە ئەو تەنیا لە پرۆژەی (چاڤیلاند) كێشەی لەگەڵ (9 هەزارو 700) كەسدا هەیە، ئەو كەسانە تائێستا نزیكەی (300) سكاڵایان لە دادگاكان لەسەر تۆماركردووە. ئێستا شاسوار عەبدواحید سەرقاڵبونی بە حزبە سیاسیەكەیەوە، كەمتر دەرفەتی پرۆژەی وەبەرهێنانی هەیەو بە شێوەیەكی سست پرۆژە تەواونەكراوەكانی تەواو دەكات. كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، تێكڕای ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە (30 هەزارو 99) كۆمپانیا، لەم ژمارەیە: • (26 هەزارو 777) كۆمپانیا ناوخۆین • (3 هەزارو 322) كۆمپانیا بیانین. بەشی هەرەزۆری كۆمپانیا ناوخۆییەكان لە پشتەوە لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن، یاخود بەرپرسانی حزب پشكدارن تێیاندا، هاوشێوەی عێراق، ئێستا لە هەرێمی كوردستانیش وەرگرتنی پۆستی وزاری لەناو حكومەت، سەرچاوەیەكی دارایی بەهێزە بۆ حزبە سیاسییەكان، حزبەكان لەرێگەی وەزیرەكانیانەوە گرێبەستە حكومییەكان بۆ كۆمپانیاكانی نزیك لەخۆیان دەردەچێنن. زۆربەی كۆمپانیاكان سكاڵا دەكەن لەوەی بەرپرسان داوای پشكیان لێدەكەن، بەبێ بەشداریكردنی بەرپرسان لە گرێبەستەكات، رێگەنادرێت هیچ تەندەرێكیان بۆ دەرچێت. ئەوە تەنیا هێزە دەسەڵاتدارەكان نییە كە كۆنترۆڵی كۆمپانیاكانیان كردووە، بەشێك لە حزبەكانی تر بە گوێرەی قەبارەی خۆیان كاری سەرمایەگوزاری و بازرگانی بچوك دەكەن، یاخود كارەكتەرە دیارەكانیان سەرقاڵی كاری بازرگانین.