مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) شەپۆلێک لە دین، دینێکی خنکێنەر و داخراو، دینێک پڕ لە ڕق و شەڕانگێز و زۆربڵێ، دینێکی بوغزاویی و توڕە و پەلاماردەر، بەسەر ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە ناوچەکەوەیە. دینێک دەیەوێت دەستبھاوێتە ناو ھەموو وردەکارییەکی ژیانەوە، ناو کەسایەتی منداڵان و ناو قووڵترین و تایبەتیترین پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە خۆی و بە کەسانیتر و بە دەوروبەریەوە. دینێک سڵ لە ھیچ سنوور و ڕێگرێکی شەخسیی و ویژدانیی و ئەخلاقیی ناکاتەوە، بێھیچ ھەستکردنێکیش بە بەرپرسیارێتی، شوناسیی دیندار و بێدین، باوەڕدار و کافر، بەھەشتیی و جەھەنەمیی و گومڕا و ناگومڕا، بەسەر مرۆڤەکاندا دابەشدەکات و بەشێوەیەکی شاقوڵیی کۆمەڵگا بۆ دوو بەرەی دژبەیەک پۆلێندەکات. نەوەیەک لە بکەری دینییش دروستبوون لە یەککاتدا ھەم وەک واعیزی کۆمەڵایەتیی و ھەم وەک دەرونناس و ھەم وەک لێکۆڵەرەوەی کۆمەڵایەتیی و ھەم وەک ئەخلاقناس و ھەم وەک ھەقیقەتفرۆش و ھەم وەک نوێنەرێکی ڕاستەوخۆی خودا لەسەر زەوی، قسەدەکەن و لەناو ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەجوڵێنەوە. لەیەککاتدا ھەم ئاکاری پیاوی دین و پیاوی ئەخلاق و پیاوی مەعریفە و پیاوی سزادان و پیاوی خودا بەخۆیان دەبەخشن، ھەم ئاکاری ئەکتەرێکی شانۆیی و تەلەفیزیۆنی و سینەماییش. ھەم ھەڕەشەدەکەن، ھەم ھەقیقەت ئەفرۆشن، ھەم خۆیان و دینەکەیان نمایشدەکەن. جارێک لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە دەدوێن، جارێک لەناو کەناڵی تەلەفیزیۆنە عەلمانییەکانەوە، جارێکی تر لەناو ئەو تۆڕە میدیا دینییە گەورەیەوە کە دروستکراوە و بە بەردەوامیش لەڕێگای سۆسیال میدیاوە. ئەم بکەرە دینییانە لە ھەر شوێنێکدا دەربکەون بە دەوری خۆیاندا سوپایەک لە ھەواداری گەنجی توندڕەویان دروستکردوە کە بستێک لە جیھاد و پەلاماردانی ھەموو ئەوانەی لە خۆیان ناچن، دوورن. بەبۆچوونی ئێمە ئەم فۆرمە تازەیە لە دین و دینداریی ڕەگوڕیشەکانی لە مێژووی کۆنی کۆمەڵگای ئێمەدا نییە، لە ڕابردوەوە نەھاتوە، دەرکەوتێکی تازەی جەوھەرێکی دینیی دێرین نییە، بەڵکو دیاردەیەکی تەواو تازەی ناو دونیایەکە کە کۆمەڵێک بنەمای ئابوریی و کۆمەڵایەتیی وسیاسیی و دەرونیی تازەی ھەیە، دونیایەک بەرھەمی ئەم چەند دەیەی دواتری مێژووی ئێمەیە. بەر لە ھەموو شتێک ئەم فۆرمە تازەیە لە دینداریی لەناو ئەو خەرەند و نشێوییە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە گەورانەی دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. بەرھەمی فۆرمە جیاوازەکانی نائومێدبوون و پشێویی و دڵشکانی کۆمەڵایەتییە، لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە بە دۆخی ھاتنەکایەی نایەکسانییەکی ڕێکخراو و سیستماتیکییەوە، وەک دەرەنجامی ئەو فەشەلە ئابوورییە گەورەیە و ئەو تاڵانکارییە مافیاییە بێوێنەیەی لە ھەرێمدا دروستبووە. دروستبوونی نەوەیەکی بێئیش و نائومێد، کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا لە لێواری هەژارییەکی ھەمەلایەندا دەژیی، نەوەیەک بێئاسۆ و بێداھاتوو، بەڵام تا ڕادەیەک خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە. ئەم نەوەیە بەشێکیان لە ڕێگای جیھانی دیگیتالییەوە لە دۆخی تەماھیکردنێکی گەورەدان لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا، ئەوانیتریان لە پەیوەندییاندا بە بکەرە دینییە تازەکانەوە تا دێت دادەخرێن و توندڕەودەبن. ھەندێکیان وەک ئەستێرەکانی پۆپ کەڵچەری ناو جیھانی دیگیتاڵی سەما دەکەن و ھەندێکیتریان دژ بە سەما و لە ڕقی سەمادا کۆدەبنەوە و نوێژدەکەن و بە توڕەییەوە ڕوو لە کۆمەڵگا و لە ئاسمان دەکەن. ھەمووشیان لە ناو شێوازێک لە حوکمڕانیی سوڵتانیی توندوتیژ و مۆدێلێک لە دەوڵەمەندبوونی مافیایی و چەندان ئیمپراتۆریەتی میدیایی مێشکشۆرەوەدان، کە پێکڕا لە سادەترین بەھای ئینسانیی و ئەخلاقیی و لەلانی ھەرەکەمی بەرپرسیارێتی، دابڕاون. ئەم گشتە وێرانە ئەم نەوە دینییە توندڕەوە و ئەم شێوازە لە دینداریی داخراوی پێباشترە لە ھەر ھۆشیارییەکی تر کە خاوەنی ڕەھەندێکی سیاسیی ڕەخنەیی و عەقڵانییەتێکی پرسیارکەر بێت. ئەم دیندارییە تازەیە، کە بە پلەی یەکەم دیندارییەکی سەلەفیی پەلاماردەرە، یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ئەو مۆدێلە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا سەروەرکراوە. لەپشتی ئەم دیمەنە گشتییەشەوە جوڵەیەکی گەورەی پارە و سەرمایەی کۆنەپارێز لەناوچەکەدا ئامادەیە، لە پارە و سەرمایەی ھێزە ئیخوانیی و سەلەفییەکانەوە بیگرە، بۆ دۆلاری نەوتی شیعیی ئێرانی و دۆلاری نەوتی سونی سعودیی و خەلیجیی و دۆلاری نەوتی دزراو لە ھەرێم خۆیدا. یەکەمین وانەیەک بکرێت لە کۆمەڵناسیی دینەوە فێریببین ئەوەیە کە دین بە دین و دین بە کولتوور تەفسیر ناکرێت، مەسەلەکە بوون و ئامادەگیی ”فەرھەنگێکی خۆرھەڵاتیی“ دێرین نییە کە لە ڕۆژی دروستبوونی مرۆڤەوە، تا ئەمڕۆکە وەک خۆی و بێ گۆڕانکاریی ئامادەیە و ئیشدەکات، مەسەلەکە پەیوەندیی بە بوونی ڕەگوڕیشەی گریمانکراوی دێرینیشەوە نییە، پەیوەندیی بە بونیادێکی عەقڵیی و سایکۆلۆژیی نەگۆڕیشەوە نییە لە کۆنی کۆنەوە ھاتبێت، بەڵکو مەسەلەکە پەیوەندیی بە مەسەلەی ”ئابوریی سیاسیی“ و ”ھەندەسەی کۆمەڵایەتیی“ و ”پەیوەندییەکانی ھێز“ و ”فۆرمی مەعریفە“ و ئەو ”تۆڕە لە گوتار“ەوە ھەیە کە لەناو ئەو دۆخە مێژووییە کۆمەڵایەتییەدا سەروەرکراون. دین بە نادین، بە ئابوریی و سیاسەت و، بە گەشە و داڕمانی کۆمەڵایەتیی و، بە پرۆژە و پلانی گۆڕانکاریی تایبەت و، بە مۆدێلی دەسەڵات و حوکمڕانیی باڵادەست و بە بوون و نەبوونی بەرگرییەوە، تەفسیردەکرێت. ”پەیوەندییەکانی دەسەڵات“ و ”پەیوەندییەکانی مانا“ و” پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنان“ ناوەرۆک و فۆرمەکانی دینداریی سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراو، دەستنیشاندەکەن. ھاوکات دین بە پرۆسە سەرەکییەکان و بە پرۆژە جیاوازەکانی گۆڕانکاریی و بە تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و ڕەمزیی ناو کۆمەڵگا، لێکدەدرێتەوە. لە ئێستادا بە لەدایکبوونی ئەو شێوازە لە مۆدێرنیزەکردنەوە پابەستە، کە بەردەوام فۆرمی تازە و ترسناکیی ھەژاریی و دەوڵەمەندیی، فۆرمی کوشندەی ئومێد و نائومێدیی، فۆرمی تازەی مانا و بێمانایی و کێشەی مادیی و سایکۆلۆژیی نوێ، چێژ و خولیای بەرخۆریی، بەرھەمدەھێنێت. دروستکردنی ڕێکخراو و پارتی سیاسیی دینیی جەماوەریی تازە، لەدایکبوونی میدیای دینیی جەماوەریی، بوونی دین بە یەکێک لە دیاردە سەرەکییەکانی ناو دونیای دیگیتالی، شۆڕکردنەوەی دین بۆ ناو سیستەمی پەروەردە و فێربوونی نوێ، دروستبوونی بکەری دینیی نوێ لە دەرەوەی پیاوانی دینی تەقلییدیدا، ھاتنەکایەی دیاردەی ئیمامی تەلەفیزیۆنی و بانگخوازیی گەڕۆک و مەلای فەیسبووکیی، تێوەگلانی ڕاستەوخۆ و ھەمەلایەنی دین لە سیاسەت و تێکەڵبوونی بە جوڵەی پارە و سەرمایە و دروستبوونی بازاڕێک بۆ توریزم و سیمیۆلۆژیای دینیی، بوونی دین بە بەشێک لە ململانێی ئیقلیمیی نێوان چەندان دەوڵەتی دەوڵەمەند و خاوەن پارە، ھەمویان دیاردەی تازەی ناو واقیعی مێژوویی ئەمڕۆکەن. ئەم گشتە گەورەیە سەرقاڵی دروستکردنی ئینتیمای دینییە لە شوێنی ئینتیمای مەدەنیی و لەناو ئیتیمای دینییش خۆیدا سەرقاڵی دروستکردنی ئینتیمایەکی تائیفیی و سەلەفییە، لە شوێنی فرەڕەنگییەکانی ئینتیمای دینیی خۆی. لەم ژینگە پڕ لە ململانێ و پڕ ڕق و پڕ پارەیەدا ئینتیما بۆ تەفسیرێک لە تەفسیرە زۆرەکانی دین و بۆ جۆرێک لە جۆرەکانی بکەری دینیی، دەچێتە شوێنی کۆی ئینتیماکانی تر. لەشوێنێکی وەک ھەرێمەکەی ئێمەدا ئینتیما بۆ عەبدولەتیفی سەلەفیی و ھاوشێوەکانی دەچێتە شوێنی ئینتیما بۆ خودا بە مانا گەردونییەکانی و مەسافەیەک لە نێوان عەقڵی عەبدول لەتیفی سەلەفیی و عەقڵی خودادا ناھێڵدرێتەوە. بەم جۆرە ئەوەی لەم ژینگە بیمارەدا دروستدەبێت، دین نییە بە مانای ڕووبەرێک بۆ پەیوەندیی ڕۆحانیی و ھێزێک بۆ دروستکردنی تاکەکەسێکی بەرپرسیار لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیی و ئیستاتیکییدا بە ئاسمانەوە، بەڵکو دروستکردنی سوپایەکە لە گەنجی نائومێد و دۆگمایی لە دەوری ئەو بکەرە دینییە تازانە. لە ڕاستییدا ئەوەی لێرەدا ئامادەیە نە دینە و نە خوداناسیی و نە تیۆلۆژیا، بەڵکو سۆسیۆلۆجیایەکی ھێجگار سادەی دروستبوونی بکەری کۆمەڵایەتیی نوێ و پەیوەندیی ھێز و دەسەڵاتی تازەیە. ئەم بکەرە تازانە لە پرۆسەی دروستکردنی خۆیاندا وەک بکەری کۆمەڵایەتیی نوێ، خۆیان وا نمایشدەکەن کە گوایە تەنھا ئەوانن دەزانن خودا کێییە و ئیرادەی خودا داوای چی لە مرۆڤەکان دەکات، تەنھا ئەوانیش ھەڵگری شەھادەی ناسینی خودا و زانینی نھێنیەکانین. لەسەر بنەمای ئەم ناسینە گریمانکراوەش بەگژ ھەموو ئەوانەدا دەچنەوە کە خودا لە ھەمان وێنەدا و بە ھەمان ئیرادەوە ناناسن. ھەموو ئەمانە وادەکەن ململانێکردن لەسەر چییەتی خودا و لەسەر وێنەکانی ئەو لە ئاسماندا، ململانێیەکی دینیی نەبێت، بەڵکو ململانێیەکی سەرزەمینیی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بێت لەسەر فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات. گروپە سەلەفییەکانی دونیای ئێمە و زۆرێک لە دیندارە سیاسییەکانی تریش، وێنەی خودایەکیان دروستکردوە دژ بە سەما، دژ بە تێکەڵبوونی نێر و مێ، دژ بە بەشێکی گەورە و گرنگی ئازادییەکانی ناو ژیانی ڕۆژانە. وێنەی خودایەک بەرگریی لە بەشودانی منداڵ دەکات، بۆ پیاو چوار ژن حەڵاڵدەکات، بە گێڕانەوەی دوو ژنیش نرخی گێڕانەوەی یەک پیاو دەبەخشێت، کەسێک نوێژنەکات وەک کافر دەیبینێت و مامەڵەیدەکات، خودایەک مرۆڤ لەسەر گوناھەکانی بۆ ھەتاھەتایە دەسوتێنێت، کەی بیەوێت باران دەگرێتەوە و قاتوقڕیی دروستدەکات، یاخود لافاو دەخوڵقێنێت و ئەوەی ئینسانەکان بە ماندووبونێکی زۆر دروستیانکردوە، لە چەند ساتێکی کەمخایەندا نووقمدەکات، ھتد. بەشێکی زۆری ئەو وێنانەی ئەم ھێزانە بۆ خودا دروستیدەکەن، ئامرازی سەرەکیی ناو ئەو ململانێ کۆمەڵایەتییەن ئەم بکەرە دینیانە لەسەر پێگە و شوێن و جێی و دەسەڵاتی خۆیان لە کۆمەڵگادا پەنای بۆدەبەن. ئەم گروپە تازانە واینیشاندەدەن خودا لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، کەسێکە لە ڕێگای عەبدول لەتیفی سەلەفی و مەلا ھەڵۆ و ھاوشێوەکانیەوە قسەدەکات، ئەوان نوێنەرەکانی خودان لە کوردستاندا و ئەوان دەزانن خودا داوای چی لە مرۆڤەکان دەکات و چیشیان لێ یاساغ و حەرامدەکات. لەزۆر سەرەوە ئەم فۆرمە تازەیە لە دین لەسەر دنەدان و فووکردن بە سایکۆلۆژیای برینداریی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە و لەسەر فوکردن بە عاتیفە و سۆزی دینییدا، کاردەکات. خەریکی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دینە وەک ھێزێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، بۆ جۆش و خرۆش پێدان و کۆکردنەوەیان لەدەوری ئەم یان ئەو بکەری دینیی. ئەم فۆرمە لە دین دینێکە لەناو ھەراوھۆریا و قەرەباڵغییدا دەژیی: لەناو مزگەوتی قەرەباڵغدا، لەناو پارتی سیاسیی قەرەباڵغدا، لەناو کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆنمایشکردنی قەرەباڵغدا. لەناو ئەو ھەراوھۆریا و قیڕەقیڕ و ھێرشبردن و ئیدانەکردنە بەردەوامانەشدا کە ڕێگا لە بیرکردنەوەی ھێمن و عەقڵانیی و بەرپرسیار، دەگرن. ئەوەی لەناو ئەم ھەراوھۆریا و قەرەباڵغییەدا ئیشدەکات، گوتارێکە لەسەر نەفیکردنی ھەموو کەس و ھەموو شتێک کاردەکات کە لەو بکەرە دینییانە نەچێت کە ئامادەن و قسەدەکەن، کە دەقیڕێنن و توڕەدەبن، کە بە چەندان شێواز و تەکنیکی جیاواز قەرەباڵغیی دروستدەکەن. کردنی دین بە تاکە سەرچاوەی ئەخلاقی گونجاو و قبووڵکراو دژ بە فۆرمە ئەخلاقییەکانی تر، دانانی زیکری دینیی لە شوێنی سەما، بەپیرۆزکردن و بەڕەھاکردنی جلوبەرگی دینیی لە پەیوەندییدا بە جلوبەرەگەکانی ترەوە، دانانی ڕیشی دینیی لە شوێنی فۆرمەکانی تری ڕوخساری ئینسانیی، بەڕەھاکردنی سروت و جوڵەی دینیی لە شوێنی ھەموو سروتە ئینسانییەکانی تر، ھەموویان بەشێکن لەم دیندارییە خۆسەپێن و یەکشێوەیە. ئەوەی ئەم ھێز و کەس و بکەرە دینییانە دەیانەوێت ئەنجامیبدەن، بریتییە لە کۆپیکردنێکی فراوانی کەسایەتی خۆیان و سەپاندنی ئەو کۆپیە، بەسەر ھەموواندا. گۆڕینی ھەموومان بۆ عەبدولەتیفی سەلەفیی، لەڕێگای بە موتڵەقکردنی کەسایەتیی و شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی تایبەتی ئەوەوە بۆ دین، ئەو پرۆژە و پەیوەندیی دەسەڵات و ھەندەسە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم فۆرمە تازەیەی دینداریی دەیەوێت بیسەپێنێت. بابەتی پێشتر بابەتی بیست و چوار: غیابی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟ بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟ بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
راپۆرتی: درەو گۆڕان دوو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی هەیە كە یەكێكیان بە مردوویی لەدایكبوو، ئەوی تر بە نیوەناچڵی جێبەجێكرا، ئێستا رێككەوتنی سێیەمی ئیمزاكردووە كە دروستكردنی هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، یەكێتیو گۆڕان چ سودێك لە یەكتر دەبینن ؟ هاوپەیمانی یەكێتیو گۆڕان دەتوانێت ببێت بە بەدیلی پارتی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا ؟ یەكێتیو گۆڕان.. رێككەوتنێكی نوێ یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی نوێیان كردو بڕیاریاندا هەردووكیان پێكەوە لەژێر ناوی "هاوپەیمانی كوردستان" بچنە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، ئەم هاوپەیمانێتییە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكات. لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ساڵی 2009، ئەمە سێیەمین رێككەوتنی سیاسییە كە لەگەڵ یەكێتی ئیمزای دەكات. دوای چەند هەفتەیەك لە گفتۆگو دور لە چاوی كامێراكان، یەكێتی و گۆڕان تەنیا ئەوەیان بۆ رایگشتی دركاندووە كە هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردن كردووە، ئەمەش لە كاتێكی درەنگ وەختدا، تا ئەو ڕادەی میدیای هەردوو حزب تەنانەت ناوی هاوپەیمانێتییەكەشیان بڵاونەكردەوە تا ئەوكاتەی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماركرا. تائێستا وردەكاری رێككەتنەكە نازانرێت، ئایا ئەمە رێككەوتنە تەنیا بۆ هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسییەكانە لەسەر ئاستی بازنەكانی هەڵبژاردن؟ یاخود رێككەوتنێكی سیاسییەو بۆ دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت و هەردوولا لەسەر ئاستی عێراق بەتەواوەتی روانگەی خۆیان یەكخستووە ؟ لەناو یەكێتی ناڕەزایەتی لەبارەی رێككەوتنەكە هەیە، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری رێككەوتنەكە نین و لە دانانی كاندیدەكاندا هەولێر لەبەرچاو نەگیراوە، مەلا بەختیار رێككەوتنەكە بە رێككەوتنێكی "ناچاریی" ناودەبات كە هەردوولا بەهۆی لاوازبوونی پێگەی جەماوەرییانەوە پەنایان بۆ بردووە، بە كورتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ئەندازیاری رێككەوتنەكەن كە هەردووكیان لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە چاویان لە گەڕاندنەوەی گۆڕانە بۆ ناو یەكێتی. لەبارەی رێككەوتنەكەوە لەسەرەتای بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بیرۆكەی دروستكردنی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)یان لاپەسەند بوو، هەندێك كاریشیان كرد بۆ دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە، بەڵام یەكێتیو پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن. كاتێك یەكێتیو پارتی بڕیاریاندا بە جیا بچنە ناو هەڵبژاردنەوە، بزوتنەوەی گۆڕان كەوتە بەردەم چوار سیناریۆ: • بەشێوەیەكی سەربەخۆ بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە • لەگەڵ پارتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە • لەگەڵ یەكێتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە • لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە لەناو ئەم چوار سیناریۆیەدا، بزوتنەوەی گۆڕان كلیكی لەسەر هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی كرد، چونكە هیچ یەكێك لە بژاردەكانی تر گرەنتی ئەو ژمارە كورسییەیان بۆ نەدەكرد كە گۆڕان داوای دەكرد. هەڵبژاردنی یەكێتی بۆ هاوپەیمانێتی رەنگە بژاردەیەكی ناچاریی بوبێت بۆ گۆڕان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیەو رەنگە ئەم نزیكبونەوەیە لە یەكێتی دواجار زیان بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بگەیەنێت، بەڵام دەكرێت بەلایەكی تردا رێككەوتنەكە بزوتنەوەی گۆڕان لە هێزێكەوە كە جارێك پارتی دژی یەكێتیو جارێكی تر یەكێتی دژی پارتی بەكاری بهێنێت، بكات بە هێزێك كە ئەو، پارتیو یەكێتی دژی یەكتر بەكاربهێنێت. لەبەرامبەردا هاوپەیمانێتییەكە بۆ یەكێتی ئەو سودەی دەبێت كە بتوانێت جارێكی تر كورسییەكانی زۆنەكەی خۆی لە یەك سەبەتەدا كۆبكاتەوەو بخاتە ناو ململانێی سیاسی دوای هەڵبژاردنو دابەشكردنی كێكی دەسەڵات لە بەغداد. ساڵی 2018 كاتێك حكومەتی نوێ لە عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی پێكهات، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، بەڵام پارتی هیچ پۆستێكی وزاری لە عێراق بە بزوتنەوەی گۆڕان نەدا، ئەمە گۆڕانی نیگەران كرد، هاوپەیمانێتی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی رەنگە لە حكومەتی داهاتووی عێراق هەندێك پۆست لە بەغداد بۆ گۆڕان زامن بكات. سەرباری ئەمانە، بەگشتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، چانسی مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو هاوكێشەی عێراقدا زامن دەكاتەوە، ئەم رێككەوتنە گۆڕانی بردە ناو بەرەیەكی نوێ لە عێراق كە دەوترێت ئێرانییەكان كار بۆ زیندوكردنەوەی دەكەن لەناو گەمەی سیاسی دوای هەڵبژاردندا. هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەرەنجامی هەڵبژاردنی "شۆڕشی ئۆكتۆبەر"ی 2019ی عێراق بوو، كە خۆپیشاندانەكان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیان ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد، ئەمریكا پاڵپشتی ئەم خۆپیشاندانانەی كرد بەو ئومێدەی كۆتایی بە حوكمی هێزە نەریتییەكانی نزیك لە ئێران بهێنێت، ئێرانییەكانیش دژی وەستانەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، گەڕی كۆتایی ئەم ناكۆكیەیە لەنێوان ئێرانو ئەمریكا سەبارەت بە چارەنوسی عێراق. ئەمریكییەكان چاویان لەوەیە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەرفەت بۆ هاتنە پێشەوەی كەسانی سیاسی نوێ خۆش بكات، كەسانێك كە بتوانرێت لە داهاتوودا جڵەوی عێراقیان بدرێتە دەست، ئێرانییەكانیش دەیانەوێت ئەو پەیامە بە واشنتۆن بدەن كە سەرباری دروستبوونی ناڕەزایەتی شەقام لەدژیان، هێشتا لایەنە سیاسییە نەریتییەكان پێگەیان لەعێراقدا هەیە، ئەو لایەنانەی كە لەسەردەمی خەبات دژی سەددانەوە دۆستایەتی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە. پارتی گرەو لەسەر سەركەوتنی سەدرییەكان دەكات، یەكێتیش چاوی لە عەممار حەكیمو حەیدەر عەبادیو لایەنە شیعەكانی ترەو لەناو سوننەكانیش چاوەڕێی سەركەوتنی حەلبوسی دەكات لەبەرامبەر رەوتەكەی ئوسامە نوجێفیو هاوپەیمانەكانی. دوای هەڵبژاردنو لەكاتی دروستكردنی كوتلەی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەت، رەنگە هاوپەیمانێتی یەكێتیو گۆڕان بكەوێتە بەرامبەر پارتیو ئەمەش لێكەوت لەسەر پێگەی گۆڕان لەناو حكومەتی هەرێم بەجێبهێڵێت. مێژووی رێككەوتنەكانی یەكێتیو گۆڕان ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوەو لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیەو مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی یەكێتییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن نەك پارتێكی سیاسی سەربەخۆ، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن. لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتیو هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوەو گۆڕان لەبری نەیارێتی دەیەوێت دۆستایەتیو رێككەوتنی لەگەڵ پارتیو یەكێتیشدا هەبێت. سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە هەردوولا ناكۆك بوون لەسەریو هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد. دوای نزیكەی حەوت ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوەو لە هەر گفتوگۆیەكدا لەگەڵ یەكێتی، بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان باسی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكەن. دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی "دەباشان" ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە. ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسییان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتیدا دوو رێككەوتنی فەرمی هەیە، رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە وادەی فەرمییەكەی كۆتایی هاتووەو پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە، لەگەڵ رێككەوتنی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە یەك هاوپەیمانێتی. مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون: • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی. • بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانو هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە. • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا. • نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان. • هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا. • یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) دیموکراسی، یەک دیموکراسییە و عێراق و کوردی و ئەمریکایی نییە و لەت ناکرێت چونکە ڕێزگرتنە لە ئیرادەی مرۆڤ و ئیرادەی کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی(ڕێزگرتن لە زۆرینە و پاراستنی مافی کەمینە)، هەم مافە و هەم ئەرکە لە بواری چاکەی گشتییدا. بەڵام لەناونیشانەکەدا چەمکی "دیموکراسیی عێراقی"یم بەکارهێنا، چونکە بەرامەی ئەم جیاوازە و ئەزمونێکی تایبەت بە خۆیەتی. ئەزموونی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە ئەزموونێکی شیرین نییە، نەک لەبەرئەوەی خەڵک باوەڕی بە دیموکراسی و دەنگدان نەبێت، بەڵکو لەبەر دەرئەنجام و کردەوەی هەڵبژێردراوان، کە دۆخی سیاسییان نەک پێش نەبردووە بەڵکو وەپاشیشیان خستووە، لە خۆڕا نییە، پاش ٣٨ ساڵ لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانی سەردەمی پاشایەتی، خەڵکی عێراق ڕووبکاتەوە کودەتایەکی سووری تەمووزی ١٩٥٨ و لەوەش زیاتر بەدوایدا عارفەکان و بەعسییەکان ٤٥ ساڵ بکوژ و ببڕ خۆیان بن. ئەمە نائومێدی نەبێت لە سیستەمی پاشایەتی سنوردار (بە مۆدێلی بەریتانی) و دیموکراسییەتی سەردەمەکەی بۆ شیرازەی سیاسیی چییە؟ بۆچی زەینی خەڵک ئاوا تووشی بارگۆڕان بوون؟ لانیکەم لە ئەزموونی ١٨ ساڵی ڕابردووشەوە، دوور نییە بارگۆڕانێکی دیکە بەسەر کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕووبداتەوە و جارێکی دی ڕووگەی خەڵک بەرەو دیکتاتۆرییەت و فریادڕەسی ئاسنیین وەرچەرخێت. ئاخر ساڵانێکە کاری پێکەوەیی و نەیاریی کیانە سیاسییەکان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا، ئەوەی لێھەڵێنجرێت کە یان بە ھاوپەیمانێتی و پێکەوە مافی خەڵک دابین ناکەیت، یان بە جیا و "نان گۆڕینەوە" ھەقەکەیان دەخۆیت یان پۆپۆلیستانە خۆت بە جیا نیشان بدەیت و دیسانەوە ھەر خەریکی ھەریسەکە و خۆدەوڵەمەندکردن بیت لەسەر حسێبی خەڵک، لە کۆتاییشدا ھەر سێ بژاردەکە یەک ھێڵ و ستراتیژیان پیادەکردووە. لە خۆرا نەبوو خۆپیشاندانەکانی تشرینی بەغدا هاتنەئاراوە و هەنووکەش توڕەییان دانەمرکاوەتەوە و لەئاگردانەکانی شەقامی عێراقیدا دەکوڵێت. خەڵک هەقییەتی بپرسێت ڕۆڵی پەرلەمان و هەڵبژێردراوەکان چی بووە؟ کێشەساز یان چارەسازن؟ ئاخر لە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، مەسەلەی دەستووریی ناوچەی دابڕێنراو، دۆسێی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران و هەدەردانی پارەدا، کامییان بە پەنجەمۆری پەرلەمانتار و نوێنەرانی ھەنگاوێک چووەتە پێشێ؟ ئیرادە سەرووپەرلەمانییەکان نەبێت! لە سیستەمە سیاسییەکاندا پەرلەمانتار و نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان بۆ ئەوە ھەڵدەبژێردرێن لە تەنگانە و قەیرانی سیاسییدا، ھەنگاوێ ھەڵنێن و دەرچەیەکی چارە بدۆزنەوە، بەڵام لە عێراق و ھەرێمدا، ھەر کار گەیشتە قەیران ئیتر پەرلەمانتاران دەکەونەپەراوێزەوە و ئەوەی دەبێتە یاریزان کارەکتەرە نافەرمییەکان و بەرپرسانی حزب و حکومەتن لەسەر مێز دادەنیشن و ئەوان ڕوودەکەنە میدیاکان و دەنگەدەنگ نەبێت شتێکی دیکەیان لێ سەوز نابێت. تا ھەنووکە ھەڵبژاردن و پەرلەمان بەشێک نەبوون لە چارە ھێندەی بەشێکن لە کێشە و تاڕادەیەک ڕایەکی گشتیی باویش چەسپاوە کە پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاندیدەوە تا سوێند و وازھێنان، مەسرەفێکی زیادەیە بۆ کۆمەڵگە و دەرچەیەکی باشی داھاتیشە بۆ کارەکتەرەکانی نێوی. پێشینەیەکی خوارخێچ بێزاربوون لە سندوقی دەنگدان و دەستەپاچەیی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، پێشینەی هەیە، لەگەڵ تەمەنی عێراقی نوێدا هەڵکشاوە، تۆ دیققەت بدە هەر لە سەرەتای پێکھێنانی عێراقەوە لە نێو سێ پاڵێوراودا کە ھەرسێکیان عێراقی بوون نەتوانرابێت پاشایەک دابنرێت و تا وای لێ بێت دەوڵەتی بەریتانیای ئەو سەردەمە پەنابەرێتە بەر بنەماڵەی شەریفی مەککە و مەلیک فەیسەڵ وەک کۆکەرەوەیەک لە دورگەی عەرەبییەوە بەقەرز بهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی عێراقێک کە ھیچ لایەکی بەویتر رازی نییە و کۆیناکاتەوە. (وەک ساڵانی ڕابردوو و کە قاسم سلێمانی و برێت مەکگۆرگ کۆی دەکردنەوە و بڕیاری بۆدەدان) لە نێوخۆی عێراقدا ئەوەی ھێزەکان کۆدەکاتەوە نەگۆڕ و بنەمایەکی ھاوبەش نییە، ھەرلایە و دەیەوێت ئەجێندایەکی ناوچە یان هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە سنوری قەڵەمڕەوەییەکەی خۆی پیادەبکات، ئەمەش مێژووی ھاوچەرخی ئەم وڵاتەی کردووەتە مەیدانی ناجێگیری و ئاڵوگۆڕی نەرێنی بەسەر نەتەوە جیاوازەکانیدا. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئەمڕۆی ئەم وڵاتە گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتای پێکھێنانی عێراقی هاوچەرخ (لەلایەن بەریتانیاوە) لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانی و لە سەر میراتی دەوڵەتە ھەڵوەشاوەکەی عوسمانی و رێک لە ساڵی ١٩٢٠دا، ھاوکارێکی باشە بۆ پەیبردن بە ناتەباییە کەڵەکەبووەکانی مێژووی سیاسی ئەم وڵاتە. عێراق تەنھا لە ساڵی ١٩٢٠ تا ١٩٣٠ کە ١٠ ساڵی یەکەمینی دانانی بەردی بناغەی ھاوچەرخێتیی بوو، بە ناجێگیری دەست پێدەکات، لەو ماوە کورتەدا ١٢ کابینەی وەزاری پێکھێنراوە و ھەڵوەشاوەتەوە، کە ھەریەک لە عەبدوڕەحمان نەقیب، عەبدولموحسین سەعدون، یاسین ھاشمی، جەعفەر عەسکەری، توفیق سویدی، ناجی سویدی و نوری سەعید پێکیان ھێناوە. چوار (٤) کابینەیان تەنھا لەلایەن عەبدولموحسین سەعدونەوە پێکھێنراون و بەھۆی نەیاری و ناجێگیری وڵاتەوە ھەڵوەشێنراونەتەوە، سەعدون لە کۆتاجاردا لە ساڵی ١٩٢٩ وەک گەشتنە نائومێدییەک بە ئایندەی خۆیی و وڵاتەکەی، بە دەمانچەکەی کەمەری خۆی دەکوژێت. لەبارەی خۆ کاندیدکردنیشەوە، وەنەبێت، دۆخەکە زۆر ساغڵەمتر بووبێت لە کابینە وەزارییەکان، لە ساڵانی چلەکاندا گەر یەکێک بیویستایە ببێتە پەرلەمانتار "نائیب"، ئەوە نەبوو بچێتە کێبەرکێی شەریفانە و بەدەستھێنانی دەنگی ھاوڵاتی، بەڵکو ئەوەندە بەس بوو کە لە نوری سەعید (جەمسەرێکی سیاسی) ئەو سەردەمەوە نزیک ببێتەوە، تا تەزکییەی چوونە پەرلەمانی بۆ بکات، گەر ئەویش بۆی نەکردایە، ئەوا (ھەر هەمان کەس) دەستبەجێ سیاسەت و ئەجێندای نوری سەعیدی جێدەھێشت (هی خۆی نا چونکە نەیبوو) و ڕووی لە ساڵح جەبر (جەمسەرێکی دیکەی سیاسیی سەردەم) دەکرد بۆ ئەوەی بیکاتە نائیب. ئایا ئەم دۆخە نائاشنایە بە کاندیدانی ئەم سەردەمە؟ کەمن ئەوانەی ئەم پەتپەتێنە بووەتە پیشەیان؟ هاوپەیمانێتیی دژەدەوڵەتی ڕاستە ھاوپەیمانێتیە پەرلەمانییەکان چ لە پێش و چ لەپاشی هەڵبژاردن، یارییەکی باشی سیاسیین و باشترن لە شەڕی نێوخۆ و ئەگەری باشیش بۆ مانەوەی حزبە بچووکەکان و کەسایەتی و پێکھاتەکانیش دەڕەخسێنێت (وەک ئەوەی لە ئیسرائیلدا ئەنجامدەدرێت). بەڵام لە عێراقی دوای ڕوخانی رژێمی بەعسدا ئەوەندەی ھاوپەیمانەکان کێشەبوون بۆ یەکتر و بۆ دەوڵەت و خەڵکیش، ئەوەندە نەیار و ئۆپۆزسیۆنەکان گرفت نەبوون بۆ حکومەتە نوێکان، بەنمونە تا ئەمڕۆش کێشە سەرەکییە ھەڵواسراوەکانی نێو هاوپەیمانێتی شیعەکان و نێوخۆی ماڵی کوردستانی تەگەرەبوون لەبەردەم ئەجێندای حکومەتەکانی هەرێم و بەغدا و سەرەکیترین ھۆکاری ناجێگیری هەرێم و عێراق بوون هێندە نەیارەکانی وەک هاشمی و عەلاوی و ڕەغەد و تشرینییەکان (بۆ بەغدا) و نەوەی نوێ(بۆ هەولێر) کێشە نەبوون. بۆیە ساڵانی ڕابردووی ھاوپەیمانێتی ناکۆکەکان لە ژێر پەردەی تەوافوقدا، عێراقی نەگەیاندبێـتە کەنارێک ئەوا لەمڕۆدا ئەگەری پەشێوی سیاسی زیاتر لە ئارادایە و لە دەرئەنجامی فشەڵی ھاوپەیمانێتییەکان و سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بێتە ئاراوە، کە دوور نییە ئاواتی خەڵک لەمیانەی نائومێدییەوە لە هاوپەیمانە هەلبژێردراوەکان، پشتکردن بێت لەهەڵبژاردن و ڕووکردنەوە بێت لە تاکڕەویی و وەهمی فریادڕەسی، وەک چۆن لە ١٩٥٨دا پاش ئەو ئەزموونە زۆرەی دەنگدان و هەڵبژاردنی سەردەمی پاشایەتی، خەڵک پشتی لە دەنگی خۆی کرد و ڕووی کردە دەستێکی ئاسنین و تفەنگێکی سوور. ناکۆکەکان لە عێراقی ئەمڕۆدا لە ڕوخساردا وادەردەکەون کە بوونەتە ھاوپەیمان و رێککەوتوون لەسەر بنەمایەکی ھاوبەشی عێراقی، بەڵام گەر لە پێکھاتە و کردارە پراکتیکییەکانی ئەم ھێزانە وردبینەوە، دەردەکەوێت کە نەھاوپەیمانێتی راستەقینە لە ئارادایە و نە ئەوانیش دەتوانن ئەجێندایەکی مرۆڤ-تەوەری و دیموکراسییانە بۆ ھەمووان پیادە بکەن.
شیكاری: درەو هاووڵاتیانی عێراق متمانەیان بە دام و دەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری نییە، لەم ڕووەوە عێراق لە ریزبەندی هەرە دواوەی وڵاتانی عەرەبییە، بەشی زۆری ئەو بێ متمانەییە کاریگەری دوو سەرەی هەیە لە سەر هەڵبژاردنەکان و جارێک لە مومارەسەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە بووە بە هۆی نائومێدی، جارێکیش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر بەشداری سیاسی و هەڵبژاردن، کە بەشی زۆری لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەڵبژاردن لە ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر و ئامندا بەڕێوەناچیت. لەم ڕاپۆرتەی (درەو)دا ئەو ڕاستییە بە ئامارو داتا دەسەلمێنین. ڕێ و شوێنە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردن کۆمەڵێک بنەماو شێوازی خۆی هەیە، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و بەپێی یاساکانی هەڵبژادن گۆڕانکاری دروست دەبێت. بەڵام کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پێوست هەیە، تا ڕادەیەکی زۆر هاوبەشەو دەکەونە چوارچێوەی هەنگاوو ڕێوشێنە تەکنیکییەکانەوە، بەڵام کاریگەری تەواویان بەسەر ئەنجامی هەرڵبژاردنەکانەوە دەبێت. ڕێوشێنە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردن، هەموو ئەو هەوڵ کارو بڕیارو یاسا و کارە ئیدارییانە دەگرێتەوە کە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ کاندیدان و دەنگدەران و پرۆسەی هەڵبژاردن بە گشتی، گرنگترین ئەو ڕێوشێنانەش؛ یەکەم: دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن؛ بریتییە لە دابەشکردنی جوگرافیای دەوڵەت بۆ چەند بازنەیەک کە تێیدا پاڵێوراوێک یان چەند پاڵێوراوێک تێیدا سەردەکەون، لە چەند وڵاتێکی کەمیشدا دەوڵەت تەنها لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت پاڵێورایش دەتوانێت لەسەر ئاستی دەوڵەت دەنگ کۆبکاتەوە، بەڵام ئەم جۆرە لە پەیڕەوکردنی یەک بازنەیی لە پاشەکشەدایەو کەمتر دیموکراتی ترەو زیاتر بۆ دەوڵەتە بچوکەکان گونجاوە، لە مێژوودا زۆرێک لە وڵاتانی دنیا پێشتر پەیڕەوییان لە یەک بازنەیی کردووە. ئەوانەشی کار بە فرە بازنەیی دەکەن دوو پێوەریان کردووە بە بنەما کە بە پێی دەستور یان یاسای هەڵبژاردن دیاری دەکەن، ئەوانیش؛ 1. لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوون. 2. لەسەر بنەمای سنوری جوگرافی. سەبارەت بە عێراقی نوێ (دوای ٢٠٠٣) پەیڕەوی لە هەردوو دابەشکارییەکە کردووە، واتە یەک بازنەیی و فرە بازنەیش کاری پێ کراوە، پشت بەست بە دەستور و یاسای هەڵبژاردن هەردوو بنەمای ژمارەی دانیشوان و دابەشکاری جوگرافی بازنەکانی هەڵبژاردنی دابەشکردووە (بڕوانە خشەی ١) دووەم: ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران؛ کاتێک باس لە هەڵبژاردنی گشتی دەکەین بەو مانایە نییە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانە بەشداری دەکەن کە بەپێی یاسای ئەو مافە بەدەست دەهێنن، لەسەر ئاستی جیهانیش کۆمەڵێک پێوەر دانراوە، وڵاتان بەپێی یاسای تایبەت خۆیانی لەگەڵ دەگونجێنن، کە پێوەرو مەرجەکانیش بریتین لە؛ 1. مەرجی ڕەگەزنامە؛ یەکێک لە مەرجەکانی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، پێویستە دەنگدەر هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەبێت کە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێت. 2. مەرجی ڕەگەز؛ ئەگەر چی لە ئێستادا کەمتر پەیڕەوی لەم مەرجە دەکرێت بەڵام تا ئەم دواییانەش لە هەندێک وڵاتدا مافی بەشداری لە دەنگدان تەنها بۆ ڕەگەزی نێر بوو. 3. مەرجی تەمەن؛ گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراوی تەمەن مەرجە بۆ ئەوانەی مافی بەشداریان هەیە لە دەنگداندا و زۆربەی وڵاتان تەمەنی نێوان (١٨) بۆ (٢٥)یان ساڵ دەستنیشان کردووە. 4. مەرجی شیاوی عەقڵی؛ عاقڵی بەو مانایە دێت کە دەنگدەر کەم ئەندامی عەقڵی نەبێت و توانای لێکجیاکردنەوەی شتەکانی هەبێت، خاوەن وشیاری بێت. 5. مەرجی شیاوی ئەدەبی؛ یەکێکی دیکەیە لەو مەرجانەی کە پێویستە لە دەنگدەردا هەبێت لە ڕووی یاساییەوە دادگا ئەو مافەی لێ وەرنەگرتبێتەوە کە زۆرجار لە کەیسەکانی (سزادراوان و مەحکوم بەتاوان، دەستپاکی، مەرجی شیاوی سیاسی) دادگاکان ئەو مافە لە هاووڵاتی وەردەگرنەوە. سەرباری ئەو مەرجە گشتییانە، دەبینین لە عێراقدا بەشێکی زۆری هاوڵاتی عێراقی لە ژمارەیان بە زیاتر لە (٥) ملیۆن کەسە و سەرجەم مەرجە گشتییەکانیان تێدایە، بەڵام کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕۆژی ٢٢ی ٣ی ٢٠٢١ بڕیاری بێبەش کردن، لە مافی دەنگدانی هاوڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتی دەرکرد، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە وا بڕیارە لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت. بۆیە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار (لە عێراقدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنە)، پێویستە ڕۆژی پێش دەستپێکردنی دەنگدان تۆمارێکی وردو ئاشکرا و ڕوون ئامادە بکەن، دوربێت لە (ناوی دووەبار، مردوو، هەڵە، ئەوانەی مافی بەشدارییان نیە) و تۆمارکردنی ناوی سەرجەم ئەوانەی ئەو مافەیان هەیە یان بەدەستیانهێناوە بەپێی دەستور و یاساو ڕێنماییەکانی تایبەت بە بەشداری لە هەڵبژاردن. سێیەم: گرنتی ئاسایش و سەلامەتی هەڵبژاردن؛ یەکێک لە گرنگترین پڕ بایەخترین ڕێو شوێنە تەکنیکییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە دەستپێکردنی پرۆسەکەوە دەستپێدەکات کە بە قۆناغەکانی (تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران، پاڵێوراوان، بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕۆژی دەنگدان، جیاکردنەوەی دەنگەکان، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، تانەو سکاڵاکان، ئەنجامی کۆتایی) دەڕوات، چونکە پاراستنی ئەو ڕێوشوێنانە مەرجە بۆ ڕادەی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی پرۆسەکە بەشێوەیەکی تەندروست و ڕاستەقینە، بەشێکی گەورەی پرۆسەکەش لە ڕووی پاراستنەوە لەم مەرجانەی خوارەوە بەرجەستە دەبن؛ 1. نهێنی دەنگدان؛ نهێنی بوون یەکێکە لە گرنتییە گەورەکانی پاراستنی ئازادی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی پاڵیورادا، نابێت لە ژێر هیچ فشارێکدا دەنگدەر دەنگەکەی پێ ئاشکرا بکرێت، یان ناچاربکرێت لە دەرەوەی خواستی خۆی دەنگ بە پاڵێوراو یان لایەنێکی سیاسی بدات، چونکە دەنگدانی ئاشکرا کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئاراستەی دەنگدەر دروست دەکات جا بە هەر بیانویەک بێت، ئەمە ڕێگەپێدراو نیە، چونکە کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەکە دەبێت و لە چواچێوەی دیموکراتی و ئازدی مافە بنەڕەتییەکان دەچێتە دەرەوە. 2. یەکسانی نێوان دەنگدەران و پاڵێوراوان؛ هەڵبژاردن لەخۆیدا ئامرازێکە بۆ ململانێی شەریفانە و ڕەوایە بۆ هەڵبژاردنی باشترین کەسانێک کە نوێنەرایەتی گەل بکات، بۆیە مەرجە یەکسانی لەنێوان دەنگدەران بکرێت و بەپێی یاساو ڕێسا هەل و دەرفەتی یەکسانیان بۆ بڕەخسێنرێت لە بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا. هەمان شت بۆ پاڵێوراوانیش ڕاستە، پاراستنی یەکسانی نێوان پاڵێوراوانیش ڕەخساندنی دەرکەوتنی گونجاو لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەمان قەبارە گرنگە، پێویستە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری نەکرێت بە بیانوی سیاسی یان پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و جیاکاری ڕەگەزی و نەتەوەیی یان هەر هۆکارێکی دیکە کە ببێتە هۆی جیاوازیکردن لە نێوان پاڵێوراواندا. پاراستنی یەکسانی و دادپەروەری لە دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنیش یەکێکە دیکەیە لەو ڕێوشێنە پڕبایەخانەی پێویستە ڕەچاو بکرێت، جا سنوری جوگرافی بێت یان ژمارەی دانیشتوان. ئەمە جگە لەوەی پێویستە ڕێگری بکرێت لەوەی کە هێزێکی سیاسی یان لایەنێک یان کەسێک بە قازانجی خۆی هێڵەکانی جیاکردنەوەی بازنەکان بکێشت و ڕێگری لە پەرتبوونی دەنگەکانی خۆی بکات. ئەمەی دواییان لە عێراقدا قسەی لەسەرەو هەندێک لە چاودێران پێیان وایە چەند حیزبێکی سیاسی بە قازانجی خۆیان کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان داناوە. 3. ڕێگریکردن لە فشارهێنان بۆ سەر دەنگدەر و پاڵێوراو؛ بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەندێ ڕێوشوێنی نایاسایی و دوور لە ئادابی گشتی، جا بەشێوەی فشاربێت یان ترساندن و خەڵتاندن و زۆرلێکردن وا لە دەنگدەران دەکەن ئاراستەی هەڵوێستیان بگۆڕن بە قازانجی خۆیان یان پاڵێوراوێکیان، ئەم هەوڵانە لە دەرەوەی چوارچێوەوەی دیموکراتی و بنەما گشتییەکانی هەڵبژاردنن و بە شێوەیەکی گشتی ئەمن و سەلامەتی هەڵبژاردن دەخەنە ژێر پرسیارەو کاریگەری گەورەی نەرێنی بە جێ دەهێڵن لە سەر پاکێتی و نەزاهەتی کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە. 4. دورخستنەوەی سوپا لە دەستێوەردان؛ جگە لەوەی لە پێویستە سوپا دەستوەرنەداتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و ئەرکی پارێزگاری کردن بێت لە پاراستن و سەلامەتی گشتی، هەندێ وڵات لە سەردەمانێکدا زیاتر لەوە ڕۆشتوون و هێزە چەکدارەکان و سوپایان بێ بەش کردووە لە بەشداری سیاسی و پرۆسەی دەنگدان، لەسەر ئەو بنەمایەی سوپا ئەرکی پاراستنی گشتی و دەرەکییەو پێویستە بێ لایەن بێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنیدا. بەڵام لە عێراقدا میلیشیاو هێزە چەکدارەکان ڕۆڵی گەورە دەگێڕن لە بەلاداخستنی بەشێکی پرۆسەی دەنگدان و پاڵپشتی کردنی هێز و حیزب و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان. 5. ڕێگری لە تەزویر و ساختەکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان؛ پرسی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا دیاردەیەکی بەربڵاوەوە، بە دەیان شێوە و ئامرازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت، وەکو، دەنگدانی زیاتر لە جارێک و یاخود دەنگدان لە بری کەسانی دیکەو بەکارهێنانی ناوی وەهمی و دەستکاری سندوق و کەل و پەلەکانی هەڵبژاردن و بەکارهێنانی کارت و ناسنامەی ساختەو یاریکردن بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ... چەندین کاری دیکەی ناڕەوا کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ئاسایش و ڕادەی شەفافییەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان، دواجاریش ڕوخاندنی پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوە گشتی و هەڵبژێردراوەکان و دامودەزگا فەرمییەکان و لاوازبوون و لەدەستدانی متمانە بە هەڵبژاردن و بەشداری سیاسی. ئەم دیاردەیەش لە عێراقدا، هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕوی لە هەڵکشانە، متمانەی هاوڵاتیانیش ڕووی لە لێژبوونەوە کردووە. ئامارو ڕاپرسییەکان وەک بڕیارە ڕۆژی 10ی10ی2021 هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام مەرجەکانی ئاسایش و سەلامەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە عێراقدا لە بەرژەوەندی پرۆسەی دیموکراسی ڕاستەقینە نییەو هاووڵاتیانی عێراقی تادێت متمانەیان لاواز دەبێت بە دام و دەزگاکانی دەوڵەت، بەپێی ڕاپۆرتێکی سایتی بارۆمەتری عەرەبی (البارومیتر العربی) عێراق لە هەرە دواوەی وڵاتە عەرەبییەکانە، لە ڕووی متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوەو دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری (بڕوانە چارتی 1-2-3) چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان لە عێراقدا ڕووی لە پاشەکشەیە، جگە لەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی عێراقی پێیان وایە هەڵبژاردن لە کەشێکی سەلامەت و سەقامگیردا بەڕێوە ناچێت، بەشێکیشیان گەیشتوون بەو بڕوایەی سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێک لە دەموچاوەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە (بڕوانە چارتی ژمارە (٤))، ئەمەش وایکردووە پێیان وابێت، پێشوەخت ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی هێزە سیاسییە گەورەکان یەکلا دەکرێتەوەو بەشداری کردن لە هەڵبژاردن شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت. چارتی ژمارە (4) بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان، کە لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەشداری (١٧٧٠) کەس لە سەرجەم چین و توێژ و ئاستە جیاوازەکانی تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەو شێوازی گوزەران و پلەی خوێندەواری ئەنجامی داوە، دەیان پرسیاری جۆراو جۆریان لە بارەی هەڵبژاردنەوە ئارستە کراوە، گرنگترینی ئەوانە؛ 1. ئایا باوەڕت وایە هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگە بۆ باشتر بوون و گەشەسەندنی وڵات؛ (بڕوانە چارتی ژمارە (٥)) چارتی ژمارە (٥) 2. ئایا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەکەیت؟(بڕوانە چارتی ژمارە (٦)) چارتی ژمارە (٦) 3. لە پرسیاری ئەوەی؛ بۆچی بەشداری هەڵبژاردن ناکەیت؟ (٦٨٥) کەس وەڵامی جیاوازیان هەیە (بڕوانە چارتی ژمارە (٧)) چارتی ژمارە (٧) سەرچاوەکان د. نعمان احمد الخطیب، الوجیز في النظم السیاسیة، دار الثقافة للنشر والتوزیع، الطبعة الثاني، ٢٠١١. د. عبد الوهاب الكيالي، الثقة في الحكومات في العالم العربي ومخاطر التعميم، البارومیتر العربي، علی الموقع؛ https://www.arabbarometer.org/ar/2020/06/%d8%a7%d9%84%d8%ab%d9%82%d8%a9-%d9%81%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%ad%d9%83%d9%88%d9%85%d8%a7%d8%aa-%d9%81%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%a7%d9%84%d9%85-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%b1%d8%a8%d9%8a-%d9%88%d9%85%d8%ae/ تطلعات الناخبين العراقيين في الانتخابات النيابية 2021)استطلاع رأي(، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6757/ زهراء كاظم الصدر، الأمن الانتخابي، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6901/ علي عدنان، هل تنجح الانتخابات العراقية المقبلة في ترميم ثقة المواطن بالنظام السياسي؟ علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2021/04/048uyg42.pdf شيماء الكيالي، معالجة العزوف عن المشاركة في الانتخابات العراقية، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6912/
درەو: بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە پارێزگای كەركوك توركمان بەیەك هاوپەیمانێتیو عەرەبەكان بەدوو هاوپەیمانێتی بەشداری دەكەنو محەمەد حەلبوسی و راكان جبوری سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتیەكان دەكەن، كوردیش بە پەرتەوازەیی و لیستی جیا بەشداری دەكات. پارێزگای كەركوك لە پەرلەمانی عێراق (12 )كورسی هەیەو بۆ ئەم هەڵبژاردنە كورسیەكانی بەسەر (3) بازنەدا دابەشكراون، كورد تەركیزی تەواوەتی لەسەر بازنەی (1) كە (5) كورسی هەیەو بازنەی (2) كە ( 4) كورسی هەیە توركمان چاوی لەسەریەتی و عەرەبیش چاوی لەسەر باونەی (3) یە كە (3) كورسی هەیە پێكهاتەی عەرەب عەرەبە سوننەكان لە كەركوك لە خولەكانی رابردوودا (2) كورسیی پەرلەمانی عێراقیان لە كەركوك بەدەستهێناوە بۆ ئەمجارە زۆرینەن هاوپەیمانێتییەكان بۆ پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی راكان جبوری پارێزگاری ئێستای كەركوك بە وەكالەت پێكهێناوە بە ناوی "هاوپەیمانێتی عەرەبی لە كەركوك" و پێكدێت لەم لایەنانە: * پرۆژەی عەرەبی لە كەركوك: بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر * حزبی حەل: بەسەرۆكایەتی جەمال كەربولی *بەرەی عێراقی بۆ دیالۆگی نیشتمانی: بەسەرۆكایەتی ساڵح موتڵەگ * للعراق متحدون: بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجەیفی * حزبی حەقی نیشتمانی: بەسەرۆكایەتی ئەحمەد عەبد حەمادی * گردبوونەوەی كۆماری عێراقی: بەسەرۆكایەتی محەمەد هادی عەبدولڕەحیم * گردبوونەوەی مەدەنی بۆ چاكسازی: بەسەرۆكایەتی سەلیم جبوری * حزبی حیوارو تەغیر: بەسەرۆكایەتی حامد موتڵەگ كەركوكو پێكهاتەی توركمان لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا توركمانەكانی كەركوك دوو كورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە كە سەربە بەرەی توركمانین, بۆ هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بەرەی توركمانی چوەتە ناو هاوپەیمانێتییەكی عەرەبە سوننەكانەوە كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئێستای پەرلەمانی عێراق سەرۆكایەتی دەكات بەناوی " هاوپەیمانێتی پێشكەوتنی نیشتمانی"و لەم لایانانەی خوارەوە پێكدێن: * حزبی پێشكەوتن: بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی * تجمع التعاون : بەسەرۆكایەتی عەلی فەرحان حەمید * الخیار العربی: بەسەرۆكایەتی عەبدولكەریم عەلی عەبتان جبوری * حزبی حەقی نیشتمانی: بەسەرۆكایەتی ئەحمەد مەساری * بەرەی توركمانی: بەسەرۆكایەتی حەسەن تۆران * گردبونەوەی " نهچە جبل" بەسەرۆكایەتی ئەكرەم عەساف پێكهاتەی كورد لایەنە كوردیەكان لە پارێزگای كەركوك بەجیا دەچنە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوەو لەسەر هاوپەیمانێتی رێكنەكەوتن. یەكێتی نیشتمانی كوردستان: لە هەڵبژاردنی رابردودا (6) كورسی لە پارێزگای كەركوك هەبوو بۆ هەڵبژاردنی داهانوو چەند كاندیدێكی بە ناڕەسمی دیاری كردووە لەوانە : ئاڵا تاڵەبانی، د. شیلان، د. بورهان پارتی دیموكرانی كوردستان: لە هەڵبژاردنی رابردوو بەشداری نەكرد بۆ هەڵبژاردنی رابردوو ناوی كاندیدەكانی بەرەسمی راگەیاندووە لە بازنەی (1) شاخەوان عەبدوڵا لە بازنەی (2) نەجوا كاكەیی. نەوەی نوێ: مەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی رابردوو لە كەركوك (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێناوە، تا ئێستا بەرەسمی ناوی هیچ كاندیدێكی رانەگەیاندووە، بەڵام لەناو جولانەوەی نەوەی نوێوە ناوی ( ئومێد محەمەد) دێت وەك كاندیدی نەوەی نوێ بزوتنەوەی گۆڕان: بزوتنەوەی گۆڕان لە پارێزگای كەركوك یەك كاندیدی دەبێت هێشتا بەرەسمی ناوی ئەو كاندیدەی رانەگەیاندووە بەڵام سەرچاوەیەك لەناو بزوتنەوەی گۆڕانەوە بە (درەو)ی راگەیاند تا ئێستا دوو كەس ناویان هاتووە ( وریا ناوێك + د. محەمەد شوانی) هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كاندیدیان لە پارێزگای كەركوك نابێت. بزوتنەوەی ئیسلامی لە بازنەی دوو ( حسێن شێخانی) كاندید كردووە حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان: ( رێباز محەمەد) بۆ بازنەی (1) هەژار كاكەیی بۆ بازنەی (2) كاندید كردووە، لە هەڵبژاردنی رابردودا حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێناوە حزبی زەحمەتكێشان لە پارێزگای كەركوك ( شوان محەمەد ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان هاوپەیمانی نیشتمانی: مامۆستا سەلامی كاندید كردووە.
درەو: كۆمەڵی دادگەری كوردستان ناوی پێنج كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی رادەستی كۆمسیۆن كرد، دوو كاندید لە هەولێر و سێ كاندید لە سلێمانی و راپەرێن و هەڵەبجە. میدیای فەرمی كۆمەڵی دادگەری بڵاوی كردەوە، كە كۆمەڵی دادگەری بە سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكات و ناوی كاندیدەكانی رادەستی كۆمسیۆن كردووە. كاندیدەكانی كۆمەڵی دادگەری لە پارێزگای سلێمانی: • مرواری محەمەد عەلی لەباشوری سلێمانی و قەرەداغ، كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 13 هەزارو 509) دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە • ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە بازنەی هەڵەبجە (هەڵەبجەو شارەزوور و سەیدسادق و پێنجوێن) كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 15 هەزارو 946) دەنگی بەدەستهێناوە • سۆران عومەر لە بازنەی راپەڕین (ڕانیە و پشدەر و دوكان) كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 20 هەزارو 893) دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە لە پارێزگای هەولێر كە ( 14) كورسی هەیەو لە (4) بازنەدا: • عەبدولستار مەجید لە بازنەی ڕۆژهەڵاتی هەولێر ، كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 18 هەزارو 17) دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە • قومریە شێخ محەمەد لە بازنەی ڕۆژئاوای هەولێر، لە بازنەی رۆژئاوا هەولێر كۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی رابردوو ( 8 هەزارو 134) دەنگی لەم بازنەیە بەدەستهێناوە. لە پارێزگای دهۆك و كەركوك كۆمەڵی دادگەری هیچ كاندیدێكی نابێت. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە پارێزگای هەڵەبجەو كەركوك جۆرو رێككەوتن و هەماهەنگیەكی هەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.
(درەو): كۆمەڵی دادگەریی و یەكگرتووی ئیسلامی بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی دەچنە هەڵبژاردنەوە. کرۆکی رێککەوتنەکەی کۆمەڵ و یەکگرتوو لەگەڵ یەکێتی هەماهەنگیکردنە لەسەر ئاستی بازنەکانی هەڵبژاردن و بەمشێوەیە: 🔹(2) كورسی بۆ كۆمەڵ لە سلێمانی 🔹(2) كورسی بۆ یەكگرتوو لە سلێمانی و دهۆك. لە چەند رۆژی رابردوودا یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق چوونە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی. رێککەوتنی کۆمەڵ و یەکێتی بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە کراوەو کرۆکەکەی دەست (درەو) کەوتووە، کۆمەڵ و یەکێتی بەمشێوەیە لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن رێککەوتوون: پارێزگای سلێمانی پارێزگای سلێمانی (18) كورسی بۆ دیاریكراوە كە بەسەر (5) بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بووە. • كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە هەڵبژاردنی 2018ی عێراقدا لە پارێزگای سلێمانی (51 هەزارو 563) دەنگی بەدەستهێناوە. • كۆمەڵ دوو كاندیدی لە دوو بازنەی پارێزگای سلێمانی دەبێت و بازنەكانی تر جێ دەهێڵێت بۆ یەكێتی. • لە بازنەی هەڵەبجە: (ئەحمەد حاجی رەشید) كاندیدی کۆمەڵە، لەم بازنەیەدا كۆمەڵ لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا (15 هەزارو 946) دەنگی هەبووە. • لە بازنەی راپەڕین: (سۆران عومەر) كاندیدی کۆمەڵە، لەم بازنەیە لە هەڵبپاردن رابردوودا كۆمەڵ (20 هەزارو 893) دەنگی هەبووە. پارێزگای هەولێر: لە هەولێر (عەبدولستار مەجید) كاندیدی کۆمەڵە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا كۆمەڵ لەم پاێزگایەدا (36 هەزارو 784) دەنگی بەدەستهێناوە. رێککەوتنی یەکگرتوو لەگەڵ یەکێتی بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەسەر ئاستی بازنەکان لەنێوان یەکگرتوو و یەکێتیدا کراوە: • یەكگرتوو لە پارێزگای سلێمانی (30 هەزارو 19) دەنگی هەیە. • یەكگرتوو لە بازنەی هەڵەبجە: (موسەننا ئەمین)ی كاندید كردووە، لەم بازنەیە یەكگرتوو ( 14 هەزارو 541) دەنگی بەدەستهێناوە. • یەكگرتوو تەواوی بازنەكانی تر بە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی، بۆ یەکێتی بجێدەهێڵیت. • لە پارێزگای دهۆك یەكگرتوو: (جەمال كۆچەر) كاندید دەكات. • لە پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی رابردوودا یەكگرتوو (43 هەزارو 525) دەنگی هەبووە. • یەكگرتوو كۆمەڵ لە پارێزگای كەركوك كاندیدیان نابێت و لەچوار چێوەی ئەو رێككەوتنە بازنەی دەنگدانیان بۆ یەكێتی جێدەهێڵن. • لە پارێزگای هەولێریش یەكگرتوو كاندیدی نابێت و كۆمەڵیش تەنیا لە یەك بازنە كاندیدی دەبێـت.
(درەو): لەكۆی (15) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوای كوردستانی، (6) كەسیان بەنیازن جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، سیانیان بەناوی سەربەخۆو سیانی تریان بەناوی حزبەكانیان دەچنە ناو هەڵبژاردنەوە. مانگی یەكی ئەمساڵ، (15) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانێتییەكی نوێیان بەناوی هاوپەیمانێتی (هیوای كوردستانی)ی راگەیاند. ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتییە بریتی بوون لە: ٭ پێنج پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان (یوسف محەمەد- هۆشیار عەبدوڵا- كاوە محەمەد- غالب محەمەد- بەهار مەحمود). ٭ دوو پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی (ئەحمەد حاجی رەشید، سەلیم شوشكەیی). ٭ دوو پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی (موسەننا ئەمین، جەمال كۆچەر). ٭ چوار پەرلەمانتاری جیابووەوە لە نەوەی نوێ (سەركەوت شەمس، رابون مەعروف، سروە ونس، یوسرا رەجەب) ٭ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (رێبوار كەریم، عەبدولباری مەجید) ئەم هاوپەیمانێتییە لەكاتی پەسەندكردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا هەندێك سەرئێشەی بۆ پارتیو وەفدی حكومەتی هەرێم لە بەغداد دروستكرد، بڕیاربوو ئەندامانی ئەم هاوپەیمانێتییە پێكەوە بمێننەوەو بەناوی هەمان هاوپەیمانێتییەوە بچنە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە، بەڵام ئەمە روینەداو ئێستا هاوپەیمانێتییەكە لەبەریەك هەڵوەشاوە. پێنج پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، تەنیا یەك كەسیان كە (غالب محەمەد)ە دەیەوێت بەشێوەی سەربەخۆو لە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناوچەی گەرمیان خۆی كاندید بكات،كە بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدی تایبەتی خۆی هەیە بەناوی ( هۆشیار عومەر)، چوار پەرلەمانتارەكەی تر، سەرباری ناكۆكییەكانیان لەگەڵ بزوتنەوەكەیان، هەندێكیان ئێستا جارێكی تر چونەتەوە ناو گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حزبەكەیانو بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەرپرسانی گۆڕان داوایان لێكردون جارێكی تر خۆیان كاندید بكەنەوە، بەڵام ئەوان رەتیان كردەوەتەوە، هەندێك لەمانە چاویان لەوەیە، لە پەیكەری نوێی رێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕاندا پێگەی گرنگ لەناو بزوتنەوەكەدا بگرن، هەندێكی تریان بیر لە دروستكردنەوەی میدیایەكی تایبەت بەخۆیان دەكەنەوە. لەناو ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە نەوەی نوێ جیابونەوە، تەنیا (سەركەوت شەمس) بەنیازی خۆكاندیكردنەوەیەو دەیەوێت لەسەر یەكێك لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی خۆی كاندید بكاتەوە. دوو پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی (كۆمەڵی دادگەریی)، یەكێكیان جارێكی تر خۆی كاندید دەكاتەوە، بەڵام لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەریی نەك هاوپەیمانی هیوا، ئەویش (ئەحمەد حاجی رەشید)ە كە لەسەر بازنەی هەڵەبجە كاندید دەبێت. دوو پەرلەمانتارە سەربەخۆكە (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی دیموكراسیو دادپەروەری بەرهەم ساڵح سەركەوتن بۆ پەرلەمان) تەنیا یەك كەسیان بەنیازە بەشێوەی سەربەخۆ خۆی كاندید بكاتەوە كە ئەویش (رێبوار كەریم مەحمود)ەو بەنیازە لەسەر یەكێك لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی خۆی كاندید بكاتەوە. دوو پەرلەمانتاری یەكگرتوو (موسەننا ئەمینو جەمال كۆچەر) خۆیان كاندید دەكەنەوە، موسەننا ئەمین لەسەر بازنەی هەڵەبجەو جەمال كۆچەریش لە بازنەی دهۆك. ئەوانەی كە خۆیان كاندید دەكەنەوە، سیانیان هیچ چوارچێوەیەكی حزبییان نییەو بەناوی هاوپەیمانی هیواوە بانگەشە دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (غالب محەمەد، سەركەوت شەمس، رێبوار كەریم)، سیانی تریان بەناوی حزبەكانی خۆیانەوە بانگەشە دەكات كە بریتین لە (ئەحمەد حاجی رەشید، موسەننا ئەمین، جەمال كۆچەر).
(درەو): بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ پارێزگاكەی هەرێمو كەركوك، شەش كاندیدی دەبێت، ئەمە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكدایە كە لەگەڵ یەكێتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كردویەتیو ئێستا رێككەوتنەكە چاوەڕێی ئیمزاكردنە. چاوەڕوانی ئیمزاكردنە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەدەچێت، دوای چەند مانگێك گفتوگۆ دور لە چاوی میدیاكان، دواجار بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی گەیشتنە رێككەوتن لەسەرئەوەی پێكەوە بچنە ناو هەڵبژاردنەكەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، رێككەوتنی نێوان یەكێتیو گۆڕان كۆتایی هاتووەو ئێستا تەنیا ئیمزاكردنی ماوە. (درەو) زانیویەتی، تەنیا دوێنێ، چەند جارێك بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی چوونەتە گردی زەرگەتە، مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانیو لەگەڵ رێكخەری گشتیو ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كۆبونەتەوە. ئەمە دواین گەڕی كۆبونەوەكانی نێوان یەكێتیو گۆڕان بوو، چونكە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو دواین وادەیە بۆ رادەستكردنی ناوی كاندیدو هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق. كاندیدەكانی گۆڕان بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی ئامادەكردنی ناوی كاندیدەكانیەتیو لیستی كۆتایی تائێستا پەسەند نەكراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتیدا كردویەتی، گۆڕان (6) كاندیدی دەبێت، تا ساتی نوسینی ئەم هەواڵە، كاندیدەكانی گۆڕان بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن ئەمانەن: * لە بازنەكانی ناو شاری سلێمانی گۆڕان ئەمانەی كاندیدكردووە: - شوناس شێركۆ جدی - د. رێزان ئەحمەد هەردی - بەرزان شێخ محەمەد * لە بازنەی ناوچەی گەرمیان، گۆڕان (هۆشیار عومەر عەلی) كاندیدكردووە، لە بازنەی گەرمیان غالب محەمەد بە سەربەخۆ كاندیدە. * لە بازنەی دەڤەری راپەڕین، چەند كەسێك لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان كاندیدكردووە، كە ئەمانەن: - عەلی قادر - رەسوڵ بچكۆل - هێرش عەبدلڕەحمان (لە ئەمریكا نیشتەجێیە) - بەكر بایز لەم بازنەیە، (بەكر بایز) چانسی ئەوەی هەیە ببێت بەكاندیدی بزوتنەوەكەی. لە هەولێر ( برزۆ مەجید ) ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان كاندیدە • بزوتنەوەی گۆڕان لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە هیچ كاندیدێكی نابێت، چونكە یەكێتیو كۆمەڵو یەكگرتوو لەسەر كورسییەكانی ئەو ناوچەیە رێككەوتنیان كردووە. • بۆ پارێزگای كەركوك بزوتنەوەی گۆڕان تەنها بە یەك كاندید بەشداری دەكات كە ئەویش (وریا )ناوێكە. هەڵوێستی پارتی ! پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوپەیمانێتیكردنی یەكێتیو گۆڕان توڕەو نیگەرانە، هەڕەشەی كۆتاییهێنانی بە پەیوەندییەكانی كردووە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی گۆڕان بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی كردووەو لە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی گۆڕانو یەكێتی ئاگاداریكردوەتەوەو رایگەیاندووە:" رێككەوتنەكەیان بۆ دژایەتیكردنی پارتی نیە". پاش ماوەیەك فازل میرانی وەڵامو هەڵوێستی پارتی بە رێكخەری گشتی گۆڕان راگەیاندووەو جەختیكردوەتەوە:" پارتی توڕەو نیگەرانە لەو رێككەوتنە"و هەڕەشەی ئەوەشی كردووە، پارتی كۆتایی بە هەموو پەیوەندییەكانی دەهێنێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا. پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمو دەیەوێت ئەم رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕاندا گشتگیر بكات، بەڵام گۆڕان جەختدەكاتەوە كە ئەو رێككەوتنە تەنها تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتو پەیوەندی نیە بە پرسی هەڵبژاردنەكانەوە.
(درەو): زاگرۆس هیوا بەرپرسی راگەیاندنی كۆما جڤاكین كوردستان (كەجەكە)، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (Morning Star) رایگەیاند، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا توركیا سێجار چەكی كیمیاویی لەناوچەی ئامێدی دژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەكارهێناوە. زاگرۆس هیوا دەڵێ:" توركیا كیمیاوی دژی ئەو تونێلانە بەكارهێناوە كە گەریلا بەكاریان دەهێنێت لە گردی مامریشۆ لەسەر رووباری باسیان و گردی مارفانۆس لە سەر روباری ئافشین". بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان، كارەبای نزیكەی 76 گوندی ناوچەی ئامێدی بچڕاوەو زیان لە داستانو سەوزایی ناوچەكە گەیشتووە. بەگوێرەی قسەی وتەبێژی كەجەكە، لەدوای ئەو هێرشانەی كە لە 24ی ئەم مانگەوە توركیا دەستیپێكردووە، لانی كەم 38 سەربازی سوپای توركیا كوژراون. وتەبێژی كەجەكە باس لەوەدەكات، هێرشە نوێیەكانی توركیا هاوكاتە لەگەڵ یادی 106 ساڵەی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان لەسەر دەستی عوسمانییەكانو ئەم كاتەش لەلایەن توركیاوە بەشێوەیەكی ئەنقەست دیاریكراوە، تاوەكو ئەو پەیامە بەكورد بگەیەننو پێمان بڵێن:" دەتانكوژین هەروەكو چۆن لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا ئەرمەنەكانمان كوشت، ئێستا ئیتر نۆرەی ئێوەیە". بەكارهێنانی چەكی كیمیاویی لەلایەن توركیاوە دژی كورد نوێ نییە، لە سییەكانی سەدەی رابردوودا، سەبیحە كۆكجن كچە تەبەنیكراوەكەی مستەفا كەمال ئەتاتورك سەرۆكی پێشووی توركیا، لە دێرسیم كیمیاوی دژی كورد بەكارهێنا، شوباتی 2018 لەكاتی هێرشەكانیدا بۆسەر عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان، توركیا غازی كلۆری بەكارهێنا، لە ئۆكتۆبەری 2019دا جارێكی تر توركیا تۆمەتبار كرا بە بەكارهێنانی غازی فسفۆڕ دژی كورد لە ناوچەی سەرێ كانێ لە رۆژئاوای كوردستان.
درەو: كورد بەجیا دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنی كەركوكەوە، یەكێتی و پارتی و نەوەی نوێ و سۆسیالیست و بزوتنەوەی ئیسلامی و زەحمەتكێشان بە جیا كاندیدی خۆیان یەكلاكردووەتەوەو یەكگرتوو و كۆمەڵ، لە گەڵ یەكێتی رێككەوتوون و كاندیدیان لە كەركوك نابێت، بەشێك لە كاندیدی حزبەكان یەكلاكراونەتەوەو پێش وادەی كۆتایی ناو تۆماركردن كاندیدەكانیان پێشكەش دەكەن كۆبونەوەی رێكنەكەوتن ئەمڕۆ نوێنەری لایەنە كوردیەكان لە مەڵبەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك كۆبونەوە، پرسی پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق گفتوگۆی لەسەر كراوە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەدا هەریەك لە ( یەكگرتووی ئیسلامی، كۆمەڵی دادگەری) رایانگەیاندووە كە ئەوان كاندیدیان نابێت لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، كۆمەڵ و یەكگرتوو جۆرێك لە تەنسیق و رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی هەیە لە پارێزگاكانی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای كەركوك كە خاوەنی (12) كورسی پەرلەمانە، دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەكانی هەڵبژاردن دوو جۆر ململانێی دروستكردووە، ململانێیەك لەنێوان پێكهاتەكانو ململانێیەك لەناو هەر پێكهاتەیەكدا، لایەنە كوردیەكان چاویان لە كۆی كورسیەكانی بازنەی (1)ی كەركوك كە (5) كورسی لەو بازنەیەدا هەیەو بازنەی (2) كە چوار كورسی هەیە، كورد چاوی لە (2) كورسی ئەو بازنەیەشە، بەڵام كورد بە كاندید و لیستی جیا بەشداری دەكات لەو بازنانەدا. كاندیدەكانی یەكێتی لە كەركوك یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوو لە پارێزگای كەركوك (6) كورسی بەدەستهێناو (177 هەزارو 920) دەنگی هەبوو لە ئێستاداد ەیەوێت پارێزگاری لە دەنگو كورسیەكانی بكات زۆرترین تەركیزی لەسەر دوو بازنەیە بازنەی (1 ) كە (5) كورسیەو بازنەی (2) كە (4) كورسیە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) یەكێتی لە پارێزگای كەركوك بە ڵێنیداوە پەرلەمانتارانی كاندید نەكاتەوە جگە لە ئاڵا تاڵەبانی. تا ئێستا ناوی بە شێك لە كاندیدەكانی یەكێتی لە كەركوك: لە بازنەی (1) • ئاڵا تاڵەبانی • د. شیلان هاوسەری ستران عەبدوڵا • شێخ حەسیب • د. بورهان • هۆشمەند لە بازنەی (2) یەكێتی پشتیوانی لە بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكان و كاندی كاكەییەكان دەكات. پارتی لە كەركوك لە هەڵبژاردنی پێشوودا پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری نەكردوو بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بكات. لە بازنەی (1) • شاخەوان عەبدوڵا ( بەڵام بەهۆی ئەوەی چاوی لەوەیە بكرێتە جێگری وەزیری ناوخۆی عێراق بۆیە پێدەچێت بكشێتەوە) • شێرزاد رەشید بەرێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك • لیوا ئەحمەد سابیر لیوای خانەنشین • د. درەخشان نەوەی نوێ: لە پارێزگای كەركوك جولانەوەی نەوەی نوێ بە لیستی جیا بەشداری دەكات و لە بازنەی (1) كاندیدی هەیە. لە هەڵبژاردنی رابردوودا جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێناوە كاكەییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاكەییەكان شەش كاندیدیان هەیە بە تایبەت بۆ بازنەی (2) كە قەزای داقوق و ناوچەكانی دەورەبەرێتی و زۆرترین ژمانرەی دانیشتوانی كاكەیی تێدا نیشتەجێیە. لە بزوتنەوەی گۆڕانیش ناوی دوو كەسێك دەهێنرێت ( وریا ناوێك + د. محەمەد ) كو لە كەركوك گۆڕأن یەك كاندیدی دەبێت بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە شاری كەركوك بە كاندیدی سەربەخۆ بەشداری دەكات : - لە بازنەی دوو ( حسێن شێخانی) كاندیدی بزوتنەوەی ئیسلامیە حزبی سۆسیالیست: حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە لیستی جیا لە كەركوك بەشداری دەكات بۆ هەر دوو بارزنەی ( 1 + 2) دوو كاندیدی هەیە. لە هەڵبژاردنی رابردودا حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێناوە هاوپەیمانی نیشتمانی لە شاری كەركوك كاندیدێكی بەناوی مامۆستا سەلام هەیە. كەركوك لەدواین هەڵبژاردندا لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە 12ی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد، بەبێ پارتی ئەنجامی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بوو: لە كۆی (12) كورسیو ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر: * یەكێتی نیشتیمانی: (6) كورسیو ( 177 هەزارو 920) دەنگی بەدەستهێنا * هاوپەیمانی عەرەبی: (3) كورسیو (86 هەزارو 452) دەنگی بەدەستهێنا * بەرەی توركمانی: (3) كورسیو (82 هەزارو 33) دەنگی بەدەستهێنا * لیستی نیشتیمانی كە پێكهاتبوو لە (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەریی، كۆمەڵی ئیسلامی): (14 هەزارو 914) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە * جوڵانەوەی نەوەی نوێ: (13 هەزارو 665) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە * حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان: (7 هەزارو 509) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە * یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان: (4 هەزارو 784) دەنگی بەدەستهێناو هیچ كورسییەكی نەبردەوە بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، كەركوك دابەشكراوە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا بەمشێوەیە: بازنەی یەكەم: رۆژهەڵاتی قەزای ناوەندی كەركوك ئەمە گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوك، لەكۆی (12) كورسی پارێزگاكە، (5) كورسی پەرلەمانی داهاتووی عێراق لەم بازنەیەدا یەكلادەبێتەوە، (4) كورسییان بۆ پیاو و كورسییەكیش بە كۆتا ژن دەیبات. ئەم بازنەیە، دەنگدەرانی خۆرهەڵاتی شاری كەركوك دەگرێتەوە، كە زۆرینەیان كوردنو بریتییە لە ناوچەكانی (رەحیماوە، عەرەفە، شۆریجە، موسەڵا، ئیسكان، بەشێكی قۆرییە، قادسیەی یەك، حورییە، پردێ، دوبز، لەیلان). كورد چاوی لەوەیە هەر پێنج كورسیەكەی ئەم بازنەیە بباتەوە، چونكەی زۆرینەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە ناوچەیە كوردن، بۆ زانینی ئاستی پێگەی جەماوەریی لایەنە كوردییەكان لەم بازنەیەدا، پەنا بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2014دا دەبەینو ئەنجامی دواین هەڵبژاردن وەرناگرین كە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، بەوپێیەی ئەو هەڵبژاردنە بەتێكڕا لەسەر ئاستی عێراق گومانی ساختەكاری گەورەی لەسەر دانرا. بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2014، لەم بازنەیەدا دەنگی پێكهاتەكانی كەركوك بەمشێوەیە بووە: • كورد: 215 هەزار دەنگ • عەرەب: 16 هەزار دەنگ • توركمان: 10 هەزار دەنگ بازنەی دووەم: قەزای ناوەند/ ناوەڕاستی شاری كەركوك ئەم بازنەیە بە دووەم گەورە بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك دادەنرێت، (4) كورسی پەرلەمانی عێراق لەم بازنەیەدا یەكلادەبێتەوە، (3) كورسی پیاو دەیباتو كورسییەكەی تریش بەشێوەی "كۆتا" بۆ ژنێك دەبێت. ئەم بازنەیە ناوچەكانی (تسعین یەكو دوو، داقوق، قۆریە - ئەڵماس، رێگای بەغدا، واستی، قادسیەی 2، تازە- رشاد 1، چەند ناوەندێكی موسەڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ریاز 3و یایچی) دەگرێتەوە، زۆربەی ململانێیەكانی لیستەكان لەسەر ئەم بازنەیەیە، بەوپێیەی توركمان ئەم بازنەیە بە پێگەی بەهێزی خۆی دەزانێتو چاوی لەوەیە زۆرینەی كورسییەكانی بازنەكە ببات، ئەمە لەكاتێكدایە پێكهاتەی عەرەب چاوی لە كورسییەكی ئەم بازنەیەیەو كوردیش دەیەوێت كورسییەك بۆ دوو كورسی بازنەكە ببات. لە هەڵبژاردنی 2014دا، دەنگی پێكهاتەكان لەم بازنە پڕكێشمەكێشە بەمشێوەیە بووە: دەنگی كورد: 71 هەزار دەنگ • عەرەب: 47 هەزار دەنگ • توركمان: 79 هەزار دەنگ بازنەی سێیەم: حەویجەو ریاز ئەم بازنەیە بچوكترین بازنەی هەڵبژاردنە لە پارێزگای كەركوكو (3) كورسی بەردەكەوێتو یەكێكیان بۆ "كۆتا"ی ژنانە. ئەم بازنەیە زیاتر باشورو باشوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك دەگرێتەوەو پێكهاتووە لە (ناوەندی حەویجە، تەواوی هەردوو ناحیەی عەباسیو زاب، لەگەڵ زۆرینەی ناحیەی رەشادو تازە). ئەم بازنەیە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی عەرەبەو لایەنە عەرەبییەكان دەیانەوێت هەر سێ كورسییەكەی بازنەكە ببەن. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2014، دەنگی پێكهاتەكان لەم بازنەیەدا بەمشێوەیە بووە: • كورد: 40 هەزار دەنگ • عەرەب: 90 هەزار دەنگ • توركمان: 3 هەزار دەنگ
راپۆرت: درەو زیاتر لە سێ ساڵە سایلۆی سلێمانی روخێندراوە، بەڵام كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بەبیانوی ئاشێكەوە لەناو زەوی سایلۆكەدا، پرۆژەی "داونتاون" جێبەجێ ناكات، وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێ كێشەی ئاشەكە چارەسەركراوە، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوون بۆ پرۆژەكە دەكات، پێشنیازێك هەیە ئەگەر كۆمپانیای (هیوا رەئوف) پرۆژەكە جێبەجێ نەكات، زەوی سایلۆكەی لێوەردەگیرێتەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لەبارەی گرێبەستی سایلۆكەوە زیاتر لە سێ ساڵە سایلۆی سلێمانی روخێندراوە، بەڵام شوێنەكەی بە بەتاڵی ماوەتەوەو هیچ پرۆژەیەكی لەسەر جێبەجێ نەكراوە. روبەری ئەم زەوییە (67 هەزارز 500) مەترە، واتە نزیكەی 27 دۆنمە، حكومەت ئەم زەوییەی خستە كێبركێوە لەنێوان (14) كۆمپانیای وەبەرهێناندا، لەكۆتایدا زەوییەكە بۆ كۆمپانیای (هیوا رەئوف) دەرچوو. زەویی سایلۆی سلێمانی كە دەكەوێتە ناوچەیەكی ستراتیژییو گرنگەوە لەڕووی ئابورییەوە، بە سێ مەرج درا بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف): مەرجی یەكەم: كۆمپانیای هیوا رەئوف سایلۆیەكی (40 هەزار) تەنیی گەنم، لە قەزای (سەیدسادق- شانەدەری) دروست بكات، كۆمپانیاكە ئەم مەرجەی جێبەجێ كردو لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكو بەدیاریكراوی لە رۆژی 28ی ئایاری 2015دا سایلۆكەی تەواو كردو رادەستی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێمی كرد، تێچووی ئەم سایلۆیە بە بڕی (15 ملیارو 600 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا، روبەری ئەم سایلۆیە (40) دۆنم زەوییە، بەڵام سایلۆكە چەندین كەموكورتی تێدایە، رەمەزان نامیق كەریم سەرۆكی لیژنەی پلانو پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كە خۆی خەڵكی سەیدسادقەو لە نزیكەوە ئاگاداری پرۆژەكەیە، بەچەندین خاڵ كەموكورتییەكانی ئەم سایلۆیەی خستوەتەڕوو، كە ئەمانەن: • سایلۆكە سیاجێكی تەنكی هەیەو رۆژانە ئاژەڵو پەلەوەرو مەڕوماڵاتی دانیشتوانی ناوچەكە دەچنە ناو سایلۆكەوە. • نەبوونی پاسەوانی تایبەت بە سایلۆكە. • كەمی فەرمانبەر بەتایبەتی لە وەرزی وەرگرتنی گەنمدا. • نەبوونی كارەبای نیشتمانی بەردەوام. • نەبوونی ئامێری ساردكەرەوەی پێویست لە سایلۆكەدا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا. • نەبوونی ئامێری یەدەگ لەبەشی تاقیگەو بەشە گرنگەكانی تری سایلۆكە. مەرجی دووەم: مەرجی دووەم بۆ پێدانی زەوی سایلۆی سلێمانی بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف) ئەوەبوو، ئەم كۆمپانیایە بینای كۆمەڵگەی فەرمانگەكانی بازرگانیو پیشەسازی لەناو شاری سلێمانی بە تێچوی (3 ملیار) دینار دروست بكات، كۆمپانیاكە ئەم مەرجەشی جێبەجێ كردو بیناكەی لە رۆژی 11ی ئابی 2014دا رادەستی حكومەت كرد. كۆمپانیای (هیوا رەئوف) تێكڕای تێچووی جێبەجێكردنی پرۆژەی سایلۆكەی سەیدساقو بینای فەرمانگە بازرگانییەكان لە سلێمانی بە بڕی (18 ملیار و 600 ملیۆن) دینار دەخەمڵێنێت. مەرجی سێیەم: دوای جێبەجێكردنی مەرجی یەكەمو دووەم، زەوی سایلۆی سلێمانی دەدرێت بە كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بەو مەرجەی لەسەر ئەم زەوییە كۆمەڵگەیەكی گەورەی (گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون) دروست بكات بەناو پرۆژەی "داونتاون". بەپێی ئەو پرۆپۆزەڵەی كە پەسەندكراوە، پرۆژەی "داونتاون" ئەمانە لەخۆدەگرێت: • (8) تاوەری نیشتەجێبوون • مۆڵێك • دوو هۆتێل • دوو باخچەی سەوزایی تێچووی جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە لەسەر زەوی سایلۆی كۆنی سلێمانی بە بڕی (250 ملیۆن) دۆلار خەمڵێندراوە. تەقاندنەوەی سایلۆ كۆنەكە كۆمپانیای (هیوا رەئوف) لەچوارچێوەی ئەم گرێبەستەدا، 2ی شوباتی 2018 بینای سایلۆی كۆنی سلێمانی تەقاندەوە، ئەمە لەكاتی خۆیدا جۆرێك لە ناڕەزایەتی دروست كرد، هەندێك كەس رەخنەیان هەبوو، بینای سایلۆیان بە یەكێك لە معالیمەكانی شار ناودەبرد، دژی تەقاندنەوەی بوون، دیمەنی روخاندنی سایلۆكە سەرەنجڕاكێش بوو، خەڵك بۆ وێنەگرتن لە نزیك سایلۆكە كۆبونەوە، تەلەفزیۆنی "نەشناڵ جیۆگرافیك" دیكۆمێنتارییەكی لەسەر پرۆسەی تەقاندنەوەكە تۆماركرد. هەردوو كۆمپانیای (ASI)ی ئەمریكیو (EGE NITRO)ی توركی سەرپەرەشتی پرۆسەی تەقاندنەوەی سایلۆكەیان كرد. سایلۆی كۆنی سلێمانی لە ساڵی 1978 لەلایەن بەڵێندەرانی روسییەوە دروستكرا بوو، بەڵام بەهۆی جەنگە یەك لەدوای یەكەكانی ناوچەكەوە، پرۆژەكە بەتەواونەكراوی مایەوە. سایلۆی كۆنی سلێمانی لە سێ بەشی سەرەكی پێكهاتبوو، دوو گەنجینە بە بەرزی 40 مەترو تاوەرێك بە بەرزی 60 مەتر. ئاشێك دەبێتە بەهانە ! دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە تەقاندنەوەی بینای سایلۆی كۆنی سلێمانی، هێشتا زەوییەكەی بەبەتاڵی ماوەتەوەو هیچ پرۆژەیەكی لەسەر جێبەجێ نەكراوە. كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بوونی ئاشتێكی لەناو زەوی سایلۆی كۆن كردووە بەبەهانە بۆ جێبەجێ نەكردنی پرۆژەی "داونتاون"، ئەم ئاشە خاوەندارێتییەكەی بۆ ماڵی (سەعد كۆڵەك) دەگەڕێتەوەو ناوی كۆمپانیای ئاردی (سەفین)ەو كۆمپانیای مستەفا خاوەندارێتی دەكات. هەندێك لەوانەی ئاگاداری كێشەی ئەم پرۆژەیەنو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، دەڵێن، كۆمپانیای هیوا رەئوف ئاشەكەی كردووە بەبەهانەی بۆ ئەوەی پرۆژەكە جێبەجێ نەكات، چونكە ئاشەكە دەكەوێتە شوێنێكی دوری ناو زەوییەكەو كۆمپانیاكەی دەیتوانی دەست بەكاركردن بكات تا ئەوكاتەی كێشەی ئاشەكە چارەسەر دەكرێت. شارەوانی سلێمانی پارچە زەوییەكی لەڕێگەی سلێمانی- تاسلوجە بۆ كۆمپانیای مستەفا تەرخانكردووە، بۆئەوەی ئاشەكەی لەناو زەوی سایلۆی كۆنی سلێمانی بگوازێتەوە، سەرەتا ئەم كۆمپانیایە پارچە زەوییەكەی تاسلوجەی بەدڵ نەبوو، داوای دەكرد بۆی بگوڕنەوە بە پارچە زەوییەكی تر، بەڵام بەپێی قسەی بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی، ئێستا كۆمپانیای مستەفا قایل بووە بە پارچە زەوییەكەی تاسلوجە. عەزیز سەعید بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، ئێستا لقێكی كۆمپانیای ئاردی سەفینمان لەناو زەوی سایلۆی سلێمانی گواستوەتەوەو لقێكی تر ماوەو بەمزوانە ئەمەش لادەبرێتو هیچ كێشەیەك لەبەردەم جێبەجێكردنی پرۆژەی "داونتاون"دا نامێنێت. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمپانیای ئاردی سەفین بەڵێنیداوە لەسەر ئەم ئەو زەوییەی لەرێگەی سلێمانی- تاسلوجە پێی دراوە، دوو براندی ئەڵمانی پێشكەش بكات، بەڵام بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە ئەو براندانەی كە ناوی هێناون پاشگەزبونەتەوەو كۆمپانیای ئاردەكە دوای كردووە رەزامەندی پێبدرێت لەسەر هێنانی دوو براندی تر، بەڵام شارەوانی ئەمەی رەتكردوەتەوە. چارەنوسی داونتاونەكەی سلێمانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە، كۆمپانیای هیوا رەئوف بەجۆرێك پاشەكشەی لە جێبەجێكردنی پرۆژەی "داونتاون"ی سلێمانی كرد، رەمەزان نامیق سەرۆكی لیژنەی پلانو پرۆژەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (درەو)ی راگەیاند، بەهانەكانی كۆمپانیای (هیوا رەئوف) بۆ جێبەجێنەكردنی پرۆژەكە لەسەر زەوی سایلۆی سلێمانی، بەلای پارێزگارو وەبەرهێنانو شارەوانی سلێمانییەوە لە جێگای خۆیدا نەبووە. "ئێستا كۆمپانیای هیوا رەئوف كێشەكە دەخاتە ئەستۆی ئاشەكەی كۆمپانیای سەفین، كۆمپانیای سەفین دەخاتە ئەستۆی شارەوانی، شارەوانی دەیخاتە ئەستۆی ئەو دوو براندە". رەمەزان نامیق وتی:" لەچەند هەفتەی رابردوودا سەردانی پارێزگارمان كردووە، پرۆژەیەكمان خستە بەردەستی زەویەكی تر بدرێتە ئەو ئاشە، ئەگەر هیچ لایەنێكیان پابەند نەبوون، ئەوا حساباتێك لەگەڵ كۆمپانیای هیوا رەئوف بكەنو پرۆژەكەی لێوەربگیرێتەوەو بدرێت بە كۆمپانیایەكی تر".
(درەو): عەبدوڵا كوێخا موبارەك و ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەچنە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. عەبدوڵای كوێخا موبارەك لەگەڵ خزم و كەسە نزیكەكانی و مەلا سەربەست ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەچنە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی شەممەی رابردوو عەبدوڵا کوێخا موبارەک لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە بارەگای بارزانی لە پیرمام كۆبوەتەوە. (درەو) پەیوەندی بە مەلا سەربەست ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە كرد، راگەیاند:" هەتا خۆمان راینەگەیەنین ئەو هەواڵانەی بڵاودەكرێنەوە، پشتڕاستی ناكەینەوە". (درەو) زانیویەتی، مەسعود بارزانی بەڵێنی دروستكردنی لێوایەك و دەمەزراندنی چەندین پلەداری سەربازی بە عەبدوڵا كوێخا موبارەك داوە. عەبدوڵای كوێخا موبارەك لە خانەوادەیەكی دیاری سنوری شوان و چەمچەماڵە، خۆشی كەسایەتی دیاری ناو دەنگە ناڕەزاییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، بەهۆی ناڕەزایەتیی لە سیاسەتەکانی بزوتنەوەکە دەستی لەکارکێشایەوە. بەمدواییە ئامۆزایەکی لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی لە گرتوخانەی فیدڕاڵی چەمچەماڵ کوژرا، کەسە نزیکەکانی، هۆکاری پەیوەندیکردنی عەبدوڵا کوێخا موبارەک بە پارتییەوە، بۆ ئەو کێشانە دەگێڕنەوە کە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی هەیەتی.
درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاری رابردوودا ( 11 ملیۆن و 149هەزار) بەرمیل نەوتی بە (6) وڵاتی جیا فرۆشتووە، زۆرترین رێژەی بە ئیتالیا فرۆشتووە كە ( 4 ملیۆن و 897) بەرمیل بووە بە رێژەی (43%) و دوای ئەویش ئیسرائیلە كە لە مانگی رابردوودا ( 2 ملیۆن و 652 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەرێژەی (23%). بە پێی ئەو خشتەیەی كە رێكخراوی ( رونیبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەی نەوت) دا بڵاوی كردووەتەوە، نەوتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئازاری رابردوودا بە (6) وڵات فرۆشراوە بەم شێوەیە: • ( 4 ملیۆن و 897 هەزارو 492) بەرمیل نەوتی هەرێم بە ئیتالیا فرۆشراوە بەرێژەی ( 43.9%( • ( 2 ملیۆن و 652 هەزار و 474) بەرمیل نەوتی هەرێم بە ئیسرائیل فرۆشراوە بەرێژەی (23.8%) • ( 1 ملیۆن و 799 هەزارو 991) بەرمیل نەوتی هەرێم بە وێتی یۆنان فرۆشراوە بەرێژەی ( 16.1%) • (599 هەزار و 997 ) بەرمیل نەوتی هەرێم بە وڵاتی رۆمانیا فرۆشراوە برێژەی ( 5.4%) • (599 هەزار و 997 ) بەرمیل نەوتی هەرێم بە وڵاتی ئیسپانیا فرۆشراوە برێژەی ( 5.4%) • (599 هەزار و 997 ) بەرمیل نەوتی هەرێم بە وڵاتی كرزاتیا فرۆشراوە برێژەی ( 5.4%)
درەو: لەكۆی ( 991 ملیار) دیناری داهاتی نەوت، تەنیا (445 ملیار) دیناری دراوەتە وەزارەتی دارایی بۆ موچە، بەو پێیەش كۆی داهاتەكانی ئەم مانگەی بەردەستی حكومەتی هەرێم (820 ملیار) دینار بووە. بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ ئەم مانگە (670 ملیۆن) دۆلار واتا ( 991 ملیار) دینار بووە، لەو بڕە تەنیا (45%)ی دراوەتە وەزارەتی دارایی كە دەداتە ( 445 ملیار) دینارو زیاتر لە ( 546 ملیار) دیناری دراوە بە خەرجی كۆمپانیاكان و كرێی بۆری و قەرزو خەرجیەكانی دیكە. داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە: 🔹هەناردەی رۆژانەی نەوت : 430 هەزار بەرمیل نەوت 🔹نرخی بەرمیلێك بۆ نەوتی هەرێم: 52 دۆلار 🔹كۆی داهاتی نەوت: 670 ملیۆن دۆلار ( 991 ملیار) دینار 🔹داهاتی نەوت: 55%ی واتا ( 370 ملیۆن ) دۆلاری بۆ خەرجی ( هەقدەستی كۆمپانیاكان، كرێی بۆری، قەرزی توركیا). 🔹داهاتی نەوت: تەنیا 45%ی واتا (300 ملیۆن) دۆلار (445 ملیار) دیناری داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەت بووە بۆ موچە. 🔹داهاتی ناوخۆی هەرێم: 350 ملیار دینار 🔹پارەی هاوپەیمانان: 25 ملیار دینار 🔹كۆی داهات بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی: 820 ملیار دینار 🔹كۆی موچە بە لێبڕینەوە: 706 ملیار دینار 🔹پارەی خەرجی بۆ وەزارەتەكان: 114 ملیار دینار 🔹جگە لەو داهاتەی نەوت كە بۆ ناوخۆیە رۆژانە نزیكەی (25 هەزار) بەرمیل نەوتە كە مانگانە داهاتەكەی دەكاتە نزیكەی (30 ملیۆن) دۆلار