د. عابد خالد رسول بەرایی لەدوای گۆڕانکارییەکانی عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٣، کێشەی ناوچەی جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ جێی بایەخی چەند دەقێکی دەستووری دیاریکراو بوون، وەک مادەی (٥٨)ی دەستووری کاتیی ساڵی ٢٠٠٤ کە ناسراوە بە “یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە” و مادەی (١٤٠)ی دەستووری فیدراڵیی ساڵی ٢٠٠٥ کە ناسراوە بە “دەستووری کۆماری عێراق”، کە هەریەک لەم دەقانە چەندین ڕێکار و ئامرازیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانە لەخۆ گرتووە، بەڵام لە هیچ دەقێک لەم دەقانەدا واتای تەواو و سنووری جوگرافیی ئەم ناوچانە دیاری نەکراوە، لە ئەنجامیشدا هیچ چەمکێکی یاسایی ورد و پڕاوپڕ بۆ زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان” گەڵاڵە نەکراوە. ئەم کەلێنەش بووەتە سەرچاوەی چەندین گرفتی یاسایی و پراکتیکی لەبەردەم پڕۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، کە لە لایەک دەرگای ڕاڤەکردنی جیاوازی بۆ ئەو دەزگا و دامەزراوانە خستووەتە سەرپشت کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆڵیان لە جێبەجێکردنی ئەو دەقە دەستووریانەدا هەبووە، وەک “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠” و “دادگای فیدراڵیی باڵا”، لە لایەکی تریش هەریەک لە لایەنە جیاکانی کێشەکە هەوڵی داوە لە بەرژەوەندیی خۆی؛ واتا و سنووری ئەو ناوچانە ڕاڤە و دیاری بکات، هەر ئەم ڕاڤەیەشی کردووەتە بنەمای هەڵسوکەوت و کارکردنی لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، بەڵکوو هەندێک لایەن ئەم کەلێنەی قۆستووەتەوە بۆ دواخستن و پەکخستنی جێبەجێکردنی ئەو دەقە دەستووریانە. ئاشکرایە کە ڕیشەی مێژوویی کێشەی “ناوچە جێناکۆکەکان” دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، بەتایبەتییش دوای لکاندنی ئەو ناوچانەی کە لەو کاتەدا بە “ویلایەتی موسڵ” ناسرابوون بە عێراقەوە لە ساڵی ١٩٢٥دا، بەڵام مێژووی یەکەمین بەکارهێنانی فەرمی بۆ دەستەواژەی “ناوچە جێناکۆکەکان”؛ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٤، کاتێک لەو ساڵەدا لە بڕگەی “ج”ی مادەی (٥٨)ی “یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە” ئاماژە بۆ دەستەواژەی “اڵاراضى المتنازع علیها” کرا([1])، ئەمجا له بڕگەی “دووەم”ی مادەی (١٤٠)ی “دەستووری کۆماری عێراق ساڵی ٢٠٠٥”دا ئاماژە بۆ دەستەواژەی “المناگق… المتنازع علیها” کرا([2])، بۆیە لە زمانی عەرەبیدا لەنێوان هەردوو زاراوەی “اڵاراچی المتنازع علیها” و “المناطق المتنازع علیها”، زیاتر دووەمیان بەکار دەهێنرێت، لە زمانی ئینگلیزییشدا بۆ “Disputed Territories” و “Disputed Areas” وەرگێڕدراون، بەڵام لە زمانی کوردیدا لەپاڵ زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان”؛ چەند دەستەواژیەکی تر بەکار دەهێنرێت وەک: “ناوچە کێشەلەسەرەکان” و “ناوچە دابڕێنراوەکان” و “ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”، کە هەندێکیان گۆشەنیگای سیاسی و حیزبی تایبەتیان لە پشتەوەیە، هەندێکیشیان تەنها وەرگێڕانن بۆ زاراوە عەرەبییەکە کە “المناگق المتنازع علیها”یە، ئەم توێژینەوەیەش زاراوەی “ناوچە جێناکۆکان” بەکار هێناوە، بەڵام جیاوازییەکان لەمەڕ ئەم چەمکە هەر تەنها ئەم ڕەهەندە زمانەوانییانە نییە، بۆیە لە ڕووی زانستییەوە بنچینەی ڕاڤەکردن بۆ چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”؛ هەر تەنها مامەڵە لەگەڵکردنێکی زمانەوانی نییە، بەڵکوو شرۆڤەکردنی ڕیشە مێژووییە قووڵ و ڕەهەندی سیاسییە فراوانەکانیشیەتی. ئامانج لەم توێژینەوەیە؛ خستنەڕووی تێڕوانینە یاسایی و سیاسی و مێژووییە جیاوازەکانە لەسەر چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”، کە هاوکات بریتییە لە تێڕوانینی ئەو لایەن و دەزگا جیاوازانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیدارن بە کێشەی ناوچە “جێناکۆکەکان” و دۆزینەوەی چارەسەر بۆی، بەتایبەت تێڕوانینی هەریەک لە “حکومەتی عێراقی” و “حکومەتی هەرێمی کوردستان” لەگەڵ “نەتەوە یەکگرتووەکان”، ئەمجا دوای خستنەڕووی ئەو تێڕوانینانە، توێژینەوەکە هەوڵی داوە بەپێی چەند پێوەرێک؛ پێشنیاری دیاریکردنێکی زانستیانە بۆ “چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان” گەڵاڵە بکات، بەم شێوەیە: یەکەم: تێڕوانینی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی بڕیاری کارگێڕیی “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستووری ٢٠٠٥”، ژمارە (١٥٩) لە (١١/١٢/٢٠١١) کە تایبەتە بە “مەرج و دیسپلین و ڕێنماییەکانی پەیوەست بەو کەسانەی حوکمەکانی مادەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە”، ناوچەی جێناکۆکەکان “بریتییە لەو ناوچانەی کە دووچاری تاوان و کردەوە خراپەکانی ڕژێمی پێشوو بوون، کە بریتی بوون لە گۆڕینی دیمۆگرافی و گۆڕینی دۆخی دانیشتووان لە ڕێی ڕاگواستن و دەرکردن و کۆچپێکردنی زۆرەملێی دانیشتووان لە زێد و شوێنی نیشتەجێبوونیان و نیشتەجێکردن یان نیشتەجێنەکردنی کەسانی تر لە جێیان، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و زەوییان و بەموڵککردنی بە ناوی کەسانی ترەوە یان سڕینەوەی مافی مامەڵەپێوەکردنیان و بێبەشکردنیان لە مافی کارکردن لە ڕێی گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەییان (تصحیح القومیە)، یان لە ڕێی گۆڕین و یاریپێکردنی سنووری کارگێڕیی ئەو ناوچانە بە مەبەستی بەدیهێنانی چەند مەرامێکی سیاسی کە خواستی ڕژێمی پیشوو بوون([3])“. ئەم پێناسەیەش کە زۆر بەرفراوانە، لە ناوەرۆکی مادەی (٥٨)ی “یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە ساڵی ٢٠٠٤” هەڵێنجراوە، مەبەست لەم بەرفراوانیی پێناسەکردنەش ئەوەیە کە سنووری ناوچە جێناکۆکەکان؛ پارێزگای “بەغدا” و چەند ناوچەیەکی تری ناوەڕاست و باشووری عێراقیش بگرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەرکی زیاتر بکەوێتە ئەستۆی “لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠”، بە شێوەیەک کە توانای جێبەجێکردنی نەبێت، بەمەش پڕۆسەی “ئاساییکردنەوە” کە یەکەمین قۆناغە لە سێ قۆناغەکەی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان (ئاساییکردنە، سەرژمێر، ڕاپرسی)؛ کاتی زیاتر بخایەنێت، هاوکات خەرجیی زیاتر لەوەی پێویست بێت کە بۆی تەرخان کراوە، جگە لەمەش ژمارەی ئەو لایەن و بەرانەش زیاتر بکات کە لەگەڵ کورددا دەکەونە ناکۆکییەوە، هەموو ئەمەش لە پێناو شکستپێهێنانی پڕۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکە بووە. لەبەرامبەر ئەم پێناسە بەرفراوانەدا، “دادگای فیدراڵیی باڵای عێراق”، لە بڕیاری ژمارەی (١١٣)یدا کە لە (٢٩/١٠/٢٠١٧) دەریکردووە؛ پێناسەیەکی زۆر بەرتەسکی پێشنیار کردووە، پوختەی ناوەرۆکی نووسراوەکە لەم سێ خاڵەدا کورت دەبێتەوە([4]): ١. “ناوچە جێناکۆکەکان” کە لە بڕگەی “دووەم” لە مادەی (١٤٠)ی دەستووری ٢٠٠٥ هاتووە، ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچانەی کە جێی ململانێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقین، جا لەبەر ئەوەی برگەی (أ) لە مادەی (٥٣)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە (دەستووری کاتیی ٢٠٠٤)؛ دانی بە حکومەتی هەرێمدا ناوە وەک حکومەتی ڕەسمیی ئەو ناوچانەی کە لە (١٩/٣/٢٠٠٣) بەڕێوەی بردوون و دەکەونە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و دیالە و نەینەواوە([5])، بۆیە ناوچە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣دا بەڕێوە براون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دیالە و نەینەوا([6]). ٢. پێوەری ئەوەش کە چ ناوچەیەک جێی ناکۆکییە یان نا؟ بڕگەی (ب) لە مادەی (٥٣)ی دەستووری کاتیی (٢٠٠٤)ە، کە دەڵێت “سنووری هەژدە پارێزگاکە لە قۆناغی گواستنەوەدا بەبێ گۆڕان دەمێنێتەوە”. ٣. ئەو لایەنەش کە دەسەڵاتی دیاریکردنی ناوچە جێناکۆکەکانی هەیە، حکومەتی فیدراڵیی عێراقە. دیارە ئەم پێناسەیە نە لەگەڵ ڕۆحی دەستوور و دەقەکانی تەبایە، نە لەگەڵ نییەتی یاسادانەریش گونجاوە، نە لەگەڵ ئەو واقیعەش دێتەوە یەک کە لەدوای ڕووداوەکانی (٢٠٠٣)وە هاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو لەگەڵ لۆژیکیشدا ناکۆکە، چۆن دەکرێت دەستوور لە مادەیەکیدا (مادەی ١١٧) دان بە هەرێمی کوردستاندا بنێت([7])، کەچی دواتر لە مادیەکی تردا (مادەی ١٤٠) بە ناوچەی جێناکۆک لەقەڵەمی بدات! هەر چەندە دادگای فیدراڵیی باڵا دەرکی بەم هەڵەیەی لە دیاریکردنی چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان”دا کرد و لە بڕیارێکی تردا کە بە ژمارەی (٤٣) لە (١١/٣/٢٠١٣) دەریکردووە، دەڵێت: “لە تێڕوانی ئێمەدا، زەوییە جێناکۆکەکان ئەو زەوییانەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێکەوتی ١٩/٣/٢٠٠٣دا بەڕێوە نەبراون لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دیالە و نەینەوا([8])“، بەڵام دواجار ئەم دادگایە لە پێشکەشکردنی پێناسەیەکی ورد بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی سنوورەکەی؛ سەرکەوتوو نەبووە، بەڵکوو لەو بڕیارە نوێیەیدا دەسەڵاتی یەکلاییکردنەوەی هەموو ئەمانەی داوە بە لێژنەی جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠)، دیارە ئەم لیژنەیەش، وەک پێشتر باسمان کرد، پێناسەیەکی هێندە فراوانی بۆ ئەو ناوچانە کردووە کە جێبەجێکردنی مادەکە تەواو ئەستەم دەکات. دووەم: تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان هەر چەندە هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی مافی مێژوویی خۆیەوە دەڕوانێتە ڕەوایەتیی مافی داواکردنی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەری ناکۆکە، بەڵام بەڵگەکانی بۆ دیاریکردنی سنووری ئەم ناوچانە؛ زۆر توندوتۆڵ نین. لە ڕاستییشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا کەمتەرخەمیی گەورەی پێوە دیارە، هەر بۆیە دەبینین وێڕای ئەوەی کە لە ساڵی (٢٠٠٦)ەوە چەند دامەزراوەیەکی حکومی بۆ کاروباری ناوچە جێناکۆکەکان دروست کراوە، لەوانە: “وەزارەتی کاروباری ناوچە دابڕێنراوەکان لە کوردستان”، کە دواتر بە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٠) گۆڕاوە بە “دەستەی گشتی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی ناکۆکییان لەسەرە” و سەرۆکەکەشی بە پلەی وەزیر دامەزراوە، بەڵام هێشتا هەوڵێکی جددیی ئەوتۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم وەزارەت و دامەزراوانەشەوە بۆ دیاریکردنی سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ناوچە “جێناکۆکەکان” نییە، تەنانەت ماڵپەری ئەلکترۆنیی ئەم دەستەیەش کە ناسراوە بە “دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”، کە ماڵپەڕێکی زۆر لاوازە و زۆر درەنگ ئەپدەیت دەکرێتەوە، هیچ بەڵگەنامەیەک یان توێژینەوەیەک یان نەخشەیەک یان ئامارێک یان وتارێکی تایبەت بە ناساندن و ژمارەی دانیشتووان و سنوور و پێگەی جوگرافی و مێژووی ناوچە جێناکۆکەکان تیا نییە. لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٠)، کە پێشتر ئاماژەمان بۆی کرد، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو دەستەیە بریتییە لە “کۆکردنەوە و بەدۆکۆمێنتکردنی بەڵگە و ڕووداوی مێژووی پەیوەندیدار بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان([9])“. بەڵکوو تا ئێستا لەلایەن هیچ دامەزراوەیەکی هەرێمی کوردستانەوە پێناسەیەکی فەرمیی ورد و ڕوون بۆ ناوچە جێناکۆکەکان نەکراوە، جگە لەو پێناسە گشتی و ئاڵۆزە نەبێت کە لە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٠دا هاتووە و دەڵێت: “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ئەو ناوچانەن کە لە کوردستان – عێراق بە پێچەوانەی واقعی مێژوویی و جوگرافی دابڕێنراون و ڕێکارەکانی بەعەرەبکردن و گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەیانگرێتەوە([10])“. بەڵام هەروەک وتمان، ئەم پێناسەیە زۆر گشتییە و بەدیاریکراوی ئەو ناوچانە دەستنیشان ناکات کە بە ناوچە جێناکۆکەکان ناسراون. دەکرێت بۆ دیاریکردنی تێڕوانینی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، پەنا بۆ سەرچاوەی ناڕاستەوخۆ ببەین، وەک پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە (٢٥/٩/٢٠١٧)، کە جگە لەو ناوچانەی لەو کاتەدا لەژێر دەستی داعشدا بوون، تا ڕادەیەک لە زۆربەی ناوچانەکانی دەرەوەی هەرێم کە بە جێناکۆک ناسراون؛ ئەنجام درا، ئەو ناوچانەش ئەمانە بوون: لە نەینەوا (شەنگال، بەرتەلە، حەمدانیە، مەخموور، تەلگیف، وانە، ربیعە، عیازیە، بەعشیقە، قەوس، شیخان، زومار)، لە دیالە (خانەقین، جەلەولا، قەرەتەپە)، لە کەرکووک (کۆی کەرکووک، جگە لەو ناوچانەی کە لەو کاتەدا لەژێر دەستی داعشدا بوون)، لە سەڵاحەدین (جەبارە و دوزخورماتوو)([11]). ئەم ناوچانە بە درێژایی شریتێکی لێکنەپساو کە نزیکەی (١٠٠٠ کم) دەبێت، هەر لە شەنگالەوە تا مەندەلی، ڕاستەوخۆ لکاون بە باشووری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە و ژمارەی دانیشتووانی کورد تیایاندا زیاتر لە یەک ملیۆنە. بەکورتی: لە تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناوچە جێناکۆکەکان (ئەو ناوچانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناویان دەبات و لەدوای (٢٠٠٣)وە داوای گەڕاندنەوەیان دەکات بۆ سنووری حوکمڕانیی خۆی و ئەم پێداگرییەی هەرێمییش لەسەر گەڕاندنەوەیان؛ سیفەتی جێناکۆکی پێ داون). سێیەم: تێڕوانینی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان لە ڕوانگەی ئەو دەقەی لە مادەی (٥٨)دا هاتووە و ڕێگە بە سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵیی عێراق داوە کە داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات ناوبژیوانێكی نێودەوڵەتیی بێلایەن دەستنیشان بكات بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر كێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و پێشكەشكردنی ڕاسپاردە([12])، “ئەنجوومەنی ئاسایش”ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٧دا بە بڕیارێک دەسەڵاتی بەخشی بە “نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی عێراق – UNAMI”، تا بۆ دانانی ڕێکاری پێویست لە پێناو یەکلاییکردنەوەی کێشەکە؛ ڕاسپاردە پێشکەش بە حکومەتی عێراقی بکات([13])، بۆ ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی هەردوو لایەنی کێشەکە (حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق)، لە ماوەی ساڵانی (٢٠٠٨–٢٠٠٩)، “UNAMI” ڕاپۆرتێکی (٤٧٢) لاپەڕەیی لە دووتوێی دوو بەرگدا بە ناونیشانی لە “سنوورە ناوخۆییە جێناکۆکەکان – Disputed Internal Boundaries – الحدود الداخلیە المتنازع علیها” پێشکەش کرد. بەپێی ناوەرۆکی ئەم ڕاپۆرتەش، “ناوچە جێناکۆکەکان” لە (١٤) قەزا و (٢) ناحیە پێک هاتووە، کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بوون([14]): لە پارێزگای نەینەوا: قەزاکانی (شەنگال، تەلەعفەر، تەلكێف، شێخان، عەقره، حەمدانیە و مەخموور) و ناحیەی (قەحتانیە)، لە پارێزگای کەرکووک: قەزاکانی (ناوندی کەرکووک، دوبز، حەویجە و داقووق)، لە پارێزگای سەڵاحەدین: قەزای “دوزخورماتوو”، لە پارێزگای دیالە: قەزاکانی (کفری و خانەقین) و ناحیەی “مەندەلی”. هەر چەندە لە تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هەندێک لەم ناوچانە؛ “ناوچەی جێناکۆک نین” وەک هەردوو قەزای (عەقرە و مەخموور)، هاوکات ئامادەش نەبوو ئەو ڕاسپاردانە قبووڵ بکات کە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکە پێشکەش کراون، بەڵام دانانی ڕاپۆرتەکەی بەرز نرخاند، بەتایبەت لە هەوڵیدا بۆ دیارکردنی سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ناوچە جێناکۆکەکان پاڵپشت بە چەندین بەڵگەنامە و نەخشە و چاوپێکەوتن و سەردانی مەیدانی. چوارەم: پێوەرەکانی گەڵاڵەکردنی تێڕوانینێکی زانستی بۆ چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان بەر لە هەموو شتێ، دەبێت ڕەچاوی ئەو ڕاستییە بکەین کە چەمکی “ناوچە جێناکۆکەکان” هەر تەنها چەمکێکی یاسایی و دەستووری نییە، بەڵکوو چەمکێکی سیاسی و جوگرافی و دیموگرافی و مێژووییشە، بۆیە ناکرێت تەنها بە پێوەری “یاسایی” یان “سیاسی” پێناسەی بکەین، بەڵکوو دەبێت کۆی پێوەرەکان یان زۆربەیان لەم پێناسەکردنەدا ڕەچاو بکەین. لەم ڕوانگەیەوە، بە بڕوای کوردەکانی عێراق، ناوچە کوردستانییەکانی عێراق ئەو ناوچانەن کە لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە لە ١٩٢١؛ زۆربەی دانیشتووانی کورد بوون، بەتایبەتییش بەر لە سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٥٧، بەڵام لە سایەی سیاسەتی خراپی حکومەتە یەکلەدوایەکەکانی عێراق بەگشتی و ڕژێمی بەعسیش بەتایبەتی، بەشێکی زۆر لەم ناوچانە دووچاری گۆڕینی دیمۆگرافی بوون بە ڕاگواستن و دەرکردنی دانیشتووانە کوردەکانیان و بە تەعریبکردن و گۆڕینی ناسنامەیان و بە نیشتەجێکردنی کەسانی تر لە جێیان و بە دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵ و زەوییان و کردنی بە ناوی کەسانی ترەوە، هەروەها بە گۆڕینی سنووری کارگێڕیی ئەو ناوچانە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی چڕیی دانیشتووانی کورد تیایاندا. بە درێژایی ئەم ماوەیەش، بەتایبەت لە کاتی هاتنی بەعسییەکان بۆ سەر کورسیی حوکم لە عێراقدا، کوردەکان لەپاڵ ڕاگەیاندنی شۆڕشی چەکداری دژی ئەم سیاسەتە خراپانە، چەندین جار لەگەڵ حکومەتی عێراقی چوونەتە ناو دانوستان، لە پێناو ڕاگرتنی ئەو سیاسەتانە و داننان بە کوردیبوونی ئەو ناوچانە و بەخشینی مافی بەڕێوەبردنیان بە کورد خۆی، بەڵام هەمیشە ئەم دانوستانانە شکستیان هێناوە و سیاسەتی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی ئەو ناوچانە و دانیشتووانیان؛ بەردەوام بووە. لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، بەشێک لەم ناوچانە کەوتنەوە دەستی کورد، دوای دانوستانێکی تری کورد لەگەڵ ڕژێمی بەعس و شکستهێنانی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان” وەک دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ بۆ بەڕێوەبردنی ئەو بەشە ڕزگارکراوانە دامەزرا، بەڵام بەشەکەی تری کە زیاد لە نیوەی ناوچە کوردستانییەکانی عێراقە، لەژێر دەستی ڕژێمی بەعسدا مانەوە تا ١٩/٣/٢٠٠٣، لەدوای ئەم ڕێکەوتەشەوە، ئەو ناوچانە کە لەدوای ڕاپەڕینەوە لە دەستی بەعسدا مابوونەوە، بوونە جێی ململانێ و ناکۆکیی نێوان “حکومەتی هەرێمی کوردستان” و “حکومەتی عێراق”، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم لەپاڵ ئەوەی داوای گەڕاندنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە دەکات بۆ بەر لە سەرژمێریی ١٩٥٧، کاتێک کورد تیایاندا زۆرینەی دانشتووانیان بووە، هاوکات داوای گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر سایەی بەڕێوەبردنی خۆی و لکاندنەوەیان بە هەرێمی کوردستانەوە دەکات، بەرامبەر بەم داواکارییەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، حکومەتی عێراق ئامادە نییە دەستبەرداری بەشێک لەو ناوچانە بێت، بەتایبەت کە هەندێکیان ناوچەی دەوڵەمەندن بە سەرچاوە سروشتییە ستراتیژییەکانی وەک نەوت و گاز، هەر لەبەر ئەمەش ئەم ناوچانە لە دەستووری کاتیی ٢٠٠٤ و دەستووری فیدراڵیی ٢٠٠٥ بە “ناوچە جێناکۆکەکان” ناوزەند کران، ئەم ناکۆکییەش تەوەرێکی سەرەکیی ئەو کێشانەیە کە تا ئیستا لەنێوان هەردوو لایەندا بەردەوامە. کەواتە بۆ پێناسەکردنی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی هەر ناوچەیەکیش لە عێراقدا کە “جێناکۆکە یان نا؟”، دەبێت بە لایەنی کەمەوە ڕەچاوی سێ پێوەر بکەین کە ڕەنگدانەوەی هەرسێ تێڕوانینەکەی “حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان”ە، ئەو سێ پێوەرەش بریتین لەمانە: ١. ناوچەکە بەر لە سەرژمێرییەکەی ١٩٥٧، زۆرینەی دانیشتووانی کورد بووبێت. ٢. ناوچەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت ڕژێمی بەعس) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بووبێت. ٣. ناوچەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەی بە هەرێمەوە لەسەر بێت. بە ڕەچاوکردنی هەرسێ پێوەرەکەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین: “ناوچە جێناکۆکەکان ئەو ناوچانەن کە بەر لە ١٩٥٧؛ زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانیی ڕژێمی بەعسدا) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بوون و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەیان بە هەرێمەوە لەسەر هەیە.” ئەگەرچی لە ڕووی کردارییەوە هەندێک لەم ناوچانە بۆ ماوەیەک (لە ساڵی ٢٠٠٣-ەوە تا ٢٠١٧) کەوتوونەتەوە دەست هەرێم، وەک کەرکووک و دوزخورماتوو و جەلەولا و هەندێک ناوچەی تر، بەڵام تا ئێستا دان بە گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەنراوە. سنووری جوگرافی و کارگێڕیی ئەم ناوچانەش، ئەو شریتە زەوییە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لکاوە بە باشووری ئەو سنوورەی هەرێمی کوردستانەوە کە تا ڕێکەوتی (١٩/٣/٢٠١٧) لەلایەن حکومەتی ئەم هەرێمەوە بەڕێوە براوە، ئەم شریتە زەوییە لە شەنگالەوە کە هاوسنووری سووریایە، دەست پێ دەکات و بەرەو “شێخان” لە ڕۆژهەڵاتەوە دەڕوات، ئەمجا لەوێوە بۆ باشوور دادەبەزێت و بە درێژایی کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە کۆی چوار قەزاکەی “پارێزگای کەرکووک” لەخۆی دەگرێت، تا دەگاتە ناحیەی “مەندەلی” لەسەر سنووری ئێران. بۆیە ئەم شریتە زەوییە، بەپێی هاوسێیەتیی سنووری جوگرافی، ئەم یەکە کارگێڕییانەی خوارەوە لەخۆی دەگرێت: قەزای شەنگال و تەلەعفەر و تەلكێف و شێخان و عەقره و حەمدانیە و ناحیەی قەحتانیە لە پارێزگای نەینەوا، هەموو پارێزگای کەرکووک بە هەر چوار قەزاکەیەوە، قەزای ناوەندی کەرکووک و دوبز و حەویجە و داقوق، قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحە دین، لەگەڵ قەزاکانی کفری و خانەقین و ناحیەی مەندەلی لە پارێزگای دیالە. ئەنجام ١. بۆ پێناسەکردنی چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان بە شێوەیەکی زانستیی ورد و بۆ دیاریکردنی هەر ناوچەیەکیش لە عێراقدا کە “جێی ناکۆکییە یان نا؟”، دەبێت بە لایەنی کەم ئەم سێ پێوەرە ڕەچاو بکەین: ١. بەر لە سەرژمێرییەکەی ١٩٥٧، زۆرینەی دانیشتووانی کورد بووبێت. ٢. لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت ڕژێمی بەعس) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بووبێت. ٣. لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەی بە هەرێمەوە لەسەر بێت. ٢. کەواتە مەبەست لە چەمکی ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو ناوچانەن کە بەر لە ١٩٥٧ زۆرینەی دانیشتووانیان کورد بوون و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە (بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانیی ڕژێمی بەعسدا) دووچاری شاڵاوەکانی ڕاگواستن و بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی و کارگێڕی و ناسنامەی نەتەوەیی بوون و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە داوای مافی بەڕێوەبردن و لکاندنەوەیان بە هەرێمەوە لەسەر هەیە. ٣. بەپێی ئەو سێ پێوەرە و پێناسەکەی سەرەوە، لە عێراقدا ئەم یەکە کارگێڕییانە بە ناوچەی جێناکۆک ئەژمار دەکرێن: قەزای شەنگال و تەلەعفەر و تەلكێف و شێخان و عەقرە و حەمدانیە و ناحیەی قەحتانیە لە پارێزگای نەینەوا، هەموو پارێزگای کەرکووک بە هەر چوار قەزاکەیەوە، قەزای ناوەندی کەرکووک و دوبز و حەویجە و داقوق، قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵ قەزاکانی کفری و خانەقین و ناحیەی مەندەلی لە پارێزگای دیالە. سەرچاوەكان [1])) بڕگەى (ج)ى مادەى (٥٨)ى یاساى قۆناغى گواستنەوەى ٢٠٠٤، دەڵێت: “تؤجّل التسوية النهائية للأراضي المتنازع عليها، ومن ضمنها كركوك، إلى حين استكمال الإجراءات أعلاه، وإجراء إحصاءٍ سكاني عادلٍ وشفّافٍ، وإلى حين المصادقة على الدستور الدائم، يجب أن تتمّ هذه التسوية بشكلٍ يتّفق مع مبادئ العدالة، آخذاً بنظر الاعتبار إرادة سكّان تلك الأراضي”. [2])) بڕگەى “دووەم”ى مادەى (١٤٠)ی دەستوورى ٢٠٠٥ دەڵێت: “المسؤولية الملقاة على السلطة التنفيذية في الحكومة الانتقالية، والمنصوص عليها في المادة (٥٨) من قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية، تمتد وتستمر الى السلطة التنفيذية المنتخبة بموجب هذا الدستور، على أن تنجز کاملةً (التطبيع، الإحصاء، وتنتهي باستفتاء في کرکوك والمناطق الأخرى المتنازع عليها، لتحديد إرادة مواطنيها) في مدةٍ أقصاها الحادي والثلاثون من شهر کانون الأول سنة ألفين وسبعة”. [3])) ورد فی الأمر الاداری الصادر من لجنة تنفیذ المادة ١٤٠ المرقم (١٥٩) فی (١١/١٢/٢٠١١) أن المناطق المتنازع عليها: “هي المناطق التي تعرضت لممارسات النظام السابق والمتمثلة بالتغير الديموغرافي وتغيير الوضع السكاني من خلال ترحيل ونفي وتهجير الافراد من اماكن سكناهم كهجرة قسرية وتوطين او عدم توطين افراد اخرين مكانهم ومصادرة الاملاك والاراضي والاستملاك واطفاء الحقوق التصرفية وحرمانهم من العمل من خلال تصحيح القومية او من خلال التلاعب بالحدود الادارية لتلك المناطق بغية تحقيق اهداف سياسية كان يبغيها النظام السابق”. [4])) المحکمە الإتحادیە العلیا، القرار المرقم (١١٣/اتحادیة/٢٠١٧) فی (٢٩/١٠/٢٠١٧)، متوفر على الرابط الآتي: https://www.iraqfsc.iq/krarat/2/2017/113_fed_2017.pdf [5])) بڕگەى (أ) لە مادەى (٥٣)ى یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ساڵى ٢٠٠٤. [6])) مادەى (١٤٣)ى دەستوورى کۆماریى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، دەڵێت: “یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە و پاشکۆکەی هەڵدەوەشێنەوە لەپاش پێکهێنانی حکومەتی نوێ، جگە لە بڕگەی (أ)ی مادەی (٥٣) و مادەی (٥٨).” [7])) مادەى (١١٧)ى دەستورى کۆماریى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، لە بڕگەى “یەکەم”یدا دەڵێت: “ئەم دەستوورە لە ڕێکەوتی پیادەکردنیەوە دان بە هەرێمی کوردستان و ئەو دەسەڵاتەی ئێستایدا دەهێنێت وەک هەرێمێکی فیدراڵی”. [8])) المحکمە الإتحادیە العلیا، القرار المرقم (٤٣/اتحادیة/٢٠١٨) فی (١١/٣/٢٠١٨)، متوفر على الرابط الآتي: https://www.iraqfsc.iq/krarat/2/2018/43_fed_2018.pdf [9])) بڕگەى (٥) لە مادەى (٣)ى یاسای دەستەی گشتیی هەرێمى کوردستان بۆ ئەو ناوچانەى ناکۆکییان لەسەرە، ژمارە (٢)ی ساڵى ٢٠١٠. [10])) بڕگەى (٥) لە مادەى (٢)ى یاسای ژمارە (٢)ى ساڵى ٢٠١٠. [11])) شبكة أخبار العراق، تعرف على المناطق المشمولة بالاستفتاء من خارج الإقليم، متوفر على الرابط الآتي: http://aliraqnews.com/تعرف-على-المناطق-المشمولة-بالاستفتاء/ [12])) بڕگەى (٢) لە مادەى (٥٨)ى یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە، ساڵى ٢٠٠٤. [13])) قرار مجلس الأمن الدولی المرقم (١٧٧٠) فی ٢٠٠٧. [14])) بعثە الأمم المتحدة لمساعدة العراق، الحدود الداخلیة المتنازعة علیها (تقریر)، الجزء الأول، ترجمة غیر رسمیة، ٢٠٠٩، ص ص ٢٣ – ٢٧٠. گۆڤاری ئاییندەناسی، ژمارە (3) ئەیلولی 2020
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف ئەو رۆژەی بڕیاردرا كورد ریفراندۆم بكات بۆ سەربەخۆیی، بارزانی بە نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی وت:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، بەڵام سكرتێری حزبی شیوعیو دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس دەیانوت دەبێت دەستوری دەوڵەتەكە "عەلمانی" بێت، نوێنەری بزوتنەوەی ئیسلامی داوایدەكرد وەكو مژدانەی ریفراندۆم چەند موچەیەك بەسەریەكەوە بە فەرمانبەران بدرێت، مەلا بەختیار پێشبینی هێرشی حەشدی شەعبی دەكردو محەمەد حاجی مەحمود-یش دەیوت باوەڕناكەم شیعە پەلاماری كورد بدەن، سەعدی پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە، رۆژێك كە تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش نەیتوانی لەوادەی خۆی دوایبخات، لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی گفتوگۆی بارزانیو لایەنەكان لە رۆژانی بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بڵاودەكەینەوە. دۆخی كورد لە رۆژگاری ریفراندۆمدا نیسانی 2017 كە وردە وردە شەڕی "داعش" بەرەو كۆتایی هەنگاوی دەنا، پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەفدێكی هاوبەشیان دروستكردو سەردانی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد، لەو سەردانانەدا باسیان لەوەكرد دەیانەوێت ریفراندۆم بكەن بۆ جیابونەوە لە عێراقو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. ئەوكاتەی كە پارتیو یەكێتی بابەتی ریفراندۆمیان وروژاند، حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدابوو، مانگانە بە پاشەكەوتیشەوە موچەی فەرمانبەرانی بۆ دابین نەدەكرا، لەڕووی سیاسیشەوە هەرێمی كوردستان لەناو قەیراندا بوو، ماوەی دوو ساڵ بوو بەهۆی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانییەوە، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستبوو، بزوتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركردبوو، رێگەی نەدەدات یوسف محەمەد سەرۆكی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان بگەڕێتەوە بۆ سەركارەكەی لە هەولێر. كێ چی دەوت ؟ لەم بارودۆخەدا بوو، رۆژی 7ی حوزەیران 2017 لایەنە سیاسییەكان بەبێ ئامادەبوونی بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبونەوە، لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی قسەی كردو وتی:" من دەزانم لە كوردستان كێشە هەیە، بەڵام ناكرێت ریفراندۆم ببەسرێتەوە بە كێشەكانەوە، ریفراندۆم بابەتێكی نەتەوەییەو پەیوەندی بە هیچ كەسو لایەنێكەوە نییە.. دەبوو گۆڕأن و كۆمەڵ بەشداری ئەم كۆبونەوەیەیان بكردایە چونكە پرسێكی چارەنوسسازە ، بەڵام بەداخەوە بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بارزانی سەربوردێكی دۆخی كوردی لە عێراق گێڕاوەتەوەو وتویەتی ئێستا گەیشتوینەتە دۆخێك" عەلی غێدان لە كۆبونەوەدا هەڕەشەی كردووە هەولێر داگیربكات، نوری مالیكی پێی وتووە پەلەمەكە تا فڕۆكەی (ئێف 16)ەكانمان بەدەستدەگات ئەوكاتە هێرش دەكەین". لە كۆتایی قسەكانیدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئێستا دو رێگامان لەبەردەمدایە، یان ئەوەی وەكو هاوڵاتییەكی عێراقی بمێنینەوە، یاخود ئەوەی بڕیارێكی مێژوویی بدەین، با ژیانو مردنمان بەیەكەوە بێت، دەرفەت دێتو دەڕوات". سەرباری ئەوەی داوای لە حزبەكان كرد لە كۆبونەوەكەدا رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دیاری بكەن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) هەر لەو كۆبونەوەیەدا بارزانی بە نوێنەری حزبەكانی وتووە:" ئەنجامدانی ریفراندۆم بەواتای دامەزراندنی دەوڵەت نییە". دوای قسەكانی بارزانی، بۆچونی لایەنە سیاسییەكان بەمشێوەیە بووە لەبارەی ریفراندۆمەوە: • كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی ئەوكاتەی یەكێتی بە نوێنەرایەتی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە بووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، وتویەتی:" پشتیوانی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەم". • مەلا بەختیار كارگێڕی ئەوكاتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تویەتی:" لەدوای داعش مەترسی هەیە حەشدی شەعبی پەلاماری كوردستان بدات، كێشەی ناوخۆیی بە بچوك مەزانن، ئاسان نییە بەبێ چارەسەركردنی كێشەكانو كاراكردنەوەی پەرلەمان ریفراندۆم بكرێت، پێشنیاز دەكەم وەفدێكی لایەنەكان بەبێ پارتیو یەكێتی سەردانی گۆڕانو كۆمەڵ بكەن، نواندنی نەرمی لەلایەن كاك مەسعودەوە لەگەڵ گۆڕانو كۆمەڵدا شەرەفمەندیییەكی گەورە دەبێت". • رۆژ نوری شاوەیس ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی:" سەرەتا كە سەردانی حزبەكانمان كرد لەبارەی ریفراندۆمەوە هەڵوێستیان باش بوو، ئێمە لەگەڵ دەوڵەتێكی دیموكراتی عەلمانیداین". • هادی عەلی بە نوێنەرایەتی یەكگرتووی ئیسلامی قسەی كردووەو وتویەتی:" یەكگرتوو بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ ریفراندۆمەكەدایەو پێیانوایە ئەگەر كورد خۆی ئەمری واقیع فەرز نەكات كەس ئەو كارەی بۆ ناكات"، بەڵام نوێنەرەكەی یەكگرتوو داوای كردووە پێداویستییەكانی بەڕێوەچونی ریفراندۆمەكە ئامادە بكرێت، لەپێش هەمویانەوە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان. • كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی باسی لەوەكردووە" ئەوان وەكو حزبی شیوعی داوای دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكەن، بەڵام بەجۆرێك شوناسی دەوڵەتەكە مەدەنیو عەلمانیو دیموكراسی بێت"، بەپێچەوانەی ئەوەی بارزانی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی: ریفراندۆم بەواتای دروستكردنی دەوڵەت نییە"، سكرتێری حزبی شیوعی لە قسەكانیدا باسی لەوەكردووە:" دەبێت ئەوە یەكلابكرێتەوە ئایا ئێمە ریفراندۆم بۆ چ شتێك دەكەین ؟ ئایا ریفراندۆم پەرچەكردارە بەرامبەر بە بەغداد ؟". • كامیل حاجی عەلی كە بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەدا، وتویەتی:" هەوڵ بدرێت هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمدا مژدە بە خەڵك بدرێت" لەمەدا مەبەستی لەوە بووە حكومەت چەند موچەیەك بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكات، كە ئەوكات هاوشێوەی ئێستا فەرمانبەران كێشەی وەرگرتنی موچەكانیان هەبووە. • بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشان:" ئێمە پشتیوانی ریفراندۆم دەكەینو پێویستە پەلەی لێ بكرێت چونكە دواكەوتووە". • مونا قەهوەچی كە بە نوێنەرایەتی حزبە توركمانییەكەی بەشداربوو، بەتوندی پاڵپشتی ریفراندۆمی كردووەو پێی وابووە ریفراندۆم دواكەوتووەو وتویەتی:" دەبوو ساڵی 2003 ریفراندۆم بكرایە". • محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سوسیالیستی دیموكراتی كوردستان وتویەتی:" پێویست بوو گۆڕانو كۆمەڵیش بەشداربونایە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدانیم ریفراندۆم دوابخرێت، راستە قەیران هەیە، بەڵام ریفراندۆم لە قەیران گەورە ترە". • مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەوكاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وتویەتی:" ریفراندۆم پرۆسەیەكی نەتەوەییەو كەس ناتوانێ دژی بوەستێت". خاڵی ناكۆكی بەگشتی لە كۆبونەوەكەدا زۆرینەی لایەنەكان لەسەر دوو خاڵ هاوڕابوون كە ئەمانە بوون: • هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا بە گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیشەوە. • هەموان بەشێوەیەكی مەبدەئی لەگەڵ سازدانی ریفراندۆمدا بوون. • زۆرینەی لایەنەكان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد، ئەبو كاروان وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی بەشداربووە لە كۆبونەوەكەداو لەسەر ئەم بابەتە قسەی كردووەو داوای لە بارزانی كردووە پەرلەمان كارا بكاتەوەو رێگە بدات یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، بارزانی رەتیكردوەتەوەو وتویەتی یوسف محەمەد سەرچاوەی هەموو كێشەكان بووەو رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە، بارزانی پێشنیازی كردووە ئەبو كاروان پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەبو كاروان رەتیكردوەتەوە، چونكە مەبەستی پێشنیازەكەی ئەبوكاروان بۆ پینەكردن و چارەسەركردنی ناكۆكیەكان بووە نەك بەدەستهێنانی پۆستەكە ، بەر لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە 15ی مانگی ئەیلولدا، بارزانی بە پاڵپشتی یەكێتیو ئەو لایەنانەی كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پاڵپشتییان دەكرد، پەرلەمانی كوردسانی بەبێ گەڕانەوەی یوسف محەمەد كاراكردەوەو پەرلەمان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی پەسەندكرد. • زۆربەی لایەنەكان باسیان لە چاككردنی دۆخی بژێویو موچەی فەرمانبەرانیان كردووە بەر لە سازدانی ریفراندۆمەكە. ئەوانەی لە كۆبونەوەكەدا لەگەڵ سازدانی ریفراندۆم نەبوون تەنیا دوو لایەن بوون: • ئایدن مەعروف بە نوێنەرایەتی بەرەی توركمانی بەشداربوو لە كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكاندا، ئایدن دوایكردووە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغداد دانوستان بكات، هەروەها داویكردووە رۆڵی پێكهاتەكانی لە ریفرامدۆمدا دیاری بكرێت. • ئاشورییەكان بەهەمان شێوە دژی ریفراندۆم بوون، نوێنەرەكەیان كە كەسێك بووە بەناوی (یەعقوب) وتویەتی:" ئێمە پشتیوانی مافەكانی كورد دەكەین، بەڵام دەبێت رێككەوتن لەگەڵ كلدۆئاشورییەكان بكرێت، چونكە ئاشورییەكان لە كورستان چەوسێندراونەتەوە. بەرەی توركمانو ئاشورییەكان تەنیا لەم كۆبونەوەیەدا بەشدارییان كردو دواتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی لیژنەی باڵای ریفراندۆمیان نەكرد. پیرە رۆژی ریفراندۆمی یەكلاكردەوە كاتێك قسەوباسەكانی لەبارەی ریفراندۆمەوە تەواوبوون، مەسعود بارزانی كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دەكرد، رووی لە (هەندرێن محەمەد) سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان كردو لێی پرسی: - چەنێك كاتتان دەوێت بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكەن بۆ سازدانی ریفراندۆم ؟". + لەو رۆژەوە بودجە بۆ ریفراندۆمەكە ئامادە دەكرێت ماوەی (120) رۆژ كاتمان پێویستە. - بارزانی بەتوڕەییەوە: ئەمە كاتكوشتنە، ئەو هەموو كاتەی ناوێت، ئەگەر نایكەن با رایبگەیەنین كە ریفراندۆم ناكرێت، تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت من هەر ریفراندۆم دەكەم، ئەگەر ئێوە نایكەن من كاتی ریفراندۆمەكە دیاری دەكەم. لەم كاتەدا بوو كە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێشنیازی كرد رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بەڕێوەچێت، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بارزانی پێشنیازەكەی سەعدی پیرەی زۆر بەدڵ نەبووەو خوازیار بووە لە رۆژی (1)ی ئەیلول ریفراندۆمەكە بكرێت، بەڵام لەناچاریدا قبوڵی كردووە، سەعدی پیرەش پێشنیازەكەی بۆ ئەوە كردووە هەندێك كاتی ریفراندۆمەكە دوابخات بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ بیكردنەوەو بڕیاردان. هەر لەم كۆبونەوەیەدا بوو كە لایەنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستبكرێتو بۆ رۆژی دواتر هەر لایەنێك نوێنەری خۆی لە لیژنەكەدا دیاری بكات. كۆبونەوەی لیژنەی ریفراندۆم كۆبونەوەى دواتر لیژنەی باڵای ریفراندۆم دروستكراو یەكەمین كۆبونەوەی خۆی رۆژی 2017/8/7 بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كرد، ئەم كۆبونەوەیە لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كە تێیدا رۆژی ریفراندۆم دیاریكرا جیاوازتر بوو، بارزانیو نوێنەری لایەنەكان لە لیژنەی ریفراندۆم دوای وەرگرتنی بۆچونی وڵاتانی جیهان، هەندێك لە بڕیارە توندەكەیان بۆ سازدانی ریفراندۆم پاشەكشێیان كردو بەپێچەوانەی كۆبونەوەی لایەنەكانەوە كە هەستو سۆز تێیدا زاڵ بوو، لەم كۆبونەوەیەدا كەمێك وردترو هۆشیارانەتر قسە لەسەر سازدانی ریفراندۆم كراوە. لەم كۆبونەوەیەدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بارزانی باسی لەوەكردووە، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانو باڵیۆزی ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو كونسوڵی وڵاتانی بینیوەو هەمویان لەگەڵ ئەوەدانین هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكاتو دەڵێن كاتەكەی گونجاو نییە. بەپێی ئەوەی باس دەكرێت لەم كۆبونەوەیەدا بارزانی دوای وەرگرتنی بۆچونی ئەمریكاو نەتەوە یەكگرتووەكانو كونسوڵی وڵاتان بۆچوونی گۆڕاوەو پاشەكشێی كردووەو بە نوێنەری لایەنەكانی وتووە:" خۆتان ئەزانن لە كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكاندا ئێوە كاتی ریفراندۆمتان دیاری كردووە نەك من"، واتا بەرپرسیارێتییەكەی خستوەتە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە كۆبونەوەكەدا بارزانی خۆی فشاری كردووە لە ریفراندۆمەكە لە كاتێكی زوتر لە 25ی ئەیلول بەڕێوەبچێتو تەنانەت وتویەتی تەنانەت ئەگەر ئەمریكاش دژ بێت، ئەو هەر ریفراندۆم دەكات. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك یەكێك لەوانە بووە كە لە یەكەمین كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا قسەی كردووەو وتویەتی:" بۆ تەید كردنی قسەكانی كاك مەسعود ، منیش لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا دانیشتم، هەمان قسەیان كرد كە كاتەكە گونجاو نییە، بەڵام وتم ئەگەر ریفراندۆمەكە دابخەین بۆ كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018دا، بەڵین دەدەن هاوكارمان بن، باڵیۆز بەڵێنی نەدا، كاك مەسعود من لەگەڵ بۆچونی تۆدام لەبارەی ئەوەی عەبادی لە مالیكی باشترە". لەبارەی هەڵوێستی یەكێتییەوە سەبارەت بە ریفراندۆم، نەجمەدین كەریم باسی لەوەكردووە لە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی كەس دژی ریفراندۆم نییەو ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیش دەنگی داوە بە ریفراندۆم. لەم كۆبونەوەیەدا هەندێك رەخنە گیرا لەوەی بەتایبەتی لەلایەنی پارتییەوە تەخوینی ئەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێ بەشداری ریفراندۆم ناكەنو دەنگ نادەن، بارزانی لەمبارەیەوە وتویەتی:" من لەگەڵ تەخوینكردندا نیم، بەڵام ئەوەی ئەوانەش دەیكەنو دەیڵێن لەبارەی ریفراندۆمەوە راست نییە". دوای ئەم كۆبونەوەیە، بارزانی گەشتێكی ئەوروپای كرد تاوەكو لەوێ لەناوەندە سیاسییەكان بانگەشە بۆ ریفراندۆم بكاتو دۆست بۆ ریفراندۆمەكە كۆبكاتەوە، بەڵام لەوێ پرسیاری لێكرا لەبارەی ئەوەی بۆچی دەرگای پەرلەمانی كوردستانی داخستووە، ئەمە بارزانی نیگەران كردووەو بەشێوەیەكی خێرا كۆتایی بە گەشتەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ كوردستان. بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتی ریفراندۆمیان دەكرد، بابەتەكەیان بەجددی گرتبوو، تەنانەت لیژنەیەكیان دروستكردبوو بۆ نوسینەوەی دەستوری دەوڵەتی كوردستان، ئەمە ئەوكاتەبوو كە هێَشتا ریفراندۆم نەكرابوو، ئاسۆی كاردانەوەی عێراقو وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبوو. نامەكەی تیلرسن ریكس تیلرسن وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا رۆژی 23ی ئەیلول، واتا دوو رۆژ بەر لەوەی ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، نامەیەكی بۆ مەسعود بارزانی نارد، تێیدا داوای لێكرد، پرۆسەی ریفراندۆم دوابخاتو بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی قبوڵ بكات. مەبەست لە هاوپەیمانەكان ئەوەبوو، بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساو نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتیوانی ناوەڕۆكی نامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان دەكرد بۆ بارزانی. بەدیلی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی كە لەنامەكەی تیلرسۆندا كە لە زیاتر لە (700) وشە پێكهاتبوو، ئەوەبوو، كورد ریفراندۆم نەكاتو لەبری ئەوە بۆ ماوەی ساڵێك بچێتە گفتوگۆوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدادو ئەگەر هەیە وادەی دانوستانەكە دوای ساڵەكە درێژبكرێتەوە. تیلرسن باسی لەوەكردبوو، ئەمریكا لەگەڵ بەریتانیاو فەرەنسا هەوڵ دەدەن بەدیلی ریفراندۆم كە دیالۆگە لەگەڵ بەغداد بۆ چارەسەری كێشەكان، لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەندبكرێت، ئەگەر بەدیلەكەش ئەنجامی نەبوو، ئەوكات ئەوان پاڵپشتی كورد دەكەن ریفراندۆم بكات، لەبەرامبەردا هۆشداری دابوو لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەرێم بەیلەكە قبوڵ نەكاتو سوربێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئاكامی مەترسیداری دەبێت. نامەكە بەفەرمی دانی بەوەدانابوو كە كورد لە ساڵی 1921ەوە ستەمێكی مێژوویی لێدەكرێت، باسی لەوەكردبوو، بەدیلەكەی ئەمریكا هەلێكی مێژووییە بۆ كورد كە "شایستەی تاقیكردنەوەیە". ئەمریكا لەو نامەیەی تیلرسۆندا، لەبەرامبەر ئەوەی بارزانی ریفراندۆمەكەی دوابخات، ئەمادەیی نیشاندابوو ئەم كارانە بۆ كورد بكات: • رێككەوتنی مانادار لەسەر دابەشكردنی دەسەڵاتو داهات. • جێبەجێكردنی ماددەی 140. • چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی وەك پێشمەرگە، فڕۆكەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی.. هتد. فوئاد حسێن كە ئەوكات سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە كۆبونەوەی رۆژی 23ی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا نامەكەی تیلرسۆنی خوێندەوەو وەریگێڕا بۆسەر زمانی كوردی، زۆرینەی ئامادەبوان لەگەڵ ئەوە بوون، ریفراندۆم بكرێتو دواتر لەگەڵ بەغداد دانوستان بكرێت. لەوكاتانەدا كە ئەمریكا نامەكەی بۆ بارزانی نارد، ئێرانیش فشارەكانی لەسەر یەكێتی توندكردەوە، وەفدێكی یەكێتی بانگهێشتی تاران كران، لەوێ پەیامی توندیان پێدرا ئەگەر ریفراندۆم بكەن، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان لێ دەسەندرێتەوە. مەلا بەختیار هەڕەشەكانی ئێرانی لە یەكێتی لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای ریفراندۆمدا خستەڕوو، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست لەوانەبوو كە پێشبینییەكەی بەوشێوەیە بوو، سەرباری هەڕەشەكان شیعە یاخود بەدیاریكراوی "حەشدی شەعبی" شەڕی كورد ناكەن". مەلا بەختیار داوای دەكرد بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەڕێوەچوون یان نەچوونی ریفراندۆم دوابخرێت بۆ دواین ساتەكان بۆ ئەوەی هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە بەتەواوەتی بەدیار بكەوێت، ئەم قسانەشی دوای سەردانی وەفدی یەكێتی هات بۆ تاران. هەر لەو رۆژەدا بوو، بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی كردو دوای گەڕانەوەی بە میدیاكانی یەكێتی راگەیاند، ریفراندۆم ناكرێتو كورد قایل بووە بە پێشنیازەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەو سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی بەتوندی دەستی بارزانی گوشتیوەو داوای لێكردووە لەسەر بەڵێنی خۆی ریفراندۆمەكە نەكات، بارزانی بەڵێنی پێداوە، ئەمە هۆكارەكە بووە كە بافڵ دوای كۆبونەوەكە رایگەیاندووە ریفراندۆم ناكرێت. رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 لەناو بارودۆخێكی خراپی ئابوریو سیاسی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو لەژێر فشاری وڵاتانی ناوچەكە (ئێران، توركیا)و ناڕەزایەتی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو یەكێتی ئەوروپا، بارزانیو ئەوانەی پاڵپشتییان دەكرد، ریفراندۆمیان كرد، ریفراندۆمەكە لە چەند ناوچەیەكی كێشەلەسەر بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی هەرێم رێژەی 72%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشدارییان لە ریفراندۆمەكەدا كردووە، دهۆك بەرزترین ئاستی بەشداریو پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە كەمترین ئاشتی بەشدارییان تۆماركرد، بەوتەی كۆمسیۆن رێژەی زیاتر لە 92%ی بەشداربوان بە"بەڵێ" دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی كوردستان، ئەوكات جوڵانەوەی "نەخێر لەئێستادا" كە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكایەتی دەكرد، دەیوت ساختەكاری لە ریفراندۆمەكەدا كراوە. بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامی كە بەشدارنەبوون لەناو ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا، لە رۆژی دەنگدانیاندا چونە پاڵ ریفراندۆمەكەو عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بە "بەڵێ" دەنگیاندا بۆ جیابونەوە لە عێراق. رۆژی 1ی ئۆكتۆبەر، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم لە هەولێر بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی ئەنجومەنەكە بگۆڕدرێت بە "ئەنجومەنی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، ئەنجومەنە نوێیەكە بڕیاریدا بەبێ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم دەستبكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەغداد رایگەیاند بەبێ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ئامادە نییە هیچ گفتوگۆیەكیان لەگەڵدا بكات، لەپاڵ ئەمەدا ئێرانو توركیا سنورەكانی وشكانیو ئاسمانی خۆیان بەڕووی هەرێمدا داخستو لەپاڵ ئەمەشدا دەستیان كرد بە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی عێراقدا لەسەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان. بەیانی رۆژی 25ی نۆڤێمبەر، دوای كارەساتەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو لەدەستدانی رێژەی 51%ی خاكی ناوچە كێشە لەسەرەكان، دادگای فیدراڵی عێراق فەرمانێكی دەركردو كاركردنی بە ئەنجامەكانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان سڕكرد، هەرێم كە پێشتر لەسەر بانگەوازی ئایەتوڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد دەربڕی بوو، فەرمانەكەی دادگای فیدراڵی عێراقی پەسەندكردو بەوەش قایل بوو بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم لەپێناو دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ عێراق هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر دەروازە سنورییەكان فڕۆكەخانەكانی هەرێم.
(درەو) سایتی مۆنیتۆری ئەمریكی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە" میلیشیاكانی ئێران مەرزی (پەروێزخان)یان لە سنوری هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵ كردووەو ئێران لەژێر پەردەی زیارەتكاراندا قاچاخچێتی دەكات سایتی مۆنیتۆر لە راپۆرتێكدا: • میلیشیاكانی ئێران سنوری هەرێمی كوردستانیان كۆنترۆڵكردووەو بەبەهانەی سەردانكردنی شوێنە پیرۆزەكان لەو سنورانەوە قاچاخچێتی دەكەن. • ئێران كۆنترۆڵی نیمچە تەواوەتی دەروازەی سنوریی پەروێزخانی كردووە لە سنوری ئیدارەی گەرمیانو بوەتەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم لە داهاتی باجی گومرگیی بێبەش ببێت. • تۆڕی گەورەی قاچاخچێتی هەیە بەبەهای ملیۆنان دینار، ژمارەیەكی زۆر میلیشیا كۆنترۆڵی دەروازە سنورییەكەیان كردووەو حەشدی شەعبی دەستی بەسەر هەموو بەشەكانی سنورەكەدا گرتووە. • ئەفسەرێكی ئەمنی بە (مۆنیتۆر)ی وتووە، یەكێك لەو تەكتیكانەی كە ئێران لە سنوری پەروێزخان بۆ قاچاخچێتی بەكاری دەهێنێت ناردنی زیارەتكارانە بۆ شوێنە پیرۆزەكان لە نەجەفو كەربەلا. • لە مەرزی پەروێزخانەوە زۆرترین بڕی كاڵای ئێران هەناردەی عێراق دەكرێت، لە چوار مانگی ئەمساڵدا بەبەهای (562 ملیۆن) دۆلار ئێران كاڵای لەو دەروازەیەوە هەناردە كردووە. • ساڵی 2017 رێژەی زیاتر لە 54%ی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لەرێگەی مەرزی پەروێزخانەوە بووە، لەو ساڵەدا بەهۆی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانەوە ئێران ئەم دەروازەیەی بۆ ماوەی سێ مانگ داخست، بەوهۆیەوە بەپێی قسەی یەكێك لە میدیاكانی ئێران، لەو ماوەیەدا سێ هەزار كەس لە دیوی ئێران كە لە دەروازەكەدا كاریان كردووە، بێكاربوون. لینكی راپۆرتەكەی سایتی مۆنیتۆری ئەمریكی
درەو: حكومەتی عێراق موچەی (5) مانگی فەرمانبەرانی دامەزراوە فیدراڵیەكانی ناردووەو حكومەتی هەرێمیش دەیەوێت بە لێبڕینەوە موچەكەیان بەسەردا دابەش بكات، چونكە كورتهێنانی لە موچەكەدا هەیە. ماوەی پێنج رۆژە حكومەتی عێراق بڕی ( 9 ملیار) دینار پارەی موچەی پێنج مانگ واتا مانگەكانی (4، 5، 6، 7، 8)ی دامەزراوە فیدراڵیەكانی عێراقی رەوانەكردووە كە بۆ مانگێك ( ملیارێك و 800 ملیۆن) دیناری دەكات، بەڵام ئەو دامەزراوە فیدراڵیانە ( پاسپۆرت، نشینگە، رەگەزنامە، كارتی زانیاری، كارتی نیشتمانی، فڕۆكەخانە، سنورەكان) كە ژمارەیان (5 هەزارو 500) فەرمانبەرو ئەفسەرە،موچەی مانگانەیان ( 6 ملیار و 300 ملیۆن) دینارە، مانگانە حكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەی پڕكردۆتەوە واتا بۆ هەموو مانگێك بڕی ( 4 ملیارو 500 ملیۆن) دیناری كورتهێنانی خستۆتە سەر ئەو ( ملیار و 800 ملینۆ) دینارە بۆ ئەوەی موچەی مانگێكی ئەو فەرمانبەرانە دابین بكات، لەبەر ئەوەی هەرێم خۆی دەستی خستۆتە ناو ئەو دامەزراوە فیدراڵیانەوەو فەرمانبەری دیكەی بۆ دامەزراندوون، حكومەتی ناوەندیش بڕە پارە بۆ ئەو فەرمانگەو فەرمانبەرانە دەنێرێت كەخۆی رەزامەندی لەسەرداون. لە ئێستادا ماوەی نزیكەی (80) رۆژە فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە موچەیان وەرنەگرتووەو بە پێی زانیارییەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نیازە بە لێبڕینی (21%)ەوە دەیەوێت موچەكەیان بەسەردا دابەشبكات، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمتەرخەم بووە لە ناردن و بەرزركردنەوەی لیستی موچەی دامەزراوە فیدراڵیەكان بۆ بەغداد.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف پارتی كارتێكی سوری بەڕووی یەكگرتوودا بەرزكردەوە، مەگەر پەیوەندییە تایبەتەكەی "ئەمیندار" لەگەڵ بارزانیدا دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە، ئەگەر نا سەر بۆ شتی تریش دەكێشێت، كۆمەڵی ئیسلامی بارێكی لەتوانای خۆی گەورەتر هەڵگرتووەو دەیەوێت مەسرور بارزانی تا هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمان پەلكێش بكات، ئەمە لەكاتێكدایە تەنیا پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا لەناو پەرلەمان خاوەنی (٥٧) كورسین و هەموو لایەنەكانی تر بەیەكەوە (٥٤) كورسییان هەیە، گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕی بۆ ئەوەی بەشداری هەوڵی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی نەكات، یەكێتیش بەهۆی قوباد تاڵەبانییەوە دەستی بەستراوەو رێواز فایەق كەوتوەتە بەرداشی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە، یەكەمیان دەڵی "نەكەی"، دوەمیش دەڵێ "توندی بكەرەوە"، لەم بارودۆخە بابەتی پرسیاندنی سەرۆكی حكومەت لەبارەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە لە پەرلەمان، بەكوێ دەگات ؟ پەیوەندییەكانی پارتی و یەكگرتوو پارتی لە پارێزگای دهۆك بەشێوەیەكی تاكلایەنە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكگرتوو هەڵوەشاندەوە. ئەمە پەیامێكی پارتی بوو بۆ یەكگرتوو، لەبارەی ئەوەی ناڕازییە لە هەڵوێستە ساسییەكانی یەكگرتوو سەبارەت بە: 🔹 خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی دهۆك و تێوەگلانی یەكگرتوو لەو ناڕەزایەتییانەدا 🔹بەشداری پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە پرۆسەی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان. ساڵی ٢٠١٤ یەكگرتوو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە دهۆك، (١٧) پۆستی لە ئیدارەی پارێزگاكە وەرگرت، بەڵام پارتی دوای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی، دەیەوێت ئەو پۆستانە لە یەكگرتوو وەربگرێتەوە. پارتی پێی خۆش بوو یەكگرتوو بەشدار بێت لە كابینەی مەسرور بارزانیدا، بەڵام یەكگرتوو كە لە دواین هەڵبژاردندا دەنگەكانی پاشەكشێیەكی زۆری كرد، نەیویست جارێكی تر سەرچڵی بەدەنگی شەقامەوە بكات و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد. یەكگرتوو كاتێك بوو بە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتەكەی پارتی لە هەولێر، لە پارێزگای دهۆك رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بەشدار بو لە حكومەتی خۆجێی دهۆكدا. بە هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی دهۆك، ئێستا پارتی و یەكگرتوو هیچ رێككەوتنێكی فەرمی لەنێوانیاندا نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە رەنگە تەنیا پەیوەندییە تایبەتەكەی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو بێت لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا، كە ئەمیندار هەرگیز نایەوێت سەرچڵی بەو پەیوەندییەوە بكات. یهكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە میدیا فەرمیەكەیەوە بڵاویكردۆتەوە كە خۆی بڕیاری كشانەوەی داوە لە حكومەتی خۆجێی دهۆك،كشانەوەی یەكگرتوو لە حكومەتی خۆجێی دهۆك لەكاتێكدایە یەكگرتوو هێشتا لە حكومەتە خۆجێییەكانی سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بەشدارەو ژمارەیەك پۆستی ئیدارەی ناوچەكەی بەدەستەوەیە. بەپێی ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2018، یەكگرتووی ئیسلامی لە پارێزگای دهۆك خاوەنی (٤٣ هەزار) دەنگە. یەكگرتوو تاكە حزبی هەرێمی كوردستانە كە لەڕووی دەنگەوە دابەش نەبووە بەسەر واقعی جوگرافیای سیاسی هەرێمی كوردستان و هەم لە زۆنی زەردو هەم لە زۆنی سەوز تاڕادەیەك پارسەنگی خۆی لە هەڵبژادنەكاندا پاراستووەو بەتەواوەتی نەبووە بە حزبی شارو زۆنێكی دیاریكراو. یەكگرتوو سەرباری ئەوەی نایەوێت سەرچڵی گەورەی سیاسی بە پەیوەنییەكانییەوە بكات لەگەڵ پارتی، بەڵام لە كابینەی نوێدا كاتێك بە ئومێدی گەڕاندنەوەی دەنگە لە دەستچووەكانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد، بەبەراورد بە رابردوو كەمێك گوتارو رەخنەكانی لەسەر پارتی و حكومەت توندكردەوە، میدیای فەرمی یەكگرتوو ئێستا گوتاری قسەكردنی زۆری نەماوە بۆ شێوازەكەی (٢٠٠٩)ی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام كێشەكەی ئەوەی كە میدیایەكی ناسراو و كاریگەر نییە لەسەر رایگشتی. لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی هەوڵی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت هەرێم بۆ بەردەم پەرلەمان و لێپرسینەوەی سەبارەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، سەرەتا فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی سەرۆكایەتی دەكرد. كۆمەڵی ئیسلامی لە رابردوودا ئەزموونی ئەوەی كردووە تاوەكو لە گوتاری لە شەقامەوە نزیك بێت، ئاستی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنەكان زیاتر بووە، ئێستا كە هێزێكی ئۆپۆزسیۆنەو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق نزیكبوەتەوە، دەیەوێت بارێكی قورس لە توانای خۆی هەڵگرێت و بەوەش سەرنجی شەقامی ناڕازی كوردستان بەلای خۆیدا رابكێشێت. ئەوانەی داوای پرساندنی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب دەكەن دەڵێن بڕیاری لێبڕینی ٢١٪ی موچەی فەرمانبەران بڕیارێكی نایاساییەو حكومەت مافی نییە كارێكی لەوجۆرە بكات. هەوڵی یەكەم لەسەرەتاكانی مانگی ئەیلول دەستی پێكرد، (٢٤) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ، یەكگرتوو، گۆڕان، یەكێتی، سەربەخۆكانی (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەتەوە)، شیوعی ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردو نیسابی یاساییان بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی بە زیادەوە تەواوكرد، بەڵام بەبەهانەی ئەوەی نوسراوەكەیان رێكارەكانی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەنجام نەداوە، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە، هەوڵەكەی شكستپێهێنا، ئەویش بە گەڕاندنەوەی نوسراوەكەی پەرلەمانتاران بە بیانووی كێشەی پەیڕوی. ناوەڕاستی ئەم مانگە جارێكی تر بەسەرۆكایەتی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی هەوڵی دووەم بۆ بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئاوات شێخ جەناب لەسەر هەمان بابەتی تایبەت بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەستی پێكرد، لە هەوڵی دووەمدا پەرلەمانتارانی یەكێتی و بەشێك لە پەرلەمانتارانی گۆڕان كشانەوەو پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ جێگەیان گرتەوە. نیسابی یاسایی بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێویستی بە ئیمزای (٢٣) پەرلەمانتار هەیە، ئێستا (٢٢) پەرلەمانتار ئیمزایان كردووەو تەواوبونی نیسابەكە پێویستی بە ئیمزای (یەك) پەرلەمانتار هەیە، پارتی نایەوێت نیساب تەواو ببێت، بۆیە فشاری لەسەر ئەو لایەنانە توندكردووە كە پەرلەمانتارەكانیان ئیمزایان لەسەر نوسراوەكە كردووە. عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ كە سەركردایەتی هەوڵەكە دەكات دەڵێ:" ئەم دەسەڵاتە رۆژ بە رۆژ بەرەو دیكتاتۆریییەت دەڕوات، تا ئاستی دروستكردنی دەسەڵاتێكی پۆلیسی و هەواڵگریی، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ترسی لە واژۆیەكیش هەیە كە پەرلەمانتارێك كردویەتی تا سەرۆكی حكومەت بێتە بەردەم ئەو پەرلەمانەی كە حزبەكەی زۆرینەیە تیایدا !". یەكێتی دەترسێت ! پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لای یەكێتییە، یەكێتی زیاتر لە پارتی ترسی لە بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی هەیە بۆ بەردەم پەرلەمان. (5) پەرلەمانتاری یەكێتی لە هەوڵی یەكەمدا ئیمزایان لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردنی مەسرور بارزانی كرد بۆ بەردەم پەرلەمان، بەڵام لە هەوڵی دووەمدا پاشەكشێیان كرد. رێواز فایەق لەسەر پشكی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی پێدراوە، بەڵام ئێستا كەوتووەتە بەرداشی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە، یەكەمیان پێی دەڵی "نەكەی" دووەمیش دەڵێ "توندی بكەرەوە". سەركردەكانی یەكێتی ترسیان هەیە لەوەی هەوڵی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی دواجار سەربكێشێت بۆ لێسەندنەوەی متمانە، ئەگەر دۆخەكە بەم ئاستە بگات، پارتی بەهۆی ئەو زۆرینەیەی كە لەناو پەرلەمان هەیەتی دەتوانێت مەسرور بارزانی لە لێسەندنەوەی متمانە رزگاربكات، بەڵام ئەگەر یەكێتی بەشدار بێت لە هەوڵەكەدا، پارتی ئامادە نییە قوباد تاڵەبانی لە هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە رزگار بكات. ئێستا بەشێكی یەكێتی بەدیاریكراویش لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی حزبەكەی و لایەنگرەكانی رەخنەی توندیان لە كابینەی مەسرور بارزانی هەیە، بەڵام بەهۆی قوباد تاڵەبانییەوە دەستیان بەستراوەو توانای هەڵگرتنی هیچ هەنگاوێكی كردارییان نییە. پێشتر لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی هەڕەشەی كشانەوەی لە حكومەت كرد ئەگەر لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت، بەڵام لێبڕین هەر بەردەوامەو یەكێتیش لە حكومەت نەكشاوەتەوە، بۆیە ئەوەی هاوسەرۆكەی یەكێتی وتی هێشتا هەر لەچوارچێوەی دروشمدا ماوەتەوەو پێناچێت رۆژێك لە رۆژانیش بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. سەرباری ئەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ماڵباتی تاڵەبانی لەبەرامبەر لاهور شێخ جەنگی و ئاڕاستەكەی لەناو یەكێتیدا خۆیان كۆكردوەتەوەو بەتوندی پاڵپشتی لە قوباد تاڵەبانی نوێنەری خانەوادەكەیان لەپۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەكەن. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كە بەر لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بەردەوام رۆژانە "تەنز"ی لەسەر پارتی دەنوسی، ئێستا كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتییەو لەوكاتەوە بۆ سەركردایەتی هەڵبژێردراوە، بێدەنگەو هیچ قسەیەك لەسەر پارتی ناكات، شاناز پاڵپشتی بەهێز لە قوباد تاڵەبانی خوشكەزای دەكات و دەیەوێت لە هەڕەشەی جوڵە سیاسییەكانی لاهور شێخ جەنگی بەرامبەر بە پارتی بیپارێزێت، لەولاترەوە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی بەرگری لە قوبادی برای دەكات و بەپێچەوانەی لاهور شێخ جەنگییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئاسایی كردوەتەوەو نایەوێت لەسەر دەستی چەند پەرلەمانتارێك لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە گورزێك بەر قوبادی برای و گورزێكیش بەر پەیوەنییەكانی خۆی لەگەڵ بارزانیدا بكەوێت، بۆیە یەكێتی ناچیتە ناو گەمەی پرساندنی سەرۆكی حكومەتەوە. یەكێتی بە زەحمەتێكی زۆر كۆنگرەی چوارەمی خۆی لە كۆتاییەكانی ٢٠١٩دا بەست بۆ ئەوەی كۆتایی بە فرە جەمسەریی یاخود وەكو ئەوەی پارتی ناوی لێنا بوو "فرە كوێخایی" بهێنێت، بەڵام دوای نزیكەی (١٠ مانگ) لەبەڕێوەچوونی كۆنگرە، یەكێتی هێشتا خاوەنی ناوەندێكی بەهێزی بڕیار نییە، بەشێك لە یەكێتییەكان وەكو ئۆپۆزسۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەت دەكەن و بەشەكەی تر وەكو دەسەڵات. تاكە كارێك كە كۆنگرەی چوارم كردی ئەوەبوو ململانی ناوخۆیی یەكێتی لەنێوان مەكتەب سیاسییە كۆنەكانی حزب و ماڵباتی تاڵەبانیییەوە گۆڕی بۆ ململانێی نێوان ماڵباتی تاڵەبانی + ئیبراهیم ئەحمەد لەبەرامبەر كوڕانی شێخ جەنگیی، بەم بارودۆخەوە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لە پاشەكشێی بەردەوامدایەو ئاسۆی هەستانەوەی ناوچەكەو راوەستانی لەبەرامبەر قەڵەمڕەوییەكەی پارتی لە هەولێرو دهۆك، نادیارە. گۆڕان چی دەكات ؟ یەكێك لەوانەی كە پرساندنەكەی پەرلەمان كردویەتیە ئامانج ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابورییە كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە. عەلی حەمەساڵح ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان، كە لە هەوڵی یەكەمدا یەكێك لەوانە بوو ئیمزای لەسەر نوسراوی لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت و جیگرەكەی و وەزیری دارایی كرد، دەڵێ:" من خۆم لە سەرۆكایەتی پەرلەمان گوێم لێبووەو هەموو فراكسیۆنەكانیش دەزانن بۆ ئەم خولەی پەرلەمان رێككەوتن لەنێوان سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان هەیە كە پەرلەمان پرساندن لە هیچ وەزیرێك نەكات". كۆتاییەكانی مانگی ئابی رابردوو عەلی حەمەساڵح دەستی لەپۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كێشایەوە، ئەوكات وا باسكرا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە فشاریان لە عەلی حەمەساڵح كردووە ئیمزای لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردن و لێپرسینەوەی مەسرور بارزانی بكێشێتەوە، بەوپێیەی ئەو سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەو بڕیارەكانی گوزارشت لە سیاسەتی بزوتنەوەكە دەكات، عەلی رازی نەبووە بەوەی ئیمزاكەی بكێشێتەوەو دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن كێشاوەتەوە. بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دوێنێ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن، كێشەی خستە ناو فراكسیۆنی گۆڕانەوە، عەلی حەمەساڵح و پێنج پەرلەمانتاری تر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە رەتدەكەنەوە، ئایا لەم دۆخەدا كە لە سیاسەتی سەركردایەتی حزبەكەیان و دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی فراكسیۆنەكەیان نیگەرانن، ئیمزا لەسەر نوسراوی لێپرسینەوە لە مەسرور بارزانی دەكەن و نیسابە یاساییەكە تەواو دەكەن یاخود نا ؟ بەمدواییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەدیاریكراویش فراكسیۆنی بزوتنەوەكە لە بەغداد ناڕەزایەتییەك دەستی پێكردووەو داوا دەكەن گۆڕان لە كابینەی مەسرور بارزانی بكشێتەوە، ئەوانەی داوای كشانەوە دەكەن دەڵێن كابینەی مەسرور بارزانی چاكسازی پێناكرێت و گۆڕان هیچ رۆڵێكی لە كابینەكەدا نییە، بەڵام بڕیاربەدەستانی بزوتنەوەكە بەدیاریكراویش عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن جگە لە (شەماڵ عەبدولوەفا) دژی كشانەوەن لە حكومەت و نایانەوێت ئەزمونی كابینەی رابردووی حكومەت لەگەڵ پارتی دووبارە بكەنەوەو جارێكی تر بكەونەوە ناو كێشەی سیاسی لەگەڵ پارتی. رێكخەری گشتی گۆڕان و چیا نەوشیروان مستەفا پاڵپشتی ئەوە ناكەن فراكسیۆنی گۆڕان ببێتە هۆكاری تێكچوونی پەیوەندییەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی، بۆیە دوێنێ پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان لە بەرژەوەندی ئەم ئاڕاستەی بیركردنەوەیە یەكلاكردەوە. پەرلەمان و حكومەت لە هەرێمی كوردستان ئێستا سیستمی حوكمڕانی بەشێوەی پەرلەمانییە، سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان لەناو پەرلەمان هەڵبژێردراون و متمانەیان پێدراوە، بۆیە بەپێی یاسا بەرپرسن لەبەردەم پەرلەمان و نوێنەرە هەڵبژێردراوەكانی خەڵكدا. ئێستا كە خولی پێنجەمە، دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمان تێپەڕیوە هێشتا پەرلەمان پرساندنی لە هیچ یەكێك لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكانی نەكردووە، بەڵام پێشتر چەند وەزیرێك لەوانە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری وەزیری ناوخۆ و بەشێك لە وەزیرەكان چونە بەردەم پەرلەمان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە، ئەمە پرساندن نەبوو، بەڵكو گفتوگۆ بوو، بۆیە سەری نەكێشا بۆ سەندنەوەی متمانە لە وەزیرەكان. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبنەڕەتەوە كابینەیەكی سێقۆڵی "ترۆیكا"یە، پارتی و یەكێتی و گۆڕان پێكەوە دروستیان كردووە، بەڵام پارتی لەسەر پشكی خۆی پێكهاتەكان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیشی دەعوەتی ناو كابینەكە كردووە. پارتی لەم خولەی پەرلەماندا لە كۆی (١١١) كورسی (٤٥) كورسی هەیە، ئەمە سەرباری (١١) كورسی كۆتاكان كە شكاونەتەوە بەلای پارتیدا، پارتی كاتێك رازی بوو بەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە یەكێتی بدات كە زۆرینەی زامن كردو ترسی نەما لەوەی هاوشێوەی خولی رابردوو لە رێگەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە گورزێك لە بەرژەوەندییەكانی بدرێت و بۆ چارەسەركردنی ناچار ببێت پەنا بۆ داخستنی دەرگای پەرلەمان ببات. مەسرور بارزانی بەهێزین سەرۆك وەزیرانە لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا، چونكە كاتێك دەسەڵاتی گرتوەتە دەست كە حزبەكەی زۆرینەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری بەدەستەوە بووە، بۆیە لەكۆتایدا هەر هەوڵێك بۆ لەكارخستنی لەناو پەرلەمان شكست دەهێنێت تەنانەت ئەگەر هەموو حزبەكانیش لەدژی یەكبگرن. ئێستا پارتی لەناو پەرلەمان لە كۆی (١١١) پەرلەمانتار، دەنگی (٥٧) پەرلەمانتاری لەگەڵدایە، ئەم دەنگانە بریتین لە دەنگی (٤٥) كورسی پارتی خۆی، (١١) كورسی كۆتاكان و دەنگی (باپیر كامەلا) سەرۆكی پارتی كرێكاران و رەنجدەران كە نوێنەرایەتی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانیش دەكات بەوپێیەی لە هەڵبژارندا بە یەك لیست بەشداربوون. لەبەرامبەردا بەرەی دەرەوەی پارتی بە یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و كۆمەڵ و یەكگرتوو و حزبی شیوعی و ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەتەوە ژمارەی كورسیەكانیان لەناو پەرلەمان (٥٤) كورسییەو زۆر سەختە ئەم ژمارەیە لەسەر پرسێك پێكەوە بگەنە كۆدەنگی لەبەرامبەر پارتی. سەرباری ئەوەی پارتی ئەم هاوكێشەیەی ناو پەرلەمان بەباشی تێدەگات و دەزانێت هەوڵی پرساندنی مەسرور بارزانی لە قۆناغی لێسەندنەوەی متمانەدا سەركەتوو نابێت، بەڵام هێشتا پارتییەكان قەڵس و توڕەن بەوەی هەوڵی لێپرسینەوەی لە سەرۆكی حكومەت بدرێت و كار لەسەر پەرتكردنی ریزی نەیارەكانیان دەكەن، مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی مێژویی حزبەكەیانە، یەكەمجارە خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە، نایانەوێت لە پەرلەمان بشكێندرێت و لە شكۆی بدرێت، سەرباری ئەمە پارتی لێرەوە دەیەوێت جارێكی تر ریزی نەیارەكانی پەرت بكات و وایان لێبكات لەسەر هیچ بابەتێكی تر لە داهاتوودا نەچنە ناو كۆدەنگییەوە دژ بە پارتی.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رێكخەری گشتی گۆڕان گۆڵێكی لە گەنجەكانی ناو بزوتنەوەكەی كردو لە گەمەیەكی نوێدا پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانی لەبەرژەوەندی خۆی یەكلاكردەوە، بەڵام چارەنوسی فراكسیۆنەكەی خستەبەردەم دابەشبوونو رەنگە دواجاریش جیابونەوەو لەبەریەكهەڵوەشان. پۆستێكو دوو هەڵبژاردن ئێوارەی ئەمڕۆ فراكسیۆنی گۆڕان لەناو هۆڵی تایبەت بەخۆی لەناو پەرلەمانی كوردستان، بۆ جاری دووەم دەنگدانی كرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنەكە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هاوكێشەی دابەشبوونی دەنگەكان لەناو فراكسیۆنی گۆڕان، گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی لەبەرامبەر (دابان محەمەد) كە لە هەڵبژاردنی یەكەمدا دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، ئەمجارە (گوڵستان سەعید)ی كاندیدكردووە. كاتێك ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی فراكسیۆن دووبارەكرایەوە، دابان محەمەدو گوڵستان سەعید هەریەكەیان بە (6) دەنگ یەكسان بوون. ناكۆكی لەسەر دەستور ! شاخەوان رەئوف ئەندامی فراكسیونی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە، ئەگەر پیاو و ژنێك لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەكەدا بكەونە بەرامبەر یەكترو ئەنجامی دەنگەكانیان یەكسان بێت، ئەوكاتە ئۆتۆماتیكی كاندیدە ژنەكە پۆستەكە وەردەگرێت، بۆیە ئێستا گوڵستان سەعید بەفەرمی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەو ژوری هەڵبژاردن ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی پەسەندكردووە، ئەمە بۆچونی یەكێك لەو كەسانەیە كە پاڵپشتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ دەكات. لەبەرامبەردا ئەوانەی دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆن دەڵێن، لە دەستوردا ئەم بابەتە لە پرسی هەڵبژاردنی رایەڵەو بازنەكاندا باسكراوەو پەیوەندی بە هەڵبژاردنی فراكسیۆنەكانەوە نییەو لە دەستورەكەدا باسی فراكسیۆن نەكراوە. واتا دوو ئاڕاستەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان لێكدانەوەی جیاوازیان هەیە بۆ دەستوری ناوخۆیی حزبەكەیانو هەریەكەیان دەیانەوێت بۆچونی خۆیان بسەپێنن، لەم نێوەندەدا لایەنی یەكلاكەرەوە كە تەفسیری دەستورەكە بەلایەكدا بخات، دەبێت ژوری یاسایی بزوتنەوەكە بێت. وتەبێژو میدیای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بەفەرمی هەواڵی هەڵبژاردنی (گوڵستان سەعید)یان وەكو سەرۆكی فراكسیۆن بڵاونەكردوەتەوە. سەرهەڵدانی كێشەی فراكسیۆن كۆتایی مانگی ئابی رابردوو، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە، بەوهۆیەوە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان چۆڵ بوو، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ململانێ لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكە دروستبوو. عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە پاڵپشتی (شاخەوان رەئوف)ی كرد بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن وەرگرێت، شاخەوان پێشتر باژێڕوانی گۆڕان بووە لە شارەزورو كاری حزبی كردووەو پەیوەستە بە بڕیارەكانی حزبەوە، ئەمە وایكرد رێكخەرو هاوپەیمانەكانی لەخانەی راپەڕاندن پاڵپشتی لێ بكەن، لەبەرامبەردا لەناو خانەی راپەڕاندن هەریەكە لە عەدنان عوسمانو دەرباز محەمەد پاڵپشتیان لەوەكرد (دابان محەمەد) پۆستەكە وەربگرێت، دابان رۆژنامەنوس بووەو لە میدیای گۆڕان كاریكردووە، زیاتر لە گەنجەكانەوە نزیك بوو، بۆیە پاڵپشتییان لێكرد. لەناو ململانێی رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندندا، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە لە (12) ئەندام پێكدێت، دابەشبوو بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك كە ژمارەیان (5) ئەندام بوو پاڵپشتیان لە كاندیدەكەی رێكخەری گشتی دەكرد، بەرەكەی تر كە زۆرینەن بوونو ژمارەیان (7) ئەندام بوو پاڵپشتیان لە كاندیدەكەی عەدنان عوسمانو دەرباز محەمەد دەكرد. هەڵبژاردنی یەكەم بڕیاربوو یەكەمین رۆژی ئەم مانگە، لەناو گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، فراكسیۆنی گۆڕان بە ئاگاداری رێكخەری گشتیو خانەی راپەڕاندنو لەژێر سەرپەرەشتی ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەكەدا، هەڵبژاردن بكاتو سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنەكە هەڵبژێرێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی رێكخەری گشتییەوە، هەڵبژاردنەكە نەكرا. نەیارانی كاندیدەكەی رێكخەری گشتی كاتێك زانییان ناتوانن لەناو گردی زەرگەتە هەڵبژاردنەكە بكەن، گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستانو رۆژی یەكشەممەی رابردوو ئەوانەی پاڵپشتییان لە كاندیدەكەی عەدنان عوسمانو دەرباز محەمەد دەكرد كە ژمارەیان (7) پەرلەمانتار بوو، لە دەنگدانێكدا (دابان محەمەد)یان وەكو سەرۆكی فراكسیۆن هەڵبژارد، ئەو (5) ئەندامەی فراكسیۆن كە سەربە عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بوون بەشداری هەڵبژاردنەكەیان نەكردو بایكۆتیان كرد، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دانی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەدا نەنا، بەڵام عەدنان عوسمان كە سكرتێری جڤاتی نیشتمانیو هاوكات وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانە، لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پیرۆزبایی لە دابان محەمەد كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی فراكسیۆن، میدیای فەرمی گۆڕانیش هەواڵی هەڵبژاردنی دابان محەمەدی وەكو سەرۆكی فراكسیۆن بڵاوكردەوە. بەهۆی ناڕەزایەتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكە بە هەڵپەسێدراوی مایەوە، ئەو (7) كەسەی كە دەنگیان بۆ (دابان محەمەد)دا، بەشداری چوار دانیشتنی پەرلەمانیان نەكرد، دابان محەمەدیش هەرگیز لەسەر كورسی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەناو پەرلەمان دانەنیشت. رۆژی 14ی ئەم مانگە كاتێك هێشتا كێشەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان یەكلانەكرابووەوە، عەدنان عوسمان دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن پێشكەشكردو لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیدا باسی لەوەكردبوو ناڕازییە لە سیاسەتەكانی رێكخەری گشتی، بەڵام دوو رۆژ دواتر پاشگەزبووەوەو دەستلەكاركێشانەوەكەی كشاندەوەو گەڕایەوە بۆسەر كارەكەی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەوماوەیەدا كێشەكە لەماڵی چیا نەوشیروان مستەفا كە هەر لەناو گردی زەرگەتەدایە یەكلاكراوەتەوەو بڕیاردراوە لەسەر ئەوەی لەنێوان (شاخەوان رەئوف)و (دابان محەمەد)دا كەسێكی تر بكرێت بە سەرۆكی فراكسیۆن، ئەو كەسەش (گوڵستان سەعید)ە، كە بەهەمان شێوە سەربە رێكخەری گشتییە. بەدواخستنی ماوەی هەڵبژاردنو یەكلانەكردنەوەی كێشەكە، رێكخەری گشتی سودی لەكات وەرگرتو لەو ماوەیەدا كاری لەسەر دەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆن كردو توانی دەنگێك لە دابان محەمەد بكاتەوە، بۆیە كاتێك ئەمڕۆ هەڵبژاردن كرا، دەنگەكانی دابان محەمەد لە (7) دەنگەوە بۆ (6) دەنگ كەمیكردو ئەنجامی ململانێكە هاوسەنگ كرا، بۆ ئەوەی بەپێی پەیڕەو بشكێندرێتەوە بەلای كاندیدەكەی رێكخەری گشتیدا كە (گوڵستان محەمەد) بوو. بەمشێوەیە، پیرەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە شارەزاییو ئەزمونی خۆیان گۆڵێكیان لە گەنجەكان كردو یارییەكەیان لێ بردنەوە، رێكخەری گشتیو دۆستەكانی لە خانەی راپەڕاندن لە گەمەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی حزبدا ئەزمونێكی زۆریان هەیەو دەزانن چۆن لە كۆتایدا ئەنجامەكە بەلای خۆیاندا بشكێننەوە. ناڕازییەكان چی دەكەن ؟ بەمدواییە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، چیتر پەیوەست نییە بە سیاسەتەكانی ئێستای سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەمەی دوای ئەوە هات فراكسیۆنەكە لە بەیاننامەیەكدا داوایكرد بزوتنەوەكەیان لە كابینەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بكشێتەوە، بزوتنەوەكە بە (نەخێر) وەڵامی ئەم داواكارییەی فراكسیۆنی بەغدادی دایەوە. فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات هاوشێوەی كابینەكانی پێشتر گەندەڵەو ناتوانێت چاكسازی بكاتو بزوتنەوەی گۆڕانیش لە كابینەكەیدا بێ دەسەڵاتە، ئەمە ململانێیەكی نوێیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستبووە كە سەركەوتن یان شكستهێنانی، چارەنوسو هێڵی سیاسی داهاتووی بزوتنەوەكە دیاری دەكات. لەم بارودۆخەكە كە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق سیاسەتی خۆی لە سیاسەتی فەرمی بزوتنەوەكەی جیاكردەوە، كێشە لەناو فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دروستبوو، رێكخەری گشتیو هاوپەیمانەكانی لە خانەی راپەڕاندن لە بایەخی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان تێگەیشتن، بۆیە رێگرییان كرد لە دوبارەبوونەوەی سیناریۆی فراكسیۆنەكەی بەغداد. ئەوەی ئێستا فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەیكات، ئەگەر فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بیكات، رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتو هەر جۆرە رێككەوتنێكی تری سیاسی هەڵدەوەشێنێتەوە، كە لە پشتی پەردەوە كرابێت، بۆیە رێكخەری گشتیو ئەوانەی بڕیار بەدەستن، نەیانهێشت لانی كەم پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن كە پۆستێكی سیاسییەو گوزارشت لە سیاسەتی فەرمی گۆڕان دەكات، لە بەرژەوەندی گوتارە ناڕازییەكەی ناو بزوتنەوەكە یەكلاببێتەوە. لەم حاڵەدا پێشبینی دەكرێت یەكەمین كاردانەوەی دابان محەمەدو ئەوانەی دەنگیان پێداوە ئەوە بێت، ئیمزا لەسەر نوسراوی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بكەن بۆ بەردەم پەرلەمان، نوسراوێك كە ئێستا تەنیا یەك واژۆی ماوە بۆ ئەوەی نیسابی یاسایی تەواو بكات، ناڕازییەكانی ناو فراكسیۆنی گۆڕان بەو ئیمزایە یەكەمین پەیامی خۆیان هەم بە پارتیو هەم بە رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەیان دەگەیەننو لە دورمەوداشدا دیار نییە دابەشبونەكەی ناو فراكسیۆنی گۆڕان بەچ ئەنجامێك كۆتایی دێت. سەرباری ئەمە، بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەو كەسەی كە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وەردەگرێت هاوكات دەبێت بە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە، ئەم جڤاتە بەپێی دەستور بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حزبەكەدا.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت لە هەرێمی كوردستان تەنیا نەوت كێشەی نییە، ئاوی خواردنەوەش لە قەیرانێكی قوڵدایە، دوو كۆمپانیا نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلاریان لە خەڵك وەرگرتووە پێوەری ئاویان بۆ دابنێن، بەڵام پێوەرەكانیان ژمارەی هەڵە دەخوێننەوە، حكومەت بە دانانی پێوەری ئاو ویستی رێگە لە بەفیڕۆچوونی ئاوی خواردنەوە بگرێت، بەڵام دەرگای لەسەر بەفیڕۆچوونی پارە كردەوە، لەوكاتەوە كە پرۆژەكەی دەستپێكردووە زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلار زیانی ئابوری بەر حكومەت كەوتووە، خەڵكیش متمانەیان بە پرۆژەكە نییە، سەرباری ئەمە ئێستا پرۆژەكە لە لێواری داڕوخانی تەواوەتیدایەو ئەگەر شكست بهێنێت دەبێت حكومەتی هەرێم بەبڕی (60 ملیۆن) دۆلار قەرەبووی سێ كۆمپانیا بكاتەوە، بۆیە سەرباری قەیرانەكانی، حكومەت نایەوێت پرۆژەكە رابگیرێت، لەم راپۆرتەدا وردەكاری زیاتر بخوێنەرەوە. لەبارەی پێوەری ئاوەوە ئەمڕۆ ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژایەتی خۆی بۆ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم دەربڕی كە داوا دەكات هەر ماڵێك بە بڕی (100 هەزار) دینار غەرامە بكرێت ئەگەر پێوەری ئاوی دانەنا. لە كابینەی پێشووی حكومەتدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاردرا پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت. ساڵی 2014 كە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربوو، خاتوو (نەورۆز مەولود) لەسەر پشكی پارتی پۆستی وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزاری وەرگرت، نەورۆز ساڵی 2015 بڕیاریدا پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت، بەڵام كێشەیەكی گەورەی بۆ وەزیرەكەی دوای خۆی جێهێشتووە كە (ساسان عەونی)و لەم كابینەیەدا هەر لەسەر پشكی پارتی پۆستی وەزارەتی شارەوانی وەرگرتوەتەوە. ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوەبوو رێگری بكرێت لە بەفیڕۆچوونی ئاوی پاكی خواردنەوە. لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (ملیۆنێك) بەشداربووی ئاو هەیە، بەپێی قسەی حكومەت، تێچووی گشتی ئاوی خواردنەوە رۆژانە (840 ملیۆن) دینار خەرجی لەسەر حكومەت دەكەوێت. بەگوێرەی خەمڵاندنی حكومەت، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان (2 ملیۆنو 100 هەزار) مەتر سێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بەرهەم دەهێنرێت، لەم بڕە رۆژانە (850 هەزار) مەترسێجا ئاوی پاكی خواردنەوە بەفیڕۆ دەدرێت، تێچووی ئەم ئاوە بەفیڕۆدراوە رۆژانە (340 ملیۆن) دینار لەسەر حكومەت دەكەوێتو ساڵانە خەرجی ئاوی فەفیڕۆدراو دەكاتە (124 ملیار) دینار. لە هەرێمی كوردستان، حكومەت یەكجۆر ئاوی بۆ ماڵان دابین كردووە كە ئاوی پاكی خواردنەوەیە، ئاو بۆ بەكارهێنانی ناوماڵ بوونی نییە، ئەمە وایكردووە خەڵك ئاوی خواردنەوە بەكاربهێنن بۆ پاكژكردنەوەی ناوماڵو شتنی ئۆتۆمبیلو پێداویستییەكانی تریان. لەبارەی گرێبەستەكانەوە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەوەی سەرەتا بیرۆكەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵانی وروژاندووە، كۆمپانیایەك بووە بەناوی (ئاراس)، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە پیاوێك بووە كە كەسی پلە یەكی نەورۆز مەولود وەزیری پێشووی شارەوانی هەرێم بووە، بەڵام نەورۆز مەولود كاتێك كە وەزیر بووەو لەبارەی ئەم بابەتە پرسیاری لێكراوە وتویەتی مانگێك بەر لەوەی ئەو وەكو وەزیر دەستبەكار ببێت، بیرۆكەی دانانی پێوەری ئاو باسكراوە، بەمە ویستویەتی بابەتی كۆمپانیای مێردەكەی لەخۆی دوربخاتەوە. نەورۆز مەولود وەزیری پێشووی شارەوانی دواجار گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی بەخشی بەدوو كۆمپانیا: • كۆمپانیای (ئاراس): ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی لە هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك وەرگرت، خاوەنی كۆمپانیاكە هاوسەرەكەی وەزیر بوو. • كۆمپانیای (جنون): ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی لە سنوری یەكێتی واتە پارێزگای سلێمانیو هەڵەبجە وەرگرت، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە ناوی (بەهادین مەحمود رەشید)ەو برای مەلا یاسین بەڕێوەبەری كۆمپانیای (بەڕێز)ە، دواتر كۆمپانیای جنون پشكەكەی فرۆشتوەتەوە بۆ كۆمپانیایەكی دیكە. بەپێی ئەو گرێبەستانەی كە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردبویان، دەبوو كۆمپانیاكەی سنوری یەكێتی پێوەری (ئیتاڵی) بۆ ماڵان دابنێت، كۆمپانیاكەی سنوری پارتیش پێوەری (توركی)، بەڵام كاتێك دەستیان بەكار كرد، تێبینی كرا ژمارەیەكی زۆر پێوەری "چین"ی تێكەڵ كراوەو بۆ ماڵان دانراوە كە كوالیتییەكەی نزمترە، ئەم دوو كۆمپانیایە لە ساڵی 2014وە تاوەكو 2017 بەردەوام بوون لەسەر دانانی پێوەری ئاو بۆ ماڵان، 2017 كێشە كەوتە كارەكانیانەوە، رەخنەكان زۆربوون لەسەر كوالیتی ئامێرەكان، حكومەت ناچاربوو كاری ئەو دوو كۆمپانیایە راگرێت، بەڵام راگرتنی كاری ئەو دوو كۆمپانیایە بەواتای راگرتنی تەواوەتی پرۆسەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان نەبوو، چونكە دوای راگرتنی كاری ئەو دوو كۆمپانیایە، حكومەت كاری بەستنی پێوەرەكانی ئاوی رادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگاكان كردووەو ئێستاش بەستنی پێوەری ئاو ئازادكراوەو چەند كۆمپانیایەك پێوەر هاوردە دەكەنو هاوڵاتیان لە بازاڕی رەشدا ئەو پێوەرانە دەكڕنو لەماڵەكانیاندا دەیبەستن. ئەو دوو كۆمپانیایەی كە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاویان بۆ دەرچووە، لەو ماوەیەی كە كاریان كردووە، بەبەهای نزیكەی (50 ملیۆن) دۆلار پێوەری ئاویان بەماڵان فرۆشتووە، نرخی هەر پێوەرێك نزیكەی (19) دۆلار بووە، بەڵام ئەوان بۆ بەستنی هەر پێوەرێك لانی كەم (45 هەزار) دیناریان لە ماڵان وەرگرتووەو لە هەر مالێكیش كە دانانی پێوەرەكە پێویستی بە هەندێكی كاری زیاترو بڕینی بۆری هەبوبێت پارەی زیاتریان لە نرخی دیاریكراو لە خەڵك وەرگرتووە. سەرجەم پێوەرەكان بۆ هەموو كوالیتییەكانییەوە هەوا یان هەر جوڵەیەكی تر دەخوێنێتەوە پێوەرەكەو سێ كۆمپانیای تر لەپاڵ ئەمەدا، وەزارەتی شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ سێ كۆمپانیادا كردووە كە كاری خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاو بكەنو پارەی ئاو لەماڵان كۆبكەنەوە، ئەو سێ كۆمپانیایەی كە ئەم گرێبەستەیان وەرگرتووە بریتین لە: • كۆمپانیای (گرنگ)، گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاو و وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵانی لە پارێزگای سلێمانی پێدراوە، خاوەنی ئەم كۆمپانیایە هەمان خاوەنی كۆمپانیای (جنون)ە كە گرێبەستی دانانی پێوەرەكانی ئاوی لە سنوری یەكێتی پێدراوە، واتا سەرباری گرێبەستی دانانی پێوەری ئاو، گرێبەستی كۆكردنەوەی پارەی ئاویشی پێدراوە. • كۆمپانیای ئۆرانۆس، ئەم كۆمپانیایە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاوی لە پارێزگای هەڵەبجەو سنوری ئیدارەی راپەڕینو گەرمیان پێدراوە. • كۆمپانیای (خگیب و علمی) كە كۆمپانیایەكی لوبنانییە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەری ئاو و كۆكردنەوەی پارەی ئاوی لە پارێزگای هەولێرو دهۆك پێدراوە. پێوەری ئاو و ناڕەزایەتییەكانی هێشتا سكاڵاكان لەسەر ئەو دوو كۆمپانیایەی كە سەرەتا پێوەری ئاویان بەستووە كۆتایی نەهاتووە، یەكێك لەو كەسانەی كە كار لەسەر ئەم دۆسیەیە دەكات پەرلەمانتار (دابان محەمەد) سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان، دابان كۆتایی تەموزی ساڵی رابردوو نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووەو داوا دەكات لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر پێنج كۆمپانیا دروستبكرێت كە رۆڵیان لە پێوەری ئاوی ماڵاندا هەبووە. دابان محەمەد لە نوسراوەكەیدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان كە دواتر ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كراوە، لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵانەوە ئەم تێبینیانەی نوسیوە: • ئەم پێوەرانە گونجاونین بۆ تۆڕەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت كە هیچ تۆڕێك 24 كاتژمێر ئاوی تێدا نییە. • هیچ یەكێك لە پێوەرەكان كە هێنراوەتە هەرێمی كوردستان بەراورد نەكراوە بەو پێوەرانەی لە گرێبەستەكاندا رەزامەندی لەسەر نیشان دراوە. • هیچ یەكێك لە پێوەرەكان تێست نەكراوەو راستەوخۆ بۆ ماڵان بەستراوە. • سەرجەم پێوەرەكان بۆ هەموو كوالیتییەكانییەوە هەوا یان هەر جوڵەیەكی تر دەخوێنێتەوە. • كۆمپانیاكانی تایبەت بە دانانی پێوەر پابەند نەبوونو نین بەدانانی نرخی پێوەری ئاو بۆ ماڵان كە (40 هەزار) دینارەو تا سەرو (100 هەزار) دینار لە هاوڵاتی وەرگیراوە. • ئەم پێوەرانە بەرگەی گەرمیو ساردی زۆر ناگرن، بەشێكی زۆریان لەناوچە گەرمەكان لە وەرزی هاویندا هەروەها لە ناوچە ساردەكان لە وەرزی زستاندا تێكچوون. • كۆمپانیاكان پابەند نەبوون بە خزمەتگوزاری چاككردنەوەی پێوەرەكانی ئاو. ئەو پەرلەمانتارە لە نوسراوەكەیدا داوایكردووە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم بابەتانە بكرێت سەبارەت بە پێوەری ئاوی ماڵان: • لێكۆڵینەوە بكرێت لە گرێبەستەكانی كۆمپانیای (جنون و ئاراس)و پابەندبوونیان بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكانیانەوە. • لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی ئەندامدانی تەندەرەكان، بەتایبەت بەرپرسی بەشی گرێبەستەكانی ئەوكاتە. • لێكۆڵینەوە بكرێت لە هێنانی (55 هەزار) پێوەری صینی لەلایەن كۆمپانیای جنونەوە، دواتر چاوپۆشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو لەبری ئیجرائاتكردن. • لێكۆڵینەوە لەچۆنیەتی تەندەرەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی خوێندنەوەی پێوەری ئاو و گرێبەستەكانیان بەتایبەت بەرپرسی بەشی هەڵسەنگاندنو چەند ئەندامێك. نزیكەی (هەزار) هاوبەش لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر پارەی ئاویان بۆ هاتوەتەوە. كێشەیەكی تر ! ئەوەی كێشەی هەیە تەنیا ئەو دوو كۆمپانیا نین كە پێوەرەكانی ئاوی ماڵانیان بەستووە، ئەو كۆمپانیایانەشی كە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانو وەرگرتنی پارەی ماڵانیان كردووە كە سێ كۆمپانیان لەگەڵ حكومەت كێشەیان هەیە. بەپێی نوسراوێكی هاوبەشی هەرسێ كۆمپانیای (خگیب و علمی) و (ئۆرانۆس)و (گرنگ) كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووەو لە 20ی تشرینی دووەمی 2019دا ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كردووە، ئەو كۆمپانیایانە كە گرێبەستی خوێندنەوەی پێوەرەكانی ئاوی ماڵانیان وەرگرتووە، سكاڵا لەبارودۆخی خۆیان دەكەنو لەو سكاڵایەدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خراپی پرۆسەی دانانی پێوەری ماڵان دەسەلمێننو دەڵێن: • بەهۆی هەڵە ئەژماركردنی كرێی پسوڵەی ئاو ناڕەزایەتی لەناو هاوڵاتیان دروستبووەو بەشێوەیەكی زۆر ترسناكو خراپ لەسەر پرۆژەكە شكاوەتەوەو هاوڵاتیان دەستیانكردووە بە لێكردنەوەی پێوەرەكانی ئاو. • بەپێی گرێبەست دەبوو رێژەی 85%ی ئەوانەی هاوبەشی ئاویان لە هەرێمی كوردستان هەیە، پێوەری ئاویان بۆ ببەسترایە، بەڵام ئەوانەی پێوەریان بۆ بەستراوە لە رێژەی 50% تێپەڕی نەكردووە، ئێمە لەسەر ئەو بنچینەیە نرخمان پێشكەش كردووەو كەڵكی ئابوری پرۆژەكەمان هەڵسەنگاندووە. • دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو هاوبەشانەی كە پێوەرەكانیان لە كاركەوتووە هەروەها ئەوانەی كە رێگەنادەن پێوەریان بۆ ببەسترێت. ئەمە كورتەیەكی نوسراوی ئەو سێ كۆمپانیایەیە بۆ وەزارەتی شارەوانی، ئەم سێ كۆمپانیا گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردووە پێوەرەكانی ئاوی ماڵان بخوێننەوەو پارەی ئاو بۆ حكومەت كۆبكەنەوە، حكومەت بۆ هەریەكێك لەو كۆمپانیایانە بۆ خوێندنەوەی هەر پێوەرێكی ئاو بڕێك پارەی دیاریكردووە، لەمەشدا بڕە پارەكان جیاوازن، هەریەكەیان بە نرخێك كارەكە بۆ حكومەت دەكەن. كێشەیەكی تری كاری ئەم سێ كۆمپانیایە رەهەندێكی ئەمنی هەیە، ئەویش دروستكردنی سیستمی (داتا سەنتەر)ە بۆ هاوبەشەكانی پێوەری ئاو لە هەموو شارەكانی هەرێم، ئەم سیستمە لە هەولێر جێگیركراوە، ئەمە لەڕووی ئەمنییەوە كێشەی هەیە، هەندێك ترسیان هەیە لەڕێگەی پسوڵەی ئاوەوە، هەموو زانیارییە تایبەتییەكانو شوێنی نیشتەجێبونیان بكەوێتە بەردەست دەزگا ئەمنییەكانو بەشێوەیەكی نەرێنی لەدژیان بەكاربهێنرێت، داوا دەكرێت داتا سەنتەری هەر پارێزگایەك لە پارێزگاكەی خۆیدا بێت. ئەم سێ كۆمپانیایە لە بەرژەوەندیانە ژمارەیەكی زیاتر لە پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت، چونكە لە خوێندنەوەی هەر پێوەرێكدا بڕێك پارەی زیاتریان دەستدەكەوێت، ئێستا كە پرۆژەكە بەرەو داڕوخانی تەواوەتی دەڕوات، ئەم كۆمپانیایانە لە زیانە ئابورییەكانی خۆیان دەترسن، ئەمان كە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كردوە مەرجەكەیان ئەوە بووە رێژەی 85%ی ئەوانەی هاوبەشی ئاون لە هەرێمی كوردستان پێوەری ئاویان بۆ دابنرێت، بەڵام ئەم رێژەیە نەبەستراوەو بەپێی زانیارییەكان كەمتر لە 50%ی هاوبەشەكان پێوەریان بۆ دانراوەو ئەوەش بەشێكی كێشەی تێدایە، حكومەت دەڵێ لەكۆی سەرو ملیۆنێك هاوبەشی ئاو لە هەرێم، (800 هەزار) هاوبەش پێوەری ئاویان بۆ دانراوە، لەمەدا حكومەت دەیەوێت خۆی لە ناڕەزایەتی ئەو سێ كۆمپانیایە بپارێزت و وایان لێبكات بمێننەوەو لەچوارچێوەی گرێبەستەكەدا كارەكەی خۆیان بكەن، چونكە بەپێی گرێبەستەكە ئەگەر پرۆژەكە سەركەوتوو نەبێت، دەبێت حكومەتی هەرێم بڕی (60 ملیۆن) دۆلار وەكو قەرەبوو بەو كۆمپانیایانە بداتەوە كە كاری خوێندنەوەی پێوەرەكانو وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵان دەكەن، ئەمە هۆكارەكەیە كە حكومەتی هەرێم سەرباری خراپییەكەی نایەوێت پرۆژەی پێوەری ئاو رابوەستێت. لە ساڵی 2014وە تائێستا حكومەتی هەرێم لە پرۆژەی پێوەری ئاودا زیاتر لە (250 ملیۆن) دۆلار زیانی بەركەوتووە، چونكە تەنیا داهاتی پارەی ئاو مانگانە (10 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەت دەگەڕایەوە، بەڵام لەدوای پرۆژەی پێوەری ئاوەوە، بەشێكی زۆری خەڵك مانگانە پارەی ئاو نادەن. گاڵتەجاری پێوەرەكان ! خراپی كاركردنی پێوەرەكانی ئاو ماوەیەكە بووەتە بابەتی تەنزو گاڵتەجاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەمدواییە پسوڵەی ماڵێك لە ناحیەی (كەڵەكچی)ی پارێزگای دهۆك بڵاوكرایەوە كە بەپێی پێوەری ئاوەكەی بۆ مانگێك بری زیاتر لە (19 ملیۆن) دیناری بۆ گەڕابووەوە. پێوەرەكان زۆربەیان بەشێوەیەكی هەڵە كاردەكەن، بەر لە دانانی ئەم پێوەرانە، مانگانە هاوڵاتیان بڕی (15 هەزار) دینار پارەی ئاویان بۆ دەگەڕایەوە، بەڵام ئێستا ژمارەی جۆراوجۆر دەگەڕێتەوە. مانگی شوباتی ئەمساڵ مەسعود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد، تێیدا باسی لە گرفتەكانی پرۆژەی پێوەری ئاو كرد، لەبارەی خوێندنەوەی هەڵەی پێوەرەكانەوە ئەم زانیارییانەی خستەڕوو: • نزیكەی (هەزار) هاوبەش لە (3 ملیۆن) دینار زیاتر پارەی ئاویان بۆ هاتوەتەوە. • 374 هاوبەش لەنێوان (دوو) تا (سێ) ملیۆن دیناریان بۆ هاتوەتەوە. • (٢ هەزارو ٧٣٣) هاوبەش لەنێوان (٥٠٠ هەزار) تا (یەك ملیۆن) دیناریان بۆ هاتوەتەوە. • (٩ هەزارو ٤٤٨) هاوبەش لەنێوان (٢٥٠ هەزار) دینار تا (٥٠٠ هەزار) دیناریان بۆ هاتووەتەوە.
درەو: دابەشكردنی موچە (30) رۆژی تێپەڕاندو لێبڕینی موچە جێگیر دەكات، (45) رۆژ جارێك موچە دابەش دەكات، حكومەتی هەرێم ژمارەی داهاتی راستەقینەی ناوخۆ دەشارێتەوە، بەهۆی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغداد، كە پەیوەستكراوە مانگانە 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان رادەستبكات. وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 17ی ئابی 2020 بڕیاری دابەشكردنی موچەی مانگی ئازاری موچەخۆرانی دەركرد، تا ئەمڕۆ (35) رۆژ بەسەر دابەشكردنی موچەی مانگی رابردوو تێپەڕیوە، تا ئێستا حكومەتی هەرێم بڕیاری دابەشكردنی موچەی نەداوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پارەكەی بەغدادەوە (730 ملیار) دیناری بۆ موچە لەبەردەست دەبێت، (165ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ (895 ملیار) دیناری كۆی موچە، بڕیارە بۆ موچەی مانگی چوار یان موچەی مانگی ئاب (ئەگەر موچەی مانگەكانی تر پاشەكەوت بكرێت) هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو موچە بە 21%ی لێبڕینەوە دابەش دەكرێت و لێبڕینی موچە جێگیر دەكرێت. بە پێی زانیارییەكانی (درەو) كە لە چەند سەرچاوەیەكی ناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستی كەوتووە، حكومەتی هەرێم پارەی راستەقینەی داهاتی ناوخۆ ناخاتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە، ئەویش بۆ شاردنەوەی داهاتی راستەقینەی خاڵە سنورییەكان لە بەغداد، چونكە بەپێی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد لەبەرامبەر ناردنی (320 ملیار) دیناری مانگانە، دەبێت هەرێم مانگانە (50%)ی داهاتی خاڵە سنورییەكان و دامەیزراوە فیدراڵیەكانی راسدەیت بەغداد بكات، مانگی رابردوو داهاتی ناوخۆی هەرێم نزیكەی (185ملیار) دینار بوو، بەڵام حكومەت تەنها (120 ملیار) دیناری خستە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ موچە. داهاتەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هێشتا بەتەواوی كۆنەكراوەتەوەو نەخراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی چاوەڕەوان دەكرێت بە هەمان شێوەی مانگی رابردوو بێت، كە وەزارەتی دارایی بڵاوی كردەوە. • تەمویلی بەغداد (320 ملیار) دینار، مانگانە لە نێوان 20 بۆ 25ی مانگ دەنێردرێت • تەمویلی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بۆ موچە (270 ملیار) دینار. • داهاتی ناوخۆ (120 ملیار) دینار، بەڵام خۆی نزیكەی لە (200 ملیار) دینارە. • تەمویلی هاوپەیمانان (20 ملیار) دینار • كۆی گشتی دەكاتە (730 ملیار) دینار، بەڵام موچەی تەواوەتی موچەخۆران (895 ملیار) دینارە واتا (165ملیار) دینار كورتهێنان دەبێت.
راپۆرتی: درەو لە چوار ناوچەی شاری سلێمانی دارسنەوبەرەكان دەسوتێنرێن و وشك دەكرێت، لە رێگای تاسڵوجە بۆ پێشەنگای ئۆتۆمبێل و لە باخی بەختیاری و بناری گۆیژە بۆ شوقەو لە رێگەی عەربەت بۆ مەخزەن دەسوتێنرێن، ئەو سنەوبەرانەی حكومەتی بەعس لە زاخۆوە هێنایە سلێمانی و شاری پێ سەوزكرد، ئێستا بەشێك لە بەرپرسە سەربازی و سیاسیەكان، دەیانسوتێنن، (درەو) لەم راپۆرتەدا نهێنی سوتانی سنەوبەرەكانی سلێمانی بڵاودەكاتەوە. لە بناری گۆیژەوە بۆ رێگای تاسڵوجە دوای (15) رۆژ لە سوتانی سنەوبەرەكانی بناری گۆیژە كە زیاتر لە (6 هەزار) سنەوبەری تیا سوتێنرا، سوتان و وشككردنی سنەوبەرەكانی رێگای سلێمانی – تاسڵوچەو رێگای سلێمانی – عەربەت و باخی بەختیاری – بەكرەجوو دەستیپێكردووە. پرسی سوتانی سنەوبەرەكانی سلێمانی ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی گەرمكردووە، بە جۆرێك سەری كێشاوە بۆ قسەكردن لەسەر ئیفرازكردن و دابەشكردنی ژمارەیەكی زۆری زەوی و دەستبەسەرداگرتنیان بە نایاسایی لەلایەن بەرپرسە ئەمنی و سیاسیەكانەوەو ناچاركردنی دەزگاو دامەزراوەكانی دەوڵەت بە پێدانی مۆڵەتی یاسایی پێیان. كاردانەوەی سوتانی سنەوبەرەكانی رێگای (سلێمانی – تاسڵوجە) زۆرێك لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی هێنایە سەر هێل، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان زوو بڵاویكردەوە"ژمارەیەك دەسەڵاتدار پلانیان داناوە بۆ سوتاندنی سنەوبەرەكانی ڕێگای (ڕاپەڕین – تاسڵوجە)... شەوانە بە دزییەوە سنەوبەرەكان بسوتێنن..پاشان نزیكەی(120)دۆنم زەوی بكە بە پێشانگای ئۆتۆمبیل و ١٠٠ ملیۆن دۆلار قازانج بكات!!! .. بەڵام نوێنەری شارەوانی سلێمانی و سەرۆكی شارەوانییەكانی راپەڕین و تاسڵوجە ئەمڕۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان سازكرد و رەتیانكردەوە كە هیچ دەستێك لە پشتی ئەو ئاگركردنەوەیە بووبێت و دەڵێن"ئەو سنەوبەرانە دەكەونە ناو جەزرە وەسەتی شەقامە سەرەكیەكەی سلێمانی – تاسڵوجەوەو بەو پێیەی ئەو شەقامە (150) مەترەو ریزە سنەوبەرەكان بەهەردوو بەردا دەكەونە نێوان شەقامی سەرەكی شەقامی خەدەمی كە لە پشتی ریزە سنەوبەرەكانەوە درووست دەكرێت، بۆیە ئاگر كەوتنەوەكە بەمەبەستی پرۆژەی بازرگانی نیە. بەڵام بارزان شێخ محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) گومانی هەبوو دەڵێت: بە پێی بەدواداچوونەكانی ئێمە دەستێك لە پشت سوتانی ئەو دار سنەوبەرانەوەیە، تایبەتمەندی ئەو ناوچەیە غاباتەو تا ئێستا ناونیشانی نەگۆڕاوە بۆ ناوچەی بازرگانی، بۆیە هەر كارێكی بازرگانی لەو ناوچەیە درووست بكرێت نایاساییە، بەرزان شێخ محەمەد ئەوەی نەشاردەوە كە ئیدارەی شاری سلێمانی لاوازە، چونكە بەپێی مادەی ژمارە (6)ی یاسای (3) یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموو پرۆژەیەك پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ پرۆژەیەك نەهاتوەتە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. چی لە پشت سوتانی سنەوبەرەكانەوەیە..؟؟ گومانەكان لەدەستی ئەنقەستی سوتانی سنەوبەرەكانی سلێمانی زیاتر بوون، لە ئێستادا لە چوار ناوچەی شاری سلێمانی هەوڵی چڕ دەدرێت بۆ وشككردن و سوتاندنی سنەوبەرەكانی سلێمانی، بەشی زۆری ئەو سنەوبەرانە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا روێنران بۆ جوانكردنی شاری سلێمانی، بەڵام ئێستا بەرپرسان هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، نەك لە پێناو سڕینەوەى شوێنەوارەكانی بەعس، بەڵكو لە پێناو درووستكردنی پرۆژەی بازرگانی و دەستخستنی پارەی زیاتر. یەكەم: رێگای سلێمانی – تاسڵوجە: رێگای سەرەكی ( سلێمانی – تاسڵوجە) لەئێستادا بۆتە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی و وەبەرهێنان، جگە لە بونی سەدان كارگەی گەورەو بچوك و مامناوەند، فڕۆكەخانەی سلێمانی و پێشەنگای دووەمی ئۆتۆمبێلی سلێمانی (علوجەكان) و دەیان پێشانگای ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو ڕێگەیەیە، بۆیە زەوی ئەم ناوچەیە پێگەیەكی ئابوری گەورەی هەیەو بەهۆی ماستەرپلانی شار و ئاڕاستەی گەشەی شارەوە، چاوتێبڕینی بەشێك لەسەرمایەداران وبازارگانان بە پاڵپشتی بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و سیاسیەكان زیاتر بووە. لە ئێستا بە شێوەیەكی نایاسایی ترمیناڵێك و نزیكەی (50) پێشانگای ئۆتۆمبێل لە سەر رووبەری (120) دۆنم زەوی لەسەر رێگای ( سلێمانی – تاسڵوجە) درووستكراوە،كە سەرمایەكەی بە (200 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو پێشەنگایانە هیچ ئەولەویاتێكیان نیە، بەڵام دوای درووستكردنیان رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانیان وەرگرتووەو ئێستا مامەڵەكانیان لە سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانیەو دەیانەوێت لە شارەوانیش بەرەسمی مۆڵەتی بۆ وەربگرن. سوتان و بڕینەوەی ئەو سنەوبەرانە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە: ا- ئەو سنەوبەرانە بەرزبونەتەوە بەرچاوی پێشەنگاكانی گرتووەو رێگرە لە دەركەوتنیان لە شەقامە سەركیەوە ب- دەیانەوێت سنەوبەرەكان بكەنە شەقامی خەدەمی لە تەنیش شەقامی سەرەكی سلێمانی - تاسڵوجە شەقامی سەرەكی سلێمانی – تاسلوجە (150) مەتریە، بەهەر لایەكیدا (75) مەتریەو پێی دەڵێن (فری زۆن) لە هەرلایەكدا ریزی سنەوبەرەكان دەكەونە جەزرە وەستی شەقامە سەرەكیەكەو و پشتی سنەوبەرەكان شەقامێكی خەدەمیە، ئێستا پیشتی سنەوبەرەكان بە پاڵپشتی راستەوخۆ بەرپرسە ئەمنی و سیاسیەكان بە دۆنم دابەشكراون و كۆمەڵێك كەس كراوەتە دەموچاوی پرۆژەو پێشەنگاكان و دەیانەوێت بیكەن بە ئەمری واقیع، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە ئەولەویاتێكی هەبێت، بەڵام مۆڵەتی دەستەی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە، لە كاتێكدا درووستكردنی ئەو پێشەنگایانە هیچ پەیوەندی بە وەبەرهێنانەوە نیە. لە ئێستادا تەواوی پرۆژەكان تەواوكراون، رەزامەندی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی وەرگیراوەو شارەوانیش چەند رێكارێكی ووردی ماوە، بۆ ئەوەی بەتەواوی پرۆژەكان بە یاسایی بكەن. دووەم: سنەوبەرەكانی سلێمانی – عەربەت لە چوار رێییانەكەی تانەجەرۆوە تا بازگەی ئێستا عەربەت ریزی سنەوبەرە، لە ئێستادا بەشی زۆری دار سنەوبەرەكان بە وشككراون و سوتێنراون، بەتایبەت لە نزیك عەلوەی نوێی سلێمانی، بەهۆی ئەو پرۆژانەی لەو ناوچانە درووستكراون، بە هێواشی ئەو سنەوبەرانە وشك دەكرێن و دەبڕدرێنەوە،بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە نێوان گوندی (ژاڵە)و گوندی داربەڕولە لەسەر شەقامی سەرەكی بە نیازی درووستكردنی (500) مەخزەنن، كە لە ئێستادا نزیكەی (150) مەخزەنی درووستكراون و تەواو بوون، هۆكاری بڕینەوەو وشككردنی دار سنەوبەرەكان: ا- سنەوبەرەكان رێگرن لە هاتوچۆكردن بۆ ناو مەخزەنەكان بۆیە دەیانەوێت رێگە بۆ ترێلەكان بكەنەوە بۆ ناو مەخزەنەكان ب- شوێنی دار سنەوبەرەكان دەكەنە شوێنی پشودان و چێشتخانەو ماركێت بۆ ئەو شۆفێرانەی دێنە مەخزەنەكان سێیەم: سنەوبەرەكانی بەكرەجۆ: لە باخی بەختیاری و تەكیەكەی شێخ محەمەد كەسنەزانیەوە تا پشتی هۆتێل های كرێست و تا دەروازەی بەكرەچوو، ماوەیەكی زۆرە دار سنەوبەرەكان لێیان وشك دەكرێت و ژێریان دەسوتێنرێت و دەبڕدرێنەوە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پێشتر بڕیار بووە ئەو ناوچەیە نەخۆشخانەیەكی بۆ (د. ئەنوەر شێخە) نەخۆشخانەی شێرپەنجە لێدرووست بكرێت، بەڵام لەوكاتەدا ژمارەیەك كۆمپانیا رێگریان كردو ، بە نیازی درووستكردنی ژمارەیەك شوقەی نیشتەجێبوون، هەوڵی وشككردنی سنەوبەرەكانی ئەو ناوچەیەیاندا بۆ ئەوەی زەویەكە لە غاباتەوە بگۆڕن بۆ زەوی نیشتەجێبوون، ئێستا بە هێواشی دار سنەوبەرەكان وشك دەكرێن و دەسوتێنرێن و دەبڕدرێنەوە. چوارەم: سنەوبەرەكانی گۆیژە: لەسەرەتای ئەم مانگەدا لە ناو بێدەنگی دەزگا ئەمنی و ئیداریەكانی شاری سلێمانی ئاگر لە سنەوبەرەكانی بناری گۆیژە بەردراو بەهۆیەوە زیاتر لە (6 هەزار) داری سنەوبەر سوتا، هۆكاری سوتانەكە لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە بڵاو نەكرایەوەو وەك رووداوێكی ئاسایی سەیری كراو لێپرسینەوەیەكی ئەوتۆش نەكرا، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لەو سەروبەندەداو چەند جارێك كۆمپانیایەك گفتوگۆ و پێنشیازی درووستكردنی ژمارەیەك شوقەی نیشتەجێبوونی كردووە لەناو سەوزایی و سنەوبەرەكانی بناری گۆیژەدا، گومانەكان بۆ ئەوە دەچن، كە سوتانی سنەوبەرەكانی گۆیژە بەدەست بووبێت و چاوتێبڕینە لە زەویەكەی بۆ درووستكردنی شوقەی نیشتەجێبوون. سنەوبەرەكان هەناسەی سلێمانی دار سنەوبەرەكان بەشێكی زۆری ئەو سەوزاییە دەستكردانەی هەرێمی كوردستان پێك دەهێن كەبە (2 ملیۆن و 507 هەزار) دۆنم سەوزایی دەخەمڵێنرێت لەو ژمارەیە ( 35 هەزار) دۆنمی دارستانی دەستكردە،كە پێشتر لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعسدا ژمارەیەكی زۆری غابات لە شارو شارۆچكەو ناحیەكاندا درووستكران و پاسەوانی تایبەتیان بۆ دامەزرێنا بۆ پارێزگاریلێكردنیا. بەڵام تا ئێستا رێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان نەگەیشتوەتە ئاستی ستانداردی جیهانی، بە پێی ئاماری رێكخراوەكانی بواری ژینگە رێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان (12.5%)ەو ستانداردی جیهانی (15- 25%)، ئامارەكانی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم رێژەی سەوزایی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیەیە: پارێزگای هەولێر: 9.1% پارێزگای سلێمانی: 9.1% پارێزگای دهۆك: 27.5% پارێزگای هەڵەبجە: 10.4% گەرمیان: 4.4% بە پێی ئامارەكانی بەرێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی لەناو سەنتەری شاردا رێژەی سەوزای لە (18%) یە بەڵام لەدەرەوەی شارو قەزاو ناحیەكان ناگاتە 12%. بەڵام نزیكەی (560) باخچەو نافورو سەوزای لەناو شاری سلێمانی هەیە لەگەڵ (3 ملیۆن) درەخت و نەمام. بەشێك لە روبەرە سەوزاییەكانی شاری سلێمانی بە تایبەت لە بناری گویژەو گردی زەرگەتەو گردی محافز و باخی بەختیاری و رێگای سلێمانی تاسڵوجە لە دار سنەوبەرەكان پێكهاتوون، كە بەشێكیان تەمەنیان بۆ ناوەڕاستی سەدەی رابردوو دەگەرێتەوەو زۆرینەیان هی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حكومەتی عێراقن. سنەوبەرەكانی (سلێمانی- تاسڵوجە) پەنجا ساڵی تەمەنیان تێپەڕاندووە، لەسەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو بەمەبەستی ڕازاندنەوەی ئەمبەروئەوبەری شەقامی سەرەكی سلێمانی-تاسڵوجە ڕوێنراون، سەردەمێك جێگەی پشو و ڕێگەسەیرانی دانشتوانی شاربو، كەم كەس هەیە لە نەوەی كۆنی شار یادەوەری و یادگاری لەژێر سایەو سێبەری ئەم درەختە بێنازانەدا نەبێ، دەیان وێنەی خێزانی كۆنی شار بەڵگەن لەسەر پێگەی گرنگی گەشتیاری ئەم درەختانە و ئەو زۆنە بەرفروانەی گەشەیان تێدا كردووە. سلێمانی و دارسنەوبەر دار سنەوبەر، ئێستا بووە بە ڕەمز و سومبلێكی دیاری شاری سلێمانی و ژینگەیەكی پاك و دیمەنێكی جوان و ئاووهەوایەكی پاكژیان پێ بەخشیوە. بەهۆی سروشتی هەمیشە سەوز و خۆڕاگری و خۆگونجانی لەگەڵ كەش و ژینگەی سەختدا، بەشێك لە وڵاتانی جیهان لە نیوەی دووەمی هەزارەی دووەهەمدا، دارسنەوبەریان كردە ئامڕازێكی گرنگ و كاریگەری سروشت و ژینگە، بە سەدان هەزار نەمامی سنەوبەر لەو وڵاتانەی شاخاوین و گۆڕانكاری گەرماو سەرمایان تێدا خێراو كاریگەرە، ڕوێنرا، عێراقیش یەكێك بو لەو وڵاتانەی بەشێوەیەكی بەرفروان دەستیكرد بە چاندنی هەزاران نەمامی سنەوبەر بەتایبەت لەناوچە شاخاوییەكان. نیشتمانی سەرەكی دارسنەوبەرەكانی عێراق، ناوچەی زاخۆ و دهۆكە، كە بەشێوەیەكی سروشتی لەناوچە شاخاوییەكاندا گەشە دەكەن، پاشتر حكومەتی عێراقی تۆو و قەڵەمی لێوەرگرتن و لە هەندێك پارێزگای دیكەدا چاندنی، سلێمانیش یەكێك بو لەو شارانە و لە حەفتاو هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو بە چەند قۆناغێكی جیاواز هەڵمەتی چاندنی نەمامی سنەوبەر لە دەوروبەر و سەنتەری شاری سلێمانی دەستیپێكرد، یەكێك لەو ناوچانەی ئەم هەڵمەتە گرتییەوە ڕێگەی سلێمانی-تاسڵوجە بو، بە دیاریكراوی لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1984 هەزاران نەمامی سنەوبەر بەدرێژایی ڕێگەی باخی بەختیاری تا دەگاتە نزیك تاسڵوجە، ڕوێنرا، پاش چەند ساڵێك بوە یەكێك دیمەنە جوانەكانی دەروازەی داخڵ بوونی شاری سلێمانی، لەسەردەمی كەمی و سادە و ساكاری ئامڕازەكانی هاتوچۆ، خەڵكی شار بۆ بەسەربردنی كاتە خۆشەكانیان سەردانیان دەكرد. لە دوای ڕاپەڕین و بەدیاریكراوی لەساڵی 1996، ڕێكخراوی فاو هەڵمەتێكی چاندنی دارسنەوبەری لەسەر هەمان ڕێگە دەستپێكرد، سەرلەنوێ هەزاران نەمامی سنەوبەر ڕوێنرا كە ئێستا تەمەنیان نزیكەی 25 ساڵە و لەڕووی گەورەیی و گەشەوە جیاوازییان لەگەڵ سنەوبەرە كۆنەكەدا هەیە. پاشەكشەی ڕووبەری دارسنەوبەرەكان لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو، سلێمانی سەوزترین و پاكژترین شار بو لەسەر ئاستی عێراق و، دارسنەوبەر ڕۆڵێكی ئێجگار گەورەی هەبو لە بەخشینی ئەو نازناوە بە شار، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئەم ڕووبەرە سەوزاییەی شار بەتایبەت ڕووبەری دارسنەوبەرەكان، بەهۆی كەمی سوتەمەنییەوە پاشەكشەی كرد و لەلایەن هاوڵاتییانەوە رووبەڕووی هەڵمەتی بڕینەوە بونەوە، ساڵانەش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و وشكیدا، ئاگركەوتنەوەش هۆكارێكی دیكەی ئەم پاشەكشەیە بو. ئیستاش لەگەڵ هەڵكشانی گەندەڵی و چاوچنۆكی دەسەڵاتداران و هەندێك سەرمایەداری بێویژدان، هەڵمەتێكی مەترسیدار و تاوانێكی ڕێكخراو ئەنجامدەدرێت، ناوبەناو دەستێكی نادیار، لە تاریكیدا، زەفەر دێنێ و، بەشێك لە دارسنەوبەرەكانی شار دەستوتێنێ، یاخود دوور لەهەر بەهایەكی مرۆیی و ژینگەیی، تێزاب و نەوت دەخرێتە ژێر ئەو دارسنەوبەرانەو وشك دەكرێن، ئەم دیاردەیە بە ئاشكرا لەنێو دارسنەوبەرەكانی ڕێگەی سەرەكی سلێمانی-تاسڵوجە بەدیدەكرێ و، سوتاوی و دیمەنی وشكهەڵاتووی دەیان درەخت، بەڵگەی ئەم حەقیقەتەیە. چۆن ڕێگری لەم دیاردە مەترسیدارە دەكرێت؟ دیاردەی زیادەڕەوی، دیاردەیەكی گشتگیرەو تەواوی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، هیچ شارو شارۆچكەیەك نییە بەدەست پەرەسەندنی ئەم دیاردەیەوە نەناڵێنێت، بەڵام ئەوەی لە سلێمانی بەدیدەكرێت جیاوازترە، فراوانترە، كەم شوێنی سلێمانی هەیە ڕووبەڕووی زیادەڕەوی نەبوبێتەوە و داگیركاری ئاشكرای تێدا ئەنجام نەدرابێت، لەئیستادا زەوییە كشتوكاڵییەكانی بەكرەجۆ، زەوییەكانی دەوروبەری فڕۆكەخانە، كانی گۆمە، تانجەرۆ، خەلیفاوا، ڕێگەی سلێمانی-تاسڵوجەو چەندین شوێنی تر زیادەڕەوی ئاشكرای لەسەرەو بەرپرسانی ئیداری سلێمانیش نەیانتوانیوە سنورێكی بۆ دابنێن. ئەوەی دەتوانێت سنورێك بۆ ئەم دیاردەیە دابنێت، ڕۆڵی داواكاری گشتی سلێمانی و فشاری مەدەنی و تەركیزی ڕاگەیاندنەكانە بە ئاڕاستەی دروستكردنی ڕای گشتی و فشارخستنەسەر بەرپرسانی ئیداری سلێمانی تاكو بە ئەركی خۆیان هەستن و سنورێك بۆ ئەم دیاردەیە دابنێن.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف لە نەبوونی رێبەرێك كە توڕەییو ناڕەزایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان كۆبكاتەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە بە ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتو بەشێكی خەڵك چاویان لەوەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە هەرێم بە كاندیدی سەربەخۆ بەشداری بكاتو دەنگی پێبدەن، ئێستا كازمی نزیكترین سەركردەی عێراقو هەرێمی كوردستانە لە شەقامەوە، ئەو بە هاتنی، دیمەنی بەغدادی لای كورد لە داگیركەرەوە گۆڕیوە بۆ فریادڕەس، بەپشتی شەقامی ناڕازیی گەیشتە پۆستی سەرۆك وەزیران، ئایا هەر بە پشتی شەقام لەسەر كورسییەكەی دەمێنێتەوە ؟ كازمی لە 130 رۆژدا تەنیا (130) رۆژە دەستبەكاربووە، هەموانی سەرسام كردووە، هاوڵاتی لە شەقامو سیاسییەكانیش لە بارەگای حزبەكانیان، هەموان تەماشای ئەو دەكەن، تەنانەت دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاشی بەخۆی سەرسامكردووە، ئەو مستەفا كازمییە، دواین سەرۆك وەزیرانی عێراق. كازمی ئێستا بەهێزترین پیاوی سیاسییە لە شەقامی عێراقو تەنانەت هەرێمی كوردستانیشدا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پڕبوون لە ستایشی ئەو، هەموان خوازیارن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەپاڵ سێبەری ئەودا زامنی مانەوەی خۆیان لە گۆڕەپانەكەدا بكەن. كازمی وەكو ئەوەی بەڵێنیدابوو، نزیكەی دوو مانگ دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە عێراق دیاریكرد، 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەو رۆژەیە كە كازمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دیاریكردووە، هەڵبژاردنێك كە زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق خوازیاری نینو دەیانەوێت دوای بخەن بۆ كاتێك كە تێیدا هەندێك لە پێگە لەدەستچووەكەیان لە شەقام بگەڕێننەوە. ئێستا دیمەنەكە بەمشێوەیەیە، كازمی كە خاوەنی هیچ پارتێكی سیاسی نییە دەیەوێت هەڵبژاردن بكرێت، پارتە سیاسییەكانیش كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەیان زیاد دەكات، زۆرینەیان دەیانەوێت دوابخرێت بۆ كاتێك كە تێیدا هەندێك لە شكۆی كازمی لە شەقام شكێندرابێت. لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە، لە عێراق بووە بە نەریت دەبێت پۆستی سەرۆك وەزیران لای كەسێكی شیعە بێت، كازمی شیعەمەزهەبە، بەڵام نوێنەرایەتی خواستی تاران ناكات، لایەنە شیعەكان پاڵپشتیان كرد پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، بەڵام بەو مەرجەی نە خۆی نە وەزیرەكانی دوای تەواوبوونی ماوەكەیان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی كاندید نەكەن، بەڵام ئەمە رێگر نابێت لەوەی كازمی هەوڵی دروستكردنی كوتلەیەكی پەرلەمانی بداتو خەڵكانی تر بەتایبەتی كەسانی سەربەخۆ بۆ ناو پەرلەمان سەربخاتو جارێكی تر لەو رێگەیەوە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێتەوە. كازمی لە عێراقدا هێزە شیعەكان لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە یەكەمجارە بەم ئاستەی ئێستا لەناو شەقامو دەنگدەرانی خۆیاندا روبەڕووی ناڕەزایەتی دەبنەوە، دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق كە لە ئایاری 2018دا بەڕێوەچوو، تەنیا رێژەی 45%ی دەنگدەران بەشدارییان لە پرۆسەكەدا كرد، هەندێك دەڵێن رێژەكە زۆر لەوەش كەمتر بووەو دەستكاری كراوە، لە 17 ساڵی رابردوودا یەكەمجار بوو بەم ئاستە كەمە خەڵك بەشداری دەنگدان بكەن، ئەمە پەیامێكی ناڕەزایەتی شەقام بوو بۆ سەركردە سیاسییەكانی عێراق بەدیاریكراویش سەركردەكانی شیعە كە لە 17 ساڵی رابردوودا حوكمی عێراقیان بەدەستەوە بووە. ناڕەزایەتییەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كردو دوای پێنج مانگ مستەفا كازمی خستە سەر كورسی سەرۆك وەزیران، واتا كازمی بەرهەم ناڕەزایەتییەكانی شەقامە دژی چینی سیاسی دەستڕۆیشتووی عێراق، نەك هەڵبژاردن، هەندێكی تریش وەكو قۆناغێكی نوێی ململانێی نێوان ئێرانو ئەمریكا لە عێراق پێناسەیان كرد. شەقامی ناڕازی عێراق ژمارەیەك خواستیان لە كازمی هەبوو، لەوانە: • دەستكیركردنی بكوژی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو و دادگایكردنو سزادانیان • هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێك كۆتایی بە دەستڕۆیشتوویی حزبە سیاسییە تەقلیدییەكان بهێنێتو دەرفەت بە هاتنە پێشەوەی نەوەیەكی نوێ بدات لە عێراق • دیاریكردنی وادەیەك بۆ سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەو نوێكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان • چاكسازیكردن لەناو حكومەتو دادگایكردنی گەندەڵكاران كازمی لەماوەی چوار مانگ لە دەستبەكاربونیدا هەندێك هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكانی شەقام، خۆپیشاندەران ماوەی هەشت مانگیان بۆ كازمی دیاریكرد وەڵامی داواكارییەكانیان بداتەوە، ئێستا نیوەی ئەو ماوەیە تێپەڕیوە، بەڵام كازمی هێشتا هەموو خواستەكانی بەدی نەهێناوەو رەنگە تا كۆتایی ماوەكەشی نەتوانێت هەموو ئەو داواكارییانە جێبەجێ بكات كە بەڵێنی جێبەجێكردنی داون. دیارترین بەڵێنێك كە كازمی لەدوای دەستبەكاربوونی جێبەجێ كردووە، دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەو سوربونیەتی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە، بەڵام لە هەندێك داواكاری تردا كە لایەنە سیاسییەكان وەكو مەرج بۆ دەستبەكاربونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆیان داناوە، هێشتا هەنگاوی هەڵنەگرتووە، بەتایبەت كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەیەكجاری لە عێراق كە خواستی لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێرانە، كازمی لەگەڵ ترەمپ دیداری كردو ترەمپ سەرسامی خۆی بە كازمی نیشاندا، ئەمریكییەكان بۆ پاراستنی كازمی لە فشاری ئێرانو لایەنە دۆستەكانی لە عێراق، بڕیاریانداوە بەمزاوانە بەشێك لە هێزەكانیان لە عێراق بكشێننەوە، بەڵام كشانەوەی تەواوەتیش رونادات وەكو ئەوەی دۆستەكانی ئێران داوای دەكەن. سەرباری ئەمانە، كازمی لەرێگەی چەند هەنگاوێكەوە لەو ماوەیەدا كە دەستبەكاربووە هەوڵیداوە سەرەنجی شەقامی ناڕازیی بەلای خۆیدا رابكێشێت، لەوانە: • كۆنترۆڵكردنەوەی دەروازە سنورییەكانی عێراقو دورخستنەوەی دەستی میلیشیا چەكدارەكانی عێراق لەو گومرگانە تاڕادەیەك هەروەها زیادكردنی داهاتی دەروازە سنورییەكان. • هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی دەرەوەی یاسا لە پارێزگاكانی عێراق، ئەمە هەوڵێكی سەرەتاییەو هێشتا بەئەنجام نەگەیشتووە، گەورەترین چەكی دەرەوەی یاسا لە عێراق چەكی حەشدی شەعبیو میلیشیاكانی شیعەن كە تائێستا هەڕەشەن لەسەر ناوچەی سەوز لە بەغدادو ماوە لەدوای ماوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا موشەكباران دەكەن، بەڵام كازمی تاڕادەیەك توانیویەتی لە هەژمونی حەشد بدات. • چاكسازیو روبەڕووبونەوەی گەندەڵی بەشێكی تری بەرنامەو بەڵێنەكانی كازمییە، تائێستا لەم بوارەدا هەنگاوی گەورەی هەڵنەناوە، بەڵام بەمدواییە لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانەی پێشووی وڵات كە كەیسی گەندەڵییان لەسەرەو چەند كەسێك دەستگیركراونو نازانرێت كەیسەكە بەكوێ دەگات، لەبواری چاكسازیشدا، هێشتا كاری گەورەی نەكردووەو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستاو زیاتر پشتی بە وەرگرتنی قەرزی ناوخۆییو دەرەكی بەستووە. رەنگە خاڵی بەهێزی كازمی بەبەراورد بە سەرۆك وەزیرانەكەی پێش خۆی (عادل عەبدولمەهدی) ئەوەبێت كە لە بریارداندا هەندێك ئازایەتی زیاتری تێدایەو بێ ترس گۆڕانكاری لە پۆستە هەستیارەكانی دەوڵەتدا دەكات. كازمی لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، لە نەبوونی هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز كە رابەرایەتی شەقام بكات، دەنگێكی ناڕەزایەتی رێكنەخراوی زۆر هەیە كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بە "بایكۆت"ی دەنگدان گوزارشتی لەخۆی كرد. لە هەڵبژاردنی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان ئاستی بەشداری دەنگدەران 59% بوو، لەمێژووی هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا ئەم هەڵبژاردنە كەمترین ئاستی بەشداری تۆماركرد، قۆناغێكی نوێی ناڕەزایەتی دژی لایەنە دەسەڵاتدارەكان لە هەرێم دەستیپێكردووە، قۆناغێك كە رابەرە سیاسییەكانی دیارنینو دەسەڵات نازانێت لەگەڵ كێدا مامەڵە بكات، نەبوونی رێبەرێكی سیاسی كە ئاڕاستەی ناڕەزایەتییەكان بگەڕێنێتەوە بۆ ناو چوارچێوەی كوردستانییەكەی، رەنگە دواجار وابكات دەنگەكانیان بخەنە ناو سەبەتەكەی كازمییەوە لە بەغداد، بەتایبەتیش ئەگەر یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەیەی كە دانراوە "فرەبازنەیی" لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێت. ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستان دەیان پەیج بۆ ستایشی كازمی دروستكراون، خەڵكانێك دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بە كازمی بدەن، ئەگەر ئەمە روبدات، یەكەمجار دەبێت دەنگدەری كورد بەدور لە پرسی نەتەوەییو مەزهەبی بەشداری هەڵبژاردنی عێراق دەكاتو پەیامێكی توند بەو توێژە سیاسییە دەدات كە نزیكەی (30 ساڵە) حوكمڕانی دەكەنو هاوشێوەی سەركردەكانی شیعەی عێراقی دوای روخانی سەددامەوە، نەیانتوانیوە كێشە بنەڕەتییەكانی خەڵك چارەسەر بكەن. لەلایەكی ترەوە، ئێستا حكومەتی هەرێم لەناو قەیرانێكی دارایی قوڵدایەو مانگانە ناتوانێت موچەی فەرمانبەران وەكو خۆی دابین بكات، حكومەتی هەرێم بەو سیاسەتەی كە پەیڕەوی كردووەو هەمیشە بەرپرسیارێتی نەبوونی موچەی فەرمانبەرانی خستوەتە ئەستۆی بەغداد، هێندەی ئەوەی بەغدادی وەكو رزگاركەرێكی دۆخی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نیشانداوە، هێندە سەركەوتوو نەبووە لەوەی وەكو ئەوەی دەیەوێت رقی خەڵكی هەرێم لەدژی دەسەڵاتدارانی بەغداد ئەستور بكات. كازمی سەركەوتنێكی تری لەناو شەقامی ناڕەزای كوردستان دژ بە دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆماركرد، كاتێك سەرەتای ئەم مانگە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو وەكو یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراقی دوای سەددام چووە دەروازە سنورییەكانی (ئیبراهیم خەلیل)و (باشماخ)، دوو دەروازەی سنوری كە یەكێكن لە سەرچاوە گرنگەكانی داهاتی هەرێمی كوردستانو گومانی گەندەڵی گەورەو قاچاخچێتییان لەسەرە، رێككەوتنی هەرێمو بەغداد لەبارەی بودجەو داهاتەكانەوە لە بودجەی 2021ی عێراقدا، پێگەو كاریگەری زیاتری كازمی لەسەر هەرێمی كوردستان دەردەخات. لەپاڵ هەموو ئەمانەدا، سەرباری ئەوەی دۆخی عێراق لە هەرێمی كوردستان باشتر نییە، بەڵام شەقامی ناڕازی كوردستان لەژێر كاریگەری ناڕەزایەتییەكانی ئۆكتۆبەری رابردووی عێراقدایە كە توانی گۆڕانكاری لە دەسەڵاتدا بكات، لە نزیكەی (30) ساڵی رابردوودا، هیچ ناڕەزایەتییەكی میللی لە هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە گۆڕانكاری لە هەڕەمی دەسەڵاتدا دروست بكات. هەندێك لەو شیعانەی كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە عێراق حوكمیان گرتەدەست دۆستی كورد بوون، بەدیاركراویش دواین سەرۆك وەزیرانی لەكارلادراو عادل عەبدولمەهدی، بەڵام جیاوازییەكەی كازمی لەگەڵ ئەواندا ئەوەیە، ئەوان زیاتر دۆستی سیاسەتمەدارانی كورد بوون، نەك شەقامی كوردستان، كازمی هەوڵی نزیكبونەوە لە شەقام دەدات بەبێ ئەوەی رێگە بدات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم روبەڕووی بەریەككەوتن ببێتەوە، هەموو ئەم بارودۆخانە خزمەتێكی زۆریان بە مستەفا كازمی كردووەو لای شەقامی ناڕازیی كوردستان كردویانە بە رزگاركەرێك. رۆژی پێنجی ئەم مانگە كاتێك كازمی لەسنوری دهۆك سەردانی قەڵای "نزاركێ" شوێنی كۆكردنەوەی ئەنفاكراوانی بادینانی كرد، ژنێك كە دایكی شەش ئەنفالكراو بوو بە كازمی وت:" كوردستان ئەمانەتی تۆ بێت"، رۆژێك دواتر كە هاتە سلێمانی، جوتیارێكی كورد بە كازمی وت:" ئەگەر لیست دروست بكەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، هەموو كورد دەنگت پێدەدەن"، ئەم قسانە هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی پڕكرد، لەولاشەوە جەمال پێنجوێنی وێنەگرە تایبەتەكەی مستەفا كازمی وەكو كوردێك بە چركەی كامێراكەی، سێبەری كازمی لەسەر دەنگدەرانی كوردستان لە قەبارەی خۆی گەورەتر كردووە، هەموو ئەمانەش دەسەڵاتدارانی هەرێمی نیگەران كردووە. لەناو توێژی سیاسەتمەدارانی هەرێمی كوردستاندا، كازمی دۆستی زۆری نییەو بۆ زۆرێكیان كەسێكی نائاشنایە، بەڵام ئەو بە دۆزی كوردو ناهەماتییەكی ئاشنیایەو كاتێك لە دەستی سەددام هەڵاتووە، بە كوردستاندا گوزەری كردووە، سەرباری ئەمە كاری لەسەر بەڵگەنامەكانی ئەنفالو نوسراوەكانی دەزگای هەواڵگری عێراق كردووەو دۆسیەی زۆرێك لە بەرپرسانی كوردی لایە هەروەكو چۆن لەسەر بەرپرسانی سیاسی عێراقیش بەڵگەنامەی هەیەو ئەمە بووە بە یەكێك لە چەكە بەهێزەكان بەدەستییەوە. نزیكترین دۆستی كازمی لەناو توێژی سیاسی كوردستاندا ئێستا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، ساڵی 2010 بۆ 2011 كازمی لە سلێمانی ژیاوە، ئەوكات سەرنوسەری گۆڤاری "الاسبوعیة" بووە كە بەرهەم ساڵح خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەكە بووە. 2018 بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیابووەوەو حزبێكی نوێی دروستكرد، ساڵێك تێنەپەڕی گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتیو پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی بەوشێوەیە نەبوو كە یەكێتییەكانو بەدیاریكراویش سەركردە كۆنەكانی حزب خوازیاری بوون، ئەو هێشتا لە دەرەوەی یەكێتی سیاسەت دەكاتو دەیەوێت یەكێتی بەرەو ئاڕاستەكەی خۆی كێش بكات، یاخود راستتر بەرەو ئاڕاستەكەی بەغدادو مستەفا كازمی پاڵ پێوەبنێت. پێناچێت بەرهەم ساڵح لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا لە كەمپەینی یەكێتیدا بەشداری بكات، مەگەر ئەوەی یەكێتی بخاتە سەر رێڕەوەكەی مستەفا كازمیو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی سیاسیدا كۆیان بكاتەوە، یاخود بەدیاریكراوی بیخاتە ناو چوارچێوەی دۆخە سیاسییە نوێیەكەی عێراقەوە بەوشێوەیەی كە خولێكی تری سەرۆكایەتی كۆمار بۆخۆی مسۆگەر بكاتەوە، ئایا كازمی بەم شەراكەتە قایل دەبێت، یاخود دەیەوێت لە دەرەوەی پۆلی هەموو سیاسییەكانی ئێستای عێراقو هەرێمی كوردستانەوە لەناو دەنگدەراندا، بخوێنێت. پارتی دیموكراتی كوردستانیش تائێستا بە دوودڵییەوە تەماشای بارودۆخە نوێیەكەی عێراق دەكاتو نایەوێت لەگەڵ كازمی بەتەواوەتی تێكیبدات لەكاتێكدا نازانێ چارەنوسی عێراق بەرەو كوێ دەچێت، ئایا سەركردایەتی كۆنی شیعە دەگەڕێنەوە بۆسەر گۆڕەپانەكە، یاخود دۆخەكە بە ئاڕاستەیەكی تردا دەڕوات. لە رۆژنامەگەرییەوە بۆ هەواڵگری مستەفا عەبدوللەتیف مشتەت غەریباوی ناوی تەواوەتی مستەفا كازمییە، (53 ساڵ) لەوپێش لە بەغداد لەدایكبووە، بەڵام رەچەڵەكی خێزانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بنەماڵەی "غەریباوی" لە قەزای (شەترە) لە پارێزگای زیقار. لە عێراق یاسای تەواوكردووەو ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، وەكو نەیارێكی رژێمی بەعس لە عێراق هەڵاتووەو لەڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە چوەتە دەرەوەی وڵات. لەو ماوەیەی لە تاراوگە بووە لە ئێرانو دواتر سویدو بەریتانیا، دژی رژێمی بەعس كاریكردووەو نوسیویەتی. ماوەیەك نوسەری وتارو بەڕێوەبەری بەشی عێراق بووە لە سایتی "مۆنیتۆر"ی ئەمریكی. لەو ماوەیەی لە تاراوگە ژیاوە بەڕێوەبەری دامەزراوەی "بیرەوەری عێراق" بووە، دامەزراوەیەك كە بەڵگەنامەكانی رژێمی بەعسی كۆدەكردەوەو كاری لەسەر بەدیكۆمێنتكردنی تاوانەكانی بەعس دەكرد، هەر لەو ماوانەدا كازمی چەند كتێبێكی بڵاوكردوەتەوە، لەوانە: • مسألة العراق • انشغالات إسلامیة • علی بن أبی طالب الإمام والإنسان • المصالحە بین الماضى والمستقبل دوای روخانی رژێمی بەعس لە 2003دا كازمی گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، بەڵام نەچووەتە ناو هیچ حزبێكی سیاسیو بەشداری كردووە لە دروستكردنی تۆڕی راگەیاندنی عێراقدا، حوزەیرانی 2016 كە عێراق لە شەڕێكی قورسدا بوو لەگەڵ رێكخراوی "داعش"، كازمی كرا بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، لەم ماوەیەدا كازمی تۆڕی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرپرسو سەرۆكی وڵاتان فراوانكرد. 2017 كاتێك حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق سەردانی سعودیەی كرد، مستەفا كازمیشی لەگەڵ خۆی بردبوو، ئەوكات كازمی بەدیكرا كە چۆن دەستلەملانێ لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەدا دەكات، ئەمە تۆڕی پەیوەندییە بەرفراوانەكانی ئەو و توانای بەهێزی كازمی لەبواری دانوستاندا نیشاندا. كازمی لەنێوان ئێرانو ئەمریكادا كازمی وەكو پێویست پێشتر لەناو شەقامی كوردیدا ناسراو نەبوو، بەڵام لەناوەندی سیاسی عێراقدا ناوی هەبوو، ساڵی 2018 ناوی دەهێنرا وەكو جێگرەوەی حەیدەر عەبادی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام هەر ئەوكاتیش لەناو هەندێك لە هێزە سیاسییەكانی شیعەدا دژایەتی هەبوو پۆستەكە وەرگرێت، تۆمەتباردەكرا بەوەی "پیاوی ئەمریكا"یە، بەڵام دواجار لاوازی عادل عەبدولمەهدی وایكرد بازەكە لەسەر شانی كازمی بنیشێتەوە. دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، یەكێك لە كەسایەتییە سیاسییە نزیكەكانی بە ئاژانسی هەواڵی (فرانس پرێس) وت:" كەسایەتی كازمی بەوشێوەیەیە كە دژایەتی كەس ناكات، عەقلیەتێكی پراگماتی هەیەو پەیوەندی لەگەڵ هەموو یاریزانە سەرەكییەكانی گۆڕەپانی سیاسی عێراقو ئەمریكاو ئێرانیشدا هەیە". كازمی دوای دەستبەكاربوونی هەم سەردانی تارانو هەم سەردانی واشنتۆنی كرد، عێراقی بوارد لەو سزا ئابورییانەی كە ئەمریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە. كازمی لەناو هەندێك لەلایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران تۆمەتبار دەكرێت بەوەی دەستی هەبوو لە كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانو ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئەمریكییەكاندا لەسەرەتای ئەمساڵ، بەوپێیەی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە. كە دەستبەكاربوو لە پۆستی سەرۆك وەزیران، نەیارانی بۆ تاقیكردنەوەی، یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی كازمییان تیرۆركرد كە نوسەرو توێژەر (هیشام هاشمی) بوو، كازمی بە نهێنی كار لەسەر دۆسیەی تیرۆركردنی هاوڕێكەی دەكاتو تائێستا هیچ ئەنجامێكی لێكۆڵینەوەكانی بۆ رایگشتی رانەگەیاندووە.
(درەو): عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانیو وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان دەستەكاركێشانەوەكەی كشاندەوەو لە پۆستەكانی خۆی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام دەبێت. عەدنان عوسمان لە تویتێكدا لە توڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:" لەشوێنی خۆم بەردەواممو بەردەوام ئەبم.. ئاڵاكەی نەوشیروان مستەفا شەكاوە ئەبێت". بەم تویتە، عەدنان عوسمان كۆتایی بەشێك لە ناكۆكییەكەی خۆی لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەی راگەیاندو گەڕایەوە سەر كارەكانی خۆی وەكو سكرتێری جڤاتی نیشتمانیو وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕانو ئەندامی خانەی راپەڕاندن. رۆژی 15ی ئەم مانگە، هاوكات لەگەڵ تێپەڕینی ماوەی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، عەدنان عوسمان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی خانە رادەستی رێكخەرو خانەی راپەڕاندن كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كێشەی عەدنان عوسمان لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندی بە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانەوە هەبووە لە پەرلەمانی كوردستانو چەند كێشەیەكی تر. رێكخەری گشتی پشتیوانی دانانی پەرلەمانتار (شاخەوان رەئوف) دەكرد لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن، عەدنان عوسمانو دەرباز محەمەد وەكو دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندن پاڵپشتییان لە دانانی پەرلەمانتار (دابان محەمەد) دەكرد. رۆژی یەكشەممەی رابردوو، فراكسیۆنی گۆڕان بەزۆرینەی دەنگ لە ناو هۆڵی فراكسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان، (دابان محەمەد)یان وەكو سەرۆكی فراكسیۆنەكەیان هەڵبژارد، لەو هەڵبژاردنەدا لە كۆی (12) ئەندامی فراكسیۆنەكە (7) ئەندام بەشدارییان كردو دەنگیان بە (دابان محەمەد) دا، (5) ئەندامەكەی تر بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان كرد. عومەر سەید عەلی دژی هەڵبژاردنەكە بوو، دانی پێدا نەنا، بەوهۆیەوە كێشە دروستبووە، چوار دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەچووە بەبێ ئەوەی ئەو (7) ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان بەشداری تێدا بكەن، پۆستی سەرۆكی فراكسیۆن هێشتا یەكلانەبووەتەوەو (بەڵێن ئیسماعیل) بەشێوەیەكی كاتی لەسەر كورسی سەرۆكی فراكسیۆن لەناو پەرلەمان دادەنیشێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هاوكات لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكەی خۆی، عەدنان عوسمان كێشەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانی چارەسەر كردووەو رێكخەری گشتی قایل كراوە بەوەی (دابان محەمەد) پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنەكە وەربگرێت، بڕیارە هەفتەی داهاتوو (دابان محەمەد)و ئەو پەرلەمانتارانەی كە دەنگیان پێداوە بگەڕێنەوە بۆ ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان.
راپۆرتی: كاروان ساڵحی – كەركوك ناو گوندی پەڵكانە؛ سێ ساڵە لە بارگرژی و ململانێی دوو نەتەوە و دوو حكومەتدایە، بێ ئەوەی هیچ لایەكیان چارەسەری یەكجاریی كێشەی ناوچەكەی پێبێت. لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە، چەندینجار ئاڵۆزی و ناكۆكی كەوتۆتە نێوان كورد و عەرەبەوە، لەسەر خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكانی پەڵكانەی پارێزگای كەركوك. (گوندی پەڵكانە لە ناحیەی سەرگەڕان-ی قەزای دوبز لە باكوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك، گوندی پەڵكانە لەروی ئیدارییەوە سەر بە كەركوكە بەڵام دۆسیەی ئەمنی لای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەدینە) "بەڵگەی فەرمی دادگا و كشتوكاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەمان هەیە، ئەو زەوییانە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، بەڵام ئەو خێزانە كوردانەی لە گوندەكەدان هیچ بەڵگەیەكیان پێنییە" ئەحمەد غەزال، یەكێك لە شێخەكانی هۆزی شەممەر وای وت. ژمارەیەك لە شێخەكانی ئەو هۆزە ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئەیلول، لە گوندی رافیدینی نزیك دوبز بە دوری 20 كیلۆمەتر لە پەڵكانە گردبونەوە و داوایانكرد، رێگە بە گەڕانەوەیان بۆ سەر زەوییە كشتوكاڵییەكانی پەڵكانە بدرێت. هۆكاری گواستنەوەی گردبونەوەكە بۆ رافیدین لە بری پەڵكانە، بەهۆی رێگریی هێزە ئەمنییەكانەوەیە لە روماڵی راگەیاندن و گەیشتنی رۆژنامەنوسان بە پەڵكانە، بەوتەی شێخەكانی شەممەر. تائێستا 12 جار هۆزه عهرهبهكان ههوڵیانداوه له گوندهكهدا جێگیرببنهوه غەزال بە (كەركوك ناو)ی وت "گلەیی ئێمە لە پەرلەمانتارانی عەرەبە، لەسەر شانی ئێمە بون بە پەرلەمانتار و ئێستا كەسیان لە كێشەكانمان ناكۆڵنەوە". پەڵكانە و چەند گوندێكی تری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز-ی پارێزگای كەركوك، زیاتر لە 10 جار بونەتە جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵك و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەكە و زەوییە كشتوكاڵییەكانی، بەوتەی كورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەركردنیان دەدرێت، لەكاتێكدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن. یوسف محەمەد عەلی، ئەنجومەنی گوندی پەڵكانە بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 1975دا بەعس 12 گوندی سەرگەڕانی چۆڵكرد، لە نێویاندا گوندەكەی ئێمە، ئەوكات عەرەبی هێنایە ناوچەكانمان و ئێمە رۆیشتین، تا لە دوای 2003ـەوە جارێكیتر گەڕاینەوە بۆ زەوییەكانی خۆمان".بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش و لیژنەی كاروباری باكوری سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، كە سەدام حسێن سەرۆكایەتی دەكرد، زۆرینەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوو بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبی ناوەڕاست و خواروی عیراقدا دابەشكران، ئەوەش لەچوارچێوەی پرۆسەی تەعریب و راگواستنی خێزانە كوردەكان، بەڵام لەگەڵ روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، كورد بۆ تەواوی زەوییە كشتوكاڵییەكانی گەڕایەوە. "دوای پرۆسەی ئازادی گەڕاینەوە و ژیانی ئاساییمان دەستپێكردەوە، سەرقاڵی ئیشوكاری خۆمان بوین، بەڵام دوای 16ی ئۆكتۆبەر دیسان عەرەبەكان هاتنەوەسەرمان بە پاڵپشتی هێزی ئەمنی و دەستیان بەسەر ژمارەیەك خانودا گرت كە ماڵی تێدانەبوو" بەوتەی یوسف محەمەد، تائێستا 12 جار هۆزە عەرەبەكان هەوڵیانداوە لە گوندەكەدا جێگیرببنەوە. لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی گەڕانەوە بۆ كەركوك و پێشمەرگە كشایەوە، كاتێك پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بەهۆی ریفراندۆمی كوردەوە گەیشتنە ئەوپەڕی ئاڵۆزی. دوایین ئاڵۆزی لە پەڵكانە چەند رۆژێك لەمەوبەر بوو، بەرلەوەی بگاتە پێكداهەڵپژان، جارێكیتر بەكاتی بارگرژییەكان هێوركرانەوە. ئەنجومەنی گوندی پەڵكانە داواكارە هەرچی زووە لەسەر ئاستی باڵا كۆتایی بە كێشەی ناوچەكە بهێنرێت و چیتر لەو بارودۆخە ناجێگیرەدا نەمێننەوە. ئێمە خەڵكی رەسەنی گوندەكەین بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگریی لە گەڕانەوەمان دەكەن گوندی پەڵكانە، یەكێك لە 42 گوندەكەی سەرگەڕان و دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای كەركوك، نزیكەی 25 ماڵی تێدایە و روبەرەكەی زیاتر لە 60 هەزار دۆنم زەویی بەپیتی كشتوكاڵی و نەوتی تێدایە. حەمید هەلیل فەرحان، یەكێكە لەو هاوڵاتییە عەرەبانەی هەوڵی گەڕانەوە بۆ پەڵكانە دەدات و دەڵێت "ئێمە خەڵكی رەسەنی گوندەكەین، ئەو كوردانەی لەوێ ماونەتەوە بەشێكیان خەڵكی حەسەكە (كوردستانی سوریا) و بەشێكی دیكەیان خەڵكی مەهاباد (كوردستانی ئێران)ـن، لەگەڵ چەند خێزانێكی دهۆك". لە ئایاری 2019دا راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "دانیشتوانی ئێستای پەڵكانە خەڵكی مەهابادی ئێرانن" و بەرگری لە هەوڵی گەڕانەوەی خێزانە عەرەبەكان كرد. حەمید هەلیل بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە خەڵكی شوێنی دیكە نین، ناومان لەسەرژمێری 1957ی ناوچەكەدایە، ناسنامەكەی باوكم هی ساڵی 1928ـە و لێی نوسراوە سەرگەڕان، بۆیە داوای مافی خۆمان دەكەین، بۆ ئەوەش نوسراوی دادگامان هەیە بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگریی دەكەن". بەپێی ئەو بەڵگانەی نوسینگەی كەركوكی جێبەجێكردنی ماددەی 140 پێشتر بڵاویكردۆتەوە، چەند هۆزێكی عەرەب لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بە نامەیەك خواستی خۆیان بۆ نیشتەجێبون لە جێی خێزانە كوردەكان لە سنوری سەرگەڕان نیشانداوە لەسەر داوای حكومەتی ئەوكاتی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن. هەروەها راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە چەند نوسراوێكدا كە كۆپییان لای (كەركوك ناو) هەیە و لە مانگی 11ی 2017دا ئاڕاستەی قایمقامی دوبز و ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەدین كراون، داوایكردووە هاوكاری هاوڵاتیانی عەرەب بكرێت تا بۆ پەڵكانە و گوندەكانی تری سەرگەڕان بگەڕێنەوە. ئەمە خاكی باوباپیرانمانە و رێگە نادەین عەرەب داگیری بكەن هونەر كەریم رەحمان، دانیشتوی گوندی پەڵكانە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمە خاكی باوباپیرانمانە و رێگە نادەین عەرەب داگیری بكەن"، وتیشی "ئەگەر سەركردایەتی كورد ئێمەیان فرۆشتوە یان پشتیانتێكردون با بزانین" وەك ئاماژەیەك بۆ بەدەمەوەنەهاتنی كێشەكانیان وای وت. بەوتەی ئەو هاوڵاتییە تەنیا شەش خێزانی عەرەب لە گوندەكەدا بە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە جێگیربون. گوندی پەڵكانە هەرچەندە لە روی ئیداریەوە سەر بە پارێزگای كەركوكە، بەڵام دۆسیەی ئەمنی لای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سەڵاحەدین-ـە. (كەركوك ناو) زیاد لە جارێك هەوڵیدا لێدوانی لێپرسراوانی لایەنی پەیوەندیدار بەدۆسیەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بە تایبەت فەرمانگەی كشتوكاڵی سەرگەڕان وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون. لە ئایاری ساڵی رابردودا، كاتێك زیاتر لە 100 هاوڵاتی هۆزی شەممەر بە حەوت ئۆتۆمبێلەوە هەوڵیاندا لە پەڵكانە جێگیربن و پێكداهەڵپژان رویدا، ئیدارەی ناوچەكە بە هاوكاری پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی باڵا بە كاتی كۆتاییان بە بارگرژییەكان هێنا. ئەوكات عەبدولمتەلیب عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بەوەكالەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو وتی كێشەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی گوندی پەڵكانە بەشێوەیەكی كاتی چارەسەركراوە تا دادگا خاوەندارێتییان یەكلاییدەكاتەوە. چارەسەری كێشەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان، لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی ماددەی 140ی دەستوری عیراقیدایە، كە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی ئیدارەدانی كەركوك و چەندین ناوچەی تر لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندا دانراوە، لەرێی ئاساییكردنەوە، سەرژمێری و دواتر راپرسی.
درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی قەرزەكانی تەواوكردووەو (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلار قەرزارەو لەو بڕە (8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلاری شاییستەی پاشەكەوتی موچەخۆران . سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی قەرزەكانی تەواوكردووەو رەوانەی چاودێری درایی دەكات. بەپێی ئەو خشتەیەی كە (درەو) لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستیكەوتووە، قەرزەكانی حكومەتی هەرێم بەسەر چوار تەوەردا دابەشكراوە بەم شێوەیە: یەكەم: قەرزەكان • قەرزی دەرەكی بڕەكەی (4 ملیارو 288 ملیۆن و 479 هەزارو 296) دۆلارە. • قەرزی ناوخۆیی بڕەكەی ( 2 ملیارو 267 ملیۆن و 450 هەزارو 312) دۆلارە دووەم: پابەندە داراییەكان: • پابەندەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بڕەكەی ( 3 ملیارو 281 ملیۆن و 179 هەزارو 931) دۆلارە. • پابەندەكانی وەزارەتی كارەبا بڕەكەی ( 3 ملیارو 883 ملیۆن و 423 هەزارو 566) دۆلارە. • پابەندییەكانی وەزارەتەكانی تر بڕەكەی ( 948 ملیۆن و 497 هەزارو 70 ) دۆلارە. سێیەم: پاشەكەوت شاییستە داراییەكانی موچەخۆران و خانەنشینان بڕەكەی ( 8 ملیارو 966 ملیۆن و 156 هەزارو 514) دۆلارە. چوارەم: بابەتی هەردوو بانكی بازرگانی عێراقی (TBI) و كوردستان (KIB) بڕەكەی ( 3 ملیارو 914 ملیۆن و 771 هەزارو 574) دۆلارە. كۆی گشتی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێم بڕەكەی ( 27 ملیارو 549 ملیۆن و 958 هەزارو 263) دۆلارە.
(درەو): عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانیو وتەبێژی فەرمی بزوتنەوە گۆڕان نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی كرد. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەمڕۆ عەدنان عوسمان دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ئاڕاستەی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكەی كردووە. دەستلەكاركێشانەوەی عەدنان عوسمان هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕینی ماوەی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی رێكخەرو خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان. (درەو) زانیویەتی، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی عەدنان عوسمان بۆ نیگەرانی ئەو دەگەرێتەوە لە سیاسەتو شێوازی مامەڵەكردنی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە. خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە (7) ئەندام پێكدێت، پێشتریش جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندن بۆ كاروباری فراكسیۆنەكان دەستی لەكاركێشایەوە.
نوسینی: د. چیا عەباس ئەم بابەتە یەکێکە لە تەوەرە زۆر ئاڵۆز و گرنگەکانی دوا دە ساڵی بزافی کوردایەتی لە باشور، لە گەڵ ئەوەشدا بە گەڵێک هۆکارەوە زۆر لە کەسایەتی و هاوخەبات و هاوکار و دۆستە نزیکە بەئاگاکانی کاک نەوشیروان و مام جلال بەجدی خۆیان لە قەرەی نەداوە. ناو بەناو کاک نەوشیروان و چەند کەسایەتیەکی ناو یەکێتی و گۆڕان لە پەراوێزی روداوەکاندا چەند لاپەرەیەکی ئەو تەوەرەیان هەڵداوتەوە. ئەم بابەتە تەنها پەیوەست نیە بەو دو سەرکردەیەوە بەڵکو زەمینەی مێژویی نیو سەدەی رابوردو و کاریگەری هێزەکانی تر لە کوردستان و دەرەوەی رۆڵیان لە وردەکاری و ئاراستەکردنیدا هەبوە. لەم نوسینەدا تیشک دەخەمە سەر ئەو بابەتە پشتئەستور بە چەند بەڵگە و دۆکیۆمێنت و نوسین و باسکردنی کاک نەوشیروان و دۆستەکانی و بەشێک لە لێدوان و یادەوەریەکانی مام جلال. گەران بە دوای نەزانرەوەکاندا پێویستی بە هەڵکەندنی قوڵی زەمینەکان هەیە، دەشکرێت لە سایەی چەند روداوی گرنگ و هەستیاردا بەشێکی ئەو قوڵاییە ببینرێت و ببێتە دەروازە و هاندەریك بۆ هەڵکاندنی زیاتر، لە پلەی یەکەمدا ئەمە ئەرکێکی هاوخەبات و هاوکارەکانی مام جلال و کاک نەوشیروانە. بەرێز ئارام سەعید دەرباری مام جلال و کاک نەوشیروان نوسیویەتی: " کاتێک سەیری یەکێتی دوای نەوشیروان مستەفا دەکەیت هەمیشە غیابی ئەوی پێوە دیاربو، کە سەیری گۆڕانت دەکرد هەمیشە دەردەکەوت کە مام جەلالێکی نوقسانە، کەواتە ئەو دوانە پێکەوە هێزێکی گەورە بوون، بە جیابونەوەی لە یەکێتی هەمیشە هەست دەکرا لەولایەی ئەوی لێیە ئەوی تر نوقسانە، کەواتە مام جەلال لە سیاسەتکردندا پێویستی بە نەوشیروان مستەفایەک بو، بە پێچەوانەشەوە راستە " . با بزابین ئەم هەڵسەنگاندنە لە سەردەمی گۆڕاندا چۆن بوە. دروستبونی گۆڕان بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی، تایبەت ئەوانەی رق و کینە و بوغزی شەخسیان لە کەک نەوشیروان هەبو و بە درێژایی تەمەنیان لەکەمیندا بون لێی، وایان لە مام جلال تێگەیاندبو کە ژمارەی کورسیەکانی گۆڕان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست تێناپەرێت. لە گەڵ دروستبونی گۆڕان پەیوەندیەکانی نێوان کاک نەوشیروان و مام جلال پچرا بون، بەڵام ناو بە ناو چەند کەسایەتیەکی دێرینی یەکێتی و دۆستی هەر دو سەرکردە پردی پەیوەندیەکان بون لە نێوانیاندا، ئەو بەرێزانە خەمخۆری میللەت و ئایندەی کوردستان بون بۆیە ئەو رۆڵە ئەرێنەیان دەبینی و شوێنی متمانەی هەر دو سەرکردەش بون، لە پەناوە چەند بەرپرسێکی یەکێتی وەک شەمشەمە کوێرە هەواڵ و دەنگوباسەکانیان ئارەزومەندانە بە پارتی دەگەیاند. هەر ئەو تێکدەرانە لە لوتکەی دەسەڵاتی یەکێتیدا هانی مام جلال یان دا لە پلینیۆمی یەکێتی لە کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٩ دا ئاماژە بکات بەوەی پشکی قورسی کارەساتی هەڵەبجە و چەند روداوی تردەکەوێتە ئەستۆی کاک نەوشیروان. کاک نەوشیروان لە نوسینە ناودارەکەی " لە هاوخەباتیەوە بۆ تەخوین" خاڵی لەسەر سەرجەم وشەکان دانا و وەڵامێکی پر بەپێستی دایەوە. بەندەش بە گەرانەوە بۆ چەند چاوپێکەوتنێکی مام جلال لە گەڵ چەند رۆژنامەیەکی ئەوروپی ( مۆرگینی بەلجیکی و گاردیان و ئیندەپێندی بەریتانی ) لە ساتەکانی کارەساتی هەڵەبجەدا کە مام جلال لە ئەوروپا بو، تێیاندا رەزامەندی خۆی و سەرکردایەتی یەکێتی لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی یەکێتی لە گەڵ ئێران بەوەی هەڵەبجەشەوە سەلماند، ئەو دۆکیۆمێنتانە دەریان خست کە هەوڵەکەی تاقمە روخێنەرەکەی ناو سەرکردایەتی یەکێتی و تێکەوتنی مام جلال لە داوەکەیاندا لە مەقامی یەکەمدا لە بەرژەوەندی یەکێتی و مام جلال نەبو. پاش ههڵبژاردنهکانی 25 تهموزی 2009 بۆ پهرڵهمانی کوردستان مام جلال له چاوپێکهوتنێکیدا له گهڵ رۆژنامهی Washington Post باس له ئهنجامهکانی ههڵبژاردنهکه دهکات،Anthony Shadid رۆژنامهنوس له 29 تهموزی 2009 له رۆژنامهکهدا ئاماژه بهچهند بهشێک له چاوپێکهوتنهکه دهکات. سلێمانی، عێراق، 28 تهموز له چاوپێکهوتنهکهدا، تاڵهبانی، سیاسهتمهداری تهمهن 75 ساڵ و پێشتر گهرێڵا و زیاتر له 30 ساڵ لهمهوبهر یهکێتی نیشتمانی کوردستانی دامهزراند، رایگهیاند که سهیری ئهنجامهکانی ههڵبژاردنهکه له لایهنه رۆشنهکهیهوه دهکات. سهرکهوتنی لیستی گۆڕان، بهسهرکردایهتی دۆستی پێشوی تاڵهبانی، بهرامبهر به یهکێتی و حزبه کوردیه دهسهلاتدارهکهی تر، بۆ تاڵهبانی چاوهرواننهکراو بو. له درێژهی وتارەکەدا هاتوە: زۆربهی لهوانهی له حزبهکهی تالەبانی چونهته دهرهوه، وهک خۆی وتی 50 ساڵه بهشیک لێیان دهناسێت، ئهم بهرهنگاربونهوهیه لهلایهن نهوشیروان مستهفا، جێگری پێشوی تاڵهبانی، سهرکردایهتی دهکرێت، که بهڵێنی داوه خۆسهپاندنی حزبی بهسهر کۆمهڵگادا بگۆرێت. تاڵهبانی پێی وتم: " زۆر راشکاوانه پێت دهڵێم، من زۆر دڵخۆشم که ئهوانه یهکێتیان بهجێهێشت، بۆ چهندین ساڵ ئهوانه کێشهی گهورهی ئێمه بون، سهریهشهی سهرهکیی ئێمه بون"، وتیشی ئهگهر بهیانی مستهفا ببینێت تهنها قسهی دۆستانهی له گهڵدا دهکات و وتیشی" پیرۆزبایی لێدهکهم که له پهرڵهمان کورسی بهدهست هێناوه". (کۆتایی وتاری رۆژنامهکه) له راپۆرتی تایبهت و نهێنی ژماره: 09BAGHDAD3316_a ئامادکراو له 23 کانونی یهکهمی 2009 و له خاڵهکانی 6 و 7 دا هاتوه: یاریدهدهری وهزیری دهرهوهی ئهمریکا بۆ کاروباری رۆژههڵاتی نهوین، Jeffrey Feltman ، پرسیاری رۆڵی بزوتنهوهی گۆڕانی له ناو ژیانی سیاسی کورد له تاڵهبانی کرد، تاڵهبانی دروستبونی گۆڕانی بهئاکامی نارهزایی له دۆخهکه پێناسه کرد. تاڵهبانی رهخنهی له " ئهجێندای نهرێنی" گۆڕان گرت و وتی بزوتنهوهکه پهیکهری رێکخراوهیی حزبی و ئهجێندا و سهرکردایهتی نیه. له درێژهی قسهکانیدا وتی: ئهندامانی گۆران له روی سیاسیهوه نازج نین و له دهرهوهی کوردستانی عێراق له سیاسهت تێناگهن و رهتیکردهوه گۆران گرنگی له ژیانی سیاسی کوردا ههبێت، تاڵهبانی ئیدیعای کرد که " ههزاران" کهس لهوانهی له ههڵبژاردنهکانی تهموزدا بۆ پهرڵهمانی کوردستان پشتگیری گۆڕان یان کردبو بێئومێد بون و ئێستا گۆڕان جێدههێڵن. ( کۆتایی راپۆرتەکە ) کاتێک واقیع تەواو پێچەوانەی ئەو هەڵسەنگاندنە چەواشەکاریەی سەلماند مام جلال لە کۆبونەوەی فەرمیدا ئەوەی بەو تاقمەی سەرکردایەتی کردبو با بەدەواری شری نەکردوە، کاک نەوشیروان خۆشی هاتە دەنگ و بە وتارێک زاریانی داخست. دواتر باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بە راپۆرتێکی نهێنی 10BAGHDAD292 لە ٤ فێبرواری ٢٠١٠ واشنتۆن لە کاریگەریەکانی سەرکەوتنی گۆڕان تایبەت لەسەر مام جلال ئاگادار دەکاتەوە، لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتوە: یهکێتی نیشتمانی کوردستانی جلال تاڵهبانی له ههڵبژاردنهکانی تهموزی 2009 بۆ پهرڵهمان توشی شکستێکی گهوره بو، بهجۆرێک که پرسیار سهبارهت به سیستهمی سیاسی دو لایهنهی یهکێتی و پارتی که له 1998 هوه بهکاره بهرزدهکاتهوه. بزوتنهوهی گۆڕانی ئۆپزسیۆن ئهنجامی زۆر باشتری له سلێمانی بهدهست هێنا که له کۆنهوه مۆڵگهی بههێزی یهکێتی بوه، ئهمه بهئاستێکی جدی بهرچاو زهرهری به پێگهی تاڵهبانی گهیاند، تاڵهبانی چی زیاتر پێگهی یهکسانی له گهڵ سهرۆک بارزانی نیه، بارزانی له ههڵبژاردن بۆ سهرۆکی ههرێم 70% دهنگی خهڵکی بهدهست هێنا. ئهنجامه کارهساتاویهی ههڵبژاردن هۆکارێکه بۆ بهرپاکردنی ململانێی دهسهڵات له ناو یهکێتیدا، لاوازبونی بنکهی جهماوهری یهکێتی له گهڵ سهرکردایهتی پیری چهقبهستوی پهرتهواز ناچاری تاڵهبانیان کردوه زۆربهی کات له سلێمانی بێت و ههوڵێ بهردهوامی جدی بۆ چاککردنی حزبهکهی دهدات که 1975 دا دروستی کردوه. ( کۆتایی راپۆرتەکە ) ناشێت چاو لە هەڵوێست و رەفتاری پارتی دەرباری نیەتی کاک نەوشیروان بۆ بەشداریکردن بەلیستێکی سەربەخۆ لە هەڵبژاردنەکان دابخەین، بابزانین هەڵوێستی سەرانی پارتی چۆن بوە راپۆرتێکی تایبەتی نهێنی مفەوزی سیاسی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا Robert S. Ford ژمارە 09BAGHDAD623_a ئامادەکراو لە ١٠ ئازاری ٢٠٠٩، واتا چوار مانگ و نیو پێش هەڵبژاردنەکانی تەموزی ئەو ساڵە، بەمجورە باس لە هەڵوێستی بەرپرسانی پارتی دەکات ( بەشێک لە خاڵەکانی راپۆرتەکە ): سهرکردایهتی سیاسی کورد دوچاری لهرزانی سیاسی جدی بۆتهوه. دانوستانه درێژخایانهکانی ناو یهكێتی له گهڵ نهوشیروان مستهفا وایکردوه سهرکردهکانی کورد پێداگری بکهن له لیستی داخراو بۆ ههڵبژاردنهکانی داهاتو له ههرێمی کوردستان. سهرکردهکانی پارتی دیموکراتی کوردستان رهفزی دهکهن رێگه بدهن نهوشیروان لیستێکی جیاوازی له یهکێتی ههبێت چونکه هاوسهنگی هێزی نێوان پارتی و یهکێتی له کورسیهکانی پهرڵهمان تێکدهچێت. سهرکردهکانی پارتی پێداگریان کرد که رێکهوتنیان له گهڵ یهکێتیدا وهک خۆی دهمێنێتهوه، دەرک دهکهن بهوهی که لاسهنگی کورسیهکان دوژمنایهتی کۆنیان زیندو دهکاتهوه و ئهمهش بهدهوری خۆی زهرهر به هاوپهیمانی کورد دهگهیهنێت و لاوازی دهکات له مامهڵهکردن له گهڵ حکومهتی ناوهند و مالیکی سهرۆک وهزیران. له 7 ئازار، یهکسهر دوای سهردانی هاشمی رهفسهنجانی، سهرۆک تاڵهبانی گهرایهوه بۆ سلێمانی بۆ دانوستان له گهڵ ژمارهیهک ئهندامی نارازی سهرکردایهتی یهکێتی. گوتهبێژی یهکێتی، مهلا بهختیار به کارمهندی سیاسیمانی وتوه پێویستە چارهی پێگهی نهوشیروان مستهفا له ناو یهکێتیدا بکرێت. ههرچهنده گروپی ریفۆرمی نهوشیروان مستهفا ههفتهی پێشو ئیستقالهیان کردوه بهڵام نهوشیروان مستهفا بهردهوامه تا بگاته رێکهوتنک له گهڵ تاڵهبانی. له خاڵی چواری راپۆرتهکهدا هاتوه: له 4 ئازار سهرۆکی دهزگای ههواڵگری پارتی، مهسرور بارزانی، به راوێژکاری تایبهت بۆ باکوری عێراق،Krajeski ، گوتوه که کێشه ناوخۆییهکانی یهکێتی پهیوهندیان به ریفۆرمهوه نیه بهڵکو له سهر دهسهڵاتە و کێ دهبێته کاندید بۆ سهرۆکی حکومهتی ههرێم. سهبارهت به نهوشیروان مستهفا وتویهتی: نهوشیروان کهسێکی زیرهکه، گهمهکهرێکی قانیعکهره و... تاد. میرانیش رونیکردهوه که ههنگاوی تهکتیکی نهوشیروان بۆ دروستکردنی لیستی خۆی هاندهرێک بو بۆ پێداگری پارتی و یهکێتی له سهر لیستی داخراو. له درێژهی قسهکانیدا وتی: کاتێک نهوشیروان بێته ناو ئهنجومهنی نیشتمانی کورستان پارتی ئهو بهبهشێک له یهکێتی دهزانێت، ئهگهر نهوشیروان بیهوێت لیستی خۆی ههبێت، ههر کورسیهک بیباتهوه له سهر کورسیهکانی یهکێتی ئهژمارد دهکرێت، کهریم سنجاری، وهزیری ناوخۆی ههرێمی کوردستان، وتی پارتی ریسکی درزکهوتنه نێوان یهکێتی و پارتی قبوڵ ناکات. ( کۆتایی راپۆرتەکە ) مام جەلال و کاک نەوشیروان راپۆرتێکم لەسەر پەیوەندیەکانی نیو سەدەی مام جلاڵ لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە ئامادە کردبو، نزیکەی دە لاپەرە بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتەوە کە مێژویان بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابوردو و دواتر دەگەرێنەوە، کاک نەوشیروان رێگر بو لە بڵاوکردنەوەی، کاتێک پرسیاری هۆکارەکەیم لێکرد، گوتی: ئێوە مام جلال ناناسن، واز لە مام جلال بهێنن! بەندەش بێدەنگ بو و گوێرایەڵی ئامۆژگاریەکەی بوم، دواتر لە هۆکارەکانی ئامۆژگاریەکەی تێگەیشتم. خوالێخۆشبو کاک شازاد جەمیل صائیب، دۆستێکی دێرین و زۆر نزیکی مام جالال و کاک نەوشیروان بو، لە سەردەمی باڵی جەلالیەوە ئاگاداری ورد و درشتی پەیوەندی و کارەکانی هەر دوکیان بو، چەندینجار رۆڵی گرنگی لە نێوانیان بینیوە، رەنگبێ بەرچاوترینینان رۆڵی لە ئیدارەدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای راپەرین بێت، توانی رێگری بکات لە تەقینەوەی ناکۆکیەکان نێوان هەردوکیان. کاک شازادی رەحمەتی دۆستێکی رێزدار و نزیکی بەندە بو، چەندین ساڵ بەیەکەوە لە هۆڵەندا پەیوەندی توند و تۆڵمان هەبو، جارێک باسی روداوێکی نێوان مام جەلال و کاک نەوشیروانی بۆ گێرامەوە و دوای باسکردنەکەش ئامۆژگاریەکی زێرینی کردم. ئەمە کورتەی باسکردنەکەیەتی: مام جەلال و کاک مسعود لە ماوەیەکی کورت دوای راپەرین سەدی بەخمەیان بەنرخێکی هەرزان رادەستی سەرۆک عەشرەتێکی گەورەی کوردستان کرد. دوای ئەمە هەرچی چەک لە شانێکی دەڤەری سلێمانی بو بازگە و گروپی چەکداریان لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان دانا و سەرانە و گومرگیان لە مێشولەش دەسەند کە بەو دەڤەرانەدا تێپدەپەری. لە گەڵ کاک نەوشیروان لە زرگوێز بوم، باسی ئەو دۆخەی بۆ کردم و گوتیشی ئیستا تەلەفۆن بۆ مام جەلال دەکەم سەردانمان بکات، مام جەلال لە گەڵ رەحمەتی دارا شێخ نوری ( ئەوسات بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەکێتی بو) هاتن بۆ زرگوێز. لە دانیشتنەکەدا کاک نەوشیروان روی کردە مام جەلال و پێی گوت: گەر ئێوە سەدی بەخمە نەفرۆشن ئەو چەکدارانە چۆن دەتوانن لە ناوچەی دەسەڵاتی ئێمەدا سەیتەرە دانێن و سەرانە لە خەڵك وەربگرن، ئێوە ئاوێکتان رشتوە و خۆشتان بەرپرسن لەچارە. مام جەلال هیج وەڵامێکی نەبو، تەنها یەک داوای هەبو گوتی: کاکە نەوە با بە تەنیا بچینە ژورەکەی پشتەوە و بۆت باس دەکەم. پاش ماوەیەکی کورت هەر دوکیان هاتنە دەرەوە، وەک ئەوەی نە با و نە بارانیان بینیبێت. کاک شازاد پێی گوتم بۆیە ئامۆژگاریت دەکەم هیچکات خۆت لە قەرەی پەیوەندیەکانی ئەو دو زاتەوە نەدەیت، هەر دوکیان دۆستی زۆر دێرین و ئەزیزی منن، بەڵام بۆ تێگەیشتن لێیان کات و ئەزمونی زۆر و خوێندنەوەی ورد پێویستن، گوتیشی: هەندێک هەرزەکار و خۆپەرستی ناو یەکێتی ( ناوەکانیشیانی ئاشکرا کرد) لە نێوان هەردوکیان گەمەدەکەن، بەم کارەیان باجێکی زۆر لە سەر یەکێتی و کورد دەکەوێت. لە مەراسیمی ناشتنی کاک شازاد، باوەر دەکەم بۆیەکمجار بو، بە بەرچاوی هەزاران کەسەوە ئەو دو سەرکردەیە فرمێسکیان بۆ ئەو کەڵە پیاو و مەزنەی کورد رشتبێت. ئەمە و چەندین چیرۆک و باسی تر زەمینەی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دو خوالێخۆشبوەی لیكردمە لەغزێک، لە گەڵ سەرکردەکانی یەکێتی زۆر هەوڵم دا، لەوانە خوالێخٶشبوان دکتۆر کمال فواد، جەبار فەرمان، عادل موراد، عبدالرزاق فەیلی، و بەشێک لەوانەی لە ژیاندا ماون وەک بەرێزان قادر حاجی عەلی، حامد حاجی غالی، شۆرش حاجی، شاناز ابراهیم احمد و چەند بەرێزێکی تر، بەلام وەڵامێکی موقنیعم دەست نەکەوت. نزیکەی دو هەفتە پێش نەخۆشکەوتنی مام جلال دانیشتنێکی زۆر گرنگ و هەستیار لە سەر داوای مام جلال درەنگانێکی شەو نێوان بەرێزی و کاک نەوشیروان لە ماڵەکەی لە گردی عەلی ناجی بەرێوەچو. دو کەسایەتی ناسراو ( لە ژیاندا ماون ) لەم دانیشتنە بە ئاگابون و لە چەند چرکە سەرەتاییەکانی دانیشتنەکەش بەشدار بون. دواتر مام جلال و کاک نەوشیروان دو قۆڵی دادەنیشن. کاک نەوشیروان ناوەرۆکی ئەو دانیشتنە دو قۆڵیەی لە گەڵ چەند کەسێکی دیاریکراو بە بەندەشەوە باس کردوە، تا ئێستا هیچ دۆکیۆمێنتێکی نوسراو دەرباری بەرچاو نەکەوتوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە ئەو دۆکیۆمێنتە بونی نەبێت. پوختەی ناوەرۆکی دانیشتنەکە لەم خاڵانە پێکهاتبو: مام جلال داوا لە هاورێ دێرینەکەی دەکات گۆڕان چی پێویستە تا بۆی دابین بکات، عەرزی دەیان ملیۆن دۆلار دەکات، لە بەرامبەردا کاک نەوشیروان عەرزەکەی مام جلال رەتدەکاتەوە، تەنها دو داواکاری سەرەکی لە مام جلال دەبێت: خوێندنەوەیەکی تری وردی رەشنوسی دەستوری هەرێم کە فراکسیۆنی یەکێتی پاڵپشتی لێکردوە و دوەمیش کارکردن بۆ پەسندکردنی یاسای بودجەی حزبەکان. دانیشتنەکە بە بەڵێنی مام جلال بۆ بەدوداچون بۆ ئەو دو داواکاریە کۆتایی دێت. مەخابن بە ماوەیەکی زۆر کورت دوای ئەم دانیشتنە مێژوییە مام جلال نەخۆش کەوت و توانای ئیدارەدانی سیاسی و حوکمرانی لە دەستدا. کاک نەوشیروان لەم روەوە گوتی: بە داخەوە گەر ئەو نەخۆشیە نەبوایە ئەگەرێکی بەهێز بو کە دۆخی هەرێم بە ئاراستەیەکی تردا بروات. لەسەر ئەم قسەیە لێم پرسی بۆچی ئەو چاوەروانیەت لا دروست بو؟ لە وەڵامدا گوتی: ژیانی سیاسی نێوان من و مام جلال بە شەش قۆناغی گرنگدا رۆیشتوە ( بە وردی باسی ئەو قۆناغانەی کرد) ئەمەی ئێستا بە باوەری من دوا قۆناغە بۆ هەر دوکمان، لە مێژودا چەندین جار جیاوازی و گرژی و ئاڵۆزی و دورکەوتنەوە نێوانمان دروستبون، بەڵام لەبەر ئەوەی هەر دوکمان لە سەرەتای بەیەکەوە کارکردنمان هاورا بوین چیمان بۆ میللەت پێبکرێت بیکەین بۆیە بەردەوام زەمینەی لێبوردەیی و بەیەکەوە کارکردن وجودی هەبوە، لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: بۆ خۆم لە مامەڵەکردنی سەرجەم سەرکردەکانی کورد بەشی ئەوەم تێدا هێشتۆتەوە بەیانی مەرحەبای یەکتر بکەین. مام جلال بۆی نەبو جارێکی تر خۆی بۆ سەرۆک کۆمار کاندید بکاتەوە، نەشی دەتوانی بێت لە کوردستان بێ ئیش دانیشێت، بۆیە پیویستی بە من بو، ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانی عەرزەکانی بۆ من بو، هاوکاتیش فەرمانێکی بە دەست و خەت و واژۆی خۆی خستە بەردەمم کە تێیدا هەمو دەسەڵاتە سەربازییەکانی خۆی لە ناو یەکێتیدا بە من دابو، ئەوەشم رەتکردەوە. لێم پرسی ئایا ئێستاش، پاش چوار ساڵ، رەتکردنەوەی عەرزەکانی مام جلال بە دروست دەزانی؟ لە وەڵامدا ئەوەی گوتی لێرەدا پوختەکەی دەنوسم: لە بیرتە لە سەرەتای بەهاری ٢٠١٣ بە سەردان لە کوردستان بویت، مام جلال چەند مانگێک بو نەخۆش کەوتبو، کونسوڵی ئەمریکا لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان سەردانی کردم، داواتم لێکرد بەشداری دانیشتنەکە بیت. هەر لە سەرەتاوە کونسوڵ دەیویست بزانێت لە نەخۆشبونی مام جلال دا نیازم بەرامبەر بە یەکێتی چیە. منیش وەڵامم نەئەدایەوە، پاش زیاتر لە نیو سەعات هەوڵدان بیرت دێت چیم پێ گوت. منیش وتم زۆر باش بیرم دێت بە ئنیگلیزی پێت گوت: " ئێمە تەنها یەک مام جلال مان هەیە و هەرواش دەمێنێتەوە". دوای ئەم قسەیە کونسوڵ تێگەیشت و خواحافیزی کرد. لە درێژەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد رەتکردنەوەی عەرزەکانی مام جلال بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی گۆران بو، جا باشم کردوە یاخود خراپ ئەوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو هاورێیانەم کە لە ئێستادا و دوای نەمانی من چۆن و چ رەفتارێک دەکەن. ساڵ دەرۆیشت و ساڵ دەهات، دوای نەخۆشکەوتنی مام جلال دۆخی ناو یەکێتی رۆژ دوای رۆژ رو لە خراپ و خراپتر دەچو، یەکێتی مەرجەعی بریاردانی نەما، گروپە جیاکان لەلایەک لە کەمیندا بون لە یەکتر و لەلایەکی تریشەوە چاوبازیان لە گەڵ پارتی و گۆرڕان دەکرد بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان. سەرجەم جەمسەرەکانی یەکێتی دەستە دەستە لە لەندەن دەهاتن بۆ لای کاک نەوشیروان و چەندین عەرزی موغریان بۆ دەکرد، یاخود نامەی تایبەتیان بۆ دەنارد. درەنگانی ئێوارەیەکی زستانی ٢٠١٦ کەسایەتیەکی ناودار لە سلێمانی ( لە ژیاندا ماوە ) بە نوێنەرایەتی ناوەندی بریار سەردانی کاک نەوشیروانی کرد، چەند رۆژێک دواتر پەیام هەڵگرێک بە ناوی دکتۆر بەرهەم سەردانی کرد، هەفتەیەک دواتر کەسایەتیەکی باڵادەست و ناسراوی خانەوادەی تاڵەبانی سەردانی کرد، ئەمە بێجگە نامە و پەیام و تەلەفۆنەکان کە زۆربەیان نمای کوری کاک نەوشیروان لێیان بەئاگا بو. هەمو جەمسەر و گروپەکان یەک مەسەجی هاوبەشیان بۆ کاک نەوشیروان هەبو: ئێمە تۆمان وەک برا گەورە قبوڵە و داوات لێدەکەین ببیتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی هەمومان. لە یەکێک لە دانیشتنەکان ئامادە بوم ئەمە وەڵامی کاک نەوشیروان بو: " من خۆم بەبرای گەورەی کەس نازانم، هەرچیتان بەرامبەر بە من کردوە لە رابوردودا گەردنتان ئازاد بێت، من یەک داوام لێتان هەیە: بچن لە نێو خۆتان رێک بکەون و منیش هاوکار و پشتیوانتان دەبم". رێکەوتنی گۆڕان و یەکێتی ئێستاشی لە گەڵدا بێت یەکێتی کەسانێکی پاک و دڵسۆز و خاوەن خەبات و ئەزمونی دەوڵەمەندی تێدایە، وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگا لە ناخەوە خوازیاری گۆرانکاری و چاکسازین، بۆیە بنکەی جەماوەر یەکێتی گەر دروست ئاراستە و پەروەردە و گۆشە بکرێن وزەیەکی گەورەی بنیاتنەر بۆ ئایندە ئامادە دەکات. ئێوارەیەکی مانگی چواری ساڵی ٢٠١٥ لە گەڵ کاک نەوشیروان لە کوردستان بە تەنیا دانێشتبوین، رۆژی پێشتر داوای لێکردم کە بەیەکەوە باسی گۆڕان و یەکێتی بکەین. ئەو ئێوارەیەی بۆ ئەو تەوەرە تەرخان کردبو، کە گەیشتمە لای کاک ئاکۆ وەهابی لابو، کاک ئاکۆ پاش چاک و چۆنی داوای کرد بروات، دیاربو کاک نەوشیروان لە مەبەستی دانێشتنەکە ئاگاداری کردبو، لە سەر پێشنیازی کاک نەوشیروان ژەمی ئێوارەمان مێخلەمە بو، وا بزانم چل ساڵ زیاتر بو ئەو ناوەم نەبیستبو. کاک نەوشیروان یەکسەر و بێ هێج پێشەکیەک گوتی: بە رای تۆ ئایندەی ئێمە و یەکێتی بەرەو چی دەروات. یەکسەر دەرکم کرد شتێکی لە ژێر سەردایە و لە گەڵ کەسانی تریش باسی کردوە و دەیەوێت زۆرترین بۆچونەکان بزانێت. لەو ساتەدا زۆر بەخێرا زنجیرەیەک لێدوان و باس و نوسینی بەرێزیم لەسەر یەکێتی و مام جلال و بە پێچەوانەشەوە بەبیرهاتەوە کە زۆربەیان بێئومێدیان بەرامبەر بە یەكتری لێدەباری، بۆیە بەباشم زانی وەڵامێکی پارادۆکسانەی بدەمەوە، بەڵام نەمدەزانی چۆن وەڵامەکە دارێژم، بۆیە پێم گوت ببورە دەچمە خوارێ چا دێنم و چا بۆ جەنابیشت بهێنم، ئەوەبو چایان هێنا و منیش خۆم بۆ وەڵامەکە باشتر ئامادە کرد: جەنابت چەندینجار وتوتە سنورەکانی دەسەڵات و توانای خۆم و گۆڕان بەرامبەر بە هێزەکانی تر دەزانم و ناچیتە شەرێکی دۆراوەوە، دەزانم تۆ شەرکردنی یەکێتیت مەبەست نیە، گرێدانێکی مێژویی نێوانتان هەیە، لەم دۆخەدا بە رێگەی پەرڵەمان ناکرێت ئەو گرێدانە بکرێت بە گرێبەست بۆ دەسەڵات لەم دەڤەرانە، یەكێتی قاچ و نیوێکی لای پارتیە و نیو قاچەکەی تریشی لای ئەوانی ترە، گەر بکرێت باشترە دورەپەرێز خۆت لێیان راگریت، ئەمەش مەحالە چونکە گۆڕان و یەکێتی رۆژانە لوتیان لە یەکتر گیردەبێت و لە یەک جوگرافیای سیاسی جەماوەریان هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە جۆرێک لە تێگەیشتن یا رێکەوتنە لە گەڵ یەکێتی. ئەگەر یەکێک لەم بژاردانە هەڵنەبژێریت ئایندەی گۆڕان نادیار دەبێت و باوەر ناکەم بەم جۆرەی ئێستای بمێنێتەوە، خەڵكیش تا رادایەک وزە و تاقەتی هەیە و ناتوانێت تاسەر لەم کەش و هەوا مەشحون و نارون و تەنراو بە ململانێ و ناخۆشی گوزەر بکات. لە وەڵامدا بە گرژیەکی شاردراوە گوتی: یەکێتی سێ چوار پارچەن لە گەڵ یەکتردا رێک نین لە گەڵ کێ رێکەوتن بکەم، ئەزمونی خۆشم لە گەڵ بەشێک لەو برادەرانە توشی خەیبەت ئەمەلی کردوم. پێم گوت: کاک نەوشیروان ئەوەی باسی دەکەیت وایە بەڵام ئەم دۆخەی یەکێتی واقیعێکە ئەگەر پارتی لە گەڵ هەوادارانی لە سەرکردایەتی یەکێتی نەیەنە سەرخەت هێز بە بەرێزتان دەبەخشێت چونکە بێ تۆ هیچی وایان پێ ناکرێت. پاش چەند چرکەیەک داوای لێکردم میکانیزمێک بۆ رێکەوتنەکە بنوسم. لەسەر گەرانەوە بوم بۆ هۆڵەندا، پێم گوت کاتێک گەیشتمەوە هۆڵەندا بە ئیمەیل بۆتان دەنێرم. لە شەشی نیسانی ٢٠١٥ نامەکەم بۆ نارد کە لێرەدا بەشێکی دەخەمە رو: بهرنامهی کاری هاوبهشی گۆڕان و یهکێتیی نیشتمانی کوردستان 1- ئاساییکردنهوه و ههماههنگی: کۆبونهوهی دهوری لهسهر ئاستی باڵا نێوان گۆڕان و یهکێتیی ( ههر دو باڵهکه بهجیا یا بهیهکهوه) بۆ تاوتوێکردنی بابهته گرنگهکانی ههرێم، نزیکبونهوه و ههماههنگی نێوان رێکخستنهکان و فراکسیۆنهکانی ههر دولا له بهغداد و ههولێر و ئهنجومهنی پارێزگاکان. هاوکاتیش ههماههنگی له کابینه و وهزارهت و بهرێوهبهره گشتیهکان و لە دهزگاکانی ئاسایش و پۆلیس و هێزی پێشمهرگه بهرێگهی کۆبونهوهی دهوری نێوان ههڵسواراوانی گۆڕان و ئهندامانی یهکێتی لهو دهزگایانهدا. نزیکبونهوه له ئاستی راگهیاندنی ههر دولا بهرێگهی پهیوهندی بهردهوام نێوان بهرپرسانی میدیای ههر دولا. 2- ئامادەسازی: دروستکردنی لیژنهیهکی هاوبهشی گۆڕان و یهکێتیی ( نوێنهری دو باڵهکه له مهکتهبی سیاسی) بۆ سازدانی رهشنوسی بهرنامهی کاری هاوبهش بۆ یهک ساڵ، دروستکردنی لیژنهیهکی هاوبهش نێوان فراکسیۆنهکانی گۆران و یهکێتیی بۆ سازدانی پرۆژه یاساکان و پرسه گرنگهکان. 3- بهرنامه و بهرێوهبردن: ئهگهر ئهزمونی سێ مانگی یهکهم سهرکهوتو بو: دروستکردنی چهترێکی سێ لایهنه که دهستهی ههماههنگی باڵا بهرێوهی دهبات و پێک دێت له 7 ئهندام: 2 له ههر باڵێک و 2 له گۆڕان و ههوتهم به دهوری بۆ ماوهی سێ مانگ لهلایهن ههر یهک لهو سێ لایهنه دیاری دهکرێت. دروستکردنی لیژنهی ههماههنگی که پێکدێت له سهرۆکی فراکسیۆنهکانی گۆران و یهکێتیی له ههولێر و بهغداد و پاریزگاکان له گهڵ نوێنهرانی ههر دولا له کابینهی ههشت. پهسندکردنی کۆی گشتی کارنامهکان لهلایهن جڤاتی نیشتمانی و ئهنجومهنی سهرکردایهتی یهکێتییهوه،ئهم پرۆگرامه بۆ ساڵێک بهکاربێت و له کۆتایی ساڵهکهدا بریار بۆ ئایندهی ئاکاری کاری هاوبهش بدرێت. ( کۆتایی پێشنیاز ). بە ماوەیەکی کورت پەیامێکی بۆ ناردم کە پێشنیازەکانم خاڵی باشیان تێدایە و ئەو لە گەڵ برادەرەکانی لە گۆڕان باسی دەکات. کاک نەوشیروان دوای ساڵ و نیوێکیش لە لەندەن کە بینیم (پاش سازدانی رێکەوتنەکە و واژۆکردنی لە حزوری مام جلال دا) لە نیەتی هەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی دڵنیا نەبو، چەندین هەواڵی ورد و دروستی پێگەیشتبو کە گومانەکانی بەهێزتر کردبون. هەرچۆنێک بێت لە لەندەن، پاش رێکەوتنەکە لە گەڵ یەکێتی، لێم پرسی بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لەم ماوەیەدا سەردانیان کردویت، ئەوان چیان دەێت؟ لە وەڵامدا گوتی بۆ هەواڵ پرسین و بەسەرکردنەوە سەردانیان کردوم و زۆر سوپاسیشم کردون. بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: دەزانم مەبەستت کێیە، مەبەستت دکتۆر بەرهەمی خزمتە، لە وەڵامدا گوتم بەتایبەت ئەو نیە. چیرۆکی خۆی و دکتۆر بەرهەمی بە تێروتەسەلی بۆ گێرامەوە، لە رۆژانی یەکەمی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیەوە تا دوا سەردانی لە لەندەن. پاش باسکردنەکەی بە کاک نەوشیروانم گوت دەزانیت دکتۆر بەرهەم کە جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بو بە سەردانی فەرمی هات بۆ هۆڵەند، بە هۆی دوستێکەوە داوای کردبو لە شوێنی مانەوەی سەردانی بکەم، کە بینیم کاک دانای ئەحمەدی مەجیدی لە گەڵدابو، دو قۆڵی بۆچونی منی لەسەر دۆخەکە لێ پرسیم و چیم پێ باشە ئەو بیکات، لە بەشێکی وەڵامدانەوەدا گوتم: پێم باشە لە دەرگای کاک نەوشیروان بدەیت، گوتی جارجار سەردانی دەکەم، زیاتر رونم کردەوە و گوتم سەردان و لە دەرگادان دو شتی جیاوازن. رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان لە ١٧ ی مایسی ٢٠١٦ لە لایەن کاک نەوشیروان و کۆسرەت رەسول بە حزوری مام جلال واژۆ کرا. کاک نەوشیروان لە وتارەکەیدا لە ئاهەنگی رێکەوتنەکە ئاماژە دا بەوەی: عیبرەت لە جێبەجێکردنیدایە. زۆر راست و دروست و راشکاوانە گومان و دڵەراوکێی بەرامبەر هەندێک بەرپرسی خۆپەرست و کەمینگر دەربری. کاک نەوشیروان و دکتۆر بەرهەم کاک نەوشیروان بۆ هەندێک لە دۆستەکانی لەسەر دکتۆر بەرهەم بە ویژدان و ئەمەکەوە باسی کردوە، ئەوەی خۆم گوێبیستی بوم لە کاک نەوشیروان و چەند سەرچاوەیەکی تریش ئەمە پوختەکەیەتی: هەندێک بەرپرسی باڵای یەکێتی باس دەکەن لەوەی کاتێک مام جلال بۆ یەکەمجار نەخۆش کەوت و بە پەلە بردیان بۆ ئوردن، گرژی دەکەوێتە نیوان دکتۆر بەرهەم و مەلا بەختیارەوە، کامیان هاوسەفەری مام بۆ ئوردن بن. هەر یەک لێیان زۆر پەلەی بو خۆی وەک نزیک و جێگرەوەی مام جلال نمایش بکات. دواتر دکتۆر بەهەلی دەزانێت و سەردانی ئێران دەکات، چاوی بە ئەحمەدی نەژادی سەرۆک کۆماری ئەو ساتەی ئێران دەکەوێت، دکتۆر ناراستەوخۆ پێشنیازی ئەوە بۆ نەژاد دەکات کە دوای مام جلال ئەو وەک جێگرەوەی قبوڵ بکەن، لە وەڵامدا نەژاد پێی دەڵێت: کاتێک پەیوەندیەکانت لە گەڵ ئەمریکا گۆری ئەوسات وەرەوە بیرێکی لێ دەکەینەوە. مام جلال لە ئوردن بە تەندروستیەکی جێگیر گەرایەوە و لە ئەدای حزبی و حوکمرانی عەیبی نەبو. گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان دکتۆر و خانەوادی ئیبراهیم ئەحمەد تا دەهات خەستتر دەبو، دکتۆر لە گەڵ کۆسرەت رەسوڵ کەوتنە کەنارگرتن لە خانەوادەی تاڵەبانی و ناوەندی بریاریان دروستکرد. لە گەڵ بەرزبونەوەی پلەی گرژیەکانی نێوانیان، هێرۆ خان لە گەڵ کاک نەوشیروان باسی دکتۆر دەکات، هێرۆ خان راشکاوانە دەڵێت: دەترسم دکتۆر لە تورەیی و هەڵچوندا کارێکی نابەجێ بکات، بۆ نای بەیتە لای خۆت و لەم کێشەیە رزگارمان بکەیت. کاک نەوشیروان هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی بۆ چەند توانای کەسایەتی دکتۆر هەبو، بە کەسێکی پراگماتیکی کراوە و زمانزان و تێگەیشتو لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەزانی، خاوەنی پەیوەندی بەرفراوان بو لە عێراق و لە گەڵ رێکخراو و میدیا دەرەکیەکان. کاک نەوشیروان لە گەڵ دکتۆر رێدەکەوێت ببێتە جێگری رێکخەری گشتی گۆڕان، کاک نەوشیروان ئامادەسازی بۆ کۆنگرەی رۆژنامەوانی لە مەکۆی سەرەکی گۆڕان دەکات بۆ راگەیاندنی هەواڵەکە. کاتێک برادەرانی گروپی راوێژ و زۆربەی هەڵسوراوانی مەکۆکە ئەمە دەبیستن وەک شەپۆلێکی هەڵچوی دەریا رودەکەنە کاک نەوشیروان و دەڵێن لە کارێکی وادا هەمو گردەکە جێدەهێڵین، کاک نەوشیروان بریارەکەی جێبەجێ نەکرد و خۆڵ کرا بەسەر ئەو روداوەدا. کاتێک لە لەندەن لە کاک نەوشیروانم پرسی سەردانەکەی دکتۆر بۆ لای چۆن بو، گوتی سەردانێکی هەواڵ پرسین و سیاسیش بو، دکتۆر پێی گوتبو پشتگیری لە رێکەوتنەکەت لە گەڵ یەکێتی دەکەم لە بەرامبەریشدا پێم باشە فراکسیۆنی گۆران لە بەغدا دەنگ بەمن بۆ سەرۆک کۆمار بدەن. کاک نەوشیروان لە دەستنیشانکردنی سەرکردایەتی هاوبەشی بۆ رێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی پێداگری لەوە کرد کە دکتۆر بەرهەم ئەندامێکی بێت، پاش هێنان و بردنێکی زۆر لە گەڵ هێرۆ خان ئەویش داوای ئەوەی کردبو کە لە بەرامبەردا دەبێت محەمەد تۆفیق رەحیمی گۆڕانیش لەو دەستەیەدا بێت، لە واقیعدا وا دەرچو . لێرەدا پێویست بە وردەکاریەکانی دواتری نێوان ئەو دو هێزە ناکەم چونکە کاک نەوشیروان و دواتریش مام جەلال ماڵئاواییان لێکردین، هەر دو هێز خاوەنی جۆرێکی تر لە سەرکردە و روخسارن. ئەم باسکردنەم مشتێکی چرو پرە لە خەموارێکی زۆر گەورە، هیوادارم ئەرکێکی خۆم وەک وەفا بۆ کارکردنم بە درێژایی چل و سێ ساڵ لە ناو یەکێتی و گۆڕاندا جێبەجێ کردبێت.