یەکێتی لە تویتەکەی سەدر بەگومانەو پارتی بێدەنگە
2022-02-04 19:30:00
(درەو):
یەکێتی گومانی ھەیە "تویت"ەکەی سەدر تەکتیک بێ بۆ کۆبونەوەکەی دوو شەممەی پەرلەمان، پارتی بێدەنگەو ئاگاداری تەكتیكەكەی سەدرە، مالیکیش داوای لە یەكێتی كردووە كاندیدەكەیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن.
تەکتیک لە تویتدا !
سەدر براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەڕێگەی تویتەرەوە خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ ھاوپەیمان و نەیارەکانیدا.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە تویتێکدا داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد، ئەگەر ھۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار مەرجەکانی تێدا نەبوو، دەنگی بۆ نەدەن.
سەرباری قسەوباسەکان لەباری تێوەگلانی زێباری لە گەندەڵی، پەرلەمانی عێراق کاندیدبوونی زێباری پەسەندکردووە، واتە مەرجی کاندیدبوونی تێدایە، ئەمە یەکێتی لە تویتەکەی سەدر خستوەتە گومانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، یەکێتی زۆر ئومێدی لەسەر تویتەکەی ئەم ئێوارەی سەدر ھەڵنەچنیوە، گومانیان ھەیە تەکتیکی سەدر بێ بۆ ئەوەی رۆژی دوو شەممە نیسابی کۆبونەوەی پەرلەمان تەواو ببێ و دوای ئەمە لە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردندا، بەزۆرینەی سادە ھۆشیار زێباری بە سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرێت.
سەرباری ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام ئەم پۆستە بەلای لایەنە شیعەکانیشەوە گرنگە، چونکە سەرۆک کۆمار کاندیدی لایەنی براوە شیعە رادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ حکومەت.
ئەگەر رێککەوتنی (سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) بەردەوام بێ، زێباری سەرۆک کۆمار بێ باشترە، چونکە لە پرسی راسپاردنی کاندیدی کوتلەی گەورەدا بۆ پێکھێنانی حکومەت، پابەند دەبێ بە رێککەوتنەکەوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی هیچ گومانێكی بۆ ردووست نەبووە لەسەر تویتەكەی (سەدر) و بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی رەنگە تەكتیكێكی نێوان خۆیان بێت بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی پارتی.
ئەگەرێکی تر !
سەدر لە سەروبەندی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکدایە بۆ یەکخستنی ناو ماڵی شیعەو بانگھێشتکردنی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆناو حکومەت.
ئەم بیرۆکەیە دوای ئەوە ھات مەسعود بارزانی وەفدێکی ھاوبەشی پارتی و سوننەکانی ناردە نەجەف، بۆ ئەوەی سەدر قایل بکەن ئەو لایەنانەی تری شیعەش بەشداربن لە حکومەتدا، بەتایبەتی نوری مالیکی.
ئێستا کە ئیتر دۆخەکە گەیشتوەتە بنبەست و بەبێ رێککەوتنێکی نوێ پەرلەمان ناتوانێ رۆژی دووشەممە کۆببێتەوەو سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت، سەدر تێگەیشتووە دەبێ بە رێککەوتنەکەیدا بچێتەوە، ھەر رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا بکات، لەسەر دەستپێشخەری خۆی دەیکات نەک بارزانی.
ئێستا کە شیعەکان خەریکە لەناو خۆیان پێکدێن، ئیتر پارتی و یەکێتی لە ھەردوو جەمسەرەکەی ناو شیعەوە گورزیان بەردەکەوێت.
ئەمەش ئەگەرێکەو دەکرێت رووبدات، بەتایبەتی لەگەڵ موقتەدا سەدردا کە بەخێرایی بڕیارەکانی دەگۆڕێت.
مالیکی یەکێتی بێ ئومێد دەکات
لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتمانیش کە بەرھەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، چاوی لەوە بوو بە پشتی نەیارە شیعەکانی سەدر واتە (مالیکی، عامری، خەزعەلی، فەیاز، حەکیم و عەبادی) کاندیدەکەی خۆی سەربخات، بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو) نوری مالیکی ھەڵوێستی لەبارەی بەرھەم ساڵحەوە نەرێنییە و داوای کردووە یەکێتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگۆڕێت.
لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەدیاریکراویش نوری مالیکی کە خاوەنی زۆرترین کورسی ھاوپەیمانێتییەکەیە (37) كورسی، پاڵپشتی کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ناکات.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، سەرچاوەی ئەم نیگەرانییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەرھەم ساڵح لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا رێگر بووە لەوەی جێگرانی سەرۆک کۆمار دابنێرێن، مالیکی یەکێک لەوانە بووە چاوی لە وەرگرتنی ئەم پۆستە بووە.
سەرباری ئەمە، بەگشتی لایەنە شیعە دۆڕاوەکانی ھەڵبژاردن دژی کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە بە بەرپرسی دەزانن لە تێپەڕاندنی یاسا نوێیەکەی ھەڵبژاردن، کە بە زیانی ئەوان شکایەوە.