سیاسەتی پارتی و یەكێتی لە شەتڕەنجەكەی سەدردا
2022-01-30 11:21:40
درەو:
د. دلاوەر عەلائەدین
لە شەتڕەنجی دەسەڵاتخوازیدا، رەوتی سەدڕ گراند ماستەرەكەیە و یاری بۆ بردنەوە دەكات، بە هەر باج و نرخێك بێ. هێزە سوننەكان لە خوولی یەكەمەوە دەرفەتیان قۆستەوە و بە براوە لێی دەرچوون. لایەنی كوردیش هەر لە دەستپێكدا باجێكی گەورەیان دا، بە لاوازی چوونە یاریەكەوە، نەخشە گەورەكەیان لەبیر كرد و كەوتنە سیاسەتی یەكلاكردنەوەی دەسەڵاتی ناوخۆیی. ئەگەر لەوەدا بەردەوامبن، خوولی دووەم كەمەرشكێن دەبێ. خۆشبەختانە، دەرفەت ماوە هەتا بە براوە، یان هیچ نەبێ بە كەمترین زیان، لێی دەرچن. بۆ ئەوەش، تێگەیشتن لە دینامیەتی جیهانی شیعە زۆر گرنگە.
ماڵی شیعە و جیهانی شیعە
پێشڕەوێتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە عێراق، بە میكانیزمێكی ئاڵۆز، لە نێو ماڵی شیعەدا یەكلا دەبێتەوە. براوەی هەڵبژاردن دەبێتە سەردار، بەڵام دوا بڕیار لەسەر پێكهاتەی حكومەت بە تەنیا لە دەست هێزی براوەدا نیە و بگرە لەنێو ماڵی شیعەی عێراقیشدا نیە. بەڵكو كۆمەڵێك دامەزراوەی نەبینراو لە جیهانی شیعەدا (لەناوەوە و دەرەوەی عێراق) خاوەنی دۆزەكە و خاوەنی دواقسەن. ئەوانە بریتین لە:
(أ) مەرجەعیەتی نەجەف و دامەزراوە ئاینیەكانی دیكەی شیعەی وەك حەوزە و توێژی نوخبە و کۆمەڵانی خەلک.
(ب) لایەنە سیاسیەکانی وەک رەوتی سەدڕ و چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاریەكان) و توێژی سیاسی و هێزەكانی دیكە.
(ج) دامەزراوەكانی دەسەڵات لە دەوڵەتی ئێران و مورشیدی باڵا و حەوزەی قوم و حیزبوڵڵای لوبنان و هی دیكە.
دوای سەدان ساڵ لە هەژموونی حوكمی سوننە لە عێراق، یەكەمجارە حوكمی شیعە بەسەر عێراقد دەسەپێندرێ. دامەزراوە و مەرجەعەكانی جیهانی شیعەش، كە خۆیان بە پارێزەری ستراتیژ و بەرژەوەندی باڵای شیعە دەزانن، بەنیاز نین لە ئایندەدا رێگە بە هێزێكی خۆماڵی بدەن كە چەنگی شیعە لە حوكمڕانی عێراقدا شل بكات. بەڵێ، هەر یەكێك لەو دامەزراوە و مەرجەعانە هەمەپێكهاتە و هەمەبۆچوونن و چەندین چەقی بڕیاردانیان تێدایە. پۆڵەسیان بۆ كاری رۆژانە و كورتخایەن جیاوازە و بگرە بەرژەوەندی تایبەتیشیان جیاوازە یان دژبەیەكە، بەڵام لە ئاستی ستراتیژ و هەڕەشەی چارەنووسسازدا كۆكن و بڕیارەكانیان تەواوكەری یەكترە. هەژموونی دەستەجەمیعیشیان، كە لە كاتی پێویستدا دەیخەنە گەڕ، لە ژمارەی كورسیەكانی هەر هێزێكی شیعەی عێراق مەزنترە.
بەو مانایەش جیهانی شیعە رێگە بە رەوتی سەدڕ نادات كە هاوپەیمانێتیەكەی لەگەڵ پێكهاتە غەیرە شیعەكان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی باڵای ئێران و باقی شیعەكاندا سەر بگرێ. رێگە نادەن كاریگەری هێزە ئیقلیمیە نەیارەكانیان، وەك توركیا و عەرهبە سوننە مەزهەبەكانی كەنداو، بخرێتە سەر هێزە سوننیەكان یان كوردیەكان بۆ ئەوەی عێراق لە چەنگی ئێران دەربێنن؛ یان عێراق، بە پێی ئەجێندایەكی دەرەكی نەیار، بخەنەوە باوەشی جیهانی عەرەبی سوننە بە قووڵاییە نێودەوڵەتیەكەیەوە.
جا ئەگەر دامەزراوەكانی جیهانی شیعە، بە تایبەتی ئێران و نەجەف، لە قۆناخی ئێستادا وەك چاودێر رەفتار بكەن و رێگە بدەن سەدڕیەكان لەگەڵ پارتی و زۆرینەی سوننە حكومەتێك پێك بهێنن، مانای ئەوە نیە كە هەر بە چاودێر دەمێننەوە. بەڵكو ئاماژەكان و هەڕەشەكان وا دەگەیەنن كە هاوتەریب، بە هاوكاری ئیتاریەكانی عێراق، بە سیستماتیكی كار لەسەر شكست پێهێنانی ئەو جۆرە حكومەتە دەكەن. رێگە بە گۆڕانكاری و چاكسازی نادەن و كارێكی وا دەكەن كە لەمەودایەكی كەمدا حكومەت هەڵبوەشتێەوە و سەرلەنوێ حكومەتێكی نوێ یان هەڵبژاردنێكی نوێ بێتە كایەوە.
بیركردنەوەی سەدڕیەكان
سەدڕیەكان ئەو راستیانەی سەرەوە باش دەزانن. دەشزانن كە بەلای جیهانی شیعەوە، یەكگرتنەوەی ماڵی سوننە مانای هەڵسانەوە و باڵادەستی جیهانی سوننەیە لە عێراق و سەرهەڵدانەوەی هەڕەشەی چارەنوسسازە لەسەر حوكمی شیعە. هاوكات زاڵبوونی دەسەڵاتی كوردی لە حكومەتی بەغدادا بە مەترسی دەزانن. بێجگە لە رەوتە تەسكبینە نەژادپەرستیەكەی هەندێ كەس و لایەن بەرامبەر بە پێكهاتەی كوردی، عێراقیەكان هێشتا بە گومانن لە مەودای جیدیەتی لایەنی كوردی، بەتایبەتی هی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ بەهێزكردنەوەی عێراق و دەستهەڵگرتن لە مافی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق.
سەدڕیەكان نایشارنەوە كە متمانەیان بە نیەتی كوردی نیە و لەخۆشیان رانابینن بكەونە ژێرباڵی هاوپەیمانێتیەك كە دواتر مافی كوردیان بەسەردا بسەپێندرێت. لەترسی دەنگدەران و هێزە پۆپۆڵیستیەكان ناوێرن ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بكەن، هەژموونی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناكۆكەكان نەهێلن، یان بەشە بودجەی هەرێم بە ئاسانی بەدەستەوە بدەن. واتە چارەنووسی سیاسیان ناكەنە قوربانی هاوپەیمانێتیەكی كاتیی. بۆیەش، رەوتی سەدڕ بە جەختەوە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ راكێشانی بەشێك لە سەركردەكانی نێو ئیتاریەكان هەتا شەرعیەتی شیعی و زۆرینەی شیعی مسۆگەر بكات. ئەگینا، پێناچێ بەنیاز بێ كە بەبێ ئەوان حكومەت پێك بهێنێ.
پاكێجی سازش
لە گفتوگۆیەكانی نێوان ئیتاری و سەدڕیەكان تەنیا سێ بژاردە یان سێ پاكێج رەچاوكراوە، كە دەبوایە چوارەمیشیان رەچاوكردبایە.
١) پاكێجی ئیتاریەكان، كە سەرجەم هێزەكانیان، بە نووری مالیكیەوە، بچنە ناو حكومەت. شەش وەزارەت وەربگرن ومالیكی ببێتە جێگری سەرۆك كۆمار و و مافی ڤیتۆشیان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران هەبێ. تا ئێستا ئەو بژاردەیە لەلایەن سەدڕەوە رەت دەكرێتەوە.
٢) پاكێجی سەدڕ: مالیكی جیابكرێتەو و ئیتاڕیەكانی دیكە بچنە ناو حكومەتەوە، چوار وەزارەت وەربگرن و مافی ڤیتۆشیان لەسەر سەرۆكی حكومەت نەبێ. ئەوە جارێ لەلایەن ئیتاڕیەكانەوە رەت كراوەتەوە و جەخت دەکەنەوە کە بەبێی مالیکی نایەنە ناو حکومەتەوە.
٣) پاكێجی سازش: مالیكی بكرێتە جێگری سەرۆك كۆمار، بەڵام لەناو حكومەت پشكی نەبێ. هێزەكانی دیكەی ئیتاریەكان بێنە ناو حكومەت و چوار تا شەش وەزارەت وەربگرن بەڵام هیچیان مافی ڤیتۆی لەسەر سەرۆك وەزیران نەبێ. رەنگە لە دواقۆناخدا هەر ئەو بژاردەیان سەركەوێ.
لەونێوەدا بژاردەی چوارەم غائیبە، كە بریتیە لە پێكهێنانی حكومەت لەلایەن سەدڕ و پارتی و سوننەكانەوە. ئەوەش زۆر گرنگە، چونكە تەنیا لەو حاڵەتەدا پارتی دەتوانی بەتەنیا بچێتە ناو حكومەتی بەغداوە و چانسی شەراكەت بۆ یەكێتی لاواز بكات و لە پشكەكانی پێشووی (وەك سەرۆك كۆمار و وەزارەتەكان) بێبەشی بكات. ئەگەر بژاردەی چوارەم لەئارادا نەبێ و پاكێجی سازش سەربگرێ، ئەوا ئیتاڕیەكان مەرجی خۆیان دەبێ، كە مەرج نیە لەگەڵ رێكەوتنی نێوان سەدڕ و پارتی هاوئاهەنگ بێ. خۆ سەدڕی و ئیتاڕی و سوننەكان پێیان گرنگە یەكێتی لە حكومەتەكەدا بێ، بۆیە لە مەسەلەی دانانی سەرۆك كۆمار و وەزیرەكاندا بۆچوونیان جیاواز دەبێ.
هاوپەیمانێتی پارتی و رەوتی سەدڕ
دیارە پێشتر رەوتی سەدڕ بۆ پارتی لێگەڕابوو كە یەكتێی رازی بكات و بیهێنێتە ژێر باڵی رێكەوتننامەكانەوە. لە سەردانی شاندە كوردیە هاوبەشەكەدا بۆ بەغدا، سەدڕیەكان چاویان لەوە بوو كە یەكتێی هەمان رێكەوتنیان لەگەڵدا واژوو بكات. ئێستاش سەدڕیەكان و بگرە سوننەكانیش تا رادەیەك نیگەرانن كە یەكتێی و پارتی لێكترازاون و كارەكانیان لێ قوڕس بووە. بەڵام بۆ خاتری بەرژەوەنی پێشتریان، سەدڕیەكان لە رێكەوتنەكەیان بەردەوامبوون چونكە لە هاوپەیمانێتی پارتی و سوننەدا تەنیا یەك مەبەستیان لا گرنگ بوو، ئەویش كە كوتلەی گەورە بۆ خۆیان زامین بكەن هەتا بەبێ ركابەر حكومەت پێك بهێنن. لەوەدا پێویستیان بە پارتی و لیستی عەزم نەبوو، تەنیا پێویسیتیان بە لیستی حەلبووسی (تەقەدوم) بوو بۆ ئەوەی ژمارەكانیان دەست بكەوێ.
بەو پێیە، ئەگەر لە خوولی دووەمی شەتڕەنجەكەدا بەشێك لە ئیتاڕیەكان لەگەڵ یەكێتی بچنە ناو حكومەتەوە و سوننەكانیشیان لەگەڵدا بمێننەوە، رەوتی سەدڕ بەقەدەر جاران پێویستی بە هاوپەیمانێتی پارتی نامێنێ. بۆ نموونە، لەكاتی دەنگدان بە سەرۆك كۆمار، ئەگەر دەنگیان بە كاندیدی پارتی نەدا و لە دەرەنجامدا پارتی لە هاوپەیمانێتیەكەدا كشایەوە، سەدڕیەكان زەرەرمەند نابن چونكە بۆشایی پارتی بە ئاسانی پڕ دەكەنەوە.
نەخشە گەورەكە و تونێلە باریكەكە
بێجگە لە سوننەكان، هیچ كام لە پێكهاتەكانی شیعە و كورد لە ئاستی نەخشە سیاسیە گەورەكەدا گەمەكەیان دەستپێنەكرد. بەڵام ململانێیەكانی نێو ماڵی شیعی ناگەنە ئەوەی چارەنووسی حوكمڕانی شیعی لە عێراقدا بنكۆڵ بكەن. بەپێچەوانەوە، رەنگە لە دەرەنجامدا جۆرە رەوتێكی چاكسازی یان حوكمڕانی تۆكمەتر بێتە كایەوە و بەهۆیەوە دامەزراوەكانی دەوڵەت بەهێز بكرێنەوە و ناوبانگی حوكمی شیعە بەرز بكەنەوە. بەڵام ململانێكانی نێو ماڵی كوردی مەترسیدارن چونكە كوردستان بە گشتی دووچاری بارێكی جیۆسیاسی و ئەمنی چارەنووسساز دەبێتەوە كە بۆ هەرێمێكی لاواز مەترسیدار دەبێ.
پێش و پاش هەڵبژاردنەكانی ئەو دواییە، گوتاری یەكێتی و پارتی و حیزبەكانی دیكە دڵخۆشكەر بوو. براوەكان دڵنەواییان دەدا كە بە خاكیانە مامەڵە لەگەڵ دۆڕاوەكانی هەڵبژاردن دەكەن و یەكڕیزی دەپارێزن و بە دەستەجەمعی لە بەغدادا داكۆكی لە مافی هەرێم دەكەن. پارتیش وەك براوەی یەكەم، پێگەی لەوانی دیكە بەهێزتر بوو بۆ ئەوەی سەركردایەتی لۆبی كوردی بكات. كەچی ئەوەی رووی دا، بە پێچەوانە بووە هەتا ئێستا. لەوە دەچێ كە دوو حیزبە براوە سەرەكیەكە، پارتی و یەكێتی، چاویان لەسەر نەخشە گەورە گشتگیرەكە و بەرژەوەندیە باڵاكان لاچووە و لەجیاتیان چوونەتە ناو تونێلێكی تەسكەوە و ئاراستەی تیرەكانیان و تەوژمی كێبڕكێكی دەسەڵاتیان روو لەناو ماڵە. لەجیاتی ئەوەی بەغدا شانۆی خەبات بێ بۆ دەستكەوتی زیاتر بۆ هەرێم، كەچی هاوپەیمانێتیە كلاسیكیەكەیان و رێكەوتننامە كۆنەكانیان بەیەكجاری هەڵوەشاندەوە و وا لەسەر لاوازیەكانی یەكتر كار دەكەن.
ئەو دوو حیزبە لەگەڵ یەكتر راهاتوون كە هەمیشە بەو جۆرە دینامیەتەی (هاوكاری-ناكۆكی) مامەڵەیان لەگەڵ یەكتردا كردووە. ترسێك هەیە كە ئەگەر پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئەو دوو حیزبە رێك نەكەون، رەنگە دواتر لە هەرێمدا زیاتریش لێك بترازێن و ئەزموونی دوو ئیدارەیی هەتا ئاستی ریشەیی دووبارە بكەنەوە. بەڵام مەرج نیە ئەو دەرەنجامە بێتە دی. پارتی و یەكێتی سەلماندوویانە كە دەتوانن بەرەكانی ململانێیان جیابكەنەوە و لە هەندێكیاندا بۆ پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشیان هەماهەنگ بن و هاوكاری یەكتر بكەن و لە بەرەی دیكەشدا هەتا ئاستی یەكتر سڕینەوە ململانێی دەسەڵات بكەن.
بەڵام هەڵبژاردنەكانی عێراق دەرفەتێكی مەزنی هێناوەتە كایەوە بۆ فەڕزكردنی مەرجی هەرێم لەسەر بەغدا، گواستنەوەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ قۆناخێكی نوێ، بۆ ریشەكێشكردنی قەیرانە سیاسی و ئەمنی و ئابووریەكانی هەرێم كە زۆربەیان لە بەغداوە سەرچاوە دەگرن و هەر لەوێش چارەسەر دەكرێن. لەوەش گرنگتر، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەلایەوە گرنگە كە هەرێم بەهۆی یەكڕیزیەوە سەقامگیر بێ و لەهەناودا بەهێز بێ و لە بەغدا شەریكێكی كاریگەریان بێ.
بەوپێیە، هێشتا درەنگ نیە پارتی و یەكێتی ئەو رەوت و ململانێ كەمەرشكێنە هێور بكەنەوە. هەرچی زووە گفتوگۆیەكی جیددی، بەنیەتی سازش و رێكەوتن و سەرخستنی دۆزی هاوبەش، دەست پێبكەن و سەرلەنوێ لەسەر پارسەنگێكی نوێ رێك بكەونەوە.