Draw Media

لەدوای نەوت ئەردۆغان داوای غازی هەرێم دەكات

لەدوای نەوت ئەردۆغان داوای غازی هەرێم دەكات

2022-02-04 15:36:08


راپۆرت: درەو
لەدوای نەوت ئەردۆغان داوای غازی هەرێمی كوردستان دەكات، نێچیرڤان بارزانی بەنەوتی هەرێم پێگەی خۆی قایمكرد، دوای ماوەیەك پەراوێزخستن، لەرێگەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانەوە گەڕایەوە ناو گۆڕەپانەكە‌و لەگەڵ ئەردۆغاندا سەرەتای مامەڵەیەكی نوێی دەستپێكردووە، لەكاتێكدا ئێستا نەوت بووە بە بابەتێكی سەرەكی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد، دیار نییە مامەڵەی غازەكە لەداهاتوودا لێكەوتەكانی لەسەر هەرێم بۆ داهاتوو چۆن دەشكێتەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

توركیا غازی دەوێت !
بەشێوەیەكی كتوپڕ، گەیشتە ئەنكەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كۆبوەوە. سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی هێندە كتوپڕ بوو، تەنانەت میدیاكانی خۆشی نەیانزانی بوو، هەواڵی سەردانەكەیان لە سایتی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە گواستەوە. 
سایتی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ زانیارییەكی لەبارەی كرۆكی دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان ئاشكرا نەكرد، بەڵام ئەردۆغان لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ ئۆكرانیا، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی ناردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆیان كردووە. 
نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتووە" هەرشتێك لە توانامدا بێت دەیكەم‌و بابەتی غازەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا تاوتوێ دەكەم".

غاز لە دوای نەوتەوە
نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی هەرێمی كوردستانە لە بواری وزەدا لەگەڵ توركیا، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدایە كە هەرێمی كوردستان بەبۆری نەوتی خۆی بەناو خاكی توركیادا دەگەیەنێتە بەندەری (جیهان)ی توركیا‌و لەوێشەوە رەوانە وڵاتی (ئیتالیا، ئیسپانیا، یۆنان، ئیسرائیل، بولگاریا، كراواتیا). 
لەدوای نەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش رەوانەی توركیا بكات، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات، بەهۆی ئەگەری پەلاماردانی ئۆكرانیا لەلایەن روسیاوە، وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لێ نیشتووە توشی قەیرانی غازی سروشتی ببن‌و روسیا وەكو هەناردەكاری گەورەی غاز لە جیهاندا، غازی ئەوروپا راگرێت. 
مامەڵەكردن بە غازی سروشتی هەرێمەوە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لەكاتێكدایە هێشتا هەرێمی كوردستان كێشەی نەوتەكەی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق چارەسەر نەكردووە‌و بەغداد سورە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ سامانی سروشتی خۆی بفرۆشێت، دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ، ئێستا دوو سكاڵای گەورەی لەسەرە، سكاڵایەكیان لە دادگای فیدراڵی عێراقە، سكاڵایەكی تریش هەیە كە حكومەتی عێراق لە دادگای پاریس لەسەر توركیا تۆماریكردووە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی بەغداد نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات. 
رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتووە، لەبارەی ناردنی غاز بۆ توركیا دەبێت لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا قسە بكەم. 

غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان.
بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە.
گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوە‌و كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌و لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت.
غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم بەشەی غاز كە بەرهەمدەهێندرێت پێداویستی ناوخۆی پێپڕدەكرێتەوە كە بڕەكەی (750) تەنی رۆژانەیەو (300) تەنیشی رەوانەی دەرەوە دەكرێت و بە پێی زانیارییەكان بەشێكی بۆ ئەفغانستان دەڕوات. 
یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی‌، لەسەروبەندی پەسەندكردنی بودجەی 2021ی عێراقدا، لەناو یەكێتییەوە هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی غازەكەی كۆرمۆر رادەستی حكومەتی عێراق بكرێت، ئەمە بەمەرجی ئەوە بوو، حكومەتی بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكات‌و موچەی فەرمانبەرانی دابین بكات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەوكات یەكێتی تائاستی ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ مستەفا كازمی رۆیشتووە‌و بڕیاربووە حكومەتی عێراق‌و سلێمانی پێكەوە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی غاز دروست بكەن، بەڵام ئەم رێككەوتنە نەگەیشتنە ئەنجام‌و ناكۆكییەكان لەناوخۆی یەكێتیدا تەقینەوە. 

دابەشبوونی غاز لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا
یەدەگی غازی سروشتی، دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی‌و یەكێتیدا، دابەشبونەكە بەمشێوەیە:

یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی
•  كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆن‌و 200 ملیار پێ سێجا
•  كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆن‌و 400 ملیار پێ سێجا
•  كیڵگەی میران: 3 ترلیۆن‌و 46 ملیار پێ سێجا
•    كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێك‌و 600 ملیار پێ سێجا

یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی
•  كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆن‌و 100 ملیار پێ سێجا
•  كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆن‌و 260 ملیار مەتر سێجا
•  كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا
• كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا

نێچیرڤان دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە
دوای 17 ساڵ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت، ناوەڕاستی 2019، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی بنەماڵەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵگرت بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزایی‌و لەبری ئەمە، مەسعود بارزانی مامی پۆستی سەرۆكی هەرێمی چۆڵكرد بۆ نێچیرڤان بارزانی.
مەسعود بارزانی هەر بەناو پۆستی سەرۆكی هەرێمی چۆڵكرد، ئەگەرنا بەشێوەیەكی واقعی هێشتا ئەو سەرۆكە، تا ئەو رادەیەی لە میدیای فەرمییەكانی پارتیدا، هێشتا دەستەواژەی سەرۆك بۆ مەسعود بارزانی بەكاردەهێنرێت.
لەوكاتەوە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، نێچیرڤان بارزانی پەراوێز خراوە، وەفدە بیانییەكان هەروەكو پێشتر سەردانی مەسعود بارزانی دەكەن، نێچیرڤان كە خۆی بە ئەندازیاری كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان دەزانی، نەیتوانی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی كۆمار، پارتی‌و یەكێتی لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمەوە بگەیەنێتە رێككەوتن، بەڵام كاتێك ئێران فشارەكانی لەسەر پارتی توندكردەوە، رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەركەوتەوە‌و مەسعود بارزانی بە نوێنەرایەتی خۆی رەوانەی نەجەفی كرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ موقتەدا سەدردا بكات. 
دوای ئێران، توركیاش چانسێكی تری دایەوە بە نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە، سەردانی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی بۆ لای ئەردۆغان، جارێكی تر كەیسی وزەی هەرێمی كوردستانی دایەوە دەست نێچیرڤان بارزانی. 
لەوكاتەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا نەماوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لاواز بووە، سەردانەكەی دوێنێی بۆلای ئەردۆغان پەیوەندییەكانی لەگەڵ دۆستە كۆنەكەیدا بوژاندەوە.  

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand