فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم لە 2021 دا
2022-02-01 13:37:38
راپۆرت: درەو
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی (2021)دا، زیاتر لە (151 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە كردووە، بەپێی داتاكان تێكڕای نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان زیاتر لە (70) دۆلار بووە، بەم پێیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان "پێش لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی نەوت بە پێی نرخی بازاڕەكانی جیهان" بەبەهای زیاتر لە (10 ملیار 670 ملیۆن) دۆلار نەوتی هەناردە كردووە، كە بەرامبەرە بە زیاتر لە (15ترلیۆن و 553 ملیار) دینارە.
بەڵام دوای لێدەركردنی خەرجییەكانیو هەرزانتر فرۆشتنی هەر بەرمیلێك بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان، تەنها بڕی (3 ملیارو 870 ملیۆن) دۆلار داهاتی بۆ ماوەتەوە كە بەرامبەرە بە (5 ترلیۆنو 611 ملیار) دینارە لەماوەی ساڵی (2021)دا.
یەكەم: تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵی 2021
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی Economy) Country) تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەكانی جیهان بۆ ساڵی (2021) بریتی بووە لە (70.68) دۆلاری ئەمریكی، بە جۆرێك مانگی (تشرینی یەكەمی ساڵی 2021) بەرزترین ئاستی تۆمار كردووەو تێكڕای نرخی نەوت لەم مانگەدا بریتی بووە كە (83.54) دۆلار، لە مانگی (كانونی دووەمی ساڵی 2021) نزمترین نرخی نەوت لە ساڵەكەدا تومار كراوە كە بریتی بووە لە (54.77) دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)
دووەم: فرۆشی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی ساڵی (2021)دا بڕی (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كردووە، بەجۆرێك لە مانگی (نیسانی 2021)دا بەرزترین ڕێژەی نەوتی هەناردە كردووە بە قەبارەی (14) ملیۆن بەرمیل لە مانگەكەدا، لە مانگی (ئابی 2021) دا كەمترین بڕی هەناردە كردووە بەراورد بە مانگەكانی دیكەی هەمان ساڵ كە (11 ملیۆن و 50 هەزار) بەرمیل بووە. بۆ وردەكاری زیاتر (بڕوانە چارتی ژمارە (2)).
سێیەم: داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021
1. داهاتی نەوت هەرێم، پێش لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی بە نرخی بازاڕە جیهانییەكان:
بەپێی داتاكان حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی (ئەیلولی 2021)دا زۆرترین داهاتی نەوتی هەبووە، بەو پێیەی (13 ملیۆنو 90 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، لەم مانگەدا نرخی نەوت بە تێكڕا (74.49) دۆلار بووە، ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكەی بە هەرزانتر نەفرۆشتبێتو بەبێ لێدەركردنی خەرجییەكانی نەوت بەها گشتییەكەی بریتی بووە لە (1 ملیارو 35 ملیۆنو 411 هەزار) دۆلار، كە بەهاكەی بەرامبەر بە دینار بریتی بووە لە (1 ترلیۆنو 501 ملیارو 345 ملیۆنو 95 هەزار) دینار.
كەمترین داهاتیش لە مانگی (كانونی دووەمی 2021)دا تۆمار كراوە كە (12 ملیۆنو 800 هەزار) بەرمیل هەناردە كراوەو تێكڕای نرخی نەوت لەو مانگەدا بریتی بووە لە (54.77) دۆلار، بەم پێیەش داهاتی نەوت لەو مانگەدا بریتی بووە لە (701 ملیۆنو 56 هەزار) دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە (ترلیۆنێكو 16 ملیارو 531 ملیۆنو 200 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ زانیاری زیاتر تایبەت بە سەرجەم مانگەكانی ساڵی (2021) (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).
سەبارەت بە كۆی گشتی فرۆشو داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا، حكومەتی هەرێمی كوردستان (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، تێكڕای نرخی نەوت لە ساڵەكەدا بریتی بووە لە (70.68) دۆلاری ئەمریكی (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)).
كۆی ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵەكەدا هەناردەی كردووە بەبێ هیچ خەرجیو هەرزان فرۆشییەك، دەكاتە (10 ملیارو 670 ملیۆن و 453 هەزار و 860) دۆلاری ئەمریكی، بۆ وردەكاری مانگەكانی ساڵەكە بروانە (چارتی ژمارە (3))، ئەو برە داهاتەی لە فرۆشی نەوت دەستدەكەوێت بە دینار بریتی دەبێت لە (15 ترلیۆنو 553 ملیارو 358 ملیۆنو 97 هەزار) دینار، بۆ وردەكاری مانگەكانی ساڵەكە بروانە (چارتی ژمارە (4)).
2. داهاتی نەوت هەرێم، دوای لێدەركردنی خەرجییەكانو فرۆشتنی بە نرخی كەمتر بازاڕە جیهانییەكان:
رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سرووشتییەكان)، ڕایگەیاند، (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكانو خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات، تێچووی دەرهێنانی نەوتە، (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێتەوە، بۆیە دوای لیدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوتو هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (151 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوت دەكاتە (3 ملیار و 870 ملیۆن 24 هەزار و 521) دۆلار، ئەگەری بەهای (1) دۆلار بەرامبەربێت بە (1450) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (5 ترلیۆن و 611 ملیار و 535 ملیۆن و 410 هەزار و 740) دینار لەماوەی ساڵی (2021)دا.
هاوكات بڕی (5 ملیاو 344 ملیۆن و 319 هەزار و 439) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەكەو قەرزی كۆمپانیاكان كە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 749 ملیار و 263 ملیۆن و 186 هەزار و 260) دیناری عێراقی، بۆ وردەكارت زیاتر بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))
چوارەم: كڕیارانی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021
لە ساڵی (2021)دا نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركی لەلایەن كەشتی (12) وڵاتەوە باركراونو زۆرترین باركردن كەشتییە ئیتالییەكان كردووەیانە كە (56 ملیۆنو 81 هەزار) بەرمیل نەوت بووە، بە ڕێژەی (37.1%)، كەمترین بڕی باركراویش كەشتی پۆڵندیو بولگارییەكان بووە كە بڕەكەی (600 هەزار) بەرمیل بووە بە ڕێژەی (0.4%) بووە. (خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (5)).
چارتی ژمارە (5)
سەرچاوەكان:
- كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان، بەشی سێیەمی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (16)ی ئاساییی خولی بەهارە ڕۆژی 2021/6/28، دەقی وتەكانی لە چەناڵی یوتیوب؛
https://www.youtube.com/watch?v=6fpM-92PuRc
- ڕێكخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەكانی نەوت، نەوتی باركراوی هەرێم، ماڵپەڕی ڕێكخراوی ڕوونبیین؛
https://www.roonbeen.org/%d9%86%db%95%d9%88%d8%aa%db%8c-%d8%a8%d8%a7%d8%b1%da%a9%d8%b1%d8%a7%d9%88%db%8c-%d9%87%db%95%d8%b1%db%8e%d9%85/
- Crude Oil Brent US Dollars per Barrel, at the saite;
https://countryeconomy.com/raw-materials/brent?year=2021
- ئەنوەر كەریم، داتای ورد لەسەر داهاتی هەرێمی كوردستان، داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2021، ماڵپەڕی زەمەن؛
https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=54202
راپۆرتەكانی دیلۆیت:
- Deloitte, Review of the Kurdistan Regional Government of Iraqs oil production, export, consumption and revenue for the period 1 January 2021 to 31 March 2021, at the saite;
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q1%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf
- Deloitte, Review of the Kurdistan Regional Government of Iraqs oil production, export, consumption and revenue for the period 1 April 2021 to 30 June 2021, at the saite;
https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q2%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf