رابەر دەبێت بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت
2022-02-05 09:25:48
(درەو):
رابەری گشتی مافی ئەوەی نییە خۆی كاندید بكاتەوە، تەنیا كەسێك خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید كردووە، ئەگەر دەنگی 50+1ی كۆنگرە نەهێنێت، رابەری ماوە تەواوبوو لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە، ئەمە پوختەی چیرۆكی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامییە.
بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی كۆنگرەی 12ی خۆی لە هەولێر دەستپێكرد، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كردووەو مافی ئەوەی نییە خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، بەڵام بزوتنەوە مەرجی داناوە ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، كامیل حاجی عەلی تاكە كەسێكە كە خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید كردووە، ئەگەر دەنگی (50+1) بەدەست نەهێنێت، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە، ئەمە مشتومڕی دروستكردووە لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام رابەری ماوەتەواوبوو دەڵێ" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە".
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی رابەری بزوتنەوە لەوتارێكدا لە كۆنگرەی 12ی حزبەكەی لە هەولێر وتی:
• بڕیار بوو ئەم كۆنگرەیە لە هەڵەبجە بكەین، بەڵام هەڵەبجە بەناو پارێزگایە، بینایەكی تێدا نییە ئەم خەڵكە تێیدا كۆببنەوە.
• ئێمە نەهاتوین خەڵك فریو بدەینو بڵێین بڕۆن موزاهەرە بكەن، بەڵام دوای كە گەیشتە قایمایی، دوو تەقە بكرا بێین بەیان لەسەر موزاهەرەچییەكان دەربكەینو بڵیین ئەوانە ئاژاوەگێڕن، ئێمە ئەم سیاسەتە بێ ئەخلاقییەمان نەكردووە.
• منەتی دەسەڵات بە هیچ ئەگەر چوبین پارچەیەك عەرزمان لێوەرگرتبێت، ئەگەر دەستمان لێ پانكردبێتەوە.
• هەیبەتی بزوتنەوەی ئیسلامی تائێستا پارێزراو بووەو نەمانهێشتووە كەس ئەو هەیبەتە بخاتە ژێر پرسیارەوە.
• ئێمە كە قسەمان نەكردووە، وتومانە قسەیەك ئەكەین كە پێمان هەڵبگیرێت، ئێمە شۆڕشێكی ئەخلاقین، موزایەدەكردن لە ئێمە ناوەشێتەوە.
• بۆ هەشت ساڵ زیاترە بودجەی بزوتنەوەی ئیسلامی بڕاوە، ئەو فەقیرییەی كە بەسەرماندا هاتووە لە پاكێتی خۆمانە.
• مامۆستا مەلا عوسمان موئامەرەیەكیان لێكردو بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت.