پارتی تەگەرە بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دروستدەكات
2018-10-02 12:00:27
(درەو میدیا):
پارتی و هاوپەیمانەكانی لە پەرلەمانی عێراق ڕێگرن لەدروستبونی نیسابی یاسایی و، ترسی جدییان هەیە بەرهەم ساڵح لە دەنگداندا بیباتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پەرلەمانی عێراق تایبەت بە (درەو میدیا)ی، ڕاگەیاند: لە شەوی ڕابردوەوە تائێستا سەرۆكی پەرمانی عێراق بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاسایی دووجار دانیشتنی دواخستوە.
وتیشی: دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی بۆ ماوەی نیوكاتژمێر دواخست، تائێستا نیسابی یاسایی بۆ دەستپێكردنی دانیشتنەكە كە تایبەتە بەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق تەواونەبووە.
سەرچاوەكەی "درەو میدیا" ئاشكراشیكرد، پارتی و هەندێك هێزی هاوپەیمانی لە فراكسیۆنە شیعی و سوننەكان ڕێگرن لەبەردەم تەواوبونی نیسابی یاسایی چونكە ترسی جدییان هەیە كە بەرهەم ساڵح زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت و بەسەر فوئاد حسێن كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا سەربكەوێت.
بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" پارتی و هەندێك لە هێزە سوننی و شیعییەكان كە نایانەوێت دۆستایەتی بارزانی لەدەستبدەن، لەڕێی تەواونەبونی نیسابی یاساییەوە دەیانەوێت كێشە بۆ بەرهەم ساڵح دروستبكەن و یەكێتی ناچار بەڕێككەوتن بكەن یان گۆڕینی بەرهەم ساڵح بە كاندیدێكی تری یەكێتی، كە ڕەنگە لەو حاڵەتەدا پارتی ڕازیبێت بەكشانەوەی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.