پرۆفایلی عادل عەبدولمەهدی, سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق
2018-10-03 12:32:24
(درەو میدیا):
رۆژی 2ی ئۆكتۆبەر عادل عەبدولمەهدی سیاسەتمەداری عێراق لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپێردرا.
ئەگەر كابینەكەی متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئەول عەبدولمەهدی دەبێتە چل و نۆیەمین سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ساڵی 1920ەوە و پێنجەم سەرۆك وەزیران لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعسەوە.
پرۆفایلی عادل عەبدولمەهدی:
• ناوی تەواوەتی عادل عەبدولمەهدی مونتەفكییە و ساڵی 1942 لە ناوچەی بەتاوین لە بەغدای پایتەخت لەدایكبووە و موسوڵمانێكی شیعە مەزهەیە و سیاسەتمەدار و ئابوریناسە و لە خێزانێكی بۆرجوازیی كە لە مونتەفەك ناسریەی ئێستا نیشتەجێبوون و لە بنەچەدا خەڵكی كوتن.
• باوكی لە سەردەمی حوكمی پاشاییەتیدا لە عێراق وەزیر بووە و هەروەها نوێنەری ناسریە "مونتەفەك" بووە لە ئەنجومەنی ئەعیانی عێراق.
• عادل عەبدولمەهدی لە لاوێتیدا كاریگەر بووە بە بیری ناسیۆنالیزمی عەرەبی و لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەحمەد چەلەبی و ئەیاد عەلاویدا هاوڕێ بووە و قۆناغی ئامادەیی خوێندنی لە خوێندنگەی " كۆلێژی بەغداد" لە ناوچەی ئەعزەمییە تەواوكردووە.
• ساڵی 1968 بۆ خوێندن چووەتە فەرەنسا و تا ساڵی 1972 ماوەتەوە، پاشان چووتە سوریا و لوبنان و دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان گەڕاوەتەوە فەرەنسا و هەتا ساڵی 2003 ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ عێراق.
• سەرەتا كاركردنی لە بواری سیاسەتدا پەیڕوی بیری سۆسیالیستی كردووە و پاشان كاریگەر بووە بە بیری ئیسلامی شیعەی میانڕە.
• یەكێك بووە لە سەركردەكانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بەهاوكاری ئێران دامەزرێنراوە.
• لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس، بووەتە جێگری عەبدولعەزیز حەكیم لە ئەنجومەنی حوكم و پاشان لە حكومەتی كاتیدا بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاویی پۆستی وەزارتی دارایی پێسپێدراوە.
• ساڵی 2005 بووەتە جێگری سەرۆك كۆمار و پاشان تا ساڵی 2014 وەزیری نەوت بووە.
• نەیارەكانی بە سیاسییەكی ئینتیهازیی و گەڕان بە دوای پۆستدا تۆمەتباریدەكەن و ئەویش پاساوی بۆ گۆڕانكارییە فیكریی و سیاسییەكانی ئەوەیە كە ئەو كارە 50 ساڵی خایاندووە و ئەوەش ماوەیەكی ئاساییە بۆئەوەی مرۆڤ بگۆڕێت.