Draw Media

كاردانەوەكانی كوشتنی خاشقچی

كاردانەوەكانی كوشتنی خاشقچی

2018-10-07 10:02:51


(درەو میدیا):
پۆلیسی توركیا پێیوایە جەمال خاشقچی نوسەر و ڕۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیۆنی سعودی لەناو كۆنسوڵگەری ئەو وڵاتە لە ئیستانبوڵ كوژرابێت، سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوەدەكەن، تیمێكی سعودی دوای ئەشكەنجەدانی، پارچەپارچەی كردووە، لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی سعودیە پێداگری دەكەن لەوەی دوای چوونی بەماوەیەكی كەم، كونسوڵگەری وڵاتەكەیانی بەجێهێشتووە.
ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز)، شەوی ڕابردوو لەزاری دوو سەرچاوەی توركییەوە بڵاویكردەوە، هەڵسەنگاندنی سەرەتایی پۆلیسی توركیا ئاماژە بەوەكات، خاشقچی كە ڕۆژی سێ‌ شەممە دوای چوونی بۆ كونسوڵگەری سعودیە دیارنەماوە، لەناو كونسوڵگەرییەكەدا كوژراوە، یەكێك لە سەرچاوەكانیش وتویەتی" پێمانوایە بەئەنقەسەت كوژراوەو تەرمەكەشی براوەتە دەرەوەی كونسوڵخانەكە".
هاوكات، ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە حكومەتی توركیاوە بڵاویكردوەتەوە، پۆلیس وای بۆ دەچێت خاشقچی لەناو كونسوڵگەری سعودیە بەدەستی تیمێك كوژرابێت، كە ئەو تیمە بەشێوەیەكی تایبەت ئەو ڕۆژە لە سعودیەوە هاتوەتە ئەستنەبوڵ و هەمان ڕۆژ گەڕاوەتەوە.
ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)یش، لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادار لە لێكۆڵینەوەكانی ئەو ڕوداوە بڵاویكردوەتەوە، ئەو تیمەی كە خاشقچیان كوشتووە، لە سعودیەوە هاتون و پێكهاتوون لە 15 كەس.. ئەگەر كوژرانی خاشقچی تەئكید بكرێتەوە، ئەوە بەهەڵكشانێكی شۆككەری سعودیە دادەنرێت بۆ بێدەنگكردنی ئۆپۆزسیۆن. 
لایخۆیەوە، پێگەی (میدل ئیست ئەی) بڵاویكردەوە، ڕۆژنامەنوسە سعودییەكە پێشئەوەی بكوژرێت و لاشەكەی پارچە پارچەبكرێت، ئەشكەنجەدراوە، كە ئەوەش ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی تر لەزاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە تەئكیدیان لێكردوەتەوە.  
ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)یش، لە زاری تۆران كشلاكچی سەرۆكی كۆمەڵەی (ماڵی ڕاگەیاندنكارانی عەرب)وە بڵاویكردەوە، بەرپرسانی توركیا تەئكیدیان كردووە، كە خاشقچی كوژراوەو لاشەكەشی شێوێندراوە، ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی عەرەبەوە كە ناوی نەهێناوە ڕایگەیاندووە، بەفیعلی لاشەكەی شێوێندراوە. 

كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" ناتوانین قسە لەسەر ئەو ڕاپۆرتانە بكەین كە باس لە كوژرانی خاشقچی دەكەن و لەنزیكەوە بەدواداچون بۆ ئەو پرسە دەكەین".
كریس مۆرفی سیناتۆر لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا لەتویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی" ئەگەر ڕاستبێت سعودییەكان دانیشتویەكی ئەمریكییان كێشی كونسوڵگەرییەكان كردبێت و كوشتبێتیان، پێویستە بێتە هۆی گۆڕانكارییەكی جەوهەری لەپەیوەندییەكانیان لەگەڵ شانشینی عەرەبی سعودی".
ڕێكخراوی لێبودرنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە" كوشتنی خاشقچی ئاماژەیەكی مەترسیدار دەبێت بۆ ڕەخنەگران كە ئەوان لەمەترسیدان تەنانەت لەدەرەوەی سعودیەش".
ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور دەڵێ" ئەگەر كوژرانی خاشقچی ڕاستبێت، ئەوە كارێی ترسناكەو قبوڵنەكراوە بۆ ئازادی ڕۆژنامەوانی".
لەلایەكی ترەوە، محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشای سعودییە، بەئاژانسی بلۆمبێرگی وتووە" خاشقچی لە كۆنسوڵگەری سعودییە چوەتە دەرەوە دوای چەند خولەكێك یان كاتژمێرێك لەچونەژوورەوەی، سعودییە ڕێگە بە توركیا دەدات كۆنسوڵگەرییەكەی بپشكنێ ئەگەر بیانەوێت".
بەڵام یاسین ئەكتای ڕاوێژكاری پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا بە كەناڵی (جزیرە)ی ڕاگەیاندووە"داوای ڕونكردنەوەیەی بڕواپێكەر دەكەین لە سعودییە و، ئەوەی شازادەی جێنشین خستویەتیەڕوو بڕواپێكەر نیە". 
بەپێی سەرچاوە توركییەكان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەمڕۆ وتەیەك پێشكەش دەكات و ئەگەر زۆرە قسە لەسەر كوژرانی خاشقچی بكات.
پێشتریش عومەر چیلیك وتەبێژی پارتی دادو گەشەپێدان ڕایگەیاند، چارەنوسی ڕۆژنامەنوسە سعودییەكەو لایەنی بەرپرس لە ونكردنی ئاشكرادەكەن، ئاماژەی بەوەشداوە"ونبونی ڕۆژنامەنوسێك بەوشێوەیە، پرسێكە دەوڵەتێكی وەك توركیا بەهەستیارەییەوە لێیدەڕوانێت".  

جەمال خاشقی كێیە؟
جەمال خاشقچی ئاڵی 1958 لە مەدینە لە دایكبووە و رۆژنامەگەری لە زانكۆی ئیندیانای ئەمریكا خوێندووە و سەرەتا وەك پەیامنێر كاری رۆژنامەوانیی كردووە و لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا روماڵی رووداوەكانی ئەفغانستان و جەزائیر و كوەیت و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كردووە و بەوە زیاتر بەناوبانگ بووە.
كۆتایی نەوەدەكات بووەتە جێگری سەرنوسەری رۆژنامەی " عەرەب نیوز" و ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بووە و ساڵی 2004 وەك سەرنوسەری رۆژنامەی " وەتەن"ی سعودی دیاریكراوە و دواتر بەبێ‌ ئاشكراكردنی هۆكارەكەی لە پۆستەكەی دووخرایەوە و هەمان ساڵ بووە راوێژكاری راگەیاندنی شازادە توركی فەیسەڵ و چەند ساڵێك لە و كارەیدا بەردەوام بووە.
ساڵی 2015 خاشقچی بووە بەڕێوەبەری كەناڵی هەواڵی " ئەلعەرەب" كە بارەگاكەی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بوو و خاوەنەكەشی شازادە وەلید بن تەڵاڵ بوو، بەڵام هەرزوو كەناڵەكە داخرا و هاوكات خاشقچی وەك چاودێرێكی سیاسیی لە زۆربەی كەناڵە عەرەبیی و سعودییەكاندا میوانداری دەكرا.
دیسەمبەری 2017 رۆژنامەی " حەیاتی لەندەنی" كە شازادە خالد بن سوڵتان خاوەنی بوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ خاشقچی كۆتایی پێهێنا و قەدەغەخرایە سەر نوسینەكانی بە پاساوی دەستدرێژیكردنە سەر سعودیە.
خاشقچی بەوە ناسرابوو كە رەخنەی لە حكومەتی سعودیە دەگرت، بە تیابەتی دوای ئەوەی محەمەد بن سەلمان بووە شازادەی جێنشین و بەڵنێیدا چاكسازی نوێ بكات لە وڵاتدا و دەستیكرد بە هەڵمەتی دەستگیركردن و سەركوتكردن بەوتەی خاشقچی.

ونبوونی 

رۆژی دووی ئەم مانگە خاشقچی بەمەبەستی مامەڵەی هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە ئازرو سەردانی كونسوڵگەری سعودیەی كرد لە گەڕەكی لیڤانت و لەو كاتەوە چارەنوسی نادیارە.
خەدیجە ئازرو لە لێدوانێكیدا بۆ " بی بی سی " رایگەیاندووە لێپرسراوانی كونسوڵگەریی رێگەیان پێنەداوە بچێتە ژوورەوە و پاشان ئاگاداریان كردوەتەوە كە خاشقچی لە كونسوڵگەریی نەماوە.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand