بەسرە: هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان دەكرێ
2018-10-07 13:20:05
(درەو میدیا):
چالاكان و بەرپرسانی پارێزگای بەسرە داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن ئەو خۆپیشاندەرانەی تائێستا لە زیندانەكاندان ماون، ئازادیان بكات، كە لەلایەن پارت و گروپە چەكدارەكانەوە تۆمەتی سوتاندنی بارەگاكانیان ئاڕاستەكراوە.
چالاكانی بەسرە هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان دەكەن ئەگەر دەستگیركراوەكان ئازادنەكرێن.
29 خۆپیشاندەر تائێستا لە زیندانەكاندان
یەكێك لە چالاكانی پارێزگای بەسرە بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی وتووە، نزیكەی 29 چالاكی خۆپیشاندانەكان تائێستا لە زیندانەكاندان، لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكی زۆر تێپەڕیوە بەسەر ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە پارێزگاكە، ڕونیشكردۆتەوە، ئەو چالاكانە تۆمەتی سوتاندنی بارەگاو نوسینگەی هەندێك پارت و گروپە چەكدارەكانیان ڕوبەڕوكراوەتەوە.
ئەگەر هەیە بەچەند ساڵێك زیندانی حوكم بدرێن
بەوتەی ئەو چالاكە"هێزە ئەمنییەكان تەئكیدیان كردووە كە دەستگیراوەكان دەدرێنە دادگای تایبەت بۆ تەماشاكردنی دۆسییەكانیان و ڕەنگە ڕوبەڕوی چەند ساڵێك زیندانی و سزای دارایی گەورە ببنەوە"
ڕاشیگەیاندووە، جموجۆڵەكانیان دەستپێكردووەو چاویان بە ژمارەیەك پیاوماقوڵانی بەسرە كەوتووە لەپێناو چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ئازادكردنیان، لەو چوارچێوەیەشدا وەفدێك لە پیاوماقوڵانی پارێزگاكە دەستدەكەن بەجموجۆڵەكانیان لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و یاسایی بۆ ئازادكردنیان.
ئازادیان نەكەن خۆپیشاندان دەستپێدەكاتەوە
شێخ قاسم خوزاعی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە" وەفدێكی عەشائیریان پێكهێناوە لە پیاوماقوڵانو شێخەكانی بەسرەو چاویان بە بەرپرسانی حكومەتی خۆجێی و پارێزگار دەكەوێت، لەپێناو خستنەڕووی كێشەی دەستگیركراوان و پێویستی ئازادكردنیان، تەئكیدیشی كردووە، چاویان بە پارت و ئەو گروپانە دەكەوێت كە سكاڵایان لەسەر چالاكوانەكان تۆماركردووە و هەوڵی ڕازیكردنیان دەدەن كە سازش لەسەر سكاڵا یاساییەكانیان بكەن دژی چالاكوانەكان.
بەوتەی خوزاعی، هەموو لایەنە حكومی و دادوەرییەكان و تەنات پارتەكانیش، دەزانن دەستگیركراوەكان بێتاوانن لەو تۆمەتانەی ڕوبەڕویان كراوەتەوە و كاری سوتاندن خەڵكانی ئاژاوەگێر ئەنجامیانداوە نەك خۆپیشاندەران.
خوزاعی ئاماژەی بەوەكردووە، بێدەنگ نابن لە هەوڵەكانی سەپاندنی حوكمی یاسایی بەسەر ئەو بێتاوانانەداو سەرلەنوێ خۆپیشاندان ڕێكدەخەن بۆ ئازادكردنیان، ئەگەر هەوڵەكانیان شكستبهێنێت، داواشی لەحكومەتی ناوەندی كردووە دەستوەردان بكات بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو دۆسیەیەو ئازادكردنیان.
حزبەكان بەهانە بەچالاكان دەگرن
بەرپرسانی بەسرە باسلەوەدەكەن، خۆپیشاندەران ڕوبەڕوی سكاڵای بەهانە پێگرتن بونەتەوە لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە.
رامی ئەلسەكینی پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای بەسرە لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە:" ئەو سكاڵایانەی لەسەر چالاكان تۆمار كراون، سكاڵای بەسیاسكراو و بەهانە پێگرتنن، كە لەلایەن حزبی (پأر الله)وە، تۆمار كراون.
رامی ئەلسەكینی دەڵێ" ئەو چالاكانەی دەستگیركراون ئاشتیخوازن".
ئاماژەی بەوەشداوە، لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ قسەی كردووە و ئەویش لای خۆیەوە ڕایگەیاندووە، ئەو دۆسیەیە پەیوەستە بەدادگای عێراقی و داوای لەو حزبەش كردووە، هەرچی بەڵگەیەكی هەیە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەرانی كردوەتەوە با بیخاتەڕوو.