ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتە 38 ملیۆن كەس
2018-10-01 11:13:57
(درەو میدیا):
دەزگای ناوەندیی ئاماری عێراق ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتوانی ئێستای عێراقی راگەیاند و ئاماژەیبەوەشداوە كە ژمارەی دانیشتوانی بەغدای پایتەخت هەشت ملیۆنی تێپەڕاندووە و پارێزگای موسەنناش كەمترین دانیشتوانی هەیە.
دەزگای ناوەندیی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ئامارێكدا رایگەیاندووە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2018 گەیشتوەتە 38 ملیۆن و 124 هەزار و 182 كەس و لەو ژمارەیەش :19 ملیۆن و 261 هەزار و 253 كەس بە رێژەی 51% لە رەگەزی نێرن و 18 ملیۆن و 862 هەزار و 929 كەس بە رێژەی 49% لە رەگەزی مێن.
دوای پارێزگا بەغدا پارێزگای نەینەوا بە پلەی دووەم و 10%ی كۆی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنێت و پارێزگای بەسرەش لە پلەی سێیەمدا دێت و 8%ی كۆی دانیشتوان عێراق پێكدەهێنێت و پارێزگای موسەنناش كەمترین ژمارەی دانیشتونی هەیە كە 814 هەزار و 371 كەسە.
وەزارەتی پلاندانی عێراق راشیگەیاندووە كە دانیشتوانی عێراق ساڵانە بە تێكڕا 850 هەزار كەس زیاددەكات و پێشبینیشدەكات ژمارەی دانیشتوانی عێراق ساڵی 2030 بگاتە 50 ملیۆن كەس.
ئاماری دانیشتوانی عێراق بەژمارە:
ژمارەی دانیشتوان: 38 ملیۆن و 14 هەزار و 182 كەس
ژمارەی رەگەزی نێر: 19 ملیۆن و 261 هەزار و 253 كەس بە رێژەی 51%.
ژمارەی رەگەزی مێ: 18 ملیۆن و 862 هەزار و 929 كەس بە رێژەی 49%.
ژمارەی دانیشتوانی بەغدا: 8 ملیۆن و 126 هەزار و 755 كەس
ئەوانەی تەمەنیان لە 15 ساڵ كەمترە: 15 ملیۆن و 428 هەزار و 32 كەس بە رێژەی 45%.