Draw Media

حزبەكان دەیانەوێت كاندیدەكانیان بەسەر (عەبدولمەهدی)دا بسەپێنن

حزبەكان دەیانەوێت كاندیدەكانیان بەسەر (عەبدولمەهدی)دا بسەپێنن

2018-10-06 10:44:14


( درەو میدیا):
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لەلایەن هەندێك لەكوتلە سیاسیە براوەكانەوە دووچاری فشاری توندبۆتەوە، لەپێناو قبوڵكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكان كە بڕیارە لەماوەی 25 ڕۆژی داهاتوودا پێشكەشی بكات، هاوپەیمانی (فەتح)یش، ڕەتیدەكاتەوە وەزارەت بدرێت بە كەسانی بێلایەن. 
ئەندامێكی هاوپەیمانی سائیرون لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)تەئكیدیكردووە، هاوپەیمانێتیەكەیان پاڵپشتی تەواوی عادل عەبدولمەهدی دەكات لەهەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەت، ڕونیشكردۆتەوە، موقتەدا سەدر لەدواین تویتیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پشتیوانی خۆی بۆ كابینەیەكی حكومی دەربڕیوە كە لەوەزیری بێلایەن پێكبهێنرێت و هیچ وەزیرێكیش بۆ وەزارەتەكان كاندیدناكات.  
ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی سائیرون ئاشكرای كردووە، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەلایەن هەندێك لەهێزە سیاسیە براوەكانی هەڵبژاردنەوە ڕوبەڕوی فشار بۆتەوە بۆ قبوڵكردنی كاندیدەكانی بۆ وەزارەتەكان و، هاوپەیمانێتیەكەشی هیواخوازە كە عادل عەبدولمەهدی بتوانێت حكومەتێكی تەكنۆكراتی بێلایەن پێكبهێنێت، دور لەفشارە حزبییەكان و لەو ماوە دەستورییەی بۆی دیاریكراوە. 
لەبەرامبەردا، حامید موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، وەزیری بێلایەن شكستدێنێت لەئیدارەدانی وەزارەتەكەی و، هەندێك لەحزبەكان دژایەتیان دەكەن.
ڕونیشكردۆتەوە، وەزیرە بێلایەنەكان توانای كاركردنیان نابێت، بەهۆی ئەوەی كوتلەیەكی سیاسیان نیە پشتیوانی و پاڵپشتیان بكات، موسەوی ئاماژەی بەوەشداوە، پیادەكردنی  دیموكراسی لەسەرجەم وڵاتانی جیهان مافی پێكهێنانی حكومە دەدات بەحزبەكان، چونكە وەزارەتەكان شكست دەخۆن ئەگەر كەسانی بێلایەن بیگرنە دەست، ڕاشیگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی مەرجی بەسەر كوتلە سیاسەكاندا سەپاندووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ و، ئەوەش وادەكات ئەنجامی سەركەوتن و شكستی حكومەت لەئەستۆ بگرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، میساق ئەلحامدی پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی فەتح لەبەیاننامەیەكدا، داوای لەسەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كردووە وەزارەتەكانی نەوت و گواستنەوە بەدوو كەس لەپارێزگای بەسرە بسپێرێت، كە بەمدواییە خۆپیشاندانێكی گەورەی بەخۆوە بینی، بەوپێیەی ئەو پارێزگایە یەكێك لەوناوچانەی عێراق كە زۆرترین بڕی نەوت بەرهەمدەهێنێت و لێوەی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەكرێت و بۆری هەناسەی ئابوری عێراقە.
حامیدی دەڵێت" داوا لەعەبدولمەهدی دەكەین هەردوو وەزارەتی نەوت وگواستنەوە بسپێرێت بەدوو وەزیر لەبەسرە كە خاوەنی بەندەری دەریایی و تاكە ڕێڕەوی ئاوی عێراقە" تەئكیدی لەپێویستی بونی وەزیر كردووە لەو پارێزگایە، تا هەست بەئازارو نەهامەتیەكانی خەڵكبكات و بەشداری لەچارەسەرەكردنی كێشەكانیدا. 
پێشتریش، نەوفەل ئەبو ڕغیف وتەبێژی ڕەوتی حیكمە بونی ناكۆكی سەبارەت بەمیكانیزم و مەرجی كاندیدكردنی بۆ وەزارەتەكان ئاشكراكرد و، ئاماژەی بەوەدا، خواستێك هەیە وەزیرەكان لەدەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بن و ڕاشیگەیاندووە،  ڕەوتەكەی هیچ پێویستیەك نابینێت بۆ دورخستنەوەی ئەندامانی پەرلەمان لەوەرگرتنی وەزارەكان و حزبەكەشی پشتیوانی تەكنۆكراتی سیاسی و تەكنۆكراتی بێلایەن دەكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand