Draw Media
هه‌واڵ / عێراق

(درەو میدیا): نوێنەرانی سوننە لە هەردوو هاوپەیمانی " بونیادنان " و " چاكسازی" هەشت كەسیان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی كاندیدكردووە و بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆش فالح فەیاز ركابەری بۆ پەیدابووە. جاسم بخاتی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی " چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە" رایگەیاند عادل عەبدلمەهدی سەرۆك وەزیران كارتی سوری بۆ كوتلە سیاسییەكان بەرزكردوەتەوە بۆئەوەی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی وەزارەتە ئەمنییەكان یەكلابكەنەوە. بخاتی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " سۆمەریە نیوز" وتی:" نوێنەرانی پێكهاتەی سوننە لە هەردوو هاوپەیمانی بونیادنان و چاكسازی هات ئێستا هەشت كەسیا بۆ وەزارەتی بەرگری كاندیدكردووە و بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆش ئاماژە هەیە كە  كەسی تر ركابەری فالح فەیاز بكات". پەرلەمانی عێراق رۆژی 24ی تشرینی یەكەم متمانەی بەخشیە 14 وەزیری كابینەكەی عەبدولمەهدی و متمانە بەخشین بە كاندیدی هەشت وەزارەت دواخرا و سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیش رۆژی شەممە 24ی تشرینی دووەم رایگەیاند دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بۆ متمانەبەخشین بە وەزیرەكانی تری حكومەت دەبێت، بەبێ‌ ئەوەی وادەی ئەو دانیشتنە دیاری بكات.


( درەو میدیا): سەنتەرێكی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی عێراقی ناكۆكی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات. ماڵپەڕی " مركز بیت العراق للدراسات الاستراتیجیە " لەسەر زاری سەرچاوەیەكی كوردییەوە بڵاویكردوەتەوە كە" ناكۆكی لە نێوان مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی كوڕی لەلایەك و نێچیرڤان بارزانی لەسەر بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا دروست بووە و بەوەش بارزانی ناچاربووە لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیدا ببات، نەك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم". بەوتەی ئەو سەرچاوەیە مەسعود بارزانی و مەسروری كوڕی بەباشتری دەزانن نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت بەرامبەر بە پشكێكی بااش لە بودجەی گشتی عێراق و كۆتاییهێنان بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، دوای شكستهێنانی " ئابوری سەربەخۆ" لە هەرێم، بەڵام بەوتەی ئەو سەرچاوەیە نێچیرڤان بارزانی بەباشی دەزانێت پەلە لەوە نەكرێت و رێككەوتن لەسەر نەوت لەگەڵ بەغدا بكرێت، بێ‌ ئەوەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی رادەستبكرێت. بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە بەهۆی ئەو ناكۆكییەوە مەسعود بارزانی، راسپاردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دواخستووە و سێ‌ هەفتە بەسەر یەكەمین دانیشنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە و تائێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە. لە بەشێكی تری وتەكانیدا بۆ ماڵپەڕی " مركز بیت العراق للدراسات الاستراتیجیە " ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكردووە " ناكۆكی نێوان باڵی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەربارەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووەتە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و دەرچوون بە تێڕوانینێكی روون دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا".  


 ( درەو میدیا):  پارتی پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی وەزارەتێكی تر لە بەغدادو، ناوی كاندیدەكەشی پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە. (ڤیان سەبری) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن‌و، ئەو ڕێكەوتنانەی لەگەڵ سەرۆك وەزیران‌و، هێزە سیاسەكان ئەنجامیانداوە، حزبەكەی (3) وەزارەتی بەردەكەوێت كە یەكێكیان سیادییە.  وتیشی: پارتی وەزارەتی دارایی‌و ئاوەدانكردنەوەی وەرگرتووەو وەزارەتی سێیەم ماوە وەریبگرێت. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ (سۆمەرییە نیوز) تەئكیدكردووە"وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران‌و لە چوارچێوەی تەوافوقدا لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانەو، سیڤی كاندیدەكەمان بۆ وەرگرتنی ئەو وەزارەتە ناردووە‌و، لە چاوەڕوانی دانیشتنی تایبەتین بۆ دەنگدان لەسەر ئەو وەزارەتانەی كە لە گەڕی یەكەمدا یەكلانەكرانەوە".  


( درەو میدیا):                              حەشدی شەعبی موچەكانیان هاوتای ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان هێزێكە دوای هاتنی  كۆنترۆڵكردنی چەند پارێزگایەك لەلایەن رێكخراوی داعشەوە ساڵی 2014 دامەزرێنراوە -    حكومەتی عێراق بڕیاریدا موچەی چەكدارەكانی حەشد هاوتا بێت لەگەڵ موچەی هێزە ئەمنییەكانی تردا -    لە بودجەی گشتی 2019ی عێراقدا 2.98 ترلیۆن دینار بۆ دەستەی حەشدی شەعبی تەرخانكراوە. -    1.6 ترلیۆن  خەرجی گشتی -    404.5 ملیار دینار خەرجی وەبەرهێنان -    هێزەكانی حەشد 122 هەزار چەكدارن •    كۆی موچەی چەكدارێكی حەشدی شەعبی: -    موچەی بنەڕەتی: 188 هەزار دینار -    350 هەزار دینار دەرماڵەی مەترسی -    120 هەزار دینار كرێی هاتوچۆ -    70 هەزار دینار دەرماڵەی هاوسەرگیری -    دەرماڵەی بڕوانامە: 28 هەزار بۆ بڕوانامەی ئامادەیی -    118 هەزار و 800 دینار دەرماڵەی تایبەت -    15 هەزار دەرماڵەی یەك منداڵ •    28 هەزار و 200 دینار لە موچەكەیان دەبڕدرێت بۆ خانەنشینی كۆی موچەی چەكدارێك كە هاوسەر و یەك منداڵی هەبێت: 1 ملیۆن و 148 هەزار و 200 دینار موچەی چەكدارێكی رەبەن: 1 ملیۆن و 63 هەزار و 200 دینار كۆی ئەو بڕە پارەیەی لە هەموو چەكدارەكانی حەشد دەبڕدرێت: 28 هەزار و 200 دینار                             


( درەو میدیا): موقتەدا سەدر چەند ئەندامێكی هاوپەیمانی " فەتح" و سوننەكانی هاوپەیمانی " بونیادنان" بە كڕینی وەزارەت تۆمەتباردەكات و پەیامێكیش ئاراستەی هادی عامری دەكات. سەدر لە نوێترین تویتیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كە ئاراستەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی " فەتح"ی كردووە دەڵێت:" گرێبەستی زەبەلاح لە ئارادایە لە نێوان هەندێك ئەندانی فەتح و چەند ئەندامێكی سوننەی هاوپەیمانی بونیاتنان  بۆ كڕینی وەزارەت بە پارەی قەبە و بە پشتیوانیی دەرەكی كە وێنەی نییە". هەروەها سەدر لە پەیامەكەیدا لۆمەی هادی عامری دەكات و دەڵێت:" برای بەڕێو رێككەوتین لەسەرئەوەی كە عێراق بە رێگایەكی دروست و شێوازێكی نوێی بەڕێوەببرێت كە سەربەخۆیی و سەروەریی بپارێزێت و بەڵێنماندا كە  لە خۆشەویستیمان بۆ عێراق و گەلەكەی بەیەكەوە بەردەوامبین". سەدر لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا هۆشداری دەداتە عامری دەڵێت : " یان وەك ئەوەی لەسەری رێككەوتین بەیەكەوە دەڕۆین یان هەر كەسەو دەستكەتی خۆی بەرێت بەهەر شێوازێت بێت لە ژێر چاودێری گەلدا، یان هەوڵدەدەیت كاری ئەوانە چاك بكەیت كە لەژێر سایەی تۆدان هەروەك بەڵێنت دابووو كە سازش نەكەیت لەسەر حسابی هاوڵاتی". لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەدر ئەوەش بە بیر هادی عامری دەهێنێتەوە كە بڕیاریانداوە عێراق گەورەترین كوتلە بێت و دەڵێت:" من لەگەڵ تۆدا هاوپەیمانێتیم كردوووە نەك لەگەڵ گەندەڵكاران و میلیشیاچییەكان و  باوەڕم وایە كە لەسەر پەیمانەكەمان بمێنێتەوە  كە مقاومە و حەشد یەك دەست بن لە پێناوی  پاراستنی گەلی عێراق  ئەوەی كە ماوەتەوە لە عێراق. دوای ئەو پەیامەی سەدر هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح وەڵامی سەدری دایەوە و داوای لێكرد زانیاری تەواوی پێبدات بۆئەوەی بەدواداچوون بۆ پرسی كڕینی وەزارەت بكات و دووپاتیشیدەكاتەوە كە لەسەر ئەو پەیمانەی داوێتی بەردەوام بێت: دەقی وەڵامەكەی عامری بۆ سەدر: بۆ برای بەڕێز سەماحەتی موقتەدا سەدر: لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندنەوە پەیامەكەتانم پێگەیشت، پەرۆشی و بایەختان بەرزدەنرخێنم و لە هەمان كاتیشدا هیوادارم لە بەڕێزتان زانیاری تەواوەتی لایخۆتمان بۆ بنێریت بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی بەوپەڕی جدێتییەوە بەدواداچوونی بۆ بكەین، تەئكیدی دەكەمەوە بۆتان كە ئەو كەسەی خوێنی خۆیی و منداڵەكان و براكانی و هاوڕێبازەكانی خستبێتە پێناوی نیشتمان، بەهیچ جۆرێک موجامەلەی كەس ناكات لەسەر حسابی نیشتمان، یان خوانەخواستە بێدەنگ نابێت بەرامبەر گەندەڵی دژ بە نیشتمان، ئێمە لەسەر پەیمانەكەین كە داومانە بەوەی عێراق گەورەترین خەممان بێت و خزمەتی عێراقییەكانیش ئامانجمانە دوور لە بەشبەشێنەی و تایەفەگەریی. و السلام علیكم و رحمە الله و بركاتە براتان: هادی عامری     


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود پێدەچێت كوتلە سیاسییەكان پەیامەكەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراقیان بەجدی وەرگرتبێت، كە ناڕاستەخۆ پێی ڕاگەیاندون، كاركردن لە كەشێكی سیاسی ناتەندروستدا مانای شكستهێنانی حەتمی حكومەتە، بۆ هەر سەرۆك وەزیرانێك وڵات بەڕێوەبەرێت. بەپێی زانیارییەكان، (عەبدولمەهدی) لەگەڵ ژمارەیەك لە كوتلە سیاسییەكان گەیشتوەتە ڕێككەوتن سەبارەت بەكاندیدی (5) وەزارەت لە كۆی (8) وەزارەت كە تا ئێستا پڕنەكراونەتەوە.  لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێك لە ئەمیندارێتی گشی ئەنجومەنی وەزیران بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) وتووە وەزارەتەكانی: •      پەروەردە •      خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانسی •      ڕۆشنبیری •      كۆچ‌و كۆچبەران •      پلاندانان  یەكلاكراونەتەوەو "سازان" لەسەر ئەو ناوانە كراوە كە كاندیدن بۆ ئەو وەزارەتانە، بەڵام وەزارەتەكانی: •      ناوخۆ •     بەرگری •     داد هێشتا گرێن لە بەردەم گەیشتن بە چارەسەر و، تا ئێستا هاوپەیمانی (فەتح)پێداگرە لەسەر دانانی (فالح فەیاز) بە وەزیری ناوخۆ ‌و، هاوپەیمانی (سائیرون)یش بەتوندی ڕەتیدەكاتەوە. عەبدولمەهدی ئەیەوێت بەیەك پاكێج بێت     "(عادل عەبدولمەهدی)سەرۆك وەزیران دەیەوێت ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو ناوی كاندیدی هەر هەشت وەزارەتەكە بەیەك سەبەتە بەرێت بۆ پەرلەمان، نەك بەشێكی پێشكەش بكات‌و بەشێكی بهێڵێتەوە، گفتوگۆكانیش بەردەوامن لەپێناو كۆتایهێنان بەكێشەی ئەو(3) وەزارەتە لەڕێی چارەسەرێكی گشتگیر كە ڕەنگە پۆستی ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیران‌و پۆستەكانی بریكاری وەزارەتی ناوخۆ‌و دەستەی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكان‌و دەستەی نەزاهە بگرێتەوە"، ئەمە قسەی ئەو بەر پرسەیە.   (حەسن شاكر) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (فەتح) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" لێكگەیشتنەكان سەبارەت بەوەزارەتە پڕنەكراوەكان گەیشتۆتە قۆناغێكی پێشكەوتوو" ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو وەزارەتانەی ماون تەنها (3) وەزارەتە" پێشبینیشی كردووە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا دوان لەو سێ‌ وەزارەتەش ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت. سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكانیش شەڕێكی ترە شانبەشانی ململانێی لایەنە سیاسیەكان، لە پەرلەمانی عێراقیش ململانێیەكی توند هەیە لەسەر سەرۆكایەتی لیژنە گرنگەكان لە نمونەی (ئاسایش‌وبەرگری‌و نەزاهەو دارایی‌و دەرەوە). بەپێی یاسا، نابێت سەرۆكایەتی لیژنەكان پێش یەكلاكردنەوەی وەزارەتەكان یەكلابكرێنەوە، پەرلەمانتار (حەسەن زوبەیدی)لە هاوپەیمانی (چاكسازی‌و بونیاتنان) بەهەمان سەرچاوەی وتووە بەپێی ئەو عورفە باوەی هەیە، پێویستە سەرۆكایەتی لیژنەكان دوای یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتەكانبێت، چونكە ناكرێت لایەنێكی سیاسی كە وەزارەتێكی وەرگرتووە، سەرۆكایەتی هەمان ئەو لیژنە پەرلەمانیەش وەربگرێت كە هەمان بوارە، بۆ نمونە ئەو لایەنەی وەزارەتێكی ئەمنیی وەرگرتوە ناكرێ سەرۆكایەتی لیژنەی ئاسایش وەربگرێت.  (ڕیاز دەهش) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (سائیرون) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: "زۆرینەی هێزە سیاسیەكان هەوڵی بەدەستهێنانی لیژنەی نەزاهە دەدەن‌و ململانێكی توندە لەسەری". ئاماژەی بەوەشكردووە: هۆكاری ململانێی لایەنەكان لەسەر ئەو لیژنانە، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گەورەیەی ئەو لایەنە دەیگێڕێت لە بەدواداچونی دۆسیەكانی گەندەڵی، تەئكیدیشی كردووە، حزبی (دعوە) دەستیگرتووە بە بەدەستهێنانی ئەو لیژنەیەو ئامادەنیە بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی سازشی لەسەر بكات، بەوپێیەی ماوەی چەندین ساڵ حكومی عێراق كردووەو ترسی هەیە سەركردەكانی بكرێنە ئامانج لەڕێی سەرۆكایەتی ئەو لیژنەیەو، هەڵدانەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی.  


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود چەند ڕۆژێكی تر حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) پێدەنێتە مانگی یەكەمی تەمەنی‌و، بەردەوامی ململانێی لایەنە سیاسییەكان ئاستەنگی گەورەی بۆ تەواوكردنی كابینەكەی‌و، متمانەدان بە (8) وەزیری حكومەتەكەی دروستكردووە. پێداگری‌و ڤیتۆ ڕوبەڕوبوونەتەوە بەهۆی پێداگری لایەنەكان، لەلایەك لەسەر ئەو كاندیدانەی دەستنیشانیانكردووە بۆ وەزارەتەكان‌و، لەلایەكی تریش ڕەتكردنەوەی هەندێك لە كاندیدەكانی یەكتر، گفتوگۆكانی (عەبدولمەهدی) تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە.  بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە هاوشێوەی چوار دانیشتنی ڕابردوو،  متمانەدان بە وەزارەتە پڕنەكراوەكان بەشێك نەبن لە خشتەی كار، لە سایەی ئەو دابەشبوون‌و ناكۆكییە قوڵەی لە نێوان لایەنەكان ئارادایە. (عامر فایز) پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (بونیاتنان) لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت" سەرۆك وەزیران پەیامێكی ناڕاستەوخۆی گەیاندوەتە لایەنە سیاسییەكان‌و هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی دەستبەجێی كردووە، لە حاڵەتی بەردەوامبونی ململانێ سیاسییەكان لە نێوان كوتلە‌و حزبەكان لە سەر پۆست. كڕین‌و فرۆشتنی وەزارەت  (عالیە نسەیف) ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" ناكۆكییەكان سەبارەت بە وەزارەتە پڕنەكراوەكان تا ئەم ساتە بەردەوامە، جەختیشیكردوەتەوە كە " عەبدولمەهدی دەیەوێت تەئكید لە دروستی ئەو زانیارییانە بكات كە بەر گوێی كەوتووە، سەبارەت بە كڕین‌و فرۆشتنی هەندێك لە وەزارەتەكان، لەوانە وەزارەتی بەرگری".  زیاتر لە نیوەی وەزارەتەكان ململانێیان لەسەرە وەزارەتی بەرگری یەكێكە لەو وەزارەتانەی ناكۆكی قوڵی لەسەرە، (ئیئتیلافی وەتەنیە) كە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات، زیاد لە كاندیدێكی هەیە بۆ ئەو پۆستە، سوننەكانی ناو هاوپەیمانی (بونیاتنان)یش،كاندیدییان هەیە بۆ ئەو پۆستە. ناكۆكییەكان لەسەر كاندیدی وەزارەتی ناوخۆ كە (فالح فەیاز)ە، تائێستا لەنێوان (موقتەدا سەدرو هادی عامری) كە بە پێكهێنەری حكومەتی نوێ دادەنرێن بەردەوامە، (سەدر)ڤیتۆی لەسەر (فەیاز) هەیەو (عامری)ش پێداگری لەسەر دانانی دەكات.  جگە لە وەزارەتی پەروەردە كە پشكی سوننەكانە‌و وەزارەتی ڕۆشنبیریش كە پشكی شیعەكانە ناكۆكیان لەسەرە، وەزارەتی پێنجەمیش كە پشكی كوردە، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناكۆكی توندیان لەسەری هەیە.  پەرلەمانتار (مەحاسن سەعدون) بە (سۆمەرییە نیوز)ی وتووە" تائێستا (3) لەو (8) وەزارەتەی ماوە یەكلانەكراونەتەوە" داواش لەسەرۆك وەزیران  كردوە بڕیاری "ئازایانەو ڕوون بدات" لەماوەی ئەم هەفتەیەدا، لەڕێی پێشكەشكردنی ئەو ناوانەی قەناعەتی پێیەتی بە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری.  ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندووە: ناكۆكییەكان سەبارەت بە هەندێك لە وەزارەتە پڕنەكراوەكان‌و، بە تایبەتی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆو پەروەردە بەردەوامە‌و تا ئێستا یەكلانەكراوەتەوە.  زۆرینە چارەسەرە لە گەرمەی ئەم ململانێ سیاسییەدا، (نوری مالیكی) سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا جارێكی تر پرسی زۆرینەی سیاسی دەوروژێنێت‌و، داوای دەستپێكردنی بزوتنەوەی ڕاستكردنەوە دەكات بۆ چارەسەری لادانەكانی پرۆسەی سیاسی. (مالیكی)، لە كۆنگرەی گشتی ساڵانەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، ڕاشیگەیاندووە" پێشترو ئێستاش هەوڵی بەدیهێنانی پڕۆژەی زۆرینەی سیاسیمان داوە" ئاماژەی بەوەشكردووە" ئێمە باوەڕمان وایە ئەكرێت لە ڕێی ئەم پرۆژەیەوە ئەو كێشانە تێپەڕێنین كە دێتە ڕێی كاری حكومەت".  


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود میدیا بەناوبانگەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاویانكردەوە، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە (محمەد بن سەلمان) شازادەی جێنشینی سعودییە فەرمانی كردووە بە كوشتنی نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سعودی (جەمال خاشقچی).  ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) كە وەك یەكەم میدیای ئەمریكی زانیارییەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكای بڵاوكردوەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە (سی ئای ئەی) زانیاری جیاوازی دەستكەوتووە، لەو چوارچێوەیەشدا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنییە كە شازادە (خالید بن سەلمان) لەگەڵ (خاشقچی) ئەنجامیداوەو، داوای لێكردووە سەردانی كۆنسوڵخانەی سعودییە بكات لە (ئەستەنبوڵ) بۆ ڕاپەڕاندنی مامەڵەكەی، دڵنیاشی كردوەتەوە بەوەی كە سەلامەت دەبێت. بە گوێرەی سەرچاوەكە، ڕوون نییە (خالید بن سەلمان) ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەسەر داوای (محەمەد بن سەلەمان)ی برای ئەنجامداوە یان نا. (واشنتۆن پۆست) لە زاری هەمان سەرچاوەوە ڕاشیگەیاندووە، ئەو ئەنجامانەی ئاژانسی(سی ئای ئەی) پێیگەیشتوە، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێتی بۆ ئەو ڕۆڵەی (محەمەد بن سەلمان) دەیگێڕێت، كە بەدەسەڵاتداری فیعلی سعودیە دادەنرێت‌و، سەرپەرشتی سەرجەم كارە ورد و درشتەكانی وڵاتەكەی دەكات.   ڕۆژنامەكە لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكی كە ئاگاداری ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیەتی، ئاماژەی بەوەداوە" ناكرێت كارێكی لەو شێوەیە 0ڕوبدات، بەبێ‌ ئاگاداری (محەمەد بن سەلمان) یان تێوەگلانی". جگە لە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)، چەند میدیایەكی دیاری تریش، هەمان هەواڵیان لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوكردوەتەوە، كە بۆیان تەئكید كردوون،  ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی (محەمەد بن سەلمان) فەرمانی كردووە بە كوشتنی (خاشقچی)، لەوانەش تۆڕی هەواڵی (ئێن بی سی) و ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس).  ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)، یەكێكی ترە لەو ڕۆژنامە دیارانەی ئەمریكا كە هەواڵەكەی بڵاوكردوەتەوەو رایگەیاندووە، (سی ئای ئەی) پشتی بەستووە بە گوێگرتن لەو  پەیوندییە تەلەفونییانەی كە (محمەدبن سەلمان) ئەنجامیداوە پێش كوژرانی (خاشقچی).  ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)یش بڵاویكردۆتەوە، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو سەركردەكانی (كۆنگرێس) هەڵسەنگاندنی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەیان پێگەشتووە، سەبارەت بەكوشتنی (خاشقچی). هاوكات ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردوەتەوە، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا، لایەنی تریشی لە حكومەتی ئەمریكا ئاگادار كردوەتەوە سەبارەت ئەو ئەنجامەی پێیگەیشتووە، كە شازادەی جێنشین فەرمانیكردووە بە كوشتی (خاشقچی).   لە یەكەم كاردانەوەدا، (خالید بن سەلمان) باڵیۆزی سعودییە لە (واشنتۆن)‌و برای شازادەی جێنشین، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ڕەتكردەوەو داوای لەحكومەتی ئەمریكا كرد چی زانیارییەكی لەو بارەوەیە لایە  بیخاتەڕوو. شازادە (خالید بن سەلمان) لە تویتێكدا دەڵێت، دواین پەیوەندی لەگەڵ (خاشقچی) لەڕێی نامەی نوسراوەوە بووە لە( 26 )تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، هەرگیز بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ نەكردووە و پێشنیازیشی بۆ نەكردووە بچێت بۆ (توركیا). سەرچاوە: ئاژانسەكان


راپۆرت: ئارام مەحمود  گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە وەزارەتە پڕنەكراوەكانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی) بەردەوامە، دوای تێپەڕبونی زیاتر لە سێ هەفتە لەمتمانەدان بە (14) وەزیر، (8) وەزارەت بە بێ‌ وەزیر ماوەتەوە.  پێناچێت (عەبدلمەهدی) بەتەواوی كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردبێت، وێرایی هەوڵەكانی بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان، لە ململانێیەكی قورسیشدایە بۆ هێشتنەوەی هەندێك لەو وەزیرانەی لە حكومەتەكەی دەستبەكاربون، بەوپێیەی لایەن هەیە پێیوایە، بەشی خوراوە،  هەوڵی خستنی ژمارەیەك وەزیر دەدەن لەڕێی خستنەڕووی بەڵگەو دۆكۆمێنت سەبارەت بە پەیوەندی ڕابردویان بە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەو ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان. شەڕە گەورەكە لەسەر (3) وەزارەتە (وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگری‌و ڕۆشنبیری)، چەقی ململانێی لایەنەكان‌و خاڵی ئاڵۆزكردنی تێپەڕاندنی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدییە. •    كوتلەی (عەتا) كە پێشتر لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) بوون‌و ئێستا لەچوارچێوەی هاوپەیمانی (بونیاتنان)دان، كە (هادی عامری) سەرۆكایەتی دەكات، پێداگری دەكات لەسەر كاندیدكردنی (فالح فەیاز) بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ. •    (ئیئتیلافی وەتەنییە) كە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەتی بەرگری دەدات كە لەچوارچێوەی كوتلەی (چاكسازی‌و ئاوەدانكردنەوە)دایە، سوننەكانی ناو كوتلەی (بونیاتنان)یش، كاندیدیان هەیە. •    كوتلەی (سادقون) كە سەربە گروپی چەكداری (عەسائبی ئەهلی حەق)ە، لەچوارچێوەی كوتلەی (بونیاتنان)دایە، پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ كاندیدەكەی.  فشارەكان جیاوازن ئەو شێوازانەی حزبە "زەرمەندەكان" گرتویانەتە بەر بۆ دروستكردنی فشار لەسەر حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی) جیاوازن، كە پێدەچێت لەبەردەم كوتلە سیاسییەكاندا لاوازبێت، بەوپێیەی هیچ هێزێك نیە بەرگری لێبكات‌و پشتیی پێبەستێت. وێڕایی هەڕەشە ناو بەناوەكانی (موقتەدا سەدر) ڕابەری ڕەوتی سەدر، بە پەنابردن بۆ "ئۆپۆزسیۆن"بوون، هەندێك لە پارتەكانی تر (100) ڕۆژیان بۆ حكومەتی نوێ‌ دیاریكردووە، (باقر جەبر زوبەیدی) سەركردە لە (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە"حكومەت 100 ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ هەڵسەنگاندنی كارەكانی" تەئكیدیشی كردووە" عەبدولمەهدی دەستكراوە نەبووە لە هەڵبژاردنی وەزیرەكانی". بە ڕەزامەندی ئەو بڕیارەكان دەدرێت سەرچاوەیەكی نزیك لە نوسینگەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە " سەدر سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی ئێستای عێراق دەكات" ئاماژەی بەوەشداوە" ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەكان قوڵترە لەوەی گەلی عێراق پێشبینی دەكات". ئەو سەرچاوەیە بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) وتووە" سەدر هێڵی سوری داناوە لەسەر فالح فەیاز كاندیدی هاوپەیمانی بونیاتنان بۆ وەزارەتی ناوخۆ، ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەدر ڕەتكردنەوەی هەر كاندیدێكی فەتح بۆ ئەو پۆستە ڕابگەیەنێت‌و، هادی عامریش بەوەی زانیوە‌و پێدەچێت ڕوو بكاتە دەستنیشانكردنی كاندیدێكی تر، ئەوەش بەو مانایەی فەیاز هیچ چانسێكی نابێت، ئەگەری زۆریش هەیە (قاسم ئەعرەجی) وەزیری ناوخۆی پێشوو لە پۆستەكەی بمێنێتەوە، ئەوەش دوای ڕەزامەندی سەدر".


 (درەو میدیا): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق جارێكی تر بڕیاردانی لەسەر ئەو تانەیە دواخست كە لەبارەی نادەستوریبوونی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ، تۆماركراوە. ئیاس ساموك وتەبێژی دادگای فیدراڵی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دادگا بە سەرۆكایەتی مەدحەت مەحمود‌و ئامادەبوونی هەموو ئەندامەكانی كۆبوەتەوە‌و تەماشای ئەو تانەیەی كردووە كە لەبارەی نادەستوریبوونی دەرهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ، پێشكەشكراوە. بەپێی قسەی وتەبێژەكە، دانیشتنەكەی دادگا تایبەت بووە بە تەماشاكردنی راپۆرتی پسپۆڕان‌و دادگا تێبینی ئەوەی كردووە پسپۆڕەكان یەك راپۆرتی یەكگرتوویان پێشكەشنەكردووە‌و هەریەكەیان بۆچونێكی جیاوازی خستوەتەڕوو، بۆیە دادگا دانیشتنەكەی بۆ رۆژی 9ی مانگی داهاتوو هەڵگرتووە، بۆ ئەوەی پسپۆڕان بتوانن بەر لە 10 رۆژ لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا راپۆرتێكی یەكگرتووە پێشكەش بكەن. وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی دەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی راستەوخۆ، پێشتر لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووە. 


راپۆرتی: ئارام مەحمود  پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی دوێنێیدا، لیژیەنەكی بەدواداچوونی بۆ ڕووداوە ئەمنییەكانی پارێزگای (نەینەوا) پێكهێنا، ئەوەش لە كاتێكدایە بۆ چوارەمجار لەسەریەك خشتەی كاری دانیشتنەكانی، بڕگەی تایبەت بەدەنگدانی لەسەر كاندیدانی (8) وەزارەتە پڕنەكراوەكەی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی) تیادا نەبوو.  تا ئێستا ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانی (فەتح) بە سەرۆكایەتی (هادی عامری)و، هاوپەیمانی (سائیرون) بە سەرۆكایەتی (موقتەدا سەدر) لەسەر كاندید كردنی (فالح فەیاز) بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە، (عامری) پێداگری لەسەر دانانی دەكات‌و، (سەدر)یش، ڤیتۆی لەسەری هەیە.    (10) كاندید بۆ یەك وەزارەت! دۆخی (سوننەكان)یش جیاوازییەكی زۆری نیە بەهۆی فرە كاندیدییان بۆ وەزارەتی بەرگری بە جۆرێك ژمارەی كاندیدەكانیان بۆ ئەو پۆستە گەیشتوەتە (10) كەس. سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی متمانەدان بە كابینەی حكومەتەكەی لە (24) تشرینی یەكەم، ناوی (فەیسەڵ جەربا)ی پێشكەشكرد و پەرلەمان لەگەڵ كاندیدی (7) وەزارەتی تردا، دەنگی لەسەر نەدا. ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاویكردوەتەوە، ئێستا كێبڕكێكە لەنێو دوو سەركردەی كوتلەی (ئیئتیلافی وەتەنییە)یەدا، كە  (ئەیاد عەلاوی) سەرۆكایەتی دەكات، ئەوانیش (سەلاح جبوری) سەرۆكی پێشوی كوتلەی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان‌و، (سەلیم جبوری) سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی عێراقە، هاوكات كوتلە سوننیەكانی ناو هاوپەیمانی (بونیاتنان)یش، هێشتا ناوی (هشام ئەلدەراجی) بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز دەكەن كە (ئەیاد عەلاوی) بەتوندی دژیەتی. لای خۆیەوە، (عەبدولهادی موحان) پەرلەمانتاری (ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا) پێشبینی دەكات سەرۆك وەزیرانی عێراق لەم هەفتەیەدا كابینەی حكومەتەكەی تەواو بكات. ئەو پەرلەمانتار بە (سۆمەریە نیوز)ی وتوە"تا ئەم ساتە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران عێراق وادەی كۆتایی دیارینەكردووە بۆ پێشكەشكردنی كابینەی حكومەتەكەی بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری و دیمەنی گشتی ئاماژەبۆئەوەدەكات كە عەبدولمەهدی كابینە وەزارییەكەی بەیەك سەبەتە پێشەكەش دەكات و ڕەنگە هەندێك لەو وەزارەتانەشی تیادابێت كە دەنگیان لەسەر دراوە و كێشەیان هەیە لەڕووی  لێپرسینەوەو دادپەروەری یان كۆتی تاوان".  ئەمریكا بەئەنقەست وایكردووە لەڕووی ئەمنیشەوە، پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی دەستنیشانكردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری پێشێلكارییە ئەمنییەكانی ئەم دواییەی پارێزگای (نەینەوا) كە چەند پارێزگای خۆرئاوای عێراقیشی گرتوەتەوە و ڕێكخراوی (داعش) چەندین كردەوەی ئەنجامداوە. (حاكم زاملی) سەرۆكی پێشوی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایدەكات، سوپای ئەمریكا بە ئەنقەست هەندێكی ناوچەی سنوریی بەبێ‌ كۆنترۆڵكردنی لەڕووی ئەمنییەوە بەجێهێشتووە، دەشڵێت" ئەم ڕۆژانەی دوایی سنوری سوریا-عێراق جوڵەی مەترسیداری بەخۆوە بینیوە، كە پێشتر  هۆشداریمان لە بارەیەوە داوە".  ڕونیشكردوەتەوە" سەرقاڵبونی هەندێك لە یەكە سەربازییەكان لەو ناوچانە بە پەیداكردنی پارەو فرۆشتنی زەوی و سەرانە و بەرتیل و قاچاخچێتی و ماددەی بێهۆشكەر و ئاودیوكردنی نەوت، ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی گروپە تیرۆرستییەكان بۆ شاری موسڵ و دەوروبەری كردووە ". 


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود لەگەڵ ئەوەی (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق هێشتا دەرفەتی تەواوی وەرنەگرتووە بۆ بەجێگەیاندنی هیچ كارێك لەسەر ئاستی كەمی خزمەتگوزراییەكان لە شارەكانی عێراق، بەتایبەتیش شارەكانی باشوور، كە دانیشتوانەكەی وایدەبینن دواكەوتوو و ماڵوێرانی دەستی گەندەڵیین، هەروەك ناوچەكانی باكورو خۆرئاواش تیرۆر دووچاری وێرانیی كردن، هەندێك لە كوتلە سیاسیيەكان پەنایان بردووە بۆ بەرزكردنەوەی كارتی فشار لەسەر چەندین ئاست، دیارترینیان كوتلەی (دەوڵەتی یاسا)یە، كە (نوری مالیكی) سەرۆكایەتی دەكات. مالیكی داوای بە هەرێمكردنی بەسرە دەكات  لەكاتێكدا (مالیكی) یەكێكە لە دیارترین ئەو كەسانەی بیرۆكەی دامەزراندنی هەرێم لە عێراق ڕەتدەكاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بوەتە یەكێك لەوانەی بۆ (بەسرە) داوای دەكات، بە پاساوی نەبوونی خزمەتگوزرای و پەراوێزخستنی پارێزگاكە لەلایەن (بەغداد)ەوە.  (دەوڵەتی یاسا) دەستیكرووە بەجموجۆڵی سیاسی لە (بەسرە) بۆ جۆشدانی شەقام و داواكاری ڕاگەیاندنی پارێزگاكە وەك هەرێمێك، بۆ ئەوەش سودی لە خراپی ئاستی خزمەتگوزاری شارەكە و توڕەیی شەقام لە حكومەتە یەكە لەدوای یەكەكانی وڵات بینیوە.  عەبدولمەهدی دەترسێت‌و بەرهەم ساڵح دڵنیایی دەدات لە گەرمەی ئەو فشارە سیاسیيانەدا، بەرپرسە ناوخۆییەكانی (بەسرە) جەخت دەكەنەوە دۆخی شارەكە ناجێگیرەو ئەگەری جوڵەی تێدایە، كە ڕەنگە ببێتە مایەی قەیرانێكی سیاسی و لەسەر حكومەتەكەی (عەبدولمەهدی) زۆر بكەوێت. چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، جوڵانی شەقام لەم ماوەیەدا مەترسیيەكی گەورە دەبێت لەسەر حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی)، بەتایبەت كە پایەكانی جێگیر نەبووە، بەپێویستیشی دەزانن (عەبدولمەهدی) هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە، ئەوەش لەكاتێكدایە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەكان دەترسێت و هەوڵی هێوركردنەوەی شەقام دەدات بەتایبەت لە (بەسرە)و بەڵێنی باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزراییەكانیشی داوە.  بەڵام (بەرهەم ساڵح) سەرۆك كۆماری عێراق دوێنێ‌ لە (كوەیت) وتی" ئێمە ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆداین سەبارەت بە یاسایەك كە دەسەڵاتی یاسایی زیاتر بدات بە شارەكە بۆ ئەوەی ببێتە ناوچەیەكی ئابوری و گەشەكردوو". لای خۆیەوە، (خەڵەف عەبدولسەمەد) سەركردە لە (دەوڵەتی یاسا) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" هەڵوێستمان جێگیرە سەبارەت بەدەستوريبوونی پشتیوانیكردنی داواكاری هەرێمی بەسرەو هیچ دەسەڵاتێك جگە لە دەسەڵاتى گەل ناتوانێت ئەو داوا دەستورییە پەكبخات". ڕونيكردەوە"  ئەزمونی سیاسی سەلماندویەتی هەرێم ئیمتیازات و مافی زیاتر وەردەگرێ لە پارێزگاكان و هەرێمی كوردستان نمونەیەكی بەرجەستەیە".   نەسرو حیكمە دژن.. فەتح پشتیوانی دەكات (موزاحم تەمیمی) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (نەسر) دەڵێت" ناكرێت بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێم قبولبكرێت، تەنها لەكاتێكدا نەبێت ئەگەر شتێكی گونجاوی بۆ بەدیهێنانی دەستكەوت بۆ خەڵك تێدابێت"، (تمیمی) بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە" بەڵام داواكاری ڕاستەقینەو پابەندكەر هەیە لەپێناو پێكهێنانی هەرێمی بەسرە، شەقامی بەسرە دەیەوێت پڕۆژەی جدی ببینێت لە پارێزگاكە لەپێناو پێشخستنی ژێرخانی ئابوری و دابینكردنی دەرفەتی كارو پێشخستنی بەسرە بەوشێوەیەی شایستەیەتی".  هەر لەو باسەدا، (زەهرە بەجاری) پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی (فەتح) بەهەمان سەرچاوەی ڕاگەیاندووە" ئێستا كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ڕاگەیاندنی هەرێمی بەسرە" جەختیشكردووە"دامەزراندنی هەرێم مافێكە كە دەستوری بە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی داوە، هەروەك ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێكراوە". ڕونیشیكردۆتەوە" 80% بودجەی عێراق سەرچاوەكەی پارێزگای بەسرەیە، كە دانیشتوانەكەی بەدەست هەژاری و بێكاری و سەرجەم جۆرەكانی ژەهراویبونەوە دەناڵێنن و حكومەتی عێراق وەڵامی داواكارییە مرۆیی و جەماوەرییەكانی نەداوەتەوە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، ئێستا كاتی  ڕۆیشتنە بەئاڕاستەی ئەو مافە دەستورییە بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە و ئەنجومەنی پارێزگاری شارەكەش هەڵدەستێت بە گرتنەبەری سەرجەم هەنگاوە یاساییەكانی پێویست بۆ دامەزراندنی هەرێم ".     (عەلی بدێری) پەرلەمانتار لە (ڕەوتی حیكمە) دەستكەوتی تایبەت و وروژاندنی ئەو بابەتەی بەیەكەوە گرێداوە و دەڵێت" زۆر بەداخەوە دیاردەی پەنابردن بۆ هەرێم لەڕێی كوتلە سیاسیيەكانەوە هاتەگۆڕێ‌ بەئامانجی ئیبتیزازو فشاركردن، تەئكیدكردن لەو بڕگە دەستورییەی كە ڕیگە بە پارێزگایەك یان چەند پارێزگایەك دەدات ببنە هەرێم، ئامانج لێی فشاركردنە لەسەر حكومەت و لە پرسی بەسرەدا بۆ زیادكردنی بڕی بودجەی شارەكەیە، یان بەدەستهێنانی كورسیيەكی وەزارەت" دەشڵێت" بەڵی بەسرە ستەمی لێكراوە لە كابینەی حكومەتداو هیچ وەزیرێك نیە نوێنەرایەتی پارێزگاكە بكات، بەڵام  فشاركردن بەوشێوەیە لەسەر حكومەت، دروست نیە".   


ڕاپۆرتی: ئارام مەحمود (3) دانیشتنە پەرلەمانی عێراق وەزاەتە پڕ نەكراوەكان ناخاتە خشتەی كارەكانیەوە، پێناچێت لەدانیشتنی چوارەمیشدا كە سبەینێ‌ بەڕێوەدەچێت هیچ بەرەو پێشچونێك ڕوبدات، بەهۆی یەكلانەبونەوەی شەڕەكە لەدەرەوە پەرلەمان و بەردەوامی ناكۆكی كوتلە سیاسیەكان. تازەترین جوڵە بەئاڕاستەی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە كە بە هەڕەشەیەكی جدی دادەنرێت بۆ سەر كابینەی حكومەتەكەی (عادل عەبدولمەهدی)، كۆبونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و تەئكیدكرنێتی لەسەر پێویستی پەلەكردن لەیەكلاكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان و تەواوكردنی كابینەی حكومەت.  هۆكارەكەی سەدر و عامریە بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان (عەبدولمەهدی) هانای بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی بردووە بۆ پشتیوانیكردنی لەتەواوكردنی كابینەی حكومەتەكەی، ئەوەش دوای ئەوەی لەسایەی ململانێی توندو مەرجی لایەنە سیاسیەكان نەیتوانی بەربەستەكان تێپەڕێنێت.  بەرپرسێكی سیاسی بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە، (عەبدولمەهدی) لەكۆبونەوەكەی شەوی ڕابردوی سێ‌ سەرۆكایەتیەكەدا، دیارترین بەربەستەكانی بەردەم پڕكردنەوەی (8) وەزارەتەكە خستۆتە بەردەم (بەرهەم ساڵح و محەمەد حەلبوسی) و ململانێی لەسەر وەزارەتی ناوخۆ بەگرێی بەردەم تەواوكردنی حكومەت وەسفكردووە. نێوەندگیری  دەكەن سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوەدەكەن, (عەبدولمەهدی) هۆكاری كێشەو یەكلانەكردنەوەی وەزیرەكانی گەڕاندۆتەوە بۆ ناكۆكی (موقتەدا سەدر) ڕابەڕی ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی(سائیرون) لەگەڵ (هادی عامری) سەرۆكی هاویمانی (فەتح) لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی (عەبدولمەهدی) كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی (8) وەزارەتەكە پێشكەش بە پەرلەمان نەكات. لەبەرامبەردا سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان بەڵێنیانداوە بێنە سەرخەت و  ڕۆڵی ناوبژیوان بگڕێن لەنێوان كوتلە سیاسیەكان، لەپێناو لابردنی ئەو بەربەستانەی بونەتە ڕێگر لە بەردەم متمانەدان بە كاندیدی وەزارەتە پڕنەكراوەكان. تەقینەوەكان دژی عەبدلمەهدی بەكاردەهێنرێن یەكێكی تر لەو ئاستەنگانەی (عەبدولمەهدی)  وەك فشارێكی توند ڕوبەڕی دەبێتەوە، جوڵاندنی دۆسییەی ئەمنی و بەكارهێنانی تەقینەوەكانە لە دژی، كە نەیارەكانی هۆكارەكەی بۆ پڕنەكردنەوەی وەزارەتە ئەمنیەكان (بەرگری و ناوخۆ) دەگێڕنەوە. (مەنسور بعێجی) پەرلەمانتاری كوتلەی (بونیاتنان) لەبەیاننامەیەكدا دەڵێت، دواكەوتنی دیاركردنی وەزیری بەرگری و ناوخۆ هۆكاری پێشێلكارییە ئەمنییەكانی ئەم دواییەی (بەغدا و نەینەوا)یە. (بعێجی) داواشی كردووە پەلەبكرێت لەیەكلاكردنەوەی هەردو وەزارەتەكەو لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتودا بخرێنە دەنگدانەوەو متمانەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی ئەركەكان ڕاپەڕێنن، ڕاشیگەیاندووە، دواخستنی یەكلاكردنەوەی ئەو دوو وەزارەتە مایەی قبوڵكردن نیە چونكە ناكرێت دۆسیەی ئەمنیی وڵات دواخستنی تیادابكرێت و هەر دواخستنێكیش سەرۆك وەزیران و ئەو كوتلە سیاسیانە ئۆباڵەكەی هەڵدەگرن كەبەرپرسن لێی. شەڕی پۆست چۆتە ناو پێكهاتەكان وەزارەتە پڕنەكراوەكان كە ژمارەیان (8) وەزارەتە بریتین لە ( بەگری و ناوخۆ و داد و پلاندانان و پەروەردەو خوێندنی باڵا و كۆچ و كۆچبەران و ڕۆشنبیری ). (بەرگری و پەروەردە و پلاندانان) پشكی سوننەكانە، وەزارەتی (داد یان كۆچ و كۆچبەران) یەكێكیان بۆ كوردە ، (یەكێك لەو دوو وەزارەتە و  ناوخۆ و ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا) پشكی هێز و لایەنە شیعییەكانەو، هۆكاری یەكلانەبونەشی ململانێی ناوخۆیی هێزەكانە لەسەر ئاستی پێكهاتە، ئەوەش بەپێچەوانەی ڕابردوو كە ململانێ لەسەر پۆستەكان لەعێراق زیاتر لەنێوان پێكهاتەكان بووە.   


( درەو میدیا): سبەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە یەكەمین سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆمار، بەسەردانێكی رەسمی یەك رۆژە  دەگاتە كوەیت و پاشان دەچێتە ئیمارات. بە گوێرەی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار كە قسەی بۆ كەناڵی " ناس" ی عێراقی كردووە بەرهەم ساڵح لە سەردانەكەیدا بۆ كوەیت وەك نیازپاكییەك بەشێك لە ئەرشیڤ و كەلوپەل بۆ كوەیت دەگەڕێنێتەوە كە لەكاتی داگیركردنی كوەیتدا لەلایەن رژێمەكەی سەددام حسێنەوە دەستیان بەسەرداگیراوە. ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند سەرۆك كۆماری عێراق لە سەردانەكەیدا لەگەڵ ئەمیری كوەیت و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە و پاشان ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵێت و  سەردانی ئیمارات دەكات. رونیشیكردەوە هاوكات لەگەڵ گەیشتنی فڕۆكەكەی بەرهەم ساڵح بە كوەیت فڕۆكەیەكی گواستنەوەی سەربازیش دەكاتە كوەیت كە بەشێك لە ئەرشیڤی كوەیتی هەڵگرتووە. و ئاماژەی بەوەشدا سەرۆك كۆماری عێراق  وەك دەستپێشخەرییەكی نیازپاكی ئەرشیڤەكە و كەلوپەلەكان رادەستی كوەیت دەكاتەوە پێش گفتوگۆكردن لەسەر سزا ئابورییەكانی سەر عێراق و بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی .


 (درەو میدیا): پەرلەمانتارێكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، سێ‌ كۆمپانیا هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلیان بۆ بازاڕەكانی عێراق  قۆرخكردووە، داوا لە عەبدولمەهدی دەكات ئەو قۆرخاكارییە بشكێنێت. (عالیە نسەیف) پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پێشتر هۆشدارییان داوە كە كۆمپانیاكانی (قاسد- لەیس- سەردار) بۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلی بەكارهاتووی ئەمریكییان بەهاوكاری وەزارەتی بازرگانی قۆرخكردووە. كۆمپانیای سەردار كە ئەو پەرلەمانتارە ناوی هێناوە كۆمپانیایەكە كە خاوەنداریەتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كەسێكی كورد. نسەیف ئاماژە بەوەدەكات، وەزارەتی بازرگانی لەڕێی دەركردنی نوسراوێكی فەرمییەوە ماوەیەكی دیاریكراوی بۆ كۆمپانیاكان‌و خەڵكانی تر دەستنیشانكردووە بۆ هاودەكردنی ئۆتۆمبیل، پاشان بازرگانییەكەی لەدەستی كۆمپانیای (قاسد)دا قۆرخكردووە. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "ستەمە ڕیگە بە چەند كۆمپانیایەكەی دیاریكراو بدرێت بازرگانی جۆرێك لە ئۆتۆمبیل بكەن، بەهۆی پەیوەندییان بە وەزیری پێشووی بازرگانییەوە" . ڕونیشكردوەتەوە، مافی هەموو عێراقییەكان‌و كۆمپانیاكانە هەر ئۆتۆمبیلێك بیانەوێت هاوردەی بكەن بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەكان‌و ناكرێت عێراقییەكان ناچاربكرێن لەچەند كۆمپانیایەكی دیاریكراوی ئۆتۆمبیل بكڕن‌و بەپێی ئارەزووی خۆیان نرخ بسەپێنن.   (نسەیف) بەپێویستی دەزانێت سەرۆك وەزیران دەرگای هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلی (ئەمریكی‌و كەنەدی) بۆ سەرجەم كۆمپانیان بكاتەوە بەبێ‌ جیاوازی.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand