Draw Media

بازاڕی خۆكاندیدكردن بۆ وەزارتەكان لەعێراق گەرمە

بازاڕی خۆكاندیدكردن بۆ وەزارتەكان لەعێراق گەرمە

2018-10-08 12:05:11


 (درەو میدیا):
پارتە سیاسییەكانی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆی ناوخۆیین بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان بە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو و، وەرگرتنی وەزارەت لە كابینەی نوێی حكومەت، كە لەنێوان پێنج ناودا یەكێكیان دەستنیشاندەكات بۆ وەرگرتنی وەزارەتێك، لەگەڵ ئەوەی  سەرجەم كوتلە سیاسییەكان ڕێككەوتون دەسەڵات و ئازادی تەواوبدەن بە عەبدولمەهدی بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەكان، بەڵام لە هەمانكاتدا لایەنەكان سەرقاڵی پێشكەشكردنی ناوی تازەن و بەكارنەهاتوون، وەك دەستپێشخەرییەك كە حزبەكان وایدەبینن هۆكارێكی یارمەتیدەر دەبێت بۆ عادل عەبدولمەهدی بۆ هەڵبژاردنی باشترین، بۆ وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییەكان، لەكاتێكدا هەندێك لە چاودێران پێیانوایە كە فشاركردنە لەسەر سەرۆكی حكومەتی ڕاسپێردراو.

سوننەكان گەندەڵییان دەستپێكرد
هەندێك لە سەركردە سیاسییەكانی عێراق لە بەغداد و ئەنبار و تكریت، دەڵێن، ئاماژە سەرەتاییەكانی گەندەڵی لە حكومەتی نوێ‌ لە هێزە عەرەبیە سوننیەكانەوە دەستیپێكردووە، كە بەشێوەیەكی مەبدەئی پێنج وەزارەت وەردەگرن، لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران.
بەوتەی بەرپرسێكی باڵای عێراقی كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی " عەرەبی ئەلجەدید" كردووە، هێز و پارتە سیاسییەكان دانوستان لەسەر ئەوكاندیدانە دەكەن كە پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی دەكەن، ڕونیشیكردوەتەوە، گرێبەست و بەرژەوەندی، حكوم لەسەر دەستنیشانكردنی ئەو ناوانە دەكات كە پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەكرێن، ئەوەشی ئاشكراكردووە، ناكۆكییەكی توند لەنێوان هێزە سوننیەكاندا هەیە، ئەوانەی لە چوارچێوەی گروپی هاوپەیمانی (بونیاتنان) كە نزیكن لە ئێران، دیارترینیان (خەمیس خەنجەر و حزبی ئیسلامی عێراقی و جەمال كەربولی لەلایەك و ئوسامە نوجێفی و ساڵح موتڵەگ لەلایەكی ترەوە، ئەوانەی پاڵیشیانداوە بەهاوپەیمانی (چاكسازی) كە موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر نوێنەرایەتی دەكەن.
 
حزبەكان خۆیان بۆ وەرگرتنی وەزارەت ئامادەكردووە
ئەندامێكی لیژنەی دانوستان لە هاوپەیمانی (فەتح) لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، ڕایگەیاندووە، كوتلەی (بەدر)ی، سەربە هادی عامری، دەیەوێت وەزارەتی ناوخۆ لەدەستی خۆیدا بمێنێتەوە كە قاسم ئەعرەجی یەكێك لەسەركردە دیارەكانی ئەو ڕێكخراوە وەزیریەتی، لەگەڵ كاندیدكردنی ژمارەیەك ناوی تر لەلایەن (بەدر)ەوە، بۆ وەرگرتنی هەمان پۆست، لەكاتێكدا كوتلەی (سادقون) كە (قەیس خەزعەلی) سەرۆكایەتی دەكات دەیەوێت وەزارەتی گواستنەوە بەدەستبهێنێت،  لەڕێی پیشنیازكردنی كۆمەڵێك ناو كە دیارترینیان (نەعیم عەبودیی)ە، لەگەڵ وەرگرتنی وەزارەتی ڕۆشنبیری.
ئەو سەرچاوەیە بەڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە لایەنە سونییەكان كە حزبی ئیسلامی نوێنەرایەتیان ئەكات تائێستا دوو ناویان لە دەرەوەی پەرلەمان یەكلاكردوەتەوە بۆئەوەی بیخەنە بەردەست عادل عەبدولمەهدی تا یەكێكیان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی دەستنیشانبكات. 
لە كاتێكدا حزبی فەزیلە دەیەوێت وەزارەتی داد وەربگرێت، لەڕێی دەستنیشانكردنی سێ‌ كاندید بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر وەزارەتی دادیش بەدەستنەهێنێت، هەوڵی بەدەستهێنانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەدات.

شیوعی لەهاوپەیمانێتیەكەی سەدر جیادەبێتەوە
موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر پێش پرۆسەی دەستنیشانكردنی وەزیرەكان كەتووە، بەڕێنمایدان بە هاوپەیمانی سائیرون كە هیچ كاندیدێك بۆ وەزارەتەكانی كابینەی نوێ‌ پێشكەش نەكەن.
پەرلەمانتار (محەمەد لەكاش) ئاشكرایكردووە، حزبی شیوعی كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی سائیروندان ناڕەزان لە تویتەكەی سەدر كەداوای لە هاوپەیمانێتەیەكی كردبوو كاندید پێشكەش نەكەن و پێدەچێت لە هاوپەیمانی سائیرون بكشێنەوە، چونكە دەیانەوێت بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن وەزارەت وەربگرن، ئاماژەی بەوەشداوە، فشاری ڕوون هەیە لەسەر عادل عەبدولمەهدی  و پێناچێت حزبەكان دەستبەرداری پشكێنەی حزبی بن دەستبەرداری ئیدارەی دەوڵەت بن و، ڕەنگە حكومەتێك پێكبهێنرێت هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ حكومەتەكانی پێشوودا نەبێت، لەڕێی پێنەدانی ئازادی تەواو بە عەبدولمەهدی لە هەڵبژاردنی پێكهاتەی حكومەتەكەی، تەئكیدیشیكردووە، عەبدولمەهدی ڕووبەڕووی سەختیەكی زۆر دەبێتەوە لە هەڵدانەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی كە ژمارەیەكی بەرچاو لە حزبە عێراقییەكان تێوەگلاون، تەنانەت كورتكردنەوەی دۆسیەی چەك لە دەستی دەوڵەت زۆر قورس دەبێت، لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەی ئاوسانی وەزیفی لە دامەزراوە و وەزارەتەكان. 

پرۆژەكەی سەدر چوارچێوەی جوڵەیەكی میدیایی تێناپەڕێنێت
ڕەحیم دەراجی سەرۆكی كوتلی (كەفا) ڕایگەیاندووە، حزبە عێراقییەكان لە قۆناغی نوێدا واز لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیان ناهێنێن، ئەم پرسە بوەتە عورفێكی سیاسی و لەو ڕێیەوە وڵات وێرانكراو سامانی بەتاڵانبرا، ڕونیشیكردوەتەوە، ئەو هەنگاوەی كە سەدر گرتویەتیەبەر ئەگەر بەشێوەیەكی دروست ئەنجامبدرێت، مانای وایە بەرەو شتێك لە چاكسازی و بونیاتنانی هەندێك لە دامەزراوەكانی دەوڵەت دەچن.
دەراجی بەهەمان سەرچاوەی وتوە، عەبدولمەهدی وادەی دەستوریی پێكهێنانی حكومەت تێناپەڕێنێت، بەڵام ڕووبەڕووی سەختی زۆر دەبێتەوە، دیارترینیان پەیوەستە بە ئەدائی شەخسی خۆی دوای پێكهێنانی حكومەت، كە ئەوەش لەگەڵ مەزاجی كوتلە سیاسەكان نایەتەوە و ڕێككەوتنی كوتلەكانیش لەسەر پێدانی ئازادی تەواو بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەكان كارێكە جوڵەیەكی میدیایی زیاتر تێناپەڕێت بۆ گێڕانەوەی دەموچاوە حزبیەكان لە چوارچێوەی پێكهاتەی حكومەتی نوێ‌، نمونەی ئەوەش، سەرقاڵیی ئیستای حزبەكانە بە ئامادەكردنی ناوی تازە بۆ وەزارەتەكان، نەك دروستكردنی پرۆگرامی وزرای بۆ ئیدارەدانی وەزارەتەكان.  
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand