بەسرە: هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان دەكرێت
2018-10-07 16:16:11
(درەو میدیا):
چالاكان و بەرپرسانی پارێزگای بەسرە داوا لە حكومەتی عێراق دەكەن ئەو خۆپیشاندەرانەی تائێستا لە زیندانەكاندان ماون ئازادیان بكات، كە لەلایەن پارت و گروپە چەكدارەكانەوە تۆمەتی سوتاندنی بارەگاكانیان ئاڕاستەكراوە و هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندان دەكەن ئەگەر ئازادنەكرێن.
29 خۆپیشاندەر تائێستا لەزیندانەكاندان
یەكێك لە چالاكانی پارێزگای بەسرە بە ڕۆژنامەی " عەرەبی ئەلجەدید" ی وتوە، نزیكەی 29 چالاكی خۆپیشاندانەكان تائێستا لە زیندانەكاندان، لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكی زۆر تێپەڕیوە بەسەر ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە پارێزگاكە، ڕونیشكردوەتەوە، ئەو چالاكانە تۆمەتی سوتاندنی بارەگا و نوسینگەی هەندێك پارت و گروپە چەكدارەكانیان ڕووبەڕووكراوەتەوە.
ئەگەر هەیە بەچەند ساڵیك حوكم بدرێن
بەوتەی ئەو چالاكە"هێزە ئەمنییەكان تەئكیدیان كردووە, دەستگیراوەكان دەدرێنە دادگای تایبەت بۆ تەماشاكردنی دۆسیەكانیان و ڕەنگە ڕووبەڕووی چەند ساڵێك زیندانی و سزای دارایی گەورە ببنەوە"، ڕاشیگەیاندووە، جموجۆڵەكانیان دەستپێكردووە و چاویان بە ژمارەیەك لە پیاوماقوڵانی بەسرە كەوتوە لەپێناوی چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ئازادكردنیان، لەو چوارچێوەیەشدا وەفدێك لە پیاو ماقوڵانی پارێزگاكە دەستدەكەن بەجموجۆڵەكانیان لەسەر هەردوو ئاستی سیاسی و یاسایی بۆ ئازادكردنیان.
ئازادیان نەكەن خۆپیشاندان دەستپێدەكاتەوە
شێخ قاسم خوزاعی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە" وەفدێكی عەشائیریان پێكهێناوە لە پیاوماقوڵان و شێخەكانی بەسرەو چاویان بە بەرپرسانی حكومەتی خۆجێی و پارێزگار دەكەوێت، لەپێناو خستنەڕووی كێشەی دەستگیركراوان و پێویستی ئازادكردنیان، تەئكیدیشی كردووە، چاویان بە پارت و ئەو گروپانە دەكەوێت كە سكاڵایان لەسەر چالاكوانەكان تۆماركردووە و هەوڵی ڕازیكردنیان دەدەن كە سازش لەسەر سكاڵا یاساییەكانیان بكەن دژی چالاكوانەكان.
بەوتەی خوزاعی، هەموو لایەنە حكومی و دادوەرییەكان و تەنات پارتەكانیش، دەزانن دەستگیركراوەكان بێتاوانن لەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان كراوەتەوە و كاری سوتاندن خەڵكانی ئاژاوەگێر ئەنجامیانداوە نەك خۆپیشاندەران.
تەئكیدیكردووە، بێدەنگ نابن لە هەوڵەكانی سەپاندنی حوكمی یاسایی بەسەر ئەو بێتاوانانەدا و سەرلەنوێ خۆپیشاندان ڕێكدەخەن بۆ ئازادكردنیان ئەگەر هەوڵەكانیان شكستبهێنێت، داواشی لە حكومەتی ناوەندی كردووە دەستوەردان بكات بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو دۆسیەیە و ئازادكردنیان.
حزبەكان بەهانە بەچالاكان دەگرن
بەرپرسانی بەسرە جەختدەكەنەوە كە خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی سكاڵای بەهانە پێگرتن بونەتەوە لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە، رامی ئەلسەكینی پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای بەسرە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە: ئەو سكاڵایانەی لەسەر چالاكان تۆماركراون سكاڵای بەسیاسییكراو و بەهانە پێگرتنن كە لەلایەن حزبی (پأر الله)وە، تۆمار كراون، ڕاشیگەیاندووە، ئەو چالاكانەی دەستگیركراون ئاشتیخوازن.
ئاماژەی بەوەشداوە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆ قسەی كردووە و ئەویش لای خۆیەوە ڕایگەیاندووە، ئەو دۆسیەیە پەیوەستە بەدادگای عێراقی و داوای لەو حزبەش كردووە، هەرچی بەڵگەیەكی هەیە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی كردوەتەوە با بیخاتەڕوو.