درەو میدیا: لە كۆبونەوەی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دوای گفتوگۆیەكی چڕ دواجار درەنگانی شەو متمانەی بەخشەی 14 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی و 8 وەزیری ماوەتەوە بۆ كۆبونەوەی 6ی مانگی داهاتوو، ناوی وەزیر و وەزارەتەكان بەم شێوەیەن:. 1- وەزیری دەرەوە - محەمەد عەلی حەكیم 2- وەزیری دارایی - فوئاد حسێن 3- وەزیری نەوت- سامر غەزبان 4- وەزیری کشتوکاڵ- ساڵح ئەلحەسەنی 5- وەزیری گەیاندن- د.نەعیم رووبەیعی 6- وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن- بەنگین رێکانی 7-وەزیری کارەبا- لوئەی خەتیب 8-وەزیری لاوان و وەرزش - ئەحمەد عوبەیدی 9-وەزیری تەندروستی- عەلا عەلوان 10-وەزیری پیشەسازی- ساڵح جبووری 11-وەزیری گواستنەوە- عەبدوڵڵا ئەلمالیکی 12-وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان- جەمال ئەلعادلی 13-وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی- باسم رووبەیعی 14-وەزیری بازرگانی- محەممەد هاشم جاسم
راپۆرتی: درەو میدیا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كابینەی نوێی حكومەتەكەی پێشكەش بەپەرلەمانی عێراق بكات، ئەم زانیارییانە شەوی ڕابردوو كەناڵی عێراقییەی نیمچە ڕەسمی حكومەتی عێراق ئاشكرای كرد، پێشتریش نوسینگەی عەبدولمەهدی ڕایگەیاندبوو، تاكۆتایی ئەم هەفتەیە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كابینەی حكومەتەكەی دەخاتە بەردەم پەرلەمان. شەڕی وەزارەتە سیادییەكان كۆتایی نەهاتووە بەگوێرەی سەرچاوەئاگادارەكان، تائێستا مشتومڕو و گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسیەكان بۆ گەیشتن بەڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر كابینەی حكومەت بەردەوامەو لەسەر زۆرێك لەناوی وەزیرەكانیش ڕێككەوتن كراوە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ ئەو مشتومڕانە گەیشتۆتە لوتكە بەتایبەت دوای دزەكردنی ناوی هەندێك وەزیری سەربەخۆ بەتایبەت بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا و ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن. هەر لەوچوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی نزیك لەعادل عەبدولمەهدی بەڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی،ڕاگەیاندووە" گفتوگۆی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەگەڵ حزبەكان كۆتایهاتووە، دوای ئەوەی لە 70% پێكهاتەی كابینەی تەواوكردووە، لەم چەند سەعاتەی لەبەردەستیشیدا ماوە درێژە بەدیدارەكانی دەدات بۆ یەكلاكردنەوەی وەزارەت سیادییەكان كە هێشتا بەهەڵواسراوی ماونەتەوە بەهۆی ناكۆكی كوتلە سیاسیەكان كەبریتین لە وەزارەتەكانی( بەرگریی و ناوخۆ و دەرەوە و نەوت و دارایی)، ئەوە لەكاتێكدایە هەندێك لەسەرچاوەكان دەڵێن، عەبدولمەهەدی ڕەزامەندی لەسەر مەرجەكانی هەندێك لەو كوتلە سیاسیانە دەربڕیوە كە خاوەن كورسی زۆرن لەپەرلەمانی عێراق بەتایبەت هاوپەیمانی "سائیرون" و هاوپەیمانی "فەتح" كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا كاریان كردوە بۆ ڕێكخستنی حكومەتی نوێ بەپێی پێوەرێكی هاوسەنگ لەنێوان كوتلە سیاسیەكان و خۆشیان پشكی شێریان بەركەتووە. پارتی داوای چوار وەزارەت دەكات لەگەڵ ئەو فشارانەی لەچەندڕۆژی ڕابردودا عادل عەبدولمەهدی ڕوبەڕوی بۆوە، بەڵام بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان ئاستەنگی سەرەكی كەهاتۆتە بەردەمی بەدیاریكراوی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بووە و، مەرجی ئەوەی بۆ عادل عەبدولمەهدی داناوە كە چوار وەزارەتیان پێبدرێت و خۆشیان كاندیدی بۆ دەستنیشانبكەن نەك عەبدولمەهدی دەستنیشانی بكات، بەڵام تائێستا ڕوون نیە پارتی لەگەڵ عەبدولمەهدی گەیشتۆتە ڕێككەوتن یان نا. ئەوناوانەی بڵاوكراونەتەوە ناڕاستن بەقسەی كەسە نزیكەكانی عەبدولمەهدی بێت، وەزیرە بێلایەنەكان ڕێژەی لە 40% حكومەتەكەی پێكدێنن، زۆرینەی ئەوكەسانەشی دەستنیشاینكردون خەڵكی شارەزاو پسپۆڕی ناو وەزارەتەكانن، هاوكات ئەو ناوانەشی كە دزەیان كردۆتە ناو ڕاگەیاندنەكان بەناڕاست و لێكدانەوەی كیانە سیاسەكان وەسفدەكەن. لەماوەی چەند سەعاتی ڕابردودا میدیا عێراقیەكان بەناوی سەرچاوەی نادیارەوە زیاد لەلیستێكیان لەناوی وەزیرەكانی كابینەكەی "عادل عەبدولمەهدی" بڵاوكردەوە، بەڵام تائێستا نوسینگەی عەبدولمەهدی بەشێوەیەكی ڕەسمی هیچ لێدوانێكی لەبارەی ڕاستی و ناڕاستی ئەوناوانە بڵاونەكردووە، ئێوارەی دوێنیش مەكتەبی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردبو "تائێستا هچ بەربژێرێكیان بۆ وەزارەتەكانی بەغداد یەكلانەكردۆتەوەو ئەو هەواڵانەشی كەناڵی ڕوداو لەوبارەیەوە بڵاویدەكاتەوە ناڕاستن".
( درەو میدیا): موقتەدا سەدر، گەڕانەوەی دەموچاوە كۆنەكان و متمانەدان بە كابینەی نوێی حكومەت لەڕێی دەنگدانی نهێنی ڕەتدەكاتەوە. ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا كە ئەمڕۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردوەتەوە ڕایدەگەیەنێت "نەخێر بۆ دەنگدانی نهێنی و نەخێر بۆ دابەشكردنی دەستكەوتەكان و نەخێر بۆ پشكێنە تائیفی و نەخێر بۆ دەموچاوە كۆنەكان و نەخێر بۆ هەژمونی دەرەكی و نەخێر بۆ گەندەڵی و گەندەڵكاران و نەخێر بۆ تۆراندنی گەل". سەدر ڕاشیگەیاندووە: گەل دەیەوێت چاكسازی لە سیستمی حوكمڕانی بكرێت لەڕێی حكومەتی دەستپاكی باوكانەوە بە خەڵكانی تەكنۆكراتی بێلایەن كە سەرۆك وەزیران سەرپەرشتیان بكات، بەبێ هیچ فشارێك لەلایەن پارت و كوتلە سیاسییەكانەوە. ڕابەڕی ڕەوتی سەدر داواشی لە سەرجەم كوتلە سیاسییەكان كردووە"دەست هەڵبڕن، چونكە گەل چاوی لە ئازادی و كەرامەتە و بێدەنگ نابێت".
( درەو میدیا): زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری عێراق داواكارییەك ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن و داوادەكەن دەنگدان لەسەر كابینەی نوێی حكومەت بە شێوەی دەنگدانی نهێنی بەڕێوەبچێت. سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە سایتی " سۆمەریە نیوز"ی راگەیاند داواكارییەكە گەیشتوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان و تاوتوێی دەكات. هاوكات سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایكرد، 70%ی كابینەی نوێی حكومەت یەكلاكراوەتەوە و هێشتا ناكۆكی لەسەر وەزارەتە سیادییەكان هەیە و یەكلانەكراونەتەوە.
(درەو میدیا): تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو، كابینەكەی پێشكەشدەكات، كە (12) وەزارەتی بەر پێكهاتەی شیعەو (6) وەزارەت بۆ سوننەكانو (3) وەزارەت بۆ كوردو وەزارەتێكیش بۆ كەمینەكان دەكەوێتو پێدەچێت بۆ (كریستیانەكان) بێت. سەرچاوەیەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاندووە، حزبەكەیان ئاستی داواكارییەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو بەرزكردوەتەوە، كە پێشتر خۆی لەچەند وەزارەتێكدا دەبینیەوە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، پارتی داوای "پێكهێنانی دامەزراوەی كردووە كە زامنی پاراستنی هاوسەنگی بكات لەئیدارەی دەوڵەتی عێراق، وێڕای وەرگرتنی گەرەنتی سەبارەت بە پەراوێزنەخستنی هێزە كوردییەكانو رەهەندەكانی لەبڕیاری جێبەجێكردن وەك ئەوەی لە حكومەتەكانی پێشوودا ڕویداوە". وەزارەتە سیادییەكەی كورد چی لێ دێت؟ سەرچاوەكە لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) ئاماژەی بەوەداوە، پارتی سەرقاڵی ئەنجامدانی گفتوگۆی چڕوپڕە لەگەڵ هێزە كوردییەكان تا هاوهەڵوێستی بن، پێشبینیشی كردووە یەكلایكردنەوەی پۆستەكانی تایبەت بە كورد لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دوابكەوێت، تەنانەت ئەگەر لەم هەفتەیەدا كابینەی داهاتوو بەبەشێك لە وەزارەتەكانیشیەوە ڕابگەیەنرێت. بەگوێرەی زانیارییەكان، كورد لە كابینەی داهاتوودا هەریەك لە وەزارەتەكانی (داراییو كۆچو كۆچبەرانو داد)ی، بەردەكەوێت، ئەوە لەكاتێكدایە فازیل میرانی سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان لەتازەترین لێدوانیدا دەڵێت" كورد مەرجی هەیەو پێویستە پێش بەشداریكردنی لە حكومەت جێبەجێبكرێت"، تەئكیدیشی كردووە" كورد داوای جێگری سەرۆك وەزیرانو وەزارەتێكی سیادیو ژمارەیەك وەزارەتی تر دەكات". پێشتر "درەو میدیا" بڵاویكردەوە، پارتی بەفەرمی داوای پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە، لەوبارەیەوە (كاوە محەمەد) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بە(درەومیدیا)ی، وت:"ئەگەرێكی لاواز هەیە عادل عەبدولمەهدی جێگر دابنێت، هەوڵێكیش هەیە ئەو وەزارەتە سیادییەی كە بە كورد دەدرێت بكرێت بە جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كارەباری دارایی كە بەر پارتی دەكەوێتو وەزارەتی دارایی دەبێت". لەلایەكی ترەوە، حزبەكانی دەرەوەی پارتی دیموكرای كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان (بزوتنەوەی گۆڕانو نەوەی نوێو یەكگرتوی ئیسلامیو كۆمەڵی ئیسلامی) بەنیازن بایكۆتی حكومەتی ئایندەی عێراق بكەن، بەهۆی دابەشكردنی پۆستەكان لەنێوان یەكێتیو پارتیو بێبشەكردنی حزبەكانی تر تەنانەت كەسایەتی بێلایەنو تەكنۆكراتیش كە عەبدولمەهدی بانگەشەی بۆ كردووە. هاوپەیمانی میحوەر یەكلانەبوەتەوە بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان، پێشبینی دەكرێت عادل عەبدولمەهدی لەم هەفتەیەدا ناوی ((15) وەزیر لەچوارچێوەی كابینە نوێیەكەیدا پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ متمانە وەرگرتن. ئەوە لەكاتێكدایە، تائێستا هاوپەیمانی میحوەری سوننەكان خۆی یەكلاینەكردوەتەوە لەبارەی كابینەی داهاتوو، زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەكەن، ئەو وەزارەتانەی كە لە پێكهاتەی كابینەكەی (عەبدولمەهدی)دا ڕێككەوتنی لەسەركراوە (22) وەزارتە، ئەگەری گێڕانەوەی وەزارەتەكانی (ژنانو گەشتوگوزارو ژینگە)ش، قسەی لەبارەوە دەكرێ. عەبدولمەهدی ڕاوێژكارو بەڕێوبەرەكان كەمدەكاتەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازی دەستپێكردنی هەلمەڵەتێكی فراوانە بۆ گۆڕینی پەیكەری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانو، ژمارەی ڕاوێژكارەكانیش كەمدەكاتەوە. پێگەی "ئارم نیوز" لەزاری سەرچاوەیەكەوە كەناوی نەهێناوە، بڵاویكردەوە، عەبدولمەهدی تیمە تایبەتەكەی ڕاسپاردووە پەیكەرێكی نوێ بۆ كاری ئەنجومەنی وەزیران دابڕژێ كە جیاوازبێت لەڕابردوو، بەدوریشی نەزانیوە، ژمارەی ڕاوێژكارەكانو ئەوانەی لەوێ كاردەكەن كەمبكاتەوەو دەستبەرداری بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانەش ببێت كە پەیوەستن بە ئەنجومەنی وەزیران. نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی ڕۆژی 17ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، عەبدولمەهدی بەنیازە بەمنزیكانە كابینەی حكومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات.
(درەو میدیا): سایتی (غەد پرێس)ی عێراقی لە زاری چەند سەرچاوەیەكەوە ناوی كاندیدەكانی بۆ هەریەكە لە وەزارەتی (ناوخۆ- دەرەوە- بەرگری) لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بڵاكردەوە. بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، دیارترین كاندیدەكان بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە ئەمانەن: • حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبوو • لەیس كوبە، سیاسەتمەداری سەربەخۆ سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دوو كاندید هەن كە ئەمانەن: • فالح فەیاز، سەرۆكی بزوتنەوەی عەتا • ئەبو مەریەم ئەنساری، سەركردە لە رێكخراوی بەدر بۆ وەزارەتی بەرگریش، سەرچاوەكە باسی لەناوی چوار كاندید كردووە كە بریتین لەم كەسانە: • ریاز جەلال، فەرماندەی پێشووی هێزی زەمینی • نوری غافل، ئەفسەری پێشوو • قاسم محەمەدی • لیوا روكن ناسر غەننام
(درەو میدیا): لەكاتێكدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ ڕاگەیاندنی ناوی وەزیرەكانی كابینەكەی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، ناكۆكی قوڵ لەنێوان هەندێك لە هێزە سیاسییەكان دروستبووە سەبارەت بەو پێكهاتە وزارییە. چاوەڕواندەكرێت، كابینەی نوێی حكومەت لە (22 بۆ 23) وەزارەت پێكبێت، كە رێژەی 70%ی بەتەوافوقی سیاسی لەنێوان هێزو لایەنەكان یەكلاكراوەتەو رێژەی 30%یشی، بۆ سەربەخۆ تەكنۆكراتەكانە. سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار بە ڕۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)ی، ڕاگەیاندووە، تائێستا عەرەبی سوننە كاندیدەكانیان بۆ پۆستە وزارییەكان پێشكەش نەكردووە، سەرەڕای كۆتایهاتنی ماوەی دیاركراو بۆیان، كە دوێنێ 17ی، مانگ بوو. دابەشكاریی لەسەر بنەمای ئەنجومەنی حوكم بەگوێرەی قسەی سەرچاوەكە، كە شەرقلئەوسەت ناوەكەی ئاشكرانەكردووە، ئاڕاستەیەك هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەسەر بنەمای "ئەنجومەنی حوكم"، كە پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق دوای روخانی رژێمەكەی سەددام لەساڵی 2003دا پێكیهێنا، ئەگەر لەسەر ئەو بنەما حكومەت پێكبهێنرێت، ئەوا: • ( 13) وەزارەت بەر پێكهاتەی شیعە دەكەوێت • سوننەكان (5) وەزارەت • كورد (3) وەزارەت • كەمینەكان (1) وەزارەت سوننەكان پێشتر ئەمجۆرە دابەشكارییەیان ڕەتكردوەتەوەو بەنیازی وەرگرتنی (6) وەزارەتن، لە وەزارتە سیادییەكانیشدا وەزارەتی (نەوت)یان بەلاوە پەسەندترە لە وەزارەتی بەرگری. عەبدولمەهدی ناوی 12 وەزیر پێشكەش دەكات لەلایەكی ترەوە، سەرچاوە عێراقییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەنیازە لەكۆی (22) وەزارەتی كابینەكەی ناوی (12) وەزیر پێشكەشبكات، بەهۆی ئەو ململانێ توندەی لەسەر پێنج وەزارەتە سیادییەكە (نەوت- دارایی- دەرەوە- ناوخۆ- بەرگریی) لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكاندا سەریهەڵداوە. ئەندامێكی هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی سوننەكان دەڵێت" سەركردەكانی هاوپەیمانێتیەكەیان نەگەیشتونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی سەبارەت بە كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی وەزارەت لە كابینەكەی عەبدولمەهدی"، تەئكیدیشی كردووە، ئەم ناكۆكییەكانیان ڕەنگە بێتەهۆی دواخستنی ڕاگەیاندنی ئەو وەزارەتانەی كە بۆ سوننەكان دیاریكراون، بەپێی سیستمی پشكێنە. شیعەو سوننەو كورد داوای پشكی خۆیان دەكەن بەوتەی سەرچاوەكە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) كردووە، تائێستا عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەنەداوە، ئەو وەزارەتانە دەداتەوە بە سوننەكان كە لە حكومەتەكانی پێشوودا پێیاندراوە، بەڵام سەركردە سونییەكان سورن لەسەر ئەوە، بەوپێیەی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆیانە، جگە لەوەی عورفێكە پرۆسەی سیاسی عێراقی لەسەر بنیاتنراوە لەدوای ساڵی 2003وە. باسلەوەشدەكات، خواستی بەدەستهێنانی وەزارەت تەنها پەیوەست نیە بە هاوپەیمانی میحوەر، بەڵكو هاوپەیمانێتییەكانی تری وەك (فەتح)و (ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا)و (نەسر)و حزبە كوردییەكان داوای پۆست دەكەن لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، باسی لە ئەگەری دابەشكردنی وەزارەتەكان كردووە لەسەر بنەمای پارێزگاكان. ئەم مشتومڕو ململانێ سیاسییە لەكاتێكدایە، دوێنێ نوسینگەی ڕۆژنامەوانی عادل عەبدولمەهدی ئاشكرایكرد، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەمنزیكانە كابینەی حكومەتو پرۆگرامی حكومی پێشكەشدەكات. ڕونیشیكردوەتەوە، عەبدولمەهدی سەرقاڵی پەیوەندییە لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانو سەركردەی كوتلەكانی پەرلەمان، بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژێكی گونجاو كە بەمزوانە ڕادەگەیەنرێت.
(درەو میدیا): دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی بۆ دوورخستنەوەی فالح فەیاز لە پۆستەكانی هەڵدەوەشێنێتەوەو سەرجەم بەرپرسیارێتییەكانی بۆ دەگەڕێنێتەوە. نوسینگەی ڕۆژنامەوانی فالح فەیاز ، سەرۆكی لە كارخراوی دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی تایبەت بە دوورخستنەوەی فەیاز لە پۆستەكانی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەزگای ئاسایی نیشتمانی ڕەتكردوەتەوە و بڕیاریداوە سەرجەم پۆستەكانی بۆ بگەڕێنێتەوە. نوسینگەكەی فەیاز ڕاشیگەیاندووە، سەرچاوەیەك لە دادگاكە پێی ڕاگەیاندون، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی عەبادی لەسەر ئەو بنەمایە بووە، كە لەكارخستنی فەیاز بڕواپێكەر و یاسایی نەبووەو پاڵشپت بە هیچ بڕگەیەكی دەستوریش نەبووە. مانگی ئابی ڕابردوو، دوای توندبونەوەی ململانێی هێز و لایەنە شیعەكان لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، حەیدەر عەبادی بەفەرمانێك فالح فەیازی لە پۆستی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دوورخستەوە و خۆی چووە شوێنەكەی، چەند ڕۆژێكیش لەمەوبەر هەردوو پۆستی ئیدارەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ڕاوێژكاری ئەو دەزگایەی بە وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی سپارد.
(درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەردەوامە لە جموجۆڵەكانی بۆ پێكهانی تیمە وزارییەكەی، لە سایەی فشار و خواستی ئاشكرای هەندێك لە هێزەكان بۆ وەرگرتنی وەزارەت، كە بوەتە ئاستەنگێكی جدی بۆ پرۆژەی خۆكاندیدكردنی ئەلیكترۆنی كە عەبدولمەهدی هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند. سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایدەكات، فشارەكان لەسەر عەبدولمەهدی لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی ڕاگەیاندنی پێكهێنانی حكومەت توندتر بوەتەوە، كە دەستور مانگێكی بۆ دیاریكردوەو، بەوپێیەش وادەی ڕاگەیاندنی حكومەتی ئایندە نابێت لە 2 ی مانگی داهاتوو تێپەڕبكات كە 17 ڕۆژی ماوە. بەوتەی سەرچاوەكە كە قسەی بۆ ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) كردووە، ئەو فشارانە بژاردەكانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرتەسكردوەتەوە، ڕاشیگەیاندووە، عەبدولمەهدی بەدەست ئەو فشارانەوە دەناڵێت كە هەندێك لە هێزە شیعەكان لەسەریان چڕكردوەتەوە، لە كاتێكدا بانگەشەی پشتیوانیكردنی بێلایەنەكان دەكەن، بەڵام فشاردەكەن بە ئاراستەی قبوڵكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان، جەختیشیكردوەتەوە كە ئەو كارە كاتی زۆری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی بردووە. هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژنامەكە ئاشكراشیكردووە, نوێنەری پێكهاتەو كەمینەكان داوای وەزارەتیان كردووە بۆ كۆتایهێنانی بەو پەراوێزخستنەی كە ڕووبەڕووی بونەتەوە لە حكومەتەكانی پێشوودا، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراویش بەڵێنی داوە دیراسەی داواكارییەكان بكات بەو مەرجەی دژبە كاری حكومەتی داهاتوو نەبێت. ئەوەش لەكاتێكدایە، سەركردەی هێزە سوننیەكان پێداگری دەكەن لە وەرگرتنی پشكی خۆیان لە حكومەتی داهاتوو، هەندێك لە پەرلەمانتارانی سوننەش ئەو پەیامەیان بە عەبدولمەهدی گەیاندووە كە متمانە بەهیچ حكومەتێك ناكەن ئەگەر نوێنەرایەتیان نەبێت تیایدا، لەترسی پەراوێزخستینان لە دەسەڵات. (ناجح میزان) سیاسی عێراقی، ئەم داواكارییەی سوننەكان بۆ بەشداریكردنی لە حكومەتی داهاتوو بە كارێكی لۆژیكی ناودەبات، بەپێی بنەمای پشكێنە كە لە ساڵی 2003وە لەعێراق پیادەدەكرێت، دەشڵێت، سوننەكان داوای پشكی خۆیان دەكەن، هەروەك ئەوەی پێكهاتەكانی تر داوای دەكەن. ئەو سیاسییە عێراقییە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا پرسیاری ئەوەش دەكات، ئەگەر پێویست بكات سوننەكان دەستبەرداری پۆستەكانیان بن، ئەی بۆچی شیعەكان دەستبەرداری پۆستی سەرۆك وەزیران نابن و نایدەن بە پێكهاتەیەكی تر؟ بەگرنگیشی زانیوە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو فرەرەنگی گەلی عێراق لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا بەهەند وەربگرێت. پێشتر ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەكان ئاماژەیان بەوەدا، سەركردەكانی سوننە داوایان لە عەبدولمەهدی كردووە هەندێك جیاكارییان بۆ بكات و، ڕازیبێت بەوەی ژمارەیەك لە پەرلەمانتار و وەزیرەكانی پێشو، لە حكومەتی ئایندەدا پۆست وەربگرنەوە.
( درەو میدیا): عەممار حەكیم لەهەوڵی ڕازیكردنی لایەنە كوردییەكاندایە بەو پشكەی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لەحكومەتی داهاتوو بۆیان دیاریدەكات، نەك ئەوەی خۆیان داوای دەكەن. كەمێك لەمەوبەر وەفدێكی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم گەیشتە شاری هەولێر و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموكرانی كوردستان پرسی بەشداری كورد لەحكومەتی داهاتووی عێراق تاتوێبكەن. هەر لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا، بڕیارە سبەینێ حەكیم بگاتە سلێمانی و لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكان بۆ هەمان مەبەست كۆببێتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە(درەومیدیا)ی، ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت ئەو پەیامە بەلایەنە عێراقییەكان بگەیەنێت كە تائێستا خۆی یەكلاینەكردۆتەوە بەشداری لەحكومەتی ئایندە دەكات یان نا، یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش خۆی یەكلایكردۆتەوەو بەشداریدەكات، بەڵام هاتنی وەفدەكەی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە بۆ دانوستان نیە لەگەڵ لایەنە كوردییەكان لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان هاوشێوەی كابینەكانی ڕابردوو، بەڵكو بۆ رازیكردنیانە بە بەشداریكردن لەحكومەتی داهاتو و بەوپشكەی كە عادل عەبدولمەهدی بۆیان دیاریدەكات. كورد لەكابینەكانی ڕابردودا، جگە لەپۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، وەزارەتێكی سیادی كە (دەرەوە یان دارایی) و چەند وەزارەتێكی تریشی وەرگرتوە، بەڵام پێناچێت لەحكومەتی ئایندە بەهەمان پێگەو قەبارە پۆست وەربگرێتەوە، بەوپێیەی شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەزاران كەس لەسەرانسەری عێراق لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە داواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كردووە بۆ وەرگرتنی وەزارەت.
(درەو میدیا): لە گەرمەی ململانێی نێوەندە سیاسییەكاندا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو پەنجەرە ئەلیکترۆنیەكەی بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی وەزارەتەكان لە حكومەتی داهاتوو داخست. بەوتەی سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان، لەنێو 36 هەزار كەس لەوانەی لەڕێی ئینتەرنێتەوە داوایان پێشكەشكردووە، نزیكەی 200 كەسایەتیان لەو توانایانەن كە خاوەنی بڕوانانەی بەرزن و وڵاتانی تاراوگەیان كردووە بە نیشتمانی خۆیان، لە دیارترین ئەوانەی داوایان پێشكەشكردووە، (شەریف عەلی بن حسێن) سەرپەرشتیاری مەلەكی دەستورییە لە عێراق كە بەوەریسی عەرشی پادشایەتی دادەنرێت، خۆی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی وەزارەتی دەرەوە كاندیدكردووە. عەبدولمەهدی سەرقاڵی لێكۆڵینەوە دەبێت لە ژیاننامەی پێشكەشكارەكان و شیاوترینی ئەوانە دەبێت كە لەلایەن كوتلە سیاسییەكانەوە پێشكەشیكراون بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیان و پێشكەشكردنی بەپەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی متمانە بەكابینەی حكومەتەكەی. گاڵتەكردنە بەعەقڵی هاوڵاتیانی عێراق نەدیم ئەلجابری سیاسی و ئەكادیمی بێلایەنی عێراقی لەلێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت ڕایگەاندووە"كردنەوەی دەرگای خۆكاندیدكردن لەڕێی پەنجەرەی ئەلەكترۆنیەوە، لەسایەی قەیرانی متمانە لەنێوان شەقام ونوخبەی سیاسیدا، گاڵتەكردنە بەعەقڵی هاوڵاتی عێراقی" ڕونیشیكردۆتەوە"ئەو ڕێگایە بەمیانیزمێكی ناشیاو دادەنرێت بۆ هەڵبژاردنی كابینەی حكومەت، پێویست بوو لەبیری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراودا كۆمەڵێك كەسانی خاوەن لێهاتووی ناسراو هەبونایە و بەشەخسی قسەی لەگەڵ بكردنایە بۆ پڕكردنەوەی ئەو وەزارەتانەی كە خۆی پێشنیازی بۆ دەكردن". ڕاشیگەیاندووە" كاندید بۆ پۆست پێش هەمووشتێك سیاسیە، لە دیارترین خەسڵەتەكانیشی كاریزمابونی كەسایەتیەتی، دوای ئەو توانا سیاسی و ئیدارییەكانێتی، ئەم پرسەش بەهیچ شێوەیەك لەشێوەكان لەڕێی پێگەی ئەلەكترۆنیەوە دەرفەتی پێشكەشكردنی بۆ ناڕەخسێت، مەگەر ڕێككەوتنێكی پێشوەختە هەبێ لەگەڵ حزبەكان بۆ تێپەڕاندنی هەندێك لەو كەسایەتیانە بەو ڕێگایە، بەسیفەتی بێلایەن وتەكنۆكرات". حزبەكان لەژێر ناوی پێكهاتەدا پۆستەكان دەبەن سەبارەت بەتێڕوانیشیی بۆ حكومەتی داهاتوو، جابری ڕایگەیاندووە" حكومەتی داهاتوو بەدوو قۆناغ بنیات دەنرێت، یەكەمیان: دابەشكردنی پۆستە سیادییەكانە بەسەر پێكهاتەكاندا، دووەمیشیان دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر ئەوپارتانەی لەژێر سایەی پێكهاتەكاندان". ئەوەش لەكاتێكدایە، وارسی عەرەشی پادشایەتی لە عێراق لەڕێی پەنجەرەی ئەلیکترۆنیەوە داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراقی كردووە، بەوەش تائێستا بۆتە ناودارترین ئەو كەسانەی لەو ڕێیەوە داوایان پێكشەكردووە، شەریف دواین كەسە كە لە خانەوادەی پادشایەتی عێراق ماوەتەوە كە سەرجەمیان لە ڕۆژی 14 تەمموزی ساڵی 1958 كوژران و، ناوبراو لەو كاتەدا لە دەرەوەی كۆشكی (ئەلرحاب) بوو . شەریف هەفتەی ڕابردوو لەڕێی كۆڕێكی دیالۆگەوە كە سەنتەری ڕافیدەین لە عێراق ڕێكیخستبوو، چەندین تێبینی سەبارەت بەسیاسەتی دەرەوەی عێراق دەستنیشانكرد و ڕایگەیاند"سیاسەتی دەرەوەی عێراق سودی لەو دەستكەوتانە نەبیینوە كە عێراق بەدەستهێناوە لەپێناو بەرژوەندی نیشتمانی، بۆ نمونە سەركەوتن بەسەر داعشدا، لەگەڵ ئەوەی عێراقییەكان دژی داعش شەڕیانكردو تێكیان شكاندن و كشانیان بەرەو سەرجەم وڵاتانی جیهان ڕاگرت، بەڵام ئەوانەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی عێراقن شكستیانهێنا لە تەرویجكردنی ئەو پرسە لە كۆنگرە نێودەوڵەتیەكان كە بۆ پشتیوانی عێراق ڕێكخران، لەوانەی كۆنگرەی كوێت". عەبدولمەهدی ئازادە لە هەڵبژاردنی كابینەكەی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند: ئەوان لە هاوپەیمانی فەتح و سائیرون ئازادی تەواویانداوە بەعادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەت و پێیانوتووە تەنها یەك مەرجیان هەیە ئەویش سەركەوتنە. عامری لە وتەیەكدا كە ئەمڕۆ بە بۆنەی 37 ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پێشكەشیكرد، داوای لەپەرلەمانی عێراق كرد پەلەبكات لە تەواوكردنی ئیستحقاقە دەستورییەكان و هەڵبژاردنی سێ سەرۆكایەتیەكە، ئەوە لەكاتێكدایە تائێستا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكی نوێی كۆماری عێراق هەڵبژێردراون، بەڵام تائێستا كابینەی نوێی حكومەت پێكنەهێنراوە، كە بەپێی وادە دەستورییەكان كەمتر لەسێ هەفتەی ماوە.
(درەو میدیا): نوسینگەی راگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی عێراق، دوێنێ هەینی ئەنجامی كۆتایی خۆ كاندیكردنی بۆ پۆستە وزارییەكانی حكومەتی نوێی عێراق بە شێوەی ئەلیكترۆنیی راگەیاند و ئاشكرایكرد كۆی ئەوانەی كاندیدبوونیان تەواو بووە گەیشتوەتە 15184 كەس. نوسینگەی راگەیاندنی عەبدولمەهدی لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بە " درەو میدیا" گەیشتووە، دەڵێت:" لە وادەی خۆیدا و لە كاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 11ی تشرینی یەكەمی 2018 دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستە وزارییەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنیی داخرا و ژمارەی ئەوانەی كاندیدبوونیان تەواوبووە گەیشتوەتە 15184 كەس". ئاشكراشیكردووە ئەو كاندیدانە دانیشتوی سەرجەم پارێزگاكانن و ژمارەی ئەو كاندیدانەشی خاوەنی بڕوانامەی دكتۆران گەیشتوەتە 1778 كەس بە رێژەی 12% و بڕوانامەی ماستەریش 2200 كەسە بەرێژەی 14%. ئاماژەی بەوەشكردوووە كە رێژەی كاندیدە ژنەكان گەیشتوەتە 15% و پیاوانیش 85% و رێژەی كاندیدە سەربەخۆكانیش گەیشتوەتە 96%., نوسینگەی عەبدولمەهدی لە بەشێكی تری بەیاننامەكەیدا دەڵێت:" رێوشوێنی ئێستا بریتیە لە جیاكردنەوەی ئەلیكترۆنیی داواكارییەكان و دوورخستنەوەی ئەو داواكارییانەی كە مەرجە یاسایی و هونەرییەكانیان تێدا نیە". و ئاشكراشیكردوووە لە یەكەم وردبینیكردنی سەرەتاییدا بە گوێرەی پێوەرەكان 601 لە باشترین كاندیدەكان دیاریكراون و لیژنەیەك لە شارەزایان وردبینی داواكاری ئەو 601 كەسە دەكەن بۆ ئەوەی باشترینیان لێ دەستنیشان بكرێت و بانگهێشتبكرێن بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵیان. ئاماژەیبەوەشداوە هەنگاوی داهاتوو بریتیە لە ئەنجامدانی چاوپێكەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ تیمی پسپۆر و وردبینی توانا و بڕوانامەكانیان و پاشان چاوپێكەوتنی كۆتایی و راستەوخۆی كاندیدە لێهاتووەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو. ئەنجامی كۆتایی كاندیدی پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق: • 15 184 كەس داواكاریی كاندیدبوونیان تەواوبووە • رێژەی ژنان 15 % یەو پیاوان 85%. • 12%ی كاندیدەكان خاوەنی بڕوانامەی دكتۆران. • 14%ی كاندیدەكان خاوەنی بڕوانامەی ماستەرن. • 96%ی كاندیدەكان سەربەخۆن. پارێزگاكان: دهۆك : 167 كەس خۆیان كاندیدكردووە هەولێر: 299 كەس هەڵەبجە: 18 كەس سلێمانی: 280 كەس كەركوك: 741 كەس نەینەوا: 689 كەس بەغداد: 5827 كەس بەسرە: 912 كەس
( درەو میدیا): " بۆ پارتی ویەكێتی، لەبری ئەو هەموو وەفدە باڵایە بۆ پۆستە كانتان دەنێرن بۆ بەغداد، وەفدیكیش بنێرن بۆ پێشمەرگەو وقوتی خەڵك".ئەمە وتەی ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵە لە پەرلەمانی عێراق كە لە نوسینێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،" لەپرۆژە یاسای بودجەی ۲٠۱۹ پشكی پێشمەگە لەبودجەی وەزارەتی بەرگری عێراق دادەنریت بەبڕی (۳۷) ملیار دینار مانگانە كە بەكۆی گشتی دەكاتە(٤٤٤) ملیار دینار بەڵام تەنها دەزگای دژە تیرۆری عێراق كە (۱۲٠٠٠) چەكدارە بڕی (۷۳۸٠۹۱۱۸۷) حەوتسەدو سی و هەشت ملیار و نەوەدو یەك ملیۆن وسەدو هەشتاو حەوت هەزار دیناری بۆ تەرخان دەكرێت،هەروەها ژمارەی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كەلەبوجەدا پەسەند كراوە بە(۱۲۲٠٠٠) چەكدار بڕی (۲٠۹۸۲۹٠٤۷٠) دوو ترلیۆن ونەوەدو هەشت ملیارو دووسەدو نەوەد ملیۆن وچوارسەدو حەفتا هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە" ئەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەكردووە" لەبەرانبەردا ئەم ژمارانە سەر ژمێری پێشمەرگە نازانرێت كامیان راستە": ۱_ بەپێی لیدوانی شارەزا یەكی ئابوری كەلە وەزارەتی دارای و ئابووری دەوامی دەكرد درایگەیاند، كە ژمارەی موچە خورانی وەزارەتی پێشمەرگە (٤۳۲٠٠٠) كەسن . ۲_ بەپێی لێدوانی ئەندام پەرلەمانەكانی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی ئەو كەسانەی كەلەوەزارەتی پێشمەرگە موچە وەر دەگرن(٤۲۸٠٠٠)كەسن . ۳_بەپێی سەرژمێری بایۆ مەتریەكەی حكومەتی هەرێم بێت ژمارەی پێشمەرگە (۲٦٦٠٠٠) كەسن ٤_ بەپێی دەنگدانی تایبەت بێت كەلەم هەلبژاردنەی ۳٠\۹ ئەنجام درا (۱۷٠٠٠٠) كەسن٠ ٥_ بەپێی تەخمین و خەمڵاندی عێراق بیت ژمارەی پێشمەرگە (٤٥٠٠٠) كەسن. ٦_ بەپێی ئەو برە پارەیە بیت كە ئەمریكیەكان تەرخانیان كردوە و بری (٤۲۱) ملیۆن دۆلارە تەنها (٦٠٠٠٠) كەسن . ئەحمەدی حجی رەشید لەكۆتایی نوسینەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات"بەتەنها بودجەی تەرخان كراو بۆ حەشدی شە عبی و وەزارەتی بەرگری (۹۹٦۳٥۷٥۱۷٠) نۆ ترلیۆن و نۆسەدو شەست و سێ ملیارو پینج سەدوحەفتاوپینج ملیۆن وسەدو حەفتا هەزار دینارە، بەڵام تەرخانكراو بۆ هەریمی هەرێمی بڕی(۸۹۷٠٤٦۷۲۲٦) ).هەشت ترلێۆن و نۆسەدوو حەفتا ملیارو چوارسەدوشەست و حەوتملیۆن دووسەدوو بیست و شەش هەزار دینارە"
(درەو میدیا): عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو سێ هەفتەی لەبەردەمدا ماوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، كە بەپێی وادە دەستورییەكان یەك مانگ دیاریكراوە. بەقسەی سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار، عەبدولمەهدی بەنیازە لەو ماوەیەی دەستور بۆی دیاریكردووە، زووتر پێكهاتەی كابینەكەی تەواوبكاتو پێشكەشی پەرلەمانی بكات تا متمانە بەدەستبهێنێت. سەرچاوەكە بە ڕۆژنامەی (سەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە، عەبدولمەهدیو ئەندامانی تیمە تایبەتەكەی خۆیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی ڕۆژی 24 ئەم مانگە دوا ڕۆژبێت بۆ تەواوكردنی كابینەی حكومەتو ناردنی بۆ پەرلەمان. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەستیكردووە بە وەرگرتنی ناوی كاندید لەهەندێك لە كوتلە سیاسییەكان بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكانو لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوشدا تەواوی ناوەكانی بەدەستدەگات. بەبەردێك لەدوو چۆلەكەی داوە لەبارەی ئەگەری ئەوەی عەبدولمەهدی سود لەو ناوانە وەردەگرێت كە لەڕێی ئەلیكترۆنییەوە داوایان پێشكەشكردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان، سەرچاوەكە دەڵێ:" عەبدولمەهدی بەو هەنگاوە بەبەردێك لەدوو چۆلەكەی داوە، لەلایەك فشاری خستوەتە سەر كوتلە سیاسییەكان تا پەلەبكەن لەپێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكانیان بۆ ئەوەی ناچار نەبێت پەنابباتە بەر هەڵبژاردن لەو ناوانەی كە لەڕێی ئەلیكترۆنیەوە بەدەستی گەیشتوە بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكان، لەلایەكی تر بەو هەنگاوەی بنەمایەكی پڕ لە زانیاری زۆر گرنگی دەستكەوت لەسەر تواناكان لەسەرجەم پسپۆڕییەكان كە ئەكرێت سودییان لێببینرێت لە شوێنە جیاوازەكاندا لەداهاتوودا. بەپێی زانیارییەكان، عەبدولمەهدی ئاستی داواكارییەكانی لەبەردەم ئەوكوتلە سیاسییانە بەرزكردوەتەوە كە هەوڵیانداوە مەرجی بەسەردا بسەپێنن، لەكاتێكدا هەندێك لە كوتلە سیاسییەكان ئازادی تەواویان داوەتێ بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەكانی كابینەكەی. سوننەكان ناوی كاندیدیان نەداوە بە عەبدولمەهدی كوتلە سونییەكان ڕەتیدەكەنەوە تائێستا كاندیدیان بۆ وەزارەتەكان پێشكەش بە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو كردبێت. محەمەد كەربولی سەركردە لە هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، سوننەكان هیچ كاندیدێكیان بۆ وەرگرتنی وەزارەت پێشكەشی عادل عەبدولمەهدی نەكردووە. ڕونیشیكردوەتەوە، كۆبونەوەكانیان لەگەڵ عەبدولمەهدی لەماوەی یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا دەبێتو دوای ئەوە لەسەر ئالیەتی كاندیدكردن بۆ وەزارەتەكان ڕێكدەكەون. كەربولی باسلەوەدەكات، ناوی تەكنۆكراتیان هەیە بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكانو پشتیوانیش لە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەكەن، چونكە دەیانەوێت ئەم حكومەت سەربكەوێتو بەرژوەندییەكی گەورەشیان لەسەركەوتنی حكومەتی نوێدا هەیە. "قبوڵی ناكەین هەموو كابینەكە بێلایەن بێت" لەلایەكی ترەوە، پەرلەمانتارێكی كوتلەی بونیاتنان بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە، قسەكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەتێك كە سەرجەم ئەندامەكانی بێلایەن بن، شتێكی چاوەڕوانكراو نیەو بەئاسانی قبوڵناكرێت لەلایەن زۆربەی كوتلە براوەكانی هەڵبژاردن. ئاشكراشیكردووە" هەندێك لە كوتلەكان پەیوەندییان بە عەبدولمەهدییەوە كردووەو ئەوەیان پێڕاگەیاندووە". ئاماژەی بەوەشكردووە" سەختە هەر حكومەتێك حزبەكان ڕازینەكات زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەستبهێنێت، ئەوەش وادەكات سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو خواستی هێزە سیاسییەكان بەهەند وەربگرێت". ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی بونیاتنان كە ناوی خۆی ئاشكرانەكردووە، ئەوەشی نەشاردۆتەوە" فشاری ناوخۆییو دەرەكی لەسەر عەبدولمەهدی هەیە.. حزبەكان چونەتە ناو هەڵبژاردنەوەو سەركەوتنیان بەدەستهێناوەو دەیانەوێت لەڕێی بەدەستهێنانی وەزارەتەوە بەروبومی خۆیان بچننەوە". باسلەوەشدەكات" دۆخی سروشتی دیموكراسی ئەوەیە پۆستەكان بەسەر پارتە براوەكاندا دابەشبكرێت، ئەگەر وانەبێت سودی هەڵبژاردن چییە". هەر بەقسەی سەرچاوەكە، هەندێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی كە لەژیر سایەی هاوپەیمانی بونیاتناندان، دەیانەوێت عەبدولمەهدی گەرەنتیان بداتێ كە دەستیان بۆ نەبات، هاوشێوەی حكومەتی ماوە تەواوبوو سەركردەكانی نەكاتە ئامانج.
(درەو میدیا): لە تاقیكردنەوەیەكی یەكەمدا لەو جۆرە لەدوای ساڵی 20013وە لە عێراق، مامۆستایانی زانكۆ و خاوەنی پسپۆری و لێهاتوویی، سیڤی كەسسی وپیشەییان پێشكەشدەكەن بۆ خۆكاندیدكردن بۆ وەزارەتەكانی حكومەتی داهاتوو، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ وەزارەتەكانی كابینەی داهاتوو كردەوە. كاردانەوەكان سەبارەت بەو هەنگاوە ناچاوەڕواننەكراوە جیاوازن، لای هەندێك مایەی گاڵتەجارییە و لەبایەخی كەمدەكەنەوە، هەندێكی تر تەنها بە هەڵمەتێكی بانگەشەی دەزانن، لەكاتێكدا بەرپرسان دەڵێن، كاندیدە بێلایەنەكان پشكێكی سادەیان دەبێت لە پۆستە وزارییەكان. ئەمڕۆ دەیان داوای وەزیری گەیەندراوەتە عەبدولەمەهدی بەرپرسێكی نزیك لە نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی بەڕۆژنامەی "عەرەبی ئەلجەدید"ی ڕاگەیاندووە، لە كاتژمێری 8ی ئەم بەیانیەوە تا ئەو كاتەی قسەی تیادا دەكات، لەڕێی پێگەی ئەلیكترۆنییەوە كەتایبەت كراوە بەپێشكەشەكردن بۆ پۆستە وزارییەكان، دەیان سیڤی كەسی لەلایەن كەسانی بێلایەنەوە گەیشتوەتە دەستیان، ڕونیشیكردوەتەوە، زۆرینەی ئەوانەی سیڤییەكانیان پێشكەشكردووە، مامۆستای زانكۆ و پزیشك و ئەندازیار و خاوەن پسپۆری و شارەزایی بەرزن. ئەو بەرپرسە كەناوی خۆی ئاشكرانەكردووە، ڕاشیگەیاندووە" لیژنەی تایبەت دەستیكردووە بەڕێكخستنی دۆسیەی پێشكەشكاران و دواتر دەخرێنە بەردەم شارەزایانی بواری یاسایی تا بەراوردی بكەن بە مەرجە دەستوری و یاساییەكان كە پێویستە بونی هەبێت لە كاندیدی پۆستی وەزیر، ڕونیشكردوەتەوە، دوای هاوتاكردنیان، ئەو دۆسیانەی هاوتانین پەراوێزدەخرێن و، ئەوانەی هاوتان بەرزدەكرێنەوە بۆ لیژنەی باڵا بۆ تەماشاكردنیان و دیاریكردنی باشترین لەوانەی داوایان پێشكەشكردووە بۆ دەستنیشانكردنیان وەك وەزیر. دەرفەتی گەورەی لەبەردەم تەكنۆكراتی بێلایەندا نیە تایبەتمەندی دیاریكراو هەیە بۆ كێبڕكێكردن لەنێوان كاندیدەكاندا، كە پەیوەستە بە شارەزایی و ناوبانگی نیشتمانی و لێكۆڵینەوەی تایبەت وبەرزكردنەوە و ئەو پۆستانەی كاندید هەیبووەو هەموو ئەمانە وەك خاڵ حساب دەكرێن و دەبنە بنەمای كێبڕكێ لەنێوان ئەوانەی داوایان پێشكەشكردووە و شیاوترینیان دەستنیشانبكرێت. پرۆسەی پێشكەشكردنی ناوی كاندید تا كاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لەماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا ناوەكان یەكلادەكرێنەوە، ئەمەش بەقسەی سەرچاوەكە. لەچوارچێوەی ئەم ڕایە دژ بەیەكانەدا، ژمارەیەك لەبەرپرسان جەختدەكەنەوە كە دەرفەت هەیە بۆئەوەی كاندیدە بێلایەنەكان هەندێك لە وەزارەتە لاوەكییەكان وەربگرن، لە سایەی ئەو ململانێ توندەی كە لەنێوان كوتلە سیاسییەكان لەئارادایە لەسەر پۆستە وزارییەكان. پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی (بونیاتنان) ڕایگەیاندووە، قسەكردن لەپێكهێنانی حكومەت لەلایەن كەسانی تەكنۆكراتی بێلایەن زیادەڕۆیی تیادەكرێت، چونكە عەبدولمەهدی پێویستی بە متمانەی كوتلە سیاسییەكان دەبێت، ناتوانێت متمانە بۆ حكومەت بەدەستبهێنێت لەڕێی ڕازیكردنی ئەو كوتلانەو وەرگرتنی وەزارەتی گرنگەوە، ڕونیشیكردوەتەوە، كوتلە سیاسییەكان لە سەدا 85 وەزارەتەكانی حكومەتی عەبدولمەهدی بەدەستدەهێنن. ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاندووە، ئاسۆی كراوە لەبەردەم عەبدولمەهدی بەڕێژەی لەسەدا 15 دەبێت لە پۆستە وزارییەكان و كە ڕەنگە بە كاندیدە سەربەخۆكان پڕبكرێتەوە لەڕێی پەنجەرەی ئەلیكترۆنیەوە. ئەوانەی خۆیان كاندیدكردووە باوەڕیان پێی نیە یەكێك لەو كەسانەی كە خۆی بۆ پۆستی وەزیر كاندیدكردووە، بەڕۆژنامەی عەرەبی ئەلجەدیدی وتووە، هیوایەكی زۆریان نیە بۆئەوەی وەزارەت بەدەستهێنن، لەنێوەندی ململانێی حزبەكەكاندا، بەڵام خۆیان كاندیدكردووە و هیواخوازن چانس یاوەریانبێت، هەروەك چانس هاوڕێی عادل عەبدولمەهدی بوو، هیواشی خواستوە ڕۆڵێكی دیاریان هەبێت لە بونیاتنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت كە حزبەكان بەدرێژایە 15 ساڵی ڕابردوو وێرانیانكردووە. دوێنێ عادل عەبدولمەهدی دەرگای خۆكاندیدكرن بۆ پۆستە وزارییەكان كردەوە لەڕێی پێگەیەكی ئەلیكترۆنی تایبەتەوە و كاتژمێر 4 پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 11 ئەم مانگە دەرگای خۆكاندیدكردن دادەخرێت.