Draw Media

عەبدولمەهدی پەیوەندییەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێكرد

عەبدولمەهدی پەیوەندییەكانی بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستپێكرد

2018-10-04 09:33:47


(درەو میدیا):
بەپێی دەستوری عێراق كە ماوەی مانگێك دەرفەتی داوە بە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو لە ڕۆژی ڕاسپاردنیيەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق (28) ڕۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ ڕاگەیاندنی كابینەكەی، ئەوەش ناچاریكردووە پەلەبكات لە پوەندیكردن بە كوتلە سیاسیيە براوەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌.
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، عەبدولمەهدی لە دوێنی چوارشەممەوە دەستیكردووە بەپەیوەنديكردن بە كوتلە سیاسیيە كاریگەرەكان بۆ زانینی هەڵوێست و ئاستی داواكارییەكانیان لە پێكهاتەی حكومەتی داهاتوو، ئەم پەیوەندییانەش لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانیدایە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی راستەوخۆ لەوبارەیەوە.
سەرچاوەكە بە ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید)ی ڕاگەیاندووە، گفتوگۆكانی عەبدولمەهدی لەگەڵ كوتلە سیاسیيەكان ئاسان نابێت، بەهۆی ئەوەی سەرجەم كوتلەكان هیچ خالێكیان لەدەستنەداوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەوەش دوای ڕاسپاردنی عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لەگەڵ ئەوەی سەر بە هیچ كوتلەیەكی سیاسی نەبووە، پێشبینیشكردووە، ململانێی نێوان هێزە براوەكان بگاتە توندترین ئاست لەسەر وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییە گرنگەكان.
ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەكەیەوە ئەوەشی بڵاوكردوەتەوە، گەورەترین ئاستەنگ كە ڕوبەڕوی عادل عەبدولمەهدی دەبێتەوە دابەشبونی ناوماڵی شیعەیە بۆ دوو سەربازگە، ناوماڵی كوردو سوننەش بەهەمان شێوەیە، ئەوەش وایكردووە ڕازیكردنی هەموان كارێكی زۆر قورس بێت. 
عەباس علیوی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی چاكسازی و بنیاتنان ڕایگەیاندووە، سەرجەم كوتلەكان بەشداری دەكەن لە حكومەتی نوێ‌، هەر لایەنێك كۆمەڵێك ناو پێشكەش دەكات، دواتر سەرۆك وەزیران شیاوترینیان هەڵدەبژێرێت، بەوەش سەرۆك وەزیران بەرپرسیار دەبێت ئەگەر حكومەتەكەی شكستیهێنا لە ئیدارەدانی عێراق.
علیوی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردووە، حكومەت تەوافوقی دەبێت و هەموو چاوەكانیشی لەسەر دەبێت، پەرلەمانیش چاودێری كارەكانی دەكات، بەڕای ئەو، حكومەتی داهاتوو جیاواز دەبێت لەوانەی پێشخۆی، ئەوەش دوای ئەوەی هەموان ڕێككەوتون لەسەر پێشكەشكردنی كاندیدی شیاو و پێدانی ئازادی تەواو بەسەرۆك وەزیران بۆ دورخستنەوەی هەر كاندیدێك لە حكومەتەكەی.
هەر لەوچوارچێوەیەدا، مایك پۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هیوای خواستووە حكومەتی داهاتوو بایەخ بدات بە یەكێتی خاكی عێراق و ئایندەی گەلەكەی، بەپێویستیشی زانیوە حكومەتی نوێی لەلایەن ئێرانیيەكانەوە تەحەكومی پێوەنەكریت.
ڕۆژی سێ‌ شەممەی ڕابردوو 2ی تشرینی یەكەم، پەرلەمانی عێراق بەزۆرینەی دەنگ بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژارد و هەر ئەو ڕۆژە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی كەسایەتی سیاسی عێراقی بێلایەنی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو ڕاسپارد. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand