Draw Media

مەریوان وریا قانع خوێنەری ئازیز، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو وتارەی من لەسەر یاساغکردنی سیمینارێک لە زانکۆی ھەڵەبجە، ھێرشێکی گەورە ڕێکخراو بۆ سەر من وەک نووسەر و وەک تاکەکەسێک دەستیپێکردوە و تا ئەم ساتەش بەردەوامە. ھێرشێک  کە دیارە کەسانێک لە ئیسلامییەکانی کوردستانی لەپشتەوەیە. خۆشحاڵانە ھەندێک سایت و کەسایەتیی ئەکادیمیی و نووسەر و ڕۆشنبیر، بەسوپاسەوە، ھاتونەتەدەنگ و بەرگریی لەو ئازادییە ئەکادیمیی و ئازادی ڕادەربڕینە دەکەن کە من لە وتارەکەمدا بەرگریم لێکردوە.  مایەی خۆشحاڵییە ئەو ھۆشیارییە ڕەخنەییە لە دونیای ئێمەدا ھەیە و کاردەکات.  من لێرەدا و لە وەڵامی ئەو ھێرشەدا کۆمەڵێک سەرەتاگەی مەنھەجیی و جیاکاریی کۆمەڵناسانە بەبیر ھەمووان دەھێنمەوە کە بەشێکی دانەبڕاوی نووسینی من بوون  لەسەر دیاردەی ئیسلامی سیاسیی و ئاکارێکی مەنھەجییان بەو نووسینانە بەخشیوە. مەبەست لەم وەبیرھێنانەوەیە ڕوونبوونەوەی زیاتری کێشەکان و تێگەیشتنی زیاترە لەوەی لەبەردەمماندا ڕووئەدات. ئەمەش بەشی یەکەمی ئەو نووسینەیە. یەکێک لە سیفەتە سەرەکییەکانی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی بریتییە لە تێکەڵکردنی چەمکی ”موسڵمان“  و چەمکی ”ئیسلامیی“ بەیەکتریی و مامەڵە و نمایشکردنیان وەک یەک چەمک و یەک مەسەلە. لەکاتێکدا لە سادەترین خوێندنەوەی مەنھەجی ئەم دیاردەیەدا ئەو دوو چەمکە ھەرگیز وەک یەک و بەیەک مانا بەکارناھێنرێن و بەھیچ مانایەکیش یەکشتیش نین. ”موسڵمان“ و ”ئیسلامی“ دوو زاراوە و دوو چەمک و دوو یەکەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی جیاوازن. تێکەڵکردنیان بەیەکتری یەکێکە لەو فێڵە ئایدیۆلۆژیانەی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی لە خەڵک و کۆمەڵگای دەکەن. ”موسڵمان“ ئەو ئیماندارە سادەیەیە کە شایەتومان دەھێنێت، باوەڕی بە خودا و  پێغەمبەر و کتێبە پیرۆزەکەی ئیسلام ھەیە، نوێژ دەکات و ڕۆژودەگرێت، بەپێی داھاتی بڕێک زەکات دەبەخشێت و ئەگەر تواناشی ھەبوو دەچێت بۆ حەج. ئەم موسڵمانە ئاساییە دین وەک دین دەبینێت و مامەڵەدەکات، کەسێکە دین و سیاسەت، دین و دەوڵەت بەیەکتری تێکەڵناکات. ژمارەشیان لەسەر زەوی نزیکەی ملیار و نیوێکە. ”موسڵمان“ دەتوانێت ئەندام و ھەواداری پارتی ئیسلامی بێت، وەکچۆن دەتوانێت ئەندام و ھەواداری پارتی عەلمانیی و لیبرال و چەپ و فاشیستیش بێت. دەشتوانێت ڕا و بۆچوونی سیاسیی نەبێت و نەداتە پاڵ ھیچ پارت و بزوتنەوەیەکی سیاسیی. لای ”موسڵمان“ موسڵمانبوون پەیوەندیی بە سیاسییبوونەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە باوەڕیی دینیی و بە دیندارییەوە ھەیە.  ھەرچی ”ئیسلامیی“ە، کەسایەتییەکی جیاوازە، ئەو موسڵمانی ئاسایی نییە بەتەنھا، بەڵکو چالاکەوانێکی سیاسییە، کەسێکی ئایدیۆلۆژیی خاوەن کۆمەڵە و حیزب و ڕێکخراوی سیاسییە، ئەندم یان ھەواداری ئەم یان ئەو ھێزی ”ئیسلامی سیاسیی“ە کە دەخوازێت بەناوی دینەوە دەسەڵاتی سیاسیی بگرێتەدەست و بەناوی دینەوە حوکمڕانیی بکات. چەمکی ”ئیسلامیی“ پەیوەندییەکی پتەو و ڕاستەوخۆی بە ”ئیسلامی سیاسیی“ەوە ھەیە وەک ئایدیۆلۆژیا و بزوتنەوەی سیاسیی، نەک بە ”ئیسلام“ەوە وەک دین. ”ئیسلامی سیاسیی“ و ”ئیسلام“ خۆیشی دووشتی جیاوازن (لە بەشی داھاتوودا باس لەم جیاوازییە دەکەم). مێژووی ھاتنەکایەی بەشێک لە مرۆڤ وەک ”موسڵمان“ دەگەڕێتەوە بۆ ساتەوەختی ھاتنی ئیسلام لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا، بەڵام کەسایەتی ”ئیسلامیی“ لە سەدەی بیستەمدا لەدایکدەبێت و پرۆژەی ”ئیسلامی سیاسیی“ لە سەردەمی ئەبو عەلای مەودودی و حەسەن بەناوە، دروستیدەکەن.  وەک ووتم کەسی ”ئیسلامیی“ کەسێکی ئایدیۆلۆژییە، بەڵام ئایدیۆلۆژیایەکەی ئایدیۆلۆژیایەکی دینییە، زۆرجار ئەندام یان ھەواداری ئەم یان ئەو ڕێکخراوی ئیسلامییە. ئەوەشی دەیجوڵێنێت دین و دینداریی نییە، یان لانیکەم ئەمە پاڵنەرە سەرەکییەکەی نییە، بەڵکو خواست و ویست و نیازی ئەو ڕێکخراوە سیاسییەیە کە ئەندام یان ھەواداریەتی. ئەم ئیماندارێکی ئاسایی نییە بەڵکو چالاکەوانێکی سیاسییە. زۆرجاریش لەناو ئایدیۆلۆژیا دینیی و سیاسییەکەیاندا، تەنھا ئەوانە بە ئیماندار و موسڵمان دەزانن، کە ھەمان دیدو ڕوانینی ئەو پارتەیان بۆ دین و بۆ ئیسلام کە ئەوان ئەندامن لەناویدا. لەڕاستیدا، زۆربەی جار، ئەم ”ئیسلامی“یانە دین کورتدەکەنەوە بۆ پێناس و ڕوانینی ڕێکخراو و سەرکردە سیاسییەکانیان، بۆ دین، تەنھا ئەوانەیان پێ ”موسڵمان“ە کە وەک ئەوان سەیری ئیسلام دەکەن و تەنھا ئەو قسانەشیان لەسەر دین قبووڵە کە قسەی حیزب و سەکردە سیاسییەکانیانە. لەم ڕووەوە کەسایەتی ”ئیسلامیی“ جیاوازییەکی ئەوتۆی لەکەسایەتی کۆمۆنیست یان لیبرال یان فاشیست یان ناسیۆنالیست نییە، ھەمویان چالاکەوانی سیاسیین بەرگریی لە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی دیاریکراو دەکەن. کەسی ”ئیسلامیی“، وەک ئەو کەسانەی تر، دەیەوێت ئایدیۆلژیا سیاسییەکەی حوکمڕان بێت.  یەکێک لە مەترسییە ھەرە سەرەکییەکانی ئیسلامی سیاسیی یەکسانکردنی ”موسڵمان“ە بە ”ئیسلامیی“. بەم یەکسانکردنە ئەو مافە بەخۆی دەبەخشێت بەناوی زۆرایەتی کۆمەڵگاوە قسەبکات و خۆی بە نوێنەری ئەو زۆرایەتییە بزانێت. ئەگەرچی ھەڵبژاردن و ژمارە و ئامار نیشانیبدەن کە ئەو نوێنەرایەتیی نەڕاستە نە ھیچ مەعقولیەتێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکی تێدایە. من سەرەتا وتم  ملیار و نیوێک ”موسڵمان“ لە جیھاندا ھەن بەڵام ئەندامان و ھەاوادارنی ئیسلامی سیاسیی ژمارەیەکی ھێجگار کەمی ئەم زۆرینەیەیە. قسەکردن بەناوی زۆرینەی ”موسڵمانان“ و یەکسانکردنی ”ئیسلامی بە موسڵمان“ نیشانیئەدات ئەم ھێزانە دەیانەوێت ھەم تاکەکەس و ھەم کۆمەڵگا، ھەم حکومەت و ھەم دەوڵەت، ھەم دەرکردنی یاسا و ھەم ڕێکخستنی ژیانی گشتیی، بەناوی نوێنەرایەتیکردنی زۆرینەوە قۆرخبکەن. لەمەشدا ئەوەی ئاراستەی بزوتنەوە ”ئیسلامیی“ەکان دەکات کەڵەکەکردنی دەسەڵات و کەڵەکەکردنی ھێز و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە، ھەم سەرمایەی مادیی و ھەم سەرمایەی ڕەمزیی.  پرسیارێکی گرنگ بکرێت لێرەدا لە خۆمانی بکەین ئەوەیە ئایا ”موسڵمان“ بۆی ھەیە لەسەر بنەمای دین بزوتنەوەی سیاسیی دروستبکات و ببێت بە ”ئیسلامیی“؟ ئایا دەشێت پارتی سیاسیی ئیسلامی یان مەسیحی یان جولەکە یان ھەر دینێکی تر دروستبکرێت و ھەبێت؟ وەڵامی من بەم پارسیارانە لە کۆتایی نەوەدەکانەوە بە بەڵێ بووە. بەرگریم لەو دیدە کردوە کە دەکرێت پارتی سیاسیی دینیی بوونی ھەبێت، وەکچۆن دەکرێت پارتی سیاسیی نادینیی بوونی ھەبێت. ئەوەی من لەم خاڵەدا، لە زۆرێک لە چەپگەر و عەلمانیەکانی دونیای ئێمە جیادەکاتەوە، ئەو بەڵێ گوتنەیە بەو پرسیارە. لەکاتێکدا زۆرانێک لە لە ھێز و نوخبە چەپ و عەلمانیەکەی لە دونیای ئێمەدا ئامادەن، پێیان وایە نابێت و ناکرێت ”موسڵمان“ ببێت بە ”ئیسلامی“، نابێت ھێزی سیاسیی ھەبێت لەسەر بنەمای دین دروستبکرێت. من ھەمیشە ئەم وەڵامە نێگەتیڤەم بە وەڵامێکی نادمیوکراس زانیوە و پێموابووە و تا ئێستاش پێموایە ڕێگرتن لە ”موسڵمان“ بۆئەوەی ببێت بە ”ئیسلامیی“ ڕێزنەگرتنە لە مافی جیاوازبوون و پلورالیزمی سیاسیی وکۆمەڵایەتیی. بەڵام ئەم بەرگریکردنە لە گواستنەوەیە لە ”موسڵمان“ەوە بۆ ”ئیسلامیی“ مانای ئەوە نییە ”ئیسلامیی“ەکان دیموکراسن، یان بەرگریکەر و قبووڵکەری پلورالیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتین. نەخێر ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی و بانگخوازەکانیان و ئەو فۆرمانەش لە دینداریی کە دروستیدەکەن، ھیچیان لەگەڵ سەرەتا ھەرە سادەکانی دیموکراسیەت و ڕێزگرتنی پلورالیزمدا نایەنەوە. بەڵام ئەم دۆخی دیموکراسنەبوونە دۆخێکی گشتییە و ھێزە نادینیی و عەلمانییەکانی دونیای ئێمەش، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لە ئیسلامییەکان نییە ، خراپتر نەبن باشتر نین. ئەوانیش وەک ئیسلامییەکان، ھێزی نادیموکراس و دژ بە پلورالیزمن.  لە دونیای ئێمەدا نووقسانیەکی گەورە و ھاوبەش لە تێگەیشتن و پیادەکردنی دیموکراسیەت و پلورالیزمدا ھەیە، کە ھەم ئیسلامییەکان و ھەم نائیسلامییەکان بەشێکن لێی. لەم ڕووەوە بۆچوونی من، کە بە درێژیی لە کتێبی ”دین و عەلمانیەت“دا بەرگریم لێکردوە، ئەوەبووە و ئەوەیە کە ھەردوو بەرەکە، ھەم ئیسلامیی و ھەم نائیسلامییەکان، پێویستیان بە فێربوون ھەیە، فێربوونی ئەوەی ببن بە ھێزی دیموکراس و ڕێزگر لە پلورالیزم.  بە کورتییەکەی، وەکچۆن ”کوردبوون و پارتیی بوون“، ”کوردبوون و یەکێتی بوون“ یەکشت نین و بەیەکتر یەکسان نین، بەھەمان شێوە ”موسڵمانبوون و یەکگرتووبوون“، ”موسڵمانبوون و کۆمەڵەبوون“، ”موسڵمانبوون و سەلەفیبوون“ یەکشت نین و بەیەکتری یەکسان نین. تێگەیشتن لەم سەرەتا زۆر سادەیە ھەنگاوی یەکەمی دەرچوونە لەو عەقڵیەت و ئەخلاقیاتی قۆرخکردن و خۆبەخاوەن زانینەی دین و نادین، کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەخەستی ئامادەیە.  ڕێژەی ”ئیسلامیی“  لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە بەراورد بە ڕێژەی ”موسڵمان“ڕێژەیەکی کەمە، بەشێکی کەمی کۆمەڵگای ئێمە ئەندام یان ھەواداری ھێزە ئیسلامییەکانە. لە دواھەمین ھەڵبژاردندا نزیکەی ٧٠ لەسەدی کۆمەڵگای ئێمە بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی کرد و دەنگی بە ھیچ ھێزێک نەدا. نە دەنگی بە ھێزە نادینییەکان دا، نە بە ھێزە ئیسلامییەکان. ئەو سی لەسەدەش کە دەنگیان دا نزیکەی نیوەیان دەنگیان بە پارتی ویەکێتی داوە. بەم مانایە ژمارەی ئەوانەی لە دواھەمین ھەڵبژارندا دەنگیان بە ئیسلامییەکان داوە لەنێوان ١٠ بۆ ٢٠ لەسەدی خەڵک، یان ”موسڵمان“انی، ئەو کۆمەڵگایەیە. کەچی لەپاڵ ئەم ڕاستییە سادانەدا ”ئیسلامییجەکان نەک تەنھا بەناوی ھەموو موسڵمانانی کوردەوە قسەدەککەن، بەڵکو بەناوی ھەموو ”ئیسلام“ ەوە دەدوێن. جورئەتی ئەوەش دەکەن بەناوی ئەو کەمینە ”ئیسلامیی“ەوە بڕیار ئەوەبدەن کێ ”موسڵمان“ە و کێ دژە ”ئیسلام“ە و کێ لە ئاشتیدایە لەگەڵ ”ئیسلام“. ئەمەش ڕووکارە ئایدۆلۆژیی و سیاسییە ترسناکەکەی بڕێکی زۆر لە کەسانی ”ئیسلامی“ لە دونیای ئێمەدا دەستنیشاندەکات. ھەر ئەمەش لە و”موسڵمان“ە سادانەیان جیادەکاتەوە کە لەو کۆمەڵگایەدا دەژین.


عوسمانی حاجی مارف بەدوای ساڵێک لەهەڵبژاردنەکانی عێراق و چەندین گفتوگۆو دانوسان و کێشمەکێش و بارگرژی نێوان پارتی و یەکێتی، دەرئەنجام لەژێرناوی پەیامی پوچ و بێناوەرۆکی "یەکڕیزی کوردە"وە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ڕێکەوتنێكی ناچاری و شەرمنۆکانەیان واژۆکردو ڕاگەیاند. بەهەمانشێوەی ملکەچیەکانی پێشوویان، پابەندبوون و پاشکۆبوونیان بەئایندەی حکومەتێکی تەوافقی بێپایەی بەغداوە دووپات کردەوە. چەندینبارە ئایندەی سیاسی کوردستانیان خستەوە ژێر ڕەحمەتی چارەنووسی خۆسازدان لەگەڵ هێزە کۆنەپەرست و تائفیە میلیشیاکانی عێراقدا. گەر ملکەچی پارتی و یەکێتی بۆ بەشداریان لەدەسەڵاتی سیاسی لەرزۆکی بەغدا لەو ناچاریەوە هاتبێت پێگەی سیاسیان لە ناوچەکەدا داشکاوە و لە قەیرانێکی قوڵی ئابوری و سیاسی تێوەگلاون، ئەم خۆسازدانەو ڕێکەوتنەیان نەک ناتوانێ بۆ دانیشتوانی عێراق و بۆ دانیشتوانی کورسستان نیشاندانی ئایندەیەکی گەش بێت بۆ کۆتاییهێنان بە نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و گێژاوی سیاسی لەکوردستان و ناوچەکەدا، بەڵکو ناشتوانێ ئاڵۆگۆرێک بێت لەبردنەپێشەوەی پێگەی سیاسی خۆشیاندا. لەهەمانکاتدا ڕیگای دەربازبوونشیان نابێت لە قەیرانەکان.هەربۆیە دەبینین ئەو قەیرانەی یەخەی سیاسەتەکانی پارتی و یەکێتی گرتووە، زیاتر لە ڕامان و چاوەڕوانیدا ماوەتەوە، کە لەئێستادا بە ئاشکرا دەبینین ناتوانن هیچ جۆرێک بوێری ئەوە بکەن تا ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنی کوردستان بە ئەنجام بگەیەنن، لەناچاریدا بڕیاریان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان جێبەجێ کرد. قوڵبوونەوەی بەردەوامی قەیرانی سیاسی و ئابوری و مانەوەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیسیۆنەوە لە چارەسەرنەکردنی کێشە ئابوری و سیاسیەکانی ئەم سیستەمەی کە سی ساڵە خۆی بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستاندا داسەپاندووە، قەیران و سیستەمێکە لە حوکمرانیدا، کە بەدیار بازاڕی جیهانی و یەکلابوونەوەی کێشمەکێشی ‌هێزە ئیمپریالیستیەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە و بارودۆخی عێراق و ململانێی ڕەوتە بۆرژوازیەکان ڕاوەستاوە. لەئاکامیشدا کۆمەڵگەی کوردستانیان لە گێژاوێکی سیاسی و بێدەرەتانییەکی ئابوری و چاوەروانیدا ڕاگرتووە. بۆیە ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر سەرۆک کۆمار جگە لە سەوداو مامەڵەی بازاڕی نێوان خۆیان، شتێکی تر نادات بەدەستەوە. ئێستا بازرگانیکردن بە پۆستی سەرۆک کۆمارو هەڵگرتنی هەڵبژاردنی کوردستانیش بۆ ناو گەنجینەیە، لەلایەک بۆئەوەیە بەڵکو نرخی هەڵبژاردنەکەیان زیاد بکات، لە لایەکی ترەوە دانانی سەرۆک کۆمارە، کە لەوێستگەیەکی چاوەڕوانیدا بۆئەوەیە بزانن ئایندەی نادیاری ئاکامی کێشمەکێشەکانی نێوان خۆیان و بەغدا و ئەو ئاڵوگۆڕ و پێشهاتانەی لەدەرەوەی ویست و ئیرادەی پارتی و یەکێتی بەسەر کوردستان و ناوچەکەدا دەسەپێنرێت، بەچی ئەگات. ئێستاش لەگەڵ ئەوەی بە هەر بێنەوبەرەیەک لەسەر کێشەی مامەڵەی سەرۆک کۆمارو پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا  یەکلایی بوونەوە، بەڵام درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندە بەو هەلومەرجە سیاسیەوە، کە لەلایەک لەڕاستای ئەو پێشهات و ئاڵوگۆرانەدایە، کەئەگەری ئەوە پێشبینی دەکرێت دەورانێکی تازە لە ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا بە دەخالەتی وڵاتانی زلهیزی دنیاوە بەڕێ بخرێت و دابمەزرێنرێت. لە لایەکی تریشەوە نیشاندانی مەترسی و بێئاسۆیی و دۆشداماوبونی حزبە ناسیۆنالست-میلیشیا دەسەڵاتدارەکانە، کە لە بەرانبەر ئەو ڕاپەرینە جەماوەریە بەرفراوانەی ئێران، کە بە ئاراستەی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت، حزبەکانی کوردایەتی لە کوردستانی عێراق سەرسام و سەرگەردانتر کردووە. چونکە ئەم ئاڵوگۆڕانە تەواوی پێگەو جێگەوڕێگەیی پارتی و یەکیتی بە قەیرانێکی قوڵتر گەیاندووە و لە حاڵەتێکی چاوەڕوانیدا گەمەی سیاسی دەکەن و لە بەردەم ئایندەیەکی سیاسی نادیارو مەترسیداردا خۆیان دەبیننەوە. ئەم دەسەڵاتە کوردیە داسەپاوە ژیان و گوزەران و سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی هەواڵەی بازاڕ کردووە و سپاردویەتی بە چاوچنۆکی سەرمایەداران. ئەم دەسەڵاتە، کە ٣٠ ساڵە کۆمەڵگه‌ی کوردستانی لە گێژاوی سیاسی و بێدەرەتانیەکی گەورەی ئابوری و نەداریدا ڕاگرتووە، ئەمڕۆش دووچاری بێئاسۆیی و سەرگەردانی زیاتر بوون. جارێکی تر بە ناوی دانانی سەرۆك کۆمار ئایندەی کوردستان ئاوێزان بە ئایندەی پر قەیراناوی وساتوسەوداو سازدانی نێوان هێزە میلیشیا تائفەکانی عێراق دەکەنەوە. بەئاشکرا ئەوە دەبینرێت، کە لە هەر پێشهات و ئاڵوگۆڕێکدا چینی دەسەڵاتداری کوردستان ناکام و بێوەڵام و بێچارەیە لەبەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا. بێوەڵامە بە سەرەتاییترین داخوازیەکانی جەماوەری ناڕازی، بێوەڵامە لەسەر هەر نەخشەو دەخالەت و پلانێک، کە وڵاتانی ناوچەکە بەسەر کوردستاندا دەیسەپێنن، بێوەڵامە لەبەرانبەر پەرەگرتنی تیرۆر و نائارامیدا. هاوکات گوشارەکانی حکومەتی عێراق لەسەر هەرێم و کێشەو گێژاوی پەیوەندیەکانی نێوانیان پەتایەکە هەموو ڕۆژێک پلەکەی بەرزتر دەبێتەوە. بەرینبوونەوەی بێکاری و هەژاری و ڕوتاندنەوەی خەڵک و زۆربوونی تاوان و کەمی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها بەردەوامی و درێژەکێشانی ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ خواستەکانیان بە گشتی و بۆ خواستی کۆتاییهێنان بەدەسەڵات بەتایبەتی، دیاردەیەکی دیارو تایبەتی دۆخی نەوەستاوی ئێستای کوردستانە. ئەگەری سەرهەڵدانی گۆڕانکاریەکی جددیە کە پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ڕاستای هاتنەمەیدانی جەماوەری، توڕەیی بەرفراوانی ناڕازی بە ئاراستەی خواستی ڕوخانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی خۆی دەنوێنێت و هەنگاو دەنێت. ئەم دەسەڵات و سیستەمە خوێنمژەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی سەپاندویانە، نە بە ئەنجامدانی دیاریکرنی سەرۆك کۆماری عێراق، نە بەپێکهێنانەوەی حکومەتی تەوافقی لە عێراقدا و نە بە چاکسازی، نە بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە کارتۆنیەکەیان چارەسەری برسێتی و بێدەرەتانی و کێشە کەڵەکەبووەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو ئامانجیان فەراهەمکردنی هەلومەرجی لەبارترە بۆ قازانجی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران و دەستڕاگەیشتنیانە بە داهاتی زیاتر لەسەر بناغەی چەوسانەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، دەستراگەیشتنە بە دزی و تاڵانی و گەندەڵی زیاتر، گرێدانەوەی نان و گوزەرانی خەڵک بەڕاپێچکردنیان بۆ ژێر سایەی حکومەتێکی قەومی و مەزهەبی کۆنەپەرست و غەرقی گەندەڵی کە جەماوەری ملیۆنی عێراقی نوقمی بێدەرەتانی کردووە. ئەمەش ئایندەو ڕێگاچارەیەک نییە تا خەڵکی کوردستان ئومێدی ژیان و گوزەرانێکی باشتری پێوە گرێبدەن. ڕێگاچارەی سەرڕاست و کارساز، وەلانانی ئەم دەسەڵاتە و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکە، کە بە ئیرادەی شۆڕشگێرانەی خۆمان تا سەرجەم داخوازیەکان و ژیانێکی شایستەی ئەم سەردەمە مسۆگەر بکات. لەم پێناوەشدا ڕێگایەکی ترمان نییە جگە لە هێنانەمەیدانی ڕیزی ڕێکخراو و یەکگرتوی خۆمان. تەنانەت هەر لەمڕێگایەشەوە دەتوانین بەتوندکردنەوەی فشار لەسەر دەسەڵات خواستە دەستبەجێکان بسەپێنین، چاوەروانی کوشندەیە، حزبەکانی کوردایەتی لەسەر بنەمای ئەو پێگە نزمەی لەناو هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکەدا هەیانە، ناچارن چاوەرێ بن، بەڵام چاوەڕوانی بۆ ئێمە زیانبەخشە، چونکە هەلومەرجی نالەباری کوردستان پێویستی بەڕێکخستن و یەکگرتن و سەراسەریکردنەوەی ناڕەزایەتیەکانە.  پێویستە ڕابەرانی ناڕەزایەتیەکان تەواوی هەوڵ و توانای خۆیان بۆ ڕێکخستن و یەکگرتوکردن و دابینکردنی ڕابەرایەتیەکی کارا بۆ ئەم بزووتنه‌وه‌یە بەگەڕبخەن. بزووتنه‌وه‌یەکی بەهێزی ئەوتۆ بهێنینە مەیدان، کە هەم توانای سەپاندنی داخوازیەکانمانی هەبێت بەسەر دەسەڵاتدا و هەم سەرئەنجامیش بتوانێ ئەم دەسەڵاتە وەلابنێ و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری ڕێکخراو لە شوراکاندا بەرپا بکات. دەسەڵاتێک کە سەرجەم ئامانج و خواستەکانمان بەدیبهێنێ و ئازادی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکات.  


حسێن عه‌لی شه‌ریف میمکە سەلەم هەمیشە لە ناو ژنەکانی گەڕەکدا ئەیگوت: ئەومە قوروانەکەی عەنوەر و ناسیح، بەخوا لەم بنەماڵەی یەمەدا بەس ئەو دووانە پیاون و لەژن ئەدەن! دوای دوانزە ساڵ کە بۆ یەکەم جار گەڕامەوە کوردستان، بەبەرچاوی ژنەکانی خانەوادەکەمەوە، کوڕە یەک ساڵانەکەم پاک کردەوە، دواتر بیستم کە زۆرینەی ژنەکان گوتبویان: خۆزگا دوانزە ساڵی تریش نەهاتایەتەوە! کە ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی ئادابی بێ ئەدەبی ئێران شەهیدکرا، ژنانی رۆژهەڵات و ژنانی ئێرانی نەهاتن و لە ژێر هەواڵی شەهیدبونەکەیەوە بنوسن: ئەگەر شتێکی نەکردوە بۆ ئەیکوژن! نەهاتن و بنوسن: دەستی پۆلیسەکان خۆشبێت، نەهاتن ببنە تەرەفداری جەڵلاد بەرانبەر جەڵدەلێدراو! هەربۆیە ئەبینین شۆڕشی ژینا، نەک رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکو تەواوی ئێران و ناوچەکەشی خستۆتە بەر شەپۆلی گۆڕانکاری! سەرکەوتوویی شۆڕشی ژینا هۆکارەکەی بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە ژن بوە پشتی ژن، ژن بوو بە دەنگی ژن! بە درێژایی ئەم سی ساڵەی دوایی لە باشوری ئێمەدا هەزاران ژن کوژران، بەڵام تیرۆری هیچ ژنێک نەبوو بە خەمی ژنێکی تر! هەزاران ژینا نەوتیان کرد بە خۆیاندا و ژنانی تر لەبری ئەوەی دەستیان بگرن، شقارتەیان دایە دەستیان! ژنانی ئێمە ڕۆژانە بە باڵای ئەو شاعیرە ڕۆمانسییانەدا هەڵئەدەن کە شیعر بۆ مەمکی ژنانی تر ئەڵێن و شەق لە ژنی خۆیان هەڵئەدەن! ژنانی ئێمە ڕۆژانە ڤیدیۆی ئەو مەلایانە پۆستئەکەن، کە ژنان بە فیتنە ناوئەبەن و دژی بۆنی خۆش و چونەدەرەوەی ژنەکانن! ژنانی ئێمە خۆیان بونەتە بەڵا بۆ گیانی خۆیان، ژنانی بە ناو پارێزەری مافی ژنانی ئێمە، لەبری ئەوەی ژنان فێری شۆڕش بکەن، هەوڵئەدەن فێری کێشانی جگەرەیان بکەن! لەبری ئەوەی ژنانی ئێمە فێری ئەرک و ماف و گرنگی خێزانبکەن، تەنها و تەنها ئەو وانەیان پێئەڵین کە چۆن دژی پیاوەکان بوەستن! ژنە بێژەری تەلەفزیۆنمان، بەدیار ئیهانە و بوختان بۆ دروستکردنی پیاوێکی بە حساب شاعیر لە دژی ژنە کۆنەکەی، دەم پان ئەکاتەوە و پێئەکەنێت! ژنێکی داماوی وەک میمکە سەلەم ئەکەن بە پاڵەوانی شاشە و سۆسیال میدیا و زۆرینەی ئەوانەی ئەڵێن : وەڵا ڕاستئەکات، هەر ژنن! خوشکە چاوی بەوەدا هەڵنایەت براکەی لەگەڵ ژنەکەی باشبێت، خەسوە بەبێ هیچ هۆکارێک ڕقی لە بوکە، ژنە هەمیشە هەوڵئەدات خوشکی مێردەکەی تۆراو و تێهەڵدراوبێت! ژنە هەمیشە بە قسەی ناشیرین ژن ئەشکێنێت، ژنە کە چاوی بەوەدا هەڵنایەت کە ژنێکی تر بە جوانی و سەرکەوتویی ببینێت! لە پشت ساردی و توڕەیی زۆرینەی پیاوانەوە بەرانبەر ژن و کچەکەی، ژنێکی تر هەیە! ژنە ئەچێتە سەر ژن، ژنە چاوی بە خۆشی ژنێکی تردا هەڵنایەت! هەتا ڕقی ژن لەژن لە مێشکی ژنی ئێمەدا نەگۆڕدرێت بە خۆشەویستی ژن بۆ ژن، هەتا دەستگرتنی یەکتر نەچێتە جێگای ملشکاندنی یەکتر ئیمکان نیە لەم خاکەی ئێمەدا مەرگی هیچ ژینایەک بچوکترین گۆڕانکاری دروستبکات! دەرد هەر خۆتانن و دەرمانیش هەر لای خۆتانە، چاوەڕێ مەکەن هیچ ژنێکی ناژن و هیچ پیاوێکی ناپیاو ببنە دەمڕاست و پەناتان!


ڕێبوار محمد ئەمین   لەئێستا دا جیهان بەقۆناغی ڕاگوزەری نەزمی نوێی نەوت و گازدا تێدەپەڕێت . ململانێی وزەو جەنگی ڕووسی ـ ئۆکراین  تەواوی سیاسەت وئابوری لەجیهان گۆڕیوە بەگشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ،بەبۆچونی من هەموو ئاراستە ئابوری وسیاسیەکان بەقازانجی کورد دەشێکێتەوە ئەگەر کورد لەخۆی تێک نەدات. گۆڕانکاریەکانی چین : یەکەم  ـ گۆڕانکاری ئابوری  بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس بۆکەمکردنەوەی هەناردەی نەوت  لێکەوتەی ئەرێنی بۆکورد لێکەوتەوە بەوەی کە دەیانەوێت نرخی نەوت بەرزکەنەوە  ئەم بەرزکرودنەوەیە  وادەکات هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی بەردەوامی باشی هەبێت و هەوڵی کۆنترۆڵی کێشە ئابوریەکانی بکات و مەترسی قەیرانی زیاتری لێ دووربکەوێتەوە و لەبەرانبەر بەغدادا سەربەخۆی ئابوری وسیاسی بەهێزی هەبێت.  لەململانێکی دۆسیەت نەوت دا بەکارتێکی بەهێزەوە ململانێ بکات. دووەم  ـ گۆڕانکاریە سیاسی یەکان  بەهۆی جەنگی ڕووسی ـ ئۆکراینەوە تادێت  وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش دەبن بەسەربەرەی شەڕدا کەبەم شێوەیە : ١-وڵاتانی عەرەبی ناو ڕێکخراوی ئۆپێک بەعێراقیشەوە  لەئێستا بەهۆی بڕیاری کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتەوە خۆیان خزاندۆتە بەرەی ڕووسی و دژی ئەمریکی یەوە  ئەمەش کاریگەری ئەرێنی بۆ دۆسێی نەوتی هەرێم هەیە لەگەڵ بەغداو پشتیوانی زیاتری بۆ کورد  پەیدادەکات  باشترین نمونە هاتنی کۆمپانیای کۆمێت گرووپی ئەمریکی یە بۆهەرێم بۆ وەبەرهێنانی نوێ لەبواری نەوت لەکاتێکدا کە بەغداد دەیەوێت کۆتای بە دۆسێی نەوت بهێنێت وبیخاتەوە ژێردەستی خۆی. ٢-تورکیا تورکیا لەئێستادا دەیەوێت هاوسەنگی لەنێوان ناتۆو ڕووسیا ڕابگرێت بەڵام ئەم هەڵوێستەی ناتۆی نیگەران کردوەو جێگەی متمانەی ناتۆو ئەمریکا نی یە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تورکیا و هەمووگوشارێک لەسەرتورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر کورد بەگشتی دەبێت. ٣-ئێران ئێران لەململانێ یەکی توندی ناوخۆی،هەرێمایەتی نێودەوڵەتی ئابوری وسیاسی یە ،لەلایەک لەناوخۆ هەژانێکی سیاسی گەورەهەیەو دۆخەسیاسی یەکەی ئاڵۆزکردوەو گەمارۆکانی سەرئێرانیش دۆخەئابوریەکەی قورس کردوە. ئێران لە ململانێدایە لەگەڵ بەشێک لەوڵاتانی عەرەبی ئەمانەش تێچێن دەکەن لەوڕووداوانەی ناوئێران وسەرئێشەی بۆدروست دەکەن. هەروەها ئێران لەململانێیەکی توندە لەگەڵ ڕۆژئاواو بەهۆی درۆنەکانی یەوە پشتیوانی ئاشکرای بۆڕووسیا سەلماندوە دژی ئەمریکاو ئەوروپا ئەمەش لێکەوتەی مەترسی داری لێەکەوێتەوە. ململانێکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان  بەبۆچونی من بەرەوخاوبوونەوە دەچێت لەبەرئەم هۆکارانە : ـ  ئەگەر ئێران بیەوێت  پەرچەکرداری بەردەوامی هەبێت دژی هەرێم بەهۆی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوا زیانی ئابوری وسیاسی دەبێت بۆ ئێران، لەڕووی ئابوری یەوە کێشە بۆبازرگانی دروست دەبێت و ئێران زیانی پێدەگات ناتوانێت هەرێم وەک بازاڕی خۆی بەکاربێنێت وزیانی پێدەگات. لەڕووی سیاسی یەوە  ئەگەر ئاڵۆزی  بەردەوام بێت لەگەڵ هەرێم ئاڵۆزیەکان بۆناوخۆی ئێران زیاتردەبێت. بەبۆچونی من نیگەرانیەکانی ئێران لەدۆسەی غازی هەرێم کەمبۆتەوە و بەهۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ تورکیا بۆهەناردەی غاز،وەهەروەها پشتیوانی کورد لەحکومەتی نوێی عێراق کاریگەری دەبێت لەخاوکردنەوەی ململانێکانی نێوان هەولێرو بەغدادو ئاراستیەکی نوێ وەردەگرێت بەوەی ئێران دەیەوێت کورد بەردەوام پشتگیری حکومەتی نوێی عێراق بکات چونکە  موقتەداسەدر وەک دوژمنێکی حکومەتی نوێ سەیردەکات ئەگەر کورد پشتیوانی حکومەتی بەغداد نەبێت بۆ سەدر ئاسانتر دەبێت بۆ ڕووخانی. ئەنجام  هەموو گۆڕانکاریەکان بەقازانجی کورد دەشێکێنەوە هیوادارم کورد بەوپەڕی ژیری یەوە خۆی ئامادەبکات و سود لەڕووداوەکان وەربگرێت و یەکڕیزی ماڵی خۆیشی ڕێک بخات و یەک دەنگ ویەک ڕەنگ بن.   * ماستەر لەگرێبەستی نەوت وگاز  


مەریوان وریا قانع چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وا بڕیاربوو سیمینارێک لەسەر یەکسانی جێندەریی، کە بابەتەکەی ”کۆرسی پێگەیاندنی ژنانی سەرکردە“ بووە، لە زانکۆی ھەڵەبجە ئەنجامبدرێت. بەڵام لەلایەن بڕێک لە خوێندکارانی زانکۆکەوە ڕێگری لێکراو نەیانھێشت سیمینارەکە ئەنجامبدرێت. ڕۆژی بەر لە گیرانی سیمینارەکە سایتی ”گەنجانی یەکگرتو“ بە زمانێکی تەواو ترسناک و ھێرشبەر ھەواداران و قوتابیانی خاوەنی مەیلی ئیسلامیبوون ھاندەدات و دەوروژێنێت بۆئەوەی ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی سیمینارەکە. سایتی گەنجانی یەکگرتو دەنووسێت ”قوتابیانی زانکۆی ھەڵەبجە زۆر وریا و ھۆشیار بن، سبەینێ ھەمان ژەھر لە زانکۆکەتان دەڕژێنرێت، ئازایانە و دلێرانە و ڕۆشنبیرانە بەرپەرچی ئەم ژەھر خواردنە ببنەوە. ئێوە داھاتو پرشنگی نوێی نیشتیمانن، ئێوە بە ئامانج گیراون. سبەی ئەسپی شوناسی ئیسلامی تاو بدەن لە زانکۆ.“  ڕۆژی دواتر ئەو قوتابیانەی بەدەم ئەم داوایەوە دەچن ڕێگری دەکەن و ھەمان سایتی گەنجانی یەکگرتو دەستخۆشیان لێدەکەنو دەنووسن: ”كەسانێك هاتوون باسی مافی ئافرەتانمان بۆ ئەكەن ئافرەتیان كردوە بەكاڵا لەباڕ و  بڕاندە كانیان خزمەتیان پێ ئەكەن“، ”ئەیانەوێ خوشكانمان تێ بگەیەنن گوێڕایەڵی كردنی خێزان دواكەوتوویە“. لە درێژەی قسەکانیاندا دەنووسن ”ئیسلامیەكان باشترین فكرەكان كەسەكانی كۆمەڵگای ئیسلامی ئەهێنن بۆ كوردستان عەلمانیەكانیش كام فكرە ئەورووپیەی سوودی نەبێ كام كەسەی زۆر پووچە لەو كۆمەڵگایەی خۆراوا ئەوەمان بۆ ئەهێنن.“ ئینجا دەنووسن ”خزمەتی مێردەكەت بكەی تۆ ئازادیت پێشێل كراوە بەس لەدەرەوە كام كارەی قورسە بیكەیت ئەوە ئازادیە.“. لە کۆتایشدا بەم شێوەیە دەستخۆشی لەو خوێندکارانە دەکەن کە ئەم ڕێگرییەیان کردوە: ””دەسیان خۆش بێت نمونەیان زیاد بێت خوندکارانی بەڕەوشتو داوێن پاک“ با واز لە ناوەرۆکی ئەو قسانە بھێنین کە پڕە لە توندوتیژیی ڕەمزیی، با وازیش لەو مەیلی خۆکردن بە کوێخای ئەخلاق و بە پاڵەوانی داوێنپاکییەش بھێنین کە سایتی گەنجانی یەکگرتو لەسەر خۆیانی تاپۆدەکەن. بەڵام ھێشتاکو ئەو وێنە شەیتانییە دەمێنێتەوە کە گەنجانی یەکگرتو بۆ کەسایەتی و بەشە عەلمانیەکەی کۆمەڵگای ئێمەی دروستیدەکەن. ئەگەر ئیسلامییەکان کەسانی بەڕەوشت و داوێنپاک بن، ئەوا پێچەوانەکەیان، کە عەلمانییەکانن، کەسانی خراپەکار و بەدڕەوشتن. ئەم کەلەپوری بەشەیتان و بەدڕەوشتکردنی کەسانی عەلمانیی و عەلمانیەت کەلەپورێکە لەسەردەمی ئەبو عەلای مەودودی پاکستانی و حەسەن بەنای میسرییەوە، تا سەر  کادرەکانی یەکگرتوی ئیسلامی، ئامادەیە و بەردەوام پەرەشی پێئەدرێت. دەڵێم با واز لەم ڕووە ناشیرینەی مەسەلەکە بھێنین کە ھی ئەوەیە یەکگرتوی ئیسلامی بەھۆیەوە بۆ بەردەمی دادگا ڕابکێشرێت. ئەوەی پێویستە لەسەری بوەستین، ئەوەی پێویستە  ھەموومان لەسەر بوەستین، ئەو پێشێلکردن و پەلاماردنە گەورەیەیە کە گەنجانی یەکگرتو و ئەوانەیش کە ڕێگریان لە ئەنجامدانی سیمینارەکە گرتوە، دەیەکە سەر دوو پرنسیپی ھەرەسەرەکیی کە سەرجەمی ژیانی ئەکادیمیی لە ھەموو جیھاندا لەسەر ڕاوەستاوە. ئەو دوو پرنسیپەش بریتین لە : یەکەم: ئازادیی ئەکادیمیی دووھەم: سەربەخۆبوونی ئەکادیمیی ئازادیی ئەکادیمیی کۆڵەکەی ھەرەسەرەکیی و ھەرەبنەەتیی ژیانی ئەکادیمییە. لەڕێگای ئەم پرنسیپەوە مامۆستایان و توێژەرانی ناو زانکۆکان دەتوانن ئازادانە توێژینەوە زانستییەکانیان ئەنجامبدەن و دەرەنجامی ئەو تۆژینەوانەش چاپ و بڵاوبکەنەوە، ھاوکات دەتوانن ئازادانە وانەکانیان بڵێنەوە و لە چوارچێوەی زانکۆدا ئەو کۆڕ و سیمینارانە بگێڕن کە دەیانەوێت. ئەکادیمیان دەبێت بتوانن بابەتی توێژینەوەکانیان و پرسیاری تۆژینەوەکانیان و شێوازی ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان خۆیان هەڵیبژێرن و ئازادانەش بۆچوونەکانیان لەگەڵیەکتردا باسبکەن، تەنانەت گەر ئەو بۆچوونانەش بەتەواوی نەخەمڵابن و ھێشتا سەرەتاییش بن. جگە لە ئازادیی ئەکادیمیی ئازادییەکی دیکەش لەناو زانکۆکاندا ھەیە کە ئازادی ڕادەربڕینە، ئەمەشیان مەرجێکی ھەرە گرنگیی پاراستنی ئازادیی ئەکادیمییە لەناو زانکۆ و دەزگا ئەکادیمییەکاندا. لە زاکۆدا توێژەرە و مامۆستاکان، بە حوکمی پێگە زانستییەکەیان، خاوەنی ئازادیی ئەکادیمین، بەڵام ئازادیی ڕادەربڕینیان ئازادیی ئەوانە وەک ھاوڵاتیی بەبێ بەستنەوەی ڕادەربڕینەکانیان بە پێگەی زانستیی ئەوانەوە. بەم مانایە لەناو زانکۆدا بەردەوام دووشێوە لە ئازادیی ھەیە و کاردەکات و بەسەریەکیشەوە زانکۆ وەک ڕووبەرێکی تایبەت لە شوێنەکانی تر جیادەکاتەوە. ئەوەی گەنجانی یەکگرتو و خوێندکارەکان ئەنجامیانداوە، ژێرپێنانێکی تەواوەتی ئەم دوو ئازادییە، کە نابێت بەھیچ شێوەیەک بێدەنگیی لێبکرێت.  ھەرچی مەرجی دووھەمە، واتە مەرجی سەربەخۆیی ئەکادیمیی، ئەمیشیان زیاد لە ڕەھەندێکی ھەیە. یەکەمیان ھێما بۆ سەربەخۆیی ئەکادیمییەکان دەکات لەو ئیدارەیەی لەناو زانکۆ ھەیە و زانکۆکە وەک دەزگایەکی بیرۆکراسیی بەڕێوەدەبات. دووھەمیان ھێما بۆ سەربەخۆیی زانکۆ لە حکومەت و ەسەڵاتاداران دەکات. لێرەدا سەربەخۆبوون پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە لایەنی دەرەکیی بۆیان نییە دەستبخەنە ناو ئەو بوارانەوە کە زانکۆ تۆژینەوەیان تیادا ئەنجامەئدات، بۆشیان نییە دەستبخەنە ناو وانەکانەوە، واتە دەستبخەنە ناو جۆری ئەو وانانەی دەگوترێنەوە و ئەم مەنھەج و تیورانەی بەکاردەھێنرێن. لە ڕاستیدا یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەت ئەوەیە ئەم سەربەخۆییەی زانکۆکان دەستەبەربکات و بپارێزێت. ئەوەی کۆمەڵێک لە قوتابیان لە ھەڵەبجە ئەنجامیاندا پێشێلکردنی تەواوەتی ئەم پرنسیپە بنەڕەتییە و سەپاندنی ڕا و بۆچون و عەقڵەیتی گەنجانی یەکگرتوە بەسەر زانکۆکەدا.  ئەوەی ڕوویدا ھێرشێکی بەرچاو و بێشەرمانەیە بۆەسەر ھەردوو ئەو پرنسیپە سەرەکییە کە ژیانی ئەکادیمیی لەسەر بەندە. بێدەنگبوون لەم مەسەلەیە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە ژیانی ئەکادیمیی.   وتارەكان گوزارشت لە بۆچونی نوسەر خۆیان دەكەن 


 * بەهرۆز جەعفەر  چوار فاکتەری گەورە، هەڕەشە لەم هەسارەیە ئەکەن و، لەنگەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان تێک و پێکداوە: ١/ گۆڕانی کەشوهەوا، بەهۆی پیسبونی ژینگەو گەرمبونی گۆی زەوی و وشکە ساڵییەوە. لە لایەک بۆتە هۆی کارەساتی سروشتی (تەنها لە مانگێکدا بە بەهای ٣٠ ملیار دۆلار لافاو زیانی لە پاکستان داوە) لە لایەکی تریش بۆتە هۆی قەیرانی کەمئاویی و هەڕەشە لە بەرنامەی خۆراکی جیهانیش ئەکات. ٢/ قەیران و لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیاو خۆرئاوا. کە تێچووی ئەم جەنگە لە ٢٤ ی شوباتی ٢٠٢٢ ەوە تا ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بە (٣) تریلیۆن دۆلار ئەخەمڵێنرێت. گەورەترین لێکەوتەی ئەوەیە کە قەیرانی گازی سروشتی و گرانی بازاڕی وزە وایکردووە هەڵاوسانێکی ئابوریی بێوێنە لە ئەوروپاو ئەمریکا دروست ببێت. ٣/ قەیرانی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی. جگە لە (٥) ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش چەندین وڵاتی وەکو پاکستان و ئیسرائیل و ئێران و کۆریای باکور دەستیان گەیشتوە بە چەکی ناوەکی یان نزیکن لەو بەرنامە ئەتۆمییە. ٤/ قەیرانی بڵاوبونەوەو تەشەنەسەندنی "نایەکسانی" لە تەواوی وڵاتانی دیموکرات و نا-دیموکراتدا، چینی ناوەڕاست ڕووی لە کەمبونەوەیە. لەم ساتەدا تەنها لە یەمەن (٧٥٠) هەزار منداڵ پێویستیان بە خۆراکەو تووشی برسێتی بوون.  لەگەڵ ئەمانەشدا..ئامارەکان و ئاماژەکان بۆ ئەوروپا بە تایبەتی و جیهان بەگشتی نیشانی ئەدەن، سیستەمی سەرمایەداری- خۆرئاوایی تاقەتی بەڕێوەبردنی دونیای نەماوە: * پێش قەیرانی ئۆکراینا و گرانبونی بازاڕی وزە، کۆرۆنا ڤایرەس لە (٢٠٢٠ و ٢٠٢١) دا دەیان تریلیۆن دۆلار زیانی بە ئابوریی جیهانی و کۆی گشتی ئاستی بەرهەمهێنان لە تەواوی جیهاندا گەیاندووە. * بە گوێرەی سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا "دەنیس شیمخاڵ" جەنگ زیانی (٧٥٠) ملیار دۆلاری لە ئۆکراینا داوەو، (١٠) ملیۆن ئۆکراینیش ئاوارەی پۆڵەنداو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بوون. * تەنها لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ەوە، نرخی وزە لە ئەوروپا (٨٤٪) هەڵکشاوە.  * ئەڵمانیا (٢٠٠) ملیار یۆرۆی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گرانی نرخی وزە لەم زستانەدا تەرخان کردووە. لە (٥) وڵاتی ئەوروپیش خۆپیشاندان دژی گرانی بازاڕی سوتەمەنی دەستی پێکردووە.  * بەهای پاوەندی بەریتانی لە ساڵی (١٩٧٦) ەوە قەت وەکو ئێستا دانەبەزیوە، بەهای یۆرۆ لە هەموو تەمەنی دراوەکەدا کە (٣٠) ساڵێكە قەت وەکو ئێستا دا -نە-کشاوە. کورد چاوەڕێی دەرفەت بکات؟ کونێک (تەنها کونێک) کەوتە هێڵی بۆڕیی گازیی نۆرت ستریم-٢، ئیتر شارستانییەتی خۆرئاوا کەوتە لەرزین و خۆی خستە ژێر پرسیارەەوە! هەزاران ساڵە و لە زەمانی تیروکەوانەوە هەرچی چەکێک دروست بووە بە سەر کورددا تاقی کراوەتەوە، هەزاران جار کۆمەڵکوژی کراوە، هێشتا کورد هەر ماوەو شارستانیەت و زمان و کەلتورو ئاڵاو هێماکانی ئەگەشێتەوە.  "گۆڕان" ئەشێت باش بێت وە ئەشێت "خراپ" بێت. بە بڕوای من کورد سوودی گەروەی لە "مۆدێرنیتی" خۆرئاوایی بینی. ئەیتوانی سوودی زۆر زۆر گەورەتری لێ ببینیێت، بەڵام چونکە تێی نەگەیشت، یان درەنگ تێی گەیشتن، نەیتوانی وەک پێویست خۆی هاوتای کاروانە جیهانییەکان بکاتەوە. لێرەدا بەگشتی: * وەک دەرئەکەوێت، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوت و گازی سروشتی بەشێوەی بەرچاو بەرز ئەبێتەوە. لە هەموو حاڵەتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت ئەچێتە نێوان (١٢٥ بۆ ١٥٠$) دۆلاری ئەمریکی. بە دڵنیاییەوە لە ساڵانی ئایندەدا نرخی نەوت دائەبەزێت بۆ ٤٠ دۆلار یان ٥٠ دۆلار. ئەگەر ئەمڕۆکە خێرا کورد سوود لەم دەرفەتە نەبینێت و، ژێرخانێکی بەهێز چێ نەکات و، ئابوریی هەمەچەشن و سەرچاوەی داهات هەمەڕەنگ نەکات، کەی سوود لە دەرفەت وەرئەگیرێت؟ * بایەخدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن ئەمریکاو ئەوروپا لەلایەک و  چین و ڕووسیا لەلایەکی ترەوە ئەگاتە ئەوپەڕی. بەهۆی فاکتەری جیۆپۆلەتیک (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکەوێتە ناوەندی هەرسێ کیشوەری ئاسیاو ئەوروپاو ئەفریکا) ەوە، کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لەم سەرزەوییە بەشێکی گرنگ یان بزوێنەری ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ئێران و سوریاو عێراق و تورکیاش. هەروەها فاکتەری بازاڕ (بازاڕ واتە ڕەگەزە سەرەکییەکەی لیبراڵیزم) زیاتر لە (٤٠٪) کاڵاو شمەکی جیهانی بە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عوماندا بەرەو جیهان دێن و ئەڕۆن، هێشتا نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵیان هەیە لەسەر نرخدانانی جیهانی (وەک لە دواییین بڕیاری ئۆپیکدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بینیمان). گەورەترین هەڕەشە لەسەر کورد، لەسەر خەڵک و تاک و دەزگای کورد ئەوەیە کە هەمیشە خۆی بە کەم ئەزانێت. هەستی خۆ-بە-کەمزانینی کورد بەرانبەر نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەر، هەستی خۆ بە کەمزانی تاکی کوردو تەنانەت نوخبەو بیرکەرەوەی کوردیی بەرانبەر بە جیهانی دەرەوە، ئەو پاڵنەرە دروست ناکات کە لە ناوخۆدا پشت بە خۆی و لە دەرەوەش پاڵپشتی بە‌هێز بۆ خۆی دەستەبەر بکات. لەم چرکەساتەدا تەنهاو تەنها بیر لە ناو شەقامە شەستییەکەی سولەیمانی دەوروبەری ئەکەمەوە، دەیان حیزب و گروپ و کوتلەی جۆراوجۆری تیایە، چۆن بجوڵێیتەوە بەر یەک- دووانێکیان ئەکەویت، نە ڕوئیا هەیە نە خیتابێکی دیار! بە هەرکامێكیان ئەڵێی: تۆ بۆچی هەیت!؟ ئەیهێنێت و ئەیبات، تەنهاو تەنها ئەوەیە لەداخ و لە ڕقی ئەویتریان ئەمیش هەیە!. ئنجا وێنەکە گەورە بکە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، ئینجا بۆ هەموو کوردستان..ئیتر ئاوها.


هەندرێن شێخ راغب دیدی یەكەم: نوسین رەخنەو ئاگایی و بەرپرسیاریەتیە، لەم گۆشەیەوە دەرگای نوسینی هەر وتارێك دەكەمەوە، واتە چەمكی دنیایەكی رەش و دنیایەكی بەهەشتی نیەو بۆ داهاتووش هەمیشە  گەشبینانە دەڕوانم. بڕوام بەوەیە بە نوسین دەتوانین بەرپێی خۆمان ببینین. ئەمەش لای من ئامانجە.  دیدی دووەم: لە ئێستادا كورد لە عێراقدا لە لاوازترین ئاستی خۆیدا دەژی، تەعریب سەد لەسەد دەستی پێكردۆتەوەو رێگای پێ لێناگیرێ. هیچ بڕە بودجەوموچەو پارەیەكی لە عێراقەوە بۆ نایەت و ناشتوانێت فشارێكی توند بكات. هیچ عەرەبێكی سونەو شیعە باسی ماددەی 140 دەستوری ناكات و بڕگەیەك چیە لە دەستور جێبەجێ ناكرێ. هێزی زۆر لە خانەقین كۆدەكرێتەوەو بە ئاشكرا داوای دەركردنی كورد دەكەن. پەروەردەی عێراق بە نوسراوی فەرمی و زۆر بێ منەت ئیلغای زمانی كوردی دەكاتەوەو وانەی كوردی بۆ خوێندكاران بە كەوتوو هەژمار ناكات. عێراق نەك ئاسمانی كوردستان ناپارێزێت بەڵكو رێگری لەوەش دەكات چەكی بەرگری بگاتە دەست پێشمەرگە. ماڵی شیعە هەردو بەرەكەی بەكردەوە هیچ هەنگاوێكیان نەناوە لە دژی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی لەدژی هەرێم، ئێستاش راشكاوانە دەڵێن پابەندین بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی. وەزارەتی نەوتی عێراق بەفەرمی داوای راگرتنی نەوتی هەرێم دەكات، بەشێك لە كۆمپانیاكان كشانەوە، عێراق داوا دەكات كەس نەوتی هەرێم نەكڕێت و خەریكی دادگای پاریسە لەدژی توركیاو رێككەوتنی فرۆشی نەوتی هەرێم لە رێگای توركیاوە. دۆخی عێراق لەدژی كوردەو هەرێمی كوردستانیش خەریكی شیرین خواردنەوەی سەرۆك كۆمارێكی تەشریفاتیە..؟ هەرچەندە دەكرێت وەك پۆستێكی سیاسی راقی لێ بكەین و دەرگای چونە بەغدای ئێمە بێت و سەنگەرێكی پتەو بێت. بەلام كورد خەریكی شكاندنی یەكترە نەك سودوەرگرتن لە پێگە سیادیەكەی. شەنگال دابڕاوە لە هەرێم و رێككەوتنی شەنگال ناكۆكی زیاتری كوردی دروست كردووە، نەك ئاسایی كردنەوەی دۆخی شەنگال؟.  دیدی سێیەم: ئەمەی باسمان كرد لەناوخۆی عێراق و دۆخی عێراق بوو، لە ئاستی هەرێمی(ئیقلیمی) هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسی زۆر گەورەدایە، زۆر بێ ترس وەزیری بەرگری توركیا لە تەلەفزیۆن گوتی: 140 كلیۆمەتر چووینەتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، تەبعەن لای ئەوان باكوری عێراق؟؟. توركیا سەنگەر بەسەنگەر دێتە ناوەوە. زەبری لە سومعەی گەشتیاری تۆداو كۆمەڵكوژی ئەنجام دا لەناو خاكی هەرێم و پۆلێك گەشتیاری عەرەبی كوشت، هیچت پێ نەكراو ناكرێ چونكە كلیلی بۆڕیە نەوتەكەت لەچنگی ئەوە.  ئێران بە فراوانی و بە موشەك و درۆن ناو هەولێر بۆردومان دەكات، كۆیەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆردومان دەكات، گوندەكانت بۆردومان دەكات، كۆمەڵكوژی ژن و منداڵ دەكات و باسی ئەوەش دەكات ئامادەی پەلاماردانی هێزی زەمینین بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان. ئاستی دبلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیاو ئێران جێگای پێداچوونەوەیە، هێزەكانی كوردی ئەم دوو پارچەیە گلەییان لە هەڵوێستەكانی هەرێمی كوردستان هەیەو دەوڵەتەكانیشیان هەرێمیان كردۆتە مەیدانی جەنگ. گرنگە خوێندنەوەیەكی وردتر بۆ گۆڕانكاریەكان بكرێت.  دیدی چوارەم: لە ئاستی نێودەوڵەتی، زلهێزەكانی وەك ئەمریكاو فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا، رۆژ نیە داوای یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە نەكەن، ئەرێ بەجددی ئێوە لەمەترسیەكانی پشتگوێخستنی ئەمە ناگەن؟؟. ئاگادارن دەستپێكردنەوەی سەربازی ئیجباری لەعێراق كراوەتەوە بڕیارو ئەوەی موالیدی بێت لەمەودوا دەبێت سەربازی بكات، ئەمە گۆڕانكاریەكی گەورەیە لە عێراق كە دەبێت زۆر بەجددی چاودێری بكرێت، رێكخستنەوەو بەهێزبونەوەی سوپای عێراق زۆر شت بۆ هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.  نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش باسی زۆن و خراپی ئیدارەدانی هەرێم و مەترسیەكانی دواخستنی هەڵبژاردن دەكات لەبەرچاوی هەموو دنیا، ئەم دۆخە نێودەوڵەتیە زۆر مەترسیدارە ئەگەر كورد گوێی لێ نەگرێت و حسابی لەسەر نەكات. كە پشتگیری نێودەوڵەتیت نەماو لاواز بوو، فشارو پەلاماردانی دەوڵەتانی نەیاری ناوچەكە زیاتر دەبن.  دیدی پێنجەم: تەنگت بە هاوڵاتیانی خۆت هەڵچنیوە بەهۆی گازو بەنزین و نەوتی سپی، لەم كاتەدا كە هێشتا كابینەی حكومەتی دروست نەكردوە عێراق پاوڵاگەی كەربەلا دەكاتەوە كە توانای دابینكردنی 12 دوازدە ملیۆن لیتر بەنزین و نەوتی سپی و گازی هەیە لەیەك رۆژدا، لەوەرزی سەرماوسۆڵە دارستانەكان ئەنفال دەكرێن و حكومەتیش بە بڕی 100 هەزار دینار بەرمیلێك نەوت دابەش دەكات. ئەم كاتەت باش پاڵاوگەی كەربەلا.. لەناو جەرگەی گەڕەكەكانی شارەكان، لەبەردەم دوكان و بەردەم ماڵ چالاكوانی سیاسی و ژنان وروناكبیران تیرۆر دەكرێن، نەك یەك جار، دەیان جار دووبارە دەبێتەوە، لەم ماوەیەدا بینیمان چەندان كەس لە ناوجەرگەی هەرێمی كوردستان تیرۆر كران. ناوە ناوە تەقینەوەو تەقەو تۆقیش روو دەدات و دووبارە دەبێتەوە.  ئاسایش و دژە تیرۆر سەروماڵ و كەرامەت و ئاسایشی ئێمەیان لە ئەستۆیە، خەریكی ناشیرینترین جۆری ململانێ و سیاسەتن لەناو ئەم هێزە ئەمنیانە، خەریكی ململانێی شەخسی و گروپ بەندی و راو نان وئەزیەتدانی ئەم هێزانەن، ئاخر بۆ دەبێت ئەم هێزانە تێكەڵاوی تەكەتول و ململانێی بۆگەن بوونی ناو حیزبەكان بن. كارەكە بەجۆرێك مەترسیدار بووە بینیمان لەناو هەولێری پایتەخت ئەفسەری ئاسایش و دژە تیرۆر بە ماڵ ومنداڵەوە دەتەقێنرێتەوە؟؟. ئەمە پێشهاتێكی زۆر مەترسیدارەو ئەم هێزانە سامانی نیشتمانین و ئاسایش و ئارامی وڵاتیان لە ئەستۆیە، نابێت موڵكی حیزب و گروپ و شەخس بن.  لە ناو ئەم هەموو قەیران و كێشانەدا، دەرفەتی راستكردنەوەو بەهێزبونەوەو سەرەتایەكی بەهێزت لە پێشە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتووە، بەدیموكراسی و هەڵبژاردن پرۆسەی سیاسی نوێ بكەیتەوەو لەقەیرانەكان دەرباز بیت، كەچی رێك لەم كاتەدا تەمەنی پەرلەمان درێژ دەكەیتەوەو هەلًبژاردن ناكەیت؟. ئەم هەموو لەدەست دانی دەرفەتە سەیرە.. دەمەوێت ئەوە بڵێم لەم رۆژانە مامۆستایەكی زانكۆ گوتی: رێژەی كوڕ زۆر كەم بۆتەوە لەناو پۆلەكانی زانكۆ، كوڕ بەردەوام كەم دەكات، كۆچی گەنجان بە لێشاو بەردەوامە، ئەمە قەیرانێكی هێجگار مەترسیدارەو ناشێ لەوە زیاتر بەرامبەری بێ دەنگ بین. نرخی نەوت زۆر بەرزەو عێراق داهاتی خەیاڵی كۆكردۆتەوە، تۆش وەك هەرێم نەوت دەفرۆشی و داهاتت زۆرە، دامەزراندن و هەلی كار و پێدانی پێشینەكان بۆ گەنجان دەست بەجێ دەبێت دەست پێ بكاتەوە. ئەگەر خواستی مانەوەتان هەیە، گەنج داهاتووی مانەوەتانە.  لەگەڵ ئەوەی پڕ بەدڵ خۆشحاڵم بە پێشكەوتن و ئاوەدانی كەركوك، بەڵام كردنەوەی فڕۆكەخانەی كەركوك لە رۆژانی رابردوو بەبێ هەرێمی كوردستان و كورد، مانای سیاسی و نەتەوەیی خۆی هەیە.  دیدی شەشەم: هەرێمی كوردستان، توانای بەهێزبونەوەو چارەسەری قەیرانەكانی هەیە، بەڵام سەرەتا پێویستی بە كۆتایی هێنان بەم عەقڵیەتە هەیە لە ئیدارەدانی سیاسەت. گەڕانەوە بۆ دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین و گوێگرتن لە یەكتری، ئەنجام دانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو، یەكگرتنەوەو بەنیشتمانی كردنی هێزەكانی پێشمەرگەو ئەمنیەكان و ئاشتكردنەوەی گەنج..واز هێنان لەم هەموو بارگرانیەی لەسەر بژێوی هاوڵاتیان هەیەو ئاوڕدانەوەیەك لەژیانی هاوڵاتیان. پێویسته‌ راشكاوانه‌ دانی پێدا بنێین له‌ئاستی ناوخۆو عێراق و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی دۆخمان باش نیه‌، ده‌رفه‌تی باش هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ر وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ باسمان كردوه‌. دەمەوێت بۆ هەمیشە لە هەولێر بڵێم: ئەم كاتەت باش كوردستانەكەم. نەك گوێم لێ بێت : صباح الخیر شمال الحبیب.


هیوا سەید سەلیم دوای چوار ساڵ، لە داگیرکردنی عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری، کە مانگی ئاداری ٢٠١٨، لە لایەن تورکیا بە پشتیوانی هێزە تیرۆرست و توندڕەوەکانی نزیک لە خۆی ئەنجامدرا. وا جارێکی دیکەش ئەو ناوچە داگیرکراوانە، دەکەونەوە ژێر کاریگەری گەمەیەکی دیکە، کە ئەمجارەشیان کاراکتەرەکانی ناو ئەو یاریە هێزە تیرۆرستیەکانن، وە ئەوەشی کە بەرنامەی یاریەکەی داناوە جارێکی دیکە دەوڵەتی تورکیایە، بە ئاگاداری لایەنەکانی ناو رێکەوتنامە ئەستانە کە بریتین لە هەریەک لە (روسیا و تورکیا و ئێران) هەموو لایەک دەزانین کە چوار ساڵە عەفرین لە ژێر حوکمی کۆمەڵێک هیزی تیرۆرستیدا، ئەو شارە لە ماوەی ئەو چوار ساڵە، روبەڕووی سیاسەتی ئاوارەبوونی خەڵکە ڕەسەنەکەی، گرتن و کوشتنی ئەوانەی لە ناوچەکە ماون، تێکدانی ژێرخانی ئابووری بە بڕینی دار زەیتونەکانی، کە شادەماری ئابووری عەفرین بووە، هەروەها گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەبێتەوە. شایانی باسە، هەموو ئەو تاوانانەی باس کران، لە لایەن چەند گروپ و هێزێکەوە ئەنجام دەدرێن کە لە ژێر چەتری تورکیا بە ناوی جیاجیای وەک "ئیراەی کاتی، ئیتلافی هێزە ئۆپزسیۆنەکان، سوپای نیشتمانی سوریا" حوکمی ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەکەن. لە نموونەی هێزەکانی" سوپای نیستمانی سوری، هەیئەی رزگاری سوریا" کە هەریەک لەم دوو هێزە چەندین رێکخراوی دیکە لە خۆ دەگرن، کە باگراوندی زۆربەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێکخراوەکانی قاعدە و نوسڕە و داعش، وەک " فەیلەقی سێ، جەیش ئیسلام، فیرقەی مەلیک شا، جەبهەی شام، لیوای ئیسلام، سقوڕی شام ... هتد" گومانی تێدانیە، خاڵی کۆکەرەوەی هەموو ئەو هێزە تیرۆرستیانە بە پلەی یەکەم بریتی بووە لە دژایەتی کورد ، کە زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچانە پێکدەهێنن و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان . وەک دەزانرێت ئەو سیاسەتەش بەدەر نیە لە خەونی دەسەڵاتدارانی تورکیا، کە لە ماوەی ١١ ساڵی شۆڕشی سوریا و هەموو ئەو دەستکەوتانەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەدەستیهێناون، تورکیا لە دژیان وەستاوەتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش پەنابردنە بەر هێزە تیرۆرستیەکان لە لایەن تورکیاوە بۆ دژایەتیکردنی ئەزموونی رۆئاوا یەکێک لە بژاردە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئەو ولاتە بووە. لە ئێستاشدا، لە چوارچێوەی ئەو پلانەی ماوەیەکە تورکیا هەیەتی بۆ داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی دیکە لە رۆژئاوای کوردستان بە تایبەت لە "منبج ، تەل رەفعەت ، شەهبا" رۆژی ١٣ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ٢٠٢٢، تورکیا پەنای برد بۆ سیناریۆیەکی تازە، ئەویش ڕادەستکردنی عەفرینە بە هێزەکانی سەر بە " هەیئەی رزگارکردنی شام' کە جێگرەوەی رێکخراوی تیرۆرستی نوسڕەن، ئەو رێکخراوەی لە ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن ئەمەریکاوە خرایە لیستی رێکخراوە تیرۆرستیەکان. شایانی باسە، سیناریۆی هەفتەی ڕابردووی کە بریتی بوو لە پاشەکشەی فەیلەقی سێی سەر بە تورکیا لە عەفرین لە قازانجی بەرەی نوسڕە، لێکدانەوەی جیاجیای بۆ دەکرێت، بەڵام هەموو شیکردنەوەکان دەچنەوە سەر ئەو ڕایەی کە ئەو کارە بەبێ گڵۆپی سەوزی تورکیا و ئاگاداری هاوپەیمانەکانی لە رێکەوتنامەی ئەستانا ئەنجام نەدراوە. وەک دەزانین، تورکیا لە کۆبوونەوەی لوتکەی تاران ئۆکەی هەریەک لە روسیا و ئێرانی بۆ وەرنەگیرا، تا هەڕەشەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بکات بە کردار، بۆیە تورکیا دێت پەنا بۆ ئەم جۆرە سینارۆیانە دەبات. شایانی باسە، مانەوەی عەفرین لە ژێر دەستی هەیئەی رزگارکردنی شام " نوسڕە" زۆر کاتی دەبێت، بۆیە پێدەچیت لە ماوەیەکی دیکە هەر تورکیا خۆی بە ئەرکی دەرکردنیان هەڵسێت، بوونی ئەو هێزانە بکاتە بیانوو بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی تازە. تورکیا لەو شەڕە تازەیە دوو قازانج دەکات، یەکەمیان بە بیانووی ڕاونانی هێزێک کە لە لیستی تیرۆر دایە "نوسڕە" ، ناوچەیەکی دیکە لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان داگیر دەکات، وەک چۆن لە ساڵانی رابردوو بە بیانووی شەڕی داعش سوپاکەی چووە ناوچەکانی تڕابلس و عزاز تا ئێستاش لەو ناوچانە ماوەتەوە. قازانجی دووەمیشی دوور مەودا دەبێت بەوەی بە ناوی شەڕی تیرۆر باڵانسی جەماوەری بۆ ئەردۆگان و پارتەکەی دەگێڕێتەوە، بە تایبەت کە تورکیا لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ٢٠٢٣، دەچێتە ناو هەڵبژاردنێک کە بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی چارەنووس ساز دەبێت. هەرجی تێڕوانینی بەرپرسانی هێزەکانی سوریا دیموکرات "هەسەدە" یە ئەوان پێیان وایە ئەوەی ئێستا لە عەفرین ڕوودەدات درووستکردنی پشتێنەیەکی ڕەشی تیرۆرە لە ناوچەکە، کە زەرەرمەندی سەرەکی کورد وەک خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دەبێت. لە کۆتاییدا دەڵێین، شەڕی بەرەی نوسڕە و فەیلەقی سێ، لەسەر خاکی داگیرکراوی عەفرین، جگە لەوەی درێژەدانە بۆ دۆخی داگیرکاری ئەو ناوچە ستڕاتیژیانەی رۆژئاوای کوردستان، کە بە چاوپۆشی زلهێزەکانی وەک روسیا و ئەمەریکا داگیرکراون، گەمەیەکی دیکەی هێزە تیرۆرستیەکانە بۆ خزمەتکردن بە ئامانجەکانی تورکیا.


فه‌رحان جه‌وهه‌ر یەک لە دیارترین نیشانەو هێمای زانینی عەقڵ کە عەقڵە، گۆڕان و گۆڕانکاری بەردەوامە. مانەوەی هزرو بیری مرۆڤ لەسەر یەک هێل و یەک شێواز تا دوایی، نیشانەی ئەوەیە کە عەقڵ دووچاری ئاڵۆزی و کێشە بووە. هەر پێشکەوتنێک بەهۆی گۆڕانکاریەوە روویداوە، گۆڕانکاریش بەرهەمی عەقڵە، هەموو ئەو گۆمەڵگایانەی پێشکەوتوونە، بەهۆی تووڕدانی عەقڵی دۆگماوە بووە. چۆن عەقڵ رۆڵ دەبینێ لە هەموو پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکدا، بەهەمان ئەندازەش عەقڵ بەهۆی رووداوەکانەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. زۆر لە کۆنەوە کە عەقڵی مرۆڤ لە قۆناغی سەرەتایی بووە و توانای گۆڕانکاری دیارکراوبووە، رووداوە سرووشتییەکان کاریگەریان لەسەر عەقڵی مرۆڤ داناوە و ناچاری بیرکردنەوەی کردووە، بەهۆی ئەم بیرکردنەوەیە گۆڕانکاری لە ژیان و درووستبوونی شارستانییەتدا کردووە. هەموو عەقڵێک وەک یەک نییە و لە یەک ئاستیشدا نییە، هەر بۆیە هەموو ئەو جیاوازیانەی ئەمڕۆ، چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگەکان و وڵاتان دەیبینین، نیشانەی جیاوازی پێگەیشتنی عەقڵی مرۆڤەکانە، هەر بەهۆی جیاوازی عەقڵی تاکەوەیە، چێژوەرگرتن و ئاسوودەبوونی تاکێک لە تاکێکی تر و کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگایەکی تر جیاوازترە. بۆ نموونە ئەوەندەی کۆمەڵگای عەرەبی کە ناوچەکەی ئێمەش دەگرێتەوە، چێژ لە تۆڵە و بیرکردنەوە لە رابردوو وەردەگرێت، کۆمەڵگای یابانی چێژ لەمانە وەرناگرێت. نوسەرێکی یابانی بە ناوی (نوبۆ ئاکی نوتاهارا)، کە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەسەر کولتوور و بیرکردنەوەی کۆمەڵگاکانی عەرەبی کردووە، دەڵێت: پێش ئەوەی پرسیار لە هەر تاکێکی عەرەب بکەم، کە دەیزانی من یابانیم، پێی دەگوتم: ئێوە چۆن پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمریکا بەستووە! لە سەردەمێکدا ئەمریکا بۆمبی ئەتۆمی لە ئێوە داوە؟. نووسەرەکە دەڵێت: بەهۆی ئەو پرسیارەی ئەوان، تێگەیشتم عەرەب لەناو رابردوودا دەژین. لەو لێکۆڵینەوەیەدا کە دواتر بۆتە کتێب بە ناوونیشانی (عەرەب و روانگەی یابانی)، تەنها خاسیەتی باش هەیانبێت (بە قەولی نووسەرەکە خۆی) میواندارییان بووە. کۆمەڵگای خۆشمان لەسەر ئاستی هەندێک رۆشنبیر و دەستەبژێر، تازە بەتازە هەمان ئەو پرسیارەی عەوامی عەرەب، ئاراستەی پارتی دەکەن، دەڵێن: ئێوە چۆن دەنگتان بە لەتیف رەشید زاوای برایم ئەحمەد داوە بۆ سەرکۆمار؟، چونکە لە رابردوو ناکۆکی و دوژمنایەتییتان لەنێواندا هەبووە. لە پێشدا بەهۆی نەبوونی هۆیەکانی گواستنەوەو گەیاندن و داخراویی کۆمەڵگاکان، پێشکەوتنی عەقڵی پێویستی بە کات و ئەزموون هەبووە، بۆئەوەی بتوانێت پەرەسەندن و داهێنان بکات، بەڵام بۆ ئەمڕۆی سەردەمی کرانەوە و تەکنۆلۆژیایی رەقەمی، ناکرێت ئەوەندە بوەستی و پێویستیت زۆر بە کات و ئەزموون نییە. ئەگەر کەمێک عەقڵی خۆمان کارا بکەین، دەبینین ئێستا سەردەمی شێخ مەحموودی نەمر نییە، تا لە هاوکێشە سیاسییەکان سەرمان دەرنەچێت، خوێندنەوەی تابلۆکانی سیاسی و ئابووری زۆر زەحمەت نییە، دەتوانین سوود لە ئەزموون و مێژووی خەڵکی تر وەربگرین. مرۆڤایەتی وایە، هەموویان کەم تا زۆر سوود لە زانین و ئەزموون و پێشکەوتنی یەکتر وەردەگرن، بۆیە هیچ ناکۆکی و دوژمنایەتیی و رووداوێک، چ لەسەر ئاستی سیاسی، چ لەسەر ئاستی تاکەسی و کۆمەڵایەتیش، نە ئەزەلی و نە ئەبەدییە، بەپێی بەرژەوەندی و پێشکەوتنی عەقڵییەوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت. ئەوەی گرنگ و لۆژیکە، خۆمان لە ناو رابردوو قەتیس نەکەین. ئەمە مانای وانییە، رابردوو و مێژوو کاریگەریان لەسەر کۆمەڵێک کێشەی ئێستا نەبێت، بەڵام بەهۆی عەقڵەوە دەتوانین خۆمانی لێ رزگار بکەین.


ساڵح ژاژڵەیی ئێمەی كورد تاكە میللەتی بە ژمارە زۆری سەر ئەم كۆی زەویەین كە تا ئێستا خاوەنی دەوڵەت نین . لە دوای جەنگی دووەمی جیهان و كۆتایی هاتنی ئیمپڕاتیۆڕیەتی  عوسانی گەلی كورد دابەشكرا بەسەر چەندین وڵاتداو لەوكاتەوە تا ئێستا گەلی گورد لە خەباتی بێ وچاندایەو ئەجەنگێ لەپێناوی پێكهێنانی دەوڵەـی سەربەخۆی خۆیدا ، بەڵام تا ئێستا نەبوۆتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی . سەرەڕای بونی هۆكاری زۆر لەبەر دەم پێك نەهاتنی دەوڵەتی كوردیدا. كورد خۆی هۆكاری سەرەكی بوە كە تا ئێستا خاوەنی دەوڵەتی خۆی نییە .   میللەتی كورد میللەتێكی خێڵەكی دواكەوتوەو بەردەوام خەریكی شەڕكردن و یەكتر لەناوبردنن . یەكێك لە خەسڵەتە خراپەكانی ئەم میللەتەی ئێمە ئەوەیە كە هەرگیز یەكتریان قبوڵ نییە ولە هیچ قۆناغێكی خەباتدا لەسەر یەك سەركردە ڕێك نەكەوتون و لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردوشدا  سەركردەیەك  دروست نەبوە  كە بتوانێت هەموو كورد لە ژێر یەك چەتردا  كۆ بكاتەوە . زۆر لە سەركردەكانی جیهان وتویانە كوردەكان ناتوانن ببن بەخاوەنی دەوڵەت چونكە هەرگیز ناتوان لەسەر یەك سەركردە ڕێك بكەون و یەكتریان قبوڵ نییە.  تا ئێستا سەركردەیەكی كورد دروست نەبوە كە هەموو كوردی لە خۆی خۆشتر بوێـت . هەر سەركردەیەك  كەدەركەوتوە زیاتر  بیری لەوە كردۆتەوە كە خۆی و خێڵەكەی ببنە گەورەو دەم سپی ئەوانی تر  . هەمویان وەكو كەسانی شۆڕشگێڕو بەرگریكار خۆیان بە سەركردەو پێشەواو ڕزگار كەری میللەت زانیوە تا ئەوجێیەی كە هەر خۆیان كەسی یەكەم بن وتەنانەت بە  پێك هێنانی دەوڵەتی  كوردیش ڕازی نەبون ئەگەر لەسەر دەستی خۆیان نەبوبێت . لە ئەنجامی ئەم خۆویستییەی  خۆیان هەر كاتێك كەسێكی بەتواناتر لە ئەویتر دەركەوتبێت ، لە بری ئەوەی هاوكاری بكەن  و پشتوانی لێ بكەن  بۆنەتە دوژمنی و شەڕیان لەگەڵ كردوەو لە پێناوی لەناو بردنیدا بۆنە پیاوی دوژمنەكانی كورد  . مێژوی كورد پڕیەتی لەم حیكایەتانە .  ئەگەر دوای ڕاپەڕین و كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بەعس دوای ساڵی 2003 بە نمونە وەرگرین ، كورد گەورەترین هەلی مێژویی بۆ ڕەخساو كۆی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بونە پشتیوانی میللەتی كورد . ئەگەر گەلی كورد لە باشوور خاوەنی سەركردەی كارێزماو خۆنەویست و شارەزای بواری  سیاسەت و  دڵسۆز بوایە ، گوماتی تێدا نییە  كورد دەبوو بە خاوەنی نیمچە دەوڵەت لە چوار چێوەی دەوڵەتی عێراقیدا.   بەڵام هەمومان دەزانین سەركردەكانی كورد چ كارەساتێكی ناخ هەژێنیان بەسەر ئەم میللەتەدا هێنا هەموی لە پێناوی ئەوەی كام سەركردەی خاوەن عەشرەت  ببنە خاوەن و دەم سپی هەموان . بزانن لەو پێناوەدا چۆن ئەم میللەتیان  توشی دوژمنایەتی و  یەكتری  لەناو بردن كرد . لە بری ئەوەی شانازی بە سەركەوتنەكانمان بكەینەوەو یادیان بكەینەوە ، یەكێتی یادی خیانەاتی  31 ئاب دەكاتەوەو ، لە بەرامبەریشدا پارتی یادی  خیانەتی 16 ئۆكتۆبەردەكاتەوە .  لە بری ئەوەی  هەمووتواناكانمان  بخەینە گەڕ بۆ ئاشتەوایی گشتی و یەكخستنی ڕیزەكانی ناوماڵی كوردو گێرانەوەی ئەو خاكەی چەندین ساڵە لێمان داگیر كراوەو بەردەوام ناوچە كوردیەكان لە ژێر هەڕەشەی تەعریبدان . بەڵام بەهۆی ناكۆكیە كانی ناو سەركردەی بەناو حیزبە سیاسیەكان، خاكی كوردستان بەردەوام وەكو چۆن هەندێك قوماش بە شتن دەچێتەوە یەك و كورت دەبێتەوە  خاكی كوردانیش  بەردەوام بچوك دەبێتەوە و دەچێتە یەك . ناكرێت لێرەدا هەموو مێژو و ڕأبوردوی كورد بنوسم . ئەوەی دەمەوێت لێرەدا باسی بكەم  ئەوەیە  كەماوەی یەك سالە هەڵبژاردن لە عێراق كراوەوتازە بە تازە خەریكە حكومەت پێك بهێنرێت و خواش دەزانێت چۆن حكومەتێكی لێ دەردەچێت و ئەنجامی بە كوێ دەگات . لە ماوەی ئەو ساڵەدا كە هەڵبژاردن كراوە  یەكێتی و پارتی بەردەوام شەڕەدەنوكیانەو كۆبونەوە دەكەن و یەكتری دەشكێنن و لە ڕقی یەكتری  دەبنە پیاوی ئەم و ئەو و ناوماڵە كورد تێك دەدەن ئابڕوی  كورد دەبەن لەبەر دەم ڕای گشتی حیهانیدا . هەموو ئەمانە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمارە  كە بە حساب پشكی كوردە .  پارتی دەڵێت بۆمن . یەكێـی دەڵێت  پشكی منە  . سەدان كۆڕو كۆبونیەوەیان لەسەر یەكلایی كردنەوەی ئەم پۆستە كرد و نەگەیشتە ئەنجام  و نەیانتوانی لەناو خۆیاندا یەكلایی بكەنەوە . دواجار لەناو پەرڵەمانی  عێراق یەكلایی كرایەوە بەڵام ئەوەندە بە شێوەیەكی گاڵتـە جاڕی و قێزەون و دوور لە هەموو ئەتەكێتێك ،  پۆستەكەش سوككراو حەیای كوردیشی تێدا برا .   یەكێتی و پارتی لە پێناوی ئەو پۆستەدا بەردەوام خەریكی خۆبچوك كردنەوەو ماستاوكردن و مەرایی و مامەحەمەیی بون ولەبەر دەم  نەیارەكانی كوردا و گومانی تێدا نییە  ئێرانیش بێ لایەن نەبوو لە یەكلایی كردنەوەی ئەو پۆستەدا . ئەوەی كە بەلامەوە زۆر گرنگە ئاماژەی بۆ بكەم  ئەوەیە : هەمووئەو بەرپرسانەی كورد كە تا ئێستا لە بەغدابون  لە دروستبونی  حكومەتی عێراقەوە دوای نەمانی دەسەڵاـی بەعس بە سەرۆكی كۆماریشەوە كە بەشی كورد بوە بەقەدەر قنچە جگەرەیك سودیان بۆ كورد نەبوە وتەنها دەسكەوتی شەخسییان  بەدەست هێناوەو خۆیان دەوڵەمەند بون . مامجەلال لە هەمو سەرۆك كۆمارەكانی كورد بەتواناتر و شارەزاتر و ناسراوتر بوە ڕێزی تایبەتی لای هەموو عەرەبەكانیش هەبوە . بەڵام نەیتوانی هیچ دەسكەوتێكی تایبەت  لە ڕێگای پۆستەكەیەوە  بۆ كورد بەدەست بهھێنێت ، چونكە ئەو پۆستە پۆستێكی تەشریفاتییەو دەسەڵاـی نییە .  كەواتە با پرسیار بكەین ئەو پێداگریەی مەسعود بارزانی لەسەر وەرگرتنی  پۆستی سەرۆك كۆمار بۆچی و لە پێماوی چیدا ؟. بەهانەی مەسعود بارزانی  بۆ ئەوەی دكتۆر بەرهەم نەبێتەوە سەرۆكی كۆمار بۆچی و لە بەر چی ؟.  پۆستێك كە هیچ سودێكی بۆ گەلی كورد نەبێت و تەنها هەر ناو بێت  بۆ وەرگرتنی موچە بێت  ئەوە دێنێـت ئەم هەمو كێشمە كێشمەی لەسەر دروست بكرێت و بە جۆرێك ناومالێ كوردی لەسەر تێكدراوە  بۆ سەدساڵیش  حەیای كوردی پێ براوە لەبەر چاوی دۆست و دوژمن و ڕای گشتی ناوخۆ و جیهانیدا . ئەندام پەرلەمانەكانی فركسیۆنە كوردیەكان   كە بەناو نوێنەری كوردن لە بەغدا  هەر یەكەیان ڕوی لە شوێنێكەو  ڕێك بونە دوژمی یەكتر و  پیاوی فراكسیۆنەعەرەبەكانی ناو پەرلەمان .  كەواتە ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین و كڵاویش نەكەینە سەری خەڵك بەشداری كورد لە بەغدا لە پێناوی بەدەست هێنانی مافەكانی كورد نییەو هەموو ئەوانەی لە بەغدا دەبن بە سەرۆكی كۆماریشەوە تەنها بۆ وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتە بۆ خۆیان و هیچیتر .  ئێستا و دوای یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆما رو كرانەوەی گرێ كوێرەی پڕۆسەی سیاسی و  گەیشتنی مەسعود بارزانی بە ئاواتەكانیشی كە بریتییە لەوەی  كە قسەكەی سەركەوت و نەیهێشت دكتۆر بەرهەم ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، ئێستا كاتی ئەوەیە بزانین و بپرسین لە كۆتاییدا  : كێ چی لە كێ بردەوە ؟.  یان بە شێوەیەكی تر بڵێین كێ سەركەوت و كێ دۆڕاندی ؟. بە بۆچونی من یەكێتی و پارتی كە دوولایەنی سەرەكی كێشەكەو نەیاری یەكتری بون لە لایەك و كۆی گشتی كوردیش هەمومان دۆڕاوین و هیچ لایەكمان سەركەوتو نەبوین و هیچ لایەنێك لە لایەنێكی تری نەبردۆتەوە . ئەوەی براوەی یەكەمە  لەم پڕۆسەیدا  نەیارەكانی خۆمانن . ئەوانەن حەقی ئێمەیان خواردوەو تازە ترسیان لە ئێمە نەماوە چونكە دڵنیا بون لەوەی كە ناومالێ كورد بە جۆرێك تێك چوەو پەرتەوازە بوە ، هەرگیز نەبنە مەترسی بۆ سەریان .  ئەگەر سەرنجتان دابێت دوای ئەوەی دكتۆر لەتیف بوو بە سەرۆكی كۆمار جۆرەها لێدوانی سەیرو سەمەرەو گاڵتە ئامێزلێرەو لەوێ گوی بیست  دەبوی لە لایەن نوخەبەی بەناوسیاسی و ڕۆشنبیرەوە كە بەرأستی  زۆر ناخ هەژێنن  ئەگەر كەسێك لە خەمی ئایندەی ئەم میللەتدا بێت ، بەڕاستی حەق وایە بەزەییمان بە خۆماندا بێتەوە چونكە زۆر داماو و فەقیرین .  هێڤیدار ئەحمەدی ئەندام پەڕلەمانی پارتی دەڵیێت:  بەربژێری پارتی سەرنەكەوت ، بەربژێری دڵخوازی پارتی  كە دكتۆر لەتیفە سەركەوت . هێڤیدار ئەحمەد دەڵێی دڵداری دەكات . لە لێدوانێكی تریدا دەڵێت : لەسەری  بڵندەوە بڕیاری سەرۆك كۆماردرا . نازانێت  ئەو سەری بلندەی ئەو باسی دەكات  هەر ناوەو كەی ویستیان بە درونێك  كۆتایی پێ دێنن .  هوشیار زێباریش دەڵیێت: ڕوداوەكانی ئەمڕۆ سەلمالندیان  ناوەندی  بڕیاری كورد لای سەرۆك بارزانیپیە . نازانم ئەگەر لێی بپرسم كام ناوەندی بڕیار ؟  ئایا  سەرۆك بڕیاریداوە  هەرچی سوپای بێگانەیە  لە هەرێمی كوردستان دەریان كات ؟. ئایا بڕیاری داوە ناوچە داگیر كراوەكان  بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی كورد ستان ؟.  لێدوانەكانی بەرپرسانی پارتی و هەل هەلەكانیان  بە بۆنەی  سەركەوتنی دكتۆر لەتیفەوە لە حساب نایەن .سەیركەن كەسێكی وەكو شاخەوان عەبدوڵا كە جێگری سەرۆكی پەڕلەمان عێراقە كە كاتی خۆی باوكی جێگری موستەشار بوەو دەبوایە هەر لە ڕوی نەیەت  دەم بكاتەوە دەڵێت: دكتۆر بەرهەم  بە دەنگی كورد نەبۆتە  سەرۆك كۆمار بۆیە نوێنەری كورد نییە . باشە ئەی جەنابتان بە دەنگی كێ  بونە جێگری سەرۆكی پەڕلەمان ؟. لەو لاشەوە بەرپرسانی یەكێتی دەڵێن: لە ڕابودودا پارتیمان شكاندوەو لێرەش بەدواوە دەیانشكێنین  و ئەوانیش لەم قسە بێ ماناو وبێ ناوەرۆك حەلەق و مەلەقەیان زۆرە .  لەولاوە فازیل بەشارەتی دێتە دەنگ و دەڵێت دەبێ بافل تالەبانی داوای لێبوردن لە سەرۆك بارزانی بكات . بەرپرسانی ئەم دوو حیزبە بەجۆرێك كەوتونە وێزەی یەكتری و سوكایەتیكردن  بە یەكتری وەكو دوو دوژمنی ڕاستەقینەو خوێن خۆری یەكتری وەكو ئەوە ی جارێكی تر قسە لەگەڵ یەكتری نەكەنەوە . ئێستا بیر بكەنەوە هەرێمی كوردستان لە لایەن ئەم دوو بنەمالە دواكەوتوە دوژمن بەیەكە بەڕێوە دەچێت و جاوەرن بە هیوابن لە ژێر سایەی ئەمانەدا میللەت بحەسێتەوە .   یەكێكی تر دەڵێــت : سەرۆك بارزانی ئەو بەستەڵەكەی كە لە كۆنەوە هەبوە تواندیەوە كە مێردی شازی ئیبڕاهیم ئەحمەدی كردە سەرۆك كۆمار  گوایە باوكی شاناز نەیاری سەرۆك بوە . ئەی تەڕ وانییە . یەكێكی تر دەڵێت : لێرەدا هەر دكتۆر بەرهەم  بۆبە قوربانی . نازانم  دكتۆلار بەرهەم بۆچی بۆتە قوربانی و چ غەدرێكی لێكراوە ؟.  لێرەدا زۆر بە كورتی هەندێ سەرنج و بۆچونی خۆم دەنوسم .  یەكەم : كە یەكێتی دەڵیت : لەوە پێش پارتیمان شكاندوەو لێرەش بەدواوە دەیانشكێنین . ئەوە قسەیكی زۆر بێ مانایە  چونكە دوژمنەكان هەوڵ دەدەن یەكتری بشكێنن . ئێوە دوو حیزبی بەناو كوردین و لە حكومەتدا یەشدارن  ئەم قسەیە  چ مانایەكی هەیە ؟. سەرۆك بارزانی  كە دكتۆر لەتیفی كردبێتە سەرۆك كۆمار تەنها لە پێناو سەركەوتنی قسەكەی خۆی بوەو تا مەسعود بارزانیش بمێنێت ، بەستەڵەك هەر دەمێنێت  .  نەتان دی چۆن لە ڕێگای بافڵ تاڵەبانیەوە  لاهوری شێخ جەنگیان پەڕاوێز خست چونكە لاهوریان بە نەیاری خۆیان دەزانی .  . بەڵام نابینن ئێستا خەریكن لە لاهۆر نزیك نزیك دەبنەوە  بۆئەوەی كێشە بۆ كوڕەكانی مامجەلال دروست بكەن . كەواتە ئەمانە گەواهی ئەوە دەدەن كە سەرۆك بارزانی سەرچاوەی هەموو كێشەكانی هەرێمی كوردستانە .  مەسعود بارزانی هۆكاری سەرەكی تێكدانی ناو ماڵی كوردەو بەڕاستی وەكو سیاسەمەدارێكی گەورەی كورد بیر ناكالتەوەو ئەگەر بیویستایە  لە دوای وەفاتی مامجەلال و كاك نەوشیروانەوە كۆتایی بە دوژمنایەتی  كورد و كورد دەهێنا . بەڵام دەركەوت ئەم پیاوە ئەگەر دوژمنی ڕاستەقینەو بەرامبەریشی نەبێت ، دوژمنی وەهمی بۆخۆی دروست دەكات .  وەكو دەریش دەكەوێت ئەو ناتونێت ناومالێ خانەوەدادەكەی  خۆشی ڕیك بخات .  من ڕقی شەخسیم لە هیچ كەسێكی سیاسی نییە . ڕەخنەی من ئەوەیە نابێ كەسێك خۆی بە سەرۆك بزانێت و بەرژەوەندیەكانی كورد لە لایەك و تێكدانی ناو ماڵی كورد  بكاتە قوربانی  پۆستی سەرۆك كۆمار  بۆ هەركەس و لایەنێك بێت . دەبێ بارزانی كە خۆی بەسەرۆكی هەرێم  بزانێت  هەمیشە  قوربانی بە هەموو شتێك بدات لە پێناوی بەرژەوەندی  گشتی گەلی كوردا .   ئەگەر ئەوەی لێ بەدەركەین  دەپرسم دكتۆر بەرهەم  بۆچی بۆتە قوربانی ؟.  كەسێكك دوای ڕأپەڕین بێ ئەوەی دڵۆپێك  عارەق بكات  هاتۆتە سەرحازری لەسەر حسابی ماندو بونی پێشمەرگەو خوێنی هەزاران  شەهید بۆتە سەرۆكی كۆمار و  سەدان ملیۆن دۆلار لەبەر چی بۆتە قوربانی ؟. خۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەسەر ئەو تاپۆ نییە . ئەگەر دكتۆر بەرهەم پیاوێكی خۆنەویست بوایەو بەرژەوەندی كوردو یەكێتیشی لە خۆی بە گرنگتر بزانیایە كاتێك زانی  دەبێتە كێشە  بۆ ناو ماڵی كورد ، دەبو  بڵیــت ، ئەگەر هەموو كێشەكە منم من ئەو پۆستەم ناوێت .  لە لایەكی تریشەوە كە یەكێتی بەردەوام دەیانگوت تاكە كا دیدی ئێمە هەر دكتۆر بەرهەمە . بۆچی  ڕێگایان دا  دكتۆر لەتیف خۆی بپاڵێوێت ،  خۆ ئەگەر لە سەرەتاشەوە  هەر بڕیاریان دابوو دكتۆر لەتیف بەربژێری یەكێتی بێت بۆچی ئەوهەموو كێشمە كێشان لەگەڵ پارتی دروست كرد و هەر لە سەرەتاوە دەستبەرداری دكتۆر بەرهەم ەبون .  باشە ئەم هەموو سیناریۆو درۆو دەلەسانە لەپێناوی چیدا ؟. گەلی كورد بە گشتی  ڕۆژانەوبەردەوام ڕوبەڕوی مەترسی گە ورە دەبێتەوە . كوردانی باشور هەلێكی باشیان بۆ هاتە پێشەوەو ئەگەرحیزبە دەسەڵاتدارەكان لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدابونایە و لێزان بونایە دەیانتوانی دەسكەوتی گەورە  بەدەست بهێنن بەڵام لەبەر ئەوەی یەك نەبون هەموو شتێكیان لە دەستدا . ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان خاوەن دەسەڵات و خاوەن بڕیارە بە پلەی یەكەم پارتی و بە پلەی دووەم یەكێتییە و حیزبەكانی تر هیچیان بە دەست نییە و تەنها قسە دەكەن و كەسیش گوێیان بۆ ناگرێت .  لە ئێستادا یەكێتی و پارتی  لە شێوەی دوو خێڵی گەورەدان  لە لایەن دوو كەسەوە ئیدارە دەكرێن . ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی هەردوك لایان  وەكو ڕەعیەتەكانی  عەشیرەتەكان وان و خاوەنی هیچ بڕیارێك نین و تەنها كاریان بەرگریكردنە لە سەرۆكی حیزبەكانیان و هەرچی كەم و كورتی و  پۆخڵەوانت هەیە بۆیان بپۆشن. لە بەرامبەر ئەوەدا خاوەنی ئیممتیازاتی تایبەتی خۆیانن وەكو سەیارەو موچەی باش و پاسەوان و زۆر شتی تر . زوربەی سەركردەكانی ئێستای ئەوحیزبە كەسانی تازەن وخاوەنی خەباتی پێشمەرگایەتی نین و هیچ ماندوو نەبون . بۆیە ئەوان كەسانی گوێرأیەڵن و هەرگیز ڕەخنەش ناگرن و ئەو نازو نیعمەتەی بەسەریدا كەوتوە بە ئاسانی  لە دەستی خۆیانی نادەن .  ئەوەی كە ناویان لە خۆیان ناوە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیر كەسانێكن كە مێشكیان شۆراوەتەوەو  خاوەنی هیچ دیدو بۆچونێك نین و بێدەنگ بون لە بەرامبەر ئەو هەموو ئیمتیازانەی وەریدەگرن .   سەرۆكی ئەو حیزبانەش پێویستیان بە كەسانی ئاوا هەیە . كەواتە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتێك زیاتر لە بەرمەترسی گەورەدایە .  ئایندەی هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەردەستی دوو كەس ئەوانیش فڕیان بەسەر سیاسەتەوە نییەو بە میزاجی شەخسی خۆیان بڕیار دەدەن .  لە لایەكی تریشەوە   بارودۆخی سیاسی عیراق و ناوچەكەو دنیاش لە بەرژەوەندی مانەوەی ئەم دوو حیزبە دەسەلاـدارانەیەو  ئەوانیش چۆنیان بوێت وا دەكەن .  بۆیە كاتی ئەوەیە كە نوخەبەیەكی ڕۆشنبیرو دڵسۆز ئەوانەی كە خۆیان بە خەمحۆڕی ئەم میللەتە دەزانن  هیممەت وجوڵە بكەن و خەڵك لە مەترسییەكانی ئایندە ئاگادا بكەنەوە بەو هیوایەی ڕەوتێكی سیاسی بە هێز لە دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە پێك بهێنرێت .  خۆ ئەگەر خەڵك هەر وەكو ئێستا بێدەنگ بێت . گومانی تێدا نابێت بارودۆخەكە  هەر وەكو ئێستا دەمێنێتەوەو بەردەوام دەبێت .  سەیر كەن لە هەموو وڵاتانی جیهانی دێموكراتیدا ئەگەرلە كاتی هەڵبژاردنیشدا حیزبەكان و سەرۆكی حیزبەكان یەكتری تۆمەتبار بكەن و هێرشیش بكەنە سەر یەكتری لە پێناوی بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگدا بەڵام  كە ئەنجامەكە دەرچوو دۆڕاو پیرۆزبایی لەبراوە دەكات و هەموو شتێك كۆتایی دیـت و دۆڕاوەكانیش دەبنە پاڵ پشت بۆ سەركەوتوەكان لە پێناوی وڵاتەكەیاندا .  سەیر كەن  دوای ئەوە  پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی بۆوە لە بری ئەوەی كۆتایی بە چەلەحانێكان بهێنن  گەرمتریان كردووە . هەمویان دەڵێن بردمانەوەو سەركەوتین . ئاخر لە كێتان بردەوەو بەسەر كێدا سەركەوتن ؟.  ئەم قسە دوژمنەكان بە یەكتری دەڵێن . ئایا ئێوە دوژمنی یەكتری و ئەم وڵاتەن ، یان هاوڵاتی ئەم وڵاتە ؟.  لە هەموو حاڵەتێكدا  هەردوك لاتان دۆڕاون  بەرامبەر بە یەكتری و نەیارەكانتان كردە پاڵەوان بەسەرخۆتان و گەلەكەتان .            


ئاسۆ عەبدوللەتیف شەڕی ئایندە سەختترە لە عێراق و دەبێ کورد لە هێڵکاریە سیاسیی و میتۆدە ستراتیژیەکانی تێبگات. دەبێت کورد ئەوەی لەبەرچاو بێت شتێک نییە بەناوی ستراتیژو گوتاری کابینەی نوێ یان دیدگای تازە بۆ پێداچوونەوە بە فاشیزم و سەرکەشیی و هەنگاوە شۆڤێنییەکانی ڕابردووی دەوڵەتی شیعەو مەوالیەکانی.  فۆڕمی تازەی دەوڵەت فۆڕمی ستراکچەرە کۆنەکەیە بەهەندێک دەستکاریەوە، هەر ئەوەیە بڕیارەکانی کابینەی پێشوو لەدەستی موقتەدا سەدرەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەستی نوری مالیکی و نوێنەرەکەی محمد شیاع سودانی بەم جۆرە ؛ • کاراکتەری سەرۆک وەزیرانی نوێ “محمد شیاع سودانی”فیگەرو سەربازی گوێڕایەڵی دەوڵەتی یاساو ڕەهبەریزمی ئێرانی و میلیشیاکان دەبێت و دوورترین کاراکتەر دەبێت بۆ مومارەسەی پرەنسیپەکانی هاوژیانی و یەکتری قبوڵکردن و دەوڵەتی دامەزراوەیی و دەستور.  • سەرۆک وەزیرێکی شیعەی وەلائییە، بڕیاردەر نییە، شیعەیەکی نەرمە وەک دەموچاو وەلێ ناواخنەکەی ملکەچی مەرجەعیەتی قومی ئێرانی و سەیید عەلی سیستانی و دژبەرە لەگەڵ موقتەدا سەدرو عێراقییە دژە وەلائیەکان، ئاسان نییە بەیاساو بەها دیموکراسیەکان و تەوافوق و پڕەنسیپەکانی کاربکات، بۆیە زەحمەتیشە قبوڵکراوبێت لای حەنانەو موقتەدا سەدر. • ئەو هێزە دەوڵەتییە شاراوەیەی ناوی لیواو سەرایاکانی حەشدە دەتوانێ هەر یاساو بڕیارێک بە زۆرینەی پەڕلەمانی تێپەڕێنێت، چونکە دەوڵەتی قووڵی میلیشیایی بەهێز  هەیەو ڕێگرە بۆ ئەو کرانەوەو خەونەو ئەمریکیەکانیش تەماشاکەرن لە ئێستادا. بۆیە دیموکراسیەت و کردەی هەڵبژاردن چەندە کردەیەکی شەفاف و مۆدێرنە لە دنیای کراوەو لیبڕاڵدا، وەلێ لەم وڵاتانە دوو ئەوەندە کردەیەکی ترسهێن و دەریچەیەکە بۆ سەردەرهێنانی فاشیزم و بەربەریزم و زۆرینەیەکی چەکداریی و دژە دیموکراسی. • سودانی خاوەنی کەمینەیەک کورسیی پەڕلەمانییە نەک زۆرینە، بۆیە شەرعیەتی لاوازترە لە مستەفا کازمیی، کێشەی کازمیش هەر ئەوەبوو، سودانی کە سێبەری فیگەرەکانی مالیکی و عامیری و حەکیم و خەزعەلیەکان و حەشدی شیعییە، دەبێتە متمانەی  ئال و بەیت و عەهدو پەیمانە مەزهەبیەکانی حەوزە  بەدەرەجەی ئیمتیاز.  • مستەفا کازمی و کابینەکەی تاڕادەیەک ئۆپۆزسیۆنی جددی نەبوو بەرامبەری، وە هێزی موقتەدایی و خودی موقتەدا و جەماوەرەکەی ناڕاستەوخۆ پشتگیریکاری بوون، بۆیە تاڕادەیەک بەپێوە وەستا، سودانی یان بەپێوە خۆی ناگرێ یان دەبێت شیعەی موقتەدایی و خواست و هەستەکانیان لە خۆی ڕازی بکات و لە ئەجێنداکەیدا جێگایان بکاتەوە. • بۆ كوردیش بە تەنها بردنەوەی سەرۆک کۆمارو بەشداریکردنی بە سێ وەزارەت و جێگرێکی وەزیران لەو کابینەیەدا  گرەنتی نییەو بەس نییە، کورد پێویستی به‌ راگرتنی باڵانس و یه‌ك ره‌هه‌ندیی سیاسیی Distance Politic هەیە بۆ دانوستان و پشتگیریی قوڵی سیاسیی و ستراتیژیی بۆ پرۆژه‌ دوورمه‌وداكه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تە یان کۆنفیدڕاڵیی، هیچکات سیاسەتی فاشیزمی مەزهەبگەرای سێنتراڵ و توند ناتوانێ دیموکراسیەت بەدڵی کورد پەیڕەو بکات و مەلەفی نەوت و سەربەخۆیی بڕیاردان  بەدڵی کورد چەرخی بسوڕێ. • عەقیدەی ئایدۆلۆژیی شیعیی نەگۆڕ بۆحوکمڕانیی بریتییە لە “ثوابت نظام المرجعية” ئەویش رەدکردنەوەی دەستوورو فیدڕاڵیەتە بە پلەی یەکەم، کوردیش ئەو دوو کۆڵەگە ڕایگرتوە، بۆیە ئەم خولە بۆ کورد سەختە لەکاتێکدا ناوماڵێکی لاوازو ناڕێکی هەیەو کورسیەکانی دابەش بوون بۆ چەند بەرەیەک و هەربەرەیەک لە ئاوازێک دەخوێنێت. • شیعەی قوم و تاران کە چۆن سەیری کوردانی #ئێران_ڕۆژهەڵاتیی دەکەن و بە بەشێک لە ویسایەو قەڵەمڕەوی ئێرانیزم لێیان دەڕوانن و ئازادییان زەوتە و بارمتەی دەوڵەتن، شیعەی نەجەفیی و کەربەلایی عێراقیش خراپترن بۆ کەمایەتییەکان و قەومیاتی تر، بەس کاتی ماوە.


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  ئێستا 20 ساڵی خشته‌ ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵاتداری یه‌كه‌می توركیان ،له‌ مه‌ودای بیست ساڵدا ئاكه‌په‌ شكستی خوارد له‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا چاره‌سه‌ر بكات ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتی خۆی سه‌ره‌تای هاتنیان بانگه‌شه‌ی چاره‌سه‌ریان ده‌كرد ،ئه‌ردۆغان ته‌واوكه‌ری هه‌ره‌ خراپی سیاسه‌تی ئه‌تاتوركه‌ به‌رانبه‌ر كورد ،پرسی چاره‌سه‌ری ئاشتیشی وه‌ك سیاسه‌تی پاكتاو هێناوه‌ته‌ به‌رباس و هه‌رگیز نه‌یویستوه‌ كێشه‌ی كورد له‌ توركیا چاره‌سه‌ر بكات ، نه‌ك نه‌یویستوه‌ بگره‌ خۆی هۆكاری سه‌ره‌كی قوڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌و سیاسه‌ته‌ درۆزنانه‌یه‌ی كه‌ دوای گرتنی ئاپۆ له‌ پیلانێكی نێو ده‌وڵه‌تیدا به‌ چه‌ند ساڵ پاش نه‌توانینی كۆتای هێنان به‌ په‌كه‌كه‌ وه‌ك به‌ڵێنیان دابوو ، پرسی ئاشتی هێنایه‌ گۆڕێ‌ ، دوای گرتنی ئاپۆ، په‌كه‌كه‌ به‌ رێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ، وه‌ك نیازمه‌ندیه‌ك بۆ كۆتای هێنان به‌ شه‌ڕ له‌ باكوری كوردستانه‌وه‌ ڕووی كرده‌ قه‌ندیل ،یه‌ك دوو ساڵ دواتر ئاكه‌په‌ بوونه‌ حاكمی توركیا ، سه‌ره‌تا ئه‌وان سودیان له‌ ده‌نگ و داوای خه‌ڵكی باكوری كوردستان بینی ، به‌ڵام پڕۆژه‌یه‌كیان نه‌بوو بۆ چاره‌سه‌ر ئه‌ردۆغان له‌ بری چاره‌سه‌ری ده‌یگوت " ئه‌گه‌ر كه‌س باسی نه‌كات بابه‌تێك نیه‌ به‌ ناوی كێشه‌ی كورد " ئه‌مه‌ وه‌ك جۆرێك له‌ سوكایه‌تی به‌ كورد دێته‌ به‌رچاو باسی كورد مه‌كه‌ن كه‌واته‌ كێشه‌یه‌ك نیه‌ له‌ توركیا، راسته‌ ئاپۆ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تێك بدات به‌ ده‌وڵه‌ت و زه‌مینه‌ سازیه‌ك بۆ ئاشتی بڕه‌خسێنێ‌ ساڵی 1999 بڕیاری ده‌رچون له‌ توركیای دا ، سێ‌ ساڵ دواتر كاتێك  په‌كه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست له‌ بری هه‌ڵوێست نواندنی ئه‌رێنی به‌رانبه‌ر دوركه‌وتنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ باكوری كوردستان به‌ هه‌مان سیاسه‌تی پێشتری توركیا كه‌وته‌ وێزه‌ی كورد، ئه‌و ته‌نانه‌ت سۆزی ئاینیشی به‌ كار هێنا بۆ جینۆ سایدی كه‌لتوری و جینۆسایدی زمان و جینۆ سایدی داب و نه‌ریت و هونه‌رو میوزیكی  كورده‌واری ، ئه‌وه‌ی پێشتر ده‌سه‌ڵاتدارانی تورك له‌ ئه‌تاتوركه‌وه‌ تا عه‌بدوڵا گویل پێیان نه‌كرابوو ئه‌مه‌ وێڕای كوشت و بڕه‌كانی  دۆڵی زیلان و ده‌رسیم و ئه‌وانی تر . ساڵانی 2004 -2005 ئاكه‌په‌ پرسی ئاشتی هێنایه‌ به‌رباس ، ئه‌م پرسه‌ له‌ گه‌ڵ شه‌ڕو كوشت و بڕو پیلانی به‌رده‌وامدا نزیكه‌ی 10 ساڵ درێژه‌ی كێشا ، له‌ ناو ئه‌و ده‌ساڵه‌دا هه‌وڵی ترازان و په‌رتكردنی په‌كه‌كه‌ درا ، له‌ ئه‌وروپاو له‌ باشوری كوردستان و له‌ باكوری كوردستانیش هه‌وڵی كوشت و بڕی چالاكانی په‌كه‌كه‌ به‌ ڕێوه‌ چوو ، له‌ هه‌وڵی په‌رتكردنا كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌ سه‌ر عوسمان ئۆچئالان برای ئاپۆ ، هه‌روه‌ها نیزامه‌ندین تاش و چه‌ندین گه‌ریلا دانرا ،له‌ قه‌ندیل گه‌له‌ كۆمه‌ ی 2011له‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌و قه‌ندیل به‌ڕێوه‌ چوو ، په‌كه‌كه‌ هه‌موو ئه‌م قۆناغانه‌ی تێپه‌ڕاند ، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ بپرسین ، ئیتر چی ، ئایه‌ په‌كه‌كه‌ ته‌واو بوو ، ئایه‌ پیلانه‌كان سه‌ریان گرت ، كوشتنی چالاكان له‌ باشور له‌ ماوه‌ی رابردودا له‌ رێگه‌ی چه‌ته‌و به‌كرێگیراوو درۆن و فڕۆكه‌وه‌ ، به‌ كارهێنانی چه‌كی كیمیای و قه‌ده‌غه‌ كراو له‌ ئه‌شكه‌وته‌كانی به‌رخودان توانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناودات ، هه‌ڵبه‌ت نه‌خێر ، ئه‌وه‌تا كاریگه‌ری ئه‌م هێزه‌ ئێستا زۆر فراوانتره‌ له‌ بیست ساڵ له‌مه‌و به‌ر ، راسته‌ پیلانه‌كان گه‌وره‌ن ، قوربانی هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت كه‌سانی سڤیل و كاسب و بریندار ده‌كرێنه‌ ئامانج ، راسته‌و خۆ هاكان فیدان به‌رپرسی یه‌كه‌می میت سه‌رپه‌رشتی ئه‌م پرۆسه‌ی سڕینه‌وه‌یه‌ ده‌كات ، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌ش تێده‌په‌ڕێت ، په‌كه‌كه‌ش پلانی خۆی ده‌گۆڕێت ، ئه‌گه‌ر جارێكی تر بیر له‌ ئاشتی راسته‌قینه‌ نه‌كرێته‌وه‌ ، ئاشتیه‌ك به‌رله‌وه‌ی گه‌ریلا تێیدا پشوو بدات ، پێویسته‌ سه‌ربازی تورك ماندوێتیان ده‌ربچێت ، له‌ هه‌قیقه‌تا سه‌ربازی تورك زۆر ماندون به‌ ده‌ست شه‌ڕێكه‌وه‌ كه‌ میت هیچ گوێی له‌ خوێن و كوشتنیان نیه‌ ، چیرۆكی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ناوتوركیا كه‌ 40 سه‌ربازی توركی تیا كوژراو هه‌شتیش به‌ دیل گیرا ، په‌ندێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری تیایه‌ كاتێ‌ كه‌ به‌رپرسانی میت به‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێن ئه‌و هه‌شت دیله‌شتان بكوشتایه‌ ، یانی خوێنی تورك و كورد بۆ میت گرنگیه‌كیان نیه‌ . روداوی دوو گه‌ریلا گیان فیداكه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ بنكه‌یه‌كی پۆلیسی توركیا به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت په‌كه‌كه‌ مه‌به‌ستی كاری خۆ كوژی بێت ده‌توانێ‌ زۆر شت بكات ، كه‌ نایكات مه‌سه‌له‌كه‌ مافی مرۆڤ و ئاكاری په‌كه‌كه‌یه‌ به‌رانبه‌ر سه‌رباز و پۆلیسی توركیا ، با ئه‌وانیش هه‌مان ئاكارو كاردانه‌وه‌یان نه‌بێت ، ئه‌و روداوه‌ وانه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ توركیاو ئاكه‌په‌  ئه‌گه‌ر پێبزانن، بۆ گه‌ریلا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باكورو تێكدانی خه‌و له‌ ئاكه‌په‌ زۆر ئاسانه‌ ، به‌ڵام ئه‌مه‌ش رێگه‌ دروسته‌كه‌ نیه‌ ، په‌كه‌كه‌ تا ئێستا ده‌رگای ئاشتی به‌ ته‌واوی دانه‌خستووه‌ ، ئه‌م پرسی ئاشتیه‌ زۆر كۆنه‌و لای په‌كه‌كه‌ ئامانجێكی گرنگه‌ ، ته‌نانه‌ت كاتێ‌ ساڵی 1993تاڵه‌بانی ئه‌و پرسه‌ی له‌ نێوان ئاپۆو ئۆزالا وروژاند و هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و پێش چوون ، ئاپۆ زۆر به‌ جۆشه‌وه‌ به‌رو پیری ئه‌و ئاشتیه‌ چووه‌ ، ئه‌گه‌ر ئاشتی 1993 سه‌ریگرتباو دواتر توركۆت ئۆزال ژه‌هر خوارد نه‌كرابا ، ره‌نگه‌ ئێستا توركیا له‌ بارو دۆخێكی ئابوری و دیموكراسی زۆر گه‌شه‌سه‌ندودا بوایه‌ ، جه‌رگی هه‌زاران دایكی كوردو توركیش ناسوتا ، توركیا له‌ بری ئه‌وه‌ی دوای ئه‌و هه‌موو زیانه‌ بیر له‌ ئاشتی بكاته‌وه‌ ، تازه‌ زیاتر سزای زیندانی به‌ سه‌ر سه‌لاحه‌دین ده‌میر تاشا ده‌سه‌پێنێ‌ ، تازه‌ ناو به‌ ناو هاكان فیدان بۆ كوشتنی هاونیشتمانیه‌كی خۆی له‌ پڕدا خۆی ده‌كات به‌ هه‌ولێرو كوردستان و عیراقداو نه‌خشه‌كانی پاكتاو داده‌ڕێژێت ، بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م پیلان و كوشت و بڕه‌ په‌كه‌كه‌ كارتی زۆری به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ ، له‌ سه‌رو هه‌موو كارته‌ خوێناویه‌كانه‌وه‌ ، كه‌ جۆرێكه‌ له‌ به‌رگری ڕه‌وا، كارتی ئاشتیش هه‌یه‌، بۆ ئه‌مه‌ بڕوام وایه‌ بارزانی ده‌توانێ‌ ده‌رچه‌یه‌ك بكاته‌وه‌ ، وه‌ك چۆن هه‌ركات گونجا بێت تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ دوا دوای ته‌مه‌نیشیا ئه‌گه‌ر نه‌خۆشی كوشنده‌ په‌لاماری نه‌دایه‌ هه‌نگاوی دیكه‌یشی ده‌نا ،بارزانی ده‌توانێت له‌ نێوان په‌كه‌كه‌و ئاكه‌په‌ ، له‌ نێوان  ئیمرالی و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌رفه‌تێك بۆ ئاشتی دروست بكات ، كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ، خه‌ڵكانی ئاشتی خوازده‌كرێت بكرێنه‌ هۆیه‌ك بۆ ئامانجێكی گه‌وره‌ تر،  قه‌ندیل ده‌رگای ئاشتی دانه‌خستوه‌ ، ئه‌وه‌ش نه‌ك له‌ به‌ر لاوازی ، یان فشاری توركیاو به‌ كار هێنانی چه‌كی یاساغ ، نا له‌ به‌ر ئه‌و بڕوابوونه‌ی په‌كه‌كه‌و خودی ئاپۆ به‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌، ئه‌وه‌ی ده‌رگای ئاشتی داخستوه‌ ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغانن، ده‌رگای ئاشتیش سه‌ره‌تا به‌ گفت و گۆی راسته‌و خۆ له‌ گه‌ڵ ئیمرالی ده‌ست پێده‌كات ، نه‌ك به‌ هاتن بۆ ئامه‌دو داخستنی ده‌رگای زیندانێك كه‌ شاهیدی خوێن و چه‌وسانه‌وه‌ی كورده‌ ، ئه‌گه‌ر ئاشتیت ده‌وێت ده‌رگای هه‌موو زیندانه‌كان داخه‌ ، به‌ زیندانی ئیمرالیشه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ بیست ساڵه‌ خه‌ڵك شاهیدی فێڵ و درۆكانی ئێوه‌یه‌ ، ناكرێ‌ ئێڤ16ی ئه‌مه‌ریكی له‌ شاخه‌كان بدات و تۆش داوا له‌ كورد بكه‌یت پشتگیریت بكه‌ن ، ئه‌گه‌ر بارزانی له‌ باره‌گاكه‌ی خۆیه‌وه‌ بیه‌وێت هه‌نگاوێك بنێت دڵنیام قه‌ندیل هاوكار ده‌بێت ، به‌ مه‌رجێك ئاشتی راسته‌قینه‌ بێته‌ دی ، ئه‌و ئاشتیه‌ی كه‌ تاڵه‌بانی به‌رله‌وه‌ی نه‌خۆشی بیخات ویستی زندوی بكاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش به‌ پێی ئه‌و دیداره‌ی سه‌بری ئۆك و تاڵه‌بانی له‌ سلێمانی كه‌ ساڵی 2012 به‌ ڕێوه‌ چوو . تا ئاشتی نه‌یه‌ته‌ دی توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌ نێو شه‌ڕدان ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر چی میت و ئاكه‌په‌ ئێستا مامه‌ڵه‌یه‌كی جیاواز تر له‌ گه‌ڵ هه‌رێم ده‌كه‌ن ، به‌ڵام  مانه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ چوار چێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی  په‌كه‌كه‌و كوردا ده‌بینن، راسته‌ ئێستا میت زۆر باش توانیویه‌تی هه‌رێم بخاته‌ بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی توركیاوه‌ ، لێ‌ ئه‌مه‌ به‌س نیه‌ توركیا كه‌ له‌ ڕێی میته‌وه‌ كار له‌ سه‌ر سڕینه‌وه‌ی كورد ده‌كات پێی وایه‌ هه‌رێم په‌كه‌كه‌ی تێا بێت یان نا ، یانی په‌كه‌كه‌ له‌ قه‌ندیل و چیاو ناوچه‌ سنوریه‌ده‌سكرده‌كان بن یان نا ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سكه‌وتی په‌كه‌كه‌و ته‌واوی حزبه‌ كوردستانیه‌كان ، توركیا ئه‌و بۆچونه‌ ناشارێته‌وه‌ ، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ به‌سه‌ر له‌مپه‌ره‌كاندا زاڵ بێت ، ئاكه‌په‌ له‌ كاتی داوای ئاشتی كردن و ده‌ستدرێژكردن بۆ ته‌وقه‌شدا بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ چۆن كورد له‌ بن بێنێت ، به‌ڵام دواجار چاره‌نووسی ئاكه‌په‌ش له‌ چاره‌نووسی هه‌موو ئه‌وانه‌ باشتر نابێت كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كورد ئاشتبكه‌نه‌وه‌ .  


  هێڤیدار ئەحمەد زۆر بە کورتی، بەربژێری بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و بەربژێری یەکێتییەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق سەرنەکەوت، بەڵام چ لە پشت ئەم چیرۆکە بوو، بۆچی شیعەکان پشتیان لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی کرد؟   هەوڵدەدەم بەشێک لە دیمەنی راستەقینەی یارییەکە بۆ خوێنەرانی ئەم گوتارە بخەمەڕوو، تاوەکو دیاربێت کە چۆن جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان یاریەکەیان گۆڕی، شیعەکان لە سەری بڵند چیان بە سەرۆک بارزانی گوت؟   لە سیاسەتکردندا (رەسید) گرنگە.    دەبێ کاراکتەری سیاسی یەکەم جار خۆی رەسیدی هەبێت، رەسید بۆ پەیوەندییەکان گرنگە، رەسید بۆ بەرژەوەندی و، ئەزموون گرنگە. پێش هەموو شتێک دەبێ دەستی خۆت بخوێنییەوە و یارییەکە وەک کە هەیە بخوێنیەوە.   ئەوەی ئەم جارە لە بەغدا روویدا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دوای (یەکێتی) کە 16 ساڵ لەدەستیان بوو، بۆ هەموو یەکێتییەکانی ئیماندار بە سیاسەتی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی موفاجەئەبوو.   پارتی پێیگوتن بەخەبەر وەرن   پارتی زیاتر لە 15 جار لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی دانیشت. نزیکەی 10 جار لە رێگەی بەڕێز فوئاد حوسێن کۆبوونەوەی لەگەڵ هەبووە، کە ئەو دەستگرتنەوەی بە بەرهەم ساڵحەوە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، سوودی نییە، بەڵام چەند جارێک بە شاندی پارتی گوتبوو، تەحەدا دەکەم و بەربژێری من سەردەکەوێت، هەندێک جاریش نەرم بووە.   بەڕێز بەرهەم ساڵحیش تاوەکو دوا ساتەکان بڕوای بەوە هەبوو، کە بۆ جاری دووەم سەردەکەوێت و دەبێتەوە سەرۆککۆماری عێراق!   پارتییەکان زۆر بە دڵسۆزی بە سەرۆکی یەکێتییان گوت "بەرهەم ساڵح بۆ خۆی کار دەکات، بەخەبەر وەرن، چونکە لەو یارییەدا لەگەڵ پارتی نایبەنەوە". سەرۆکی یەکێتی ئەوەندە بێ منەت بوو، دەیگوت "من دۆڕان قبووڵ ناکەم".   لە هەڵبژاردنی 2018دا بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، کاک بافڵ بە پارتی گوتبوو، بۆیە دەمانەوێ بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆککۆمار، چونکە هەرچی پێ بڵێین دەیکات و ناتوانێ بڵێ "نا".   پارتی دەستی خۆی ئاشکرا نەکرد   بەڕێزێک لە پەرلەمانی عێراق باسی دانیشتنێکی تایبەت کرد لای محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە بەرهەم ساڵح و سەرۆکی شاندی پارتی لەو دانیشتنەدا بەشداربوون. بەرهەم ساڵح بە سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی گوتبوو، ئەمڕۆ لە ساڵی 2018 دەچێت. وایزانی دیسان لە یاریەکەدا سەردەکەوێتەوە.   پارتی (ئەوانەی بەدروستی یاریەکەیان دەکرد) دەستی گفتۆگویەکانی خۆیان ئاشکرانەکرد بۆ میدیا و لە پشت پەردەوە بە هێزەوە کاری خۆیان دەکرد کە دەبێ ئەم جارە بەربژێری دڵخوازی خۆیان کە بەڕێز د. لەتیف رەشیدە سەربکەوێت و ببێتە سەرۆککۆماری عێراق.   یەکێتی و بەرهەم ساڵح، ئینجا سەرۆکی یەکێتیش قەناعەتییان وابوو دەبەنەوە. ئەندامی پەرلەمان هەبووە، هاتووەتە لای پارتی و پێیگوتوون، پارەمان وەرگرتووە، هەیە زۆر لەپارە زیاتری پێدراوە، بۆ ئەوەی دەنگ بۆ بەڕێز بەرهەم ساڵح بدەین، بەڵام ئێوە بڵێن دەنگ بە کێ بدەن وادەکەن. پارتیش بێگومان پێی نەگوتوون دەنگ بدەنە کاک بەرهەم.   لەسەری بڵند بڕیاردرا   شیعەکان پێش چەند رۆژێکی کەم لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە سەری بڵند بوون، لای جەنابی سەرۆک بارزانی، گوتیان هاتوون و داوای لێبووردن دەکەین و پێمان بڵێ چی بکەین، ئەوەی لەهەمووی گرنگتر، بڕیاری کۆتایی و یەکلاییکەرەوەی عێراق لای جەنابی سەرۆک بارزانی و لە سەری بڵند بوو و هەر لەوێ بڕیارەکە درا. هەر لەوێ نەخشە رێگەکە دانرا.   ئێران لە هەموو بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە لە عێراق رۆڵی کاریگەری هەیە و عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێڵی سوورەو بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.   ئێرانی بەغدا، قەیس خەزعەلی و هەندێ هێزی دیکەی چەکداری شیعە کە ئەندامیان هەیە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بەشێک لە سوننە وەک هێزی عەزم لەگەڵ بەربژێری یەکێتی بوون، بەڵام بڕیار بەدەستە شیعەکانی عێراق لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە بەڕێز مالیکی و هادی عامری و سوننەی هاوپەیمانی پارتی و... (ئەوانیدیکە جارێ باسی ناکەین) لەگەڵ بەربژێری دڵخوازی پارتی بوون کە بەڕێز لەتیف رەشید بوو، سەریش کەوت.   rudaw


عەدالەت عەبدوڵڵا  لە كۆتاییدا، سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا. ئەوەی یاریكەری سەرەكیی ناو ئەم رووداوەیە كە زنجیرەیەك پێشهاتی تریشی بەدوادا دێت تەنانەت ئەگەر بە نەشتەگەریی زۆر گەورەشدا تێپەڕێت!، بریتییە لە هەریەكە لە ئێرانییەكان و بلۆكی چوارچێوەی هەماهەنگی.  ئەم دوو جەمسەرەی ناو هاوكێشەكە كە یەكێكیان دەرەكییەو ئەویتریان ناوخۆیی، لە بەرەبەرەكانییەكاندا سنورێكیان بۆ رەوتی سەدر دانا، خۆپیشاندانەكانیان بە خۆپیشاندانی پێچەوانەو ئاماژەی بەكارهێنانی هێز كپ كردەوە. كازمی كە دڵخوازی سەدر بوو رەتكردەوەو، سودانی-یش كە تاقیكراوەو رەتكراوی سەدرییەكان بوو گەیاندە قۆناغی ئەوەی هەر لە سبەینێوە دەست بە ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بكات. لەوەش زیاتر، كاتێك كە موقتەدا هەڵوێستی لە ئاست سەرۆك كۆماردا گۆڕی و لەگەڵ مانەوەی د. بەرهەم ساڵح-دا بوو، مالیكی و دەوڵەتی قانون گەمەی پشتیوانییان لە كاندیدی یەكێتی بە چوارچێوەی هەماهەنگی گۆڕی و ناڕاستەوخۆش ئەو پەیامەیان بە یەكێتی-دا كە بۆ رازیكردنی بارزانی و پارتی پێویستە چاو بە پێداگرتن لەسەر كاندیدەكەیان بخشێننەوە، كاتێك كە سەرۆكی یەكێتی رۆژێك پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە تویتێكدا داوا لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات كە ئەوانیش بەرامبەر بە پشتیوانییەكانی یەكێتی بەوەفابن، مەبەستی بوو كە ناڕاستەوخۆ بۆ رای گشتی و بۆ ناوخۆی حزبەكەشی رابگەیەنێت كە سەرخستنی پلان (A) سەخت بووە، دەرچوواندنی د. بەرهەم تەنها لە ئیرادەی یەكێتیدا نەماوه،‌ بۆیە پلان (B) كە سەرخستنی د. لەتیف رەشیدە، چانسی زیاتر دەبێت، بەتایبەتی كە پارتی لە بنەڕەتدا ئەوەی مەبەستی بوو ئەوەبوو كە پلان (A)ی یەكێتی سەرنەگرێت وەك ناڕاستەوخۆ لە پیرۆزباییەكەی بازانیدا لە سەرۆك كۆماری نوێ گوزارشتی لێكرا، هەرچی یەكێتییە ئەوا مەبەستی بوو، بە هەر نرخێك بێ،‌ ئەو پۆستە، لەكۆتاییدا، هەر لەلای خۆی بێت، جا بۆ زەید بێت یان عوبەید..! ‌ئێرانییەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی توانیان تەنانەت‌ قەناعەت بە یۆنامی و دیبلۆماتكارانی باڵوێزخانەی ئەمریكاش بكەن كە سەدرییەكان لەكۆتاییدا، دەبنە هۆكاری ئاڕاستەكردنی عێراق بەرەو نادیار، بەڵگەش ئەوەیە دواین ئاگاداركردنەوەی یۆنامی ئەوەبوو كە دەبێ هێزە عێراقییەكان بەبێ مەرجی پێشوەخت كۆببنەوە كە ئەوە هەر خۆی بەمانای رەتكردنەوەی تەعەنودی سەدرییەكان بوو. لەوەش زیاتر، ئەو دوو جەمسەرە، ئەو بلۆكەشیان پەرتەوازە كرد كە سەدرییەكان لەدوای هەڵبژاردنەكانی پارەوە پێكیان هێنابوو، توانیان سیادەو پارتی بهێننە ناو ئەو بەرەیەكەوە كە بە رواڵەت مۆركێكی نیشتمانیی هەیە، بەڵام لە گەوهەردا، ئیتاری!. بە گشتی، گێمی یەكەمی، هاوكێشەكە تەواو بوو، ئێستا سودانی لەبەردەم ئاڵەنگاری پێكهێنانی حكومەتدایە، كێ بەشدار بكات؟ كێ رەت بكاتەوە؟، لەم رووەوه، رەنگە‌ چوارچێوەی هەماهەنگی لە پشتی پەردەوە هەموو رێگایەكی پێ پیشان بدەن و هەموو ئاسانكارییەكی بۆ بكەن تەنانەت ئەگەر هەر هێزەی ناوی چوارچێوەكە تەماحی تایبەتیشی لە پشكی كێكی كابینەی نوێدا هەبێت!.  گەمەكە سەرەتایەتی، مەرج نییە نە سەدرییەكان سەیركەر بمێننەوە، نە شەقامی ناڕازیش، وەك چۆن ئەمریكییەكانیش چاودێریی رووداوەكان دەكەن و هەندێ وڵاتی هەرێمایەتییش!. پاشان سودانی تەنانەت ئەگەر حكومەتیش پێك بهێنێت خۆی لەبەردەم هێزێكی گەورەی سیاسیی بەرهەڵستكار و وڵاتێكی پڕ قەیرانا دەبینێتەوە كە روبەڕوبوونەوەیان یەكجار پڕوكێنەرە.    


تەنیا کوردی ((ئەگەر کۆمەڵگەی بەختەوەر دروستبوو ھیچ ھێزێکی سیاسی ناتوانێ گرژی سیاسی و فەوزا بخاتە نێو کۆمەڵگە، ئێستا کاتیەتی کۆمەڵگەی کوردستانی خۆی تێست بکات و  بازنەیەک بە دەوری ھەر ھێزێک بکێشێ کە بیەوێ سەقامگیری سیاسی و کۆدەنگی و تەبایی لەبار ببات، ئەم تێستە دەریدەخات کە ئایا کۆمەڵگەی کوردستانی بەختەوەرە یانیش ھێشتا کۆمەڵگەیەکی تەقسیمە.)) کۆمەڵگەی کوردستانی لەسەردەمی زێڕیندا توانی ھێزی ئەرێنی دروست بکات،  ئەم دەستەواژەیە لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانی خرایە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کوردستان کاتێک لە رۆژانی رابردوو لەمیانی گوتارێکیدا سەردەمی کارایی رێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی بە سەردەمی زێڕین راگەیاند. سەردەمەی کۆمەڵگەی بەختەوەر لە کوردستان لە قۆناغی زێڕیندا بە ئاوەدانی دەستی پێکرد، ھێزی زیاتری دایە پێکەوەژیان و ھەرێمی کوردستانی لە ناوچەکەدا لە ڕووی دەسکەوت و دیپلۆماسی بەھێز کرد، ئەوکات ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بەیەکەوە لە حوکمڕانیدا کاریان دەکرد، ئێستاش بەرھەمی ئەو سەردەمە پێویستە بپارێزرێ و پارێزگاری لێبکرێ، چونکە لە ئەنجامی پەرتەوازەیی ھێزە سیاسییەکان کۆمەڵگە تەقسیم دەبێت و لێکەوتەی نەرێنی دەبێت و کار لە سەقامگیری ھەرێمی کوردستان دەکات. لە کۆمەڵگەی بەختەوەردا خۆشەویستی بۆ نیشتمان زیاد دەبێت و ململانێی سیاسی و حزبی دەسکاری کۆمەڵگەی پێناکرێت، بەڵکوو لە کۆمەڵگەی بەختەوەردا ھەموو ململانێیەکی سیاسی و حزبی تێیدا وەک ھێزی ئەرێنی لە چوارچێوەی دیموکراسیەتێکی تەندروست رێکخراو دەبێت. گەورە فەیلەسوفی پۆڵەندی جولیان کۆراب دەڵێت، ھەرکاتێک خەڵک ھەستیان بە ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینیی لە مێژوویەکی ھاوبەشدا کرد کە بەیەکەوەی گرێداون، ئەوکاتە یەکگرتوو دەبن و کردەوەکانیان کاریگەر دەبێت و دەچێتە خزمەتی کۆمەڵگەی بەختەوەر. ئەم فەیلەسوفە دروستکردنی ھێزی ئەقڵانی ئەرێنی بە بناغەی دروسکردنی کۆمەڵگەی بەختەوەر دەزانێ، ئەم ھێزە ئەرێنییە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی بەختەوەر دەیگەڕێنێتەوە بۆ حەفت بنەما و ھاوکێشە: یەکەم..کاری ھاوباش. دووەم..بەختەوەری بۆ ھەموان بەڵام لەسەر حسابی یەکتر نا. سێیەم..رەوشتبەرزی ھاوڵاتیان و حیکمەتی سەرکردەکان. چوارەم..پەروەردە لە پێناو زانست و رەوشتی باش دا. پێنجەم..یاسای باش و رەوا. شەشەم..مەعریفەی سیاسی. حەوتەم..بەردەوامی نەوەکان. لە کۆی ئەم خاڵانەدا: -کاری ھاوبەش واتە دروستکردنی پێوەندی کۆمەڵگە لەسەر بنچینەی لێکتێگەیشتن، لەسەر بنەمای پێشکەوتن و یەکتر خوێندنەوە و یەکتر قبوڵکردن. -گەڕانەوە بۆ ھاوبەشیکردن لە کەلتورێکی ھاوبەش، دۆزینەوەی خاڵی ھاوبەش لە ئاین و پێکەوەژیاندا. -پتەوکردنی متمانە لەسەر بنەمای بەیەکەوە کارکردن بە ئامانجی کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر کە دواجار لە بەختەوەری کۆمەڵگەدا خۆشەویستی بۆ نیشتمان قوڵایی خۆی وەردەگرێت و دەبێتە باوەڕێکی بەھێز. -ئەزمونکردن بۆ دروستکردنی بەرگری کۆمەڵگە لە پێشکەوتن و پەروەردە و مەعریفەی سیاسی، بژێوی باش و ئابووری بەھێز، لەسەر بنەمای لۆژیک و یاسا،  لەسەر بنەمای تێگەیشتن بۆ پێڕاگەیشتن بە گەشەکردنی حوکمڕانیەکی تەندروست لەسەر کارنامەی ھاوبەش و سەرکردەی داناو قیادەکردنی مۆدێرن بە ئامانجی کۆکردنەوەی ھەموان لە دەوری یەکتر، ئەمانە گشتی ئومێدێکن کە بەردەوامی دەداتە نەوەکان کە دوارۆژێکی گەشیان ھەبێت. -لە کۆمەڵگەی بەختەوەردا تاک دووجار مرۆڤە جارێک بۆ ژیانکردن و تێگەیشتن لە سەنگی خۆی لە کۆمەڵگە و پێشخستنی، جارێک بۆ مرۆڤایەتی و گەیشتن بە پێناسەی ئەرێنی خۆی و باشترکردنی ئەدای لە پێشخستنی خۆیی و کۆمەڵگەدا. ئێستا درەنگ نییە کە بتوانین ھەموو ھەوڵێک بکەینە کۆدەنگەیەکی بەھێز و ئەرێنی بۆ دروسکردنی بەرگری لە کۆمەڵگەیەکی بەخەتەوەردا. ئەگەر کۆمەڵگەی بەختەوەر دروستبوو ھیچ ھێزێکی سیاسی ناتوانێ گرژی سیاسی و فەوزا بخاتە نێو کۆمەڵگە، ئێستا کاتیەتی کە کۆمەڵگە بازنەیەک بە دەوری ھەر ھێزێک بکێشێ کە بیەوێ سەقامگیری سیاسی و کۆدەنگی و تەبایی لەبار ببات، ئێستا کۆمەڵگە لە تێستدایە کە ئایا بوەتە کۆمەڵگەی بەختەوەر یان ھێشتا کۆمەڵگەیەکی تەقسیمە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand