هێرشێكی تر بۆ سەر كوردستان بەڕێوەیە!
2022-11-19 05:52:18
د. كامەران مەنتك
كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر، گوایە بۆ پارێزگاریكردنی كورد لە هەولێر كراوەتەوەو زۆر كەس ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە، كە دروستكردنی كونسوڵگەرییەكی وا گەورە لە هەولێری پایتەخت، نیشانەی ئەوەیە ئەمریكا بایەخێكی زۆر بە كورد دەدات وتا ئەو كوسنوڵگەرییە لە هەولێر بێت هەولێر پارێزراوە! داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كردووە سەردانی باكووری سوریاو ئێراق، واتە رۆژئاواو باشووری كوردستان نەكەن، لەبەرئەوەی ئەگەرێكی زۆر هەیە لە ماوەیەكی كەمی داهاتوودا سوپای توركیا هێرش بكاتە ئەو ناوچانە، ئەمەش واتای ئەوەیە گەڕێكی تری داگیركاری توركیا بەڕێوەیەو ئەو داگیركارییەش بەرێككەوتنە لەگەڵ ئەمریكاو روسیا، بە واتایەكی تر وەك چۆن لە ساڵی (2019) روسیا وئەمریكا گەیشتنە رێككەوتن وگڵۆپی سەوزیان بۆ توركیا دایساند بۆئەوەی گرێسپی وسەرێكانی داگیر بكات، هەمدیس دەستیان واڵا كردووە بۆئەوەی ئەو ناوچانەش داگیر بكات، كە تاوەكو ئێستا داگیری نەكردووە بۆ تەواوكردنی ئەو پشتێنەیەی ناوی ناوە ناوچەی ئارام. بەم شرۆڤەكردنەش بێت، كۆنسۆڵگەری ئەمركیا لە جیاتی ئەوەی هەرێمی كوردستان بپارێزێت، سەرپەرشتی پڕۆسەی دابەشكردنەوەی كوردستان دەكات.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو راگەیەنراوەی كونسوڵگەری ئەمریكا ئەوەیە ناوی باكووری ئێراقیش دەهێنێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە پشتێنەی ئەمنی توركیا وئەو ناوچە بە ناو ئارامەی دەیەوێت دروستی بكات، سنوورەكانی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، كاتی خۆی لە ساڵی (2020) كاتێك كێشەی زینی وەرتێ زەق بووەوە ئاماژەمان بۆ ئەوە كرد، توركیا دەیەوێت خاڵی كۆتایی پشتێنە سنوورییەكەی دیاریبكات ودواتر بێتەوە هەوڵبدات ئەو خاڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە بەیەكەوە بلكێنێت، كە داگیری كردبوون، زۆر كەس نووسینەكە بە خوێندنەوەیەكی ئەندێشەیی تێگەیشتن، كەچی ئێستا وا ئەمركیا راشكاوانە دەستی توركیا رادەكێشێت، ئەمەش بە كورتی دابەشكردنەوەی هەژموونی زلهێزەكانە لە ناوچەكە وبەشێكە لە پڕۆسەی داڕشتنەوەی سیستەمی نوێی جیهان، واتە ئەو سیستەمەی دوای قۆناغی تاكجەمسەری دێت، لەپاڵ ئەمەشدا بەشێكە لە پڕۆسەی داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە جێگە داخە هەموو ئاماژەكان بۆئەوەن جارێكی تر كوردستان دەكرێتەوە قوربانی، دیارە ئەمجارەیان حیزبە كوردیەكانی باشوور بە پلەی بەرپرسیارن ولەجیاتی ئەوەی ئەو دەرفەتەی دوای رووخانی بلۆكی رۆژهەڵات هاتە ئارا بقۆزنەوە بۆ بونیاتنانی قەوارەیەكی تۆكمە، هەموو هەوڵێكیان بۆ دزین وتاڵانكردن ودەوڵەمەندكردنی بنەماڵەكانی خۆیان بوو!
ئەوەی ئەو جارە هاوكێشەكە تۆزێك ئاڵۆزتر دەكات، ئەوەیە لەكاتێكدا دەرگا بۆ هێرشی توركیا واڵا كراوە، لە هەمان كاتدا ئێرانیش هێزەكانی لەسەر سنوور كۆكردووەتەوە، لەرووی دپیلۆماسیشەوە، بە گەرمی لە جوولە دایەو بەرپرسانی ئەو وڵاتە سەردانی وڵاتانی دەوروبەر دەكەن وبە بیانووی لێدان وچەككردنی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر باشووری كوردستان دەكەن، هەرچۆنێك بێت ئەو هەڕەشانەی ئێرانیش لە دوو ئەگەر زیاتر لە خۆوە ناگرێت، ئەگەری یەكەم ئەوەیە ئێرانیش هاوشێوەی توركیا وەك كاراكتەرێكی گرنگ لە ناوچەكە گڵۆپی سەوزی بۆ دایساوە بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر هەرێم، بە واتایەكی تر ئەویش هاوشێوەی توركیا بەناوی لێدانی هێزە كوردیەكانەوە دەیەوێت بەشێك لە سنوورەكانی هەرێم دابڕێت، بۆئەوەی سنوورەكانی خۆی هاوتەریب بكاتەوە لەگەڵ سنوورەكانی توركیا ورێگە نەدات لەرووی جوگرافیەوە توركیا باڵادەستی خۆی بسەپێنێت، ئەگەری دووەمیش ئەوەیە ئێران دەیەوێ ئەو هەلە بقۆزێتەوە وپەلاماری هەرێمی كوردستان بدات. لەهەموو حالەتەكاندا كوردستان لەبەردەم قۆناغێكی تری مەترسیداردایە، ئەمەش لەكاتێكدایە هێزە كوردیەكان تازە شەڕی یەكتریان گەرم كردووە وخەریكی ئەو گفتوگۆیە سەقەتەن، كە سی ساڵە كۆمەلگەی باشووریان پێوە خەریك كردووە، ئایا هێلكە لەمریشكە یاخود مریشك لە هێلكەیە!.