William Safireو سەید کاکە، دو کورسی چۆڵیش
2022-11-19 09:55:33
چیا عەباس
بۆ دروست تێگەیشتن لە زەمینەی مێژویی ململانێی و کێشەکانی دو هێزە دەسەڵاتدارەکەی باشوری کوردستان پێویست دەکات لێکۆڵینەوەیەکی واقعی چروپر بکرێت تا ئەم بەشە هەستیارەی مێژو نەکەوێتە بەر رەحمەتی فرە ئاراستە سیاسی و فکریە جیاوازەکانەوە.
ئەوەی ئاشکرایە کە دوژمنانی و داگیرکەرانی کوردستان بەردەوام هەوڵیان داوە بزافی کوردایەتی بە شەقکردن و لەتلەت کردنی لاواز بکەن، هێزەکانی کوردیش لە ناچاریەوە بوبێت یاخود ئارەزومەندانە بۆ مانەوەی خۆشیان و لاوازکردنی یەکتر رۆڵیان لەو پرۆسەیەدا هەبوە. ئەمە بەشێکی هەستیاری ئەو دیاردە موزمنەیە کە ناوەراستەکانی پەنجاکانەوە سەریهەڵداوە. پیویست ناکات لاپەرە قێزەوەنەکانی ئەو مێژوە بجوینەوە، خولانەوە لەو کارەساتانەی مێژودا هیچی تازەمان پێ نابەخشێت گەر هێڵێکی ئەستور بەژێر لایەنە هەستیارەکانیدا نەکێشین.
داگیرکردنی کوێت و وەڵامی دنیاو راپەرین و روخاندنی سەدام تێکچونی هاوسەنگی کلاسیکی هێزی لە ناوچەکەمان بەرپاکرد، گەمەکەری زلهێزی تر، تایبەت ئەمریکا، بە قورساییەکی بێئەندازە هاتنە ناو گۆرەپانەکە، ئەم روداوە فشارە کلاسیکیەکانی دەرو دراوسێی سەر دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان سنوردار کردو بواری هەناسەدان و جموجۆڵی بۆیان رەخساند. باجی ئەم دەرفەت رەخساندنە فرە کوێخایەتی زلهێزەکانی دنیاو ناوچەکە بە بەسەر ئیرادەی سیاسی باشوردا چرترو راستەوخۆتر بو و دەسکەوتی مەزنی فەرمانرەوایی خۆماڵی و رۆڵی کورد لە بەغدا کەوتنە نێو داوێکی توندو سەختی فرە قولابەوە.
William Safire، نوسەرو رۆژنامەگەری بەناوبانگی ئەمریکاو دۆستی کوردو زۆر نزیکیش لە خوالێخۆشبو مەلا مستەفا لەوتارێکیدا دوای راپەرین لە رۆژنامەی نیۆرک تایمز بڵاوکرایەوە نوسیویەتی: گەر ئەمریکا جدیە لە هاریکاری کوردەکانی عیراق دەبێت ئیدارەی ئەمریکا هەر دو سەرکردەی کورد، مسعود بارزانی و جهلال تاڵەبانی بانگهێشی کۆشکی سپی بکات، بارزانی بە Mr. Inside ناوی بردبو و مام جهلالیش بە Mr. Outside، بەواتای بارزانی بۆ بەڕێوەبردنی کوردستان و تاڵەبانیش بۆ کاروباری دەرەوەو دیبلۆماسی. هاوکات ئەو مرۆڤە دوربینە چاوەروانی کارەساتی دەکرد گەر ئەمریکا ئەو هەناگەوە نەگرێتە بەر.
لەو ساتانەدا سەردانی کوردستانم کردو وتارەکەم لە بارەگای سوشیالیست لە شەقڵاوە پیشانی دکتۆر محمود عوسمان دا، بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: منیش Mr. Between، بێگومان دواتر زانیم کە دکتۆر لە نزیکەوە سەفایری ناسیوە.
لە دانیشتنەکەدا چەند بەرێزێک ئامادەبون، یەکێک لییان، دواتر زانیم کە سەید کاکە بو، گوتی: من سەرکردەکانی کورد بناسم و ئەمریکا ئاوا باسیان بکات چاوەرانی شەرێکی قورس دەکەم. زەمەن رۆیشت، کۆندۆلێزا رایس، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک جۆرج بوشی کوڕ، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: کوردی باشور بۆڵەبۆڵی چی دەکەن هیچکات وەزعیان وا باش نەبوە، دوای روخاندنی سەدام برێمەر لە یادەوەریەکانیدا بە ئەرێنی باسی رۆڵی سەرکردەکانی کورد ناکات، ئەم راستیانە تا ئەم ساتەش ئاوێنەی سیاسەتی ئەمریکایە بەرامبەر بە کوردی باشور.
لەو کەین و بەینەدا، تایبەت لە سەردەمی کلنتۆنەوە، دۆسیەی کوردی باشور لەلایەن ئەمریکاو دۆستەکانیەوە تا ئەم چرکەیەش بە تورکیا راسپێردراوە، ئەم راسپاردنە هاوسەنگی هێزی نێوان پارتی و یەکێتی بە سودی پارتی لاسەنگ کرد. مام جلال زو دەرکی بەم هاوکێشەیە کردو لە سەردەمی تورگت ئۆزاڵەوە هەوڵیکی زۆری دا بۆ راستکردنەوەی و تا سەردەمی ئۆردوگانیش بەردەوام بو، بەڵام هیچی ئەوتۆی لێ دروێنە نەکرد.
رێکكەوتنی واشنتۆنی نێوان مام جهلال و مسعود بارزانی و وردەکاریەکانی ئەو رێکكەوتنە خاڵی وەرچەرخاندن بو لە جۆری پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی. مام جهلال دوای رێکكەوتنەکە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەگەریدا دەڵێت: مادلین ئۆلبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو سەرپەرشتکاری رێکكەوتنەکە، پێی گوتین: " بۆتان نیە شەڕو دانوستاندن و رێکكەوتن لەگەڵ عیراق بکەن، بۆتان نیە پەلاماری یەکتر بدەن و... بێ رەزامەندی ئێمە.
ئەم پەیامە سیاسییە زۆربەی کاتەکان بە وردەکارییەوە لەلایەن مام جهلال و مسعود بارزانی پێرەوکراون، سروشتی ململانێ و ناکۆکیەکانی نێوان ئەو دو هێزەی لە گرژی و توندییەوە گۆڕی بۆ شێوازێکی جێگیری ململانێکردنی نەرم، لە واقیعدا رێکكەوتنی واشنتۆن هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بو بۆ دو ئیدارەییەکی شاردراوە، هەرچۆنێک بێت کورد لەمە زەرەری نەکرد، چونکە پێچەوانەکەی ماڵویرانییەکی زۆر گەورە دەبو. سەرجەم ئەم روداوانەو ئەوانەی دواتریش راستی بۆچونەکانی سەفایرو سەید کاکە یان سەلماند.
وەفاتی نەوشیروان مستەفاو مام جهلال زەمینەخۆشکەر بو تا گۆرەپانی سیاسی و حوکمرانی هەرێم بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی رەهای پارتییەوە، خانەوادەی بارزانی و پارتی جومگە بنەڕەتییەکانیان گرتۆتەدەست، هاوسەنگی لە گەڵ بەغدا ناجێگیرەو شێوازی ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر لاسەنگ بوە. ئەم دۆخە لەگەڵ رۆحی رێکكەتنی واشنتۆن نەگونجاوە، ئەمریکاش چاودێریکی بێدەنگە چونکە لە ناوچەکە سەرقاڵی پرسی زۆر گرنگترە، ئاکامەکەشی شێوازی گرژی و توندی ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەری هەڵداوتەوە، وەک کورد دەڵێت خەریکە لە گرێژنە دەردەچێت.
مەخابن لەم سەردەمەدا هەق و رەوایەتی لە سیاسەتدا بونەتە پاشکۆی روداوەکان، هێزی چەکدارو پارەو پەیوەندی و راگەیاندن و هەواڵگری شوینیان بەو چەمکانە شلۆق کردوە. رۆڵی دەسەڵاتی کوردیش لە باشور لە رۆڵی جوندیەکی شەترەنج کەمتر نەبێت زیاتر نیە.
لەگەڵ تێكچونی نێوماڵی یەکێتی زیاتر لاسەنگی لە گەڵ پارتی خەستتر بوە، دو ئاڕاستە گەورەکەی ناو یەکێتی، بەرەی باڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، ناکۆکی و ململانێکانیان هاویشتۆتە ناو تەرزاوی ئەو لاسەنگیەوە و گەمەی ناجێگیرو مەترسیداری پێدەکەن.
لە مام و مەرجەعەوە بۆ ... و لە تێکدەری رەوتی کوردایەتی بۆ پیرۆزبایی و نزیکبونەوە لێی و... روەکانی دراوێکی تەکتیکی سیاسی هەزارانجار دوبارەبوەوەیە کە لە دورو نزیکەوە لەگەڵ کرۆکی بزافی رزگاریخوازی کورد یەک ناگرنەوە.. و هاوکاتیش لاسانگیەکەی خەستتر کردوەو شێوازی ململانێکانی نێوانیان و لەگەڵ پارتیشدا بەرەو توندی و تاریکیەکی مەترسیدارد بردوە، لە ئاکامیشدا پارتی ئەو تەرەفە دەبێت کە دوا پێکەنین دەکات.
بۆ خۆم وەک کەسێکی ئۆپزسیۆن خواستمە دەسەڵاتەکانی پارتی و یەکێتی نەک لاوازتر بن، بەڵکو بشگۆرێن، بەڵام هەرگیز ناشێت ئەم خواستەم لەسەر حسابی دەسکەوت و بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەکەم بێت، کاتێک ئەوە بخوازم هیچم کەمتر نابێت لە دوژمنانی کوردو کورد کوژەکانی مێژو.
گەڕانەوە بۆ ململانێی جێگیرو ئارام لەم دۆخەی ئێستادا تاکە رێگایە نێو پارتی و یەکێتی، زۆر باشترە یەکێتی بۆ دارشتنەوەی دۆخی ناوخۆی و بەدەستهێنانەوەی متمانە پێی لە حکومەتی هەرێم بکشیتەوەو زیاتر سەرقاڵی رێكخستنەوەی نێو ماڵی خۆی بێت و ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ خۆی و ناوچەکانی دەسەڵاتی دابین بکات.
بەشێکی نەوە تازە هەڵکەوتوەکانی ئیرسی سیاسی دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە، پێش بریاردان، پێش پەنابردن بۆ توندو تیژی، پێش زاڵبونی مەزاجی شەخسیان لە کۆڕو کۆبونەوەکانیان لە فرە عەرزەکانیان دو کورسی چۆڵ بەردەوام لە پێش خۆیان دابنێن، کورسییەکیان بۆ شەهیدان و قوربانیانی مێژو و ئەوەی تریشیان بۆ نەوەکانی ئایندەو ئەوانەی لە دایک نەبون، گەر بتوانن ئەم دو هزرە بە دروستی بەیەکەوە گرێبدەن باوەردەکەم هەنگاوێکی هەستیار دەگرنەبەر.