Draw Media

شەڕ لە دەریای ڕەش و دوکەڵەکەی لە کوردستان و یۆنانە

شەڕ لە دەریای ڕەش و دوکەڵەکەی لە کوردستان و یۆنانە

2022-11-21 08:53:54


د. دانا حه‌مه‌عه‌زیز

هەموو ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی خۆرئاوا، کۆکن لەسەر ئەوەی ئەردۆغان موحتاجی ئاژاوەو خوڵقاندنی شەڕە بۆ دەربازبوون لە کەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

بەدرێژایی ماوەی نزیکەی ٧٠ ساڵ لە ئەندامێتی لە ناتۆدا، تورکیا لە هیچ قۆناغێکدا وەك ئێستا سودمەندو جیگەی بایەخی ڕوسیاو ناتۆ نەبووە. شەڕی هاوخوێنە سلاڤییەکان لە کەنارەکانی ئەوبەری دەریای ڕەش کە یەك دەرچەی هەیەو کلیلەکەی لە ئەستەنبوڵە، دەرفەتێکی بۆ ئەردۆغان رەخساندووە، ڕەنگە نەهێڵێت بەبێ دەسکەوتی گەورە تێپەڕێت. ئەردۆغان وەك ناوبژیوانی شەڕی ئۆکرانیاو تاکە کەناڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان ڕوسیاو ناتۆدا، کەمترین سەرنج لەسەر خراپەکارییەکانێتی.

کوردستان وەك بێ پشتیوانترین شوێنی سەر زەوی، تاکە بەربەست کە بتوانێ لە پەلامارو چنگی خوێناوی تورکیا بیپارێزێت، ئەمریکایە، لە بێدەنگی ئەمریکادا، کورد سەلامەت نیە.

لەخۆبایی بونی ئەردۆغان بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە، گەیشتۆتە قۆناغێک کە دەست لە وڵاتانی ناتۆش ناپارێزێت. هەمان ئەو زمانی هەڕەشەیەی هەموو جارێ لە دژی کورد بەکاری دەهێنێت، ئەمجارە ڕێك لە دژی یۆنانیش بەکاری هێنا. لە پەراوێزی کۆبونەوەی سەرانی G20 کە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە بالی ئێندۆنیزیا ئەنجام درا، ئەردۆغان بە یۆنانییەکانی وت "تورکیا لەپڕ شەوێك دێت بۆتان، دراوسێ دەبێت ئاگای لە خۆی بێت، مێژووتان بیر نەچێت!".

هەندێك لە دورگەکانی یۆنان، تفەنگهاوێژێك لە تورکیاوە، دوورن، تورکیا دەتوانێت بەئاسانی داگیریان بکات. لەم کاتە ناسکەدا، ڕەنگە ئەمریکاو ناتۆ بۆ ماوەیەك کاردانەوەی توندو خێرایان نەبێت، ئەو ماوەیەش بەسە بۆ ئەوەی ئەردۆغان سۆزی ناوخۆی تورکیای پی ڕاکێشێ و لە کەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی شەش مانگی داهاتوو بیپارێزێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand