Draw Media

دکتۆرە رووناك قاسم خەمۆکی نەخۆشییەکی دەروونیە کە دبێتە هۆی خەم و بێزاری بەردەوام . دەبێتە هۆی لەدەستدانی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا . زۆربەی کەسەکان هەندێک کات هەست بە بێزاریی و بێتاقەتی دەکەن  بەهۆی کێشەکانی ژیان یان لەدەستدانی کەسێکیانەوە ، ئەمە ئاسایە ، بەڵام ئەگەر هەستکردن بە بێزاری و بێتاقەتی و بێ ئومێدیی لە چەند ڕۆژ یان چەند هەفتە تێپەڕی کرد کەواتە ئەو کەسە توشی خەمۆکی بوە .  مرۆڤی توشبوو بە نەخۆشی خەمۆکی ، تام و چێژ لە ژیان وەرناگرێت، بەردەوام هەست بە تەنیایی دەکات ، ناتوانێت لەگەڵ خۆشیەکانی ژیان بگونجێت ، ڕەتی هەموو هاوکاریەکانی دەوروبەری دەکات ، بەردەوام چاوی بەگریان دەبینین بەڵام ئەو گریانەی خەمۆکی کەم ناکاتەوە ، بەردەوام بیر لە ناخۆشیەکانی ژیانی دەکاتەوە ، چالاکی نامنێت بەردەوام لە نزم بوون دا دەبێت ، وەڕەشبینانە سەیری دونیا دەکات . خەمۆکی جیاوازە لە هەڵبەز و دابەزە و وەڵامە سۆزدارییە کورتماوەکان بۆ بەرەنگارییەکان لە ژیانی ڕۆژانەدا . بەتایبەتی کاتێک درێژخایەن و بە چڕیی یان توند، خەمۆکی لەوانەیە ببێتە دۆخی تەندروستییەکی مەترسیدار دەتوانێت وا لە کەسی زیانلێکەوتو بکات کە ئازارێکی زۆر بە دەستیەوە بچێژێت  کاتی لە قوتابخانە و خێزاندا بە خراپی کار بکات . وە لە خراپترین حەڵەتی دا دەبێتە هۆی خۆکوشتن .  چەند ئامارێک لە سەر خەمۆکی و کاریگەریەکانی لە ئاستی جیهان :  خەمۆکی نەخۆشییەکی باوە لە ئاستی جیهاندا، زیاتر لە 264 ملیۆن کەسی توشبوە . ئەوەش ڕێژەیەکی زۆر و ترسانکە ، ١٥٪ نەخۆشەییە خەمۆکیەکان خۆیان دەکوژن وە ٧٠٪ بارەکانی خۆکوشتن کە روودەدەن هۆکارەکەی خەمۆکیە . ساڵانە نزیک بە 800 هەزار کەس بەهۆی خۆکوشتنەوە دەمرن خۆکوشتن دووەم هۆکاری مردنی ە لە تەمەنی 15-29 ساڵی .  نیشانەکانی نەخۆشی خەمۆکی :  ١-مرۆڤ کە دوچاری نەخۆشی خەمۆکی بوبێت ، هەست بەوە دەکات یەکەم بێدەسڵاتە ،دووەم هەست بە بێ ئومێدی و داگیری دەکات.  ٢-لەڕوخساریدا دڵشکاو خەمۆک دیارە .  ٣-چیژ لە خۆشی نابینێت . ٤-بیرکردنەوەی گرفتی تێدەکوێت و بڕیاری بۆ نادرێت .  ٥-خۆی بە کەم دەبینێ و زۆر جار خۆی بە خەتابار دەزانێت . ٦-هەندێجار دەوروژێ و زۆر بڵێ دەبێت ، هەندێ جاریش مات و کەم دوو دەبێت.  ٧- بێهێز و ماندوو دیارە . ٨-لە هەندێ کاتدا خەوی نیە یان هەندێ کاتی تر زۆر دەخوێت .  ٩- تام لە خواردن ناکات وکێشی دادەبزێت .  نیشانەکانی خەمۆکی لە منداڵان و گەنجان دەکرێت کەمێک لە نیشانەکانی  لە کەسانی گەورەو بەتەمەن جیاواز بێت : نیشانەکانی خەمۆکی لە مندڵا و گەنجدا  ١-دڵەڕاوکو توڕە بوون ن دورکەوتنەوە لە کۆمەڵ و خێزان . ٢-گۆڕانکاری لە شێوەی بیرکردنەوەو بەرنامەی خەو .  ٣-کەمبوونەوەی تێگەیشتن و ، تێکچوونی چالاکی مێشک.  ٤-ئەگەری هەیە منداڵان بە هۆی ئەرکەکانی قوتابخانەوە توشی ئەم نەخۆشییە ببن .  هۆکارەکان : ١-ڕوداوە ناخۆشەکان : بێ گومان لە کاتی هور ڕوداوێکی ناخۆش، مرۆڤ دووچاری خەم دەبێتەوە بەڵام هەندێ جار خەمکە لەگەڵ کەسەکە درێژە دەکێشێت تا وای لێ دەکات توشی خەمۆکی بێت. ٢-دوای منداڵ بوون : لە ناو دە ئافرەت یەک ئافرەت دوای منداڵ بوون توشی خەمۆکی دەبێت دیاردەکانی خەم خواردن بەردەوام گریان ، تێکچونی خەو ، ڕق هەڵسان لە منداڵەکەی و گرنگی پێنەدانی و خۆ بە کەم زانین .  ٣- نەخۆشیە جەستەییەکان : زۆر جار نەخۆشیە درێژخایەن و ترسناکەکان وا لە مرۆڤ دەکات توشی خەمۆکی بێت وەک نەخۆشی دڵ و شەکرەو شێرپەنجە و سیل و پەک کەوتن . ٤- کەسایەتی نەخۆش پێش توشبوونی بە نەخۆشی : پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤ کاریگەری هەیە لە سەر ڕادەی توشبوونی بە نەخۆشی خەمۆکی ، ڕاستە هەموو مرۆڤێک ئەگەری توشبوونی بە نەخۆشی خەمۆکی هەیە ، بەڵام هەندێ مرۆڤ ئەگەری توشبوونی خەمۆکی زیاترە ، ئەوەش لە دەرئەنجامی شێوازی ژیانی ڕابردومان دەبێت .  ٥- تێکچوونی کیمیایی مێشک : ئەوە لە دەرئەنجامی تێکچونی ڕژێنەرەکانن کە لە کۆئەندامی دەماری مرۆڤ ڕودەدات ، لەم حاڵەتانەدا پەنا دەبردرێتە بەر دەرمان بۆ چارەسەرکردن .  جۆرەکانی خەمۆکی :  ١-خەمۆکی دەرەکی: ئەم نەخۆشیە لو دەرئەنجامی هۆکارێکی دەرەکی سەرهەڵدەدات ، گرفەتەکانی ژیان و کۆچکردنی کەسێکی نزیک.... هتد .  ٢-خەمۆکی ناوەکی:لێرەدا لەبەر چەند هۆکارێکی ناوەوە سەر هەڵدەدات ، کاتێک سەیری بارودۆخی کەسەکە دەکرێت لە لایەنی دەرەکی ، هیچ پاساوێک نادۆزرێتەوە بۆ  توشبوون بە نەخۆشیەکە .  چارەسەرکردن :  دوای دە‌‌ستنیشان كردنی خە‌مۆكی، پزیشك بڕیار دە‌دات كە‌ ئاخۆ كامە‌ چارە‌سە‌ر گونجاوترینە‌ بۆ ئە‌و كە‌سە‌ بە‌پێی توندی حاڵە‌تە‌كە‌. چارە‌سە‌رە‌كە‌ ڕە‌نگە‌ گفتوگۆ، چارە‌سە‌ری ھیزری یان دە‌رمان بێت. بە‌ ھە‌موو بارە‌كاندا دە‌بێت ئە‌ندامانی خێزان چاودێری كە‌سە‌كە‌ بكە‌ن كە‌ ئایا بە‌ چارە‌سە‌رە‌كان بە‌رە‌و باشتر دە‌چێت یان نا. ١-دەرمانە‌كان : درمانە‌كان بە‌ گشتی كار لە‌سە‌ر زیادكردنی ماددە‌ی (سیرۆتۆنین) دە‌كە‌ن لە‌ مێشك و دە‌مارە‌كاندا. سیرۆتۆنین  پە‌یامبە‌رێكی كیمیاییە‌ و كار لە‌سە‌ر میزاج و ھە‌‌ڵسوكە‌وتی كۆمە‌ڵایە‌تی دە‌كات. ٢-چارە‌سە‌ری دە‌‌روونی :  بە‌ گفتوگۆ لە‌ گە‌ڵ پزیشك یان توێژە‌ری دە‌روونی دە‌بێ. ئە‌و گفتوگۆیە‌ ھە‌م یاریدە‌دە‌ری دە‌‌ستنیشانكردنی ڕاددە‌ی توندی نە‌خۆشییە‌كە‌ و ھۆكارە‌كانی دە‌دات، ھە‌م پرۆسە‌ی چارە‌سە‌ر ئاسان دە‌كات. چارە‌سە‌ری دە‌روونی، كە‌سە‌كە‌ فێردە‌كات چۆن خۆی لە‌گە‌ڵ نە‌خۆشییە‌كە‌ و لێكە‌وتە‌كانی بگونجێنێ و زانیاری بداتە‌ نە‌خۆش لە‌بارە‌ی سرووشتی نە‌خۆشییە‌كە‌ و چۆنیە‌تی دە‌ربازبوون لە‌ ھە‌ستە‌ نە‌رێیە‌كان. خە‌واندن لە‌ نە‌خۆشخانە‌: ئە‌گە‌ر توندی نە‌خۆشییە‌كە‌ گە‌یشتە‌ ڕادە‌یە‌ك كە‌ نە‌خۆش نە‌یتوانی گرنگی بە‌ خۆی بدات و كە‌وتە‌ مە‌ترسییە‌وە‌، یان بیری خۆكوشتنی ھە‌بوو، دە‌بێ نە‌خۆش لە‌ نە‌خۆشخانە‌ لە‌ژێر چاودێری پزیشك و چارە‌سە‌ری دە‌روونی بمێنێتە‌وە‌. دە‌كرێ لە‌ ھە‌مان نە‌خۆشدا زۆرتر لە‌ جۆرێكی چارە‌سە‌ر بە‌كاربھێنرێ بە‌پێی بڕیاری پزیشك. * پسپۆری دەروونی


رێبین هەردی یەکێک لەو دیاریە بەنرخانەی مام جەلال پێشکەش بە شاری سلێمانی کردووە، سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی سلێمانیە. مام جەلال ئەم سەکۆیەی پێشکەش بە هەموو ناڕازیەکانی کوردستان کرد کە بتوانن تیایدا ئازادانە و بە بێ سانسۆر  و بێ هیچ ڕیکارێک بتوانن چی قسە و نارازایی خۆیانە دەرببڕن.  بگرە بە دەمی خۆی گوتی تەنانەت گەر جنێودانیشە بەخۆم.  تا ئەم رۆژە و تا ئەو شوێنەی منیش بزانم بۆ یەکججاریش لەو سەکۆیەوە کەس جنێوی پێ نەدا. کەچی لە رۆژی یادی کۆچی مامدا، کوڕەکانی ئەو سەکۆیەیان لێ قەدەغەکروین و هەنوکە بۆ ئەوەی چالاکی تیا ئەنجام بدەیت، دەبێت موڵەت لە ئاسایش وەربگریت!!!! لەیادی مامدا ڕێگەیان نەدا کاک رزگار ئەمین و گروپەکەی نمایشیکی شانۆیی بەڕی بخەن وەک هاوسۆزیەک بۆ کارەساتی کوشتنی ژینا ئەمینی کە تەنانەت گەورە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش نکوڵی لە تراژیدیای ئەو روداوە ناکەن و بە درۆش بێت بەڵینی بەدواداچونیان داوە.  ئەو سەکۆیە بۆیە ناونراوە سەکۆی ئازاد کە جگە لە پرنسیپی ئازادی هیچ شتێک نابێت رێگری لێبکات. جا کە موڵەتی ئاسایشت بۆ سەکۆیەکی وا بوێت، ئیتر ئازادی چی و سەکۆی چی؟. بەداخەوە لەوە دەچێت سەردەمی حوکمڕانی کوڕەکانی مام سەخترین و ناخۆشترین کاتەکانی سلێمانی بێت کە تەنانەت ئەو نوزە ئازادەشی لێدەستێنن کە لەم شارەدا ماوە. هیوادارم من هەڵە بم و ئەوەی رویداوە هەلەیەک بووبێت کە جاک ئەکرێتەوە. بەلام ئەو روداوانەی ئەم ماوەیە دەیبیبین و داخستنی سەکۆی ئازاد، هیچ ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر نین


د. شاهۆ سەعید  ئەو رستەیەی لەسەر کێلی گۆڕەکەی ژینا ئەمینی نوسرا: "ژینا گیان تۆ نامریت.. ناوت دەبێتە رەمز" رستەیەکی سەرپێی و راگوزەر نەبوو، پێشبینیەک بوو کاریگەرتر لە چاوەڕوانی هەندێک لە چاودێران هاتەدی. ژینا وەک کیژۆڵەیەکی کورد بە شێوەیەکی تراژیدی گیان لە دەستدەدات؛ بەڵام وەک رەمز لەدوای مردنیەوە لەدایک دەبێت. مەرگی ئەو چیتر مەرگی تاکە کەسێک و کۆستی تاکە خێزانیکی سەقزی نیە. ئەو گوزارشت لە تراژیدیایەکی فرە لایەن دەکات، دەبێتە ئەڵقەی بەیەک گەیشتنی تراژیدیای هەزاران کەس، سەدان کەرتی کۆمەڵایەتی پەرواێزخراو و چەندین شوناسی تێکڕژاو.  تراژیدیای ژینا لە تراژیدیای پاڵەوانە ناسراوەکانی مێژوو ناچێت، ئەو خۆی هیچ دەستێکی لە دروستکردنی رەمزیەتی خۆیدا نەبووە، تەنانەت دەگوترێت کیژۆڵەیەکی شەرمن بووە و سەروکاری لەگەڵ سیاسەتدا نەبووە. ئەوەی ئەو کارە دەکات هەستیارییەکی کۆمەڵایەتییە کە لە چرکەساتێکی مێژووییدا دەیان هەزار تاکی پەڕاگەندە و چەندین کەرتی کۆمەڵایەتی و شوناسی جیاواز و تێکڕژاوی ئێرانیەکان کۆدەکاتەوە.  ژینا لە یەک کاتدا مێینەیە، گەنجە، کوردە، ئێرانییە و سەر بە پێکهاتەیەکی پەراوێزخراو و سزادراوە. ژینا وەک مێینە نێچیری بەردەوامی پۆلیسەکانی ئەخلاقە لە رژێمێکی پیاوسالار و کولتورێکی مەساجینی- دژە مێینەدا.. وەک گەنج پرۆژەی گوناهێکی بەردەوامە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپارێز و پیردا کە گەنجێتی وەک نەفرەت بەسەر شانی کوڕان و کچانەوە دەبینێت.. وەک کورد ئەندامی نەتەوەیەکی ژێردەستە لە دەوڵەتێکی داگیرکەردا کە کوردبوون وەک خەنجەرێکی ژاراوی و وەک خیانەتێکی نوستووی بەردەوام لەقەڵەم دەدات.. وەک ئێرانیش هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکە کە هاوڵاتیانی بۆ زیاتر لە چل ساڵە بەدەست ستەمی ئاینی و دیکتاتۆریەتی سیاسییەوە دەناڵێنن، لە دۆخی ئامادەسازیی جەماوەری و سەربازیی بەردەوامدان بۆ شەڕێکی پیرۆز لەپێناو پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵێک ئاخوندا.. تەنانەت ژینا لە هەندێک ناوچەی پەراوێزخراوی ئێراندا دەبێتە رەمزی ستەمی مەزهەبی و ئیتنی، وەک ئەوەی لای سوننەکانی زاهیدان و بلوچستان تەقیەوە، یان ستەمی نەتەوەیی لای ئازەر و عەرەبەکان کە سەرباری ئەوەی شیعەن، بەڵام کێشەی ئیتنیان لەگەڵ مەرکەزیەتی دەوڵەتی فارسی-زماندا هەیە.  لە هەرێم و پارچەکانی تری کوردستان، لە ناوەندە ئیقلیمی و جهیانییەکانی دەرەوەی ئێرانیش، دەنگدانەوەی مەرگی ژینا و هەڵوێستەکان لەئاست دەرهاویشتە و پاشهاتەکانیدا رەمزیەتی خۆیان هەیە و هەندێک هەقیقەتی نوستوویان بەئاگا هێنایەوە. ئەو حەماسەت و ئومێدەی لە هەرێمی کوردستانەوە لای بەشێکی زۆری هاوڵاتیان هەستی پێدەکرێت وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ هاوزمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.. تێکەڵە بە ترس و بەدگومانی کەرتێکی بەرفراوانی تری هەرێمی کوردستان کە ژینا وەک ئایکۆنی کوردایەتی نابینن، بەڵکو وەک ئایکۆنی فێمینیزم و ئازادیی جل پۆشینی ئافرەتان دژ بە کولتوری ئیسلامی  دەیبینن. مەرگی ژینا ئەوەی دووپاتکردەوە کە شوناسی کوردبوون شوناسێکی نەتەوەیی سادە نیە، بەڵکو بارکراوە بە چەندین ترس و گرێ و هەستیاریی ئاینی و حیزبی و لۆکاڵی و کولتوری. هەروەک چۆن شوناسی ستەمکاریش شوناسێکی کۆنکرێتی نیە، بەڵکو لە دۆخی شوناسگۆڕکێ و تێکڕژاندایە لەگەڵ شوناسی قوربانیەکانیدا. واتە مەرج نیە قوربانیەکان، وەک مێینەکان و کوردەکان و پەراوێزخراوەکان هەمیشە هاوسۆزی یەکتر بن، هەروەک چۆن مەرج نیە داردەستەکانی ستەم و پۆلیسەکانی ئەخلاق تەنها ئەو کەسانە بن کە هەڵگری پێناسی فەرمی دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی و کولتورین.   سەرباری سنوورە نێودەوڵەتیەکان کە نیشتمانی کوردیان دابەشکردووە، سەرباری ئەو دیوارە کۆنکرێتیانەی لەنێوان شوناسە جێندەریی و ئاینی و نەتەوەییەکاندا هەڵچنراوە.. بەڵام کوردە قوربانیەکان، مێینە قوربانیەکان، ئێرانییە قوربانیەکان و پەرواێزخراوەکان بەگشتی دەبنە هاوسۆز و پشتیوانی یەکتر. لە بەرامبەردا پۆلیسەکانی ئەخلاق و پاسەوانەکانی دەسەڵات، سەرباری ئەوەی سەر بە رەگەز و نەتەوە و مەزهەب و عەقیدە و جوگرافیای جیاوازن، بەڵام لە زۆر شوێندا دەگەنەوە بە یەک.. زۆرجار دەبنە پارێزەری بەرژەوندەیەکانی یەکتر و رەوایەتی بە رەفتارەکانی یەکتر دەبەخشن. ژینا کاتێک دەبێتە ئایکۆنی ناڕەزایەتی ئێرانەکان و کوردەکان و فێمێنیستەکان و بەشێکی زۆری ئازادیخوازان لە رۆژهەڵات و جیهاندا.. درزێک لە مانا تەقلیدیەکانی شوناس و یاخیبووندا دروست دەکات.. ژینا کۆمەڵێک ئاسۆ بۆ ئایندە واڵادەکات، هاوکات چەندین برین بە کراوەیی جێدێڵێت کە تەنها لە جەستەی کورد و ئێرانیەکاندا نیە؛ بەڵکو گرفتی قووڵی گەلانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتیەکانە بەگشتی.  تراژیدیای ژینا ئەو راستییە دووپاتدەکاتەوە کە ئێمە تەنها کێشەمان لەگەڵ کۆمەڵێک رژێمی سیاسیدا نیە کە تۆڕی بەربڵاوی جاسوس و پۆلیس و دامودەزگای سەرکوتکەریان لە کایەی گشتیدا بڵاوکردووەتەوە؛ بەڵکو لەبەردەم کولتورێکی کۆمەڵایەتی دڵڕەقیشداین کە ژیانی تایبەتی تاکەکان دەکاتە ئامانج، دەست وەردەداتە وردەکاریەکانی ژیان و شێوازی جل پۆشینیان، سنور بۆ بیرکردنەوە و ئاخاوتنیان دەکێشێت و زۆرجاریش لە رووی مەعنەوییەوە تێرۆریان دەکات. مەرگی ژینا یادی خستینەوە ئەوە تەنها دەوڵەت نیە -وەک قەوارەیەکی سیاسی و یاسایی و جوگرافی- دەبێتە زیندانی هاوڵاتیانی خۆی و ناچاریان دەکات کۆمەڵێک سنوری سیاسی تەقدیس بکەن کە لەسەر حیسابی شوناسە نەتەوەیی و مەزهەبی و کولتوریەکانی ناوچەکە دامەزراوە؛ بەڵکو شوناسە فەرعیەکان خۆشیان، وەک کۆمەڵێک قەوارەی رەمزی، جارێکی تر و لە هەندێک شوێنی تردا دەبنەوە بە زیندان و کۆسپی بەردەم کارلێک و هاوسۆزی نێوان تاکەکان و پێکهاتە مرۆییەکان. خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامی بۆ چەندین سەدەیە سەرزەمینی ستەم، تاکڕەوی، شۆڕش، یاخیبووون و سەرکوتکردنی بەردەوامە. مرۆڤ هەموو جارێک ترسی دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووەی هەیە، بەڵام ئەوەی ئەمجارە جیاوازیەکە لە ئێراندا دروست دەکات پەیوەندیی بە رەمزیەتی ئایکۆنەکەیەوە هەیە کە مێینەیە. رەنگە ئەمە یەکەمین جار بێت "ئازادکردن"ی ژن لە دروشمێکی ئایدیۆلۆجی پیاوانەی پەتییەوە دەبێتە "ئازادبوون"ی ژن کە خۆی کە لەسەر شەقامەکان بەرجەستەی دەکات. رەنگە جیاوازی سەرەکی ئەوەی ئێستا لە ئێران روو دەدات لەگەڵ ئەوەی لە بەهاری عەرەبیدا روویدا پەیوەندیی بە رەمزیەتی ئایکۆنی هەردوو شۆڕشەکەوە بێت: "ئەلبوعەزیزی" و "ژینا".  ئەلبوعەزیزی کاسبێکی دەستگێڕ بوو، ئەویش وەک ژینا هیچ دەستی لە بە ئایکۆنکردنی خۆیدا نەبوو؛ بەڵام کاتێک دژی ستەمی ئابووری و بەرتەسککردنەوەی دەرفەتی کار خۆی دەسوتێنێت ئیتر دەبێتە پزیسکی  شۆڕشێکی بەرفروان کە کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە چەندین وڵاتی عەرەبیدا دێنێت. ئەو شۆڕشگێڕانەی ئەلبوعەزیزی-یان کردە ئایکۆن وەک رەمزی نوێنەرایەتیکردنی ستەمی ئابوری لێیان دەڕوانی، هەربۆیە دروشمی نان و دادپەروەری، لەپاڵ دروشمی روخاندنی رژیمی سیاسیدا بووە دروشمی سەرەکی بەهاری عەرەبی.. واتە دروشمی نان و داپەروەری پێش دروشمی ئازادی کەوت. بەڵام لە ئێستای ئێراندا دروشمی ئازادی و ژیاندۆستی لەپاڵ کۆمەڵێک دروشمی سیاسیدا لە لیستی سەرەوەی دروشمەکانی خۆپیشاندانە. ئەوەش سەرەتایەکی جیاوازە لە زەینیەتی تاکەکان و هۆشیاری کەرتە کۆمەڵایەتیەکاندا کە ئازادی و ژیاندۆستی وەک تەواوکەر و دیوی دووەمی دادپەروەری و کرانەوەی شوناسە داخراوەکان بەڕووی یەک و بەڕووی جیهاندا دەبینن.


د. چۆمان هەردی   ئێمە لە سەردەمێکی جیاوازدا دەژین، سەردەمێک کە ژن تیایدا دینامۆی گۆڕانکارییە. لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژھەڵات و ئێران ژنان ڕابەری بزوتنەوەی ئازادیخوازین. ئەوان بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی داگیرکار، دیکتاتۆرییەت، پیاوسالاری، ھەژاری و نادادپەروەری دەجەنگن. بۆیە بە یارمەتی فایەق بێکەس، ئەم بەیتە لەگەڵ ئەمڕۆدا دەگونجێنم و دەڵێم: میللەتی بێ عیلم و بێباک چۆن بە ئیستیقلال ئەگات؟ واسیتەی بەرزی و تەرەققی ھیممەتی ژنانەیە (١) تووڕەیی ژن لە چەوسانەوە و بەگژداچوونەوەی نادادی کردەگەلێکی خۆماڵی و خۆکردیین و ھاوردەی ھیچ شوێنێک نین. ژنان لە بەشە جیاکانی کوردستان چیتر بە کۆتوبەندی پیاوسالاری و ستەمکاری ڕازی نین و خاوەندارێتی جەستە، بڕیار و ژیانی خۆیان دەکەن. کەچی لە باشوور تازە پیاوانی دەسەڵاتدار پێماندەڵێن ژن کێڵگەی دروستکردنی منداڵە، ژن دەبێت لە ماڵەوە بێت و خزمەتی مێرد و منداڵی بکات، ژن دەبێت خەتەنە بکرێت تا شەھوەتی کەم بێتەوە و ”بەدڕەفتاری" نەکات، مافی پیاوە ھەرکاتێک ویستی و گەر بە زۆریش بێت لەگەڵ ژنەکەی بخەوێت.  لە باشوور کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن، ڕێگرتن لەوەی ھوشیاربێت، بخوێنێت و کاربکات وەک شێوازێک لە پاراستن نمایشدەکرێن. سیستەمی پیاوسالاری ھەر خۆی مەترسی دەستدرێژی، گێچەڵی سێکسی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دروستدەکات و ئەم مەترسییانەش بەکاردێنێت و بە ناوی ”پاراستنی ژن"ەوە ڕێگری لە بەشداری ژن دەکات لە کایە ھونەری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکاندا.  ئەم پیاوسالارە ئایینی، حیزبی و نەریتخوازانە ھەموو توانای خۆیان بەکاردێنن تا ژن بە دەستەمۆیی و بێدەسەڵاتی بھێڵنەوە. ھەر بۆیە لە ساتێکدا کەسێک یان گرووپێک ھەڕەشە لەو سیستەمە بکات کە ئەوان دەیان ساڵە دەیچنن و دروستی دەکەن، ئەوا بەوپەڕی ھێزی خۆیانەوە پەلاماری دەدەن.  سیستەمە لاوازبووەکان و ئەوانەی لەژێر مەترسیدان ھەمیشە توندوتیژترینن (جا ئەوە دەوڵەتی ئێران بێت یان سیستەمی پیاوسالاری)، ئەوان بەھێزترین چەکەکانی خۆیان بەکاردێنن تا داکاکۆکی لە مانەوەی خۆیان بکەن. بۆیە گەر یەکێک لێی پرسیت: ئایا گۆڕانکاری ڕوویداوە؟ پێی بڵێ: ئەو ھەموو ھێرشە توندەی دەکرێتە سەر ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بەڵگەیە بۆ ئەوەی درز کەوتۆتە گوتار و تێڕوانین و ھەوڵەکانی زۆرداران و پیاوسالارانەوە. فێمینیستەکان دەمێکە وتوویانە: مرۆڤ ناتوانێت شتێک بێت کە نەیبینیوە. بە واتایەکی تر گەر ژنان ھەرگیز ژنێکی ئازاد و ئازا نەبینن، پێیانوایە کە شتی وا بوونی نییە و ناتوانن وا بن. بەڵام سەیری ئەو ھەموو ژنە تووڕە و ئازاد و ئازایەی دەوروبەرمان بکە کە ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە و چیتر بێدەنگ نابن. ئەوان ڕۆژانە پیشانماندەدەن کە گەر پێکەوە کاربکەین، دەتوانین لە پیاوسالاری و نادادپەروەری دەربازبین.  بەڵام خانمی گەنجی باشوور، پێش ھەموو شتێک بخوێنەرەوە، خۆت پەروەردە بکە، ھاوپشتی ژنانی دەوروبەرت بکە، ستراتیژی کارت ھەبێت و وزەی خۆت بپارێزە بۆ کاتی گونجاو.  ئازادی لە ڕواڵەت و جوانکاری و جلوبەرگدا کورتمەکەرەوە، چونکە ئازادی واتە بەرپرسیارێتی. خۆت پێبگەیەنە تا بتوانی بەرپرسیارێتی بڕیاردان و خاوندارێتی خۆت ھەڵگریت. بێباک مەبە لە چەوسانەوە! تووڕە بە بەرامبەر بە زوڵم. تووڕەیت لە نادادپەرەوەری بەکاربێنە تا شەڕ و گۆڕانکاری گەورە بکەیت کە تەنھا بە گرووپ دەکرێت نەک بە شەڕی بچووک و بەتەنھا. لە شەڕە تەنھاکاندا زۆرجار دەدۆڕێیت بەڵام لە کاری پێکەوەییدا ھیوای سەرکەوتنت ھەیە. (١) لە بنەڕەتدا بەیتەکەی مامۆستا فایەق بێکەس بەمجۆرەیە: میللەتی بێ عیلم و ئەخلاق چۆن بە ئیستیقلال ئەگات؟ واسیتەی بەرزی و تەرەققی ھیممەتی مەردانەیە


زانا توفیق بەگ یەکێک لە شێوازەکانی حوکمڕانی بریتیە لە دەسەڵاتی ئۆلیگاری لەناو سیستمی سیاسیدا، ئەم جۆرە خراپترین شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە لەسەر بنەمای مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی، گشت دەزگاکانی دەوڵەت.‌ ئەم جۆرە لە بەڕێوەبردنی وڵات، دەگەڕێتەوە بۆ کەمینیەکی سیاسی کە هەژموونیەکی گەورەیان هەیە لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا ئەم گروپانە بریتین لە کۆمەڵە کەسانیەک، کە خاوەنی میراتیەکی سیاسی بنەماڵەین یان خاوەنی پاشخانیەکی دینین یان پێگەیەکی سەربازی بەهێزیان هەیە یان خاوەنی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی کاریگەرن، کە توانای قوڕخکاریەکی تەواوی دەسەڵاتیان هەیە بەبێ بەشداری زۆرینەی کۆمەڵگا. ئەم جۆرە لە حوکمڕانیە یەکێکە لە هەرسێ شێوازەکانی حوکومڕانی دەوڵەت کە لە کتێبەکەی ئەفلاوتوندا بەناوی ( کۆماری ئەفلاتون) بەگرنگی باسکراوە بەتایبەتی جیاوازی لەنێوان دەوڵەتی نمونەی و حکومڕانی ئۆلیگاری و بلۆتوکراسی دەسەڵات، کە زیاتر گوزارشتە لە حوکومڕانی چەتەگەڕایی لەناو دەزگاکانی بەڕێوبردندا. زیاتر ئەو فیگەر سیاسیانەن کە خاوەنی مۆڵک و وە سەرمایەی قەبەن. دەتوانن ئەندازەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان یان حاشیەکانیان فراوان بکەن بەهۆی پێگەی پارەکانیانەوە، وە کاریگەریان بەسەر دروستکردنی بڕیاری سیاسی دەوڵەتەوە. ئەم کەمینە لەناو دەسەڵاتی سیاسیدا توانای دروستکردنی دەوڵەتێکی خۆسپێنی گەورەیان هەیە بەتایبەتی کاتێک کە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست، وە کاریگەری تەواویان بەسەر ژیانی تایبەتی تاک و گشتی ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەڵگادا هەیە. هەمیشە جڵەوگیری تەواویان هەیە بەسەر کایەکانی ئابووری و هونەرو خوێندنی باڵاو ماسک میدیا وڕێکخراوی مرویی و پلاتفوڕمی ناحوکومی و توڕە کۆمەڵایەتیەکان و سایتە نافەرمیەکان. تەنانەت لەڕێگای حوکمڕانی ئۆلیگاریەوە دەتوانن بەردەوام ڕەفتارەکانی گشتی کۆمەڵگا بەپێی خواست ویستی خۆیانەوە بگوڕن. کێشەی ئەم جۆرە لە حوکمڕانیە پایەکانی دەسەڵاتیەکی مەدەنی لاواز دەکات جورێک لە دروستکردنی دەوڵەتیەکی ناوەوەکی لەناو دەوڵەتە بنچینەیەکەدا دروستدەکات وە کۆی گشتی دەزگاکانی دەوڵەت توشی ئیفلجیەکی گەورە دەکات وە دەوڵەتیەک لەناو دەوڵەتیەکی تردا کاردەکا، بەبێ ئەوەی هیچ خزمەتیەک بە کۆمەڵگاو سیستەمی سیاسی ووڵاتەکە بگەیەنێت، جگە لەوەی تەنها سودمەندی سەرەکی کەمینەیەکی سیاسی و حاشیەکانیان دەبن لە ژێر سایەی ئەم جۆرە لە حکومڕانیە.


 ​  ئەبوبەکر کاروانی پێویستی هەرێم بە قۆناغێكی ڕاگوزەری بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان بۆ  -​پارتە سیاسیەكان -​سەركردە‌و بڕیار بەدەستەكان -​پەرۆشانی ئێستا‌و ئایندەی هەرێم‌و گەل‌و ئەزموونە سیاسیەكەی بەڕێزان لە سەروبەندی باس‌و خواسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌ومشت‌ومڕی پارتەكان لەسەر كات‌و چۆنێتی ئەنجامدانی، بە ئەركی فیكری‌و سیاسی‌و ئەخلاقی خۆم دەزانم، لەبەر تیشكی ئاگاییە تیۆریەكان‌و ئەزموونە مەیدانیەكان، ئەوە ڕابگەیەنم ، كە كاتی ئەوە هاتووە هەڵوێستەیەكی جدی بكەین‌و خوێندنەوەیەكی قوڵا‌و هەمەلایەنە بۆ واقیعەكە‌و پرۆسەی هەڵبژاردن‌و بە گشتی سیاسی‌و دیموكراسی هەرێم بخەینە روو، لەپێناو دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ‌‌و دەربازبوون لەو بازنە داخراو ‌و نیمچە بنبەستە سیاسیەی چەندین ساڵە هەرێم لە ناویدا دێت‌و دەچێت‌و بە دەستیەوە دەناڵێنێت، بە حوكمی ئەوەی درێژەدان بە هەمان رەوت‌و شێواز‌و واقیع ، چاوەڕێ‌ی ئەوەی لێناكرێت، بەرەنجامی جیاوازمان بخاتە بەردەست. لەپێناو كورتكردنەوە و گوشینی بیروڕاكانیشم لەم ڕوەوە، دەخوازم، لە دووتوێ‌ی ئەم خاڵانەی خوارەوەدا بیانخەمە ڕوو: یەكەم : مەبەست لە هەڵبژاردنی دیموكراسی: روونە هەڵبژاردن میكانیزمێكی دیموكراسیە ‌وئامانج نیە. واتە  لە خودی خۆیدا‌و بەدەر لەو وەزیفەیەی جێبەجێ‌ی دەكات‌و ئەو دەرهاویشتانەی لێی دەكەوێتەوە خوازراو‌و داواكراو نیە. بەڵكو بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵێ‌ ئامانجە لەوانەش: 1. بە زیندوویی ڕاگرتنی ژیانی سیاسی. 2. دەستەبەركردنی بەشداریكردنی سیاسی هاوڵاتی. 3. هەڵسەنگاندنی كارنامە‌وئەدای حیزبە حوكمڕانەكان لەماوەی رابردوودا لەلایەن هاوڵاتیان ‌و داوەریكردن دەربارەیان. 4. بەكردەیی كردنی فرەیی سیاسی‌و كێبڕكێ‌ی نێوان نوخبە‌و بەرنامە سیاسیە جیاوازەكان ‌وخستەنە ڕووی زیاد لە بژاردەیەك بۆ هاوڵاتی. 5. نوێكردنەوەی سەرچاوەی رەوایەتی سیاسی. 6. چارەسەركردنی كێشەكانی حوكمڕانی‌و بەرەوپێش بردنی بار‌ودۆخی وڵات بە قازانجی گەشەكردن ‌و قانون سالاری‌و خۆشگوزەرانی. 7. قوڵكردنەوەی دیموكراسی‌و نەریتەكانی. 8. بەدیهێنانی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات . بۆ ئەوەی هەڵبژاردنیش ئامرازێكی دیموكراسی بێت‌و توانای بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی هەبێت دەبێت، خولی‌و خاوێن‌و رون‌و ئازاد‌و دادپەروەر بێت، بۆ ئەوەی سندوقەكان رەنگدانەوەی راستەقینەی ئیرادەی هاوڵاتیانی دەنگدەر بن. ئەو جۆرە هەڵبژاردنەش چەندین پێشمەرج‌و دەستەبەری دەخوازێت ، لەوانە: 1. كۆبوونەوەی سەرەداوەكانی دەسەڵات لە دەستی حكومەتدا، واتە  بوونی دەسەڵاتێكی ناوەندی  سەرو ناوچەیی‌و حیزبی. 2. بێ‌لایەنی دەسەڵاتی راپەڕاندن‌و دەرفەتی یەكسان بۆ كێبڕكێ‌ی لایەنەكان‌و ئازادی‌و نەترسانی هاوڵاتی لە پرۆسەی دەنگدان‌و دەستنەخستنە ناو پرۆسەكەوە. 3. بوونی كۆمیسیۆنێكی بێ‌لایەنی سەرپەرشتیاری بەدەسەڵات. 4. قبوڵكردنی بەرەنجامەكان‌و داڕشتنەوەی دامەزراوەكان‌و لەوانەش حكومەت بەگوێرەی ئەو بەرەنجامانە، واتە بوونی دەرفەتی ئاڵا‌و گۆڕی دەسەڵات.     دووەم : واقیعی هەرێمی كوردستان : بۆ ئەوەی تێگەیشتنێكی هاوسەنگ‌و زانستی دەربارەی رۆڵی هەڵبژاردن لە هەرێمدا بخەمڵێنین، هەروەها ئەوە بخەینە بەر باس‌وخواس، كە ئایە لە هەرێمدا ژێرخان‌و هەل‌و مەرجی پێویستی كێبڕكێ‌ی دیموكراسی‌و مەدەنی‌و هەڵبژاردنێك هەیە توانای بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی هەبێت لە خاڵی یەكەمدا خرانە ڕوو، دەبێت وێنایەكی گشتی دەربارەی واقیعی حیزبی‌و سیاسی‌و حوكمڕانی‌و دامەزراوەیی لەمەڕ خۆمان بخەینە ڕوو. لە پەیوەندی بەم باسەشەوە دەتوانین هێڵە گشتیەكانی واقیعەكە بەم جۆرەی خوارەوە دیاری بكەین: 1) دابەشبوونی هەرێم بۆ دوو زۆنی حیزبی. واتە بوونی فرەدەسەڵاتی‌و نەبوونی دەسەڵاتێكی ناوەندی یەكگرتوو. 2) نایەكگرتوو بوونی هێزەكانی پێشمەرگە‌و ئاسایشی ناوخۆ‌و دەزگا هەواڵگرییەكان‌و مانەوەیان لەژێر هەژموون‌و ئاراستەی دووپارتە سیاسیەكەی هەرێم. 3) نەبوونی سەروەری یاسا‌و بێ‌لایەنی ‌و سەربەخۆیی دادگا‌و یەكسان نەبوونی كردەیی هاوڵاتی ‌و لایەنەكان لەبەردەمیدا. 4) تێكەڵبوونێكی حیزبە حوكمڕانەكان‌و حكومەت‌و بێ‌لایەننەبوونی تواناكانی حكومەت لەكاتی هەڵبژاردندا‌و نەبوونی دەرفەتی یەكسان بۆ لایەنەكان. 5) نەبوونی دەرفەتی راستەقینە بۆ ئاڵا‌وگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات. لە سۆنگەی بوونی بژاردەی بەكارهێنانی هێز‌و رەتكردنەوەی بەرەنجامەكان لەلایەن یەكێتی‌و پارتی‌و گرێدراوی گەندەڵی‌و ئیمتیازاتێكی ناڕەوای زۆر بە بوونیان لە دەسەڵات‌و ترسانیان لەوەی نەتوانن جارێكی تر بگەنەوە دەسەڵات . 6) نائومێدبوونی زۆرینەی هاوڵاتیانی دەنگدەر لە بەشداری سیاسی‌و پرۆسەی هەڵبژاردن لە سۆنگەی : (1) باوەڕنەمانیان بە پارتە سیاسیەكان لەوەی بتوانن نوێنەرایەتی سیاسیان بكەن. (2) شكستخواردنی هەندێ‌ ئەزموونی پاڵپشتكراوی پێشوو ، بە مەبەستی چاكسازی‌و ئاڵ‌وگۆڕ لە بار‌و دۆخەكەدا . (3) باوەڕنەمان بەوەی بتوانرێت لەڕێ‌ی هەڵبژاردنەوە ، واقیعی حوكمڕانی چاكسازی یاخود ئاڵا‌وگۆڕی تێدا بكرێت‌و بە بنبەستگەیشتنی دۆخە سیاسیەكە لەگەڵا بوونی گەندەڵی و ناعەدالەتیەكی زۆر. 7) لاواز بوونی هەستی نیشتمانی، وەك پێشمەرجێك بۆ نیشاندانی پەرۆشی بۆ دۆخەكە‌و خەمڵاندنی هەست‌و ئامانجی هاوبەش‌و بیركردنەوە لە كۆكردنەوەی تواناكان‌و ئاراستەكردنیان بە ئاقاری بەدیهێنانی ئامانجەكان . سێهەم : هەڵبژاردن ‌و بەرەنجامەكان لە رابردووی هەرێمدا : هەرێم هەر لە (1992)ەوە ناوبەناو كۆمەڵێ‌ هەڵبژاردنی بەخۆوە بینیوە. ناڵێین هیچ سوودێكیان نەبووە ، چونكە دیموكراسی بە كامڵی لەدایك نابێت، وەك پرۆسەش دەكرێت بە تێپەڕینی رۆژگار‌و كەڵەكە بوونی ئەزموونەكان‌و خۆڕاهێنان هەڵەكان كەمتر ببنەوە ‌وشانسی سەركەوتنی زۆرتر بێت. بەڵام لە سۆنگەی نەبوونی دەسەڵات‌و هەرێمێكی یەكگرتوو، بوونی ملیشیای چەكدار، بوغز‌و كینەی مێژوویی‌و ناكۆكی سیاسی تەقلیدی، لاوازی دامەزراوە نیشتمانیەكان‌و كەلتووری دیموكراسی نوخبەی حوكمڕان‌و گرێدراوی ئیمتیازێكی زۆر‌و زەوەندەی ناڕەوا بە بوونی لە دەسەڵاتدا ‌و گەندەڵی لە ژیانی حیزبیدا‌و زۆر هۆكاری تر، هەڵبژاردن لەڕابردووی هەرێمدا ، لە هەندێ‌ ڕوویەوە بە پێچەوانەی خۆیەوە كاری كردووە‌و دەرهاویشتەی خراپی لێكەوتۆتەوە. بە جۆرێك دووبارە بوونەوەی هەڵبژاردنەكان بەم شێوەیەی ئێستا‌و لەم هەل‌و مەرج‌و فەزایەدا ، هێندەی تر خەڵك نائومێد دەكات ، دەرگا بەڕووی ئایندەیەكی باشتردا ناكاتەوە ‌و متمانە بۆ هاوڵاتی بە پرۆسەی سیاسی ناگێڕێتەوە. بە چاوپێخشاندنێكی خێرا‌و گشتی دەتوانین بڵێین دۆخی هەرێم لە یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە  لە ساڵی (1992) كە سەرەتایەكی یەكجار گەشبین بوو، نەبووە هۆی بەدیهێنانی دابڕانێكی فیكری‌و سیاسی لەگەڵا رابردوویەكی سیخناخ بە ناكۆكی‌و یەكتر رەتكردنەوە‌و شەڕی ناوخۆ‌و كینە‌و ژێرپێنانی بەهاكانی ناسیونالیزمی كوردی. یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە كوردستاندا، لە سۆنگەی ئەنجامدانی لە ژینگەیەكی نادیموكراسی‌و نەبوونی نوخبەیەكی دیموكراسخوازی ڕاستەقینەدا، چەندین بەرەنجامی نەخوازراوی لێكەوتەوە، لەوانەش: (1)​قوڵكردنەوەی بێمتمانەیی نێوان یەكێتی ‌و پارتی. (2)​دابەشكردنی دەسەڵات لە سەرێڕا تا خواری خوارەوە، لەسەر بناغەی پەنجا بە پەنجا ! كە یەكسان بوو بە واتا نەهێشتنەوە بۆ حكومەت وەك دەزگایەكی كارگێڕی‌و بیروكراتی گشتی سەرو حیزبی. (3)​شێواندنی پرۆسەی گەشەكردنی سروشتیی سیاسی‌و گواستنەوە لە قۆناغی شۆڕشگێڕی‌و بەرەیەكی حیزبیەوە بۆ قۆناغی رەوایەتی دیموكراسی‌و حوكمڕانی دامەزراوە نیشتمانیە هەڵبژێردراوەكان. (4)​گابەرد خستنە بەردەم پرۆسەی گەل‌و نیشتمان‌و دەوڵەت سازی لە هەرێمی كوردستاندا. (5)​شێواندنی وێنای كورد‌و ناسیونالیزمەكەی كە توانای چوونە نێو قۆناغی مەدەنیبوونی سیاسی‌و بیناكردنی حوكمڕانیەكی هاوچەرخیان نیە. (6)​قوڵكردنەوەی كێشەی دەسەڵات. (7)​لاوازكردنی زیاتری ناسیونالیزمی كوردی‌و شێواندنی ناوەرۆكەكەی‌و لەدەستدانی ئەو هەستكردن بە بوژاندنەوە‌و سەرپێكەوتنەوەی ، راپەڕین بۆی دروست كردبوو. سەرەنجام بۆ چارەسەری كێشەی دەسەڵات لە نێوان یەكێتی ‌و پارتی دا، پەنا برایەوە بەر هێز‌و شێوازە كۆنە نادیموكراسیەكەی بەڕێوەبردنی ململانێ‌ی سیاسی ، بەرەنجامی شەڕەكەش، بە هەموو پێوەرەكان كارەساتبار بوو، وێڕای بەكوشتدانی ناڕەوای  هەزاران رۆڵەی خێر لەخۆ نەدیوی ئەم وڵاتە، هەرێم بە فەرمی كەرت بوو، ڕووە خراپ‌و دواكەوتووەكەی خێڵا ‌وگیانی ناوچەگەری وەك پێداویستیەكی درێژەدان بە شەڕەكە زیندووكرایەوە ! میرەكانی شەڕ دەركەوتن‌و بێ‌ هیچ چاودێرییەك توانا ماددیەكانیان بە ئارەزووی خۆیان  بەكارهێنا‌و بەوەش گەندەڵی بوو بە خەسڵەتێكی جیاكەرەوەی حوكمڕانی نوخبەی كوردی تازە بەسەرداكەوتوو! لە دوای رزگاركردنی عێراق‌و بە دەستور بوونی هەرێم‌و سەرهەڵدانی شۆڕشەكانی ناوچەكە‌و ئۆپۆزیسیۆنی كوردستانی، سەرلەنوێ‌ ئومێد بە بەشداری سیاسی لە دڵا‌و دەروونی سەدان هەزار هاوڵاتیدا بوژایەوە. بە ئومێدی ئەوەی لەم رێگەیەوە، وڵات بە دامەزراوەیبكرێت‌و حوكمڕانی بینابكرێتەوە ‌و سنورێ‌ بۆ گەندەڵی ‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات‌و بە حیزبیكردنی دامەزراوە گشتیەكان دابنرێت. بەڵام لە سۆنگەی هەرێمێكی پارچەپارچە‌و چەك‌و ئابوری حیزبی‌و هەڵەكانی ئۆپۆزیسیۆن، ئەو دەرفەتەش بۆ بە ئاشتی بیناكردنەوەی دامەزراوەكان ‌و چاكسازی ‌و گەل‌و نیشتمان سازی لەدەستدرا. بۆیە ئێستا لە قۆناغی نائومێدی‌و بێمتمانەیی زۆرینەی جەماوەر‌و هاوڵاتیانی دەنگدەر بە هەڵبژاردندا دەژین. نائومێدییەكەش تەنها دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی نەگرتۆتەوە ، بەڵكو كۆی پرۆسە سیاسیەكە‌و حیزبە سیاسیەكانی تریشی گرتۆتەوە. هاوڵاتیان لە سۆنگەی هەوڵەكانی پێشوو بۆ گۆڕانكاریی لە ڕێ‌ی هەڵبژاردن‌و بێ‌ ئاكامبوونیان ، نەمانی میسداقیەتی هەندێ‌ سەركردە‌و پرۆژە لایان لەو چوارچێوەدا، ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان‌و كاڵبوونەوەی هیواكان نەبینینی هیچ هێزێكی گەورە‌و مێژوویی كاریگەری دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی ، وەك بەرەنجامی كۆكردنەوەی كۆی وزە  ئۆپۆزیسیۆن‌و ناڕازییەكە لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی نیشتمانی خاوەن موژدەدەدا، پشتیان لە  بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان كردووە. بە جۆرێك بە گوێرەی دووامین راپرسی لەسەر ئاستی عێراق‌و كوردستان بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم لە سایەی هەل‌و مەرجی ئێستادا لە (20% ) تێپەڕ ناكات. لە دۆخێكی لەم جۆرەشدا ، هەڵبژاردن دەبێتە ئامانج‌و بەرهەمهێنانەوەی رابردوو درێژەدان بە دۆخی ئێستا. ئەوەش نەك چارەسەر نیە بەڵكو كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات. هەر بۆیە دۆخەكە پێویستی بە بیركردنەوەی ستراتیژی‌و تێڕامانی قوڵا ‌و چارەسەری بنەڕەتیتر هەیە، لەپێناو گێڕانەوەی (اعتبار) بۆ هەڵبژاردن‌و سنوردانان بۆ نائومێدییەكانی هاوڵاتیان، كە ئەوەش گرێبەستێكی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی نوێ‌‌و دەستكاریكردنی هەل‌و مەرجەكە‌و دەستبەرداربوون لە هەندێ‌ بەرژەوەندیی كەسی‌و گروپیی  دەخوازێت.  ئامانجی ئێمەش لەم نوسینە پرۆژە ئامێزەدا، سەرنج ڕاكێشانە بۆ ئەم واقیع ‌و پێویستیە ‌و وازهێنانە لە هەندێ‌ رێكار‌و شێواز ‌و گرەوكردن، كە ڕابردوو، بە زیاد لە شێوەیەك شكستیانخستوونەتە ڕوو. پێویستی هەرێم بە قۆناغی ڕاگوزەری: لە بەرەنجامی كۆی ئەوەی لە خاڵەكانی پێشوودا خستمانە ڕوو. وا دەبینم هەرێم پێویستی بە پێنانە ناو قۆناغێكی راگوزەریە، بەڵام بە تایبەتمەندییەكانی خۆیەوە .  بە حوكمی ئەوەی (قۆناغی راگوزەری) لە بنەڕەتدا، دەكەوێتە قۆناغی دوای سیستمە دیكتاتۆرە نادیموكراتەكانەوە. پێنانە ناو ئەم قۆناغەش لەبەر رووناكی ئەزموونە جیهانیەكاندا دەكرێت بەچەند شێواز بێتە دی، لەوانەش: (1)​هۆشیاری باڵی ریفۆرمخوازی ناو دەسەڵات بە باجی درێژەكێشانی دۆخەكە‌و دەستپێشخەریكردن بۆ كرانەوە‌و رێكەوتن لەگەڵا ئۆپۆزیسیۆن‌و دەستپێكردنی قۆناغەكە. (2)​فشاری ئۆپۆزسیۆن لەڕێ‌ی خۆپیشاندان‌و مانگرتن‌و یاخی بوونی مەدەنیەوە تا ئاستی ناچاركردنی سیستم بۆ ملدان بۆ كرانەوە‌و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ‌. (3)​دەستێوەردانی سەربازیی دەرەكی، ئەویش لە دۆخی خۆبەدەستەوەنەدانی سیستم‌و سنورداریی توانای ئۆپۆزیسیۆن لە بەدیهێنانی ئەركی گۆڕانكاری بنەڕەتی‌و كلۆربوونی رەوایی نێو دەوڵەتی سیستمە سەركوتكەرەكە. (4)​رێكەوتنی سیستم‌و ئۆپۆزیسیۆن لەسەر بەرنامەیەكی راگوزەری‌و زەمینەسازكردن بۆ چوونە ناو قۆناغەكە. كە باسی تایبەتمەندێتی هەرێمیشمان وروژاند هەر لە خۆڕا نیە ، چونكە پاساوی لۆژیكی‌و مەیدانی و دامەزراوەیی خۆی هەیە، لەوانەش: (1)​بوونی قۆناغێكی راگوزەری لەبارچووی شێواو لەدوای دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە. (2)​نەبوونی دەوڵەت‌و دەسەڵاتێكی ناوەندی بەهێز‌و یەكگرتوو، بوونی فرەدەسەڵاتی لە هەرێمدا. (3)​ناكۆكی نادیموكراتیانەی ناو خودی نوخبەی حوكمڕان لە سۆنگەی ئەوەی لە پێشەوە باسمانكرد، واتە نەبوونی دەسەڵاتێكی یەكگرتوو ناوەندی بەهێز بوونی فرە دەسەڵاتی. (4)​بوونی پەراوێزێك لە دیموكراسی‌و فرەییی سیاسی‌و ئەزموونێكی دیموكراسی سنورداری تێكەڵا بە هەندێ‌ رواڵەتی تاكڕەوی ‌و ئۆلیگارشی. (5)​نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی یەكگرتووی دیدڕۆشنی بەهێز‌و نائومێدی لەو هەوڵانەی پێشووتر لە هەرێمدا دران‌و شكستیان خوارد. (6)​چارەسەرنەبوونی كێشەی نەتەوەیی كورد لەعێراق‌و بوونی دەستێوەردانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی. بەبڕوای ئێمە ئەم خاڵانەی پێشەوە بەشێ‌ لەو تایبەتمەندییانەی هەرێمن ، كە دەبێت لە هەر بیركردنەوەیەكی سیاسی چارەدۆزدا ، رەچاو بكرێن. چونكە هەوڵی قۆناغ سوتاندن سەركەوتوو نابێت‌و رابردووش ئەووانەی پێوتین. دۆخی هەرێم كە دۆخی (نادەوڵەتە)، بە هەردوو واتای نەبوونی دەوڵەت‌و دەسەڵاتێكی ناوەندی یەكگرتوو . وایكردووە، ئەگەر بێت‌و بە شێوەیەكی بابەتی‌و زانستی لێكنەدرێتەوە ‌و لەسەر ریشە‌و رەهەندی كێشەكان‌و جۆری چارەسەرەكان نەوەستین، دەرچوون لێی ئاسان نابێت، هەڵبەت ئەوەش بە تەنها بەس نیە‌و لەپاڵا ئەوەدا پێویستی بە هەست بە لێپرسراوێتی ‌و ئیرادەی سیاسی‌و پەرۆشی نیشتمانی‌و ئەخلاقی‌و قوربانیدان‌و لەخۆ بوردوویی هەیە. بەش بەحاڵی خۆم پێم وایە لەسایەی دۆخی دابەشبووی هەرێم دا، نانیشتمانی بوونی هێزەكان، نەبوونی دەسەڵاتێكی ناوەندی‌و لاوازی حكومەت‌و دامەزراوە نیشتمانیەكانی تر، واتە بەو جۆرەی ئێستا، رێگە بە هیچ چاكسازییەكی سیاسی‌و ئابوری‌و خۆبیناكردنەوەیەكی راستەقینە ‌و گۆڕانكاریەكی پێویست نادات. بەردەوام بوون لەسەر درێژەدان بەم دۆخە ، هەڵبژاردن لەچوارچێوەی رێسا‌و جەبرەكانیدا، كە رێگە‌و دەرەتان بە ئاڵا‌و گۆڕٍی ئاشتیانەی دەسەڵات نادات، لەجیاتی دەرگاكردنەوە بەڕووی پێنانە ناو قۆناغێكی نوێ‌‌و كەڵەكە كردنی ئەزموونەكان‌و بەهێزكردنی دەزگاكان‌و كەمكردنەوەی هەڵە‌و كەم‌وكوڕییەكان، نائومێدی زۆرتر بەدوای خۆیدا دەهێنێ‌، سیستم دووچاری بەكلسبوونێكی زیاتر دەكات ‌و زەمەنی بنبەستە سیاسیەكەی ئێستا درێژتر دەكاتەوە. هاوڵاتی زیاتر لە رێكارە دیموكراسیەكان بۆ بەدیهێنانی ئاڵا‌وگۆڕ‌و هەست بەڕۆڵی خۆی لە داڕشتنی بڕیاری سیاسیدا نائومێدتر دەكات. مەترسی پەنابردنە بەر توندوتیژی لە هەندێ‌ سەرە پێچ‌و دۆخی قەیرانی قوڵدا دەكاتە مۆتەكەی ئەگەرێكی نەخەوتوو. هەرێم هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، وەك مەڵبەندێكی ئێكسپایەركردنی پرۆژە‌و دروشم‌و كەسێتیە سیاسیەكان‌و حیزب‌و هێزەكان دەهێڵێتەوە. هەموو ئەوەش یەكسانە بە خولانەوە لە بازنەیەكی داخراوی بێئاسۆدا . لەبەر ئەوەی ئەو رێسا‌و چوارچێوە‌و دامەزراوە سازان لەسەركراوە بەهێزانە بوونیان نیە، كە ژێرخانی هەر ئەزموونێكی دیموكراسی‌و پێویستی كێبڕكێ‌ی مەدەنی هێزەكان لەسەر دەسەڵات‌و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە، پێكدەهێنن! یاری‌و كێبڕكێ‌ پێویستی بە گۆڕەپانێكی دیاریكراو‌و پێناسەكراو‌و رێسای بەڕێوەبردنی كێبڕكێ‌ هەیە. گۆڕەپانێكی لەو جۆرە لە كوردستاندا، لەگەڵا چەندین كێشەی ، بونیادیدا دەستەویەخەیە. بە كورتی هەرێم پێویستی بە(گرێبەستێك)ی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی نوێ‌‌و دووبارە دامەزراندنەوەی سیستم‌و بە دەستوریكردنی ژیانی سیاسی هەیە. دەنا هەوڵەكان لەسەر ئاستە نیشتمانیەكەدا جێگەی خۆیان ناگرن‌و تەمەنی سیستمەكەی ئێستا ، كە توانای هەڵگرتنی ئەركەكانی نیە درێژتر دەبێتەوە. لێرەوە بەبڕوای ئێمە ئەوەی لەبەر رۆشنای ئەم دۆخە پێویستمانە، بیركردنەوەیەكی نائاسایی  رێچكە‌و فۆرم‌و تەقلید شكێنە‌و بوێری دانپیانان بە كێشەكان‌و ملدان بە پێداویستیەكانی پێنانە ناو قۆناغێكی راگوزەریی رێكەوتن لەسەر كراوی راستەقینەیە. بۆ ئەوەی هەڵبژاردن تەنها نەچێتە خزمەت نوخبەی دەسەڵاتدارانی حیزبیی هەرێم‌و دەستەبەركردنی رەوایەتیەكی رووكەش ، بەتایبەتیش لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەڵكو ببێتە فشارێكی راستەقینە لەسەریان بۆ خۆ نوێكردنەوە‌و ئومێد بەخشینەوە بە زۆرینەی نائومێدی دەنگدەران، كە دەنگ‌و بەشداریەكەیان واتای خۆی هەیە‌و لەسەر دۆخەكە كاریگەرە‌و بەشداریەكی راستەقینەی لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگەدا دەبێت. بۆ ئەمەش پێشنیار دەكەم : (1)​ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان‌و دەستكردن بە گفتوگۆیەكی نیشتمانی.. (2)​رێكەوتن لەسەر نەخشەڕێگایەك بۆ چوونە نێو قۆناغی راگوزەری‌و ماوە‌و ئەرك‌و سیماكانی بكرێت. لەوانەش: -​پەسەندكردنی رەشنووسی دەستور ‌و راپرسی لەسەركردنی. -​كۆتایی هێنان بە دابەشبوونی هەرێم‌و زۆنی زەرد‌و سەوز، نادامەزراوەیی هێزە چەكدارەكان‌و دەزگا هەواڵگرییەكان. -​چۆنێتی مامەڵەكردنێكی هاوبەش ‌و سازان لەسەركراو لەگەڵا پرسە نیشتمانیەكان‌و بەغدا‌و دەرودراوسێ‌ لە ئەگەرە جۆراوجۆرەكاندا. -​پێكهێنانی لیستێكی هاوبەشی سەرجەم هێزەكان بە بەرنامەیەكی هاوبەش. لە چوارچێوەی لیستێكی نیمچەكراوەدا ، لە پێناو ئاراستە‌و سنورداركردنی  ململانێكان بە قازانجی بە ئەنجامگەیاندنی ئەركەكانی قۆناغەكە. ئەگەر هێزێكیش ئامادە نەبوو ببێت بە بەشێكی ئۆرگانی نەخشەڕێگاكە، پابەندی خۆی بە پرۆژە‌و ئەركەكانی قۆناغی راگوزەری رایگەیەنێت‌و چاودێری‌و رەخنەی بەو ئاقارەدا ببێت.  -​پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی هاوبەش لە سەرجەم هێزەكان بەگوێرەی قەوارەی خۆی لە چوارچێوەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەركەكانی قۆناغی راگوزەری. بەم جۆرە لەگەڵا راستگۆیی هێزەكان، ئێمە دەتوانین لە ماوەی (4) ساڵدا، لانی كەم هەرێم بخەینە سەر رێچكەی گەشەكردنی سروشتی خۆی، خەڵك بە داهاتووی خۆیان ئومێدەوارتر بكەینەوە. واتە  بۆ لانی كەمی كاری نیشتمانی هاوبەش‌و لێپرسراوێتی سیاسی‌و دەرچوون لە بازنە تەسكە حیزبی‌و ناوچەیی‌و گروپی‌و تاكە كەسییەكان بگێڕینەوە. لەجیاتی درێژەدان بە دۆخی ئێستا، كە ماندوكەر‌و نائومێدكەر‌و ئایندە ناڕۆشنە . بەرژەوەندییە حیزبیی‌و تاكە كەسیەكانیش بەڕوونی كەوتونەتە پێش بەرژەوەندیە نیشتمانی‌و گشتییەكانەوە، بێنێنە ناو قۆناغێكی نوێ‌‌و دامەزراوەكان بەهێز بكەین. هەڵبەت لەم پێناوەدا ئەگەر شانسی قسە لەسەركردنی هەبوو دەكرێت بە كۆنفرانسێكی زانستی‌و دوایی كۆنگرەیەكی نیشتمانی‌و وەزیفەداركردنێكی نوێ‌ی  پەرلەمان دەستپێبكات. خۆ ئەگەر ئەم بژاردە سەری نەگرت ‌و دووهێزە حوكمڕانەكە ڕەتیان كردەوە. پێمان وایە ئەركی هەموو ئەو هێز‌و كەسێتی‌و رێكخراو‌و ناوەندانەیە خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن لەقەڵەم دەدەن ، بەم جۆرەی ئێستا‌و لە پێناو دەسكەوتی گروپیی سنوردار بەشداری پرۆسەی سیاسی‌و لەوانەش هەڵبژاردن نەكەن، بەڵكو بە دەوری پرۆژەی نیشتمانی قۆناغی راگوزەریدا كۆببنەوە ‌و لە سەر ئەو بناغەش بەشداری هەڵبژاردن بكەن‌و دوالتر گفتوگۆ لەگەڵا دووپارتە حوكمڕانەكە بكەن. بۆ ئەوەی لانی كەم بەشێ‌ لە هاوڵاتیانی ناڕازی بكەونە سەر ئەو باوەڕەی واز لە دورەپەرێزی‌و ئۆپۆزیسۆنی بێدەنگ بهێنن‌و بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن‌و ئەركی خۆیان بەرامبەر خۆیان‌و گەل‌و نیشتمانەكەیان جێبەجێ‌ بكەن.ئۆپۆزیسیۆنیش چی دی بەم پەرش‌و بڵاویە نەمێنێتەوە، وزە‌و تواناكانی بخاتە خزمەت دووبارە بیناكردنەوەی سیستم‌و كۆتایی هێنان بە دۆخی ئێستا، كە درێژەكێشانی لە زیانی ئایندەی ئۆپۆزیسیۆن بوون‌و بەدیهێنانی ئامانجەكانیەتی. تێبینی : ئەم نوسینە پرۆژە ئامێزە لە حاڵەتی سەرنەگرتنیدا ، واتای بانگەشە ناگەیەنێت بۆ بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان.    


توانا ئەمین فەلسەفەی قەدەغەکردنی خولی لەبەرکردنی (قورئان و فەرموودە) چییە؟ ئێ زۆر سروشتییە لە دیموکراسیدا ڕەنگە جیاوازەکان مومارەسەی فکرەکانی خۆیان بکەن، ئەرکی حیزبی و دینی خۆیانە ئیسلامییەکان هەر دەبێ ئەو خولانە بکەنەوە... ئەوە چ زیانێکی بۆ کۆمەڵگای کوردی هەیە..؟!  ئیسلامییەکان عاقڵن، وەکو هێزەکانی تر خەریکی چەتەیی و مافیایی نین، بە هێواشی کاراکتەرسازی لە ئەندامەکانیاندا دەکەن، لای ئەوان پرەنسیپ هەیە، حورمەت دەئاوزێن، شتێک لە ڕێزی گوێگرتن و گەورەیی و بچووکی هێشتا لای ئەوان ماوە، خوێنەوارترین گەنجەکان لای ئەوانە، خۆیان فێری زمانی تر دەکەن، لە پێشانگای کتێب دیتم بەشی هەرە زۆری کڕیارەکان گەنجە ئیسلامییەکان بوون. زۆرینەی گەنجانی زمانزان و خوێنەواری کۆمەڵگای ئێمە ئەو موسڵمانە میانەڕەوانەن کە ڕێزی کلتورەکەی خۆیان دەگرن..  هەر بەڕاستی خولی لەبەرکردنی قورئان و فەرموودە ئاشتی کۆمەڵایەتی و شیرازەی خێزانی کوردی لە شارەکانی ئێمەدا تێکداوە؟ یان ئەم هەموو دیسکۆ و یانەی شەوانە و هاوڕەگەزبازیی و قومارخانە و قەحبەخانانەی سەرچنار و قەڕییەی لوبنانی و کوێ و کوێ کە سەفارەتی وڵاتانی خۆرئاوا سەپۆرتیان دەکات و ناهێڵێت دابخرێن و تۆش ناوێری فزە بکەیت...؟! 


د. دانا حەمەعەزیز سیستەمی سیاسی وڵاتانی خۆرهەڵاتیی، ڕۆلێکی خراپی هەیە لە ئاراستەکردنی پەروەردە و زانست.  پێوەر و فلتەرەکانی خەمڵاندنی  زیرەکیی لە کۆمەلگەی خۆرهەڵاتی و بەتایبەتیش خۆرهەڵاتی ناوەراست(جگە لە ئیسرائیل) وەك سیستەمە سیاسیەکەی شەرمهێن و تا ئەندازەی کارەسات چەواشەکارانەیە. گەورەترین هەڵە لە هەڵسەنگاندنی زیرەکیی دا ئەوەیە خاوەن نمرە بەرزەکانی دوا قۆناغی ئامادەیی - زانستی، یەکسەر ڕاپێچی خوێندنی پزیشکیی بکرێن و ڕەچاوی ئارەزوی خوێندکار نەکرێت. هەڵەیەکی گەورەیە زیرەکیی گشتی خوێندکار لە نەشتەرگەریی و لێکۆڵینەوە لە سەر نەخۆشی و دەم و دان  دا کورت بکرێتەوە، لە بەرامبەردا بوارەکانی دیکەی خوێندن و لێکۆڵینەوە بە کەمتر بخەمڵێنرێت، لە کاتێکدا خوێندنی پزیشکیی توانای زانستی کەمتر پێویستە لە چاو هەندێك بواری دیکە، لە بنەڕتدا پزیشکیی بەبێ کارەبا و تیشك و کۆمپیوتەر، بەبێ تێگەیشتن لە کیمیا و بایۆلۆجی و بنەما و فۆرمولە فیزیایی و ماتماتیکیەکان، هیچ بەهایەکی نیە. دکتۆریی یان بە دکتۆرکردنی منداڵەکان، ئەوەندەی گرێی دەروونیی کۆمەڵگاکانی دنیای سێ یە بەتایبەتی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هێندە پەیوەست نیە بە چنینەوەی سەرمایەی کاری دکتۆریی وەك بزنسێکی باش. ڕەنگە بەشی زۆری ئەم گرێ یە، پەیوەست بێت بە کەلتوری ئەم کۆمەڵگەیانە کە مرۆڤ بە حەز و بە ویستی خۆی ناژی،  وەك خۆی چێژ لە ئارەزوەکانی ژیان وەرناگرێت و هەمو شتێك دەکرێت بە قوربانیی بۆ ڕازیکردنی دەوروبەر. گرێی دکتۆریی یان کەلتوری بەزۆر بە دکتۆرکردنی منداڵان تەنها هەر  لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دنیای سێ باو نیە، بەڵکو بە شێوەیەکی خراپتر ڕەوندی "عەرەبیی و کوردی و تورکی و ئێرانی و هیندی..." دانیشتوی ئەوروپا و ئەمریکای گرتۆتەوە، ئەمە تەنها منداڵانی لە مەیل و ئارەزوی خۆیان بۆ خوێندن، بێ بەش نەکردوە، بەڵکو زیانێکی گەورە و مەترسیداریشی بە خودی زانستی پزیشکی و خزمەتگوزاری تەندروستی گەیاندوە.  ئەوانەی بەبێ ویستی خۆیان و بە حەزی دایك و باوك ڕاپێچی خوێندنی پزیشکیی کراون، سەرکەوتو نین و دکتۆر یان پسپۆڕێکی باشی تەندروستیان لێ دەرناچێت. بۆ نمونە بریتانیا ئەو وڵاتەیە کە ساڵانە زۆرترین دکتۆری بە بنەچە خۆرهەڵاتی بەرهەم دەهێنێت، بەپێی پێوەری وردی زانستی، زۆرترین دکتۆری کۆڵەوار لە کەرتی تەندروستی بریتانیا دا هەیە کە ئینگلیز نین، ئەمەش کەلێنێکی دیاری پیشەیی لە  خزمەت گوزاری تەندروستی نیشتیمانی NHS  دا دروست کردوە، ئەم کەلێنە لە کەرتی تەندروستی وڵاتانی دنیای سێ دا زۆر ترسناکترە!  


   ئەحمەد محمود  لەسەروبەندی دەسپێكی ساڵی نوێی خوێندنین ساڵی (2022 – 2023) ، وەزارەتی پەروەردە هەفتانە و ڕۆژانە بڕیار و ڕاسپاردە دەردەكەن بەمەبەستی ڕێكخستنی دەوام و ساڵنامەی خوێندن بڵاو دەكەنەوە و پەیام بۆ كارگێڕیی قوتابخانەكان و مامۆستایان دەنێرن بەمەبەستی خۆئامادەكردن ، هەر لە چوارچێوەی ئەم  كارەشدا لەسەر بنەمای ڕێكخستنەوەی میلاكی قوتابخانەو خوێندنگاكان لەسەر ئاستی پەروەردەكان ساڵانە فۆرمی وانەبێژی دابەش دەكرێت.  لە پرۆسەی دانانی وانەبێژ تاكە پێوەرێك كە ڕەچاو دەكرێت بریتیە لەوەی پێویستە كەسی پێشكەشكار دەرچووی كۆلێژی پەروەردە و پەروەردەی بونیاد و پەیمانگا پەروەردەییەكان بێت و ئیتر بەبێ ئامادەكردنێكی پێشوەختەو بینینی خول و سیمینار دەست بەجێ فەرمانی بۆ دەردەكەن و لە قوتابخانەیەكدا وەكو كادری پەروەردەیی دەیان وانەی پێدەدەرێت ، زۆربەی جاریش بەتایبەت لە شوێنە دوورەكان پۆلە هەستیارەكانی وەكو پۆلی یەكەم و نۆیەمی بنەرەتیی یان پێدەدرێت و هەندێك جاریش لە قوتابخانەیەك مامۆستای میلاكی نەبێت دەكرێن بە بەڕێوەبەر .  من وەكو سەرپەرشتیار كە بەریەككەوتنم لەگەڵ ئەم توێژە هەیە لە ناوەندەكانی خوێندن هەم لە سەردانەكانم وەكو هاوڕێی ڕەخنەگرو هەمیش وەكو هەڵسەنگێنەرەی دەرەكی هەست بە كێشەیەكی گەورە دەكەم سەبارەت بە وانەبێژان كە خۆی دەبینێتەوە  یەكەم: لاوازی و هەژاری لە ڕووی زانستی و پەروەردەیی و هونەری بەڕێوەبەردن و شێواز و ڕێگاكانی وانە ووتنەوە لەلایەن بەشێكی بەرچاو لەوانەبێژانەوە. دووەم: هەمیشە ئەم توێژە بە دەروونێكی نا تەندروست و جۆرێك لە شڵەژاویەوە دەچنە ناوەندەكانی خوێندن و پۆلەكانیان ، چونكە مۆتەكەی ئەوەی (ئەوان وانەبێژن و ڕەنگە ڕۆژێك بێت بنێردرێنە ماڵەوە ) هەردەم بەسەر سەریانەوەیە و ئەو بڕە پارەیەیشی كە وەری دەگرن زۆر كەمە و بەشی بژێوییان ناكات . هەرچی مامۆستایانی میلاكیشن زۆربەیان هاتونەتەوە ناو شارەكان و لە بەشێكی زۆری قوتابخانەكانی ناوشار دەیان مامۆستای زیادە هەیە و وەكو پێویست ئەدای كاری خۆیان ناكەن ئیتر لێرەوە بۆت دەردەكەوێت كە كەرتی پەروەردە لەچ قەیرانێكدایە و مناڵە چاوگەشەكانمان لەچ كەشێكی خراپی خوێندن و پەروەردەدان ، بەتایبەت لە شوێنە دوورەكانی وەكو قوتابخانەكانی سنوری پەروەردەكانی دەرەوەی شارەكان كە بەدەگمەن نەبێت مامۆستای میلاك بوونی نییە سەرەڕای ئەوەی كە بەشێكی بەرچاو لە مامۆستایانی میلاكیش هێشتا وەكو پێویست نین و ناتوانرێت پێناسەی كادری پەروەردەییان بەسەردا ببڕێت .. لەسەر ئەم بنەمایە جێگەی خۆیەتی بپرسین: یەكەم: وانەبێژێك بەبێ بوونی هیچ خولێكی پێشوەختەو پاش وەختە لەڕویی پەروەردەیی و هونەری وانە ووتنەوەو كارگێڕی و پێشینەیەكی وانە ووتنەوە دەكرێت وەكو كادری پەروەردەیی تەماشای بكرێت و مناڵ بخرێتە بەردەستی  یاخود دەگونجێت بكرێتە بەڕێوەبەر ؟ .  دووەم: وەك دەزانن پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی بۆ قوتابخانەكان كە ساڵانە بەرێوەدەچێت  لە ستانداردەكانی ژمارە (11، 12 ، 13 ) باس لە میتۆدو تەكنیكی هاوچەرخ و كارا و باس لەشارەزایی باشی مامۆستایان و ئاوێتە بوونی مامۆستایان دەكات لەگەڵ قوتابیان بەمەبەستی فێربوونی باش و پەروەردەیەكی پێشكەوتوو ، دەپرسم مامۆستایەكی وانە بێژ كە چەندین ساڵە خوێندنی تەواو كردووە و دابڕاوە لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن و هیچ جۆرە خولێكی پێشوەختەشی بۆ ناكەیتەوە چۆن دەتوانێًت میتۆدی هاوچەرخ پیادەبكات و بەچەشنێك لەگەڵ قوتابیان ئاوێتە ببێت كە هێشتا شێوازەكانی مامەڵەكردن لەگەڵ قوتابی و وانەووتنەوە بەباشی نازانێت ؟ ، یاخود مامۆستایەكی وانەبێژ بەدەرونێكی ناساز بەهۆی كەمی موچەكەی و بەهۆی ئەوەی كە هەمیشە لەبیری ئەوە دایە دەبێت رۆِژێك لەوانەبێژی لام نەدەن چۆن دەتوانێت میتۆدی هاوچەرخ پیادەبكات چۆن دەتوانێت ئاوێتە ببێت لەگەڵ قوتابیەكانی ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەر (25) ستانداردەكە باس لە بەرزكردنەوەی كوالێتی و پەروەردەو فێركردن دەكات ، ئایا ئەم كارە بە وانەبێژی لەو جۆرە دەكرێت ؟ . سێهەم: لە ئێستادا ڕۆڵی سەرپەرشتیاران لەناو پرۆسەی پەروەردەو فێركردن وەكو پێویست نی یە و لاواز كراوە هەم لە ڕووی ڕێكخستنەوەی میلاكات و هەم لە ڕووی سەردانەكانیان بۆ ناوەندەكانی خوێندن و هەمیش لە ڕووی كردنەوەی خول و سیمنار ، دەپرسم كاتی ئەوە نەهاتووە ڕۆڵ بۆ ئەم توێژە بگەڕێنرێتەوە كە زۆرترین بەریەك كەوتنی لەگەڵ ناوەندەكانی خوێندن هەیە تا بتوانن قەیرانەكانی پەروەردە ئەگەر بنەبڕیشی نەكەن كەمی بكەنەوە ؟ . چوارەم: ئایا دەكرێت لەناو شارەكان دەیان قوتابخانە دەیان مامۆستای زیادەیان هەبێت و لە دەرەوەی شارەكانیش دەیان قوتابخانە هەبێت بەبێ مامۆستای میلاك ؟ ئیدی كاتی ئەوە نەهاتووە پەروەردە پێداچوونەوە بەڕێكخستنەوەی میلاكاتدا بكاتەوەو میكانزمێك بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم حاڵەتە بەبێ ئەوەی ستەم لەو مامۆستایانە بكرێت كە خزمەتیان زۆرە ؟. پێنجەم: ئەم حاڵەتە ئەو وێنەیەمان لەبەرچاو ڕۆشن ناكات كە وەزارەتی پەروەردە لە ڕێكخستنی میلاكات دا پلانێكی تۆكمە و تەواوی نییە ؟ ، ئایا بەبڵاوكردنەوەی ساڵنامەی خوێندن و ڕاسپاردە كارەكە تەواو دەبێت ؟ ،  یانی چۆن دەكرێت قوتابخانە هەبێت یەك مامۆستای میلاكی تیا نەبێت  وانە بێژەكانیش ئەزموونێكی ئەوتۆیان نەبێت ؟ . یاخود چۆن دەكرێت بەڕێوەبردنی قوتابخانە بدرێت بە وانەبێژێك كە ئەزمونێكی ئەوتۆی نییە ، لەكاتێكدا بە پێی سیستەمی (برتش كانسڵ) بەرێوەبەر دەسەڵاتەكانی تا ئەندازەیەكی زۆر زیادی كردووە و بەرپرسە لە دەزگایەكی خوێندن بەتەواوی بەشەكانیەوە . لێرەوە پێشنیار دەكەم بۆ وەزارەتی پەروەردە تاكو زیاتر كەرتی پەروەردە بەرەو ئاقارێكی نادیار هەنگاو نەنێت و ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵتر نەبێتەوە كار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بكات: 1.    ساڵانە خولی پێویست بۆ مامۆستایان بەگشتی ومامۆستای وانە بێژ بەتایبەت بكرێتەوەو ئامادەبكرێن و پاشان ڕەوانەی ناوەندەكانی خوێندن بكرێن ، دەكرێت سود لەكاتی پشووەكان وەربگیرێت بۆ ئەم مەبەستە. 2.    مامۆستایانی وانەبێژ  لانی كەمی بكرێنە گرێ بەست ئەگەر داشیان نامەزرێنن هەروەها خزمەتیان بكرێت و پێبگەیەندرێن تاكو ببنە كادری پەروەردەیی چالاك و بەهێز و چیدی لە دڵە ڕاوكێدا نەمێننەوەو بە دەروونێكی تەندروستەوە بچەنە ناو پۆلەكانیان . 3.    ئەو فەوزایەی كە لە میلاكی زیادە لەناوەندەكانی خوێندن بەدی دەكرێت بە تایبەت لەناوەندی قەزاكان و سەنتەری شارەكان بە میكانزمێكی گونجاو چارەسەر بكرێت و ڕەچاوی عەدالەت بكریت لەكاتی ڕێكخستنەوەیان ، ئەویش بە پێدانی بڕێك پارەی مانگانە بە ناوی هاندان بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانەی خزمەتی دەرەوەیان تەواوكردووەو ئامادەییان تیایە جارێكی تر لە شێوینە دوورەكان درێژە بە پیشەكەیان بدەن  . 4.    یەكەكانی سەرپەرشتیكردن و سەرپەشتیاران دەست واڵابكرێن كە زیاتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لەناو پرۆسەی خوێندن بە كردنەوەی خول و وانەی نمونەیی و سیمینارو سەردانی چڕوپڕی پێویست بەتایبەت لە بواری پسپۆریی یە  جیاوازەكان ، كە ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی دارایی باش هەیە لە ئێستادا وەزارەت پاڵپشتیەكی دارایی ئەوتۆی نییە بۆ ئەم مەبەستە .  5.    پێویستە شێوازی سەرپەرشتیكردن كەلە ئێستادا  لەچوارچێوەی پرۆژەی بونیادنانی تواناكاندا (بریتش كانسڵ)كاری پێدەكرێت و بە هاوڕێی ڕەخنەگر ناسێنراوە پیاچوونەوەی بۆ بكرێت ، چونكە لەم پرۆسەیە تا ئەندازەیەك بابەتی پسپۆری و سەردانی سەرپەرشتیار وەكو پسپۆری تیایدا بوونی نییە . لەكۆتاییدا ئەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم هەرچەندە لە ئێستادا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە هەوڵێك هەیە بۆ بەهێزكردنی مامۆستایان بەمیلاك و وانەبێژەوە لەناوەندەكانی خوێندن كە خۆی دەبینێتەوە لەوەی كۆمەڵێك مامۆستا خولیان پێ ببینرێت و ئامادە بكرێن و بكرێنە ڕاهێنەر و بنێردرێنە ناو قوتابخانەكان خول و سیمینار بە مامۆستایان بڵێنەوە لەسەر شێوازەكانی وانەووتنەوە ، لەگەڵ ئەوەی ئەمە خۆی بۆخۆی هەنگاوێكی باشە بەڵام بێ كێشە نییەو كۆمەڵێك پرسیار لەلامان دروست دەكات كە بریتیە لە:   یەكەم: پێوەر چییە بۆ دەست نیشانكردنی ئەو كەسانەی كە ئەم كارەیان پێدەسپێردرێت چونكە من پرسیم لە كەسێكی پەیوەندیدار بەم كارە لەوەڵامدا ووتی پێوەری سەرەكی حەزی كەسەكەیە ، وە ووتی داواكراوە لەبڕێوەبەری پەروەردەكانی قەزا ناو بنێرن ، دەپرسم: ئایا تەنها حەزی كەسەكە دەكرێت ببێتە پێوەر؟ ، یان بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا لەسەر چ بنەمایەك ناو دەنێرێت ؟. دووەم: ئەم جۆرە كەسانە بە چ ناونیشان و عنوانێك دەنێردرێنە ناوەندەكانی خوێندن ؟ ، ئایا لەگەڵ كاری سەرپەرشتیاران جۆرێك لە ( تەزاروب )لێك كەوتن  دروست ناكات ، ئەوسا رۆڵی سەرپەرشتیار چییە؟ سیهەم: ئایا تەنها شێوازەكانی وانە ووتنەوە بەسە بۆ ئەوەی مامۆستایان بەهێز بكرێن؟ ئەی پسپۆری لە كۆێی بابەتەكەدایە ؟ واتە لە دەست نیشانكردنی ئەم كاسانە تا چ ئەندازەیەك ڕەچاوی پسپۆرییە جیاوازەكان كراوە ؟ 


ئارام سه‌عید لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی هەرێمی کوردستان تەواو خرۆشاوە نەک بەمەرگی ئەو بەڵکو بە خۆخڵافاندن و گفتوگۆی هەمەلایەنەی مەسەلەی لەچک و پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خیزان و ئافرەت، ئالەم دۆخەدا کە جیهان سەرقاڵی کەیسەکەی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانیەتی لەسەر ئاستی ئیران و دونیا لەم هەرێمەی خۆمان لەباشور یاسایەکیان هێنایە پارلەمان و داوایان پێشکەشکرد بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی پارلەمان و دۆخەکەیان خرۆشاند. لەکاتێکدا ئەوانەی یاساکەیان پێشنیارکردووە بۆ گفتوگۆو خۆیان بەنوێنەری خەڵک دەزانن خۆیان دژی وەستانەوەو بەشێوەیەک مرۆڤ لەلای تێکەڵ دەبێت کێ عیلمانییەو کێ ئیسلامییە، هەموو فراکسیۆنەکان بەیاننامە دەردەکەن و دژن، هەمویان دەڵێن نابێت یاسایەک دەربچێت دژی شەریعەت بێت، کەواتە بۆهاتە بەرباس ولێکۆڵینەوە؟ لەکاتێکدا چەندین رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و یاساناس پێی راگەیاندون ئەو مەسەلەیە کاتی نییە. سەرەڕای ئەوەی هەرێم دەرگیری دەیان قەیرانی قووڵ و مەینەتییە... لەکاتێکدا زۆر لە سیاسییەکان دڵنەوایی خانەوادەی ژینا ئەمینی دەدەنەوەو بێدەنگن لەوهەموو ژن کوشتنەی هەرێمی کوردستان، یان بەرگری لە خاتوو ژینا دەکەن و دەسەڵاتیان هەبێت هەموو باشور دەکەن بە لەچک بەسەر. بەدیوێکی تردا بۆ پشتگیری لە ژینا ئەمینی جگە لە رۆژهەڵات تاران و شارە گەورەکانی تر خرۆشاوەو هەندێک دەیانەوێت بیکەنە دەستکەوتی کوردایەتی بێ ئاگا لەوەی ئەم هەژانەی ئێران بەتەنها لەچک نییەو تەنها کورد نییە کە خۆپیشاندان دەکات، زۆر لەوە گەورەترەو مەسەلەکە ئازادییەو دۆخی سەختی ئابوری خەڵکەو پەیوەندی بەکۆی ئێرانەوە هەیەو خاتوو ژینا بووە سیمبولی ئەو بزوتنەوەیە. ئایا لە مێژوماندا لەبەغدا خۆپیشاندانێک کراوە بۆ پشتگیری یان هاوسۆزی لە ژنێک یان پێاویکی کورد کە غەدریکی لێ کرابێت؟ خویندنەوەی دروست ئەوەیە دوور لەبانگەشەی هەڵبژاردن هەر هێزو لایەنێک بە راشکاوی بۆچونی خۆی بخاتەڕوو نەک ئەوەی بەناوی دینەوە هێرش بکەیتە سەر چالاکوانانی ژنان و جوڵانەوەکەی ئێران بە دژی ئیسلام لەقەڵەمی بەیت و لەولاشەوە فرمیسک بۆ ژینا خانم بڕێژیت، یان بەناوی عیلمانیەتەوە بەرگری سەرسەختانە بکەیت لە بۆچونی ئیسلامییەکان و لەژێرەوە دژی راو بۆچونەکانیان بیت، بۆئەوەی دروست لەو دۆخە تێبگەین دەبێت چیتر سیاسییەکان درۆ نەکەن و ئەوەی بڕواو بۆچونیانە راشکاوانە بیڵێن. ئەوەش لەئێستادا مەحاڵە چونکە وتنی حەقیقەت لە سیاسەتدا گەلێک سەختە..


فارس نەورۆڵی   نەتەوەی داگیرکراو بە بچوکترین جوڵەی داگیرکەرەکەی دەلەرزێ و هەمیشە لەبارە بۆ ترازان و ئاشوبی ناوخۆ، ئەوکاتەی ئینگلیزەکان هیندستانیان داگیر کردبوو هەرکات بیان ویستایە هیندیەکان بە کێشەی ناوخۆ سەرقاڵکەن، لەڕێی جیاوازییە ئاینیەکانەوە بەیەکیدا دەدان. بۆ نمونە گایەکیان دەکوشت و بە گاپەرستەکانیان دەوت: ئەوە کەسەکانی فڵان ئاین کوشتویەتی ئیتر ئەمە بەس بوو بۆ ئەوەی چەند ساڵێک توشی گرفتاری ناوخۆیان بکات. چەند رۆژێکە لە رێگای میدیاکانەوە کۆمەڵگایان سەرقاڵ کردووە بە کێشەی (ژووری نوستن و سەرپۆشی ئافرەتان) سەبارەت بە لەچککردن یا نەکردن، ئەوە پەیوەستە بە ئازادی هەر ئافرەتێکەوە هەرچۆن ئەوەی سەرپۆش یان لەچک دەپۆشێ ئازاد نیە لەوەی سوکایەتی بە کەسێک بکات، کە لەچک ناکات. لە هەمانکاتدا کەسێک لەچک ناکات بۆی نیە سوکایەتی بە لەچک بکات. چونکە هەر یەکێکیان هەتا ئەو جێگایە ئازادە، کە ئازادی ئەوی دیکە پێشێل نەکات هەتا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ژووری نوستنەکانەوە هەیە. من ئەو یاسایەم نەخوێندۆتەوە بۆیە قسەم لەسەری نیە، بەڵام بە تێگەیشتنی من لە کۆمەڵگای کوردستان سایکۆلۆجیای تاکەکان، هەریەک لەژن و پیاو ئەگەر کێشەی ژووری نوستنیان بردە دەرەوە و خەڵکی دیکە پێی زانین، ئەوە لە هەڵوەشانەوە نزیک دەبنەوە. ئەوەی پێویستە بوترێ ئەوەیە ئێمە بە دەم دەیان دەردەوە گیرۆدە بوین، کەچی رامان دەکێشن بۆ کێشەیەک بۆ ئەوەی لە کێشە گەورەکان دورمانخەنەوە و بیرنەکەینەوە بۆ چارەسەری. لە کاتێکدا ئێمە فەرهەنگمان پەروەردەمان، زمانمان و ئابوریمان لەژێر هەڕەشەدایە و نادادی گشتی خواردوینی، لە کاتێکدا لەسەرو بەندی ساڵیادی ریفراندۆم داین رامان دەکێشن بۆ ژووری نوستن و ختوکەدانی جیاوازی ئاینی بۆ ئەوەی هەتا بێ دنیای ئێمە لە یەکتر دووردەکەوێتە. من لەتەک ئازادی مرۆڤەکاندام بێ جیاوازی رەگەز و ئاین، بەڵام هێنانی هەندێ چەمک لە کۆمەڵگایەکی دیکەوە بۆ کۆمەڵگای ئێمە، هیچ رۆشنایی ناخاتە سەر تاریکییەکان، بەڵکو لەبری ئارامی کۆمەڵایەتی، ئاشوبی حەشامات دروست دەکات. چونکە هەندێ کۆدی کۆمەڵایەتی هەیە بە هەراو هۆسە ناکرێتەوە بەڵکو پێویستی بە کات و بە هۆشیارییە.


مەریوان وریا قانع  مرۆڤ بۆئەوەی کەسێکی باش و بەڕەوشت بێت، مەرجنییە کەسێکی دینیی بێت. مرۆڤ دەتوانێت بەئەخلاق و باش و سودبەخشبێت، ھەم بۆ خۆی و ھەم بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگاکەی، بەڵام دینیی نەبێت، یاخود دین ئاراستەکەری نەبێت، یان تێگەیشتنی بۆ خۆی و بۆ دونیا لە دینەوە نەھاتبێت. وەکچۆن مەرجنییە دین مرۆڤ لە کار و کردەوەی خراپ و زیانبەخش بپارێزێت. ئەزمونی تاڵەبان و داعش و ئەلقاعیدە، ئەزمونی ئێرانی خومەینیی و سعودیەی وەھابییەکان و سودانی ئیخوانی موسلیمین، سونیزمی تورکیای ئەردۆگان، ھەموویان، نە سیستمی سیاسیی و پەروەردەیی و ئەخلاقیی باشبوون و باشن، نە ڕێزیان لە مرۆڤ و مافە ھەرە سەرەتایی و سادەکانی گرتوە و دەگرن.  لە ئاستی تاکەکەسیشدا چەندەھا کەسایەتی دینیی ساختەچیی و فێڵکەر و دەستبڕ و ناپاک ھەبووە و ھەن. دابەشکردنی مرۆڤەکان بۆ مرۆڤی دینیی باش و مرۆڤی بێدینی خراپ،  دابەشکردنێکی دوولایەنەی ھەڵە و ناڕاست و نائەخلاقییە. ڕەچەتەی وێرانکردنی بوونی ھەمەجۆر و ھەمەڕەنگ و جیاوازی مرۆڤە لە جیھاندا.  دەشێت مرۆڤ لە ژیانیدا  پێویستی بە دین نەبێت، بەڵام ناتوانێت پێویستیی بە کۆمەڵێک پرنسیپی ئینسانیی و ئەخلاقیی نەبێت، کە وای لێبکەن ئازاری خۆی و ئازاری دەوروبەر و ئازاری کۆمەڵگاکەی، نەدات. ھەموو کەسێک پێویستیی بە لانیکەمی پرنسیپپی ئەخلاقیی ھەیە کە ڕێگەدەگرێت لەوەی ببێت بە بوونەوەرێکی جنێوفرۆش و جەردە و گەندەڵ و توندوتیژ و ترسناک و نائینسانی. ئەم لانیکەمە دەشێت دین دەستەبەری بکات، وەکچۆن دەشێت بیرکردنەوەی دەرەوەی دین دروستکەریبێت. ھاوکات ھەم دین دەشێت سەرچاوەی سوکایەتیکردن و بێنرخکردنی مرۆڤ بێت، ھەم فیکرێک لە دەرەوەی دین و دژی دینیش.  دینداریی ڕەچەتەی مرۆڤبوونێکی سەرڕاست و ئینسانیی و ئەخلاقیی نییە، وەکچۆن بێدینیی و دژەدین و نادینیش  ڕەچەتەی ھەمانشت نییە. ئینسان بۆئەوەی ببێت بە ئینسان و وەک ئینسان ماڵەی خۆی و ئەوانیتر بکات، پێویستی بە کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقیی و ئیشکردنێکی بەردەوام لەسەر کەسایەتی خۆی ھەیە. بوون بە ئینسان کارێکی زەحمەتە و جنێوفرۆشیی و ھەڕەشە و دەنگەدەنگ و قیژەقیژ و سوکایەتیکردن و بێماف و بێئازادیکردن، چ بە ناوی دین و دیندارییەوە، چ بەناوی نادین و دژەدینەوە، دروستیناکات. بوون بە ئینسان پێویستی بە داھێنانێکی بەردەوامی کەسایەتیی و رەنجکێشانێکی گەورە و ماندوبونێکی ڕۆژانەی ئینسانییانە، ھەیە. ئەو ھەراو ھۆریا دینییەی ئەمڕۆکە لە کوردستاندا دەیبیستین، تەواو ناکۆکە بەو لانیکەمەی ئەخلاقیات کە مرۆڤ دەکات بە مرۆڤێکی خەمخۆر و چاکەکار و بەرپرسیار، مرۆڤیش بانگدەکات بۆ مرۆڤبوونێکی گرێدراو بە ڕێز و بە یەکتری قبووڵکردن و بە پێکەوەبوونێکی ئازاد و مانادارەوە.


پەیمان عیزەدین پێشتر سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق ، جگە لە بەشێکی سودمەندی عەرەبی سونە ، بەدەست ڕژێمێکی دیکتاتۆرەوە گیرمان خواردبوو . بەڵام دوای تێپەڕینی کات و بینینی ڕژێمی خراپتر ،نزیکەی زۆربەی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ گاڵتەش بێ وتویانە ڕەحمەت لە کفن دز . ئێستا و دوای تێپەڕینی زیاتر لە سی ساڵ حکومڕانی پارتی و یەکێتی و بەر لە کۆتایی هاتنی حکومڕانیان هەندێ جار و لە هەندێ پێشهاتدا، ئینسان ئەترسێ هەمان ئەزمون دوبارە بێتەوە . لەم چەند ساڵەی دواییدا و لە گەلێک بۆنەی جیاجیادا ئەوە بەڕونی دەرکەوتوە کە ڕاستە بەرەی دژە حوکمڕانی پارتی و یەکێتی لە ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریەت و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازیدا کۆک و یەک دەنگن ، بەڵام لە زۆر بابەتی گرنگ و هەستیاردا جیاوازیان نێوانی ئاسمان و ڕێسمانە. لای بەشێکی دیار و ناسراوی بەرەی ناڕازی مەبەست لە ئازادی ، تەنیا ئازادی سیاسیە و ئەو یەکسانیەی بیریشی لێئەکەنەوە لەنێوان پیاو و پیاودایە ، ژن و مافەکانی ، یەکسانی ڕەگەزیی لای ئەوان لەدەرەوەی قانون و دەوڵەتدایە . بیرکردنەوەی زاڵ لای ئەوان گەنج تەنیا بەکوڕ ئەبینێ و مافی کارکردن و چونە دەرەوە بۆ ئەوانە ، پیاو خاوەن و بڕیاربەدەستی خێزانە و بەدڵنیاییەوە گەر دەسەڵاتی حکومڕانیان هەبێت ، کوردستان لەسەر ستایلی ئەفغانستان ئەبێت و ژنانی کوردیش لە ژنانی موسلی سەردەمی داعش و هەورامانی سەردەمی جوندولئیسلام باشتر نابن . بۆیە هەق وایە وردتر ، باشتر لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن بڕوانین و هەموو ئەوانەی ئازادیخوازن و بەیەک پاکێج دژی سەرکوتکردنی ئازادیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینیەکانن بەشدارنەبن لە ئاڕاستەیەک کە سەد جار ئاوات بە حکومڕانی پارتی و یەکێتی بخوازین. حکومڕانی ئێستای هەرێمی کوردستان ،بەهەموو گەندەڵی و نایەکسانی و پێشێلکاریە یاساییەکانیەوەم زۆر لاباشترە لە حکومڕانیەکی ئێرانیانە کە سەرباری گەندەڵی و ناعەدالەتیەکان ، ئازادی کەسیی و تایبەتتر ئازادی ژنان تیایدا خنکاوە


د. نیاز نەجمەدین کۆمەڵگەی ئێمە بەدەست هەرچی جۆرە شەڕ و ناتەباییەکەوە هەیە دەناڵێنێت (شەڕی حزبایەتیی، تەکەتولی ناو حزب، ناوچەگەریی، شارچێتیی، ژن و پیاو، ژن و ژن...هتد), کێ بەهێزتر بوو (نەوەک باشتر و زیرەکتر بوو)، زیاتری بەردەکەوێت. پێناسەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بۆ مرۆڤی باش و خراپ هێندە تەقلیدیی و سادەن دەگاتە ئەو شوێنەی جللەبەرکردن بکات بە پێوەر و بە سیمبول. ئێستا کە قسە لەسەر دروشمی (ژن، ژیان، ئازادییە)، ئێمە تەنانەت لە تێڕوانینماندا بۆ وشەی یەکەم (واتە ژن) نەوەک بە رێژەیی تەبا نین، بەڵکو لەسەر جلوبەرگی ژنیش دەبێت بە شەڕمان. لەم نێوەندەدا، ژن بە دەیان شێوە لە دەرفەتەکانی ژیان بێ بەش دەکرێت.  هەندێکمان رای وایە ژنی پەچەدار ژنێکە دوای خورافە کەوتووە و دیلکراوە. هەرچی کچی موحاجەبەی وڵاتی ئێمە هەیە بیسوتێنن قسەیەکی نییە و هەست بە ئازاریان ناکات، ئەوە نابینێت کە لە خوێندندا هەندێک لە مامۆستا مولحید و لیبڕاڵەكانیان بەراورد بە کچی سفور مامەڵەی جیاوازی لەگەڵ دەکەن، لە شوێنی کاردا خاوەنکارەکەی ئامادە نییە پۆستێک و موچەیەکی باشتری بۆ دابین بکات...هتد.  هەندێکیشمان رای وایە پەچەفڕێدان سوککردنی ژنە. کچی سفور ئیشی نییە بەڕەڵایی نەبێت، ئاسانە و کەی ویستت دەستی پێ گەرم دەکەیتەوە، بونەوەرێکە بۆ سەرنجڕاکێشان و راوکردنی پیاوان خۆی روت دەکاتەوە. ئەمانیش بە دەست هەندێک لە مامۆستا باوەڕدارەکانیانەوە دەناڵێنن کاتێک هەمان مامەڵەی کچی پەچەداریان لەگەڵ ناکەن، هاوڕێکانیان دەیانبوغزێنن و وەک مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی سەیریان دەکەن. بەکورتیی، کچی سفور کەوتۆتە نێوان بەرداشی هێزە ئیسلامییەکان و پیاوانی چڵێسەوە. یەکەمیان پڕی کردووە لە ترس و دەیەوێت سەرکوتی بکات، دووەمیان لە روکەشدا مۆدێرن دەردەکەوێت، بەڵام پڕە لە هەوەسبازیی و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ژن بەوەوە دەبەستێتەوە کە چەند دەستی بە جەستەی دەگات.  ناتەبایی و نایەکسانیی لەم ئاستە بەرزەدا بە کوێمان دەگەیەنێت؟ ژیانمان وێران دەکات، وایان کردووە وزەمان لەسەر شتی پڕوپوچ بڕوات و کورد تەنانەت ئەفلام کارتۆنیشی بۆ بەرهەمناهێنرێت. ئیشی خەڵکی ئازادیخواز و ژیاندۆست دژبوونە بەم جۆرە ناتەبایی و نایەکسانیانە، بە هەموو ئەو سیمبولانەوە لە چواردەوری ئێمە وەک کێڵگەی مین چێنراون و دانە دانە پیاماندا دەتەقنەوە. ئیشی خەڵکی ئازادیخواز تێپەڕاندنی ئەو قۆناغەیە کە بەوەوە نەوەستاوە پێناسەی مرۆڤی باش و خراپ بەوە بکات منداڵی کامە شێخ و کامە سەرۆک خێڵە، بەڵکو بەوەش کە چ جلێکی لەبەردایە و ئەوەش دەکات بە پێوەرێک لە دابەشکردنی دەرفەتە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکاندا.


گۆران هەڵەبجەیی {دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترۆپکی ئیرهابدان}،نبیل حیدری نووسەری تایبەت بە دۆخی ئێران. ئەوەی لەکن چاودێرانی سیاسی و کەسانی موتابعی ڕەوشی ئێران و تەنانەت کەسانی ئاسایی ڕوونە ،ئەوەیە کە ڕژێمی ئاخوندەکانی ئێران لەو دەمەی دەسەڵاتیان گرتوەتەدەست[ ١٩٧٩]،تا ڕۆژی ئیمڕۆ لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە درێژەیان بەتەمەنی دەسەڵاتەکەیان داوە ،بەجۆرێک کووشتن و سەرکووتکردن و سڕینەوەی نەیاران کۆڵەکەی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیان بووە. ئاشکرایە ئەم دەسەڵاتە بۆ ساتێکیش دەستبەرداری ئیرهاب نەبووە و نابێت. ماهیەت و سرووشتی دەسەڵاتدارانی ئێران شتێک نیە جێگەی گومان و مشومڕبێت،ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دڕندەیی و سادیەتی مەلاکانی ئێران زەقتردەبنەوە.کوورت و پووخت ڕژێمێکە دەکەوێتە خانەی ،دژە دیموکرسیەت،دژە ئینسانیەت،دژە فرەبۆچوون و ڕا ،دژە نەتەوەو ئەتنیک ،دژە مافی مێینە و دژە ژیانی مەدەنیەت بەهەموو ڕەهەندەکانیەوە واتە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر  وڕەفتار فاشییە. لە حاڵەتێکی ئەوهادا گرنگەو زۆریش گرنگە دیدو بۆچوونی چینێکی سیاسی سەرچڵ و خاوەن مێژووی تێکۆشانی سەخت ،دەربارەی ئەو ڕژێمە  بزانرێت  کە ئەویش دەسەڵات وحیزب و لایەن و تاکی  چەپ و کۆمۆنیستەکانە. هەڵوێستێک کە بەخاڵێکی سەلبی و هاوکات ڕەخنە لەسەر زۆرێک لە  دەسەڵات و حیزب و ڕەوت و کەسایەتیە چەپەکانی جیهان بە عەرەب و {کوردیشەوە }هەژمار دەکرێت،پشتگیری کوێرانەیانە  لە ڕژێمی ئێران،ئەمانە نالۆژیکیانە داکۆکی لە ڕژێمی ئێران دەکەن و هەڵوێستی نادرووست و دوور لە واقیع وەردەگرن. پاساوی گەورەیان بۆ ئەم هەڵوێستەیان ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران دژی ئەمریکا و ئیسرائیلە،یاخود بەلۆژیکی[دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە] کاردەکەن. بابزانین بەڕاست ئێران دژی ئیسرایئل و ئەمریکایە یا تەنها دروشمێکی فریودەرو بێ ناوەڕۆکە.؟ ئاشکرایە سیاسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دامەزراوە و هەر ئەوەش داینەمۆی بزواندنیەتی. کەواتە ئێرانیش لەسەر ئەم بنەمایە کاردەکات ،نەک لەسەر بنەمای ئاین و مەزهەب .لەحاڵەتێکی ئەوهادا دەکرێ و ڕوویداوە ئاین و مەزهەب کراونەتە قوربانی بەرژەوەندی گشتی. بۆنمونە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ئیسلامی شیعە مەزهەب ، لەکاتی جەنگی [٨] ساڵەیاندا لەگەڵ ڕژێمی سەدام ،چەکیان لەڕێگەی لایەنی [سێیەمەوە] دەکڕی،لە نێوانیاندا  چەکی ئیسرائیلی و ئەمریکی، کاربەدەستانی چەککڕی ئێرانی  چاک دەیانزانی ئەوچەکانە ئیسرائیلین یاخود هی {شەیتانی گەورەن}. هەموومان {ئێران کۆنترای} سەردەمی ڕێگانمان لەیادە کە لەڕێگەی ملیاردێری سعودیەوە عەدنان خاچەقچی بەنرخی چەند ملیارێک دۆلار چەکی ئەمریکی فرۆشت بە ئێران. هەرلەو دەمەدا ئەمریکا بۆ بەرژەوەندی خۆی لەڕێگەی [مانگە دەستکردەکانەوە] زانیاری سەربازی دەدا بەهەردوو لا،هیچ لایەکیشیان ئەو زانیاریانەیان ڕەتنەدەکردەوە. خومەینی بەردەوام بەدرووشمی قەبەو بێ ناوەڕۆکی [نەڕۆژئاوایی و نەڕۆژهەڵاتی ] دەیویست خەڵکی ساویلکە هەڵبخڵەتێنێت ،کەچی لەدەمی جەنگی هەشت ساڵەدا ،ئەو درووشمەی وەلاناو  وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ،چەک و کەرەستەی جەنگی لە وڵاتانی هەردوو بەرەکە دەکڕی و نەوتیشی بەهەردوولا دەفرۆشت. دڵنیام هەمان ڕژێم ژێر بەژێر پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەبووەو هەیە کە بەدژو نەیاریان دەزانێت ،[یەکێک لە وەزیرەکانی دەرەوەی ئەمریکا بەر لە دەساڵێک ئەو نهێنیەی درکان]کە پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ ئێران هەبووە،بەداخەوە ناوی ئەو وەزیرەم لەیاد نەماوە. کەواتە ئێستا بۆمان ڕوونبوویەوە کە ڕژێمی ئێران دوژمنی ئەمریکاو ئێران نەبووەو نیە ،درووشمەکانیشی لەو بارەوە تەنها بۆ فریودان بووە. دەربارەی هاوکاریەکانی ڕژێمی ئێران  بۆ لایەن و وڵات و بزافە ئیسلامیەکان ،ئەوەش مەغزاو مەبەستی تایبەتی لە پشتە ،ئەوەی لەم بوارەدا بەلایانەوە گرنگ نیە ئاین و مەزهەبە. هەموو دەزانین کە لەدوای کووشتنی حسین کوڕی علی ابی گالب لەلایەن زید بن معاویەوە لەساڵی[٦١] ی کۆچیەوە تا ئێستا خوێن لە نێوان ئەو دوو مەزهەبەدا حکوم دەکات و یەکتر ڕەتدەکەنەوە و جۆرەها سفەتی ناشیرین دەخەنە پاڵ یەکتر،کەچی مەلاکانی ئێران پەیوەندیەکی تووندوتۆڵ و باشیان لەگەڵ زۆرێک لە گەڵ بزاف و حیزبە ئیسلامیە سوونەمەزهەبانەدا هەیە،لە نێویاندا هەن  کەهەرگیز دان بە ئیسلامیەتی شیعەدا نانێن و تەنها سوونە بەمیراتگری ئیسلام دەزانن.  ئێران بە پارە و چەک یارمەتی زۆر هێزولایەن دەدات کە هیچ شتێک کۆیانناکاتەوە جگە لەبەرژەوەندی ،بەنمونەی حماس و جیهادی فەلەستینی و [تالیبانی ئەفغانستان لە سەردەمێکدا] و حیزبی  «الجماعە الإسلامیە» باكستانی تووندڕەو. یاخود لە تەنگەژەو جەنگی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجاندا ،ئێران لایەنی ئەرمینیای گرت،کەدەبوو بەپێچەوانەوەبوایە چونکە ئازربایجان وڵاتێکی شیعە مەزهەبە. دیارە مەبەست لەم پەیوەندیانە دووسەرەیە ،یەک ئەوەیە تا لایەنە هاوکاریکراوەکان دژ بەبەرژەوەندی و ناوەندو کەسایەتیەکانی ئێرانی چالاکی ئەنجام نەدەن،دووەم هەوڵدان بۆ جێگیربوون و درووستکردنی پێگەیەک بۆ خۆیان لەو دەڤەرانەی ئەو حیزب و بزافانە باڵادەستن تێیدا.. ئەوەی دەزانین لە ئێستادا ئێران کەم تازۆر کۆنترۆڵی لوبنان لەڕێگەی حیزب للەوە،یەمەن لەڕێگەی حوپیەکانەوە، عێراق لە ڕێگەی حیزبە شیعەکانەوە،سوریا لە ڕێگەی ئیتڵاعات و گرووپە چەکدارەکانەوە دەکات.ئەم کارانە هەرگیز ناچنە خانەی بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعە ،بەڵکو وەک پێشتر ئاماژەم پێدا مەسەلەکە بەهێزکردنی پێگەی خۆیانە دوور لە مەزهەب و ئاین. بۆپاراستی خودی خۆیان ئاخوندەکانی  ئێران لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا لە هەرشوێنێک ناڕەزاییەک چ وەک تاک چ وەک حیزب و نەتەوە و لایەن ،سەری هەڵیدابێت ،ئەوە بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت کراوە،ئەم ئیرهابەی دەسەڵاتی ئێران سنوورەکانی وڵاتی بەزاند و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی گرتەوە ،بۆ نمونە لە هەندەران کەم حیزب و کەسایەتی سیاسی و سکرتێری حیزبە کوردیەکان هەن دەستی ئیرهابی ئێرانی پێنەگەشتبێت.  لە وڵاتانی  وەک ئەڵمانیا،نەمسا ،فەرەنسا، هوڵەندە،سوید ،دانمارک ،تورکیا ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزشیۆنەکان ونەیارانی ڕژێمی ئێران تەرۆرکراون یا بریندار کراون یا هەوڵی ڕفاندیان دراوە  .لەباشووریش تا ئێستا پتر لە ٦٠٠ تێکۆشەری کوردی سەربە حیزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات بەدەستی ئیتلاعات کووژراون. هەر ڕژێمێک ڕێز لە هاوڵاتیانی خۆی نەگرێت ، پانتاییەک بۆ ئازادی و دیموکراتی مەیسەر نەکات ،پێویستیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان دابین نەکات،لە جیهاندا  بێزراو  و نامەرغوب نەبێت،کەواتە ئەو ڕژێمە کە مەبەست لێی ئێرانە هەرچیبێت و هەرچ ناوێک لەخۆی بنێت ،ناتوانێت  ببێتە نوێنەری ڕاستی گەلێکی  ستەم لێکراو ،هاوکات ناکرێت خەسڵەتی دژە ئەمریکاو ئیسرائیلیش هەڵبگرێت ،چونکە ئەو ڕژێمە زۆر دوورە لەو ئەرکەوە. تا ئێستایشی لەگەڵدابێت دژایەتی ئێران بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل لە واقیعی عەمەلیدا بەرجەستە نەبووە، بەجۆرێک زیانی مەزنی پێ گەیاندبن ،یاخود لە ڕۆژهەڵاتی نێویندا جێگەو پێگەیان لەقبووبێت. بۆئەوەی باشتر و ڕوونتر ماهیەتی دەسەڵاتدارانی ئێران بزانین ،چەند پرسیارێک ئاراستەی ئەو حیزب و لایەن و تاکە کەسانە دەکەم بە خۆشمانەوە کە لەخانەی  چەپ،ئازادیخواز ،ئینساندۆست،دیموکراتیخواز،کۆمۆنیست خۆیان دەبیننەوە ،ئەوجا دەردەکەوێت کەئایا هەڵەیەکی سیاسی مەزن لە هەڵوێستی ئەو حیزب و دەسەڵات و لایەن و کەسانەدا نیە کەداکۆکی لەو ڕژێمە دەکەن ؟   + دەکرێ و درووستە کەسێکی چەپ یا کۆمۆنیست داکۆکی لە ڕژێمێک بکات کەبەدڕندەترین شێوە چەپ،کۆمۆنیست،ئازادیخوازان سەرکووتدەکات و گوللەبارانیان دەکات، بەتایبەی ئەندام و سەرکردەکانی تودەو فیدائیان و لایەنەچەپەکانی دیکە کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان سپارد یا پاکانەیان لێوەرگیرا و پاشان لەسەر تەلەفزیۆن سوکایەتیان پێکرا؟ تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەندامبوون لەو حیزبانەدا سزای تووندی لەسەرە. + دەکرێ و ڕەوایە لایەنێک یا کەسێکی تینوی ئازادی و مافی مرۆڤ ،لایەنگری دەسەڵاتێک بێت کە هەناسەیەکی ئازادی و دیموکراتی لە وڵاتەکەدا بوونی نیە؟ +ئایا ئاساییە داکۆکیکارانی دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مەدەنیانەی بێ فشارو سەرکووتکردن، هەوداری دەسەڵاتێک بن کە خۆپیشاندانەکانی خەڵک کە بۆ نان و کارو ئازادی ئەنجام دەدرێن، بەدڕندانەترین شێوە سەرکووت بکەن ،هاوکات دەسەڵاتدارانی سەرکووتکەر، شانازی بەژمارەی زۆری کوژراوە خۆپیشاندەرەکان بکەن؟ +ڕەوایە حیزبێک یاخود کەسێکی چەپ کە بڕوای بە ماف و سەربەستی و سەربەخۆیی گەلان هەیەو خەباتی لەپێناودا کردووە ، هاوکات دژ بە  چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەنگی دلێربێت، بەڵام بێباک بێت لە ئاست کردەوەی  نامرۆڤانەی ڕژێمێکی وەک ئێران  کە بە ڕژێمێکی دژە میللەتان ناسرابێت؟ ئەو ڕژێمەی لەبری مەیسەرکردنی بڕێکی کەمی داخوازیەکانی نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتەکەی لە کورد،بلوج،ئازەر،عەرەب، و نەتەوەکانی دیکە ،بە بێ بەزەییانە  سەرکووتیان بکات و بیانچەوسێنێتەوە ،وە ئەندامی  چالاک و سەرکردەکانیان لە دەرەوە تەرۆربکات ؟تا ئاستی ئەوەی ڕێگەنەدات کەسانی سەربەو نەتەوانە  تەنانەت منداڵەکانیان بەخواستی خۆیان ناوبنێن؟ + منێک ئاواتەخوازی فرەدەنگی و فرەنگی بم و بخوازم هەموو بیروبۆچوونێک لەگۆڕەپانەکەدا  مافی خۆ نمایش کردنی هەبێت ،بەڵام چاو لە ئاست تاوانەکانی ڕژێمی ئێرانی سەرکووتکەر دابخەم یاخود پاساوی لاوازی بۆ بهێنمەوە، کە ڕێگە بەهیچ بۆچوون و ڕایەکی جیاواز نەدات ،تەنانەت گەر لەڕەحمی ڕژێمەکەشەوە هاتبێتەدەر بەنمونەی [حسین مووسەوی] کەتا ئێستاش لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرە؟ + ئەمە چ ڕژێمێکە چەندین ملیۆن لەدانیشتوانەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدابن ،گرانی  و بێکاری تەنگی پێهەڵچنیون ،کەچی ساڵانە ملیارات دۆلار لەدەمی خەڵکەکەی دەدزێت وەک هاوکاری دارایی یا وەک کڕینی چەک دەیبەخشێتە  حیزب اللە و بزافی ئەمەل و حماس و جیهاد و ئیخوانەکانی میسرو بزافە ئیسلامیە ئیرهابیەکانی جیهان؟ + من کە داکۆکیکاربم لە مافی مێینەو ئومێدم ئەوەبێت بە ئازادی مومارەسەی ژیانی خۆیان بکەن،ئیدی چۆن قەبوڵبکەم خانمێک بەهۆی دەرکەوتنی چەند تاڵە قژێکی پرچی، تامردن ئەشکەنجە بدرێت؟ +بەهەموو پێوەرێک ڕژێمی ئاخوندەی ئێران ڕژێمێکی چەوسێنەر،سەرکووتکەر، دژبە ئینسانەو هەموو بەهایەکی ئەخلاقی لەدەستداوە،بۆیە دژایەتی کردنی ئەرکی سەرجەم  ئەو وڵات و دەسەڵات و حیزبانەیە کە مافی مرۆڤ بەلایانەوە گرنگە،هاوکات ئەرکی ئەخلاقی هەموو تاکێکی ئازایخواز،مرۆڤدۆست،دیموکرات خواز،چەپ، کۆمۆنیست، ئەتایستە کە ئەم دەسەڵاتە ڕسوابکات،هاوکات پێویستە ئەو تێڕوانینە چەوتە ڕاستبکرێتەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand